Draw Media

سكاڵاكەی لەبارەی ژمارە حسابییەكەی نەوتی هەرێم رەتكرایەوە

سكاڵاكەی لەبارەی ژمارە حسابییەكەی نەوتی هەرێم رەتكرایەوە

2023-07-18 09:37:29


(درەو):
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی رەتكردەوە، كە پەرلەمانتار (عودەی عەواد) لەسەر دانانی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (سیتی بانك)ی ئەبوزەبی، تۆماریكرد بوو. 
عودەی سكاڵاكەی لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و پارێزگاری بانكی ناوەندیی‌و وەزیری نەوتی عێراق تۆماركردبوو، تێیدا باسی لەوە كردبوو نوسراوی ژمارە (5-9-3004) كە لە رۆژی (27/4/2023) لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دەرچووە، بڕیارێكی پێچەوانەی دەستورە. 
ئەم بڕیارە دەڵێ" داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان لە سیتی بانك دادەنرێت"، عودەی عەواد ئەم بڕیارە بە نادەستوری دەزانێت، بەوپێیەی بە بۆچوونی ئەو بانكی ناوەندیی عێراق لە ژمارە حسابییەكە سودمەند نابێت، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت نەوتی فرۆشراوی هەموو پارێزگاكان داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ بانكی ناوەندیی. 
ئەم بڕیارەی كە عودەی عەواد سكاڵای لەسەر تۆماركردووە، بڕگەیەكی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ بوو دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری ئەمساڵ، بەپێی ئەو بڕگەیە، داهاتی نەوتی هەرێم دەخرایە (سیتی بانك) لە ئەبو زەبی ئیماراتی عەرەبی‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەسەڵاتی بەسەر راكێشان‌و خەرجكردنی پارەكەدا هەبوو، بەڵام ئەم بڕگەیە لە یاسای بودجەی گشتی 2023ی عێراقدا لەلایەن پەرلەمانەوە دەستكاریكراو ئێستا داهاتی نەوتی هەرێم بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و راستەوخۆ دەچێتە حسابی وەزارەتی داراییەوە لە بانكی ناوەندیی. 
دادگای فیدراڵی، وەڵامی عودەی عەوادی داوەتەوە، سكاڵاكەی رەتكردوەتەوە‌و دەڵێ لە تایبەتمەندی ئێمە نییە تەماشای ئەو بڕیارانە بكەین كە لە هەر یەكێك لە دەسەڵاتەكانەوە دەردەچێت، لەوانە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران یان دەستەیەكی سەربەخۆ لەوانە بانكی ناوەندیی، بەڵكو دادگا تەماشاو چاودێری یاسا بەركارەكان دەكات، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە سكاڵاكەی رەتكرایەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand