مامه‌ڵه‌ی ناچاری یان شه‌راكه‌تی ستراتیجی
2023-07-14 18:47:08
راپۆرتی شیكاری: فه‌رزه‌ند شێركۆ
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رده‌م (ی.ن.ك) و (پ.د.ك)
سه‌ره‌تا:
هاری ڤی. جافا، فه‌یله‌سوفی سیاسی ئه‌مریكی (١٩١٨-٢٠١٥)، باوه‌ڕی وایه كه "هیچ مشروعییهتێك نییه بۆ حوكمی زۆرینه، ئه‌گه‌ر له‌و حكومهتەدا مافی كه‌مینه ره‌چاو نه‌كرابێت". له كتێبی (سه‌رله‌نوێ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا)، جافا ده‌ڵێت " كام ده‌سه‌ڵاتی مه‌شروع له دایك ده‌بێت له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه تیایدا ئازادیی راده‌ربڕین، یا ئازادیی چاپه‌مه‌نی، یان مافی گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی خه‌ڵك بۆ گۆڕانكاری، بوونی نه‌بێت؟ له سه‌رده‌می ناپلیۆنه‌وه، راپرسی بووه به ئامرازێكی خوازراوی ده‌سه‌ڵاته خۆسه‌پێنه‌كان. له دوا هه‌ڵبژاردندا كه صه‌دام حسێن ئه‌نجامی دا، ٪٩٩ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنا، له‌م رووه‌وه صه‌دام له هیتله‌ر و ستالینیش له‌پێشتر بوو". جافا له درێژه‌ی نووسینه‌كه‌ی دا پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه "كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی (په‌ڕه فیدراڵییه‌كان) رێگری بوو له سته‌مكاریی زۆرینه". جافا ده‌ڵێت "ئه‌و ئایدیایه‌ی كه زۆرینه ماف (ده‌به‌خشێت) به كه‌مینه، بریتییه له پوچییهكی بێ كۆتا"، چونكه "ئامانجی حكومه‌تی زۆرینه، دابینكردنی مافێكه كه هه‌ر هاووڵاتییه‌ك به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان هه‌یه‌تی. به ده‌ربڕینێكی ودرتر، (شتێك به ناوی) مافی كه‌مینه بوونی نییه. ته‌نها مافی تاكه‌كه‌س بوونی راسته‌قینه‌ی هه‌یه. ته‌نها به‌م هۆكاره كه زۆرینه و كه‌مینه خاوه‌نی مافی یه‌كسانن و له ئه‌نجامدا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان هه‌یه، حكومه‌تی زۆرینه ده‌بێت به ئامرازێكی مه‌شروعی حوكمڕانی."
ئه‌م نووسینه، ده‌یه‌وێت به‌رمه‌بنای تێزه‌كه‌ی هاری جافا، تێەگەیشتنی ئه‌م رۆژانه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە دیموکراسی و حكومه‌تی زۆرینه، شه‌نوكه‌و بكا، ئه‌وه دووپات بكاته‌وه كه شەرعییەت نادرێت به حوکمڕانیی زۆرینە تا ئه‌و حوكمڕانییه، مافی کەمینهش وه‌ك زۆرینه ره‌چاو نه‌كات. له كۆتاییشدا، ئه‌م نووسینه نه‌خشه‌ڕێیه‌ك بۆ داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لە هه‌رێمی كوردستانی عێراق و پاراستنی كیانه‌كه پێشنیار ده‌كا.
تیرۆركردنی رێككه‌وتنی سیاسی:
بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم، رۆژی ٤ی ٣ی ٢٠١٩، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان (رێككه‌وتنی سیاسی)یان ئیمزا كرد. ئه‌م رێككه‌وتنه پێكهاتبوو له (١٨) خاڵ و پاشكۆیه‌ك. له پاشكۆكه‌دا هاتووه "هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌نگاوه‌كانی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك به دانانی پارێزگاریشه‌وه به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان به‌ڕێزان بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌ست پێ ده‌كات". ئه‌م پاشكۆیه، كه بۆ یه‌كێتی، رۆحی رێككه‌وتنه‌كه بوو، له‌لایه‌ن پارتییه‌وه، په‌راوێز خرا و هه‌رگیز هاوته‌ریب به پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، كێشه‌ی كه‌ركوك و دانانی پارێزگار كاری له‌سه‌ر نه‌كرا.
هه‌ژده خاڵه‌كه‌ی تریش كه‌متازۆر، دۆخیان له پاشكۆكه باشتر نه‌بوو.
خاڵی دوو: "هه‌ردوولا له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستاندا، شه‌راكه‌تی راسته‌قینه و كارا له نێوانیان بونیات ده‌نێن"،
سێ: "هه‌ردوولا له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه كارده‌كه‌ن بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان"
چوار: "به‌هێزكردنی رۆڵی دامه‌زراوه‌كانی چاودێری له هه‌رێمی كوردستان"
پێنج: خستنه‌ڕووی "به‌رنامه‌ی هاوسه‌نگ و تێری حكومه‌ت بۆ سه‌رتاسه‌ری كوردستان"
شه‌ش: "له خولی پێنجه‌می په‌رله‌ماندا نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم ته‌واو بكرێت و خواسته جیاوازه سیاسییه‌كان و ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه به سازان چاره‌سه‌ر بكرێت"
حه‌وت: "هه‌ردوولا له‌رێی حكومه‌ته‌وه هه‌نگاوی هاوبه‌شیان ده‌بێ بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی راژه و سندوقی خانه‌نشینی"
هه‌شت: "په‌له بكرێت له دروستكردنی سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز"
نۆ: "هاوهه‌وڵوێستی له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی فیدراڵی، و دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان ئامانجی هاوبه‌شی هه‌ردوولا ده‌بێت"
ده: "هه‌ردوولا دیدگای هاوبه‌شیان ده‌بێت بۆ مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان "، و...
هه‌ژده: "بۆ جێبه‌جێ كردن و به‌دواداچوونی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رێككه‌وتنه، لیژنه‌یه‌كی باڵای هاوبه‌ش پێكدێت و مانگانه كۆده‌بنه‌وه"!
ئارگیومێنتی پارتی دیموكراتی كوردستان:
ئێستا و دوای زیاتر له چوارساڵ له ئیمزاكردنی، هه‌ر شرۆڤه‌كارێكی ریالیست ده‌توانێت په‌راوێزخستنی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه و كاریگه‌رییه تاڵه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌زموونی حوكمڕانیی كوردی ببینێت، جگه له ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و نزیك له بارزانی كه رۆژی ١٢ی٧ی ٢٠٢٣، له كه‌ناڵێكی حزبه‌كه‌یه‌وه وتی "رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان هه‌ردوو حزب به رێژه‌یه‌كی زۆر جێبه‌جێ كراون." ئه‌م لێدوانه، یا نیشانه‌ی د‌رك نه‌كردنه به‌وه‌ی كه روویداوه، یان هه‌وڵه بۆ به‌لاڕێدابردن. ئه‌گه‌ری دووه‌میان به‌هێزتره، چونكه ئه‌و به‌رپرسه، له درێژه‌ی دیمانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت " بژارده‌ی سه‌ره‌كی پارتی بریتییه له سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پابه‌ندبوونه به‌و بنه‌ما و رێككه‌وتننانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی له‌سه‌ر دروستكراوه." واته، دانده‌نێت به‌و راستییه‌ی كه رێككه‌وتنه‌كانی رابردوو، "به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر" جێبه‌جێ نه‌كراون. گه‌رچی دواتر، "دروستكردنه‌وه‌ی پردی متمانه" و "گه‌ڕانه‌وه بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی" به پێویست ده‌زانێت، به‌ڵام به‌رپرسه‌كه "لێك نزیكبوونه‌وه‌ی ستراتیژی" به‌تایبه‌ت له بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دا، كورت ده‌كاته‌وه.
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ گشتاندنی په‌یامی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كه ١٢ی ٧، ئه‌نجامدرا و له ته‌وه‌ری پێنجه‌می به‌یاننامه‌كه‌دا ، به‌روونی هاتووه كه پارتی، یه‌كێتیی تا ئه‌و كاته پێویسته كه رایبكێشێته ناو پرۆسه‌ی ئاڵۆز و ناڕوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه. "ره‌خساندنی كه‌ش و هه‌وایه‌كی له‌بار بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن،... و لەوپێناوهدا هه‌وڵده‌ده‌ین (ئیداره‌ی بارودۆخه‌كه بده‌ین) به‌شێوه‌یه‌ك جیاوازییه‌كان رێگرنه‌بن له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دا". (هه‌وڵده‌ده‌ین ئیداره‌ی بارودۆخه‌كه بده‌ین) راستگۆترین ده‌ربڕینی سیاسییه كه پارتی، بۆ پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی. (ئیداره‌دان) جیاوازه له (به‌ڕێوه‌بردن) و جیاوازه له (هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی). ئیداره‌دان، چه‌مكێكی سلبییه كه بۆ پێناسه‌كردنی "مامه‌ڵه‌یه‌كی كاتی له دۆخێكی ناچاری دا" به‌كارده‌هێنرێت. به‌ڵام ئایا راستكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به (سه‌ركردایه‌تی كردن) هه‌یه یان (ئیداره‌دان).
ئه‌گه‌ر تا ئێستا، تێگه‌یشتنی پارتی له "دۆخی شه‌راكه‌ت" روونبووبێتهوه، ئه‌وا وتارێكی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، رووانگه‌ی حزبه‌كه بۆ كایه‌ی دیموكراسی، به‌رجه‌سته تر ده‌كات. ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی، رۆژی ١٠ی ٧، له وتارێكدا كاردانه‌وه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ر لێدوانێكی هه‌ڵه‌ی به‌رپرسی راگه‌یاندنی پارتی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی، به "هه‌ڵچوون" ناوده‌بات، و داوا ده‌كات "یه‌كێتی مێژووی باوكانی دامه‌زرێنه‌ری خۆی جێنه‌هێڵێت كه پێشتر كادری پارتی بوون". ئه‌گه‌ر وه‌ك جافا باسی ده‌كا، ئازادی سیاسی و راده‌بڕین، كۆڵه‌كه‌ی دیموكراسی بن، ئه‌وا" دیموكراتترین ئاراسته‌ی ناو پارتی"، هێشتا ته‌نها باوه‌ڕی به‌و راده‌ربڕینه هه‌یه كه له خولگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كه‌ی خۆیدا، بخولێته‌وه.
سه‌رباری كورتهێنانه فیكرییه‌كان، به‌ڵام هێشتا په‌یامی ئه‌م دوو به‌رپرسه‌ی پارتی - كه نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو ئاراسته‌ی جیاوازی حزبه‌كه ده‌كه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و دۆخی هه‌رێمی كوردستان، شایانی ئه‌وه‌یه وه‌ك ده‌رفه‌ت ته‌ماشا بكرێت، به‌تایبه‌ت بڕگه‌كانی "دروستكردنه‌وه‌ی متمانه"، "كاركردن بۆ یه‌كڕیزی"، "زیندوكردنه‌وه‌ی رۆحی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی"، "روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه به هاوبه‌شی" كه چه‌خماخه‌ی ئه‌وه‌یان تێدایه هه‌ردوولا به‌ره‌و رێككه‌وتنێكی نوێی ستراتیجی ئاراسته بكه‌ن.
ئه‌نجام:
كوردستانی باشوور، كیانێكه دێرینتر له پارتی سیاسی، و گشتگیرتر له به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌س. له‌كاتێكدا ئه‌م یه‌كه سیاسییه ده‌یتوانی نوێنه‌رایه‌تی سیاسی "گه‌وره‌ترین گه‌لی بێ ده‌وڵه‌ت" بكا، به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی ناته‌ندروستی حزبی و كه‌سی، له‌به‌رده‌م داڕماندایه. داڕمانی هه‌رێم، به ته‌نها له جڵه‌وكردنی جوگرافیاكه‌ی، شێواندنی مێژووه‌كه‌ی، و په‌كخستنی ئامرازه‌كانی هێزی: سیاسی و دیپلۆماسی، ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌بازی و هه‌واڵگری، كورتنهبۆتهوه، به‌ڵكو ئاستی "تەندروستی کولتووری نیشتمانی" – كه دژه ته‌نێكی گشتگیری خۆڕسكی نیشتمانییه، له‌م هه‌رێمه زۆر دابه‌زیوه.
په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی كوردستانی عێراق و له‌به‌رامبه‌ردا پاشه‌كشێیه‌كی نیشتمانیی سه‌رتاپاگیر، ئه‌وه ده‌ڵێن كه چیتر گه‌لی كوردستان ناتوانێت، خۆسه‌رانه، له‌سه‌ر ئاستی فیكر و كرده‌وه، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه نه‌رم و كردهییانه خۆی رابگرێت، كه رۆژ دوای رۆژ، گه‌وهه‌ره‌كه‌ی داگیر ده‌كه‌ن. چاره‌سه‌ر پیاچوونه‌وه‌یه‌كی بنچینه‌ییه به‌و ژێرخانه سیاسییه‌ی كه له‌ناو كوردستانی باشووردا، هه‌رێمی كوردستانی تیا بنیادنراوه.
ئه‌گه‌رچی، له‌م ناوچه‌یه "شۆڕش"، (ئه‌ده‌بیاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی سیاسی) دوای خۆی جێنه‌هێشتووه و هێشتا پاساوه‌كانی پێویستیی حكومه‌تی كوردی، بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات رووننین، به‌ڵام ته‌نها هه‌رێمێكی به‌هێزی سه‌قامگیر، ده‌توانێت ئه‌زموونی مێژوویی حوكمڕانیی گه‌لی كوردستان له له‌ناوچوون بپارێزێت. هه‌رێمی به‌هێز، ده‌توانێت به‌رهه‌می حوكمڕانییه‌كی به‌هێز بێت، به‌ڵام به‌هێز، یه‌كسان نییه به تاكڕه‌و، گه‌نده‌ڵ و نادیموكرات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، له‌بری راوه‌ستان له‌به‌رده‌م هه‌ره‌سێكی چاوه‌ڕوانكراوی له‌سه‌رخۆ، پێویستی بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و بیناكردنه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعییه‌ت و مه‌شروعییه‌ته. شه‌رعییه‌تی ده‌ستووری، و مه‌شروعییه‌تی جه‌ماوه‌ری، كۆڵه‌كه به‌هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵاتن، كه پێده‌چێت یه‌كێتی و پارتی - ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت دۆخی ئێستا تێپه‌ڕێنن، له رێی گۆڕینی گه‌ڵاڵه نامه‌ی فیكریی (مامه‌ڵه‌ی ناچاری) یه‌وه بۆ (رێككه‌وتنی ستراتیجی)، سه‌ره‌تاكانی قۆناغێكی نوێ بۆ ئایندهی هه‌رێمی كوردستان دابڕ‌ێژین.
رێككه‌وتنێكی ستراتیجیی گشتگیر كه بتوانێت سه‌ركردایه‌تی كردنێكی ته‌ندروست بۆ هه‌رێم و كابینه‌یه‌كی دوو حزبی بۆ پارتی و یه‌كێتی زامن بكا، به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان لاده‌با و مانا بۆ "هه‌ڵبژاردن" ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؛ سه‌قامگیرییه‌كی رێژه‌یی ده‌داته پرۆسه‌ی سیاسی كه بنیادنانی به‌دوادا دێت؛ كۆده‌نگیی كوردی به‌رامبه‌ر به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌كه دابین ده‌كات كه رهخسێنهر ده‌بێت تا هۆشیارانه‌تر (ئامرازه‌كانی هێز) له چوارچێوه‌ی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستاندا بخرێنه كار.
سه‌رباری به‌های فره‌یی سیاسی، و ره‌چاوكردنی رۆڵی پارت و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر، به‌ڵام به كرده‌وه، پانتاییه‌كانی داڕشتنی په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌ستنیشان كردنی ده‌سته‌یه‌كی دامه‌زرێنه‌ر بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم و، هه‌نگاوه‌كانی دواتری سه‌رپێخستنی ده‌وڵه‌تێكی دیفاكتۆی كوردی - ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان پێی بێ، به داڵانی (رێككه‌وتنێكی نوێی ستراتیجی) له نێوان یه‌كێتی و پارتیدا ده‌ڕوا.