كێشە بۆ لێكتێگەیشتنەكەی ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە درووستبووە
2022-12-16 09:59:32
درەو:
هاوپەیمانان نیگەرانن لە دەوامنەكردنی وەزیری پێشمەرگە، كێشەی بۆ لێكتێگەیشتنەكەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە درووستكردووە، چونكە شۆڕش ئیسماعیل دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكەیە، هۆشدارییان داوە بەبەرپرسانی هەرێم "هاوكارییەكانمان رادەگرین".
رۆژی 21/9/2022 لە رێورەسمێكی فەرمیدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەركەو سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا واژۆكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە نوێكراویەوە كە پێشتر و لە ساڵی 2016 بۆیەكەمجار لە نێوان هەردوولادا واژۆكرا، بەپێی لێكتێگەیشتنەكە ئەمریكا پابەندیی خۆی بۆ پشیوانیكردنی رۆڵ و بەشداریی ھێزەكانی پێشمەرگە دووپاتدەكاتەوە لە ئۆپەراسیۆنەكانی تێكشكاندنی داعشدا و دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەكات كە لە بواری چاكسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەكاندا بە دەست ھاتوون و ھەمیش پابەندیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵكردنی ھێزەكانی لەخۆدەگرێت.
بەڵام شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ماوەی زیاتر لە (40 ) رۆژە نەچووەتە دەوامی وەزارەت، لەدوای دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە رۆژی 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی بانگهێشت كردو ئاگاداری كردنەوە لەوەی نابێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئەمەی وەكو فەرمانی یەكێتی پێ راگەیاندن، لەدوای ئەو بڕیارەوە چەتۆ ساڵح هەرێمی كوردستان بەجێهێشتووەو شۆڕش ئیسماعیلیش چووەوە هەولێر و لەوێوە چووەتە دەرەوە وڵات.
(درەو) زانیویەتی، شۆڕش ئیسماعیل نیگەرانە لە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانیو پێیوایە بیانوی پێدەگرن لەبارەی ئەو هەنگاوانەی كە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گرتویەتییە بەر.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) جێهێشتنی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە كە ( دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكەیە) بەتەواوی هاوپەیمانانی نیگەران كردووە، چونكە ئەوان هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەبوو چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بكەن و یەكیبخەنەوە، بەڵام ئێستا هەنگاوەكەیان خەریكە بەتەواوی شكست دەهێنێت، هەربۆیە لە سەردانی باڵیۆز و نێردە دیبلۆماسیەكانیاندا، هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی هەرێم لەوەی ئەگەر كێشەی وەزارەتی پێشمەركە چارەسەر نەكەن ئەوا هاوكارییەكانیان رادەگرن، كە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی موچەی مانگانەی لیوا هاوبەشەكان كە مانگانە (22) ملیۆن دۆلارە، لەگەڵ دابینكردنی چەك و كەرەستەی سەربازی و راهێنان و هەماهەنگی شارەزا و پسپۆڕی سەربازی، لەگەڵ هەوڵی بەردەوام بۆ یەكخستن و چاكسازی لە بواری سەربازی و هێزی پێشمەرگە، چونكە هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەو خودی شۆڕش ئیسماعیل بۆ ماوەی (4) ساڵ بوو كە بەیەكەوە هەنگاوەكانی چاكسازی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بكەن، بەڵام دەوامنەكردنی وەزیری پێشمەرگە رێگری بۆ یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە درووستكردووەو ئەوان نیگەرانن كە ئایا كەسێكی تر بێت ئەتوانیت وەك ئەو هەماهەنگ بێت لەگەڵیان.
هەربۆیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی بەخشی بە سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەوەی كاروبارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە رانەگیرێت، نوسراوەكەی بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە رۆژی 7/12/2022 دەرچووەو هاتووە: لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاگاداركراوین بە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی بەرێز وەزیری پێشمەرگە لە ماوەی نەهاتنی بەڕێزیان بۆسەر كارەكەیان تا ئەو كاتەی بەڕێزیان دەگەڕێنەوە، ئەویش بەمەبەستی بەردەوامبوونی كاروباری رۆژانەی وەزارەتی پێشمەرگە و درووست نەبووتی هیچ كێشەیەك و بەربەرستێك لەبەردەم راییكردنی كارەكانیدا.
هەواڵی پەیوەندیدار