Draw Media

له‌ یاسای نه‌وتدا هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر چی ناكۆكن؟

له‌ یاسای نه‌وتدا هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر چی ناكۆكن؟

2023-07-24 11:41:22


(درەو): 
ئەندامێكی لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق باس لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ دەكات سەبارەت بە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ. 
عەلی سەعدون لامی ئەندامی لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبارەی یاسای نەوت‌و غازەوە نییە‌و ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی یاساكە بەردەوامە. 
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق، عەلی لامی دەڵێ:" دیارترین خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد بریتییە لە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، كورد داوا دەكەن هەرێم ئیدارەی ئەو كێڵگە نەوتییانە بدات". 
بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، جگە لە بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت، هەرێم‌و بەغداد لەبارەی میكانیزمی بەبازاڕخستنی نەوتەوە ناكۆكن، ئایا سۆمۆ بیفرۆشێت یان هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە ناكۆكی سەبارەت بە داهاتەكانی نەوت. 
"گفتوگۆو دانیشتن لەسەر مێز باشترین چارەسەرە بۆ لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان، ئەندامانی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان چاویان بە لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆمارو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران‌و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كەوتووە، هەموویان پاڵپشتی خۆیان بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غاز دەربڕیوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی كێشەیەكی گرنگ" عەلی لامی وا دەڵێ. 
بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، لیژنەی نەوت‌و غازی پەرلەمانی عێراق داوای دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە بەمەبەستی گوێگرتن لە بۆچونەكانی‌و گفتوگۆكردن‌و لێكنزیككردنەوە، بەڵام ئەم دیدارە تائێستا نەكراوە.
یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەبوو لە پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد ئەم یاسایە تائێستا پەسەند نەكراوە. 
كابینەی محەمەد شیاع سودانی یەكێك لە بەڵێنەكانی بۆ كورد ئەوە بوو، دوای دەستبەكاربوونی حكومەت، لەماوەی شەش مانگدا ئەم یاسایە ئاڕاستەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام جارێكی تر ناكۆكی هەرێم‌و بەغداد رێگر بووە لەوەی لەوادەی دیاریكراودا یاساكە لە پەرلەمان پەسەندبكرێت. 
هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت‌و غاز لە عێراق، ساڵی 2007 یاسای نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی دەركردو بەپێی ئەو یاسایە نەوتی هەناردەی دەرەوە كرد، بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی یاساكەی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیتر زیاتر لە حكومەتی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم چاوی لە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازە لە پەرلەمانی عێراق، چونكە بەبێ بوونی ئەم یاسایە پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێم هیچ كەڤەرێكی یاسایی نابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە. 
حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا بەشێك لەو دەسەڵاتانە بگەڕێنێتەوە كە بەمدواییە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق‌و بڕیاری دادگای پاریسەوە لە كەرتی نەوتدا لەدەستیداوە، لایەنە شیعەكانی عێراقیش كە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی سودانین، بەئاڕاستەی پێچەوانەدا فشار دەكەن‌و دەیانەوێت نەوتی هەرێم بخە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەغدادەوە.   

سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ چوونه‌ ناو دانوستانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز، به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، دانوستانه‌كه‌ بێ ئه‌نجام بووه‌، چونكه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق دژی ئه‌وه‌یه‌ له‌ یاسای نه‌وت و غازدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، فرۆشتنی نه‌وت و به‌ڕێوه‌بردنی كێڵگه‌كان بدات به‌ حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌رباری ئه‌مه‌ دژی ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم یاسای نه‌وت و غازو ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، بۆری نه‌وتی خۆی هه‌بێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand