قەتەرو جامی جیھان و سیاسەت و دین

Draw Media

2022-12-12 11:54:45



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

کەم پاڵەوانێتی جیھانیی تۆپی پێ، بە ڕادەی پاڵەوانێتی ئەمجارە، بە سیاسیی و بە دینیی کراوە. کەمیشیان بەڕادەی ئەمجارە پەیوەندیی بە گەندەڵیی و کڕین و بەرتیلبەخشینەوە، ھەبووە. ئێستا ئیتر ئاشکرایە کە خودی بڕیارەکەی فیفا لە ساڵی 2010دا بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە لە قەتەر ئەنجامبدرێت، بەناو تونێلێکی تاریک لە گەندەڵیی و ڕەشوەو بەرتیل بەخشیندا، تێپەڕیوە. لە ماوەی پێشوودا، ھەندێک لە ڕووە تاریکەکانی ئەم گەندەڵکارییە ئاشکرابوون و ھەندێک لەناوە گەورەکانی ناو فیفا خۆی و ھەندێک لە ناوە گەورەکانی ناو دونیای فوتبۆڵێن خۆیشیان قسەیان لەسەر ئەم گەندەڵکارییە، کرد. مەسەلەکە ئەوە نییە کە تەنھا وڵاتە ئەوروپییەکان و وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکا و ڕوسیا یان چین، مافی ڕێکخستنی ئەم پاڵەوانیەتییە جیھانیەیان ھەبێت، ھەنگاوی گواستنەوەی ڕێکخستنەکە بۆ دەرەوەی ئەوروپا ھەنگاوێکی باش و شوێنی دەستخۆشییە، بەڵام ھێنانی ئەو پاڵەوانیەتە بۆ قەتەر، بۆ وڵاتێکی زۆر بچووک کە نە تۆپی پێ تیایدا بەھێزە، نە لەم بوارەشدا ھیچ دەسکەوت و ئینجازێکی ھەیە، ھەر لەسەرەتاوە شوێنی گومان بوون. قەتەر یەکەم وڵاتە کە ئەم پاڵەوانێتییە ڕێکبخات لەکاتێکدا ھەڵبژاردەکەی ھەرگیز نەیتوانیوە خۆی بپاڵێوێت بۆ بەشداریکردن لەم پاڵەوانیەتیەدا. ھەڵبژاردەی ئەم وڵاتە بە ڕادەیەکی سەرسوڕھێنەر لاوازو بێئاستە. لەم ڕووەوە خاوەنی ھەندێک ڕەقەمی قیاسیی، یان پێوانەییە، بەڵام بەشێوەیەکی سلبی. قەتەر یەکەم وڵاتی ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکەیە کە یاری یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بدۆڕێنێت. یەکەم وڵاتی ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکەیە ھەموو یارییەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا بدۆزێنێت و دوای سێ یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە، تیپەکە بکرێتەدەرەوە. یەکەم وڵاتیشە جگە لە سفرێکی گەورە، یەک خاڵیشی لە پاڵەوانیەتییەکەدا بەدەستنەھێنا. لە کاتێکدا پارەیەکی گەورەیان لە ئامادەکردنی تیپەکەیاندا سەرفکردبوو. 
قەتەر وڵاتێکی زۆر بچووکە، بەڵام خاوەنی داھات و سەرمایەیەکی گەورەیە، کە لە فرۆشی غازو نەوتەوە دەستیدەکەوێت. بوونی ئەو سەرمایە زۆرە دۆخێکی تەواو ناوازەی لەو وڵاتەدا دروستکردووە. دانیشتوانی قەتەر نزیکەی 2,6 ملیۆنە، دوو ملیۆن و شەش سەد ھەزار کەسێکە، لەوانە تەنھا ٣١٣ ھەزاریان قەتەرین، ئەوانیتریان کە زیاد لە ڕێژەی 70% خەڵکەکەیە بیانیان، بەتایبەتی کرێکاری کۆچبەرن لە وڵاتە ھەژارەکانی دنیاوە. ئەم لەشکرە گەورەیە لە کرێکاری کۆچبەر کە ھەژارییەکی گەورە بردونیەتیە ئەو وڵاتەوە، بەشی ھەرەزۆری کارەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامئەدەن. لەڕاستیدا ئەوەی ھەیە بریتییە لە بوونی نزیکەی دوو ملیۆن و سێ سەد ھەزار کەسێک کۆچبەرە کە خەریکی خزمەتکردنی ئەو سێ سەد ھەزار قەتەریەن کە خاوەنی وڵاتەکەن. ئەم ژمارە گەورەیە لە کۆچبەری ئیشکەرو ھەژار، ھیچ مافێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لەو وڵاتەدا نییەو بەھیچ شێوەیەکیش ناتوانن ببن بە ھاوڵاتیی ئەو وڵاتە، گە ھەموو تەمەنیشیان لە کارکردن لەو وڵاتەدا سەرفبکەن. لە ڕاستیدا قەتەر دابه‌شبووە بۆ دوو زۆنی لەیەکتر جیاواز، یەکێکیان ئەو زۆنە دەوڵەمەندو پارەدارەیە کە بە ژمارە ھێجگار کەمن و ژیانێکی سوڵتانیانە دەژین، بەرامبەر بەو ژمارە گەورەیە لە کۆچبەری ھەژار کە لە کۆمەڵێک گەڕەکی پەراوێزیی و بێخزمەتگوزاریدا دەژین. لە دۆخێکدا کە زیاتر لە دۆخی کەمپە زۆره‌ملێکانی ناو مێژوو دەچێت نەک شوێنێک بەلانیکەمی ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان و حیسابکردن بۆ کەرامەتی ئینسانیان. بەم مانایە قەتەر وڵاتی سێ سەد یان چوارسەد ھەزار کەسێکە، کە زیاد لە دوو ملیۆن کەسیان ھێناوە لە دۆخێکی پڕ ئیھانەکردن و چەوساندنەوەدا خزمەتیان بکات. ھاوکات ئەم دوو میلۆن کۆچبەرە ھەژارە ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبینن لە دەوڵەمەدنبوونی زیاترو زیاتری قەتەرو قەتەرییەکان خۆیاندا، بەوەی بە پارەیەکی ھێجگار کەم بەشی ھەرەزۆری کارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن. بەپێی ھەندێک ئامار ژمارەی ئەو قەتەریانەی لە قەتەردا کاردەکەن، تەنھا ٧٠ ھەزار کەسێکە، لەکاتێکدا ئەو دوو ملیۆن کۆچبەری کە ھاتوون ھەموویان کاردەکەن، زۆرینەشیان بە پارەیەکی کەم کاری قورس و درێژخایەن دەکەن. لە ڕاستیدا 94%، نەوەد و چوار لە سەدی، ھێزی کار لە قەتەردا، کۆچبەرن. تەنھا 6%، شەش لە سەدی ئیشکەران، قەتەرین. قەترییەکان، وەک زۆربەی وڵاتەکانی خەلیج، مامەڵەیەکی ھێجگار خراپی ئەو کرێکارە کۆچبەرانە دەکەن، مامەڵەیەک لە دەرەوەی ھەموو ڕێزو ماف و ھاودەردییەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیدا. ڕێکخستنی ئەم مۆندیالەش لەو وڵاتە بووە ھۆکاری مردن و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کرێکار کە ژمارەکانیان دیار نییە، ھەندێک باس لە 6 ھەزارو پێنج سەد کەس دەکەن، بەڵام قەته‌رییەکان سەرەتا نکوڵیان دەکرد کە کەس بە ھۆی دۆخی دژواریی کارکردنەوە مردبێت، دواتر دانیان بەوەدا نا کە نزیکی 400 یان 500 کەسێک بەوھۆیەوه‌ گیانیان لەدەستداوە. بەشێکی زۆری کرێکارەکان لە دۆخێکی پڕوکێنەری نائینسانیدا کاریانپێکراوە کە وایکردووە بەرگە نەگرن و بمرن. لە بەرامبەردا کەس و کارو خێزانەکانیان ھیچ قەرەبوویەکیان بۆ نەکراوەتەوە. 


من ساڵی 2011 و 2012 لە سعودیە خەریکی ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بووم لەسەر پەیوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی لە سعودیەدا. چەندجارێک سەرم لەو وڵاتە داو و ھەرجارەشی نزیکەی سێ ھەفتە دەمامەوە. لەگەڵ سەدان کۆچبەری پاکستانی و بەنگلادیشی و یەمەنیدا قسەمکردووە. ئەمانە ھێجگار ھێجگار لە سعودییەکان و دەوڵەتی سعودی توڕەبوون و باسیان لەوەدەکرد وەک کۆیلە مامەڵە دەکرێن. شۆفێری تاکسییەک، کە پاکستانی و موسڵمان بوو، دوای ئەوەی کە زانی من سعودی نیم و لە ھۆڵەنداوە ھاتووم. دڵی خۆی کردوەو لە کاتی قسەکردندا بە منی وت ”دەزانیت ئەم سعودییانە ھێندە خراپن، قۆنەرەی جولەکەیه‌ک سەری ھەزاریان دەھێنێت“. سێ ساڵێک لەمەوبەر من سەرپه‌رشتیاری تێزی قوتابیەکی زانکۆکەی خۆمان بووم لەسەر ئەوەی چۆن میدیای سعودیی باس لە کرێکارە کۆچبەرەکان دەکات: ئەنجامەکە ئەوەبوو بە زمانێکی ڕاسیستیی و دژە-مرۆڤ و دژە- ماف. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نائینسانییانە، لەکاتێکدا ڕووئەدەن کە ھەم قەتەرو ھەم سعودیەو وڵاتەکانی تری خەلیج، خۆیان بە نوێنەری خواداو نوێنەری ئیسلام و نوێنەری پێغەمبەرەکەی ئیسلام دەزانن. لە قەتەردا ھەم بڕێکی زۆر لە سەلەفیزمی وەھابیی خەلیجیی و ھەم شتێکی زۆر لە ئایدیۆلۆژیای ئیخوانی موسلیمین، ئامادەیە.
لەڕووی سیاسییەوە قەتەر وڵاتێکی شانشینیی ستەمگەرو دابڕاو لە ئازادیی سیاسییە. وڵاتی کودەتای سەربازیی کوڕەکانە بەسەر باوکەکانیاندا. شێوازی سەرەکیی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بریتییە لەئەنجامدانی کودەتا، کودەتای کوڕەکان بەسەر دەسەڵاتی باوکەکانیاندا. ململانێی ناو خێزانی حوکمڕانەکان، لەنێوان باوک و کوڕو ئامۆزاو مامدا، تاقە شێوازێکی ململانێی سیاسییە لە وڵاتەکەدا. لە 75 ساڵی ڕابردوودا دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەڕێگای کودەتاوە بووە. کوڕەکان کاتێک گەورەدەبن و تەماحەکانیان گەورە دەبێت ئیتر دەسەڵاتی باوکیان قبووڵناکەن و کودەتایان بەسەردادەکەن. 
ھەر لە سەرەتاوە ھێنانی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە بۆ قەتەر ھیچ ھۆکارێکی عەقڵانیی و وەرزشیی لەپشتەوە نەبوو، جگە لە توانا مادییەکانی ئەو وڵاتە، کە زۆرشتی پێدەکڕێت، لەناویاندا وەلائی فیفاو بەرپرسەکانی. 
دیوێکی ئاشکرای ئەم مۆندیالە بە سیاسیکردنی یارییەکان و بەسیاسیکردنی دیمەنەکانی ناویەتی. ئێرانییەکان دروشمی دژە ڕژێمی ئێران و عەرەبەکان دروشمی دژە ئیسرائیل و ئەوروپییەکان دروشمی دژەئازادیی ڕادەربڕینیان بە ئاشکرا تیادا بەکارھێنا. 
دیوێکی تری ئەم پاڵەوانێتییە بریتییە لە بەئیسلامیکردنی پاڵەوانێتییەکە لەڕێگای دروستکردنی وێنەیەکی تایبه‌تەوە بۆ قەتەرو بۆ ھەڵبژاردەی ھەندێک لە وڵاتەکان، لەوانەش سعودیەو قەتەرو مەغریب. خاڵی سەرەکیی لەم بەئیسلامیکردنەی پاڵەوانێتییەکەدا نیشاندانی قەتەرە وەک نوێنەری بەھاکانی ئیسلام و وەک بەرگریکار لە کولتوری موسڵمانان. ئەگەرچی ھەر ھێزێک لە ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی ڕوانینی جیاواز بەیەک و تەواو ناکۆکیان بەرامبەر بە پاڵەونێتییەکەو وەرزش و قەتەر خۆیشی وەک وڵات، ھەیە. 


ھەندێک لە ھێزو کەسایەتییە سەلەفییەکان، چ لەناوچەکەداو چ لە ھەرێمەکەی خۆماندا، پاڵەوانێتییەکەیان وەک جیھادی ئیسلام دژ بە کوفر، نیشاندا. دروستکردنی وێنەیەک بۆ یارییەکانیش وەک جەنگ لەنێوان ئیسلام و کوفردا. بۆ نموونە، کاتێک ھەڵبژاردەی سعودیە لە ھەڵبژاردەی ئەرژەنتینی بردەوە ئەم سەلەفییانە بردنەوەکەیان وەک جیھادی ئیسلام دژ بە کوفر لێکدایەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو جیھادە دەربڕی. لەکاتێکدا ھەندێکی تر لە سەلەفییەکان تۆپی پێیان وەک وەرزش. پێ حەرامەو پێینوایە خودا لە قیامەتدا لێپرسینەوە لەگەڵ ھەر موسڵمانێکدا دەکات کە سەعات و نیوێک سەیری یارییەکی تۆپی پێی، کردبێت. ئەمانە پاڵەوانێتییه‌کە وەک کارێکی حەرام سەیردەکەن. ھەرچی ھێزەکانی ئیخوانی موسلیمینە ھەوڵیاندا پاڵەوانێتییە بۆ قازانجی سیاسیی خۆیان بەکاربھێنن. ئەوان لەڕێگای بەئیسلامیکردنی پاڵەوانێتییەکەوە جارێکیتر جەختیان لەو دیدە ئایدیۆلۆژیەی خۆیان کردوە کە ئیسلام دینێکی شمولییەو ھەموو دەرکەوتەکانی ژیان دەگرێتەوە، بە تۆپی پێشەوە. پاڵەوانێتیەکەشیان وەک ھەلێک بۆ بەموسڵمانکردنی چەند کەسێک بە خەڵک فرۆشت. ھەرچی داعشە دیدێکی تەواو جیاوازی ھەیە، ئەمان لە دواھەمین ژمارەی گۆڤاری ”النبأ“دا بەیانێکیان لەسەر پاڵەوانێتییەکە بڵاوکردەوەو تیایدا قەتەریان بە وڵاتی کوفر ناونوسکرد. ھۆکارەکەش ئەوەیە قەتەر وڵاتێکە ”تیورەی حاکمیەتی خودا“ بەوجۆرەی ئەوان تێیگەشتون، پیادە ناکات. ھاوکات داوای پەلاماردانی ئەو وڵاتەیان کرد لە ڕێگای ئەنجامدانی ھێرش و پەلاماردانی چەکدارەوە. داعش پێیوایە ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە لە قەتەر ھەر لەسەرەتاوە بەرپاکردنی جەنگە دژ بە ئیسلام.  

ئەو پرسیارەی ھەموو موسڵمان و دیندارێکی ڕاستەقینە پێویستە لەخۆی بکات ئەوەیە ئایا ئەم فەوزا دینییە چی لێبکەن و چۆن لێیبڕوانین. ئایا ڕاستە دین بۆ ئەو ئاستە ڕۆژانەییە، بەو ھەموو ناکۆکیی و یەکدی بەدرۆخستنەوە، داببەزێنرێت و بە ھەموو شتێکەوە گرێبدرێت. لەمانەش بترازێت ئایا ڕاستە بەھاکانی ئیسلام وەک دین ئەو بەھایانەن کە دەوڵەتی قەتەر نوێنەرایەتی دەکات؟ دەوڵەتێک تێوەگلاو لەشێوازە جیاوازەکانی گەندەڵییەوە، تێوەگلاو لە پڕوکاندن و بە کۆیلەو بێمافکردنی مرۆڤەوە، بەرپرس لە مامەڵەکردنی  نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەری موسڵمان و ناموسڵمان وەک بوونەری کەم و بێنرخ و بێکەرامەتی ئینسانیی. ئایا ئەوەی خەڵکی سادە بە ئیسلامی دەزانێت ئەم جۆرەیە لە ستەم و تاوانی ڕێکخراو و سیستماتیک، کە بە پارەی نەوت و غاز بە جیھان وەک دین و دینداریی ڕاستەقینە دەفرۆشرێت. ئایا ئەوە بەسە خواردنەوەی ئەلکھول لە یاریگادا یاساغ بکەیت، بەڵام لە دەرەوەی یاریگادا بیفرۆشیت و بازرگانی پێوە بکەیت، بۆئەوەی ببیت بە نوێنەری ئیسلام؟ ئیسلامییەکان خۆیان بەمە دەڵێن نیفاق. 

وەک پیشەی ھەمیشەییان ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی پەنا بۆ دروشمی لیبرالی ”ئەبێت ڕێز لە کولتورمان بگرن وەکچۆن ئێمە ڕێز لە کولتورتان دەگرین“ دەبەن بۆئەوەی قەتەر وەک وڵاتی بەرگریکردن لە ئیسلام بە موسڵمانان، بفرۆشن. ئەم پرنسیپە لیبرالەو کۆی پرنسیپە لیبرالییەکانی تر، کاتێک مانایان ھەیە کە ڕێز لە ھەموویان بگیرێت و بەشێکبن لە عەقڵیەتی حوکمڕانیی و عەقڵیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەگەڵیەکدا. نەک ئەوەی لە کوێدا بەکەڵکت ھات پەنای بۆببەیت و لە کوێشدا بەکەڵکت نەھات، بیخەیتە ژێرپێتەوە. 
بە کورتیی، بەئیسلامیکردنی پاڵەوانێتییەکە ستراتیژەتی سیاسیی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و ستراتیژیەتی حوکمڕانانی قەتەری لەپشتە، وەک حوکمڕانییەکی گەندەڵ و ستەمگەر. ئەم ستراتیژیەش بریتییە لە یاریکردن بە ھەستی دینیی خەڵکی سادەی ناوچەکەو نمایشکردنی ئیسلام وەک دینێک لە جەنگدایە هه‌م لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی ئیسلام لەناوخۆیداو ھەم لەگەڵ ھەموو جیھاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand