Draw Media

 فەرماندەیەکی سەربازی کورد لەناو دادگا ھەڵات

 فەرماندەیەکی سەربازی کورد لەناو دادگا ھەڵات

2021-08-16 14:11:35


(درەو):
فەریق روکن (ئه‌نور حه‌مه‌ ئه‌مین) فه‌رمانده‌یی پێشووی هێزی ئاسمانی عێراق كه‌ كورده‌، له‌كاتی دادگایكردنیدا له‌سه‌ر تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، له‌ دادگا تاوانه‌كانی (كه‌رخ)ی بەغداد هه‌ڵات.
ئیستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناوچه‌ی (حوڕییه‌)یان گه‌مارۆداوه‌و ده‌یانه‌وێت ده‌ستگیری بكه‌نه‌وه.
سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، دادگا سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر ئەنوەر حەمەئەمیندا سەپاندووە، دادوەر داوای لە مەفرەزەیەکی پۆلیسی (ساڵحیە) کردووە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بیگوازنەوە بۆ زیندان، لەم کاتەدا فەریق روکن ئەنوەر حەمە ئەمین داوای کردووە ھەندێک پۆشاک و پێداویستی لەناو ئۆتۆمبیلەکەی لە دەرەوەی دادگا بھێنێت.
کاتێک چوەتە دەرەوەی بینای دادگا، فەریق روکن ئەنوەر حەمەئەمین لەگەڵ شۆفێرەکەدا کە برازای خۆیەتی و عەمیدە لە وەزارەتی بەرگریی، دەمانچەیان خستوەتە سەر سەری ئەفسەرێکی پۆلیسی ساڵحیەو بە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە بەرەو ناوچەی (عەدل) ھەڵاتوون.
ھێز ئەمنییەکان ئۆتۆمبیلەیان دۆزیوەتەوەو برازاکەیان دەستگیر کردووە، بەڵام فریق ئەنوەر بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتووەو تائێستا دەستگیر نەکراوە.

ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟
ئەم پیاوە كە ئێستا لە دادگا هەڵاتووە، حوزەیرانی 2019 كاندیدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر گفتوگۆكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی تێكچوو، لە پۆستەكەدا دانەنرا. 
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە تا ئەوكاتەی خانەنشین بووە. 
فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كرد‌و لەوێ دەمایەوە. 
دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراق‌و لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران‌و جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووە‌و فڕۆكەوان بووە‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە.
ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بە هێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كوردو ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و سزادانیان دەكات.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتی‌و ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی".
ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمان‌و حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووە‌و كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە.
ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق.
پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە.
دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوك‌و سلێمانی‌و تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد.
فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand