Draw Media

پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات

پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات

2022-12-15 06:21:24


نەوزادی موهەندیس

بەشی پێنجەم

•    ئاشكرایە كەرتی وزە كە خۆی دەبینێتەوە لە نەوت و گازی سروشتیدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان،بۆتە سەرچاوەی یەكەمی داهات بۆ هەردوولا و كەرتەكەش كەرتێكی گەورە و گرنگ و كاریگەر و هەستیاریشە بۆسەر بڕیارە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكان و پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت لەسەرخان و ژێر خانی ئەو كەرتەدا بۆئەوەی بەبەردەوامی گەشە و پێشكەوتنی زیاتری تیادا ئەنجامبدرێت،بۆئەوەی بتوانێت توانا و وزەی بەرهەمهێنانیان زیاتر بكات،لەبەرئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەهەردووكیان بڕی 145 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان تیادایە  و چوارهەم وڵاتە لە جیهاندا لەدوای هەریەكە لە فەنزەوێلا و سعودیە و ئێرانەوە و گازی سروشتی یەدەگیشی بەبڕی 137تریلیۆن پێ‌ سێجا خەمڵێنراوە كە لە پلەی دەهەمدایە لەسەر ئاستی جیهان. كە ڕەنگە بەشی لانی كەم  50-100ساڵی ئایندەش بكات.
•     لێرەدا باس لە دینگە و پایە گرنگەكانی ژێر خانی كەرتی وزە دەكەین بەشێوەیەكی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە خۆیان دەبیننەوە لە هەریەكە لە:
1.    كێڵگەكانی نەوت
2.    تۆڕی بۆری نەوت و گاز گواستنەوە
3.    كۆگاكانی هەڵگرتن
4.    پاڵاوگەكانی نەوت
5.    پیشەسازی پتڕۆ كیمیاویات
•    بەم شێوەیە هەریەكێك لەم كەرت و وێسگانە گرنگی خۆیان هەیە. لەبەشی یەكەمدا باس لە گرنگی كێڵگەكانی نەوت دەكەین.كە بریتین لەسەرچاوەی نەوت و غازی سروشتی و بەبێ‌ بوونی ئەم كێڵگە نەوتیانە ناتوانرێت  هیچ كارێك لەكەرتی وزەدا ئەنجامبدرێت،بۆیە كێڵگە نەوتیەكان وێسگەی یەكەم و چاوگی سەرەكین لە ژێرخانی كەرتی وزەدا و چەندە گرنگی بدرێت بەكێڵگە نەوتیەكان لەڕووی گەشەپێدانی و هەڵكەندنی بیری نوێ‌ و سازكاری كردنی بەردەوام تیایاندا هێندەش بڕو وتوانای بەرهەمهێنانیان زیاد دەكات.

5-    پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات : بەشێكی تر كە لە ئەنجامی پاڵاوتنی نەوتی خاوەوە دەستدەكەوێت بریتیە لە پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات كە بەڕاستی پیشەسازیەكی گرنگە و  كاریگەری گەورەی هەیە لوەسەر بوژاندنەوە و دەسكەوتنی داهاتی گەورە و زەبەلاح بۆ وڵات.هەربۆیە پێویستە عێراق و هەرێمی كوردستان بە دجدی بیر لەم پیشەسازیە بكەنەوە.هەرچەندە عێراق لەساڵەكانی هەشتاكانی سەدەی ڕابووردوودا دامەزراوەیەكی گەورەی پترۆِكیمیاویاتی هەبوو لەبەیرە كە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەوكاتەدا گەورەترین بوو.
پیشەسازی پتڕۆكیمیاوت دادەنرێت بە پیشەسازی سەدە لەبەر ئەو ڕۆڵە سەرەكیەی كە دەیبینێت لە ئابوری و كۆمەڵگادا.ئەم پیشەسازیە بازدانێكی گەورە و جۆری بەخۆوە بینیوە لە پێشكەشكردنی هەزاران بەرهەمی گرنگ كە خەڵكی ڕۆژانە بەكاریان دێنن وەك داودەرمان و كەلوپەلی ناوماڵ و كەلوپەلی جوانكاری و ئامێرەكانی ناو ماڵ و ئەلكترۆنیەكان و پلێتەكانی وزەی خۆر و تۆربینەكانی ڕەشەبا و ....هتد.زۆرێك لە وڵاتان گرنگی گەورەیان داوە بەم پیشەیسازیە لەبەر گرنگی لە وەدیهێنانی خۆبژێوی لە ئایندەدا.
پترۆِكیمیاویات چییە؟
بریتیە لە پێكهاتەی ئەندامی((هایدرۆكاربۆنات)) یان توخمی كیمیاوی كە لە نەوتی خاو یان غازی سروشتیەوە بەرهەم هاتوون.كە دروست دەكرێن بۆ بەكارهێنانیان لە كەرتی بازرگانی جیاوازدا. بەرهەمی پترۆكیمیاویات پشتدەبەستێتە سەر چارەسەرە جۆربەجۆرەكان بەقۆناغی جیاواز بۆ نەوت و غازی سروشتی هەروەك پیشەسازی پترۆِكیمیاویات بەرهەمەكانی پاڵاوتنی نەوتیش دەگرێتەوە.
پترۆكیمیاویاتە گرنگەكان:
پترۆِكیمیاوت بەپێی پێكهاتە كیمیاویەكانیان پۆلێندەكرێن بۆ سێ‌ گروپی سەرەكی كە بریتین لە :
1.    ئۆلیفینات كە :
•    ئەپیلین:  دەگرێتەوە و بەكاردێت لە دروستكردنی كاغەز و ئامێرە ئەلكترۆنیەكاندا.
•    پڕۆپیلین: دەگرێتەوە كە بەكاردێت  لە  دروستكردنی ڕۆنەكان و كەلوپەلی ناوماڵ و چنراوەكان((قوماش)) و داودەرمان و پێچانەوەی كەرەسە خۆراكیەكان.
•    بۆتادین: بەكاردێت لە دروستكردنی مەتاتی دروستكراودا.
2.    پێكهاتە عەتریەكان :
كە بەنزین و تۆڵۆوین و زایلین دەگرێتەوە كە:
•    بەنزین:  بەكاردێت لە دروستكردنی بۆیەكان و پاكەرەوە دروستكراوەكان.
•    زایلین : بەكاردێت لە بەرهەمهێنانی پلاستیكی دروستكراو و قوماشە دروستكراوەكاندا.
•    تۆڵەوین: بەكاردێت لە دروستكردنی كەرەسە وەرزشیەكاندا.
3.    غازی سروشتی : بریتیە لە تێكەڵەیەك لە یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن و هایدرۆجین ، كە دوو توخمیان لێدەردەهێنرێت كە بەكاردێت لە دروستكردنی پەینەكان و میپانۆڵ كە وەك ناوەندێكی كیمیاوی بەكاردێت.
•    ئەو توخمە هایدرۆكاربۆنیانەی كە بەكاردێن لە بەرهەمهێنانی پتڕۆكیمیاویاتدا:
هایدرۆكاربۆنەكان بریتین لە كەرەسەی خاوی سەرەتایی بەكارهاتوو لە بەرهەمهێنانی پتڕۆكیمیاویاتدا و لە گرنگترین ئەو توخمە بەكارهێنراوانەش لە پیشەسازی پتڕۆكیمیاویاتدا بۆ بەرهەمهێنانی پتڕۆكیمیاویات بریتین لە :
1.    ئەو توخمانەی كە دەستدەكەون لە مامەڵەی چارەسەری غازی سروشتیەوە وەكو میپان و ئیپان و پڕۆپان و بیوتان.
2.    توخمە دەرچووەكان لە پاڵاوگە نەوتیەكانەوە وەكو نەفپا و نەوتی ڕەش.
3.    بەنزین و تۆڵەوین و زایلین.
•    هەروەك ئاماژە دەدرێت بە بوونی چوار توخمی ناوەندی بۆ پتڕۆكیمیاوت كە بریتین لە هەریەكە لە :
1.    ئیپیلین
2.    پڕۆپیلین
3.    بۆتینات و بیوتادیین
4.    بەنزین
•    گرنگترین بەرهەمە پتڕۆكیمیاویەكان:
لەخوارەوە لیستی گرنگترین بەرهەمە پتڕۆكیمیاویەكان تۆماردەكەین كە دەستكەوتوون لە بەرهەمەكانی پتڕۆكیمیاویاتەوە:
1.    ئەو بەرهەمە پتڕۆكیمیاویانەی كە دەستدەكەون لە ئەپیلین وە: كە هەریەكە لە پۆلی ئیپیلین و ئیپانۆڵ و ئەسیتات فینیل و ئۆكسیدی ئیپیلین لەخۆدەگرن.
2.    ئەو بەرهەمە پتڕۆكیمیاویانەی كە دەستدەكەون لە پڕۆپیلین وە: وەكو كحولی ئایزۆپڕۆپیل و ئەكریلونیترۆڵ و پۆلی پڕۆپیلین و ئۆكسیدی پڕۆپیلین.
3.    ئەو بەرهەمە پتڕۆكیمیاویانەی كە دەستدەكەون لە تۆڵۆین وە: وەك بەنزین و ترشی بەنزەویك.
4.    ئەو بەرهەمە پتڕۆكیمیاویانەی كە دەستدەكەون لە زایلین وە: كە بریتین لە مێتا زایلین و نیمچە زایلین.
5.    ئەو بەرهەم ەپتڕۆكیمیاویانەی كە دەستدەكەون لە بەنزین وە: كلۆرۆبێنزین و ئەلكیل بەنزین لەخۆدەگرێت كە بەكاردێن لە دروستكردنی پاكەرەوەكان و نیترۆبێنزین و كەمیین كە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت توێنەرەوەكان دەستبكەوێت و ئەپیل بەنزین كە لێیەوە ستایرین دەستدەكەوێت كە بەكاردێت لە دروستكردنی پۆلی ستایرین.

•     بەكارهێنانەكانی پتڕۆكیمیاویات
دەتوانرێت پتڕۆكیمیاویات لەگەلێك بواری گرنگدا بەكاربهێنرێت لە بەكارهێنانەكانی ناوماڵەوە تا بەرهەمهێنانی دروستكراوی گەورە كە لەهەموو جیهاندا  دروستدەكرێن ،لە گرنگترین بەكارهێنانەكانیشی :
1.    بواری كشتوكاڵی : وەك پەینەكان بۆ زیادكردنی بەروبومە كشتوكاڵیەكان و لەناوبەرەكان بۆ پاراستنی بەروبومەكان لەهەموو زیانێك.
2.    دروستكردنی مۆم و قوتووی شیر.
3.    پاكەرەوەكان.
4.    زیادكراوە خۆراكیەكان كە كەرەسەی پارێزەرن كە زیاد دەكرێن بۆ خۆراك و خواردنەوە بۆ زیادكردنی  ماوەی پاراستنی خۆراكی لە قووتوونراو و ڕێگەگرتنیش لە بەركەوتنی بەكارهێنەر بەزیان و ژەهراویبوون.
5.    پێڵاوی وەرزشی:بەكاردێت بۆ دروستكردنی پێڵاوی وەرزشی مەتاتی چڕی بەرز كە پارێزگاری لە نەرموونیانی دەكات لەهەموو كەشوهەوایەكدا.
6.    بۆیەكان : لەبەرهەمە پتڕۆكیمیاویە گرنگەكانن كە ڕەنگی جیاوازیان هەیە.
7.    شووشەی پلاستیكی: پۆلیئەستەر لە دروستكردنی زۆربەی كاڵا پلاستیكیەكاندا بەكاردەهێنرێت.
8.    دروستكردنی كیسەی خۆڵ و پاشەڕۆكان و فلیمی كامێراكان و جانتا كە هەمووانیان لە ئیپیلین دروستدەكرێن.
•    بەم شێوەیە دەبینین كە پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات كە سەرچاوەكەی نەوتی خاو و غازی سروشتیە و بەشێكیشی لە بەرهەمەكانی پاڵاوگە نەوتیەكانەوە دەستدەكەون،ئەم بەرهەمانە گرنگییەكی ئێجگار گەورەیان هەیە لە پێشكەوتن و گەشەی ئابوری وڵات و كۆمەڵگاكاندا،و هێندە ئەم پیشەسازیە گرنگە كە پێداویستیەكانی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەكیشی لێوە بەرهەمدەهێنرێت و دەتوانرێت بووترێت كە ژیانی سەردەممان بەبێ‌ بەرهەمەكانی پتڕۆكیمیاویات مەحاڵە،چونكە هەموو كونج و قوژبن و پێداویستیەكانی ژیانمانی لێوە بەرهەمدەهێنرێت.بۆیە  چەندە گرنگی بەم پیشەسازیە بدرێت وەك ژێرخانی كەرتی وزە، ئەوەندە ئاستی گوزەران و ژیانی تاك و خێزان و كۆمەڵگاكەمان بەرزدەبێتەوە.و پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات یەكێكە لە پێوەرەكانی گەشە و پێشكەوتنی وڵاتان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand