مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقییەی لە ھەرێمدا سەروەرکراوە، ئیستیقالەکردنە لە ڕەخنەگرتن لە خود خۆی، سەیرنەکردنی ڕەخنەگرانەی خود خۆی و تاوانبارکردنی ئەوانیترە بەوەی ھەیە و لەئارادایە. ھەڵواسینی ھۆکاری کێشە و قەیران و ناشیرینییەکانی ناو ھەرێم بە کەسانیتردا، ئەو تەکنیکە ئاسانەیە کە لە زیاد لە ئاستێکدا ئامادەیە و لەناو زیاد لە بوارێکدا کاردەکات. ئەم دۆخەش دروستکردنی ڕستێکی درێژ لە ناحەز و دوژمنی دەرەکیی و ناوەکیی لێدەکەوێتەوە کە ھەرجارەو ناوێکیان لێدەنرێت. لە پشتی ھەموو ئەمانەشەوە پاکژ و بێگەرد ڕاگرتنی وێنەی خود خۆی ئامادەیە، کە گوایە ئەو ناحەزە دەرەکیی و ناوەکییانە کاریان تێکدانی ئەو ”پاکژیی“ و ”بێگەرد“بوونە ئەبەدییەیە. ڕەوتی مێژوویی تۆمەتبارکردنی ”ئەوانیتر“ زۆر فروانترە لەوەی تەنھا لەناو ھەرێمدا نیشتەجێبکەین، زیاد لە سەدەیەکە لەم ناوچەیەدا ئەم دۆخە باڵادەستە. ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی ئەم ناوچەیە ڕۆێکی گەورەیان لەم گەمەی داتاشینی ناحەز و دوژمنە ناوەکیی و دەرەکییەدا، بینیوە. تاوانبارکردنی ئەوانیتر و نیشاندانیان وەک پیلانگێڕ و شێوێنەر ھەم ڕەگەزێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمە، ناسیۆنالیزم لە ھەموو شێوەکانیدا، لە شێوە چەپگەر و ڕادیکاڵەکانییەوە بۆ شێوە ڕاستڕەوەکانی، ھەم کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئایدیلۆژیای ئیسلامیزم، یان ئیسلامی سیاسییە، بە ھەموو باڵەکانییەوە. بەشێکی گەورەی ناسیۆنالیستەکان و ژمارەیەکی گەورەی ئیسلامییەکان لەم ستراتیژیەتی تاوانبارکردنی ئەوانیترەوە، ئاڵاون. لەباتی ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەییەوە سەیری ئەو سیستمی بەھا و نۆرم و ئەخلاقیاتە بکەن کە لە پشتی وێناکردنی ئەوانەوە بۆ دونیا ھەیە و ئامادەیە، ھەمیشە سەیری شتێکی دەرەکیی دەکەن و ھێرشدەبەنە سەر ئەو ھێزە دەرەکییە. جارێک خۆرئاوا، جارێک کاپیتالیزم، جارێک عەلمانیەت، جارێک کولتورە نامۆکان، جارێک کۆلۆنیالیزم، جارێک کۆلۆنیالیزمی نوێ، جارێک ئیسرائیل و جارێک ئەمریکا، ھتد...تاوانباردەکەن، کاتێکیش دادەبەزن بۆ ئاستی ناوخۆ، جارێک ئەم یان ئەو ڕۆشنبیر و ڕێبازی فیکریی، جارێکیتر ئەم یان ئەو پارتی سیاسیی، جارێکیتر ئەم یان پیلانی دوژمنکارانەی کەسانێک کە لە دەرەوە ئاراستەدەکردێن، تاوانباردەکرێن. لە دواھەمین ڕووداوی کارەستائامێزی دونیای ئێمەشدا، ڕووداوی کوشتنی ماریا لە ھەولێر، ڕێکخراوەکانی ژنانیان تاوانبارکران. لە ھەموو ئەم دۆخانەدا لەباتی ڕاوەستانێکی ڕەخنەگرانە و پشکنینێکی ڕاستەقینەی دونیای خۆمان وەک دونیایەکی پڕ لە ناشیرینیی، لە سیاسیی ناشیرنەوە بیگرە بۆ ڕۆشنبیر و مەلای دینی و واعیزیی ئەخلاقیی ناشیرین، لەباتی ھەڵکۆڵینی بنەما جیاوازەکانی ئەو ھەموو توندوتیژییە مادیی و ڕەمزییەی لەو کۆمەڵگایەدا ھەیە و ئامادەیە، پەنا بۆ چارەسەرە ھەرە سادە و ھەرە ھەڵەکە دەبرێت: تاوانبارکردنی ئەوانیتر. ھەر لە پەیوەندیدا بە کوشتنی ماریاوە لەمڕۆدا و کوشتنی ماریاکان لە ڕابوردودا و کوشتنی ئەو ماریایانەی تریشەوە کە لە ئایندەدا دەکوژرێن، ئەو پرسیارەی پێوسیتە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا چ شتێکە وادەکات ئەو ھەموو ژنە لە دونیای ئێمەدا بکوژرێت؟ چی وادەکات ژن وەک بوونەوەرێکی کەمنرخی پلە دوو و پلە سێ سەیربکرێت؟ چ شتێک ئەو مافە بە پیاو دەدات بەو ئاسانییە کۆتایی بە ژیانی خوشک و دایک و ھاوسەرەکانیان بھێنن؟ لە کوێی دین و ئەخلاق و سیاسەت و فەرھەنگدا ئەو باروتە شاراوەیە بگەڕێین کە بەو ئاسانییە بەڕووی ئافرەتاندا دەتەقێنرێتەوە؟ چ جۆرە عەقڵیەت و خەیاڵ و وێناکردنێکی کۆمەڵایەتیی ژێرخانی ئەو ھەموو کوشتنە دادەڕێژێت؟ کام ڕوانین بۆ پیاوبوون و ژنبوون، کام دید بۆ ژیانی شەخسیی و ئازادیی، کام ڕوانین بۆ تاکەکەسبوون و سەربەخۆیی، کام تێگەیشتن بۆ جەستە، کام مانا بۆ ئەخلاق بەرپرسە لەم کوشتارە؟ بە ڕادەی ئەمانەش گرنگ ئەوەیە لەو دونیا تازەیە تێبگەین کە دروستبووە و ئینسنای ئێمە، بە تایبەتی نەوە گەنجەکان، کەوتونەتە ناوییەوە. تەحەدا و ئەگەرەکانی ئەو دونیا تازەیە کامانەن و مرۆڤی ئێمە چۆن دەتوانێت لەناویدا وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت بژیی؟ ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ڕووئەدات پشتگوێخستنی ئەو کارە سەرەکییانە و ئەنجامدانی پێچەوانەکانیانە، لەباتی پشکنینی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسکران و دۆزینەوەی ئەو دید و ڕوانین و نرخاندنە ترسناکانە بۆ کولتور و دین و ئەخلاق و مرۆڤ، کە شەڕانیی و نائینسانیی و وێرانکەرن، کە مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر، ژن لە پیاو، گەورە لە بچووک، ھەژار لە دەوڵەمەند، بە کەمتر یان بەرزتر دادەنێن، لەباتی ئەوەی لەوە تێبگەین کە ڕۆژگار و سەردەمە نوێیەکان پێویستیان بە پەیوەندیی و ئەخلاقیات و تێگەیشتنی نوێ بۆ مرڤبوون و بۆ دین ھەیە، لە جێگای ئەوەی سەربنێین بەسەری یەکەوە و ھەوڵبدەین ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو ھەموو قەیرانە گەورانە بدزۆینەوە، کە ئەو ھەموو کوشتن و سوکایەتیپێکردن و کەرامەتشکاندنەی لێدەکەوێتەوە. دەڵێم لەباتی ئەنجامدانی ئەم کارانە پەنا بۆ چارەسەر ھەرە ئاسان و ھەرە ھەڵەکە دەبەین و ”ئەوانیتر“ بە ھۆکاری دروستبوونی کێشەکان تۆمەتباردەکەین، بەمەش ھەم ئەستۆپاکی خۆمان دەسەلمێنین، ھەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە، بەڵام زەحمەتی، کێشەکان ڕادەکەین. لەناو کردەی ئەم ڕاکردن و ئەستۆپاکڕاگرتنەدا بوونەوەرێک ئامادەیە خۆی بە پاکژ و دونیای دەرەوەی خۆی بە پیس، خۆی بە ئیماندار و ئەوانیتر بە بێئمان، خۆی بە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و ئەوانیتر بەبێئەخلاق دەزانێت. کەسێک ئامادەیە بوێری ئەوەی نییە سەیری ئەو جیھانەبکات کە بەدەوری خۆیدا دروستیکردوە، سەریری خۆی بکات چی لەناوخۆیدا دروستکردوە و بووە بە چ کەسایەتییەکی شێواو. لەباتی ئەمانە گەشە بە ڕوانینێکی ھەڵە ئەدات کە پێیوایە ئەم کۆمەڵگایە ھیچ کێشەیەکی نییە جگە لە دروستبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان. ئەو باوەڕەی کە پێیوایە جاران کۆمەڵگایەکی پاکژ و بێکێشەمان ھەبووە و ژنی تێدا ئیھانەنەکراوە، چ جای کوشتنی، باوەڕێکی تەواو خورافییە. شێوازیی مامەڵەکردنی توندوتیژانەی ژنان و کردەی بەکەمتر تەماشاکردن و لەوێوە ئیھانەکردنی ھەمەجۆر و ھەمەلایەنیان، مێژوویەکی درێژیان ھەیە و ھەم نۆرم و بەھا و ئەخلاقیاتی باڵادەست و ھەم دین و ھەم ئەدەبیاتی کۆن و تازەی ئێمە، بەشدارە لە دروستبوونیدا. ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات لەزیاد لە ئاستێکیدا ڕاکێشانی سەردەمە کۆنەکانە، بۆناو ئێستا. کە ئەمە دەڵێم دەبێت ئاگاداری ئەوەبین نەکەوینە ناو ”گوتاری خودنەفرەتی“یەوە. ئێمە پێوستمان بە ڕەخنەکردنێکی ھەمەلایەن و بەرفراوانی فۆرمە باڵادەستەکانی خود ھەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، خودی تاکەکەسیی و خودی دەستەجەمعیی، خودی سیاسیی، خودی ئەخلاقیی، خودی دینیی و خودی ڕەمزیی. بەڵام بەبێ کەوتنە ناو زەلکاوی خودنەفرەتییەوە. ئەمە تاقە دەرچەیەکی مێژوویی و ئەخلاقیی و ئینسانییە لەبەردەمماندا.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) مەرج نییە زیندووکردنەوەی نەورۆز لە هەموو حاڵەتێک و هەموو وڵاتێکدا رۆڵی ئەرێنی ببینێت، ئەوەی ڕۆڵ دەبینێت شێواز و ئەو گوتارەیە کە کاری تێدا دەکرێت و بە چ شێوەیەک کوردانی لەدەور خڕ دەکرێتەوە. بەتایبەت بە هۆی چەندپارچەیی کوردستان و جیاوازی-هاوبەشی شوناسی کورد و نەتەوە هاوسێکانییەوە کە هەمانکات داگیرکاری خاکەکەیین و نەورۆزیش بۆنە و جەژنیانە. بۆیە چەند گرنگە کە نەورۆز جەژنێکی هاوبەش بێت لەو جوگرافیا فراوانەی کە هەیەتی و کوردیش بەو گەلانەوە لەم جەژنەدا دەبەستێتەوە، لەوە گرنگتر بەتایبەت بۆ کورد (کە خاوەن دەوڵەت و هەژموونی فەرمی و هێزی هاوتای وان نییە)، ئەوەیە کە هەم لە واتا و هەم لە شێوازی یادکردنەوەی ئەو جەژنەدا بەرامەی کوردستانێتی پێببەخشرێت و جەخت لەسەر جیاوازییەکانی ئەو رۆژەش لەگەڵ دەوڵەتە پەڕگیرە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی دراوسێدا بکرێتەوە، ئیتر ئەمەش لە ڕێنووسەکەیەوە بیگرە تا دەگاتە دروشم و نەریتەکانی یادکردنەوە، چونکە جۆری نووسین و پیتەکانی، دیسانەوە دەرخەری ئەو جیاوازییە پارێزەرە یان هاوبەشییە سڕەرەوەیەن و دەتوانن پارێزەر یان کاڵکەرەوەی شوناس بن. لە ئێران و تورکیادا کە هەنووکە زۆرترین زەبری سڕینەوەی شوناس لەو دوو وڵاتەوە بەر کورد دەکەوێت، نەورۆز یان یاد نەکرێتەوە یان هەوڵبدرێت ئەو ئەفسانە هاوبەشە نەریتییە فارسی و ئێرانی و تورکی و تۆرانیانەی لێدەربهێنرێت کە ئەنقەست بەکاردەهێنرێن و دەبنە کەرەستەی هەڕەشەی کولتووری و پاسیڤکردنی کوردان. لێرەدایە دبلۆماسییەتی کولتووری و نەرمەهێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵی گرنگتر لە چەک و مێزەکانی دانوستاندن دەبینێت، جا چ لە هاوبەشانە یادکردنەوەیدا، یان لە بایکۆتکردنیدا یاخود لە جیاواز یادکردنەوەیدا بێت. وەک چۆن لە کاتی خۆیدا کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و پیرەمێردی شاعیر و ساڵح دیلان و ...تاد باشترین سودیان بەرامبەر میراتگرانی عوسمانی و عەرەب لێوەرگرت بۆ پارێزگاری لە کوردستان. تەنانەت لە شێوەی نوسینی وشەکەشدا دەبێت پارێز بکرێت لە نووسینی نەورۆز بە شێوەی "نوروز یان Nevroz"، چونکە فارس و تورک بەوشێوەیە دەینووسن و ئەم شێوە نووسینانەش لە دەیان چەمکی دیکەدا بەشێکە لە سیاسەتی نەرمەهێزی کولتوورییان بەرامبەر کورد. نەورۆز، لە کاریگەرییەکەیەوە نەورۆز لە سەدساڵی رابردووی دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناوەندگەرای ئێرانی، تورکی و عەرەبیدا، بەرلەوەی نەریت و روداوێکی مێژوویی دێرین بێت، ئامرازێکی داهێنراو یان رەتکراوەی دەستی گێڕانەوە رەسمییەکانی ئەو دەوڵەتانە بووە، یان وەک شوناس بەکاریانهێناوە(ئێران و تورکیا) یان لەبەر شوناس رەتیانکردۆتەوە(عێراق و سوریا). لەپەنای ئەوانیشدا گەلانی ژێردەستەی وەک کورد (وەک نەتەوە)و عەلەوییەکان(وەک مەزهەب) بەکاریانهێناوە بۆ پارێزگاری شوناسی خۆیان لەبەرامبەر شوناسی زاڵی سەردەستەکانیان، ئەم مۆدێلەیان زیاتر لە تورکیا، عێراق و سوریا بەکارهات. ئێریک هۆبسباوم-ی مێژوونووس، ئەم جۆرە بەکارهێنان و سودوەرگرتنە لە دیاردەیەکی مێژوویی وەک نەورۆز بە "نەریتی داهێنراو" یان "داهێنراوی نەریتی" ناودەبات، بە دەربڕینێکی دی: بیدعەیەکی نەریتییە. گەر لە کۆنتێکستدا بیخوێنینەوە دەردەکەوێت کە سودوەرگرتن لە نەورۆز، هێندەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەیە کەمتر لەبەر هەقیقەتەکەیەتی. ڕیشەناسیی "نەورۆز" ئاڵۆز و ڕای جیای لەسەرە، تەنها لەناو گێرانەوەی کورددا ئەم پەرتەوازەیی و پەسەند و رەتکردنەوەی نەورۆزە نییە، بەڵکو لەناو فارسەکانیشدا دیسان هەڵگری ڕاڤەی جیاوازە، بۆ کوردستانیان و توێژەرانی گرنگە لەو فاکتە بگەن کە مێژوو و پێدراوەکانی؛ بەرلەوەی لە نێوان هەقیقەت/راستی و ئەفسانە/درۆ-دا یەکلابکاتەوە، پێویستە بیر لە گێڕانەوەی مێژوویی و کاریگەریی گێڕانەوەکان بکاتەوە، چونکە ڕوداوەکانی مێژوو، گێڕانەوەکان و جۆری بەربێژەکان (موخاتەب)، شوێنی بەربێژەکانی و بەکارهێنانەکانی لە ناو کام گوتارەدا هەقیقەت و راستێتی و ئەفسانەییبوونی دەچەسپێنن. بۆ نمونە گرنگ نییە ئەفسانەکانی "دێوەکە و رۆمیۆی ئیتاڵیا"، "درەخت و خەوبینینەکەی باپیرانی عوسمانییەکان" و تیروکەوانەکی ئارەشی فارس" ڕاست و واقعیین یان نا، گرنگە تێبگەین کە ئەو روداوانە کاریگەرییەکانیان جێکەوتەی هەقیقییان هەیە و ڕوداوسازن و شوناس و دید و دەستپێکی مێژووی ئیتالیا، تورکیا و فارسەکان پێکدەهێنن، ئەم حیکایەتانە راست بن یان نا، بەشدارن لە کولتوور، ڕەفتار، ئابووریی، دۆخ و شوناسی گەشتیاریی کەسێتی و شوناسی گشتی ئەو وڵاتانەدا و لە جەنگەکانیشدا هاندەر و قەڵغانی نەرم بەرگریی ئەو گەلانە بوون. نەورۆز، ئیسلام، ئارییبوون و نەبوون، میدیا، گوتی، کارۆخی، سۆمەری، سوننیبوون، شافیعییبوون، سەلاحەدین و ئەیوبییەکان، میران، کوردزمانی و جلوبەرگ و تاد، بۆ کوردستان هەروان، دەبێت بیر لە کاریگەریی و وەبەرهێنانەوەی مێژوویی، ئابووری، سیاسی، دبلۆماسی و پارادبلۆماسیی ئەو ڕەهەندانەی شوناسی کوردستان بکرێتەوە، ئەم کەرەستە کولتووریی و نەریتییانە لە جوڵانەوەی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵێکی کاریگەرییان بینیووە و لە دەیان چەک و بزوتنەوەی چەکداری زیاتر پارێزەری مانەوەی کوردستانییان بوون. نەورۆز لە مێژوونووسی و ئەدەبیاتدا لەناو کتێبە مێژووییەکانی مێژوونووسانی کوردستانیشدا، شەرەفنامە کە یەکەم کتێبی مێژوویی "دۆزراوە"ی کوردانە و یەکەمینی دۆزراوەی مێژوونووسێکی کوردە لەبارەی ڕیشەی کوردانەوە دواوە، ئەو ڕیشەی کوردان دەباتەوە سەر رزگاربووانی دەستی زوحاک، بەڵام نەورۆز بە ئاستیاگی پاشای میدیا و کاوەی ئاسنگەرەوە پەیوەستی ناکاتەوە، بەڵکو ئەو ڕۆژە هاوتا بووە لەگەڵ نەورۆزدا کە پێشتر هەر بۆنەیەک بووە. لەناو ئەدەبیاتی نوسراو و شیعری شاعیرانیشدا (سەدساڵی دوایی لێدەرچێت) کەمتر ئاماژە بۆ بەستنەوەی سیاسییانە و ئایدۆلۆژیانەی کاوە و ئاستیاگە بە زوحاک و پەیدابوونی نەورۆزەوە، زیاتر وەک جەژنێکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی سروشت و گەڕانەوەی بەهار باسکراوە. ئەحمەدی خانی(١٦٥١-١٧٠٧) دەڵێ: بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان حەتتا دەگەھیشتە پیر و کالان رۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز تەعزیم ژ بۆمە دەما دل ئەفرۆز مەولوی تاوگۆزی-یش دەڵی: نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن بەڵام بە دەرکەوتنی بزوتنەوەی چەپ و سوودوەرگرتن لە ڕەمزییەتی کاوە و زەحمەتکێشییەکەی، چەپەکان وەک سیمبولی شۆڕش دژی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری بەرهەمیان هێنایەوە، نەک وەک جەژنێکی نەتەوەیی، چونکە لە بنچینەدا ئەوان باوەڕیان بە دۆخی نەتەوەیی و کوردایەتی نییە و تەنها جەژنێک لای وان جەژنی کرێکارانە (یەکی ئایار). گرێیان داوەتەوە بە ئایدۆلۆژیای چەپ و کرێکاری و شۆڕشی سوورەوە، بۆ نمونە ئاوا دەریان دەبڕی: یادگاری چەکوشی کاوەیە نەورۆز قەڵای زوحاکی کرد بە تەپ و تۆز ئاوری تۆڵەیە، بۆکوردەواری لە رەش و رووتی کوردستان پیرۆز گۆرانی شاعیری چەپ مەشرەبیش دەیوت: ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ رۆژی نەورۆز دای بە ھەوری زستان دڕ بەرهەمهێنانەوەی واتایی نەورۆز جەمعیەتی تەعالی کوردستان لە گۆڤاری ژین-دا یەکەمین لایەنی نەتەوەیی کوردستانە کە لە دوادوایی عوسمانیدا سودی لە بەرهەمهێنانەوەی مانای نەورۆز وەرگرت و لە ١٨ی مارسی ١٩١٨دا لە وتارێکدا، نەورۆزی وەک جەژنێکی تایبەت بە نەتەوەی کورد لەقەڵەمدا و لەوەش زیاتر، هەوڵیشیداوە پەیوەستی بکاتەوە بە دەوڵەتداریی کوردەوە، بۆ ئەمەش سودی لە مێژووی ئەیوبییەکان بۆ مەرامی نەتەوەیی وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەداوە لە هەمان رۆژدا سەڵاحەدین لەدایکبووە و لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتووە! (لەم وتارەدا جەخت لە راستی و درووستی گێڕانەوەکان نییە باس لە رۆڵی گێڕانەوەیە). هەر لەم وتارەدایە کە کاوە وەک باوکی کوردان دادەنرێت. ئەمەش وەک قەڵغانێک بەکارهات بەرامبەر هەژموونی تۆرانیزمی تورکی و تورکاندنی کوردانی تورکیا. ئیحسان نوری پاشا کە رابەرایەتی شۆڕشی ئاراراتی کرد، ئەویش وەک سیمبولێک لە شۆڕش و لە نوسینەکانیشدا سودێکی سیاسی لە مانادانەوە لە نەورۆز وەرگرت بەرامبەر تورکیا، وەک جەژنی نەتەوەیی بەکاریهێنا تا پارێزەری شوناسی کوردانی تورکیا بێت لە هەمبەر بە تورککردنیان. پەکەکەش گەرچی هێزێکی چەپگەرایە، بەڵام سودێکی فراوانی لەم بۆنەیە وەرگرتووە و بۆن و بەرامەیەکی چەپانە و ئاپۆیییانەی پێبەخشی، هەوڵدەدات گەریلا و چالاکەکانی کە فیداکاری دەکەن یان خۆیان دەسوتێنن کاوەی ئاسنگەری نوێیان لێبسازێنن. لە کوردستانی عێراقیشدا دیسان وەک قەڵغان بەکارهات، نەورۆز لەناو کوردانی عێراقدا وەک یادکردنەوە و بەکارهێنانی سیاسییانەی، مێژوویەکی دێرینی نییە، تەمەنی بۆ ٧٠ ساڵێک دەگەڕێتەوە، یەکەمجار پیرەمێرد لە سلێمانیدا نەورۆزی میللی کردەوە و لە بەرامبەر شوناسی عەرەبی عێراق بەکاریهێنا، گەرنا ئەسیریی شاعیر لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە گۆڤاری زاری کرمانجی کە لە رەواندز دەردەچوو شیعرێکی لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوکردۆتەوە و بەر لەویش حاجی قادریی کۆیی نەورۆزی لە شیعردا بەکارهێناو و مەولەوی و شاعیرانی هەورامینووسیش زۆر پێشتر نورۆز کەرەسەی شیعرییان بووە. جوڵانەوەی سیاسیی کوردستانی عێراقیش، هەمیشە هەوڵی داوە نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی بناسێنێت و لە یاسا و دەستوری عێراقدا بیچەسپێنێت و بیکاتە پشوو و جەژنی تێدا بگێڕێت، بەمەش خۆی جیاکردەوە لە شوناسی عەرەبی، ئەم جوڵەیەش لە ١١ی ئازاردا جێی خۆی گرت و لە ئێستاشدا فراوانتر و دانپیانراوتر سود لەم جەژنە لە وڵاتانی دیکەی دراوسێ "بە بەرامەی کوردستانییەوە" وەردەگیرێت. بەڵام دۆخەکە بۆ ئێران تەواو جیاوازە، بە پێچەوانەی کوردستانیانی تورکیا و عێراق و سوریا، لە ئێران وەک چەکی توێنەرەوەی شوناسی کوردی بەکارهاتووە، چونکە دەوڵەتی مەرکەزیی ئێران، هەوڵیداوە بیکاتە کەرەستەیەکی کاریگەر بۆ بە ئێرانیکردن و لە نەتەوەخستنی کورد و هاوڕیشەکردنی لەگەڵ فارسەکاندا، هەربۆیە هەرگیز بە نەتەوە ناوی کورد لە ئەدەبیاتی رەسمی دەوڵەتی و رۆشنبیرانی پان ئێرانیدا بەکارنایەت و قەدەغەیە. ئەم حاڵەتە پێویستی بە بیرکردنەوەی ستراتیژی و ئایندەیی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکی ئەو پارچەیە هەیە، تا لەوە زیاتر پرۆسەی تواندنەوە لەپەنای نەورۆز و حیکایەتە موزەیەفە رەسمییەکەی "ئاریبوون"دا نەتوێنرێتەوە. کورد و جوڵانەوەی سیاسییەکەی (بە چەپ و راست و بەشێکی ئیسلامییەکانیشەوە)، هەردەم لە ئامرازەکانی بەردەستیدا، سودێکی فراوانی لە نەریت، ئاین و ئەفسانەکان وەرگرتووە، لەمەشدا سودێکی نایابی لێوەرگرتووە و قەڵغانێکی کلتووریی بۆ پاراستنی شوناسەکەی لێوەرگرتوون، زۆرجار وەک کۆڵەکەی "گوتاری مانەوە"ی خۆی سودی لێ بینوون، بەڵام بەداخەوە ئەم گوتار و سودلێوەرگرتنەی لە ئەفسانە، ئاین و پێدراوە مێژووییەکان نەیبردوونەتە قۆناغی سودلێوەرگرتنی بۆ "گوتاری باشترین ژیان و پەرەپێدان"، کە لەنێوان ئەم دووگوتارەدا جیاوازییەکی زۆر و قوڵ هەیە، یەکەم باشترینە بۆ رەتکردنەوەی "هەڕەشەی نەمان" بەڵام کورت و کەمە بۆ هاوچەرخانە ژیان و گوتاری دووەمیش باشترینە بۆ باشترین بەڕێوەبردن و خۆشگوزەرانانە ژیان کە کورد کورتی هێناوە. چ لە ئێران، تورکیا، عێراق و کوردستانیشدا، گێڕانەوەکان لەبارەی نەورۆزەوە هێندەی گێڕانەوە سیاسیی و ئایدۆلۆژییەکان بە سەریدا زاڵن، گێڕانەوە مێژووییەکان و پێدراوەکانی مێژوو (لەئاستی ئەواندا) کەمڕەنگترن، من پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە نیم کە رۆڵی سیاسییانە و پارێزەری شوناس بە ئەفسانە، ئاین، بۆنە و نەریتەکان دەبەخشن، بگرە داکۆکیکاریشیانم، بەتایبەت بۆ گەلێک و خاکێکی وەک کوردستان کە هەم خاک و هەم شوناسی نەک لە مەترسیدایە، بەڵکو هەندێکجار لە حاڵەتی ئینکارکردنیشدایە.
(درەو): پەرلەمانتارێكی شیعە لە سكاڵایەكدا كە لە دادگای فیدراڵی تۆماریكردووە دەڵێ" بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان دەستوری نییە، دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنو یاسادانانی هەرێم نادەستورین" داوا دەكات مامەڵەی دەسەڵاتەكانی عێراق لەگەڵ هەرێم رابگیرێت، دەڵێ ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم نادەستورییە. عودەی عەواد پەرلەمانتاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی سكاڵایەكی نوێی لەدژی هەرێمی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تۆماركردووە. لە سكاڵاكەیدا ئەم پەرلەمانتارە داوا دەكات، دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی عێراق (جێبەجێكردنو یاسادانان) مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان (جێبەجێكردنو یاسادانان) نەكەن، بەوپێیەی دەسەڵاتەكانی هەرێم (حكومەتو پەرلەمان) هیچ بنەمایەكی دەستوریو یاساییان نییە. ئەم پەرلەمانتارە، بۆ تۆماركردنی سكاڵاكەی لەسەر هەرێم پەنای بۆ ئەوە بردووە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا دەستوری نییە، ئەمە لەكاتێكدایە وەكو ئەو لە سكاڵاكەیدا باسیكردووە، ماددەی (120)ی دەستوری عێراق كە 2005 خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگیان پێداوە، داوا دەكات هەرێمی كوردستان دەستورێك بۆخۆی دابنێتو لەسەر بنەمای ئەو دەستورە پەیكەری دەسەڵاتەكانی هەرێمو دەسەڵاتو میكانیزمەكانی پەیڕەوكردنی ئەو دەسەڵاتانە دیاری بكات، بەجۆرێك دەستورەكەی هەرێم پێچەوانەی حوكمەكانی دەستوری ساڵی 2005ی عێراق نەبێت. لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە، پەرلەمانتارەكە دەڵێ" هەموو ئەو سولفە داراییانەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق داویەتی بە حكومەتی هەرێم، كارێكی نادەستوریو بەهەدەردانی سامانی گشتییە، چونكە حكومەتی هەرێم نادەستورییە". باسلەوەشدەكات، كورتكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار تەنیا بۆ كاندیدی پارتیو یەكێتی بەهەمان شێوە نادەستورییە، بەوپێیەی سەرۆك كۆمارەكانی عێراق هەمویان بەشدارییان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا كردووەو دادگای باڵای فیدراڵیش دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی هەڵوەشاندوەتەوە. عودەی عەواد داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی دەكات، حوكمێك بۆ نادەستوریبوونی مامەڵەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان لەگەڵ سەرجەم دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان رابگرێت.
(درەو): (عروبە ساهر) هاوسەری پێشووی هونەرمەند كازم ساهرو دایكی دوو كوڕەكەی، لە نەخۆشخانەی (فاروق) لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوسەری پێشووی كازم ساهر كە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە شاری (دوبەی)ی ئیمارات ژیاوە، بەمدواییە بەسەردانێك گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد، لەوێ باری تەندروستی تێكچووە، بەر لە سێ رۆژ رەوانەی نەخۆشخانەی (فاروق) كراوە لە سلێمانی. (عروبە ساهر) توشی جەڵتە بووە، بڕیار بووە نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، بەڵام بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە نەشتەرگەرییەكەی بۆ نەكراوەو بەوهۆیەوە كۆچی دوایی كردووە. (عروبە) كچە مامی كازم ساهرە، لە تەمەنی 19 ساڵیداو لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ كازم ساهیر هاوسەرگیری كردووەو دوو كوڕی هەیە بەناوەكانی (وسام، عومەر)، ساڵی 1996 لەكازم ساهر جیابوەتەوە، سەرباری جیابونەوەیان، بەپێی قسەی كازم، پەیوەندی نێوانیان بەردەوام بووەو پەیوەندییان دانەبڕیوەو بەرێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەكتر كردووە. كازم ساهر كە دوای جیابونەوەی لە عروبە تائێستا هاوسەرگیری دووەمی نەكردووە، لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا باس لەوە دەكات، هەرجارێك بیری لەوە كردبێتەوە هاوسەرگیری بكاتەوە، هەستی هاوسەری پێشووی لەبەرچاو گرتووەو نەیتوانیوە هاوسەرگیری بكاتەوە. كاتێك دوێنێ هەواڵی مردنی هاوسەری پێشووی راگەیاند، كازم ساهر لە ئەمریكا بوو، لەوێ سەرقاڵی سازدانی زنجیرە كۆنسێرتێكە، لەم گەشتەدا (وسام)ی كوڕە گەورەشی هاوڕێیەتی دەكات، دوای مردنی دایكی منداڵەكانی، كازم ساهر لە فەیسبوكی خۆیەوە ئاگادارییەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەهۆی بارێكی نائاساییەوە هەموو كۆنسێرتەكانی لە ئەمریكاو كەنەدا هەڵدەوەشێنێتەوەو ئەوانەی بلیتیان كڕیوە دەتوانن پارێزگاری لە بلیتەكانیان بكەن، تاوەكو لە دەرفەتێكی تردا دەگەڕێتەوەو كۆنسێرتەكانی تەواو دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیاری هاوسەری پێشووی كازم ساهر لە گۆڕستانی (بەكرەجۆ) بەخاكبسپێردرێت، كەسوكارەكەی چاوەڕوانی گەڕانەوەی (وسام) كوڕە گەورەی كازم دەكەن لە ئەمریكا، بڕیاری خێزانەكەی كازم بۆ بەخاكسپاردنی (عروبە) لە سلێمانی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كوڕەكانی بتوانن بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانی گۆڕی دایكیان بكەن، بەتایبەتیش كە سلێمانیو هەرێمی كوردستان بەبەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق، لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرترە. پێناچێت كازم ساهر خۆی بۆ بەشداری لەم مەراسیمە سەردانی سلێمانی بكات، كازم بەهۆی ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی كە هەیەتی، خۆی دەپارێزێت لە سەردانكردنی شارێكی عێراقو پشتگوێخستنی شارێكی تر، ئەو جارێك لە چاوپێكەوتنێكدا وتی، هۆكاری لە هەولێر كۆنسرێت ساز ناكات بۆ ئەوەیە، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناتوانێت لە شارەكانی تریش كۆنسێرت بكاتو ئەمەش جەماوەرەكەی نیگەران دەكات. كازم نازناوی (باڵیۆزی گۆڕانی عێراقی)و هەندێك لەمەش زیاتر پێی دەڵێن (باڵیۆزی گۆرانی عەرەبی)، گۆرانیبێژو مۆسیقارو ئاوازدانەرو هاوكات شاعیریشە، زۆرینەی گۆرانییەكانی لە ئاوازی خۆیەتی، دابەشكردنی مۆسیقاشی بۆ هەندێك لە گۆرانییەكانی كردووە، یەكەمین ئاواز لە تەمەنی 12 ساڵیدا دایناوە. دوای تەواوكردنی خوێندن لە (پەیمانگای مامۆستایانی بەغداد)، لە خوێندنگەی یەكێك لە گوندەكانی قەزای (ئاكرێ)ی كوردستان وەكو مامۆستا دامەزراوە. كازم ساهر لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، لە سلێمانی كۆنسێرتێكی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند (كامەران عومەر) كردووە، لە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی جەماوەریی گەورەی هەیەو لەگەڵ كۆمپانیای (ئاسیاسێل) ریكلامی هەیەو پۆستەرەكانی لە سلێمانی هەڵواسراون. كازم گۆرانییەكی كوردی وتوەتەوە كە گۆڕانی (مینا عەمرم مینا)یەو دەڵێ باوكی زۆر حەزی لەو گۆرانییە كردووە، بەمدواییەش باسی لەوەكرد، حەز دەكات گۆرانی كورد بڵێت.
درەو: راپۆرتی: رێكخراوی چاوی زانكۆ بە پاڵپشتی(NED)ی ئەمریكی بەشی سێیەم/ ( لەكۆی 19 راگری زانكۆی سلێمانی 6 راگربەدەر لە یاسا دانراوە، لەكۆی 90 سەرۆكی بەش لە زانكۆی سەڵاحەدین 41 لە دەرەوەی یاسا دانراون ) ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رێكخراوی چاوی زانكۆ بە پاڵپشتی (NED)ی ئەمریكی ئامادەكراوە. هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سەروەریی یاسا و كواڵیتی لەناو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان -عێراق مانگی ٩ی ٢٠٢٠ تا مانگی ٩ی ٢٠٢١ كۆی ئەو داتایەنەی وەرگیراون بە پێی ماڵپەری زانكۆی سلێمانی بووە. 1. زانكۆی سلێمانی پێكهاتووە لە ١٩ كۆلێژ و ١٠٢ بەش 2. بە پێی ماڵپەڕی فەرمیی زانكۆی سلێمانی زانیاری لە بارەی ناوی ١٢ سەرۆك بەش لە كۆی ١٠٢ سەرۆك بەش نەدراوە, هەروەها زانیاری لەبارەی پلەی زانستی لە ٢ سەرۆك بەشەك بەردەست نییە. 3. بە پێی ماڵپەری فەرمی زانكۆی سلێمانی لە سەدا ١٥% ی سەرۆك بەشەكان لە ڕەگەزی مێیینەن. 4. بە پێی مالپەری فەرمی زانكۆی سلێمانی تەنیا ٢ لە ڕاگری كۆلێژەكان لە رەگەزی مێن لە كۆی ١٩ ڕاگر. 5. ماڵپەری زانكۆ هیچ زانیاریكی دەربارەی یاریدەرەی ڕاگرەكان تێدا نییە! 1. بە گوێرەی یاسایی ژمارەی (١٠) ساڵی ٢٠٠٨ ( یاسای وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی – هەرێمی كوردستان - عیراق) ماددەی ١١ برگەی دووەم: دەبێ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ كەم خاوەنی پلەی زانستی (پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێ). ١ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بە دەر لە یاسا دانراوە. 1. بە گوێرەی یاسایی ژمارەی (١٠) ساڵی ٢٠٠٨ ( یاسایی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی – هەرێمی كوردستان_عێراق ) ماددەی١٤ برگەی یەكەم: دەبێ ڕاگری كۆلێژ خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا بێ و بە لایەنی كەم خاوەنی پلەی زانستی ( پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێ) و خزمەتی زانكۆیی لە ١٠ ساڵ كامتر نەبێ و بۆ ماوەی ٤ ساڵ لەسەر پێشنیازی سەرۆكی زانكۆ دادەمەزرێ. ئەم لیستەی خوارەوە ئاستی پێشێلكارییەكان لەسەر ئاستی ڕاگرەكانی زانكۆی سلێمانی دەخاتە ڕوو. لە زانكۆی سلێمانی ( بە پێی ماڵپەری زانكۆ ) لە كۆی ١٩ كۆلێژ٦ ڕاگر لە ڕاگری كۆلێژەكان لە دەرەوەی یاسا دانراون, واتە ڕێژەی لە سەدا %٣١.٥ ڕاگرەكان لە دەرەوی یاسا دانراون. ماددەی ١٨ برگەی یەكەم : دەبێ سەرۆكی بەش یان لقی زانستی, بە لایەنی كەم خاوەنی پلەی زانستی ( پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێ). لە كۆی زانیاریی دراو ( بە پێی ماڵپەری زانكۆ) لە كۆی ٩٠ بەش ٤١ سەرۆك بەش لە دەرەوەی یاسا دانراون, واتە ڕێژەی لە سەدا %٤٠.٢ ی سەرۆك بەشەكان ئەم لیستەی خوارەوە ئاستی پێشیلكاریەكان دەخاتە روو لەسەر ئاستی بەشەكانی زانكۆی سلێمانی .
عەبدوڵا حەوێز - هێرشە موشەکیە بالستیەکەى ئێران ترسناکترین هێرشی راستەوخۆى ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و یەکەمجاریشە ئامانجەکە کۆنسڵخانەى ئەمریکا یاخود بنکەى سەربازی ئەمریکی نەبووە. - ئێران دەڵێت بارەگایەکی مۆساد بە ئامانج گیراوە و حکومەتى هەرێمی و سێ بارزانیەکە بە ئاشکرا رەتی دەکەنەوە کە ئەم شوێنە هیچ پەیوەندیەکى بە ئیسرائیل هەبوبێت و دەڵێن تەنها ماڵی شێخ بازە بووەو بەس. - ئەوەى جێی سەرنجە کە زیاتر لە بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری زانیاری ئیستخباراتی ئەم وڵاتەن بە نیۆیۆرک تایمزو واشنتن پۆستیان وتووە ئەم شوێنەى بۆردومان کراوە سەنتەری راهێنان و جوڵەى مۆسادی ئیسرائیلی بووە (١)(٢) - ئەوەى ترسناتریشە ئەوەیە کە دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاگادار دەڵێن مۆساد لە هەولێرەوە لەرێی درۆنەوە هێرشی کردۆتە سەر سەنتەرێکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەى بێ فرۆکەوانى ئێران مانگی رابردوو لە نزیک کرماشان (١) - زۆربەى ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەم شوێنەى بۆردومان کراوە وەک سەنتەرێکی مۆساد بەکارهێنراوەو راپۆرتەکان لە رۆژنامە ئیسرائیلیەکان و چەند تێبینی تریش لەسەر ئەرزی واقیع بەم ئاڕاستەیەن (٣). - ئەوەى زیاتریش جێی سەرنجە ئیلحاحی ئەمریکیەکانە کە ئێران بەرژەوەندیەکانى ئەمریکای نەکردۆتە ئامانج (٤) کە مانای وایە ئەمریکا وەڵامی نابێت و سەیرتریش ئەوەیە بەرپرسانی ئەمریکی زانیاری ئەوەیان دزەپێکردووە کە ئەم شوێنەی بۆردومان کراوە لەلایەن مۆسادەوە بەکارهێنراوە (بەرپرسانی ئەمریکا تەنها ئەو کاتەى خۆیان دەیانەوێ و بە مەبەست زانیاری بە رۆژنامەنوسان دەدهن.) - پەیوەندیەکانى پارتی بەتایبەت بنەماڵەى بارزانی لەگەڵ ئیسرائیل تازە نین (٥) و بەشێکی زۆرى نەوتی کوردستان بە نرخی ١٠-١٢ دۆلار هەرزانتر لە بازار بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت (٦). - گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە وەک بەشێک لە رێککەوتنی ناوەکی ئێران کە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە، ئەگەری زۆرە پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکی دەربهێنرێت کە ئەمەش لە رووی ئابوریەوە دەستی پاسداران کراوەتر دەکات (٧). - بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، لەکاتێکدا نەوتی کوردستان زۆر بە هەرزانی بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت و رێگە دەدرێت مۆساد کوردستان بەکاربهێنێت بەرامبەر بە وڵاتێکی دراوسێ و گرنگی وەک ئێران، بەرامبەر ئەوە پارتی چی دەسدەکەوێت، ئەدی رای لایەنەکانى تر چیە؟ - ئەم موناقەشەیە گرنگە بکرێت چونکە ئەگەری زۆریش هەیە ئەم شەرە ناراستەوخۆیەى ئێران و ئیسرائیل زیاتر ببێت بەتایبەت کە نفوزی ئەمریکا رۆژ دواى رۆژ لە پاشەکشەیە و کوردستان یەکێک بێت لە گۆرەپانە سەرەکیەکانى شەری نێوان ئێران- تورکیا- ئیسرائیل و زەرەرمەندی گەورە هاوڵاتی ئاسایی دەبێت. - ١- https://www.nytimes.com/.../iran-israel-attack-drone-site... ٢- https://www.washingtonpost.com/.../03/12/irbil-attack-iraq/ ٣- https://www.haaretz.com/.../covert-drone-war-between... 4- https://twitter.com/LucasFoxNews/status/1503006822621491211 5- https://www.nytimes.com/.../kurds-independence-israel.html 6- https://www.middleeasteye.net/.../majority-israeli-oil... 7- https://www.reuters.com/.../us-weighs-dropping-irans.../
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ماوەی چەند ساڵێکە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەندێک لە ڕۆشنبیرە بەیعەچییەکانی، لەناویاندا ھەندێک لە کوردانی ڕۆژھەڵات. گوتارێک لەسەر ئومێد و نائومێدیی بڵاودەکەنەوە کە بەشێکە لە سیاسەتی مێشکشۆرینەوەی کۆمەڵگا و سەرشێوان لە ھاوڵاتیان. گوتارەکە گوتارێکی ھێجگار سادە و ھێجگار ساختەیە و دەڵێت: دۆخی ھەرێم دۆخێکی پڕ ئومێد و گەشبینییە و ئەوانەی بەدبینیی و نائومێدیی بڵاودەکەنەوە کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و خوێندەواری سەرلێشێواون. بەرپرسیارێتی ئەو نائومێدییە گەورەیەش لە ھەرێمدا دروستبووە، بە تایبەتی لای نەوە گەنجەکان، دەخەنە ئەستۆی ئەو ڕۆشنبیرە سەرلێشێواوانەوە. بەم کارەشیان دەسەڵاتدارانی ھەرێم و بنەماڵە حوکمڕانەکان لە ھەر بەرپرسیاریەتێک دادەماڵن و ئافەرین و دەسخۆشیشیان لێدەکەن بۆ ئەو ”ژینگە پێشکەوتو“ەی دروستیانکردوە. لەم گوتارەدا ھەندێک لەو نووسەر و ڕۆشنبیرە بەیعەچیانە تا ئەو شوێنە دەڕۆن، سەرھەڵگرتن و ھەڵھاتانی ھەزاران ھەزار گەنج لە ھەرێم، مردنیان لە سەر سنوورەکان و نووقمبوونیان لە ئاوی دەریاکاندا، بخەنە ئەستۆی ئەو ڕۆشنبیرانەی ڕەخنەگرن و ئەوان بە ھۆکاری ھەڵھاتنی دەستەجەمعی خەڵک تاوانباردەکەن. کەسێک یەکچاوی بۆ بینین و یەک گوێی بۆ بیستن و یەک ھەستی بۆ ھەستکردن و یەک تۆز هەوڵی بۆ بیکردنەوە ھەبێت، دەزانێت ئەم گوتارە سیاسییە بەیعەچییە، چ درۆیەکی گەورە و چ تەکنیکێکی بەدیی بەھەڵەدابردنی ھەمەلایەنەی کۆمەڵگایە. ھەمووان دەزانن خەڵک لەبەر نووسینی ئەم یان ئەو ڕۆشنبیر، قسەی ئەم یان ئەو نووسەر، ڕای ئەم یان ئەو ڕۆژنامەنووس، ڕاناکەن، خەڵک لەبەر خوێندنەوەی ئەم یان ئەو ڕۆمان و ئەم یان ئەو شیعر و ئەم یان ئەو وتاری فیکرییش سەرھەڵناگرن. ئەگەر ڕاستیشبێت نووسەران ھۆکاری ھەڵاتنی خەڵکبن، ئەوا بڕ و ڕادەی خوێندنەوەی فیکر و ئەدەبیات لە دونیای ئێمەدا لەو ئاستەدا نییە ھەڵاتنی بەردەوامی دەیان ھەزار کەسی لێبکەوێتەوە و خواستی ھەڵاتنیش لەناو سەدان ھەزار کەسانیتردا دروستبکات. ئەوەی خەڵک لێیھەڵدێت ئەو ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و دینییە کە لە سی ساڵی حوکمڕانیکردنی پڕ گەندەڵیی و جەردەیی چەند بنەماڵەیەکی سیاسییدا لە ھەرێمدا دروستبووە. خەڵک لە دەسەڵات و عەقڵیەت و فۆرمی حوکمڕانییکردن و ئیدارەدانی ئەو بنەماڵانە و نەوەکانیان ھەڵدێن. خەڵک لەدەست نەوەی یەکەم و دووھەم و سێھەمی ئەو بنەماڵە حوکمڕانانە ڕادەکەن. لە سەرجەمی ئەو قەیران و کێشە و ناشیرینیانە ھەڵدێن کە ئەو حوکمڕانانە دروستیانکردوە و دروستیدەکەن. خەڵک لە بێدادیی و بێڕێزیی و بێمافیی و بێکاریی و بێدەسەڵاتیی و بێکەرامەتیی و بێئایندەیی، ھەڵدێن، خەڵک لە ھەڵاوسانی دەسەڵاتی چەند خێزانێک و ھەڵاوسانی پارەی چەند گروپێک و ھەڵاوسانی نابەپرسیارێتیی کۆمەڵێک سیاسیی حوکمڕان ھەڵدێن. ئەوەی ئەم ماشێنە گەورەیەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و ئابوریی و دین و سێکس و ئەمن و ئاسایش و سوپا و پەیوەندییەکان نابینێت و نووسینی ئەم یان ئەو نووسەر بەسەرچاوەی ئەو بێزارییە گەورەیەی ھەرێم دەزانێت، کەسێکە ھەم ئیستیقالەی لە بیرکردنەوە و لە ئەخلاقیات کردوە، ھەم ڕۆحی خۆیشی بەو بنەمالە حوکمڕانانە فرۆشتوە. لە پەیوەندیدا بە ئومێدەوە مرۆڤ تا ئەو شوێنە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرپرسیار باس لە ئومێد بکات، کە ئەو باسکردنە نەبێتە ھۆکاری ونکردن و نەبینینی مەترسییە گەورەکانی ناو واقیع و ھەڕەشە بینراو و نەبینراوەکانی ناو ئەو واقیعە نەشارێتەوە. کەی ئومێد وایکرد جیھان لە ھەقیقەتی خۆیدا نەبینین، مەترسی و کێشەکانی ناو ئەو جیھانە نەبینین، بکەرەکانیان نەناسین، ئیتر ئومێد دەگۆڕێت بۆ ئامرازی نەبینین و دروستکردنی ھۆشیارییەکی ساختە، وەکچۆن دەبێتە ژێرخانی داوەشینێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتییش. ڕاستییەکەی حاشا ھەڵنەگرە لەگەڵ لەدایکبوونی دونیای مۆدێرندا جۆر و شێوازی جیاواز لە ئومێد لەدایکدەبێت. ئومێد یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆژەی تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، یەکێکە لە شوناسە سەرەکییەکانی مۆدێرنەش. ئومێد بە زانست، ئومێد بە پێشکەوتن، ئومێد بە گەشەکردنی مرۆڤایەتی، ئومێد بە ئایندە، ئومێد بە ئیرادە، ئومێد بە ھۆشیاریی. خودی پرۆژەی ڕۆشنگەریی خۆیشی سەرچاوەی ئومێدێکی گەورەبوو بە مرۆڤایەتی، بە لەدایکبوونی مرۆڤێکی عەقڵانیی و ڕەخنەیی و سەربەخۆ کە توانای دروستکردنی ژیانی شەخسیی خۆی و ژیانی پێکەوەیی کۆمەڵگای ھەبێت. بە کورتییەکەی، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مۆدێرنە، ئومێدە. تەنانەت ئەو نائومێدبوونەی لەناو نووسینی نووسەر و ڕۆشنبیر و فەیلەسوفە ڕەخنەییەکانی مۆدێرنەدا دروستدەبێت، پەیوەندیی بەو ئومێد و مژدە و چاوەڕوانییە پۆزەتیڤانەوە ھەیە کە مۆدێرنە لەگەڵخۆیدا دەیانھێنێت. ڕەخنەی مارکس و نیتشە و فرۆید و ماکس ڤێبەر و قوتابخانەی فرانکفۆرت و ئەوانیتریش ھەموویان ڕەخنەن لە مژدە و ئومێدە گەورەکانی دونیای مۆدێرن. ھەم ئومێدەکانی مۆدێرنە ئموێدیی بێبنەمانەبوون، ھەم نائومێدییەکانیشی نائومێدیی بێبنەما نین. بەڵام وەک ئەلبێر کامۆ دەڵێت نابێت ئومێد ببێتە ئامرازیی ئیستیقالەکردن و ھیچنەکردن، پێمانوابێت شتەکان خۆیان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی و خۆبەخۆ بەرەو باشی دەڕۆن و جیھانێکی باشتر و جوانتر دروستدەکەن. ئەمجۆرە لە ئومێد ئومێدێکی نەک تەنھا ئومێدێکی کوشندەیە، بەڵکو ڕەچەتەی تەسلیمبوون و ھیچنەکردنیشە. ئەو جۆرە لە ئومێد کە بەیعەچییەکانی دەسەڵات بە کۆمەڵگای دەبەخشن و ئەو جۆرەش لە تاوانبار و ھۆکار بۆ نائومێدبوون پێشنیاردەکەن، سەر بەم کەلەپوریی ڕێگرتن لە گۆڕان و ڕێگرتن لە دەسکاریکردنی جیھانە، وەکچۆن سەر بە بەھێزکردنی ستراتیژیەتی ئیستیقالەپێکردن و ھیچنەکردنی کۆمەڵگاشە. نائومدێیی لە دونیای ئێمەدا لەناو کایەی سیاسییەوە دروستدەبێت و بۆناو سەرجەمی کایەکانی دیکە دەپەڕێتەوە. لە پیاوە سیاسییەکان و لە خوێندەوارە بەیعەچییەکانی دەوروبەریانەوە دێت، دەگۆڕێت بۆ ژێرخانی سەرجەمی جۆرەکانی تری نائومێدیی لەو دونیایەدا. سەرەتا نائومێدبوون لە نائومێدیی لە بنەماڵە سیاسییەکان و دەموچاوە سەرەکیی و مەرجەعییەکانی ئەوانەوە دەستپێدەکات، ئینجا بۆناو سەرجەمی جستەی کۆمەڵایەتیی بڵاودەبێتەوە. ئومێد ئاکارێک لە ئاکارەکانی ئینسانەکان نییە، شتێک نییە گرێیبدەین بە ”جەوھەری“ گریمانکراوی مرۆڤەوە، بەشێک نییە لە پێکھاتی بایۆلۆژیی ئینسان، بە مرۆڤبوونەوە گرێنەدراوە، ئومێد دیاردەیەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی مێژوویە، پەیوەندیی بەو ژینگە و ڕەوت و واقیعە مێژووییەوە ھەیە، کە دروستکراوە. لە ھەندێک ژینگەدا مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی خاوەن ئومێد و لە ھەندێک ژینگەی تردا دەگۆڕێت بۆ کەسێکی نائومێد. ئومێد بەرھەمی باوەڕبوون بە ئومێد نییە، ئومێد ئیمان نییە، شتێکیش بوونی نییە ناوی ”ئیرادەی ئومێدکردن“ بێت، ئەوەی ھەیە واقیع و ژینگە و مێژووی جیاوازە. لە ھەندێکیاندا ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤ دروستدەبن، ھەندێکی تریشان بەتاڵدەکرێنەوە لە ھەر ئومێد و چاوەڕوانییەی پۆزەتیڤ. ئەو واقیعەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و خوێندەوارە بەیعەچییەکانیان لە سێ دەیەدا دروستیانکردوە، دونیایەکە خاڵی لە ئومێد.
(درەو): ئازاری 1988 کە ھەڵەبجە لەلایەن سوپای عێراقەوە کیمیاباران کرا، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاخی (شنروێ)ی هەڵەبجە بووەو دیمەنەکانی ھەڵەبجەی بەچاوی خۆی بینیوە. لەدوای كیمیابارانی هەڵەبجە، ئێران بڕیاریداوە بارەگایەكی لەسەر شاخی (شنروێ) دابنێت بەناوی " قەرارگای نەجەف"، خامنەیی سەردانی ناوچەکی کرد بۆ ئەوەی کارەکانی دروستکردنی بنکەکە ببینێت. كوروش ئاسیبانی یەکێک لەو کەسانەی کە لە وێنەکەدا لەگەڵ خامنەیی لە شاخی شنروێ دەرکەوتووە، لەبارەی ئەم وێنەیەوە دەڵێ" ئەمە دواین رۆژەكانی مانگی ئازاری 1988 بوو، سەركەوتینە سەر بەرزاییەکانی شاخی شنروێ بۆ ئەوەی لەوێ بنكەیەك دروست بكەین بۆ پاراستنی ناوچەكە، من لەو سەردەمەدا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی لەشکری 11ی ئەمیری موئمینین بووم". ئاسیبانی باسلەوەدەکات" لەو سەردەمەدا ھێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی خاکی ناوچەکەیان لەدەستداوە، بەڵام ئاسمان ھێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بووە، فڕۆکەکانی عێراق بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوەو بۆردومانیان کردووە، تۆپخانەکانیشیان بێ کار نەبوون و ئاگربارانیان کردووە". "كە چوینە سەر بەرزاییەكانی شنروێی پشتی هەڵەبجە، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەكەمان دابەزین، بینیمان هێلیكۆپتەرێك دەسوڕێتەوەو دەیەوێت بنیشێتەوە، لە خۆمان پرسی لەم دۆخە ناھەموارەی ئاسماندا کێیە بە ھێلیکۆپتەر ھاتووە بۆ ئێرە، كاتێك سەرنشینەكان دابەزین، بینیمان ئایەتوڵا عەلی خامنەیی بوو كە لەو كاتەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای بەرگری ئێران بوو". ئاسیبانی دەڵێ" کە خامنەیی لە ھێلیکۆپتەرەکە دابەزیوە، ھەمومان بە خێرایی سواری ئۆتۆمبیل بوین و بەرەو شوێنی دروستکردنی قەرارگای نەجەف رۆیشتین.. کە گەیشتین ھێشتا چەند خێوەتێک دانرابوو.. حەزرەتی ئاغا لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزی، ھێزەکانی سوپا سەرقاڵی لێدانی سەنگەر بوون.. حەزرەت لەژێر یەکێک لە چادرەکان دانیشت، لەوکاتەدا فڕۆکەکانی عێراق بەبەردەوامی بۆمبارانیان دەکرد، دەترساین بۆمبێک لەم ناوچەیە بکەوێتە خوارەوە". "ھەموو ناوچەکانی ھەڵەبجە بۆردومن دەکرا، تەنانەت زانرابوو کە بە چەکی کیمیاوی لە ھەڵەبجە دەدرێت، حەزرەتی ئایەتوڵڵا زۆر نیگەران بوو، چونکە جگە لە ھێزەکانی ئێمە، خەڵکی بێ بێتاوانی ھەڵەبجە دەبونە قوربانیی، بۆیە ئایەتوڵڵا بڕیاریدا سوپا بەزوترین کات خەڵکی ھەڵەبجە رزگار بکەن و بیانگوازنەوە بۆ ئۆردوگاکان و نەخۆشخانەکانی پشتی بەرەکانی شەڕ.. ". بەپێی قسەی ئاسیبانی،ئەم وێنەیە ئەوكاتە گیراوە كە خامنەیی لە ئۆتۆمبێل دابەزیوە بەرەو شوێنی دروستکردنی قەرارگای نەجەف رۆیشتووە، خامنەیی نزیكەی (8-9) کاتژمێر لە بەرزاییەكانی شنروێ ماوەتەوەو دواتر بە ھێلیکۆپتەرەکەی گەڕاوەتەوە.
درەو: ئەو بەنزینەی لە كەركوك و قەرەهەنجیر لیتری بە (450) دینار دابەشدەكرێت، لە پاڵاوگەی بازیان بەرهەدەهێنرێت، بەنزینی موسڵیش لە پاڵاوگەی كەڵەك بەرهەم دێت، شۆفیرانی شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی بەنزین، روو دەكەنە كەركوك و قەرەهەنجیرو دەوروبەری موسڵ. حكومەتی عێراق رۆژانە (38) هەزار بەرمیل نەوت دەداتە پاڵاوگەی بازیان ( ئەم پاڵاوگەیە بە هاوبەشی كۆمپانیای قەیوان و نۆكان بەڕێوە دەبرێت) پاڵاوگەی بازیان نەوتەكە دەپاڵێوێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك، كۆمپانیاكە نزیكەی (8 -10) دۆلار وەردەگرێت، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (10 ملیۆن) دۆلارە. ئەو بەنزینەی ئێستا رۆژانە لە بەنزینخانەكانی كەركوك و قەرەهەنجیر و دەوروبەری دابەشدەكرێت لیتری بە (450) دینار بەرهەمی پاڵاوگەی بازیانە. بە هەمان شێوە ئەو بەنزینەی ئێستا لە بەنزینخانەكانی موسڵ و شارۆچكەكانی دەوروبەری دابەشدەكرێت بەرهەمی پاڵاوگەی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای كارە، كە رۆژانە (100) هەزار بەرمیلی نەوتی عێراق دەپاڵێوێت و بۆ هەر بەرمیلێك (10) دۆلار وەردەگرێت، و بەرهەمەكەشی دەنێردرێتەوە بۆ موسل و قەزاكانی سەر بەو پارێزگایە. لە ئێستا نرخی لیترێك بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرو (هەزار) دینارەوەیە، بەڵام لە بەنزینخانەكانی كەركوك و قەرەهەنجیر بە (450) دینار دابەش دەكرێت. ئێستا بەشێك لە شوفێرانی سلێمانی و قەزاكانی دەوروبەری رۆژانە دەچنە كەركوك و قەرەهەنجیر بۆ وەرگرتنی بەنزین، ئەگەر چی لەوێ بەكارت دابەش دەكرێت، بەڵام ئەم شوفێرانە بڕێك پارەی زیاتر دەدەن و ئۆتۆمبێلەكانیان پڕ دەكەن. شۆفێرێك بە (درەو)ی راگەیاند: دوێنێ چوومە قەرەهەنجیر ئۆتۆمبێلەكەم پڕكرد كە (70) لیتری گرت و (2) دەبەشم پڕكرد، واتا بەهەمووی (110) لیترم وەرگرت بە بێ كارت لیتری بە (500) دینار وەرمگرت، بایی ( 55) هەزار دینار بوو، ئەگەر لە سلێمانی ئەو بەنزینەم وەربگرتایە بایی (120) هەزار دینار دەبوو، واتا دوو بەقەد بەنزینەكەی هەرێمی كوردستان.
درەو: بە پێی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی داهاتی سلێمانی تەنیا (6%) خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، داهاتی نەوتیش بۆ موچە (200 ملیار) دینار زیادیكردووە. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمیك وردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، ئەو بڕە داهاتەی نەوت كە بۆ موچە موچە تەرخانكراوە بریتی بووە لە: 🔹مانگی یەكی 2022: 486 ملیۆن دۆلار واتا (714 ملیار) دینار 🔹مانگی دووی 2022: 488 ملیۆن دۆلار واتا (717 ملیار) دینار پێشتر لە داهاتی نەوت (350 ملیۆن) دۆلار واتا (514 ملیار) دینار تەرخان دەكرا بۆ موچە. واتا لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بڕی تەرخانكراو بۆ موچە لە داهاتی نەوت لە (350 ) ملیۆن دۆلار واتا (514) ملیار دینارەوە، بۆ (488) ملیۆن دۆلار واتا (717) ملیار دینار زیادیكردووە، كە دەكاتە (203 ) ملیار دینار. ئەگەر بڕی (200 ) ملیار دینارەكەی بەغداد بەردەوام بێت، حكومەت بە بێ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت، موچە دابینبكات. لە رونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا خشتەیەك خراوەتەوە روو كە باس لە داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكات: بۆ نمونە مانگی 12/2021 بڕی (56 ) ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی تەرخانكراوە بۆ كۆی موچەی موچەخران كە مانگانە (904 ملیار) دینارە، واتا داهاتی ناوخۆی سلێمانی (60%) خەرجی موچە دابین دەكات. رونكردنەوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بە تێكڕا مانگانە داهاتی پارێزگای سلێمانی (120) ملیار دینارە (56) ملیار دیناری بۆ تەمویلی موچەیە، باسی لەوە نەكردووە بڕەكەی تری چی لێدێت.
راپۆرت: درەو دەرچووی كۆلیژی تەكنیكییەو هیچ بڕوانامەیەكی تایبەتی لەبواری نەوتدا نییە، بەڵام تەنیا لە كرێی بۆری نەوتی هەرێمدا، رۆژانە (ملیۆنێك) دۆلارو مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارو ساڵانە (360 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت، نەوتی كەركوك دەپاڵیوێتو بەشێكیشی هەناردە دەكات، گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە، ئەو (شێخ باز)ە، ئەو پیاوەی كە موشەكەكانی ئێران بە هەموو جیهانی ناساند. موشەكەكانی ئێرانو شێخ باز شەوی 13ی ئەم مانگە ئێران هەولێری موشەكباران كرد، كاتێك رۆژبووەوە، دەركەوت، كۆشكەكەی (شێخ باز) بوەتە ئامانجی هێرشەكە، ئێران دەڵێ ئەو شوێنەی موشەكباران كراوە، بارەگای دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" بووە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رەتیدەكەنەوەو دەڵێن ئەو شوێنە تەنیا ماڵی خێزانێكی كوردی خەڵكی هەولێر بووەو مۆساد لە كوردستاندا بوونی نییە، ئێستا كۆشكەكەی (شێخ باز) بە وێرانەیی بەجێهێڵدراوە تاوەكو لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی عێراقو دەرەوە سەردانی بكەنو راپۆرتی خۆیان لەبارەی شوێنەكەوە ئامادە بكەن. ئەم رووداوە ناوی (شێخ باز) خستەسەر روپەڕی میدیا جیهانییەكان، لەكاتێكدایە خەڵكی هەرێمی كوردستان وەكو پێویست زانیارییان لەبارەی ئەم كەسایەتییەوە نییە. شێخ باز كێیە ؟ حەزی لە دەركەوتنی زۆر نییە لە میدیاكاندا، كەمترین گفتوگۆی هەیە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا، بۆیە سەرباری ئەوەی سەرمایەدارێكی گەورەیە، خەڵك زۆر شت لەبارەی ئەوەوە نازانن. ئەو ناوی (باز كەریم بەرزنجی)یە، پەنجا ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووەو خەڵكی شاری هەولێرە، ساڵی 1999 بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەكی دروستكردووەو لە بواری بیناسازیو نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكاندا كاریكردووە، ماوەیەكیش كاری بۆ ئاژانسی فریاگوزاری سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، هەندێك سەرچاوەی تر مێژووی دروستبوونی كۆمپانیاكەی بۆ ساڵی 1992 دەگێڕنەوە. روخانی رژێمی سەددام حسێن لە ساڵی 2003دا دەرفەتی ئەوە بۆ شێخ باز دەڕەخسێنێت سەرمایەكەی گەورە بكات، ئەوەش لەڕێگەی كاركردنی لەگەڵ ئەمریكییەكان لە بواری ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا، لە یەكێك لەو بەڵگەنامە نهێنیانەیانەی ئەمریكا كە سایتی (ویكلیلیكس) بڵاویكردنەوە، ناوی شێخ باز هاتبوو، ئەو لەگەڵ ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)و كاری كردووە، پشتی بە شەراكەت لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی توركی بەستووە لە بواری بیناسازیدا، دواتر رووی لە كەرتی نەوت كردووە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ یەكێك لە میدیا خۆرئاواییەكان، شێخ باز لەبارەی چیرۆكی كۆمپانیای كارەوە لە دەڵێ:" تاوەكو ساڵی 2003 بەتەواوەتی حكومەت خۆی كەرتی نەوتی بەڕێوەدەبرد، بەڵام دوای 2003 ستراتیژیەتێكی نوێ هاتوەتە ئاراوە، ئەوەش بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەتە، لە كۆمپانیای كار گروپ دەستمانكرد بە كۆكردنەوەی تیم، بڕیارماندا بەشداری لە كەرتی نەوتدا بكەین، بەشداریمان لە كەمكردنەوەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقدا كرد، كەمكردنەوەكەمان بردەوە، بوین بە یەكەمین كۆمپانیای عێراقی كە گرێبەستی كێڵگەیەكی نەوت وەربگرێت، كە ئەوەش گرێبەستی كێڵگەی خورمەڵە بوو لە ساڵی 2004دا". واتە وەكو خۆی دانی پێدادەنێت شێخ باز لە ساڵی 2004وە لە كەرتی نەوتدا دەستی بەكاركردن كردووە، بەڵام هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن، كاركردنی شێخ باز لە كەرتی نەوت بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە، ئەوكات ئەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە بەغداد ژیاون، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەدوای رووداوەكانی (31ی ئابی 1996) شێخ باز بووە بە نێوەندگیر لەنێوان حكومەتی عێراقو پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لەو زەمەنەدا كە فرۆشتنی نەوت لە عێراق قەدەغەكرابوو، شێخ باز نەوتی هەندێك كێڵگەی عێراقی بە تانكەر گواستەوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستانو لە ئیبراهیم خەلیلەوە رەوانەی توركیای كردووە. كۆمپانیای (كار گروپ) كە شێخ باز سەرۆكایەتی دەكات ئێستا جڵەوی ئەو بۆرییانەی بەدەستەوەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكەن، رێژەی 40%ی خاوەندارێتی بۆرییەكان بۆ كار گروپ دەگەڕێتەوەو (60%)ی بۆرییەكەش كۆمپانیای (رۆسنەفت)ی روسی خاوەندارێتی دەكات، ئەمە بەو بەشەی بۆرییەكەیە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، راكێشانی ئەو بۆرییە دەستی شێخ بازی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا بە تەواوەتی درێژكرد. بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت) كە وردبینی لە فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێمدا دەكات، تا نیوەی یەكەمی ساڵی (2021) حكومەتی هەرێمی كوردستان (76 ملیۆن و 869 هەزار و 888) بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتووەو كۆی بەهاكەی (4 ملیار و 108 ملیۆن و 404 هەزار و 110) دۆلار بووە، بڕی (454 ملیۆن و 413 هەزار و 772) دۆلار بەڕێژەی (11.1%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ كرێی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە خەرج كردووە، بەم پێیەش رێژەی 40%ی خەرجی گواستەوەی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیاكەی شێخ باز بووەو تەنیا لەو ماوەیەدا (واتە شەش مانگی یەكەمی 2021) شێخ باز بڕی (181 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە. بەتێكڕا شێخ باز تەنیا لە كرێی بۆریدا، رۆژانە (ملیۆنێك) دۆلارو مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارو ساڵانە (360 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت. سەرباری ئەمە، كۆمپانیاكەی شێخ باز كێڵگەی (خورمەڵە)ی بەدەستەوەیە كە رۆژانە (175 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، نەوتی ئەم كێڵگەیە رێژەی 405ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراوی هەرێم پێكدەهێنێت، داهاتی مانگی رابردووی ئەم كێڵگەیە (400 ملیۆن) دۆلار بووە، بەپێی وتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم مانگانە 43%ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە بەم پێیە بێت (43%)ی داهاتی نەوتی خۆرمەڵە بۆ كۆمپانیاكەی شێخ باز دەڕوات كە دەكاتە (170 ملیۆن) دۆلار. كێڵگەی خورمەڵە دەكەوێتە ناوچەی "جێناكۆك"ی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدایە. ساڵی 2014 چەكدارانی داعش لە سنوری كەركوك بڵاوبونەوە، هێزەكانی سوپای عێراق لەبەردەم "داعش"دا توشی داڕمان هاتنو لە سنورەكە كشانەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕی كردو كۆنترۆڵی سنورەكەی گرتەدەست، ئەمە دەرفەتێكی زێڕێنی بە كۆمپانیاكەی شێخ باز بەخشی، كۆمپانیای (كار گروپ) لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو بە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان چووە كەركوكو دەستیگرت بەسەر هەردوو كێڵگەی نەوتی (هاڤانا)و (بای حەسەن)، نەوتی كەركوكی لەرێگەی بۆری هەرێمی كوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكرد، ئەوكات لەڕێگەی بۆرییەكەوە رۆژانە نزیكەی (300 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك لە هەرێمەوە رەوانەی توركیا دەكراو دەفرۆشرا. لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەری 2017) كە هێزی پێشمەرگە لە كەركوك كشایەوەو هێزە عێراقییەكان گەڕانەوە، كۆمپانیای كار كۆنترۆڵی كیڵگەكانی (هاڤا)و (بای حەسەن) لەدەست دەرچوو، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی دەستی كۆمپانیاكەی لە نەوتی كەركوك نەبڕی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای كاردا ئێستا: • رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی نەوتی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای (كار) دەكرێت، كار نەوتەكە لەو پاڵاوگەیە دەپاڵێوێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ موسڵو ناوچەكانی دەوروبەری، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك، كۆمپانیاكە نزیكەی (10 دۆلار) وەردەگرێت، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارە. • رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، كە داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراقە "سۆمۆ"یە، بەڵام كرێی گواستنەوە ئەم نەوتە (واتا كرێی بۆرییەكە) بەهەمان شێوە بۆ كۆمپانیای (كار)ە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتەكەی مانگانە دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار. شێخ باز دەرچووی كۆلیژی تەكنیكییەو هیچ بڕوانامەیەكی تایبەتی لەبواری نەوتدا نییە. ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن، دەڵێن كەسێكی بەخشندەیەو لەو سامانەی كە كۆیكردوەتەوە خێری زۆر دەكاتو هاوكاری هەژاران دەكات، پێشتر وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی ناوی دەهێنرا، بەڵام دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لە مەسرور بارزانی نزیك بووەوە، پێشتر لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرا. رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2019، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو وەفدەدا كۆبووەوە كە بەنوێنەرایەتی هەرێم لەبارەی نەوتو بودجەوە لەگەڵ بەغداد گفتوگۆیان دەكرد. لەم كۆبونەوەیەدا كەسێكی غەریب بینرا، ئەو كەسە (شێخ باز) سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار گروپ) بوو، بەشداربوونی شێخ باز لە كۆبونەوەكەی سەرۆكی حكومەتو وەفدی هەرێم، هەرزوو بوو بە هەواڵی میدیاكانی ناوخۆ، ئەوكات پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكرابووەوە، لەناو وەفدی دانوستانكاری هەرێمدا شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەتاڵ بوو، بۆیە دەركەوتنی شێخ باز لە كۆبونەوەكەدا وا لێكدرایەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە شوێنی ئاشتی هەورامی وەردەگرێت. هەر سەردەمە بووە كە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە سەربە گۆڕان وتی:" خۆزگە ئێمە چەند كەسێكی وەك شێخ بازمان لەو ئاستو توانایەدا هەبوایە" ئەمە لە وەسفەكەی ساڵی 2016ی فازل میرانی بۆ ئاشتی هەورامی دەچوو كە وتی:" وەزیری نەوتی ئێمە یەكێك لە هەرە وەزیرە زیرەكەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
درەو: نەوشیروان مستەفا لە كتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا, دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق لە 1984 تا 1988 دا دەڵێت: لەگەڵ زۆربونی گوشاری دوژمن بۆسەر ناوچەكەی ئێمە، مەترسی ئەوە زیادیكرد، كە جەیشی عێراق ناوچەكەمان لێداگیربكات، گیرانی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتیش لە دۆڵی جافایەتی ئەبو بەهۆی هەرەسهێنانی بەرگری لەناوچەكانی كەداو لە ئەنجامدا هەرەسهێنانی بزوتنەوەی چەكداری لە كوردستانی عێراقدا، ئەبو بەهەرجۆرێك بێ كارێك بكەین جوڵانەوەكەمان لەروخان رزگار بكەین، نەخشەی ئازادكردنی هەڵەبجە لەمێژبوو ئامادەكرابوو فەرەیدون عەبدولقادرو د. فوئاد مەعسوم، لەوكاتەدا لە ئێران بوون، داوامان لێكردن پەلە لە جێبەجێكردنی بكەن، بۆ ئەوەی ئەگەر عێراق بارەگاكانی سەركردایەتی داگیركرد، شوێنێكی تری هەبێ بۆی بچێ و بارەگای لێدابنێ، شەوكەتی حاجی موشیر كە خۆی لە ئێران بوو زۆر لە مێژبوو بیری لە ئازادكردنی هەڵەبجە ئەكردەوە، فەرەیدون و د. فوئادیش بەلایانەوە باش بوو شەوكەت ببێتە سەركردەی ئەم كارە، بۆ ئەم مەبەستە حامیدی حاجی غالی و قادر كۆكۆی و قادر خەبات و هەندێ هێزو كادیری تریان تەرخانكرد، لەگەڵ لایەنەكانی تریش قسەیان كردبوو، ناوچەكەیان بەم جۆرە دابەشكردبوو: • هێزەكانی یەكێتی بەرپرسی گرتنی تۆپخانەكانی دۆڵەمەڕ و ناوشاری هەڵەبجەبێ. • هێزەكانی فەیلەقی بەدر بەرپرسی گرتنی شاخی شنروێ و باڵانبۆ بێ. • هێزەكانی حیسك بەرپرسی گرتنی پردی زەڵم بێ، • هێزەكانی پارتی بەرپرسی ئازادكردنی خورماڵ بێ • هێزەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرپرسی كاروباری لۆجستی بن. ئێوارەی رۆژی 14ی مارت هەموو هێزەكان ئامادەكرابوون، بۆ رزگاركردنی هەڵەبجە دەستیان كرد بە جوڵان، هەمان شەو هەڵەبجە گیرا، هەموو هێزەكانی عێراق خۆیان بەدەستەوەدا یان هەڵاتن، راستیەكەی ئێمە چاوەڕێ نەبووین وا بە ئاسانی هێزەكانی عێراق هەرەس بهێنێ و هەڵەبجە بگیرێ، بەڵكو بەتەمابووین ناوچەكە ببێتە شەڕگایەكی فراوان و گەورەی نێوان هێزەكانی كورد و عێراق، نێوان هێزەكانی ئێران و عێراق، بەویش عێراق ناچار ئەبێت هێزەكانی هێرشی ئەنفالی (1 ) سوك بكات، بەڵام سەركردایەتی عێراق بە فەرمانی سەدام هەڵەبجەیان فەرامۆشكردو هیچ هێزێكیان بۆ گرتنەوەی نەنارد، لە باتی ناردنی هێز وەكو لیوا روكن وەفیق سامەڕائی لە كتێبەكەیدا ( حیتام البوابە شەرقیە) نوسیویەتی: رۆژی 16ی مارت 50 فڕۆكەی هێرشی زەمینی كە هەریەكەیان 4 بۆمبای 500 كیلۆگرامی كیمیاییان هەڵگرتبوو هەڵەبجەیان بۆمبارانكرد، بەو پێیە 200 تۆن گازی ژەهراویان بەسەر هەڵەبجەدا باراند. ئازادكردنی هەڵەبجە بە بۆمبارانی كیمیایی و كوژرانی پێنج هەزار كەس و برینداربوونی پێنج هەزار كەس و چۆڵكردنی ناوچەكەو داگیركردنی لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە تەواو بوو بەشداری ئێرانیەكان لەسەرەتای گرتنی هەڵەبجەدا شتێكی رەمزیو مەعنەوی بوو تا دوای كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەگەر ئێران بە زووی فریای دانیشتوانی هەڵەبجە نەكەوتایە دانیشتوانی ناوچەكە هەمووشیان نەمردنایە لەوانەبوو ژمارەی كوژراوو بریندار چەند قات لەوە زیاتر بوایە ئەگەر ئێران پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی بانگ نەكردایە بۆ بینی كارەساتی هەڵەبجە، ئەم كارەساتەش وەكو كارەساتی ئەنفال كە زۆر گەورەتر بوو لە كارەساتی هەڵەبجە بە بێ دەنگی تێ ئەپەڕی و لە دنیادا كەس پێی نەئەزانی و باس نەئەكرا. دوای ئەوەی هێزی ئێران رژایە ناوچەكەوە كە بەتەواوی چۆڵ بوبو دەستی بەسەر هەموو كەل و پەلی ناو ماڵ و دائیرە و كارگەكانی هەڵەبجەدا گرت و گوێزایەوە تەنانەت دانەوێڵەی ناوچەكەشی دووریەوە بەمەیش هەموو ئەو پارەیەی لە زەمانی شاوە تا ئەو كاتە لە یارمەتیدانی كوردی عێراقدا خەرجی كردبوو دەرهێنایەوە. - كتێبی خولانەوە لەناوبازنەدا, نوسینی نەوشیراون مستەفا ئەمین،لاپەڕە 144.
درەو: راپۆرتی: پەرەگراف- فەرمان سادق بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی؛ ئەگەر بە یەكجاریی قوفڵی بۆری نەوتەکەی هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە، ئەوا ناچار بە سازشی دەكات بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەپێچەوانەشەوە گرفتی جددی بۆ فرۆشتنی نەوت و كۆمپانیا جیهانییەكان دروستدەكات لە راگرتنی وەبەرهێنانی نوێ لە كێڵگە نەوتییەكان تا پاشەكشێی تەواوەتیی، بەوتەی شارەزایانی دەستور و سیاسەت. ئەو بڕیارەی دادگا لە 15ی شوباتی 2022 دەرچوو، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 20047 بە نادەستوری دادەنێت و هەڵیدەوەشێنێتەوە، لەكاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت. بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوەو چاودێریی پوچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت، هەروەها دیاریكردنی بودجەی هەرێم کە گرەنتی گەیشتنی بكات لە بەغداوە. دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی پاڵپشت بە چەند ماددەیەكی دەستور دەركردووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشوتری نەوتی عێراق لە 2012 كردویەتی و ئەویتر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا. ئیبراهیم بەحرلعلوم، وەزیری پێشوتری نەوتی عیراق لەڕێی تەلەفۆنەوە بە پەرەگراف-ی وت، پێیویستە هەموان پابەندی بڕیارەكەی دادگا بن، لە پێناو پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سامانی عێراق، جێبەجێكردنەكەیشی دەكەوێتە سەر هەردوو حكومەت هەنگاوی بۆ بنێن. بەپێی دەستوری عیراق دادگای فیدراڵی لایەنی سەرەكی و یەكلاكەرەوەیە لە ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمەكان و پارێزگاكاندا. بەحرلعلوم رونیكردەوە ناكرێت باس لە یەكپارچەیی خاكی عیراق بكرێت، بەڵام لەولاوە بە دوو رێگەی جیاواز نەوت هەناردە بكرێت، "پێشتریش هۆشداریمان لەسەری داوە و هەوڵیشدراوە چارەسەر بكرێت، بەوپێیەی عێراق ئەندامی ئۆپیكە، دەبێت یەك سیاسەتی نەوتی هەبێت هاوشێوەی وڵاتانی تری ئەندام لە ئۆپیك". ناوبراو كە یەكەم وەزیری نەوتی عیراق بووە لە حكومەتەكانی كاتی و راگوزەری ساڵانی 2003 و 2005ـدا، دەڵێت، زۆر كێشەی هەڵپەسێراوی هەرێم و بەغدا بێ چارەسەر ماونەتەوە، لە نێویاندا دەركردنی یاسای نەوت و گاز كە لە 2007ـەوە رەوانەی پەرلەمان كرا و ئەنجامی نییە تائێستا. بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە زۆرینەی دەنگ دەركراوە، دوو ئەندام لە كۆی نۆ ئەندام ناڕازی بون. (لە نۆ دادوەری دادگاكە دوو دادوەریان كوردن). "دەستەی نوێی دادگای فیدراڵی تەنیا ئەو دۆسیەیەیان هەڵنەداوەتەوە، بەڵكو كۆمەڵێك دۆسیەی تریش هەڵدراونەتەوە، كاتێكیش سیاسییەكان ناگەن بە چارەسەر و بۆشایی یاسایی دروستدەبێت، ئەوا دەبێت قسەی خۆیان بكەن" ئیبراهیم بەحرلعلوم پێیوانییە بڕیارەكە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق و نێوانی لایەنە سیاسییەكانەوە هەبێت. لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021ی عێراقەوە، دانوستانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامی نەبووە، بەوپێیەی لایەنە سەرەكییەكانی شیعە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبون، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێ و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پەكیكەوتووە. بەحرلعلوم داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی نەوت و گاز دەكات بە ئەندامێتی هەرێمی كوردستان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و گازی عێراق بە یەك سیاسەتی هاوبەش. بەپێی ماددەی 111ی دەستور، نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا. بیلال وەهاب، لێكۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بە پەرەگراف-ی وت "بڕیارەكە سوودی نابێت، چونكە ئالیەتی جێبەجێكردنی دەستنیشان نەكردووە، دەبوو باسی ئەوە بكات كە پێویستە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا یاسای نەوت و گاز دەربچوێنێت، لێرەدا بڕیارەكەی دادگا جێگەی سوود دەبوو، هەم بۆ هەرێم و هەمیش بۆ حكومەتی عێراق". هەرێمی كوردستان لە كاردانەوەكاندا بە توندی بڕیارەكەی دادگای رەتكردەوە و بە نادەستوریی زانی. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا جەختیكردەوە "لەسەر ئەرزی واقیع قابیلی جێبەجێكردن نابێت". بەپێی ماددەی 94ی دەستور بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی یەكلاكەرەوەیە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن. لێكۆڵەرەوەكەی پەیمانگەی واشنتن دەربارەی كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارە لەسەر كاری كۆمپانیاكان دەڵێت، كۆمپانیا گەورەكانی بواری وەبەرهێنانی نەوت لە كوردستان زۆر نین، ئێكسۆن مۆبیل كوردستانی جێهێشتووە، بەڵام هەندێكی تر وەك شیفرۆن و تۆتاڵ و گازپرۆم، بەهۆی ئەو بڕیارەوە "رەنگە لەم قۆناغەدا تا یەكلاییبونەوەی ئیتر وەبەرهێنان لە كوردستان نەكەن و پارە خەرج نەكەن". بیلال وەهاب ئەوەشی رونكردەوە "جۆری سێیەمی ئەو كۆمپانیایانەی لە كوردستانن وەك دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینێرجی كە پارەیان خەرجكردووە و پارەیان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە و كوردستانیش تاكە شوێنە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی كە بوونیان هەیە و قازانجیان لێی كردووە، ئەوا ناڕۆن و دەمێننەوە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت چیتر پارە خەرج بكەن و دەیانەوێت دڵنیاش ببنەوە، وەك بیلال ئاماژەی پێدا "تەنانەت ئەو بڕیارە پەیوەندیدارە بە بانكەكانیش كە پارەی نەوتی تیا دادەنرێت.. هیچ بانكێک نایەوێت لەسەر ئەوە دووچاری كێشە ببێتەوە". بیلال وەهاب: پێموایە دواجار هەرێم لەم دۆسیەیەداو لە هەندێك دۆسیەی تر سازش بۆ بەغدا دەكات هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ـەوە سەربەخۆ لەڕێی بۆریی خۆیەوە نەوتەکەی رەوانەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكات و دەیفرۆشێت. "بەو بڕیارە هەڵوێستی هەرێم لە دانوستاندن لەسەر ئەو دۆسیەیە بەرانبەر بەغدا زۆر لاواز دەبێت، هەمیشەش پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزی یەكەمی كوردستانە هەڵەی گەورە دەكات لەكاتی هەڵوێست لاوازییدا، وەك هەڵە گەورەكەی 31ـی ئاب و ریفراندۆم، بۆیە لەوكاتەدا كە گوشار دەخەیتە سەر پارتی چی دەكات؟ ئایا شەڕێك لەگەڵ بەغدا هەڵدەگیرسێنێت یان ریفراندۆمێكی تر". بیلال وەهاب وتیشی "پێموایە دواجار هەرێم لەم دۆسیەیەداو لە هەندێك دۆسیەی تر سازش بۆ بەغدا دەكات، چونكە هەرێمی كوردستان زیاتر نەوت وەك كارتێكی سیاسی دەبینێت نەك ئابووری، باوەڕیش ناكەم سازش لەسەر ئیدارەدانی نەوتەكە بۆ بەغدا بكات، رەنگە لە پرسی فرۆشتنەكەی سازش بكات". ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دوایین هەڵوێستیدا، 23ی شوباتی 2022، بڕیارەكەی دادگای بە نادادپەروەری ناوبرد و جەختیكردەوە داكۆكی لە مافەكانیان دەكەن و لەگەڵ حكومەتی عیراق، بەردەوامدەبن بۆ رێككەوتن و گەیشتن بە چارەسەر. د.سەردار عەزیز: ئەوانەی لە بەغدان دەمێكە ئاگادارن كە بەغدا نیەتی بە مەركەزیكردنەوەی هەیە سەردار عەزیز، لێكۆڵەر و چاودێری سیاسی پێیوایە بڕیارەكە لەروی كاتەوە بەشێكە لەو ململانێیەی نێوان پارتی و ئەو بەرەیەی لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتی پێكهێنانی حكومەتن، هاوكات بەشێكە لە ململانێی ناوماڵی شیعە، بەڵام رەهەندە درێژخانەكەی بڕیارەكە هەنگاوێكە بۆ زیاتر مەركەزیكردنی عێراق و رێگرتن لەوەی ببێتە وڵاتێكی فیدڕاڵ. "دەكرێت بەشێكی تری بڕیارەكە ببەستینەوە بە نیگەرانی ئێران، ئێران لەكۆمەڵێك شت نیگەرانە لەوەی نایەوێت موقتەدا سەدر ببێت بە خاوەنی هەموو شتێك، خاوەنی حكومەت و نەجەف و شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی وەك مەرجەعێك، هەموو ئەوانە ئێرانی نیگەران كردووە كە دەیەوێت موقتەدا رازی بكات یانیش بەرەی هاوپەیمانیی سەدر تێكبدات" بەوتەی عەزیز بۆ پەرەگراف. پارتی لەگەڵ بەرەی سەدر و هاوپەیمانی گەورەی سوننەكاندا هاوپەیمانییان پێكهێناوە بۆ حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی كە زۆرینەی لایەنە شیعەكانی تر لە نێویاندا هاوپەیمانە نزیكەكانی ئێران لێی بێبەشن. سەردار عەزیز وتی "كوردستان دەبوو زووتر ئاگاداری ئەو بڕیارە بوایەو ئەوانەی لە بەغدان دەمێكە ئاگادارن كە بەغدا نیەتی بە مەركەزیكردنەوەی هەیە، حزبە سیاسییەكانی عێراقیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە، بەرانبەر ئەو هەوڵە دەبوو سەركردایەتی سیاسی كوردی بنەمای ئەوە دابڕێژێت چۆن عێراق نەبێتەوە بە وڵاتێكی مەرکەزیی، ئەویش لەرێگەی یەكڕیزی ناوخۆو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و حكومدارییەكی باشتر كە ئەوانە سەنگیان دەدایە هەرێم نەك ئەو پەرتەوازەییەی ئێستا كە هەرێم ناچار بە سازش دەكات". یەكێتی و پارتی وەك خاوەنی زۆرترین كورسی كورد لە بەغدا بەسەر دوو بەرە دژ بە یەكەكەی شیعەدا دابەشبون. ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رۆژێك دوای بڕیارەكەی دادگا وەزارەتی نەوتی راسپارد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بە ئامانجی ئیدارەدانی ئەو دۆسیەیە بەپێی دەستور. عەلی تەمیمی، شارەزای دەستوری بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبێت، ئەوا دەسەڵات دراوە بە حكومەتی فیدراڵی لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕێت. "دادگا لەم پرسەدا زیاتر پشتی بەستووە بە مادەی 111ـی دەستوور، كە نەوت و گاز موڵكی گشتی عێراقییەكانە، عێراقیش وڵاتێكی فیدڕاڵە نەك كۆنفیدڕاڵی، بۆیە كۆمپانیای سۆمۆ كە سەر بە وەزارەتی نەوتە تاكە لایەنی هەناردەكردنی نەوتە" بەوتەی تەمیمی، كە دەڵێت "بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵ دەبێت هەموولایەك پێیەوە پابەندبن نەك وەك هەندێك كەس دەڵێن پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبەین، ئەوەش نەگونجاوە چونكە عێراق وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە". هەرێمی كوردستان پێشتر و زیاد لە جارێك دەستوری عێراق وەك پاڵپشت بۆ هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەهێنێتەوە كە ئەو دەسەڵاتە تەنیا بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نییە و مافی هەرێمەكانیشە. بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، حكومەتی فیدراڵ ئیدارەی نەوت و غازی دەرهێنراو لە كێڵگە نەوتییەكاندا دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكاندا. عەلی تەمیمی دەڵێت حكومەتی ئێستای مستەفا كازمی، حكومەتی كاربەڕێكەرەو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی داهاتوو، "سێ رێگە هەیە؛ دەرچووانی یاسای نەوت و گاز یان رێككەوتنی سیاسی وەك ئەوانەی پێشتر كرا لەسەر پرسی پشكی هەرێم لە بودجە بەرانبەر بە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، یاخود گەیشتنە بنبەست" ئەو شارەزایەی دەستور چاوەڕێیە چارەسەرەكان لە بژاردەی یەكەم و دوەم تێنەپەڕێت. عەلی تەمیمی: حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرەو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی داهاتوو بڕیارەكەی دادگا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، پشتگیری و خۆشحاڵی هەندیك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، بەهۆی رەخنەكانیان لە حكومەتی هەرێم و سیاسیەتی نەوت، بەڵام لە بەرانبەردا، كەسانی دیكەش هەبون بە توندی دژی بڕیارەكە بون. سەردار عەزیز وتی "ئێستا كورد دابەشی سەر دوو بەرە بووە، بەرەیەك دەیەوێت حكومەت وەك خۆی بمێنێتەوەو ئەوەی تریش دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت، هەر كامێكیان براوە بێت ئەوا نیوەی كورد دۆڕاوە لەو هاوكێشەیەدا، ئەمەش وادەكات لایەنە براوەكەش هەڵوێستی لاوازتر بێت و نەتوانێت ئەوە بەدەستبهێنێ كە بەرنامەی بۆ داناوە". دادگای فیدراڵی دواتر رونكردنەوەیەكی لەسەر بڕیارەكەی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە پێشتر و لە ساڵی 2015ـدا دادگایەكی ئەمریكاش، سكاڵایەكی لە قازانجی وەزارەتی نەوتی عێراق یەكلاكردۆتەوە، بەهۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ. بیلال وەهاب دەڵێت "تەنانەت یاساناسەكانیش كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دادگا لەڕووی یاساییەوە پێكاویەتی و پشت بە بڕیاری دادگایەكی تەكساس دەبەستێت، لەمەدا دەیەوێت شەرعیەت بە بڕیارەكەی بدات و شەرعیەتیش بە نایاسایی بوونی دۆسیەی نەوتی هەرێم بدات، بەڵام جێبەجێكردنی بڕیارەكە زەحمەتە". ئەو لێكۆڵەرەی پەیمانگەی واشنتن پێیوایە كۆدەنگییەك هەیە لای هێزە شیعییەكان و حكومەتی عێراق كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نەوتدا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی كردووە، "عێراق لەرێگەی دەزگای هەواڵگری و كۆمپانیاكانەوە زانیاری لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم كۆدەكاتەوە، بۆیە ئەوەی هەرێم دەیكات دەسەڵاتەكانی زۆر زیاتر بەكارهێناوە لەوەی لە دەستووردا باسكراوە كە دەستوور باس لە پێكەوە ئیدارەدانی نەوت و گاز دەكات، ئەوەش وایكردووە هەموو هێزە سیاسییە عێراقییەكان پشتگیری لە بڕیارەكەی دادگا دەكەن". بەبڕوای بیلال بڕیارەكەی دادگا پەیوەندیداریشە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، دەیانەوێت پارتی زیاتر لاواز بكەن، بەوپێیەی سیاسەتی نەوت و گاز لای پارتییە، وەك چۆن بڕیارەكە لەبەرژەوەندی سەدر و حەلبوسیشدایە تا ببێتە پەیامێك بۆ پارتی كە لەو هاوپەیمانیەتییەدا هێزی باڵادەست نییە. بیلال وەهاب دەچێتە سەر باسی دۆسیەكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگایەكی پاریس، بەهۆی رێگەپێدان بە هەناردەی نەوتی هەرێم بێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ، كە بڕیارە كۆتا دانیشتنی لە تەمموزی ئەمساڵدا بێت. "تائێستا لەو دۆسیەیەدا وەڵامی توركیا ئەوەیە حكومەتی عیراق نەیوتووە فرۆشتنی نەوتی هەرێم نادەستورییە، بەڵام بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، هەڵوێستی توركیا بەرانبەر بە دادگا لاوازتر دەبێت" بیلال وەهاب وای وت.
شیكاری: درەو: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا بڕی (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا تەنها بڕی (25) دۆلاری بۆ ماوەتەوەو بە کۆی گشتی کردوویەتیە (3 ملیار و 870 ملیۆن) دۆلار. لە کاتێکدا هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەناردەی کردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردەی کردبا نزیکەی سێ هێندە داهاتی دەست دەکەوت بە جۆرێک داهاتەکەی بریتی دەبوو لە (10 ملیار) دۆلار، ئەمە چۆن؟ وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا بەردەستە... یەکەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا (151 ملیۆن و 211 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردە کردووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە (71) دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا (10 - 12) دۆلار کەمتر دەفرۆشێت بۆیە ئەو نرخانەی لە (خشتەی ژمارە (1)) دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا (10) دۆلار کەمتر دانراوە لە نرخی نەوتی برێنت و حکومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە (61.01)دۆلار فرۆشتووە. بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجیەک دەکاتە (9 ملیارو 214 ملیۆن و 343 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریکی. بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2021) لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟ بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (68.8) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (10 ملیارو 324 ملیۆن و 712 هەزار و 520) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 110 ملیۆن و 368 هەزار و 660) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2021)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2021) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی وتەی هەر یەک لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (58%)ی داهاتی نهوت دهدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بهرههمهێنانی نەوت، بە جۆرێک (20%)ی داهات تێچووی دهرهێنانی نهوته (14%) شایستهی كۆمپانیاكانه و (6%)ی كرێی گواستنهوهیه. ئهوهی دهمێنێتهوه قهرهبووی قهرزهكانه. بۆیە دوای لیدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (151 ملیۆن و 211 هەزار) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2021)دا دەکاتە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (25.62) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیا بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2021) دا حکومەتی هەرێم بڕی (42.76) دۆلاری بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (6 ملیارو 454 ملیۆن و 688 هەزار و 640) دۆلاری ئەمریکی. بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، نزیکەی سێ هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بڕەکەی بریتی دەبوو لە (10 ملیار و 324 ملیۆن 712 هەزار و 520) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) فرۆشی نەوت لە نێوان عیراق و هەرێمدا بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگەكانی ساڵی (2021)، حكومەتی عێراق لە (1/1/2021 – 31/12/2021) بڕی (1 ملیار و 102 ملیۆن و 188 هەزار و 981) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە، هەناردەی وڵاتانی دەرەوە كردووە، كۆی ئەو داهاتەی حكومەتی عێراق لە فرۆشی نەوتەوە لەماوەی ناوبراودا دەستی كەوتووە، بریتی بووە لە (75 ملیار و 650 ملیۆن و 606 هەزار) دۆلار. بە كۆی گشتی فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (151 ملیۆن و 211 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە بەبێ هیچ خەرجی و هەرزان فرۆشییەك دەكاتە (10 ملیارو 670 ملیۆن و 453 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریكی، ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار بووە بەو پێیەش ئەو داهاتەی لە 2021 بۆ عێراق ماوەتەوە لە فرۆشی نەوت (75 ملیار و 650 ملیۆن و 606 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار بووە بڕی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2021دا (13%)ی كۆی بڕی فرۆشی نەوتی عێراق بووە، بەڵام داهاتەكەی (5%)ی بڕی داهاتی نەوتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە. حكومەتی عێراق لە هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (68) دۆلاری بۆ ماوەتەوە، حكومەتی هەرێم لە هەر بەرمیلێك تەنیا (25) دۆلاری بۆ ماوەتەوە. بەو پێیەش ئەگەر حكومەتی هەرێم بە سافی نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات، ئەوا بۆ هەر بەرمیلێك (43) دۆلاری زیاتر بۆ دەمایەوە، واتا لە ئێستادا كە خۆی نەوتەكەی دەفرۆشێت بۆ هەر بەرمیلێك (43) دۆلاری زیان كردووە . واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتەكەی كە لە 2021دا فرۆشتویەتی بڕەكەی (151 ملیۆن و 211 هەزار) بە نرخی سۆمۆ بیفرۆشتایە لە بری (3 ملیار) دۆلار (10 ملیار) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتا نزیكەی (7) ملیار دۆلار كەمتر داهاتی بۆ ماوەتەوە. ڕاپۆرتی پەیوەندیدار - لە (2021)دا داهاتی نەوتی عێراق ( 75 ملیار) دۆلار و هەرێم (4 ملیار) دۆلار بووە https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9857 - فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584
نوسینی: عەلی مەحمود مرۆڤ كە بیركردنەوەی باشی هەبوو بۆ كارەكانی, كرداری خراپ ناكات, چونكە ئەو بیركردنەوەیە دەگۆڕێت بۆ هەست و كاریگەری لە سەر كردارە خودیەكان دادەنێت. بەڵام شەڕی هەڵەبجە یەكێك لە بیركردنەوە سەقەتەكانی سیاسیەكانی ئەوسای كورد بوو كە كرا, بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێناكرا, چونكە بیركردنەوەی خراپی لە پشتەوە بوو. ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی گروپەكان گەل تێكەڵاو شەڕێكی ماڵوێرانكەر كرا. لە زۆر لاوە كە دەیخوێنیتەوە شوێن پەنجەی شەیتانانە بە تاوانەكەوە دیارەو ناشرینیەكانی بە عەبای دڕاوی پیسی ئێستای ئەم سیاسیانە ناشاردرێتەوە. مێژووی تاوانی هەڵەبجە مێژوویەكە لە ناو گازو ئێسك و پروسك و ناشرینی و تاواندا غەرق بووە, لە هەموو 16ی 3 یەكدا سەر دەردێنێتەوە. ئەوانەی تاوانیان ئەنجامدا لە هەڵەبجە, لە بەعسەوە بۆ ئێران و بۆ حیزب و تاكی لایەنە كوردییەكان((چونكە تاوانی مەزن و دزی دەخرێتە ئەستۆی تاكەكان, بەڵام لێپرسینەوەو سزا دان لە ئەستۆی لایەنەكانە, كە ئەنجامیان نەدا ئەوجا دەبنە شەریكە بەش لە تاوان و گەندەڵی)). ئەوان هەموو لەو رۆژانە مرۆڤایەتییان لە ناخی خۆیاندا كوشت, بۆیە هەر هەوڵێك بۆ سووككردنی تۆمەتەكەیان بدرێت و داكۆكیان لێبكرێت دەچێتە چوار چێوەی خیانەت لە قوربانیانی تاوانەكەو رزگاركردنی تۆمەتبار لە لێپرسینەوەو دەرخستنی راستییەكان. تاوانی هەڵەبجە هەر ئەوە نییە كە نغرۆ بوونی شار لە گازی كیمیاوی و 5000 قوربانی و ئازارەكانی كامیلەكان و عەلییەكان و ئاراس و لوقمان و حیكمەتەكان و دەیانی تری لێكەوتبێتەوە, وە یان ڕوی دڕندەیی ڕژێمی بەعس دەربخات, ئەوانەی ئەمڕۆ قازانجیان بینیوە لە ڕوخاندنی سەدام بێن لە هەڵەبجە, لەسەر مۆنمێنتی قوربانیان و كەلاوەكانی نەعلەتی رژێمی بەعس بكەن و شەرعیەت بە دەسەڵات و كردارەكانیان و جەنگەكانیان بدەن. سیاسیەكانی كورد هەمیشە قازانج و تام لە بینینی ڕۆڵی قوربانیبونەوە دەبینن, تۆمەتبارانی 16-3ش كە دزیان كرد و هەڵەبجەیان بە هەڵە كوشندە سیاسییەكانیان بۆ ئەو مەرگە ساتە برد بە هێنانی سوپای ئێران, ئەو رۆژانەی دواتر خۆیان بە بەشێك لەو قوربانیانە دەناسێنن, بۆ ئەوەی چیاوكی سیاسیان پێ بدرێت. ئەو جەنگاوەرانەی لە پەلاماری شاری هەڵەبجەدا, ڕزگار كردنی دراوی ناو بانكەكەی هەڵەبجەیان بە بەهاتر دەزانی لە ڕزگار كردنی خەڵكەكەی, وێنای كەسایەتی راستەقینەی ئەو فەرماندارانە دیاری دەكات, واتا لە پلە بەندی بەهاكاندا لای ئەوان هەمیشە پارە گرنگترە لە مرۆڤ وەك دواتر رونتر سەلماندیانەوە, پارەیەك هەمیشە تاقیكردنەوەی باڵا بووە بۆ فەرماندارانی كورد و هەمیشە بەرەو بێباوەڕی و خیانەتیانی بردووە وەك عەلی وەردی دەڵێت: تا بەرژەوەندی زیاتر بێت باوەڕ لاواز تر دەبێت, ئەوانیش رێچكەی ئێستایان بۆ ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە. چیرۆكی تاڵانكردنی بانكەكەی هەڵەبجە, تاكو دنیا دنیایە, لە پاڵ وێنەكەی عومەر خاوەر, دەربڕی مەزڵومیەتی خەڵكی ئەم شارەیە, كە لە چركە ساتێكدا روح و ماڵ و سەرمایەكانیان هەموو پێكەوە دزران, بڕینی بانكی هەڵەبجە لە دیرۆكی تاوانەكاندا بوو بە سومبولی تاڵان و بڕۆی شار لە لایەن هێز گەلێكەوە گوایە بۆ بەختەوەری و یەكسانی دەستیان داوەتە چەك و پەیمانی بوون بە رۆبن هودیان دابوو بە هەژاران, كەچی لە پڕ دەبن بە گەورەترین دز, هەروەك چۆن عومەر خاوەر بووە بە سومبولی 5000 شەهیدی شاری هەڵەبجەو هەموو قوربانیانی چەكی كیمیاوی لە جیهان بەهۆی باوەش دان لە كوڕە تاقانەكەیەوە, ئاوا ئەوانیش بوون بە ناشرینترین دزی كوردی . تاوانی هەڵەبجە پڕە لە چیرۆكی سەیر و سەمەرە ,چ لە لایەن بەعس و ئێرانەوە, یان لە لایەن لایەنەكانی كوردییەوە, بەمەش هەندێك پێشمەرگەی تاوانكار بوونە جەلاد جەماوەریش بووە قوربانی دەست قوربانی وەك ئێدوارد سەعید دەڵێت"بوونە قوربانی قوربانی ". جیهانی غەریب و عەجائیب, ناشرینی بێ وێنە, ناشرینیەكانی ئەو كات, بە دەسەڵات و هێزو دەوڵەمەندی ئەمڕۆی تۆمەتباران هەرگیزاو هەرگیز ناشاردرێتەوە و جوان ناكرێت, بە زەبروزەنگیش پرسیارەكان لە قوڕگی جەماوەر خەفە ناكرێن, هەر دەبێت لاپەڕەكانی هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی وەك خۆی چۆن بووە ئاوا بچێتە مێژوەوە. ئەزموونی ناشرین و سەرنەكەوتوو پێویستی بە شیكردنەوەی قول هەیە نەك شاردنەوە, پێویستە لێكۆڵینەوەو لێكدانەوەی لەسەر بكرێت, پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە بكردرێت, هەموو ئەزموونێك بە نرخە ئەنجامگیری لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە لە سەری بكرێت, شیكردنەوەی ئەزمونەكان باشتر كەسە سەركەوتوو و شكست خواردووەكان لە قۆناغە مێژووییەكاندا دەناسێنێت, لە ئەزموونە تاڵەكان مرۆڤەكان وەك ئەوەی هەن دەناسرێن و قیناعەكان هەڵدەماڵرێن و رووەكان ئاشكرا دەكرێن, هەڵسوكەوت بە تایبەت ناشرینەكانی وەك هەڵەبجە, پێچەوانەی بیروباوەڕ, لایەن توشی قەیرانی ناسنامە دەكات, ئەمەش وایكردو وا دەكات هەموو بیروباوەڕەكانی تۆمەتبار بكەوێتە ژێر پرسیارەوە, گومان لە سەر هەموو رابردووی تاوانكار درووست بكات, هەڵەبجە بەم ئەركە هەڵستا و ئەم پەیامەی گەیاند, تەواوی بیروباوەڕی ئەو شۆرشگێڕە ئەفسونیانەی بردە ژێر پرسیارەوە, كە تاوانیان بەرامبەری كرد. سەركردەكانی ئەوكات, ئەوانەی كە بڕیاری ئەم كردە سەربازیەیان دا, هیچ كات نایانەوێت باس لەم تاوانە بكرێت و بەرەو روی رەخنە ببنەوە, یاخود هەر قسەیان لەسەر بكرێت, چونكە لە نیەتیاندا نییە دووبارەی نەكەنەوە, جۆرج سانتیانا دەڵێت :ئەو كەسانەی كە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بهێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە كردنەوەی(( ل132, نهێنی سەركەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محەمەد شەهدی ,دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات 2009)), كەواتە نهێنی دان نە نانی ئەوان و ئەمان بە راستییەكان چییە؟, جگە لە بردنەوەی گەل بۆ نەهامەتییەكی دیكەو بەرهەم هێنانەوەی شكست و ناشرینییەكان. یەكەم كاری هێزە داگیر كەرەكەی هەڵەبجە لە دوای 15ی ئازاری 1988ەوە, نە پاكسازی شار بووە لە هێزە سەركوتكەرەكان, نە رێكخستن و هوشیار كردنەوەی خەڵك بوو لە هەموو ئەگەرێك, نە سەردانی رێكخستنەكان و ماڵی شەهیدان بووە, بەڵكە تاڵان بووە: پاش شكستی چاوەڕوانكراوی هێزەكانی بەعس و دابەزینی هێزە كوردی و ئێرانییەكان و مەجلیسی ئەعلا, كارە دزێوەكانی تاڵان و دزی و فەرهودی فەرمانگەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستیپێكرد كەوتنە رفاندنی سەیارەو مومتەلەكاتی دائیرەكان, پاشان بووە كێشە و كێبڕكێ بۆ داگیر كردنی بیناكان بۆ كردنیان بە بارەگای حیزبی (لڤین- ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارای لێكەوتەوە- یاسین رەسول عوسمان - ژمارە 87 بەرواری 15ی مارتی 2009 ل12). ئەوەندەی لە شەڕی هەڵەبجە گرنگی بە پاراستنی بانكی شار و پارەی ناو قاسەكەی درا لە لایەن فەرماندە سەربازیەكانی پێشمەرگەو ئێرانەوە, بە ئەندازەی زەڕەیەكی ئەوەندە گرنگی بە سەلامەتی خەڵكی شار بدرایا, ئەوە ژمارەیەكی زۆر كەمتر لەوەی ئێستا هەیە قوربانی دەدرا, كە دواتر وەك خۆیان چەندین جار دوبارەیان كردۆتەوە, ژمارە زۆرەكەش 5000 بۆیان بوو بە نیعمەت و دەستكەوتی هەڵەبجە لە پارەی ناو بانكەكەی كردە ملیارها دۆلار, ئەوانەی ئێستا من دەیاننووسمەوە, وتەی من نین , بەڵكە شایەدی و وتەی خودی فەرماندەكانی هێرشەكانن بۆ سەر شاری هەڵەبجە, وەك دەبینیین لە ناخۆشترین هەل و مەرجی سەربازیدا, لەسەردەمی مەرگی بە كۆمەڵی گەلدا, فەرماندەكان هەموو بیر و هۆشیان لای دەسكەوتە و ژیانی چەندین هاوڕێی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناو پاراستنی پارووی چەوری ناو قاسەكە: ئێوارەی یەكەمی گرتنی هەڵەبجە, یەكێك لەو شوێنانەی بایەخی زۆرمان پێ دا (( بانقی )) هەڵەبجە بوو- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 52 . دوای گرتنی شاری هەڵەبجە ینك ئەركی پاراستنی بانكەكەی گرتۆتە ئەستۆ, بۆیە هەموو تۆمەتەكان بەرەو رووی كەسانی ئەو دەكرێتەوە لە بڕینی بانكەكە ((چەند پێشمەرگەیەكی ینك كە ژمارەیان 15 كەس دەبوو بە سەرپەرشتی م,ح,ع ماوەتی بە فەرمانی بەرپرسەكەیان بانكیان گرتە ئەستۆ, لەو ماوەیەدا دووجار بە كۆستەرەو لەحیم هەوڵیان دا قاسەی بانكەكە بشكێنن, بەڵام بە هۆی تۆكمەیی قاسەكەوە كە لە ناو دیواردا بوو ,بۆیان نەشكێنرا (لڤین - ژمارە 87-ل15). قادری سەعید سۆفی بەڕێوەبەری بانكی هەڵەبجە بڕی پارەی ناو بانكەكە دیاریدەكات (( بانكی هەڵەبجە ئەوكات بڕی 780000 دیناری خەڵكی تێدا بوو هەموی دزرا )) (كێ بانكەكەی هەڵەبجەی بڕی - لڤین ژمارە 87 - ل 16 - هونەر حەمە ڕەشید - عیرفان ئەحمەد-بژار ناشاد ) . قادر سۆفی سەعید: بانك دوو كلیلی هەبوو, یەكێكیان لای من بو, یەكێكیشیان لای بەرپرسی سندووق بوو, ئەوانەی بانكەكەیان بڕی كلیلیان نەبوو, بەڵكە بە تی ئێن تی دەرگاكەیان تەقاندبوەوەو شكاندبویان, دواتر هەموویان دزیبوو, كە ئێمە دوایی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە, بۆمان دەركەوت بەم شێوەیە دزراوە ( لڤین ژ 87 -ل17), وەلێ حەمەی حەمە سەعید دەڵێت" قادری سەعید سۆفی وتویەتی 5 سەعات بەر لە گرتنی هەڵەبجە بەرپرسی ئیستخبارات كلیلەكانی لێوەرگرتبێ گومانی ئەوە هەیە ئەوان واتا عێراق چی تیابوبێت بردبێتیان قفڵیان كردبێتەوە-گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە-حەمەی حەمە سەعید چاپی یەكەم 2014 لاپەڕە 101 ". بەڵام پێشمەرگەیەكی ئەوكاتی ینك رای جیاوازی لەمبارەیەوە هەیە: فایەق گوڵپی (بانقی هەڵەبجە پێش تەقاندنەوەی كلیلەكەی وەرگیرابوو لە بەڕێوەبەری بانقەكە, پێش تەقاندنەوەی پارەكە دزرابوو, من وامبیستووە بەڕێوەبەری بانقەكە كلیلەكانی داوەتە شەوكەتی حاج مشیر و ئەو پارەكەی دزیووە, یەكێتی و پارتیش دواتر هەندێك لە كادیرەكانی خۆیان سزا دا لەسەر ئەو بابەتە, هەندێك لەو كەسانەیان گرت وەك كەماڵ شاكیر لە سنە, بەڵام دوایی حكوومەتی ئێران دەستیخستە ناو كارەكەو سوڵحیانكرد لە نێوان خۆیاندا, بەڵام ئەوە دەڵێم كە مامۆستا شاهۆو حەمەی حەمە سەعید یەك شتیان نەدزیووە, كە ئەوان زۆر دژایەتی منیش دەكەن لە ناوچەكە, ناكۆكی نێوان نەوزاد نۆرۆڵی و شەوكەتی حاجی مشیر لەسەر مەسەلەی هەڵەبجە بوو, كە شەوكەت هەندێك شتی هێنابوو, بەڵام نەوزاد شكاندبووی ( لڤین -87 -ل17). دەبینین بە 870000 دیناری ئەوكاتە بانكەكەو ئاڵتونەكان ناوی دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە بەڵكە پەلاماری شتی بچوكیشیان داوە, هەرچەندە حەمەی حەمە سەعید لە هەمان لاپەڕەی پەرتوكەكەیدا دەڵێت" لەم كاتانە یەكێتی هەڤاڵ جەبار فەرمانی ناردە ناوچەكە لە گەڵ لیژنەیەك بۆ دوو ئەرك, یەكەم سەرپەرشتی كردنی هێزەكانی یەكێتی لە ناوچەكەو دووەم بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كە وتراوە دەستیان بۆ ماڵی خەڵك درێژ كردووە . ..... چەند كەسێكیان بانگ كرد و چەند رۆژیش گلیان دانەوە لە گوندی جەلیلە, پارتیش بەهەمان شێوە لیژنەیەكی لێپرسینەوەیان دانا لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ چەند كەس كرد , بەڵام كەس سزا نەدرا.... . لە كاتێكدا هەڵەبجە بۆنی سێۆو سیرە بۆگەنی خەردەل دای گرتبوو, قوربانیان بە لۆری تەرمەكانیان بار دەكرا و بە كۆمەڵ دەنێژران بە سەر یەكترەوەو بە بەرچاوی كامیراكانی جیهانەوە, عومەر خاوەر خەوی ئەبەدی بە ڕزگاركردنی كوڕە تاقانەكەیەوە دەبینی, مردن تەنها بە موو لە هەمووانەوە دوور بوو, كەس باوەڕی بە چاوی خۆی ناكرد, لەو شەوە چارەنووس سازەدا فەرماندەی گشتی ڕزگاركردنی هەڵەبجە خەوی پەمبەیی بە ڕزگاركردنی قاسەكەوە دەبینی, ئەوەی دەیڵێم وتەی من نییە, بەڵكە دانپێنانی خودی فەرماندەی هێرشەكەیە بۆ سەر هەڵەبجە, وڵات بە وڵات خەڵك دەنێرێت لە بری هێنانی داو دەرمان بۆ بریندارەكان كەچی بۆ پەیدا كردنی كۆسرەو مەكینەی لەحیم و موجازەفە بە روحی هاوڕێكانیەوە دەكات بۆ شكاندنی قاسەی بانكەكەی هەڵەبجەو گەیشتن بەوانەی ناوی: بۆ شەوی 16-17-3-1988 چەند بە ئامێری هۆكی تۆكی هەوڵم دا تاوەكو (( كاك مەجیدی حاجی علی )) م پەیدا كرد و لێم پرسی كێ لای بانقەكەیە ئایا ئێوە ئێستا لە كوێن, وەڵامی دامەوە ئێمە وە هەموو پێشمەرگەكان لە شار نەماوین و كەس خۆی لەناو شاردا ناگرێت لە ترسی كیمیاباران, كەس خۆی نادا بە كوشت بۆ پاسەوانی كردنی بانق. ووتی خەمت نەبێ نەك هەر ئێمە هیچ كەس لەو گەڕەكەدا نەماوە لە ترسی كیمیاوی, بۆ ڕۆژی 18-3-1988 تۆزێك بارودۆخەكە هێور بوویەوەو بۆردومانی ناو شار كزبوو, دوبارە داوام لە(( كاك مەجید حاجی علی )) كرد كە بە خۆی پێشمەرگەكانی بڕۆنەوە ناو شار بۆ پاراستنی بانقەكە كە تا بزانین چی لێ بكەین هەر بەو شێوەیە بە هەزار حاڵ توانیمان پێشمەرگەكانی ڕازی بكەین بڕۆنەوە ناو شار ئاگایان لە بانقەكە بێت هەرچەندە هەموو ئەیان ووت (( كاك شەوكەت )) پێشمەرگە ناتوانێ لەناو شاردا بمێنێ, هەندێكیان بریندار بووبوون ڕۆیشتبونەوە بەرەو ووڵاتی خۆیان لە دیوی ئێرانەوە, ئەوەشی كە ماوە خۆیان ناخەنە بەر مەترسی مردن لەبەر قاصەیەك كە نازانرێ چی تێدایە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل53 . لەو ڕۆژانەدا نەك تەنها مرۆڤ, بگرە بەرد و شاخ زەویش خۆی لەبەردەم شوێنەواری ژەهر بارانەكە ناگرت, كەچی نیگابانی و پاراستنی بانكەكە بەردەوام بوو بە چركەش لێی جیانابنەوە, مێش نابوو بە میوانیان چونكە ماسكی دژە گاز و دەرزی دژە كیمیاویان پێبوو, بەڵام بۆ شكاندنی قاسەكەو پاراستنی دەستكەوتەكان ناوی لە هەوڵی بێوچاندا بوون بۆی تا پەیدای بكەن, وڵاتان دەگەڕان بۆ پەیداكردنی ئامێر تا دەرگاكەیان بۆ بكاتەوە. هێشتا تارمایی كیمیاوییەكە بە تەواوەتی لەسەر شار نەنیشتبوەوە, تەرمی قوربانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان نەنرابوون, لە ژیچر زەین و ئەمبەرو ئەوبەری جادەو رێگاو بان و كۆڵانەكان كەتبوون, بەرپرسانی پێشمەرگە بۆ شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەچن بۆ هێنانی كۆسرە و لەحیم تا قاسەكەی پێ بشكێنن, تا غەنیمەكەی حەڵاڵ بكەن: بۆ ئەم مەبەستە (( كاك حامید و مامۆستا صاڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوە لەوێ (( دینەمۆو كۆسرەكەیان هێنا )) چونكە لە هەڵەبجە كارەبا نەمابوو بەهۆی بوردومانەكەوە" بەڵام حامیدی حاجی غالی لە كەناڵی ئێن ئارتی دەڵێت "من لە هەڵەبجە نامەبووم لەوكاتە مەشغولی حیزبی دیموكرات بووم-وتەكانیان پیچەوانەی یەكترە" " مامۆستا ساڵەحیش ساڵەح ژاژەڵەیی رەخنەگرە لەسەر هەموو شت قسەی هەیە ئەمە نەبێت". ڕۆیشتبوون زۆر هەوڵیان دابوو بۆ بڕینەوەی قاصەكە بەڵام بێ سوود بوو هیچی لێ نەبڕی بوییەوە چونكە پۆڵایەكی زۆر قایم بوو. بۆ ڕۆژی 19-3 هاتنەوە لام ووتیان هیچ سوودی نییە و ناكرێتەوە - كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل 54. لە ناكاودا زرمەی ناخۆشتر لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەبیستن, خەونەكانیان دەبێت بە سەراب, هەرچەندە جەماوەر ئەوەندە درۆی بۆ كراوە باوەڕی بەم سیناریۆیەی خوارەوەش نییە(( بۆ ئاگاداری ئەم نووسینەی كاك شەوكەت لە وەڵامە بە تۆمەتباركردنەكان بۆیە وەك داكۆكینامەیەك نووسراوە تا تۆمەتەكان بڕەوێنێتەوە, بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لەسەر تەاوی وتەی هەمووان )): شەوی 21-22-3-1988 لە كاتێكدا من و مامۆستا صاڵح قادر و كاك حامیدی حاج خالید و كاك قادر كۆكۆیی لەگەڵ كۆمەڵێكی تر لە لێپرسراوەكانی ((ی ن ك )) لە عەبابەیلێ بووین سەعات ((10)) شەو گوێمان لە تەقینەوەیەكی گەورە بوو لە ناو شاری هەڵەبجەدا - كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل5 5. كاك حەمەی حەمە سەعیدیش لە هەمان پەرتوك كە پێشتر ئاماژەمان پێی دا ئاوا باسی سیناریۆی بڕینی بانكی هەڵەبجە دەكات"ئێرانییەكان داوایان كرد دەستەیەك پێشمەرگە ببنە پاسەوانی بانقی هەڵەبجە. شەوێك عێراق زۆر تۆپبارانی ناوشاری كرد ,من لە عەبابەیلێ بووم پێشمەرگەكان هاتنەوە و ووتیان ناتوانین لەناو شاردا بمێنینەوە, چەند رۆژ پێش ئەمە یەكێتی ویستی ئەو بانقە بكاتەوە نەیان توانی ئەویش لە رێی لیژنەیەكەوە كە ئەوانی لە بیرم مابێ مامۆستا صاڵەح ماواتی و حامیدب حاجی خالید بوون, بەرپرسی پاراستنی بانقەكە مەجیدی حاجی عەلی لە تیپی 37ی شار باژێر بوو. هەر لەو هەفتەیەدا بوو, رۆژێك ئێمە لە خانووەكانی شێخ كەماڵی عەبابەیلێ دابووین ئۆتۆمۆبیلێكی پیكاپ لاندكرۆزەر هات كە هی پاسدارەكانی قەرارگای رەمەزان بوو, ووتیان ئەمشەو بانقەكەیان بڕیوە. كاك شەوكەت و چەند كەس لە گەڵیان رۆشتن و دوای هاتنەوە, ئێمە پرسیمان چی لێهاتووە؟ كاك شەوكەت وتی: بانقەكە تەقیوەتەوە بەڵام دیارە پێشتر بە كلیل كراوەتەوە ئەو پارەو زێڕەی تیای بووە بڕاوە, دواتر تەقێنراوەتەوە, چونكە تەنها پارەی وردەی ئاسن بڵاوبووەتەوە ئاسەواری زێڕو پارەی كاغەز هیچ نەكەوتووە ل100-101. دوای هەواڵە جەرگبڕەكە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە بانقەكە, بە بان تەرمەكانا دەڕۆن و ئاوڕ لە نوزەی بریندارەكان نادەنەوە, لێ بە وتەی خۆیان بەبێ ئومێدی دەگەڕێنەوە, هەرچەندە زۆربەی خەڵكی هەڵەبجە گومانیان لە ڕاستی ئەم وتەیە هەیە: هەر شەو سەعات ((12)) كاك حامیدی حاجی خالید و مامۆستا صاڵح كە ئەو هەواڵەیان بیست یەكسەر ڕۆیشتین بۆ هەڵەبجە, سەردانی بانقەكەیان كردبوو كە دیبوویان بە تەواوی دیوارەكانی ڕووخاون و (( قاصەكەی )) تەقی بوویەوە ... كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 56 . ((سەر لە بەیانی من و مامۆستا صاڵح ڕۆیشتین یۆ هەڵەبجە و سەردانی لای بانقەكەمان كرد هیچ پاسەوانێكی لێ نی یەو قاصە و بیناكە هەموی تەقێنراوەتەوە لە ناو بەرد و ئاسن و دیوارە ڕوخاوەكانیدا تەنها دوو نیوە تورەكەی بچووك پارەی ئاسنمان دۆزییوەوە لە (( 10 فلس +25 فلس +50 فلس+100 فلس+250 فلس)) كە هەمووی نەی ئەكردە شەش هەزار دینار . سەیر لەوەدابوو كە هەموو ماندووبووین تەنها یەك لەت دیناری كاغەز یان 10 دیناری یان 25 دیناریمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ كە قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە , ئەگەر چەند نموونەیەكمان دەست كەوتایە دەرئەكەوت قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 57 . حامیدی حاجی غالی هەرچەندە وتەكانی ناكۆكن لە گەڵ وتەكانی كاك شەوكەت كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە, بەرپرسی پێشمەرگەكانی ینك لە پەلاماری هەڵەبجە, كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو بەهۆی پەیوەندییان لە گەڵ ئێرانییەكان و پۆستەكەی ناتوانێت تۆمەت هەڵبەستێت بۆ ئێرانییەكان دەڵێت : بانكەكەی هەڵەبجە ئێران خاڵی كردەوە, قەناعەتم وایە...... شەو تەقیبەوەوە بانقەكە, رۆژ خەڵك پەنجا فلسی كۆدەكردەوە......كاك شەوكەت كلیلی بانكی دەست نەكەوتووە, نە ئەسڵی هەیەو نە ئەساسی هەیە. دوای تەقاندنەوەی قاسەكە لە پارەكەی ناوی خۆش نابن و لێپرسینەوەی لەسەر دەكەن, كەچی خوێنی 5000 هاووڵاتی كەس نییە لێی بپرسێتەوە و تەرمەكانی بژمێرێت و خاوەندارییەتیان لێ بكات: پێش نیوەڕۆی 23-3-1988 لەوێ كۆبوینەوە كە لێپرسراوی یەكەمی حیزبەكان هاتبوون لە ناوچەكەدا, چونكە كۆبونەوەكە لەسەر داوای من بوو, لە پێشدا من قسەم كرد پێم ووتن تەقینەوەی ئەم بانقە نابێت هەروا بە ئاسانی بڕوات بە تایبەت ئێمە وەك (( ی ن ك)) لێپرسراوی یەكەم بووین لە سەرەتای شەڕدا كە شاری هەڵەبجە گیراوە-شەوكەت ل58 . گرنگ نییە بانكەكە و پارەكەی ناوی كەوتبێتە دەست كێ, كە زۆر ڕیوایەت و چیرۆكی جۆراوجۆری لەسەر دەگێڕنەوە, گرنگ ئەوەیە ئەوەی دزیویەتی بەشێك بووە لە هێزی بەناو ڕزگاركەری هەڵەبجە" سەری هەڵەبجەییەكان بۆ بەعس ماڵەكەشیان بۆ هێرشبەران " . ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمە, ئەوەندەی گرنگی بە بانكەكەی هەڵەبجە دراوە لەو رۆژە ڕەشە, هەزاریەكی ئەوەندە گرنگی بە چارەنووسی خاوەند پارەی ناو بانقەكە نەدراوە!. لە كاتێكدا خەڵكی هەڵەبجە بەهۆی دەبەنگی بڕیاردەرانی شەڕی هەڵەبجەوە سەرو ماڵیان چوو, ئەو پارەیەی دایان نابوو بۆ رۆژی رەش بووە پاروی چەوری دزەكان, لە رەشترین رۆژی ژیانیان فریایان نەكەوت, , سەیر بكەن كەسێك ئاوا چیرۆكی هاووڵاتییەكی داماو دەگێڕێتەوە كە هەولی وەرگرتنەوەی پارەكەی بووە لە بانكی هەڵەبجە لەو كات و ساتەدا: بانكی هەڵەبجە دەكەوێتە ناوەندی شار و بانكێكی كۆن و تۆكمە بوو, لەو كاتەدا پیاوێكی دراوسێمان بەڕێوەبەری بوو , زۆر باش لە یادمە لە حەوشەكەماندا باوكم و بەڕێوەبەری بانك و چەند پیاوێكی دراوسێمان گفتوگۆیان دەكرد دەربارەی هێرشەكە و ئایندەی هەڵەبجە و كاردانەوەی, پیاوێی هەورامی هات و داوای 16000 دیناری سویسری دەكرد, بەڕێوەبەری بانك سوێندی خوارد كلیلەكانی لێسەندراون و ئاگای لە بانك نەماوە, لە راستیدا نازانم ئایا پیاوانی رژێم كلیلەكانیان لێسەندبوو یان پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان (لڤین -ژ87 -ل15). ئەم وتارە گوزارشت لە بۆچونی نوسەر دەكات و (درەو) بەرپرس نیە لەناوەڕۆكی بابەتەكە