ئاماری روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێم (2018- 2022)
2023-07-23 13:16:11
شیكاری: درەو
🔻 پاڵپشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)؛
🔹لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان (2779) كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە (30) هەزار كەسیش برینداربوون.
🔹 (70 هەزار و 303) روداوی هاتوچۆ تۆمارکراون، کە (73%)ی لە پارێزگاکانی عێراق و (27%)یان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم رویانداوە.
🔹 لە نێو روداوەکانی هاتوچۆ (16 هەزار و 183) کەس گیانیان لەدەست داوە، کە (83%) یان لە پارێزگاکانی عێراق و (17%)یان لە پارێزگاکانی هەرێم تۆمار کراون.
🔹 لە بارەی بریندارانی روداوەکانی هاتوچۆوە، ژمارەکە گەیشتووە بە (85 هەزار و 266) کەس کە (64%)یان لە عێراق و (36%)یان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم تۆمارکراون.
یەکەم؛ ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 – 2022
تا دێت ئاماری روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، روو لە هەڵکشان دەکەن و بەپێی بەدواداچونێک بۆ روداوە تۆمارکراوەکانی هاتوچۆ و کۆکردنەوەی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا (70 هەزار و 303) روداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراق تۆمار کراوە، کە (50 هەزار و 973) روداویان بە ڕێژەی (73%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (19 هەزار و 330) روداویشیان بە ڕێژەی (27%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
زۆرترین ژمارەی ڕوداوی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە، بەڵام زۆرترین روداوی هاتوچۆی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2019) بووە. بەڵام بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین روداوی تۆمار کراو لە ساڵی (2022) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1))
دووەم؛ ئاماری "گیان لە دەستدان" لە نێو ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 – 2022
هەر بەپێی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی روداوە تۆمارکراوەکانی هاتووچۆدا (16 هەزار و 183) کەس لە سەرتاسەری عێراق گیانیان لەدەست داوە، کە (13 هەزار و 404) کەسیان بە ڕێژەی (83%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (2 هەزار و 779) کەسیشیان بە ڕێژەی (17%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدان لە نێو ڕوداوەکانی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە ژمارەیان (3 هەزار و 21) کەس بووە، بەڵام زۆرترین گیان لەدەستدانی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2018) بووەو (665) کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین گیان لەدەستدان بە روداوی تۆمار کراو لە ساڵی (2021) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)).
سێیەم؛ ئاماری "بریندابووان" لە نێو ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 - 2022
پاڵپشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی روداوە تۆمارکراوەکانی هاتووچۆدا (85 هەزار و 266) کەس لە سەرتاسەری عێراق بریندربوونە، کە (54 هەزار و 380) کەسیان بە ڕێژەی (64%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (30 هەزار و 886) کەسیشیان بە ڕێژەی (36%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
زۆرترین ژمارەی برینداربوون لە نێو ڕوداوەکانی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە ژمارەیان (12 هەزار و 677) کەس بووە، بە هەمان شێوە زۆرترین برینداربونی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022) بووەو ژمارەکە گەیشتووە بە (7 هەزار و 250) کەسی بریندار. هاوکات بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین بریندار بە روداوی هاتوچۆی تۆمار کراو لە ساڵی (2022) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).