Draw Media

  درەو: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بە زۆرینەی زۆری ئەندامەكانی بڕیاریدا لەگەڵ یەكێتی و پارتی بەشدار بێت لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت. ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیكرد لەسەر ئەوەی بەشدار بێت لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم؟ ئەو پرسە خرایە دەنگدانەوەو زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بەدەستهێنا، بۆیە بڕیاردرا فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان هاوشان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بەشدار بێت لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم. بڕیارە سبەینێ فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بداتەوە بە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە. رۆژی 7ی ئەم مانگە پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی پارتی لە حكومەت وێنەیەكی خۆی و تیمی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت بڵاوكردەوەو نوسیوی بووی: كۆبونەوەیەكی بەرهەمدا لەگەڵ مستەفا سەید قادر، دانا عەبدولكەریم، هێمن هەورامی. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) تیمی گۆڕان لەو كۆبونەوەیە بەڵێنیان بە تیمی پارتی دابوو كە بەشدار دەبن لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و نوسینەوەی دەستور و بەردەوام بوون لە حكومەت.


درەو: بەیانی ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەك و درۆنی خۆكوژی هێرشی بۆسەر بارەگای حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەستپێكرد. كۆیە: لە كەمپی رۆژهەڵات لە نزیك كۆیە ئێران بە موشەك و درۆن هێرشی كردە سەر حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بەهۆی هێرشەكەوە (4) شەهید و (18) بریندار هەیە. زڕگوێز - سلێمانی: زیاتر لە (20) هێرش لە رێگەی درۆنی خۆكوژیەوە كرایە سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان بەهۆیەوە (3) كەس برینداربوون. شۆراو - پردێ: بەهۆی هێرشی موشەكی و درۆنەوە بۆسەر بارەگاكانی پارتی ئازادی كوردستان (5) شەهید و (14) بریندار هەیە.  


مەریوان وریا قانع    شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ دا، نەک تەنھا فەیلەسوفێکی ڕەخنەیی گەورەی وەک میشێل فوکۆی بەرەو ئەو قەناعەتە برد کە لە ناو ئەم شۆڕشەدا جۆرێک لە ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ تازە لەدایکبووە، بەڵکو لە پەیوەندیشیدا بە میلەتانی ناوچەکەوە ئومێدی ئەوەیشی دروستکرد کە دەتوانن گۆڕانکاریی بکەن و ئەوەی ھەیە و دروستکراوە، بەشێوەیەکی ھەمەلایەن دەسکاریبکەن. شۆڕشی ئێرانی وزەیەکەی سیاسیی گەورەیشی بە سەرجەمی بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە جیھاندا بەخشیی و ئیسلامی سیاسیی گۆڕی بۆ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست، لە ناوچەکەدا. بووش بە مۆدێلێک بکرێت لاساییبکرێتەوە و شوێنپێکانی ھەڵبگیرێت. لە ئێستادا و چل ساڵێک دواتر، ئەزموونی ئێرانی نەک سەرجەمی ڕەونەقە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقییەکانی دۆڕاندوە، بەڵکو لە ھەمانکاتدا ھەم بووە بە یەکێک لە ئەزموونە سیاسیە ناشیرینەکانی جیھان و ھەم گیریشی بەدەست زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو میلەتەوە خواردوە. کە لەماوی ئەو چوار دەیەدا و لەڕێگای نەخشەسازییەکی سیاسیی دینییەوە، دروستیکردوە. لە ماوەی چوار دەیەدا دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، پیاوانی دین و سیاسەت بە ھاریکاریی ئابوریی نەوت، ئەو ئەندازیارەبوون کە دەسکارییەکی گەورە و ھەمەلایەنی چیەتیی میلەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان، کردوە.  ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێرانی، بە شایەتی،شارەزایانی ئەو بوارە، نەک ئەوانەی قسەی گشتیی و حوکمی گۆترە دەردەکەن، یەکێکە لە عەلمانیترین کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. کۆمەڵگایەکی تەواو گەنجە کە زۆرینەی ھەرەزۆریان، لەو ھەندەسە دینییە دەسەڵاتگەرە ھەڵدێن کە دەوڵەتی ئێرانیی و ئایەتوڵا حوکمڕانەکانی ناو ئەو دەڵەتە، لەماوەی چوا دەیەدا دروستیانکردوە. ئیسلامی سیاسیی حوکمڕان لە ئێراندا، زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەی لەو فۆرمە لە دینداریی و لە ئایدیۆلۆژیای ئاینی دوورخستۆتەوە کە دەوڵەت لەسەرەوەڕا بەسەر کۆمەڵگاکەیدا، سەپاندوە. ژیانی شەخسیی و خێزانیی ئێرانیەکان تەواو ناکۆکە بو ژیانە گشتیی و ئاشکرایەی دەسەڵاتداران لەو وڵاتەدا دروستیانکردوە.  لە چوار دەیەی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێرانی لە دەیەھا کەناڵی جیاوازەوە کۆمەگای ئێرانی پڕ کردوە لە دین، لە دینێک کە سیستمی ویلایەتی فەقیە، ویلایەتی فەقیە موتڵەق، بەرھەمیھێناوە و ئاراستەی کردوە. خاڵی سەرەکییش لەم ئەزموونەدا بریتیبووە لە مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەمی دەسەڵاتەکان و بەکارھێنانی ئەو دەسەڵاتانەش بۆ دروستکردنی ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ و دروستکردنی ”تاکەکەس“ و ”لەشێکی دینیی“، بە تایبەتی ”لەشێکی دینیی ژنانە“. ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونی ملیۆنان تاکەکەسۆ ئەو وڵاتەیە، لەو لەشە دینییە دروستکراوە و لەو ھەندەسە دینییەی بەھۆیەوە ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ دروستکراوە. ئەم یاخیبونەش یەک مانای سەرەکیی ھەیە: دەستپێکردنی یاخیبوون بەڕووی سەرجەمی سیستمە حوکمڕانیەکەدا لەڕێگای یاخیبوون لەو لەشە دینییە و لەو سیستمە ڕەمزییەی بەدەوری ئەو لەشە دینییەدا دروستکراوە. ئەگەر ڕەمزیی سەرەکیی و بنەڕەتیی ناو ئەم سیستمەش بریتیی بێت  لە حیجاب و سەرپۆشی ژنان، یاخیبوونەکانیش شێوەی یاخیبوونیان لەو حیجاب و سەرپۆشە، گرتۆتەخۆی.  ئەم دۆخەیە وادەکات حیجاب و جلوبەرگی دینیی لە سێنتەری یاخیبوونەکاندا بێت، بەگژاچوونەوەی ئەم ڕەمزە دینییانە بەگژاچوونەوەی سەرجەمی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و دەسەڵاتگەرەکەیە، کە بە درێژایی چوار دەیە ئەو ھەندەسە تایبەتەی دروستکردنی لەشی دینییی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا سەپاندوە.  نەبینین و پشتگوێخستنی ئەم خاڵە نەبینینی ئەو پاڵنەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەیە کە ئەو نەوە گەنجەی لە ئێراندا بردۆتە سەر شەقامەکان و نەبینینی ئەو خواستە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئینسانیانەشە، کە لەپشتی یاخیبوونەکانەوە ئامادەیە. کۆمەڵگای ئێرانی لە ماوەی چوار دەیە لە سیاسەتی دینییانەی دەوڵەت و لەژێر کاریگەریی تیورەی ویلایەتی فەقیەدا، بووە بە کۆمەڵگایەکی تەواو عەلمانیی، کە خواستی گەڕاندنەوەی دینیی بۆ ناو خواست و توانای ئازادانەی ھەڵبژاردنی تاکەکەسەکان، ھەڵگرتوە. خواستێک پێچەوانەی ئەوەی چوار دەیەیە لە ئێراندا ڕووئەدات: واتە  دابڕانی دینداریی لە ھەڵژاردنی ئازادیی تاکەکەسەکان و کردنی بە سێنتەری سیاسەتی دەسەڵاتگەرانەی دەوڵەت خۆی.  لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ دا بەشی ھەرەزۆری ھێز و چینە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران  بەشداربوون لە یاخیبوون دژ بە شای ئێران و حوکمڕانییە پۆلیسییەکەیدا، ژنان و پیاوانی دینیی و نادینیی، کەسان و گروپی عەلمانی و چەپگەر و لیبرال و ڕادیکاڵ، ئەندامانی چینی ناوەڕاست و چینی کرێکار و جوتیار و بازرگانان، ھەموویان بەشێکبوون لەو ھێزە گەورەیەی بەگژ ڕژێمەکەی شادا چوونەوە. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دا چەندان ژنانی سەر بە ھێزە چەپ و کۆمۆنیست و عەلمانییەەکان لە ساتەوەختی ناڕەزایی دەربڕینەکاندا حیجابیان دەکردە سەر. حیجاب لای ئەوان و لەو ساتەدا ڕەمزی یاخیبوون و قبووڵنەکردنی ڕژێمە سیاسییەکەی شا بوو، کە لە دیدی زۆربەیاندا وەک پۆلیسی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیمپریالیزم لەناوچەکەدا، دروستکرابوو. حیجاب یەکێک لە ڕەمزە گرنگەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکە بوو. بزوتنەوەیەک کە دەیویست سیستمێکی سیاسیی کراوە و دیموکراس و دادپەروەر و کۆمەڵگایەک ڕێزگر لە کەرامەتی ئینسان دروستبکات. ئایدیۆلۆژیای شۆڕشی ئێرانی تێکەڵێکی ئاڵۆزبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی میلییگەرای، جیھان سێھەمیی دژە ئیمپریالیست، کە داژایەتییەکی گەورەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەمریکای لە ئێراندا دەکرد. ئاخر ئەمریکا پێشتر و لە ساڵی ١٩٥٣دا دەسەڵاتی حکومەتە ھەڵبژێراوە عەلمانییەکەی موسەدەقی ڕوخانبدوو. بە کورتییەکەی، لە ساتەوەختی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا، حیجاب بەشێکبوو لەم دۆخە سیاسیی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژییە یاخیگەرە و یەکێکبوو لە ڕەمزەکانی بەرگریکردن و یاخیبوون. لە ڕاستیدا بۆچوونەکانی میشێل فوکۆش بۆ دۆخی ئێران و قسەکردنی لەسەر لەدایکبوونی ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ ھەردەچێتە ئەم قاڵبەوە، کە تیایدا ئیسلام وەک دین و حیجاب وەک جۆرێکی تایبەت لە نمایشکردنی لەش، بووبوو بە ڕەمزی یاخیبوون.   بەڵام دوای گەڕانەوەی خومەینی و دەستکردن بە دامەزراندنی ”کۆماری ئیسلامیی“، دوای سەپاندنی فەلسەفەی حوکمڕانیی ”ویلایەتی فەقیە“، دۆخێکی تەواو تازە دێتەکایەوە. لەم دۆخەدا حیجاب بە گشتیی و چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی ژن لەناو ژیانی گشتییدا، ھێدی ھێدی دەگۆڕێت بە شوناسی ئەو سیستمە سیاسییە تازەیەی خومەینی دروستیدەکت.  سیستمێکی دەسەڵاتگەریی دینیی، کە ھیچ جیاوازییەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و دینیی قبووڵنەبوو. سیستمێک دیدی ئایەتوڵایەکی بەسەر ھەموو کۆمەڵگادا دەسەپاند. لەم ڕەوتە نوێیەدا حیجاب لە ڕەمزی بەرگریکردنەوە گۆڕا بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکرراو. لە ھێماکردنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی دژە سیستمی پاشایەتی دەسەڵاتگەر و حوکمی ساواک و پۆلیسی نھێنییەوە، گۆڕا بۆ شوناسی ھێزێکی دینیی خۆسەپێنی توندوتیژ و نادیموکراس و دخراو و خوێناوی. لەشی دینیی خۆیشی بوو بە شوناسی سەرەکیی سیستمە دەسەڵاتگەرەکەی خومیەنی و بە بەرجەستەکەری سیستمەکە.  ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین یاخیبوونی ئەو لەشە دینییە بەزۆر دروستکراوەی ئێرانە، نەک تەنھا لە حیجاب و خۆپۆشینی دینیی، بەڵکو لە سەرجەمی میکانیزم و پرۆسەکانی دروستکردنی خودی لەشە دینییەکە خۆیشی. یاخیبوونە لەو سیستمەی ھێشتنەوەی ئەو لەشە دینییەی، بە ھێشتنەوەی شوناسیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکەوە، گرێداوە . بڵاوبوونەوەی  ڤیدیۆی ئەو خانمە سەماکەرانەی بە دەوری ئاگرێکدا سەمادەکەن و حیجابەکانیان لەناو ئاگرەکەدا دەسوتێنن، بەرجەستەکردنی ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژیی و سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتییە سادەیەیە، ڕاستیی یاخیبوون لە سەرجەمی سیاسەت و میکانیزمەکانی دروستکردن و سەپاندنی ئەو لەشە دینییەی زیاد لە چل ساڵە بە بەکارھێنانی ھێز و زەبری دەوڵەت دروستدەکرێت.   ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونێکی نوێی کۆمەڵگای ئێرانییە تەواو جیاواز لەوەی ساڵی ١٩٧٩دا ڕویدا، یاخیبوونی ئێستا نە یاخیبوونێکی ناسیۆنالیستیی و میلییانەیە، نە یاخیبوونێکی دژە ئیمپریالیستانەیە، نە یاخیبوونێکی جیھانسێھەمییانەشە، بەڵکو یاخیبوونی ملیۆنەھا لەو تاکەکەسە جیاوازانەیە، کە بەشێکی زۆریان خوێندەواری سەر بە چینی ناوەڕاستن، بەڕووی ئەو سیستمەدا کە چەندەھا قەیرانی جۆربەجۆری بۆ ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەکولتور و فرەخواست، دروستکردوە.  ئەوەی دەیبینین یاخیبوونێکی مەدەنییانەی ھێمنە  بە میزاجێکی ناعەبوس و خۆشحاڵانەوە، تیایدا تەحەدای تاکەکەسیی و سەماکردن و نمایشکردنی لەشێکی ئازاد، ڕەگەزە سەرەکییەکانیەتی. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزاییدەربڕین و یاخیبوون ھاوکات شەپۆلێکی ناڕێکخراوە، بەبێ ئۆرگان و ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەیەکی کاریزمییە،  بە زۆرمانا لەو جۆری ئەو یاخیبوونانەیە کە لە کۆتایی ساڵانی ھەشتادا و لەدوای کەوتنی کۆمۆنیزمەوە لە خۆرھەڵات و ناوەندیی ئەوروپادا بینیمان.  لە پەیوەندیدا بە کورد و خەڵکی کوردستانەوە، یاخیبوونەکانی ناو ئێران ھاوکات بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی بریندار و بە سیاسەتێکی بەردەوامی بێمافکردنێکی دەستەجەمعییەوە، گرێدراوە. پەلاماردانی ئەمڕۆکەی دەوڵەتی ئێرانیش بۆ  بارەگای ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات، لەناوچەی سلێمانی، بە درۆن، دەرخەریی ئەو تایبەتمەندیانەیە کە بوونی کورد لەناو کۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بەرجەستەی دەکات. ئەم مەسەلەیەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دانەبڕانی یاخیبوونەکان لە کوردستان لە کۆمەڵێک داواکاریی نەتەوەیی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردبوونەوە ھەیە وەک شوناسێکی  چەوساوە و چەپێنراو و پەلاماردراو.    


(درەو):  كەیسێك كە پەیوەندی بە سزای ئاژەڵی بەرەڵا (مانگا)وە هەیە لە هەڵەبجە، سەریكێشا بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی زەوی‌و زار لە سنوری پارێزگاكە‌و بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی شارەوانی دەرچووە.  بەهۆی دیارنەمانی بڕە پارەیەكەوە كە بەپێی زانیارییەكان نزیكەی (12 ملیۆن) دینارە، مفەوەزێكی بنكەی پۆلیسی شارەوانی هەڵەبجە دەستگیركرا.  بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو بڕە پارەی دیارنەماوە، پارەیەكە كە پێشتر وەكو سزا لە خاوەن ئاژەڵە بەرەڵاكانی (مانگا) ناو شاری هەڵەبجە وەرگیراوە‌و نەچوەتە سندوقی شارەوانییەوە‌و خاوەن ئاژەڵەكان سكاڵایان تۆماركردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بە (درەو)ی راگەیاند، مفەوەزەكەی پۆلیس دوای دەستگیركردنی هەندێك دانپێدانانی كردووە لەبارەی كەیسی ئەو پارەیە‌و كەیسی زەوی‌و زار لە سنوری پارێزگاكە، لەبەر رۆشنایی دانپێدانانیدا دادگا فەرمانی گرتنی بۆ (كوێستان ئەكرەم) سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەركردووە. (درەو) زانیویەتی ئەمشەو كوێستان ئەكرم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە چوەتە بنكەی پۆلیس‌و بڕیارە تا سبەینێ لەوێ بمێنێتەوە‌و دواتر بە كەفالەت ئازاد بكرێت.  (درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی ئەم كەیسەوە پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نەدایەوە. 


(درەو) دەقی رێككەوتنی لایەنەكانی عێراق بۆ پێ:هێنانی حكومەت بڵاودەكاتەوە "رێككەوتنی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق" درەو:  *ھاوبەشی لە بڕیاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ژێر سایەی دەستوردا. *ھەموو لایەنەکان پابەند بن بە گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی یاسا لە سەرتاسەری عێراقدا. *ھەموو لایەنەکان رێزی دەسەڵاتەکان دەگرێت کە دەستور بۆ حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم و پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێمی دیاری کردووە *پشتیوانی لە ھێزەکانی سوپاو پۆلیس و حەشد و پێشمەرگە دەکرێت. *یەکخستنی سیاسەتی گومرگی سەرجەم دەروازەکان. *رێککەوتننامەی شنگال دەخرێتە بەرنامەی حکومەتەوە.ـ *ھەموو حزبە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکوک، خانەقین، نەینەوا ناوچەکانی دیالە مافی ئەنجامدانی چالاییە سیاسییەکانیان ھەیە، بارەگاکانیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە. *رێککەوتن لە نێوان پێشمەرگەو ھێزەکانی فیدراڵی بۆ پرکردنەوەی ئەمنی ھێڵی نێوانیان دەکرێت. *دابینکردن شایستەکانی ئەوانەی بڕیاری ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە. *جەختکردنەوە لە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم لەسەر سەبارەت بە دۆسییە ھەواسراوەکانی ھەرێم. *بەستنەوەی سەرجەم قوتابخانە کوردییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە. *پێک ھێنانی فەوجی فریاکەوتن لە پۆلیسی ناوخۆیی کەرکوک. *سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رادەسپێردرێن ب گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و بودجە، تا لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور دەردەکرێت. *لیژنەیەکی ھاوبەشی حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم پێداچوونەوە بۆماوەکانی رابوردووی کەرتی نەوت و غازی ھەرێم دەکەن، پەیوەندی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان رێکدەخرێت. *خۆ دورگرتن پەرەسەندنەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرالی تا ھاوڵاتیان زیان نەکات. *بە تێبینی لە رێککەوتنەکە نوسراوە « تا ئێستا گفتوگۆکانی کورد و سوننە لەسەر گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک بەردەوامە».


درەو: شەڕی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك دەوام لە دوو قوتابخانەی بازیان پەك دەخات، دای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، تا ئێستا هیچ وانەیەك لەو قوتابخانەیە نەوتراوەتەوە كە (700) قوتابی تێدایە. قوتابخانەی (رابەر) كە قوتابخانەیەكی (12) پۆلیەو لەسەر داهاتی كارگەكانی بازیان درووستكراوە لە گەڕەكێكی نزیك گەڕەكی قوتابخانەی (رەوا) كە لە ئێستادا (700) قوتابی هەیەو لە هەر پۆلێكدا نزیكەی (75) قوتابی تێدایە. مامۆستا سۆران رەسوڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەی (رەوا) بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستا قوتابخانەكەمان (720) قوتابی هەیە، كەمترین پۆلمان (54) قوتابی تێدایەو زۆرترینی (75) قوتابی، لەو گەڕەكەی قوتابخانە نوێیەكەی تێدا درووستكراوە (رابەر)، نزیكەی (320) قوتابیمان وەرگرتووە، بۆیە بارودۆخمان زۆر خراپەو لەدوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا نەمانتوانیوە وانە بخوێنین و چاوەڕێین وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی پەروەردە كێشەكە چارەسەر بكەن. مامۆستا سۆران لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی چەندین پۆستی لەسەر ئەو كێشەیە كردووەو لە دوایین پۆستیدا نوسیویەتی:"كاتێك هەموو شتێك بە حەزو ئارەزووی حزب بێت ئەمە دەرئەنجامەكەیەتی، پرۆسەی خوێندن قوربانیە گەورەكەی دەستی حزب، قوتابخانەیەك 13 رۆژە داخراوەو قوتابخانەیەك 13 رۆژە قوربانیە"  (درەو) بەدواداچوونی كرد بۆ كێشەی قوتابخانەكە بۆی دەركەوت كێشەكە پەیوەندی بە دانانی بەڕێوەبەرێكەوە هەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان. كێشەكە بەم شێوەیە: قوتابخانە نوێیەكەی بازیان (رابەر) كە (12) پۆلە بڕیاردراوە بكرێتە دوو دەوام دەوامێكی بنەڕەتی بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان)ی هەبێت و دەوامێكی ئامادەیی بەڕێوەبەرێكی (یەكێتی) هەبێت. سەرەتا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان) بۆ دەوامی بنەڕەتیەكە دەركردووە بەڵام كۆمیتەی یەكێتی رازی نەبووە، دواتر فەرمانێكی تری دەركردووە بۆ بەڕێوەبەرێكی تر هەر سەربە (گۆڕان) و چاوەڕێیە ناوی بەڕێوەبەری ئامادەییەكەش كە بۆ (یەكێتیە) دەربكرێت بەڵام تا ئێستا نەكراوە، بۆیە ئێستا یەكێتی ناڕازیە بە بەڕێوەبەرە (گۆڕان)ەكەو دەیەوێت بەڕێوەبەری بنەڕەتیەكە بۆ یەكێتی بێت، گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەر بە (گۆڕان) بێت و یەكێتیش سوورە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەربە (یەكێتی) بێت، بۆیە تا ئێستا دەرگای قوتابخانە نوێیەكە نەكراوەتەوەو قوتابیانی سنوری ئەو قوتابخانە نوێیە كە ژمارەیان نزیكەی (320) قوتابیە چونەتە قوتابخانەی (رەوا) و ژمارەی قوتابیان لەو قوتابخانەیە لە (400) قوتابیەوە زیادبووە بۆ زیاتر لە (700) قوتابی، بەمەش دەوامی قوتابخانە كۆنەكە (رەوا)شیان پەكخستووەو بەهۆی زۆری قوتابیەوە دوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا وانەیان نەخوێندووە. لە دانانی بەڕێوەبەرو یاریدەدەری قوتابخانەكاندا لە سنوری سلێمانی كۆمیتەی یەكێتی و لە سنوری هەولێر ناوچەی پارتی دەستیان هەیە لە دیاریكردنی بەڕێوەبەرو  یاریدەدرەی قوتابخانە. لە هەرێمی كوردستان: - (6 هەزارو 758) قوتابخانە هەیە - ( ملیۆنێك و 800) قوتابی هەیە - (150 هەزارو 816) مامۆستا هەیە.


راپۆرت: درەو ئەو رۆژەی بڕیاردرا كورد ریفراندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی، بارزانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی وت:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، بەڵام سكرتێری حزبی شیوعی‌و دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس دەیانوت دەبێت دەستوری دەوڵەتەكە "عەلمانی" بێت، نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی داوایدەكرد وەكو مژدانەی ریفراندۆم چەند موچەیەك بەسەریەكەوە بە فەرمانبەران بدرێت، مەلا بەختیار پێشبینی هێرشی حەشدی شەعبی دەكرد‌و محەمەد حاجی مەحمود-یش دەیوت باوەڕناكەم شیعە پەلاماری كورد بدەن، سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی لەوادەی خۆی دوایبخات، لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی بارزانی‌و لایەنەكان لە رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بڵاودەكەینەوە.    دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكرد‌و سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراق‌و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتی‌و یەكێتی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی  7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەس‌و لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیەیان بكردایە چونكە پرسێكی چارەنوسسازە، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوە‌و وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكەی (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین".  لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دوو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیان‌و مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێت‌و دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە:  • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتی‌و یەكێتی سەردانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووە‌و وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایە‌و پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنی‌و عەلمانی‌و دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین ؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكاتیش فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەین‌و پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووە‌و پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە".  • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕان‌و كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییە‌و كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو  ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا‌و لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووە‌و داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوە‌و رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووە‌و رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە ، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتی‌و ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوە‌و پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێوی‌و موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە. بەرەی توركمان‌و ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كرد‌و دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووە‌و خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوە‌و بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێت‌و بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانی‌و نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كرد‌و بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەست‌و سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و باڵیۆزی ئەمریكا‌و یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوە‌و هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكات‌و دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە.  بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوە‌و پاشەكشێی كردووە‌و بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێت‌و تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ تەید كردنی قسەكانی كاك مەسعود ، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی كەس دژی ریفراندۆم نییە‌و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەن‌و دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەن‌و دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكات‌و دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووە‌و بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان.  بارزانی‌و ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخات‌و بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیا‌و ئەڵمانیا‌و فەرەنسا‌و نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكات‌و لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغداد‌و ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە.  تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیا‌و فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكات‌و سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: •    رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات‌و داهات. •    جێبەجێكردنی ماددەی 140. •    چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوە‌و وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێت‌و دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتی لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو، سەرباری هەڕەشەكان شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كرد‌و دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێت‌و كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوە‌و داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوری‌و سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)‌و ناڕەزایەتی ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەڵمانیا‌و یەكێتی ئەوروپا، بارزانی‌و ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداری‌و پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكە‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە‌و لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێران‌و توركیا سنورەكانی وشكانی‌و ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخست‌و لەپاڵ ئەمەشدا دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركرد‌و كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكرد‌و بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنورییەكان فڕۆكەخانەكانی هەرێم.


درەو:  زانا كەریم، گۆڤاری ئاییندەناسی  بەرایی     درۆکردن وەک ڕەفتارێکی مرۆیی و لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، لەناو هەموو جڤاتێکدا وەک ڕەفتارێکی ناشرین و بێزراو وێنا دەکرێت و هەر لە سەرەتای سەرەتاکانیشەوە وەک هەر بابەتێکی تر جێگای تێڕامان و قسەلەسەرکردن بووە. لە کایەی سیاسەتدا (policy)، پەیوەندیی نێوان سیاسەت و درۆ پەیوەندییەکی مشتومڕئامێزە و هەندێک سیاسەت وەک کردەیەکی پڕ درۆ و فڕوفێڵاوی دەبینن و لەم سۆنگەیەشەوە خۆیان دوورەپەرێز دەگرن لە سیاسەت (سیاسەت چ وەک کردە و چالاکی و چ وەک کایەیەکی مەعریفییش)، هەندێکیش وەک چالاکییەکی مرۆیی جوامێرانە و هونەری فەرمانڕەوایی لێی دەڕوانن و پێیان وایە درۆکردن لە کایەی سیاسەتدا وەک هەر کایەیەکی تری مرۆیی لە سنوورێکدا ڕێگەپێدراوە و دەکرێت لە سیاسەتیشدا “درۆی سپی” و “درۆی ستراتیژی” و “درۆی جوامێرانە” بکرێت([i]). بەڵام ئەوەی قسەی لەسەر نەکراوە و وەک بابەتێکی دەست بۆ نەبراو ماوەتەوە، درۆکردنە لە جڤاتی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا، واتە درۆکردنی دەوڵەتان و دەوڵەتمەداران لەگەڵ یەکتریدا. لێرەوە گرنگیی ئەم بابەتە و بایەخی ئەم کتێبەی “مێر شایمەر” دەردەکەوێت، کە هەوڵێکە بە ئاقاری تیۆریزەکردنی درۆ و درۆکردن لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و داڕشتنی چوارچێوەیەکی بیردۆزییە بۆ تێڕامان لەم بابەتە.    “بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟ ڕاستییەکان لە بارەی درۆکردن و سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە([ii])“، ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی یەکێک لە کتێبەکانی بیریاری ئەمەریکایی “جۆن ج. مێرشایمەر”ە و هەوڵێکی ئەم بیریارەیە لە پێناو قسەکردن لە بارەی درۆکردنەوە لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. چاپی یەکەمی کتێبەکە ساڵی 2011 لەلایەن چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە. لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر غانم ئەلنەجاڕ؛ مامۆستای زانستە ڕامیارییەکان لە زانکۆی کوەیتیشەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و ساڵی 2016 لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەبیاتی وڵاتی کوەیتەوە و لە دووتوێی 183 لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە([iii]).    نووسەری کتێبەکە، پڕۆفیسۆر جۆن ج. مێرشایمەر، ساڵی 1947 لە نیویۆرک لەدایک بووە، چل ساڵە مامۆستای زانستە ڕامیارییەکانە لە زانکۆی شیکاگۆ و بیریارێکی چالاک و کلیلی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوە و کتێبی گرنگە، لەوانە: مەرگەساتی سیاسەتی زلهێزەکان، لۆبی ئیسرائیلی و سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکان؛ بە هاوبەشی لەگەڵ ستیڤن واڵت. مێرشایمەر سەر بە قوتابخانەی ڕیاڵگەرایی (Realism)ە و لەنێو ئەم قوتابخانەیەشدا لەسەر تەوژمی ڕیاڵگەرای هێرشبەر (Offensive Realism) دێتە ئەژمار. درۆکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا    پێشتر ئاماژەمان بەوە دا کە درۆکردن لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بابەتێکی دەستلێنەدراوە و ئەم هەوڵەی “مێرشایمەر” بە سەرەتایەک دادەنرێت لەو بوارەدا. نووسەر لە کتێبێکی تەنکەڵەدا و بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان هەوڵی داڕشتنی چوارچێوەیەکی شیکاری دەدات، لە پێناو تیۆریزەکردنی بابەتی درۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و چەند بیروبۆچوونێکی بیردۆزی لە بارەی لایەنە بنەڕەتییەکانی بابەتەکەوە سەرڕێ دەخات. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کەسێکی ئەکادیمییە و لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا کار دەکات، کەچی شێوازی نووسینی بە جۆرێک ڕەوانە، هەموو خوێنەرێکی کایەکە و دەرەوەی کایەکەش وەکوو یەک لێی تێدەگەن و کارلێکی لەگەڵدا دەکەن.    دەستپێکی ئەم هەوڵەی مێرشایمەر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی 2003، جەنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق و درۆکانی ئەمەریکا لە پێناو ڕەوایەتیدان بەو جەنگەدا دەکاتە دەروازەی باسەکەی. نووسەر پێی وایە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەنجەتەکانی داگیرکردنی عێراقی لەسەر بناغەی درۆ بونیاد نابوو.    بابەتی کتێبەکە و ناوەرۆکەکەشی سەرنجڕاکێشە و ڕەنگە هۆکاری ئەم سەرنجڕاکێشییەش ئەو تێڕوانین و تەرزەبۆچوونانە بن کە نووسەر لە بارەی درۆکردنەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەیخاتە ڕوو: مێرشایمەر بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە وا سەرکردەکان هەندێک جار هەنجەتی ستراتیژییان هەیە بۆ ئەوەی درۆ بکەن، هەم لەگەڵ دەوڵەتانی تر و هەم لەگەڵ گەلەکەی خۆشیاندا، واتە درۆی نێودەوڵەتی هەمیشە کارێکی هەڵە نییە، بەڵکوو زۆر جار دەرەنجامی بەرچاوڕوونیی سەرکردەکانە و هەندێک جاریش درۆکردن پێویستە، نەک هەر ئەمە، بەڵکوو لە هەندێک بارودۆخدا درۆکردن کارێکی فەزیلەتمەندانەیە (virtuous)([iv]).    یەکێکی تر لە ئەنجامگیرییە ورووژێنەرەکانی مێرشایمەر ئەوەیە کە پێی وایە دەوڵەتمەداران و دیپلۆماتکاران کەمترین درۆ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، هەر چەندە سەرەتا وا دەردەکەوێت کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا درۆکردن ڕەفتارێکی ئاسایی دەوڵەتانە لەگەڵ یەکتریدا، کەچی کاتێک لە بابەتەکە دەکۆڵیتەوە، بۆت ڕوون دەبێتەوە کە بەو شێوەیە نییە و ڕێژەی درۆکردنی دەوڵەتان لەگەڵ یەکتریدا زۆر کەمە([v]). پرسیارە سەرەکییەکان    گیروگاز (إشكالية)ی سەرەکیی کتێبەکەی مێرشایمەر درۆی نێودەوڵەتییە، واتە درۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و سێرەی شرۆڤەکانیشی چوار پرسیاری سەرەکی دەگرێتەوە: جۆری ئەو درۆ نێودەوڵەتییانە چین کە سەرکردەکان دەیانکەن؟ بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟ ئەو هەنجەتە لۆژیکی و ستراتیژییانە چین کە لەپشت هەر جۆرێک لە جۆرەکانی درۆکردنەوە وەستاون؟ بەدیاریکراوی، ئەو سوودە چاوەڕوانکراوانەی درۆکردن چین، کە پاڵ بە سەرکردەکانەوە دەنێن بۆ وەها ڕەفتارێکی ناشرین؟ ئەو بارودۆخانە چین کە وا دەکەن جۆرێکی درۆ ئەگەری کردنی زیاتر یان کەمتر بێت؟ تێچووە شاراوەکانی درۆکردن چین و تا چەند کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەت دادەنێن؟ بە دەربڕینێکی تر: لایەنە نەرێنییەکانی درۆی نێودەوڵەتی چین؟ وەڵامە گریمانەییەکان    لەنێو ئەو گریمانانەدا کە مێرشایمەر لە کتێبەکەیدا و لە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکاندا دەیخاتە ڕوو، پێنج گریمانەیان گریمانەی سەرەکین و لە خوارەوە بەپوختی دەیانخەینە ڕوو: درۆی نێودەوڵەتی جۆری زۆرە، بەڵام گرنگترینیان درۆی نێوان دەوڵەتان و ئەو درۆیانەیە کە سەرکردەکان لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیانکەن. بەزۆری سەرکردەکان کاتێک درۆی نێودەوڵەتی دەکەن، لەبەر ئەوە نییە کە وا لاواز یان گەندەڵن، بەڵکوو هۆکاری ستراتیژی و لۆژیکی لەپشت درۆکردنەکەیانەوە هەیە. مەیلی سەرکردەکان بۆ درۆکردن لەگەڵ گەلانی خۆیاندا زیاترە وەک لەوەی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا دەیکەن. واتە ئەوەندەی درۆ لەگەڵ گەلی خۆیاندا دەکەن، ئەوەندە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا نایکەن، ئەمەش بەتایبەتی لە دەوڵەتە دیموکراسییەکانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەردەکەوێت. مەترسیدارترین جۆری درۆی نێودەوڵەتی ئەو جۆرە درۆیانەن کە سەرکردەکان لەگەڵ گەلی خۆیاندا دەیانکەن. لەبەر ئەوەی ئەمەریکا دەوڵەتێکی خاوەن هێزێکی بێشومارە و تەڤڵیهەڤی سەراپای جیهان بووە، بەزۆری سەرکردەکانی ڕووبەڕووی هەڵوێستی سەخت دەبنەوە و درۆکردن لەگەڵ دەوڵەتانی تر و لەگەڵ گەلی خۆیشیاندا پاڵنەری بەهێزی دەبێت. پەیکەری کتێبەکە    کتێبەکە لە نۆ بەش پێک هاتووە: بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ ناساندن و پێناسەکردنی چەمکی درۆکردن، لەبەشی دووەمدا جۆرەکانی درۆی نێودەوڵەتی خراونەتە ڕوو، هەروەها جیاوازی کراوە لەنێوان درۆی ستراتیژی و درۆی کەسیدا و سێرە لەسەر درۆی ستراتیژی گیراوەتەوە و پێنج جۆر درۆی ستراتیژی لە یەکتر جیا کراونەتەوە. هەریەکە لە بەشی سێیەم و چوارەم و پێنجەم شەشەم و حەوتەم تەرخان کراوە بۆ باسکردنی جۆرێکی درۆی ستراتیژی و لە هەر بەشێکدا جگە لە باسکردن و ناساندنی جۆری درۆکە، وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکییش دەداتەوە: “بۆچی و لە چ کاتێکدا هەر جۆرێک لەم جۆرانەی درۆ دەکرێن؟”. بەشی هەشتەم تەرخان کراوە بۆ لایەنی نەرێنی و ئەو زیانانەی کە لە هەر جۆرێکی درۆوە پەیدا دەبن. لە بەشی نۆیەم و کۆتاییدا کورتەتاوتوێیەکی واتای ئەم مشتومڕانە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا و سەبارەت بە خودی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی کراوە. درۆکردن چییە؟    هەنگاوی سەرەتا و گرنگی هەر باس و توێژینەوەیەک، پێناسەکردنی چەمکە سەرەکییەکانی باس یاخود توێژینەوەکەیە و بەبێ ئەم پێناسەکردنە؛ خوێنەر تووشی پەرتەوازەیی هزری و ڕێلێتێکچوون دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، مێرشایمەر بەشی یەکەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ پێناسەکردنی چەمکی سەرەکیی کتێبەکەی کە چەمکی درۆکردنە و پاشان جیاکردنەوەی چەمکەکە لەو چەمکانەی کە لە واتادا لێوەی نزیکن.    لە سەرەتاوە مێرشایمەر جیاوازی دەکات لەنێوان درۆکردن([vi]) و پێکهێنان([vii]) و پەردەپۆشکردن([viii])دا و هەرسێکیشیان لەژێر ناوی فریوداندا([ix]) کۆ دەکاتەوە، واتە فریودان لە سێ بەش پێک دێت، ئەوانیش: درۆکردن و پێکهێنان و پەردەپۆشکردنە، هەروەها فریودان پێچەوانەی ڕاستگۆیی و ڕاستبێژییە([x]). نووسەر هەریەکێک لەو چەمکانە پێناسە دەکات و جیاوازیی نێوانیشیان دەخاتە ڕوو. کاتێک دێتە سەر باسی چەمکی کلیلی کتێبەکەی کە درۆکردنە، مێرشایمەر بەم جۆرە پێناسەی درۆکردنمان بۆ دەکات: “درۆکردن بریتییە لەوەی کاتێک کەسێک قسەیەک دەکات، دەزانێت قسەکەی ڕاست نییە یان گومانی لە ڕاستیی قسەکەی هەیە، بەڵام ئومێدی وایە کەسانی تر بە ڕاستی بزانن. درۆ کردارێکی ئەرێنییە، بە ئامانجی خەڵەتاندن یان فریودانی گوێگرانێکی دیاریکراو داڕێژراوە. درۆکردن دەکرێت بریتی بێت لە دروستکردنی چەند ڕاستییەک کە کەسەکە دەزانێت هەڵەیە (درۆیە)، یان ئینکارکردنی چەند ڕاستییەک کە کەسەکە دەزانێت ڕاستە. جگە لەمە، درۆکردن تەنها پەیوەست نییە بە ڕاستێتیی([xi]) چەند ڕاستییەکەی دیاریکراوەوە، بەڵکوو درۆکردن دەکرێت بریتی بێت لە ڕێکخستنێکی ناڕاستانەی چەند ڕاستییەک بە مەبەستی وتنی بەسەرهاتێک یان چیرۆکێکی خەیاڵی. بەدیاریکراوی، کەسێک درۆ دەکات کاتێک چەند ڕاستییەک بەکار دەهێنێت -تەنانەت ڕاستییە دروستەکانیش-، تاکوو ئەوە بگەیەنێت کە وا شتێک ڕاستە، لە کاتێکدا دەزانێت کە وا ئەو شتە ڕاست نییە. لەم جۆرە حاڵەتانەدا درۆکار بەمەبەست گوێگر بەرەو ئەنجامگیرییەکی هەڵە دەبات، بەبێ ئەوەی بەڕاشکاوی ئاماژە بەو ئەنجامگیرییە هەڵەیە بکات([xii])“. جۆرەکانی درۆی نێودەوڵەتی    لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا سەرکردەکان دەتوانن حەوت جۆر درۆ بکەن، واتە حەوت جۆر درۆی نێودەوڵەتی هەیە و هەر جۆرێکیشان ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە. بە گوێرەی مێرشایمەر، پێنج جۆری یەکەمیان درۆی ستراتیژین و ئامانج لە کردنیان بەدیهێنانی بەرژەوەندیی نەتەوەییە، هەر چی دوو جۆرەکەی کۆتاییشە (شەشەم و حەوتەم)؛ درۆی خۆپەرستانەن و ئامانج لە کردنیان بەدیهێنانی بەرژەوەندیی کەسێکی دیاریکراو یان کۆمەڵە کەسێکە. بۆیە ئەم دوو جۆرە درۆیە هیچ بەهایەکی ستراتیژییان نییە و نووسەر لە بارەیانەوە نادوێت، بەڵام پێنج جۆری یەکەمیان بەدرێژی باس دەکات و بۆ هەر جۆرێکیشیان بەشێکی کتێبەکەی بۆ تەرخان دەکات. ئێمەش لە خوارەوە هەر حەوت جۆرەکە بەکورتی دەناسێنین و دەیانخەینە ڕوو: درۆی نێوان دەوڵەتان (Lying between states)    درۆی نێوان دەوڵەتان یاخود درۆکردنی دەوڵەتێک لەگەڵ دەوڵەتێکی تردا، ئەو درۆیەیە کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دەوڵەتانی تر دەکرێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی زاڵبوونی ستراتیژی بۆ دەوڵەتی درۆکەر یان ڕێگریکردن لە باشبوونی بارودۆخی دەوڵەتی بەرانبەر لەسەر حسابی دەوڵەتی درۆکەر. ئەم جۆرە درۆیە عادەتەن ئاڕاستەی دەوڵەتانی نەیار دەکرێت، بەڵام هەندێک جار دەوڵەتان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشیاندا دەیانکەن. ورووژاندنی ترس (fear mongering)    ئەم جۆرە درۆیە سەرکردەکان لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیکەن، تایبەت بە پرسێکی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەکی و لە بارەی هەڕەشەیەکی دەرەکییەوە کە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە. ئەم جۆرە درۆیە لە ڕەوشێکدا دەکرێت کە وا سەرکردەکان باوەڕیان وایە گەلەکانیان وەکوو پێویست بایەخ بەو هەڕەشەیە نادەن و لە ڕێگەی ئەم جۆرە درۆیەوە پاڵ بە گەلەکانیانەوە دەنێن، تاکوو شێلگیرانە هەڕەشەکە وەربگرن و ڕووبەڕووی ببنەوە. پەردەپۆشکردنی ستراتیژی (strategic cover-ups)    بریتییە لەو جۆرە درۆیەی کە بە ئامانجی شاردنەوەی سیاسەتێکی شکستخواردوو یان پەردەپۆشکردنی سیاسەتێکی جێگەی مشتومڕ لە گەل، یان هەندێک جار لە دەوڵەتانی تریش دەکرێت. دروستکردنی ئەفسانەی نەتەوەیی (nationalist myths)    ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیکەن لە بارەی ڕابردووی دەوڵەتەکەیانەوە. تیایدا جۆرە چیرۆکێک دەهۆننەوە کە وا “ئێمە” هەمیشە لەسەر حەقین و “ئەوان”یش هەمیشە لەسەر ناحەقن. دەستەبژێر بەم کارە هەڵدەستێت لە ڕێگای نکۆڵیکردن لەو کارانەی کە دەوڵەتەکەیان یان کۆمەڵە نەژادییەکەیان لە ڕاستیدا ئەنجامیان داوە، یان لە ڕێگەی بانگەشەی ئەنجامدانی کردەوەگەلێکەوە کە دەوڵەت یان نەژادەکەیان لە ڕاستیدا ئەنجامیان نەداوە. درۆی لیبراڵییانە (Liberal lies)    درۆی لیبراڵییانە ئەو جۆرە درۆیەیە کە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی ڕەفتارێک دەکرێت، ڕەفتارێک کە دژبەرە لەگەڵ کۆپێکهاتی (منظومة) ئەو پرەنسیپانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراون و دانیان پێدا نراوە و بڕبڕەی پشتی یاسای نێودەوڵەتین. ئیمپریالیزمی کۆمەڵایەتی (social imperialism)    ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان لە بارەی دەوڵەتانی ترەوە دەیکەن، بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان، یان بۆ بەرژەوەندیی چینێکی کۆمەڵایەتی، یان دەستە و تاقمێکی دیاریکراو، ئەمەش لە پێناو لابردنی سەرنجی گەل لەسەر گرفت یان پرسگەلێکی جێگەی مشتومڕ لە ناوخۆدا بۆ بەرژەوەندیی توێژێکی بچووکی کۆمەڵگا نەک بەرژەوەندیی گشتی. پەردەپۆشکردنی ناجوامێرانە (ignoble cover-ups)([xiii])    ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان لە بارەی سەرنەکەوتن و سیاسەتە شکستخواردووەکانیانەوە دەیکەن، لە پێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆیاندا و ئامانجی سەرەکیشییان لەم بارەدا پاراستنی خۆیان و هاوڕێیانیانە لە سزایەک کە شایانیانە (well deserved)([xiv]). لێکەوتەکانی درۆی نێودەوڵەتی    بە ڕای مێرشایمەر، هەر جۆرە درۆیەکی نێودەوڵەتی؛ لێکەوتە و پاشهاتی خۆی هەیە و هەندێک جار زیان بە سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتەکە دەگەیەنێت، هەروەها هەر جۆرە درۆیەکیش لەم درۆیانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرەی ناوخۆیی دادەنێت. مێرشایمەر بەشی هەشتەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ لێکەوتە و لایەنە نەرێنییەکانی درۆی نێودەوڵەتی لەسەر دەوڵەتی درۆکەر. بەشی نۆیەم و کۆتاییش تەرخان دەکات بۆ قسەکردن بەکورتی لەسەر واتای ئەم مشتومڕانە، بۆ سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی.   ([i]) بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و درۆکردن هەروەها مافی درۆکردن لە سیاسەتدا، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە: د. محمد المصباحي، هل يمكن الكلام عن الحق في الكذب في المجال السياسي، مجلة عالم الفكر، العدد 1/المجلد 38 (الكويت: 2009)، ص ص 209-234. ([ii]) John J. Mearsheimer, Why Leaders Lie? The Truth about Lying and International Politics (New York: Oxford University Press, 2011). ([iii]) بۆ ئەم ڕانانە، سوودمان لە دەقی ئینگلیزیی کتێبەکەش وەرگرتووە و لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەدا بەراوردمان کردووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەدا کە کۆت (إقتباس)مان لە کتێبەکە وەرگرتووە، هەر چەندە دەقە عەرەبییەکە لە چاپی ساڵی (2013)ەوە وەرگێڕدراوە.          ([iv]) جون جي. ميرشيمر، لماذا يكذب القادة؟ ت: أ. د. غانم النجار (الكويت: المجلس الوطني للثقافة والفنون الآداب، 2016)، ص16. ([v]) المصدر نفسه، ص ص16-17. ([vi]) الكذب: Lying ([vii]) لە دەقە ئینگلیزییەکەدا وشەی “spinning” بەکار هێنراوە و وەرگێڕی عەرەبیی کتێبەکەش وشەی “spinning”ی بە “التلفيق” وەرگێڕاوە. مامۆستا گیوی موکریانی لەبەرانبەر وشەی “التلفيق”ی عەرەبیدا، وشەی “پێکهێنان”ی بەکار هێناوە و ئێمەش لەومان وەرگرتووە و بەکارمان هێناوە. مەبەستی مێرشایمەر لە پێکهێنان (التلفيق – spinning)، گێڕانەوە و باسکردنی ڕووداوێکە کە وا کەسی قسەکەر سێرە لەسەر چەند لایەنێکی ڕووداوەکە دەگرێت و بە شێوەیەک پێکیانەوە دەبەستێت کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، لە هەمان کاتدا ئەو لایەنانەی ڕووداوەکە پشتگوێ دەخات کە خزمەت بە خۆی ناکات. کاتێک کەسێک ڕووداوێک “پێک دەهێنێت”، هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە ناخاتە ڕوو، بەڵکوو دەیشێوێنێت و تەنها چەند لایەنێکی باس دەکات. بە واتایەکی تر: ڕووداو و بەسەرهاتەکە درۆ نییە، بەڵکوو شێوێنراوە. واتە “پێکهێنان” جۆرێکە لە موبالەغە و شێواندن. هەروەها پێمان وایە دەکرێت لەبەرانبەر وشەی “التلفيق”دا، وشەی “چاوبەستی”ش بەکار بهێنرێت. مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ بەم شێوەیەی خوارەوە واتای وشەی چاوبەستیی لێک دەداتەوە: (چاوبەستی: هەڵفریوان و هەڵخەڵەتاندنی مەردووم). بڕوانە: گیوی موکریانی، فەرهەنگی نۆبەرە (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2017)، لا146. شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2017)، لا166. ([viii]) التكتم؛ الإخفاء:    concealment ([ix])  الخديعة: deception ([x]) الصدق: telling truth ([xi]) صدق: Truthfulness ([xii]) جون جي. ميرشيمر، مصدر سبق ذكره، ص48.    ([xiii]) التغطيات الشنيعة: ignoble cover-ups ([xiv])  مستحق: well deserved


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئێمە لە سەردەمی ”لەدایکبوونی تاکەکەس“دا دەژین، کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دراوسێمان ساتەوەختە سەخت و پڕ قەیران و گرفتە گەورەکانی لەدایکبوونی تاکەکەس، وەک دروستکراوێکی مێژوویی تازە، دەژین. تاکەکەس وەک بوونەوەرێک نوێی ناو مێژوو، بوونەوەرێک ئەگەری ئەوەی تێدایە بگۆڕێت بۆ بکەرێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و دونیا بە شێویەکی تر دروستبکاتەوە. ھەموو کردەیەکی دروستکردنەوەی دونیاش کردەیەکی ئاڵۆز و توندوتیژە. تاکەکەس وەک بکەر لانیکەم ھەڵگریی دوو داخوازیی سەرەکییە: سەربەخۆبوون و ئازادیی. سەربەخۆبوون و ئازادییش وەک دیاریەکی کاتی و تێپەڕ نا، بەڵکو وەک ژێرخانی ئەخلاقیی و مادیی و ڕەمزیی ئامادەگی ئەو، وەک مافێک کە ژیانی خۆی و ژیانی کۆمەڵگاکەی لەسەر بونیادبنرێت. ئەوەی ئەمڕۆکە ئێمە دەیبینین، لە سەردەمی ”بزوتنەوەی سەوز“ و ”بەھاری عەرەبیی“ و ”ناڕەزاییەکانی غازی پارک“، تا بە توڕەبوونەکانی ئەم ساتەی ناو ئێران و کوردستان دەگات، ئامادەگیی تاکەکەسێکی نائایدیۆلۆژییە، کە داخوازییە سەرەکییەکانی بریتین لە خواستی سەربەخۆبوون و ئازادبوون. سەربەخۆبوون لە دەوڵەت و لە دەسەڵاتی دینیی و نادینیی پیاوانی دین و حوکمڕانان و پاتریارکیەت، ئازادبوونیش لە کۆی ئەو پێشمەرجە ئەخلاقییە دینیی و فەرھەنگیانە کە سنووری گەورە و ھەمەلایەن بۆ ئازادیی و جوڵە و شێوەژیان و دەرکەوتنیان لەناو کۆمەڵگادا دادەنێت. ئەم لەدایکبوونە نوێیەی تاکەکەس، ئەگەری ئەوەی لەخۆیدا ھەڵگرتوە ببێت بە بکەرێکی مێژووی نوێی ناو پێکھاتی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە، بە کۆمەڵگای ئێمەشەوە.   ئاستی خوێندن و فێربوون، گەورەبوونی تواناکانی پەیوەندیکردن و بینین، ناسین و شارەزابوون بە ژیانی مرۆڤ و میلەتانی تر، فێربوونی زمانی تر، لاوازبوونی سنوورە تەقلیدییەکان، کەمبوونەوە و بێلایەنبوونی نرخی شوێن، کورتبوونەوەی مەسافەکان، ژێرخانی ئەم لەدایکبوونە تازەیەی تاکەکەسن لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا دراوسێکانماندا. نەوەیەک بەڕێوەیە ناتوانێت لەناو ئەو جیھانە داخراوەدا بژیی کە باوکە دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزییەکان دروستیانکردوە و دەسەڵاتی خۆیشیان لەسەر ھێشتنەوە و بەردەوامیدان بەو جیھانە داڕشتوە. بەم مانایە ئەو ناکۆکییانەی لە ئێستادا لە فۆرمی ناڕەزاییدەربڕین و چوونە سەرشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و داکەناندنی حیجابدا دەردەکەون، ناکۆکیی بونیادین و چارەسەرکردنیان پێویستیان بەدەستکاریکردن کۆی ئەو ڕەگەزە جیاوازانە ھەیە کە ئەو دونیایەیان پێ دروستکراوە.  ھاتنە دەرەوە لە ”حەریم“ی پیاوە سونەتەییەکان، چوونە دەرەوەی ئەودیوی سنوورەکانی خێزان و خێڵ و بنەماڵەی تەقلیدیی، دروستبوونی پەیوەندیی نوێ لە پاڵ و لە دەرەوەی پەیوەندیی خوێن و پەیوەندیی خزمایەتیی سونەتیدا، بیرکردنەوەی بەشێکی گرنگی نەوە نوێکان لە خۆیان وەک تاکەکەسی سەربەخۆ، وەک کەسانێک شایستەی ماف و شایستەی ژیانێک خۆیان ھەڵیبژێرن و ڕێکیبخەن، خواستی ئازادبوون و سەربەخۆبوون، خواستی دورکەوتنەوە لە میرزا و خواجاکانی ئەخلاق، ھەموویان پێدراوی سۆسیۆلۆژیی تازەی ناو ئەو واقیعە تازەن کە دروستبووە، چ لە کۆمەڵگای ئێمەدا یان لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرماندا. ئەم دۆخە وادەکات سەرجەمی ئەو یەکە کۆمەڵایەتییانەی لەم لەدایکبوونەی تاکەکەس دەترسن، ئەو پنتانەی دەسەڵات کە نایانەوێت بکەری نوێ دروستببێت، لە ھەوڵی دروستکردنی چەندەھا ڕێگردابن بۆ پەکخستن و سنووردارکردن و لەباربردنی ئەم لەدایکبوونە تازەیە. لە خێزانی تەقلیدییەوە بیگرە بۆ پەیوەندییەکانی خزمخواھی تەقلیدیی و لەوانیشەوە بۆ بونیاد و عەقڵیەتی خێڵ و بنەماڵە، بە تێەڕین بەناو تێگەیشتنە تەقلیدییەکان لە دین و دینداریی و لە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیی و لە کۆی ئەو گوتارانەش کە بەناوی ڕەسەنایەتیی و خۆماڵیبوون و شوناسەوە دژ بە ھاتنەکایەی دونیایەکی نوێ، کاردەکەن. ئەو ھاوار و قیڕەقیڕە زۆرەی ڕۆژانە گوێمان لێدەبێت دەربارەی ”مەترسی ھەڵوەشاندنەوەی خێزان“، ”لەدەستدانی ڕەسەنایەتیی“، ”ھێرش بۆسەر دین و دینداریی“، یاخود ھەزاران جار دووبارەکردنەوەی ئەو ئینشا سادەیەی کە دەڵێت "قەیرانی ئەخلاقی ڕوبەڕوی كۆمەڵگاكەمان بۆتەوە“،  ”هەوڵدانی دەرەکیی گەورە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دین لەئارادایە“،  ”شوناسی مسوڵمانیەتیی و موسڵمانبوونمان لەمەترسیدایە“، ھەموویان دەربڕی ئەو ترسە تەقلیدیی و سونەتیەن کە ھێزە سونەتییە باڵادەستەکان ھەڵیانگرتوە. ترسێک کە تەنھا یەک ناوی ڕاستەقینەی ھەیە: ترسی لەدایکبوونی ئەم بوونەوەرە تازەیە، لەدایکبوونی تاکەکەس. تاکەکەسێک کە فۆرمێکی تری ژیان و فۆرمێکی تری کۆمەڵگا و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی دەوێت.  لە دیدی مندا لەدایکبوونی تاکەکەس ئەو ڕووداوە گەورەیەیە کە لەم ساتەدا لەناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی کۆمەڵگای ئێمە و دراوسێکانماندا ڕووئەدات. لەدایکبوونێکی پڕ لە قەیران و ترس و ئەگەری گەورەی پێکدادان، لەدایکبوونێکی زەحمەت بەڵام مێژوویی. ترسیش لەم لەدایکبوونە، بە تایبەتی ترسی ھێز و گروپە دینیی و سیاسییە داخراوەکان، ژێرخانی ئەو ڕووداوانەیە لە ئێستادا بە بەرچاوی ھەمووانەوە، ڕووئەدات.  بێگومان لەدایکبوون و ھاتنەکایەی تاکەکەس پێویستی بە ژیانێکی نوێ و کۆمەڵگایەکی نوێ و سیستمێکی ڕەمزیی نوێ ھەیە بۆئەوەی بتوانێت وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و ئازاد  بژیی و گەشە بکات. ”ژیانێکی مەدەنیی“ کە سنوور بۆ ئاواتەکان و خەونەکانی دانەنێت، ”دینێکی مەدەنیی“ وەک بوونەوەرێکی گوناھبار و بچووک سەیری نەکات، ”دەسەڵاتێکی مەدەنیی“ وەک ڕەعیەت نەیبینێت و مافەکانی لێ زەوتنەکات، ”ئەخلاقێکی مەدەنیی“ ئازادیی تاکەکەسبوون سێنتەرەکەی بێت نەک موقەدەساتی ھەمەجۆر، ”پەیوەندییەکی مەدەنیی“انەش کە بەھیچ جۆرێک لە تاکەکەسبوون و ئینسانبوونی، نەخات. بە کورتییەکەی دیدگایەکی مەدەنیی، کە تاکەکەس وەک کەسێکی خاوەن ماف و خاوەن ئازادیی و خاوەن کەرامەت و خاوەن سەربەخۆیی ببینێت و مامەڵەبکات. فشاری کولتور و کەلەپور و ئایدیۆلۆژیا و دین، نەیخنکێنێت. توندڕەوەیی مەزهەبیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی سنووری کوشندە و وێرانکەری بۆ دانەنێت.  وەک ووتم لەدایکبوونی ئەم تاکەکەسە لە دۆخێکی مێژوویی تەواو قەیراناویی و زەحمەتدایە. لە ئێستادا  لە سێ ئاستی سەرەکیدا ڕووبەڕووی کۆسپ و ڕێگری گەورە و ھەمەلایەن دەبێتەوە. یەکەم: لە ئاستی سیاسەت و حوکمڕانیدا ڕووی بەو ھێزە سیاسیی و حوکمڕانە گەندەڵ و دز و جەردە و درۆزن و نابەپرسیارانەدا دەتەقێتەوە کە وڵاتەکەیان بە مرۆڤەکانییەوە لەسەر خۆیان و نەوە و بنەماڵەکانیان تۆمارکردوە، خۆیان بە سەروەر و ئەوانیتر بە ڕەعیەتێکی بێاف دەبینن و مامەڵەدەکەن. نەوەیەک لە حوکمڕانی خوێناویی و توندڕەو کە ھێزی ڕووت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا بەڕێوەدەبات.   دووھەم: لە ئاستی ئابوریدا ڕوویانە بەو فۆرمە لە ئابورییدا دەتەقێتەوە کە ئابورییەکی بەرخۆریی قۆرخکراوە، بە ھەموو گوناھەکانی ئابوریی بەرخۆرییەوە. ئابوریی دروستکردنی مۆدێل و ئیغرائاتی مەسرەفگەرایی، ئابوریی ئیشنەکردن و دەوڵەمەندبوونی لەپڕ، ئابوریی دروستکردنی فۆرمی نوێی ھەژاریی و پەراوێزکەوتنی، کۆمەڵایەتیی. ئابوری دروستکردنی شار و گەڕەکی فیرعەونی و لەپاڵ شاری تەنەکەیی و ھەڕەمەکی گەورەدا، کە ھەموو بارانێک بتوانێت ببێت بە لافاو و بەشێکی گەورەی ببات. ئەم ئابورییە بەرخۆرییە، ئابوریی توندوتیژیی مۆدێل و توندوتیژیی چێژ و توندوتیژیی نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەیە. لە ئاستی پەیوەندیی ئەم ئابورییە بە لەشەوە، لەسەر خواستی دروستکردنی لەشێکی ھەمیشە گەنج، ھەمیشە چێژبەخش، ھەمیشە سەرنجڕاکێش کاردەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەگەری دابینکردنی ئەم خواستانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر کۆمەڵگاکەدا دابەشبکات. ئەم مۆدێلەش لە لەش، ھەوڵئەدات ئیغرائات و خواست و پێداوستییە زۆر و گەورەکانی خۆی، بەسەر کۆی لەشەکانی تری ناو کۆمەڵگادا، بسەپێنێت. لە جۆری جلوبەر و مارکەی تایبەتی گرانبەھاوە بیگرە، بۆ نەشتەرگەریی ڕوخسار و لوت و لێو و قژ و بەشەکانی تری لەش. مەرجەعیەتی ئەم لەشە ”مەرجەعیەتێکی کاڵایی“ و ”بەرخۆر“انەیە، کە لەبەردەستی ژمارەیەکی گەورەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایەدا نییە. لە بەرامبەر ئەم مۆدێلەدا کۆسپی سێھەم دێتەکایەوە کە وەک ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم گەشەکردنی تاکەکەسدا ئامادەیە، کە کۆسپی ھاتنەکایە و ئاوسانی تێگەیشتنێکی داخراو و سەلەفییانە و سیاسییانە بۆ دین و دینداریی. شێوە باڵادەستەکانی دینداریی لەو کۆمەڵگایانەدا کۆسپی گەورەن لەبەردەم ئازادیی و سەربەخۆیی و ماف و پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ھێمندا. لەم دۆخەدا نوخبەیەکی دینیی سیاسیی ئامادەیە کە دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی بەردەوام گەشەپێئەدات و قەڵەودەکات. ئەم مۆدێەل دینیی سیاسییە لە خەمی سەپاندنی مۆدێلی ”لەشی داپۆشراو“ و ”نەبینراو“دایە، وەک میکانیزمێک بۆ دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکراو، مرۆڤێک کە نەتوانێت تاکەکەس بێت.  مەرجعەیەتێکی تایبەتیش بۆ بەگشتیکردنی ئەم لەشە داپۆشراو و نەبیراوە، بۆ فۆرمێکی دینیی مرۆڤی کۆپیکراو، دروستدەکات کە  ”مەرجەعیەتێکی دینیی“ە، وردتر بدوێم ”مەرجەعیەتێکی دینیی سیاسییە“. ھەرسێ کۆسپەکە کۆسپی گەورەی بەردەمی تاکەکەسی ئازاد و سەربەخۆن. وانەیەک لە فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆوە فێریبووبین ئەوەیە کە دەسەڵات تەنھا لەناو کایەی سیاسیی و دەزگاکانی دەوڵەت و نوخبەکانی حوکمڕانیدا ئامادە نییە، بەڵکو لە چەندان بواری جیاوازی تریشدا ئامادەیە، لەوانەش لە بواری دروستبوونی بکەری نوێ لە مێژوودا، لە بواری لەدایکبوون و ھاتنەکایەی شێوازی ڕوانین و دیدگا و گوتاری تازەدا، لە بواری چۆنیەتی دەرکەوتن و ئامادەگی لەش لەناو ژیانی گشتیدا. بە کورتییەکەی ئەوەی ڕووئەدات و بەڕێوەیە ڕووبدات پێکدادانی ئەم بوونەوەرە تازەی ناو مێژووی ئێمەیە لەگەڵ ئەو سێ کۆسپەدا کە باسمکرد. پێکدادانە لەگەڵ ئەو مۆدێلە سیاسیی و حوکمڕانییەدا کە سەروەرکراوە. لەگەڵ ئەو سیستمە ئابورییە قۆرخ و کۆنترۆڵکراوەی بەرخۆریدا کە دروستکراوە، لەگەل ئەو  فۆرمە لە دینداریی سیاسیی، ئیخوانیی و سەلەفیی و ویلایەتی فەقیەدا، کە لەناوچەکەدا باڵادەستکراوە.   دواھەمین خاڵێک بمەوێت ھێمایەکی زۆر خێرای بۆ بکەم ئەمەیە: ھاتنەکایەی ئەم تاکەکەسە تازەیە، کە ھاوشانە بە مۆدێلێکی حوکمڕانیی داخراو و ئابورییەکی بەرخۆریی قۆرخکراو و توندەڕەویەکیی دینیی سیاسیی و سەلەفییانە، ھاوکات تێکەڵە بە دۆخی ”کەبتێکی جنسیی“ گەورە و بەرفراوان. نەوەیەک دروستبووە و نەوەیەکیش بەڕێوەیە دروستببێت، لەپاڵ زۆر شتی تردا توانای پێکھێنانی خێزان و دامەزراندنی ژیانێکی سێکسی ڕێکخراویان نییە. بەڵام ھاوکات مۆدێلێک لە پیاوانی دین و سیاسەت دەبینن، کە بەناوی نوێنەرانی خودا و کۆمەڵگاوە ئەدوێن، ژیانی سوڵتانە کۆنەکان دەژین و خاوەنی زیاد لە ژن و کەنیزەک و سەرجێیەکن. لەم ئاستەشدا دۆخێک لەئارادایە تەنھا دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابوریی و دەسەڵاتی دینیی مۆنۆپۆڵ و قۆرخ نەکرابێت، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆریش، چێژی سێکسی و توانای پەیوەندیکردن بە مێینەشەوە، مۆنۆپۆڵ و قۆرخکرابێت. بە کورتیەکەی، ئەم تاکەکەسە تازەیەی ناو مێژووی ئێمە ھاتۆتە ناو دونیایەکی تەواو قۆرخ و مۆنۆپۆڵکراوەوە، بۆیە پێکدادان و توندوتیژیی، وەک جۆرێک لە حەتمیەت و وەک قەدەرێکی مێژووی ناو ئەم دۆخە، دەردەکەوێت. 


  شیكاری: درەو: # هەرێمی كوردستان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ (72 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو بەهاكەی (6 ملیار و 805 ملیۆن ) دۆلار بووە # لە چارەكی یەكەم داهاتی نەوت ( 3 ملیارو 63 ملیۆن ) دۆلار بووەو لە چارەكی دووەم ( 3 ملیارو 789 ملیۆن ) دۆلار بووە # لە چارەکی دووەمدا داهاتی فرۆشی نەوت (726 ملیۆن) دۆلار زیادی کردووە. # داهاتی نەوتی فرۆشراو بە پاڵاوگەکان بە ڕێژەی (168%) و  بڕی (21 ملیۆن و 609 هەزار) دۆلار کەمی کردووە.   # خەرجی تێچوونی پرۆسەی نەوت لە بە ڕێژەی (2.5%) زیادی کردووە و لە (56%)ەوە بووە بە (58.5%). # پارەی گەڕاوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم بڕی (228 ملیۆن و 144 هەزار) دۆلار زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی یەکەم. یەکەم؛ بەراوردی نەوتی هەرێم لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 1.    جیاوازی فرۆشی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ (34 ملیۆن و 932 هەزار و 168) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بڕی (37 ملیۆن و 618 هەزار و 577) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەم پێیەش لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە چارەکی یەکەم (2 ملیۆن و 686 هەزار و 409) بەرمیلی نەوتی زیاتر فرۆشتووە. بەڵام بڕی ئەو نەوتەی کە فرۆشراوە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمدا (409 هەزار و 37) بەرمیل بووەو لە چارەکی دووەمدا بریتی بووە لە (237 هەزار و 475) بەرمیل نەوت، بەم پێیەش بڕی (171 هەزار و 562) بەرمیل بە ڕێژەی (42%) کەمتری فڕۆشتووە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ. 2.    جیاوازی بەهای نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 پاڵپشت بە زانیارییەکان کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار. بەڵام کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە چارەکی دووەمی (2022)دا لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار. بەم پێیەش لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە چارەکی یەکەم (747 ملیۆن و 542 هەزار و 754) دۆلار لە داهاتی نەوت زیادی کردووە. هەرچی داهاتیشە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمی (2022) بەهاکەی بریتی بووە لە (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بەهاکەی دابەزیوە بۆ (12 ملیۆن و 844 هەزار و 28) دۆلار و بە ڕێژەی (168%) و  (21 ملیۆن و 609 هەزار و 366) دۆلار کەمی کردووە.   3.    جیاوازی خەرجی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلار بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بڕی (2 ملیار و 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلار بە ڕێژەی (58.5%) چووە بۆ قەرز و خەرجییەکان. واتە لە چارەکی دووەمدا بە ڕێژەی (2.5%) خەرجی و پرۆسەی نەوتی هەرێم زیادی کردووە. 4.    داهاتی گەڕاوەی نەوت لە چارەکی (یەکەم و دووەم)ی 2022 لە چارەکی یەکەمدا بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار بە ڕێژەی (44%)ی داهاتی گشتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە چارەکی دووەمی (2022)دا بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت و بەم پێیەش، بڕی (228 ملیۆن و 144 هەزار و 43) دۆلار داهاتی نەوت زیادی کردووە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و بە تێکڕا داهات گەڕاوە بە ڕێژەی (2.5%) دابەزییوە بە هۆی بەزبوونەوەی بەهای تێچون و خەرجی نەوتەوە. بڕوانە چارتی ژمارە (1) دووەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022 بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە (5/7/2022) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی کانونی دووەمی 2022 بۆ 31ی ئازاری 2022) بڕی (34 ملیۆن و 932 هەزار و 168) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (86.73) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (100.44) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی یەکەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.71) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هاوکات (409 هەزار و 37) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (84.23) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891) دۆلار، لەو بڕەش (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلاری بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەمی 2022 ئەگەر چی هێشتا دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت بڵاونەکراوەتەوە دەربارەی وردبینی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەمی (2022)، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە (23/9/2022)، زانیارییە سەرەکییەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێمی بۆ ئەم ماوەیە خستووەتە ڕوو؛ بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی نیسانی 2022 بۆ 31ی حوزەیرانی 2022) بڕی (37 ملیۆن و 618 هەزار و 577) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە (100.38) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (113.54) دۆلار بووە. واتە لە چارەکی یەکەمی (2022) هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.16) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هاوکات (237 هەزار و 475) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (12 ملیۆن و 844 هەزار و 28) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (54.08) دۆلار فرۆشراوە، بەم جۆرەش بێت نەوت بە نزیکەی نیوەی نرخی خۆی بە پاڵاوگە نەوتییەکان دراوە، ئەمەش جۆرێک لە پاڵپشتی حکومەت دەردەخات بۆ پاڵپشتی پاڵاوگەکان و پێداویستی ناوخۆ. هاوکات کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (3 ملیار و 789 ملیۆن و 290 هەزار و 279) دۆلار، لەو بڕەش (2 ملیار و 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلاری بە ڕێژەی (58.5%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن و 985 هەزار و 275) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ نەوتی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022 پاڵپشت بەو داتایانەی هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی (2022)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ واتە لە نێوان (1ی کانونی دووەمی 2022 بۆ 31ی حوزەیرانی 2022) بڕی (72 ملیۆن و 550 هەزار و 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووەو کۆی بەهاکەی (6 ملیار و 805 ملیۆن و 349 هەزار و 748) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (93.56) دۆلار فرۆشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی بە تێکڕا (106.99) دۆلار بووە. واتە لە نیوەی یەکەمی (2022)دا هەر بەرمیلێک نەوت بە (13.43) دۆلار هەزانتر فرۆشراوە. هەر بەپێی داتاکان (646 هەزار و 512) بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە، کۆی بەهاکەی (47 ملیۆن و 297 هەزار و 422) دۆلار و هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای (69.13) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی هەرێم بەشێوەی (بۆری + ناوخۆ) بریتی بووە لە (6 ملیار و 852 ملیۆن و 647 هەزار و 170) دۆلار، لەو بڕەش (3 ملیار و 936 ملیۆن و 820 هەزار و 663) دۆلاری بە ڕێژەی (57.4%) چووە بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز و خەرجییەکانی دیکەی نەوت، وەک گواستنەوەو کۆگاکردن. بڕی (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلاری بە ڕێژەی (42.6%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (بڕوانەی خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) سەرچاوە: كۆمپانیای دیلۆیت  


رۆیتەرز- ئورهان كرمان- قامیشلۆ  دوای 10  ساڵ خۆبەڕێوەبەرێتیی، كوردەكانی سوریا ترسیان هەیە نزیكبونەوەی ئاشكرای نێوان دیمەشق‌و حكومەتی توركیای نەیاری، ببێتەهۆی ئەوەی ئەو شێوازە ژیانە لەدەستبدەن، كە بە زەحمەت بەدەستیان هێناوە.  بەر لەسەرهەڵدانی ململانێ لە سوریا، كوردەكان كە ژمارەیان نزیكەی (2 ملیۆن) كەسە، رێگەیان پێنەدەدرا زمانی كوردی لە خوێندنگەكاندا فیرببن یاخود لە بۆنە كلتورییەكانیاندا ئاهەنگ بگێڕن.  دوای ساڵێك لە سەرهەڵدانی راپەڕینی سوریا لە ساڵی 2011دا، هێزەكانی حكومەت لەناوچەكانی باكور كشانەوە، ئەمە رێگا خۆشكرد بۆ "ئیدارەی خۆسەر" كە كوردەكان سەرۆكایەتی دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی خۆیان، لەناویشیاندا ئەو خوێندنگانەی كە بەزمانی كوردی تێیاندا دەخوێندرێت. بەڵام زۆرێك لەو ناوچانەی كە بە ئیدارەی خۆسەر ناسراون دەڵێن رەنگە ئەو مافە نوێیانەیان لەدەستبدەن ئەگەر حكومەتی سوریا لەگەڵ توركیادا ئاشەوایی بكات (توركیا لەساڵی 2011وە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن كردووە دژ بە بەشار ئەسەد‌و هێرش دەكاتەسەر ئەو ناوچانەی كە لەلایەن كوردەكانەوە بەڕێوەدەبرێن،  چونكە ئەنكەرە وەكو هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی تەماشایان دەكات).  سلێمان ئەبوبەكر (55 ساڵ) كە یەكێكە لە  دانیشوانی ناوچەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێ" ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكرێت، دەبێت بە گورزێكی كوشندە بۆ ئیدارەی خۆسەر كە لەسەر بنەمای یەكسانیی‌و دیموكراتی‌و ئازادی بنیادنراوە". هەفتەی رابردوو چوار سەرچاوە بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، ئەم نیگەرانیانە لە باشبوونی ئاشكرای پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق‌و ئەنكەرەوە سەرچاوەی گرتووە بە موبارەكەی مۆسكۆ، هەر جۆرە ئاسایبونەوەیەكی پەیوەندییەكان  لەنێوان ئەنكەرەو دیمەشقدا، دەكرێت گۆڕانكاری لە جەنگی سوریادا دروستبكات كە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە.  لەم مانگەدا سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا لە دیمەشق گفتوگۆی نهێنی كرد، وەزیری دەرەوەی توركیاش چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن‌و حكومەتی سوریای هاندا بۆ ئاشتەوایی، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ بەشدار ئەسەد لەو لوتكەیە نیشاندا كە هەفتەی رابردوو لە سەمەرقەند بەڕێوەچوو.  "زمانی دیك" لە مەترسیدایە پێدەچێت هەر گفتوگۆیەك لەنێوان توركیا‌و سوریادا بە دەوری ئەو (3 ملیۆن‌و 600 هەزار) پەنابەرە سورییەدا بسوڕێتەوە كە هێشتا لە توركیادا نیشتەجێن. ئەردۆغان خوازیارە سەرەتا ئەم پەنابەرانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان بەر لەوەی ئامادەكاری بكات بۆ هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی داهاتوودا، بەڵام رەنگە گفتوگۆكان رێككەوتنی ئەمنی‌و ئیدارەی باكوری سوریاش لەخۆی بگرێت.  بەلای خاتوو دەلال  محەمەدی (45  ساڵ)ەوە رەنگە زمانی كوردی روبەڕووی سڕینەوە ببێتەوە، ئەگەر هەریەكە  لە ئەنكەرەو دیمەشق دژی خوێندنی كوردی بن لە خوێندنگەكاندا.  خاتوو دەلال دەڵێ" ترسمان لە نزیكبونەوەی توركیا‌و سوریا هەیە، ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پێكهاتەكانی ناوچەكە‌و ئەنجامی ئەم نزیكبونەوەیە سڕینەوەی كەلتوری كورد‌و زمانی دایكە دوای ئەوەی لەماوەی 10 ساڵدا پێیگەیشتین".  لەكاتێكدا توركیا دوژمنێكی ئاشكرای ئیدارەی خۆسەرە، كوردەكانی سوریا چونەتە ناو گفتوگۆیەكی تێكەڵ بە شەڕ  لەگەڵ دیمەشق، هاوكات پارێزگارییان لە پەیوەندییە باشەكانیان لەگەڵ مۆسكۆ‌و ئەو هاوپەیمانێتیەشدا كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێبەرایەتی دەكات‌و شەڕی جیهادییەكان دەكات لە سوریا.  ساڵح موسلیم یەكێك لە سەرۆكەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) كە حزبی سەرەكییە لەناوچەی ئیدارەی خۆسەردا وتی" رەنگە ئێستا روسیاش پشتی لە كورد كردبێت".  رایگەیاند" ئەم بانگەوازە لە روسیاوە هاتووە، روسیا دەیەوێت سوریا‌و توركیا لەیەكتر نزیكببنەوە".  بەلای خاتوو (دلڤین)ەوە كە دوكاندارێكە، هەر رێككەوتنێك لەنێوان ئەو دوو لایەنە ناكۆكە بەواتای ئەوە دێت كچەكەی لەژێر حوكمی كورتخایەنی ئیدارەی خۆسەردا لە شاری كۆبانێی باكوری سوریا، چێژ لە ژیان نابینێت.  خاتوو دلڤین بە (رۆیتەرز)ی وت" ئەم هەنگاوە ئیدارەی خۆسەر هەڵدەوەشێنێتەوە، لەم حاڵەشدا هەموو شتێك گۆڕانكاری بەسەردا دێت، شێوازی كاركردنمان، ئەو زمانەی كە فێری منداڵەكانمانی دەكەین، كاریگەری لەسەر دراو دەبێت‌و زیانی گەورەی دەبێت.. بەبۆچونی ئێمە هەموو هەوڵێكی دەوڵەتی توركیا تەنیا رزگاربوونە لە ئیدارەی خۆسەر نە زیاتر و نە كەمتر".


شیكاری: درەو بەشی سێیەم # لە ساڵی (2009) (2 ملیۆنێک و 518 هەزارو 773) کەس مافی دەنگدانی هەبووەو بزوتنەوەی گۆڕان (445 هەزار و 24) دەنگی بە ڕێژەی (17.7%) بەدەستهێناوە. # لە دواهەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (3 ملیۆن و 486 هەزارو 787) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، بزوتنەوەی گۆڕان تەنها (22 هەزارو 91) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (0.6%)ی کۆی گشتی دەنگدەران لە سێ پارێزگاکەی هەرێم. # ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی (2009)ەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (38%) زیادیان کردووە، بەڵام دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێژەی (95%) کەمی کردووە. # لە دوای ساڵی (1992)ەوە لە هەرێمی کوردستان (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووەو بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری (8) هەڵبژاردنی کردووە. # بزوتنەوەی گۆڕان (1) جار بە شێوەی هاوپەیمانی و (7) جار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە. بەشی سێیەم؛ پێگەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا پوختە؛ لە ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، بەڕێوە چووە، بزوتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی لە ساڵی (2009)ەوە دامەزراوە تەنها بەشداری (8) هەڵبژاردنی کردووەو لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بە لیستی سەربەخۆ جگە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانیوە بە هەمان ئاست ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە (25/7/2009) بەڕێوەچوو بەو پێیەی یەکەم بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان بووە لە هەڵبژاردن (2 ملیۆنێك و 518 هەزار773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، بزوتنەوەی گۆڕان (445 هەزارو 24) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (17.7%) کۆی گشتی دەنگدەران.  بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بە ڕێوەچوو، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان توانیویەتی تەنها (22 هەزارو 91) دەنگ بەدەستبهێنێت بەرێژەی (0.6%) کۆی گشتی دەنگدەران. بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2009)ەوە بە ڕێژەی (38%) زیادی کردووە، بەڵام دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان (422 هەزار و 933) دەنگ بە ڕێژەی (95%) کەمی کردووە، (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))، لە خوارەوە پێگەی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرجەم هەڵبژاردنە گشتییەکان ڕوونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان کە یەکەم بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3.    (ملیۆنێك و 876  هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.    بزوتنەوەی گۆڕان (445 هەزارو 24) دەنگی بەدەستهێناو (25) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/ 2010 بەڕێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.8%) 4.    بزوتنەوەی گۆڕان (425 هەزارو 793) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (298 هەزارو 621) دەنگ بەرێژەی (35.8%). -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر (103 هەزارو 397) دەنگ بەرێژەی (15.2%). -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای دهۆك (23 هەزارو 775) دەنگ بەرێژەی ( 5.6%). چارتی ژمارە (2)     سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 803 هەزارو 283) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 950  هەزارو 130) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.     بزوتنەوەی گۆڕان  (476 هەزارو 736) دەنگی بەدەستهێناو (24) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو 2.    ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78%). 4.    بزوتنەوەی گۆڕان  (472 هەزارو 503) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (347 هەزارو 799) دەنگ بەرێژەی (39%). -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر (104 هەزارو 59) دەنگ بەرێژەی (14%). -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای دهۆك (20 هەزارو 645) دەنگ بەرێژەی (4%). چارتی ژمارە (3) پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان  1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (80%) 4.    بزوتنەوەی گۆڕان (490 هەزارو 572) دەنگی بەدەستهێنا ، بە جۆرێک؛ -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (359 هەزارو 600) دەنگ بەرێژەی (40%) -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر (108 هەزارو 117) دەنگ بەرێژەی (14%) -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای دهۆك (22 هەزارو 885) دەنگ بەرێژەی (5%) چارتی ژمارە (4) شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2.    ( 3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 795 هەزارو 686 ) كەس دەنگیاندا  4.    بزوتنەوەی گۆڕان (199 هەزارو 611) دەنگی بەدەستهێنا. بەجۆرێک -    بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (154 هەزارو 947) دەنگی بەدەستهێنا. -    بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر (40 هەزارو 863) دەنگی بەدەستهێنا. -    بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای دهۆك (3 هەزارو 801) دەنگی بەدەستهێنا. چارتی ژمارە (5) حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2.    ( 3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3.    (1 ملیۆن و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (186 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێناو تەنها (12) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. هەشتەم؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1.    هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو 2.    ( 3 ملیۆن و 486 هەزارو 787) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (1 ملیۆن و 232 هەزارو 897 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.4%) 4.    بزوتنەوەی گۆڕان (22 هەزارو 91) دەنگی بەدەستهێنا، بەجۆرێک لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم؛ -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (17 هەزارو 846) دەنگ بەرێژەی (4.5%) -    دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر (4 هەزارو 245) دەنگ بەرێژەی (1%) بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای دهۆك لەبەر ئەوەی هیچ کاندیدێکی نەبوو، بۆیە هیچ دەنگێکیشی بەدەست نەهێنا. چارتی ژمارە (6)   بەشی دووەم: دەنگ و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا بەشی یەكەم: دەنگ و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا  


 درەو: لە خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی ئێران دژی كوژرانی ژینا ئەمینی (7) خۆپیشاندەر كوژراون، (450) بریندارو (500) دەستگیركراو هەیە. رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئامارەكانی بڵاوكردەوە: دیواندەرە: ٢ کوژراو و ٣٣ بریندار سەقز: ١ کوژراو و ٧٤ بریندار بانە: ٤٠ بریندار مەهاباد: ٢٣ بریندار بۆکان: ١٧ بریندار سنە: ٦٦ بریندار مەریوان: ٩ بریندار دێولان: ١ کوژراو و ١٦ بریندار بیجاڕ: ٩ بریندار قوروە: ١٧ بریندار تیکاب: ٧ بریندار ماکۆ: ٦ بریندار ئورمیە: ١ کوژراو - ٢٠ بریندار پیرانشار: ١ کوژراو - ٤٨ بریندار کرماشان: ١ کوژراو و ٣٦ بریندار ئیلام: ١٣ بریندار نەغەدە: ١٥ بریندار   کۆی گشتی: 🔹كوژراو: 7 كەس 🔹بریندار: 450 كەس 🔹دەستگیركراو: 500 كەس  


درەو: بڕیارە ئەمرۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم رێككەوتنێك واژۆ بكات، بەپێی رێككەوتنەكە ئەمریكا بۆ ماوەی پێنج ساڵ هاوكاری هێزی پێشمەرگە دەكات لەبەرامبەردا پارتی و یەكێتی هێزی پێشمەرگە یەكبخەن.  سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دەگاتە هەرێمی كوردستان و سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، دواتر لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و   قوباد تاڵەبانی و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رێكەوتنێك واژۆ دەكەن. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا و بەرپرسانی هەرێم رێككەوتنێك واژۆ دەكەن، رێككەوتنەكە بۆماوەی پێنج ساڵە. بەپێی زانیارییەكانی درەو، لە رێككەوتنەكەدا ئەمریكا پابەند دەبێت كە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەركی راهێنان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەئەستۆ دەگرێت لەبەرامبەردا دەبێت لەو ماوەیەدا هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێنەوەو هیچ هێزێك لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەمابێت.   لە ئێستادا ئەمریكاو هاوپەیمانان مانگانە بڕی (28 ملیار) دینار هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن بۆ موچەو سەرەرای هاوكاری لۆجستی و سوتەمەنی و خۆراك و پڕچەككردن.


درەو: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی، گۆڤاری ئاییندەناسی نووسەران: داریۆ کالدارا، سارا کۆنلیسک، ماتیۆ ئیاکۆڤیێلۆ و مادی پێن١ وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد لەپاش لەشکرکێشیی سوپاى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مەترسییەکى گەورە لەسەر تێکچوونى هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی جیهانی ڕووی داوە. ئەم مەترسییە ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک پسپۆڕانى بوارى ستراتیژیی سیاسی و جیۆئەمنی، شارەزایانى ناوەندەکانى بەرهەمهێنان، جەمسەرە سەرەکییەکانى بازاڕی جیهانی و لێکۆڵیارانى جیۆئیکۆمۆنی؛ پێشبینی دەکەن جەنگەکە لێکەوتەیەکی گەورەى لەسەر ڕاکێشانى جووڵەى ئابووری و بەرزبوونەوەى دیاردەى هەڵئاوسان هەبێت، لە کاتێکدا ئەم کاریگەرییە نەرێنییە دەرئەنجامێکی توند و مەترسیدار لەسەر هەڵکشانى نادڵنیایی و بێمتمانەیى لە سێکتەری ئابووریی جیهانیدا دروست کردووە٢. وەک نموونەیەک بۆ دروستبوونى ئەم نیگەرانییە جیهانییە، هەروەها نیشاندانى کاریگەرییە نەرێنییەکانى ئەم قۆناغە، ڕاپۆرتى کۆتایی سندووقی دراوى نێودەوڵەتى لە بارەى ئایندەى دۆخى ئابووریی جیهان کە لە کۆتایى مانگى نیسانى ٢٠٢٢دا ئەنجامی داوە، پتر لە دوو سەد جار تێچێنى لە بارەى چەمکەکانى “جەنگ و وێرانکاری” لەنێو فەرهەنگەکەیدا بەکار هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەو کاریگەری و پێشبینییانە لە ئێستادا خەریکە بەدی دێن، بەتایبەت ئەو هەلومەرجە مەترسیدارەى بەسەر ئابووریی ڕووسیا و ئۆکرانیادا هاتووە کە لە ئەنجامى لێکەوتە ڕاستەوخۆکانى جەنگ و ئەو سزا ئابووری و نێودەوڵەتییانەى بەسەر ڕووسیادا سەپێنراوە، بە شێوەیەکى توند و نائاسایی دۆخى ئابوورییان دووچارى شپرزەیی و داکشانی خێرا کردووەتەوە، ساغکردنەوەى بەرهەم و کاڵاکان لە گێژاوێکی بێبازاڕیدان، بۆرسە لۆکاڵی و بازاڕە داراییەکان هەر لە دەستپێکى جەنگەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، بەم چەشنە لەژێر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتە سیاسی و ئابوورییانەدا پرسیارێکی سەرەکى دەورووژێت، کە ئایا ناجێگیریی دۆخى جیۆپۆلەتیکی و گرژییە جیۆئەمنییەکان، تا چەند قورسایی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ و دواتریشدا جێ دەهێڵن؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە، لەنێو تەوەرە سەرەکییەکانى ئەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین سەرەتا بەرزبوونەوە و هەڵکشانى ئاستى ئەم دواییەى مەترسییە جیۆپۆلۆتیکییەکان لە ڕێگەى بەکارهێنانى دوو پێوەر لەسەر بنەماى شیکاریی دەقی و ژمارەیی  بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان پشتئەستوورە بە خستنەڕووی داتا و زانیاریی ناو ڕۆژنامە جیهانییەکان، هەر چی دووەمیانە لەسەر بنەماى ڕێژەیی قازانج و داهاتى کۆمپانیاکان بونیاد نراوە. لەم ڕووەوە بە پشتبەستن بە جووڵە سەربازییەکان و پێوەرە ژمارەییەکان، دەتوانین نموونەیەک لە مۆدێلێکی ئابووریی پاڵپشت بە داتا و زانییارییەکانى ئەم دواییانەى ئابووریی جیهانى بەکار بهێنین، تاکوو بە سوودوەگرتن لە ئەزموونەکانى ڕابردوو لێکەوتە مەزنەکانى ئەو جموجووڵە لەسەر ناهاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکیی جیهانى و مەترسییە سەرەکییەکانى بخەینە ڕوو. ئەنجامى سەرەکیى توێژینەوەکە ئەوە نیشان دەدات کە پاش هێرشەکانى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆدێلێکی نوێ لە هەڵکشانى چاوەڕوانکراو لە ئاست مەترسیی ناهاوسەنگییە جیۆپۆلەتیکییەکان ڕووی داوە، کە کاریگەرییە مەزنەکەى لەسەر ئابووریی جیهانى  (GDP)بۆ ساڵی ٢٠٢٢ چەند هێندەیە بەراورد بە ئابووریی جیهانى لە دۆخی سەقامگیریی دوور لە جەنگدا. هەر بۆیە لەنێو ئەم مۆدێلە نوێیەدا جەنگ و وێرانکاری گوشارێکی فراوانى لەسەر دروستکردنى قەیران و کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی جیهانیی بۆ نزیکەى  1،5% ڕسکاندووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکانى لەسەر بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵئاوسان لەسەر ئاستى جیهان بە گوژمەى 1،3 خاڵ زیاد کردووە، بەم جۆرە لێکەوتە نەرێنییەکانى ئەم مۆدێلە لە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕێگەى داکشانى ڕێژەى بەکاربردن، بەرزبوونەوەى نرخەکان و ئاڵۆزبوون و بێسەروبەریی بازاڕە داراییەکان؛ بە خێراییەکى ڕێژەیی دەبینرێن. وێڕای ئەوە، پاڵپشت بە پێوەرە بنەڕەتییەکانى ئاستى قازانج و داهاتى کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە پێدەچێت لە ئایندەدا زەبرێکی ئابووریی گەورە و کاریگەر بەر ئابووریی ئەورووپا بکەوێت و زۆرترین مەترسیی هەڵئاوسان و دروستبوونى قەیرانى ئابووری بە مۆدێلی ئەورووپایی دروست ببێت بەتایبەت لەنێو پیشەسازیی بەرهەمهێنانى کاڵا خزمەتگوزارییەکاندا، کە لێکەوتە سەرەکی و ڕاستەوخۆکانى بە زیادبوونى نرخی کاڵاکان دەست پێ بکات. پێوانەکردنی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان تێگەیشتن لە کاریگەرییە ژمارەییەکانى بەرزبوونەوەى ڕادەى گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان پێویستى بە ئاڵنگارییەکی سەرەکی هەیە کە پەیوەندیی بە پێوانەکردنیانەوە هەیە، لێرەدا یەکەمین پێوەرمان هەڵسەنگاندنەکانى مەترسیی جیۆپۆلەتیکی (کالدارا – یاکۆڤیێلۆیە) (GPR)، کە لە ڕێگەى بەکارهێنانی گەڕان و پشکنین  بۆ  ئەو بابەتانەى لەنێو ڕۆژنامەکاندا بڵاو کراونەتەوە کە باس لە ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە نەرێنییەکان و لێکەوتە و مەترسییە پەیوەندیدارەکان دەکات، بەم هۆیەوە ئیندێکسی (GPR) تیشک دەخاتە سەر پشکینین و گەڕان بەدواى ململانێ توندەکانى وەک: (جەنگ، هێرشی تێرۆرستى، بارگرژیی نێوان وڵاتان، ناکۆکیی نێوان کارەکتەرە سیاسییەکان)، یاخود هەموو ئەو بارگرژییانەى کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاڕاستە و ڕەوتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جێ بهێڵێت٣. ئەم پێوەرە لە ساڵی ١٩٠٠ کارا بووە، ئەویش لەسەر بنەماى گەڕانێکی خولی و ئۆتۆماتیکی لەنێو دەقی ڕۆژنامە گرنگەکانى وەک (شیکاگۆ تریبیون، نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست)، هەروەها لە ساڵانى ڕابردوودا پێوەرەکە پشتی دەبەست بە حەوت ڕۆژنامەى دیکە لە ئەمەریکا، بەریتانیا و کەنەدا. وێنەى یەکەم، پێوەرەکانى “GPR” لە ساڵی (١٩٧٠)ەوە نیشان دەدات، کە ڕادەى بەرزبوونەوەى ناو وێنەکە (پێوەرەکە) پەیوەندیدارن بە مەترسی و لێکەوتەى جەنگەکان یان ڕووداوە تیرۆریستییە گەورەکان. شیاوى باسە ئەم پێوەرە لەپاش لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و مەترسیدار هەڵکشاوە، بە جۆرێک لە ئازاری (٢٠٢٢)ەوە هەڵسەنگاندنى ئەم پێوەرە گەیشتە یەک لە بەرزترین ئاستەکان لە ماوەى پەنجا ساڵی ڕابردوودا، کە بەراورد کراوە بە هەڵکشانێکی لوتکەیی هاوشێوە لە قۆناغی جەنگى کەنداو و عێراقدا. وێنەی (1)  پێوەرەکانی مەترسییە جیۆسیاسییەکان تێبینی: ژمارەکان لەسەر بنەماى پێوەرەکانی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان (کالدارا – یاکۆڤیێلۆ) (GPR)ە کە لە کانوونى دووەمى 1970 تا ئایاری 2022 نیشان دەدات، پێوەرەکە پشت دەبەستێت بە هەڵسەنگاندنێکی مێژوویی (GPR) کە لە 1970 تا 1984 بونیاد نراوە، تاکوو  هەڵسەنگاندنى کۆتایی (GPR) لە ساڵی 1985دا، بەڵام  بە سەرنجدان لە وێنەکە، دەردەکەوێت کە بە درێژایی ماوەى نێوان (1985-2019) هەڵسەنگاندنى پێوەرەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو ئاسایی بووەتەوە بۆ ئاستێکی مامناوەند کە یەکسانە بە ١٠٠ نمرە. سەرچاوە: ژمێریاریى دەستەی یەدەگی فیدراڵی لەسەر بنەمای “داریۆ کالدارا” و “ماتیۆ ئیاکۆڤیێلۆ” (2022)، “پێوانەکردنی مەترسیی جیۆسیاسی”، پێداچوونەوەی ئابووریی ئەمەریکی لە لایەکی دییەوە دوو لە گرنگترین پێوەرە گشتییەکان کە هەڵسەنگاندنى “GPR“ى لەسەر بونیاد نراوە، بریتین لە پێوەرەکانى لێکەوتەى جەنگ یاخود هەڕەشە جیپۆلەتیکییەکان لەسەر ناوچە و شوێنگەی تر کە ناوچەى ڕاستەوخۆی شەڕ نییە، لەمەوە “GPT” کارى ژمێرەیی بۆ سەرجەم ئەو نیگەرانییانەش دەکات کە پانتایی ناسەقامگیری و کاریگەریی بارگرژی و ململانێکان لەسەر ناوچەی دەرەوەى ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان جێ دەهێڵێت، یان ئەو شوێنانەى بە ناڕاستەوخۆ دەکەونە بەر مەترسی. هەروەها یەکێکی دی لە پێوەرەکان “GPA“ە بۆ دەرخستنى مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، جووڵە کردەییەکانە لە وادەى دەستپێکردنى ڕووداوەکان٤، وەک لە (وێنەى دووەم – A)دا نیشان دراوە، بە چەشنێک پێوەرەکانى “GPT” لەنێوان مانگەکانى کانوونى دووەم و ئازاردا بەرز بووەتەوە، بەڵام لە مانگەکانى نیسان و ئایاردا دابەزیوە، ئەم شیکارییەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا دەگونجێت کە دەرئەنجامە توندەکانی جەنگەکە، وەک بەشداریکردنی ڕاستەوخۆى چەند وڵاتێک یان زیاتر، ڕەنگە تا ئەندازەیەک کەمتر هەست پێ بکرێت. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین هەمان پێوەری “GPR” کە لەپاش جەنگ و داگیرکارییەکانەوە هەڵکشابوو، بە شێوازێکی نەرم و لەسەرخۆ پاشەکشە دەکات. وێنەی (٢) نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی ئەم دواییە تێبینی: پانێڵی چەپ جووڵەکانی ئەم دواییە لە پێوەرەکانی “GPR” و دوو پێکهاتە لاوەکییەکەیدا دەخاتە ڕوو، پێوەرەکانی هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPT) و کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPA) نیشان دەدات. پانێڵی ڕاست پەرەسەندنی پشکی پەیوەندییەکانی داهاتی کۆمپانیا جیهانییەکان دەخاتە ڕوو، کە باس لە نیگەرانییەکان دەکەن سەبارەت بە ململانێی نێوان ڕرووسیا و ئۆکرانیا. جێگەى باسە هەردوو پانێڵەکە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ تا مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دەگرێتەوە. سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P) لەم توێژینەوەیەدا داتا و زانیارییەکانی  ناو پێوەرەکانی “GPR” لە ڕێگەى هەڵسەنگاندنێکی تر و بە پێوەرى دووەم کە تایبەتە بە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان پشتڕاست دەکەینەوە، ئەویش لە ڕێگەى گەڕان بەدواى دۆکیۆمێنت و بەڵگە نووسراوەکانى داهاتى کۆمپانیا زەبەلاح و جیهانییەکان کە لەسەر بنەماى لەشکرکێشەییەکەى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بونیاد نراوە٥. بە پێی ئەم پێوەرە، بۆچوونە نەرێنییەکانى کۆمپانیاکان لە بارەى ململانێکانەوە لە ڕێگەى کۆنفڕانسە جیهانییەکان بۆ خستنەڕووی بڕی داهات لە سەرانسەری جیهاندا خراونەتە ڕوو، ئەمەش دەریدەخات ٤٠%ی سەرجەم ئەو بابەتانەى پەیوەندیدارن بە بڕی داهاتى کۆمپانیاکان لە مانگى نیسانى ٢٠٢٢دا، ڕاستەوخۆ کاریگەریى ململانێی جەنگەکەیان لەسەر بووە، ئەمەش وەک لە “پانێڵی ڕاست”دا دەردەکەوێت، پێوەرەکانی مەترسیی جیۆپۆلەتیکی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی داهات و پشکەکان، ڕێژەیەکی داینامیکیی چوونیەک و هاوشێوە لەگەڵ پێوەرەکانی داتا و زانیاریى ناو ڕۆژنامەکان نیشان دەدەن، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێوەرەکانی “GPR” لەسەر بنەمای زانیاریى ناو ڕۆژنامەکان پەیوەندییەکى ڕاستەوانەیان بە بڕی قازانج و داهاتى کۆمپانیاکان و سیستمى وەبەرهێنەرانەوە هەیە. دیاریکردنی ژمارەی کاریگەرییەکانی مەترسییە “جیۆسیاسییە بەرزەکان” لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی (GPD) و دیاردەى هەڵئاوسان بە شێوەیەکی گشتى لە ڕووی مێژووییەوە قۆناغەکانی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە لێکەوتەى نەرێنی و مەترسیداریان هەبووە، تا ئەندازەیەکی بەرچاو پەیوەندیی خراپیان لەسەر چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکان جێ هێشتووە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی جەنگەکان سەرمایەی مرۆیی و فیزیکی لەناو دەبەن، سەرچاوە و ماتەوزەى بەرهەمهێن دەگۆڕن بۆ بەکارهێنى ناچالاک، جووڵەى بازرگانیى نێودەوڵەتیی کەڵەکەبوونى سەرمایە سست دەکەن، ڕیتمى ئابووریی جیهانى تێک دەدەن، وێڕاى ئەوەش کات و مەوداى جەنگ و دەرئەنجامە نزیک و دوورەکانى ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییە نەرێنییەکان ڕەنگە قورسایی زیاتر لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دابنێت، ئەویش  بە پاشەکشێ لە بوارەکانى وەبەرهێنان و دامەزراندنی کۆمپانیاکان، کەمکردنەوەی متمانەی بەکاربەران و توندکردنەوە و گرژبوونى بارودۆخی دارایی. لەم توێژینەوەیەدا خستنەڕووی پێوەرە ژمارەییەکان کە تایبەتن بە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، ڕێگەمان پێ دەدات لە ڕووی چەندایەتییەوە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی جەنگ لەسەر چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکان دەستنیشان بکەین. بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە مۆدێلێکی خۆپاشکەوتنی ڤێکتەری بە پێکهاتەی “VAR” دەخەمڵێنین، هەروەها مۆدێلی خەمڵێنراو بەکار دەهێنین بۆ ژماردن و دیاریکردنی کاریگەرییەکان بە درێژایی ماوەى جەنگ، کە لەم ڕێگەیەوە هەڵکشانى ئەم دواییەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان دروستتر نیشان دەدات. مۆدێلەکە پێوەرەکانی (مانگانەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان، ڕێژەی هەڵئاوسانی جیهانی، نرخی پشکەکانی جیهان، نرخی ڕاستەقینەی نەوت، بەهاى ڕاستەقینەى دۆلار، نرخی کاڵاکان، ئاستى متمانە و دڵنیایی بەکاربەری جیهانی، پێوەرەکانی هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPT) و کردەوە جیۆپۆلەتیکییەکان (GPA) لەخۆ دەگرێت٧. مۆدێلی “VAR“، داتا و ئامارى مانگی کانوونى دووەمى ساڵی ١٩٧٤ تا نیسانی ٢٠٢٢ دەخاتە ڕوو کە تێکڕا لەو ماوەیەدا سێ داکشانى ناچوونیەک لەخۆ دەگرێت٨، ئێمە گریمانە دەکەین کە گۆڕانکارییەکان لە پێوەرەکانی “GPT” و “GPA“؛ ڕێژەى هەڵئاوسان لە ماوەی مانگێکدا لەگەڵ گۆڕاوە ئابوورییەکانی تردا پێش دەخات، بە جۆرێک کە هەر پەیوەندییەکی هاوچەرخ لەنێوان مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕاوە داراییەکاندا دروست ببێت، ڕاستەوخۆ گریمانە دەکرێت کە کاریگەریی ئەو مەترسییە جیۆپۆلەتیکییانە لەسەر گۆڕاوە داراییەکان ڕەنگ بداتەوە، بەپێچەوانەشەوە هەر گۆڕاوێکی دارایی لە توانایدایە کاریگەری لەسەر هەموو گۆڕاوەکانی بەجێ بهێڵێت. وێنەی سێیەم شیکارییەکى مێژوویی ئەنجامە خەمڵێنراوەکانی “VAR” نیشان دەدات، کە بە تێپەڕبوونى کات کاریگەرییەکان لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستى جیهانی و هەڵکشانى ڕێژەی هەڵئاوسان و زیادبوونى مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە بەرزەکان لە کانوونى دووەمى (2022)ەوە بە ئەندازەیەکی هەستپێکراو فراوان بووە، بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە تا ئێستا لەمساڵدا بینراون، ئەمەش ڕاکێشانێک لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی جیهان دروست دەکات کە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ لێکەوتەى دەبێت، هاوکات بە کەڵەکەبوونى ئەم کاریگەرییەش لێکەوتەیەکی نەرێنی بە گوژمەى ١.٧% لەسەر ئاستى ڕێژەی بەرهەمە جیهانییەکان دەبێت. بە هەمان شێوە بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، نرخەکانیش بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی جیهانی بە ڕێژەی ١.٣% تا نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام پاش ئەوە شەپۆلی ئەم کاریگەرییانە دەست دەکەن بە کەمبوونەوە و پاشەکشە. وێنەی (3)  کاریگەرییەکانی زیادبوونی ئەم دواییەی مەترسیی جیۆسیاسی تێبینی: ژمارەکان وەڵامدەرەوەى ئەو کاریگەرییانەن کە بە تێپەڕبوونی کات لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی (پانێڵی چەپ) و هەڵئاوسانی جیهان (پانێڵی ڕاست) ڕوویان داوە بۆ بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، کە تێکڕا قەبارەی زیادبوونەکە لەنێوان مانگی کانوونى دووەم و نیسانی 2022دا نیشان دەدات. هێڵە سوورە زەقەکان خەمڵاندنى مامناوەند نیشان دەدات، هێڵە شینە خاڵییەکان ئاماژە بە ئاستەکانى دڵنیایی دەدات کە ڕێژەى ٧٠% دەستنیشان دەکەن، گۆڕاوەکان لە کانوونى دووەمى ٢٠٢٢ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بە لادان لە هێڵی بنەڕەتی لە دۆخى ئارام و دوور لە جەنگ نیشان دراون. سەرچاوە: ژمێریاریی دەستەی یەدەگی فیدراڵی لەگەڵ ئەوانەشدا، دەکرێت بپرسین مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان چۆن دەگوازرێنەوە بۆ سەر ئاسایشی ئابووریی جیهانی؟ لێرەدا ئێمە بە خەمڵاندنی پێکهاتەی “VAR” لەگەڵ چەند کەناڵێکی جیاوازدا وەڵامى ئەم پرسیارە وەردەگرین، بەتایبەت لە ڕێگەى “وێنەی چوارەم” کە نەخشێکی وردتری ئابووریی جیهانى لەبەردەم شۆکێکی مەزن و مەترسیدارى جیۆپۆلەتیکی دەخاتە ڕوو، لەم ڕووەوە پێمان دەڵێت کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢-دا پەیوەندییان بە دابەزینی متمانەی بەکاربەران و نرخی پشکەکانەوە هەیە، کە هۆکارگەلێکن و کۆى گشتیى خواستى بەکاربەر لاواز دەکەن. بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرز دەبێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو بەڵگانەی کە بەرزبوونەوەی نادڵنیایی جیهانی و هەستی مەترسیی نەرێنی، تێکڕا دەتوانن ببنە بەربەست لەبەردەم خاوبوونەوەى مەترسییەکان و ڕەخساندنى دۆخی ئارام  و سەقامگیری ئابووری لەسەر ئاستى جیهان و مەترسییەکانى سەر سەرمایەی نێودەوڵەتى (فۆربێس و وارنۆک، ٢٠١٢)، بەم پێودانگەش نرخی نەوت و کاڵاکانى تر بەرز دەبنەوە، ئەمەش فشاری داکشان لەسەر چالاکییەکانی جیهان و فشاری هەڵکشان لەسەر دیاردەى هەڵئاوسان دروست دەکات. وێنەی (4) میکانیزمی گواستنەوەی مەترسی (جیۆسیاسییە بەرزەکان) لەسەر گۆڕاوە ئابوورییە گەورەکان تێبینی: ژمارەکان زۆرترین کاریگەری لە ساڵی یەکەمی بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا نیشان دەدات، کە قەبارەی زیادبوونەکە لەنێوان مانگی کانوونى دووەم و نیسانی ٢٠٢٢ ڕووی داوە. بۆ هەر گۆڕاوێک، خاڵە سوورەکان خەمڵاندنی ناوەندی زۆرترین کاریگەری لە ساڵی یەکەمدا نیشان دەدەن. هێڵە شینەکان ئاماژە بە ئاستى دڵنیایی ٧٠% دەکەن. کاریگەرییەکە بە لادان لە هێڵی بنەڕەتیی دوور لە جەنگ بۆ هەموو گۆڕاوەکان جگە لە هەڵئاوسان دەپێورێت. سەرچاوە: ژمێریاریى دەستەی یەدەگی فیدراڵی کێبڕکێ و بەرکەوتنە پیشەسازییەکانى نێوان وڵاتان سروشتی ناوچەیی زۆرێک لە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان ئەوە نیشان دەدات کە ڕەنگە ئەو مەترسییانە کاریگەری نەرێنیی ئابوورییان بە یەکسانی لە سەرانسەری جیهاندا نەبێت. ئێمە بەرکەوتنى وڵاتێک لەسەر بنەماى ململانێکانى ئێستای دەپێوین، ئەویش لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى پشکی ئەو کۆمپانیایانە کە لە داهاتى چارەکی (quarter) ئەمساڵدا کاریگەریى جەنگى ئۆکرانیایان لەسەرە، ئەویش بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیاکەیان تێدایە٩. “وێنەی پێنجەم” بەرکەوتنی وڵاتان لە نەخشەی جیهاندا نیشان دەدات، بە جۆرێک ڕەنگى تۆخ ئاستی بەرکەوتنی بەرزتر نیشان دەدات. وەک دەبینرێت وڵاتانى ئەورووپا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە جەنگ و ململانێکان نزیکن، زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. نزیکەی ٨٠ %ی کۆمپانیاکانی فینلاند و پۆڵەندا کە دوو وڵاتن سنوورێکیان لەگەڵ ڕووسیا یان ئۆکرانیادا هاوبەشە، نیگەرانن لە شەڕەکە. هەر چی ئەڵمانیاشە، وڵاتێکە لە ڕێگەی هاوردەکردنی وزە لە ڕووسیاوە کاریگەرییەکى زۆری ململانێکانى لەسەرە، ئەم کاریگەرییەش وەک ئەوەى لە ئاستى داهاتى کۆمپانیاکاندا دەردەکەوێت (٧٥%)ە، پاش ئەوەش پێناچێت کاریگەریی ململانێکان لەسەر ناوچەکانى تری جیهان بەو شێوەیە چڕ بێتەوە١٠. بەگشتی ئەم بەڵگانە ئاماژەن بۆ ئەو مەترسییەی کە وڵاتانی ئەورووپا ڕەنگە تا ڕادەیەک زیاتر بەدەست کەوتنی ئابووریی ململانێکانەوە بناڵێنن. وێنەی (٥) نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان لەسەر وڵاتان بە پێی ئاستی داهاتى کۆمپانیاکان لە ساڵی 2022 تێبینی: ئەم هێڵکارییە بەرکەوتنی وڵاتان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا نیشان دەدات، کە بە بەکارهێنانی پشکەکان لە داهاتی کۆمپانیاکان کە باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن؛ هەژمار کراوە، بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیاکەیان تێدایە. پشکی پەیوەندییەکانی داهات بۆ ئەو وڵاتانە حیسابی بۆ دەکرێت کە لانی کەم 10 پەیوەندیی داهاتیان هەیە لەنێوان 1ی ئازاری 2022 و 13ی ئایاری 2022. ئەو وڵاتانەی کە هیچ پەیوەندییەکی داهاتیان نییە یان کەمتر لە 10 پەیوەندیی داهاتیان هەیە، بە ڕەنگى خۆڵەمێشی نیشان دراون. ڕەنگى سپی ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ کۆمپانیایەک باس لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ململانێکان ناکات، لە کاتێکدا سووری تۆخ ئاماژەیە بۆ لە سەددا سەدی ئەو کۆمپانیایانە کە باس لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ململانێکان دەکەن. سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P) هەروەها ئەگەری زۆرە کاریگەرییە ئابوورییەکان بە هۆی جەنگ و ململانێکانەوە بە پێی جۆری پیشەسازی نایەکسان بن. “وێنەی شەشەم” پشکی ئەو کۆمپانیایانە تۆمار دەکات کە باس لە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکەن لەلایەن ڕووسیاوە لە پەیوەندییەکانی داهاتی چارەکییاندا بە پشتبەستن بە کارکردنیان لە پیەشەسازییە قورسەکاندا. کاریگەریی ئەم ململانێیەی ئێستا زیاتر لە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی کاڵادا چڕ بووەتەوە کە بە پێی زانیارییەکان تەنانەت پێش لەشکرکێشیی ڕووسیاش دووچارى تەنگەنەفەسی ببوو، کە ڕێژەی ڕوودانی نزیکەی ٨٠%ی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەورووپا دەگرێتەوە. لەم نێوەندەدا، ئەو پیشەسازییانەی کە کەمتر کاریگەریی داکشانیان لەسەرە، وەک پیشەسازیی خزمەتگوزارییەکان، کەمتر نیگەرانیی خۆیان لە جەنگەکە دەردەبڕن. وێنەی (6) نیگەرانیی کۆمپانیاکان  بە هۆی تێکچوونى هاوسەنگیى جیۆسیاسی لەسەر بەرهەمهێنانى پیشەسازى لە ساڵی 2022 تێبینی: ئەم هێڵکارییە پشکی پەیوەندییەکانی داهاتی کۆمپانیاکان نیشان دەدات کە باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن لەنێوان 1ی ئازاری 2022 و 13ی ئایاری 2022، بە پشتبەستن بە پیشەسازیی کارکردنی کۆمپانیاکان و شوێنی جوگرافییان. پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای ستانداردی جیهانیی پۆلێنکردنی پیشەسازی (GICS) دامەزراوە.  تێبینی: کۆمپانیا ڕووسی و ئۆکرانییەکان لە ناوچەی یەکێتیى ئەورووپا بێبەشن، هەر بۆیە کۆکردنەوەکان لە “GICS” بەم شێوەیە دەبێت: (ئۆتۆمبێل و پێکهاتەکانی لەخۆ دەگرێت، کاڵای سەرمایە و بەکاربەر، کەلوپەلی بەکاربەر و جلوبەرگ، نیمچەڕێبەر و ئامێری نیمچەڕێبەر، نەرمەکاڵا و خزمەتگوزاری و ڕەقەکاڵا و ئامێری تەکنەلۆژیا، وزە و خۆراک، فرۆشیارى ماددە خۆراکییەکان، خواردن و خواردنەوە و تووتن، کەلوپەلى ناوماڵ، خزمەتگوزاریی بانکى، خزمەتگوزارییە بازرگانی و پیشەییەکان، دارایی هەمەچەشن، ئامێر و خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی، بیمە، میدیا، کاتبەسەربردن، دەرمانسازی، بایۆتەکنەلۆژیا، زانستی ژیان و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان). سەرچاوە: ژمێریاریی ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵی، ناسراو بە “دەستەى زیرەکی بازاڕی جیهانی” (S&P) ئەنجامی سەرنج و لێکدانەوەکان زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کە بە هۆی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروست بوون و لە ئایندەدا کاریگەرییەکانى چەند هێندە دەبن، هەر بۆیە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ کاریگەریی نەرێنی و قورسایی خراپی لەسەر بارودۆخی ئابووریی جیهانی دەبێت. ئەم جۆرە کاریگەرییانە لە مۆدێلەکەماندا خەمڵێنراون کە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی هەڵئاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو خراونەتە ڕوو، ئەمەش مامەڵەی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی بانکە ناوەندییەکان دەبێتەوە؛ لە سەرانسەری جیهاندا گرژ و ئاڵۆزتر دەبن، هەر چەندە کاریگەرییەکان گەورە و بەهێزن، بەڵام پێناچێت ئەم کاریگەرییانە ئەوەندە گەورە بن کە بتوانن هەوڵ و تێکۆشانى وڵاتانی جیهان بۆ ڕێکخستنەوە و  چالاککردنى سیستمى ئابووریی جیهانى بوەستێنن، بەڵام داهاتووی جەنگەکە زۆر نادیارە و پێشهاتە پێشبینینەکراوەکان لە ململانێکاندا دەتوانێت گۆڕانکاریی زیاتر لە مەترسیی جیۆپۆلەتیکیدا دروست بکات و لێکەوتە لەسەر بوارە ئابوورییەکان زیاتر بکات و کاریگەرییە نەرێنییەکان زیاتر خۆیان نمایش بکەن. پەراوێزەکان نووسەرانی ئەم بابەتە، ئەندامانى دەستەی یەدەگی فیدراڵین لە بەشی دارایی نێودەوڵەتی. جێگەى باسە نووسەران بەرپرسیارن لە سەرجەم زانیاری و داتاکانى ناو ناوەرۆکی توێژینەوەکە، لەم ڕووەوە هەر هەڵە و کەموکوڕییەک هەبێت یان هەر بیروبۆچوونێکی جیاواز لەخۆ بگرێت، ڕەنگدانەوەى تێگەیشتن و بۆچوونى نووسەرانە و پەیوەندیی نییە بە دەستەى پارێزگارانى یەدەگى فیدراڵییەوە، یان هەر کەس و لایەنێک کە پەیوەندیدار بێت بە دەستەى سیستمى یەدەگی فیدراڵییەوە. بۆ نموونە: سەرنج بدە لە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیی “جیرۆم پاول”؛ سەرۆکی بانکی فیدراڵی کە لە پەراوێزى کۆبوونەوەی ٣-٤ی ئایاری ٢٠٢٢ تایبەت بە چالاکییەکانى لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی ئەنجامی دا و تیایدا باسی لە کاریگەری و لێکەوتەکانى جەنگەکە کرد لەسەر جووڵەى ئابووریی جیهانى و ئەوەى خستە ڕوو کە لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیادبوونی چەندین پێوەری ناهاوسەنگ لە نادڵنیایی ئابووری. بۆ بینینی ناوەرۆکی وتارەکە، بڕوانە: https://www.federalreserve.gov/mediacenter/files/FOMCpresconf20220504.pdf. بۆ وەرگرتنى زانیاریى ورد و زیاتر، بڕوانە: Caldara and Iacoviello (2022). ئیندێکسی “GPT” بەدوای ئەو دەستەواژانەدا دەگەڕێت لەنێو بابەتی ڕۆژنامەکاندا کە پەیوەندییان بە جەنگ، لایەنى سەربازی، ئەتۆمی و هەڕەشەی تێرۆریستییەوە هەیە، هەر چی ئیندێکسی “GPA”ە بەدوای ئەو دەستەواژانەدا دەگەڕێت کە ئاماژە بە سەرەتا، یان پەرەسەندنی جەنگەکان، یان ڕوودانی ڕووداوە تێرۆریستییەکان دەکەن. تا ڕادەیەکی پێویست ئێمە نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانی پەیوەست بە ململانێکان لەسەر بنەماى چەمکەکانى پەیوەست بە جەنگ دەخەینە ڕوو، وەک “جەنگ” یان “لەشکرکێشی” لەگەڵ “ڕووسیا” یان “ئۆکرانیا”. بەڵام پێوەرە هاوشێوە و فراوانەکانی نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئاستی کۆمپانیاکان (بە پشتبەستن بەو گەڕانانەی کە مەرج نییە وشەی “ڕووسیا” یان “ئۆکرانیا” لەخۆ بگرن). کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022) نیشان دەدەن کە لە سەرانسەری وڵاتان و بە تێپەڕبوونی کات، مەترسییە جیۆپۆلەتیکییە بەرزەکان پەیوەندییان بە ئەگەری زیاتری کارەساتی ئابووری و کەمبوونەوەی گەشەی چاوەڕوانکراوی بەرهەمی ناوخۆیی هەیە. ئێمە نرخی پشکەکان بە پێوەرەکانی دۆلاری جیهانی (FTSE) دەپێوین، نرخی کاڵاکان بە پێوەرەکانی کاڵای “S&P Goldman Sachs”، متمانە بە پێوەرەکانی دڵنیایی بەکاربەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان و نرخی نەوت بە پێوەرەکانی ناوەندی ڕۆژئاوای تەکساس. هەڵئاوسان لە داتای دارایی جیهانییەوە وەرگیراوە. بەرهەمی ناوخۆیی مانگانە لەسەر بنەمای یەکسانیی هێزی کڕین دامەزراوە و بە بەکارهێنانی ئەو میتۆدۆلۆژیایە دروست دەکرێت کە لە کوبا-بۆردا، میکانیک و ڕافۆ (2018)دا باس کراوە. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022)، مۆدێلی “VAR” لەنێو پێکهاتەى ئابووریی ئەمەریکا، وە پێوەرێکی خەمڵێنراو بۆ سەیرکردنی کاریگەرییە داینامیکییەکانی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان بەکار دێنن. ئێمەش لێرەدا “VAR” وەک مۆدێلێک بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکار دێنین (ئێمە لە ساڵی 1970 دەست پێ دەکەین لەبریی 1985)، بەکارهێنانی داتای مانگانە و سەیرکردنی کاریگەرییە جیهانییەکان نەک بەتەنها ئەمەریکییەکان، بە ڕەچاوکردنى بایەخدانى بەرچاو بە دیاردەى هەڵئاوسان. کالدارا و ئیاکۆڤیێلۆ (2022)، نیشانی دەدەن کە مەترسیی جیۆپۆلەتیکیی بەرزی ئاستی کۆمپانیا کە بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی شیکاریی هاوشێوە کە لەم تێبینییەدا باس کراوە، هەژمار کراوە تیایدا بەرهێنانی ئاستی کۆمپانیا کەم دەکاتەوە. کارەکانی ئەم دواییەی فریدری تیلی (٢٠٢٢)، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندی فەزایی پەرەسەندنی ئابووری لە جەنگی ئۆکرانیا. ئەوان “سزای نزیکی” لە گەڕانەوەی پشکەکاندا دیاری دەکەن: تا وڵاتێک لە ئۆکرانیا نزیکتر بێت، دابەزینی بازاڕی پشکەکانی بەراورد بە سەرەتاى دەستپێکردنى جەنگەکە فراوانتر دەبێت. سەرچاوەکان سەرچاوە: دەستەی پارێزگارانی سیستمی یەدەگی فیدراڵی لە واشنتۆن (The Federal Reserve System) لینك: The Fed – The Effect of the War in Ukraine on Global Activity and Inflation (federalreserve.gov) تێبینی: كۆتا نوێكردنەوەی (update) ئەم بابەتە، لە ڕێكەوتى 27ی ئایاری 2022-دا ئەنجام دراوە.   Anayi, Lena, Nicholas Bloom, Philip Bunn, Paul Mizen, Gregory Thwaites, and Ivan Yotzov (2022), “The impact of the war in Ukraine on economic uncertainty“, VoxEU.org, 16 April. Caldara, Dario, and Matteo Iacoviello (2022), “Measuring Geopolitical Risk,” American Economic Review, vol. 112 (April), pp. 1194–225. Cuba-Borda, Pablo, Alexander Mechanick, and Andrea Raffo (2018), “Monitoring the World Economy: A Global Conditions Index,” IFDP Notes, Board of Governors of the Federal Reserve System, June 15. Federle, Jonathan, Andre Meier, Gernot Müller, and Victor Sehn (2022), “Proximity to War: The stock market response to the Russian invasion of Ukraine“, CEPR Discussion Paper 17185. Forbes, Kristin J. and Francis E. Warnock (2012), “Capital flow waves: Surges, stops, flight, and retrenchment,” Journal of International Economics, vol 88 (2), pp. 235-251.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand