لەتیف رەشید لە ململانێی (ساكۆ)و (رەیان كلدانی)دا
2023-07-15 21:17:15
سەرۆك كۆمار لە یەكەم تاقیكردنەوەدا
لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق كەوتوەتە ناو ململانێی مەسیحییەكانەوە، ململانێیەك كە جەمسەرێكی ئێرانو جەمسەرەكەی تری ئەمریكاو ئەوروپایە.
لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە گەورەترین ئاڵنگارییە رووبەڕووی لەتیف رەشید دەبێتەوە، كێشەكە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی وەقفەكانی مەسیحییەوە هەیە لە عێراق، لەنێوان دەسەڵاتی ئاینیو باڵی سیاسیو چەكداری مەسیحییەكاندا، دەسەڵاتی ئاینی لەلایەن ڤاتیكانەوە پاڵپشتی دەكرێت، باڵە سیاسیو چەكدارییەكەش لە ئێرانەوە نزیكەو رێبەرەكەیان لەلایەن ئەمریكاوە خراوەتە ناو لیستی سزاكانەوە.
ئەمە یەكەم تاقیكردنەوە بوو بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو لەنێوان بەرەی خۆرئاواو ئێراندا، لە بەرژەوەندی هێڵە ئێرانییەكە بڕیاریدا.
ناكۆكی ساكۆو رەیان كلدانی
ناكۆكی ناو ماڵی مەسیحییەكان لە بنەڕەتەوە پەیوەندی بە ململانێی هەژموون هەیە لەنێوان دامەزراوەی ئاینیی مەسیحی كە (لویس ساكۆ) نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ باڵی سەربازی مەسیحییەكان لە عێراق كە (رەیان كلدانی) نوێنەرایەتی دەكات، هەردوو جەمسەری ناكۆكییەكە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر مەسیحییەكانی عێراقدا بسەپێنن، بەدیاركراویش دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وەقفەكانی مەسیحیدا بسەپێنن.
كلدانی كە سەربە گروپەكانی حەشدی شەعبی شیعەیە، دەوترێت لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەمانگیی (لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران) هاندەدرێت بە ئاڕاستەی دژایەتیكردنی لویس ساكۆ، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گروپە شیعەكان رێبەرایەتی مەسیحییەكانی عێراق لەبەرژەوەندی خۆیان كۆنترۆڵ بكەن.
مەرسومی 147 لەنێوان مام جەلالو لەتیف رەشیددا
رۆژی 3ی ئەم مانگە لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی هەڵوەشاندەوە، مەرسومێك كە لەسەردەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا دەركراوەو (لویس روفایل ساكۆ) وەكو پاتریاكی بابلی كلدانەكان لە عێراقو جیهانو بەرپرسی وەقفی مەسیحییەكان لە عێراق دەناسێنێت.
لێرەوە ئیتر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی پێكهاتەی مەسیحی عێراق بەڕووی لەتیف رەشیددا تەقییەوە، ئێوارەی رۆژی 10ی ئەم مانگە، پاتریاكی كلدانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا كشاندنەوەی مەرسومی كۆماریی تایبەت بە دانانی لویس ساكۆ وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراق، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رەتكردەوە، سەرسوڕمانی خۆی لەو بڕیارە نیشانداو بە بڕیارێكی بێ پێشینە لە مێژووی عێراقدا ناوی برد.
بەیاننامەكە دەڵێ:" ئەمە بڕیارێكی سیاسی بەدخوازانەیە تەنیا دژی كەسایەتی پاتریاك ساكۆ نییە كە كەسایەتییەكە لە ناوخۆو دەرەوە بە هەڵوێستە نیشتمانییەكانی ناسراوە، بەڵكو دژی پێگەی پاتریاكی درێرینە لە عێراقو جیهاندا".
پاتریاكی كلدانی كە گەورەترین كڵێسای عێراقە داوا دەكات" دۆخەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ رەوتی ئاسایی خۆی، بەرلەوەی بەرەو قەیران پەرەبسەنێتو كاردانەوەی نەخوازراو بەدوای خۆیدا بهێنێت".
هەندێك لە سەرچاوە سیاسییەكان باسلەوە دەكەن، بڕیاری كشاندنەوەی مەرسومی دانانی لویس ساكۆ لەلایەن لەتیف رەشیدەوە، بەهۆی ئەو فشارانە بووە لەلایەن لایەنە مەسیحییەكانەوە لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار دروستكراوە، بەتایبەتیش لەلایەن گروپی (بابلیۆن)ی چەكدارەوە كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكاتو یەكێكە لە گروپەكانی حەشدی شەعبیو هاوكات لایەنێكی پێكهێنەری كابینەی حكومەتە لە عێراق.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن" بڕیارەكەی لەتیف رەشید بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومەكەی لویس ساكۆ بەتەواوەتی بڕیارێكی سیاسییە، وا دەردەكەوێت سەرۆك كۆمار ئاگاداری باگراوندی كێشەی ناو ماڵی مەسیحییەكان نییە، یاخود ئەوەیە ملكەچ بووە بۆ فشارەكان".
ئەم فشارانە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی ناچاركرد رۆژی 7ی ئەم مانگە روونكردنەوەیەك لەبارەی كشاندنەوەی مەرسومی 147وە دەربكات، روونكردنەوەكە دەڵێ" كشاندنەوەی مەرسومە كۆمارییەكە بۆ دەستبردن نییە بۆ دۆخی ئاینییو یاسایی كاردیناڵ لویس ساكۆ، بەوپێیەی ئەو لەلایەن پاپاوە وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراقو جیهان دانراوە، بەڵكو بۆ راستكردنەوەی دۆخی دەستورییە، بەوپێیەی مەرسومی ژمارە 147ی ساڵی 2013 بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی دەستوریو یاسایی دەرچووە، سەرباری ئەمەش سەرۆكی كڵێساو تائیفەكانی تریش داوای دەركردنی مەرسومی كۆماریی هاوشێوە دەكەن بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەكی دەستوریی".
لویس ساكۆ شارەزایانەو سیاسیانە وەڵامی لەتیف رەشیدی دایەوەو رایگەیاند" ئایا مەرسومەكەی مام جەلال هەڵەیە؟ ئێوە هاتوون ئەو هەڵەیە راستدەكەنەوە؟".
سەرۆكایەتی كۆمار لەسەر ئەم بابەتە ناچاربوو، روونكردنەوەی دووەم بڵاوبكاتەوە كە تێیدا هۆكاری كشاندنەوەی مەرسومی 147 بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە" پێشترو لە هەمان سەروەختدا دوو مەرسومی كۆماریی بۆ دوو كەسایەتی ئاینیی دەرچووەو نوێ نەكراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە مەرسومانە لە بنەڕەتەوە پاڵپشتی دەستورییان نییە، مەرسومی كۆماریی تەنیا بۆ ئەو كەسانە دەردەچێت كە لە دامەزراوەو سەرۆكایەتییەكانو وەزارەتو دەستە حكومییەكاندا كاردەكەن، دامەزراوەی ئاینیی فەرمانگەی حكومی نییەو پیاوی ئاینیش كە ئەم دامەزراوانە بەڕێوەدەبەن فەرمانبەری دەوڵەت نین تاوەكو مەرسومیان بۆ دەربكرێت".
بەڵام پاتریاكی كلدانی لە بەیاننامەی خۆیدا لەبارەی ئەم بابەتەوە باسلەوە دەكات" لەسەردەمی خەلافەتی عەباسییەكانەوە پاتریاك بەرائەتنامەی فەرمی پێدراوەو لەسەردەمی عوسمانییەكانیشدا ئەمە هەر بەردەوام بووەو پاتریاك فەرمانی پێدراوەو كۆپی ئەو فەرمانەمان هەیە كە پێی دەوترێت " الگغراو "، لەسەردەمی پادشایەتیو كۆماریشدا هەر بەمشێوەیە بووە".
پاتریاكی كلدانی ئاماژە بەوە دەكات، ئەم جۆرە مەرسومانە لە وڵاتانی عەرەبیش بۆ تائیفە مەسیحییەكان دەردەچێت، لەوانە ئوردنو میسرو سوریاو لوبنان، بۆیە ئەمان تێناگەن پاڵنەری پشتی بڕیارەكەی سەرۆك كۆمار چییەو وایدەبینن بڕیارەكەی سیاسییە.
ئەگەر سەرۆك كۆمار سوربێت لەسەر بۆچونەكەی خۆی كە دەركردنی مەرسومی كۆماریی بۆ پیاوە ئاینییەكان نادەستورییە، دەبێت ئەو مەرسومانەی تریش هەڵوەشێنێتەوە كە بۆ زیاتر 20 سەرۆكو ئەسقەفی كڵێساكان لە عێراق دەرچوون.
سەرباری روونكردنەوەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، ناڕەزایەتییەكان دژی بڕیارەكەی لەتیف رەشید پەرەسەندنی بەخۆوە بینی، بەیانی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، مەسیحییەكانی عەنكاوە لە هەولێر لەبەردەم كڵێسای (مار یوسف) بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی كۆبونەوە، بەناوی گروپو لایەنە مەسیحییەكانەوە بەیاننامەیان دژی سەرۆك كۆمار خوێندەوە، تۆمەتباریان كرد بەوەی سوكایەتی بە یەكێك لە سیمبولە ئاینییەكانی ئەوان كردووە، لە ناحیەی (ئەلقوش)ی باكوری موسڵیش بۆ هەمان مەبەست خۆپیشاندان كرا.
مەسیحییەكانی هەولێر لە پارتییەوە نزیكن، رەیان كلدانیش وەكو جەمسەرێكی تری ئەم ناكۆكییە لە یەكێتییەوە نزیكەو یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی بافڵ تاڵەبانی.
سكاڵای رەیان دژی ساكۆ
چەند مانگی رابردوو، پەیوەندی نێوان لویس ساكۆ و رەیان كلدانی گرژی تێكەوت، لەرێگەی میدیاكانو كۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە قسەی توندیان كردو یەكتریان تۆمەتبار كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێی ناكۆكی بوو لەبارەی دۆخی ئاینیو سیاسی مەسیحییەكان لە عێراق، كە خۆی لە ساڵی 2003و كەوتنی سەددامەوە دۆخێكی خراپو ناجێگیرە.
لویس ساكۆ هێرشی كردەسەر رەیان كلدانیو وا ناوی برد كە "نوێنەرایەتی پێكهاتەی مەسیحی" ناكات، تۆمەتباری كرد بەوەی" تێوەگلاوە لە دزینی موڵكو ماڵی مەسیحییەكان. ساكۆ رۆژی 6ی ئایاری ئەمساڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" رێگا بەخۆم نادەم كەسێكی وەكو رەیان كلدانی ببینم، كە موڵكو ماڵی مەسیحییەكانی لە بەغدادو نەینەواو دەشتتی نەینەوا دزیوەو بە یارمەتی ژنێك كە لە پۆستی وەزیردا دایناوە (مەبەستی ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچو كۆچبەرانی عێراقە كە سەربە بزوتنەوەی بابلیۆنە) دەیەوێت پیاوانی ئاینیی مەسیحی بكڕێت".
لەسەر ئەم قسانە، رەیان كلدانی سكاڵای یاسایی لەسەر لویس ساكۆ تۆماركرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانێكی دەركرد بۆ ئامادەبوونی لویس ساكۆ لەماوەی 48 كاتژمێردا لەبەردەم دادگا، بەگوێرەی نوسراوەكە ئەگەر ساكۆ ئامادە نەبێت، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت.
بەگوێرەی نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد، بڕیارەكە لەلایەن دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخەوە دەرچووە كە تایبەتە بە دۆسیەكانی راگەیاندنو بڵاوكردنەوە.
ساكۆ لە بەغدادەوە گواستیەوە بۆ هەولێر
لویس ساكۆ كە ماڵەكەی لەناوچەی "مەنسور"ە لە بەغداد، نەچووە بەردەم دادگا، ئەمڕۆ نوسراوێكی بە ئیمزای خۆیەوە دەركرد، تێیدا بڕیاریدا لە بەغداد بكشێتەوەو دەسەڵاتەكانی بگوازێتەوە بۆ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
وەكو خۆی لە نوسراوەكەیدا باسی لێوەكردووە، بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە، رووبەڕووی فشارێكی بەردەوام بووەتەوە، لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار دەكات بەوەی "بۆ بەدیهێنانی ئارەزووی رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن فەرمانەكەی دەركردووە، بۆ ئەوەی رەیان بكات بەو كەسەی كە كاروباری وەقفەكانی كڵێسا بگرێتەدەستو براكانیشی بكات بە هاوبەشی خۆیو پۆستیان پێبدات، هەروەها ئیڤان فایەقی وەزیری كۆچبەرانیش بكات بە ئەمینداری گشتی پاتریاكیو نەوفڵ بەهای زاواشی بكات بە سەرۆكی دیوانی وەقفی مەسیحیو ئاینیەكانی ترو بەمشێوەیە گەمە قێزەونەكەی تەواو بكات".
دوای بڕیارەكەی بۆ كشانەوەی لە بەغدادو رۆیشتنی بۆ هەولێر، رەیان كلدانی راگەیاندراوێكی لەسەر لویس ساكۆ دەركرد، تێیدا دەڵێ:" ئێمە ئەو قسانە رەتدەكەینەوە كە لە پەیامەكەی لویس ساكۆدا هاتووە، ئێمە بزوتنەوەیەكی سیاسینو كەتیبە نین، بزوتنەوەیەكی سیاسی بەشدارین لە پرۆسەی سیاسیداو بەشێكین لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت، جەخت دەكەین كشاندنەوەی مەرسوم لە لویس ساكۆ بڕیاری سەرۆكایەتی كۆمار بووە نەك بزوتنەوەی بابلیۆنو ئەو كارە بۆ مەبەستی راستكردنەوەی دۆخی دەستوری كراوەو فەخامەتی سەرۆك كۆمار مەرسومی نوێی قەداسەتی پاتریاكی بۆ ئەو كڵێسایانەی تر دەرنەكردووە كە ئەنجومەنەكانیان هەڵیانبژاردوون".
رەیان كلدانی زیاتر لەسەری دەڕواتو دەڵێ" ئەگەر لویس ساكۆ داوای دەوڵەتی یاساو دامەزراوە دەكات بۆچی بەردەوام پەنا بۆ میدیاكان دەبات بۆ لێدانی پەرلەمانتارانی كوتلەی بابلیۆنو تۆمەتی بێ بنەمایان دەخاتە پاڵو لەبری ئەوە پەنا بۆ دادگا ناباتو سكاڵا تۆمار بكات".
كلدانی باسلەوە دەكات چەندینجار هەوڵیداوە سەردانی لویس ساكۆ بكات لە بارەگاكەی یان هەر كڵێسایەك كە ئەو دیاری بكات، بەڵام هەموو جارێك ئەو رەتیكردوەتەوە.. بۆیە ئێستاش كە بڕیاریداوە بكشێتەوە بۆ كوردستان، ئەوان ئومێدەوارن لەم ماوەیەدا پێداچوونەوە بە هەڵوێستە سیاسیو میدیاییەكانیدا بكاتو پێیانوایە لویس ساكۆ ملكەچ بووە بۆ ئەجێندای سیاسیو جارێكی تر مەسیحییەكان وەكو كارتی فشار لەنێوان نەهەنگە سیاسییەكاندا بەكاردەهێنێت.