بێئاوییەکەی ھەولێر و دوو لۆژیکی باڵادەست
2021-08-15 11:37:37
مەریوان وریا قانع
( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن.
ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا.
پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین.
بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت.
یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.