ئەفگانستان و خۆرئاوا و دەوڵەتی نەتەوە
2021-08-22 12:10:09
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
حیکایەتی گەڕاندنەوەی تاڵەبان بۆ حوکمڕانییکردنی ئەفگانستان ڕووداوێکە بە ھەموو مانایەک جیھانییە. چەندان گەمەکەری ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانی لەو گەڕانەوەیەدا بەشدارن و و چەندان سود و قازانج و دەسکەوتی ناوەکیی و دەرەکی جیاواز لەناویدا بەیەکدادەن. بەر لەوەی ھەموو وڵاتەکەیان بکەوێتە ژێردەست، ئەمریکا لە دانوساندابوو لەگەڵ تاڵەباندا. لە دانوسانەکەدا ئەمریکییەکان خەریکی ڕازیکردنی تاڵەبان و دەسەڵاتدارە فەرمەیەکەی ئەفگانستان بوون حکومەتێک نوێ پێکبھێنن تیایدا تاڵەبان زۆرینە پێکبھێنێت. ئەمەش وەک ھەنگاوێک بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگێک کە لە کۆتایی ھەفتاکانەوە لەو وڵاتەدا ھەڵگیرساوە و بەردەوامە. بەڵام خێرایی کەوتنی حکومەتەکەی ئەفگانستان سەرسوڕھێنەربوو، کە حکومەتێکە لە سەرجەمی جومگە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیدا بەشێوەیەکی ترسناک و تاسەر ئێسقان گەندەڵە. ئەوەی بینیمان ئاشبەتاڵکردنی تەواوی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان بوو، کە جگە لە ئەمریکییەکان و ئەوروپەیەکان، بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئەفگانیی خۆشی تووشی شۆک کرد.
ئەوەی ئەمریکا و ھێزە ئەوروپییەکان تیایدا فەشەلیان ھێنا دروستکردنی ئەو بوونەوەرە سیاسییەیە کە دوو سەدەیە ناوی ”دەوڵەت نەتەوە“ یان ”دەوڵەتی نەتەوە“ی لێنراوە. دامەزراندنی دەوڵەتێکی ھاوبەش بۆ نەتەوەیەک بە لانی ھەرەکەمی ئامێزانبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، دەوڵەتێکی جێگیر کە تەعبیر لە ”ئیرادەی گشتیی“ نەتەوەیەکی جێگیر بکات و بتوانێت وەک ”چوارچێوەیەکی گشتیی“ کۆبوونەوەی پێکھاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، دەستبەکاربێت. ھەروەھا دەوڵەتێک کاری سەرەکیی و ژمارە یەکی دروستکردنی ”ھاوڵاتیی یەکسان“ و ”خاوەن ماف“ و ”بەرپرسیار“ بێت لەو وڵاتەدا. ھاوڵاتییەک ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ بە خۆی و بەوانیترەوە گرێیبدات و ئەوە نیشانبدات خواست و ویست و ئارەزووی پێکەوەژیانیانێکی ێارام و ماناداریان ھەیە. ئەم فەشەلە تەنھا فەشەلی ئەمریکیەکان و ئەوروپییەکان نەبووە و نییە لە ئەفگانستاندا، بەڵکو فەشەلی بەشێکی بەرچاوی میلەتانی ئەو ناوچەیە و ئەو ھێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیانەیە کە ماوەی سەدەیەکە لەناو مێژووی ئەو میلەتاندا دەستبەکارن، لە کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست و ھێزە عەلمانییەکانەوە بیگرە بۆ ھێزە ئیسلامییە جۆربەجۆر و فرەمەشرەبەکان. لەئێستادا ئێمە ئەم فەشەلە لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا ئامادەیە، ھەرکەسێک سەیرێکی خێرایدۆخی سوریا و یەمەن و لیبیا و عێراق و لوبنان و بەحرێن و ئێران و تورکیا بکات، بە ئاسانی ئەم ڕاستییە سادەیەی، لە چەندان فۆرم و ئاست و ڕادە و پلەی جیاوازدا بۆ دەردەکەوێت.
پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە بۆچی دەوڵەتێکی جێگیر و کارکەر و لەلایەن ھەمووانەوە وەک چوارچێویەکی گشتیی قبووڵکراو، دروستنەبووە و دروستنابێت؟ بۆچی ”ھاوڵاتیبوون“ نابێت بە پرۆژەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە؟ چی وادەکات ھێزە جیاوازەکانی ناو ئەو وڵاتە و دراوسێکانیشی لە دۆخی گەڕانەوەیەکی بەردەوامدابن بۆ شوناسە ناوچەیی و دینیی و ئەتنییەکان؟ بۆ شتێک بەناوی ”نەتەوەیەکی سیاسیی“ ھاوبەشەوە دروستنابێت کە بە ھەمووان شتێک لە شوناس و شتێک لە متمانە و شتێک لە چاوەڕوانی پۆزەتیڤ و شتێک لە کەرامەت ببەخشێت؟
ھەندێک کەس وەڵامێکی ئاسان و سادە بەم پرسیارانە ئەدەنەوە و دەڵێن خەتاکە خەتای کولتورە، ئەوە کولتوریی ئەو وڵاتەیە ناھێڵێت ئەو نەتەوە سیاسیە دروستببێت. لەو وڵاتەدا کولتوی قبووڵکرن و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی مەرکەزیی بوونیی نییە، لەباتی ئەمە کولتوری ھەرکەس بۆ خۆی و ھەرکەس حاکمی خۆی باڵادەستە. خەڵکی ئەو وڵاتە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە ناناسن و قبووڵناکەن. ئەم لێکدانەوە کولتورییە تەواو پڕکێشە و ئیشکالییە، نەک تەنھا بۆ دۆخی ئەفگانستان بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر ناوچەکە. بە بۆچونی من ئەوەی، بە پلەی یەکەم، ڕێگرە لە دروستبوونی نەتەوە و ھاوڵاتیی و پەیمانی کۆمەڵایەتیی کولتور نییە، بەڵکو خودی دەوڵەت خۆیەتی. مۆدێلێک لە دەوڵەت کە تەواو پیسخۆرە و گەندەڵیی جەوھەری حوکمڕانییەکەی و لۆژیکی ئیشکردنی دەزگاکانی ئاراستەدەکات. گەندەڵییەکی سیستماتیک و ئامادە لەھەموو ئاستەکاندا، لە سەرۆک و حوکمڕانانی وڵاتەکەوە بۆ فەرمانبەرانی ڕێزەکانی خوارەوە. دەوڵەت لەم دۆخانەدا لەوەدەکەوێت ھاوبەشێکی یاسایی و دەزگایی و ئەخلاقیی بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دەغیلەیەکی کونکراو ھەر کەس لە ھەوڵی ئەوەدابێت زۆرترین پارەی لێدەربھێنێت. ئارنست گیڵنەر کە باس لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە دەکات، باس لە ساتەوەختێکی ھێجگار دەکات کە بە ”ساتەوەختی یەکسانی“، لحڤە المساواە ، egalitarian moment، ناویدەبات. دەوڵەت بۆئەوەی ببێت بە دەوڵەتی نەتەوە پێویستی بە دروستکردنی ئەو ساختەوەختە یەککسانە و بەردەوامیدانە پێی. ساتەوەختێک تیایدا دەوڵەت ھەمووان وەک ھاوڵاتی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات و دەزگاکانی دەوڵەت دەبنە پیادەکەری ئەم لۆژیکە تایبەتە. بەڵام کەی دەوڵەت چینێکی حوکمڕانیی گەندەڵی دروستکرد و لۆژیکی گەندەڵیی بوو بە لۆژیکی حوکمڕانیکردنەکە، ئەودەم ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا ئەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی قابیلی کڕین و فرۆشتن، لە دەزگاکانی دەوڵەت خۆیەوە بۆ ئینتیما و ویژدان و خواست و زمان و چاوەڕوانیی و تەفسیرکردنی کەسەکان بۆ دونیا.
دەوڵەت کە ھێزی گەندەڵ و خێزانی گەندەڵ و بنەماڵەی دەسەڵاتداری گەندەڵ و سوپای گەندەڵ و سەرکردەی سیاسیی گەندەڵ و بیرۆکراسیەتی گەندەڵی دروستکرد، ھەرچیەکی بۆ دروستبکرێت نەتەوەیەکی سیاسیی خاوەن متمانەی بۆ دروستناکرێت.