وەزیرەكانی یەكێتی دەوام دەكەن، بایكۆتی دەوامیان نەكرد
2022-12-11 07:43:16
درەو:
ئەمڕۆ وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوامی ئاسایی خۆیانكرد، هەڵوێستەكەی یەكێتی تەنیا بەشدارینەكردن بوو لە مەراسیم و كۆبونەوە فەرمییەكان، وەك یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی تیمی یەكێتی، ئەندامانی یەكێتی لە وەفدی دانوستانەكانی بەغداد كشانەوەو بەشدار نەبوون.
ماوەی نزیكەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردووە نیگەرانە، رۆژی پێنج شەممەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت بڕیاریدا تیمی یەكێتی بەشداری هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی نەكەن، لەبەرامبەر دوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران،
• خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن ناسراو بە (سەركەوتی كوبە) بۆ شوێنگرەوەی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ، كە پێشتر یەكێتی بە نوسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردبوو بۆ رەزامەندبوونی دەستبەكاربوون بۆ (سەركەوت حەسەن)، بەڵام وەزیری ناوخۆ بڕیاری خانەنشینبوونی بۆ دەركرد، ئەگەرچی بڕیارەكە یاساییە، بەڵام یەكێتی بە بڕیارێكی سیاسی دەبینێت و پێی وایە لە دژی بڕیارەكەی یەكێتیە بۆ گڕینی بریكاری وەزیری ناوخۆ.
• پێدانی بڕیاری بەكارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی لەلایەن سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، كە یەكێتی دەیویست كەسێكی تر لە بری شۆڕش ئیسماعیل كاندید بكات بەڵام پارتی بەو بڕیارە رازی نیەو ئامادە نیە دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل قبوڵ بكات.
بڕیارەكەی سەرۆكی تیمی یەكێتی تایبەت بوو بە بەشدارینەكردنی وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی لە هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی حكومەتی هەرێم، واتا بەشداری كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن.
وەك یەكەم هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی تیمی یەكێتی، ئەندامانی یەكێتی لە وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغداد (د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشدار نەبوون و كشانەوە.
لە ئێستادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناكۆكن، یەكێتی دەڵێت ئەو جۆرە لە حوكمۆڕانیەیان قبوڵ نیەو هاوبەشی دەسەڵات نین، پارتیش دەڵێت بڕیارەكانی یەكێتی سیاسین و یەكێتی كێشەی ناوخۆیی هەیە،