درەو: 10 ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت, هەڵبژاردنی ئەمجارە بە یاسایەكی جیاواز بەڕێوەدەچێتو بازنەكانی هەڵبژاردن زیادكراون, لەم هەڵبژاردنەدا هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق " شیعەو سوننەو كورد" بە یەكگرتووی ناچنە ناو كێبركێی هەڵبژاردنو بە چەندین هاوپەیمانێتیو لیستی جیاجیا بەشداری دەكەن, لەم راپۆرتەدا نەخشتەی هاوپەیمانێتیو كێبركێی هەڵبژاردنەكان خراوەتەڕوو لەگەڵ پێگەی ئەو هێزانە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا. رۆژی 10 ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق دەكرێت, ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێنجەمینجارە لە دوای روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێنەوە بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنەكە بە سیستمێكی ئاڵۆز بەڕێوەدەچێتو چەندان هێزی سیاسیە لەسەر بنەمای تایەفە یان رەچەڵەك كێبركێ دەكەن, دەبوایە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچوایە, بەڵام پێشخراو كرا بە هەڵبژاردنی پێشوەخت, ئەوە بۆ رازیكردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی عێراق كە ساڵی 2019 رژانە سەرشەقامەكان لەدژی بڵاوبونەوەی گەندەڵیو كەمی خزمەتگوزارییەكانو خۆپیشاندەران ئەو باوەڕیان لا دروست ببوو كە دەستەبژێری حكومڕان دەسەڵاتیان بۆ دەوڵەمەندكردنی خۆیان قۆزتوەتەوە. چاوەڕوان دەكرێت لیستەكانی پێكهاتەی شیعە لە سەركردایەتیكردنی وڵاتدا بمێننەوە كە لە دوای رژێمی پێشەوە حكومڕانییان گرتوەتە دەست, هەرچەندە پێكهاتەی شیعە بەهۆی هەژمونی ئێرانی دراوسێتەوە پەرت بوون, هەروەها چالاكانی خۆپیشاندانەكان كە هەوڵیاندا كۆتاییە بەو چینە سیاسییەی ئێستا بهێنن بەسەر ئەوەدا دابەشبوون كە بچنە ناو كێبركێی هەڵبژاردنەوە یان نا پێشبینی دەكرێت لە باشترین حاڵەتدا چەند كورسییەك بەدەستبهێنن. یاسای هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەرەنتی ئەوەی كردووە كە كاندیدانی ژن 83 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێننو لێرەدا ناوی ئەو هێزە سیاسییە دیارانە دەكەین كە كێبركێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە 329 كورسییە: رەوتی سەدر رەوتی سەدر لەلایەن موقتەدا سەدرەوە رابەرایەتی دەكرێتو ئێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی هەیە, هاوپەیمانی سائیرونی سەر بەم رەوتە لە هەڵبژاردنەكانی 2018دا 54 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناو ئەوەش هەژمونێكی یەكلاكەرەوەی لە پێكهێنانی حكومەتدا بەخشییە رەوتەمەو ئەویش ئەو هێزە پەرلەمانییەی بەكارهێنا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی بەرفراوانی وڵات. رەوتی سەدر بە پرۆگرامێكی نیشتمانییەوە بەشداری هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر دەكات وەك هەوڵێك بۆ جیاكردنەوەی خۆی لەو گروپە شیعەكانی كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات. سەدر لە دوای 2003 روبەڕوی هێزەكانی ئەمریكا بوەوە ئەوەش پێگەیەكی باڵای لەلای چینی هەژارانی شیعە پێبەخشی كە زۆر رێز لە باوكی محەمەد سادق سەدر دەنێن كە رژێمی سەددام كوشتی. گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران زۆرترین گروپە شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران لە ژێر چەتری هاوپەیمانی " فەتح" دا كۆبونەتەوە كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات, ئەم هاوپەیمانێتییە لە هەڵبژارجنی ساڵی 2018دا پلەی دووەمی بەدەستهێناو 48 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بردەوە. هاوپەیمانیەتی فەتج باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەقی تێدایە كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێنكراوە, هەروەها رێكخراوی بەدری تێدایە كە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ئێراندا هەیەو لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێراندا لە پاڵ هێزەكانی ئێراندا دژی عێراق بەشدار بوون. هەندێك حزبو هێزی سیاسی تری هاوپەیمانی ئێران لە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتح بەشداری كێبركێی هەڵبژاردن دەكەن لەوانەش بزوتنەوەی " حقوق" كە زۆر دەمێك نیە پێكهێنراوە لەلایەن بەهێزترین گروپی سەر بە ئێرانەوە كە ئەویش " كەتائیبی حزبوڵا" یە. هاوپەیمانێتییەكانی تری شیعە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووترو عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی ریزەكانیان رێكخستوەتەوەو لە چوارچێوەی هاوپەیمانی " هێزە نیشتمانییەكانی دەوڵەت" دا بەشداری هەڵبژاردن دەكەنز هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی لە هەڵبژاردنی 2018دا 42 كورسیو رەوتی حیكمە 19 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوتریش كە سەرۆكایەتی كۆنترین حزبی عێراق " حزبی دەعوەتی ئیسلامی"ی دەكات بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەشداری هەڵبژاردنەدەكاتو لە هەڵبژاردنی 2018دا 25 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. مالیكی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بە شێوەیەكانی بەرفراوان لەسەردەمی دەسەڵاتیدا رێگەی خۆشكردووە بۆ گەندەڵیو دژایەتیكردنی سوننە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی داعش لایەنگرێكی زۆر لە خۆی كۆبكاتەوە. حزبەكانی پێكهاتەی سوننە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتی " تقدم"ی پێكهێناوە كە ژمارەیەك لە كەسایەتیو سیاسەتمەدارانی سوننەی لە باكورو خۆرئاوای عێراق لەخۆگرتووە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی سوننە مەزهەبنو پێشبینی دەكرێت هاوپەیمانێتییەكەی حەلبوسی دەنگێكی زۆری سوننەكان بەدەستبهێنێت. ركابەری سەرەكی حەلبوسی لەم هەڵبژاردنەدا بزنسمانو سەرمایەدار خەمیس خەنجەرە كەە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 دا چووە پاڵ هاوپەیمانی فەتحی نزیك لە ئێرانو بۆ ئەم هەڵبژاردنەش سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " عەزم" دەكات. وەك هەمیشە حزبە سوننەكان هەوڵدەدەن پشتیوانی هۆزەكان بەدەستبهێننو لە ساڵی 2003ەوە نەیانتوانیوە یەكگرتوو بنو ئەوەش ناڕەزایەتی دەنگدەرانی سوننەی لێكەوتوتەوە كە باوەڕیان وایە بەهۆی ئەوەوە لاواز بوونو ناتوانن هەوڵبدەن بۆ ركابەریكردنی دەسەڵاتی شیعەكان. سوننەكان لە یەكەم هەڵبژاردندا لە دوای 2003 دابەشبوون بەسەر دووبەرەداو بەشێكی زۆریان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردو ئەوەش پێگەی لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی عێراقدا لاوازكردن. چالاكوانی خۆپیشاندانەكان لە ساڵی 2019دا خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەكانی باشوورو ناوەراستی عێراق بەڕێوەچووە كە بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیو لەو خۆپیشاندانانەدا هێز بەكارهێنراو چەندان خۆپیشاندەر كوژراون, هەرچەندە دۆخی ئەوكاتو ئێستا جیاوازییەكی دیاریی نیە هەندێك لە چالاكوانی خۆپیشاندانەكان داوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە دەكەن, بەڵام هەندێكی تریان حزبیان پێكهێناوە و چونەتە نێو هاوپەیمانێتییە میانڕەوەكانی وەك هاوپەیمانێتییەكەی عەبادیو حەكیم. بزوتنەوەی " ئیمتیداد" یەكێك لەو حزبانەی كە چالاكوانی خۆپیشاندانەكان دایانمەزراندووەو كاندیدی بۆ هەڵبژاردن هەیە, ئەم حزبە پزیشكی دەرمانساز عەلا ركابی سەرۆكایەتی دەكات كە خەڵكی شاری ناسریەیە ئەو شارەی لە ساڵی 2019دا لە خۆپیشاندانەكاندا زۆرترین توندوتیژی لێكەوتەوە. كوردو هەڵبژاردن هاوشێوەی هەردوو پێكهاتەی شیعەو سوننە كوردیش بە هاوپەیمانێتییەكو و چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 2018دا 25 كورسی بەدەستهێنا بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكردووەو لە هەموو بازنەكانی پارێزگاكانی هەرێمو كەركوكو نەینەواو بەغدادو ئەنبارو كەربەلاو شارەكانی تری عێراق كاندیدی هەیەو هەوڵیشدەدات لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان كاندیدی خۆی یان نزیك لەخۆی سەربخات. یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانی كوردستانیان پێكهێناوە, یەكێتی لە هەڵبژاردنی 2018 دا 18 كورسی بەدەستهێناو بزوتنەوەی گۆڕانیش لەو هەڵبژاردنەدا 5 كورسی بەدەستهێنا. جگە لە پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان لایەنەكانی وەك كۆمەڵی ئیسلامیو حزبی زەحمەتكێشانو جوڵانەوەی نەوەی نوێو حزبی سۆسیالیست دیموكرات لە چەند بازنەكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانو عێراق كاندیدیان هەیەو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بە چەند كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداری دەكات. هاوكات چەندان كاندیدی سەربەخۆو چەند پەرلەمانتارێكی ئێستای پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەكی سەربەخۆ خۆیان كاندیدكردووەو كێبركێی حزبەكان دەكەن.
راپۆرتی: درەو پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیەكی سیاسی نیە، بەڵكو پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و دەرونیە لەبەرزترین ئاستدا، ئەوەی پێشیوابێت بە بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن وەك كاندید یاخود دەنگدەر تەنها هاوكاری گۆڕینی كۆمەڵگا دەكات، لە وەهمدا دەژی، لەبەرئەوەی گۆڕان لە خۆشیدا ئەنجامدەدات. كاتێك باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەین، بە دیاریكراوی قسە لەسەر كەسی كاندید و ئەو ستراتیژ و خەرجییە دەكەین، كە پیادەی دەكات بۆ ئەو پرۆسەیە. لەم دێڕانەی خوارەوەدا، هەوڵدەدەین ڕۆشنایی بخەینە سەر سێ بنەما و پایەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە دیدی كاندیدەوە نەك دەنگدەر، كە ئەوانیش (كاندید و ستراتیژ و دارایی)یە، مەبەستمان قسەكردنە لەسەر كاندیدێك كە بۆئەوە چوەتە هەڵبژاردنەوە سەركەوتوبێ و كورسیەك لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت، لێرەدا پرسیارێك دێتەگۆڕێ، ئایا كاندید هەیە نەیەوێت بیباتەوە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە، بەدڵنیاییەوە بەڵێ، چونكە جۆرەها شێوازی بەشداری هەیە، هەیە بەشداری دەكات بۆئەوەی بیباتەوە، هەشە بەشداری دەكات بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، كاندیدیش هەیە بەشداری دەكات بۆئەوەی دەنگەكان پەرت وبڵاوبكات و دەرفەتی دەرچون لە دەست كاندیدێكی تر بدات، هەشە بەشداری دەكات بۆ ڕاهێنان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت. ئێمە لێرەدا قسە لەسەر گروپی یەكەم دەكەین ئەو كاندیدەی بۆ بردنەوە بەشداریكردووە. یەكەم: كاندید هەر كەسێك خۆی كاندید دەكات بۆ هەڵبژاردن پێویستە ئەم مەرج و خەسڵەتانەی تیادابێت: -كەسێكی ناسراوبێت لەو بازنەیەی خۆی تیادا هەڵدەبژێرێت، ناكرێت دەنگدەر كاندیدێك هەڵبژێرێت هیچ لەبارەیەوە نەزانێت. -پێویستە پشتیوانی كەسە نزیكەكان و كەسوكار و هاوڕێیانی بەدەستهێنابێت و زامنی هەماهەنگیی و پشتیوانیان بكات، چونكە ئەوانە یەكەمین كەس دەبن كە پشتیان پێدەبەستێت لە هەڵمەتەكەیدا، ئەگەر ئەوانە پشتیوانی نەكەن كێ پشتیوانی دەكات؟. -تەندروستییەكی باشی هەبێت و بتوانێت خەڵك بەسەربكاتەوە و لە ناوچەكانی بازنەكەیدا دەربكەوێت و ڕیكلام بۆ خۆی بكات و لەگەڵ دەنگدەران لە پەیوەندیدابێت. -ڕوخساری پەسەندكراو و ڕووخۆشبێت. -كەسێكی بەهەیبەت بێت و سیمای ڕێزی پێوەدیاربێت. -كەسایەتییەكی بەهێز و متمانە بەخۆ بێت، چونكە ڕووبەڕووی كەسانێك دەبێتەوە كە ڕەنگە تێبینیان هەبێت لەسەری و، پرسیاری ئیحراجكەری لێبكەن. -پێویستە هەڵنەچێت و كۆنترۆڵی خۆی و كاردانەوەكانی بكات. -تائەوپەڕی سنور سادەبێت، تا بتوانێت لەگەڵ تەواوی چین وتوێژەكانی دەنگدەران لە پەیوەندیدابێت. -ئاگادارێكی وردی ژیان و گوزەرانی دەنگدەرانی بازنەكەی بێت و بەباشی بزانێت ئەوداواكارییانەی هەیانە لەو كەسەی هەڵیدەبژێرن. -ئاگاداری دەستور و یاساكانی دەوڵەت و سیاسەتی گشتی و دۆخی ئابوری وڵات بێت. -ئاگاداری سیاسەتی دەرەوە بێت، لەسەر ئاستی دەولی و ئیقلیمی و زانیاری هەبێت و زانیاری ئەوەی هەبێت چی لە جیهاندا ڕوودەدات. -قسەكەرێكی باشبێت، بە باشی گوێبگرێت لەوانی تر و بزانێت لە چ كاتێكدا پێویستە قسەبكات و وا لە بەرانبەرەكانی بكات گوێی لێبگرن. -ڕۆنەچێتە ناو عەیب و عاری ئەوانی تر و تەركیزی لەسەر خستەڕووی تواناكای خۆی و ڕكابەریكردنی بەرامبەر بێت. -خاڵە بەهێز و لاوازەكانی و دەرفەتەكانی بەردەمی بە وردی دەستنیشان بكات، پێش ئەوەی بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. -زانیارییەكی تەواوی هەبێت لەسەر ڕكابەرەكانی، كێن؟ ئاڕاستەی سیاسییان چیە؟ ئەوخاڵانە چین جیاوازییان هەیە لەسەری؟ چی پێشكەشی دەنگدەران دەكەن؟ خاڵە لاوازەكانیان چین؟. دووەم: ستراتیژ مەبەست لە دەستەواژەی ستراتیژ، ئەو شێوازەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردن هەڵدەسوڕێنێت و ئەو خاڵ و هەنگاوانەیە كە پێویستە كاندید پیادەی بكات، لەو خاڵانەش: -دانانی پرۆگرامێكی ڕوون بۆ كاندید، كە سەرجەم هەنگاو و ڕێوشوێنەكان لەخۆبگرێت، كە كاندید پیادەی بكات بە مەبەستی سەرخستنی هەڵمەتەكەی. -دوور كەوتنەوە لە بەڵێنی زیادەڕۆ و درۆكردن. -ڕكابەرەكان چەند بەڵێنی گەورە بدەن، نابێت كاندید دوای ئەو موزایەدانە بكەوێت و پێویستە بەڵێنی ئەوە بدات كە بەفیعلی دەتوانێت بیكات. -پێویستە دروشمێكی هەبێت بۆ هەڵمەتەكەی، ئەو دروشمەش تایبەت و كورت بێت، بەجۆرێك دەنگدەر بتوانێت دەرخی بكات و بیریبكەوێتەوە، دروشمێكی سەرنجڕاكیش و لە هەمانكاتدا واقیعی بێت نەك خەیاڵی. -بۆئەوەی خاڵەكانی سەرەوە بەدیبێت، پێویستە لەسەر كاندید ئیدارەیەك بۆ هەڵمەتەكەی پێكبهێنێت لە (ئیدارەی پەیوەندییە گشتییەكان، ئیدارەی سكرتاریەت، ئیدارەی ماڵیی، ئیدارەی ڕاگەیاندن، ئیدارەی یاسایی). * ئیدارەی پەیوەندییە گشتیەكان: پێویستە ئەم ئیدارەیە بەڕێوبەرێكی هەبێت بەرپرسی ڕاستەوخۆ بێت لەبەردەم كاندید ، بەڕێوبەرە گروپی كاركردن دیاریدەكات لەوانەی متمانەی بەخۆیان و شارەزاییان هەیە لەو بوارەدا و ئەمانیش كاریان ئەمانە دەبێت: أ: پێدانی تەواوی ئەو زانیارییانەی كاندید پێویستی پێیەتی، چی لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەكەی و هەم زانیاری لەبارەی ژمارەی كاندیدانی ڕكابەر و بەتەواوی زانیارییەكانەوە. ب: سەقامگیری لەسەر دروشمێك كە كاندید بەرزیدەكاتەوە. ت: ڕێكخستنی كارنامەی سەردانەكانی، چی سەردانی مەیدانی بۆ شەقام و بازاڕ، یان سەردانی ئەو خێزانانەی ناوبانگیان هەیە لە بازنەكەیدا، بایەخی ئەم سەردانانە ئامادەیی كاندیدە لە سەرجەم ناوچەكانی بازنەكەی. س: پێدانی زانیاری تەواو سەبارەت بە سەرجەم ئەو بۆنانەی كە پێویستە كاندید تیایدا ئامادەبێت، بەرپرسە و ئاهەنگیشەوە. ج: دیاریكردنی وێنەیەكی دیاریكراو بۆ كاندید، پێویستە وێنەكە بەجۆرێك بێت كە دڵخوازی خەڵكبێت و گوزراشت لە كەسایەتی كاندید بكات. ح:ئەم لیژنەیە پلانێك دابڕێژێت بۆ كۆڕ و قسەكانی كاندید كە بۆ دەنگدەران و خەڵكی بازنەكەی دەكات و ئەو گردبونەوانەشی كە وەك میوان تیایدا ئامادەبێت. *ئیدارەی سكرتارییەت: ئەم ئیدارەیە بەرپرس دەبێت لە ئەنجامدانی پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی هەڵمەتەكە و كاندید و بەڕێوبەڕی هەڵمەتەكە، بەرپرس دەبێت لە پاراستنی تۆماری تایبەت بە ئەرشیڤی كۆبوونەوەكانی ئامادەكاریی و دوای دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنیش. *ئیدارەی ڕاگەیاندن: ئەم ئیدارەیە هەڵدەسێت بە پیكهێنانی گروپی جۆراوجۆر بۆ بڵاوبوونەوە بە سەرجەم ناوچەكانی بازنەی هەڵبژاردن و بانگەشەكردن بۆ كاندیدەكە، ئەركی ئەم ئیدارەیە ئەنجامدانی ڕیكلامی پێویست بۆ كاندید لە ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوەكان و هەموو ئەو نوسراوانەی بەسەر خەڵكی بازنەكەدا بڵاودەكرێتەوە، هەروەها ئامادەكردنی وێنە و ڕێكلامی شیاو بۆ كاندید بۆئەوەی بەردەوام ئامادەبێت لە كۆڕ و كۆبوونەكان، یان هەر گردبوونەوەیەك كە كاندید ئامادەی بێت، لەڕووی ئەلیكترۆنیشەوە، پێویستە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنرێت كە بایەخ بدات بە تۆڕی ئینتەرنێت و بەردەوام لەم تۆڕەوە لەگەڵ جەماوەر و خەڵكی بازنەكەدا بێت بۆ ناساندنی كاندیدەكە. سێیەم: دارایی بێگومان بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن وەك هەر پرۆژەیەكی تر كە كەسێك بیەوێت ئەنجامی بدات خەرجییەكی زۆری دەبێت، ئێمە قسە لەسەر هەڵمەتێك دەكەین كە لەسەر سێ پەل و پایە وەستاوە، هەریەكەیان پشت بەوی تریان دەبەستێت، دانانی پلانێكی ستراتیژی باش و دەستەبەركردنی دارایی پێویست لەگەڵ بوونی كاندیدێكی لاوازدا، بێگومان هەڵمەتی هەڵبژاردنەكە چارەنوسی شكست دەبێت، ئەگەر كاندیدەكەش بەتوانابێت و پلانی كاركردنی هەڵمەتەكەشی زۆر بەباشی دانرابێت ،بەڵام دارایی پێویستی نەبێت بێگومان هەڵمەتەكەی شكستدەهێنێت. پێویستە ئیدارەیەكی تایبەت هەبێت بۆ مەسەلەی خەرجی هەڵبژاردنی كاندید كە تایبەتمەندییەكی بەمشێوەیەیە: -دانانی بودجەیەكی خەمڵێنراو بۆ هەڵمەتەكە پێش دەستپێكردنی. -دیاریكردنی ڕووەكانی خەرجی . -دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی ئیدارەكانی تر داوایدەكەن. -دانانی ڕێنمایی بۆ خەرجی بە جۆرێك كە كێشە بۆ كارەكان دروستنەكات و نەبێتە بەربەست لەبەردەم سەرخستنی هەڵمەتەكە. -دانانی تۆمارێكی تایبەت بە سەرجەم خەرجییەكان. -بەرپرس و تایبەتمەندە لەو بەخشینانەشی كە ڕەنگە لەلایەن هەندێك كەسەوە پێشكەشبكرێت بۆ پشتیوانی لە كاندیدەكە. https://www.maghress.com/mohammediapress/26164
(درەو): گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەناو بانكی قەزای سەیدسادق بڵاوبوەتەوە، چەند كارمەندێك لەكاتی وەرگرتنی موچەی كارمەندانی تەندروستی، فەردەیەك پارەی موچە خۆران بەسەر دەرگای بانكدا دەبەنە دەرەوە. ئەو كەسانەی كە موچەی فەرمانبەرەكانیان لە فەردەیەكدا وەرگرتووە، دەڵێن بانك دەرگای داخستووەو ناچارن بەسەر دەرگادا پارەكە بگوازنەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، بەڵێن ئەحمەد بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق رایگەیاند، ئەو رووداوە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە رویداوە، كە موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشكراوە، ئێمە لە بانك دەرگایەكی سەرەكیمان هەیە، هەموو ئەوانەی كە سەردانی بانك دەكەن ئەو دەرگا سەرەكییە بەكاردەهێنن. بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق وتی:" ئەو دەرگایەی كە لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەركەوتووە، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆناوە داخراوە، ئەم بەڕێزانە لە دەرگا سەرەكییە ئاساییەكەوە هاتونەتە ژورەوە، بەڵام بۆ چونە دەرەوە بە ئەنقەستو بۆ تۆماركردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییە چونەتە دەرگا لاوەكییەكەو بەسەر ئەو دەرگایەدا چونەتە دەرەوە لەكاتێكدا دەرگای سەرەكی كراوە بووە". بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئاماژەی بەوەكرد" ئەو كەسانەی كە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەكەون، كارمەندی تەندروستین، یەكێكیان ئەندامی كۆمیتەی یەكێتییە، بەهۆی ئەوەی من سەربە بزوتنەوەی گۆڕانم، ئەو كەسانە بە ئەنقەست ئەم بابەتەیان دروستكردووەو كۆمیتەی یەكێتی ئەمە یەكەمجار نییە ئەم جۆرە كارانە لەدژی من دەكەن، ئەمە بەرەنجامی هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتیو گۆڕانە؟!". بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق دەڵێی گرتەی ڤیدیۆیی ئەو كەسانە لە كامێرای چاودێری بانك تۆماركراوەو ئەوانە بەئەنقەست ئەو گرتەیان تۆماركردووەو ناردویانە بۆ وەزارەتی داراییو لایەنە پەیوەندیدارەكان گوایە دەرگای بانك داخراوە. ئەو كەسانەی كە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەركەوتوون، سێ كارمەندی نەخۆشخانەی "شەهید شەوكەت"ن لە سەیدسادق بەناوەكانی (بیلال محەمەد عەبدوڵا- شڤان ئەكرەم عەزیز- ئەركان عەبدوڵا محەمەد)، بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سكاڵای لەسەر تۆماركردوون.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) فەیلەسوفی فەرەنسیی، میشێل فوکۆ، بەوشێوەیە سەیری دەسەڵاتی نەدەکرد کە لە زانستە سیاسییەکاندا سەیریدەکرێت. کاتێک لە زانستە سیاسییەکاندا باس لە دەسەڵات دەکرێت، سەیری چۆنیەتی کارکردنی سیاسەت لەژینگە ناوچەیی و تایبەتییەکەی خۆیدا دەکرێت. بۆ نموونە سەیری چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، چۆنیەتی ئیشکردنی پارتە سیاسییەکان، شێوازی ئیشکردنی پەرلەمان و حکومەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، گوفتار و ڕەفتاری بکەرە سیاسییەکان، دەکرێت. فوکۆ پێیوابوو لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا ڕووبەرێکی گەورەی دەسەڵات ھەیە، لە دەرەوەی ئەو شتانەدا کە زانستە سیاسییەکان باسیدەکەن. لەو شوێنانەدا فۆرمی تری دەسەڵات ئامادەیە، بە ئەندازەی ئەو فۆرمانەی دەسەڵات گرنگن کە لەناو حیزب و پەرلەمان و حکومەت و ھەڵبژاردنەکاندا کاردەکەن. بۆ نموونە فوکۆ سەیری چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵاتی لەناو سیستمی زینداندا دەکرد، سیستمی زیندان وەک سیستمی سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوەی تاکەکەس و ھەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ و دەستەمۆکردنی. ھەروەھا سەیری چۆنیەتی کاکردنی دەسەڵاتی دەکرد لەناو سیستمی تەندروستیدا، بەتایبەتی لەناو تەندروستیی دەرونیی و عەقڵی تاکەکەسەکاندا. فوکۆ لێرەدا سەیری دەسەڵاتی پزیشکیی دەکرد چۆن دەتوانێت کەسێک بە ”نەخۆش“ی دەرونی بناسێنێت و جیایبکاتەوە لە کەسێک کە گوایە ”ساغە“ و ”بیمار“ نییە. جیاکردنەوەی کەسی بیمار لە نابیمار و شێت لە ساغ ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵات کە زانستیی دەرونناسیی و پزیشکەکانی ئەو بوارە بەدەستیدەھێنن. دەسەڵاتی پزیشکێک دەتوانێت کەسێک بە ”شێت“ یان ”دێوانە“ یان ”نەخۆشی دەرونیی“ ناوببات و بەمەش کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی ئەو کەسە بەجێبھێڵێت. ھەروەھا فوکۆ لەناو خودی زانستەکانیشدا بەدوای شێوازی تایبەتی دەسەڵات و میکانیزمی تایبەتی ئیشکردنی دەسەڵاتدا دەگەڕا، لەوێدا سەیری ئەوەی دەکرد چۆن لەناو زانستدا ”ھەقیقەت“ بەرھەمدەھێنرێت و چۆن فۆرمی جیاوازی”ھەڵە“ یان ”ناھەقیقەت“ یان ”نازانست“ لەپاڵ ئەو ھەقیقەتەدا بەرھەمدێت. بەمەش زانست دەسەڵاتێکی گەورە بەخۆی دەبەخشێت. ئەوەی سەیری دۆخی ئەمڕۆکەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێم و عێراقدا بکات، ئەو ڕاستییە سادەیەی بۆ دەردەکەوێت، ئەم کۆمەڵگایە چەندە پێویستیی بە دەرکەوتە ھەرە سەرەتاییەکانی زانستە سیاسییەکانە بۆ لێکدانەوەی ئەوەی ڕۆژانە لەو کۆمەڵگایەدا ڕووئەدات. با لێرەدا لە سێ دەرەکەوتی ڕۆژانەی ئەو دۆخە ڕابمێنین: یەکەم: ئەوڕاستییە سادەیەی کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵک ئاشکرایە، مەگەر تەنھا بۆ ئەم یان ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر نەبێت، ئەوەیە کە زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی ھەرێم و خەڵکی عێراق کەمترین باوەڕیان نە بەھێزە سیاسییەکان ماوە، نە بە ھەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بۆ ڕێکخستن و داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان، نە بە توانا و ویستی ئەم ھێزانە بۆ پیادەکردنی لانی ھەرەکەمی چاکسازییکردن. ھەندێک لە زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوەدەکەن تەنھا ١٨ لە سەدی خەڵکی ھەرێم ئامادەن لەم ھەڵبژاردنەدا بەشدارببن و دەنگبدەن. لە عێراقدا دۆخکە بە ڕادەیەک وێرانە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندوە حکومەتی عێراقی بڕە پارەیەک ئەداتە ئەو ھاوڵاتیانەی دەچن کارتە ئەلکترۆنیەکانی دەنگدان وەردەگرن و بەشداردەبن لە ھەڵبژاردندا. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە خەڵک ھەم گاڵتەیان بە حیزبە سیاسییەکان و ھەم گاڵتەیان بە ھەڵبژاردنەکان دێت، کەچی چەندان نووسەر و چالاکەوان و ڕۆشنبیر ھەن لەوە ناکەون باس لە خورافەتی گەورەی بوونی ملیۆنان ھەواداری دڵسۆزی پارتی و یەکێتی بکەن و واینیشانبدەن دانیشتوانی ھەرێم بەدوای بەرپرس و سەرۆکەکانی ئەو ھێزانەدا ڕادەکەن. بەم کارەش درێژە بەو پڕوپاگەندە ناشیرینە بدەن کە پارتی و یەکێتی بۆ پێگە جەماوەرییەکەی خۆیان، دەیکەن. دووھەم: ھێزە سیاسییە سەرەکییەکانی ھەرێم، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، شەرم لەوە ناکەن یەکتری بە ئەنجامدانی تەزویری گەورە و سیستماتیک تاوانباربکەن و بەمەش ھەر خۆیان، بەر لە ھەر کەسێکی تر، ھیچ نرخێک بۆ ھیچ ھەڵبژاردنێک نەھێڵنەوە. عارف تەیفوری پارتی باس لەوەدەکات یەکێتی لەناوچەی سلێمانی خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ تەزویر و میدیای یەکێتیش نەک تەنھا عارف تەیفور، بەڵکو خودی پارتی خۆشی بە ھێزێکی تەزویرچی ناودەبات و باس لەوەدەکات ”تەزویر“ نازناوی پارتییە. سێھەم: قسەکردنی بەرپرس و چالاکەوانەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر یەکتری دەریدەخات چۆن پەلاماردان و ھێرشکردنە سەریەکتری، شوێنی بەرنامە و پلانی کارکردن و بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی گرتۆتەوە و بەم کارەشیان، دیسانەوە خۆیان بەر لە ھەر کەسێکی تر، ھیچ مانایەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بوونی پەرلەمان ناھێڵنەوە. قوباد تاڵەبانی، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، بە بەرچاویەوە چەندان ڕۆژنامەنووس و چالاکەوان لە بادنیان دەگێرین، بەبێ ئەوەی وشەیەک لە دەمی بێتەدەرەوە. کەچی لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکەیدا دھۆک دەکات بە زیندان و دەڵێت تا ئەو مابێت ناھێڵێت سلێمانی وەک دھۆک ببێت بە زیندان بۆ ڕۆژنامەنوسان. لەولاشەوە یەکێک لە ”ھەورامانی“یەکانی ناو پارتی وەڵای کوڕەکەی تاڵەبانی ئەدەاتەوەو دەڵێت: یەکێتی باوەڕی بە ” دادگاو دادگایی کردن و زیندان نییە بۆ ڕۆژنامەڤان، بەڵکو بێ دادگایی شەهیدیان دەکەن، ئینجا ئەگەر لەگەرمیان بێت و لەباوەشی دایکی بێت،یان لەسلێمانی بێت و کۆرپەکەی لەباوەشیبێت!“ لەبەردەمی دۆخێکی ھەرزان و بێنرخی لەم بابەتەدا پێویست ناکات مرۆڤ فوکۆناسبێت بۆئەوەی شتێک لەسەر ئەو دۆخە نالەبارە بڵێت. ھەر کۆکرنەوەی ئەوەی بکەرە سیاسییەکان لەسەر یەکتری دەیڵێن نیشانیئەدات کۆمەڵگای ئێمە لە چ وێرانەیەکی سیاسیدا دەژیی.
شیكاری: درەو بە پێی پێشبینیەكان، لایەنە كوردیەكان لە كەركوك (6 بۆ7) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنن،یەكێتی سێ كاندیدی سەردەكەوێت هەریەك لە ( ئاڵا تاڵەبانی و شاخەوان عەبدوڵا و ئومێد محەمەد)يش چانسی بەهێزیان هەیە بۆ سەربكەون. بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای کەرکوک زیاتر (ملیۆنێک) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە (130) كاندید، ڕکابەری دەکەن، لە پێناو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا (36) هاوپەیمانی و پارتی سیاسی (74) کاندیدیان هەیەو و (56) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (3) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (12) کورسی، لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەبازنەكانی پارێزگای کەرکوک بە (16) کاندید بەشداری دەکەن کە (11) كاندیدیان پیاوو (5)یان ئافرەتن. سەرەتا 1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای کەرکوک (12) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2. لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک (ملیۆنێک و 75 هەزار و 510) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (130) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (12) کورسی دەکەن، (100) کاندیدیان پیاوو (30)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (56) کاندیدی سەربەخۆ و (74) کاندیدی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان. 3. کورد لە بازنەی (1) (10) کاندیدو بازنەی (2) (5) کاندیدو لە بازنەی (3) (1) کاندیدی هەیە بەجۆرێک؛ - هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان (یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان) جگە لە "ئاڵا تاڵەبانی" لە بازنەی (1)ی کەرکوک (5) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (2) کاندیدو لە بازنەی (3)ی کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە. - پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (3)ی کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە. - نەوەی نوێ لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (1)ی کەرکوک کاندیدی هەیە. - حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (3)ی کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە. - حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان تەنها لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدی هەیە. - یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هیچ کاندیدێکیان لە پارێزگای کەرکوک نیە. 4. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان . 5. ئەگەری ساختەکاری ئەگەر جارێک چاوەڕوانکراوبێت لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پارێزگای کەرکوک ئەگەرەکە دەبێتە دوو هێندە. چونکە پارێزگای کەرکوک ناوچەیەکی هەستیارە بۆ کورد و عەرەب لەلایەک، هەوڵی لایەنە کوردییەکانیش بۆ بەدەستهێنانی کورسی و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ هێشتنەوەی پێگەی ئێستای. ئەنجامدانی ساختەکاری ئەگەرێکی بەهێز دەبێت. بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک بازنەی (١): رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (دوبز، رەحیماوە، عەرەفە، قۆریە ئەڵماس، موسەڵا، ئسکان، قادسیە، شۆریجە، حوریە، ئاڵتون کۆپری، لەیلان و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛ 1. بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان. 2. (35) کاندید لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٥) کورسی بازنەکە دەکەن کە (26) پیاو و (9) ئافرەتن. 3. لەو (35) کاندیدە (17) کاندیدیان سەربەخۆو (29)یان سەر بە (10) لە حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکانن. 4. زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی کوردن، كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی بازنەیەکە بباتەوە، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی کورد (٢١٥ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (١٦) هەزار دەنگ و پێکهاتەی تورکمان (١٠) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کورد (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکانی ئەم زۆنەی بردەوە. 5. لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە (10) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (١)) شیکاری بازنەی (1) - ئەگەر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوو (٢٠١٨) دووبارە ببێتەوە، ئەوا یەکێتی سەرجەم کوردسییەکانی ئەم بازنەیە دەباتەوە. - (دیلان غەفور) کە پێشتر بە سەربەخۆ ئێستا لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) بە پێچەوانەی (ئاڵا تاڵەبانی) کە پێشتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان ئێستا لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە بانگەشە دەکات، کاریگەرییان لەسەر دەنگی کۆتای ئافرەت دەبێت و کێبڕکێکیە لە نێوانیان بەهێز دەبێت. - لەم بازنەیە ئەگەری دەرچوونی ئاڵا تاڵەبانی زیاترە وەك لە كاندیدەكانی تری یەكێتی، چونكە دەنگەكانی یەكێتی بەسەر چوار كاندیدا دابەش بوون، بەڵام دەنگی جەمسەرێكی یەكێتی و بەشێكی یەكتێیەكان بۆ ئاڵا تاڵەبانی بە تەنیا یەكلا بووەتەوە. - ئەگەری دەرچوونی دوو كاندیدی تری پیاوی یەكێتی هەیە. - ئەگەر كاندیدی پارتی و نەوەی نوێ دەربچێت ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لاواز دەبێت. پارتی دیموکراتی کوردستان - پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی چوارەمی ساڵی ٢٠١٨ بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو لە کەرکوک، بۆیە دوور نییە لەم خولەدا خۆی بۆ بردنەوەی کورسییەک ئامادە کردبێت کاندیدێکی بەهێزی پێشکەش کردووە کە (شاخەوان عەبدوڵا ئەحمەد تاڵەبانی)یەو تاکە کاندیدی ئەو حیزبەیە، ئەگەری سەرکەوتنی زۆری هەیە، چونکە سەرجەم دەنگەکانی پارتی لە بازنەکە کۆ دەکاتەوە. - بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک بازنەی (٢): قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (واست، تسعین، داقوق، قۆریە، رێگای بەغدا، قادسیەی، تازە- رشاد، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز، حەی نور، یایچی و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی دوو؛ 1. بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٤) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (٣) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان. 2. (56) کاندید لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٤) کورسی بازنەکە دەکەن کە (44) پیاو و (12) ئافرەتن. 3. لەو (56) کاندیدە (21) کاندیدیان سەربەخۆو (29)یان سەر بە (27) لە حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکانن. 4. ملانێیەکی زۆر لەم بازنەیەدا دەبێت، ژمارەی دەنگدەرانی پێکهاتەکان لە یەکترەوە نزیکن و بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی تورکمان (٧٩) هەزار دەنگ و پێکهاتەی کورد (٧١ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (٤٧) هەزار دەنگ بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨. 5. پێکهاتەی کورد لەم بازنەیەدا لە باشترین حاڵەتدا (٢) کورسی دەباتەوە، كە رەنگە یەكێكیان بۆ پارتی و ئەوی تریان بۆ یەكێتی بێت. 6. لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە (٥) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)). شیکاری بازنەی (2) یەکێتی نیشتمانی کوردستان - یەکێتی ئەگەر بتوانێت نزیک لە سەرجەم دەنگی پێکهاتەی کورد لەم بازنەیە کۆ بکاتەوە، نزیک دەبێتەوە لەوەی هەردوو کاندیدەکەی سەربخات. - دوور نیە تموحی یەکێتی بۆ بردنەوەی (٢) کورسی، هیچ چانسێکی نەمێنێت، ئەویش کاتێک کاندیدە ئافرەتەکەی دەنگێکی زۆر کۆبکاتەوە لەسەر حیسابی کاندیدە پیاوەکەو سەرنەکەوێت و کاندیدێکی ئافرەتی تورکمان یان عەرەب بە دەنگی خۆی و بەبێ کۆتا سەربکەوێت، سەرکەوتنی کاندیدە پیاوەکەش بکەوێتە مەترسییەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان - لەم بازنەیەدا زیاتر دەنگی پێكهاتەی كاكەیی زاڵەو پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدێكی لە پێكهاتەی كاكەیی داناوە، بۆیە ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی لاواز نیەو لە حاڵەتی بەدەستهێنانی دوو كورسی بۆ كورد ئەگەری هەیە پارتی یەكێك لە كورسیەكان بەرێت. نەوەی نوێ - هەمان ئەو سیناریۆیەی بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی هەیە، بەهەمان شێوە بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی نەوەی نوێش ڕاستە، چونکە یەکێتی و پارتیش چاویان لە کۆتای ئافرەتەوە ئەمەش ڕکابەرییەکی زۆر دەخاتە نێوان لایەنە کوردییەکان لە لایەک و کوردو پێکهاتەکانی دیکە لەلایەک. سۆسیالست - چانسێکی ئەوتۆی بۆ نامێنێت، چونکە کورد لە باشترین دۆخدا دەتوانێت یەک کاندید پیاو سەربخات ئەویش ڕەنگە کاندیدەکەی یەکێتی بێت، چونکە لەناو لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکێتی نفوزی لە سەرجەمیان زیاترە لەم بازنەیە. بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک بازنەی (٣): حەویجەو ریاز، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسیو زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛ 1. بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک بچوکترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٣) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (١) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان. 2. (39) کاندید لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (3) کورسی بازنەکە دەکەن کە (30) پیاو و (9) ئافرەتن. 3. لەو (39) کاندیدە (18) کاندیدیان سەربەخۆو (21)یان سەر بە (14) لە حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکانن. 4. زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی عەرەبن، لایەنە سیاسییە كوردییەکان دەستیان لەم بازنەیە هەڵگرتووە، تەنها جوڵانەوەی نەوی نوێ نەبێت بە تەنها کاندیدێکی پیاو بەشیداری کردووە بەناوی (مەروە عەلی حەمید)، چانسێکی لاوازی هەیە، چونکە پێکهاتەی عەرەب ئەو ناوچەیە بە جێنفوزی خۆیان دەزانن و دوور نیە ئەگەر بە ساختەکاریش بێت نەهێڵن لە دەستی خۆیان دەربچێت، چونکە بەشێکە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی پێکهاتەکان لە پارێزگای کەرکوک. 5. لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان بە (38) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) میدیا بە گشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە پێی دەستووری ئێران و یاسا بەرکارەکانی، سەداسەد پێویستە تۆمارکراو و پابەند و لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتی کولتووریی دەوڵەتدا(بەک حکومەت)، بەڕێوە بچێت، لەوەش زیاتر هەرسێ جۆری نووسراو و بینراو و بیستراو، ڕاستەوخۆ لەچوارچێوەی دەزگایەکدا ڕێکخراوون و سەر بە بەیتی ڕابەریی و ڕاستەوخۆ ڕابەری ئێران، بەڕێوەبەرەکەی دادەنێت. تەنانەت یەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆی سەربەخۆ و ئەهلی و حزبی ش لەو وڵاتەدا بوونی نییە، لەوەش زیاتر پەیج و ئەکاونتی کەسایەتی و گروپەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت لەچوارچێوەی یاسای بەرکاری ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بەڕێوە بچن و مۆڵەت وەربگرن. پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم بابەتە: پێشینەی مێژووییی دامەزراندنی میدیای نووسراو و بینراو و بیستراو چۆنە؟ ڕەوشی میدیا بە پێی دەستوور و یاسای ئێران چۆن ڕێکخراوە؟ ئەو ڕەخنانە چیین لە ڕەوتی ڕاگەیاندن دەگیرێن لە وڵاتەدا؟ پێشینەی ڕاگەیاندن ڕاگەیاندنی پێشین (ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) لە ئێرانی نوێ و هاوچەرخدا، مێژوویەکی تاڕادەیەک درێژیان هەیە، سەرەتا بە ڕۆژنامە و پاشان ڕادیۆ و تەلەفزیۆن دەستی پێکرد، هەرسێ جۆرە باوەکەشی لە سەرەتای دامەزراندنیاندا، بەجۆرێک قەرزاری ڕۆژئاواییەکانن، (ئەو ڕۆژئاوایەی کە ٤٠ ساڵە بە درووشم پشتی تێدەکەن): ١. ڕۆژنامە: یەکەمین ڕۆژنامە لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژنامەی "کاغژ اخبار"(پەڕاوی هەواڵ)، کە میرزا صالحی شیرازی، لەسەردەمی محەمەدشای قاجاردا لە ساڵی ١٨٣٧دا دایمەزراند، میرزا یەکێک بوو لەو چوار خوێندکارەی کە بۆ خوێندن لە ئەورووپا(بەریتانیا) لە ساڵی ١٨١٥دا نێردران و کە گەڕایەوە ئەم ڕۆژنامەیەی بۆ مەملەکەتی قاجار دامەزراند.(https://bit.ly/3oaQOLV) بەڵام بیرمان نەچێت کە بەکارهێنانی وشەی "روزنامە"{ڕۆژنامە} مێژووەکەی بۆ سەردەمی بووەیهیییەکانی قۆناغی خەلافەتی عەباسی و (صاحب بن عباد) دەگەڕێتەوە، کە ئێرانی ئەمڕۆش بەشێکی قەڵەمڕەوییەکەیان بووە، بەڵام بە واتای دەفتەری ڕۆژانەی بیرەوەری و یاداشت هاتووە و بە واتا هاوچەرخەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم(بڕوانە: http://naghshband.blogfa.com/post/72 ) ٢. ڕادیۆ: گەر لە ڕۆژنامەگەرییدا، ئێران قەرزاری ئەزموونی بەریتانیا بێت، ئەوا لەڕادیۆدا قەرزاری ئەڵمانیایە، یەکەمین دەزگای تۆمارکردنی دەنگ لەساڵی ١٩٢٧دا، وەزیرێکی ئەڵمانی پێشکەشی ڕەزاشای پەهلەوی کرد، شا فەرمانی کرد ئەو دەزگایە لە پەرلەماندا جێگیر بکەن تا گوێی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانتاران بێت! ساڵێک پاش ئەوەش سەرتیپ زاهیدی ئامێرێکی ڕادیۆیی پێشکەشی شارەوانی ڕەشت کرد، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی ١٩٢٩ پرۆژەیاسای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگ پێشکەشی پەرلەمان کرا و ئەوەش یەکەمین یاسای تایبەت بە میدیایە لە ئێراندا، هەوڵێکی ئەهلی بوو کە میرزا حسینی دیبا پێشکەشی کرد بۆ وەرگرتنی جیاوگی دامەزراندنی ڕادیۆ، گەرچی ئەم یاسایە بۆ ساڵێک مۆڵەتی دابوویە خاوەنی پڕۆژەکە و کردەیی نەکرا و ڕادیۆش (وەک پەخشکەر) دانەمەزرا، بەڵام هەمان ساڵ کڕینی ئامێری ڕادیۆ و دانانی لەماڵەکاندا ڕێی پێدرا بەمەرجێک داواکاری بۆ وەزارەتی نێوخۆ بەرزبکرێتەوە و مۆڵەتپێدراو بێت. ساڵی ١٩٣٨یش یەکێک لە ئاشورییەکان(جیمس قهرمانیان) پێشنیاری ئەوەی دایە شا تا دەزگایەکی ڕادیۆی سەرانسەری لەوڵاتدا دامەزرێنێت، بەڵام هەموو ئەم هەنگاوانە کردەیی نەبوون، تا ئەوەی ساڵی 1940 ڕادیۆ لە ئێراندا ئیفتیتاح کرا (بڕوانە: حسین محبوب اردکانی(١٣٩٠): تاریخ موسسات تمدنی جدید در ایران، ج٣، انتشارات دانشگاه تهران، صص٧٥-٧٦) ساڵیک پاش ئەوەش فەرمانگەی بانگەشە دامەزرا و پاشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی زانیاری و ڕادیۆ (داریوش رحمانیان(١٣٩١): ایران بین دو کودتا، انتشارات سمت، ص٢٤٧). ٣. تەلەفزیۆن: مێژووی هاتنەناوەوەی تەلەفزیۆنیش، بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، ئەوکات گەنجێک بە ناوی "کارزونی"، خەڵکی ئەسفەهان، کە لەبواری دەرهێنانی سینەماییدا لە دەرەوەی وڵات خوێندبووی، بیری لەوە کردەوە و هەوڵێکی زۆری دا لە ئێراندا دەزگایەکی پەخشی تەلەفزیۆن دامەزرێنێت، بەڵام هەوڵەکانی سەری نەگرت. گەرچی هەر لەو دەیەیەدا دامەزراندنی دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن پێشنیار کرا، بەڵام ئەمەش کرداری بەشوێنەوە نەبوو، تا ئەوەی کەسێک بە ناوی حەبیبوڵا سابیت پێشنیاری دامەزراندنی تەلەفزیۆنێکی لە ساڵی ١٩٥٨ (١٣٣٧ش)دایە پەرلەمان و پەسەندی کرد، بەم شێوەیە یەکەمین یاسای تایبەت بە تەلەفزیۆنیش لەئێراندا دەرچوو. ڕۆژی 3ئۆکتۆبەری١٩٥٨ یەکەمین تەلەفزیۆن بە ناوی "تەلەفزیۆنی ئێران" دەستی بە پەخش کرد و ڕۆژانەکەی چوار سەعات هەبوو. ساڵی ١٩٦٦یش یەکەمین تەلەفزیۆنی نیشتمانی-دەوڵەتی وەک پەخشی ئەزموونی دەستی بەکار کرد(تاریخ تلویزیون در جهان و ایران: https://mihankalaa.com/blog/historial-de-tv/ ). ڕاگەیاندن و سانسۆر لە ئێرانی ئێستادا بواری ڕاگەیاندن کە لەژێر ناوی "صدا و سیما"دا {دەنگ و ڕەنگ} لە دەستووری ئێراندا بەشی دوانزەیەم و مادەی ١٧٥ی بۆ تەرخان کراوە، پێشتر ئەم بڕگەیە ناوی "میدیای گشتی یان گرووپی بوو" بەڵام لە هەموارکردنەوەی دەستووردا گۆڕدرا بۆ سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم مادەیە سەرەتاکەی وا هاتووە کە ڕا و باوەڕ ئازادە و پێویستە دەسەتەبەر بێت، بەڵام مەرجداری کردووە بەوەی کە پێویستە لە چوارچێوی پێوەرە ئیسلامییەکان(مەبەستی پێوەرەکانی شیعەی دوانزە ئیمامییە کە مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەتە بە پیی دەستوور) و بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا بێت. (دیارە لەپێشدا سەدا و سیما مەبەست ڕادیۆ و تەلەفزین و ڕۆژنامە بوو، بەڵام هەنووکە سەرجەم بوارەکانی میدیا لە خۆدەگرێت و تەنانەت هەور و پانتایی گریمانەیی ئینتەرنێتیش دەگرێتە خۆ). هەر بەپێی ئەم ماددەیە دانان و لادانی سەرۆکی دەزگاکە لە دەسەڵاتەکانی ڕێبەردایە و ئەنجومەنێکی بۆ پێکدەهێنرێت کە لە نوێنەرەکانی سەرکۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و پەرلەمان پێکدێت و چاودێری ئەم دەزگایە دەکەن، سیاسەتی گشتی و ڕێکخستنی دەزگاکە و چاودێرییکردنیشی بە یاسایەک لە پەرلەمانەوە ڕێکدەخرێت، هەر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دەزگاکە (ماددەی حەوت) ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە دەبێت: موسڵمانێکی مولتەزیم بێت، باوەڕی بە وەلی فەقیه هەبێت، ئاگای لە سیاسەتی نیوخۆیی و دەرەوە و بابەتی ڕۆژ هەبێت، پێشینەی پاک بێت و ...تاد. هەروەها بەپێی یاسای پێڕەوی دەزگای ڕاگەیاندن (صدا و سیما) (مادەی نۆ)ئامانجەکەی ئاوا دیاری کراوە: کە "دەزگا ی ڕاگەیاندن وەک زانکۆیەکی گشتی بڵاوکردنەوەی کولتووری ئیسلامییە، پێویستە ژینگەیەک بۆ تەزکیەی نەفس و فێربوونی ئینسان و گەشەکردنی فەزیڵەتە ئەخلاقییەکان دروست بکات و خێرایی ببەخشێ بە هەنگاوەکانی تەواوکردنی شۆڕشی ئیسلامی لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمەش لەچوارچێوەی بەرنامەی ڕێنمایی، هەواڵی و سەرگەرمی پەرەپێبدرێت" بۆ زانیاری زیاتر بروانە: (مادەی١٧٥ی دەستووری ئێران)،(یاسای بەڕیوەبردنی صدا و سیمای جمهوری اسلامی https://rc.majlis.ir/fa/law/show/90104?keyword=%D8%B5%D8%AF%D8%A7+%D8%B3%DB%8C%D9%85%D8%A7 ) و (یاسای اساسنامە سازمان صدا و سیمای جمهوری اسلامی: https://rc.majlis.ir/fa/law/show/90402 ). لێرەوە دەردەکەوێت ئەو بنەما و پێوەرە هاوچەرخە جیهانییانەی کە میدیای ئازاد و وڵاتانی دیموکرات لەسەری دەڕۆن، لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی ڕاگەیاندن لە ئێراندا و پەیامەکانی کارکردنی، دوو دنیای جیاوازن و ئامانجی میدیا لە ئێراندا تەنها ئامرازێکە بۆ پەرەپیدانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی فەرمی و بنەماکانی شۆڕش و مەزهەب. پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و بەر لە هەموارکردنەوەی دەستوور، دەزگای میدیای ئێران، لەژێر سەرپەرشتیی هەرسێ دەسەڵاتدا (جێبەجێکردن، پەرلەمان و دادوەریی) بوو، کە تێیدا تاڕادەیەک کرانەوە و ڕەنگاوڕەنگی تێدا بەدی دەکرا، بەڵام بە هەموارکردنەوەی دەستوور(١٩٨٩)، دەسەڵات و وابەستەیی ئەو دەزگای ڕاگەیاندن خرایە سەر دەسەڵاتەکانی ڕێبەر و وابەستەکرا بە سیاسەت و ڕێنمایی و باوەڕەکانی ئەوەوە.(بڕوانە دەستووری یەکەمینی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩). بارەگای سەرەکی دەزگای ڕاگەیاندنی ڕەسمی ئێران، هەنووکە لە شەقامی وەلیعەسری تارانی پایتەختە و دەکەوێتە باکووری شاری تارانەوە و نزیکەی ١٢٠ هێکتار زەوی بۆ دابین کراوە. جیا لەمەش لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا لق و نوسینگە و دەزگای لێبووەتەوە و هەر پارێزگایەکیش نوسینگە و تەلەفزیۆنێک و ڕادیۆیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئامراز و دەسەڵاتیان دراوەتێ و دەست بەکارن. سەرجەمیان سەر بە دەزگا گشتییەکەی تارانن و هەر بۆ نموونە زیاتر لە ٣٥ کەناڵی تەلەفزیۆنی لە پارێزگاکان و شارەکاندا هەیە و هەمان ئەندازە و زیاتریش رادیۆی هەیە. هاوکات چەندین تۆڕی ئینتەرنێتی و سایت و پەیج و ... و دەزگای وەشاندن و ئینتەرنێتی و ...تاد بەڕێوە دەبات. جیا لەمەش لەدەرەوەی ئێرانیش چەندین لق و کەناڵی ئاسمانی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و سایت و ...تاد لێبووەتەوە و سەرجەمیان ڕووماڵی سیاسەتی کولتووری و هەژموونی دەوڵەتی ئێران دەکەن، وەک: کەناڵەکانی سەحەر بە زمانەکانی کوردی و ئوردو و فەرەنسی و ئازەری، کەناڵەکانی جامی جەمی دەرەوە، ئای فیلمەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی، کەوسەری عەرەبی، ئەلعالەمی عەرەبی، پرێس تی ڤیی ئینگلیزی و هیسپان تی ڤیی ئیسپانی..تاد و ڕادیۆکانی دەرەوەی وەک: شەش ڕادیۆ (١تا٦) بە زمانی عەرەبی، نەدای ئیسلامی ئینگلیزی و ڕووسی و تورکی و فەرەنسی و..تاد، ڕادیۆی دەری بە فارسی دەری، ڕادیۆی سەدای ئاشنا بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا. دەزگای ڕاگەیاندن لە ئێراندا زانکۆیەکی تایبەت و چەندین کۆلێژ و پەیمانگای هونەری بۆ کراوەتەوە (زانکۆی دەنگ و ڕەنگ) کە کادیری بوارەکە پەروەردە دەکەن و بە پشتگیری تایبەت و پێوەری خۆیان وەردەگیرێن، نەک هەر خوێندکرێک ئارەزووی بکات و بەنمرە وەربگیرێت. لەڕووی سەرچاوەی داراییەوە، زۆرینەی خەرجییەکانی لە سەر بودجەی گشتی تەرخان دەکرێت و بەشێکی دیکەشی لەڕێگەی ڕیکلام، پشکداری لە: پارەی بەشدارانی کارەبا، پارەی بواری وەرزش، پشک لە فرۆشتنی ئامێرەکانی تەلەفزیۆن، پشکدار لە دەرامەتی ڕۆژنامەکان، دەزگاکانی وەشاندن، گۆڤار و بڵاوکراوەکان، دەرامەتی چەندین کۆمپانیای میدیای وەک سروش و سیما چوب و...تاد دەست دەخرێت. سانسۆری میدیایی لە ئێراندا ئەوەی لەمێژووی ڕاگەیاندنی ئێراندا تێبینی دەکرێت، سەرجەم هەوڵە یەکەمینەکانی دامەزراندن و وەشاندنی دەزگای میدیایی سەرەتا هەوڵی ئەهلی و کەسایەتی بوون، بەڵام لەکۆتاییدا دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتوون و نەک ئەوەی میدیای دەوڵەتی بەهێزتر بێت، بەڵکو سەرجەم میدیاکان پێویستە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بن. تێبینیەکی دیکەی نێو بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە ئێراندا ئەوەیە، هاوتا لەگەڵ هەوڵە سەرەتاییەکانی پەرەپێدانی میدیادا، مێژووی سانسۆر و داخستن و دەسگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانیش پەرەسەندوو بووە و ئەمەش تەنها پەیوەست نییە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵکو وەک نەریتێکی دێرینی دژەمیدیایی دەوڵەتە ئێرانییەکانە و هەر لە دەوڵەتی قاجارەوە تا پەهلەوی و دەوڵەتی هەنووکەیی دەزگا سانسۆرییەکانی میدیا زۆر کاریگەرترن لە دەزگا وەشێنەرەکانی. گەرچی بە پێی دەستووری ئێران، لە مادەی ٢٤دا هاتووە، کە "بڵاوکراوە و چاپکراوەکان لە دەربڕیندا ئازادن، مەگەر ئەوەی کە زیان بە بنەماکانی ئیسلام یاخود مافە گشتییەکان بگەیەنن" (بڕوانە: معاونت حقوقی ریاست جمهوری(١٣٩٥): مجموعە قانون اساسی ج.ا.ایران، چاپ چهارم، تهران، ص٤٨) بەڵام هەر لەو دەستوورەدا و بەپێی ماددەی ١١٠ کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی ڕێبەری باڵاوە، لە بڕگەی ج-دا دەسەڵاتی دانان و لادان و قبوڵی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەزگای دەنگ و ڕەنگ (رادیۆ و تەلەفزیۆن و ...تاد- صدا و سیما)ی داوەتە "ڕابەری باوەڕدارانی جیهان" (ڕابەری ئێران)(سەرچاوەی پێشوو، ل٩٩) و بە پێی هەردوو یاسای بەڕێوەبردن و پێڕەوی صدا و سیمای ئێرانیش مەرجەکانی بەڕێوەبەرانی و سەرپەرشتیارانی و پەیامەکانی بە ئایدۆلۆژیا و مەزهەب کاریگەرن و مەرجی کاری میدیاییە. زۆرترین ڕەخنەیەک لەم دەزگایە دەگیرێت، لەلایەک ئایدۆلۆژیبوونییەتی کە دەربڕی ڕای لایەنێک و ئاراستەیەکی سیاسییە و بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەمە بەڕوونی دەردەکەوێت، لەلایەکی دیکەوە لەخۆگری دەنگی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکانی جگە لە شیعە نییە، بۆ نموونە لە بانگدانەوە تا دەگاتە پەخشی بەرنامەکان زیاتر بەرنامەی ئاینی شیعەمەزهەبییانەیە و لەڕووی زمانیشەوە فارسی-تەوەرە و لەڕووی زمانی رەسمی فارسییە و زمانەکان (کوردی، عەرەبی، بەلوچی و ئازەری) و مەزهەبەکانی دیکە (سوننە وئاینەکانی وەک مەسیحی و جوو و زەردەشتی) فەرامۆش کراوون و لە چەند بەرنامەیەکی کولتووری و هونەرییدا نەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەوەی ئەم دەزگایەی پێدەناسرێتەوە، سانسۆرە بەردەوامەکانییەتی لەسەر بەرهەم و هاوکارانی، ئەم سانسۆرەش خۆی لە سانسۆری سیاسیی، ئاینی، مەزهەبی، ئەخلاقی، جلوبەرگ و کەلامییدا دەبینێتەوە، سانسۆرچی لە وەرزش و هونەری مناڵانەوە تا سیاسەت ڕۆڵ دەگێڕێت، تەنانەت هێندە کارایە کە ڕەنگی جلوبەرگ و جۆری جلوبەرگی زنجیرە کارتۆنییە بیانییەکانی مناڵانیش دەگۆڕێت، بەجۆرێک جاری وا هەبووە دوو کاراکتەری عاشقی یەکتر لە کارتۆنێکی مناڵاندا وەک خوشک و برا نمایش کراوون، ئەمەش بە بیانووی ناشەرعی پەیوەندیی هاوڕێیەتی کچ و کوڕ لە مەزهەبی شیعەدا! لەبواری وەرزشیشدا بۆ نموونە سرودی نیشتمانی ئەمریکای پەخش ناکرێت(لەیارییەکانی ئێران و ئەمریکا)! لەبواری هونەریشدا زۆرینەی هونەرمەندانی ئێرانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەرهەمەکان و وێنەیان ڕێگەی پەخشکردنی نادرێت و هەر ئەمەش وای کردووە، بەشێکی دیکەی هونەرمەندانیش بایکۆتی تەلەفزیۆن و ڕادیۆی ڕەسمی وڵاتیان کردووە. لەڕووی ڕۆژنامەگەریشەوە ئەوا تۆماری داخستنی ڕۆژنامەکان بەهۆی حاڵەتی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبییەوە لیستێکی درێژە و لێرەدا بوار نییە بخرێنە ڕوو. لە نموونەی سیاسیشدا بۆ دەساڵ زیاتر وێنەی سەرۆکی هەندێ وڵات لە لیستی پەخشنەکردندا بووە و تەنها بە نووسین ڕووماڵ کراوە وەک وێنەی جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا، لە ئاستی نێوخۆشدا، بۆ نموونە حاڵی حازر دەنگ و ڕەنگی خاتەمی، مووسەوی، کەروبی و ...تاد قەدەغەیە لە هەر دەزگایەکی میدیایی دەوڵەتیدا پەخش بکرێن! ڕەخنەگرانی پسپۆڕ رەفتاری دەزگای سانسۆر بە نەپاراستنی مافی بەرهەمهێنەر و نووسەر و تەنانەت مافی بینەریش دەزانن کە هەم چەواشەکارانەیە و دژە ئازادییە و هەم مافی خەڵکی دیکەی پێشێل کردووە، ئەوان لەو باوەڕەدان دەزگای ڕاگەیاندنی ڕەسمی دەکرێت لە بنچینەدا بەرهەمەکان پەخش نەکات نەک ئەوەی بەوشێوەیە پەخش بکات کە زۆرکات بەرهەم و کاراکتەرەکان لە سیاقی بەرهەمەکەدا ڕێ ونکراوون و ناناسرێنەوە. تێبینی: ئەم بابەتە زۆرتر تاوتوێی میدیای فەرمی و ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی و دەزگای سانسۆر و پەیامی پشت میدیای کردە تەوەر، گەرنا یاسای ڕۆژنامەگەریی نووسراو و پێوەرەکانی دیسانەوە، جێگەی بابەتی دیکە و نەدەکرا لێرەدا بەوردی جێبکرێنەوە، گەرچی لەڕووی ئامانج و پەیامەوە، ئەوانیش دیسانەوە هەر دەبێت پابەندی بنەماکانی شۆڕش و ئیسلام و سیاسەتی گشتی دەوڵەت بن. بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛ هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە ئێراننامە (16):ئاراستەکانی نێو حکومەتەکەی رەئیسی کابینەیەکی بێ ژن و پێکهاتەکان
راپۆرت: درەو ئەو رۆژەی بڕیاردرا كورد ریفراندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی، بارزانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی وت:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، بەڵام سكرتێری حزبی شیوعیو دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس دەیانوت دەبێت دەستوری دەوڵەتەكە "عەلمانی" بێت، نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی داوایدەكرد وەكو مژدانەی ریفراندۆم چەند موچەیەك بەسەریەكەوە بە فەرمانبەران بدرێت، مەلا بەختیار پێشبینی هێرشی حەشدی شەعبی دەكردو محەمەد حاجی مەحمود-یش دەیوت باوەڕناكەم شیعە پەلاماری كورد بدەن، سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی لەوادەی خۆی دوایبخات، لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی بارزانیو لایەنەكان لە رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بڵاودەكەینەوە. دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكردو سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراقو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتیو یەكێتی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی 7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەسو لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕأن و كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیەیان بكردایە چونكە پرسێكی چارەنوسسازە ، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوەو وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكەی (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین". لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیانو مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێتو دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە: • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانو كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتیو یەكێتی سەردانی گۆڕانو كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووەو وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایەو پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنیو عەلمانیو دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین ؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەینو پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووەو پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە". • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕانو كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییەو كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەداو لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووەو داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوەو رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوەو وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووەو رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە ، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتیو ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوەو پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێویو موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە. بەرەی توركمانو ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كردو دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووەو خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوەو بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێتو بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانیو نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كردو بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەستو سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانو باڵیۆزی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوەو هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكاتو دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە. بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكانو كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوەو پاشەكشێی كردووەو بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێتو تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ تەید كردنی قسەكانی كاك مەسعود ، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی كەس دژی ریفراندۆم نییەو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەنو دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەنو دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكاتو دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووەو بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان. بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخاتو بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكاتو لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدادو ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە. تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكاتو سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: • رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات. • جێبەجێكردنی ماددەی 140. • چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوەو وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێتو دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتی لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو، سەرباری هەڕەشەكان شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێتو كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوەو داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوریو سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)و ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو یەكێتی ئەوروپا، بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداریو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكەو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێرانو توركیا سنورەكانی وشكانیو ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخستو لەپاڵ ئەمەشدا دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركردو كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكردو بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنورییەكان فڕۆكەخانەكانی هەرێم.
راپۆرت: درەو بەپێی راپرسییەك كە رێكخراوێكی بیانی بۆ (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)ی كردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كە 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پارتی 26 كورسی، هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتیو گۆڕان 16 كورسیو نەوەی نوێ (9) كورسی بەدەستدەهێنن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا: حزبەكان بە نهێنی راپرسی دەكەن كەمتر لە (20) رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەنهێنی دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی راپرسی بۆ ئەوەی سەنگو قورسایی خۆیان لە هەڵبژاردنەكەدا بزانن. لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەی گەورەی تایبەت بە ئەنجامدانی راپرسی نییە، بۆیە حزبەكان پەنا بۆ دامەزراوە بیانییەكان بەتایبەتی ئەمریكیو بەریتانییەكان دەبەن، ئەنجامی ئەم راپرسییانە هەر چۆنێك بن، لەچوارچێوەی ژوری داخراوی حزبەكاندا دەمێننەوە، لەكاتی پێویستداو بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران، هەندێكجار حزبەكان دزە بە راپرسییەكانی خۆیان دەكەن. راپرسییەكەی نەوەی نوێ رێكخراوێكی بیانی راپرسییەكی تایبەتو نهێنی بۆ جوڵانەوەی (نەوەی نوێ) ئەنجامداوەو (درەو) ئەنجامی راپرسییەكەی دەستكەوتووە. ئەم راپرسییە لەماوەی نێوان 1/9/2021 بۆ 10/9/2012 ئەنجامدراوە، واتە سامپڵەكانی لەم كاتەدا وەرگیراوە، سنوری راپرسییەكە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، كەركوك، دهۆك، خانەقینو جەلەولا، كەمپی ئاوارەكان)ی گرتوەتەوە. (6 هەزارو 338) كەس وەكو سامپڵ بۆ ئەم راپرسییە وەرگیراوە، رێژەی بەشداری لە راپرسییەكەدا (73%) بووە، سامپڵەكان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراوە: • سلێمانی: 1843سامپڵ، بەرێژەی 29% • هەولێر: 1475 سامپڵ، بەرێژەی 23.4% • دهۆك: 1004سامپڵ، بەرێژەی 15.8% • كەركوك: 1179 سامپڵ، بەرێژەی 18.6% • خانەقین و جەلەولا: 366 سامپڵ، بەرێژەی 5.8% • ئاوارەو ناوچەكانی سەر بە نەینەوا: 471 سامپڵ، بەرێژەی 7.4% بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە، رێژەی دەنگی لایەنەكان لەسەر ئاستی چوار پارێزگای هەرێم (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە) بەمشێوەیە بووە: • كۆی دەنگەكانی لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم: 4322 سامپڵ - پارتی: 1472 دەنگ = 34% - نەوەی نوێ: 1382 دەنگ = 32% - هاوپەیمانی: 969 دەنگ = 22,5% - كۆمەڵ: 162 دەنگ = 4% - یەكگرتوو: 235 دەنگ = 5,5% - لایەنی تر: 102 دەنگ = 2% دەنگی لایەنەكان لەسەر ئاستی پارێزكاگان بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ: یەكەم: هەولێر • پارتی: 689 دەنگ • نەوەی نوێ: 502 دەنگ • هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 176 دەنگ • كۆمەڵی دادگەریی: 54 دەنگ • یەكگرتووی ئیسلامی: 36 دەنگ • سەربەخۆكان: 18 دەنگ دووەم: سلێمانی • نەوەی نوێ: 727 دەنگ • هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 679 دەنگ • پارتی: 167 دەنگ • كۆمەڵی دادگەریی: 108 دەنگ • یەكگرتوو: 94 دەنگ • سەربەخۆكان: 68 دەنگ سێیەم: دهۆك • پارتی: 616 • نەوەی نوێ: 153 • هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 114 • یەكگرتووی ئیسلامی: 105 • لایەنی تر: 16 چوارەم: كەركوك • هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 679 • نەوەی نوێ: 219 • پارتی: 167 • لایەنی تر: 114 پێنجەم: خانەقینو جەلەولا • هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 216 • پارتی: 43 • لایەنی تر: 107 پێشبینی كورسییەكانی پارتە سیاسییەكان بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ یەكەم: لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو رێكخراوە بیانییەی راپرسییەكەی بۆ نەوەی نوێ كردووە، بەمشێوەیە پێشبینی ژمارەی كورسییەكانی پارتی كردووە. • لە پارێزگای هەولێر لە كۆی (14) كورسی، پارتی (9 بۆ 10) كورسی بەدەستدەهێنێت، لە بازنەی یەك (3) كورسی، لە هەر یەكێك لە بازنەكانی (2،3،4) پارتی (2) كورسی بەدەستدەهێنێت، پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای هەولێر (8) كورسی بەدەستهێنابوو. • لە پارێزگای دهۆكیش بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ، لەكۆی (11) كورسی، پارتی (9 بۆ 10) كورسی بەدەستدەهێنێت، لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای دهۆك پارتی (10) كورسی بەدەستهێنابوو. • راپرسییەكەی نەوەی نوێ دەڵێ، پارتی لە سلێمانی (1 بۆ 2) كورسیو لە كەركوك (1) كورسیو لە موسڵیش (4 بۆ 5) كورسی بەدەستدەهێنێت. واتە بەگوێرەی راپرسییەكە، لەكۆی پارێزگاكانی هەرێمو عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ كورسی كۆتاكان (25 بۆ 26) كورسی بەدەستدەهێنێت. دووەم: هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی+ گۆڕان) راپرسییەكەی نەوەی نوێ باسلەوە دەكات رێكخراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە یەكێتی بارودۆخی ناوخۆیی خراپەو ئەم دۆخە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دەنگدەرانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەكێتی لەئێستادا هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی سفر كردووەتەوەو زیانی لە جەماوەری ئەو هێزە داوە، سەرباری ئەمە باسی لەوەكردووە" بەهۆی لاوازی ركابەرەكانیەوە، یەكێتی بەشێك لە كورسییەكانی سلێمانی بۆخۆی دەبات، بەتایبەت دوای هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕانو لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمەڵو یەكگرتوو، لە هەندێك بازنە ئەوان كاندیدیان نیەو نەوەی نوێش لەهەر بازنەیەك یەك كاندیدی هەیە، ئەگەر سەرجەم كاندیدەكانیشی دەربچن ئەوا (5) كاندیدی سەردەكەوێت. • بەپێی پێشبینی ئەو رێكخراوەی راپرسییەكەی بۆ نەوەی نوێ كردووە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی (10 بۆ 11) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەم ژمارەیە یەكێتی (9 بۆ 10) كورسیو بزوتنەوەی گۆڕانیش (1) كورسی دەبات. • بەپێی پێشبینی رێكخراوەكە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای كەركوك (4) كورسیو لە هەولێر (1) كورسیو لە دیالە (1) كورسیو لە سەڵاحەدین (1) كورسی دەبات. واتە بەگوێرەی راپرسییەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی+ گۆڕان) بۆ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بەتێكڕا لەنێوان (16 بۆ 18) كورسی بەدەستدەهێنێت. سێیەم: نەوەی نوێ رێكخراوە بیانییەكە، جوڵانەوەی نەوەی بە هێزی "سێیەم" لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ناودەبات، چونكە پێشبینی دەكات ئەم جوڵانەوەیە لە هەڵبژاردندا ژمارەی كورسییەكانی بەمشێوەیە بێت: • لە پارێزگای سلێمانی (5) كورسی مسۆگەر دەكات. • لە پارێزگای هەولێر (3 بۆ 4) كورسی مسۆگەر دەكات. • لە پارێزگای كەركوك (1) كورسی مسۆگەر دەكات. • لە پارێزگای دهۆك (1 بۆ 2) كورسی مسۆگەر دەكات. واتە بەگوێرەی راپرسییەكە، كۆی ئەو كورسیانەی كە نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستیان دەهێنێت، لە كەمترین ئاستدا (9) كورسیو لەبەرزترین ئاستدا (14) كورسی. چوارەم: كۆمەڵی دادگەریی بەپێی پێشبینی ئەو رێكخراوە بیانییە، كۆمەڵی دادگەریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا (2 بۆ 3) كورسی بەدەستدەهێنێت، (2) كورسی لە پارێزگای سلێمانی (راپەڕینو هەڵەبجە)و كورسیەك لە پارێزگای هەولێر. پێنجەم: یەكگرتووی ئیسلامی یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا كە كاندیدەكانی بەناوی "سەربەخۆ"وە بەشداریان پێكراوە، بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ، لە نزمترین ئاستدا (1) كورسیو لە باشترین حاڵیشدا (2) كورسی بەدەستدەهێنێت لە هەڵەبجەو لە دهۆك. كۆی گشتی كورسی لایەنەكان بەپێی راپرسییەكە: لە سێ پارێزگاكەی هەرێم كورد (44) كورسی هەیە، (6 بۆ 7) كورسی كەركوكو (2) كورسی دیالەو (1) كورسی سەلاحەدین (دوزخورماتوو) لەگەڵ (5) كورسی پارێزگای نەینەوا، كە كۆی گشتی كورسییەكانی كورد دەكاتە (58) كورسیو (2) كورسی كۆتایی مەسیحییەكان. پێشبینی ئەنجامی كۆتایی راپرسییەكەی نەوەی نوێ پێشبینی دەكات، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بێت: • پارتی: 25 - 26 كورسی • هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 16- 18 كورسی • نەوەی نوێ: 9 - 14 كورسی • كۆمەڵ: 1- 3 كورسی • یەكگرتو: 1-2 كورسی • 3 كورسی دەمێنێتەوە بۆ سەربەخۆكانو زیادیو كەمی دەنگی لایەنەكان. راپرسییەكەی یەكێتی ! (درەو) بەدواداچونی كرد بۆ ئەو لایەنانەی تر كە بەشێوەی نهێنی راپرسییان كردووە، سەرچاوەیەك لە یەكێتی پێی راگەیاندین، یەكێتی لەڕێگەی رێكخراوێكی بیانییەوە راپرسی ئەنجامداوەو ئەنجامەكەی نزیكە لە ئەنجامی ئەو راپرسییەی كە نەوەی نوێ كردویەتی.
(درەو): بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكان لە عێراق: • بانگەشەی هەڵبژاردن ئازادەو مافێكی گەرەنتیكراوە بۆ هەموو كاندیدەكانو بانگەشە لەدوای پەسەندكردنی لیستی كاندیدەكانەوە دەستپێدەكاتو 24 كاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدان كۆتایی دێت. • بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرجۆرە باجێك بەخشراوە. • شارەوانی پارێزگاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەو شوێنانە دیاری دەكەن كە بانگەشەی هەڵبژاردن تێیاندا قەدەغەیە. • دانانی پۆستەر یان بەرنامە یاخود وێنەی كاندیدەكان لەناو بنكەو وێستگەكانی دەنگدان قەدەغەیە. • ئەو پارتە سیاسیو لیستە كراوەو كاندیدانەی كە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، دەبێت دوای هەڵبژاردن پۆستەرەكانیان لە شوێنە گشتییەكان كۆبكەنەوە. • قۆستنەوەی بینای وەزارەتو دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەتو شوێنی پەرەستش بۆ بانگەشەو هەر جۆرە چالاكییەكی هەڵبژاردنی قەوارە سیاسییەكانو كاندیدەكان، قەدەغەیە. • بەكارهێنانی دروشمی فەرمی دەوڵەت لە كۆبونەوە، ریكلامەكان، بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن، نوسینو وێنەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، قەدەغەیە. • فەرمانبەری فەرمانگەكانی دەوڵەتو دەسەڵاتە خۆجێییەكان رێگەپێدراو نین هەژموونی وەزیفی یاخود تواناو ئامزازو ئامێرەكانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان هەر كاندیدێك بەكاربهێنن بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەریی لەسەر دەنگدەران، بە دەزگا ئەمنیو سەربازییەكانیشەوە. • هەر جۆرێك لە جۆركانی فشارو زۆرلێكردن یاخود پێدانی دەستكەوتی ماددیو مەعنەویو پێدانی بەڵێن بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، قەدەغەیە. • بەكارهێنانی سامانی گشتی، بودجەی وەزارەتەكان، پارەی وەقفەكان یاخو هەر پاڵپشتییەكی دارایی دەرەكی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە. • هیچ كاندیدێك بۆی نییە رۆژی دەنگدان بەرنامەی كار یاخود بڵاوكراوەو كارتی خۆی یان هەر شتێكی تر، لەرێگەی خۆی یان كەسانی ترەوە، دابەش بكات. • هیچ كارمەندێكی فەرمانگەكانی دەوڵەت یان ئەندامانی دەسەڵاتە خۆجێییەكان بۆیان نییە لە رۆژی دەنگداندا بەرنامە كار دابەش بكەن، ئیتر چ لەڕێگەی خۆیانەوە بێت یان كەسانی تر. • دانانی ریكلام یان دابەشكردنی بەرنامەی كارو بڵاوكراوەو كارتی دەنگدانی كاندیدێك كە ناوی لە لیستی كاندیدە پەسەندكراوەكانی كۆمسیۆندا نەبێت، قەدەغەیە.
راپۆرت: درەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (329) كورسی پێكدێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەم ژمارە كورسییە تەنیا (9) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە. یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە (9) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی دابەشكردووە: • پێكهاتەی مەسیحی: (5) كورسی، كورسییەكان دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكانی (بەغداد- نەینەوا- كەركوك- دهۆك- هەولێر)، هەریەكێك لەم پارێزگایانە یەك كاندیدیان بۆ پەرلەمانی عێراق سەردەكەوێت. • پێكهاتەی ئێزدی: (1) كورسی لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە. • پێكهاتەی سابیئەی مەندائی: (1) كورسی لە پارێزگای بەغداد بۆ دانراوە. • پێكهاتەی شەبەك: (1) كورسی لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە. • پێكهاتەی كوردە فەیلییەكان: (1) كورسی لە پارێزگای واست بۆ دانراوە. بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەگەر كەسانی سەربە هەریەكێك لەم پێكهاتانە لە لیستی حزبو هاوپەیمانێتییەكان سەركەون بۆ پەرلەمان، لەسەر پشكی كۆتا ئەژمار ناكرێن، واتە پشكی كۆتاكان پارێزراوە. یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە بازنەی هەڵبژاردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكانی دیاریكردووە: • پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحییەكان لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردندایە، واتە لەسەرتاسەری عێراق خەڵك دەتوانن دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە لەسەر پشكی "كۆتا"ی مەسیحییەكان خۆیان كاندید كردووە. • پێكهاتەی سابیئەی مەندائی بەهەمان شێوەی پێكهاتەی مەسیحی یەك بازنەی بۆ دیاریكراوە، واتە لەسەرتاسەری عێراق خەڵك دەتوانن دەنگ بۆ ئەو كاندیدانە بدەن كە لەسەر پارێزگای بەغداد خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە. بەڵام دۆخەكە بۆ كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی تر جیاوازە، پێكهاتەی ئێزدی كە یەك كورسییان بۆ دیاریكراوە، دەتوانن تەنیا لە سنوری پارێزگای نەینەوا دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە خۆیان بۆ بردنەوەی كورسییەكە كاندید كردووە، واتە لە پارێزگاكانی تر مافی دەنگدانیان پێنەدراوە، ئەمە بەهەمان شێوە بۆ تاكە كورسییەكەی پێكهاتەی شەبەكو كوردە فەیلییەكانیش راستە. شەڕی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان زیاتر لە (60) كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بردنەوەی (9) كورسی تایبەت بە پێكهاتەكان لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، لەناو ئەوانەی كە كێبڕكێ لەسەر كورسی "كۆتا"ی كەمینەكان دەكەن وەزیرێكی كابینەی ئێستای حكومەتی عێراقو (13) پەرلەمانتاری خولی ئێستاو خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەن. كۆتای مەسیحییەكان پێكهاتەی مەسیحی كە (5) كورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا بە "كۆتا" بۆ دیاریكراوە، وەكو حزبی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی لە (6) رەوتی سیاسی پێكدێت، بەڵام لەپاڵ ئەم رەوتە سیاسییانەدا خەڵكانێكی سەر بەم پێكهاتەیە بەشێوەی (سەربەخۆ) خۆیان كاندید كردووە. بەگشتی (33) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی (5) كورسییەكەی پێكهاتەی مەسیحی. دیارترین پارتە سیاسییەكانی پێكهاتەی مەسیحی بریتین لە: • بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری بە سەرۆكایەتی (یونادم كەنا) كە خۆی كاندید نەكردووە. • ئەنجومەنی میللی كلدانی سریای ئاشوریی بە سەرۆكایەتی (جەمیل زەیتۆ)، ئەم حزبە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كورسییەكی كۆتایی مەسیحییەكانی لە پارێزگای كەركوك بردەوە. • ئیئتیلافی حامورابی: ئەم ئیئتیلافە (ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح) وەزیری گواستنەوەی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، ئانۆ جەوهەر خۆشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئیئتیلافەكەی ئانۆ جەوهەر پێكدێت لە سێ رەوتی سیاسی كە بریتین لە (ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی- یەكێتی دیموكراتی كلدانی- بزوتنەوەی گردبونەوەی سریان). • بزوتنەوەی بابلیۆن: ئەم بزوتنەوەیە (رەیان كلدانی) سەرۆكایەتی دەكات، كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدیو نزیكە لە رێكخراوی بەدری هادی عامرییەوە، بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ساڵی 2019 ئەمریكا سزای بەسەر (رەیان كلدانی)دا سەپاند، بزوتنەوەی بابلیۆن لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دوو كورسی كۆتایی مەسیحییەكان لە بەغدادو نەینەوا بردەوە، سەرباری ئەمە وەزیرێكی لە كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق هەیە كە بریتییە لە (ئیڤان فایەق جابرۆ)ی وەزیری كۆچو كۆچبەرانە. • هەردوو پارتی (یەكێتی بەیت نەهرەین) بە سەرۆكایەتی (یوسف یەعقوب مەتا)و پارتی (نیشتمانی ئاشوری) بە سەرۆكایەتی (عەمانوێل خۆشابا) كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی كورسی كۆتایی مەسیحییەكانو كاندیدێكیان هەیە كە ئەویش (عەمانوێل خۆشابا)یە، ئەم پیاوە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقەو جارێكی تر خۆی كاندید كردوەتەوە. بە گشتی لە بەغداد (9) كەس بۆ بردنەوەی كورسییەكی كۆتایی مەسیحییەكان خۆیان كاندید كردووە، كە دیارترینیان بریتییە لە (ئیڤان یەعقوب)ی وەزیری كۆچو كۆچبەران كە لەسەر لیستی بابلیۆن خۆی كاندید كردووە، لە هەولێریش (8) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ یەك كورسی كۆتایی مەسیحی كە دیارترینیان بریتییە لە (جۆزیف سڵێوە)ی پەرلەمانتاری پێشوو كە لەسەر بەیت نەهرەین خۆی كاندید كردووە هەروەها (رائید ئیسحاق) پەرلەمانتاری پێشوو كە لەسەر ئەنجومەنی میللی خۆی كاندید كردووە. هەر لە هەولێر (رەغد یوسف) لەسەر لیستی بابلیۆن خۆی كاندید كردووە، ئەم ژنە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەكێك لەو كەسانە بووە كە وەكو كاندید بۆ پۆستی وەزیری كۆچو كۆچبەران ناوی دەهێنرا، حزبی شیوعی كوردستانیش پشتیوانی كاندیدێكی سەربەخۆ دەكات بۆ بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی مەسیحی لە هەولێر. لە دهۆكیش كە كورسییەكی "كۆتا"ی مەسحییەكانی بۆ تەرخانكراوە، (6) كەس بۆ بردنەوەی ئەم كورسییە خۆیان كاندید كردووە. لە كەركوك كە كورسییەكی كۆتای مەسیحی بەردەكەوێت، (5) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە، لە دیارترین كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاری پێشوو (عیماد یوخەنا) لە پارتی بزوتنەوەی دیموكراتی، هەروەها پەرلەمانتاری ئەم خولە (عەمانوێل خۆشابا) كە ساڵی 2018 كورسی كۆتایی مەسیحییەكانی لە دهۆك بردەوە. لە پارێزگای نەینەوا، (6) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی تاكە كورسییەكی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن، دیارترینیان بریتین لە پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق (ئەسوان كلدانی)ی برای رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن. كۆتای ئێزدییەكان ئێزدییەكان یەك كورسییان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوەو لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا كێبركێ دەكرێت بۆ بردنەوەی ئەم كورسییە، (7) كەس كە نوێنەرایەتی سێ پارت دەكەن لەگەڵ چەند كەسێك كە بەشێوەی (سەربەخۆ) خۆیان كاندید كردووە، كێبركێی بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە دەكەن. ئەو پارتە سیاسییانەی ئێزیدی كە بەشداری كێبركێی هەڵبژاردن دەكەن بریتین لە: • بزوتنەوەی ئێزدی لەپێناو چاكسازیو پێشكەوتن كە (حاجی كندور سمۆ)ی پەرلەمانتاری پێشوو سەرۆكایەتی دەكات، كە دەوترێت نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە. • پارتی ئێزدی دیموكراتی بە سەرۆكایەتی (حەیدەر شەشۆ) فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی ئێزیدخان كە هێزێكی چەكدارە لەناو شەنگالدا. • پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدی بە سەرۆكایەتی (سەعید بتوش) كە دەوترێت ئەمیش نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە. دیارترین كاندیدەكان بۆ بردنەوەی تاكە كورسییەكەی كۆتایی ئێزدییەكان بریتین لە: • سائیب خدر پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق كە ساڵی 2018 كورسییەكەی بردەوەو كەسێكی نزیكە لە رێكخراوی بەدری هادی عامرییەوە، بەشێوەی سەربەخۆی خۆی كاندید كردووە. • ئەیمن فەرحان جیجۆ پەرلەمانتاری پێشوو كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە. كاندیدەكانی شەبەك پێكهاتەی شەبەك كە یەك كورسی كۆتای لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە، (7) كەس خۆیان بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە كاندید كردووە، دیارترین كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق (قوسەی عەباس) كە ساڵی 2018 كورسییەكەی بردەوە، ئەم پیاوە نزیكە لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامرییەوە، هەروەها (وەعد قەدۆ) فەرماندەی لیوای شەبەك لە دەشتی نەینەوا خۆی كاندید كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر وەعد قەدۆی تۆمەتبار كرد بەوەی تێوەگلاوە لە یەكێك لەو هێرشانەی كە ساڵی رابردوو كراوەتەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر، بەوهۆیەوە حكومەتی عێراق كۆتایی بە ئەركەكەی لە پۆستی فەرماندەیی لیوای شەبەكی سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی هێنا، ساڵی 2019 ئەمریكا (وەعد قەدۆ)ی خستە لیستی سزاكانییەوە بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤو كەیسی گەندەڵی، وەعد قەدۆ برای حنین قەدۆی پەرلەمانتاری پێشووی رێكخراوی بەدرە كە ساڵی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە مرد. كورسی كوردە فەیلییەكان كورسی كوردانی فەیلی یەكەمجارە لەناو كورسی كۆتاكاندا دانراوە، ئەم كورسییە لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا كاندیدەكەی یەكلادەكرێتەوەو (10) كەس كێبركێی بردنەوەی كورسییەكە دەكەن. دیاترین ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ بردنەوەی تاكە كورسییەكەی "كۆتا"ی كوردانی فەیلی كاندید كردووە بریتین لە هەریەكە لە (مازن فەیلی) پەرلەمانتاری خولی ئێستا پەرلەمانو (ئاراس حەبیب) كە بەهەمان شێوە ئێستا ئەندامی پەرلەمانەو ساڵی 2018 لەسەر هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی كورسییەكەی بردەوە. كورسی سابیئە پێكهاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغداد كورسییەكی بۆ تەرخانكراوە، (8) كاندید كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە، دیارترین كاندیدەكان بریتین لە (حارس حارسی) پەرلەمانتاری پێشوو، (نەوفل ناشی) پەرلەمانتاری پێشوو، رەعد جەبار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد.
شیكاری: دۆەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای دهۆک زیاتر (827) هەزار هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا (5) پارتی سیاسی (21) کاندیدیان هەیەو و (3) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (3) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (11) کورسی. لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان لە پارێزگای دهۆک دەخەینە ڕوو. سەرەتا 1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای دهۆک (١١) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (827 هەزار و 658) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (24) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (11) کورسی دەکەن، (17) کاندیدیان پیاوو (7)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (3) کاندیدی سەربەخۆ و (21) کاندیدی پارتە سیاسییەکان بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان (١١) کاندید کە (٨) پیاوو (٣) ئافرەتن. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٢) کاندیدی ئافرەت. - نەوەی نوێ (٣) کاندید، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. - یەکگرتووی ئیسلامی (٢) کاندیدی پیاون. - حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٣) کاندید کە (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. - بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکی تایبەت بە پارتەکەی نیە لە هاوپەیمانیدایە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان. - کۆمەڵی دادگەری هیچ کاندیدێکی نیە. - سەربەخۆ (3) کاندیدی پیاون. 3. بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت. 4. هاوکات جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو. 5. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان . 6. ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوی لەوەیە سەرجەم کورسییەکانی پارێزگاکە بباتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش کە سەرەکی تترینیان یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامین کەهەوڵی بردنی کورسی دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی توندبوونەوەی ململانێی هەڵبژاردن، دوور نیە هەوڵی ساختەکاری نەخرێتەگەڕ. بازنەی (1) بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دهۆک + ئامێدی)، لەم بازنەیەدا (9) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون، (7) کاندیدیان سەربە (4) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) شیکردنەوەی بازنەی (١) 1. لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2. (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە. 3. لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٢٨ هەزارو ٣٢٣) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٣٠ هەزار) دەنگ، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامییە ناگات پێی و نیوەی ئەو دەنگانەی هەیە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. 4. ئەگەر یەکێک لە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگەکانی بۆ خوار ژمارەی دەنگەکانی کاندیدەکەی یەکگرتوو نزم ببێتەوە، ئەوا چانسی کاندیدەکەی یەکگرتوو زۆرتر دەبێت. 5. ئەگەر چی نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی وەک پێویست نین لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ (٥هەزار و ٥٦٢) دەنگی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەمەش تاکە کاندیدەکەی کە ئافرەتە دەکەوێتەو ڕکابەرییەوە لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای بازنەکە و چانسێکی دەبێت بۆ بردنەوەی کورسییەک، بەڵام ئەگەر پارتی بتوانێت کاندیدە ئافرەتەکەی لە دەرەوەی سیستمی کۆتای ئافرەتان سەربخات، ئەو چانسە کەمەی نەوەی نوێ هەیەتی ئەویش دەسوتێت. بازنەی (2) بازنەی (٢): کە ناسێنراوە بە بازنەی (زاخۆ + سمێل)، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (2) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون (7) کاندیدیان سەربە (5) پارتی سیاسین و (1) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراوە و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) شیکردنەوەی بازنەی (٢) 1. لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2. لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٣.٩%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٠٤ هەزارو ٥٦٤) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەنگەکانی ناگاتە چارەکی ئەو دەنگەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی کە دەکاتە (٣٤ هەزار و ٨٥٥) دەنگ. لەم بازنەیە پارتی بە (٣) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەرسێ کورسییەکە مسۆگەر بکات، بەڵام کاندیدەکەی یەکێتی بە لاوازییەوە دەبێتە ركابەری كاندیدە ئافرەتەکەی پارتی. 3. لەگەڵ ئەوەی یەکگرتوی ئیسلامی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (٨ هەزار و ٧٤٧) دەنگ، بە تاکە کاندیدێکش بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە بۆ بردنی کورسی ئەوا چانسێکی زۆرلاوازی هەیە، ئەوەی زیاتریش چانسە کە لاواز دەکات یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە لەبازنەکەدا بەمەش چاوەڕوان ناکرێت دەنگەکانی یەکگرتوو زیاد بکات لەسەرحسابی یەکێتی، تەنانەت دەنگاکانی کۆمەڵ و گۆڕانیش بدرێت بە یەکگرتوو کە هیچ کاندیدێکان نیە لەوبازنەیە (کە ئەمەش مەحاڵە) هێشتا بەشی ئەوە ناکات ژمارەی دەنگەکان بگاتە بەهای بردنەوەی کورسیەک. 4. یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی سێیەم دێت لە دوای پارتی و یەکگرتووەوە كە (٥ هەزارو ٣١٣) دەنگە بە ڕێژەی (٤.٣%)، بۆیە بەو ڕێژەیەش دۆخی لە یەکگرتوو باشتر نابێت، ئەوەی تەنها چانسێکی بچوک بهێڵێتەوە بۆی پێشکەشکردنی کاندیدی ئافرەتە بۆ ڕکابەری لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ئافرەتان، ئەویش ئەگەر بتوانێت دەنگەکانی کۆمەڵ و گۆڕان لەو بازنەیە بچنێتەوە. ئەگەر پارتی بتوانێت لەم بازنەیە کاندیدە ئافرەتەکەی بەبێ سیستمی کۆتا و بە دەنگی خۆی سەریبخات، ئەو چانسە کەمەشی یەکێتی هەیەتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لەباردەچێت. 5. لەم بازنەیە نەوەی نوێ هێزی چوارەمە بە ( ٤ هەزارو ١٩٢) دەنگ و ڕێژەی (٣.٤%) بەم ژمارەیە هەرچەندە بڕێک لە ڕێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کورسی بباتەوە. بازنەی (٣) بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (ئاکرێ + شێخان + بەردەڕەش)، لەم بازنەیەدا (7) کاندید کە لە (2) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) شیکردنەوەی بازنەی (3) 1. لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2. لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٤.٨%)ی دەنگەکانی هەیە كە (٩٧ هەزارو ٤٥٥) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٢٤ هەزار) دەنگ، کە هیچ هێزێکی دیکە بەتەنها خاوەنی ئەو ژمارە دەنگە نیە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (٣)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. 3. لەگەڵ ئەوەی یەکێتی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (١٣ هەزار و ٦٩٧) دەنگ بە ڕێژەی (١٠.٥%)ی دەنگەکان، بەڵام ئەوەی چانسێک دەدات بە یەکێتی بۆ بردنەوەی کورسی پێشکەشکردنی (١) کاندیدی ئافرەتە کە دەبێتە ڕکابەری کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لە بازنەکە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەتوانێت کاندیدە ئافرەتەکەی لەدەرەوەی سیستمی کۆتا سەربخات، سەرەتایەک دەبێت بۆ سەرکەوتنی کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی. ئەوەی چانسی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ بردنەوەی کورسی کۆتا، نەبوونی کاندیدی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)ە لە بازنەکە، بە مەرجێک بتوانێت دەنگی ئەو لایەنانە بەدەستبهێنیت، کە هەرچواریان پێکەوە (٢٦ هەزار و ٧٧٢) دەنگیان هەیە. 4. نەوەی نوێ وەک هێزی چوارەمی بازنەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ خاوەنی (٥هەزار و ٩٨٩) دەنگ بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی (یەکگرتوو وگۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەو خوێندنەوەو ئەنجامە بێت کە لە پێشتر ئاماژەمان پێکردووە، ئاسان نییە کاندیدەکەی نەوەی نوێ کورسی بباتەوە. ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (دهۆک) دەخەینە ڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان و پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا. ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری و پلەی وەزیفی جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە ژمارەیان (758) کەسەو لە پارێزگای دهۆک بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)) ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؛ 1. ئەگەر چی بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای دهۆک زیاتر لە (66%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییە، بەڵام بە پێچەوانەی پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی) پاشەکشەیەکی گەورە ڕوونادات بۆ ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک، چونکە تەنها نزیکەی (22%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. لە کاتێکدا لە پارێزگای هەولێر ئەو ڕێژەیە نزیک لە (35%) و لە پارێزگای سلێمانی ڕێژەکە سەروو (50%). 2. ئەگەر چی سەرو (66%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (12%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (21%)ی دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گرنگە، بەڵام ئەم هەڵوێستە هێندە گەورە نییە بتوانێت جێگە بە کاندیدی پارتە سیاسییەکان لێژ بکات بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەشی هەرە زۆری دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوەو دەکرێت وەک قەڵای پارتی تەماشای بکرێت. 3. هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) و یەکگرتوو و کۆمەڵ ڕوودەدات و هیچ کەس ئامادە نیە دەنگ حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بدات، بەڵام بە گوێرەی ڕاپرسییەکە (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی پێش هاوپەیمانی کوردستان دەکەوێت کە بریتین لە یەکێتی و گۆڕان لەو پارێزگایە.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) زۆربەی جار ”ھەڵمەتی ھەڵبژاردن“ ساتەوەختی بەخشینی مژدە و بەڵێندانە بە کۆمەڵگا، باسکردنی ئەو ڕێگایانەیە کە ھێزە سیاسییەکان دەیانکەنەوە بۆ ئەوەی بەسەریاندا کۆمەڵگا بپەڕێتەوە بۆ دۆخێک باشتر و خواستراوتر لەوەی ئەمڕۆکە ھەیە و لەئارادایە. ”ھەڵمەتی ھەڵبژاردن“ ئەو دۆخەیە تیایدا ھێزە سیاسییەکان لەڕێگای وشە و قسە و دەرکەوتن و خۆنمایشکردنەوە، ڕەھەندێکی ئایدندەیی بە ئامادەبوونیان لەناو واقیعدا دەبەخشن. کەسانێکیش قسەدەکەن کە بڕێکی باش لە کارکردنیان ”بەیۆتۆپیاکردنی واقیع“ و ”بەشیعریکردنی واقیع“ە. ھەموو ئەمانەش بەمانای بەڵێندان بە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا و ئەوەی دروستکراوە، بەرەو ”ئایندە“یەکی باشتر و جوانتر و ئینسانیتر، لەسەر بنەمای گوتارێکی فیکریی عەقڵانیی و لەڕێگای بەرنامەیەکی سیاسیی قابیلی پیادەکردنەوە. ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ساتەوەختی قسەکردنی ڕاستەوخۆی ھێزە سیاسییەکانە لەگەڵ کۆمەڵگادا، ساتی باسکردنی ئەو پرۆژە و پلان و ستراتیژانەیە کە بۆ باشترکردنی ئەو واقیعە ھەڵیانگرتوە. بەڵام ئەوەی لەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق لە ھەرێمدا دەیبینین، لە بەشێکی گەورەیدا، ھەڵمەتی ”بە ئەمنیکردنی واقیع“ و ”بەگشتیکردن“ و ”بەموتڵەقکردنی ترسە لە کۆمەڵگادا“، ئامرایی سەرەکیی ئەم ستراتیژەش ھەڕەشەیە، ھەڕەشەی گەورە. لە چەند ڕۆژی ڕادوردودا پاڵەوانی بەرجەستەکردنی ئەم دۆخی ”بەئەمنیکردنی واقیع“ە، دیسانەوە یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. قسەکانی ئەو بەرپرسەی پارتی بوو کە وەک ھەمیشە بەبێ ھیچ شەرمکردنێکی سیاسیی و ناسیایی ووتی: ئەگەر لە ھەڵبژاردندا ”پارتی ھێزی یەکەم نەبێت شەڕی ناوخۆ دروستدەبێتەوە“ یاخود، ”ئەگەر بمانەوێت شەڕ نەبێت لە ھەرێمی کوردستان دەبێت پارتی ھێزی یەکەم بێت“. بۆ ھەموو کەس ئاشکرایە قسەی ئەم بەرپرسەی پارتی ھەڕەشەیەکی ڕووت و بێدەرپێیە. بێگومان پارتی تاکە ھێزێک نییە پەنا بۆ ئەم زمانە ھەڕەشەئامێز و ئەم بێنرخکردنە ھەمەلایەنی کردەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمدا ببات. یەکێتیش لەناو ھەمان گوتاری ھەڕەشەکردن و بێنرخکردنی ھەڵبژاردندایە. ھەمووان لەبیریانە چۆن چەندساڵێک لەمەوبەر، مەلا بەختیار، لەسەر ھەمان نەزمی بەرپرسەکەی پارتی و بەھەمان تەڵاقدانی شەرمی سیاسیی و ناسیاسییەوە، ووتی ”یەکێتی لە ھەڵبژاردندا یەک کورسیش بھێنێت ھەر یەکێتییە“، مەبەستی لەمەش ئەوەبوو یەکێتی وەکچۆن پێش ھەڵبژاردن ھێزێکی دەسەڵاتدار و حوکمڕانە، دوای ھەڵبژاردنیش، بە یەک کورسیشەوە، ھەر حوکمڕان دەبێت و دەسەڵات بۆ براوەکانی ھەڵبژاردن بەجێناھێڵێت. ئەمەش تەنھا یەک مانای ھەیە: ئەوەی بیەوێت لەدوای ھەڵبژاردنەوە دەسەڵات لە یەکێتی ببسێنێتەوە، با ھەڵبژاردنیشی بردبێتەوە، ڕووبەڕووی ”تۆڵەی بەزەبری“ ئەم ھێزە دەبێتەوە. چەمکی ”بەئەمنیکردن“ یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی ناو زانستە سیاسییەکان و بە شێوەیەکی گشتیش دوو ڕەھەندی ھەیە. یەکەمیان ڕەھەندێکی مادییە کە لە بوونی چەندان دەزگای سەربازیی و ئەمنیدا بەرجەستەیە، ئەمانە توانای تێکدانی ئەمن و ئاسیش و پەلاماردانی کۆمەڵگایان ھەیە. دووھەمیان ڕەھەندێکی زمانەوانییە، کە تیایدا قسەکردن ڕۆڵی سەرەکیی لە بەئەمنیکردنی واقیعدا دەبینێت.قسەکانی پارتی و یەکێتی دەلالەت لە ئامادەگیی ھەردوو ڕەھەندە سەرەکییەکەی بەئەمنیکردنی واقیع دەکەن. ئەم دوو ھێزە چەندان بکەری سیاسیی و میدییایان ھەیە کە ئیشیان ”بەئەمنیکردن“ی واقیعە، بێنە سەرشاشە و جۆرێک لە ”زانیاریی“ ئاشکرابکەن، یاخود بەرھەمبھێنن، کە واقیع بەشێوەیەک نیشانبدەن و بە شێوەیەک دایبڕێژن لەگەڵ خواستی ئەو ھێزەدا کە بەناوییەوە قسەدەکەن، تەبابێت. بەڵام بۆچی پرۆسەی ”بەئەمنیکردنی واقیع“ و زمانی ھەڕەشەکردن دەبن بە بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن؟ چی وادەکات ھێزێکی سیاسیی پەنا بۆ ئەم سیاسەتی ھەڕەشەکردن و بۆ تاکتیکی ”بەئەمنیکردن“ی واقیع ببات؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە جارێکیتریش بۆ بۆچونەکانی فەیلەسوفی سیاسیی ئیتالی ئانتۆنیۆ گرامشی بگەڕێینەوە. گرامشی کاتێک باس لە ھێزە سیاسیەکان و فۆرمەکانی دەسەڵاتدارێتی دەکات دووجۆری سەرەکیی لەیەکتری جیادەکاتەوە: ئەو ھێزانەی کە خاوەنی ”ھەیمەنە“ی سیاسین، بەرامبەر بەو ھێزانەی کە ئەو ”ھەیمەنە“یەیان نییە یان لەدەستداوە. چەمکی ھەیمەنە لای گرامشی مانای توانای سەرکردایەتیکردنێکی کولتوریی و فیکریی و ئەخلاقیی کۆمەڵگایە، تیایدا زمانی ھێزە خاوەن ھەیمەنەکان دەبێت بە زمانی زۆرینەی کۆمەڵگا و ئەو زۆرینەیە دەبێتە وەرگریی دید و دونیابینیی ئەو ھێزە خاوەن ھەیمەنەیە. بەڵام ئەو ھێزانەی کە ”ھەیمەنە“یان نییە، یان لەدەستداوە، بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا پەنا بۆ ”شەڕێکی دەستەویەخە“ لەگەڵ کۆمەڵگادا دەبەن، بەردەوام خەریکی ترساندن و ھەڕەشەکردن و درۆکردن و تەزویرکردنی واقیعن، سڵ لەبەرکارھێنانی بەردوامی توندوتیژیی ناکەنەوە. ئەم جۆرە ھێزانە لەڕووی بڕوا و متمانەپێکردنەوە ئیفلاسێکی تەواوەتییان کردوە و سەرجەمی قسە و بەڵێن و مژدەکانیان وەک ڕستێک لە درۆ و ھەوڵدانی ڕێکخراو بۆ خەڵەتاندن و سەرلێشێوان، مامەڵەدەکرێن. ئەم ھێزانە لە ھێزی مژدەدەر و بەڵێندەرەی خاوەن متمانەوە، گۆڕاون بۆ ھێزێک درۆکردن سەرەتا و کۆتایی ئامادەگییانە لەناو جیھان و لەناو کۆمەڵگادا. ئەوەی لەم ساتەدا لە ھەرێمدا دەیبینین لە دەستدانی ھێزە سیاسییەکانە بۆ ھەر جۆرە ھەیمەنەیەکی فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی، ئەوەی بۆیان ماوەتەوە زمانی ”بەئەمنیکردن“ و ”ھەڕەشەکردن“ و ترساندنە.
هەردی مەهدی میکە گەڕان بە دوای "نموونەی باڵا" و "شاری نموونەیی" جۆرێکە لە بیرکردنەوە و کارکردن بۆ ڕزگاربوون لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسیی-کۆمەڵایەتی، بەڵام زۆرکات ئەم هەنگاوە خۆبەخۆ ڕووەو ڕۆمانسییەتی سیاسی هەنگاو دەنێت و بیرێکی ئایدیالیی ڕۆمانسیی دەستپێنەگەیشتوو یان پۆپۆلیزمێکی کۆنتڕۆڵنەکراو دەخوڵقێنێت. لە عێراق و کوردستاندا، شۆڕشەکان بە بانگەشەکاران و پارێزەرانییەوە، هەڵبژاردنەکان بە حزبەکان و کاندیدەکان و دەنگدەرانیشییەوە و بزووتنەوە چاکسازییخوازەکانیش، جۆرێک لە تای ڕۆمانسی گرتوونی و جێکەوتەی سەیری لە لێدوان و بەرگریینامە و درووشمەکانیاندا جێهێشتووە و دونیای ڕوونی واقیعییان لێکردوون بە شەوەزەنگ و خەیاڵی خۆیان لێبووەتە واقیع. گەڕان بە دوای نموونەی باڵا ئەرکی هەر ڕەخنەگرێکی واقیعییە، بەڵام گرنگە ئەم نمونە باڵایە بۆ ڕاستکردنەوەی باری لار و چەکی بەرەنگاربوونەوەی خوارییەکان بێت، نەک ئەوەی ببێتە کۆتێک خاوەنی بیرۆکەکە لە واقیع دووربخاتەوە و توانای مەعنەوی (گوتارەکەی) ناواقیعی بکات، توانای مرۆیی (لایەنگرەکانی) نائومێد و سەرمایەی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهۆی ڕۆمانسیەتێکەوە بەفەنادا بدات. لە دنیای سیاسەتدا، چەمکی ڕۆمانسییەتی سیاسی، زۆر بەکارهێنراوە و بەکاردێت، لە سیاسەتدا ڕۆمانسییەکان هاوشێوەی عیشق و ئەدەب، پێویستیان بە "گوتارێکی ئەخلاقی" بەرزەفڕ، خەیاڵێکی بەپیت یان سۆزدارییەکی خاوێن و کاردانەوەیەکی دەروونی بەکوڵیش هەیە. ئاراستەی ڕۆمانسیەتی سیاسیی پەیوەست ناکرێت بە ئایدۆلۆژیا و تاقانە ئاراستەیەکی سیاسیی، بەڵکو لەمسەری ڕاستەوە بۆ ئەوسەری چەپ ئەگەری هەیە ڕۆمانسییەتی سیاسییان بوروژێت و ملی بنەما و باوەڕیانی پێ بەرز و نزم بکەنەوە. بۆ نموونە لەدنیای سیاسەتدا لە ئیتاڵیا بە لیبراڵەکان وتراوە ڕۆمانسی، لە ئەڵمانیا بە بە بناژۆخوازەکان (محافظیین)، بەڵام لە ئینگلستان زیاتر بەوانە دەوترێت کە داکۆکی لە میرات بکەن و ئەوانە ڕۆمانسیین کە سوورن لەسەر جەنگ لەپێناو بەرگریی لە وەدەستهاتووەکانی کۆمەڵگە. ئەی ڕۆمانسییەکانی وڵاتی ئێمە کێن؟ سەعدوون، قوربانی ڕۆمانسییەتی سیاسی لە عێراقدا عێراق(بەکوردستانیشەوە) هاوتا لەگەڵ تازەدامەزراوییەکەیدا، نەوە لەدوای نەوە ڕۆمانسییە سیاسییەکانی لێنەبڕاوە و هەمیشە دیدی ڕۆمانسی لەم وڵاتەدا لایەنگر و پاوەپیارەی خۆی هەبووە. ڕەنگە یەکەمین قوربانی گیانی و جەستەیی سیاسەتی ڕۆمانسی عەبدولموحسین سەعدون بێت، لە عێراقی نوێدا، کە ناچارییان کرد خۆی بکوژێت، ئەو بە خۆکوشتنەکەی هەم ڕۆمانسییەتی سیاسیی لە عێراقدا ناساند و هەم خۆشی وەک سیاسییەکی ڕۆمانسی (بەڵام قوربانی) لەو دووفاقەیی سیاسەت نەگەیشت. ئاخر عێراق لەگەڵ تازەییەکەیدا، هێشتا ناوەکەشی جێگیر نەبووبوو، هەشت ساڵ نەبوو لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێنرابوو، سنوری باکووری (بەهۆی کێشەی ویلایەتی موسڵەوە) ئاوەڵا و یەکلانەبووبوویەوە(بەهۆی ململانێکانی تورکیا و ئینگلیزەوە نەک عەرەب!)، هێشتا دامودەزگای پێویست و توانای بەڕێوەبردنی پێویستی خۆی تێدا نەبوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو خرابوویە ژێر ئینتیدابی بەریتانیاوە، برسێتی و هەژاریی و دواکەتووییش بابووەستێت، کەچی هەندێ ڕۆمانسیی عەرەب و عروبە و ئیسلامیستی شیعەگەرا، بەڕووی عەبدولموحسین سەعدوندا (کە سەرۆکی یەکەمین پەرلەمانی عێراق و پاشتر سەرۆکوەزیران بوو) هەڵشاخان و داوای ئەوەیان دەکرد هەم ئینگلیزی داگیرکەر لە عێراق دەربکرێت و سەربەخۆ بکرێت و هەم خەمێکیش لە عەرەبی فەلەستین و لیبیا و مەغریب بخۆن و فریایان بکەون و دژی بەلفۆر و سایکس بیکۆش بووەستن! ڕۆمانسییەکان ئەوەیان فەرامۆش دەکرد، کە کۆمەگای نێودەوڵەتی چی دەوێت و کێ ئیدارەی دەکات، ئەوەشییان بیرچووبوو کە دەرکردنی ئینگلیز واتە گەڕانەوە و ژێردەستەیی تورکیای کەمالی، هیچکات بیریان لەوەنەکردەوە بەبێ ئینگلیز شتێک نامێنێت ناوی عێراق بێت، چونکە خۆی دروستی کردووە! بیریشیان چوو بە کام سوپا و کام سەرباز و کامە چەک بچن بەگژی ئینگلیزدا! سەعدون بۆ سەربەخۆیی عێراق هەنگاوی مەزنی نا و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئینگلیزدا مۆرکرد، کەچی ڕۆمانسییە مەزهەبی و قەومییەکان پێیان دەووت مادام لەگەڵیان ڕێککەتوویت بەکرێگیراویت! گەر ڕێکیش نەکەوتایە ئەوا دەبوو حاکمی سەربازیی ئینگلیز ڕاستەوخۆ حوکمی عێراقی بکردایە! هەر ئەم گیرخواردنە دووسەرەیەش بوو دەمانچەکەی هەڵگرت و بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەعدوون پاش خۆی نامەیەکی بۆ عەلی کوڕی جێهێشت و بۆی نووسی کە لەپێناو وڵاتەکەمدا باوکێکی باش بۆ تۆ و هاوسەرێکی باش بۆ دایکت نەبووم تۆ ئاگات لێی بێت، چیتر ناتوانم بەرگەی ئەوەبگرم لەلایەک پێم بڵێن بەکرێگیراو و لەلایەکیش بۆ وڵاتەکەم هیچم پێنەکرێت، لای ئینگلیز و لای سیاسییەکانی عێراقیش فشارم لەسەر بێت. خاڵیکردنەوەی ڕۆمانسییەکان ڕۆمانسییەکانی نێو سیاسەت پێویستە ئەو شەوق و حەماسەتەی هەیانە خاڵی بکرێتەوە، خاڵیکرنەوەکەش بە وەرگرتن یان پێدانی دەسەڵات نەبێت چارەی نییە و بە هیچی دیکە ناکرێت، چونکە گرێی دەروونییە. هەر لەو عێراقەدا کە واقیعییەکانی وەک سەعدوون و فەیسەڵی یەکەم و نوری سەعید دروستییان کرد، دوانزە ساڵێکی نەبرد سەربازیی و سیاسییە ڕۆمانسیەکانی وەک ڕەشیدعالی گەیلانی و چوار ئەفسەرە قەومییەکە، جڵەوی دەسەڵاتییان درایە دەست(١٩٤٠)، ئەوکاتە، گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانی بوو، ئەم حکومەتە ڕۆمانسییە تازەکارە، لە دەستبەکاربوونییەوە وازی لە کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی عێراق هێنا و بەڕووی ئینگلیزدا هەڵشاخا (کە ئەوکات بەپیی ڕێککەوتنێک هەژموونی سیاسیی و سەربازیی فراوانی لە عێراقدا چەقاندبوو)، یەکەمین داواکاری ئەوە بوو کە پێویستە حکومەتی بەریتانیا دەست بە جووڵە بکات بۆ سەربەخۆیی و دابینکردنی سەروەریی مافی برا عەرەبەکانی سوریا و فەلەستین! هەر بۆیە ئینگلیزیش کەوتە بەرامبەرییەوە و داوای دەست لەکارکێشانەوە لێکرد و پێی وت عێراق یان دەبێت دۆستایەتی بەریتانیای مەزن هەڵبژێرێت یان گەیلانی و هاوڕێکانی. گەیلانی-ش ڕۆمانسیانە پێی وتبوو: هیچ گرنگی بە متمانەی وڵاتێکی بیانی نادات مادام متمانەی گەل و پەرلەمانی لەپشتە! هەر وای کرد، خۆی و یاوەرە بێئاگاکانی لە دنیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە سوپای عێراقی تازەدامەزراوەوە، خۆیان خستە بەرامبەر لەشکری بەریتانیا و مانگێکی نەخایاند دارودەستەکەیان پێچرایەوە و خۆی و ئەو وەسییە نوێیەی داینابوو (شەریف شەرەف) بەرەو تاران هەڵهاتن. ئەمە لوتکەی دەسەڵاتوەرگرتنی ڕۆمانسییەکان بوو، کە خەیاڵی بەرزەفڕ و حەماسەتی ناواقیعی و وەهمی پشتیوانی بەرەی گەل سەری خواردن. بەڵام میراتگرانی هەر ماوون و لە بەرگی دیکەی ئیسلامگەرایی و نەتەوەپەرستی و ڕیفۆرمسازیی و جەپی نوێدا لێرە و لەوێ خۆیان دەردەخەنەوە، بەتایبەت لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا. لە کوردستانیشدا لە ئان و ساتی سەرگرتنی کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسمدا، ئەوکات پارتی دیموکرات و شیوعیی عێراق هەبوون کە هەردووکیان مەشرەب چەپ بوون. قاسم خۆی بەحاڵ چەپ بوو، لەکوردستان ڕۆمانسییەکان، لەخۆی دڵسۆزتر بەرگرییان لێدەکرد و لە خۆپیشاندان و بەرگریینامەکانیاندا ئەم دروشمانەیان دەووتەوە: - یەڵلا یەڵڵا بۆ دەرەوە... شێخ بە خۆیی و مێزەرەوە. - بژی گەل و ڕۆڵەی گەل... عەبدولکەریم سەرلەشکر. - بژی گەل و سوپامان... کەریمە پێشەوامان. - چیتان دەوێ ئەی بەزاز... ئیعدامی سەعید قەزاز. جا هەر لەم دروشمانەوە، ڕۆمانسییەتی سیاسیی کورد دەتوانرێت ڕیشەکانی دیاری بکرێت، تۆ بزانە، قاسم خۆی هێندە چەپ نەبوو، سەلام عارفی قەومیش شەریکی بوو، کە بەدەستی دەستنوێژەوە لەگەڵ قاسمدا کودەتای کرد، کورد وای دەزانی تەنها قاسم خاوەنی کودەتایە و دەیانوویست هەرچی مەلا و شێخ و تەکنۆکراتی وەک سەعید قەزازە بۆیان لە نێوبەرێت! قەزازێک کە هەموو تەمەنی بۆ دەزگاییکردنی بەڕێوەبردنی عێراق و حوکمی یاسا تەرخان کرد! گەر بەم دروشمانە بووایە دەبوو نە قاسم بکەوتایە و کورد و جوڵانەوەکەشی هەرگیز لەگەڵ قاسمدا نەکەوتنایەتە جەنگەوە، کەچی بە پێچەوانەوە هەم کورد شۆڕشی ئەیلوولی دژی قاسم هەڵگیرساند و هەم قاسمیش بەدەستی نزیکترین شەریکی کەوت و نە پشتیوانی جەماوەری وەهمی و نە چەپەکان و نە گیرفانبەتاڵییەکەشی فریای کەوت. هەر لە کوردستاندا، نزیکەی نیو سەدە چەپ و نەتەوەچییەکان بەناوی داکۆکی لە مافی گەلان لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و فەلەستین خوێنیان بە خەساردا و ڕۆمانسییە ئیسلامییەکانیش حزبیان دروست نەدەکرد بەو ئومێدەی کە خەلافەتی ئیسلامی بە ئیخوان بێت یان حەرەکاتی جیهادی بگەڕێتەوە و مەزڵوومیەتی کورد هەڵگرێت، وەک ئەوەی عەباسی و ئەمەوی دەوڵەتی فازیڵەی فارابی و ئەفلۆتین بووبن! کە خودی ئەوانیش هەر نەبوون و خەیاڵ بوون و خەیاڵیش دەبن. لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا بوو، ڕۆمانسییەتی سیاسیی سەرووکەلللەی زۆری داگیرکردبوو، بەرپرسێکی حکومی دەیووت هەموو ئەو حزبانەی بەناوی "بەرەی گەل"ەوە دێن بۆلامان و لەگەڵ دەسەڵاتدا دانوستاندن دەکەن، ئەولەوییەتی داواکارییان خانەنشینکردنی کادیرەباڵاکانی خۆیانە و پشکی حزبەکانیان، بەڵام ئەو جەماوەر و بەرەی گەلە! دەیانووت درۆیە. بەڵام هەر ئەو جەماوەرە لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکردەیەکی خانەنشینی بەرەی گەلەکەی لەبەردەم جەماوەرەکەیدا کە هوتافیان بۆ دەکێشا و خۆر ناوچاوی سواق دابوون، وتی ببوورن کە لە سێبەری ئەم خۆرەدا ڕامان گرتوون! بەڵام کەس پێی نەوت: بەڕێز خۆر کوا سێبەری هەیە و سێبەر چۆن لە بەر خۆردا درووست دەبێت! ئاخر ڕۆمانسییەت ئاوایە، هەم کوێرت دەکات هەم خاتری ڕێبەرەکانیشی دەگریت. بەڵام کە سەیری واقیع دەکەین و پاشتر کە ئاشەکە ساردبوویەوە و ئیتر ژیانی خۆیان کردە ڕۆمانسی و بیری ڕۆمانسییشان جێهێشت بۆ بەرەی گەل و تا ئێستاش هەر دەنگی پێ کۆدەکەنەوە. دەریشکەوت لیستی خانەنشینەکەی سەرانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆمانسی ڕاست دەرچوو و هەندێک لەو خانەنشینە ناشایستانە، ئێستاش دیسانەوە کاندیدن.
(درەو): ئەم رۆژانە لە سلێمانی قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت پێش 8ی تەموز دۆخەكە باش بوو یان دوای 8ی تەموز، بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای 8ی تەموزەوە دەسەڵاتی یەكێتی گرتوەتە دەست دەڵێ پێش 8ی مانگ سەرمایەداران لەژێر فشاردابوونو هەڕەشەیان لێكراوەو سەرانەیان لێوەرگیراوە بەجۆرێك شەوان بەهۆی ئەو فشارانەوە خەونەچووەتە چاویان، بەڵام لاهور شێخ جەنگی دەڵێ لەدوای 8ی تەموزەوە هەڕەشە بۆسەر سەرمایەداران دەستیپێكردووەو خەو نەچووەتە چاویان. (درەو) دەیەوێت بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە بۆچوونی ژمارەیەك لە سەرمایەدارانی سلێمانی وەرگرێت، لە گفتوگۆیەكی كورتتدا لەگەڵ (درەو) فاروق مەلا مستەفا خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق دەڵێ من نە لە پێش 8ی تەموز نە لەدوای 8ی تەموز هەڕەشەم لێنەكراوەو بە ئیسراحەت دەخەوم و هەڕەشەش لە كەس قبوڵ ناكەم. دەقی گفتوگۆكە: درەو: ئێستا رەوشی سەرمایەگوزاریو وەبەرهێنان لە سلێمانی چۆنە ؟ فاروق مەلا مستەفا: ئێمە بەردەوامین لەسەر كاروباری خۆمانو ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی پرۆژەی شارێكی گەشتوگوزارییو شارێكی نوێین لە دوكان، ئێستا سەرقاڵی نوسینی گرێبەستێكین لەنێوان كۆمپانیاكەمانو حكومەتی هەرێم، كۆمپانیاكەمان كۆمپانیایەكی كراوە دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانەی بە پشك بەشداری تێدا بكەن، سەرباری ناكۆكی نێوان حزبەكان لە كوردستان كاروباری پرۆژەكەی ئێمە رانەوەستاوە، ئەم پرۆژە كاریگەری دەبێت لە پێشخستنی كۆمەڵگاكەمان لە هەموو رووەكانی پیشەسازیو گەشتوگوزارو نیشتەجێبوون بەشێوەیەكی شارستانی نوێ، بە كورتی دەتوانین بڵێین شارێكی نوێ كە هەموو مەرجەكانی ئەو شارانەی تێیدا بێت كە لە جیهاندا هەن، رۆڵێكی زۆر گەوەرەی دەبێت لە بەرەوپێشچوونی ئابوری وڵاتەكەماندا. چەند وڵاتێك هەیە لە جیهاندا كە داهاتی گەشتوگوزاریان زیاترە لە پارەی نەوتو غازی زۆر وڵاتی تر، ئەم شارە نوێیە كە ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی دروستی بكەین، ئێستا لە قۆناغێكی باشدایە. درەو: هیچ كێشە بۆ ئەم پرۆژەی ئێوە دروستكراوە ؟ فاروق مەلا مستەفا: هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام رەنگە وەكو هەموو پرۆژەیەكی گەورە هەندێك رۆتین كارەكانی دواخستبێت، بەڵام ئێستا بە گەرموگوڕی خەریكی ئامادەكردنی ئەو گرێبەستەین لەگەڵ حكومەتی هەرێم، لە لایەنی حكومتەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانی سەرپەرەشتیاری پرۆژەدەكات، كاك قوباد بەجددی كار لەسەر پێشكەوتنو دامەزراندنو دەستپێكردنی ئەم پرۆژە گەورەیە دەكات لەگەڵماندا. درەو: واتە ئەو قسەوباسانە راست نین كە دەوترێت بەم دواییە ئیشوكارتان لە سلێمانی بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەوە یەكێتییەوە دوچاری هەڕەشە بوەتەوە ؟ فاروق مەلا مستەفا: نەخێر.. بەهیچ جۆرێك ئەو قسەوباسانە راستییان تێدا نییە، من لە كۆنەوە تائێستا نە هەڕەشەم لێكراوە، نە هەڕەشەش لە كەس قبوڵ دەكەم، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە هیچ هەڕەشەیەك نەكراوە، هەر بە نمونە ئەم پرۆژەیەی دوكان كە بۆم باسكردن، كاك قوبادو كاك بافڵ بەشێوەیەكی سەرسەختانە پشتیوانی جێبەجێكردنو تەواوكردنی دەكەنو هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ ئەم پرۆژەیەو پرۆژەكانی تری ئێمە دروست نەبووە، من وەكو كەسێكی رۆشنبیرو پیاوێك كە رووداوە سیاسییەكانو دەورو زەمان بینیوە، هەرگیز بەشێك نەبووم لە ململانێی ناوخۆییەكانی ئەمدواییەی یەكێتیو ناشبم، تەنیا هیواخوازم بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراتییانە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەنو من خۆشم لەنێوان هەردوو جەمسەری كێشەكانی لەماوەی رابردوودا هەوڵی چارەسەرمداوەو خوازیارم كێشەكە بەجۆێك چارەسەر بكەن كە خەڵك پێی دڵخۆش بن. درەو: ئەی كەواتە بۆچی ناوی تۆ دەخرێت پاڵ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە؟ فاروق مەلا مستەفا: ئەبێت ئەو پرسیارە لەو كەسانە بكەن كە ناوی من دەهێنن (بەپێكەنینەوە). درەو: یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەڵێت پێش 8ی تەموز سەرمایەداران لە سلێمانی لەژێر گوشاردا بوون، ئەوی تریان دەڵێ لەدوای 8ی تەموزەوە، بۆئێوە كام یەكێك لەم دوو چیرۆكە راستە ؟ فاروق مەلا مستەفا: هیوادارم بە بەبەڵگەو ژمارەوە ئەو هاوسەرۆكانە پێشو پاش 8ی تەموز دەستنیشان بكەن، بەڵام من وەكو خۆم نە پێش 8ی تەموزو نە لە دوای 8ی تەموزەوە گوشارێكم لێ نەكراوە كە شەو خەوم لێ نەكەوێت، هیچ گومانم نییە لەوەی ئەو كەسەی كە ناوی من دەخاتە ناو كێشەیەكەوە كە من تێیدا بەشدارم نیم، نیەتێكی باشی نییەو داهاتووش دەریدەخات هەڵوێستەكانی ئێمە نیشتمانپەروەرییەو میللەتپەروەرییەو بەهەڵە ناچمە ناو ناكۆكییەوە كە رۆڵی خراپم تێیدا هەبێت، من بەڵگەیەكتان پێدەڵێم لەبارەی خۆشەویستی من بۆ نیشتمانو گەلەكەم، من تاقە سەرمایەدارێكم كە هەموو پرۆژەكانم لە سلێمانییەو هیچ پرۆژەیەكی ئابوریم لە دەرەوەی كوردستان نییە.
درەو: ئەحمەد قادر عەلی، توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی گازی لە ئەنقەرە – تورکیا / گۆڤاری ئایندەناسی بەرایی تا دێت باسوخواسی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣-ی تورکیا گەرمتر دەبێت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش یەکێکە لە ئەگەرەکان. هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەگەڵ گەرمتربوونی ململانێکانیان، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕاکێشانی دەنگی کوردەکانی تورکیا بەلای خۆیاندا، بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری بنێن بۆ نزیکبوونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کە زیاتر بە پارتی کوردەکان ناسراوە. پارتی داد و گەشەپێدان ( (AKP کە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بەدەستە، لە لایەک بۆ ڕازیکردنی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP) و لە لایەکی ترەوە بۆ دەرهێنانی پارتی باش ) (İyi Partiلەناو هاوپەیمانیی میللەت (Millet İttifak) و ڕاکێشانی بۆ ناو هاوپەیمانیی کۆمار ) (Cumhur İttifakı، لە هەوڵی داخستنی “HDP” دایە لە ڕێگەی دادگای دەستووریی تورکیاوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی ترسی لەدەستدانی زیاتری دەنگەکانی لە ناوچە کوردییەکان، ئاک پارتی بابەتی داخستنی “HDP”ی خستووەتە سەر پشتی کیسەڵێک و دەیەوێت ئەو کیسەڵە دوای هەڵبژاردن بگاتە هەوارگەی خۆی. هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2023 هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣-ی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا، گڕی بەر داوەتە میدیای تورکیا. ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بە سەرکردایەتیی پارتی گەلی کۆماری Cumhuriyet Hal Partisi) (CHP)) لە لایەک بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن و لە لایەکی دیکەوە بە هەرچوار لادا دەسەڵاتی ئاک پارتی ڕەخنەباران دەکەن. لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ئاک پارتی و “MHP” هەموو ئەو پارت و لایەنانەی لە دەرەوەی ڕێککەوتنەکەی ئەواندان (ڕێککەوتنی کۆمار) بە “هاوکارانی تیرۆریستان و دەستی دەرەکی” ناو دەبەن و لە لایەکی دیکەشەوە تا ئێستا هیچ بە پێویستی نازانن هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. لەسەرووی هەموو ئەمانەوە سەرۆکی ئاک پارتی و سەرۆککۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) وەک سیاسییەکی ئەزمووندار لە یارییەکی تاقەتپڕووکێندایە بۆ پەرتکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و لەبەریەکهەڵوەشاندنی هاوپەیمانیی میللەت و لە هەمان کاتدا داخستنی “HDP” بەبێ ئەوەی دەنگەکانی ئاک پارتی لە هەڵبژاردندا کەم بکات، یاخود هیچ نەبێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار کە خۆیەتی؛ بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار سەر بکەوێت. لە ئێستادا بەپێی دەرەنجامی ڕاپرسیی سەنتەرەکانی توێژینەوە بێت، دەنگی پارتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی کۆمار لە دابەزیندان و دەنگی پارتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی میللەت لە بەرزبوونەوەدان، دەنگی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)یش نزمبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی ڕای گشتیی ئاڤراسیا (Avrasya Kamuoyu Araştırmaları Merkezi) (AKAM) بێت کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاو کراوەتەوە، دەنگەکانی هاوپەیمانیی کۆمار لەنێوان مانگی کانوونی دووەم بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٤.٧٪ کەمی کردووە و دەنگەکانی هاوپەیمانیی میللەت بە ڕێژەی ٣.٩٪ زیادی کردووە، هەر چی دەنگی “HDP”یە بە ڕێژەی ٠.٥٪ کەمی کردووە، بەڵام ئاستی دەنگەکانی “HDP” هێشتا لە ئاستێکدایە بەتەنها خۆی دەتوانێ بەربەستی ١٠٪-ی پەرلەمانی تورکیا ببڕێت. لاوازیی ئەگەری گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەپاش لێدوانێکی پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی “HDP”، ئێرۆڵ کاتریجی ئۆغڵو (Erol Katırcıoğlu) بۆ سایتی هەواڵی “kronos34.news” لە ٢٩ی حوزەیران، کە باسی لەوە کردبوو ئەگەر لە بابەتی چارەسەری کێشەکاندا ئەردۆگان و ئاک پارتی هەنگاوێک بنێن، بەڵێ دەکرێت گفتوگۆ دەست پێ بکەینەوە و “HDP” لەگەڵ ئاک پارتی ڕێک بکەوێت. ئەردۆگان خۆی کەسێکی باشە و مەیلی ڕێککەوتنی بەلای کورددا هەیە، بەڵام دەوروبەری و ئەوانەی لەگەڵیدا ڕێک کەوتوون؛ ڕێگەی پێ نادەن([1]). ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە لەناو ئاک پارتیدا گەیشتوونەتە پلە هەستیار و کاریگەرەکان و بەرپرسانی “MHP” کە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی کۆمارەوە (Cumhur İttifakı)هەر شتێکیان بوێت بۆ دژایەتیکردنی کورد، بە ئاک پارتی جێبەجێی دەکەن. بەڵگەیەکی ڕوونیش، کوشتنی ئەندامێکی “HDP” بە ناوی دەنیز پۆیراز (Deniz Poyraz) بوو لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە شاری ئیزمیر کە بە بڕوای ئەو ئەندامپەرلەمانەی “HDP”، “ئەو هێرشە پەیامێک بوو بۆ ئەردۆگان کە بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکاتەوە نزیک ببێتەوە لە کوردەکان”([2]). نووسەری سایتی ئیڤرەنسەل (Evrensel)؛ ڤەدات ئیلبەی ئۆغڵو (Vedat İlbeyoğlu)، لە نووسینێکدا لە ٤ی تەممووز ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بە “ئەو کەسانەی کە حەزیان بە ڕێککەوتنی کورد و ئاک پارتییە([3])” وەسف دەکات، هیچ بەهایەکی بۆ قسەکانی دانەناوە. لە لایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی “HDP”؛ میدحەت سانجار (Mithat Sancar) لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی “İndipendent Türkçe” لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢١، باسی لەوە کرد کە ئەوە بۆچوونی ئێرۆڵ کاتریجی ئۆغڵویە و گوزارشت لە سیاسەتی گشتیی “HDP” ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا میدحەت سانجار بەتەواوی بۆچوونەکانی پەرلەمانتارەکەی “HDP”ی ڕەت نەکردەوە. سانجار لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە “بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێویست بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی فراوان و هاوبەش دەکات”، باسی لەوەش کرد کە “پێشنیار و بژاردەمان بریتییە لە ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییەک کە هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەخۆ بگرێت و پاڵپشت بێت بە بناغەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتیی فراوان و ڕۆڵی پەرلەمان کاریگەر و بەهێز بکاتەوە و پڕۆسەیەکی نوێی یاسایی ڕوون و ئاشکرا سەرپێ بخات([4])“. ئەم لێدوانەی میدحەت سانجاریش بە جۆرێک لە جۆرەکان نیەتی “HDP”ی بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆی لێ دەخوێنریتەوە، بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ ئاک پارتیدا نا، بەڵکوو لەگەڵ هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیادا. لە هەمان کاتدا هەمان پێشنیاری “سەلاحەدین دەمیرتاش”ە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی سێیەم و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی فراوانتر لە هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت. لەگەڵ ئەوەشدا لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی “HDP”وە زۆر بەتوندی ڕەت کرایەوە و پێیان وا بوو “لە کاتێکدا هەزاران ئەندام و لایەنگری ‘HDP’ لە زینداندا بێت، گفتوگۆ بۆ ڕێککەوتن قسەی پڕووپووچە([5])“. لە لایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی “HDP”؛ پەروین بوڵدان (Pervin Buldan)، لە ١٤ی تەممووز لە چوارچێوەی “بانگەشەی بەرگری” (Savunma Kampanyası) لە شاری ئورفا (Urfa) لە وتارێکدا باسی لەوە کرد “لەپاش ئەو هەمووە کارە نایاسایی و ستەمەی لەلایەن ئاک پارتییەوە کراوە، هیچ کوردێک نییە کە ئامادەی گفتوگۆ بێت لەگەڵ ئاک پارتیدا([6])“، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ تووڕەیی “HDP” لە دەسەڵاتی تورکیا. بەم پێیە بێت ڕەوتی بەهێز لەناو “HDP”دا هەروەک ڕەوتی بەهێزی ناو ئاک پارتی و ڕێککەوتنی کۆمار، هیچ ئامادەییەکی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لە دۆخی ئێستای تورکیادا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا نییە. قەدەری هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ لە دەستی کورد و “HDP“دا لەگەڵ ئەوەی پارتی گەلی کۆماری (CHP) بەبێ داواکاری و ڕێککەوتنێکی ئاشکرا لەگەڵ “HDP” و کوردی تورکیادا توانیی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیای ٢٠١٩ بە دەنگی کوردەکان و لایەنگرانی “HDP” سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات. ئەوکات بە هۆی زویربوونی کورد لە دەسەڵات و بێباکیی ئاک پارتی و ئەردۆگانیش بە کوردەکان، دەرەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەو جۆرە کارەساتبارە بۆ ئاک پارتی کۆتایی هات. کوردەکان جگە لە بژاردەی کاندیدی “CHP”، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان شک نەدەبرد تاوەکوو وانەیەکی باش بە ئاک پارتی و ئەردۆگان بدەن کە بەبێ کورد سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا مەحاڵە. لە هەمان کاتدا “CHP” لەبەر ئەوەی دڵنیا بوو کە ئاک پارتی هیچ مەیلێکی بەلای کورددا نەماوە و “HDP” و دەنگدەری کوردیش بە هەر جۆرێک بوو دەیانویست ئاک پارتی و ئەردۆگان شکست بهێنێت، بۆیە بەئاشکرا هیچ داوای لە کورد و “HDP” نەکرد دەنگ بە کاندیدەکانی بدەن. بەڵام هەنووکە بارودۆخ گۆڕاوە، لە لایەک “HDP” و کوردەکان نایانەوێت هەر وا بەبێ دەستکەوتێک بۆ کورد و تەنها لە پێناو شکستی ئاک پارتی دەنگ بە کاندیدەکانی “CHP” و ڕێککەوتنی میللەت (Millet İttifakı) بدەن و لە هەمان کاتدا هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمارە و جیاوازە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە لایەک “HDP” خۆی کاندیدی بۆ پەرلەمان دەبێت و لە لایەکی دیکەش پێویستە پارتەکانی ناو هاوپەیمانیی میللەت تەنها یەک کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار هەبێت و لەبەرامبەر ڕکابەرەکەشیان کە ئەردۆگانە؛ زۆرترین دەنگی بۆ کۆ بکەنەوە، بەپێچەوانەوە دەکرێت ئەو دەنگانەی کە پارتەکانی هاوپەیمانیی میللەت باکیان پێی نییە، لە ڕێککەوتنێکی درەنگوەختیشدا بێت بڕواتە سەبەتەی ئەردۆگانەوە. لە هەمان کاتدا ئیدی ئەردۆگان و ئاک پارتییش گەیشتوونەتە ئاستی بێئومێدی لە دۆخی “MHP”ی هاوپەیمانیان و پێیان وایە “MHP” نەک ناتوانێت دەنگەکانی زیاد بکات، بەڵکوو ئاک پارتییش بە هۆی ئەو سیاسەتەی لەگەڵ “MHP” لە چەند ساڵی ڕابردوودا جێبەجێی کردووە؛ دەنگەکانی بەردەوام لە کەمبوونەوەدان، بەتایبەت ئەو دەنگانەی کە لەنێوان ئاک پارتی و “HDP”دا مابوونەوە، وردە وردە دەڕۆنە سندووقی “HDP”وە. لەبەر ئەمەیە نووسەرێکی وەک ئاڵتان تان (Altan Tan) کە وەک کەسایەتییەکی ئیسلامیی نەتەوەپەرستی کوردی لە دوو خولدا پەرلەمانتاری “HDP” بووە، لە نووسینێکیدا لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢١، پێی وایە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی تورکیا، “دەنگدەری کورد پێگەی ‘مەلیک’ی هەیە لە یاریی شەترەنجی نێوان هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت”، ئەمەش لەبەر ئەوەی “ئەو کەسەی دەنگی کوردەکان بەدەست نەهێنێت، ناتوانێت پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣دا بباتەوە([7])“. لە هەمان کاتدا نووسەری دیاری ڕۆژنامەی حوڕییەت (Hürriyet Gazetesi) کە پێشکەشکاری بەرنامەی “زانیارییە نەبیستراوەکانی ئەنقەرە” (Ankara Kulisi)یە لە کەناڵی “CNN Türk”؛ عەبدولقادر سێلڤی (Abdülkadir Selvi)، پێی وایە “قەدەری هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ تورکیا لە دەستی دەنگدەری کورد و ‘HDP’دایە کە ئاخۆ دەچێتە ناو هاوپەیمانیی میللەتەوە، یاخود هێڵی سێیەم هەڵدەبژێرێت و خۆی هاوپەیمانییەک پێک دەهێنێت؟ ئەو بڕیارە یەکلایکەرەوە دەبێت بۆ هەر کەس و لایەنێک کە دەیەوێت پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ بەدەست بهێنێ([8])“. ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێت عەبدولقادر سێلڤی لە پرسیارەکەیدا ئاماژەی بەو ئەگەرە نەداوە کە “HDP” بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بێهیوایی هەردوو لا لەوەی کە بتوانن پێکەوە لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆ ببنەوە([9]). لەگەڵ ئەوانەشدا بە هۆی نەتەوەپەرستیی “MHP” و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی چەند ساڵی ڕابردووی نێوان ئاک پارتی و “HDP” و نەتەوەپەرستیی پارتی باش و کەمالیستی “CHP”ەوە، جگە لە بەرژەوەندیی سیاسی و بەدەستهێنانی کورسیی زیاتری پەرلەمان و پۆستی سەرۆککۆمار، ئومێدێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو هاوپەیمانییەکەی تورکیا لەگەڵ “HDP” و دەنگدەرەکانیدا نەماوەتەوە. دەبێت ئەوەش بزانین کە هەردوو هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت پەیوەندییەکانیان بە هەر جۆرێک بێت، کاتێک دێتە سەر مەسەلەی کورد لەو هێڵە لا نادەن کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاTürkiye Milli Güvenlik Kurulu) (کێشراوە([10]). مۆتەکەی پارتە نوێیەکان بەسەر ئاک پارتییەوە لە ناوچە کوردستانییەکاندا جگە لە هاوپەیمانیی کۆمار و میللەت، هەریەک لە پارتی ئایندە (Gelecek Partisi) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (Demokrasi ve Atılım Partisi) (DEVA) بە سەرۆکایەتیی علی باباجان، چاویان بڕیوەتە دەنگی کوردەکان و ئەوانەشی کە دڵیان شکاوە لە سیاسەتی ئاک پارتی. بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو پارت لە چالاکیدان لە ناوچە کوردییەکان. سەرکردەی هەردوو پارتەکەش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ “HDP” بەرەوپێش دەبەن و هەوڵ دەدەن دڵی کوردەکان و “HDP” لە خۆیان نەڕەجێنن، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرکردەی هەردوو پارتەکە لە سەردانەکانیان بۆ کۆنگرەی لقی دیاربەکری پارتەکانیان بەجیا سەردانی سەرکردایەتیی “HDP”یان لە دیاربەکر کردووە. لەوەش گرنگتر، سەرۆکی پارتی “DEVA”؛ علی باباجان، لە دیاربەکر هیچ بایەخی بە چالاکییەکانی “دایکانی دیاربەکر” (Diyarbakır Anneleri) نەداوە کە چالاکییەکی بەردەوامە و لەلایەن دایکانی ئەو منداڵانەوە بەردەوامیی پێ دەدرێت کە وەک ئەوان دەڵێن “منداڵەکانیان لەلایەن پەکەکەوە ڕفێنراوە”، ئەم چالاکییە لەلایەن ئاک پارتییەوە پشتیوانی دەکرێت و هەر سەرکردەیەکی تورکیا بڕواتە دیاربەکر، سەردانی ئەو چالاکییە دەکات. لە بەرامبەردا علی باباجان لە ڕێگەی تویتەرەوە پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی “دایکانی شەممە” (Cumartesi Anneleri) ڕاگەیاندووە کە چالاکییەکی بەردەوامی ئەو دایکانەیە کە کەسوکاریان لە شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەدا بوونەتە قوربانی و لەلایەن “HDP”وە پشتیوانی دەکرێت([11]). لە لایەکی ترەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سەردانی سەرۆکی ئەو دوو پارتەی باس کران بۆ دیاربەکر، ڕۆژی ٩ی تەممووزی ٢٠٢١، ئەردۆگان سەردانی دیاربەکری کرد. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی “DW”، “لەگەڵ ئەوەی ئامادەکاریی تەواو بۆ سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ دیاربەکر کرابوو، بەڵام ڕۆژەڤی خەڵکی شارەکە لەبریی سەردانەکەی سەرۆککۆمار؛ بریتی بوو لە هەڵئاوسانی ئابووری و بێکاری و کێشە مەدەنییەکان([12])“. لە هەمان کاتدا بە بڕوای ڕۆژ گیراسون (Roj Girasun)؛ بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاوێست (Rawest Araştırmaları Merkezi)، “یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو سەردانەی ئەردۆگان بۆ دڵدانەوەی ئەندامانی ئاک پارتی بوو لە ناوچە کوردییەکان و وەک هەوڵێکیش بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو دەنگانەی ئاک پارتی بوون لە دیاربەکر و ناوچە کوردییەکاندا. واتە سەردانەکەی ئەردۆگان بەشێک بوو لە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی کۆمار([13]). بەپێی ڕاپرسییەکان بێت، لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا ئەو کەسانەی کە پێشتر دەنگیان بە ئاک پارتی داوە و تەنانەت لایەنگرانی ئاک پارتییش لە ئێستادا، “دوودڵن یاخود هێشتا بڕیاریان نەداوە” کە دەنگ بە ئاک پارتی بدەنەوە، هەڵبەت بڕیاریان نەداوە دەنگ بە لایەنێکی دیکەش بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکە کە هەریەک لە پارتەکانی “DEVA” و پارتی ئایندە بەشداریی تێدا دەکەن کە سەرکردەکانی هەردوو پارتەکە لە ئاک پارتی جیا بوونەتەوە([14]). بەپێی ڕاپرسییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاوێست (Rawest Araştırmaları Merkezi)، پارتی “DEVA” بەشێک لە دەنگەکانی ئاک پارتی و “HDP” لە چینی ناوەندی ناوچە کوردییەکانی دانیشتووانی شارەکان بۆ خۆی دەبات و پارتی ئایندەش چینی پارێزگار و ئیسلامییەکانی ناوچە کوردییەکان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. لە لایەکی دیکەشەوە پشتیوانیی عەبدوڵا گویل سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا بۆ پارتی “DEVA”، ڕێژەی دەنگی پارتەکە لە ناوچە کوردییەکان بەرزتر دەکاتەوە([15]). بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت چینی پارێزگار و ئیسلامییەکان و لایەنگرانی عەبدوڵا گویلیش لە ڕابردوودا زیاتر دەنگیان بە ئاک پارتی داوە، واتە زۆربەی ئەو دەنگانەی بۆ ئەو دوو پارتە دەڕۆن، دواجار لە دەنگی ئاک پارتی کەم دەکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە پێکهێنانی هاوپەیمانیی کۆمار لەلایەن ئاک پارتی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستیی تورکیا و زیادبوونی داواکارییەکانی پارتی نەتەوەرپەرست کە زۆربەیان داواکاریی نەژادپەرستی و دژی کورد و “HDP”یە، وای کردووە کوردەکان بگەنە ئەو بڕوایەی کە ئاک پارتی لەو بنەمایانە لای داوە کە لەسەری دامەزراوە، بەتایبەت لە بابەتی کێشەی کورد و کوردستانی عێراقدا. بەڵگەش بۆ ئەوە، تێڕوانینی وەهاب جۆشکون (Doç. Dr. Vahap Coşkun) کە مامۆستایە لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر (Dicle Üniversitesi Hukuk Fakültesi)، کە پێی وایە “لەبەر ئەوەی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بەدیلی ئاک پارتی بۆ ئەو کوردانە نەبوو کە دەنگیان بە ‘HDP’ نەدەدا، بۆیە دەنگیان بە ئاک پارتی دەدا. بەڵام لە ئێستادا هەردوو پارتی ئایندە و پارتی ‘DEVA’ وەک بەدیلی ئاک پارتی لە ناوچە کوردییەکاندا پێشوازییان لێ دەکرێت و بەدڵنیاییەوە بەشێک لە دەنگی ئاک پارتی بۆ خۆیان دەبەن([16])“. لە لایەکی ترەوە هەردوو پارتی ئایندە و پارتی “DEVA”، دژی دانانی قەییومن (Kayyım) لەبریی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی “HDP” کە لەلایەن حکومەتەوە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پەکەکەوە لا دەبرێن و کەسانی نزیکی ئاک پارتی بە فەرمانی حکومەت لە جێگەیان دادەنرێت. دژایەتیی ئەو دوو پارتە بۆ دانانی قەییومەکان و تێڕوانینی ئەرێنییان بۆ کێشەی کورد، وا دەکات کە “HDP”یش نەکەوێتە دژایەتی و سەنگەری بەرامبەر لەو پارتانە نەگرێت، بەم جۆرە بەئاسانی دەتوانن لە ناوچە کوردییەکاندا بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان بکەن و بە هەموویان پەڕوباڵی ئاک پارتی لەو ناوچانەدا بکەن. هەوڵەکانی داخستنی “HDP” و کاریگەریی لەسەر دەنگی لایەنەکان ئاک پارتی بە دەستلەپشتدانی لەلایەن “MHP”ی هاوپەیمانییەوە، لە بەهاری ئەمساڵەوە لە هەوڵدایە بۆ داخستنی “HDP” و قەدەغەکردنی کاری سیاسی لەسەر زۆرێک لە سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی “HDP”. بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا دوو جار ڕاپۆرتی تێروتەسەل لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە (Yargıtay Cumhuriyet Başsavcılığı) نێردراوە بۆ دادگای دەستووریی تورکیا (Türkiye Anayasa Mahkemesi) و لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بڕیاری لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکان دراوە([17]). ئەم هەوڵەی ئەردۆگانیش لە پێناو ڕازیکردنی “MHP”یە بۆ مانەوەی لە هاوپەیمانێتیی کۆماردا و لەوەش زیاتر ڕاکێشانی مەیلی بەرپرسانی پارتی “باش”ە بۆ ئەوەی بێنە هاوپەیمانیی کۆمارەوە کە پارتی باش دواجار هەر درێژکراوەیەکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP)یە و بگرە لەوانیش نەتەوەپەرستترن، تەنانەت وەک باس دەکرێت پارتی باش بە هۆی نەرمینواندنی “MHP” لەگەڵ ئاک پارتی لە ساڵانی ڕابردوودا و “لادان لە بنەما و برەنسیپە سەرەکییەکانی تورکچێتی” لە ساڵی ٢٠١٧ لە “MHP” جیا بوونەوە([18]). بە بۆچوونی ڕۆژ گیراسون (Roj Girasun)؛ بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕاوێست (Rawest Araştırmaları Merkezi)، داخستنی “HDP” لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ئەو پارتە لەگەڵ دەنگدەرەکانی و نەک دەنگەکانی کەم ناکات، بەڵکوو وەک ستەملێکراوێک ڕێژەی دەنگەکانی بەرز دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا داخستنی “HDP”، دەنگی ئاک پارتی لە ناوچە کوردییەکاندا کەمتر دەکاتەوە و لەو دۆخەشدا دەنگدەری “HDP” دەنگ دەدات بە پارتی ئایندە و پارتی “DEVA”([19]). خاوەنی کۆمپانیای مێترۆپۆل بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاپرسی (Metropoll Araştırma şirketi)؛ ئۆزێر سەنجار (Özer Sencar)، پێی وایە کە “ئەردۆگان هێشتا دڵنیا نییە لە بابەتی داخستنی ‘HDP’دا و لە حاڵەتی داخستنی ئەو پارتەشدا ٥٪ی ئەو کوردانەی کە دەنگیان بە ئاک پارتی داوە؛ جارێکی دیکە دەنگی پێ نادەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بەرپرسانی ‘HDP’ نەشتوانن بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ پارتێکی تازە دروست بکەن، ئەوا دەنگەکانی ‘HDP’ ناڕوات بۆ ئاک پارتی و بە ئەگەری زۆر بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەڕوات دەنگەکان([20]).” لێرەدا ئەوەی ڕوونە ئەردۆگان لە یاریی داخستنی “HDP”دا هیچی دەست ناکەوێت و بگرە لەوانەیە زیانیش بکات. یاخود بە واتایەکی دیکە: دەکرێت ئاک پارتی لە ڕێگەی داخستنی “HDP”وە بتوانێت پارتی باش لە هاوپەیمانیی میللەتەوە بۆ هاوپەیمانیی کۆمار ڕابکێشێت و بەم جۆرە ڕێژەی دەنگی کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کە ئەردۆگانە؛ بەرز بکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەم دەنگی خودی ئاک پارتی لای کوردەکان کەم دەکات کە کاریگەری دەکاتە سەر ڕێژەی ژمارەی ئەندامپەرلەمانەکانی ئاک پارتی لە پەرلەماندا، هەمیش ڕێژەی دەنگی هاوپەیمانیی میللەت زیاد دەکات، چونکە لەو دۆخەدا دەنگدەرانی “HDP” دەنگ بە هاوپەیمانیی میللەت دەدەن. بەڵام ئاساییە ئەگەر لە پێناوی بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماردا ئاک پارتی و ئەردۆگان قوربانی بە چەند کورسییەکی پەرلەمان بدەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەردۆگان وەک یاریکەرێکی لێزان لەوانەیە بابەتی داخستنی “HDP” وەک تۆپێکی گرنگ لە قاچی خۆیدا بهێڵێتەوە و تا ئەو کاتەی دڵنیا نەبێت لە ڕاکێشانی پارتی باش بۆ هاوپەیمانیی کۆمار؛ نەینێت بە گۆڵی “HDP”وە. یاخود هەر تۆپەکە بهێڵێتەوە و لەدوای هەڵبژاردن بە لێدانی یەکلاکەرەوە گۆڵی خۆی پێ بکات. “HDP” لەنێوان هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەتدا، دڵی بە “ڕێگای سێیەم”ەوەیە ئێستا هیچ پارتێکی تورکیا ئامادەیی بەستنی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ “HDP” دەرنەبڕیوە، لە بەرامبەردا “HDP”یش داواکاریی پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئاراستەی هیچ هێز و لایەنێک نەکردووە. تەنانەت سەرۆکی پارتەکانی ئایندە و “DEVA”یش لە سەردانەکانیاندا بۆ دیاربەکر و سەرەڕای بینینی هاوسەرۆکانی “HDP”، بەڵام هیچ باسوخواسێکی هاوپەیمانیی نێوان ئەو پارتانە و “HDP” ڕۆژەڤی میدیای تورکی و باکووری کوردستان نین. هاوسەرۆکی “HDP”؛ پەروین بوڵدان (Pervin Buldan) لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە داوە کە “پشتیوانیمان لە یەکێتیی هێزە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا گرنگ بوو، بەڵام لەمەودا هیچ کەسێک چاوەڕێی هەمان هەڵوێستمان لێ نەکات”. تەنانەت چەند ڕۆژێک دواتر لە وەڵامی پرسیاری “ئایا لەلایەن هاوپەیمانیی میللەتەوە هیچ داواکارییەکتان ئاراستە کراوە بۆ بەشداریکردن لەو هاوپەیمانێتییەدا؟”، گوتی: “نە لەلایەن هاوپەیمانی میللەتەوە داواکارییەکی لەو جۆرە بۆ ‘HDP’ نێردراوە و نە ئێمەش عەوداڵی بەشداریکردنین لەو هاوپەیمانێتییەدا، پێویستیشمان پێی نییە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کێشەی بەربەستی (١٠٪)مان نییە([21]).” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پارتەکانی هاوپەیمانیی میللەت و پارتی “DEVA” و پارتی ئایندە کە ئیدی هێلکەی خۆمان بەئاسانی ناخەینە سەبەتەی هیچ کەسێکەوە و باکمان پێتان نییە و خۆمان بەجیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و کاندیدمان دەبێت، هەر چەندە هۆکاریش بێت بۆ شکستی ئاک پارتی و هاوپەیمانیی کۆماری ڕکابەر و تا ڕادەیەک دوژمنی “HDP”. لەبەرامبەر ئەمەدا سەرۆکی “CHP”؛ کەمال کلیچدار ئۆغڵو (Kemal Kıliçdaroğlu) پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکی “HDP”؛ میدحەت سانجار (Mithat Sancar) ئامادە نەبوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ببەستن، تەنانەت بۆ یادگارییش بێت وێنەیەکی لەگەڵ میدحەت سانجاردا نەگرت. لەوەش زیاتر سەرۆکی پارتی باش (İYİ Parti)؛ مێرال ئاکشەنەر (Meral Akşener) هەر وەڵامی داواکاریی “HDP”ی بۆ سەردان و کۆبوونەوە نەداوەتەوە. ئاکشەنەر کە “HDP”ی وەک باڵی سیاسیی پەکەکە و درێژکراوەی ئەو حیزبە وێنا کردووە، گوتوویەتی “پێویستە ‘HDP’ وەک پارتێکی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات”. ئەمەش دەریدەخات کە هیچ پارتێکی سیاسیی تورکیا لە ئێستادا ئامادەیی تێدا نییە هاوپەیمانی لەگەڵ “HDP”دا ببەستێت و “HDP”یش مەیلی بۆ چوونە پاڵ هیچ یەکێک لەو هاوپەیمانێتییانە نییە. بە هەمان شێوە ئاڵتان تان پێی وایە داخستنی هەموو دەرگاکان بە ڕووی دەسەڵات و ئاک پارتیدا لەلایەن “HDP”وە و لە هەمان کاتدا پشتگیریکردنی بێ قەید و مەرجی ئۆپۆزسیۆن کارێکی باش نییە([22]). بەو پێیە بێت نە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئامادەن “HDP” لە ئامێزی هاوپەیمانییەکانی خۆیاندا جێ بکەنەوە، نە “HDP”یش چاولەڕێی ئەو دوو لایەنەیە. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، بەشداریی “HDP” بەتەنها خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەگەری تێپەڕاندنی بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمانی لەسەر قورس دەکات و کاندیدی سەرۆککۆماری ئەو پارتەش ئەگەر هەیبێت؛ سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە دۆخێکی لەو جۆرەدا دەکەوێتە گەڕی دووەمەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا، پێشبینی دەکرێت “HDP” ڕێگای سێیەم هەڵبژێرێت و بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ی تورکیا لەگەڵ پارت و پێکهاتە و ڕێکخراوە چەپە کوردییەکانی تورکیا هاوپەیمانێتییەک پێک بهێنێت([23]). “HDP” کە کێشەی بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمانی نییە و خۆی بەتەنها دەتوانێت تێیپەڕێنێت، لە دۆخێکدا هاوپەیمانێتییەک بۆ خۆی و دۆستەکانی پێک بهێنێت، دەتوانێ ڕێگری بکات لە پەرشبوونی دەنگدەرەکانی و لە هەمان کاتدا مەیلی بەشێک لە دەنگدەرانی ئاک پارتییش بۆ خۆی کێش دەکات کە بە هۆی سیاسەتەکانی ئاک پارتییەوە لە فیکری ئیسلامیەت و پارێزگارییش کشاونەتەوە. سیناریۆکان لە ئێستادا ئەوەی ڕوونە هاوپەیمانیی کۆمار بە سەرۆکایەتیی ئاک پارتی و هاوپەیمانیی میللەت بە سەرۆکایەتیی “CHP” لە ململانێیەکی سیاسیی سەختدان و هەردوو لا لە هەوڵی بەدەستهێنانی مەیلی پارتەکانی دیکەدان بەدەر لە “HDP“، هەڵبەت ناشیانەوێت دڵی دەنگدەرە کوردەکانیش لە خۆیان بڕەنجێنن. سیناریۆی یەکەم بریتییە لە بەردەوامیی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، واتە هاوپەیمانیی کۆماریی ئاک پارتی و “MHP” لە لایەک و هاوپەیمانیی میللەتی “CHP” و پارتی باش لە لایەکی دیکەوە لە ململانێی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆککۆمار و زۆرینەی پەرلەمانیدان، بەڵام هیچیان ناتوانن کورسیی سەرۆککۆمار و زۆرینەی پەرلەمانی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنن. هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا، هەریەک لە پارتەکانی ئایندە و “DEVA” و “HDP” بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن و تەنها “HDP” دەتوانێت بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمان ببڕێت. سیناریۆی دووەم بریتییە لەوەی پارتی باش لە هاوپەیمانیی میللەت بێتە دەرەوە و بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا ئاک پارتی و هاوپەیمانیی کۆمار تەنها لە ڕێگەی لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP)وە بانگەوازیان بۆ سەرۆکی پارتی باش (Meral Akşener) کردووە کە “ئیتر کاتی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەکەی خۆت([24])!” بەدەر لەوە، کەسیان ناوێت. هەڵبەت وەک هەنگاوی کردەییش، یەکێک لە ئامانجەکانی هەوڵەکانی داخستنی “HDP” بۆ ڕاکێشانی پارتی “باش”ە بۆ ناو هاوپەیمانیی کۆمار. ئەگەر بێتوو پارتی باش بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، ئەوا تاکە کاندیدەکەی بۆ کورسیی سەرۆککۆمار کە ئەردۆگانە؛ بێ دوودڵی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەر دەکەوێت و زۆرینەی پەرلەمانیش بەدەست دەهێنن. سیناریۆی سێیەم بریتییە لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەلایەن هاوپەیمانیی کۆمار یان هاوپەیمانیی میللەتەوە لەگەڵ “HDP” و چوونی ئەو پارتە بۆ ناو یەکێک لەو هاوپەیمانێتییە. هەر چەندە ئەگەرێکی لاوازە و لە هیچ لایەکیانەوە نیەتی یەکگرتن بەدی ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی سەرۆککۆمار و زۆرینەی پەرلەمانی لەم هەڵبژاردنەدا یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و تەنانەت بۆ “HDP“یش. ئەردۆگان ئەگەر دڵنیا ببێتەوە لەوەی بە داخستنی “HDP”؛ پارتی باش دێتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە، ئەوا پێش هەڵبژاردنەکان ئەو کارە جێبەجێ دەکات، بەپێچەوانەوە نایەوێت بەشێک لە دەنگدەرە کوردەکانی ئاک پارتی لە خۆی زویر بکات و هیچیشی دەست نەکەوێت. سیناریۆی سەرکەوتنی کاندیدی هاوپەیمانیی میللەتیش لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کە هێشتا دیار نییە کێیە، شتێکی مەحاڵە و لە دۆخێکدا کە هەڵبژاردنەکە بکەوێتە خولی دووەمەوە و لەبەرامبەر هاوپەیمانیی کۆماری ئاک پارتی و “MHP”دا سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (CHP,İYİ Parti, DEVA, Gelecek Partisi) بە “HDP”یشەوە ئینجا دەتوانن کاندیدەکەیان لەبەرامبەر ئەردۆگاندا سەر بخەن. ئەنجام هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣-دا بکرێت یاخود پێشتر بخرێت، دەنگدەرە کوردەکان و “HDP” وەک مەلیکی ئەو یاریی شەترەنجە وان و هەر لایەنێک بتوانێت “کش مات”یان بکات، ئەو دەتوانێ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا و زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەو ئەگەرە نزیکە لە مەحاڵەوە. ئەگەری بەهێز ئەوەیە “HDP” ڕێگای سێیەم هەڵبژێرێت، بە واتایەکی دیکە: ڕێگای سێیەمی لە بەردەمدا بهێڵرێتەوە تا هەڵیبژێرێت. بۆیە تەنها ڕێگای بەردەمی “HDP“، بەستنی هاوپەیمانییە لەگەڵ پارت و گرووپە سیکۆلارەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا، ئەمەش لە پێناوی پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز لەبەرامبەر هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی “میللەت”ی تورکەکاندا. لە لایەکی تریشەوە مەترسیی داخستنی “HDP” لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە، ئەگەرێکی کراوەیە. ئەگەر “HDP“ دابخرێت، کێشەیەکی لە داخستنی ئەو پارتە گەورەتر ڕووبەڕووی کوردە چەپەکانی تورکیا دەبێتەوە، ئەویش بریتییە لە دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی کاری سیاسی لەسەر زۆرێک لە سەرکردە و ئەندامە پلە باڵاکانی “HDP“. لەم دۆخەدا زیاتر لە نیوەی دەنگدەرە کوردەکانی تورکیا لایەنێک شک نابەن تاوەکوو دەنگەکانی خۆیانی پێ بدەن و بە ئەگەری زۆر ناچارن دەنگ بدەن بە پارتی ئایندە و پارتی “DEVA“، دواجاریش دوور نییە ئەم دوو پارتە بچنە هاوپەیمانیی میللەتەوە و ئەردۆگان و ئاک پارتی لە مەیدانی دەسەڵاتی تورکیا دوور بخەنەوە. بەم جۆرە جارێکی دیکە کوردەکان وەک مەلیکی شەترەنجەکە بە دەستی خۆیان پارتێکی کەمالیستی وەک “CHP” و پارتێکی نەتەوەپەرستی وەک پارتی باش دەکەنەوە بە دەسەڵاتداری تورکیا. کەواتە هەر لایەک لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە دەنگی لایەنگرانی خۆی یاخود بە دەنگی کوردەکان سەر بکەوێت، “باری کورد هەر ٤٠ مەن دەبێت”! _______________________________________________ سهرچاوهكان [1]. İlbeyoğlu, Vedat, (4.7.2021), Kürdün AKP’yle işbirliği yapma ihtimalini sevenler!, https://www.evrensel.net/yazi/89033/kurdun-akpyle-isbirligi-yapma ihtimalini-sevenler, 17.8.2021. [2]. Demokrathaber.org, (4.7.2021), ‘Kürdün AKP’yle işbirliği yapma ihtimalini sevenler!’ https://www.demokrathaber.org/guncel/kurdun-akpyle-isbirligi-yapma-ihtimalini-sevenler-h147677.html, 18.8.2021. [3]. İlbeyoğlu, Vedat, هەمان سەرچاوەی پێشوو [4]. İndipendenttürkçe.com, (2.7.2021) Sancar: AKP ile uzlaşma anlamına gelecek bir girişimde olmayız, https://www.indyturk.com/node/382281/siyaset/sancar-akp-ile-uzla%C5%9Fma-anlam%C4%B1na-gelecek-bir-giri%C5%9Fimde-olmay%C4%B1z, 19.8.2021. [5]. Tan, Altan, (2.7.2021), Tan: Cumhur ve millet ittifakları söz konusu Kürtler olunca MGK politikalarının ötesine geçemiyor, https://rojevakurdistan.org/tan-cumhur-ve-millet-ittifaklari-soz-konusu-kurtler-olunca-mgk-politikalarinin-otesine-gecemiyor/, 20.8.2021. [6]. Demokrathaber.org, (14.7.2021), Buldan: AKP ile masaya oturacak tek bir Kürt yoktur, https://www.demokrathaber.org/siyaset/buldan-akp-ile-masaya-oturacak-tek-bir-kurt-yoktur-h148163.html, 16.8.2021. [7]. Tan, Altan, هەمان سەرچاوەی پێشوو [8]. Selvi, Abdülkadir, (26.7.2021), 2023 seçimlerinde HDP’ye biçilen rol, https://www.hurriyet.com.tr/yazarlar/abdulkadir-selvi/2023-secimlerinde-hdpye-bicilen-rol-41859719, 20.8.2021. [9]. Tan, Altan, هەمان سەرچاوەی پێشوو [10]. هەمان سەرچاوە. [11]. Haberkurulu.com, (11.7.2021), Diyarbakır annelerini görmezden gelen Ali Babacan, HDP’lilerin ağızıyla Cumartesi anneleri için tweet attı!, https://haberkurulu.com/diyarbakir-annelerini-gormezden-gelen-ali-babacan-hdplilerin-agiziyla-cumartesi-anneleri-icin-tweet-atti/, 15.8.2021. [12]. Dw.com, (8.7.2021), Erdoğan’ın Diyarbakır ziyareti oyları geri getirecek mi?, https://www.dw.com/tr/erdo%C4%9Fan%C4%B1n-diyarbak%C4%B1r-ziyareti-oylar%C4%B1-geri-getirecek-mi/a-58209050, 17.8.2021. [13]. هەمان سەرچاوە. [14]. هەمان سەرچاوە. [15]. Dw.com, (12.7.2020), Gelecek ve DEVA partilerinin Kürt seçmenle imtihanı, https://www.dw.com/tr/gelecek-ve-deva-partilerinin-k%C3%BCrt-se%C3%A7menle-imtihan%C4%B1/a-54105346, 18.8.2021 [16]. Dirilişpostası.com, (9.7.2021), Cumhurbaşkanı Erdoğan’dan Diyarbakır’a tarihi ziyaret, https://www.dirilispostasi.com/haber/7398429/cumhurbaskani-erdogandan-diyarbakira-tarihi-ziyaret, 18.8.2021. [17]. Mahmut Övür, (22.6.2021), HDP kapatma davası ve olası sonuçları, https://www.sabah.com.tr/yazarlar/ovur/2021/06/22/hdp-kapatma-davasi-ve-olasi-sonuclari, 19.8.2021. [18]. Medyafaresi, (25.9.2017), Meral Akşener İYİ PARTİ’yi kurdu!, https://www.medyafaresi.com/haber/meral-aksener-iyi-partiyi-kurdu/845169, 20.8.2021. [19]. Dw.com, (25.6.2021), Güneydoğu’da HDP tepkisi, https://www.dw.com/tr/g%C3%BCneydo%C4%9Fuda-hdp-tepkisi/av-58051830, 17.8.2021. [20]. Dw.com, (22.6.2021), “AKP kendisine oy veren Kürtleri kaybedebilir”, https://www.dw.com/tr/akp-kendisine-oy-veren-k%C3%Bcrtleri kaybedebilir/a-57989460 ,15.8.2021. [21]. Selvi, Abdulkadir, هەمان سەرچاوەی پێشوو [22]. Tan, Altan, هەمان سەرچاوەی پێشوو [23]. Selvi, Abdulkadir, هەمان سەرچاوەی پێشوو [24]. Youtube.com, (5.8.2021), Bahçeli’den Akşener’e “Eve dön” Cağırısı, https://www.youtube.com/watch?v=bxjwnxL8dfI, 19.8.2021. بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (9)ی ئهیلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی