Draw Media

بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامی ساردو سڕدا

بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامی ساردو سڕدا

2021-08-17 09:30:57



 شیكاری: درەو 

هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حیزبە سیاسییەکان توڕەن و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە.

هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟
لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو، لەوانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا و ڕۆژی (10/10/2021) بەڕێوە نەچێت، بەڵام لە ئێستادا هەموو هەنگاوو هەڵوێستەکان ئەوە پیشان دەدەن کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.
دواین هەڵوێستی فەرمیش لەو بارەیەوە هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقە کە پێکهاتوون لە (بەرهەم ساڵح- سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی – سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران) لە ڕۆژی (3/8/2021) نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق  ڕایگەیاند له‌سه‌ر داوای مسته‌فا كازمی هەرسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق به‌ به‌شداریی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌‌كان كۆبوونەتەوە.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر ئەوە كۆك بوونە كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، داواش له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بكه‌ن كه‌ له ‌پرۆسه‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌، به‌شداریی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن‌و پێكه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی ڕاشكاوانه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر كێشه‌كان ‌و به‌هه‌موان پرۆسه‌ی دیموكراسی سه‌ربخه‌ن.
کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەشتێکی دیبلوماسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (تایبەت بە ڕێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە) گەڕابوویەوە. بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پاڵپشتی دارایی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە پێشکەش بە (نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق - یۆنامی) کردووە، لەم بارەیەوە ڕۆژی (8/2/2021) نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، ئاژانسی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی جیهانی بڕیاریداوە (9 ملیۆن 700 هەزار) دۆلار بۆ پشتیوانیكردن لەهەڵبژاردنەكانی عێراق تەرخانبكات.
بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی رێكخراوەكە لە عێراق، ئەو پارەیەش لەپەرەدان بەتوانای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دابینكردنی چاودێری نێودەوڵەتیدا خەرج دەكرێت.
هەر لەم بارەیەوە و دوو هەفتە بەر لە ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق وڵاته‌كه‌ی بەم دواییانە (9 ملیۆن و 700 هەزار) دۆلاری پێشکەشی رێکخراوی یۆنامی لە عێراق کردووە. بەمەبەستی هاوکاریکردن لە کاروباری هەڵبژاردن و پلانیشی هەیە پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری دیکەش پێشکەشی عێراق بکات و چاوەڕوانی رەزامەندی کۆنگرێسن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەوەشی رونكردۆته‌وه‌، زیادکردنی هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق دەرئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی ئەم دوایانەی نێوان هەردوو وڵاتن.

بانگەشەی هەڵبژاردن و لە کەشێکی ساردو سڕدا
دوای ئەوەی رۆژی (8/7/2021)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی ناوی ئەو كاندیدانەی كە ژمارەیان پێ بەخشرابوو. هاوکات بڕیاریشیدا لە رۆژی دەرچونی بڕیاری پەسەرند کردنی ژمارەی کاندیدەکانەوە، واتە لە رۆژی 8/7/2021ەوە بۆیان هەیە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن تاوەكو سەعات 6ی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 7/10/2021.
بەڵام وا نزیک (40) رۆژ دەبینەوە بەسەر ئەو وادەیەدا، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی بەشێکیان لە ناو خۆیدا جۆرێک لە گەرم و گوڕییان تێکەوتووە، بەڵام نەیانتوانییوە ئەو گەرم و گوڕییە بگوازنەوە نێو شەقام و گۆڕەپانی گشتییەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە شەقام تا دێت توڕە تر و دوردۆنگ تر دەبێت لە حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ئێستادا کە دۆخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە هەرێمی کوردستان لەو پەڕی خراپیدایەو لێرەو لەوێ خەڵکی وەک ناڕەزایی دژ بە بێ ئاویی و بێ کارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست دێنە سەر شەقامەکان.  
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بو هەڵبژاردن (KIE) کە لە (1/8/2021) بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک هۆکار وایکردووە کە خەڵک لە بەشداری هەڵبژاردن ساردببنەوە، بەشی زۆری هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ؛
1.    نەمانی  متمانە لەنێوان دەنگدەر و نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار.
2.    بەردەوامی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و پاک و بێگەرد نەبوونی پرۆسەکانی هەڵبژاردن.
3.    نەبوونی متمانە بە بێ لایەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان.
4.    هەڵبژاردن نەیتوانییوە گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵدا بکات.
5.    دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
6.    زانینی پێشوەختی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن
7.    لەدەستدانی متمانە بە پرۆژەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی.
8.    کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی.

دۆخی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (337 هەزار و 280) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (330 هەزار و 39) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (68 هەزار و 567) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (735 هەزار و 886) دەنگ، بەم پێیەش زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە.
لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (11) کاندید و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید هەیەو چاوی لەوەیە لە کەرکوکیش دەنگەکانی هەڵبکشێت و (2) کانیدیدی هەیە، لە دواین هەنگاویشیدا پارتی بڕیاریداوە لە سەرجەم ئەو ناوچەكوردستانیانەی دەرەوەی  هەرێم كە بارەگای نییە نوسینگە بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بكاتەوەو سەرپەرشتییكردنی نوسینگەكانیش دەدات بە كاندیدەكانی تا خۆیان بانگەشە بكەن.
بە وتەی عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكرات " وەك پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیان دەست پێکردووە و بەشێک لە کاندیدەكانیشیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە ھەر لەناوچەیەكی جێناكۆك و لەهەر پارێزگایەك كە  پارتی بارەگای نەبێت  نوسینگەیەک دەکاتەوە و سەرپەرشتیی بانگەشەی ھەڵبژاردنی تێدا دەكەن". 
هەروەها کرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''بارەگاکانی خۆمان وەرگرتووەتەوە و سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین و کە تەواو بوون بە شکۆوە دەگەڕێینەوە، دوو بارەگامان لە مەخموور و سەرگەڕانن، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لەبەر ئەوەی تێک درابوون، بۆیە بڕیارە پێش هەڵبژاردن بگەڕێینەوە.'' کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوەتەوە: "بە گەرەنتی و سەربەرزییەوە دەگەڕێینەوە و پارێزراویش دەبین و لە کاتی گەڕانەوەش هێزی خۆمان دەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆمان، بەڵام کاندیدەکان دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە کادیر و ئەندامانی ئێمە لەوێن و تەنها بەشێک نەبێت، ئەوانیش دەگەڕێنەوە لەگەڵ تەواوبوونی بارەگاکان.''
 

 یەکێتی نیشتمانی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (100هەزار و 122) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (224 هەزار و 255) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (25 هەزار و 676) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (350 هەزار و 53) دەنگ، بەم پێیەش لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە.
لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، یەکێتی لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (26) کاندید و بزوتنەوەی گۆڕان (7) کاندیدی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (6) کاندید و لە پارێزگای سەڵاحەدین کاندیدێکی هەیە.
بەڵام لە دوای (8ی تەموز)ەوە گۆڕانکاری گەورە لە نێو ئەو حیزبەدا ڕوویداوەو کێشەی قووڵ کەوتووەتە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، تا ئێستا دۆخەکە بەردەوامەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەسەنێت و سەرەڕای نێوەندگیری زۆر بەڵام ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ چارەسەر، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو حیزبە جێهێشووە بۆ دەستکردن بە بانگەشەی هەڵبژاردن و تەنانەت (لاهور شێخ جەنگی) کە پێشتر سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە ڕۆژی (29/7/2021) دەستبەرداری پۆستەكە بوو، (قوباد تاڵەبانی) وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانێتیەکە ناسێنرا.  
لە ڕۆژی (7/8/2021) سەرجەم کۆمیتەو مەڵبەندەکان ڕاسپێدراون کادرەکانی ئەو حیزبە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن بەتایبەی لە سۆسشیال میدیا لۆگوی هاوپەیمانی کوردستان بڵاو بکەنەوە. بۆیە ئەوەی تا ئێستا هەستی پێدەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە.

بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (40 هەزار و 680) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (153 هەزار و 472) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (6 هەزار و 438) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (200 هەزار و 590) دەنگ،  لەدوای پارتی و یەکێتی پلەی سێیەمی دەنگەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا.
لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، گۆڕان لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (7) کاندیدی هەیە، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای کەرکوکیش کاندیدێکی هەیە.
بەپێی لێدوانی سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردن و ئەندامی لیژنەی باڵای هاوپەیمانی كوردستان " گه‌شبینین ژماره‌ی كورسیه‌كانمان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌"،"به‌وپێیه‌ی ئه‌مجاره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان چاودێری پڕۆسەكەیە بەرەو ئەوە دەڕوات كەمترین ساختەكاری تێدا رووبدات." 

نەوەی نوێ
نەوەی نوێ، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (55 هەزار و 649) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (67 هەزار و 137) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (15 هەزار و 736) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (138 هەزار و 522) دەنگ.
لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (15) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (3) کاندیدی هەیە.
نەوەی نوێ هەر زوو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری نەکردوو ڕێگای ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردو بەو هۆیەشەوە چاوەڕێی ئەوەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەتایبەت هەنگاوەکانی ئەم دواییەی لەبارەی هەرزانکردنی نرخی بەنزین و ناردنی تەنکەری ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەولێر و دابینکردنی کەپر بۆ خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنی موچەکان، بەردەوامی ڕەخنە گرتن لە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای میدیاکانییەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم حیزبە بانگشەی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی بەرچاو و جیاواز لە پارتە سیاسییەکانی دیکە دەستپێکردووە.

لایەنە ئیسلامییەکان (کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی)
ئەگەر چی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەراورد بە نەوەی نوێ کەمتر جموجۆڵەکانیان هەست پێ دەکرێت، ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی ئەوەبێت کە سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمتر لە خزمەتی ئەمان و پارتە هاوشێوەکانیان بێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی دەنگی چوارەم و پێنجەمیان هەیەو دەکرێت وەک پارتی بچوک لەم هەڵبژاردنە لە قەڵەم بدرێن، سەرباری ئەوەش دەنگەکانیان پەرت بڵاو دەبێتەوە، هەر بۆیە کەمترین کاندیدیشیان پێشکەشکردووە.
کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (42 هەزار و 240) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (71 هەزار و 183) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 902) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (117 هەزار و 325) دەنگ.
لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (5) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکوک هیچ کانیدێکی نیە.
هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (13 هەزار و 263) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (38 هەزار و 350) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (32 هەزار و 777) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (71 هەزار و 127) دەنگ.
لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (6) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand