Draw Media

نرخی بەنزین گیرفانی شۆفێرانی تەکاندووە

نرخی بەنزین گیرفانی شۆفێرانی تەکاندووە

2021-08-25 14:22:42


 شیكاری: درەو

لە هەرێمی کوردستان ( ملیۆنێك و 900 هەزار) ئۆتۆمبێلی هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە،واتە ڕۆژانە شۆفێران نزیكەی (5 ملیار) دینارو ساڵانەش نزیكەی ( 2 ترلیۆنێک) دینار لە کڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینارەو لە هەرێم بە (950) دینار، بەو پێیەش شۆفێرانی هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی (900 ملیار ) دینار زیادە خەرج دەکەن بۆ کڕینی بەنزین بەراورد بەو نرخەی لای حکومەتی ناوەندی دەفرۆشرێت.

ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (ملیۆنێک و 915 هەزار) ئۆتۆمبێل هەن. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ، سەرباری (19 هەزار) ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە(بڕوانە خشتەی ژمارە (1)):


دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاو شارەکانی هەرێمی کوردستان 
زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوەو پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و پارێزگای دهۆک بەپلەی سێیەم دێت، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))


بەشی هەرە زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەنزین و بەشێکی کەمیشیان بە گازوایل کار دەکەن و بەپێی وتەی (وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان/ کەمال ئەتروشی) "هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1 ملیۆن) لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت".
هاوکات بە وتەی (ئەحمەد محەمەد/ گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان) "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە نزیکەی (7 ملیۆن) لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن".

کاریگەری نرخی بەنزین لەسەر خەرجی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانەو حکومەتی هەرێم ناتوانێت و نایەوێت کۆنترۆڵی ئەو بەرزبوونەوەیە بکات، لە ئێستادا (24ی ئابی 2021)، لە پارێزگای سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین بەمشێوەیەیە؛  
سوپەر = 975 دینار  
موحەسەن = 900 دینار  
نۆرماڵ = 850 دینار  
 بەڵام لە پارێزگای هەولێر نرخەکان بەرزترن بەشێوەیەک بەنزینی سۆپەر هەزار دیناری تێپەڕاندووە و بەمشێوەیەیە:
سۆپەر = 1100 دینار  
موحەسەن = 975 دینار  
بەنزینی کار = 850 دینار  
  
بەپێی ئەو نرخانەی سەرەوە بێت و بەجێگیری بمێنێتەوە، بەتێکڕا نرخی لترێک بەنزین (940) دینارە، ئەگەر (5 ملیۆن) لیتر پێویستی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە ئەوا؛
-    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (940) دینار= (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار
-    مانگانە/ (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (141 ملیار) دینار 
-    ساڵانە/ (141 ملیار) دینار x (12) مانگ = (ترلیۆنێک و 962 ملیار) دینار 
ئەو بڕەش کە شۆفێران لە کڕینی بەنزیندا بە خەرجی دەدەن زیاترە لە کۆی موچەی دوو مانگی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بێ هیچ لێبڕینێک، کە (850 ملیار) دینارە لە مانگێکدا. 
ئەمە لە کاتێکدایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نرخی بەنزین لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا بەزبوونەوەی بە خۆوە نەبینی تا ئێستاش بە (450) دینار جێگیر کراوە، لێرەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەو نرخە بوایە کە لە حکومەتی ناوەندی جێگیر کراوە، خەرجی بەنزین چەند دەبوو؟
-    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (450) دینار= (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار
-    مانگانە/ (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار 
-    ساڵانە/ (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (810 ملیار) دینار 
کەواتە ئەو زیادە خەرجییەی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە کڕینی بەنزیندا خەرجی دەکەن لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەراورد بە نرخی بەنزین لای حکومەتی ناوەندی بۆ هەر لیترێک بەنزین (490) دینارە، بە گشتیش بریتییە لە؛ 
-    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (490) دینار= (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار
-    مانگانە/ (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار 
-    ساڵانە/ (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (882 ملیار) دینار 

چۆن پێداویستی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1) ملیۆن لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت.
کەواتە بەهۆی ئەوەی حکومەت پاڵپشتی بازاڕی بەنزین  ناکات، 75%ی بەنزینی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
بەپێی وتەی (هەژار ئازاد/ بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار) "ئەگەر بەتەواوەتی نەوتی خاویان بدرێتێ لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بەرهەم دەهێنین. 
بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار لەبارەی توانای کارکردنی پاڵاوگەکەیانەوە ئاماژەی بەوە داوە، "نزیکەی 25% بۆ 30%ی توانای گشتیمان بەکاردەهێنین. پاڵاوگەی کار توانای بەرهەمهێنانی 160 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. ئەوەی رۆژانە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە پێماندەبەخشرێت 30 هەزار بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوتە. بەوەش پاڵاوگەکەمان 25%ی کاردەکات".
هاوکات (عومەر خەتاب/ بەڕێوەبەری تەکنیکیی پاڵاوگەی بازیان ئاماژەی بەوە کردووە، "توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی بازیان لە رۆژێکدا (40 هەزار) بەرمیل نەوتە، بەڵام ئێستا (20 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، واتە کار بە 50%ی توانای خۆی دەکات".
بەپێی زانیارییەکانی (بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانەسروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان/ سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، پاڵاوگەكانی ( كار، قەیوان، لاناز) توانای دابینكردنی نەوت و بەنزینی كوردستانیان هەیە، بەڵام هەر لیترێک بەنزین بۆ عێراق بە (٤٥٠) دینار دابینی دەکەن، بەڵام لە بازاڕەکانی بە زیانر لە )٨٠٠( دینار دەیفرۆشنەوە.  
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگە هەیە، هەردووكیان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون . پاڵاوگەی كار لە هەولێر رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێویت و (25 هەزار) دەداتەوە بە عێراق و (25 هەزار) بەرمیلیش بۆ ناوخۆ دەپاڵێوێت، ئەوەی بۆ عێراقی دەنێرێتەوە لیتری دەدرێت بە (450) دینار بەڵام ئەوەی بۆ ناوخۆی هەرێم دەیپاڵێوێت لیتری دەداتە (800 و 900) دینار.
لە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگەی بازیان ( قەیوان) هەیەو رۆژانە نزیكەی (40 هەزار) بەرمیل نەوت و بەنزین دەپاڵێویت و دەینێرێتەوە بۆ عێراق، لەوێ لیتری دەدرێتەوە بە (450) دینار، پاڵاوگەی لاناز رۆژانە (30 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و نەوتە خاوەكە لە سوریا دەكڕێت و بەرهەمەكەی لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێتەوەو بە نرخی بازار.

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین 
1.    کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
2.    حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین.
3.    بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین.
4.    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات.
5.    بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە.
6.    قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو.
7.    نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا.   
8.    زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand