ئیمزا یان كۆبونەوە ؟
2021-08-26 10:56:49
راپۆرت: درەو
بافڵ تاڵەبانی لە كۆی (124) ئەندام، ئیمزای (96) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆكردوەتەوە بۆ ناردنە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا ناكۆكییەكە لەسەر ئەوەیە بڕیارەكان تەنیا بە كۆكردنەوەی ئیمزا جێبەجێ دەكرێن یان سازدانی كۆبونەوەی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی داوای بژاردەی دووەمیان دەكات و دەڵێت "من شەرعیەتم لە سەركردایەتی وەرگرتووە".
شەڕی ئیمزا
دوای نزیكەی (50) رۆژ لە تەقینەوەی كێشەكانی نێوانیان، دواجار هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی حزبەكەیان.
دوێنێ بافڵ تاڵەبانی بە تاكو بە گروپ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بانگهێشتی "دەباشان" كرد بۆ ئەوەی پێشنیازێكی نوێیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگییەوە بخاتە بەردەم.
كرۆكی ئەو پێشنیازەی كە بافڵ تاڵەبانی خستویەتییە بەردەم ئەندامانی سەركردایەتی لە (5) بڕیارەوە سەرچاوەی گرتووە كە رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگییەوە دەریكردووەو پۆختەكەی ئەوەیە لاهور شێخ جەنگی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەدەچێت، سەفەری دەرەوەی وڵات بكات.
سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵی مام جەلال بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی 24ی مانگ كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەردانیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی پێی وتوون" من وەكو هاوسەرۆك شەرعیەتم لە سەركردایەتی یەكێتی وەرگرتووە، بڕۆن ئیمزای 63 ئەندامی سەركردایەتیم بۆ بهێنن واتە 50+1ی كۆی ئەندامانی سەركردایەتی، هەر بڕیارێك دەریدەكەن، جێبەجێی دەكەم".
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لاهور شێخ جەنگی هەمان پێشنیازی بۆ نێوەندگیرە ئێرانییەكان كردووەو لەسەر ئەم بنەمایە بووە كە بافڵ تاڵەبانی دەستی بە كۆكردنەوەی ئیمزای ئەندامانی سەركردایەتی كردووە.
بەڵام لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی دوێنێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رەتیدەكاتەوە داوای ئیمزای كردبێتو دەڵێ" داوای كۆبونەوەی رەسمی ئەنجومەنی سەركردایەتیم كردووە".
سەرچاوە نزیكەكان لە ماڵی مام جەلال دەڵێن "تائێستا بافڵ تاڵەبانی 94 ئیمزای پشتیوانی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی كۆكردوەتەوەو ژمارەی ئیمزاكان لە 100 ئیمزا نزیك دەبێتەوە".
ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی (124) كەسە، بەر لە تەقینەوەی ناكۆكییەكانیان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی پێكەوە نزیكەی (96) ئەندامیان هەبوو، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتیی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون.
هەندێك لە لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لە سەركردایەتی دوێنێ چوونە دەباشانو ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام دواتر كە لە دەباشان گەڕانەوە راگەەیەندراویان بڵاوكردەوەو رایانگەیاند "پەشیمانن لە ئیمزاكانیان، چونكە بە ڕوونی لە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی تێنەگەیشتوون كە بۆ كردنەوەی لاهور شێخ جەنگییە لە كوردستان".
كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی باس لەوە دەكەن، نزیكەی (40) ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانیدا نینو ئیمزایان لەسەر نەكردووە.
ئیمزا یان كۆبونەوە ؟
ئێستا كە هەردوو هاوسەرۆك حساباتی خۆیان بردووەتە سەركردایەتیو كار لەسەر ژمارەو دەنگ دەكەن، ئایا سەركردایەتی كۆدەبێتەوەو بڕیار دەدات ؟ یاخود ئیمزاكان بەبێ كۆبونەوە راستەوخۆ دەبن بە بڕیار.
ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بافڵ تاڵەبانیدایە، ئایا راستەوخۆ ئیمزاكانی سەركردایەتی بە بڕیار لەسەر لاهور شێخ جەنگی ئەژمار دەكات یاخود دوای كۆكردنەوەی ئیمزاكانیش كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكدەخاتو بڕیارەكان جێبەجێ دەكات؟ بەتایبەتیش كە ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەرێگەی ئیمزاكانەوە بۆی روون بوەتەوە كە دەتوانێت كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكبخات.
چارەنوسی ئیمزاكانی سەركردایەتی یەكێتی، كە چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی پێوە بەستراوەتەوە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا یەكلا دەبێتەوە، ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییو نێوەندگیری نوێدا بژاردەیەكی نوێ دیاری نەكات یاخود بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی قایل نەبێت، رەنگە لەرێگەی سەركردایەتییەوە بژاردەی قورستری بەسەردا بسەپێندرێت.
بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی چین ؟
رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ ناردنی پەیامێكی نوێ بوو بۆ لاهور شێخ جەنگی.
بەپێی قسەی كەسە نزیكەكان لە لاهور شێخ جەنگی لەم كۆبونەوەیەدا لەكۆی (17) ئەندامی مەكتەبی سیاسی (8) كەسیان ئامادەبوونو بەوتەی ئەوان ئەم رێژەیە ناكاتە (50+1)ی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە هاوسەرۆكەكانەوە.
ئەوانەی بەشداربوون لە كۆبونەوەكە ئەمانە بوون:
• بافڵ تاڵەبانی (هاوسەرۆك)
• رەفعەت عەبدوڵا
• شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
• شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ (شاڵاو ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، لەبری دەربازی برای بەشداری كردووە)
• فەهمی بورهانو ستران عەبدوڵا (ئەمانە ئەندامی سەركردایەتین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسی مەكتەبن، بەشداربوون لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا).
• سەعدی ئەحمەد پیرە (لەرێگەی سكایپەوە بەشداربووە)
• حامید حاجی غالی
ئەوانەی بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكەدا ئەمانە بوون:
• لاهور شێخ جەنگی (هاوسەرۆك)
• بورهان سەعید سۆفی
• رزگار عەلی
• رزگار حاجی حەمە
• دكتۆر میران میراودەلی (فەرمانی دەستگیركردنی هەیە)
• قادر عەزیز
• ئاسۆ مامەند
• سۆران جەمال تاهیر
• ئەمین بابەشێخ
بڕیاری كۆبونەوەكە
ئەوانەی بەشداربوون لەم كۆبونەوەیەدا، چەند بڕیارێكیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگی دەركرد كە ئەمانەن:
• لاهور شێخ جەنگی لەماوەی (سێ) رۆژدا (دوای دەرچوونی بڕیارەكە) سەفەری دەرەوەی وڵات بكاتو تاوەكو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە.
• لاهور شێخ جەنگی هێزە نافەرمییەكانی بڵاوە پێ بكات، دواتر هێزە فەرمییەكان لە دەوروبەری ماڵەكەی دەكشێندرێتەوە.
• بافڵ تاڵەبانی هێزە فەرمییەكان رادەسپێرێت سەلامەتی لاهور شێخ جەنگی بپارێزن تا ئەوكاتەی سەفەرەكەی دەكات.
• كۆی هێرشی میدیا سێبەرو ئاشكراكان رابگیرێت.
• لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی خۆی سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق)و پرۆسەی حزبی لەناو یەكێتیدا رابگەیەنێت.
بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی گۆڕانكاری لە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكان دروستكرد، بەپێی ئەم بڕیارانە تۆمەتەكان لەسەر لاهور شێخ جەنگی هەڵگیراونو دوای چونەدەرەوەی لە كوردستان دەرفەتی گەڕانەوەی پێدراوە، سەرباری ئەمە وەكو بەرپرسێكی یەكێتی داوای لێكراوە پاڵپشتی لە هاوپەیمانی كوردستان بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
گفتوگۆ لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی
دوای دەركردنی ئەم بڕیاریارانە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی كە پێكهاتبوون لە (شاڵاو عەلی عەسكەریی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، فەرید ئەسەسەرد) سەردانی لاهور شێخ جەنگییان كرد لە گردی سەرچنارو ئەم بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییان پێگەیاند.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی:" من شەرعیەتم لە مەكتەبی سیاسی وەرنەگرتووە تاوەكو مەكتەبی سیاسی بڕیارم بۆ دەربكات، دەبێت ئەم بڕیارانە لە سەركردایەتییەوە دەربچن".
چارەنوسی بڕیارەكان
تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، هیچ یەكێك لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جێبەجێ نەكراون، لاهور شێخ جەنگی هێشتا لە "گردی سەرچنار"ە لە سلێمانی، هێزە چەكدارەكانی هەردوولا بەرامبەر بەیەكترو لە شوێنی خۆیانن، میدیاو سۆسیال میدیای فەرمیو سێبەری هەردوولا بەردەوامن لە كەمپەین دژی یەكتر، لاهور شێخ جەنگی هیچ پشتیوانییەكی بۆ هاوپەیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا رانەگەیاندووە.