Draw Media

یەكێتی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟

یەكێتی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟

2022-12-11 16:32:42


راپۆرت: درەو
یەكێتی لەڕێگەی بایكۆتكردنەوە دەیەوێت حكومەت ئیفلیج بكات، حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ ژمارەكان نیشانی دەدەن تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ یەكێتیدا لە حكومەت بكشێتەوە هێشتا لەڕووی یاساییەوە حكومەت ناكەوێت. یەكێتی كارتی حكومەتی تاقیكردەوە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت دوای حكومەت هەوڵی پەكخستنی پەرلەمان دەدات، دۆخەكە گەیشتوەتە دواین ترۆپی خۆی، بەڵام هێشتا مەسرور بارزانی دەڵێ هێشتا تێنەگەیشتووم یەكێتی چی دەوێت؟! وردەكاری زیاتر لەبارەی دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە. 

هەوڵی گفتوگۆیەكی نوێ
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەكات، بڕیارە لەم كۆبونەوەیەدا تیمی یەكێتی بەشداری نەكات، بەڵام (درەو) زانیویەتی هەوڵێكی نوێ لە ئارادایە بۆ رێككەوتن لەنێوان هەردوولادا‌و ئەگەر سەركەوێت ئەگەری گەڕانەوەی یەكێتی هەیە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت.
دوای نزیكەی (دوو مانگ) بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و سەرۆكی تیمی یەكێتی هیچ دەستپێشخەرییەكی لەلایەن پارتییەوە پێنەگەیشتووە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، بۆیە ئاستی بایكۆتی تیمی یەكێتی لە هەڵوێستێكی (تایبەتی) خۆیەوە بەرزكردەوە بۆ (هەموو) وەزیرەكان‌و لە یەكەم هەنگاویشدا وایكرد وەزیرەكانی یەكێتی لەگەڵ وەفدی حكومەت نەچن بۆ بەغداد (لە دوێنێوە وەفدی حكومەتی هەرێم چوەتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق).
سەرچاوەیەك لە تیمی پارتی لەناو حكومەت بە (درەو)ی راگەیاند" تائێستا تیمی یەكێتی هیچ نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت نەكردووەو بە فەرمی كێشەكانیان نەخستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران".
سەرچاوەكە وتی" ئەگەر یەكێتی بیەوێت حكومەت پەكبخات، هەرگیز ناتوانێت، چونكە تەنانەت هەموو وەزیرەكانیشی دەستلەكاربكێشنەوە حكومەت هەڵناوەشێتەوەو بریكارەكانیان شوێنیان دەگرنەوە".
بەپێی قسەی سەرچاوەكەی پارتی "یەكێتی لەڕێگەی باڵیۆزی وڵاتانەوە پەیام بۆ پارتی دەنێرێت‌و چاوەڕێی ئەوە دەكەن مەسرور بارزانی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە بكات‌و بانگهێشتی بكاتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت"، بەڵام وەكو ئەو دەڵێ "مەسرور بارزانی ئامادە نییە تەلەفۆن بكات، چونكە پێیوایە كێشەكە لە ئەوەوە سەرچاوەی نەگرتووەو لەدوای روداوی تیرۆركردنی هاوكار جافەوە یەكێتی هەڵوێستی وەرگرتووە".
لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەك لە تیمی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند" ئەم شێوازە ئیدارەدانەی حكومەتمان قبوڵ نییە‌و تا نیگەرانییەكانمان نەڕەوێتەوە ناگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی لەوەكرد، دۆخەكە گەیشتوەتە ئاستێك پێشبینی ناكەن جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە‌و لەگەڵ مەسرور بارزانیدا كار بكات. 
قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی فەرمانی بە وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی كردووە، نەك نابێت بەشداری لە كۆبونەوەكانی حكومەتدا بكەن، بەڵكو نابێت لەمەودوا بەشداری هیچ (مەراسیمێكی حكومی)ش بكەن، ئەمە كاردانەوەیە بەرامبەر بە دوو بڕیار چەند رۆژی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران دەریكردوو ئەمانەن: 
• بڕیاری یەكەم: خانەنشینكردنی (سەركەوت حەسەن) ناسراو بە "سەركەوتی كوبە" كە یەكێتی كاندیدی كردبوو بۆ پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنەكەی (چەتۆ ساڵح)، سەركەوت حەسەن پێشتر لەسەر پشكی گۆڕان بریكاری وەزیری ناوخۆ بوو، كاتێك یەكێتی كاندیدی كردەوە بۆ ئەو پۆستە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ یەكسەر فەرمانی خانەنشیكردنی بۆ دەركرد، یەكێتی دەیەوێت بریكاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت، دەركردنی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا وا لێكدەداتەوە پارتی رێگری بۆ دروست دەكات، یەكێتی بڕیارەكە بە "سیاسی"‌و پارتیش بڕیارەكە بە "یاسایی" ناودەبات. 
• بڕیاری دووەم: پێدانی دەسەڵاتەكانی (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی بە (سەربەست لەزگین) بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، یەكێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگە بگۆڕێت، دەركردنی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا وا لێكدەداتەوە پارتی رێگری بۆ گۆڕینی وەزیرێكی یەكێتی دروست دەكات. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرلەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەتەواوەتی تێكبچێت‌و یەكێتی بەتەواوەتی كۆبونەوەكانی حكومەت بایكۆت بكات، هەوڵێك لە ئارادا بووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەنێوان هەردوولا‌و تەنانەت لەسەر شێوازی گۆڕینی وەزیرەكانیش لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبونەتەوە (هاوشێوەی یەكێتی، پارتیش دەیەوێت وەزیرێكی خۆی بگۆڕێت كە پشتیوان سادقی وەزیری ئەوقافە، پشتیوان لەدوای كۆنگرەی 14وە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا، بەپێی بڕیاری ناوخۆیی پارتی ئەوانەی دەبن بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەبێت دەستبەرداری پۆستە حكومییەكانیان بن لەناو هەرێمی كوردستان). 
ئەگەر ئەمجارە نەگەنە رێككەوتن‌و دەستپێشخەرییە نوێیەكان شكست بهێنن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رەنگە یەكێتی دوای بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت، هەوڵی پەكخستنی كۆبونەوەكانی پەرلەمانیش بدات لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە. 

یەكێتی لە چی نیگەرانە ؟
ئەوەی تائێستا یەكێتی لە میدیاكانییەوە بە فەرمی لەبارەی سەرچاوەی كێشەكانییەوە لەگەڵ پارتی باسیكردووە، ئەمانەن: 
•    تاكڕەوی لە دەركردنی بڕیارە ئەمنییەكاندا (لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەست لە كەیسی كوژرانی هاوكار جاف‌و هەندێك بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە‌و راگرتنی موچەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتی‌و چەند كەیسێكی تری ئەمنییە). 
•    دروستكردنی كێشە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی یەكێتی لەناو حكومەت (یەكێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگە‌و بریكاری وەزیری ناوخۆ‌و بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ كە پشكی خۆیەتی بگۆڕێت بە كاندیدی نوێ، لەپاڵ ئەمەدا بەمدواییە پۆستێكی تری یەكێتی لە حكومەت چۆڵ بووە كە پۆستەكەی خالید شوانی وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغداد، خالید شوانی لەسەر پشكی یەكێتی پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت). 
•    جیاوازیكردن لە نێوان ناوچەكانی لەلایەن حكومەتی مەسرور بارزانییەوە (یەكێتی دەڵێ سلێمانی پەراوێز خراوە، پارتی دەڵێ یەكێتی داوای لامەركەزیەتی دارایی كردووە‌و ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە، خۆی بەرپرسە لە دواكەوتنی دۆخی خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانی لە سلێمانی).

بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە، تائێستا لەلای كەسە نزیكەكانی‌و نێوەندگیرەكان باسی لەوە كردووە داواكارییەكانی یەكێتی روون نین و هەرجارەی بیانوویەك دەهێننەوە.

هەندێك لە پارتییەكان دورتر دەڕۆن، پێیانوایە جموجوڵەكانی ئەمدواییەی یەكێتی لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هەرێمایەتیدایە بۆ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان.

حكومەت بەبێ یەكێتی !
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە (23) ئەندام پێكهاتووە، بەم شێوەیە دابەشبووە:
•    پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، (11) وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، واتا (48%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە
•    یەكێتی كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنە، (6) وەزیری هەیە بە جێگری سەرۆك وەزیرانەوە، واتا (26%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە
•    بزوتنەوەی گۆڕان كە براوەی سێیەمی هەڵبژاردنە، (4) وەزیری هەیە، واتا (17%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە
•    پارتی سۆسیال دیموكرات، (1) وەزیری هەیە‌و دەعوەتی پارتییە لە حكومەتدا، واتا (4.5%)ی حكومەتی بەدەستەوەیە
• پێكهاتەكان، (1) وەزیری هەیە كە لای توركمانە، ئەمانیش لەلایەن پارتییەوە دەعوەتی ناو حكومەتەكە كراون، (4.5%) حكومەتیان بەدەستەوەیە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە دەستلەكاركێشانەوەی (50+1)ی وەزیرەكانی بە "هەڵوەشاوە" ئەژمار دەكرێت، ئەگەر سەرجەم وەزیرەكانی یەكێتی كە (6) وەزیرن دەستلەكار بكێشنەوە حكومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناكرێت، تەنانەت ئەگەر وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ وەزیرەكانی یەكێتیدا بكشێنەوە هێشتا حكومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناكرێت، چونكە بەهەردووكیان (10) وەزیریان هەیەو ئەمە تەنیا رێژەی (44%)ی كۆی گشتی ئەنجومەنی وەزیران پێكدەهێنێت.
یەكێتی بەمدواییە لە ماڵەكەی مام جەلال لە دوكان كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی كۆكردەوە جگە لە (پارتی‌و نەوەی نوێ) كە بەشدار نەبوون، ئامانجی ئەم كۆبونەوەیە دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی نوێ بوو دژ بە پارتی، بەڵام هیچ رێككەوتنێكی تێدا ئیمزا نەكرا. 
هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان، پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لە ئەنجومەنی وەزیراندا زۆرینەن، پارتی (11)  وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، وەزیرێكی سۆسیال دیموكرات‌و وەزیرێكی پێكهاتەكانیشی لەگەڵدایە، بەمەش بەرەكەی پارتی بە تێكڕا بەرەكەی پارتی (13) وەزارەتی بەدەستەوەیە‌و كە رێژەی (56%)ی ئەنجومەنی وەزیران پێكدەهێنێت، واتە زیاتر لە رێژەی 50+1ی حكومەت بەدەست پارتییەوەیە‌و لەڕووی یاساییەوە یەكێتی ناتوانێت كابینەی مەسرور بارزانی هەڵوەشێنێتەوە. 
بەڵام هاوشێوەی هەموو پرسەكانی تر، لەم بابەتەشدا ئەوەی لە كۆتایدا حوكم دەدات ژمارەی وەزارەت‌و كورسییەكان نییە، چونكە لەڕووی كردارییەوە هەرێمی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتداری پارتی‌و یەكێتیدا‌و هیچ كامیان بەبێ ئەوەی تریان ناتوانن حوكمڕانییەكی سەرتاسەری ئیدارە بدەن. 

كابینەی نۆیەم.. سەرەتاو كۆتاییەكی خراپ
بەهۆی ئەوەی لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەگەیشتنە رێككەوتن، رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری رابردوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردوەوە، رەنگە ئەم ساڵە جارێكی تریش درێژبكرێتەوە ئەگەر پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەمشێوەیە بە گرژی بمێنێتەوە. 
بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێمیش بوون بە دوو دامەزراوەی ماوە بۆ درێژكراوە، چونكە هەردووكیان لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێدراوە، بەمشێوەیە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ماوەی یاساییان كۆتایی هاتووە‌و تەنیا هەڵبژاردن دەتوانێت شەرعیەتی تەواوەتییان بۆ بگەڕێنێتەوە. 
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، دوای نزیكەی مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، خولی نوێی پەرلەمان رۆژی 6ی تشرینی دووەم 2018 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، بەڵام كابینەی نۆیەم كە هەڵبژێردراوی پەرلەمانە، رۆژی 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو.
كابینەی نۆیەم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، دەستبەكاربوونی (8) مانگ لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوت، ئەمە بەهۆی سەختی دانوستانەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی بوو، چونكە هەردوو لایەنەكە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەدەكەوتن، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، بەر لە یەكێتی رێككەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا كرد، ئەمە یەكێتی وەكو براوەی دووەمی هەڵبژاردن نیگەران كرد، لە لایەكی ترەوە یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بابەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی هێنایە پێش‌و ئەمەش زیاتر پێكهێنانی كابینەكەی دواخست. 
كابینەی نۆیەم بە (8) مانگ پێكهێنرا، ئێستاش كە لە كۆتایی تەمەنی یاسایی خۆیدایە‌و ماوەی درێژكردنەوەی تەمەن بەڕێدەكات بارودۆخی لە رۆژانی سەرەتا باشتر نییە، ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی ئەم كابینەیە مەسرور بارزانییە كە ماجستێری لەبواری (ئاشتی‌و چارەسەری ناكۆكییەكاندا) هەیە. 

سەرەتاو كۆتایی ناكۆكییەكان
رۆژی 7ی ئۆكتۆبەر واتە دوو رۆژ بەر لەوەی پەرلەمانی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)دا تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، بۆمبێكی لێكێندراو بە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێكی دەزگای زانیاری یەكێتی بەناوی عەقید (هاوكار جاف) تەقییەوە‌و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. 
كەیسی كوژرانی ئەم ئەفسەرە هەر لەسەرەتاوە بوو بە كارتێكی بەهێز بەدەست پارتییەوە دژ بە یەكێتی، پارتی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەم روداوە‌و دانپێدانانی دەستگیركراوەكانی رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر بڵاوكردەوە، واتە رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار گەیشتبووە لوتكەی خۆی. 
یەكێتی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان ناڕازی بوو، چونكە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆرەكەی‌و چەند بەرپرسێكی تری دەزگاكە تۆمەتباركران لە تێوەگلان لە پلانی كوشتنی عەقید (هاوكار جاف)دا، بەرپرسانی یەكێتی پێیانوایە پارتی لە یەكلاكردنەوەی ئەم كەیسەدا (تاكڕەوی) كردووە‌و گوێ لە یەكێتی نەگرتووە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرپرسانی پارتی كە  (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون باسلەوە دەكەن لە رۆژی رووداوی كوژرانی ئەفسەرەكەدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رووداوە، لەم پەیوەندییە بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی دەربڕیوە هەر كەسێك لەو كەیسە تێوەگلابێت رادەستی دادگای بكات. 
هەر لەسەروبەندی ئەو رووداوەدا، یەكێتی داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەی بێلایەنی كرد، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە وەڵامی دایەوە‌و ئامادەیی نیشاندا لایەنی سێیەم یاخود لایەنی نێودەوڵەتی بێتە ناو كەیسەكە.
بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كرد، دانپێدانانەكانی روداوی كوژرانی عەقید هاوكار جاف رێكخراون بەمەبەستی تۆمەتباركردنی یەكێتی، ئەو بە ئاشكرا رەتیكردەوە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆرەكەی رادەستی دادگا بكات، چونكە پێیوایە دادگای هەولێر بێلایەن نییە. 
رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر دواینجار بوو كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكی تیمی یەكێتیی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، چونكە لە شەوی 12ی ئۆكتۆبەردا ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی دەستگیركراوانی كەیسی (هاوكار جاف)ی بڵاوكردەوە. 
رۆژی 25ی ئۆكتۆبەر، رووداوێكی تر لە هەولێر روویدا كە قوباد تاڵەبانی زیاتر توڕە كرد، هێزێكی سەربە (ئەژی ئەمین) بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی گەمارۆی ماڵەكەی دا لە گوندی (ئینگلیزی) شاری هەولێر، ئەمە كاردانەوەی ئەژی ئەمین بوو بەرامبەر بە رۆشتنی هێزەكانی یەكێتی بۆ سەر ماڵەكانی خۆی‌و دایكی لە شاری سلێمانی. 
دوای نیگەرانییەكانی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی گیراوانی كەیسی عەقید هاوكار جاف، رووداوی گەمارۆدانی ماڵەكەی لە هەولێر،  قوباد تاڵەبانی زیاتر لە پارتی نیگەران‌و توڕە كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا وەكو ئەوەی خۆی لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا باسی كردووە، نەك سەرۆكی حكومەت‌و نە هیچ بەرپرسێكی تری حزبی‌و حكومی پارتی لەو رووداوەدا پەیوەندییان پێوە نەكردووە لەكاتێكدا ئەو جێگری سەرۆكی حكومەتە‌و هەولێریش لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە، بەرپرسانی پارتی دەڵێن كێشەی ئەژی ئەمین‌و قوباد تاڵەبانی كێشەیەكی ناوخۆیی یەكێتییە بۆیە ئەوان دەستوەردانی تێدا ناكەن.
لەدوای بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی كەیسی هاوكار جافەوە، قوباد تاڵەبانی نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، واتە ماوەی نزیكەی (دوو مانگ)ە حكومەتی بایكۆتكردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە دابڕانی تەواوەتی‌و زۆربەی كاتەكانی لە هەولێر دەمێنێتەوە. 
ئەمە جاری یەكەم نییە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی دەكەوێتە ناكۆكییەوە، سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی بەنیگەرانی دەستی بە كاركردن كرد لەگەڵ مەسرور بارزانیدا، ئەو نیگەران بوو لەوەی هاوشێوەی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دەسەڵاتەكانی لە كابینەی مەسرور بارزانی وەكو جێگری سەرۆك وەزیران دیاری نەكراوە، ئەم ناڕەزایەتییەی گەیاندە سەركردایەتی حزبەكەی‌و دواجار خۆی لە كۆبونەوەیەكدا كێشەكەی لەگەڵ مەسرور بارزانی چارەسەر كرد‌و پێكهاتن، بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكی نێوان سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی نەبوو.  
لە كەمپەینی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، جارێكی تر گرژی كەوتەوە نێوان سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی.
قوباد تاڵەبانی كە حزبەكەی بەهۆی رووداوەكانی 8ی تەموزەوی دوچاری پەرتبوون هات، خۆی سەركردایەتی كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی عێراقی كرد، لەم كەمپەینەدا بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی یەكێتییەكان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان هێرشی توندی دەكردە سەر پارتی‌و بە "تاكڕەو" ناوی تیمی پارتی لە حكومەت هێنا، ئەمە مەسرور بارزانی توڕە كرد، داوای لێكرد لەناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا روونكردنەوە بدات لەبارەی قسەكانییەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران نەچووە ژورەوە‌و بەمە خۆی دزییەوە لە هەر جۆرە قسەكردنێك لەسەر بابەتەكە لەناو حكومەتدا. 
قوباد تاڵەبانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكاوە بۆ كوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت دەستی بەكاركردن كرد (ئەوكاتیش هەر جێگری سەرۆك وەزیران بوو)، پەیوەندییەكانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەهێزبوو، چونكە دەسەڵاتی پێدابوو وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵە بكات.
قوباد تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانی سەرباری ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، هێشتا پارێزگارییان كردووە لە پەیوەندییە باشەكەی نێوانیان، قوباد تاڵەبانی هەرجارێك لەگەڵ مەسرور بارزانی دەگاتە بنبەست، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لە دەرگای نێچیرڤان بارزانی دەدات، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەكە لەناو پارتیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە‌و نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت رۆڵەكەی جاران بۆ قوباد تاڵەبانی بگێڕێت، چونكە كۆنگرەی 14ی پارتی مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوتا كردووە‌و هەردووكیان لە قۆناغێكی هەستیاردا جێگری سەرۆكی پارتین‌و نێچیرڤان بارزانی نایەوێت بە پاڵپشتیكردن لە قوباد تاڵەبانی هەر لە ئێستاوە پەیامی ئەوە بە مەسعود بارزانی مامی بدات كە دژایەتی مەسرور بارزانی دەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand