(درەو): كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی كە لە (6) كیڵگەی نەوتی هەرێم كاردەكات و خاوەنی (60%) بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانە، تۆمەتبار دەكرێت بە دابینكردنی خەرجی شەڕی روسیا لە ئۆكرانیا. گروپی كۆمپانیانی (بریتش پترلیۆم)ی نەوتی كە گروپێكی بەریتانییەو بە (BP) ناسراوە، كشانەوەی خۆی لە سەرمایەی كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی راگەیاند. (BP) كە خاوەنی (19,75%)ی پشكی سەرمایەی كۆمپانیای (روسنەفت)ە دەڵێ" روسنەفت خەرجی شەڕی روسیا لە ئۆكراینا دابین دەكات، وەكو ناڕەزایەتییەك دژی جەنگەكە، ئێمە لە شەراكەتی خۆمان لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە دەكێشینەوە". برنارد لۆنی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (BP) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەست لە پۆستەكەی لە ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای روسنەفت دەكێشێتەوە، جەنگی ئۆكراینا وای لێكردین چاو بە كاری خۆمان لەگەڵ رۆسنەفت بكێشینەوە". ئەم بڕیارە كاریگەری هەندێك لە كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوتی لەسەر ئابوری روسیا دەرخست، بەتایبەتیش كۆمپانیای (شێڵ) كە خاوەنی (27,5%)ی پرۆژەی غازی (سخالین 2)ی كۆمپانیای (گازپرۆم)ە، هەروەها كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كە ماوەی (25 ساڵ)ە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا روسییەكانی سەربە گروپی كۆمپانیاكانی (روسنەفت) دەكات، كۆمپانیایەكی تری وەكو (گلینكور) خاوەنی 11%ی كۆمپانیای (ئەی ئێن پڵەس)ی بواری وزەی روسیایە، ئەمە لەپاڵ چەند كۆمپانیای تردا كە لەگەڵ روسەكان كاردەكەن. راگرتنی كاركردنی (BP)ی بەریتانی لەگەڵ (روسنەفت)ی روسی، دوای ئەو سزایانە دێت كە هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان بەهۆی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، بەسەر روسیایاندا سەپاند، لەوانە كردنە دەرەوەی هەندێك لە بانكەكانی روسیا لەناو سیستمی (سوێفت)ی تایبەتی بە ئاڵوگۆڕی دارایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمە مەترسی گەورەی لەسەر كاری كۆمپانیا روسییەكان دروستكردووە. روسنەفت لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای روسنەفت-ی روسی خاوەنی رێژەی 60%ی پشكەكانی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەو بەشەی بۆرییەكە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێم تاوەكو سنوری توركیا)، لەپاڵ ئەمەدا كۆمپانیاكە كاری گەڕانو پشكنین بەدوای نەوتدا دەكات لە (6) كێڵگەی كوردستان، ئەو كێلگانەی روسنەفت كاریان تێدا دەكات دەكەونە سنوری (هەولێرو دهۆك)و بریتین لەم كێڵگانە: • بەرتلە • زاوێتە • هەریر • بجیل • قەسرۆك • دەرەتوو
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) کاتێک فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانۆیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) لە کۆتاییەکانی ژیانیدا و لە ساڵی ١٧٩٥دا وتارە بەناوبانگەەی دەربارەی ”ئاشتیی سەقامگیر و بەردەوام“ دەنووسێت، ئەو ڕاستییە باش دەزانێت کە ئەو وەک نووسەرێک، ناتوانێت کاریگەریی لەسەر جەنەراڵ و پادشا شەڕکەرەکانی سەردەمەکەی دابنێت. دەزانێت ئەوانەی جەنگ و ئاشتی بەرپادەکەن، ئەوانەی توانای جوڵاندنی سوپا و تانک و شەڕکەرەکانیان ھەیە، ئەوانەی ئەمری تەقاندنی تۆپەکان دەدەن، گوێ لەو و لە ھیچ نووسەر و ڕۆشنبیرێکی تریش، ناگرن. یەکێک لە تراژیدیا گەورەکانی ڕۆشنبیرڕانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەزانن تەنھان. بەڵام ئەم دۆخی تەنھابوون و بێکاریگەربوونە وا لە کانت ناکات وازناھێنێت و بێدەنگببێت، ئەو قسەدەکات و دەنووسێت، بەو ھیوایەی بکرێت لە ساتێک لە ساتە تایبەتەکانی مێژوودا، گوێی لێبگیرێت و ڕوانین و لێکدانەوەکانی ببن بە بەشێک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن و بەرھەمھێنانی واقیع. خەونی کانت لە کۆتایی سەدەی ھەژدەھەمدا، دوای نزیکەی زیاد لە دوو سەدە و جەنگ و پێکدادانی خوێناوی لە مێژووی ئەوروپادا، خەونی بەرقەرارکردنی ”ئاشتییەکی ھەمیشەیی“ و ”بەردەوامە“. خەونێک کە لای کانت پێویستە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دونیای مۆدێرن بێت. کانت ھیوای بەوەبوو میلەتان ھۆشیارببنەوە و ڕۆشنگەرانە بیربکەنەوە، سیستمی پادشایەتی وەلابنێنن و سیستمی کۆماری دامەزرێنن. سیستمە کۆمەکارییەکانیش لە دەوری یەک کۆببنەوە و یەکبگرن، بە ئازادییش بەیەکەوە و لەپاڵ یەکدا، بژین و بەردەوامببن. ھاوکات کانت پێیوابوو ئەم کۆمارانە پێویستە ڕێز لەو شتە بگرن کە ناوی ”مینوانداریی گەردوونیی“ لێدەنێت. مەبەستی کانت لە ”میوانداریی گەردوونیی“ ئەوەیە کاتێک لێقەوما و کۆچبەرێک دێتە بەردەرگای ماڵەکەت، ئەگەر بە مەبەستی شەڕ نەھاتبێت، ئەخلاقیی ئینسانیی داوا لە مرۆڤ دەکات دەرگاکەی بۆبکەیتەوە، لێگەڕێی بێتە وڵاتەکەتەوە. چونکە ھەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە شوێنێکی لەم سەر زەمینەدا ھەبێت. بەم شێوەیە لەگەڵ کانت دا مافی ”میوانداریی گەردونیی“ لەدایکدەبێت و لە سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیھانی دووھەمیش ”ڕێکەوتنامەی جنێف“ لەدایکدەبێت، کە پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی کە نابێت ھیچ پەنابەرێک بگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، بەبێ ئەوەی گوێی لێگیرابێت و ئەو ھۆکارە ڕوونبکاتەوە کە بۆتە ھۆکاری ھەڵاتن و سەرھەڵگرتنی. ئەرکی دەوڵەتە پەنابۆھێراوەکانە ئەو ھۆکارە بپشکنن بۆئەوەی بزانن ئایا ھۆکارەکە ڕاستە یان نا. ئەم گوێگرتنە لە مرۆڤی ھەڵکەندراو و ھەڵاتوو لە وڵاتەکەی خۆی بڕبڕەپشتی ڕێکەوتننامەی جنێفە. بە مانایەک لە ماناکان، ھاتنەکایەی ڕێکەوتننامەی جنێف و دەستەبەرکردنی مافی پەنابەرێتی، پەیوەندیی بە بیرۆکەی ”میوانداریی گەردونیی“ لای کانت ەوە ھەیە. دەکرێت بشڵێین ئەو دۆخەی لە دوانی جەنگی جیھانی دووھەموە دروستدەبێت و ئەو مافانەی بۆ پەنابەران دەستەبەردەکرێن، پەیوەندیەکی تایبەتیان بە ھەندێک لە بۆچونەکانی ئەم نووسەرە ئەڵمانیەوە ھەیە. کانت باوەڕیشی وابوو بۆئەوەی مرۆڤایەتی بتوناێت لە ئاشتیدا بژیی، پێویستی بەوەیە ڕێز لە کەرامەتی ھەموو مرۆڤێک بگیرێت و یەک یاسای ئەخلاقیی گەردونی ھەبێت، حوکمی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بکات. ئێستا کە ھەواڵی پەلامارەکانی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا و دەنگی بۆمبارانکردنی شارەکانی ناو ئەو جەنگە، لەڕێگای تەلەفیزیۆن و دونیای دیگیتاڵییەوە دەگەنە ھەمووشوێنێک، کاتێک دووکەڵ و خاشاکی ئەو جەنگە، بەھۆی شاشەکانەوە لە ھەموو کون و قوژبنێکی ئەستێرەکەدا دەبینرێن، بۆ ھەمووان ئاشکرایە کە خەونی کانت بۆ بونیادنانی ”ئاشتییەکی ھەمیشەیی“ و ”سەقامگیر“ لە دونیای ئەمڕۆماندا خەونێکی مردوە، زیاد لە دوو سەد ساڵ دوای نووسینی وتارەکەی کانت، دوو وڵاتی کۆماریی و زۆر وڵات و ناوچەی تریش. لە جەنگێکی خوێناویدان لەگەڵیەکدا. بەچاوی خۆمان دەبینین سەرۆک و ژەنەراڵەکانی سوپا، بێگوێدانە ئەو ئەدەبیاتە گەورەیەی لەسەر گرنگیی ئاشتیی و پێکەوەژیان ھەیە، سوپاکان دەجوڵێنن و کارەساتە گەورەکان بەرھەمدەھێنن. وەک وتم کانت ئەو ڕاستییەی باش دەزانیی ئەوەی ئەو دەیڵێت و دەینوسێت، تەواو لە عەقڵ و خەیاڵی سەرکردە و سوپاسالار و ئەفسەرەکانەوە دوورەوە. ئەوەی نووسەرێک دەیڵێت، جیاوازە لەوەی پیاوانی دەسەڵات و حوکمڕانان بیرلێدەکەنەوە و ئەنجامیئەدەن. کانت ئەو ئەو مەسافەیەی دەبینیی کە لەنێوان کتێب و تفەنگ و نووسەر و ئەفسەرێکدا ھەیە و دروستدەبێت، بەڵام، وەک وتم، ئەم زانینە تاڵە، ئەوی بەرەو بێدەنگیی و قسەنەکردن نەبرد. بە پێچەوانەوە، ئەو لەناو گرمە و ھاڕەی بیستراو و نەبیستراوی جەنگەکاندا یەکێک لەبەناوبانگترین تێکستەکانی مێژووی فیکری سیاسیی نووسیی و بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ ھەمان دۆخ بە نیسەبت زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی جیھانەوە لەئارادایە. لە زۆر ڕوویشەوە جیھانی ئەمڕۆ لە جیھانی سەردەمی کانت ترسناکتر و پڕمەترسیتریشە. چەک و تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردن، ئیبادەکەرتر و مەترسیدارترن، ژمارەی ھەڵاتوان و پەنابەران لە جیھانیشدا ھێجگار ھێجگار گەورەترە لەوەی لەسەردەمی کانتدا ھەبووە، جەنگ خۆیشی ھەم لە واقیعدا و ھەم وەک ھەڕەشەیەکی بەردەوام، بەشێکە لە ھەندەسەی دەسەڵات لە زیاد لە بەشێکی جیھانی ئەمڕۆدا. بەڵام ھەموو ئەمانە نابێت دۆخی بێدەنگبوون و باوەڕنەمان بە نووسین و قسەکردن، دروستبکات. دەبێت قسەبکەین و بێدەنگ نەبین، باسی ئەو جیھانە بکەین کە ئەو ھەموو ھەڕەشە و مەترسییەی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتوە. ئەوەی کەسانی وەک من و زۆر ڕۆشنبیر و نووسەری تر پێویستە لەم دۆخە ناھەموارەدا ئەنجامیبدەن، درێژەدانە بەو ھێڵە کانت یەی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە بۆ ئەمڕۆ ھاتوە. من و زۆرانێکی وەک منیش، لە پەیوەندیدا بە دونیای خۆمانەوە، ئەو ڕاستییە باش دەزانین کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی ئێمەش، خێزانە سوڵتانییە حوکمڕانەکان، گوێ لە لە ھیچ نووسەر و ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە و ڕەخنەیی ناگرن، دەزانین ئەوان لە ھەسارەیەک و ئێمە لە ھەسارەیەکی تردا، دەژین، دەشزانین توانای تاڵکردنی ژیانی زیاد لە نەوەیەکیشیان ھەیە، بەڵام ھەموو ئەم شتانە ناکرێت وەک نووسەرێک بێدەنگمان بکەن و واز لەوەبھێنین بە ناشیرینیی و تاوانەکان بڵێین ناشیرینیی و تاوان. ئەو جەنگەی ئەمڕۆ بە دیارچاوی ھەموومانەوە ڕووئەدات دەبێت ئیرادەی بێدەنگنەبوومان زیندوتر و بەھێزتر بکات.
درەو: د. زوبیر رەسول ئەحمەد- گۆڤاری زانستیی لێکۆڵینەوە سیاسیی و ئەمنیەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی ژمارە (7) هەرچەندە روسیا میژوویێکی کۆنی هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کورد، بەڵام ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ کورد هەرگیز تاسەر نەبووە، بەڵکو تایبەت بووە بە پرس و ئامانجێکی کاتی، بە جۆرێک هەر کات روسیا گەیشتبێتە ئامانجەکەی کوردی لە نیوەی رێگاوە جێهێشتووە. زۆربهی پەیوەندییەکانی روسیاو کورد به شێوهیهك له شێوهكان، دهچنه قاڵبی سیاسهته ههڵپهرستهكان نهك پەیوەندی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. دوو فاکتەری سەرەکی کاریگەریان هەبووە لەسەر پەییوەندییەکانی روسیا کورد، یەکەم، پرسی وزە کە پرسێکی تازەیە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا دەکرێت کارتێکی گونجاو بێت بۆ سیاسەتی روسیا لە ناوچەکدا، فاکتەری دووەم، فاکتەری هەرێمیییە، بە تایبەتیش تورکیا، کە روسیا هەمیشە رەچاوی کردووە لە پەیوەندییەکانی لەگەل کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیشدا. روسیا لە کەشێکی ئاساییدا دەیەوێت لەگەل هەموان دۆست بێت، بەڵام لە کەشێک کە لە بەرژەوەندی مۆسکۆ نەبێت و هەست بە پەراوێزخستن بکات ئەوا بێگومان پەرچەکرداری دەبێت. پوختەى توێژینەوە: هەرچەندە پەیوەندی روسیاو کورد مێژوویێکی دریژی هەیە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا پەیوەندییەکانیان لە سنورێکی تەسکی تاکتیکی و بەرژەوەندی کورتخایەندا تێنەپەریوە. پرسیاری سەرەکی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئایا پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەماییەکە، یا وردتر بڵێین چ جۆرە پەیوەندیێکە؟ لەدەرەنجامدا بەو ئارگومێنتە گەییشتین کە پەیوەندی روسیا و کورد (هەروەها هەرێمی کوردستانیش) هەمیشە لە چوارچێوەی پرسێکی ترەوە بووە. واتا روسیا هەمیشە پرسی کوردی وەک کارتێکی گوشار لە دژی نەیارەکانی بەکارهێناوە بۆ مەبەستێکی تایبەت. پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستانیش ئەگەر چی لە دوای ٢٠٠٣ فاکتەری بەرژەوەندی ئابورییشی هاتۆتە سەر، بەتایبەتی لە بواری وزە، بەڵام لە راستیدا هێشتا ئەو چوارچێوە ریالیستی و تاکتیکیە مێژووییەی تێنەپەڕاندووە. وێستگە سیاسیەکانی مێژووی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە مۆسکۆ هەرگیز تا سەر لەگەل کورد بەردەوام نەبووە. دوو فاکتەری سەرەکی کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر پەیوەندی روسیاو کورد بە گشتی. یەکەم، فاکتەری هەرێمی بە تایبەتیش فاکتەری تورکیا، کە روسیا هەمیشە لە پەیوەندییەکانی لەگەل کورددا رەچاوی کردووە. فاکتەری دووەمیش کە لە دوایی ٢٠٠٣ هاتۆتە نێو پەیوەندییەکانی هەردولاوە بریتیە لە فاکتەری وزەو بوونی کۆمپانیا روسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. پەیوەندی دروستکردن لە گەڵ هێزێکی گەورەیی وەک روسیا گرنگی زۆری هەیە بۆ هەرێـمی کوردستان، بەڵام پشت بەستن بەو پەیوەندییانە هەرگیز جێگای متمانە نیە. پێشەکی روسەکان لە زۆر رووەوە نزیکترن لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئەوروپی ئەمریکیەکانەوە، ئەمەش بێگومان رەنگی داوەتەوە لە پەیوەندییە سیاسیەکانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. دیارە ئەمە بۆ گەلی کوردو هەرێمی کوردستانیش راستە، کە خاوەن پەیوەندیێکی مێژویین لەگەڵ روسیا. تا ئەو ئاستەی ئەمە وای لە توێژەرێکی روسی وەک "ڤادیم ماکارینکا" Vadim Makarenka کردووە بڵێت کە روس و کورد یەک بنەچەیان هەیە. هەرچەندە ئەم بۆچوونە پاڵپشتی و بەڵگەی مێژوویی نیە. بەڵام لە زۆر وێستگەی سیاسی و ئابوری و ئایدۆلۆجیش کورد ئاشنایەتی زیاتری هەبووە لەگەل روسەکان بە تایبەت دوایی ئەوەی کە شۆرشی ئۆکتۆبەر بەسەرکردایەتی کۆمۆنیستەکان لە ساڵی (١٩١٧) سەر دەگرێت و کاریگەریەکانی بەخێرایی بە تەواوی جیهاندا بڵاودەبێتەوە. هەڵبەتە کاریگەری ئەم شۆرشە بۆ گەلێکی چەوساوەو ژێردەستی وەک کورد زیاتریش بوو، چونکە لە زۆر رووەوە شۆرشی ئۆکتۆبەر موژدەی دونیاو ئاییندەیێکی سیاسی و ئابوری باشتری بە نەتەوە ژێردەستەکان دەدا بە بەراورد بە روانگەی ئەوروپی و ئەمریکیەکان لەو سەردەمەدا بۆ پرسی کورد. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو پەیوەندییە دوورودرێژەی کە لە نێوان یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو شۆرشە کوردییەکانەوە هەبووە . لە دوای راپەڕینی جەماوەری گەلی کوردستانی عێراق (باشوری کوردستان) لە ساڵی ١٩٩١، بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و یاسایی لە ساڵی ١٩٩٢ دروستبوو، بەشێکی زۆری وڵاتان چ لە رێگای کردنەوەی کەناڵە دبلۆماسیەکان یان لە رێگای پەیوەندی نا فەرمی هەڵسان بە دروستکردن پەیوەدندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بوونی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ هەرێم لە وانەیە مایەی نیگەرانی بێت بۆ بەشێک لە وڵاتان، بە تایبەت وڵاتە دراوسێکانی وەک تورکیاو ئێران سوریاو، هەتا هەندێک جار عێراقیش. جێگیربوونی هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ وەک کیانێکی فەڕمی و هەرێمێکی فیدراڵ لە عێراق و مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستوری هەمیشەیی عێڕاقدا (لە ساڵی ٢٠٠٥)، پێگەیێکی دستوری و سیاسی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست کرد لە عێراقدا. ىەڵام لە راستیدا گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش دوای ٢٠٠٨ دەستی پێکرد؛ واتا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوت و دواتریش کارکردن لە گەل کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان کرد بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی گازو نەوت. هەر لەو ساتەوە هەرێمی کوردستان بووە جێی پەیوەندی بەشێکی زۆر لە وڵاتان لە نێوێشیاندا وڵاتێکی وەک روسیا کە هە ر زوو لە ساڵی ٢٠٠٧ قۆنسوڵگەری خۆی لە هەولێر کردەوەو، دواتریش کۆمپانیاکانی وەک رۆسنەفت و گازپرۆمیش ئێستا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن . - پرسیاری سەرەکی ئەو توێژینەوەیە: ئەوەیە کا ئایا پەیوەندی نێوان روسیاو هەرێمی کوردستان لە سەر چ بنەمایەکە؟ یاخود وردتر بڕۆین روسیا لە چ گۆشەنیگایەکەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات؟ ئارگومێنیتی (گریمانەی) سەرەکی ئەو توێژینەوەیە ئەوەیە کە روسیا ستراتیجیێکی تایبەتی نیە بەرامبەر هەرێمی کودستان. واتا بنەمایی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و روسیا پەیوەستە بە بوونی پرسگەلی تر لە ناوچەکدا کە بەزۆری پرسی کاتین و تایبەتن بە دۆخێکی دیاریکراو. هەندێک جار ئەم پرسە بریتیە لە هەڵکشانی پێگەی کورد لە هاوکێشە هەرێمیەکانی ناوچەکدا، بۆ نموونە، پێگەی کورد لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ دواتریش لە ٢٠٠٨ و ئینجا لە کاتی شەڕی دژ بە داعش لە ٢٠١٤، یاخود دوای ٢٠١١ لە سوریاو، یانیش بەکارهێنانی پرسی کورد وەک کارتێکی سیاسی بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، ئینجا ئەمە ئەمریکا، عیراق، ئێران یان تورکیا بێت. - گرنگی ئەم توێژینەوەیە: لە چەند لایەکەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لە لایەک تاووتوێی پەیوەندی یان سیاسەتی روسیا دەکات وەک زلهێزێزێکی ئامەدەبووی بەردەوامی کاریگەر بەسەر هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا، بە تایبەتیش کاریگەر لەسەر سیاسەتەکانی هەر یەکە لە ئەمریکاو هەروەها تورکیاو ئێرانیش کە ئەکتەری باڵادەستن لە ناوچەکەدا. لە لایەکی تریش دیراسەی فۆرمی پەیوەندی زلهێزێک (گرەیت پاوەرێک Great Power- ) دەکات لەگەل هێزێکی نادەوڵەتی (هەرێمی کوردستان) کە پێگەیەکی سنورداری هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێزە تەنیا گوزارشت لەو پێگە سنوردارە ناکات کە هەیەتی، بەڵکو گوزارشت لە پرسی نەتەوەیەکی دیاری ناوچەکەش دەکات کە پرسی کوردە. ناسینی ئاراستەکانی سیاسەتی روسیا لە هەرێمی کوردستان گرنگیێکی تایبەتیشی هەیە لە بەرچاوڕوونی نوخبەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ تێگەیشتن لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی روسیاو ناوچەکەشدا. ئەم توێژینەوەیە لە هەمانکاتدا گرنگی بۆ قوتابیانی زانستە سیاسیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیش هەیە بۆ تێگەیشتن لە بنەمای پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا. بە تایبەت توێژینەوەیەکی زانستی کە پشت ئەستور بێت بە چەندان سەرچاوەی ئاکادیمی و توێژەرە دیارەکانی بواری سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان. - میتۆدەکانی ئەم توێژینەوەیە: لەم توێژینەوەیەدا بەشێوەیەکی گشتی پشت دەبەستین بە میتۆدی جۆرێتی – Qualitative Method، بۆ ئەم مەبەستەش چەندان سەرچاوەی زانیاری کۆکردنەوەمان بەکارهێناوە وەک کتێب، توێژینەوەو جۆرناڵی زانستی، لێدوانی رۆژنامەوانی، دۆکیومێنتی فەرمی . بۆ ئەنجامدان و لێکدانەوەی تێروانینی پرسەکانی تایبەت بەم توێژینەوە، رێچکەی شیکاری- Analytical Approach دەگرینە بەر، واتا شیکردنەوەی هەڵسوکەوت و دیاردەو کێشە سیاسیەکان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەیان لە فۆڕمێکی تردا، کە لە هەمانکاتدا شیکردنەوەیێکی ووردی وێستگەکانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و روسیا دەگرێتە خۆ. ئەمەش بە مەبەستی روانینی قوڵتر لە كێشەی توێژینەوەکە کە تایبەتە بە بوون یان نەبوونی پەیوەندی یان ستراتیجێکی تایبەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. بۆ تێگەیشتن یان دۆزینەوەی ریشەی كێشەکە لە زۆربەی حاڵەتەکان رێگای رەخنەگرتن Critical engagement with sources لە تێکستەکانی پێشووترمان بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی جیاوازتر لە توێژیەنەوەکانی پێشوو. بێجگە لەوەش پشتمان بەستووە بە هەر یەکە لە رێچکە یان میتۆدی مێژوویی historical approach بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی وردترو باشترمان دەستکەوێت بۆ پەیوەندییەکانی هەر یەکە لە روسیاو هەرێمی کوردستان لە رابردوو بەستنەوەشی بە ئێستاوە . بۆ دەستگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاریەکان هەریەکە لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردیم بەکارهێناوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پشتم بەستووە بە سەرچاوە ئینگلیزییەکان، بە تایبەت بەو توێژەرە دیارانەی کە لەسەر پەیوەندییەکانی روسیاو سیاسەتی دەروەی روسیا هەمبەر وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی تریش سیاسەتەکانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین کاردەکەن. - پێکهاتەی توێژینەوەکە: ئەم توێژینەوەیە لە پێشەکی و چوار باس پێکدێت؛ بۆ ئەوەی بەرچاومان روونبێت بە مێژووی مامەڵەکردنی روسیا لەگەل پرسی کورد و بزاڤی رزگاریخوازی کورد، باسی یەکەم تایبەت کراوە بە دەروازەیەک بۆ مێژوویی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا. باسی دووەمیش تاووتوێی پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان دەکات لە ساڵی١٩٩١ تا ٢٠٠٣، واتا روخانی رژێمی بەعس لە عێراقدا. هەرچی باسی سێیەمە ئەوا تایبەتە بە دیراسەکردنی پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣، واتا لەدوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی وەردەگرێت لە دەستوری عێراقدا. باسی چوارەمیش تایبەتە بەو فاکتەرانەی کە کاریگەری دروست دەکەن لەسەر پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان کە لە دوو فاکتەری سەرەکیدا کۆمکردۆتەوە. لە کۆتاییشدا دەرەنجامەکەنی توێژینەوەکە بە پوختی خراونەتە روو. باسی یەکەم/ کورتەیەک لە مێژووی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا پەیوەندی کوردو روسیا رەهەندێکی مێژووی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە لەمەوبەر، واتا کاتێک ژنە ئیمپڕاتۆری روسیا کاترینی مەزن لە ساڵی١٧٨٧ فەرمانیدا بە بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی . چونکە میرنشین و خێڵە کوردییەکان رۆڵێکی گەورەیان بینی لە هاوکاریکردنی روسەکان لە دژی فارس و عوسمانییەکان. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە پەیوەندی زێرینی روسیاو کورد دەگەرێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم . بە تایبەت کاتێک موسکو هەڵسا بە پاڵپشتیکردنی کۆماری مهاباد لە کوردستانی ئێران لە ٢٢ کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ . دروستبوونی ئەم کیانە چرکە ساتێکی گرنگ بوو بۆ بزاڤی شۆرشگێری کورد، بە تایبەتیش لە کوردستانی عێراق (باشور) بەڵام دوای ساڵێک هەر زوو لە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ لایەن شای ئێران روخێنرا. رووخانی کۆماری مهاباد بێئومێدبوونێکی زۆری دروست کرد لە گشت بەشەکانی کوردستان و بووە هۆی دەربەدەربوونی بەشێکی بەرچاوی کورد، بە تایبەت ئەوانەی بەشداریی سیاسی و سەربازییان لە دروستکردنی ئەو کۆمارەدا کردبوو. ئەمە وایکرد سەرکردەی بەرهەڵستکاری کوردی عێراق مەلا مستەفایی بارزانی کە بە پلەی وەزیری جەنگ بەشداری کردبوو لەکۆمار مەهەباد کۆچ بکات بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ١٢ ساڵ لەوێ بمێنێتەوە . ئاوەرەبوون و مانەوەی کوردانی عێراق لە روسیاو کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر پەیوەندی کورد لەگەل روسیا، بە تایبەتیش مەلا مستەفای بارزانی. بە جۆرێک کە لە ساڵی ١٩٥٩ کورد سێ نوێنەری لە کۆنگرەی کۆمیتەی پارتی کۆمۆنیستی ئەرمینیا هەبوو. پەیوەندییەکان بەجۆرێک گەشەیان کرد تا لە ساڵی ١٩٥٥ خرۆشۆف گەیشتە ئەو باوەڕەی کە روسیا پێویستە یارمەتی بزووتنەوە سیاسیەکانی کورد بدات . لە خوێندنەوەی بەشێک لە مێژووی پەیوەندییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو کورد زۆر جار دەگەینە دەرەنجامێک لە روانگەی روسەکان کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی ژێردەست دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت ئەوانەی لە بەرەی یەکێتی سۆڤیەت نین. بۆ نموونەجۆزێف ستالین کوردی وەک ئامرازێک دەبینی بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەمەریکی و بەریتانیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست . ڤیاشیلاڤ مۆلۆتۆڤ وەک گەورە دبلۆماسێکی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت بەکارهێنانی کوردی وەک ئامرازێک دەبینی بۆ لاوازکردنی محەمەد رەزا شا و روخانی میرنشینی فارس Persia لە ناوخۆدا، ئەمەش وەک دەرفەتێکی گونجاو بۆ یەکێتی سۆڤیەت لە بواری کۆدەنگی لەسەر بەکارهێنانی ووزە، وەک چەکێک دژی رۆژئاوا . بۆ نموونە کاتێک روسەکان هاوکاری بزاڤی شۆرشگێری دەکەن لە باکوری عێراق، بە تایبەتیش مەلا مستەفای بارزانی لە رووی چەک و تەقەمەنیەوە ئەوا مەبست لێی گوشار خستنە سەر حکومەتەکەی نوری سەعید بوو لە بەغدا کە ئەو کات پەیوەندیێکی زۆر تۆکمەی لەگەل ئینگلیزەکاندا هەبوو . لە ساڵی ١٩٥٨ مەلا مستەفاو هاوەڵەکانی روسیایان جێهێشت بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ عیراق، چونکە لە رێگای کۆدەتا ( شۆرشی)ی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨ توانرا سیستمی پاشایەتی بڕوخێندرێت و رژێمێکی کۆماری نوێ جێیبگڕیتەوە بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم. ئەم رووخانەی رژێمی پاشایەتی وەک سەرکەوتنێک بۆ کۆمۆنیستەکان و روسیاش لە ناوچەکەدا سەیر دەکرا. بۆ کوردیش دیارە ئومێدێک هەبوو کە لەیەک تێگەیشتنێکی باش دروست بێت لە گەڵ عەبدولکەریم قاسم، بەڵام دوای ٢ ساڵ، کورد بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەگەیشتن بە رێکەوتن لەگەل عەبدولکەریم قاسم، بۆیە بڕیاریاندا بە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی عیراق. بەڵام روسەکان بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەی هەیان بوو بەرامبەر حکومەتی نوری سەعید لەناکاو ئەو هەڵوێستەیان دەگۆردرێ بەرامبەر بە کورد کاتێک عەبدولکەریم قاسم دێتە سەر دەسەڵات و رژێمی پاشایەتی دەروخێنێت لە عێڕاق. چونکە عەبدلکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٩ کۆمەڵیک رێکەوتنی لەگەل روسیا واژووکرد لە بواری پرچەککردنی سوپای عێراق، هەروەها عێڕاق تاکلایەنە کشایەوە لە "هاوپەیمانێتی هاریکاری ئاساییشی هاوبەش" کە عێراق هەیبوو لەگەل بەریتانیا . بەڵام دوایی روخانی رژێمی عەبدولکەریم قاسم، روسیا دیسان رۆلێکی بەرچاوی هەبوو لە ئەنجامدانی رێکەوتنی ئاشتی لەنێوان کوردو بەغدا لە ١١ ئاداری ١٩٧٠ کە دواتر جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە عێڕاقدا بەدەستهێنا . یەفگینی پریماکۆڤ لە یاداشتەکانیدا ئەوە دەگێرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٦ تاوەکو ساڵی ١٩٧٠ رۆلێکی سەرەکی بینیووە لە ناوبەندیکردن لە نێوان حکومەتی عێراق و کورددا، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار سەردانی بارزانی کردووە لە ناوچەکانی کوردستاندا . لە راستیدا دوای هاتنە سەرکاری بەعسیەکانیش مۆسکۆ هەر کاری دەکرد بۆ دروستکردنی دۆستی بەهێز لە عێراقدا ئەمەش لە رێگای دروستکردنی "بەرەیەکی نیشتمانی " کە چەند لایەنێکی سەرەکی بگرێتەوە، بە تایبەت شیوعیەکان و بەعسیەکان و هەروەها کوردیش. بۆ ئەم مەبەستە لە ٢٨ شوباتی ساڵی ١٩٧٢روسیا نوێنەرێکی پایەبەرزی خۆی ناردە لای مەلا مستەفای بارزانی بۆ بەشداریان لە بەرەی نیشتمانی، لە بەرامبەریشدا مۆسکو بەڵینی ئەوەی بە بارزانی دا کە بیانپارێزێت لە مەترسییەکانی ناوچەکە، هەروەها بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەعسیەکانیش هاوکارییان بکات . یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو وەک مەڵبەندێک کە سەرکردایەتی ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزمی دەکرد لە جیهاندا کاریگەری هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانی کورد لەگەل یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، چونکە نەتەوە ژێردەستەکان وەک رێگایەک بۆ سەربەخۆیی دەیانڕوانیە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کەچی وەک دەزانین لە بنەڕەتا سۆشیالیزمی کۆمۆنۆیزم گرنگی نادەن بە پرسە نەتەوەییەکان بەڵکو لە چوارچێوەی بەهایێکی باڵاتردا سەیری كێشەی کەمینە نەتەوەییەکان دەکەن کە سۆشیالیزمە. بۆیە یەکێتی سۆڤیەت وەک مەرجەعێک وابوو بۆ بەشێکی زۆر لەو نەتەوەو کەمینانەی کا چاوەڕێی مافی سیاسی و ئابوری باشتر بوون. بە جۆرێک لە سەرەتای روخانی یەکێتی سۆڤیەت ژمارەی کوردەکان لە نێوان ٣٠٠ هەزار تا ٥٠٠ هەزار کورد دەبوو لە روسیا . لە دوای شۆرشی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨ کڕملین هەمیشە پەیوەندی نەبریووە لە گەڵ کورد، هەندێک جاریش بە ئاشکرا پشتگیری کردوون لە دژی نەیارەکانی، بە تایبەت لە رێگای گوشار خستنە سەر عیراق و تورکیا . مام جەلال لە یاداشتەکانیدا باسی ئەوە دەکات کاتێک کە شۆرشی کورد توشی شکست بوو "سۆڤیەتیەکان زۆر تەنگاوبوون، پێش هەرەس هاتنەلام، وتیان با بارزانی بەرگری بکات، ئێمە ئامادەین پشتیوانی بکەین" . بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە مۆسکۆ هەرگیز پێی خۆشنەبووە کورد زۆر لە ئەمریکیەکانەوە نزیکببنەوە. بۆ نموونە ئەو کاتەی کورد پەیوەندی باشی هەبوو لەگەل ئەمریکیەکان ، سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٣ پاڵپشتی رژێمی ئەوسای عیراقی کرد لە دژی کورد ؛ کە ئەمەش لە بنەڕەتدا بە هۆکاری نزیکبوونەوەی کورد بوو لە ئەمریکا. مۆسکۆ لەگەل کوردانی باکوریش (کورد لە تورکیا) هەرگیز پەیوەندی نەبڕیووە، بۆیە لە چەندین وێستگەی مێژووییدا روسیا یارمەتی پارتی کرێکارانی کوردستانیشی داوە. ئەمە جگە لەوەی کە تا ئێستا روسیا بە فەرمی پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی نەناساندووە . بەڵام سەرەرای بوونی ئەو پەیواندییانەی نێوان کوردو روسیا (یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو) لە راستیدا روسیا هەرگیز تا سەر بەردەوام نەبووە لەگەل کێشەی کورد بەڵکو هەمیشە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاری هێناوە. باسی دووەم/ سیاسەتی دەرەوەی روسیاو بەرامبەر هەرێمی کوردستان (١٩٩١- ٢٠٠٣) لە دوای ١٩٩١ روسیا بە شێوەیەکی گشتی رۆلێکی لاوازی هەبوو لە پرسە نێودەوڵەتیەکاندا، چونکە زیاتر سەرقاڵی بونیاتنانەوەی ناومالێ خۆی بوو، بە هۆی روخانی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستبوونی ئەمریکاو رۆژئاوا لە جیهاندا. هەر لەبەر ئەوەش روسیا هیچ جۆرە پەیوەندیێکی بەرچاوی نەبوو لەگەل ئەو ئیدارە کارگێریەی کە لە ساڵی ١٩٩١ لە باکوری عیراقدا دروست بوو. هەرچەندە سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت میخایل گۆرباتشۆف بە ناچاری رازیبوو بوو کە پشتگیری گەردەلولی بیابان بکات لە دژی داگیرکاری رژێمی سەدام و دەرکردنی لە کوەیت ، بەڵام روسیا لەگەل ئەوەشدا پشتگیری دانانی ناوچەی دژە فرێنی بۆ کورد نەکرد لە باکوری عیراق . ئەمەش پێدەچێت هۆکارەکەی ئەوە بێت کە دانانی ناوچەی دژە فڕێن لە راستیدا پلان و بیرۆکەیەکی زیاتر رۆژئاوایی بوو، مەبەستیش لێی گوشار خستنە سەر رژێمی بەعس بوو، کە کۆنەدۆستی روسیا بوو. دەتوانین بڵێین کە ئەم قۆناغە، واتا راستەوخۆ دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەت، زیاتر وەک پشتکردنی روسیا لە کێشەی کورد سەیر بکەین، بە تایبەت کوردانی باشور (باکوری عیراق). بەڵام سیاسەتی روسیا لە تورکیا بە جۆرێکی تر بوو. بۆریس یەڵسن هەوڵیدا کە کورد بەکاربهێنێت بۆ گوشار خستنە سەر تورکیا، ئەمەش وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئەنکەرا بۆ بەرهەڵستکارانی چیچان ) ١٩٩٤-١٩٩٦) لە دژی روسیا . لە راستیدا پەیوەندنی روسیا و تورکیا زیاتر گرژی تێکەوت کاتێک روسیا رێکخراوی کۆنگرەی نێودەوڵەتی کوردانی روسیای راگەیاند لە کانونی دووەمی ١٩٩٥ بە تایبەت کاتێک دوو چالاکوانی سیاسی کوردانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات، هەر یەکە لە عەلی یەگیت و نەجدەت بوڵدان سەردانی مۆسکۆیان کرد بۆ دروستکردنی پەرلەمانی کوردستان لە هاندەران . بەڵام دواتر دۆخی خراپی ئابوری و لاوازی سیاسی وای لە روسیا کرد بگاتە رێکەوتنێک لەگەل تورکیا، کە بە پڕۆتۆکۆلێ "بەرگرتن لە تیرۆریزم" “prevention of terrorism ناسراوە. بە پێی ئەو پڕۆتۆکۆلە روسیا رازی بوو کە رێگا لە چاڵاکیەکانی پەکەکە بگرێت لە روسیا، تورکیاش رازی بوو کە واز لە پاڵپشتی جەنگاوەرە سەربەخۆخوازەکانی چیچان بهێنێت. بوونی یەڤگینی پریماکڤ وەک وەزیری دەرەوە لە حکومەتی بۆریس یەڵتسن لە ١٩٩٦ - ١٩٩٨، وای کرد کە روسیا پالپشتی عیراق بکات بە تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش. پریماکۆڤ کە بە دۆستە کۆنەکەی سەدام ناسرابوو، هەوڵی زۆری دا کە سزا ئابوریە سەپێنراوەکان لەسەر رژێمی عێراق هەڵبگرێت . ئەم پاڵپشتیکردنەی روسیایش چەند هۆکارێکی لە پشت بوو . یەکەم، بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتی بە تایبەت یەڵتسن بۆ دوما ( Duma) و گەلی روسای بسەلمێنێت کە روسیای دوای یەکێتی سۆڤیەت ئێساتش دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر پرسە سیاسیەکانی جیهاندا. دوومیش، عێراق نزیکەی ٧ بلیۆن دۆلار قەرزداری روسیا بوو، عێراق نەیدەتوانی لەژێر ئابڵوقەی ئابوریدا قەرزەکانی روسیا بداتەوە. سێیەمیش، سەدام بەڵینی بە روسیادا بوو کە گرێبەستی گەورە لە گەڵ کۆمپانیاکانی روسیادا بکات لە بواری پەرەپێدانی گازو نەوت لە عێراقدا. بەڵام لەگەل ئەوەشدا یەڤگینی پریماکۆڤ بەردەوام لینکێکی هەبوو لەگەل هەر یەکە لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەمەش بە هۆی ئەو پەیوەندییەی کە لە شەستەکانەوە لەگەل ئەو دوو سەرکردە سیاسیە هەیبوو. بۆیە لە ساڵی ١٩٩٨ پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کردنەوەی نوێنەرایاتیان پێشکەش بە پریماکۆڤ کرد لە روسیا، بەڵام وەک نوێنەرایەتی حزبێکی سیاسی نەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان . دەتوانین بڵێین کە روسیا بە هۆی ئەو پەیوەندیە ئابوری و سیاسیانەی کە لەم قۆناغەدا لەگەڵ رژێمی بەعسدا هەیبوو، هیچ پەیوەندی و گرنگیەکی بە هەرێمی کوردستان نەدا. روسیا تەواو پرگماتستیانەو ریاڵستیانە سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد. لەسەر ئەم بنەمایە دەوڵەتی عیراق بۆ روسیا گرنگتر بوو لە پرسی کورد، بە تایبەت کە ناوچەی دژە فڕێن لە بنەڕەتدا پرۆژەیێکی رۆژئاوایی بوو بە هاوکاری ئەمریکاو فەرەنساو تورکیا. ئەمە بێجگە لەوەی کە روسیا لەو باوەڕەدا نەبوو کە ناوچەی دژە فرێن تاسەر بمێنێتەوەو پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت. بەڵکو روسیا هەرێمی کوردستانی تەنیا وەک گوشارێکی ئەمریکا دەبینی بۆ سەر رژێمی عیراق. باسی سێیەم/ پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ لە دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان چوونە دۆخێکی ترەوە، ئەمە سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستانیش راست بوو. ئەگەرچی روسیا پاڵپشتی روخانی رژێمی بەعسی نەکرد لە سالی ٢٠٠٣ لە لایەن ئەمریکاوە ، بەڵام لەگەل ئەوەش روسیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە هەر زوو لە دوای ٢٠٠٣ قونسوڵگەری خۆی لە هەولێر کردەوە. کە چی لە ساڵی ٢٠٠٠ مۆسکۆ خۆی بە دوور دەگرت لە هەر پەیوەندییەکی فەڕمی لەگەل هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش بە هۆکاری رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، نەوەک بە پاڵپشتی جودابوونەوەی کورد لە عێراق تاوانبار بکرێت. بەڵام لە ٢٠٠٨ سێرجی لاڤرۆڤ ( Sergey Lavrov ) وەزیری دەرەوەی روسیا هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشاسازی روسیا لە سەردانیاندا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە تێبینی کەمی وەبەرهێنان و قەبارەی بازرگانی روسیایان کرد لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمیان بە ئابورییەکی گەشەکردوو سەقامگیر ناوبرد . بۆ تێگەیشتنی باشتر لە سیاسەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە دوایی ٢٠٠٣ لەوانەیە پێویست بکات کە سەرەتا وێنە گەورەکەی سیاسەتی روسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بزانین، بە تایبەتیش روانینی فلادیمیر پۆتین بۆ ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. بە کورتی دەتوانین بڵێین کە روانگەی روسیای سەردەمی پوتین بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوین دەکرێت لە چەند تەوەرێکدا کورتبکرێتەوە : • دەورەدان و بێهێزکردنی رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامیەکان، بە تایبەت لەبەر مەترسی گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو رێکخراوانە بۆ روسیاو وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، وەک چیچان و بۆسنیاو کازاخستان و..تاد. • پاڵپشتیکردنی ئەو رژێمانەی کە دۆستی روسیان هەروەها ئەو رژێمانەش کە نەیاری ئەمریکاو ئەوروپان. • دامەزراندنی چەند بنکەیێکی سەربازی روسیا لە ناوچەکەدا، ئەگەر تەنیا بۆ پیشاندانی هێزیش بێت. • فروانکردنی بازارەکانی روسیا لە ناوچەکەدا لە بوارەکانی: چەکی کلاسیکی، ئەتۆم، نەوت و گاز، خۆراک و بوارەکانی تر. بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوین ساڵانە کڕیاری ٦٠٪ ی چەکی جیهانن کە دەکاتە ١٠ بلیۆن دۆلار . • راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی ناوچەکە بە تایبەتیش وڵاتانی کەنداو بۆ وەبەرهێنان لە روسیا. • پاڵپشتیکردنی نرخی وزە لە رێگای هەمانگیکردنی لەگەل بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک لە ناوچەکادا. • بەشداربوون لە دروستکردن و دیزاینکردنی هەر چوارچێوەیەکی ئاساییشی هەرێمی Regional security system لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە تایبەتیش لە کەنداوی فارسی/ عەرەبی دا. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە ڕوسیا له سهرهتاكانی ساڵی 2005 به شێوهیهكی بهرچاو دهستێوهردانهكانی خۆی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا زیاد كرد؛ به جۆرێك له نێوان ساڵانی 2005-2007 سهرۆك پووتین (Vladimir Putin) سهردانی ههر یهكه له ئیسڕائیل و سعودیا و ئوردن و میسر و ئیمارات و قهتهر و توركیای كرد. لە هەمان کاتدا ڕوسیا وهك چاودێریش له ڕێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی(Organization of Islamic Cooperation) دا بهشدار بوو. ئهم سهردانانهی ڕوسیا قۆناغێكی جیاوازی له سیاسهتی ڕوسیا پیشان دا، بهتایبهت به بهروارد به سهردهمی سهرۆكی پێشووی ڕوسیا، بۆریس یهڵسن . سهردانی ڕوسیا بۆ ههر یهكه له ئیسڕائیل و ئیمارات سهرهتای قۆناغێكی نوێ بوو بۆ ڕوسیا. ئهم جۆره سهردانانه هاوكات بوون لهگهڵ دهستێوهردانی زۆری ڕوسیا له دانوستاندنه ههرێمییهكانی ناوچهكه، بهتایبهت له دانوستاندنهكانی پرۆسهی ئاشتی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، وهك: دانوستاندنهكانی "كۆمهڵهی 5 دهوڵهت+ 1" لهگهڵ ئێران؛ ئهمه جگه له چهند بوارێكی تری تایبهت به كار و بازرگانی. بهڵام له ڕاستیدا ئهم تێوهگڵانانهی ڕوسیا بهشی ههره زۆریان هیچ دهرهنجامێكی ئهوتۆیان لێ نهكهوتهوه. بهپێی ئهو ڕاپۆرتهی كه دامهزراوهی ڕاند له 2009 كردوویهتی، ڕوسیا نهیتوانیوه هیچ كام لهو ئامانجانهی به شێوهیهكی ڕوون بپێكێت . ئهو گۆڕانكارییانهی كه له بههاری عهرهبیدا له 2011 ڕووی دا، وای له مۆسكۆ كرد كه ترسی ئهوهی ههبێت ئەم دۆخه گۆڕانكاریێكی زۆری له ناوچهكه لێ بكهوێتهوه و كاریگهریی خراپی لهسهر بهرژهوهندییهكانی ڕوسیا ههبێت. بهڵام ههڵوێستهكانی ڕوسیا پێشوهخته نهبوون، بهڵكوو لهگهڵ گۆڕانی ڕووداوهكان ههڵوێستی ڕوسیایش دهگۆڕا. ڕوسیا بهجیا سهیری ههر وڵاتێكی كاریگهر به "بههاری عهرهبی"ی دهكرد، بهتایبهتیش له ڕوانگهی كاریگهری لهسهر بهرژهوهندییهكانی ڕوسیا. ڕوسیا وهك ڕووداوێكی پێكهوهبهستراو و پێوهندار بهیهكهوه له گشت ناوچهكهدا، سهیری بههاری عهرهبیی نهكرد. ئهمهیش له سیاسهتهكانی پووتین (كه ئهوكات سهرۆكوهزیران بوو) له دەنگنەدان (امتناع عن التصویت) له ئهنجومهنی ئاسایش، واتا دهنگنهدان به بڕیاری 1973 كه ڕێگهی دا به هێرشی ئاسمانی بۆ ڕووخانی ڕژیمی موعهمهر قهزافی، ڕهنگی دایهوه. بهڵام ئهوهی تایبهت بێت به سوریا، ڕوسیا به پێویستی زانی هێلێكی تایبهتی ههبێت بۆ پارێزگاریكردن له بهرژهوهندییهكانی به شێوهیهكی ڕوون و بۆ ماوهیهكی درێژ، بهپێچهوانهی كهیسهكانی پێشتر كه زۆربهیان سیاسهتی كورتخایهن بوون. كهواته دهتوانین بڵێین جۆرێك له وهرچهرخان له ستراتیژییهتی ڕوسیا بهرامبهر ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، ئهویش له كهیسی سووریاوه، ڕووی داوه . بۆیە هاتنی روسیا بۆ سوریا بەو قەبارەو کاریگەریەوە وەک دیمتری ترنن دەڵێت "روسیای لە بۆشاییدوای یەکێتی سۆڤیەت دەرباز کرد و وای کرد روسیا هیزێکی دیاربێت لە جیهاندا" . ڕوسیا زیاتر لهو ڕوانگهیهوه سهیری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دهكات كه خۆی بە هێزێكی جیهانیی دەزانێت و دهبێت مۆسكۆ ڕۆڵی له ناوچهكهدا ههبێت و، له ههمان كاتدا كورسییهكی تایبهتیشی لهسهر مێزی دانوستاندنهكانی ناوچهكهدا ههبێت.یاخود وەک دیمتری دەڵێت لە روانگەی پوتین هەردوو پرسی سیاسەت و ئابوری لەیەکتر جیانابنەوە لە رۆژهەڵاتی ناویندا . لە راستیدا ڕوسیا زیاتر به دیدێكی سێكیولارییانه سهیری سیاسهتهكانی بهرامبهر ڕوژههڵاتی ناوهڕاست دهكات؛ واته سیاسهتگهلێك كه ئایدیۆلۆژی نین. ڕوسیا پێی وایه دهتوانێت لهگهڵ ههموو لایهنهكان گفتۆگۆ بكات، وهك ئیرینا زفیاگلسكایا- Irina Zvyagelskaya دهڵێت: "ئهمه وای كردووه ڕوسیا پارێزگاری له پەیوهندییهكی هاوسهنگ بكات لهگهڵ بهشێكی زۆری ئهكتهری دهوڵهتی و نادهوڵهتی كه مۆسكو پێشووتر كێشهی قووڵی لهگهڵ ههبوون." لهم ڕوانگهیهوه ڕوسیا پێی وایه ئهوان سهركهوتووترن له ڕۆژئاواییەکان، چونكه بەقسەی خۆیان ڕۆژئاواییەکان له نێوان وڵاتانی ناوچهكهدا بێلایەن نین؛ بۆیه سیاسهتەکانی مۆسکۆ بە گونجاوتر دەبینن بۆ ناوچەکە . كهواته دەتوانن بڵێین کە ڕوسیا زیاتر به دوای ئامانجی بهرههمداردا (پراگماتیزم) دهگهڕێت، لهگهڵ پابهندبوون به ههندێك بههای سیاسی كه ڕۆژئاواش پابهنده پێی. ئهمهیش جۆرێك له نهرمی به سیاسهتی ڕوسیا دهبهخشێت. واته دهكرێت ڕوسیا ئامانجی درێژخایهنی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا نهبێت، بهڵام بهرژهوهندیی درێژخایهنی ههیه، وهك: سهقامگیریی ههرێمی و گرنگیدان به نرخی جیهانیی نهوت. بهڵام ئهو بهرژەوهندییانه لهگهڵ زۆربهی بژارده کورتخایەنەکاندا كێشه دروست ناكهن، چونكه ڕوسیا بهو شێوه قووڵهی ویلایەته یهكگرتووهكانی ئەمریکا ڕۆنهچۆته ناو كێشهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستهوه . بەم شێوەیە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لە دوای ٢٠٠٣ هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە پڕاگماتیست و ریاڵیستیە بووە. تاكه مهترسییهكی ئهمنیی درێژخایهن كه ڕوسیا له ناوچهكهدا ههیبێت، ئهوهیه كه پەیوهندیی ههیه به تهشهنهكردنی تیرۆر له ڕوسیا و وڵاتانی ناوچهكهدا. نزیكهی 3200 كهس كه خهڵكی ڕوسیا و وڵاتانی یهكێتیی سۆڤیهتی پێشوون، پەیوهندییان به داعش و ڕێكخراوه تیرۆرستییهكان له سووریا و عێراقدا كردووه له 2014. بۆیه سهركردهكانی مۆسكۆ، نیگهرانن له گهڕانهوهی ئهو چهكداره بیانییانه. ئەمە وەچەرخانێکی نوێیە لە ستراتیژییەتی ڕوسیا، چونکە بهپێی چهند ڕاپۆرتێكی دامهزراوهی ڕاند(RAND) ی ئهمریكی له 2003، مهترسیی تیرۆری ئیسلامی، ئهو گرنگییهی لای ڕووسهكان نهبووه . ئەم سیاسەتە ریالیستیە وایکردووە کە روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین تائاستێک کەمتر پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان ببەستێت و پەیوەندییەکانی زۆرتر لە چورچێوەی دەوڵەتدا بێت، بەڵام دوای ٢٠٠٣ دۆخی هەرێمی کوردستان کەیسێکی ئاوارتەیە، بە تایبەت بەهێزی ئەو پێگە سیاسی و دەستورییەی کە هەرێمی کوردستان لە عێراقدا هەیەتی دۆخێکی تایبەتی بەخشیووە بەهەرێم. هەڵبەتە بە پێچەوانەی سیاسەتی روسیا بەرامبەر وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو کە لەوێ روسیا بەردەوام کاراکتەرە نادەوڵەتیەکان بەکاردێنێت بۆ دەستوەردان لەو وڵاتانە . بوونی ئەم فاکتەرە، واتا پاڵپشتیكردنی دامهزراوهكانی دهوڵهت و حكوومهتهكان دژ به ههر دهستێوهردانێكی دهرهكی وای کردووە کە پەیوەندی هەرێم و روسیا بە سنوورداری بمێنێتەوە، بە تایبەت تاوەکو ساڵی ٢٠١٧. ههر لهم سۆنگهیهوه ڕوسیا، ڕۆژئاوا به هۆكاری ئهو جهنگ و نههامهتییانهی عێراق و لیبیاو سوریاش دادهنێت؛ بۆیه ڕوسیا پشتگیری له سهروهری وڵاتان لهژێر سایهی یاسای نێودهوڵهتی دهكات. دهكرێت ئهم ههڵوێستهی ڕوسیا پهیوهست بێت بهو مهترسییهی كه ڕوسیا له شۆڕشه ڕهنگاوڕهنگهكانی وڵاتانی سۆڤیهتی پێشوو ههیهتی؛ واتا هاوسهنگی له نێوان پاراستنی دۆخی ههبوو (ئهمری واقع) و مهترسییه تیرۆریستییهكان. بهڵام له ڕاستیدا ئهوه جۆرێكه له ناكۆكیی سیاسهتی ڕوسیا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست. ڕوسیا وا خۆی نیشان دهدات كه پارێزگاری له كیانی دهوڵهت دهكات و دهست له كاروباری وڵاتان وهرنادات، بهڵام له دهرهوهی ڕوژههڵاتی ناوهڕاست پێچهوانهی ئهمه ڕهفتار دهكات، بۆ نموونه له ئوكرانیاو ئۆسیتیای باشورو ئەبخازیا. له لایهكی تر ڕوسیا لهگهڵ ئێران، كه به درێژاییی ناوچهكه دهست له كاروباری وڵاتان وهردهدات، كار دهكات. له لیبیایش به ههمان شێوه، ڕوسیا یارمهتیی بهشێك له گرووپه ئۆپۆزیسیونهكان دهدات . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەم رەفتارەی روسیا بە پرەنسیپێکی بەردەوام لە سیاسەتی روسیا هەژمار بکەین. باسی چوارەم/ فاکتەرە کاریگەرەکانی سەر پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان ئەگەر بە وردی سەیری مێژویی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا بکەین دەبینین کە هەمیشە دوو فاکتەر بزوێنەری سەرەکی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوەی مۆسکۆ بوونە لە کورد، ئەویش رۆلی فەکتەری هەرێمی بووە، بە تایبەتیش تورکیا، وەک فاکتەرێکی کەریگەر لەسەر سیاسەتی روسیا بەرامبەر بە کورد. بە جۆرێک دەتوانین بلێین هەر کاتێک پەیوەندی روسیا لەگەل تورکیا تێک چوبێت روسیا هەوڵیداوە لە کورد نزیکبێتەوە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر تورکیا. هەندیک جار دەکرێت ئەمریکاش رۆڵی هەبێت لە هاوکێشەکەدا، واتا ئەگەر ئەمریکا پشتگیری رژێمی عیراقی کردبێت ئەوا روسیا پەنای بردۆتە بەر کارتی کورد، ئینجا چ وەک گوشارێک لەسەر عێراق، یانیش لەسەر ئەمریکا. لە دوای ٢٠٠٣ فاکتەرێکی تریش هاتۆتە سەر ئەویش فاکتەری ووزەیە کە دیسان کاریگەریێکی تا رادەیەک رێژەیی هەیە بەسەر پەیوەندیەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە دوای شکستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧. بۆیە بە پێویستم زانی لەم بەشەدا کە کاریگەری ئەو دوو فەکتەرە بخەمە بەر باس و لێکۆلینەوە. یەکەم/ کاریگەری فاکتەری هەرێمی کاتێک کە باس لە سیاسەتی روسیا دەکەین لە رۆژهەڵاتی ناوین وەک کاتز دەڵیت ئەوا دەبێت باسی ئەکتەرێک بکەین کە هونەری ئەوەی هەیە کە لە یەکاتدا هاورێییەتی لەگەل هەموواندا بکات "the art of making friends with everybody" . روسیا سەرەڕای ئەو ململانێ ناوەخۆیانەی کە لە نێوان ولاتاندا هەیە لە رۆژهاڵاتی ناوین بەڵام هەمیشە ویستویەتی دۆستی هەمووان بێت، یان بواری ئەوەی هەبێت کە هەر کاتێک ویستی دۆستایەتی دروست بکات. بۆ نموونە روسیا پەیوەندی لەگەل تورکیا هەیەو لەگەل کوردیش؛ لەگەل ئێران هەیەو لەگەل سعودیاش؛ لەگەل تاران هەیەتی و لەگەل تەلئەبیبیش. لە راستیدا ئەمە شتێکی ئاسان نیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر سەیری وێستگەی پەیوەندییەکانی روسیاو تورکیا بکەین ئەوا دەبینین کە لە چەندین وێستگەی جیاوازدا پرسی کورد ئامادەیی هەبووە. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٤ بە دواوە پرسی کورد رۆلێکی گرنگی دەبینی لە سیاسەتی روسیا دژی تورکیا لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتییەی کە تورکیا هەیبوو بۆ چیچانیەکان . بەڵام لەگەڵ ئەوەش روسیا ساڵی ١٩٩٨ ئامادە نەبوو سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بگرێتە خۆ، واتا ئەو کاتەی کە سوریا بە گوشاری تورکیا داوای لە ئۆجەلان کرد کە سوریا جێبهێڵێت. چونکە روسیا چاورێی هەماهەنگی گەورەی تورکیا بوو لە بواری هەناردەکردنی گازی روسیا بۆ ئەوروپا، بۆیە بەرژەوەندیە ئابورییەکانی خۆی لەگەل ئەنکەڕا نەگۆڕییەوە بە پشتیوانی کردن لە کورد. بەڵام دواجار سەرەرای ئەو بێمتمانەییەی لە نێوان ئەردۆگان و پوتیندا هەبوو، لە ساڵێ ٢٠٠٥ هەردولا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی پرسی چیچان لە لایەن تورکیاو پرسی کورد و لەلاین روسیا . بەڵام لە راستیدا بەکارهێنانی پرسی کورد بە تایبەت لەلایەن روسیا لەو وێستگەیە نەوەستا بەڵکو روسیا هەرکاتێک پێویستی بوبێت دەستدیبردووە بۆ بەکارهێنانی ئەو کارتە، بەلام هەمیشە بوارێک بۆ گفتووگۆ لەگەل تورکیادا دەهێڵێتەوەو نایگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە روسیا بە پاڵپشتیکاری پرسی کورد حساب بکرێت، بۆیە بەکارهێنانی پرسی کورد لە لایەن روسیا تەنیا لە چوارچێوەی تاکتیکێکی کاتی دایە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی دیاریکراو. بە درێژایی مێژوویی نوێ، پەیوەندییەکانی روسیا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە پەیوەندار یان لە رێگای تورکیاو ئێرانەوە بووە. پەیوەندیی روسیا لەگەل تورکیا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچوون، تا ئەو کاتەی تورکیا فرۆکەیەکی روسیای خستە خوارەوە لە ساڵی ٢٠١٥ کە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەردوو لا . ئیتر لەو ماوەیەدا چەندین جار روسیا هەوڵیدا پەیوەندی لە نێوان کوردانی سوریاو رژێمی بەشار ئەسەد دروستبکات، بەبێ رەچاوکردنی توڕەبوونی تورکەکان . بەڵام وەک زۆربەی وێستگەکانی تری پەیوەندی کوردو روسیا، دواجار مۆسکۆ کوردانی رۆژئاواشی جێهێشت لە پێناو رێکەوتن لەگەل تورکیا، ئەمە بە ئاشکرا رویدا لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک روسیا رێگای بە تورکیادا عەفرین داگیر بکات، لە ساڵی ٢٠١٩ بە هەمان شێوە ریکەوتنی لە نێوان هێزەکانی روسیا و تورکیا کرا بۆ کارگێری هاوبەشی هێزەکانی هەردوڵا بە قوڵای ٣٢ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کوردستان . لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی ٢٠١٧ لەهەرێمی کوردستان سەرەرای دژایەتی تورکیاو عێراق و ئێران و، تا ئاستێک ئەمریکاش بەڵام روسیا بە پێچەوانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژایەتی ریفراندۆمی نەکرد. بۆیە دوو مانگ پیش ئەنجامدانی ریفراندۆ سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزۆنیدا ووتی "کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی تری جیهان مافی خۆیانە کە گوزارشت لە هیواو ئامانجەکانیان بکەن، ئەو ریفاندۆمەی بە نیازیشن لە مانگی سێپتەمبەر ئەنجامی بدەن ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەو هیوایە". نەک هەر ئەوە بەڵکو ئامادەباشی روسیاشی دەربڕی بۆ ناوبژیکردنی لە نێوان بەغداو هەولێر. هەڵوێستی کۆنسۆلی روسیاش لە هەولێر هەمان هەلوێست بوو " ئێمە رێز لە بریارێک دەگرین کە هی خەڵکی کوردستان بێت". . ئەم هەڵوێستەی روسیا بەرامبەر ریفراندۆم لە راستیدا پڕەنسیپێکی جێگیر نەبوو لە سیاسەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کورداستان بەڵکو وابەستەی چەند هۆکارێک بوو: • وەک پەرچەکردارێک بۆ تێکچوونی پەیوەندی روسیاو تورکیا بە هۆکاری خستنەخواەروەی فڕۆکەکەی روسیا لە سوریا لە ٢٤ نۆڤەمبەری ٢٠١٥. • مۆسکۆ بە زۆری بە دوای پرکردنەوەی ئەو بۆشاییانەدا دەگەڕێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر دۆستەکانیان جێیدەهێڵن، هەرێمی کوردستانیش خۆی بە دۆستی ئەمریکا دەبینی. • بوونی سەرچاوەی باشی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بە قەبارەی (recoverable reserves) ٤٥ بلیۆن دۆلار و هەروەها گازی سروشتی کە بە ٦٦, ٥ تریلیۆن مەتری چوارگۆشە دەخەملێنرێت . ئەمەش بێگومان دەچێتە خزمەتی ئەو بازاڕەی کە روسیا کۆنتڕۆلی کردووە. • بوونی کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی کارکردنیان لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان. نوێنەری کۆمپانیای رۆسنەفت میخائیل لیۆنتیڤ لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا ووتی، "ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردسان کاریگەی نابێت لەسە کارەکانی ئێمە، ئێمە بزنس دەکەین لە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی لە عێراقدا کە بە یاسا دیاریکراوە، ئێرە سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراقە" . • مۆسکۆ بەوریایی مامەڵەی لەگەل ریفراندۆمی هەرێمی کوردساتان کرد. لەدژی ریفراندۆم نەبوون بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ یەکپارچەی خاکی عیراقیشدا بوون. روسیا لە راستیدا یاری دەکرد لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا، یاریەک کە لە زۆر رووەوە لەو یاریە دەچێت کە لەگەل فەلەستینی و ئیسرائیلیەکاندا دەیکات، واتا روسیا لەیەک کاتدا هەم لەگەل ئیسرائیل و هەم لەگەل فەلەستینیەکانیشدا پەیوەندی هاوسەنگی هەیانە. لە راستیدا ئەم نیمچە هەڵوێستەی روسیا بە مانایی پشتگیریکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نایەت. چونکە مۆسکو بەرژەوەندی گەورەتری لەگەل تورکیاو ئێران هەیە لە ناوچەکادا. دواتر وەک دیمتری دەڵێت پشتگیریکردنی نەتەوە جوداخوازەکان لە دەرەنجامدا لە بەرژەوەندی روسیادا نیە. چونکە ئەم هەڵوێستە راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر هاندانی کەمینەکانی تریش لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشو بە تایبەت لەگەل موسڵمانانی چیچان کە مۆسکۆ دەمێکە کێشەی لەگەڵیاندا هەیە. بەڵام ئەو هەڵوێستە سەرپێیە دەکرێت پەیامێک بێت بۆ ئێران و تورکیا هەروەها عیراقیش کە ئەگەر روسیا بیەوێت دەتوانێت سەر کێشەیان بۆ دروست بکات. لە لایەکی ترەوە دەکرێت ئەم هەڵوێستەی روسیا بۆ کێشە دروستکردنیش بێت بۆ ئەمریکا و عیراق کە پەیوەندی باشیان لە نێواندا هەیە. بەڵام هەرچۆنێک بێت دەکرێت بڵێین کە ئەم هەڵوێستەی روسیاش بەرامبەر ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان تا ئاستێک باش بەشێکە لە لێکەوتەی پەیوەندیەکانی روسیا لەگەڵ تورکیا، کە ئەمەش گرنگی و کاریگەری فاکتەری تورکیامان بۆ دەردەخات لە سیاسەتی روسیا هەمبەر هەرێمی کوردستان. دووەم/ کاریگەری فاکتەری ووزە فاکتەری وزە لە راستیدا فاکتەرێکی تازەیەو زیاتر دەگەرێتەوە بۆ دوای ٢٠٠٣ یاخود ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتن و دەرهێنانی نەوت کرد لە دوایی ٢٠٠٧. داوتر فاکتەری وزە لە راستیدا بووە فاکتەرێکی گرنگ لە نەخشاندنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان. کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لە دوای ٢٠٠٧ بەشێکی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەبەرهێنانیان تێدا کرد، بەڵام لە راستیدا ئەم کەرتە لەبەر جیۆپۆلۆتیکی فرۆشتنی وزە زیاتر لە لایەن تورکیاوە کۆنترۆل کراوە. چونکە لە رێگای بۆری نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جیهان دەگواسترایەوە. هەرچەندە روسیا لە ساڵی ٢٠٠٧ قونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردەوە بەڵام پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان لە بواری وزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ ، واتا دوای ئەوەی کە کۆمپانیای گازپرۆمی روسی رێککەوتنێکی لەگەل هەرێمی کوردستان واژوو کرد لە بواری گەران بەدوای نەوەت . گازپڕۆم لە هاوینی ٢٠١٢ لە دوو بلۆکی نەوت لە کێلگەکانی شاکەل و گەرمیان دەستی بەکار کرد. ىەڵام لەگەل ئەوەشدا کاتێک لە ساڵی لە ٢٠١٥ میخایل بۆگدانۆڤ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد تاوتۆێی بونیاتنانی پەیوەندی زیاتریان کرد لە بواری وزە، گازپرۆم دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ لە کێلگەی هەڵەبجەش دەستی بەکار کرد . لە مانگی مایس لە کاتی دیداری ئابوری نێودەوڵەتی ساینتپتڕوسبۆرگ هەر یەکە لە نوێنەری هەرێمی کوردستان و روسیا لە رێگای کۆمپانی رۆسنەفت رێکەوتنێکیان واژوو کرد بۆ پەرەپێدانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان. رۆسنەفت رازیبوو کە بۆڕیێکی گواستنەوەی گاز لە هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دروست بکات کە توانای گواستنەوەی ٣٠ بیلیۆن کیوبیک مەتری هەیە لە ساڵێکدا، ئەمەش لە راستیدا هەنگاوێک بوو بەرەو درێژبوونی دەستی روسیا بۆ کەرتی ووزەی رۆژهەڵاتی ناوین . ئەو هەنگاوەی روسیا لە راستیدا بازێکی گەورە بوو لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا، گرنگیەکەشی ئەوەبوو کە تەنیا یەک حەفتە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ١٨ سێپتەمبەری ٢٠١٧ دەستی پێکرد؛ واتا ئەو کاتەی کە کورد گوشاری هەموو دونیای لەسەر بوو، بەڵام بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان ئەوەی راگەیاند کە هەڵساوە بە ئەنجامدانی رێککەوتنێک لە گەل کۆمپانیای رۆسنەفت بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەی بۆری گاز بە بڕی( ١ بلیۆن) دۆلار و بە قەبارەی ٣٠ بلیۆن مەتری چوارگۆشە لە ساڵێکدا، هەروەها بەستنەوەی گازی هەرێمی کوردستانیش بە گازی تورکیاو گواستنەوەشی بۆ بازەرەکانی ئەوروپا . تا ئەو ئاستەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ رۆسنەفت رایگەیاند کە ئەوان کاردەکان لەسەر پەرەپێدانی نەوت لە پێنج بلۆکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان. بۆ تێگەیشتن لەو هەنگاوەی روسیا پێویستە بگەرێینەوە بۆ بیرۆکەی پرۆژەی بۆڕیە گازەکانی نابۆکۆ؛ واتا ئەو پرۆژەییەی کە بەنیاز بوو لە ٢٠١٢ بکەوێتە کارو ببێتە جێگرەوەیەک بۆ هەناردەی گازی سروشتی روسیا لە ئەوروپادا، چونکە زۆرینەی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە لایەن روسیا دابین دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٨، ٤٠٪ گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە لایەن روسیاوە دابین کراو. ئەمەش وایکردووە کە روسیا هەندێک جار ئەم باڵادەستیە وەک گوشارێکی سیاسی بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا بەکاربهێنێت . ئەم پڕۆژەیە بە نایازبوو گازی سروشتی لە دەریای قەزوین (Caspian Region) بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین (هەرێمی کوردستانیش دەکەوتە ناو ئەو پڕۆژەیە) و میسر بگوازێتەوە بە خاکی وڵاتانی ئەوروپادا: بولغاریا، رۆمانیا، هەنگاریا، دواتریش بۆ تورکیاو لە وێشەوە بۆ نەمسا . یەکێتی ئەوڕوپا پالشتی ئەم پرۆژەیەی دەکرد، بەڵام دواتر ئەو پرۆژەیە شکستی هێنا و تا ئێستاش روسیا بەردەوامە لە هەژموونی خۆی بەسەر بازاری گازی سروشتی ئەوروپادا. ئەمادەیی روسیا لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان و عێڕاقیشدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ روسیا کە لە ئاییندەدا ولاتانی تریش نەتوانن ئاڵینگاری گازی روسیا بکەن، بە تایبەت لە مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی گازی سروشتی هەروەها نرخی وزەش لە جیهاندا . ئەم هەنگاوانەی روسیا بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا لە راستیدا تەنیا پرۆژەیەکی ئابوری نیە بە ڵکو پرۆژەیێکی سیاسیشە. چونکە روسیا بە پێچەوانەی ئەمریکا خاوەن ئەو هێزی نەرمە نیە کە بتوانێت هاوشانی هێزی سەربازی ئامادەیی هەبێت لە دەرەوەی سنورەکانیدا. بۆیە یەکێک لە میکانیزمە هەرە کاریگەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی روسیا هێزی وزەو بازاری وزەیە لە جیهاندا، کە تا ئێستا هاوشێوەی میکانیزمێکی سیاسی ئاکتیڤە لە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا. لە لایەکی تر نابێت بیرمان بچێت کە ئەو پەیوەندییەی بواری وزە لەگەل هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک حساباتی تریشی لە پشتە. بە تایبەت لە بواری دژایەتیکردنی رێکخراوە تیرۆرستیەکان، هەرێمی کوردستان رۆلێکی بەرچاوی هەبوو لە لەناوبردنی داعش. روسیاش لەو هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی لەگەل هەرێم بێبەش نەبوو. لەچوارچێوەی ئەم هەماهەنگییەوە ساڵی ٢٠١٦ روسیا پێنج چەکی دژە فرۆکەی 23mm ZU-32-2 بەخشیە هەرێمی کوردستان . بۆیە لە بواری دژایەتیکردنی تیرۆریزم کە روسیا مەترسیێکی زۆری لەسەرە، هەرێمی کوردستانیش گرنگی خۆی دەبێت. هەڵبەتە ئەمە جگە لەوەی کە روسیا بوونی خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق وەک پردێک دەبینێت بۆ ئامادەیی سیاسی و هەروەها ناوبەندیکردنیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا. هەڵبەتە ئەمە بێجگە لەوەی کە لە دوای ٢٠١٤ پێگەی کورد بەگشتی لە سوریا عێراقدا لە هەڵکشان دابوو، بەهۆی ئەو رۆڵەی کە کورد هەیبوو لە سوریاو عێراقدا، هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی کوردی دەکرێت کاریگەری هەبێت بەسەر وڵاتانی وەک سوریاو، تورکیاو عێراق و ئێران، ئەم کارتە بۆ روسیا گرنگە بۆ ئەوەی هەر کاتێک پێویستی کرد وەک گوشار دژی ئەو وڵاتانە بەکاریبێنێت. دەرەنجام هەرچەندە روسیا میژوویێکی کۆنی هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کورد، بەڵام ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ کورد هەرگیز تاسەر نەبووە، بەڵکو تایبەت بووە بە پرس و ئامانجێکی کاتی، بە جۆرێک هەر کات روسیا گەیشتبێتە ئامانجەکەی کوردی لە نیوەی رێگاوە جێهێشتووە. زۆربهی پەیوەندییەکانی روسیاو کورد به شێوهیهك له شێوهكان، دهچنه قاڵبی سیاسهته ههڵپهرستهكان نهك پەیوەندی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. تەوەری سەرەکی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا لە راستیدا بۆ ئەو پێگە سیاسی و جیۆپۆلۆتیکییەی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە کە لە ناوچەکەدا هەیەتی؛ هەرێمی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەییە کە بەشێکە لە ئاساییشی نەتەوەیی سێ وڵاتی سەرەکی وەک تورکیاو ئێران و سوریا (لە عێڕاق دۆخەکە گۆڕاوە). ئەم پێگە سیاسییەی هەرێمی کوردستان لەگەل ئاراستەی ئەو جۆرە سیاسەتە دەگونجێت کە روسیا لە ناوچەکەدا پەیڕەوەی دەکات؛ مەبەست بەکارهێنانی کارتی کورد وەک گوشار لەسە وڵاتانی ناوچەکادا. دوو فاکتەری سەرەکی کاریگەریان هەبووە لەسەر پەییوەندییەکانی روسیا کورد بە گشتی و هەروەها هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی، لە ئاییندەشدا ئەو کاریگەریە هەر دەمێنێت. یەکەم، پرسی وزەش کە پرسێکی تازەیە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا دەکرێت کارتێکی گونجاو بێت بۆ سیاسەتی روسیا لە ناوچەکدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روسیا لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەو هەرێمی کوردستاندا دواجار کیانە دەوڵەتیەکان هەڵدەبژێرێت؛ ئەم جۆرە روانینەی زلهێزەکان لە راستیدا وابەستەی هاوکێشەو گۆڕانکارییە سیاسیەکان و باڵانسی هێزە لە ناوچەکدا. بۆیە روسیا هەر کات خۆی بە پەراوێزخراو بینی لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا ئەوا پەنا دەباتە بەر ئەکتەری نادەوڵەتی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان. فاکتەری دووەم، فاکتەری هەرێمیییە، بە تایبەتیش تورکیا، کە روسیا هەمیشە رەچاوی کردووە لە پەیوەندییەکانی لەگەل کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیشدا. لە کۆتادا، گرنگە لەوە تێبگەین کە روسیا لە کەشێکی ئاساییدا دەیەوێت لەگەل هەموان دۆست بێت، بەڵام لە کەشێک کە لە بەرژەوەندی مۆسکۆ نەبێت و هەست بە پەراوێزخستن بکات ئەوا بێگومان پەرچەکرداری دەبێت. بەڵام بۆ کاراکتەرێکی وەک هەرێمی کوردستان بوون بە بەشێک لە پەرچەکرداری زلهێزیک یارییەکی بێ مەترسی نیە، چونکە زۆربەی پەرچەکردارەکان کاتین، کە دۆخەکە ئارام بووەوە لایەنی سێیەم دەبێتە قوربانی؛ کورد تا ئێستا ئەو جۆرە سیاسەتانەی زۆر تاقیکردۆتەوە دەبێت ئەزموونێکی باشی هەبێت و بە ئاسانی نەکەوێتە داوی یاری نێوان هێزە گەورەکان. بۆیە دواجار ململانێ و بەرژەوەندی زلهێزەکانی هەمیشە لە دوو سەرەوە کاریگەری هەبووە لەسەر پرسی کورد؛ لە لایەک لەسەر پەیوەندی ئەو زلهێزانە great powers لەگەل کورد، لە لایەکی تریش لەسەر پەیوەندی و شێوازی خەبات و ئامانجی هێزە کوردییەکانیش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خەباتیان لە دژییان کردووە (واتا، عێڕاق، تورکیا، ئێران، سوریا) لەزۆر رووەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسەتی هێزە گەورەکانی ناوچەکە، بە تایبەتیش، ئەمریکاو روسیا. سەرچاوەکان: یەکەم/ بە زمانی کوردی: ١. زوبێر رەسول، رووداو، ٢٥/٩/٢٠١٩، رادەستکردنی نەوت بووژانەوە، یان پوکانەوەی هەرێمی کوردستان. ماڵپەری رووداو. https://www.rudaw.net/sorani/opinion/25092019?fbclid=IwAR3X3B2POtTtZ04xcLPYVvg MancZB8m68El6TcAEQI0EwBKFBn8do57L8S0 . [رۆژی سەردانیکردن ١/٧/٢٠٢٠]. ٢. مام جالال، ٢٠١٧، دیداری تەمەن- لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکی کۆماری، بەرگی یەکەم، چاوپێکەوتن : سەڵاح رەشید، چاپخانەی کارۆ. دووەم / بە زمانی عەڕەبی: 3. إياد الجعفري، ٢٠١٩. الكُرد وروسيا: تاريخ من الخيبات. المدن، بەردەستە لە ئینتەرنێت: <<shorturl.at/nPR68>>. [رۆژی سەردانیکردن ٥/٧/٢٠٢٠]. ٤. عماد يوسف قدورة، ٢٠١٦. التأثير الإقليمي والدولي في القضية الكردية في العراق (دراسة حالة 1972-1975). بەردەستە لە ئەنتەرنێت< https://www.dohainstitute.org/ar/ResearchAndStudies/Pages/art764.aspx>>. [رۆژی سەردانیکردن ٥/٧/٢٠٢٠]. ٥. ليونيد إيساييف، ٢٠١٨ القضية الكردية في تاريخ وسياسات روسيا. مرکز الجزیرة للدراسات. بەردەستە لە ئەنتەرنێت <<https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2018/08/180823085901989.html>>. رۆژی سەردانیکردن [١٢/٧/٢٠٢٠]. ٦. یفجینی بریماکوف، ٢٠١٦، الکوالیس السریة للشرق الاوسط ( النصف الثانی من القرن العشرین و بدایة القرن العادی والعشرین)، ترجمة نبیل رشوان، الطبعة الاولی، المرکز القومي للترجمة، القاهرة. سێیەم / بەزمانی ئینگلیزی: 7. Ali Shah, S. (2003). IRAQ CRISIS: RUSSIA'S MIDDLE EAST POLICY. Strategic Studies, Summer 2003,Vol. 23,No. 2. Online <http://www.jstor.com/stable/45242470 >. [Accessed 2/5/2020]. 8. Anlar, A. (2006). Russian foreign policy towards Iraq in the Post-Cold War Era (Master's thesis). 9. Bielicki, P., (2017) Policy of the Russian Federation towards Kurds in the Syrian Conflict. University of Casimir the Great in Bydgoszcz, Poland. Securitologia, No 2 Online <<file:///C:/Users/win10/Desktop/Securitologia_1_2018_27_033_050.pdf>>. [Accessed 8/6/2020]. 10. Borshchevskaya, A. (2020) The Kurdish Role in Russia’s Middle East Power Play. The Washington Institute for Near East Policy. Online <<https://www.washington institute.org/policy-analysis/view/the-kurdish-role-in-russias-middle-east-powerplay?fbclid=IwAR05lM6c88p_TDxeh WMEw2BhmxDhLYcjSDDVFu5dv77oc7J72Fweri1KRXg>>. [Accessed 1/8/2020]. 11. Borshchevskaya, A., and Wahab, B. (2018). In Search of a New Patron, the KRG Turns Back to Moscow. The Washington Institute for Near East Policy. Online <<https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/in-search-of-a-new-patron-the-krg-turns-back-to-moscow>>. [Accessed 15/6/2020]. 12. Chatham House, 2014. Russian Influence Abroad: Non-state Actors and Propaganda. <<https:// www.chathamhouse.org/sites/default/files/field/field_ document/20141024RussianInfluenceAbroad. pdf>>. [Accessed 2/7/2020]. 13. Comments by Russian workshop participants, RAND CMEPP Workshop, London, September 2016, and Washington, D.C., October 2016. 14. David Hearst, "Russia Signs 'Giant' Oil Deal with Iraq," Manchester Guardian Weekly, 18 February 1996. 15. Delanoë, I. (2015). The Kurds: A Channel of Russian Influence in the Middle East? Franco-Turkish Paper, No. 14. 16. Denzin, N. (ed.), 2007, The SAGE handbook of qualitative research. 3. ed., SAGE Publications, Thousand Oaks. 17. Freedman, R. 2001. Russian Policy toward the Middle East: The Yeltsin Legacy and the Putin Challenge. Middle East Journal, Vol. 55, No. 1, pp. 58-90. <http://www.jstor.com/stable/4329582>. [Accessed 2/5/2020]. 18. Golan, G. (1992). Gorbachev's difficult time in the Gulf. Political science quarterly, 107(2), 213-230. 19. hydrocarbons-technology (2012) Nabucco Gas Pipeline, Europe. Online <https://www.hydrocar bons-technology.com/projects/nabuccopipeline/>. [Accessed 9/7/2020]. 20. Ibrahim, F. (2000). The Kurdish conflict in Turkey: obstacles and chances for peace and democracy (Vol. 4). LIT Verlag Münster. 21. Katz, M. N. (2010). Russia's Greater Middle East Policy: Security Economic Interests, Courting Islam. Online <<https://www.ifri.org/sites/default/files/atoms/ files/ifrirussiamiddleeastkatzengapril 2010.pdf>>. Accessed [5/7/2020]. 22. LUHN, A. 20202. Putin’s game in the Middle East. Online. <<https://www.politico.eu/article/game-in-the-middle-east-vladimir-putin/>> [Accessed 2/7/2020]. 23. Nizameddin, T. (1999). Russia and the Middle East: towards a new foreign policy. C. Hurst & Co. Publishers. 24. Olga Oliker, Keith Crane, Lowell H. Schwartz, and Catherine Yusupov, Russian Foreign Policy: Sources and Implications, Santa Monica, Calif.: RAND Corporation. 25. Olson, R. (1996). The Kurdish question and Chechnya: Turkish and Russian foreign policies since the Gulf War. Middle East Policy, 4(3), 106-119. <<https://onlinelibrary.wiley.com/doi/epdf/ 10.1111/j.1475-4967.1996.tb00227.x>>. [Accessed 5/7/2020]. 26. Petkova, M. (2019). “What did Russia get from its KRG gamble?. Al-Jazeera, April, 15; Vocal Europe (2017) Kurd Your Enthusiasm: What Are Rosneft And Russia Up To In Iraq? Online <<https://www.vocaleurope.eu/kurd-your-enthusiasm-what-are-rosneft-and-russia-up-to-in-iraq/>>. [Accessed 9/6/2020]. 27. Pietro A. Shakarian, 2017. Top Ten Origins: Russia’s Relations with the Kurds. Online <<http://origins.osu.edu/connecting-history/top-ten-origins-russia-s-relations-kurds>>. [Accessed 20/6/2020]. 28. Popovic, N. (2020). The Energy Relationship Between Russia and the European Union. Online <https://www.e-ir.info/2020/02/24/the-energy-relationship-between-russia-and-the-european-union/#:~:text=In%202018%2C%20around%2040%25% 20of,Europe%20(Gazprom%2C%202018)>. [Accessed 1/7/2020]. 29. President of Russia, (22. Oct 2019) Memorandum of Understanding Between Turkey and the Russian Federation. <<http://en.kremlin.ru/supplement/5452>>. [Accessed 13/7/2020]. 30. Ramani, S. 2020. Russia’s Outreach to Iraqi Kurdistan: A Gambit for Energy Investments and Regional Status. RUSI, Vol. 40, No. 1. Online <<https://rusi.org/publication/rusi-newsbrief/russia%E2%80%99s-outreach-iraqi-kurdistan-gambit-energy-investments-and-regional>>. [Accessed 12/6/2020]. 31. Reynolds, M. A. (2016). Vladimir Putin, Godfather of Kurdistan. The National Interest, 1. <<https://nationalinterest.org/feature/vladimir-putin-godfather-kurdistan-15358>>. [Accessed 12/7/2020]. 32. Rudaw, 24-7-2017. Sergey Lavrov to Rudaw: Referendum is expression of Kurdish people’s aspirations. Online <<https://www.rudaw.net/english/interview/24072017.>>. [Accessed 5/7/2020]. 33. Seale, C., 2011, Secondary Analysis of Qualitative Data, in: Qualitative Research (ed. D. Silverman), 3rd ed., pp. 347-364, SAGE Publications, London. 34. Sladden, J., Wasser, B., Connable, B., & Grand-Clement, S. (2017). Russian strategy in the Middle East. Online<<https://www.rand.org/pubs/perspectives/ PE236.html?adbsc=social_2017 0810_1717621&adbid=895444590248861697&adbpl=tw&adbpr=22545453>>. [Accessed 20/6/2020]. 35. Taylor, A. ( 2019) . U.S. allies in the Mideast consider their options as Russia’s Putin visits the Gulf. The Washington Post.Online <<https://www.washingtonpost.com/world/2019/10/14/us-allies-mideast-welcome-state-visit-russias-putin-amid-syria-turmoil/>>. [Accessed 2/7/2020]. 36. Trenin, D. (2016). Russia in the Middle East: Moscow’s objectives, priorities, and policy drivers. Task Force on US Policy Toward Russia, Ukraine, and Eurasia. New York: Carnegie Endowment for International Peace. 37. Wasser, B. (2019). The Limits of Russian Strategy in the Middle East. RAND. Online<<https:// www.rand.org/content/dam/rand/pubs/perspectives/PE300/PE340/RAND_PE340.pdf>> Accessed [5/7/2020]. 38. Winrow, G. (2017). Turkey and Russia: The importance of energy ties. Insight Turkey, 19(1), 17-32. Online <https://www.jstor.org/stable/10.2307/26300476>>. [Accessed 5/7/2020]. P.23. 39. Xalid G. (2016), Author: Kurds, Russians origins the same, portal Kurdistan24.net, online <<http:// www.kurdistan24.net/en/news/859bdd87-809a-4c97-8bd8-a2437ed7d767/author-kurds--russians-origins-the-same>> [Accessed 1/7/2020]. 40. Zhdannikov, D. (2017). Russia Becomes Iraq Kurds’ Top Funder, Quiet About Independence Vote. Reuters, September, 20. Online <<https://www.reuters.com/ article/us-mideast-crisis-kurds-referendum-russi/russia-becomes-iraq-kurds-top-funder-quiet-about-independence-vote-idUSKCN1BV1IH>>. [Accessed 5/7/2020].
(درەو): روسیا خاوەنی رێژەی 60%ی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئۆكرانیا تەنیا هەندێك بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبوو لە نمونەی (رەشەوڵاخو ئەندۆمیو گەنمو خەڵوز) ئەویش بەهۆی شەڕەوە راوەستاوە، حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی شەڕی روسیا- ئۆكرانیا رانەگەیاندووە. هەرێم لەنێوان روسیاو ئۆكرانیادا چەند رۆژێكە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستی پێكردووە، زۆربەی وڵاتانی جیهانو ناوچەكە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی شەڕەكە راگەیاندووە، بەڵام حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم هێشتا هیچ هەڵوێستێكیان رانەگەیاندووە. بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو وڵاتە شەڕكەرەكە، تەماشای پەیوەندی ئابوری هەرێم لەگەڵ روسیاو ئۆكرانیا بكەین. پەیوەندییە ئابورییەكانی هەرێم لەگەڵ ئۆكرانیا بەپێی قسەی ژووری بازرگانی سلێمانی، كاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئۆكرانیا بەتەواوی وەستاوە. ئۆكرانیا پەیوەندیەكی زۆری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانو عێراق هەیە، بەهۆی شەڕەوە، ئێستا هەموو كارە بازرگانییەكان راگیراون. (پێشەوا سیروان)، بازرگان لە شاری سلێمانی بە ژوری بازرگانی وتووە" كاری بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتی ئۆكرانیا بەتەواوی راوەستاوە، بەهۆی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ راوەستانی كاری تەواوی كارگەكان و بەرهەمهێنەرەكانی ئەو وڵاتە ئەمەش زیانی گەورە بەكاری بازرگانی ئێمە دەگەیەنێت". بەپێی قسەی ئەم بازرگانە، بەرهەمی ئۆكرانیا كە هەناردەی هەرێم كراوە بریتی بووە لە: • خواردن • شەربەت • شیرەمەنی • ئەندۆمی • پاكەرەوە • خەڵوز • زەیتی گوڵەبەرۆژە • گەنم • رەشەوڵاخ دۆخی شەڕ وایكردووە، بەپێی قسەی بازرگانەكە، بازرگانان لە هەوڵی ئەوەدان بەدیلی بەرهەمە ئۆكرانییەكان بدۆزنەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێ وەك ئێرانو توركیا، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو زەرەرەی كردویانە لەوە زیاترنەبێت و كاری خۆیان بەردەوام بكەن. بەپێی وتەی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە ساڵی (2017) لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە (86 هەزارو 144) رەشەوڵاخ هاتوەتە سلێمانییەوە، كەبەشی زۆری لە ئۆكرانیاوە هاتووە. ماوەیەكی زۆر بازرگانانی هەرێمی كوردستان گەنمی ئۆكرانیان هاوردە دەكردو تێكەڵیان دەكرد لەگەڵ گەنمی جوتیارانی هەرێمو رادەستی بەغدادیان دەكرد، ئەمە هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پارەی گەنمی جوتیاران دوابخات. پەیوەندی ئابوری روسیاو هەرێم روسیا یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە پشتیوانی روخانی رژێمی بەعسی لە عێراق نەكرد، بەڵام دوای روخانی رژێم هەر زوو هاتە ناوەوەو دەستی بە دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێ كرد، روسیا لە ساڵی 2007وە كونسوڵگەری خۆی لە هەولێر كردوەتەوە. ئێستا روسیا بەرژەوەندی ئابوری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ریژەی 60%ی پشكی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (روسنەفت) دەگەڕێتەوە، ئەمە ئەو بەشەی بۆرییەكەیە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان تاوەكو سنوری توركیا، حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر وەرگرتنی هەندێك قەرز لەم كۆمپانیا روسییە، بۆرییەكەی فرۆشت. خاوەنی كۆمپانیای (روسنەفت) یەكێكە لە كەسایەتییە نزیكەكان لە ڤیلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا، بەپێی داتاكان تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021دا، كۆمپانیای (روسنەفت) داهاتی لە كرێی بۆری نەوتی هەرێم بڕی (272 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە. گرێبەستی فرۆشتنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای (روسنەفت) لە رۆژی 2ی حوزەیرانی 2017دا لە شاری (سانت پترسبۆرگ)ی روسیا بە ئامادەبوونی سەرۆكو جێگری سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەت واتە (نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانی) ئیمزا كراوە، رێژەی 60%ی پشكی بۆری هەرێمی كوردستان بە بڕی (ملیارێكو 700 ملیۆن) دۆلار فرۆشرا بە كۆمپانیا روسییەكە، سەرباری ئەمە كۆمپانیاكە هەندێك قەرزی بە حكومەتی هەرێم دا. لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیای (گاز پرۆم)ی روسیا لە دوو كێڵگەی نەوتی سنوری گەرمیاندا كاردەكات، میژووی دەستبەكاربوونی ئەم كۆمپانیایە بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە، ئەمە سەرەتای پەیوەندی ئابوری هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ روسیا لەدوای كەوتنی سەددامەوە. روسیا لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا لە 2017دا، بێلایەنی خۆی لەنێوان بەغدادو هەرێمدا پاراستو بەڕوونی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاند. روسیا ئێستا یەكێك لەو وڵاتانەیە كە هاوشێوەی ئەوروپییەكانی تر، چاوی لە غازی سروشتی هەرێمی كوردستانە.
(درەو): بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاری و داوایكردووە رۆژی یەكشەمە (جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی) دەستبەكار بێت، ھاوکات داوای پێداچونەوە بە شەراکەت و پشكەكانی ئیدارەی گشتی یەکێتی و کۆمپانیای (قەیوان) دەکات لەو پرۆژانەی كە پێكەوەن. دوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاری، لە دوێنێوە (ئەژی ئەمین) سەرۆکی دەزگاکە رووی لە ھەولێر کردووەو لای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ماوەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شێوازی لابردنی (ئەژی ئەمین) نییە، بۆیە تا ئێستا هەوڵ هەیە بۆ پەشیمان كردنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە بڕیارەکەی بۆ گۆڕینی سەرۆکی دەزگای زانیاریی لەئارادایە. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یەکێتی بە (درەو)یان راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی ھێشتا سورە لەسەر لابردنی (ئەژی ئەمین) لە پۆستەکەی وداوایكردووە رۆژی یەكشەممە (جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی) لە شوێنەكەی دەستبەکار بێت. ھاوکات لەگەڵ بڕیاری گۆڕینی سەرۆکت دەزگای زانیاری، بافڵ تاڵەبانی فشاری خستوەتە سەر کۆمپانیای (قەیوان)و داوای پێداچوونەوە بە شەراکەتی ئیدارەی گشتی یەکێتی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا دەکات. ھاوشێوەی بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی دەزگای زانیاری، لە پرسی کۆمپانیای (قەیوان)یشدا قوباد تاڵەبانی بۆچونی جیاوازی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی برایدا ھەیەو پێیوایە ئەو کۆمپانیایە بەھۆی ئەوەی چەندین پرۆژەی لە سلێمانی ھەیە بەتایبەتیش شەقامی (١٠٠ مەتریی)، لەکارکەوتن یاخود فشارەکان بۆسەری، کاریگەری لەسەر پرۆژەکانی حکومەت دەبێت. (درەو) لە چەند سەرچاوەیەکەوە لەناو یەکێتی زانیویەتی، قوباد تاڵەبانی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە خاوەنی کۆمپانیای (قەیوان)ەوە کردووەو دڵنیایی پێداون پارێزراو دەبن.
درەو: ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی تەندروستی وەرگرتووەو دەشوترێت "نیگەرانە". (درەو) زانیویەتی، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی مۆڵەتی تەندروستی وەرگرتووە، چووەتەوە ماڵەوە، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە كارەكانی رایی دەكات. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (درەو)ی راگەیاند راستە وەزیری دارایی بەهۆی تەندروستیەوە كە كێشەی فەقەراتی هەیە مۆڵەتی وەرگرتووەو چووەتەوە ماڵەوە بەڵام "نیگەرانە" نیگەرانە لەو دەستوەردانانەی دەكرێت، لە كۆنەكردنەوەی داهات و دەستوەردان لەكاروباری داهات و گومرگ و باج و شێوازی ئیدارەدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێگریكردن لەبەردەم كارەكانیدا. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەریمی كوردستان لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە. بزووتنەوەی گۆڕان یەكێكە لەو سێ لایەنەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێناوەو بە مەرجی "چاكسازی" چووەتە حكومەتەوە.
درەو: درەنگانی شەو لە یەكێك لە یانەكانی سەرچناری شاری سلێمانی گەڕایەوە بە مەستی و گێژاوی كەسێكی تر كەوتە سەرو گوێلاكی "شنیار" هەتا توانی لێیدا لەبەر چاوی (هانۆ و هێڤار) دواتر نەوتی سوپاكەی كرد بەسەریدا ... كاتێك شنیار رایكردە حەمام بۆ ئەوەی ئاو بكات بەسەریدا، هونەر چەرخەكەی لێداو گڕی تێبەردا... شنیار بە جەستەیەكی گراویەوە چووە كۆڵان هەموانی بەخەبەرهێنا.. ئەمە ئەو شەوە بوو كە ئاگر لە جەستەی شنیار بەردرا... شنیار لەناو ژیانێكی دژواردا گەورە بوو دایك و باوكی جیابووبونەوە، شنیار لە (15) ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ هونەركرد، هونەر سەرقاڵی كاسبی بوو بارهەڵگرێكی پێبوو، بە پێی وتەی كەسە نزیكەكانی "شنیار" هونەر ماوەیەك بوو سەردانی یانەكانی سەرچناری دەكرد و دەستی لەگەڵ كچێكی تر تێكەڵكردبوو، شەوان بەبەمەستی و شێواوی و گیرفانی بەتاڵەوە دەگەڕایەوەو شەڕی بە شنیار دەفرۆشت، ئەو هەرچی دەستدەكەوت دەیبردە یانە شەوانیەكان و بە بەتاڵی دەگەڕایەوە...تەنانەت باوك و براكانیشی لێی زویربوون و چەند جارێكیش پەلاماریانداوەو لێیانداوە لەسەر ئەوكارانەی، بەڵام بێ سود بوو، دواجار شەوێكی درەنگ وەخت بە مەستی و گێرفانی دۆڕاوەووە گەڕایەوەو بە چەرخێك كۆتایی بە ژیانی "شنیار" هێنا.. دوایین دێڕێك كە "شنیار" لە ئاكاونتەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردووەتەوە نوسینێكە باس لە مەرگ دەكات و دەڵێت ئەو شەوەی منی تێدا دەمرم.. وادیارە نوسینەكە هی خۆی نیەو وەری گرتووە بەڵام لە ئاكاونتەكەی خۆی بڵاویكردووەتەوە كە ئاكاونتەكەی بەناوی (He Var)ەوەیە دەقی ئەو نوسینەی كە شنیار لە ئاكاونتەكەی خۆی بڵاویكردووەتەوە: ئەو (شەوەی) منی تێدا دەمرم! هاوڕێکانم شپرزە دەبن،تەلەفون بۆ ئەم و ئەودەکەن، دەڵێین مرد ! 😮درۆ مەکە!!! کەمێک پێش ئێستا پێکەوە بووین وەرە مرد بەخوا درۆ ناکەم .ئاخربەچی مرد ؟وەختی ئەوەنییە زوو وەرە تەرمەکەی......چەند ئازارێکی کوشندەیە مردن لەبەردەمی دایکدا ڕاوەستان لەبەردەم باوکدا،چەند دژوارە مردن لەبەردەم ئازیزاندا، چ کارەساتە مردن لەبەردەم خوشکێکی بچوکدا، مردن لەبەردەم خۆشەویسترین برادەر. مردن لەبەردەم هەموو کەسێکدا بەئازارە ئەو کاتەی دەمرم زۆر لەو دۆستانەی کەحەز ناکەن ، دەستی سڵاو بەرزکەنەوە لێم دەبنەوە هاوڕێیم جارێکی تر منیان خۆشدەوێتەوە و سەریان دەلەقێنن لەبەر خۆیانەوە دەڵێن : ئای چەند كچێكی باش و میهرەبان بوو یادی بەخێر کۆمێنتەکان پڕ دەبن لە زوخاو ،چاوەکان پڕ دەبن لە فرمێسک . دەنوسن چەند یادگاریمان هەیە هاوڕێ جارێ زوو بوو بۆ جێت هێشتین ژیان چەند سەخیفە بۆ جێتهێشتین ژیان جێهێشتنتە جێهێشتن! لافیتەکانم بەدیواری شار هەڵدەواسرێن ، حاجییە پیرەکان بەلای لافیتەکەمانمدا تێدەپەڕن و دەڵێن :ئەوە کێیە مردوە؟ بەچی مردوە؟پرسەکەی لەچ مزگەوتێکە؟ دەڵێن : کچێكی گەنجە گەنج !حاجی ... حاجی سەردەلەقێنێت و نزا دەکات هێندەی تر پیری شەکەتی ئەکات ئەژنۆکانی هێزی نامێنێت! لەبەر خۆیەوە، زیکری خوا دەکات ، جار جار دەڵێت:بەداخەوە ڕۆیشتنی گەنج ئەسەفی زۆرە..!! ،تۆ بڵێی لەمردنیشدا گوێبیستی وشەی خۆش و ناخۆش بیت ،ئەو کاتەی دەمرم ، هەست ئەکەم مەسئولێکم ،بە هەزاران سەیارەی کۆن و تازە بەدوامدا دێن و دەچن ،هەموو شان دەخەنە ژێر تابوتی ساردو سڕم خەڵکی لەبەر من دەست لەئیش هەڵدەگرن دوکانەکان دادەخەن، ئەوەی لە مردنمدا دەیبنم ،لە ژیاندا بە خەو نایبینم ،خەڵک بە پێوە بۆم دەوەستن، فاتیحە بۆ ڕوحم دەنێرن قورئان لە تەعزێکەمدا دەخوێنەوە ، لەبەر خاتری من دێن بۆ لای دایکم و وخوشکم .. براکانم خزم و کەس وکار کۆدەکەمەوە ، خەڵک لەدورترین شوێنەوە دێن بۆ تەعزێکەم.. بە مردووی چەند گەورەم ئەمن ، مرۆڤ کە دەمرێ چەند گەورەیە ..... ئــەرێ بــــــۆ وایــــــــــــن ؟؟؟
درەو: راپۆرتی: نهوژین - هۆزان فهریق سێ ساڵه (شاهان) دهستى بۆ وهرزشێك بردوه كهلهناو كۆمهڵگادا نامۆیه بۆ كچ، ئهویش هونهری بهرگرییه، لهنێو ئهو هونهرهشدا، رێچكهى نینجاى گرتوه، كه وهرزشێكى پڕ جوڵهیه، ئهو ئێستا به شانازیهوه ئهندامى گروپی نینجاكانى پێنجوێنه. ساڵی 2017 فێرگەی نینجا لەقەزای پێنجوێن (كه نزیكهى 100كم له ناوهندى شاری سلێمانیهوه دوره) كراوهتهوه، سهرهتا تایبهت بوه بۆ كوڕان، پاش ساڵێك بهشى كچانیشی تێدا كراوهتهوه، ئێستا 25 کچ لەفێرگەکەدا راهێنان دەکەن. رێبەند حەمەکهریم، راھێنەری فێرگهى نینجاى پێنجوێن، بۆ نەوژین وتى: ئامانجمان تەنها خزمەتکردنە به بواری وەرزش و بەرەوپێشبردنی، بۆیه ئهم فێرگهیهمان كردهوه و ههوڵیشمانداوه وهكو یهك سود به ههردو رهگهز بگهیهنین. رێبەند سەرەتای دانانی فێرگەکەیان بەئەستەم ناودەبات "كارهكه لهسهرهتاوه کەمێک سەخت بو، بەڵام سوپاس بۆخوا کۆڵمان نەدا و نەکەوتین، توانیمان ببینە جێگای متمانەی کۆمەڵگا". له كوردستاندا به كهمی كچان له بوارى وهرزشهكانى بهرگرى دهبینرێن، ههربۆیه دیمهنهكه زیاتر نامۆ دهبێت كه كچان رو لهم وهرزشه پڕ جوڵهیه بكهن. ئاسیا کەریم، 18 ساڵ، یهكێكه له یاریزانه كچهكانى گروپی نینجا، وتى: سەرەتا راهێنانەکان بۆ من وەکو کچێک زەحمەت بو، بەڵام هەوڵدانی خۆم و پشتیوانى راهێنهرهكهم، گهیاندمیه ئاستێكى بهرزتر. شاهان عهلی، 15 ساڵ، یاریزانێكى ترى نینجایه، جهخت له سهختى وهرزشهكهیان دهكاتهوه "نینجا جیاواز لە هونەرەکانی تر سەختە، بۆیە پێویستی بە هەوڵدانێکی زۆرە بۆ ئەوەی جەستەیەکی بەهێز بونیاد بنێیت". بهردهوام له تێكهڵبونى كچان به وهرزش، هۆكارى كۆمهڵایهتى و رێگری خێزانهكان، به ئاستهنگ دهزانرێت. شاهان لهوبارهوه دهڵێت: "لەبەر ئەوەی حەزێکی زۆرم بۆ وەرزشەکە ھەیە، خێزانەکەم ھاوکارێکی باشم دەکەن". كچانى نینجاى پێنجوێن، باس لهوهدهكهن ئهم وهرزشه نهك ههر تهنها له روى جهستهییهوه، بهڵكو له روى دهرونیشهوه ئارامى پێداون. شاریا تاهیر، 16 ساڵ، یاریزانێكى گروپى نینجایه و دهڵێت: لە روی جەستەیی و دەرونییەوە سودی پێ گەیاندوم، ئێستادا جیاواز لە پێشتر لە کەسێکی گۆشەگیرەوە بوم بە کەسێکی کۆمەڵایەتی". نینجا دهستهواژهیهكى ژاپۆنیه و به ژمارهیهك گروپی شهڕكهر دهوترا كه له سهدهى 15ى زاینیهوه لهو وڵاته سهریان ههڵدا، كه هونهرهكانى بهرگری و شمشێربازییان تێكهڵ كردوه و له سهرهتاوه له شهڕ و تیرۆر و تاڵانكردن گلاون، پاشان رێبازێكى دیكهى گرت و ئێستا له جیهاندا پهیڕهوكارانى وهكو وهرزشێك ئهنجامى دهدهن و له زۆر وڵاتدا ههن، بهڵام له كوردستاندا رهنگه گروپهكهى پێنجوێن سهرهتاى ئهم هونهره بێت. رێبەند، گهشبینه به به بڵاوبونهوهى زیاترى ئهم هونهره و هیواخوازه رۆژێک بتوانن بەشداری پاڵهوانێتیهكان بکەن.
(درەو): لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوپەیمانێتییەكەی نوێ رادەگەیەنن، یەكێتی لەگەڵ ئەم هاوپەیمانێتییەدایە، پارتیش لەگەڵ سەدرو سوننەكان رێككەوتنی هەیە، ژمارەكان تائێستا ئەوەی نیشان دەدەن هاوپەیمانێتییەكەی پارتی ژمارەی كورسییەكانی لەوەی یەكێتی لەناو پەرلەمان زیاترە. هاوپەیمانێتییەكی نوێ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، حەیدەر عەبادی، عەممار حەكیم) بەنیازی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكی نوێن. هاوپەیمانێتییە نوێیەكە ناوی (الپبات الوگنی- چەسپاوی نیشتمانی)یە، بەگوێرەی ئەوەی باسدەكرێت، جگە لە پەرلەمانتارانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەندێك پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەخۆدەگرێت. محەمەد شەممەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی دەوڵەتی یاسا دەڵێ" لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانێتی چەسپاوی نیشتمانی رادەگەیەنرێت". رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پێكهێنانی لیژنەكانو دابەشكردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەكاندا، واتە بەگوێرەی قسەی شەممەری رۆژی دوو شەممە هاوپەیمانێتییە نوێیەكە رادەگەیەنرێت. بەپێی ئەوەی شەممەری باسی دەكات، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە (88) پەرلەمانتارەو ئەگەری زیاتربونیشی هەیە. هەوڵدان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی بەمەبەستی جێگیركردنی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانییە، واتە ئەو كوتلەیەی كە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. پارتیو یەكێتی لە هاوكێشەی ژمارەكاندا پۆستی سەرۆك وەزیران لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە، وەكو عورفێك دراوە بە پێكهاتەی شیعە، ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو شیعەكانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا، موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنو بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی. سەدر چوەتە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو سوننەكان، هاوپەیمانێتییەكەی بەتێكڕا زیاتر لە (170) كورسی لە پەرلەمان هەیە، لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ ئەم بەرەیەدایەو بە بەرە "ئێرانییەكە" ناسراوە، دایە، بەپێی زانیارییەكان بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكان دەگاتە (130) كورسی. لەم حاڵەتەشدا هێشتا كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان لای هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە، چونكە ژمارەی كورسییەكانیان زیاترە لە بەرەكەی تر. بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق كە لێكدانەوە بۆ دەستور دەكات، پرۆسەی دیاریكردنی كوتلەی گەورەی پەرلەمان، دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لیستی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان دیاری دەكاتو ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری نوێی دەكات، سەرۆك كۆماریش كوتلەكە رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. پەكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، هێندەی پەیوەندی بە ململانێكانی ناو ماڵی شیعەوە هەیە، هێندە لەسەر ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رانەوەستاوە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەگەڵ یەكێتیدا توانیویانە رێژەی یەك لەسەر سێی كورسییەكانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكەن، بەم رێژەیە ئاستەنیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ دروستكردووەو دەیانەوێت بەرەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) شەكەت بكەنو دواجار وایان لێبكەن لەبەر یەكتر هەڵوەشێن. لەبەرامبەردا هاوپەیمانێتی سێقۆڵی، سەرباری ئەوەی یەكێكیان كە (پارتی دیموكراتی كوردستانە) بەمدواییە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەو چەند گورزێكی بەهێزی بەركەوت، هێشتا بە یەكگرتوویی ماوەتەوە. ئێستا هەردوو بەرەكەی شیعە، گرەو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەوی تر دەكات، ئێران لەسەر هێڵی فشارەكانە لەدژی بەرەكەی سەدر. پارتیو یەكێتی لە ململانێی شیعەكاندا لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، ئەمە یەكەمجارە كورد بەو روونییە دەچێتە ناو ململانێكانی ناو ماڵی شیعەوە، پێشتر بەردەوام كوردو سوننە خۆیان لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە بەدوور گرتووەو راوەستاون تا ئەوكاتەی ئەوان خۆیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلابونەتەوە، بەڵام ئەمجارە هەر بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پارتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدرییەكان كرد، لەدوای هەڵبژاردنیشەوە یەكێتی یەكلابووەوە بۆ بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی. بەم دابەشبوونە بەسەر بەرە نەیارەكانی شیعەدا، پارتیو یەكێتی دەستی دادگای فیدراڵییان بەسەر هەرێمی كوردستاندا واڵاكردو دوای (10) ساڵ دادگاكە بڕیاری خۆی لەبارەی پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ یەكلاكردەوەو بە كارێكی نادەستوری ناویبرد، دادگا لەسەر هەرێمی كوردستانی چەسپاند دەبێت نەتەوەكەی رادەستی بەغداد بكات. ئەگەر دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمان بەمشێوەی ئێستا بمێنێتەوەو هیچ بەرەیەك لەبەرامبەر ئەوی تردا سازش یاخود پەرتبوون بەخۆوە نەبینێت، دروستبوونی نیسانی یاسایی بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نابێتو پرۆسەكە زیاتر دوادەكەوێت، چونكە دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبوونی (220) پەرلەمانتار هەیە لە كۆی (329) پەرلەمانتار، هیچ یەكێك لە دوو بەرەكەی شیعەو هاوپەیمانەكانیان ئەم ژمارەیان پێ تەواو ناكرێت، بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێناكات.
درەو: كەركوك ناو - راپۆری رێكخراوی (سەنتەری سیسفایەر بۆ مافە مەدەنییەكان) توندوتيژی لە ناوچەكانی جێناكۆك تادێت زیاتر دەبن؛ كەمینەكان هەست بە ئارامی ناكەن، بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵات لە ژێر دەستی ملیشیا چەكدارییەكاندا لەوانە، حەشدی شەعبی، روبەڕوی چارەنوسێكی نادیار دەبێتەوە. بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی (سەنتەری سیسفایەر بۆ مافە مەدەنییەكان)، دیمەنی ئەمنی ناوچەكانی جێناكۆك ئاڵۆزتر بووە لە قۆناغی دوای "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"، بەوپێیەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی پێشتر دەرفەتی بۆ حەشدی شەعبی رەخساند تا گروپی چەكداری نوێ بە بودجەی حكومەت پێكبهێنن، هەرچەندە كردەوەكانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدایە. راپۆرتەكەی سیسفایەر، پشت بە زانیاری چەندین میدیای عیراقی، بەڵگە و ژمارەیەك چاوپێكەوتن دەبەستێت كە ساڵی رابردوو لە كەركوك و قەزاكانی حەمدانییە، شنگال و تەلەعفەر كراون، بەڵام لەبەر پاراستنی ژیانیان لە راپۆرتەكەدا ناویان ناهێنێت. شەڕی داعش (2014-2017) هۆكارێك بووە بۆ چەكداركردنی كەمینەكان، ئەوەش بەهۆی شكستی حكومەتی عیراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ناوچەكانیان، تا دواتر ئەو میلیشیا چەكدارييانە تێكەڵ بە حەشدی شەعبی كران و لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی خۆیاندا ئەركی ئەمنییان وەرگرت. "هەندێك كەس وایدەبینن ئەو هێزانە پێگەی خۆیان دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت لەسەر حسابی خەڵكانی تر، گرنگی بەكەسانی نزیك لە خۆیان دەدەن تا بگەن بە پۆست و زەوی و سەرچاوەی دیكە،... هەبونی گروپی چەكداریی كەمینەكان لە هەندێك حاڵەتدا هۆكار بون بۆ زیاتركردنی ئاڵۆزییەكانی نێوان پێكهاتەكان". راپۆرتەکە گومان دەخاتە سەر داهاتوی ئەو گروپە چەكدارییانە لە پاراستنی بەرژەوەندی كەمینەكاندا، بەوپێیەی زۆرینەیان پاڵپشتی لە لایەنی باڵادەستی وەك حەشدی شەعبی وەردەگرن و ئەوانیش "تەنیا ئامڕازێكن بۆ تێپەڕاندنی ئەجێندای ناوخۆیی و هەرێمی لەو ناوچانەدا". زۆرێك لەگروپەكانی ناو حەشدی شەعبی، مێژویەكی دورودرێژیان لە عیراقدا هەیە، بەڵام ئێستا لەڕوی هێز و قەبارە و پێگەوە فراوانتر بون، وەك دامەزراوەیەكی فەرمی و هێزێكی سەرەكی دەردەكەون. حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی 2014 و لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق پێكهێنرا بۆ بەرگری لە وڵات، بەڵام فەتواكە بۆ هەڵگرتنی چەك بوو لە چوارچێوەی هێزەكانی سەر بە دەوڵەت، نەك لە شێوەی گروپی نیمچە سەربازی. لە وەڵامی ئەو فەتوایەدا، زیاتر لە 50 ملیشیا دامەزران، دەیان هەزار كەس بە خۆبەخشی بون بە چەكدار و نوری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عیراق بە فەرمانێك حەشدی شەعبی دامەزراند، سەرباری ئەوەی بەپێی دەستور پێكهێنانی هێزی چەكدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەكدارەكان، رێگەپێنەدراوە. ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بە 164 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت؛ لەو ژمارەیە 110 هەزاریان شیعەن، 45 هەزار سونە و 10 هەزار كەسیان لە كەمینەكانن. كەركوك/ 2020/ هاوڵاتییەكی شیعە لە مەراسیمەكانی عاشورا بەشداری دەكات فۆتۆ: كەركوك ناو حەشدی شەعبی بە گشتی سێ بەشن؛ یەكەمیان ئەوانەن لەگەڵ ئێراندا هاوپەیمانن و نوێنەرایەتی عەلی خامنەئیی، رابەری باڵای ئەو وڵاتە دەكەن، دوەمیان بە سەركردایەتییەكی عیراقییانە و لایەنگری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەن و سێیەمیشیان یەكەكانی ناوخۆیی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگە جیاوازەكانی باكوری عیراقن و زیاتر پەیوەستن بە گروپەكانی هاوپەیمانی ئێرانەوە. گروپە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حەشدی شەعبی پێكهاتون لە؛ رێكخراوی بەدر، كەتائیبی حزبوڵا، عەسائیب ئەهلحەق و سەرایا سەلام. لە سەروبەندی هێرشەكانی داعش و قۆناغی دواتردا گروپی چەكداری كریستیان، ئێزیدی، شەبەك و كاكەیی دامەزران و بەشێكیان دواتر تێكەڵ بە حەشدی شەعبی بون لەوانە؛ لیوای شەبەك، كەتائیبی بابلیۆن، یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا، یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، هێزی پاراستنی ئێزیدخان و حەشدی توركمانی. حەشدی شەعبی تەنیا لە گۆڕەپانی شەڕدا نەمایەوە، بە ناڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەكانی هەڵبژاردنی كرد و چەندین پەرلەمانتاریان هەیە، كە بەشێكیان كەمینەن وەك وەك بزوتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆكایەتی ریان كلدان لەگەڵ وەعد قەدۆ، فەرماندەی پێشوی حەشدی شەعبی شەبەك، كە هەردوو هێزەكە خراونەتە لیستی سزادانی ئەمریكاوە بە هۆی پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ. بەپێی راپۆرتەكەی سیسفایەر، حەشدی شەعبی پەلیانكێشا بۆ كاروباری سیاسی و ئیدارەدانی حكومی، خۆی گۆڕی بۆ لایەنێكی بەهێز و سەرەكی لە ئابوری وڵاتدا، دەستیگرت بەسەر ژمارەیەكی زۆر و فراوان لە موڵك و زەوی لە سەرانسەری عیراق، جگە لە دانانی بازگەی گومرگی و وەرگرتنی باج، لەكاتێكدا بەپێی یاسا هێزی سەربازی ناتوانێت پارە و سامان كۆبكاتەوە. "بازگەكانی پشكنین سەرچاوەیەكی سەرەكیین بۆ داهاتی حەشدی شەعبی و یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە ئیمپراتۆریەتی ئابوری خۆی لە ناوچەكانی جێناكۆك بنیاتبنێت". ناوچەكانی جێناكۆك؛ كە 14 ناوچەی ئیداریین و بەسەر پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین دابەشبون، لە چەند ساڵی رابردودا بە گۆڕانكاری زۆری ئەمنی و سیاسیدا تێپەڕبون، ماوەیەك زۆربەی ئەو ناوچانە لەژێر دەستی داعشدا بون، دواتر هێزەكانی پێشمەرگە توانییان سنوری ژێر دەسەڵاتیان بەهۆی ئەو ناوچانەوە فراوان بكەن تا لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی بۆ ناوچانە گەڕانەوە و پێشمەرگە پاشەكشێی كرد، بەهۆی لێكەوتەكانی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 27ـی ئەیلولی لەو ساڵەدا. حەمدانییە؛ ناوچەی یەكلاییكردنەوەی دەسەڵات حەمدانییە ناوچەی زۆرینە كریستیانە، شوێنی دامەزراندنی چەندین گروپی كەمینەیە لە دوای ساڵی 2014ـەوە، بەهۆیەوە ململانێی نێوان گروپەكان لەو ناوچەیەدا زیاتر بون. ئەو قەزایە دەكەوێتە دەشتی نەینەوا لە خۆرهەڵاتی موسڵ، قەرەقوش ناوەندی قەزاكەیە و گەورەترین شاری زۆرینە كریستیانە لە عیراق، لەگەڵ شارەكانی بەرتڵە و باشیك، بەگشتی ناوچەكە بە ناسنامە و مێژوی ئاشورییەكانەوە گرێدراوە، لە هەمانكاتدا شوێنی نیشتەجێبونی ىشەبەك، ئێزیدی، عەرەب، توركمان و كاكەییە. حەمدانییە لە 2014 تا 2016 لەژێر دەستی داعشدا بوو، بۆیە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئاوارەبون و ناوچەكەش روبەڕوی وێرانكاری بۆوە. بازگەكانی پشكنین سەرچاوەیەكی سەرەكیین بۆ داهاتی حەشدی شەعبی و یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە ئیمپراتۆریەتی ئابوری خۆی لە ناوچەكانی جێناكۆك بنیاتبنێت لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكەدا، هێزە چەكدارییەكان بەسەر ناوچەكاندا دابەشبون و دیمەنێكی ئەمنی ئاڵۆزی لێكەوتەوە، بەوپێیەی هەرلایەك كێبڕكێی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی زیاتری دەكرد. هەرزوو هەڵسوكەوتی هەڵپەرستانە بەسەر ناوچەكەدا زاڵ بوو، "دەیانوت ئێمە ناوچەكەمان ئازاد كرد و خەڵك قەرزاری ئێمەن،.. كەس ناتوانێت دوریانبخاتەوە ئەگەر كاری ناساییش بكەن" بەوتەی هاوڵاتییەك بۆ سیسفایەر. دوای پاشەكشێی پێشمەرگە لە ساڵی 2017ـدا، ناكۆكی لەنێوان یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا و كەتائیبی بابلیۆن و لیوای شەبەك سەریهەڵدا، لەسەر دەستبەسەرداگرتنی دۆسیەی ئەمنی شار و شارۆچكەكانی حەمدانییە. بەوتەی هاوڵاتیانی قەزاكە ئێستا بارودۆخ رێكخراوترە، هەر گروپێك لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا جێگیربووە و هەندێك لە پێشێلكارییەكان نەماون، بۆ نمونە "گێچەڵكردن بە ژنانی كریستیان لەلایەن چەكدارانی لیوای 30ـەوە كە دوای هاتنە ناوچەكە هەبوو، لەلایەن فەرماندەیی لیواكەوە چارەسەر كراوە"، زەمینەسازیش بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان كراوە. بەڵام ژمارەیەك لە هاوڵاتیان نیگەرانن لە دابەشبونی ئێستای هێزەكان، "ترس لە روبەڕوبونەوەی چەكداری دیكە هەیە، كە ئەگەر روبدات دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەی كەمینەكان"، كەسێكی دیكەش دەڵێت "دودڵین لە پێكدانانی نێوان هێزەكان، بە تایبەت حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، كە بەهۆیەوە ئێمە وەك پێشتر ببینە قوربانی". لە بەرانبەردا هەندێك كەس پێیانوایە حەشدی شەعبی رۆڵی هەبووە لە نەهێشتنی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر، كە هۆكاری سەرەكی نەبونی ئاسایشە لە ناوچەكەدا. ئەو رۆڵەی حەشدی شەعبی هێشتا بۆ خەڵكانی دیكە جێگەی گومانە و دەڵێن ئەجێندانی دەرەكی جێبەجێدەكات، "هەموو گروپە سەربازییەكان گوزارشت لە بەرژەوەندی تەسكی سیاسی و حزبی دەكەن نەك نوێنەرایەتیكردنی كەمینەكان". قەرەقوش؛ ناوەندی حەمدانییە لەژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوادایە، كە هێزێكی بچوكی كریستیانی ئاشورین لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی و فەرمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا وەردەگرن. لایەنگرانی ئەو هێزە پێیانوایە هێزێكی شەرعی و قبوڵكراوە لە كۆمەڵگەدا، پارێزگاری لە هاوڵاتیان دەكەن و كەمترین پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ دەكەن، لەكاتێكدا مەترسی نەمانی كریستیانەكان هەبوو لە نەخشەی داهاتوی شارەكەدا دوای داعش. فەرماندەیەكی ئەو هێزە لەبارەی چەكدارەكانیانەوە دەڵێت "لەم ناوچەیەوە و لەناو خەڵكەوە هاتون، پارێزگاری لە خاكی خۆیان دەكەن". كەركوك/ 2021/ رەنگكردن و كێشانی وێنە لەسەر دیواری شوێنە گشتییەكانی داقوق بۆ هاندانی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان فۆتۆ: كەركوك ناو بەڵام رەخنەكانیش لەو هێزە كەم نین و بەوتەی بەشێك لە هاوڵاتیان "هێندە رەنگدانەوەن بۆ ئەو هێزانەی پاڵپشتییان دەكەن هێندە رەنگدانەوەی بەرژەوەندی كریستیان نین". زۆرێك لە هاوڵاتیانی عەرەبیش گومانیان هەیە ئەو هێزە بتوانێت بەرگری لە ناوچەكە بكات، لەبەرئەوەی توانای سنوردارە، هەرچەندە پێشتر چەندینجار بەڕوی هەوڵی گروپەكانی پاڵپشتیكراوی ئێران بۆ فراوانكردنی سنوری دەسەڵاتیان راوەستاوە. "كریستیان 400 بۆ 500 چەكداریان هەیە، يان لەوانەیە 600 چەكدار، لەكاتێكدا شەبەك زیاتر لە سێ هەزار چەكداریان هەیە.. هێزی كریستیانی لە حەمدانییە لاوازە، چەكی پێویستی نییە و ژمارەیان سەدا 5ـی كۆی هێزەكانی تر تێناپەڕێنێت". ناحیەی بەرتڵەی حەمدانییە، دانیشتوانەكەی كریستیان و شەبەك-ـن، پێش داعش شوێنی زۆرینە كریستیانی بوو بەڵام دواتر ئەو رێژەیە گۆڕا، ژمارەی شەبەك هەڵكشا و ئێستا بە زۆرینە هەژماردەكرێن. "ئامانج لە كردنەوەی بارەگای ئەوقافی شیعە لە بەرتڵە نەك لە ناوچەكانی تر، گەیاندنی ئەو پەیامەیە كە بەرتڵە شیعییە و شارێكی كریستیانی نییە" بەپێی راپۆرتەكەی سیسفایەر. بارودۆخی ئەو شارە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لیوای 30ـی شەبەك، بە توندی دەسەڵاتیان بەسەر شارەكەدا گرتووە، لەكاتێكدا ئەوان بە پێشێلكاری دژی مەدەنی ناسراون، وادیارە وایكردووە كریستیانەكان نەگەڕێنەوە. زاڵبونی دەسەڵاتی لیوای شەبەك دەرفەتی بۆ رەخساندووە كاریگەری سیاسی و ئابوری بێوێنەی لە بەرژەوەندی لایەنگرانی خۆیدا هەبێت، ئێستا ناحیەكە شوێنی نەگونجاو و نائارامە بۆ كریستیان، هاوڵاتییەك دەڵێت "حەشدی شەعبی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دەستتێوەردان دەكات، لە دامەزراندن و بڕیارەكانی حكومەتیشدا". لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئێران دەیەوێت پشتوێنەی شیعی لەناوچەكەدا دروستبكات كە بە دەشتی نەینەوادا تێدەپەڕێت و شەبەكیش ئامرازێكی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. هاوڵاتییەكی كریستیان وتی "بەرتڵە بە شارێكی سریانی كریستیانی بەناوبانگە، بەڵام لە 10ـی موحەرەمدا دەبێتە كەربەلا بەهۆی كاروانی پرسە و شیوەن كە بۆخۆی ئیستیفزازە بۆ كریستیانەكان". بەپێی راپۆرتەكە دەكرێت هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ شەبەك وەك بژاردەیەكی ستراتیژی لێكبدرێتەوە، لەروی دابینكردنی پاراستن و دەسەڵاتەوە، بەوپێیەی لە رابردوو نە بەغدا و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیان پێشكەشنەكردون. حەشدی شەعبی دەستتێوەردان لە مامەڵەكانی خانو و زەویدا دەكات هاوڵاتیانی شەبەك پێیانوایە لیوای 30 توانیویەتی ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ دابینبكات، "دوای هاتنی حەشدی شەعبی، كە هێزێكی پێكهێنراوە لە خەڵكی ناوچەكە، خەڵك هەستیان بە ئارامی كرد و گەڕانەوە". گومانی بەهێزی ناو كریستیانەكان لەسەر هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای بەرتڵەیە، پێیانوایە شەبەك بە پاڵپشتی ئێران هەوڵدەدەن موڵك و ماڵی كریستیانەكان بكڕن، تەنانەت ئەگەر بە نرخێكی زۆریش بێت، "حەشدی شەعبی یاری بە بەڵگەنامەكانی موڵكی نیشتەجێبوان و دەستتێوەردان لە مامەڵەكانی خانو و زەویدا دەكات" هاوڵاتییەك كریستیان وادەڵێت. هەر لە حەمدانییە؛ ناحیەی باشیك و گوندەكانی دەوروبەری ناوچەیەكی فرەپێكهاتەن لە ئێزیدی، موسڵمان، شەبەك، كریستیان، عەرەبی سونە و شیعە پێكهاتون، بەڵام ناوەندی شار زۆرینە ئێزیدین، ئەو شارەكە پێشتر لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوو، دواتر كەوتە دەستی كەتائیبی بابلیۆن و ئێستا ئەمنیەتی لای لیوای 30ـی شەبەك-ـە. بارودۆخی باشیك جیاوازترە لە بەرتڵە، هەرچەندە لەهەردوو شارەكەدا لیوای شەبەك هەن، بەڵام هیچ یەكێك لەو كەسانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە ئاماژەیان نەدا بە هیچ شەپۆلێكی نیشتەجێكردن یان جێگیركردنی هاوڵاتیانی شەبەك لە ناوچەكەدا، بەڵكو زیاتر ئێزیدی و كریستیان گەڕاونەتەوە. لە باشیك ژمارەیەك لە لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان یان هێزەكانی ئاسایش یاخود پێشمەرگە كێشەیان روبەڕوبۆتەوە، "دوای هاتنی حەشدی شەعبی بەشێك لە هاوڵاتیان لە ترسی كوشتن و تیرۆركردن رۆیشتن، هەندێكیان گەڕاونەتەوە بەڵام زۆرینە هەر نەگەڕانەوە". نەبونی گۆڕانكاری گەورە لە دیمۆگرافیای ناحیەكەدا بەهۆی رێگری هاوڵاتیانە لە كردنەوەی بارەگای حەشدی شەعبی، "پیاوانی ئایینی و كەسایەتی هەموو پێكهاتەكان رێگرییان كرد لە حەشدی شەعبی هەر گروپێك، ئێزیدی یان كریستیانی یاخود موسڵمان كە بچنە ناوشار، بۆیە هەر لە چواردەوری شارەكەدا مانەوە". ئەوەش هۆكار نییە تا هاوڵاتیان لە داهاتوی شارەكە نەترسن و خەمیانە هاوشێوەی بەرتڵە روبەڕوی گۆڕینی دیمۆگرافیا ببنەوە. لە ساڵی 2015ـیشەوە سەربازگەیەكی توركیا لە ناحیەكەدا هەیە، چەندینجار روبەڕوی بۆردومانی موشەك لەلایەن گروپی نەناسراو بونەتەوە، بەڵام نیازی پاشەكشێیان نییە، سەرباری دژایەتی زۆریان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، كە هێندەی دیكە مەترسی لێكەوتەی سەربازی لە ناوچەكەدا زیاتر كردووە. شنگال؛ بە هەشت هێزەوە ناسەقامگیرە هەڵكەوتەی ستراتیژی شنگال، بۆتە جێگەی ململانێی هێزە هەرێمییەكان و هەریەك بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسەر حسابی خەڵكی ناوچەكە هەوڵدەدات، بە رونی دەردەكەوێت هێزە چەكدارییەكان لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا بەربەستن. شێخان/ 2018/ خانمێكی ئێزیدی لە مەراسیمەكانی پەرستگای لالش لە جەژنی چوارشەمەی سور فۆتۆ: كەركوك ناو شنگال لە خۆرئاوای موسڵە، نیشتمانی مێژویی زۆرێنە ئێزیدییە لەگەڵ بەشێك لە هاوڵاتیانی عەرەبی سونە و ژمارەیەكی كەم لە كریستیان. شارەكە لەژێر دەستی حكومەتی هەرێم و دۆسیەی ئەمنی لای پێشمەرگە بوو، كاتێك داعش لە ئابی 2014ـدا هێرشیكردە سەر قەزاكە و پێشمەرگە هەڵات، بەهۆیەوە لانیكەم 50 هەزار ئێزیدی بەرەو چیای شنگال هەڵاتن و روبەڕوی كارەسات بونەوە. بەشێك لە پیاوانی ئێزیدی چونە پاڵ یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، كە تازە پێكهێنرابوو، تا لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكەدا هاوشانی پێشمەرگە بەشداریی بكەن، دواتر ململانێی ئەوان و پارتی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ئیدارەدان و ئەمنیەتی ناوچەكە بەردەوام بوو. "هەشت هێزی جیاوازی لێیە، هەمویان دەڵێن بۆ پاراستنی ئێوە لێرەین، بەڵام كەسیان ئەو كارە ناكەن". یەكینەكانی بەرخودانی شنگال؛ لە 2019ـەوە بون بە بەشێك لە حەشدی شەعبی كە دوای ریفراندۆمی 2017ـی هەرێمی كوردستان چونە ناو قەزاكە؛ قایمقام و ئیدارەیەكی نوێیان دانا، هەرچەندە بەغدا و هەرێم بەرەسمی دانیان پێدانانێن. زۆرێك لەو كەسانەی بۆ سیسفایەر قسەیان كردووە، سەرباری جیاوازی لایەنگری سیاسییان، بەگرنگییەوە باس لە پێكهێنانی هێزی ئێزیدی لە شنگال دەكەن، بەوپێیەی هەستدەكەن پێشتر لەلایەن هێزە گەورەكانەوە خیانەتیان لێكراوە، "لەكاتی كۆمەڵكوژییەكەدا 12 هەزار پێشمەرگە لە شنگال و ناوچەكانی تر بون، لەو رۆژە رەشەدا كە بە گەورەترین خیانەتی دادەنێین، هەزاران گەنج و پیر ژیانیان لەدەستدا، هەموو خوشك و كچەكانمان كەوتنە دەستی داعش". يەكینەكانی بەرخودانی شنگال كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێن، بە چونە پاڵ حەشدی شەعبی، توانییان هێز و دەسەڵاتیان زیاتر بكەن، تا ئاستێكی زۆر پارتی لە قەزاكە دوربخەنەوە. ئەو هێزەش روبەڕوی رەخنە بونەتەوە بەهۆی پێشێلكاری لە دژی مافەكانی مرۆڤ، تۆمەتبارن بە دەستگیركردنی زۆرەملێ، تیرۆركردن و بێزاركردنی سیاسییەكان و ئەوانەیان لێیان جیابونەتەوە، رێگریشیان كردووە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكانی تر لە شنگال. بەوتەی هاوڵاتییەك. هاوڵاتیان كۆكن كە پێكهێنانی هێزێكی ئێزیدی سەر بە هێزە چەكدارەكانی عیراق باشترین نمونەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بەراورد بە هێزێكی ئێزیدی سەر بە حەشدی شەعبی یان پەكەكە. هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە تشرینی یەكەمی 2020ـدا رێككەوتنی شنگالیان بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێ و دۆسیەی ئەمنی و خزمەتگوزاری قەزاكە واژۆكرد، ئەوەش بە ئامادەبون و چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەو رێككەوتنە روبەڕوی رەخنەی توندی كۆمەڵگەی ئێزیدی بۆوە كە لە دانوستانەكاندا پرۆس و راوێژیان پێنەكراوە، سەرباری هەبونی تەوافوقی باڵای سیاسی، هێشتا جێبەجێنەكراوە. لە مافە ئایینییەكانمان بێبەشمان ناكەن، بەڵام بێزارمان دەكەن و هەوڵدەدەن بەهەر پاساوێك بێت ئیستیفزازمان بكەن سیسفایەر دەڵێت حەشدی شەعبی رۆڵی چالاكی هەبووە لە دروستكردنی بەربەستی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و گەڕانەوەی ئیدارەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ شنگال، ئەوەش ستراتیژی گشتی حەشدی شەعبییە كە دژی ئاساییكردنەوەی سیاسی و سەقامگیرییە لە ناوچەكانی جێناكۆك. لە نەبونی پرۆسەكانی ئاوەدانكردنەوەشدا، حەشدی شەعبی هەوڵدەدات ئەو هەلە بقۆزێتەوە، تا لە بوارەكانی ئابوری و گەشەپێداندا رۆڵی بەهێزتری هەبێت. ناوچەكە بۆتە چەقی هەڵكشانی گرژییە هەرێمییەكان، بونی گروپە چەكدارییەكانی هاوپەیمانی پەكەكە كێشەیە بۆ توركیا و ئەمریكاش داوای پاشەكشێیان دەكات. توركیا چەندینجار لەڕێی بۆردومانی ئاسمانییەوە شنگالی كردۆتەوە ئامانج و لە سەرەتای ساڵی رابردودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە نیازی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر قەزاكە نیشاندا، بۆیە حەشدی شەعبی 10 هەزار سەربازی زیادەی لە ناوچەكەدا جێگیركرد، بەڵام توركیا هێرشی نەكرد. حەشدی شەعبی هاوشێوەی باشیك دژی پێشڕەوی توركیایە بۆ شنگال، گروپەكانی وەك عەسائیب ئەهلحەق و رێكخراوی بەدر و بزوتنەوەی حزبوڵا لەسەر نیازی هێرشكردنە سەر شنگال هەڕەشەیان لە حكومەتی ئەنقەرە كرد. "لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری هەشت هێزی سەبازی جیاواز هەن،... هەمویان بونەتە فشار لەسەر ئەو برینەی هێشتا سارێژ نەبووە و بەهۆیەوە خەڵك بۆ زێدی خۆی نەگەڕاوەتەوە"، كەمترین رێژەی گەڕانەوە لەسەر ئاستی عیراق، لە شنگالە، كە بڵاوەپێكردنی گروپی چەكداری و بارودۆخی خراپی ئەمنی دوو هۆكاری سەرەكین. "ئەوان لە مافە ئایینییەكانمان بێبەشمان ناكەن، بەڵام بێزارمان دەكەن و هەوڵدەدەن بەهەر پاساوێك بێت ئیستیفزازمان بكەن، بۆ نمونە، زەوی جوتیاران داگیردەكەن و بەجێیناهێڵن" هاوڵاتییەك دوای گەڕانەوە وادەڵێت. ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە بارودۆخیان لە ژیانی ئاوارەیی باشتر نییە، لە سەروبەندی هەڕەشەكانی توركیا سەدان خێزانی شنگال داوایان رەزامەندی عیراق و هەرێمی كوردستانیان كرد تا بگەڕێنەوە بۆ كەمپەكانی دهۆك. تەلەعفەر؛ ئاشتییەكی فشەڵ ئەو قەزایە زۆرجار وەك نمونەیەكی بچوككراوەی گرژی نێوان شیعە و سونە لە عیراق تەماشا دەكرێت، بەهۆی داگیركردنی شارەكە لەلایەن داعشەوە دانیشتوانە شیعەكەی كۆچیان كرد و دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكەش لەلایەن حەشدی توركمانییەوە، هاوكێشەكە پێچەوانەوە بۆوە. دهۆك/ 2021/ منداڵێكی ئاوار لە شوێنی خێوەتە سوتاوەكەی خێزانەكەی لە كەمپی شاریا فۆتۆ: كەركوك ناو تەلەعفەر زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانن، بە دوری 63 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، توركمانی سونە سێ لەسەر چواری دانیشتوان و توركمانی شیعەش بەشەكەی تر پێكدەهێنن. پێشتر ناوچەكە چەقی توندوتیژی تائیفی بوو، دواتر ناوەندێك بوو بۆ سەربازیكردنی قاعیدە و گروپە توندەڕەكانی تر، جگە لە ناكۆكی زۆری تائیفی و مەزهەبی، تا داعش لە ناوەڕاستی 2014ـدا دەستیبەسەرداگرت. "بەگشتی بارودۆخی ئێستا بەراورد بە پێش داعش باشترە، چونكە خەڵك لە هەموو پێكهاتەكان بۆیاندەركەوت داعش بەرژەوەندییەكانیان بەدیناهێنێت و خزمەتی وڵات ناكات". هەرچەندە ترسی تۆڵەسەندنەوە لە سونە هەبوو لەلایەن گروپە شیعەكانەوە، سەرباری هەبونی تاڵانی و خاپوركردنی موڵك و ماڵی خەڵك، بەڵام پێشێلكارییەكان لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا كەمتربون. ئێستا دیمەنەكە بە گشتی ئاماژەیە بۆ باشبونی پەیوەندییەكانی نێوان سونە و شیعە لە تەلەعفەر، "ئەو وێنە رەشەی نازناوی تەلەعفەری خراپ كرد ئێستا نەماوە"، بەوتەی هاوڵاتییەك. ئەو چیرۆكە دیوێكی دیكەشی هەیە؛ هێشتا بەشێكی زۆر لە دانیشتوانە سونەكەی لە دەرەوەی تەلەعفەرن، بەپێی ئامارەكان سەدا 60ـی خەڵك گەڕاونەتەوە، ئەو سەدا 40ـی ماونەتەوە زۆرینەیان ئاوارەی سونەن، بەوپێیەی زۆرێك لە سونەكان لەژێر دەستی داعشدا مانەوە، بۆ حەشدی شەعبی ئاسانە تۆمەتباریان بكات، بێگوێدانە رادەی تێوەگلانی راستەقینەیان لەگەڵ داعش. تەنانەت ئەو كەسانەی بۆ سیسفایەر باسیان لە پەیوەندی ئەرێنی نێوان پێكهاتەكانی تەلەعفەر كرد، دانبەوەدانێن لێبوردەییەكە ئەو خێزانانە ناگرێتەوە كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە. لە رێككەوتنی ساڵی 2018ـی ناحیەی عەیازییەی باشوری تەلەعفەر، كە عەشیرەتەكانی سونە و شیعە واژۆیانكرد، خاڵێكی بۆ رێگرییە لە گەڕانەوەی هەر كەسێك لە كاری تیرۆر یان كەسی پلەیەكی تێوەگلابێت، مەگەر بەڕێگەی رێكارەكانی دادگا بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت. ئێستا هاوڵاتیانی توركمانی سونە لە زیادبونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی نیگەرانن و دەترسن هەمان ئەو بارودۆخە دوبارە ببێتەوە كە بۆ ماوەیەكی دودرێژ شیعەكانی قەزاكە بەدەستیەوە دەیانناڵاند، لە رێگرییەكانی بەدەم گەیشتن بە كار و دەسەڵات، حەشدی توركمانی ئەجێندای ئێران لە تەلەعفەر جێبەجێدەكەن. ناوەندی تەلەعفەر زۆرینە توركمانییە، بەڵام ناحیەكانی عەیازییە و رەبیعە و زوممار شوێنی نیشتەجێبونی عەرەبی سونە و كوردن كە بەهۆی باڵادەستی شیعەی توركمانەوە هەست بە پەراوێزخستن دەكەن. خەڵك بۆ چارەسەری كێشەكانیان دەچنە لای حەشدی شەعبی و رۆڵی ئەو گروپە زۆر لە دۆسیەی ئەمنی زیاترە. هەرچەندە پێویستە حەشدی شەعبی لە دەرەوەی ناوەندی تەلەعفەر بمێنێتەوە، بەڵام چەندین نوسینگە و بارەگایان لەناو شاردا هەیە، دەستتێوەردان لە ئیدارەداندا دەكەن و هاوڵاتییەك دەڵێت خەڵك بۆ چارەسەری كێشەكانیان دەچنە لای حەشدی شەعبی و رۆڵی ئەو گروپە زۆر لە دۆسیەی ئەمنی زیاترە. كەركوك؛ هەر رۆژە و بەدەست یەکێکەوەیە رەنگە كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت ئەو ناوچەیەی جێناكۆك بێت كە گرنگی بۆ زۆرێك لە كۆمەڵگە جیاوازەكان و داخوازییە سیاسییەكانیان هەیە، بە درێژایی ساڵانی رابردو كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە لە گۆڕانكاریدا بووە و جێگەی ناكۆكی نێوان عەرەب، كورد و توركمانە، لە سەردەمی حوكمی بەعس-ـیشدا ئامانجی سەرەكی سیاسەتی تەعریب بووە. چارەنوسی كەركوك بەستراوەتەوە بە ماددەی 140ـی دەستور كە هێشتا جێبەجێنەكراوە. هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ـدا دەستیانگرت بەسەر شارەكەدا و نەیانهێشت بكەوێتە دەستی داعش، بەڵام دەسەڵاتی كورد رەزامەندی عەرەب و توركمانی بەدەستنەهێنا، كە لەو ماوەیەدا بە پاڵنەری سیاسی روبەڕوی شێوازە جیاوازەكانی توندوتیژی و كۆچی زۆرەملێ بونەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەكەی سیسفایەر. لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا كەركوك كەوتە دەست هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی عیراق و حەشدی شەعبی، دوو گروپی سەرەكی حەشدی شەعبی لە پارێزگاكەدا هەن، ئەوانیش لیواكانی 16 و 52ـی توركمانی شیعە كە پێشتر قوربانی دەستی داعش و لەسەردەمی دەسەڵاتی كورددیشدا پەراوێزخرابون. لانیكەم 150 هەزار هاوڵاتی كەركوكی كە زۆرینە كورد بون، لەكاتی هێرشەكانی حەشدی شەعبی بۆ كەركوك ئاوارەبون، بەپێی هەندێك راپۆرت حەشدی شەعبی هاوڵاتیانی كوردیان دەركردووە، موڵك و ماڵیان سوتاندون و خاپوریان كردون، بەشێك لە ئاوارەكان گەڕانەوە، بەڵام زۆرینە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی حزبە كوردییەكان، هێشتاش زۆرێك لە خێزانە كوردەكان خانوەكانیان دەفرۆشن و دەڕۆن. عەرەبیش كەوتنە ژێر كاریگەری بڵاوەپێكردنی حەشدی شەعبی لە كەركوك، بەڵام بەرێژەیەكی كەمتر، هەرچەندە دەستبەسەرداگرتنی گوندەكانی دەوروبەری بەشیر لە باشوری شارەكە بە هۆكاری نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی عەرەبی سونە دادەنرێت. "گروپەكانی حەشدی شەعبی ئەو خێزانانەیان لە حەویجە دەركرد و موڵكەكانیان خاپور كرد كە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەكرێت" لە راپۆرتەكەی سیسفایەردا واهاتووە. هەروەها كەمینەكانی كەركوك پێیانوایە بە دابەشكارییی ئێستای هێزەكان لە مەترسیدان، بۆ نمونە چەندین گوندی كاكەیی هەن كە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ دۆسیەی كورددا هاوسۆز بون چونكە پێیانوایە لەگەڵ بەرژەوەندییاندا دەگونجێت، بەڵام پاشەكشێی هێزە كوردییەكان بێ پارێزگاری ئەوانی هێشتەوە. كهركوك/ 2020/ مهراسیمه ئایینییهكانی لهدایكبونی مهسیح لهكڵێسای عائیله موقهدهسه فۆتۆ: كهركوك ناو هاوڵاتییەك دەڵێت دوای گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی كەركوك، هێزە نوێیەكان هیچ هەنگاوێكیان نەنا بۆ رێگری لە هێرشی پاشماوەكانی داعش بۆ گوندەكانی كاكەیی. "50 چەكداری داعش ئامادەكارییان دەكرد بۆ هێرشكردنە سەر گوندی زەنقر و رفاندنی خەڵك،.. هێزە ئەمنییەكانمان ئاگاداركردەوە، بەڵام هیچ جوڵەیەكیان نەكرد، تا لە شەودا داعش هات و هاوڵاتیانی رفاند، بۆ رۆژی دواتر كاتژمێر 10ـی بەیانی، پۆلیسی ناوخۆیی هات و لێكۆڵینەوەی دەستپێكرد، بەڵام لە كۆتاییدا هیچیان نەكرد"، بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە كۆی 15 گوندی كاكەیی تەنیا پێنج گوند خەڵكی تیایدا ماوە. كەمینەكانی دیكەش هەست بە نەبونی ئاسایش دەكەن؛ هاوڵاتییەكی كریستیان دەڵێت كڵێسای كلدانی دژی پێكهێنانی گروپی چەكداری كریستیان بون، هەروەها سابیئەی مەندائی وەك كەمینەی ئایینی نەك لە چوارچێوەی هیچ گروپێكی چەكداری كەركوكدا نین، بەڵكو لەلایەن گروپە دەسەڵاتدارەكانەوە روبەڕوی مامەڵەی رەق و توندوتیژ دەبنەوە بەهۆی ئایدۆلۆژیای ئایینییانەوە. "كاتێك لە مینبەری مزگەوتەكەوە گوێبیستی وتارەكان دەبم كە دەڵێت هەموو پێكهاتە ناموسڵمانەكان كافرن، هەست بە نائاسودەیی و نیگەرانی دەكەم، ئەوەی نیمانە و ئامادەنییە، وتاری ئایینی لێبوردەییە كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت". لە راپۆرتەكەی سیسفایەردا هاتووە راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت پاڵپشتێكی بەهێزی بەردەوامی رۆڵی حەشدی شەعبییە لە پارێزگاكەدا و لەگەڵ رێكخراوی بەدر هاوسۆزە كە نوسینگەیان لە شارەكەدا هەیە. "هەموو گروپە چەكدارەكان هەوڵی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسی و تایبەتییەكانیان دەدەن، ئەوەش لەسەر حسابی كەمینەكان، وەك هاوڵاتییەكی كەمینە، خۆم بە لاوازترین بازنەی كۆمەڵگە دەبینم، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر دەرفەتی بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری و ئاسایش و كار هەیە، لەكاتێكدا هەلیكار ئامرازێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی هەستكردن بە ئاسایش و دڵسۆزی بۆ نیشتمان". حەشدی شەعبی دەستكەوت و كار بۆ لایەنگرانی خۆی فەراهەم دەكات، دەستیگرتووە بەسەر زەوی گشتیدا تا بە كرێییان بدات و باج وەربگرێت، لەمدواییانەشدا زەوی نیشتەجێبونیان لە شارەكە بۆ كەسوكاری "شەهیدانی حەشدی شەعبی" تەرخانكردووە. هەروەها تۆمەتباردەكرێن بە دەستكەوتنی پارە لە پرۆژە نایاساییەكاندا، وەك وەرگرتنی باج لە شۆفێرانی بارهەڵگر لەكاتی تێپەڕینیان بە بازگەكانی پشكنین و سەپاندنی باج بە سەر دوكانداراندا بەناوی پاسەوانییەوە. جگە لە كاریگەری و دەسەڵاتەكانی لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری، حەشدی شەعبی دەیەوێت لە بواری كلتوری و رۆشنبیریدا كاریگەری هەبێت؛ فشار دەخەنە سەر ئەو گروپانەی شیعە نین تا لەگەڵ ئایدۆلۆژیای شیعەدا بڕۆن، بەوتەی هاوڵاتییەك ئەوان زیاد لە پێویست هەوڵدەدەن كاكەییەكان ئەو ئاراستەدا ببەن بەشداری مەراسیمە ئایینەكانی شیعە بكەن. دابەشبونی ئێستای هێزە ئەمنییەكان لە كەركوك، تەنیا هاوسەنگییەكی كاتی و فشۆڵە، لەبەرئەوەی هێشتا ناكۆكییە سیاسییەكان چارەسەر نەكراون. هەموو گروپە چەكدارەكان لەسەر حسابی كەمینەكان هەوڵی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسی و تایبەتییەكانیان دەدەن كریستیانەكان ترسیان هەیە لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەكدا كاریگەری لەسەر كەمینەكان دروستبێت، بەوپێیەی ژمارەیان پێشتر ئەگەر دوو هەزار خێزان بوبێت، ئێستا بۆ نزیكەی 600 خێزان كەمبونەتەوە، "هەبونی میلیشیا و هێزی چەكداری جیاواز، توشی نیگەرانیمان دەكات و وادەكات لەپێناو پاراستنی خێزانەكانماندا بیر لە كۆچكردن بكەینەوە". زۆر كەس پێیوایە تەنیا چارەسەری ئەو كێشانە لە پێكهێنانی هێزێكی گشتگیری یەكگرتودایە كە تەنیا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی یەك گروپ نەكات. راسپاردەكانی سیسفایەر لە راپۆرتەكەدا ژمارەیەك راسپاردە ئاڕاستەی هەریەك لە حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان كراوە، لە نێویاندا گرەنتی چاودێری بەسەر هێزە چەكداریی و ئەمنییەكانەوە، لەگەڵ گرەنتی پابەندبونیان بەو یاسایانەی مافەكانی مرۆڤ بە هەند وەردەگرن لەگەڵ گرتنەبەری رێكاری لێكۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن لە پێشێلكارییەكاندا. هەروەها داوای بەشداریپێكردنی نوێنەری كەمینەكان دەكەن لە گفتوگۆ و پلانەكانی پەیوەست بە ئاسایش و ئەو ناوچانەی تیایدا دەژین، جگە لە پێویستی دەركردنی یاسایەك بۆ نەهێشتنی جیاكاری، هاندانی كەمینەكان بۆ بەشداری لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكاندا. بەشێكی تری راسپاردەكان بۆ هەمواری یاسا عیراقییەكانە؛ بە ئامانجی دادگاییكردنی هەر كەسێك لەڕێی بەكارهێنانی هێزە سەربازی و چەكدارییەكانەوە لە تاوانى دژی مرۆڤایەتی تێوەبگلێت، داواشدەكەن بازگە ئەمنییەكانی پشكنین لە رێگا سەرەكییەكانی هاتوچۆ رادەستی حكومەت بكرێنەوە. سیسفایەر بە پێویستی دەزانێت پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ناوچەكانی جێناكۆك و لەڕێی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەوە، هانی ئاوارەكان بدرێت بۆ ناوچەكانی جێناكۆك بگەڕێنەوە.
(درەو): دوای لابردنی بەشێك لە چەمكەكانی ناو پرۆژە یاساكە، لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمان و حكومەت رێككەوتن و لەدوای كۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمانەوە یاسای چەک پەسەند دەكرێت. لە كۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی نێوان حكومەت و پەرلەمان سەبارەت بە پرۆژە یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان كە بەسەرپەرشتی سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ ئەنجامدرا، حكومەت و پەرلەمان لەسەر پرۆژە یاساكە رێككەوتن و لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت. بە پێی راگەیەندراوی سایتی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبونەوەكەدا ڕاپۆرتی كۆتایی پڕۆژە یاساكە ئامادەكرا، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەكۆبونەوەكەدا ناكۆكی و نیگەرانی لەسەر بڕگەی (3)ی مادەی (13)ی پرۆژە یاساكە بووە كە كۆمەڵێك چەمكی لاستێکی تیابووەو لێكدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە دوو بۆچونی جیاواز دروستبووە، پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەبوون ئەو مادەیە لاببرێت و وەزیری ناوخۆش سووربووە لەسەر مانەوە، دواتر بۆچونی سێیەم هاتووەتە ئاراوە، ئەویش بە لابردنی ئەو چەمك و موفرەدانەی ناو ماددەکە كە تەفسیری زۆر هەڵدەگرن و لێكدانەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت. بەتایبەتیش چەمكەكانی (تێكدانی ئاسایشی هەرێم، یاخی بوون بەرامبەر هەرێم، تێكدانی بەرژەوەندی گشتی، هەندێك حوكمی لەسێدارەدان) وشەیەك كە تەفسیر هەڵبگرێت لابراوە، بۆیە سەرجەمی ئەو چەمكانە لە مادەكە لابران. بڕگەی سێیەم لە مادەی (13)ی پرۆژە یاساكە كە كاتی خۆی زۆرترین ناڕەزایی لێکەوتەوە هاتووە: ئەگەر تاوانەكە بەمەبەستی ئەنجامدانی كارێكی تیرۆریستی یان تێكدانی ئاسایشی گشتی یان پاڵپشتیكردنی هەر یاخیبونێك دژ بە هەرێم ئەنجامدرابێت، سزاكە دەبێتە لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی). سەرجەم ئەو چەمكانەی لەناو ئەو مادەیەدابوون لابران، جگە لە چەمكی "تیرۆریستی"، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە یاسای تیرۆر لە مادەی (2)دا هاتووە: بەكارهێنانی چەكی جەنگی بۆ كاری تیرۆریستی حوكمی لەسێدارەدانە. لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا راپۆرتی كۆتایی لیژنەی هاوبەش ئامادەكرا بۆ خوێندنەوەی سێیەم و پەسەندكردنی. پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان رەزامەندیان دەربڕی لەسەر پرۆژە یاساكە، فراكسیۆنی گۆڕان كە(جەلال محەمەد، شاخەوان رەئوف بەگ ،یاسین خدر) بەشداربوون رەزامەندیان نواندووە، فراكسیۆنی (یەكگرتوو، نەوەی نوێ) بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكە، فراكسیۆنی (كۆمەڵی دادگەریی) كۆبونەوەكەی جێهێشت. بۆیە بڕیارە لە دوای پشووی پەرلەمان لە 1/3/2022 لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەو پرۆژە یاسایە خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت.
راپۆرتی: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆری نەوتی كوردستانی درووستكردو لە 2017دا فرۆشتی بە ( ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە سەرەتای 2019 تا ناوەڕاستی 2021 ( ملیارێك و 744 ملیۆن) دۆلاری داوە بە كرێی بۆری نەوت. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2021دا (4 ملیار و 108 ملیۆن) دۆلار بووە، ( ملیارێك و 725 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت بووە و (454 ملیۆن) دۆلاری تەنیا داوە بە كرێی بۆری كە دەكاتە رێژەی (11%). بایەخی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی گواستنەوەی نەوت قۆناغی دووەمی پیشەسازی نەوتە لە دوای بەرهەمهێنانییەوە. بۆیە دەتوانرێت بوترێت قۆناغی گواستنەوە هیچی کەمتر نییە لە قۆناغی بەرهەمهێنان و پێکەوە یەکتر تەواو دەکەن. چونکە بەرهەمهێنانی نەوت هیچ بەهایەکی نابێت ئەگەر بە ڕێگەیەک نەگواسترێتەوە بۆ بازاڕی بەکاربەر و کڕیاریارانی نەوت، جا گواستنەوەکە بە ڕێگەی (وشکانی یان ئاوی) بێت. پرۆسەی گەیاندنی نەوتیش پێویستی بە ئامراز و ئامێرێ گرنگ و گەورە هەیە بۆ گواستنەوە، سەرەڕای ئەوەی پێگەی جوگرافیش زۆرجار بەشێکە لە (کارئاسانی یان ئاستەنگ) بۆ ئەوە گواستنەوەیە. بۆیە دەکرێت داخراوی پێگەی جوگرافی هەرێمی کوردستان نەگەیشتنی بە دەریا ئاستەنگکی گەورەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە، بۆیە بەناچاری دەبێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانی. بۆ ئەمەش زیاتر پشت بە وڵاتی تورکیا بەستراوە بۆ گەیاندنی بەرهەمی نەوتی هەرێم بە بازاڕەکانی ئەوروپا. باپق لەسەرەتای پیشەسازی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تەق تەق لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (1994) دەگەڕێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە (تانکەر) بەستووە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکەی. تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای پرۆسەی ئازدی عێراقەوە کە بە چڕی دەستی کرد بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێم، بەتایبەتیش لەدوای پەسەندکردنی یاسای ژمارە (22ی ساڵی 2007) یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام گوستنەوەی نەوت هەر بە ڕێگەی (تانکەر) بەردەوام بوو، چونکە تا ساڵی کۆتایی ساڵی (2013) هەرێمی کوردستان تەنها دەیتوانی لە ڕێگەی تەنکەرەوە بەرهەمە نەوتییەکەی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکات و بەو پێیەش لە توانایدا بووە رۆژانە نزیكەی (50) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تانكەرەوە هەناردەی توركیا بکات. بەڵام بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دووڕیانی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، پێگەیەکی نمونەیی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە دابینکردنی وزەدا بۆ جیهان. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان لە قۆناغی گەڕانەوە دەچنە سەر بەرهەمهێنان، کوردستان ئامادە دەبێت ببێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان". لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، حکومەتی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "رێگەی نەوت لە کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستانەوە پێشتر بە هێڵی بۆریەکانی کەکوک– جیهاندا تێپەڕ بووە لە رێگەی هێڵێکی دوانەیی هەناردەکردنەوە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان هێڵێکی بۆری هەناردەکردنی نوێ دروست دەکات کە بە هاتنی ساڵی 2015 لە توانایدا دەبێت (1) ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بگوازێتەوە بۆ سنووری تورکیا. هێڵی بۆریەکە لە خورمەڵەوە درێژدەبێتەوە تا فیشخابوور لەسەر سنووری تورکیا " هەروەها حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش داوە "بە مەبەستی بەستنەوە بە ژێرخانی هەناردەکردنەوە، هێڵێکی سەرەکی نوێی بۆری (81) کیلۆمەتری ناوخۆیی لە تەق تەقەوە بۆ خورمەڵە تەواو کردووە. لە توانیادایە بڕی 150,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنرێت لە تەق تەقەوە بۆ خورمەڵە کە دەتوانرێت ببەسترێتەوە بە پاڵاوگەی هەولێر و هێڵی بۆریەکانی هەناردەکردنەوە. هێڵی بۆریەکانی تەق تەق– خورمەڵە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات درک بە تەواوی بەرهەم و توانای هەناردەکردنی کێڵگەی تەق تەق بکات" (بڕوانە چارتی ژمارە (1) کە بڕ بەرهەمهێنانی نەوت دەردەخات پێش بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم) هەروەها (چارتی ژمارە (2) کە بڕ بەرهەمهێنانی نەوت دەردەخات دوای بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم) چارتی ژمارە (1) بەرهەمیهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان (2008 - 2012) چارتی ژمارە (2) بەرهەمیهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان (2014 - 2021) خاوەندارێتی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاداشتێکی پەرلەمانتار (عەلی حەمە ساڵح) کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، دەربارەی (بۆری نەوتی کوردستان و کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم) وێنەیەکی دەست درەو میدیا کەوتووە. بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بەپێی زانیارییەکانی نێو یاداشتەکە کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، بەپێی زانیارییەکان بۆرییەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە. (60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهات (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار. درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆ مەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە. ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپابیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت. (بڕوانە نەخشەی بۆری نەوتی هەرێم) بەپێی یاداشتەکە ئەم گرێبەستە ئەوەندە لە سودی کۆمپانیای رۆسنەفت بووە، بەپێی بەیاننامە داراییەکانی لقی سەنگافورەی کۆمپانیای رۆسنەفت کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای رۆسنەفت بڕی (250 ملیۆن) دۆلاری داوەتە ڕاوێژکارێکی دەرەکی تاوەکو دڵنیابێتەوە لە بەدەستهێنانی ڕێککەوتنە نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان. هێڵی بۆری نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەهانی تورکی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە (1/1/2019 – 30/6/2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (393 ملیۆن و 528 هەزار و 260) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بازاڕکانی جیهان کردووە، هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای ناوبراو لەو ماوەیەدا بڕی (1 ملیار 744 ملیۆن و 391 هەزار و437) دۆلای وەک کرێی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بە خەرجداوە، کە بۆ هەر بەرمیلێک دەکاتە (4.4) دۆلار. ئەو خەرجییەش زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2017) لە ڕێگەی فرۆشنی بۆری نەوتی کوردستان بە کۆمپانیای رۆسنەفت دەستی کەوتووە کە بڕەکەی (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار بووە، وەک لە سەروە ئاماژەمان پێداوە. (بۆ وردەکاری تەواوی ماوەی (2019- 30/6/2021) لە نەوتی فرۆشراو و کرێی بۆری بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) نەوتی فرۆشراو و کرێی بۆری (1/1/2019 - 30/6/2021)) هەر بەپێی زانیارییەکەکانی دیلۆیت تا نیوەی یەکەمی ساڵی (2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان (76 ملیۆن و 869 هەزار و 888) بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتووە و کۆی بەهاکەی (4 ملیار و 108 ملیۆن و 404 هەزار و 110) دۆلار بووە، بڕی (454 ملیۆن و 413 هەزار و 772) دۆلار بەڕێژەی (11.1%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ کرێی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە خەرج کردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتەوە بەردەوام ڕووی کە بەرزبوونەوەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە سەرەتای ساڵی (2019) تا نیوەی یەکەمی (2021) کە ژمارەیان (10) ڕاپۆرتە، بەرزبوونەوەیە بە ڕوونی دەبینرێت، بۆ نمونە لە ڕاپۆرتی یەکەمی دیلۆیت کە وردەکاری پرۆسەی نەوتی هەرێمی ڕوونکردووەتەوە لە ماوەی (1/1/2019 – 31/3/2019) کرێی گواستنەوەی (1) بەرمیل نەوتی هەرێم (3.2) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیا وردبینییەکەدا لە ماوەی (1/4/2021 – 30/6/2021) کرێی گواستنەوەی (1) بەرمیل نەوتی هەرێم (6.1) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم وەستاوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)). بەجۆرێک لە (1/1/2019 – 31/3/2019) کۆی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم (122 ملیۆن و 55 هەزار و 61) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیا وردبینییەکەدا لە ماوەی (1/4/2021 – 30/6/2021) کۆی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم (238 ملیۆن 932 هەزار و 863) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم وەستاوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (4)). چارتی ژمارە (4) لە یاداشتەکەی (پەرلەمانتار - عەلی حەمە ساڵح)دا هاتووە لەماوەی (2020 – 6/2021) واتە ساڵێک و شەش مانگ (1 ملیار و 584 ملیۆن دۆلار) دراوەتە کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە، لە ساڵی (2020) دا (21.3%) کۆی داهاتی نەوت دراوەتە کرێی بۆری نەوتی هەرێم، ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان تەنها (24.6%) کۆی درێژی بۆری نەوتە لە خورمەڵەوە تا بەندەری جەیهان، بەڵام (70%)ی کۆی کرێی گواستنەوەی پێدراوە. ئەگەر (18) مانگی سەرەتای (2020) بۆ شەش مانگی یەکەمی (2021) وەک پێوەر وەربگیرێت (70%) کرێی گواستنەوەی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی (کار و رۆسنەفت) ڕۆشتووە (30%) بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی بووە! (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ئایا دەکرێت بۆری نەوت لە سنوری تورکیا دوو هێندەو نیوی بۆری نەوت بێت لە سنوری هەرێمی کوردستان، بەڵام کرێی بۆری لە سنوری هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بێت لە سنوری تورکیا؟ خشتەی ژمارە (3) ئینفۆگرافیك سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ماوەی (1/1/2019 – 30/6/2021) کە ژمارەیان (10) ڕاپۆرتە و سەرجەمیان لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستە. عەلی حەمە ساڵح، یاداشت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان (وێنەیەکی لای درەو میدیایە) هێڵی بۆریەکانی نەوت، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ https://gov.krd/mnr/publications/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA/ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەستیپێكرد، 13/12/2013، ماڵپەڕی ڕوداوو؛ https://www.rudaw.net/sorani/business/131220131#sthash.rRkwbuML.dpuf د. أحمد ياسين & د.شيركو كرمانج & م. يادكار عبدالله، طرق نقل النفط من حقول كوردستان العراق، مجلة وادى النيل للدراسات والبحوث الإنسانية والاجتماعية والتربوية؛ https://jwadi.journals.ekb.eg/article_85184_20d92d83d507b1d588bfd4d469478ad6.pdf Andrew Snow, Kurdistan and Baghdad: A Tangled Web Over Oil and Budgets; https://www.usip.org/publications/2018/01/kurdistan-and-baghdad-tangled-web-over-oil-and-budgets
(درەو): نوری مالیکی وەڵامی بەڵگەنامەیەک دەداتەوە، کە چەند رۆژی رابردوو میدیاکانی پارتی لەبارەی رێککەوتنی نەوت و غاز لەنێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی پێشووی عێراق بڵاویانکردەوە، بەڵگەنامەکە تۆمارێکی ڤیدیۆیی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراقە، مالیکی قسەکانی تاڵەبانی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا رەتدەکاتەوەو دەڵێ" ھیچ رێککەوتنێکمان نەکردووەو ئەوەی ھەبووە تەنیا پێشنیازێکی زاڵمای خەلیلزاد بووە". دەقی راگەیەندراوەکە: لە هەندێك شوێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەکی بڕدراوی سەرۆکی کۆچکردوو بەڕێز جەلال تاڵەبانی بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەو دەکات رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی بەڕێز نوری مالیکی و حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا کراوە، بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە رێگە بە حکومەتی ھەرێم دراوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان بکات بۆ دەرھێنانی نەوت و ھەناردەکردنی بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی، ئەگەر ھاتوو تاوەکو مانگی مایسی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان پەسەند نەکرا. لەم چوارچێوەیەدا جەخت دەکەین ئەوکات ھیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمدا نەبووە، ئەوەی سەرۆکی کۆچکردوو باسی کردووە پێشنیازێک بوو کە ئەوکات زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەمریکا پێشکەشی کردووە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە لەوکاتەدا، ئەم پێشنیازەش رەتکراوەتەوە چونکە کێشەکەی چارەسەر نەدەکردو بە پێچەوانەوە ئاڵۆزی دەکرد. نوسینگەی رۆژنامەوانی نوری مالیکی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٢
راپۆرتی: درەو بەپێی داتاکان، هەرێمی کوردستان خۆی دەخزێنێتە نێو ڕیزبەندی (10) لە گەورەترین وڵاتانی خاوەن یەدەگی نەوت لە جیهاندا بۆ ساڵی (2021)، لەدوای هەر یەک لە (فەنزویلا، سعودییە، کەنەدا، ئێران، عێراق، کوەیت، ئیمارات، ڕوسیا و لیبیا)ەوە دێت و پلەی دەیەم دەگرێت، پێش هەریەک لە وڵاتانی (نێجیریا بە (37.1) ملیار بەرمیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە (36.5) ملیار بەرمیل، کازاخستان بە (30) ملیار بەرمیل و چین بە (25.5) ملیار بەرمیل) یەدەگەوە دەکەوێت. یەکەم: یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان زانیاری جیاواز بەردەستە لە بارەی بڕو قەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێم، بەڵام زانیارییە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە بە (45) ملیار بەرمیلی خەمڵێنراو لە نەوتی یەدەگ لە هەرێمی کوردستاندایە، ئەم ژمارەیەش لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە. هەر لەم بارەیەوە وەزیری پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان (ئاشتی هەورامی) لە (19ی ئابی 2010) لە تهلاری وهزارهتی رۆشنبیری و لاوان، لە كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا سهبارهت یهدهگی نهوت له هەرێمی کوردستان رایگهیاند؛ "(45) ملیار بهرمیل نهوت لهههرێمی كوردستان ههیه". جارێکی ترو لە (11 ی تەموزی 2013) جەختی لەو ژمارەیە کردووەتەوەو بە رۆژنامەی حەیات-ی ڕاگەیاندووە؛ "یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە (45) ملیار بەرمیل خەمڵێندراوە" ئەمە جگە لە نەوتی ناوچە دابڕاوەكان، كە بەپێی خەمڵاندنە بەراییەكان ئاماژە بە (100) تاوەكو (200) ترلیۆن مەتر سێجا دەكەن". لەم بارەیەوە (کەمال ئەتروشی) وەزیری ئێستای سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە (28ی حوزەیرانی 2021) لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، لە وەڵامی پەرلەمانتاران لە بارەی یەدەگی نەوتەوە وتی؛ - كوردستان لهسهر حهوزی نهوتییه، كه له كوردستان تا عومان درێژ دهبێتهوەو یهك حهوزی نهوته. - ئەم نەوتە (200) ملیۆن ساڵه جێگیر بووه و باشترین جێگهیه بۆ بهرههمهێنانی نهوت و غاز. - له كوردستان یهدهگی نهوت تایبهته و بهراورد ناكرێت به یهدهگی نهوتی سعوودییه و ئیمارات و عێراق، ههرچهنده یهك حهوزه. - یهدهگی نهوتی هەرێم كهم بووهتهوه و ئێستا (١٠%)ی یهدهگی نهوتی عێراقه، ههر بۆیه یهدهگمان بهراورد ناكرێت به یهدهگی نهوتی عێراق و كهنداو. - یهدهگی نهوتی عێراق ١١٥ ملیار بهرمیله، بهڵام له كوردستان ئیشی لهسهر نهكراوه. - توانای نهوتی كوردستان جیاوازه، ڕێژەی (52 تا 54%)ی نهوتی كوردستان له دهۆكه و (40%)ی له ههولێره و (6 تا 10%)ی له سلێمانییه. بەڵام زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێم زیاترە لە (45) ملیار بەرمیل، چونکە گەڕان و پشکنینی کۆمپانیاکان بۆ دۆزینەوەی نەوت بەردەوامەو زۆرجاریش گوێبیستی دۆزینەوەی بڕی زیاتری نەوت دەبین لە هەرێمی کوردستان بۆ نمونە؛ لەمانگی (ئابی 2010) دامهزراوهی نهوتی كۆریای باشور پاش ئهوهی گرێبهستێكی گهڕان و دهرهێنانی نهوتی لهگهڵ حكومهتی ههرێمی كوردستان واژۆكرد و پاش سێ ساڵ گهڕان، دوو ناوچهی زۆرگهورهی لهشاری سلێمانی دۆزیهوه كه نهوتیان تێدایه، ئەوانیش بلۆکەکانی بازیان و سەنگاو بوون، ئەگەر چی ئەوکات بڕەکە ئاشکرا نەکرا بەڵکو باس لە بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت دەکرا. لە سەرەتای ساڵی (2011) كۆمپانیای (گۆلف گیستۆن)ی بهریتانی کە لهههرێمی كوردستان كاری دۆزینهوه ئهنجام دهدا، رایگهیاندووه، ئهوان ئێستا نهوتی زیاتریان دۆزیوهتهوه لهو ناوچانهی كه كاری تێدا دهكهن. بهپێی لێكدانهوهی ئهو كۆمپانیایه بێت تهنها لهناوچهی شێخان كهجێگهكهی دیاری نهكردبوو رایگهیاند "ئهوهی ئهوان تا ئێستا پێشبینیان كردووه (220) ملیۆن بهرمیل نهوتیان دۆزیوهتهوه"، (جۆن جێرسنتلاوهر) بهڕێوهبهری كۆمپانیای ناوبراو باسی لهوهكردووه، ئهوان گهیشتوونهته ئهو ئهنجامهی كهههرێمی كوردستان خاوهنی سهرمایەیەكی گهورهی نهوتهو ئهو ناوچهیهی ئهوان كاری تێدا دهكهن بهشێوهیهكی گشتی (2.2) ملیار بهرمیل نهوتی تێدایه. لە (9/11/2012) ئاژانسی ههواڵی رۆیتهرز لهزاری (تۆم براتلی) وتهبێژی كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی بڵاویكردهوه، "کۆمپانیاکە بیره نهوتێكی نوێی لهسنوری پارێزگای ههولێر دۆزیوهتهوه، كه یهدهگێكی نهوتی زۆری تێدایه به نزیكهی (700) ملیۆن بهرمیل نهوت مهزهنده دهكرێت". (د.بێوار خهنسی - راوێژكاری پێشووی ئاسایشی ئابووری) ههرێم لە ساڵی (2013) له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵ رایگهیاندووە؛ "ههرێم خاوهنی زیاتر له (60) ملیار بهرمیل یهدهگی نهوته، بهڵام بههۆی كهمی پشكنینهكان تا ئێستا ههبوونی (45) ملیار بهرمیل پشتڕاستكراوهتهوه". هەروەها بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ڕوداوو لە (30/5/2013) بڵاوکراوەتەوە بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی Bloomberg-ی ئەمریكی: "هەردوو كۆمپانیای گەنێل ئینێرجی توركی و گۆڵف كیستۆنی بەریتانی بیرە نەوتێكی نوێیان لە پارێزگای دهۆك دۆزیوەتەوە". بەپێی راپۆرتەكە "كۆمپانیای گەنێل ئینێرجی توركی لە كێڵگەی نەوتی بەربەهاری لە پارێزگای دهۆك، بیرێكی نوێیان لێداوە و ئەنجامە سەرەتاییەكانی ئەو هەڵكەندنەش زۆر باش بووە و رۆژانە 2100 بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت". هەر بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ناوبراو لە کۆتاییەکانی ساڵی (2013)هەردوو كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كۆریای باشوور ناسراو بە (KNOC) و كۆمپانیای سویسری ئۆریكس كە كۆمپانیای سەركارن، دۆزینەوەی نەوتی زیاتریان لە بلۆكی هەولێر راگەیاند، كە مەزەندەكراوە ئەو كێڵگەیە 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی لە خۆی گرتبێ. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان کە لە ساڵی (2015)دا بڵاوکراوەتەوەو تێدا هاتووە "هەرێمی کوردستان خاوەن (50) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی جێگیر و (80) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی ناجێگیرە". لە (28ی تەموزی 2019) کۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی کە لە کێڵگەی (کۆرمۆر) وەبەرهێنان دەکات ڕاگەیاند؛ کە "زیاتر لە (50) ملیۆن بەرمیل نەوتیان دۆزیوەتەوە بەمەش یەدەگی نەوتی کێڵگەکە بەرزتر دەبێتەوە". جگە لەو دۆزینەوانە چەندین نمونەی دۆزینەوی یەدەگی نوێی نەوتی لە کێڵگە جیاوازەکانی نەوتی هەرێم لەبەردەستن، هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە قەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێم بڕێکی ئێجگار گەورەترە کە تا ئێستا دۆزابێتەوە. دووەم: یەدەگی هەرێم لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا ئەگەر هەر ئەو ئامارە وەربگرین کە لە سایتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی یەدەگی نەوتی هەرێم خراوەتەڕوو کە بە (45) ملیار بەرمیل خەمڵێندراوە، ئەوا بەپێی داتاکان هەرێمی کوردستان خۆی دەخزێنێتە نێو ڕیزبەندی (10) لە گەورەترین وڵاتانی خاوەن یەدەگی نەوت لە جیهاندا بۆ ساڵی (2021)، لەدوای هەر یەک لە (فەنزویلا، سعودییە، کەنەدا، ئێران، عێراق، کوەیت، ئیمارات، ڕوسیا و لیبیا)ەوە دێت و پلەی دەیەم دەگرێت و پێش هەریەک لە وڵاتانی (نێجیریا بە (37.1) ملیار بەرمیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە (36.5) ملیار بەرمیل، کازاخستان بە (30) ملیار بەرمیل و چین بە (25.5) ملیار بەرمیل) دەکەوێت لە یەدەگی نەوتدا. بڕوانە چارت و خشتەکە. سەرچاوەکان د. غالب محەمەد عەلی، نەوتی هەرێم: سیاسەتێکی ناحەکیمانە، ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان،(2015). سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، نەوت، تێڕوانین، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ https://gov.krd/mnr/publications/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA/ سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی میدیاو زانیاری،وەزیرى سامانە سرووشتییەکان: بۆ ئایندەى کوردستان، غاز گرنگه چونکە نهوت نامێنێت، 29/6/2021، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2021/june/%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%D9%89-%D8%B3%D8%A7%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%95-%D8%B3%D8%B1%D9%88%D9%88%D8%B4%D8%AA%DB%8C%DB%8C%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%86-%D8%A6%D8%A7%DB%8C%D9%86%D8%AF%DB%95%D9%89-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%DA%AF%D8%B1%D9%86%DA%AF%D9%87-%DA%86%D9%88%D9%86%DA%A9%DB%95-%D9%86%D9%87-%D9%88%D8%AA-%D9%86%D8%A7%D9%85%DB%8E%D9%86%DB%8E%D8%AA یهدهگی نهوتی ههرێم بۆ 60ملیار بهرمیل بهرزدهبێتهوه، 28/12/2013، ماڵپەڕی فەرمی پی یو کەی میدیا؛ http://www.kurdiu.org/hawal/index.php?pageid=57949 گۆلف كیستۆن نهوتى زیاتر لهههرێمى كوردستان دهدۆزێتهوه، 5/1/2011، ماڵپەڕی کوردیو؛ https://www.pukmedia.com/KS/details/?Jimare=23308 سەمیع زوبێر، ئاشتی هەورامی: یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان 45 بلیۆن بەرمیلە، لە ڕۆژنامەی (حەیات) 11/7/2013، ماڵپەڕی ڕوداوو؛ https://www.rudaw.net/sorani/business/11072013 نەوتی زیاتر لە بلۆكی هەولێر دۆزرایەوە، لە کۆریا تایمزەوە، 10/11/2013، ماڵپەڕی ڕوداوو؛ http://rudaw.net/sorani/business/101120132#sthash.IfEYbNTA.dpuf بیرە نەوتێكی نوێ لە پارێزگای دهۆك دەدۆزرێتەوە، لە بلومبێرگەوە، 30/5/2013، ماڵپەڕی ڕوداوو؛ https://www.rudaw.net/sorani/business/300520131 ئاشتی ههورامی: تا ساڵی 2014 دهتوانین رۆژانه یهك ملیۆن بهرمیل نهوت رهوانهی دهرهوه بكهین، 19/8/2010، ماڵپەڕی گوڵان؛ https://www.gulanmedia.com/so/story/203111/1621545111-937-%D8%A6%D8%A7%D8%B4%D8%AA%DB%8C-%D9%87%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D8%B1%D8%A7%D9%85%DB%8C:-%D8%AA%D8%A7-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C2014-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%8C%D9%86-%D8%B1%DB%86%DA%98%D8%A7%D9%86%D9%87%E2%80%8C-%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D9%83-%D9%85%D9%84%DB%8C%DB%86%D9%86-%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D9%85%DB%8C%D9%84-%D9%86%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D8%AA-%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D8%A7%D9%86%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D9%87%E2%80%8C-%D8%A8%D9%83%D9%87%E2%80%8C%DB%8C%D9%86 دانة غاز تعلن عن أول اكتشاف نفطي في إقليم كردستان العراق وأكبر احتياطيات للغاز في العراق، موقع الرسمي للشریکة؛ https://www.danagas.com/wp-content/uploads/2021/04/20190725-Reserves-KRI-Arabic.pdf Oil Reserves by Country 2021, World Population Review, at the website; https://worldpopulationreview.com/country-rankings/oil-reserves-by-country Kurdistan Oil: The Past, Present and Future, The Kurdistan Project, at the website; https://thekurdishproject.org/kurdistan-news/kurdistan-oil/
راپۆرت: درەو لە 2017دا دوای لەدەستدانی كۆنترۆڵی ناوچە جێناكۆكەكان، بارزانی قایل بوو بەوەی دادگای فیدڕاڵی دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئێستا قایل نییە بە بڕیاری هەمان دادگا بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغداد، یەكێتیش كە ساڵێك لەمەوبەر بە نهێنی چووەتە دانوستان لەگەڵ بەغداد بۆ رادەستكردنی غازی سروشتی، ئێستا بە رادەستكردنی نەوت نیگەرانە، بارزانی لەنێوان دوو بڕیاری دادگای فیدراڵیدا، وردەكاری لەم راپۆرتەدا. ریفراندۆمو بڕیاری دادگای فیدراڵی 2017 هەرێمی كوردستان بە رێبەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، ریفراندۆمی بۆ (سەربەخۆیی) ئەنجامدا، ئەم ریفراندۆمە ناوچە جێناكۆكەكانیشی گرتەوە، ئەمە حكومەتی ناوەندی ئەوكاتی عێراق كە (حەیدەر عەبادی) سەرۆكایەتی دەكرد، توڕەكرد. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی دراوسێ، بەشێك لە رایگشتی هەرێمی كوردستان دژی سازادانی ریفراندۆمەكە بوون، بەڵام بارزانی سور بوو لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەوادەی خۆیدا. نیچیرڤان بارزانی كە برازای مەسعود بارزانییە، ئەوكات سەرۆكی حكومەت بوو، راستەخۆ خۆی لە پرسی ریفراندۆم نەگلاندو هەندێك خۆی بە دوورگرت، بەڵام بۆ قایلكردنی (مام)، كەناڵە تەلەفزیۆنییەكەی (رووداو)ی خستە خزمەتی بانگەشەكردن بۆ ریفراندۆم، نێچیرڤان بارزانی بۆچوونی جیاوازی هەبوو، تێگەیشتبوو، ئەنجامی ریفراندۆم بە كارەسات بۆ هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت. 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم كرا، دوای 20 رۆژ لە ریفراندۆم، هێزەكانی عێراق پەلاماری ناوچە جێناكۆكەكانیان دا، هێزەكانی پێشمەرگەی (پارتیو یەكێتی) لەم ناوچانە كشانەوە، كە لەدوای هاتنی داعشەوە كۆنترۆڵیان كردبوو. نزیكەی مانگێك دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەرو بە دیاریكراوی لە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2017دا، دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییەو بڕیارەكانی تانەی لێنادرێت، بڕیاری خۆی لەبارەی ریفراندۆكەكە دەركردو رایگەیاند" ریفراندۆم نادەستورییەو لێكەوتو دەرەنجامەكانی هەڵدەوەشێندرێتەوە". نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ پابەندبوونی هەرێمی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە نیشاندا، واتە قایلبوون بە هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی ریفراندۆم، ئەمە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە بوو كە لەوكاتەدا حكومەتی ناوەندی عێراقو وڵاتانی دراوسێ بەسەر هەرێمدا سەپاندبوویان. دوای ریفراندۆم، مەسعود بارزانی لەلایەن باڵیۆزو نێردە نێودەوڵەتییەكانەوە پشتگوێ خرا، ئەمە بەهۆی ئەوە بوو گوێی بۆ قسەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەگرتبوو، كاتێك دۆخەكە ئاڵۆز بوو، بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی كشایەوە، شكستی ریفراندۆمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردو قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی ریفراندۆم. نەوتو بڕیاری دادگای فیدراڵی رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی "پێشوەختە" لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكەمجار نەخشەی سیاسی عێراقی بەشێوەیەكی كاریگەر گۆڕی، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران پێگەیان لە پەرلەماندا پاشەكشێی كرد، موقتەدا سەدر كە یەكێكە لە رێبەرە دیارەكانی شیعەی عێراقو ماوەیەكە هەوڵی یاخیبوون لەژێر چەتری ئێران دەدات، بوو بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. ئێرانییەكان زوو هەستیان بە مەترسی دۆخەكە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەیان كرد، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ بارزانیو سوننەكان قسەیان كرد، داوایان كرد نەبن بە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە، لەگەڵ لایەك نەبن دژی لاكەی تر، مەسعود بارزانی كە هاوپەیمانێتی سێقۆڵی لەگەڵ (سەدرو سوننەكان) كردبوو، سوور بوو لەسەر هاوپەیمانێتییەكەی، لەمەشدا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بە ئامانج گرت، داوای وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەی لە یەكێتی دەكرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی هاوشێوەی ریفراندۆمەكە، لەم هەنگاوەشدا لەگەڵ بارزانی مامیدا نەبووە، بۆچوونی وابووە، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بەجێبهێڵدرێتو پارتی نەبێت بە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە. نێچیرڤان بارزانی كە لەدوای نسكۆی 1975ەوە لەگەڵ بنەماڵەكەیدا رووی لە ئێران كردووەو لە (كەرەج)ی نزیك تاران ژیاوە، زمانی (فارسی) دەزانێتو پەیوەندی مێژووی لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ئەمدواییە كە پارتی لە ئێران زیاتر دوركەوتەوە، ئەو هەوڵی ئاسایكردنەوەی دۆخەكەی داوە، بەڵام بارزانی مام سەرلەنوێ ریسەكەی كردەوە بە خوری. رۆژی 15ی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سكاڵایەكی یاسایی كە ساڵی 2012 تۆماركرابوو، بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانو رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی ناوەندی. ئەمجارەیان پۆستەكان ئاڵوگۆڕیان پێكراوە، نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەتەوە بووە بە سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان كە بەبێ سێو دوو قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمو پرسی سەربەخۆیی كورد، ئێستا رازی نییە بەوەی كورد نەوتەكەی راستی حكومەتی فیدراڵ بكاتو لەسەر ئەم بنەمایە پشكی كورد لە بودجەی گشتی عێراق دیاری بكرێت. قایل نەبوونی بەوەی كورد لەرێگەی عێراقەوە نەوتەكەی بفرۆشێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نێچیرڤان خۆی ئەندازیاری "ئابوری سەربەخۆ"و رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوتە لەگەڵ توركیا، 17 ساڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووەو نزیكەی سێ ساڵیشە سەرۆكی هەرێمە، لەرێگەی كەرتی نەوتەوە پێگەو ئابوری خۆی بەهێز كردووەو پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ توركیا دروستكردووە، بەمدواییە دەیەوێت دوای نەوت، غازی سروشتی هەرێم رادەستی توركیا بكات. بڕیاری ئابوری سەربەخۆ كە زیاتر خۆی لە فرۆشتنی نەوت بەبێ رەزامەندی حكومەتی ناوەندی بەغداد دەبینییەوە، لە ساڵی 2014وە بووە هۆی بڕینی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، ئیتر لێرەوە سەردەمی قەیرانی دارایی یەكەم دەستی پێكردو موچەی فەرمانبەران كێشەی تێكەوت، تائێستاش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات ئەم قەیرانە داراییە بەردەوامە. بەپێی داتاكان، لە 2014وە بۆ ئێستا، بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە كە نێچیرڤان بارزانی رێبەرایەتی دەكرد، هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر (100 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی عێراق لەدەستداوە، لەمە خراپتر دادگای فیدراڵی ئێستا كێشەی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دروستكردووە كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتو دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، ئەم بڕیارەش لێكەوتی ئابورییە سەربەخۆكەیە. ئەگەر رۆژگاری پێش دەرهێنانی نەوت لە كوردستان، كێشەی نێوان كوردو حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق پرسی خاك بوبێت بەتایبەتیش چارەنوسی كەركوك، ئێستا ئیتر نەوت تایتڵی گەورەی كێشەی كوردە لە عێراقداو پرسی خاك وەلانراوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە بارزانییەكان ئامادەن لەدوای ریفراندۆم خاك لەدەستبدەن، بەڵام ئامادە نین نەوت رادەست بكەن. یەكێتیو نەوت یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە (30) ساڵی رابردوودا، هاوبەشی سەرەكی حوكمڕانی كوردستان بووە لەگەڵ پارتیدا، لەدوای كۆتایهانی شەڕی ناوخۆو یەكخستنی حكومەتەوە لە ساڵی 2005دا، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (سلێمانیو هەڵەبجەو گەرمیانو راپەڕین) لەڕووی خزمەتكوزارییو ئاوەدانییەوە بەبەراورد بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی (هەولێرو دهۆك) پاشەكشێیان بەخۆوە بینیوە. پارتیو یەكێتی سەرباری ئەوەی ماوە لەدوای ماوە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە حكومییەكانی هەرێمو بەغداد دەكەونە كێشمەكێش، بەڵام هەردوولا سودمەندبوون لە ئابوری نەوتو هیچ كات ناكۆكییەكانیان سەری بۆ لێكترازان نەكێشاوە. یەكێتی بەر لە رووداوەكانی (8)ی تەموزی ساڵی رابردوو، واتە بەر لە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی، چووە ناو گفتوگۆیەكی نهێنییەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی سامانی سروشتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی (لەكاتی خۆیدا وەكو یەكەمین میدیای كوردی (درەو) لە راپۆرتێكدا باسی لە رێككەوتنەكەی یەكێتیو بەغداد كردووە، (لێرە كلیك بكە بۆ خوێندنەوە راپۆرتەكە). بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئەوكات (درەو) لەبارەی ئەو رێككەوتنە دەستی كەوتبوو، یەكێتی قایل بوو بوو بەوەی غازی سروشتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی رادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەمەرجی ئەوەی حكومەتی عێراق لەڕووی داراییەوە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بكات نەك لەرێگەی حكومەتەوە لە هەولێر، ئەم رێككەوتنە تا حاڵەتی ئیمزا كردن هەنگاوی نا، بەڵام مستەفا كازمی كە سەرەتای دەستبەكاربوونی بوو لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، دڵنیا نەبوو لەوەی ئایا بۆ ویلایەتێكی تر دەمێنێتەوە یاخود نا، بۆیە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بۆ دۆخێكی لەبارتر هەڵگرت. یەكێتی كە ساڵێك لەمەوبەر هەوڵیداوە سامانی سروشتی رادەستی عێراق بكات، ئێستا بە دوو دڵییەوە تەماشای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكات لەبارەی رادەستكردنی نەوتەوە، بڕیاربەدەستانی یەكێتی سەرباری ئەوەی خۆشحاڵن لەم كاتەدا كە كێشەی پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە، دادگای فشاری خستوەتەسەر پارتی، بەڵام لەلایەكی ترەوە بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەكە دەڕوانن، بەوپێیە جێبەجێبوونی بڕیارەكە پشكی یەكێتی لە فرۆشی نەوتی هەرێم دەبڕێت. یەكێتی لەماوەی رابردوودا لەسەر زاری هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانییەوە باسی لەوەكردووە، ئاگاداری وردەكاری فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێم نییە، بەڵام هەر كاتێك لە بەغدادەوە بڕیار لەبارەی چارەنوسی ئەم دۆسیە نزیك بوبێتەوە، یەكێتی بەوپەڕی هێزییەوە لە تەنیشت پارتی راوەستاوەو پشتیوانی لە سیاسەتی نەوتیی ئێستا كردووە.