Draw Media

 نەوت و پشکی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٣دا

 نەوت و پشکی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٣دا

2022-12-13 12:44:04


(درەو):
وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەم کۆبونەوەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی:
🔹 رێگاکانی کاراکردنی لیژنە ھاوبەشەکان کە پەیوەستن بە لیژنەی سەرەکی دانوستان و ئەم لیژنە سەرەکییەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دروستکراوە.
ئامانجی ئەم لیژنە ئەوەیە چارەسەری "واقعی" بدۆزێتەوە بۆ پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی ھەرێم، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانەوە.
ئەمە یەکەم دانوستانی حکومەتی ھەرێمە لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی.
پارتی و یەکێتی وەکو دوو لایەنی دەسەڵاتداری ھەرێم بەشدارن لە ئیئتیلافی پێکھێنەری حکومەتی نوێی عێراق، لەچوارچێوەی ئەم بەشداری و پشتگیرییەیان لە کابینەی نوێی، سودانی لە بەرنامەی کاری حکومەتەکەیدا بەڵێنی ئەوەی داوە یاسای نەوت و غازی عێراق لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، بەڵام دوای نزیکەی ٤٠ رۆژ لە دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی ھێشتا ھیچ ھەنگاوێک بە ئاڕاستەی دەرکردنی ئەو یاسایە ھەڵنەگیراوە.
شوباتی ئەمساڵ کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو لایەنی سەرەکی دەسەڵاتداری ھەرێم چوە ناو ململانێ ناوخۆییەکانی شیعەو لە پاڵ موقتەدا سەدر راوەستا دژی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ فەیاز+ حەکیم+ عەبادی)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی کۆنی لە دژی ھەرێم زیندووکردەوەو لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایە بڕیاریدا بەوەی ھەرێم نەوت و غازی خۆی رادەستی بەغداد بکات و چیتر بەشێوەی سەربەخۆو بەبێ بەغداد مامەڵە بە نەوت و غازەوە نەکات.
لە دوای راگرتنی بەشە بودجەی ھەرێم لەساڵی ٢٠١٤، ئەمە قورسترین بڕیار بوو کە لەدوای کەوتنی سەددامەوە (٢٠٠٣) لە بەغدادەوە دژی ھەرێم دەرچوو، حکومەتی ھەرێمی توڕەکرد، مەسرور بارزانی ھەرزوو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رەتکردەوەو رایگەیاند پابەند نابێ بەو بڕیارەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارەکانی ئەو دادگایە ناتوانرێ تانەی لێبدرێ یان رەتبکرێتەوە.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی نەوت لەسەردەمی مستەفا کازمیدا بەجددی کاری لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکرد دژی ھەرێم، نوسراوی بۆ ئەو کۆمپانیایانە کرد کە لە کەرتی نەوتی ھەرێم کاردەکەن، داوای لێکردن گرێبەستەکانیان لەگەڵ بەغداد نوێ بکەنەوە، واتە گرێبەستەکانی حکومەتی ھەرێم ھەڵوەشێننەوە، ھەڕەشەی ئەوەی دەکرد ھەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێ، دەیخاتە لیستی رەشەوە.
فشارەکانی وەزیری پێشووی نەوت بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نامەیەکی بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ناردو ئەمە نامە وایکرد بایدن داوا لە مستەفا کازمی بکات فشارەکان لەسەر ھەرێم رابگرێت تا ئەوکاتەی رێککەتن دەکرێت.
بەغداد بۆ ماوەیەک فشارەکانی لەسەر ھەرێم راگرت و لەم ماوەیەدا گۆڕانکارییەکی سیاسی لە عێراق روویدا، موقتەدا سەدر وەکو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن لە پەرلەمان کشایەوەو پارتی وەکو لایەنی بەھێزی کورد ھەرزوو لە بەرەی سەدر کشانەوەو چوە پاڵ لایەنەکانی نزیک لە ئێران "چوارچێوەی ھەماھەنگیی"، ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە دروستکردنی ئیئتیلافێکی حکومی بوو بەناوی "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"، حکومەتی ئێستای عێراق ئەم ئیئتیلافە بەڕێوەی دەبات کە پێکھاتووە لە لایەنە شیعەکانی چوازچێوەی ھەماھەنگیی و پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنە سوننەکان.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق کە بەدەنگی پارتی و یەکێتیش متمانەی وەرگرتووە، بەر لە دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق وتبووی" من دەسەڵاتی ئەوەم نییە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ دژی ھەرێم رابگرم، چارەسەری ئەو بابەتە بەوە دەبێت یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی ھەرێم و حکومەتی ناوەند بەسەر سامانی نەوت و غاز یەکلابکرێتەوە".
ئێستا کابینەی سودانی ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ رەوانەی پەرلەمان بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی، پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق دەبێت ئەو داھاتەی لێدەربکرێت کە ھەرێم مانگانە لە داھاتی نەوت دەستی دەکەوێت و رادەستی بەغدادی ناکاتەوە، ئەمە لە پاڵ ھەندێك خەرجی تر، وەفدی حکومەتی ھەرێم ئەمە جاری دووەمە دەچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆ، لە جاری دووەمدا وەزیرەکانی یەکێتی بایکۆتیان کردو لەگەڵ وەفدەکەدا نەچوون، ئەمەش لەلای بەرپرسانی عێراقییەوە ھەندێک پرسیاری دروستکرد، یەکێتی و پارتی ئێستا پەیوەندییەکانیان بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، یەکێتی کۆبونەوەو شاندەکانی حکومەتی بایکۆتکردووە، ھەندێک سەرچاوەی نافەرمی باسلەوە دەکەن بەشێکی لەناکۆکییەکانی ئەمجارە پەیوەندی بە داھاتی نەوتەوە ھەیە، بەتایبەتی ئەو بەشەی داھات کە دەوترێت ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand