Draw Media

حكومەت لە كەرتی كارەبادا شكستی هێناوە

حكومەت لە كەرتی كارەبادا شكستی هێناوە

2022-12-15 12:38:41


(درەو):
كرێی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا مانگانە (80 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێت، تەنیا خەرجی موچەی وەزارەتی كارەبا مانگانە (17 ملیار) دینارە، خەرجی خەڵك بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە زیاتر لە (70 ملیار) دینارە، بە كرێی بەرهەمهێنانی كارەبای حكومەت‌و خەرجی كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانەوە مانگانە بە تێكڕا لە هەرێم نزیكەی (200 ملیار) دینار لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەم دۆخەشەوە ئێستا حكومەت تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی پێ دابین دەكرێت، بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە لەدوای بەستنی (پێوەری زیرەك)ەوە پێدانی كارەبا بەرێژەی (56%) كەمیكردووە.

خواست لەسەر كارەبا
بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەكانی وەزارەتی كارەبا، ئێستا (3600) مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە (6600) مێگاوات بەرزبووەتەوە.
لەكاتێكدا سایتی فەرمی وەزارەتی كارەبا لەسەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند" لە كابینەی نۆیەمدا (615) مێگاوات كارەبا زیادیكردووە"‌و رۆژانە وێستگەی كارەبا دەكرێتەوەو باس لە زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێت، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین دەكرێت.

پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردوەتەوە !
ئایاری ئەمساڵ وەفدێك لە كۆماری (كۆنگۆ)وە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بینی، وەزارەتی كارەبا لەبارەی ئەم دیدارەوە رایگەیاند، وەفدەكەی كۆنگۆ هاتوون بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی (پێوەری زیرەك)ی هەرێمی كوردستان وەربگرن.
ئەوكات وەزارەتی كارەبا باسی لەوە دەكرد، بەهۆی پرۆژەی (پێوەری زیرەك)ەوە رێژەی بەفیڕۆچوونی كارەبای لە 49%ەوە بۆ 39% كەمكردوەتەوە، بانگەشەی وەزارەت بۆ پێوەری زیرەك بەوشێوەیە بوو پێوەرەكە ماوەی 2 بۆ 3 كاتژمێری كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكات لەوەی كە هەیە. 
كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە لەسەر پشكی پارتی، ئەم پیاوە بەمدواییە وەزارەتێكی تریشی وەرگرت، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشییەوە بە وەكالەت كراوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، واتە لە یەككاتدا دوو وەزارەتی هەستیار بەڕێوەدەبات، كە هەردووكیان چەندین ساڵە گلەیی‌و ناڕەزایەتییان لەسەرە. 
ئێستا لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك‌و 776 هەزارو 963) هاوبەشی كارەبا هەیە، لەم رێژەیە (ملیۆنێك‌و 300 هەزار) هاوبەش پێوەری زیرەكی كارەبایان بەستووە، كە دەكاتە رێژەی (73%)ی تێكڕای هاوبەشەكانی كارەبا، سەرباری زۆری ژمارەی ئەوانەی پێوەری زیرەكیان بەستووە، بەڵام كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی ئێستا لە (16) كاتژمێرەوە بۆ (7) كاتژمێر كەمیكردووە، واتا بەپێچەوانەی لێدوانەكانی وەزارەتی كارەباوە، پێوەری زیرەك كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەڕێژەی (56%) كەمكردوەتەوە. 

داهات‌و خەرجی كارەبا
لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەجۆرێك ئێستا مانگانە زیاتر لە (80 ملیۆن) دۆلار بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە كارەبا بەرهەمدەهێنن. 
لەپاڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبادا، كۆی خەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە، ئەمە سەرەڕای ئەو پارەیەی هاوڵاتیان مانگانە خەرجی دەكەن بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (ملیۆنێك‌و 776 هەزارو 963) هاوبەش زیادیكردووە، ئەگەر بە تێكڕا (4) ئەمپێر بۆ هەر خێزانێك لە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان ئەژمار بكرێت‌و نرخی هەر ئەمپێرێكیش بە (10 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، ئەوا هەر خێزانێك مانگانە بەتێكڕا (40) هەزار دینار پارە لە كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكاندا خەرج دەكات، تێكڕای خەرجی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە دەگاتە (71 ملیار) دینار. 
بەو پێیەش كۆی خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەوەی حكومەت دەیدات‌و  بەوەشەوە كە هاوڵاتیان دەیدەن بە كرێی مۆلیدە، مانگانە زیاترە لە (200 ملیار) دینارە.
ئەم خەرجییە لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبا، داهاتی كرێی كارەبا مانگانە نزیكەی (50 ملیار) دینارە، ساڵی رابردوو كۆی گشتی داهاتی كارەبا بڕەكەی (456 ملیار) دینار بووە، ئێستا نزیكەی (تریلیۆنێك‌و 298 ملیار) دینار قەرزی كارەبای حكومەت لای هاوڵاتیانە‌و حكومەت خۆشی بڕی (3 ملیارو 883 ملیۆن) دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانە. 

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

 كەرتی تایبەت كێشەی كارەبا كۆتایی پێدێنێت؟ 

پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردەوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand