وەفدی هەرێم بەبێ ئەندامانی تیمی یەكێتی گەیشتە بەغداد
2022-12-10 17:32:50
درەو:
ئەمڕۆ وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد، تیمی یەكێتی لە وەفدەكە كشانەوەو بەشداریان نەكرد لە وەفدەكەدا، وەفدەكەی حكومەتی هەرێم لە ئەندامانی پارتی و گۆڕان پێكهاتووە.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) ئەمڕۆ ئەندامانی تیمی یەكێتی (د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشدار نەبوون لە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، ئەویش وەك بەشێك لەو هەوڵوێستەی كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی بڕیاری لێداوە كە تیمی یەكێتی نابێت بەشداری بكات لە هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمیدا.
هەفتەی رابردوو وەفدی حكومەتی هەرێمی بەسەرۆكایەتی دارار رەشید لە پشكی یەكێتی گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی بودجەو نەوت و كێشەكانی نێوان هەرێمی و بەغداد.
ماوەی نزیكەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردووە، رۆژی پێنج شەممەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت بڕیاریدا تیمی یەكێتی بەشداری هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی نەكەن، ئەویش لەبەرامبەر دوو بڕیاردا، ئەویش خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن ناسراو بە (سەركەوتی كوبە) بۆ شوێنگرەوەی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ، پێدانی بڕیاری بەكارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی لەلایەن سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، كە یەكێتی دەیویست كەسێكی تر لە بری شۆڕش ئیسماعیل كاندید بكات بەڵام پارتی بەو بڕیارە رازی نیەو ئامادە نیە دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل قبوڵ بكات.
لە ئێستادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناكۆكن، یەكێتی دەڵێت ئەو جۆرە لە حوكمۆڕانیەیان قبوڵ نیەو هاوبەشی دەسەڵات نین، پارتیش دەڵێت بڕیارەكانی یەكێتی سیاسین و یەكێتی كێشەی ناوخۆیی هەیە.
سەردانی پێشو دارا رەشید سەرۆكی تیمەكە بووە