ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی جموجوڵی باڵیۆزەكانی زیاتر كردووە
2022-12-14 15:21:50
درەو:
ناكۆكیەكای نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ماڵی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی گەرمكردووە، باڵیۆزەكان لە بەغدادەوە دێن و هۆشداری دەدەن "رێكنەكەون ناتوانین لە پشتیوانیتان بەردەوام بین"
ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتر بوون، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت، زیاتر لە دوو مانگە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردووە، ئێستا تیمەكەشی بڕیاریانداوە بەشداری كۆبوونەوەكان نەكەن، یەكێتی و وەزیری پێشمەرگەو بریكاری وەزیری ناوخۆی ئاگاداركردووە نەچنەوە دەوام، پارتی ئامادە نیە بیانگۆڕێت.
ئەم ناكۆكیانە نێردە دیبلۆماسی و باڵیۆز و كونسوڵەكانی وڵاتانی نیگەران كردووە، بەتایبەت وڵاتانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش كە مانگانە موچەی لیوا هاوبەشەكانی هێزی پێشمەرگە دەدەن و مانگانە (22) ملیۆن دۆلار و چەك و ئامێری سەربازی دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوان نیگەرانن لە ناكۆكیەكان، فشاریان دەكرد بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام خەریكە حكومەتیش لەت دەبێت.
ئەمڕۆ باڵیۆزانی ئەمریكا و بەریتانیا بەجیا سەردانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیان كرد، لە راگەیەندراوە فەرمیەكاندا تەنیا باس لەوە دەكەن كە گفتوگۆی بارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكەیان كردووە،
بەڵام بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی و پارتیەوە دەستی كەوتووە، باڵیۆز و كونسوڵەكان بەروونی بە بەرپرسانی یەكێتی و پارتیان ووتووە، ئەگەر چاكسازی نەكەن و رێكنەكەون ئێمەش ناتوانین بەردەوام بین لە پاڵشتی و هەموو هاوكارییەكانتان رادەگرین، چونكە ناتوانین لەبەرامبەر پەرلەمانی وڵاتەكانمان پاساو بهێنینەوەو داوای پشتیوانی بكەین بۆتان.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نیگەرانی و گلەیی خۆیان لای باڵیۆز و كونسوڵەكان دەكەن و ئەوان دەیگەیەنن.
ماڵی قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی نزیكن لەیەكەوەو لەسەر هەمان رێگان، ماڵی قوباد تاڵەبانی لە گوندی ئەمریكی شاری هەولێرە لە رێگای پیرمام، ماڵی مەسرور بارزانی لە پیرمامە، واتا هەر وەفدێك بچێت بۆ ماڵی هەر یەكێكیان بە هەمان رێگا دەڕوات و بە هەمان رێگادا دێتەوە، بەڵام پەیامەكانیان بە باڵیۆزەكاندا بۆ یەكدی دەنێرن.