Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

( درەو): كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر رەتیدەكاتەوە بۆ ناونوسكردن كەسی بانگھێشت كردبێت بۆ وەرگرتنی ڤیزاو ناردنیا بۆ ئەمریكا بەھۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا كاریان لەگەڵ ئەمریكا كردووە. لە ھەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر، بۆ ناونسكردن بانگھێشتی ئەو كەسانەی كردووە كە لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق و ھەرێمی كوردستان كاریان لەگەڵ ئەمریكا كردووە. بەپێی ئەو دەنگۆیانە ناونوسكردنی ئەم خەڵكانە بۆ ئەوە بووە ڤیزای كۆچكردنیان بۆ ئەمریكا بۆ بكرێ، چونكە ئەمریكییەكان ھاوشێوەی ئەفغانستان دەیانەوێت لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە. بەڵام كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر بەتەواوەتی ئەم دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا كە وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە ھەولێر بۆ (درەو)ی ناردووە، ھاتووە:" هەر هەواڵێك بانگەشەی ئەوەدەكات ئەو خەڵكانەی كاریان بۆ حكومەتی ئەمریكا كردووە پێویست دەكات لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا ناویان تۆماربكەن هەڵبەستراوو و نادروستە". وتەبێژی كونسوڵخانەی ئەمریكا دەڵێ:" تكایە ئاگادار بن تەنها  تۆڕە كۆمەڵایەتیە فەرمی و وێبسایتە فەرمیەكانی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاكە سەرچاوەی فەرمی هەواڵ و زانیارین دەربارەی خزمەتگوزاری و كاروبارەكانی تایبەت بە ڤیزە و ڤیزەی كۆچ لێرە لە هەرێمی كوردستان و عێراق".


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) حیکایەتی گەڕاندنەوەی تاڵەبان بۆ حوکمڕانییکردنی ئەفگانستان ڕووداوێکە بە ھەموو مانایەک جیھانییە. چەندان گەمەکەری ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانی لەو گەڕانەوەیەدا بەشدارن و  و چەندان سود و قازانج و دەسکەوتی ناوەکیی و دەرەکی جیاواز لەناویدا بەیەکدادەن. بەر لەوەی ھەموو وڵاتەکەیان بکەوێتە ژێردەست، ئەمریکا لە دانوساندابوو لەگەڵ تاڵەباندا. لە دانوسانەکەدا ئەمریکییەکان خەریکی ڕازیکردنی تاڵەبان و دەسەڵاتدارە فەرمەیەکەی ئەفگانستان بوون حکومەتێک نوێ پێکبھێنن تیایدا تاڵەبان زۆرینە پێکبھێنێت. ئەمەش وەک ھەنگاوێک بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگێک کە لە کۆتایی ھەفتاکانەوە لەو وڵاتەدا ھەڵگیرساوە و بەردەوامە. بەڵام خێرایی کەوتنی حکومەتەکەی ئەفگانستان سەرسوڕھێنەربوو، کە  حکومەتێکە  لە سەرجەمی جومگە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیدا بەشێوەیەکی ترسناک و تاسەر ئێسقان گەندەڵە. ئەوەی بینیمان ئاشبەتاڵکردنی تەواوی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان بوو، کە جگە لە  ئەمریکییەکان و ئەوروپەیەکان، بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئەفگانیی خۆشی تووشی شۆک کرد.  ئەوەی ئەمریکا و ھێزە ئەوروپییەکان تیایدا فەشەلیان ھێنا دروستکردنی ئەو بوونەوەرە سیاسییەیە کە دوو سەدەیە ناوی ”دەوڵەت نەتەوە“ یان ”دەوڵەتی نەتەوە“ی لێنراوە. دامەزراندنی دەوڵەتێکی ھاوبەش بۆ نەتەوەیەک بە لانی ھەرەکەمی ئامێزانبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، دەوڵەتێکی جێگیر کە تەعبیر لە ”ئیرادەی گشتیی“ نەتەوەیەکی جێگیر بکات و بتوانێت وەک ”چوارچێوەیەکی گشتیی“ کۆبوونەوەی پێکھاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، دەستبەکاربێت. ھەروەھا دەوڵەتێک کاری سەرەکیی و ژمارە یەکی دروستکردنی ”ھاوڵاتیی یەکسان“ و ”خاوەن ماف“ و ”بەرپرسیار“ بێت لەو وڵاتەدا. ھاوڵاتییەک ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ بە خۆی و بەوانیترەوە گرێیبدات و ئەوە نیشانبدات خواست و ویست و ئارەزووی پێکەوەژیانیانێکی ێارام و ماناداریان ھەیە. ئەم فەشەلە تەنھا فەشەلی ئەمریکیەکان و ئەوروپییەکان نەبووە و نییە لە ئەفگانستاندا، بەڵکو فەشەلی بەشێکی بەرچاوی میلەتانی ئەو ناوچەیە و ئەو ھێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیانەیە کە ماوەی سەدەیەکە لەناو مێژووی ئەو میلەتاندا دەستبەکارن، لە کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست و ھێزە عەلمانییەکانەوە بیگرە بۆ ھێزە ئیسلامییە جۆربەجۆر و فرەمەشرەبەکان. لەئێستادا ئێمە ئەم فەشەلە لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا ئامادەیە، ھەرکەسێک سەیرێکی خێرایدۆخی  سوریا و یەمەن و  لیبیا و عێراق و لوبنان و بەحرێن  و ئێران و تورکیا بکات، بە ئاسانی ئەم ڕاستییە سادەیەی، لە چەندان فۆرم و ئاست و ڕادە و پلەی جیاوازدا بۆ دەردەکەوێت.  پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە بۆچی دەوڵەتێکی جێگیر و کارکەر و لەلایەن ھەمووانەوە وەک چوارچێویەکی گشتیی قبووڵکراو، دروستنەبووە و دروستنابێت؟ بۆچی ”ھاوڵاتیبوون“ نابێت بە پرۆژەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە؟ چی وادەکات ھێزە جیاوازەکانی ناو ئەو وڵاتە و دراوسێکانیشی لە دۆخی گەڕانەوەیەکی بەردەوامدابن بۆ شوناسە ناوچەیی و دینیی و ئەتنییەکان؟ بۆ شتێک بەناوی ”نەتەوەیەکی سیاسیی“ ھاوبەشەوە دروستنابێت کە بە ھەمووان شتێک لە شوناس و شتێک لە متمانە و شتێک لە چاوەڕوانی پۆزەتیڤ و شتێک لە کەرامەت ببەخشێت؟  ھەندێک کەس وەڵامێکی ئاسان و سادە بەم پرسیارانە ئەدەنەوە و دەڵێن خەتاکە خەتای کولتورە، ئەوە کولتوریی ئەو وڵاتەیە ناھێڵێت ئەو نەتەوە سیاسیە دروستببێت. لەو وڵاتەدا کولتوی قبووڵکرن و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی مەرکەزیی بوونیی نییە، لەباتی ئەمە کولتوری ھەرکەس بۆ خۆی و ھەرکەس حاکمی خۆی باڵادەستە.  خەڵکی ئەو وڵاتە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە ناناسن و قبووڵناکەن.  ئەم لێکدانەوە کولتورییە تەواو پڕکێشە و ئیشکالییە، نەک تەنھا بۆ دۆخی ئەفگانستان بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر ناوچەکە. بە بۆچونی من ئەوەی، بە پلەی یەکەم، ڕێگرە لە دروستبوونی نەتەوە و ھاوڵاتیی و پەیمانی کۆمەڵایەتیی کولتور نییە، بەڵکو خودی دەوڵەت خۆیەتی. مۆدێلێک لە دەوڵەت کە تەواو پیسخۆرە و گەندەڵیی جەوھەری حوکمڕانییەکەی و لۆژیکی ئیشکردنی دەزگاکانی ئاراستەدەکات. گەندەڵییەکی سیستماتیک و ئامادە لەھەموو ئاستەکاندا، لە سەرۆک و حوکمڕانانی وڵاتەکەوە بۆ فەرمانبەرانی ڕێزەکانی خوارەوە. دەوڵەت لەم دۆخانەدا لەوەدەکەوێت ھاوبەشێکی یاسایی و دەزگایی و ئەخلاقیی بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دەغیلەیەکی کونکراو ھەر کەس لە ھەوڵی ئەوەدابێت زۆرترین پارەی لێدەربھێنێت. ئارنست گیڵنەر کە باس لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە دەکات، باس لە ساتەوەختێکی ھێجگار دەکات کە بە ”ساتەوەختی یەکسانی“، لحڤە المساواە ، egalitarian moment، ناویدەبات. دەوڵەت بۆئەوەی ببێت بە دەوڵەتی نەتەوە پێویستی بە دروستکردنی ئەو ساختەوەختە یەککسانە و بەردەوامیدانە پێی. ساتەوەختێک تیایدا دەوڵەت ھەمووان وەک ھاوڵاتی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات و دەزگاکانی دەوڵەت دەبنە پیادەکەری ئەم لۆژیکە تایبەتە. بەڵام کەی دەوڵەت چینێکی حوکمڕانیی گەندەڵی دروستکرد و لۆژیکی گەندەڵیی بوو بە لۆژیکی حوکمڕانیکردنەکە، ئەودەم ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا ئەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی قابیلی کڕین و فرۆشتن، لە دەزگاکانی دەوڵەت خۆیەوە بۆ ئینتیما و ویژدان و خواست و زمان و چاوەڕوانیی و تەفسیرکردنی کەسەکان بۆ دونیا.  دەوڵەت کە ھێزی گەندەڵ و خێزانی گەندەڵ و بنەماڵەی دەسەڵاتداری گەندەڵ و سوپای گەندەڵ و سەرکردەی سیاسیی گەندەڵ و بیرۆکراسیەتی گەندەڵی دروستکرد، ھەرچیەکی بۆ دروستبکرێت نەتەوەیەکی سیاسیی خاوەن متمانەی بۆ دروستناکرێت.  


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)  ئەم هەفتەیە، هەفتەی یەکلاکردنەوەی کابینەی پێشنیارکراوی ئیبراهیم ڕەئیسییە لە پەرلەمانی ئێران،  کە دەکاتە کابینەی سێنزەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لیستی کابینەکەیدا ١٩ وەزیری پێشنیار کردووە، ئەوەی تێبینی دەکرێت، کابینەکە بە بێڕەچاوکردنی ڕەوتە دیارە سیاسییەکان و حزبەکان  دەستنیشانکراوە، بەڵام لەولاوە لە بری کرانەوەی زیاتر و سوودوەرگرتن لە توانامرۆییەکانی نێو ئێران، بە ثێجەوانەوە زۆرترن هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆیی و خزمەکان و پشتیوانە سوپاییەکانی و باندە قوڵەکانی نێو ئابووری دەولەتی لەخۆگرتووە. زۆرینەی وەزیرانی پێشنیارکراو، زۆرینەی وەزیرەکان لەو نەوەیەن کە وەک خودی ئیبراهیم ڕەئیسی، پەروەردەکراوی نێو شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن، لەڕووی ئەزموون و بیرکردنەوە و رەفتارییانەوە. ئەمانە نەوەیەکن کە لەسەردەمی جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقدا لەڕووی سیاسییەوە دەرکەوتن و دەستیان کردە چالاکیی جۆراوجۆر، زۆرینەشیان لە برغووی سەرەکی ماشینی بناژۆخوازەکانن و بەشێکیشیان لە موحافیزکارە مەزهەبیی و ڕسطڕەوەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی ئێرانن و وابەستەن بەو کەسایەتی و باڵە پڕهەژموونانەی کە جەمسەربەندی ململانێکانی نێو شیرازەی سیاسیی پێکدەهێنن، واتە کەمتر لەسەر بنەمای تەکنۆکرات و لێهاتوویی دەست نیشان کراوون، بەڵکو زیاتر وەک وەلا و دڵسۆزی بۆ بنەماکانی شۆڕش و  مەزهەب و بناژۆخوازیی شانسی وەزیربوونیان دەستخستووە، نەک پێشینەی ئەزموونی و لێهاتوویی. تێبینیی گشتی ڕۆژی شەممە 21/8/2021 لە وتاری دەسپێکی خستەنەڕووی وەزیرە پێشنیارکراوەکان و بەرگریکردن لێیان، ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لەسەر چەند کلیلەوشەیەک کردەوە کە بەو کلیلانە وەزیرەکانی پێ هەڵبژاردووە و پیوەری بوون: حکومەتێکی شۆڕشگێڕ، خەڵک¬تەوەر، دژەگەندەڵ و گەنج، هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر دوو خاڵ بەرنامەی کاری خۆی بەڕێوە دەبات: یەکەم پابەندی بە ڕێنماییەکانی ڕێبەری کۆمار و  هەنگاوی دووەمی شۆڕش(هەنگاوی دووەمی شۆڕش، ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکباری ئەمریکا و ڕۆژئاوا). بەڵام کاتێک دیققەت لە کابینەکە دەدەین، ئەوا نەک ئەو پیوەرانەی کە خۆی لەوتاری پێشکەشکردنەکەدا خستنیەڕوو، لەبەرچاو نەگیراون، بەڵکو زۆر حزب و ئاراستەی نێو شیرازە و رەوتەکانیش پەراوێز خراون، سێ رەخنەی توند لە کابینەکەی ڕەئیسی دەگیرێن کە جێگەی سەرنجن: ١. وەک کابینەکانی پێشتر نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی تێدا نییە، بۆ یەکەمییان کەمتەرخەمی و بێمتمانەیی ڕەئیسی دەردەخات و بۆ دووەمیان بەپێی دەستووری ئێران، ڕێگە نادرێت هیچ وەزیرێکی سوننی یان هەر  مەزهەبێکی دیکە جگە لە دوانزەئیمامی شیعە بێتەسەرکار، تا هەنووکە وابووە و لەمەودواش سەختە ئەو ڕەوتە بەردەوام نەبێت. ٢. وەک کابینەکەی ڕۆحانی، ڕەئیسیش هیچ ژنێکی کاندید نەکردووە و وادیارە کابینەیەکی پیاوانە دەردەچێت. ٣. وەزیرەکانی لە پێڕی بناژۆخوازانی دروشمگەرا و بەهایی (ارزشی) دەستنیشان کردووە، کە ئەمەش بۆ خۆی پەراوێز خستنی ستوونی باڵ و ئاراستەکانی دیکە و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیەتی. کەواتە کابینەی خەڵکی کامیە و  خەڵک کێیە؟ یەکێک لە پێوەرەکانی رەئیسی لە وتارکەیدا، خەڵکییبوون-ی کابینەکەیەتی، بەڵام وەک خرایەڕوو و وردەکارییەکەشی پاشتر دێت، زۆر توێژ و پێکهاتە و ئاراستەی سیاسیی ونەتەوەیی و مەزهەبی فەرامۆش کراوون. کەواتە خەڵک لە دیدی ئەودا کێیە؟ زۆرێک لەڕەخنەگران لەوباوەڕەدان کە خەڵک لە دیدی ڕەئیسیدا، تەنها  ئەوانە دەگرێتەوە کە لە نوێژی هەیتنید و ڕێپێوانە مەزهەبییەکان و مەراسیمەکاندا بەشدارن و هەواداری دەوڵەتی ئیسلامین. بۆیە دیسانەوە، ئەم کابینەیە ناتوانێت دڵی خەڵک کە تینووی خزمەتگوزاری، چاککردنی بژێوی و ئازادیی یەکسان بۆ هەمووان  دەستەبەر بکات. ئاراستەکانی نێو کابینە دەکرێت بەگشتی وەزیرانی پێشنیارکراو بەسەر سێ دەستەدا دابەش بکرێن: ١. نزیکان و  دڵپەسەندانی پێشتری ئەحمەدی نەژاد و کابینەکەی دەگرێتەوە: ئەمەش وەک رەخنە ئاراستەی ڕەئیسی دەکرێت کە گەرچی ئەحمەدی نەژاد خۆی لە دەسەڵات و کاریگەریی لەسەر جومگەکانی حوکم دوورخراوەتەوە، بەڵام میرات و دیدگاکانی دیارە هەر دڵپەسەندی ڕەئیسین  و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەردەمی جیاکاریی و سنووردارکردنی ئازادییەکان و دژە ئەورووپایی و ئەمریکایی هەر لەلوتکەدا دەمێنێتەوە کە بەشێکی گرفتەکانی سیاسەت و دۆخی ئابووریی ئێران بەهۆی ئەم دیدگا داخراوانەوەیە.  لە نموونەی وەزیرەکانی نزیک لە ئەحمەدی نەژادەوە دەکرێت ناوی ئەمانە بهێنرێت: محرابیان(وزە)، سەجادی (وەرزش)، ئەحمەد وەحیدی (ناوخۆ)، زەرغامی (میراتی کولتووری) ، عەبدوڵاهیان (دەرەوە)، ڕۆستەم قاسمی (ڕێگاوبان و شارسازی) ، لە لیستی رەشی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، وەزیری پێشووی نەوتی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد بوو، ناسراوە بە پێچپێلێدانی گەمارۆکان و سپیکردنەوە و شکاندنی گەمارۆکان بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەدەرەوەی ئێران، جەوادی ئوجی-ش دیسانەوە هەر  لە نزیکانی کابینەکەی نەژاد بوو (وەک وەزیری نەوت دیاری کراوە)، ئەوکات ڕۆستەمی قاسمی کە وەزیری نەوت بوو،  بە بەرپرسی گواستنەوەی زێڕ بۆ وڵاتە دراوسێکان و پێچپێلێدانی گەمارۆکان لەسەر ئێران و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک بە ڕێگای ناباو و قاچاخ. عیسا زارع پوور (وەزارەتی پەیوەندییەکان) کە لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا چەندین پۆستی باڵای جیاجیای وەرگرتووە. ٢. هاوڕێیانی کار کە پێشتر بەجۆرێک لە جۆرەکان لە تیمی کاری خودی ئیبراهیم ڕەئیسی یاخود لە خزمانی خۆی لەقەڵەم دەدرێن: خەتیب (وەزیری ئیتڵاعات) و ئەندامی سوپا، سەرۆکی دەزگای پاراستن و ئیتلاعاتی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دەزگای پارێزگاری مەزاری قودسی ڕەزەوی بووە، حسەینی رەحیمی (وەزارەتی داد)،  باغگولی (وەزارەتی پەروەردە) لە تیمی کاری پێشتری رەئیسی لە مەزارگەی قودسی رەزەوی مەشهەد، ڕەزا فاتمی ئەمین وەزارەتی پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی (صمت). ٣. وەزیرەکانی دیکەن، کە زیاتر ئەزموونی زانکۆیی و سەنتەرەکانی توێژینەوە و راوێژکارییان هەیە، کە ئەمانیش لەدەستەبەندی سیاسیی و جەمسەربەندی رەوتەکاندا، دیسانەوە پابەندی گروپی بناژۆخوازانن. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بناژۆخوازان، بەهێزترین وەزیر کە ئەگەری پەسەندکردنی هەیە، ئەمیر عەبدوڵاهیانی یاریدەدەری پێشووی جەواد زەریفە و پەسەندکردنی تاڕادەیەک یەکلابووەتەوە، ئەگەرچی عەبدوڵاهیان پێنج ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جەواد زەریفەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە. هەرچەند بە ئەگەری زۆر زۆرینەی ڕەهای وەزیرەکان ڕای پەسەندکردن وەردەگرن، چونکە ڕەوتی زاڵی نێو پەرلەمان هەر هەمان ڕەوتە کە جادە و پیداویستی بۆ ئیبراهیم رەئیسی تەخت کرد تا بێڕکابەرێکی ڕاستەقینە هەڵبژاردنەکان بباتەوە.  بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛  هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە  


شیكاری: درەو لە  پاڵ عێراق و ئەفغانستان، لە هەرێمی كوردستانیش، هێزی سەربازی لەدەستی حزب و بەپرس و گروپە جیاوازەكاندایە،زۆرترین بندیوارو گەندەڵی لە سلكی سەربازیدا دەكرێت، بەڵام لە هەر روداوو گۆڕانكارییەكدا ئەو هێزانە كە پڕچەك و زەبەلاحن بەرگە ناگرن و هەرەس دە‌هێنن، سوپای عێراق لە 6ی حوزەیران كاتی هاتنی داعش و پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەر كاتی هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئاب كاتی هاتنی تاڵیباندا. عێراق و ئەفغانستان  عێراق و ئەفغانستان ئەو دوو دەوڵەتەی زۆربەی جار پێکەوە ناویان دێت، بەتایبەتی لە دوای ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی (2001)، پاشان داگیرکردنی هەردوو وڵات لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ساڵەکانی (2001) و (2003)ەوە.  لەماوەی نزیکەی 20 ساڵی ڕابردوودا ئەم دوو دەوڵەتە سەقامگییریان بەخۆە نەدیوە، گەندەڵی هەمەلایەنە هەردوو وڵاتی تەنیوە، بە تایبەتی لە دامەزراوەی سوپادا، بەجۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2020) هەردوو دەوڵەت پلەکانی (16 و 17)ی گەندەڵترین دەوڵەتانی دنیایان گرتووە، وەک ئەوەی دوو دەوڵەتی کۆپی یەکتربن لە سەر دوو زەمینی جیاواز. ئەگەر چی کەوتنی حکومەتی ئەفغانستان تا ڕادەیەک چاوەڕوان کراو بوو، بەتایبەتی لە دوای بڕیاردان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە تەممووزی (2021). ئەمەش لەدوای ئەوە هات جۆ بایدن ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست، دواتریش دەستکردنی بە گفتوگۆ و دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی تاڵیبان لە ساڵی (2020) کە چەندین گەڕی دانیشتنیان لە قەتەر بەڕێوەبرد، ئەوە دوای هات ئەمەریكا سەدان ملیار دۆلار خەرجی و بەکوشتدانی هەزاران سەرباز و کوژرانی (38) هەزار مەدەنی و درێژە کێشانی نزیکەی بیست ساڵ جەنگ هات.  لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر یەک لە هۆکارە دیارەکانی کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان کە "گەندەڵییە لە کەرتی سوپا"ی ئەو وڵاتەدا، دوای ئەویش بەراوردی هەمان ئەو مۆدێلە لە "گەندەڵی کەرتی سوپای عێراق"دا دەکەین. گەندەڵی لە نێو سوپای ئەفغانستان (هێزەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان) زۆربەی چاودێران و گۆڤار و ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان و بەدەستەوەدانی وڵاتەکە بە بزوتنەوەی تاڵیبان، دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بەهێزترینیان "گەندەڵی"ییەو بە تایبەتیش "گەندەڵی لە نێو سوپا"دا، لە کاتێکدا سەرچاوەکان ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە کە ژمارەی سوپای ئەفغانستان زیاتر لە سێ ئەوەندەی هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بووە کە نزیکەی (60) هەزار چەکدارن، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەدەن کە ژمارەی سوپاکە هی بەراوردکردن نییەوە پێنج هێندەی ژمارەی چەکدارەکانی تاڵیبانی تێپەڕاندووە. لە ڕووی ڕاهێنان و پڕ چەککردنیشەوە دابینکردنی خەرجییەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایکردووە، کۆی خەرجییەکان لە ئەفغانستان لە ماوەی ساڵی 2001 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2019 گەیشتوەتە (778) ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە خەرجکراوە بۆ ڕاهێنانی نزیکەی (250) هەزار سەربازی ئەفغانی لەلایەن ئەمریکاوە. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەوەشی ئاشکراکردووە سوپای ئەفغانستان خاوەنی (145) فڕۆکەی هەمەجۆر و (21) هێلیکۆپتەر و (23) هەزار ئۆتۆمبێلی جیاوازی سەربازیی بووە. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری "گڵۆباڵ فایەرپاوەر" کە تایبەتە بە کاروباری سەربازی ریزبەندی (75) ی لەسەر ئاستی جیهاندا بە سوپای ئەو وڵاتە داوە، لە رووی توانای سەربازیی و شەڕکەرییەوە. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز هۆکارە سەرەکیەکانی کەوتنی سوپاو بەرگری نەکردنی لە خاکی وڵاتەکە کە تاکە ئەرکی ئەوە ئاشکرا کردووە، بەپێی ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە گەندەڵی لە نێو دامەزراوەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لەناوچە دورەدەستەکان هۆکاربووە بۆئەوەی لە سەرەتای هێرشەکانی تاڵیباندا سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر پاراستنی گیانیاندا ئامادەبن چەکەکانیان رادەستی چەکدارانی تاڵیبان بکەن، چونکە ئەو هێزانە نەک پاڵپشتی سەربازی تەنانەت خۆراکی پێوستیشان پێنەدراوەو لە هەندێک لە سەنگەرەکانی شەڕدا سەربازەکان زیاتر لە هەفتەیەک تەنها پەتاتەیان خواردووە. عەبدولحەلیم کە فەرماندەیەکی هێزە تایبەتەکانی ئەفغانستانە بە رۆژنامەکەی وتووە، یەکەکەی کە دەبوو 30 ئەندام بن، تەنیا 15 کەسیان ماوەتەوە، ئەو بە پەیامنێری رۆژنامەکەی وتووە "پەتاتەی سوورکراوە ناتوانێت دەستەبەری بەرگریکردنمان بەرامبەر تاڵیبان بۆ دابین بکات". رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لە دیاردەی ئاشکرای ژمارەی بندیوار دەکات لە نێو کەرتی چەکداری ئەو وڵاتەدا، بەشێک لە کەوتنی خێرای وڵاتەکەش بۆ ئەوە هۆکارە دەگێڕیتەوە، کە بەپێی بەڵگە نامە فەرمییەکان حکومەتی ئەو وڵاتە خاوەن (300) هەزار سەربازی موچەخۆر بووە، بەڵام ژمارەی ڕاستەقینەی سوپاکە زۆر لەوە کەمتر بووە لەم کۆتاییانەدا دەرکەوتووە کە (50) هەزار سەربازی تێنەپەڕاندووە.  جگە لە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی" ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە دەکات بەوەی گەندەڵی هۆکاری شکستهێنانی سوپای ئەفغانستان بوو لە شەڕی دژ بە چەکدارانی تاڵیباندا. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە داوە، کاتێک پرسیار لە بەرپرسانی ئێستا و رابردووی ئەمریکا و شرۆڤەکاران و شارەزایان دەکرێت کە هۆکارچییە سوپای ئەفغانستان نەیتوانی شەڕی تاڵیبان بکات لە ڕۆژانەی دواییدا؟ ئەوان لە وەڵامدا دەڵێن؛ "گەندەڵی... نهێنی ئەو دیمەنە کارەساتبارەیە، کەبووە بەهۆی لەدەستدانی تواناو لێهاتووی سوپاو دواجاریش بووە بە هۆکاری ئەو داڕوخانە گەورەیەی توشی سوپای وڵاتەکە بوو بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەدات کە پارەیە نەگەیشتووەتە دەست کەسانی شیاو لە سوپای ئەفغانستان. گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی"  نمونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەفغانستان بە میدیاکارانیان وتووە کە 160 فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکە لەکارکەوتوون و چاکنەکراونەتەوە و ئەوەش توانای هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە دژی تاڵیبان بەتەواوی لاوازکردووە. گەندەڵی لە عێراق و ئەفغانستان بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، عێراق لەپێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵە لە گەندەڵیدا لەدوای ئەفغانستانەوە دێت، لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، عێراق رانکی (160)پێدراوەو لە پلەی (١٧)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لە كۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (٢١) نمرەی پێدراوە.   هەر بەپێی بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئەفغانستان لە ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵدا لە پێش عێراقەوەیەو لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، رانکی (165)پێدراوەو لە پلەی (16)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لەكۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (19) نمرەی پێدراوە.     گەندەڵی لەنێو سوپای عێراقدا ئەگەرچی گەندەڵی لە عێراقدا زۆربەی کەرتەکانی (ئابوری، بازرگانی، وزەکانی (نەوت و گاز و کارەبا) سیاسی، یاسایی، کشتوکاڵ، پەروەردە، تەندروستی، فەرهەنگ... تاد) گرتووەتەوە، بەڵام کەرتی سەربازی یەکێکە لەو کەرتانەی گەندەڵی گەورەی تێدایە کراوەو ئێستاش بەردەوامە لە بوارەکانی گرێبەستەکانی کڕینی چەک و بودجەو موچەو شێوازی ئیدارەدان و بەخشینەوەی پلەو پۆست و بەرتیل تادەگات بە بندیوار و دروستکردنی میلیشیاو...هتد بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە تەمموزی 2021 بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی "گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان (پێناس و فۆرم و شێواز، لێکەوتە و چارەسەر)" "گەیلان عەباس" ئامادەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە؛ گەندەڵی زۆربەی سێکتەرو کەرتەکانی عێراقی گرتوەتەوە، بەپێی داتاو ئامارە کۆکراوەکان، قەبارەی گەندەڵی عێراق لە ساڵی 2003ەوە، زیاتر لە400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. لەبارەی فەرمانبەرانی بندیوار، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014، (حەیدەر عەبادی)، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند: "تەنیا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، (٥٠) هەزار فەرمانبەری سەربازی بندیوار هەن، کە موچە نایاسایی وەردەگرن". لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە (عەلی عەللاوی) وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 19ی شوباتی ٢٠٢٠، لە راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانیدا رایگەیاندوە :"عێراق خاوەنی 300 هەزار موچەخۆری بندیوارە. بندیوارەکان لە بنەمادا بونیان نییە، بەڵام پۆستی حکومی بەناوی وەهمی و کەسانی نەبو دانراوە و موچەکە کەسانی دەستڕۆیشتو وەریدەگرن".  بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی عێراق 650 هەزار بندیوار لەدامەزراوەکانی حکومەتی عێراق هەن. زۆرترین بندیوارەکانیش لە وەزارەتە سەربازییەکانی وەک بەرگری و ناوخۆو دامودەزگاکانی ئەو دو وەزارەتەدان. هەر تایبەت بەم پرسە، (فایەق شێخ عەلی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 25ی ئایاری ٢٠٢٠، لە تویتێکدا، دەڵێت:"لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت، 82 هەزار بندیوار هەن. چونکە ژمارەی راستەقینەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی 48 هەزار کەسە، بەڵام سەرکردەکانی ئەو هێزە مووچەی 130 هەزار چەکدار لە حکومەت وەردەگرن".  لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش هاتووە بەگوێرەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، بری ٢.٤ ترلیۆن دینار، وەک بودجە و خەرجی بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە، ئەمەش زیاترە لەبودجەی تەرخانکراو بۆ شەش وەزارەتی حکومەتی عێراق، کە بەشێکیان وەزارەتی خزمەتگوزارین، ئەوانەش بریتین لەوەزارەتەکانی (داد، دەرەوە، پەروەردە، ڕۆشنبیری، سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان و گواستنەوە). هاوکات بودجەکەیان کەمێک کەمترە لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی، نزیکیشیە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای بەغدا، زیاتریشە لە بودجەی پارێزگاکانی (نەینەوا، زیقار، نەجەف، دیوانیە) پێکەوە.  تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە یەکێکی دیکە لە بوارەکانی ئەنجامدانی گەندەڵی لەعێراق، بریتییە لە گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکان، عێراق 22 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە ژمارەیەک لەو دەروازانە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبین. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، داهاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق لەدۆخی ئاسایدا (٦) ملیار دۆلاری ساڵانەیە، بەڵام لەو بڕە ئەوەی دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کەمترە لە (1) ملیار دۆلار. ڕاپۆتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جەزیرەش، بەناونیشانی "دەوڵەتی عێراق لە ئاڵنگاری هێز و هەیمەنەی دەوڵەتی هاوتەریب"دا کە توێژەری عێراقی (رائد حامد) نوسیویەتی، ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەگەرچی بەپێی یاسا بەشێکن لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام زیاتر وەلائیان بۆ ئێران و ڕابەری شوڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە هەیە تا دەوڵەتی عێراق. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دەستەی حەشدی شەعبی زیاتر لە (164) هەزار سەربازن و (110) هەزاریان دابەشبوون بەسەر (67) فەسیلی (شیعە مەزهەب)دا کە (44) فەسیلیان بەیعەتیان بە ڕابەری باڵای ئێران (عەلی خامنەئی) داوە، (9) فەسیلیشیان حەشدی عەشائیری (سونە مەزهەبن) و (40-50) هەزار چەکداریان هەیە. (9) فەسیلیشیان کە کەمتر لە (10) هەزار چەکدارن لە پێکهاتە دیکەی عێراقن. ئەم وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا جگە لەوەی خاوەن سەرمایەو ئابورییەکی گەورەن، خاوەن چەک تفاقی جەنگی زۆریشن لە چەکی قورس و سوکی ئێرانی و ڕوسی. هێزی سەربازی لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان  هێزی سەربازی سەرەرای ئەوەی دابەشبووە بەسەر هەردوو حزبی باڵا دەست ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) لەناو حزبەكانیشدا دابەشبووە بەسەر كارەكتەرە سیاسییە باڵا دەستەكاندا. لە كۆی ( ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر ( 432 هەزار)ی لە سلكی سەربازیدایە بەرێژەی (34%)  لە كۆی ( 894 ملیار) دیناری موچەی مانگێكی موچەخۆرانی هەرێم  (433 ملیار) دیناری بۆ سلكی سەربازی دەڕوات، ئەمە سەرەرای مانگانە (25 ملیار) دیناری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە. هێزە هەمە چەشنەكان: هێزی پێشمەرگە: -    هێزەكانی 70ی یەكێتی -    هێزەكانی 80ی پارتی -    هێزی پشتیوانی یەكی پارتی -    هێزی پشتیوانی دوو یەكێتی -    هێزی بەرگری فراكەوتنی یەكێتی -    هێزی زێرەڤانی پارتی  -    ئاساییشی یەكێتی  -    ئاساییشی پارتی -    لیوای نەوت و غاز ( یەكێتی) -    لیوای نەوت و غاز ( پارتی) -    لیوای سكرتاریەتی یەكێتی -    لیوای سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی پارتی  -    لیوای تایبەتی جەعفەر شێخ مستەفا یەكێتی  -    لیوا تایبەتەکانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی  بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانە، بەڵام هێزەكان لە هەرێمی كوردستان یەك دەست نیەو لەدەستی سەرۆكی هەرێمدا نیە، بەڵكو دابەشبوون بەسەر یەكێتی و پارتیدا و لەناو یەكێتی و پارتیش دابەش بوون بەسەر بەرپرسە حزبیەكاندا. چەندین جار ئەمریكا و هاوپەیمانان داوای یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان كردووە، مەرجی هاوكارییان بەستووەتەوە بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە بە حكومەت بونی گەندەڵی زۆر لە سلكی سەربازیدا هێشتا ئەو هێزانە لەدەستی حزب و بەرپرسە حزبیەكاندان و یەكنەخراون .   رۆژی 21ی تەموزی 2020 بەریتانیا راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە. بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكان‌و ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچە‌و مافی ساختەی دیكە دەكەن". راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە‌و دەڵێ: •    ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە. •    لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازی‌و یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و مەحسوبیەت دەدات. •    لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە). •    لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان. •    پێشنیار دەكەین یەكێتی‌و پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە. •    نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتی‌و پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەست‌و ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت. هاوشێوەی هێزەكان لە( ئەفغانستان، عێراق، هەرێمی كوردستان) هێزی سەربازی لە عێراق و ئەفغانستان و هەرێمی كوردستان لە چەندین رووەوە هاوشێوەن: -    بندیوار لە سلكی سەربازی وەك دیاردەیەكی بەرچاو. -    گەندەڵی لە سلكی سەربازی لە كڕینی كەل و پەلی سەربازییدا. -    وەلائی سوپا و هێزەكان بۆ حزب و گروپ و بەرپرسە سیاسییەكان. -    روخان و هەڵاتنی سوپای عێراق لە 6ی حوزەیرانی 2014 لە كاتی كەوتنی موسڵ بەدەستی چەكدارانی داعش. -    هەڵاتن و پاشەكشەی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كاتی گرتنی كەركوك لە لایەن حەشدی شەعبیەوە. -    روخان و كەوتنی سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئابی 2021 لە كاتی هاتنی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ ناو كابوڵ.


 (درەو): بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران، لیوا (مەریوان كەمال) لە پۆستی سەرپەرەشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لابرا.  لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، لیوا مەریوان دەرچوونی فەرمانەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام رایگەیاند، هێشتا فەرمانەكەی بەدەست نەگەیشتووە.  لەبری لیوا مەریوان كەمال، ئەنجومەنی وەزیران (محەمەد تاهیر) بەڕێوەبەری پێشووتری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كردووە بە سەرپەرەشتیاری مەرزی باشماخ.  مەرزی باشماخ یەكێك لەو مەرزانەی هەرێمی كوردستانە كە لەماوەی رابردوودا زۆرترین قسەوباسی لەبارەی قاچاخچێتییەوە لەسەر كراوە، ئەم گۆڕانكارییە لە پۆستی سەرپەرەشتیاری مەرزەكە، هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیدا وەكو دەسەڵاتداری سنورەكە.  لیوا مەریوان هۆكاری دەرچوونی فەرمانەكەی حكومەت‌و دورخستنەوەی لە پۆستەكەی نازانێت‌و بە (درەو)‌و وت:" بۆ ئەم بابەتە پرسیار لەو لایەنە بكەن كە فەرمانەكەی دەركردووە". دیارنییە ئایا گۆڕینی بەرپرسی مەرزی باشماخ، هەموو دەروازە سنورییەكانی تر دەگرێتەوە یاخود نا.   


سەرتیپ جەوهەر -  گەلانی ناوچەكە چارەنوسیان بەدەستخۆیان نییە - بەر لە ئەفغانستان، روسیاو ئەمریكا لە عەفرین و سەرێكانی كشانەوە - كشانەوەی ئەمریكاو روسیا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان - ئەمریكا زیاتر لە 6.4 تریلۆن دۆلاری لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان خەرجكردووە - هەندێك پێیانوابوو ترەمپ لەستراتیژیەتی ئەمریكا لایداوە، كەچی بایدنیش لەئەفغانستان كشایەوە. كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان بەشێكە لەو زنجیرە رووداوەی كە هێشتا كۆتایی نەهاتووەو پێدەچێت روداوی دیكەشی بەدوادابێت. پێشتر چەند روداوێكی دیكەی هاوشێوە لەناوچەكە بووەو لێكەوتەو زیانەكانی لەوەی ئەفغانستان كەمتر نەبووە. بەڵام ئەوەی ئەفغانستان زۆرترین فۆكەس و تیشكی خرایەسەر لەلایەن میدیای ئەوروپی و عەرەبی و ناوچەكە بۆیە لەئێمەوە نزیك بوو. رووداوەكانی ئەو چەند ساڵەی دوایی كە دوایینیان كشانەوەی ئەمریكا بوو لەئەفغانستان، دەكرێت بڵێین چەند رەهەندێكی هەیە، واتە دەكرێت لەچەند سوچێكەوە تەماشای بكەین.  یەكەمیان؛ ناوچەكە بەگشتیی واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرنگییەی جارانی بۆ ئەمریكاو بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا نەماوە. جاران بەهۆی بوونی نەوتێكی زۆرو گرنگی وزە، وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا گرنگی زۆریان بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، بەڵام ئێستا وزە (نەوت) ئەو گرنگییەی جارانی نەماوەو پێدەچێت وڵاتانی زلهێز سیاسەتی خۆیان لەبارەی گرنگیدان بەناوچە نەوتییەكان بگۆڕن. سەرچاوەكانی وزە لەزیادبوونەو وزەی دیكەی دۆزراوەتەوە، بۆیە ئەگەرێكی بەهێز هەیە نەوت دوبارە دابەزینی گەورە تۆماربكات. هەروەك حەمەد بن جاسم سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر لەتویتەر نوسی "بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەچارەكی كۆتاییەو ئیدی روو لەدابەزیندەكات" مەبەستی سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر ئەوەبوو كە دوایین جارە نرخی نەوت بەوشێوەیە بەرز دەبێتەوەو ئیدی بەرەو دابەزین دەڕوات و جارێكی دیكە ئەو نرخە بەخۆیەوە نابینیت. دووەمیان؛ ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتیی سیاسەتی خۆی لەچۆنیەتی و شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ناوچە پِڕ ململانێكان و ناوچەكانی بەرژەوەندی لێیە گۆڕیوە. ئەوەی رودەدات بەشێكە لەسیاسەتی نوێ‌. ساڵی 2003 ئەمریكا بۆ روخانی رژێمی سەدام، لەنێوان 125 بۆ  150 هەزار سەربازی هێنایە عیراق. ئەو پرۆسەیە، خەرجییەكی ئێجگار زۆر لەسەر ئەمریكا كەوت، ئەمە جگە لەزیانی گەورەی گیانی و روبەرووبونەوەی رەخنە لەناوخۆی ئەمریكاو لەلایەن وڵاتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ. سیاسەتی نوێی ئەمریكا لەدوای روداوەكانی سوریا دەستی پێكرد. سیاسەتی نوێی بریتی بوو لەدروستكردنی هێزی سەربازیی ناوچەیی و پشتیوانیكردنیان لەرووی ماددی و مەعنەوی، هەروەها ناردنی چەند تیمێكی هەواڵگری و شارەزا بۆ مەشقپێكردنی ئەو هێزە ناوچەییانە. بۆنمونە دروستكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ناوەڕاستی 2015 كە پڕچەكی كردن و مەشقی پێكردن، لەئاسمانیشەوە لەڕێی فرۆكەی جەنگی و فرۆكەی بێ‌ فرۆكەوان و تەكنەلۆژیای نوێ‌ پشتیوانی كردن بێ‌ ئەوەی هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەمریكا بەكاربهێنرێت. ئەو سیاسەتە بۆ ئەمریكا خەرجییەكی زۆر كەمتری هەبوو، هەروەك هیچ زیانێكی گیانیشی نەبوو. بۆیە هەمان سیاسەتیان گوێزایەوە بۆ عیراق بەڵام بەجیاوازییەكی كەم، ئەویش جێگیركردنی ژمارەیەكی زۆركەم هێزی سەربازیی لەهەندێ بنكەو شوێنی دیاریكراو وەك بنكەی عێن ئەسەدو هەولێرو فرۆكەخانەی بەغداو چەند شوێنێكی دیكە. سێیەمیان؛ دوو روویی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر گەلانی ژێردەستەو لەبەرامبەر ئەو چەمكانەی لەمیدیاكانی خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن لەوانە (دیموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنوسینی گەلان بۆ گەیشتن بە رزگاریی نیشتیمانیی). روسەكان هەمیشە باسی مافی گەلی كورد لەسوریا دەكەن، لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكانیان پشتیوانی لەگفتوگۆی نێوان كوردو رژێمی سوریا دەكەن، بەڵام كە دانوستان و گفتوگۆ لەنێوان كوردو رژێمی سوریا دەبێت، لەسەر مێزی گفتوگۆدا روسەكان لەبەری رژێمی سوریا دادەنیشن و داكۆكی لەرژێمی سوریا دەكەن و داوا لەكورد دەكەن داوای ماف خۆبەڕێوبەریی و رێڤەبەری خۆسەر نەكەن و تەنها چەند مافێكی سەرەتایی رازیبن، وەك مافی خوێندن و بەشداری سیاسی لەدیمەشق. لەگەڵ ئەو لێدوانانەی روسەكان وەك پشتیوانیی لەچارەسەری پرسی كورد لەسوریا، دەبینین لەكۆتایی 2017 لەگەڵ تورك رێككەوتن عەفرینیان رادەستبكەن، سەرباری بڕیاری روبەرووبونەوە، بەڵام تورك توانیان لەسەرەتای 2018 بەهاوكاری گروپە تیرۆرستیەكان عەفرین داگیربكەن و بەهۆیەوە نزیكەی هەزار شەڕڤانی كورد شەهید بوون. هاوكات لەگەڵ دوو روویی روس، دەبینین ئەمریكییەكانیش بێ‌ چاوڕوو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیان بەدەر لەهەموو بەهایەكی مرۆیی و پێچەوانەی ئەو چەمكانەی لەمیداكانی خۆیان و لەلایەن لێپرسراوانیان دووبارە دەكرێتەوە رادەستی تورك كرد. بەهۆیەوە جگە لەئاوارەبوونی سەدان هەزار مرۆڤی كوردو غەیرە كورد، هاوكات سەدان لاوی شەڕڤانی كورد لەوناوچانە شەهید بوون. بەهۆی ئەو كشانەوەیەی ئەمریكا روبەرێكی گەورەی رۆژئاوای كوردستان لە سەرێكانیەوە تاوەكو گرێ سپی كەوتە دەست توركیا. لێرەوە بۆمان دوپات بویەوە كە كشانەوەی روسیا و ئەمریكا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان. بۆیە دەبێ‌ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەوەی لەئەفغانستان روودەدات نامۆ نییە بۆ سیاسەتی ئەمریكاو ئەو دوو رووییە لەسیاسەتكردن بەرامبەر گەلانی ناوچەكە. بۆیە دەبینین مەزلوم عەبدێ‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە 13 ئۆكتۆبەر گوتارێكی لە گۆڤاری فۆریەن پۆڵسی ئەمریكا لەژێر ناونیشانی "ئەگەر سەرپشك بین لەنێوان چارەسەر یان جینۆسایدی گەلەكەمان، بێگومان ژیانی گەلەكەمان هەڵدەبژێرین" وتیشی "ئێمە بەسنگی رووتەوە بەرامبەر خەنجەری تورك وەستاوینەتەوە". هەر لەسەر ئەو دوو رووییە لەسیاسەتی ئەمریكا، خان محەمەدیی وەزیری بەرگری ئەفغانستان روو لە ئەشرەف غەنی سەرۆكی وڵاتەكەی دەكات كە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئەمریكای دەكرد دەڵێت "دەستەكانی لەدواوە بەستین و ئێمەی فرۆشت و هەڵات". مەبەست لەو قسەیەی محەمەدی ئەمریكا هەموو رێگاكانی لێگرتن و ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان كرد. كاتێك ئەمریكا لەسەرێكانی و گرێ سپی كشایەوەو ناوچەكەی بۆ توركیا جێهێشت بەشێك لەچاودێران پێیانوابوو ئەوەی رویداوە پەیوەندی بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە نەك ستراتیجییەتی ئەمریكا، واتە ترەمپ لەستراتیجییەتی ئەمریكا لایداوەو جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا راستی دەكاتەوە، بەڵام دەبینین لەسەردەمی جۆبایدن ئەمریكا لەئەفغانستان كشایەوە. یەكێكی دیكە لەو ئەگەرانەی ئێستا لەناوەندەكانی توێژینەوەو میدیای ئەمریكا یان ئەوروپا باسدەكرێت، پرسی روبەرووبونەوەی چین-ە وەك وڵاتێك كە پێگەیشتووەو خێرا پێشكەوتنی نوێ‌ بەخۆیەوە دەبینیت بەتایبەتی لەرووی ئابوریی و تەكنەلۆجیاوە.  بەپێی زانیارییەكانی دەخرێنەروو، ئەمریكا دەیەوێت تواناكانی خۆی كۆبكاتەوەو هەموو هەستەوەرەكانی روو لەچین بكات، تاوەكو رێگە لەو پێشكەوتن و گەشەكردنە خێرایەی چین بگرێت كە پێیوایە مەترسیە بۆسەر ئایندەی ئەمریكاو سەركردایەتیەكەی لەجیهان. بەپێی لێدوانی چەند رۆژلەمەوبەری جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا، واشنتۆن زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجكردووە، هەروەك بەپێی   "بزنس إنسایدر" توێژینەوەیەك لەزانكۆی براون ماساچۆستس لە  2020 ئەمریكا لەعیراق زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری خەرجكردووە.  هەروەك بەپێی راپۆرتی ساڵانەی زانكۆی براون لە (2020) خەرجی روبەرووبونەوەی تیرۆر لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان لەماوەی رابردوو 6.4 تریلیۆن دۆلار كەوتووە. بێگومان رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوو، هەڵسوكەوتی ئەمریكاو روسیا لەناوچەكە خوێندنەوەی زۆری بۆ دەكرێت، هەریەكە لەسوچێكەو رووداوەكان دەبینیت و شیكاریی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین چارەنوسی میللەتانی ناوچەكە بەدەست خۆیانەوە نییە! بۆیە دەبینین گۆڕانكارییەكان لەژێر كاریگەری سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان دەبێت نەك خواستی میللەت یان گەلانی ناوچەكە.


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) حیزب له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دەرکەوتێکی نوێیە. ئه‌م دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنە بەرهەمی گروپە شارییەکانی کۆمەڵگای کوردییە کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەبن بە بزوێنەری وشیاریی تاکی کورد و بەرگرییکەر لە مافە نیشتیمانییەکانی. ئه‌م گروپانە هەم دونیابینیی و گوتارێكی نوێ، هەم وێنا و شوناسێکی تازەیان بۆ تاک و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ به‌رهه‌مهێنا كه‌ پێشتر له‌ كۆمه‌ڵگای كوردییدا بوونی نه‌بوو. پشتئەستوور بە پرۆگرامە چواردەخاڵییەکەی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا، ویڵسن کە خاڵی دوازدەهەمینی بریتیی بوو لە سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکانی ژێڕدەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی کە دواتر لە پەیمانی سیڤەردا بەرجەستەبوو، گوتارێکی سیاسییش لای خوێندەوارانی کوردیش گرۆبوو. ئەو گوتارە سیاسییەی کە ئەم گروپە خوێندەوارەی کورد بەرهەمیهێنا، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ كوردیش گه‌لێكه‌ وه‌كو هه‌موو گه‌له‌كانی تری دونیا، خاوه‌ن خاك و مێژوو و زمان و كولتووری تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و شایانی ئه‌وه‌یه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌بێت. به‌م چه‌شنه‌ یه‌كه‌م خه‌سڵه‌تی حیزبی كوردیی بریتییه‌ له‌ شارییبوون و بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە. واته‌ شار ئه‌و شوێنکاتەیە كه‌ تیایدا کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و کولتووری و حیزب و گوتاری سیاسیی له‌دایكده‌بێت و گەشەدەکات. شار دەبێت بەو نێوەندەی کە لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە وێنایەکی نوێ بۆ چەمکی کوردبوون و ماف و ئازادیی بەرهەمدەهێنێت کە پێشتر لە کۆمەڵگای کوردییدا بوونی نەبوو. خەسڵەتی دووەمی حیزبی کوردیی بریتییە لە ململانێی نێوان دوو گروپی ستراتیژیی کە بە کردە ستراتیژییەکانیان کۆی پرۆسەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستاندا ئاراستەکردووە. ئەو دوو گروپەش بریتیین لە: گروپە ستراتیژییەکانی شار و گروپە ستراتیژییەکانی گوند. هەریەکێک لەم دوو گروپە کاریزمای خۆی بەرهەمهێناوە. کاریزمای سیاسییش لە کۆمەڵگای کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر دوو بنەمای کۆمەڵایەتیی دروستدەبێت. کاریزما یان ئەوەتا سەرمایەیەکی ڕەمزیی کۆمەڵایەتیی، ئایینی هەیە، لە شێوەی شێخ و مەلا و سید و ئاغا و بەگ و هتد، وەک لای شێخ مەحمودی حەفید و مەلا مستەفای بارزانی و پاشان کوڕەکانی دەبینرێت. یان سەرمایەیەکی مەعریفیی و پیشەییان هەیە لە نموونەی نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند، پارێزەر و مامۆستا و ئەفسەر و هتد. وەک لە گروپە ستراتیژییەکانی شاردا دەبینرێت. لە دڵداری شاعیر و ڕەفیق حیلمییەوە تا دەگات بە جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفا و بەرجەستەی ڕۆڵی ستراتیژیی ئەم گروپە شارییە دەکەن. گەرچی بنەما و پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم دوو گروپە سەرەکییەی ناو کۆمەڵگای کوردستان جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو حیزبەکانی کوردستان کە خەسڵەتی سێیەمی حیزبە کوردییەکان پێکدەهێنن، بریتییە لە شوناسی بەجەماوەرییبوون. هەموو حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی عێراق خۆیان وەک حیزبی جەماوەریی نماییشدەکەن و خۆیان بە نوێنەری هەموو چینەکانی گەل و نەتەوە، بە کرێکار و جوتیار و هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تری ناو کۆمەڵگا، دەزانن. خەسڵەتی چوارەم، پرۆسەی یه‌كگرتن و لێكجایبوونه‌وه‌یە. حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌ ململانێی به‌رده‌وامدان بۆ قه‌به‌كردنی جه‌سته‌ی سیاسیی و سەربازیی خۆیان. بەشێوەیەکی گشتیی ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە دووئاستدا بەرجەستدەبێت. یەکەمیان ململانێی نێوان کەسایەتییە ناکۆکەکانی ناو حیزب خۆیەتی کە زۆرینەی کاتەکان بە دابەشبوون و جیابوونەوە کۆتاییهاتووە. دووهەمیان ململانێی نێوان حیزبەکانە لەگەڵ یەکتر کە یەکێک لە دەرکەوتەکانی توندوتیژیی و پێکدادانی چەکدارییە. بەم چەشنە فۆرمی ململانێکان تەنها سیاسیی و مەدەنیی نەبوون، بەڵکو لە قۆناغێکدا پەلدەهاوێژێت بۆ ململانێی چەکداریی نێوان حیزبەکان و تادەگات بە تەسفیاتی جەستەیی لەناو خودی حیزبەکان وەک لەدوای شەستەکان و دروستبوونی هەردوو گروپی باڵی جەلالی و مەلایی دەیبینین. هەم ململانێی گروپەکانی ناو یەک حیزب و هەم ململانێی نێوان حیزبەکانیش لەگەڵ یەکتر، جگە لەوەی لەسەر دەسەڵات و سەرمایەی رەمزیی و سەرمایەی ئابووریی بوو، رەهەندێکی شەخسیشی هەبوو کە سایکۆلۆژیای سەرۆکەکان و ڕق و دڕدۆنگیی پاڵنەرەکەی بوو. ئەمەش واده‌كات كه‌ هه‌ر یه‌ك لەو گروپە ستراتیژییانە هه‌وڵی ئه‌وه‌بدات کەسان و گروپ و حیزب و رێکخراوە بچووکەکانی تر له‌ناو جه‌سته‌ی سیاسیی خۆیدا ئامێزانبکات،‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردییدا له‌ڕووی قه‌باره‌ و جه‌ماوه‌ر و چەکدارەوه‌ سەرۆکەکەی ببێت به‌ گەورەکاریزما و حیزبەکەشی ببێت بە حیزبی ژماره‌ یه‌ك. بۆیە یەکێک لە دیاردە دراماتیکییەکانی مێژووی ململانێی حیزبه‌ كوردییه‌كان، مێژووی یه‌كگرتن و جیابوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی گروپە ستراتیژییەکان و کەس و نوخبە سیاسییەکانی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌ له‌گەڵ یه‌كتر و له‌ناو یه‌كتر. ئەم دیاردەی تێکەڵبوون و جیابوونەوەیە (ئینشیقاق) لە حیزبی هیواوە تاوەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ئەمڕۆ  بە پاساو و هۆکاری جیاواز بەردەوامی هەیە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە.  خەسڵەتی پێنجەمی حیزبی كوردیی بریتییه‌ له‌ لۆكاڵییبوونی هێزە کۆمەڵایەتییەکەی له‌ شارێك یان ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا. هیچ حیزبێكی كوردیی ئەمڕۆ هه‌مان پێگه‌ و ئاماده‌گیی و هێزی له‌ شار و شارۆچكه‌كانی ده‌رەوه‌ی زێدی خۆیدا نییه‌. چەندە حیزبه‌ كوردییه‌كان ناوكێكی ڕەقی کۆمەڵایەتییان هەیە، ئاوهاش ناوکێکی لۆكاڵییان هه‌یه‌. حیزبە کوردییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان چه‌نده‌ له‌ زێده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و جوگرافییه‌‌ سیاسییەكه‌یان دوركه‌ونه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ر و ئەندام و پێشمەرگەیان كه‌مده‌بێته‌وه‌. ئەم واقیعە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەی لەمڕۆی نەخشەی حیزبایەتیی هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بانگەشەی خۆبەنوێنەرزانینی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوە و بەرجەستەکەری ڕوحی گەل، جگە لە گوتارێکی پۆپۆلیستیی بەتاڵ هیچ مانا و ڕەهەندێکی تری نییە. بەکورتیی فاکتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن، بۆنموونە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەم هەفتەیە ساڵیادی لەدایکبوونی حەفتاوپێنج ساڵەی تەمەنی سیاسیی خۆی کردەوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای سلێمانیی تەنها 48 هەزار دەنگی هێناوە و لەکاتێکدا لە دهۆک 354 هەزار دەنگی هێناوە کە دەکاتە حەوت ئەوەندەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانیی. بێگومان هەر ئەم خەسڵەتی لۆکاڵییبوونە بۆ یەکێتی و حیزبەکانی تریش ڕاستییەکی سۆسیۆ سیاسییە.  ماوێتی


 شیكاری: درەو  هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حیزبە سیاسییەکان توڕەن و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە. هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟ لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو، لەوانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا و ڕۆژی (10/10/2021) بەڕێوە نەچێت، بەڵام لە ئێستادا هەموو هەنگاوو هەڵوێستەکان ئەوە پیشان دەدەن کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. دواین هەڵوێستی فەرمیش لەو بارەیەوە هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقە کە پێکهاتوون لە (بەرهەم ساڵح- سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی – سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران) لە ڕۆژی (3/8/2021) نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق  ڕایگەیاند له‌سه‌ر داوای مسته‌فا كازمی هەرسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق به‌ به‌شداریی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌‌كان كۆبوونەتەوە. لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر ئەوە كۆك بوونە كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، داواش له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بكه‌ن كه‌ له ‌پرۆسه‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌، به‌شداریی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن‌و پێكه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی ڕاشكاوانه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر كێشه‌كان ‌و به‌هه‌موان پرۆسه‌ی دیموكراسی سه‌ربخه‌ن. کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەشتێکی دیبلوماسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (تایبەت بە ڕێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە) گەڕابوویەوە. بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پاڵپشتی دارایی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە پێشکەش بە (نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق - یۆنامی) کردووە، لەم بارەیەوە ڕۆژی (8/2/2021) نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، ئاژانسی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی جیهانی بڕیاریداوە (9 ملیۆن 700 هەزار) دۆلار بۆ پشتیوانیكردن لەهەڵبژاردنەكانی عێراق تەرخانبكات. بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی رێكخراوەكە لە عێراق، ئەو پارەیەش لەپەرەدان بەتوانای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دابینكردنی چاودێری نێودەوڵەتیدا خەرج دەكرێت. هەر لەم بارەیەوە و دوو هەفتە بەر لە ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق وڵاته‌كه‌ی بەم دواییانە (9 ملیۆن و 700 هەزار) دۆلاری پێشکەشی رێکخراوی یۆنامی لە عێراق کردووە. بەمەبەستی هاوکاریکردن لە کاروباری هەڵبژاردن و پلانیشی هەیە پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری دیکەش پێشکەشی عێراق بکات و چاوەڕوانی رەزامەندی کۆنگرێسن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەوەشی رونكردۆته‌وه‌، زیادکردنی هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق دەرئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی ئەم دوایانەی نێوان هەردوو وڵاتن. بانگەشەی هەڵبژاردن و لە کەشێکی ساردو سڕدا دوای ئەوەی رۆژی (8/7/2021)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی ناوی ئەو كاندیدانەی كە ژمارەیان پێ بەخشرابوو. هاوکات بڕیاریشیدا لە رۆژی دەرچونی بڕیاری پەسەرند کردنی ژمارەی کاندیدەکانەوە، واتە لە رۆژی 8/7/2021ەوە بۆیان هەیە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن تاوەكو سەعات 6ی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 7/10/2021. بەڵام وا نزیک (40) رۆژ دەبینەوە بەسەر ئەو وادەیەدا، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی بەشێکیان لە ناو خۆیدا جۆرێک لە گەرم و گوڕییان تێکەوتووە، بەڵام نەیانتوانییوە ئەو گەرم و گوڕییە بگوازنەوە نێو شەقام و گۆڕەپانی گشتییەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە شەقام تا دێت توڕە تر و دوردۆنگ تر دەبێت لە حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ئێستادا کە دۆخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە هەرێمی کوردستان لەو پەڕی خراپیدایەو لێرەو لەوێ خەڵکی وەک ناڕەزایی دژ بە بێ ئاویی و بێ کارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست دێنە سەر شەقامەکان.   بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بو هەڵبژاردن (KIE) کە لە (1/8/2021) بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک هۆکار وایکردووە کە خەڵک لە بەشداری هەڵبژاردن ساردببنەوە، بەشی زۆری هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ؛ 1.    نەمانی  متمانە لەنێوان دەنگدەر و نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار. 2.    بەردەوامی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و پاک و بێگەرد نەبوونی پرۆسەکانی هەڵبژاردن. 3.    نەبوونی متمانە بە بێ لایەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. 4.    هەڵبژاردن نەیتوانییوە گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵدا بکات. 5.    دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 6.    زانینی پێشوەختی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن 7.    لەدەستدانی متمانە بە پرۆژەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی. 8.    کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی. دۆخی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (337 هەزار و 280) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (330 هەزار و 39) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (68 هەزار و 567) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (735 هەزار و 886) دەنگ، بەم پێیەش زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (11) کاندید و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید هەیەو چاوی لەوەیە لە کەرکوکیش دەنگەکانی هەڵبکشێت و (2) کانیدیدی هەیە، لە دواین هەنگاویشیدا پارتی بڕیاریداوە لە سەرجەم ئەو ناوچەكوردستانیانەی دەرەوەی  هەرێم كە بارەگای نییە نوسینگە بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بكاتەوەو سەرپەرشتییكردنی نوسینگەكانیش دەدات بە كاندیدەكانی تا خۆیان بانگەشە بكەن. بە وتەی عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكرات " وەك پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیان دەست پێکردووە و بەشێک لە کاندیدەكانیشیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە ھەر لەناوچەیەكی جێناكۆك و لەهەر پارێزگایەك كە  پارتی بارەگای نەبێت  نوسینگەیەک دەکاتەوە و سەرپەرشتیی بانگەشەی ھەڵبژاردنی تێدا دەكەن".  هەروەها کرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''بارەگاکانی خۆمان وەرگرتووەتەوە و سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین و کە تەواو بوون بە شکۆوە دەگەڕێینەوە، دوو بارەگامان لە مەخموور و سەرگەڕانن، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لەبەر ئەوەی تێک درابوون، بۆیە بڕیارە پێش هەڵبژاردن بگەڕێینەوە.'' کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوەتەوە: "بە گەرەنتی و سەربەرزییەوە دەگەڕێینەوە و پارێزراویش دەبین و لە کاتی گەڕانەوەش هێزی خۆمان دەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆمان، بەڵام کاندیدەکان دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە کادیر و ئەندامانی ئێمە لەوێن و تەنها بەشێک نەبێت، ئەوانیش دەگەڕێنەوە لەگەڵ تەواوبوونی بارەگاکان.''    یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (100هەزار و 122) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (224 هەزار و 255) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (25 هەزار و 676) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (350 هەزار و 53) دەنگ، بەم پێیەش لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، یەکێتی لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (26) کاندید و بزوتنەوەی گۆڕان (7) کاندیدی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (6) کاندید و لە پارێزگای سەڵاحەدین کاندیدێکی هەیە. بەڵام لە دوای (8ی تەموز)ەوە گۆڕانکاری گەورە لە نێو ئەو حیزبەدا ڕوویداوەو کێشەی قووڵ کەوتووەتە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، تا ئێستا دۆخەکە بەردەوامەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەسەنێت و سەرەڕای نێوەندگیری زۆر بەڵام ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ چارەسەر، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو حیزبە جێهێشووە بۆ دەستکردن بە بانگەشەی هەڵبژاردن و تەنانەت (لاهور شێخ جەنگی) کە پێشتر سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە ڕۆژی (29/7/2021) دەستبەرداری پۆستەكە بوو، (قوباد تاڵەبانی) وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانێتیەکە ناسێنرا.   لە ڕۆژی (7/8/2021) سەرجەم کۆمیتەو مەڵبەندەکان ڕاسپێدراون کادرەکانی ئەو حیزبە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن بەتایبەی لە سۆسشیال میدیا لۆگوی هاوپەیمانی کوردستان بڵاو بکەنەوە. بۆیە ئەوەی تا ئێستا هەستی پێدەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە. بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (40 هەزار و 680) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (153 هەزار و 472) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (6 هەزار و 438) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (200 هەزار و 590) دەنگ،  لەدوای پارتی و یەکێتی پلەی سێیەمی دەنگەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، گۆڕان لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (7) کاندیدی هەیە، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای کەرکوکیش کاندیدێکی هەیە. بەپێی لێدوانی سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردن و ئەندامی لیژنەی باڵای هاوپەیمانی كوردستان " گه‌شبینین ژماره‌ی كورسیه‌كانمان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌"،"به‌وپێیه‌ی ئه‌مجاره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان چاودێری پڕۆسەكەیە بەرەو ئەوە دەڕوات كەمترین ساختەكاری تێدا رووبدات."  نەوەی نوێ نەوەی نوێ، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (55 هەزار و 649) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (67 هەزار و 137) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (15 هەزار و 736) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (138 هەزار و 522) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (15) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (3) کاندیدی هەیە. نەوەی نوێ هەر زوو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری نەکردوو ڕێگای ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردو بەو هۆیەشەوە چاوەڕێی ئەوەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەتایبەت هەنگاوەکانی ئەم دواییەی لەبارەی هەرزانکردنی نرخی بەنزین و ناردنی تەنکەری ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەولێر و دابینکردنی کەپر بۆ خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنی موچەکان، بەردەوامی ڕەخنە گرتن لە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای میدیاکانییەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم حیزبە بانگشەی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی بەرچاو و جیاواز لە پارتە سیاسییەکانی دیکە دەستپێکردووە. لایەنە ئیسلامییەکان (کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی) ئەگەر چی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەراورد بە نەوەی نوێ کەمتر جموجۆڵەکانیان هەست پێ دەکرێت، ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی ئەوەبێت کە سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمتر لە خزمەتی ئەمان و پارتە هاوشێوەکانیان بێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی دەنگی چوارەم و پێنجەمیان هەیەو دەکرێت وەک پارتی بچوک لەم هەڵبژاردنە لە قەڵەم بدرێن، سەرباری ئەوەش دەنگەکانیان پەرت بڵاو دەبێتەوە، هەر بۆیە کەمترین کاندیدیشیان پێشکەشکردووە. کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (42 هەزار و 240) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (71 هەزار و 183) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 902) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (117 هەزار و 325) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (5) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکوک هیچ کانیدێکی نیە. هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (13 هەزار و 263) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (38 هەزار و 350) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (32 هەزار و 777) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (71 هەزار و 127) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (6) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.


(درەو): فەریق روکن (ئه‌نور حه‌مه‌ ئه‌مین) فه‌رمانده‌یی پێشووی هێزی ئاسمانی عێراق كه‌ كورده‌، له‌كاتی دادگایكردنیدا له‌سه‌ر تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، له‌ دادگا تاوانه‌كانی (كه‌رخ)ی بەغداد هه‌ڵات. ئیستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناوچه‌ی (حوڕییه‌)یان گه‌مارۆداوه‌و ده‌یانه‌وێت ده‌ستگیری بكه‌نه‌وه. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، دادگا سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر ئەنوەر حەمەئەمیندا سەپاندووە، دادوەر داوای لە مەفرەزەیەکی پۆلیسی (ساڵحیە) کردووە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بیگوازنەوە بۆ زیندان، لەم کاتەدا فەریق روکن ئەنوەر حەمە ئەمین داوای کردووە ھەندێک پۆشاک و پێداویستی لەناو ئۆتۆمبیلەکەی لە دەرەوەی دادگا بھێنێت. کاتێک چوەتە دەرەوەی بینای دادگا، فەریق روکن ئەنوەر حەمەئەمین لەگەڵ شۆفێرەکەدا کە برازای خۆیەتی و عەمیدە لە وەزارەتی بەرگریی، دەمانچەیان خستوەتە سەر سەری ئەفسەرێکی پۆلیسی ساڵحیەو بە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە بەرەو ناوچەی (عەدل) ھەڵاتوون. ھێز ئەمنییەکان ئۆتۆمبیلەیان دۆزیوەتەوەو برازاکەیان دەستگیر کردووە، بەڵام فریق ئەنوەر بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتووەو تائێستا دەستگیر نەکراوە. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ ئەم پیاوە كە ئێستا لە دادگا هەڵاتووە، حوزەیرانی 2019 كاندیدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر گفتوگۆكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی تێكچوو، لە پۆستەكەدا دانەنرا.  فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە تا ئەوكاتەی خانەنشین بووە.  فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كرد‌و لەوێ دەمایەوە.  دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراق‌و لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران‌و جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووە‌و فڕۆكەوان بووە‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بە هێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كوردو ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتی‌و ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمان‌و حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووە‌و كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوك‌و سلێمانی‌و تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە.


  مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)  لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن.  ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا.  پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین.  بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت.  یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.  


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، حاڵی حازر جیا لە ئامانج و خەونەکانی ئەو سیستەمە، دوو گرێی سەرەکی لەبەردەم سەرکۆماریی نوێدایە: یەکەم گرێی گەمارۆکان کە بەهیچ سەرکۆمارێک نەکراوەتەوە و ترەمپیش کاریگەرییەکانی  دووقات کردەوە، دووەم مەسەلەی پرسی ئەتۆمی کە گرێکوێرەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، ئەویش دیسانەوە ئیرادەکەی لە دەسەڵاتی سەرکۆماردا نیە و ئیدارەدانی تەشریفاتی دۆسێکەی پێ سپێردراوە. گەرچی ڕەئیسی لەسەر باڵی بناژۆخوازەکان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لە وتاری ئانی سوێندخواردنیدا لەبەردەم پەرلەماندا، بۆ سیاسەتی دەرەوە زیاتر دووبارەکردنەوەی هەڵوێستەکانی ڕۆحانی بوو لە هەشت ساڵی ڕابردوودا: ئەو لە سەرێکەوە ڕای گەیاند کە یەکەم هەنگاوی، کرانەوەیەکی دەرەکی دەست پێدەکات و کار لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەکات کە بەڕێبەرایەتی ئەمریکا سەپێنراون و بۆ ئەمەش پێشوازی "لە هەر پلانێکی دبلۆماسی" دەکات. ئەمەش ئاماژەیە کە دەیەوێت دانوستاندنی ٥+١(بەرنامەی کاری هاوبەش- بەرجام) دەست پێبکاتەوە و پابەندە بە بنەماکانییەوە، واتە دەیەوێت حکومەتێکی کردەگەرای واقیعی بێت و پشت ناکاتە ئەو دانوستانەی کە یارانی بناژۆخوازی لە ٨ساڵی ڕابردووی ڕۆحانیدا وەک تانە و تەشەر و سازش دانوستانەکەیان کردبوویە پەڵەیەکی ڕەش و بە لادان لە شۆڕش حسێبیان دەکرد بۆ حکومەتەکەی، وا ئەمڕۆ وای نیشان دەدات بە گڵۆپی سەوزەوە ئامادەی گفتوگۆیە و لەوەش زیاتر ئەم داوای لە واشنتۆن کرد کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. بەڵام ئایا زەمان و زەمینە بۆ گفتوگۆ بە ئیرادەی ئێرانی فەراهەمە؟ سیناریۆکانی بەردەم زیندووکردنەوە یان لەباربردنی دانوستاندنی ئێران و پێنج وڵاتەکە کامانەیە؟ سیاسەتێکی دووسەرە ڕەئیسیی سەرکۆمار تا هەنووکەش دەرنەکەوتووە لە نێوان دوو دروشمی ناکۆکدا (کە هەردووکیانی زۆرجار لە یەک وتاردا بەکارهێناوە)، پابەندی کامیان دەبێت:  ١. هەنگاوی دووەمی شۆڕش، کە ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکبار (ئەمریکا و ڕۆژئاوا)" (بڕوانە: بیانیە گام دوم انقلاب خطاب بە ملت ایران: سایتی خامنە¬ای، https://farsi.khamenei.ir/message-content?id=41673)، دیارە لەم گوتارەدا (کە ڕەئیسی دەیەوێت لە پابەندترینەکان بێت پێوەی) بێگومان ڕێگر دەبێت لە کرانەوەی پێویستی دبلۆماسی، چونکە ئەو بەیاننامەیە زیاتر ئامانجگەرا و شۆڕشخوازە و پەرەپێدەری ڕۆحی هەناردەکاریی هەژموونی ئێران و ئیسلامگەراییە کە خۆی لە پشتیوانی یارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان، عیراق، یەمەن و سوریا ئامانجی تایبەتن و جیهانیش بە گشتی کراوەتە ئامانجە گشتییەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرفتی سەرەکیی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هەر ئەم سیاسەتەیە و لەبەرامبەریدا ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوای "چاککردنی رەفتار"ی لێدەکەن، بە مانایەکی دیکە واتە کورتکردنەوەی دەستی کۆمەک بۆ میلیشیاکان و وازهێنان لە هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانینەکردنی پرۆئێرانییەکان بە مووشەکی دورهاوێژ و چەکی جۆراوجۆر و درێژکردنی دەستی دبلۆماسییەتی ئاشتییخوازانە. ٢. گەڕانەوە بۆ مێزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دانوستاندن: ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە پێچەوانەی هەناردەکردنی شۆڕش و بەرگری ئامانجگەرایانەیە لە شۆڕش، بەڵکو زیاتر کردەیی و واقیعگەرایە، ئەم دروشمە خاوەنەکەی زیاتر باڵی ڕیفۆرمیست و بەرژەوەندییخوازەکانن، بەڵام وەک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک جاران نەماوون و هەم لە دەسەڵاتەکانی نێو شۆڕشیشدا کشێنراونەتەوە و هەم یەکێک لە فیگەرە کاریگەرە دبلۆماسییەکانیان لە ژیاندا نەما (ڕەفسەنجانی)، لە دوا هەڵبژاردنیشدا کەمتر لە ٥٪یان بەدەست هێنا و بەمەش گووتارەکە گەر "بیلقووە" هی ئەوان بێت ئێستا "بیلفیعل" هی وان نییە، بەڵام سەرکۆماری نوێ لە وتارەکانیدا نایشارێتەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بەم نەرمە سیاسەتە هەیە بۆ ئەوەی لە قەیرانی ئابووریی(لاوازی و هەڵایسان)، سیاسیی(ئاسایشی ئێران و دابڕانی ئێران لە دراوسێیان و جیهان) و خزمەتگوزاریی نێوخۆیی(کێشەی بژێوی، کارەبا و ئاو و مەسکەنی هاوڵاتییان) دەربازی ببێت. ڕەفتاری ئێران بەر لە مێزی دانوستاندن واشنتۆنی سەردەمی بایدن (بە سەردەمی ترەمپ و ئۆباماشەوە)، هیچکات نەیانوویستووە و نەشیانووت کە دەیانەوێت سیستەمی سیاسیی ئێران هەرەس پێبهێنن و لەناوی ببەن، بەڵکو هەردەم داوای چاککردنی ڕەفتاریان لێ کردووە و دەکرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، سیاسەتی کوتەک و گێزەر لەبەرچاو گیراوە: یان "هەل و ئیمتیاز" دراوەتە ئێران بۆ سازان و نەرمی¬نواندن (وەک سەردەمی ئۆباما)، یاخود تەکنیکی زۆرترین فشار لەسەر تاران، کە ئەمەی دووەمیان تەکنیکی ترەمپ بوو و تا هەنووکەش پاشماوەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران بەردەوامن و هەموو هەوڵێکی ئێرانیش لە چوارساڵی دووەمی ڕۆحانییەوە تا هەنووکە بە ڕئیسیشەوە بۆ کەمکردنەوە ئەو فشارانەیە، بەڵام واشنتۆن ئەو فشارانەی وەک کارتی نوێ هێناوەتە سەرمێز و بەر لە گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی داوای چاکسازیی ڕەفتاری لە ئێران لە عێراق و لوبنان و یەمەن دەکات. کابینەیەکی پڕ لە سوپایی و بناژۆخواز ئەوەی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا کۆسپی بەردەم ڕۆحانی بوو بۆ دانوستاندنی واقیعی: ١. بناژۆخوازەکانی نێو سیاسەت و دامەزراوەکانی نێو دەوڵەت بوون و درێغییان نەکرد لە تێکدانی هەرچی ئەوەی ڕۆحانی سەرکۆمار و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کردبوویان، دواجار هەر ئەوانیش بوونە ڕێگر و نەیانهێشت ئەوەی پێویست بوو لەدوا نەفەسەکانی کابینەی دووەمی ڕۆحانیدا، لە نەمسا بێتەبەرهەم و بە هەڵواسراوی پرسەکە مایەوە. ٢. سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە ئەوان زۆرجار نەک ڕازی نەبوون، بەڵکوو هەم لە ئابووری وڵات و هەم لە سیاسەتی دەرەکیشدا کۆسپ بوون بۆ ڕۆحانی و بگرە زۆرکات لە بری ئەو سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی خۆیان لەبری حکومەت جێبەجێ دەکرد و نەک بەرپرسیارێتیشیان هەڵنەدەگرت بەڵکو هەڵە و کەسرییەکانیشیان خستە ئەستۆی بێتوانایی کابینەکەی ڕۆحانی کە تێکەڵەیەکی ئەجێندای ڕیفۆرمیستەکان و بەرژەوەندیگەراکان و بناژۆخوازە میانڕەوەکان بوو. ئێستا ئەوەی نوێیە لەم دۆسێیەدا ئەوەیە، کە هەم بناژۆخوازەکان و هەم سوپاییەکان ئیدی خۆیان حکومەتن،  چونکە لە کابینەی پێشنیارکراوی رەئیسیدا سەرجەم وەزیرەکان لەم دوو باڵە هەڵبژێردراون. بەڵام ئایا دەتوانن وەک جاران هەر ڕەتکەرەوە و ڕێگر بن؟ لەو کابینە ١٩ وەزیرییەی کە ڕەئیسی پێشکەشی کردووە، زۆرینەیان لەوانەن کە هەمیشە هەڵوێستی دژە ئەمریکا و دانوستاندنیان هەبووە و سیانیشیان لە لیستی سزاکانی واشنتۆندان، لەوەش زیاتر هەرچی وەزیرەکانی دەرەوە و نێوخۆ و ئابووری و بگرە ڕێگاوبان و پەروەردەشە لە بناژۆخوازە توندڕەوەکان و وەک دەزگاش هەندێکیان بە ئەندامی سوپای پاسداران و کۆڵەکەی فەیلەقی قودسی دەرەوەی ئێران هەژمار دەکرێن! سیناریۆکان رەئیسی ئێستا لەبەردەم سێ سیناریۆی سەختدایە:  ١. بەرگریکردن و ئامانجگەراییخوازی  کە پابەندبوونە بە دروشمی بناژۆخوازەکان، ئەمەش ڕەنگە سیستەمی ئێران بە بەهێزی و سازشنەکردن نمایش بکات و لە نێو جیهانی شیعەی دەرەوە بەهێز بنوێنێت، بەڵام بەهۆی سزاکان و کەمتوانایی خزمەتگوزاریی لە خەڵک دوورتر دەکەوێتەوە و ناڕەزایەتییەکان زیاتر گەشە بکەن. ٢. چاوشارکێی دبلۆماسی:  کە بریتییە لە هێشتنەوەی ئێران وەک دۆخی ئێستای نیمچەدانوستاندن و نیمچە بەرگریکردن، گەر ئەمە بچێتە پێشەوە باشترین سیناریۆیە بۆ حاڵی حازر (کەمترین زیان)، بەڵام ئایا زەمان و زەمینەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەروا دەمێنێتەوە کە ئێران ئەم چاوشارکێیەی تێدا بکات؟ ٣. سازش لەدەرەوە و پاکسازیی نێوخۆیی: کە بریتییە لەوەی وەک تەکنیک و ناچاری لە سیاسەتی دەرەوەدا کرانەوە ئەنجام بدات و سازش لە درووشمدا بۆ واقیع بکات. بەمشێوەیە هەلێک وەردەگرێتەوە بۆ بوژانەوە و لادانی سزاکان و لەبەرامبەردا هەم بە گێزەر و هەم بە کوتەک ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک دامرکێنێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ گەڕێکی نوێ (بەڵام سەختە بەدیهاتنی). بۆیە لەم سێ سیناریۆیە زیاتر دانەنرا، چونکە سیستەمی سیاسیی و دەوڵەت و دەستوورەکەی ئێران تەنها ڕێگەی یەکێک لەمانە دەدات و بەم دۆخەی ئێستا و بەم کابینە و گوتار و بەم ستوونانەی دەسەڵاتەوە، هەر ئەم سیناریۆیانە ئەگەری جێبەجێبوونیان هەیە، نەک چاکسازیی ڕیشەیی و گۆڕینی دەستوور و ئاشتبوونەوەی تەواوەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا  و هاوسێیاندا.    بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران  


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ.  لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت. لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن. نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیدارییان ئاراستەدەکات. بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە. ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.


راپۆرت: درەو پرسی ژەهرخواردنەكە هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ لە پرۆسەی ژەهرخواردكردنیدا بەكارهێنراوە، هەمان ئەو ماددەیە كە ساڵی 2004 بۆ لەناوبردنی ڤیكتۆر یۆشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكرانیا بەكارهێنراوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ ئەم بابەتە لەبەردەم دادگاكانی دەرەوەی وڵاتیش دەسەلمێنم، لاهور شێخ جەنگیش بابەتی ژەهرەكە بە "یارییەكی منداڵانە" ناو دەبات‌و لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە، دیار نییە چارەنوسی ئەم كەیسە لە دادگا یەكلادەكرێتەوە یان لەناو یەكێتی یاخود لە چوارچێوەی ماڵی تاڵەبانیەكاندا، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری كەیسی ژەهرخواردنەكە بڵاودەكاتەوە.  مانگێك دوای 8ی تەموز مانگێك تێپەڕی بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتیدا، روداوگەلێك كە ناونیشانە گەورەكەی پرسی "رەهژخواردكردن"ە، بەڵام لەژێریدا چەندین ململانێ‌و كێشمەكێشی تر هەن.  بەهانەی رووداوەكانی ئەمدواییەی یەكێتی پرسی ژەهرخواركردنی (بافڵ تاڵەبانی) هاوسەرۆكی یەكێتییە، ئەم بابەتە كە وەكو سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) ئەژماردەكرێت، تائێستا لەناو كۆبونەوە تایبەتەكاندا باس دەكرێت‌و میدیای فەرمی‌و بەرپرسانی یەكێتی وردەكارییەكەیان بۆ رایگشتی نەخستوەتەڕوو.  ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی بەردەوام خەڵك‌و كەسایەتییەكان بانگهێشتی "دەباشان" دەكات‌و چیرۆكی ژەهرخواردنەكەیان بۆ دەگیڕێتەوە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە سەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە لە ژمارەیەك لەو كەسانەوە دەستیكەوتووە كە سەردانی "دەباشان"یان كردووە، بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە چیرۆكی ژەهرخواردنەكەی بۆیان گێراوەتەوە بەمش شێوەیە.   چیرۆكەكە لەزاری بافڵ تاڵەبانییەوە رۆژی 24ی حوزەیران بوو (واتە دوو هەفتە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز)، ئەو رۆژە پێنج شەممە بوو، من رۆژانی هەموو پێنج شەممەیەك تەرخان دەكەم بۆ كاتبەسەربردن لەگەڵ منداڵەكانم (هێرۆ-  كۆبان). ئێوارەی ئەو رۆژە میواندارییەكم رێكخست لە باخەكەم لە "مێرگەپان"، ئەم میواندارییە بۆ ئاشتەوایكردن بوو لەنێوان (پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسكەری)‌و (پۆڵاد شێخ جەنگی)، ماوەیەك بوو كێشە لەنێوانیان هەبوو. (پۆلۆ راوێژكاری بافڵ تاڵەبانییە، پۆڵاد برای لاهور شێخ جەنگییە‌و تا ساتی روداوەكە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی بووە). بۆ ئەم میواندارییە، (لاهور شێخ جەنگی)‌و (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)م بانگهێشت كرد، پۆلۆ و پۆڵادیش لەوێ بوون. لەم دانیشتنەدا من ماددە كحولییەكانم نەخواردەوە، بۆیە شەربەتێكی سروشتی پرتەقاڵیان بۆ هێنام، قومێكم لە شەربەتەكە خواردەوە، پاشان رۆیشتم بۆ لای منداڵەكانم لەژوورەوە، چونكە هاوسەرم لەوێ نەبوو، منداڵەكانم داپۆشی‌و گەڕامەوە، قومێكی ترم لە شەربەتەكە خواردەوە، هەستم كرد تامی گۆڕاوە، پێم وتن ئەم شەربەتە زۆر ناخۆشە، دیارە شتێكتان تێكردووە، خەیاڵم بۆ ژەهر نەچوو، پێموابوو كحولیان تێكردووە، پێكەنین‌و پێیان وتم هیچ نییە بیخۆرەوە، پاش ماوەیەك هەستم بەوە كرد سەرمامە، توشی لەرز بووم، قەمسەڵەیەكم لەبەركرد، دۆخم خراپتر دەبوو، بە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵم وت من وەزعم باش نییە، شاڵاو وتی با بڕۆین، لەم كاتەدا لاهور باوەشی پێدا كردم، بە زمانی ئینگلیزی پێی وتم"بای بای ئامۆزا"، ئەم شێوازە خواحافیزیكردنەی لاهور گومانی لای دروستكردم، چونكە چەندجارێك باوەشی پێداكردم، وەكو ئەوەی بیەوێت بەیەكجاری ماڵئاوایم لێ بكات ! ژەهری "دایۆكسین" دوای كۆتایهاتنی میواندارییەكە، چەندجارێك توشی رشانەوە هاتم، نامەم بۆ هاوسەرەكەم ناردو پێم وت" من دۆخم خراپە، ناتوانم ئاگام لە منداڵەكان بێت" نامەشم بۆ پزیشك نارد، پاشان چومە گەرماو، لەوێ ئاگام لەخۆم نەما، بێهۆش كەوتم، كاتێك بەئاگاهاتمەوە، لە نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) بووم، فاخر شێخ تەیب‌و برایەكی كە خاوەنی كۆمپانیای قەیوان‌و نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)ن، لەوێ ئامادەبوون‌و بارودۆخی منیان بینی، (هەندێك لە گێڕانەوەكان دەڵێن ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگای زانیاریش لە نەخۆشخانە بووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی)، دەركەوت من ژەهرخوارد كراوم بە ماددەیەك بەناوی "دایۆكسین"، ژەهرەكە كاریگەری لەسەر دڵم دروستكردبوو، (12) بوتڵ ئاویان بۆ هەڵواسیم، پزیشكەكە پێی وتم بەهیچ جۆرێك نابێت بخەوێت، دەبێت بەپێوە رابوەستی، چونكە بارودۆخی دڵت زۆر خراپە، هەندێك چارەسەریان بۆ كردم، پاشان سامپلی خۆم نارد بۆ روسیاو بەریتانیاو ئەمریكاو سوید، ئەنجامی هەموو پشكنینەكان دەریاخست ژەهرخوارد كراوم، ئیتر كە ئەم دۆخە رویدا، تەلەفۆنم بۆ قوبادی برام كرد لە هەولێر بگەڕێتەوە، كە گەڕایەوە باسی بارودۆخەكەم بۆ كرد، هاوكات لەگەڵ ئەمەدا كەسێكمان لە "دەباشان" گرت كە سیخوڕی كردبوو بە سەرمانەوە، ئەو كەسە كوڕە شەهیدێك بوو كە ماوەی (18 ساڵ) بوو لەگەڵ ئێمەدا بوو، دوای ئەوەی كە بانگمان كرد، دانی بەوەدا نا سیخوڕی بۆ دەزگای زانیاری كردووە.  ئیتر دوای ئەم روداوانە بڕیارماندا گۆڕانكاری لە دەزگای زانیاریدا بكەین، كاتێك رۆیشتین بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە دەزگادا بكەین، (محەمەد تەحسین تاڵەبانی)مان هێنا كە بەرپرسی دەزگا بوو، ئەو رۆژە (رەنج شێخ عەلی) جێگری سەرۆكی دەزگا لەوێ نەبوو، لە بارەگای دژەتیرۆر بوو، رۆشتن لەوێ هێنایان (محەمەد تەحسین برای ئاڵا تاڵەبانییە، رەنج شێخ عەلی خوشكەزای لاهور شێخ جەنگییە). كە قسەمان لەگەڵ (محەمەد تەحسین)‌و (رەنج شێخ عەلی)دا كرد، یەكسەر وتیان" ئێمە تەنیا ئەمرمان جێبەجێ كردووە"، پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا كرا، رەنج وتی" ژورەكەم لە دەزگا كلیل دراوە، بڕۆن كلیلەكە ببەن‌و بیكەنەوە، لەناو سەلاجەكەمدا شتێكی تێدایە بیهێنن"، ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگا چوەتە ژورەكەی رەنج شێخ عەلی، ژەهرەكەی لەناو سەلاجەكەدا دۆزیوەتەوە، هەموو ئەم دیمەنانەشی بە كامێرا وێنەگرتووە (تا ئەم ساتە ئەژی ئەمین كە برای موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، ماوەی چەند مانگێك بووە بەهۆی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاو كەسانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دورخراوەتەوە). دوای هێنانی ژەهرەكەی دەزگا، بۆمان دەركەوت هەمان ئەو ماددەیە كە دەرخواردی من دراوە، رەنج ناوی دوو كەسی ئاشكراكرد كە ئەوان ئەو دەرمانەیان لە دەرەوەی وڵات هێناوە‌و رادەستی ئەویان كردووە، رەنج‌و محەمەد تەحسین بە نوسین‌و لەبەردەم كامێراشدا دانیان پێدا ناوە. ئێستا هێشتا كاریگەری ژەهرەكە لەسەر جەستەم ماوە، ناتوانم وەرزش بكەم، ئەو ژەهرەی كە بە من دراوە، جۆرێكە لە هندستان ئەو خەڵكانە دەیخۆن كە دەیانەوێت خۆیان بكوژن. من ئامادەم بابەتی ژەهرخواردكردنم نەك لە دادگاكانی كوردستان، لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات (بەریتانیا) بسەلمێنم، بۆ ئەوەی نەوترێت دادگاكانی سلێمانی لەژێر هەژمونی مندایە. ئێستا من ناتوانم بیسەلمێنم لاهور شێخ جەنگی خۆی ژەهرەكەی كردوەتە ناو شەربەتەكەوە بۆم، بەڵام دەزانم هێنانی ئەو ژەهرە لەژێر چەتری ئەودا بووە.  لاهور شێخ جەنگی چی دەڵێ ؟ لاهور شێخ جەنگی كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لەژێر چەتری ئەودا ژەهرخوارد كراوە، بەتەواوەتی چیرۆكەكەی بافڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە، تا ئەو رادەیەی بە "گاڵتەجاڕی"‌و "یارییەكی منداڵانە" ناوی دەبات.  لاهور شێخ جەنگی بەفەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا داوای لێكۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە دەكات، لە دادگاش لەسەر ناوزڕاندنی لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای تۆماركردووە، سەرباری ئەمەش بەمەرجی ئەوە دەسەڵاتەكانی رادەستی هاوسەرۆكەكەی تر كردووە، تا لیژنە پێك بێت لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی تۆمەتی ژەهر خواردنەكە.  سەرباری ئەمە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رەنج شێخ عەلی كە دوای ئازادكردنی گەڕاوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، لە بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە‌و تۆمەتباری كردووە بەوەی لەژێر فشارو هەڕەشەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە.  كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باس لەوە دەكەن، بەر لە دانیشتنەكەی "مێرگەپان" بافڵ تاڵەبانی ئامادەكاری كردووە بۆ گۆڕانكاری ئەمنی‌و (وەهاب هەڵەبجەیی) بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆری بەلای خۆیدا راكێشاوە‌و تەنیا دەزگای زانیاری ماوە كە كۆنترۆڵی بكات، لەرێگەی بانگەشەی ژەهرخواردكردنەكەشەوە ئەو دەزگایەی كۆنترۆڵ كردووە، بۆیە پرسی ژەهرخواردنەكە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو "كودەتا"یە كەبەسەر دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگیدا كراوە.  لەنێوان دادگا‌و حزب‌و خێزاندا سەرەتا بڕیاربوو هەردوو هاوسەرۆك كێشەكانیان لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنەوە ببەنە بەردەم دادگا حكومییەكان، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای حزبەكەیان (سەركردایەتی) نەیتوانی كۆببێتەوە‌و بڕیار لەسەر كێشەكە بدات، بەمدواییە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت ئەوەی رویداوە كێشەیەكی خێزانییە‌و كوڕانی مام جەلال‌و شێخ جەنگی (ئامۆزاكان) لەچوارچێوەی خێزانەكەیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدان‌و ئێستا كەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.    ژەهرەكەی بافڵ تاڵەبانی‌و ڤیكتۆر یوشینكۆ ! ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی ناوی هێناوە گوایە لە پرۆسەی ژەهرخواردكرنیدا بەكارهێنراوە، ماددەی (دایۆكسین- dioxin)ە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەكارهێنانی ئەم ماددەیە بۆ مەبەستی ژەهرخواردكردن لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە كەوتوەتە ناو بواری پزیشكییەوە‌و پێشتر بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێنراوە.  ساڵی 2004 (ڤیكتۆر یوشینكۆ) خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئۆكرانیا كاندید كرد، ئەم پیاوە سەرۆكایەتی هەوڵێكی دەكرد دژی هەژموونی روسیا لە ئۆكرانیا، پێگەی جەماوەری زۆر بەهێز بوو، ئەوكات (ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ) سەرۆكایەتی ئۆكرانیای دەكرد كە لایەنگری روسیا بوو. ركابەرییە سیاسییەكە لەو سەردەمەدا زۆر بەهێز بوو، هەردوولا هەموو هێزی خۆیان بۆ خستنی یەكتر بەكارهێنا، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆخی تەندروستی (یوشینكۆ) تێكچوو، كاریگەریی نەخۆشییەكە لەسەر دەموچاوی دەركەوت، رەوانەی نەخۆشخانەیەك كرا لە (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا، لەوێ پزیشكەكان رایانگەیاند یوشینكۆ بە مادەی "دایۆكسین" ژەهرخوارد كراوە. یوشینكۆ ئەوكات باسی لەوەكرد، بانگهێشتی ئێوارەخوانێك كراوە بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی سیاسی نوێ لەماڵی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئۆكرانیا، ئەو بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی تەنانەت پاسەوانەكانی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ ئێوارە خوانەكە، بەڵام دوای ئەو نانخواردنە دۆخی تەندروستی تێكچووە، پزیشكە نەمساوییەكان باسیان لەوە دەكرد ئاستی ماددەی (دایۆكسین) لە خوێنی یوشینكۆدا هەزار هێندە لە بڕی ئاسایی ئەو ماددەیە لە جەستەی مرۆڤدا زیاترە. دوای ئەم رووداوانە، سەرۆك یانۆكۆڤیچ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە، لایەنگرانی یوشینكۆ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پرۆسەیەكی ساختەكاری گەورە رویداوە، خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، ئەمە لە مێژووی ئۆكرانیادا ناوی لێنرا "شۆڕشی پرتەقاڵی"، شۆڕشەكە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی حكومەتیان ناچاركرد ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێنێتەوە، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، ئەمجارەیان یۆشینكۆ هەڵبژاردنەكەی بردەوە‌و بوو بە سەرۆكی ئۆكرانیا.  دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، رەخنە لە شۆڕشەكەی یوشینكۆ دەستی پێكرد، تۆمەتباریان كرد بەوەی ئامانجەكانی شۆڕشی بەدی نەهێناوە‌و لەناو گەندەڵیدا نقوم بووە، ساڵی 2010 كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتی یوشینكۆ هات‌و سەرلەنوێ ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ دەسەڵاتی گرتەوە دەست.     


شیكاری: درەو پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە دابەشبوون بەسەر؛ (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار) دینار. پارێزگای هەڵەبجە  کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە ڕێژەی (5.7%)ی کۆی پرۆژەکان و بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار کە دەکاتە ڕێژەی (2.8%) کۆی خەرجییەکان.   یەکەم؛ پرۆژە خزمەتکوزارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (434 ملیار و 369 ملیۆن) دیناری بۆ (279) پرۆژەی جیاواز لە بواری وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، لە بوارەکانی (رێگاوبان، سایلۆ، بەنداو، ئاوو ئاوەڕۆ، کارەبا، یەکەی نیشتەجێبوون ...هتد)، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێم کوردستان، لە پارێزگای هەولێر (108) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (39) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (116) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (16) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (1) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، گۆڕانکاری بە دروست دەبێت و لە کۆی (279) پرۆژە (147) پرۆژەیان بە ڕێژەی (53%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (132) پرۆژەیان بە ڕێژەی (47%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بە هەمان شێوە کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (434 ملیار و 369 ملیۆن)دینارە، (228 ملیار 517 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (205 ملیار و 852 ملیۆن)  دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (1))   دووەم: پرۆژە جۆراو جۆرەکان هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار و 712 ملیۆن) دیناری بۆ (167) پرۆژەی وەزارەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژەکان بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (58) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (25) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (73) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (11) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (2) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، تا ڕادەیەک جۆرێک لە هاوسەنگی بە دروست دەبێت و لە کۆی (167) پرۆژە (83) پرۆژەیان بە ڕێژەی (49.7%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (84) پرۆژەیان بە ڕێژەی (50.3%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە.  بەڵام کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، بەڵام (219 ملیار 979 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (193 ملیار و 733 ملیۆن)  دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) سێیەم: پەرەپێدانی پارێزگاکان بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە پەرەپێدانی پارێزگاکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی (20 ملیار و 657 ملیۆن) دیناری بۆ (112) پرۆژەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژانە بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (50) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (14) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (43) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (5) پرۆژە هەبووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (3) پارێزگای هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، ئەو ڕاستییە بەدیدەکرێت کە زۆرترین پرۆژەیان لە زۆنی زەرد و زۆرترین خەرجیشی لە زۆنی سەوز بوو، بە جۆرێک لە کۆی (112) پرۆژە (64) پرۆژەیان بە ڕێژەی (57.14%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (48) پرۆژەیان بە ڕێژەی (42.86%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە.  کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، (8 ملیار 538 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (41.33%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (12 ملیار و 119 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (58.67%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چوارەم: کۆی گشتی پرۆژەکان پاڵپشت بەو ئامارانەی سەرەوەو بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان بێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە. دابەشبوون بەسەر (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار و 336 ملیۆن) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار و 698 ملیۆن) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار و 606 ملیۆن) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) و (چارتی ژمارە (4))  


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) دوێنی، ڕۆژی شەمە، ڕێکەوتی ٧ ی ئابی ٢٠٢١،  تیمی پارێزه‌رانی زیندانیکراونی بادینان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرایانکرد کە ‌ ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە ده‌ستگیركراوه‌كانی بادینان ھەم ”ئه‌زیه‌تی زۆر“ ده‌درێن و ھەم  ”فشاریێکی زۆریان خراوەتەسەر“. ھاوکات مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکرێت و مافە ھەرە سەرەتاییەکانیان پێشێلدەکرێت. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ” بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەمو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت“. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ”هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش“ لە ھەولێر و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا دەکرێت، بە پێی یاساکانی ھەرێم خۆشی تەواو نایاسایی و نائینسانییە. تیمی پارێزەرەکان داوای بەپیرەوەچونیی بەیاننامەکەیان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بەیاننامەکەیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فراكسیونه‌ جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.  یاداوەریی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە لەگەڵ ئەم سیستمە سوڵتانییە حوکمڕانەدا یاداوەرییەکی بریندارە. پڕیەتی لە تاوان و بێڕێزیی فرەجۆر، لە پێشێلکردنی ڕۆژانەی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە شکاندنێکی سیستماتیک و بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئەم دەڤەرە. دەیان و سەدان نموونە ھەن نیشانی ئەدەن ئەم کۆمەڵگایە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانییدایە کە سەرجەمی کۆمەڵگاکە وەک موڵکی شەخسیی خۆی دەبینێت و ھەموو دانیشتوانەکەشی بە بارمتە گرتوە، ھەرچیەکیشی لە توانادابێت بۆ بەردەوامیدان بەم موڵکایەتییە تایبەتە و بەم توانای بە بارمتەگرتنە، ئەنجامیئەدات. ئەوەی بەرامبەر بە دەستگیراوەکانی بادینان دەکرێت ھەڵقەیەکی تازەی ئەم سیاسەتی بەردەوامیدانەیە. ئەوەی دەیبینین نمایشی دەسەڵاتە بۆ تواناکانی زەلیلکردن و ئیھانەکردنی کۆمەڵێک لە ھاوڵاتییەکانی. ھاوڵاتیانێک، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی بواری یاسایی، لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا، باس لە بێتاوانیی ئەوان و نەبوونی بەڵگە بۆ سزادانیان دەکەن. خودی گرتنەکەیشیان وەک کردەیەکی بە مەبەست و وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەی شەخسیی دەناسێنن. ئەم نمایشە نوێیە بۆ نیشاندانی تواناکانی ئیھانەکردن، نمایشێکە ھەم  بە بەرچاوی سەرجەمی ھێزە سیاسییەکانی ناو کوردستان و ھەم  بە بەرچاوی دونیای دەرەوەی کوردەوە ئەنجامئەدرێت. چەندین ڕێکخراوی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و چەندین گروپی بەرگریکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی جیھانی، چەندان ھێزی سیاسیی گەورەی دونیا، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم نمایشکارییە ترسناک و وێرانکەرن. بەڵام ئەوەی دەیبینین بێباکیی تەواوی سیستمە سوڵتانیەکەیە بەرامبەر بە سەرجەمی ئەم ناڕەزایاتییانە و مامەڵەکردنیانە وەک نەبوویەک. ھەمووشی لەژێر ناوی دروشمێکی کۆمیدیی و ساختەدا کە ناوی ”سەربەخۆیی دادگا“ و ”بێلایەنی دەزگاکانی حوکمڕانیی“ لێنراوە.  لە پشتی ئەم بێباکییە نابەرپرسیار و ئەم فۆرمە لە کەلەڕەقیی سیاسیی و نەفسیی خۆکوژانەوە، عەقڵیەتێک ئامادەیە باکی بە وێرانبوونی وڵاتەکە و وێرانبوونی ژیانی سەرجەمی دانیشتیوانەکەی، نییە.  ئەوەشی لە ھەرێمدا حوکمڕانە تەنھا فۆرمێکی ترسناک لە کۆنترۆکردنی دەزگایی و سەربازیی و ئەمنیی و حیزبیی وڵاتەکە نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیای نارسیستیی تەواو نەخۆشیشە، کە جگە لە خواستە سەرەتایی و مەیلە سادیستییەکانی خۆی، شتێکی تری پێنییە، ئاراستەی فۆرمی حوکمڕانییەکە بکات. درێژەدان بەم ئیھانەکردنە ئاشکرا و بەردەوامەی ئەمڕۆکە و پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، تێکەڵ بە کەڕبوونێکی سەرتاسەریی بەرامبەر بە سەرجەمی ناڕەزایاتییە ناوەکیی و دەرەکییەکان، ئەو مەترسیی و ستراتیژە ترسناکەیە یەخەی ئەم ھەرێمە و مرۆڤەکانی ناوی گرتوە. چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەیسی دەستگیراوەکانی بادینان نموونەیەکی بەرجەستەی چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە، کە مەترسییەکانی بەزۆر مانا لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر نییە. مێژووی سەدەی بیستەم نیشانیداین کە زۆرجار ڤایرۆسی سیاسیی زۆر لە ڤایرۆسی بایۆلۆژیی ترسناکتر و کوشندەترە. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand