Draw Media

لە کوردستانی چوارسەرەوە بۆ کوردستانی چوارقۆڵی

لە کوردستانی چوارسەرەوە بۆ کوردستانی چوارقۆڵی

2021-08-28 13:28:15


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

نێوچەکە ژانی لەدایکبوونی هاوکێشەی نوێی سیاسیی و دابەشکردنەوەی هەژموونیی هێزە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکان گرتوویەتی، کوردستان لەگەڵ هەرچوار پایتەختە دابەشکراوەکان بەسەریدا، حاڵەتێکی ناکارایی و کارتێکراوی تێدەپەڕێنێت، گەر لەچاوی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازییدا و وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لێی بڕوانرێت، گەڕاوەتەوە دواوە، لە کەرکوک و نێوچە دابڕێنراوەکانەوە بیگرە تا دەگاتە مافە سیاسی و کولتوورییەکان لە ئێران، تورکیا و شام سەرلەبەر نەک پێشێل دەکرێن بەڵکوو لە ڕیزبەندی ئامانج و پلانی کاردا فەرامۆش کراوە، لەنێو خۆشیدا لەبری تەگبیری چوارقۆڵییانە، بووەتە چوارسەر و سەری یەک دەخوات.

مافی دژە ماف
دەوڵەتانی سەربار، زیرەکانە نەک ئامانج و خەباتی سیاسیی، بەڵکو پرسی مافە سەرەتایی و شوناسییەکانیشیان لە کرۆکەوە گۆڕیووە بۆ خواستی کاتیی وەک: لە هەرێم پرسی کەرکوک گۆڕدراوەتەوە بە ڕێککەوتنێکی ساڵانە بودجە و مانگانەی ٢٠٠ملیاردی، لە ئێران پرسی سەرەتایی قسەکردن و نووسین بە کوردی لە قۆناغی سەرەتاییدا گۆڕدراوەتەوە بەوەی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد ڕاگرێت، لە تورکیا کۆی پرسی کورد فەرامۆش و بەستراوەتەوە بە خواستی ئازادکردنی ئۆجالان-ەوە، لە سوریا پرسی مافی سیاسیی و شوناسی کورد لە ڕیشەوە کراوەتە مافێکی مەدەنی و لە خواستە چەپ و شام-تەوەرەییەکەیدا توێنراوەتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانی و ئامانجەکانی لەکوێی ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەدان؟ 


دۆخە جیهانییەکە هیچ لەبەرژەوەندیی گەلانی بێ ماف یاخود مافداری لاواز و بێ ڕۆڵدا نییە، لەسایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیی زلهێزان و هێزە هەرێمییەکان نەک مافی مرۆڤ تێیدا تەوەر نییە، بەڵکو ئامادەیە هەق و مافە یاسایی و وەدەستهاتووە ڕەنج بۆ کێشراوەکانی گەلانیش بگۆڕێتەوە بە هێزێکی بێڕیشە و ستەمکار تەنها لە پێناو ڕاگرتنی هەژموونی باوی جیهانیی زلهێزاندا. ڕێک وەک ئەوەی لە ئەفغانستان، تورکیا، میسر، تونس و سوریادا ڕویدا و ڕوودەدا، سەرجەم هاوکێشەکان بەبێ ڕەچاوی دەنگ و ماف و مرۆڤایەتی-تەوەریی، هەق ڕادەستی ناهەق دەکرێت و "ئاوی نێو جامێکیش جوڵە ناکات". لەکاتێکدا دۆخی کورد لە چوارپارچەدا چەند بەرامبەر لەدوای ئەو شوێنانەوەیە کە باسکران لەڕووی سەروەری، شوناس و بەدەنگەوەهاتنی نێودەوڵەتییدا. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، نابێت دەستبەجێ بۆ وەڵامی خێرا بگەڕێین و بڵێین خەتای کورد نییە و خیانەتی زلهێزان و دەرودراوسێ وای لێکردووین و سەرکردەکانی سیاسەتی کوردستانیش وەک بەرزەکی بانان لە بەرپرسیارێتی دەرباز بکەین! ئەمە نەک خیانەت نییە بەڵکو تێنەگەیشتنە لە دۆخ و بنەماکانی ململانێی نێودەوڵەتی و واقیعگەرایی نوێ لە ئاراستەکردنی پرسە سیاسییەکاندا، دەردەکەوێت ئەوە زەینکۆڵی سیاسییە کە لە پێگەی سیاسیی خۆی نەگەیشتووە و لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمیی خۆی و بنەماکانی نەگەیشتووە. لە دنیای تازەدا هێزی دەوڵەتی و نادەوڵەتی ئەوانەن کە ڕۆڵ دەگێڕن لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕۆڵت هەبوو دەمێنیتەوە نەتبوو، گەر سەروەریشت هەبێت ئەوا سوکانەکەت لێدەسەنرێتەوە، خۆ سەروەریی سیاسییشت نەبێت وەک کورد و ئەکتەری نادەوڵەتی بێت ئەوا نەک سوکان ئەوەشی بەدەست هاتووە، دوورنییە نیوەی یان هەمووی لەدەست بدرێت. ئەمە واقیعە تاڵەکەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتییە؟ ئێستا کورد لە کوێی ئەم ستادیۆم و وێنە گەورەیەدایە؟ بەر لەگەڕان بەدوای وەڵامدا دەبێت لە سروشتیی جوڵانەوەی سیاسیی پرسی کوردستان لە چوارپارچەدا بگەڕێین:

سروشتی دۆسییەکە
١. سروشتێکی هەرێمایەتی هەیە نەک نێودەوڵەتی: تا هەنووکەش پرسی کورد وەک مافی سیاسیی و مەدەنی هێشتا سنووری چوار وڵاتەکەی خۆی نەبڕیووە و بە نێودەوڵەتی نەبووە، واتە قەبارە و توانای بزوتنەوە سیاسییەکە هەرچەندێک بووبێت نەیتوانیووە لە پایتەختێکی جیهانیی دەرەوەی ئەو چوارە (تاران، ئەنکارا، شام و بەغدادەوە) مافەکانی دەستەبەربکرێت، هەموو هاتنە دەنگێکی نێودەوڵەتیش وەک خەڵک و مرۆڤ بووە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکیاندا نەک وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت!(وەک ئەوەی لە کۆڕەودا هەندێ لە زلهێزان وەدەنگ هاتن)، ئەمەش بەومانایە دێت هێشتا جیهان هەر باوەڕی بەو سنوور و کڵێشە دەوڵەتییە باوانە هەیە کە هەیە، نەک ئەوەی خواروخێچییەکی نوێ لە نەخشەی سیاسیی وڵاتاندا دروست بکات و لەڕێیەوە مافی سیاسیی و کیانێکی بۆ گەلێکی وەک کورد لێوەبەربهێنرێت و سەربە خۆی بێت نەک ئەوانی دیکە. 
کورد دەبێت لەوە بگات تا ئەو دەمەی نەتوانرێت دبلۆماسیەت و پارادبلۆماسییەتی کوردستانی بگاتە ئاستێکی نێودەوڵەتی، کە لەسەروو دراوسێکانیەوە وەک نەتەوە لەسەری وەدەنگ بێن، دەبێت لە دەرکەی یەکێک لە پایتەختەکانەوە بێت، کە لەئێستادا چاکی نێو خراپانیان بەغدایە، جوڵە بکات، چونکە:
آ. لەبەرئەوەی وەک هەرێمێکی دەستووریی نیوەی باشوری کوردستانی لەڕووی مافە کولتووریی و سیاسییەکانی کوردەوە لە دەستووردا جێگیر کردووە.
ب. بواری ململانێ و ئاڵوێریی سیاسیی لە بەغدا کراوەتر و لەبارترە، لە هەموو ئەوانی دراوسێیش لاوازترە و کوردیش هەم هاوبەشە لە دەسەڵات و هەم کابینە حکومییەکانی پێویستیان بە هێزە کوردستانە، لەوەش بترازێت چ وەک دانپێدانان و چ وەک گێڕانەوە مێژووییەکان عەرەبان لە فارس و تورکان بە ئینسافتر بوون و ئینکاری بوونیشیان لەڕووی شوناس و جوگرافیاوە نەکردووین بەڵکو میراتی جێماوی عەرەبییە کوردستانێتی خاکمانی لە ئێران و تورکیاش پێدەسەلمێنرێت، ئەمەش وەک ستراتیژ هیچ ناکۆک نییە لەگەڵ ئامانجە گشتییەکی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازییدا.
٢. جوڵانەوە کوردستانییەکان هێزگەلێکی چەند پاکێچی و پەرتەگووتارن: چونکە بۆ بونیادنانی کیانێک کە ئامانجێکی ڕۆژی هەوەڵی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانییە، لە ئامانجەوە نەبووەتە ستراتیژ، هەر بە کڵێشەیی و دروشمبازی ماوەتەوە، ئەی ئەوە نییە، هەر بە کوردی باشور باکور و بە باکور باشور و بە ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵات و ...تاد لاواز قەتیس و پاسیڤ دەکرێن و کراون! لە کاتێکدا دەبوو وەک ئامانج و ستراتیژیش پاکێجی خەباتی کوردستانی لەلایەن هێزەکانی هەر چوارلاوە، جێگیر بکرایە و ئامانجڕێژیی و وەک نەگۆڕی سیاسەت کاریان لەسەربکرایە، ئەم کردەیە سوودگۆڕکێی سیاسی وەدی دەهێنا و هەر لایەک دەبوونە نەرمەهێز و هێزی پشتیوان و وەک کارتی فشار لەسەر پایتەختەکانی دەوڵەتانی سەردەست نەک پێچەوانەوە وەک ئێستا کە بوونەتە کارتی فشار و زیان لەسەر یەک. گەر ئەمە نەکەن ئەوا دەبێت ئیمان بهێنن بەوەی کە چیتر ناوی خەباتی کوردستانی لە خۆیان بکەنەوە، ناکرێت لە ئاشتەواییدا پشت لە ستراتیژ و ئامانجەکانی ڕزگارییخوازیی بێت و وەک ڕەجعییەت بناسرێت و لە ئانی پەلاماری سەردەستەیەکیشدا بکرێتەوە کارتی بەهاناوەچوون و پاڕانەوە! 

تەگبیری کوردانە!
گەر ستراتیژ و ئامانجی نیشتمانی لەنێو هێزەکوردستانییەکانی هەرچوارلادا دابڕێژرێت و وەک نەگۆڕ بەرەو پێشەوە ببرێت دەتوانرێت ڕۆڵی لە هەرچوارپارچەدا (وەک تەکنیک و شێواز) پێ دابەشبکرێت و لە پارادبلۆماسی و نەرمەهێزی یەکدیدا سوودگۆڕکێ و وەرچەرخانی ئەرێنی دەستەبەر بکرێت.
ئێستا دەگەڕێینەوە سەر پەرەگرافی یەکەم، هیچکات نێوچەکە هێندەی ئێستا ئاڵۆز و لەسەرووبەندی ڕۆڵ دابەشکردنەوە و گۆڕانکاریی هەژموونی نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتییدا نەبووە، بەڵام هیچکات وەک ئێستاش هێزە کوردستانییەکانی هەر چوارلا پاسیڤ و کەمئەرک نەبوون کە بێئەرکی مەترسییە گەورەکەیە، چونکە مەترسی گەورە لە ململانێ نیودەوڵەتییەکاندا نەبوونی هێز  نییە، بەڵکو نەبوونی ڕۆڵ و ئەرکە لە ماشێنە گەورەکەی پازڵی سیاسەتدا. مافە سیاسیی و مەدەنییەکانی کوردستان لە ئێرانی سەردەمی ڕەئیسی و خۆبونیادنانەوە هەنگاوی دووەمی شۆڕش(٤٠ساڵی دووەم)، تورکیای بەردەم هەڵبژاردنی ٢٠٢٣(چەسپاندنەوەی عوسمانیی نوێ)، سوریای سەردەمی بنیادنانەوە و بەغدای پاش هەڵبژاردنی ٢٠٢١ و ئەگەرەکانی ڕۆڵگۆڕینی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سەرلەبەر ئاماژەن کە ئەوەی لە کوردستان گەرەکە: پرسە کوردستانییەکە وەک پاکێجێک لە هەرچوارلادا وەپێش بخرێت و ستراتیژ و گوتارێکی هاوبەشی بێتەئارا، تا دیسانەوە لە دەیەی بیستی سەدەی بیستویەکدا وەک دەیەی بیستی سەدەی بیست بێ ڕۆڵ و دەستکەوت لێی دەرنەچین و تاهەنووکەش کوردستان پێیەوە بتلێتەوە و تەنانەت زمانەکەشی لە زۆر شوێن قەدەغە بێت نەک مافە شوناسی و سیاسییەکانی. لەبەرئەوەیە کوردستان تەگبیری چوارقۆڵی دەوێت نەک چوارسەری!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand