Draw Media

گەندەڵی لە دامەزاوەی سەربازیدا (عێراق، ئەفغانستان، هەرێمی كوردستان)

گەندەڵی لە دامەزاوەی سەربازیدا (عێراق، ئەفغانستان، هەرێمی كوردستان)

2021-08-21 15:33:20


شیكاری: درەو

لە  پاڵ عێراق و ئەفغانستان، لە هەرێمی كوردستانیش، هێزی سەربازی لەدەستی حزب و بەپرس و گروپە جیاوازەكاندایە،زۆرترین بندیوارو گەندەڵی لە سلكی سەربازیدا دەكرێت، بەڵام لە هەر روداوو گۆڕانكارییەكدا ئەو هێزانە كە پڕچەك و زەبەلاحن بەرگە ناگرن و هەرەس دە‌هێنن، سوپای عێراق لە 6ی حوزەیران كاتی هاتنی داعش و پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەر كاتی هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئاب كاتی هاتنی تاڵیباندا.

عێراق و ئەفغانستان 
عێراق و ئەفغانستان ئەو دوو دەوڵەتەی زۆربەی جار پێکەوە ناویان دێت، بەتایبەتی لە دوای ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی (2001)، پاشان داگیرکردنی هەردوو وڵات لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ساڵەکانی (2001) و (2003)ەوە. 
لەماوەی نزیکەی 20 ساڵی ڕابردوودا ئەم دوو دەوڵەتە سەقامگییریان بەخۆە نەدیوە، گەندەڵی هەمەلایەنە هەردوو وڵاتی تەنیوە، بە تایبەتی لە دامەزراوەی سوپادا، بەجۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2020) هەردوو دەوڵەت پلەکانی (16 و 17)ی گەندەڵترین دەوڵەتانی دنیایان گرتووە، وەک ئەوەی دوو دەوڵەتی کۆپی یەکتربن لە سەر دوو زەمینی جیاواز.
ئەگەر چی کەوتنی حکومەتی ئەفغانستان تا ڕادەیەک چاوەڕوان کراو بوو، بەتایبەتی لە دوای بڕیاردان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە تەممووزی (2021). ئەمەش لەدوای ئەوە هات جۆ بایدن ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست، دواتریش دەستکردنی بە گفتوگۆ و دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی تاڵیبان لە ساڵی (2020) کە چەندین گەڕی دانیشتنیان لە قەتەر بەڕێوەبرد، ئەوە دوای هات ئەمەریكا سەدان ملیار دۆلار خەرجی و بەکوشتدانی هەزاران سەرباز و کوژرانی (38) هەزار مەدەنی و درێژە کێشانی نزیکەی بیست ساڵ جەنگ هات. 
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر یەک لە هۆکارە دیارەکانی کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان کە "گەندەڵییە لە کەرتی سوپا"ی ئەو وڵاتەدا، دوای ئەویش بەراوردی هەمان ئەو مۆدێلە لە "گەندەڵی کەرتی سوپای عێراق"دا دەکەین.

گەندەڵی لە نێو سوپای ئەفغانستان (هێزەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان)
زۆربەی چاودێران و گۆڤار و ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان و بەدەستەوەدانی وڵاتەکە بە بزوتنەوەی تاڵیبان، دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بەهێزترینیان "گەندەڵی"ییەو بە تایبەتیش "گەندەڵی لە نێو سوپا"دا، لە کاتێکدا سەرچاوەکان ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە کە ژمارەی سوپای ئەفغانستان زیاتر لە سێ ئەوەندەی هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بووە کە نزیکەی (60) هەزار چەکدارن، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەدەن کە ژمارەی سوپاکە هی بەراوردکردن نییەوە پێنج هێندەی ژمارەی چەکدارەکانی تاڵیبانی تێپەڕاندووە.
لە ڕووی ڕاهێنان و پڕ چەککردنیشەوە دابینکردنی خەرجییەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایکردووە، کۆی خەرجییەکان لە ئەفغانستان لە ماوەی ساڵی 2001 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2019 گەیشتوەتە (778) ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە خەرجکراوە بۆ ڕاهێنانی نزیکەی (250) هەزار سەربازی ئەفغانی لەلایەن ئەمریکاوە. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەوەشی ئاشکراکردووە سوپای ئەفغانستان خاوەنی (145) فڕۆکەی هەمەجۆر و (21) هێلیکۆپتەر و (23) هەزار ئۆتۆمبێلی جیاوازی سەربازیی بووە. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری "گڵۆباڵ فایەرپاوەر" کە تایبەتە بە کاروباری سەربازی ریزبەندی (75) ی لەسەر ئاستی جیهاندا بە سوپای ئەو وڵاتە داوە، لە رووی توانای سەربازیی و شەڕکەرییەوە.
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز هۆکارە سەرەکیەکانی کەوتنی سوپاو بەرگری نەکردنی لە خاکی وڵاتەکە کە تاکە ئەرکی ئەوە ئاشکرا کردووە، بەپێی ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە گەندەڵی لە نێو دامەزراوەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لەناوچە دورەدەستەکان هۆکاربووە بۆئەوەی لە سەرەتای هێرشەکانی تاڵیباندا سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر پاراستنی گیانیاندا ئامادەبن چەکەکانیان رادەستی چەکدارانی تاڵیبان بکەن، چونکە ئەو هێزانە نەک پاڵپشتی سەربازی تەنانەت خۆراکی پێوستیشان پێنەدراوەو لە هەندێک لە سەنگەرەکانی شەڕدا سەربازەکان زیاتر لە هەفتەیەک تەنها پەتاتەیان خواردووە. عەبدولحەلیم کە فەرماندەیەکی هێزە تایبەتەکانی ئەفغانستانە بە رۆژنامەکەی وتووە، یەکەکەی کە دەبوو 30 ئەندام بن، تەنیا 15 کەسیان ماوەتەوە، ئەو بە پەیامنێری رۆژنامەکەی وتووە "پەتاتەی سوورکراوە ناتوانێت دەستەبەری بەرگریکردنمان بەرامبەر تاڵیبان بۆ دابین بکات".
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لە دیاردەی ئاشکرای ژمارەی بندیوار دەکات لە نێو کەرتی چەکداری ئەو وڵاتەدا، بەشێک لە کەوتنی خێرای وڵاتەکەش بۆ ئەوە هۆکارە دەگێڕیتەوە، کە بەپێی بەڵگە نامە فەرمییەکان حکومەتی ئەو وڵاتە خاوەن (300) هەزار سەربازی موچەخۆر بووە، بەڵام ژمارەی ڕاستەقینەی سوپاکە زۆر لەوە کەمتر بووە لەم کۆتاییانەدا دەرکەوتووە کە (50) هەزار سەربازی تێنەپەڕاندووە. 
جگە لە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی" ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە دەکات بەوەی گەندەڵی هۆکاری شکستهێنانی سوپای ئەفغانستان بوو لە شەڕی دژ بە چەکدارانی تاڵیباندا. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە داوە، کاتێک پرسیار لە بەرپرسانی ئێستا و رابردووی ئەمریکا و شرۆڤەکاران و شارەزایان دەکرێت کە هۆکارچییە سوپای ئەفغانستان نەیتوانی شەڕی تاڵیبان بکات لە ڕۆژانەی دواییدا؟ ئەوان لە وەڵامدا دەڵێن؛ "گەندەڵی... نهێنی ئەو دیمەنە کارەساتبارەیە، کەبووە بەهۆی لەدەستدانی تواناو لێهاتووی سوپاو دواجاریش بووە بە هۆکاری ئەو داڕوخانە گەورەیەی توشی سوپای وڵاتەکە بوو بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا.
گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەدات کە پارەیە نەگەیشتووەتە دەست کەسانی شیاو لە سوپای ئەفغانستان. گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی"  نمونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەفغانستان بە میدیاکارانیان وتووە کە 160 فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکە لەکارکەوتوون و چاکنەکراونەتەوە و ئەوەش توانای هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە دژی تاڵیبان بەتەواوی لاوازکردووە.

گەندەڵی لە عێراق و ئەفغانستان
بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، عێراق لەپێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵە لە گەندەڵیدا لەدوای ئەفغانستانەوە دێت، لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، عێراق رانکی (160)پێدراوەو لە پلەی (١٧)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لە كۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (٢١) نمرەی پێدراوە.  
هەر بەپێی بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئەفغانستان لە ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵدا لە پێش عێراقەوەیەو لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، رانکی (165)پێدراوەو لە پلەی (16)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لەكۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (19) نمرەی پێدراوە.  

 


گەندەڵی لەنێو سوپای عێراقدا
ئەگەرچی گەندەڵی لە عێراقدا زۆربەی کەرتەکانی (ئابوری، بازرگانی، وزەکانی (نەوت و گاز و کارەبا) سیاسی، یاسایی، کشتوکاڵ، پەروەردە، تەندروستی، فەرهەنگ... تاد) گرتووەتەوە، بەڵام کەرتی سەربازی یەکێکە لەو کەرتانەی گەندەڵی گەورەی تێدایە کراوەو ئێستاش بەردەوامە لە بوارەکانی گرێبەستەکانی کڕینی چەک و بودجەو موچەو شێوازی ئیدارەدان و بەخشینەوەی پلەو پۆست و بەرتیل تادەگات بە بندیوار و دروستکردنی میلیشیاو...هتد
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە تەمموزی 2021 بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی "گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان (پێناس و فۆرم و شێواز، لێکەوتە و چارەسەر)" "گەیلان عەباس" ئامادەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە؛ گەندەڵی زۆربەی سێکتەرو کەرتەکانی عێراقی گرتوەتەوە، بەپێی داتاو ئامارە کۆکراوەکان، قەبارەی گەندەڵی عێراق لە ساڵی 2003ەوە، زیاتر لە400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.
لەبارەی فەرمانبەرانی بندیوار، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014، (حەیدەر عەبادی)، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند: "تەنیا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، (٥٠) هەزار فەرمانبەری سەربازی بندیوار هەن، کە موچە نایاسایی وەردەگرن".
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە (عەلی عەللاوی) وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 19ی شوباتی ٢٠٢٠، لە راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانیدا رایگەیاندوە :"عێراق خاوەنی 300 هەزار موچەخۆری بندیوارە. بندیوارەکان لە بنەمادا بونیان نییە، بەڵام پۆستی حکومی بەناوی وەهمی و کەسانی نەبو دانراوە و موچەکە کەسانی دەستڕۆیشتو وەریدەگرن". 
بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی عێراق 650 هەزار بندیوار لەدامەزراوەکانی حکومەتی عێراق هەن. زۆرترین بندیوارەکانیش لە وەزارەتە سەربازییەکانی وەک بەرگری و ناوخۆو دامودەزگاکانی ئەو دو وەزارەتەدان.
هەر تایبەت بەم پرسە، (فایەق شێخ عەلی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 25ی ئایاری ٢٠٢٠، لە تویتێکدا، دەڵێت:"لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت، 82 هەزار بندیوار هەن. چونکە ژمارەی راستەقینەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی 48 هەزار کەسە، بەڵام سەرکردەکانی ئەو هێزە مووچەی 130 هەزار چەکدار لە حکومەت وەردەگرن". 
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش هاتووە بەگوێرەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، بری ٢.٤ ترلیۆن دینار، وەک بودجە و خەرجی بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە، ئەمەش زیاترە لەبودجەی تەرخانکراو بۆ شەش وەزارەتی حکومەتی عێراق، کە بەشێکیان وەزارەتی خزمەتگوزارین، ئەوانەش بریتین لەوەزارەتەکانی (داد، دەرەوە، پەروەردە، ڕۆشنبیری، سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان و گواستنەوە). هاوکات بودجەکەیان کەمێک کەمترە لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی، نزیکیشیە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای بەغدا، زیاتریشە لە بودجەی پارێزگاکانی (نەینەوا، زیقار، نەجەف، دیوانیە) پێکەوە. 
تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە یەکێکی دیکە لە بوارەکانی ئەنجامدانی گەندەڵی لەعێراق، بریتییە لە گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکان، عێراق 22 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە ژمارەیەک لەو دەروازانە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبین. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، داهاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق لەدۆخی ئاسایدا (٦) ملیار دۆلاری ساڵانەیە، بەڵام لەو بڕە ئەوەی دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کەمترە لە (1) ملیار دۆلار.
ڕاپۆتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جەزیرەش، بەناونیشانی "دەوڵەتی عێراق لە ئاڵنگاری هێز و هەیمەنەی دەوڵەتی هاوتەریب"دا کە توێژەری عێراقی (رائد حامد) نوسیویەتی، ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەگەرچی بەپێی یاسا بەشێکن لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام زیاتر وەلائیان بۆ ئێران و ڕابەری شوڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە هەیە تا دەوڵەتی عێراق.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دەستەی حەشدی شەعبی زیاتر لە (164) هەزار سەربازن و (110) هەزاریان دابەشبوون بەسەر (67) فەسیلی (شیعە مەزهەب)دا کە (44) فەسیلیان بەیعەتیان بە ڕابەری باڵای ئێران (عەلی خامنەئی) داوە، (9) فەسیلیشیان حەشدی عەشائیری (سونە مەزهەبن) و (40-50) هەزار چەکداریان هەیە. (9) فەسیلیشیان کە کەمتر لە (10) هەزار چەکدارن لە پێکهاتە دیکەی عێراقن.
ئەم وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا جگە لەوەی خاوەن سەرمایەو ئابورییەکی گەورەن، خاوەن چەک تفاقی جەنگی زۆریشن لە چەکی قورس و سوکی ئێرانی و ڕوسی.

هێزی سەربازی لە هەرێمی كوردستان
لە هەرێمی كوردستان  هێزی سەربازی سەرەرای ئەوەی دابەشبووە بەسەر هەردوو حزبی باڵا دەست ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) لەناو حزبەكانیشدا دابەشبووە بەسەر كارەكتەرە سیاسییە باڵا دەستەكاندا.
لە كۆی ( ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر ( 432 هەزار)ی لە سلكی سەربازیدایە بەرێژەی (34%) 
لە كۆی ( 894 ملیار) دیناری موچەی مانگێكی موچەخۆرانی هەرێم  (433 ملیار) دیناری بۆ سلكی سەربازی دەڕوات، ئەمە سەرەرای مانگانە (25 ملیار) دیناری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە.
هێزە هەمە چەشنەكان:
هێزی پێشمەرگە:
-    هێزەكانی 70ی یەكێتی
-    هێزەكانی 80ی پارتی
-    هێزی پشتیوانی یەكی پارتی
-    هێزی پشتیوانی دوو یەكێتی
-    هێزی بەرگری فراكەوتنی یەكێتی
-    هێزی زێرەڤانی پارتی 
-    ئاساییشی یەكێتی 
-    ئاساییشی پارتی
-    لیوای نەوت و غاز ( یەكێتی)
-    لیوای نەوت و غاز ( پارتی)
-    لیوای سكرتاریەتی یەكێتی
-    لیوای سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی پارتی 
-    لیوای تایبەتی جەعفەر شێخ مستەفا یەكێتی 
-    لیوا تایبەتەکانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی 


بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانە، بەڵام هێزەكان لە هەرێمی كوردستان یەك دەست نیەو لەدەستی سەرۆكی هەرێمدا نیە، بەڵكو دابەشبوون بەسەر یەكێتی و پارتیدا و لەناو یەكێتی و پارتیش دابەش بوون بەسەر بەرپرسە حزبیەكاندا.
چەندین جار ئەمریكا و هاوپەیمانان داوای یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان كردووە، مەرجی هاوكارییان بەستووەتەوە بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە بە حكومەت بونی گەندەڵی زۆر لە سلكی سەربازیدا هێشتا ئەو هێزانە لەدەستی حزب و بەرپرسە حزبیەكاندان و یەكنەخراون .  
رۆژی 21ی تەموزی 2020 بەریتانیا راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە.
بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكان‌و ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچە‌و مافی ساختەی دیكە دەكەن".
راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە‌و دەڵێ:
•    ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە.
•    لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازی‌و یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و مەحسوبیەت دەدات.
•    لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە).
•    لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان.
•    پێشنیار دەكەین یەكێتی‌و پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە.
•    نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتی‌و پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەست‌و ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت.

هاوشێوەی هێزەكان لە( ئەفغانستان، عێراق، هەرێمی كوردستان)
هێزی سەربازی لە عێراق و ئەفغانستان و هەرێمی كوردستان لە چەندین رووەوە هاوشێوەن:
-    بندیوار لە سلكی سەربازی وەك دیاردەیەكی بەرچاو.
-    گەندەڵی لە سلكی سەربازی لە كڕینی كەل و پەلی سەربازییدا.
-    وەلائی سوپا و هێزەكان بۆ حزب و گروپ و بەرپرسە سیاسییەكان.
-    روخان و هەڵاتنی سوپای عێراق لە 6ی حوزەیرانی 2014 لە كاتی كەوتنی موسڵ بەدەستی چەكدارانی داعش.
-    هەڵاتن و پاشەكشەی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كاتی گرتنی كەركوك لە لایەن حەشدی شەعبیەوە.
-    روخان و كەوتنی سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئابی 2021 لە كاتی هاتنی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ ناو كابوڵ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand