راپۆرتی: درەو جارێكی تر هەرێمی كوردستان بووەوە بە مەیدانی شەڕو ئۆپراسیۆنەكانی توركیا، ئەمجارەیان بۆسەر ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ)یە، ئەمە لە كاتێكدایە توركیا خۆی بە نەخشەوە رایگەیاندووە (37) بنكەو بارەگای لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندایە، لەم راپۆرتەدا (درەو) مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم دژ بە (پەكەكە)و ناوچەی جوگرافیای (پەكەكە)و ژمارەی بنكەو بارەگاكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمدا بڵاودەكاتەوە. ئۆپراسیۆنی نوێ ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە 15ی نیسانی 2022 دەستیپێكردووە، بەرپرسانی پەكەكە هەڕەشەی ئەوە دەكەن شەڕ دەبەنە ناو شارە گەورەكانی توركیا، سەرۆك كۆماری توركیاش دەڵێت بە هەماهەنگی حكومەتی عێراق ئۆپراسیۆنیان دەستپێكردووە و سوپاسی حكومەتی هەرێم و عێراق دەكەین بۆ هاوكارییەكانیان لەروبەروبونەوەی تیرۆردا. ئۆپەرسیۆنی ئەمجارەی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ناوی لێنراوە "چنگی قوفڵ"ی لەناوچەكانی ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ) لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان سوپای توركیا بەڕێوە دەچێت توركیا جارێكی تر نەك ئاسمان، بەڵكو زەمینی هەرێمی كوردستانو عێراقی بەزاندووە، "جەندرمە"ی توركی ئێستا لەناو خاكی هەرێمدان. هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان نوێ نییە، مانگی ئازاری 2018 سوپای توركیا لە سنوری ناحیەی (سیدەكان)ەوە بەقوڵایی (15 كم) هاتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، رۆژی 22/3/2018 لە ناوچەی (باڵەیان) فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بوردومان كردو (4) گەنجی ناوچەكە بەهۆی بۆردومانەكەوە شەهید بوون، رۆژی 26ی كانونی دووەم، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، ئەوكات لە شیلادزێ خەڵك وەكو ناڕەزایەتی دژی هێرشەكانی توركیا، پەلاماری بنكەیەكی سەربازیی توركیایاندا، ژمارەیەك تانكو كەلوپەلی سەربازگەكەیان سوتاند، هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركرد. توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی "قەندیل"یان كردووە بە بارەگای خۆیانو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا. بەپێی لێدوانێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 27ی كانونی دووەمی 2019دا داویەتی، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە (398) هێرش، ئەمە سەرباری (425) هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، بە تێكڕا لەو هێرشانەدا زیاتر لە (20) كەسی مەدەنی كوژراونو هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكانو نەخۆشخانەو رێگاو پرد خوێندنگەكان. مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەیو لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان: • لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد. • لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران. • دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. • لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. • لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. • دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. • لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد. پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەهانەی هاتنەناوەوەی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان لێدانە لە پارتی كرێكارانی كوردستان. (پەكەكە) لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی "براكوژیی"ەوە لەگەڵ هێزەكانی (پەكەكە)، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوەو (پەكەكە) لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی (پەكەكە) تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوە، ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان، جموجوڵی سیاسیو مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستانو ئێران، ناوچەیەكی فراوانو ناوەندی دەسەڵاتی (پەكەكە)ی تێدایە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری قەزاكانی (قەڵادزێ، رانیە، چۆمان، رەواندوز، سۆران) پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتیو سیدەكانو حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا (62) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی (پەكەكە)دان. بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)ی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دان، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. زۆرترین سنوری دەسەڵاتی (پەكەكە) لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی (بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی) دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا بەتەواو لەبەردەم مەترسی هەژموونی (پەكەكە)دایە، لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو قەزایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە، واتە 35% خاكی قەزاكە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك، بەوپێیەی هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، (پەكەكە) پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێت، واتا تەواوی ناوچە شاخاویو سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی (بارزانو پیرانو شیروان) دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی (پەكەكە)ی تێدایە. لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوانو دەیان گوندو بەرزایی بەدەست (پەكەكە)وەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، تا ئەو رادەیەی دەتوانرێت بوترێت "پەكەكە بەتەواوی پارتی گەمارۆداوە". توركیا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەردەوامی هێرش و لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، رۆژ لە دوای رۆژیش بنكە سەربازیو هەواڵگرییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێم زیاتر دەبن. بە نەخشەیەك كە سەرۆكایەتی توركیا بڵاویكردەوە، توركیا (37) بنكەی سەربازی و هەواڵگری لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە. توركیا دەیان بنكەو بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی "داعش"، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی (900 سەرباز)و (16 تانك)و (20 زرێپۆش) بوون، بیانوی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە، شەڕی روبەڕووبونەوەی "داعش" بوو، بەڵام لەماوەی ساڵی 2015 دا لە كۆی (300) هێرشو ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆسەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆسەر بنكەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی 1%ی هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"و 99%ی هێرشەكان بۆسەر (پەكەكە) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازیو (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدیو لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاوبوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو جەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەكو تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) هاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریی هەیە: * گەورەترین بنكەو بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەربازو (٩١) ئەفسەرو (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. * گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. * سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. * بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. * سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. * سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. * سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. * سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی (سەری زیری)، (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. * بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. * بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیەو توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (BBC)، توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (27) بنكەی سەرباری هەیە، هەندێك سەرچاوەی زانیاری باسلەوە دەكەن ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ (32) بنكە. ئامانجی سەرەكی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لەناوچەكانی باتۆفانو بامەڕنیو ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "هەفتانینو مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە چەكەكە. رێككەوتنی بەزاندنی سنور لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق جگە لە هەندێك ورە ناڕەزایەتی، بێدەنگەو هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە هەڵنەگرتووە، چونكە عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن بەقوڵایی (20 كلم) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، ئەوكات ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لای توركیا لێدانی (پەكەكە)و لای حكومەتی عێراقیش لێدانی شۆڕشی كورد بوو لە باشوری كوردستان. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 لەو سەردەمەی كە (هۆشیار زێباری) وەزیری دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، لەبری كۆتایهێنان بە بەزاندنی سنور، مەودای بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرا بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. تیرۆری كۆنسە لە باشور ! سەرباری هێرشی ئاسمانیو زەمینی، سوپای توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە سەركردەكانی (پەكەكە) دوزیوەتەوەو بە ئامانجی گرتوون: • 15ی ئابی 2018، زەكی شەنگالی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی (پەكەكە)و ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا لە شەنگال تیرۆركرا. • 21ی ئازاری 2019، سەرحەد ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا. • 5ی تەموزی 2019، دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە قەندیل تیرۆركرا. • 15ی ئۆكتۆبەری 2019، دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا تیرۆركرا. • 15ی ئۆكتۆبەری 2019، جەمیل ئامەد (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕٍۆكە بێ فرۆِكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا. • هەر بەمدواییە چەند روداوێكی تر لە هەرێمی كوردستان رویانداوە كە وابەستەكراون بە شەڕی نێوان پەكەكەو توركیا، لەوانە: - رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2017 هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی (پەكەكە)، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتبوو بۆ تیرۆركردنی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی (كەجەكە)، رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن (پەكەكە)وە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەلاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد، دواتر توركیا دەرگای گەشتی ئاسمانی بەسەر سلێمانیدا داخست، كۆتایی 2018 بەرپرسانی یەكێتی پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوەو گەشتە ئاسمانییەكان دەستیان پێكردەوە. - تیرۆركردنی دیپلۆماتكارێكی توركیا (هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن ئەفسەری هەواڵگری میت) لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر لە رۆژی 17ی تەموزی 2019دا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دەستگیركردو رایگەیاند (پەكەكە) لە پشت هێرشەكەوە بووە، بەڵام تا (پەكەكە) نكولی لەوە دەكات رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێت، جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دەڵێ:" روداوەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئێرانو توركیاوە هەبووە".
(درەو): 15 ساڵ لەمەوپێش حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە كەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانی لە كۆمپانیایەكی كوەیتی قەرز بكات بۆ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)، سیروان قەرزەكەی نەداوەتەوە، ئێستا دەبێت حكومەتی هەرێم وەكو كەفیل قەرزەكەی بۆ بداتەوە. دادگای تێهەڵچونەوەی كوەیت لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمێكی دەركرد، بەپێی ئەم حوكمە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (490 ملیۆنو 80 هەزار) دۆلار بدات بە كۆمپانیای (ئەجیلیتی). كۆمپانیای (ئەجیلیتی) كۆمپانیایەكی كوەیتییە كە لە بۆرسەی كوەیتو دوبەی تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوە لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (كازار كاپیتاڵ بارتنرز) حوكمی داوە، كە سەربە كۆمپانیای (ئەجیلیتی)یە. دۆسیەكە پەیوەندی بە قەرزێكەوە هەیە كە رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2007 كۆمپانیای (كازار) بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوەو حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە بووە بە كەفیلی كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم). بڕی ئەو قەرزەی كە كۆمپانیا كوەیتییەكە بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە (250 ملیۆن) دۆلار بووە، سودی قەرزەكە لەسەر كۆڕەك تیلیكۆم ساڵانە بە بڕی (7%) دانراوە. ساڵی 2007 كاتێك (كۆڕەك تیلیكۆم) هاوشێوەی كۆمپانیاكانی تری بواری پەیوەندیكردن ویستویەتی مۆڵەتی كاركردنی خۆی بۆسەر ئاستی عێراق فراوان بكاتو مۆڵەت لە حكومەتی عێراق وەربگرێت، پێویستی بە پارە بووە، پارەكەی لەم كۆمپانیا كوەیتییە قەرز كردووە، حكومەتی هەرێم كەفالەتی (كۆڕەك)ی كردووە بۆ وەرگرتنی قەرزەكە. كۆمپانیای (كازار) دوای دەرچوونی حوكمی دادگا لەسەر كەیسی ئەم قەرزە، لەدژی حكومەتی هەرێمو بانكی نیشتمانی كوەیت، داوای تێهەڵچوونەوەی كردووە، دادگا لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكە حوكمی داوە بە قەرەبوكردنەوەی بڕی قەرزو سودی قەرزەكەی لەو رۆژەوە كە قەرزەكە كراوە. دادگاكە حكومەتی هەرێم پابەند كردووە بەوەی %7ی سودی قەرزەكە بە كۆمپانیاكە بداتەوە تا ئەوكاتەی هەموو پارەكە تەواو دەبێت، ئەمە لەگەڵ دابینكردنی خەرخی ماندووبونی پارێزەرە یاساییەكاندا. كۆڕەك تیلیكۆم كۆرەك تیلیكۆم كۆمپانیایەكی هاوبەشی سنوردارە لە عێراقدا تۆماركراوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی GSM، ساڵی 2000 دەستی بە پێشەكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كردووە، سەرەتا تەنها لە هەرێمی كوردستان، پاشان لە 17ی ئابی ساڵی 2007 كۆڕەك یەكێك بوو لەو سێ كۆمپانیایەی كە مۆڵەتی كاركردنی سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل، بنكەی سەرەكی لە شارۆچكەی پیرمامە. سیروان بارزانی كوڕی سابیر مستەفا بارزانی برازای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەم كۆمپانیایەی دامەزراندووە، سیروان لەدایكبوونی ساڵی 1971ە، جگە لە كاری بازرگانی، فەرماندەی سەربازییەو پلەی لیوای لەنێو هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیەو لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخمور بوو. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی، لە ساڵی 2020دا سیروان بارزانی بووە بە خاوەنی رێژەی 75%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم.
سلێمان مستەفا ڕێبەرایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی لە ٨-٤-١٩٩٢وەک دەسەڵاتێکی شەرعی هەڵقوڵاو لە ڕاپەرینە جەماوەریەکەی کوردستان ، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، و یاساکە بوو بە یاسای ژمارە (١) ،و یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێ ئەنجامدرا، لە یاساکەدا سیستەمی هەڵبژاردنی لیستی رێژەیی وشێوازی لیستی داخراو بۆ لیست وکراوەی ئازاد بۆ حزبەکان ،و شیوازی دابەشکاری هەڵبژاردن (القاسم الانتخابى)،بۆکورسیەماوەکانیش دابەشکردنی بەپێی بەهێزترین ماوەی دەنگ پەسەند کرد،هەروەهاهەرێمی کوردستان کرا بە یەک بازنەی هەڵبژاردن، لەوێ رۆژێ تا ێستا ، پێنج خولی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراون ،ویاسای هەڵبژاردن و پەرلەمان (٧) جار هەموار کراوەتەوە، بەهەردوو بابەتەکەیەوە (یاسای هەڵبژاردن وکاروباری پەرلەمان )، چونکە یاساکە لە بنەرەتدا دوو یاسا لە خۆ دەگرێت یاسای هەڵبژاردن و یاسای پەرلەمان ،بۆیە باشتر وایە بڵێن (یاسای پەرلەمان ویاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان) گرنگترین ئەو بابەتانەی جێگای ئاماژە پێکردنن لەو ٧ هەموارەی یاساکەدا، هەموارکردنی پرسی لیستی داخراوە بۆ لیستی کراوەی سنوردار(نیمچەکراوە ). پرسی هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پرسێکە ئێستا بۆتە خاڵی ناکۆکی لە نێوان هیزو لایەنە سیاسیەکان ،گەر بە کورتی بێن جارێکی تر بە ووردی ئەو زاراوەو چەمکانە شرۆڤە بکەین کە کرۆکی یاسای هەڵبژاردنن، لەمڕۆدا زیاتر باسیان لێوەدەکرێت هەندێکیان جێگای ڕای جیاواز وناکۆکین . سەرتا باس چوارچیوەیی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە ، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا خاوەنی دەستوری خۆی نییە ، دەتوانین وەک پاساوێکی لاواز بلێن (بڕگەی یەکەم لەماددەی ١١٧ ، و ماددەی ١٢٠ ، وبڕگەی یەکەمی ماددەی ١٢١ ) لەدەستوری ئیتتحادی دان بە دامەزراوەکانی هەرێم نراوە ، لە ماددەی (١٢٠) پێداگری لە دانای دەستوری هەرێمەکان دەکاتەوە ،بەڵام خۆی لەڕاستیدا دەبێت لە دەستوردا هێڵە گشتیەکانی یاسای هەڵبژاردن ، وماوەی خولی پەرلەمان وبنەمای دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان و دەسەڵات وئەرکەکانی دەسەڵاتی یاسادانان دیاربکرێن ، کەواتە یەکێ لە پایە هەرە گرنگەکانی یاسایی تا ئەمرۆ بوونی نییە ، جونکە دەبێت لەبەر ڕۆشنایی بڕگەو ماددەکانی دەستوردا یاسای هەڵبژاردن پەسەند بکرێت .کەواتە یاسای هەڵبژاردن پایەیی دووەمیەتی ، من لێرەدا نامەوێت بتان بەم بۆ ناو جەدلێک کە ئایە یاساکانی پەرلەمان رەوایەتیان هەیە، یان شیکەروانی یاسا چۆن چۆنی خوێندنەوەی بۆ دەکەن؟ هەندێ جار پرسیارێک لە شێوەی ڕەخنە و تانە دەکرێت ، دەوترێت چؤن دەبێت وادەیی یاسایی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە ، چۆن پەرلەمان ئەو کارە دەکات، پەرلەمان دەسەڵاتی نییە ؟ وەڵامەکە ئاسانە پەرلەمان یاسا دادەنێت ، یاساش بە یاسای هەمووار دەکرێت ، لە نەبوونی دەستوور باوکی یاساکان پەرلەمان خۆی بەدەر دەکات لە پابەند بوون بەو مادەیە ، بە ماددەیەک لە رێگەی پرۆژە یاسایەک بەمەش وادەی تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە ، بەهەر حال ئەمە بابەتی ئێمە نییە، با بچینەوە سەر بابەتی خۆمان ، گەر باس لە گرنگی یاسای هەڵبژاردن بکەین،دەتوانین یاسای هەڵبژاردن لە دوای دەستوور بە گرنگترین یاسای ناوزەد بکەین ، چونکە هەموو پرس وکاروبارە پەیوەندیدارەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا جێگیر دەکرێن . جێگای خۆیەتی لێرەدا شرۆڤەیەک بۆئەم چەمک و زاراوانە بکەین کە زۆر گوێ بیستیان دەبین (سیستەمی هەڵبژاردن ، شێوازی گۆرینی دەنگ بۆ کورسی لە ناو سیستەمەکەدا، شێوازی لیست ، شیوازی بازنەکانی هەڵبژاردن )، لە ئەلقەکانی داهاتوشدا دەروازیەک لە سەر (سكاڵا وتانە و تاوانەکانی هەڵبژاردن و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و یاسای حزبەکان لایەنەکانی تریدا دەکەینەوە. یەکەم( سیستەمی هەڵبژاردن ) ئەگەر پێناسەى سیستەمى هەڵبژاردن بکەین ،بە شێوەیەکى سادە سیستەمى هەڵبژاردن ، ئەرکى گۆڕینى دەنگەکانى لە ئەستۆدایە ،لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا کە دراون بە لیست و پالێوراوان بۆ ئەو کورسیانەى بۆ بازنەی هەڵبژاردن تەرخانکراون، و هەندێ ڕێو شوێنى تایبەتى ترێش لە خۆ دەگرێت لەوانە :شێوازى هەڵبژاردن بەواتای ئایە شێوازى ئەو حیسابەى بەکار دەهێنرێت بۆ هەژمار کردنى کورسیەکان ، یاخود قەبارەى بازنەکان . گرنگى و بایەخى سیستەمى هەڵبژاردن ، ڕەنگدانەوەى دەبێت لە سەر شێوازى گەشەکردنى حزبەکان ، هەندێ لە سیستەمەکانى هەڵبژاردن یەکێتى نێوان ڕیزەکانى حزب پتەوتر دەکات ، وتارى سیاسى حزبیش یەکدەخات ، هەندێکى دیکە لێکترازان و لێکدابران لە نێو ریزەکانى حزبدا دروست دەکات ، سیستەمی هەڵبژاردن ڕۆڵێکى گەورەی لە سەر ڕێڕەوى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن دەبێت ،و دەشێ ڕەنگدانەوەى لە سەر هاندان یاخود رێگرتنى دروست بوونى هاوپەیمانى نێوان حزبەکانیش هەبێت، بۆیە هەر سیستەمێکى هەڵبژاردن کە لە سەر بنەمایەکى دادپەروەرانە دانەڕێژرابێت ،و بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی وپێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی ومەزهەبی لەبەر چاو نەگیراێت و ، هاوسەنگی لەنێوان نوێنەرایەتی لە رێژەی دەنگ کورسی نەکات ، حزب و گروپەکان ناچاردەبن لە دەرەوەى سیستەمى سیاسیدا کار بکەن، ئەمش سەر دەکێشێت بۆ شێواویی باردۆخی سیاسی ونائارامی ، و پەنا بردن بۆشێوازى نا دیموکراسی وتەنانەت پەنا بۆ توندو تیژیش بەرن،بۆیە کار کردن بە سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی و(لیستى نوێنەرایەتى ڕێژەیی و شێوازی لێستی کراوەی سنوردار(نیمچەکراوە )، تا ڕادەیەک هەرێمی کوردستانی دورخستۆتەوە،لە بارودۆخی نەخوازراو چونکە ئاکامی دانانی بەربەست بۆ بەدەست هێنانی کورسی لەیەکم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەرێنی نەبوو ، لە هەمان کاتدا مامەڵە کردن ئاسانترە لەگەل ئەم سیستەمە، کەهەر حزبێک یاخود هەر پێکهاتەیەکى لیستى خۆى بەسەرجەم پاڵێوراوانیەوە پێشکەش بە بازنەى هەڵبژاردن دەکات، ودەنگدەردەنگ بەلیستێک و کاندیدێکی دڵخوازی خۆیان دەدەن یاخود تەنها بە لیستێک دەدات نەک بە پاڵێوراو، و ڕێژەى کورسیەکانى پەرلەمانى هەر حزبێک بەپێى ڕێژەى کۆى دەنگەکانى لەو بازنەیەدا دیاریدەکرێت بەڵام لەشێوازی لیستی داخراو، واتە دەنگدەر ناتوانێت دەنگەکەى بداتە ئەو پاڵێوراوەى کە خۆى مەبەستیەتى بەڵکو حزب پاڵێوراوەکانى لەسەر لیستەکەى ڕێزبەند دەکات لە حاڵەتى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵام لە لیستە ئازادە سنوردارەکاندا ، دەنگدەر دەتوانێت ئەو پاڵێوراوەى کە خۆى گەرەکیەتى دەنگى پێبدات دەست نیشانى بکات و هەڵیبژێرێت . بۆیە لەناو یاسای هەڵبژاردن سیستەمی هەڵبژاردنە گرنگترین پرسە ، دەتوانین سیستەمی هەڵبژاردن بە دڵ ورۆحی یاسای هەڵبژاردن و سیستەمی سیاسی وڵات ئەژماری بکەین ، وەک لەسەرەوە باسمان کرد سیستەمی هەڵبژاردن بڕیار دەدات دنگەکان چۆن چۆنی بکرێنە کورسی ، ئەم پرسەش کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی جێدەهێڵێت ، لەبەر ڕؤشنایی باردۆخی سیاسی کۆمەلایەتی ئابووری کاردانەوەکانی بەئەرینی ونەرێنی لەسەر ئاشتەوای کۆمەلایەتی و سیاسی جێدەهێلێت ، کەواتە سەروەری یاسا و ئاستی گەشەی ئابوری وکۆمەلایەتی وفەرهەنگی دەوریان هەیە لەسەر رەنگدانەوەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی جۆری سیستەمی هەڵبژاردن ، ئەگەر لێرەدا دوو ڕووداو وەک نمونە وەربگرین یەکەمینا لە بەریتانیا ، لە دوەم میشیان لە عێراق لە ساڵى ١٩٥١ و ١٩٧٤لە بەریتانیا کاتێک حزبی براوە زۆرینەى دەنگەکانى بە دەست هێنا بەڵام رێژەیەکى کەمترى لە کورسی پەرلەمانى بەرکەوت کەچی دەنگدەر وحزبەکان ئەو ئەنجامە نا هاوسەنگ نا هاوتیەیان پەسەند کرد ، چونکە متمانەى تەواویان بە پاکى و بێگەردى سیستەمەکەوە دەستەڵاتەکە هەبوو ، بەڵام هەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێکەوتەکانی جیاوازن بۆنمونە کوتلەی سەدری بە ( ٨٨٥٣١٠ ) دەنگ ٧٣کورسی بەدەست هێناوە ،سەربەخۆکان بە ( ١٦٨٦٧٩٢)دەنگ ٤٣ کورسیان بەدەست هێناوە ، دەلەتی قانون وفەتح بە (٩٦٤٩٨٨)دەنگ (٥٠) کورسی بەدەست هێناوە . ئێستا لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کار بەسیستەمی لیستی نوینەرایەتی رێژەیی دەکرێت ، بە واتای نوێنەرایەتی رێژەیی قەوارە سیاسیەکان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ، کە هەر حزبیك رێژەیەک لە کورسیەکانی پەرلەمان بەدست دێنێت ، ئەگەر دەنگەکانی بگەنە ئاستی نرخی کورسی ، تا ئێستا لایەنە سیاسەکان کۆکن لەسەرجۆری سیستەمەکە ، ئەمەش خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەیە لە نێوان سەرجەم حزبەکانە ،چونکە لەم سیستەمە لایەنە سیاسیەکان و دەنگدەران رەنج بەخەسار ناچن و دەنگی دەنگدەران دەبێت بە کورسی و حزبەکانێش نویێنەریان دەبێت لە پەرلەمان ،ئەمەش گرنگترین خاڵ و لایەنی ئەرێنی شێوازی سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەییە، سەرجەم حزبەکان هاوڕان لەسەر مانەوەی ئەم سیستەمە، بوێە دەتوانین بڵێن سیستەمی هەڵبژاردن ودەستوور و سیستەمی سیاسی ، سێ کوچکەی هەرێمێکی سەقامگیرن . دووەم (شێوازی گۆرینی دەنگ و دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر حزبەکاندا) لە سیستەمی نوێنەراتی ڕێژەییدا زیاتر لە شێوازێک هەیە بۆ دابەشکردنی کورسیەکان بە سەر حزب و پالێوراواندا ، لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم خولەوە تا ئێستا کار بە شێوازی دابەشکاری هەڵبژاردن (القاسم الانتخابى)دەکرێت، لەم شێوازەدا کۆی دەنگە دروستەکانی بازنە دابەشی ژمارەی کورسی تەرخانکراو دەکرێن بۆ دەرهێنانی دابەشکاری هەڵبژاردن(نرخی کورسی ) ، دوای ئەوە دەنگی حزبەکان و پالێوراوە سەربەخۆکان دابەشی دابەشکاری هەڵبژاردن دەکەین بۆ دەرهێنانی بەرکەوتەی هەریەکەیان ، لە ئێستادا حزبە سیاسیەکان هاوران لەسەر مانەوەی ئەم شێوازە ، هەرجەند شێوازی تر هەیە کە بە یەک قۆناغ کورسیەکان دابەشدەکات و پێویستی بە قۆناغی دووەم نیە ، لە وانە شێوازی سانتلیگۆو ، شێوازی هارا . سێییەم شێوازی ( زۆرترین دەنگی ماوە ): ئەگەر لە دابەشکاری یەکەم کورسی بەتاڵ مایەوە پەنا بۆ قۆناغی دووەم دەبەین ، لەم شێوازەدا ئەگەر کورسی بەتاڵ مایەوە ، دەدرێت بەو لایەنەی کە زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە کە نەبۆتە نرخی کورسی ، بەمەش جارێکی تر داد پەروەری و نوێنەرایەتی گشتی و بەهەدەر نەچونی دەنگدەرانە ، ئەم شێوازە نە کراوەتە کێشە و بابەتی ناکۆکی لایەنەکان ئەگەر لەگەڵیشدا نەبن، بەمەش پرۆسەکە لە قازانجی حزبە بچوکەکان دەشکێتەوە . چوارەم ( شێوازی لیستی هەڵبژاردن ، داخراو ، کراوەی سنوردار(نیمچە کراوە ) ، کراوەی ئازاد). هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خولی یەکەم و دووەم و سێیەم بە شێوازی لیستی داخراو ئەنجام درا ،واتە دەنگدەر تەنها بۆی هەبوو دەنگ بە لیستی حزبێک بدات ، لەخولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حزبەکان بە پێێ حروفی ئەبجەدی لیستی کاندیدانیان دەدا بە دەستەی هەڵبژاردن ، حزبەکان ئازاد بوون لە دەست نیشانکردنی کاندیدانیان لە ناو لیستەکەیاندا بەیەکێ لەم شێوازانە (ماددەی ٣٧)لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش هەموارکردنەکانی(١-لیژنەی باڵا ڕێژەی سەدی و ئەو کورسیانەی هەر لیستێک بەدەستی هێناو بڵاو دەکاتەوە٢-هەڵبژاردنی سەرکەتوانی ناو پالێوراوان بۆ ئەو لایەنە جیدەهێڵرێت کە خاوەنی لیستەکەیە وبەم شێوەی خوارەوە دەبێت آ-یەک لەدوای یەک ،ب-دەستنیشانکردن ،ج-قورعە ) ،لێرەدا حزبە سیاسیەکان دەستکراوەبوون لە جێکردنەوەی نوێنەرایەتی جوگرافی ، لە شوێن کردنەوەی پسپۆری ، لەشوێنکردنەوەی ژنان وئافرەتان ، لە شوێنکردنەوەی سەرجەم چین و توێژەکان . لە خولی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئەم ماددەیە هەموار کرایەوە ، حزبەکان بە پیی ئەورێزبەندیەیی دەیاندا بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کاندیدە براوەکان دەست نیشان دەکران ، واتە شێیوازەکە هەر لیستی داخراو بوو،لە خولی چوارەم و پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شێوازی لیستی داخراو هەموار کرایەوە و پێرەوی شێوازی لیستی کراوەی سنوردارکرا(نیمچەکراوە کراوە) ، لەسەرو بەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەم و پرسی هەموار کردنی یاسای هەڵبژاردن ، حزبە سیاسیەکان ڕای جیاوازیان هەیە ، تاڕادەیەک بەشی زۆریان لەگەڵ لیستی داخراودان ، بەڵام ڕاشکاوانە رای خۆیان بەیان نەکردوە، چونکە پێیان وایە گەرانەوەیە بۆ دواوە ، گومانی تیا نییە ئەزمونکردنی شێوازی لیستی کراوەی سنوردار لە دوو خولی ڕابردودا کۆمەڵێ پرسیای قوت کردۆتەوە ،کە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دەرکەوتون ،بۆیە دۆزینەوەی خالێکی هاوبەش لەنیوان لیستی داخراو و نیمچە کراوەدا ، پێویستیەکی هەنوکییە بۆ ماڵی یاسادانانی کوردستان دوور لە مزایەدەو بانگەشەی بێ بەها و بێ بەرهەم و بێ بنەما ، لێرەدا من نامەوێت بانگەشە بۆ لیستی داخراو بکەم ، ناشمەوێت لیستی کراو بی ئەرزش بکەم ، بەڵام ئەزموون کردنی دوو خولی پێشوو زۆر لە ڕاستی و کەموو کوریەکانی شێوازی لیستی کراوەی سنورداری بۆ بەیان کردین، کاتی ئەوەیە هەلوەستەیان لە بەرامبەردا بکەین ، لە نێوان شێوازی لیستی داخراوو لیستی کراوەی سنورداردا خاڵی چارەسەرو هاوسەنگ بونیان هەیە ، ئەگەر بڕیاروایە کار بە شێوازی لیستی کراوەی سنوردار بکرێت باشترە یەکێ لەم ڕێگایانەی لەگەڵدا موتربە بکرێت ڕێگای یەکەم : هەر کاندیدێک لە ناو لیستەکەی دابەشکاری هەڵبژاردنی بەدەست نەهێنا ،کار بە رێزبەندی حزبەکان بکڕێت بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدە دەرچوەکان ڕێگای دووەم :هەرکاندیدێک ڕێژەی ٪٥٠ دابەشکاری بەدەست بهێنێت لە ناو لیستەکەیدا بە براوە ئەژمار بکرێت ، بە پێچەوانەوە کار بە رێزبەندی لیستی حزبەکان بکرێت ،ڕێگای سێیەم : هەر کاندیدیک بەقەد دابەشکاری هەڵژاردن دەنگی بەدەست هێنا بە براوە ئەژمار دەکرێت ، باقی کورسیەکان نیوەی کورسیە بەدەست هاتوەکان بە پێی ڕیزبەندی دەنگەکان بێت و باقیەکەی تر بەپێێ رێزبەندی لیستی حزبەکان بێت ، گونجاندنی شێوازی گونجاو لە خزمەت پرۆسەی سیاسی و گرنگی ماڵی یاسادانانی کوردستان لە هەندێ ووشەو دەستەواژە گرنگترە بۆ هەرێمی کوردستان ، هەموشتێکێش حکمەتی خۆی هەیە (للضرورة أحكام) . پێنجەم ( شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن ، یەک بازنە،یان چوار بازنە) سەرتا دەبێت بڵین ئایا شێوازی فرە بازنەیی لەگەڵ حوکم و ڕەهەندەکانی سیستەمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی یەک دەگرێتەوە ؟ لەسیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی لە توانادایە وڵات بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن ، لەهەمانکاتدا لە توانادایە پێرەوی فرە بازنەیی بکرێت ، واتە شێوازەکە لەگەڵ حوکم و دەرهاویشتەکانی یەک بازنە و فرە بازنە دەگونجێت ، پێش ئەوەی لێرەدا باس لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی هەردوو شیوازەکە بکەین ، دەبێت بە پێی بنەمای حوکمی (للضرورة أحكام) و پێداویستی قوناغ و دواکاری حزبەکان و کاریگەریەکانی ڕابردوو هەڵسنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین ، لێرەدا دەبێت ڕاشکاو بین شوێنکردنەوەی نوێنەرایەتی جوگرافی وپسپۆری وڕەگەز وچین وتوێژەکان داواکاریەکی پێویستە و زەرورە ، ناکرێت هەموو شتێک قوربانی هەندێ چەمک و بابەت وڕای جیاواز و مەترسی دروست کراو بکرێن ، دەبێت هەمیشە بە چاوی ڕیزەوە سەیری پەرلەمان بکرێت ، دەبیت ئەم دامەزراو دەوڵەمەند بکرێت ، کەموو کوریەکانی چارەبکرێن ، چونکە بێ ئەرزش کردنی ئەم دامەزراوەیە بێ ئەرزش کردنی کۆی پرۆسەی سیاسیە لە هەرێمی کوردستان ، لێرەدا مەبەستم بێ بەها کردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە ،لە لایەن لایەنە سیاسیەکان بەبێ ئەوەی بەئەنقەست بێت و هەستی پێ بکەن ، بۆ گێرانەوەی پێگەو گرنگی دامەزراوەکان ئەبێت رێگای دیاڵۆگ ورێکەوتن بگڕێتە بەر بۆ ئەوەی متمانە بۆ تاکی کوردوکوردستانی بگەڕێنرێتەوە . لەسەرەوە ئاماژەماندا بە پرسیارێک ، لێرەدا دووبارە ئەو پرسیارە گرنگ دێتە پێشمان ئایە لە سیستەمی لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەیی دەکرێت شێوازی فرە بازنەیی پەیرەو بکرێت ؟ بێ گومان دەکرێت وڵات لەسەر بنەمای یەکەی کارگێری دابەشی بکرێت بە پێی پارێزگا ، دابەشکاری لەسەر بنەمای پارێزگاکان دڵنیایی دەداتە حزبەکان کە یاری و گەمی هەڵبژاردن لە پشت ئەو داواکارییە نیە، وەک ئەوەی بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران . کەواتە گەر پرسیارێک بکەین سوودەکانی فرە بازنەیی چین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ؟، وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕەهەند هەڵدەگرێت ، بەڵام لەسەروی هەموویانەوە پێداویستی قۆناغ و هەڵومەرجی سیاسی بابەتەگەلێکن کە خۆیان دەکەن بە زەرورەتی قۆناغەکە ، لەبەر رؤشنایی ئەزموونی ڕابردوو، دەرئەنجام شێوازی چواربازنەیی دڵنیایەک دەدات بە پارێزگاکان ، دڵنیایی دەدات بە حزبەکان ، دڵنیایی دەدات بە کادرو ئەندامانی حزبەکان لەسنوری پاریزگاکانیان ، دڵنیایی دەدات بە کاندیدە سەربەخۆکان ، کە رەنج بە خەسار ناچن ، هەموو ئەوانی ناومان هێنان بەقەد رێژەیی بەدەستهاتویان نوێنەریان دەبێت ، جارێ هەر بازنەیەک رێژەیی نوێنەرایەتیەکە پارێزراوە تەنهاو تەنها کاندیدانی سنورەکە دەرۆنە پەرلەمان بە واتایی دەستەبەر کردنی نوینەرایەتی جوگرافی کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە جەوهەریەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراسیانە ، رەنگە خوێنەرێک بپرسێ ئەی بۆ لە خولەکانی تری پەرلەمان ئەم پرسە باسی لێوەنەکراوە ، لێرەدا دەبیت بگەڕێنەوە سەر یاساکە لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کار بە سیستەمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و لیستی داخراوبۆ دەنگدەرو ئازاد بۆ حزبەکان کرا ، لە خولی دووەم و سییەمێش کار بە لیستی داخراو کرا ، ئەمەش دەستەبەری نوێنەرایەتی جوگرافی وپسپۆری و چین و توێژەکانی دەستەبەر دەکرد لەگەڵ بوونی کادری خاوەن بڕیاری حزبەکان لەناو پەرلەمان ،پێڕەو کردنی شێوازی فرە بازنە ،بە زیاد بوونى هۆشیاریى یاسایى و دیموکراسى ، بە ڕەچاوکردنی پێداویستی قۆناغەکە دەکرێ بیر لە شێوازی فرە بازنەیی بکرێت بەمەرجێ بەدەر بێت لەگەمەی گاری ماندەر ، کە نوێنەرایەتیەکى راستەقینەى جوگرافی و ناوچەیى لێ بەدى بێت و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەیی بێت ، وفەزایەک ببێتە ئاراوە کە کۆمەک و هاوکارى و ئاوێتە بوونى لێبکەوێتەوە بە تایبەتى لەو کۆمەڵگایانەى کە دووچارى ناکۆکى و لێک ترازان بوونەتەوە و ڕێژەی بەشداریش لە ئاستی پێویست نییەو برواو متمانەی دەنگدەریش بە پرۆسەکە لەق بوبێت ، لە کۆتایی دا ئەگەر جارێکی کە گرنگی و لایەنە ئەرێنیەکانی فرە بازنەیی دووبارە بکەینەوە لەپێناو بەرجستەکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و بەدیهێنانی ئەوا : یەکەم :- شێوازی فرە بازنەیی زامنی نوێنەرایەتى جوگرافی بە پێى پارێزگاکان دەکات ، بەڵام لە یەک بازنەی لە سایەیی لیستی کراوەی سنوردار ئەمە بەدی نایەت، دووەم:- نوێنەرایەتى سیاسى : دەرفەت دەدات بە حزبەکان بەشداری کارا بکەن بۆ بەدەست هێنای کورسی لە تەواوی بازنەکان ، شێوازی لیستی نوینەرایەتی رێژەیش زەمانەتی بەهەدەرنەچونی دەنگەکانی مسۆگەر دەکات ، چونکە نابێت دەنگدەرانی حزبەکان لە پارێزگایەک دەنگ بە حزبێک بدەن بەڵام لە پەرلەماندا هیچ کورسێکیان نەبێت. سێیەم:- دەرفەت بۆ بەشداریکردنى کەسایەتیە سەربەخۆو بێلایەنەکان و پێکهاتە جیاوازەکانى کۆمەڵ خۆشتر دەکات. چوارەم : نزیک کردنەوەی نێوانی کاندیدو دەنگدەران لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا . پێنجەم :ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بڕیار لەسەر ڕێژەی ئەندامانی پاریزگاکە دەدات لە پەرلەمان . شەشەم : ئاستی ململانێی لە نێوان کادرانی حزبەکان دەباتە ئاستێکی بەرز ، ئەمەش خالێگی ئەرێنیە چونکە دڵنیایی دەداتە کادران و ئەندامانی حزبەکان لە پارێزگاکانیان رەنج بە خەسار ناچن ،و بنکەی جەماوەری هەر پارێزگایەک هەوڵ دەدات ئاستی نوێنەرایەتی زیاتر دەستە بەر بکات . شەشەم : بێ گومان کاریگەری ئەرێنیشی دەبیت لەسەر ڕایی کردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی و بڕی تێجوون . نابێت نیگەرانی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ، لەبەر چاو نەگرین ،چونکە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێژەی بەشداری لەئاستی پێویستدا نەبوو ، ئەگەر سەرنج لە داتاو ئامارەکانی هەرێمی کوردستان بدەین پەیامێکی ڕوونە ، بۆیە هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێداویستیەکی هەنووکەییە ، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەران (٣،٢٧٧،٤٥١) دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو ، ژمارەی ئەوانەی بەشداریان کرد (١،٦٠١،٦٠٨) دەنفدەر بوو ، ژمارەی دەنگی دروست (١،٣٤٥،٨٥٩) ، رێژەی بەشدا٤٨،٨٧٪ بوو ، دەنگی پوچەلێش (٢٥٥،٨٧١) دەنگ بوو . سەرە ڕایی لایەنە باش و ئەرێنیەکانی بەڵام وەک هەر شێواز و سیستەمێکێش لە هەناوی خۆیدا ، لایەنی نەرێنێ هەیە و کاریگەریەکانی لایەنە نەرێنیەکانێش لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک جیاوازە و لە کۆمەلگایەک بۆ کۆمەلگایەکش جیاوازە .
درەو: ئالان بەرزنجی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری رابردوودا ( ملیارێك و 128 ملیۆن) دۆلار بووە، (551 ) ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەت ماوەتەوە واتا (810 ملیار) دینار كە نزیكە لە موچەی موچەخۆران، بە بێ داهاتی نەوت و پارەی هاوپەیمانان و (200) ملیار دینارەكەی بەغداد. بەپێی راپۆرتێك كە لە كۆبونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتیەكان خوێندرایەوە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مانگی ئازاری 2022 بەم شێوەیە بووە. رۆژانە: 421 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە مانگی ئازار: 11 ملیۆن و 180 هەزار بەرمیلی (فرۆشتووە) تێكڕای نرخی بەرمیلێك: 100 دۆلار و 88 سەنت بووە كۆی گشتی داهات: ملیارێك و 128 ملیۆن دۆلار بووە خەرجی كۆمپانیاكان: 472 ملیۆن دۆلار 42% كرێی بۆری: 60 ملیۆن دۆلار 5% قەرزی كۆمپانیاكان: 45 ملیۆن دۆلار 4% كۆی خەرجی نەوت:577 ملیۆن دۆلار 51% كۆی پارەی ماوە بۆ حكومەت: 551 ملیۆن دۆلار 49% واتا كۆی داهاتی نەوت بۆ حكومەت (810 ) ملیار دینار كە موچە پێویستی بە (900) ملیار دینار هەیە، واتا تەنیا پارەی داهاتی نەوت نزیكە لە دابینكردنی موچە جگە لە داهاتەكانی تر. داهاتی ناوخۆ نزیكەی : 370 ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان: 31 ملیار دینار پارەی بەغداد: 200 ملیار دینار. واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی لەبەردەست بوو كە موچەی مانگی ئازار دابەش بكات و پێش جەژنی رەمەزانیش دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی نیسان بكات، بەڵام بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچەی دواخراوە بۆ ئەوەی پێش جەژن موچەی مانگی نیسان دابەشنەكرێت و بكەوێتە دوای پشووەكانی جەژن كە نزیك دەبێتەوە لە 10ی ئایار
راپۆرت: درەو ماجستێری لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان"دا هەیە، بەڵام لەسەردەمی حوكمدارێتی ئەودا، ناكۆكییەكان قوڵتر دەبنەوەو بەرەو دوو ئیدارەیی سەردەكێشن، ئەو مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لەگەڵ وەزیرەكانی وەك پادشایەك مامەڵە دەكات، حكومەتەكەی لە دروشمی چاكسازیو سەقامگیرییەوە بەرەو حكومەتی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان دەڕوات، ئێران و توركیا هێرشەكانیان بەرەو چەقی هەرێم ئاراستە دەكەن، كابینەكەی لە (33) مانگی تەمەنیدا (8 ترلیۆن) دیناری موچەخۆرانی نەداوە، نرخی سوتەمەنی لەسەردەمی "براگەورە"دا بەرێژەی (40%) زیادی كردووە، قوڵایی ستراتیژی هەرێم لە بەغداوە بەرەو ئەنقەرەو دوبەی رۆیشت... زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سەرۆك وەزیرانو بڕوانامەكەی رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، لەدوای كاركردن لە دەزگای پاراستنی پارتیو دواتر سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقی بكاتەوە. بەهۆی كاركردنی لە بواری هەواڵگریو ئەمنیدا، هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات، بەڵام ئەو كاتێك سیڤی خۆی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە نوسیبووی: بڕوانامەی ماجستێرم هەیە لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان" لەزانكۆی ئەمریكی لە (واشنتۆن دی سی)و شارەزایم هەیە لە "شێوەكارییو ئەسپسواریو مەلەوانی"، بەمە ویستی بەرگە ئەمنییەكە لەخۆی دابماڵێتو بەرگێكی مەدەنی بپۆشێت. حوكمڕانییەكەی براگەورە كابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، كابینەیەكی سێقۆڵییە، واتە سێ لایەنی سەرەكی پێكیانهێناوە كە بریتین لە (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان). حكومەتی سێقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "ترۆیكا" ناودەبرێت واتە گالیسكەیەك كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا ئەسپەكان لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەوە كۆكو تەبا نین، بڕوانامەكەی مەسرور بارزانی لە بواری "چارەسەری ناكۆكییەكان"، سودێكی ئەوتۆی بۆ چارەسەری ناكۆكی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت نەبووە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا دوو ئیدارەیی تۆختر بووەتەوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەرێژەی 43% بۆ سنوری یەكێتیو 57% بۆ سنوری پارتی دابەشكراوە كە ئەمە پێوەری سەردەمی دوو ئیدارەیی پارتیو یەكێتییە، سێ حزبە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی ناكۆكن، ئەمە وایكردووە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە خەزێنەداری حكومەتی مەسرور بارزانییە نزیكەی دوو مانگە لەماڵەوە دانیشتووەو ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، سەرباری ئەمە یەكێتی وەكو هێزی دەسەڵاتداری بەشێكی هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەوتووە، بەتایبەتی لەسەر پرسەكانی (هەڵبژاردن)و (پۆستی سەرۆك كۆمار)و (هەناردەكردنی غاز بۆ توركیا)، دۆخەكە بەرەو سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی دەڕوات. لەو ماوەیەی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، زیاتر لەوەی وەكو سەرۆك حكومەتێك مامەڵە بكات، مەسرور بارزانی وەكو پادشایەك لەبەردەم وەزیرەكانی كابینەكەیدا دەركەوتووە، خۆی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكان ناكاتو وەزیرەكانی سپاردوو بە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەناو كۆبونەوەكانی حكومەتیشدا خۆی بابەتە گشتییەكان باسدەكاتو وردەكاریو وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ سەرۆكی دیوان بەجێ دەهێڵێت، ئەمەش بۆشاییەكی لەنێوان سەرۆكی حكومەتو وەزیرەكاندا دروستكردووە. لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە واتە لە ساڵی 2020وە كۆبونەوەكانی حكومەتی لە بارەگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە گواستوەتەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا)، تاوەكو ئەمدواییەش، دەبوو وەزیرەكان بەر لە كۆبونەوەو دیداری سەرۆك وەزیران پشكنینی كۆرۆنا بكەن، مەسرور بارزانی عادەتەن دوای وەزیرەكان دەچێتە هۆڵی كۆبونەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە وەزیرەكان لەبەری هەستن بۆ پێشوازی. مەسرور بارزانی نزیكەی ساڵێكە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات. كابینەی قەیرانەكان كابینەی مەسرور بارزانی كە بە دروشمی "چاكسازی" دەستبەكاربوو، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە كاركردنی، دروشمو ناونیشانی گەورەی بووە بە "قەیران". • كابینەی مەسرور بارزانی لەماوەی سێ ساڵ تەمەنیدا، هیچ یاسایەكی بودجەی نەبووە، واتە لە دەرەوەی چاودێری پەرلەمان خەرجییەكانی دەكات. • ئەم كابینەیە دوای (8) مانگ لە دەستبەكاربوونی، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە، دوچاری قەیرانی دارایی بوو، كابینەی مەسرور بارزانی لەماوەی (33) مانگی تەمەنی خۆیدا موچەی (8) مانگی موچەخۆرانی نەداوە، موچەی (7) مانگی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە (6 مانگ بە لێبڕینی 21%و مانگێكیش بە لێبڕینی 18%وە)، مەسرور بارزانی ئەم پارانەی موچەخۆرانی تەنانەت وەكو قەرزیش لەسەر خۆی ئەژمارنەكردووە، دەڵێ ئەو موچانەی نەدراون قەرزن لەسەر حكومەتی عێراق، ئەو موچانەشی كە بە لێبڕینەوە دابەشكراون خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخی داراییو نابێتە قەرز لەسەر شانی حكومەت، كۆی گشتی ئەو پارانەی كە كابینەی مەسرور بارزانی لە تەمەنی خۆیدا بە موچەخۆرانی نەداوە بڕەكەی (7 ترلیۆنو 150 ملیار) دینارە، كۆی گشتی ئەو بڕە پارەی كە بەهۆی لێبڕینەوە كەوتوەتە سەرشانی كابینەی مەسرور بارزانی بە بڕی (ترلیۆنێكو 320 ملیار) دینار ئەژمار دەكرێت، واتە بەگشتی كابینەی مەسرور بارزانی لە تەمەنی خۆیدا (8 ترلیۆنو 500 ملیار) دیناری موچەخۆرانی نەداوە. • مەسرور بارزانی كە رەخنەی لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی كابینەكانی پێشتری نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەگرت، لەماوەی نزیكەی سێ ساڵی تەمەنی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، قەرزەكانی سەرشانی هەرێمی كوردستانی لە (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار بەرزكردەوە، واتە تەنیا لەو ماوەیەی كە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، قەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بڕی (4 ملیارو 88 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە. • لەسەردەمی دەسەڵاتی مەسرور بارزانیدا، كۆچی كورد بەرەو تاراوگە زیادی كرد، لەو زەمەنەدا، كۆچبەری كورد رێگایەكی نوێ بۆ رزگاربوون لە نیشتمانەكەی دۆزییەوە، رێگای دەریای (ئیجە)ی یۆنانی گۆڕی بۆ سنورەكانی (بیلاڕوسیا)، دیمەنی كۆچبەری كورد لە سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا لە تشرینی دووەمی 2021دا ناوبانگی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لەبەردەم رایگشتیو میدیاكانی جیهاندا زڕاند. • بە بەراورد بە كابینەی نێچیرڤان بارزانی، نرخی بەنزین لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بەرێژەی 40% زیادی كردووە، نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا بە (650) دینار بوو، ئێستا نرخەكە بۆ (هەزارو 50 دینار) زیادی كردووە، نرخی بەنزین لەكابینەی نۆدا گیرفانی شۆفێرانی تەكاندووە، لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێكو 900 هەزار) ئۆتۆمبێل هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزین هەیە، واتە رۆژانە شۆفێران زیاتر (5 ملیار) دینارو ساڵانەش زیاتر (2 ترلیۆنێك) دینار لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینار دەكڕن، بەوپێیەش شۆفێرانی هەرێم ساڵانە زیاتر لە (900 ملیار ) دینار زیاتر لە شۆفێرانی عێراق لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، بەرزبونەوەی نرخ لە كابینەی مەسرور بارزانیدا لەكاتێكدایە كۆرۆنا بەرەو كەمبونەوە رۆیشتووەو نرخی نەوتیش بەرزبونەوەی پێوانەیی بەخۆوە بینیوە. • ئەم كابینەیە لەسەرەتای دەستبەكاربونیەوە بەڵێنی ئەوەیدا بەغداد بكات بە قوڵایی ستراتیژی خۆی، بەڵام مەسرور بارزانی قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستانی بەرەو توركیاو ئیماراتی عەرەبی بردووە، لەوكاتەوە پۆستەی وەرگرتووە یەك جاری سەردانی بەغدادی كردووەو زیاتر لە سێجار سەردانی توركیاو ئیماراتی كردووە، حكومەتی مەسرور بارزانی بووە بە بەشێكە لە ململانێ ناوچەییەكانو ئەمەش فشاری خستوەتە سەر هەرێمی كوردستان. • لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەدژی پرۆسەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوەو داوای كرد هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەهات مەسرور بارزانی بڕیاریدا هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات. • لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا، هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچە سنورییەكانەوە پەڕییەوە بۆ چەقی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم (هێرشە موشەكییەكەی 13ی ئازاری رابردوو)، بەرەبەیانی ئەمڕۆش دوای رۆژێك لە دیداری مەسرور بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، توركیا هێرشێكی سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستپێكرد. • شوباتی 2021 لە پرسی ئازادی رادەربڕیندا، كابینەی مەسرور بارزانی لە كەیسی گیراوانی بادیناندا، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوبانگی زڕا، باڵیۆزی وڵاتان كاردانەوەیان نیشاندا، رۆژنامەی (فاینانشێڵ تایمز)ی بەریتانی نوسی" كوردستان بەرەو ستەمكاری دەڕوات"، مەسرور بارزانی لەناو حكومەتەوە فشار لە وەزیری لایەنە هاوپەیمانەكانی دەكات رەخنەگرتن لە میدیای حزبەكانیانەوە رابگرن، بەڵام میدیا تایبەتەكانی خۆی (كوردستان 24و باسنیوز) لە هێرشی بەردەوامدان بۆسەر حزبەكانو هەموو ئەو دەنگانەی لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكان رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرن، بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا تەنانەت كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانیشی گرتوەتەوە، مەسرور بارزانی لە وەزیرو بەرپرسانی پارتی قەدەغەكردووە قسە بۆ (رووداو) بكەن، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی (رووداو) موراعاتی ئاسایشی نەتەوەیی ناكات. • مامەڵەی مەسرور بارزانی لەگەڵ پارچەكانی تری كوردستان بەتایبەتی (رۆژئاوای كوردستان) مامەڵەیەكی ئەمنی توندە، كە سەریكێشا بۆ داخستنی سنوری لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێكو دواتر بەنێوەندگیری ئەمریكییەكان دەروازی پیشخاپوری كردەوە.
درەو: بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شەوی ڕابردوو سوپای توركیا بە فڕۆكە و هێلكۆپتەری جەنگیی بە چڕیی ناوچەكانی ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ)ی بۆردوومان كردووە و هەوڵیداوە سەربازەكانی لە ئەشكەوتی برینداران لە ناوچەی زاپ دابەزێنێت، بەڵام لەلایەن گەریلاوە ڕووبەڕوویان بونەتەوەو لەناوچەی زاب هەشت سەربازی توركیا كوژراون. میدیاكانی نزیك پەكەكە بڵاویانكردەوە هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لە رۆژی ١٤ی نیسانەوە بە چڕی دەستیپێكردووە، كۆپتەرە هێرشبەر و سكۆرسكییەكانی سوپای توركیا ئەمشەو دەستیانكرد بە هێرشی چڕ بۆ سەر زاپ. میدیاكانی نزیك پەكەكە ئەوەشیان بڵاوكردووەتەوە لە هەمان ڕۆژی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیك وردستان بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری (میتی)ی توركیا، دەوڵەتی توركیا هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر ناوچەكانی زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ دەستپێكرد و نیوەشەوی ڕابردووش، توركیا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی بە فەرمیی ڕاگەیاند. ڕۆژی ٢٦ی ئازاری رابردوو، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئاشكرایكرد، كە پارتی و دەوڵەتی توركیا پیلانیان داڕشتووە، لە ١٥ی نیسانەوە هێرشێكی نوێ بۆسەر گەریلاكانی پەكەكە دەستپێبكەن و داوای كرد، هەموان ڕۆڵیان هەبێت تاكو بەر بەو پیلانە بگیرێت.
(درەو): جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گەڕێندرانەوە بۆسەر پۆستەکانیان، عومەر سەید عەلی رازی نەبوو وەك رێكخەری گشتی دابنرێتەوە. لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان توشی شکستێکی گەورە ھات و ھیچ کورسییەکی پەرلەمانی نەبردەوە، دوای ئەم شکستە رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکە دەستیان لەكاركێشایەوە. بڕیاربوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکە شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەم کارەی پێنەکرا. جڤاتەکە ئەمڕۆ کۆبووەوە، لەدوای رێککەوتنێک لەنێوان جەمسەرە ناکۆکەکانی ناو بزوتنەوەکەدا، ئەندامانی دەستلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گەڕاندەوە بۆسەر پۆستەکانیان، بەمشێوەیە: * جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان * سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان * شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان * ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان بەڵام هەریەك لە (دەرباز محەمەد، برزۆ مەجید) ئامادەنەبوون بگەڕێنەوەو دابنرێنەوە، هاوكات عومەر سەید عەلی رازی نەبوو وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دابنرێتەوە. سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا، عومەر سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دابنرێتەوە. بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی بەدانانەوەی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن وەك "كاربەڕێكەر"و سەرپەرشتیاری (7) لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە تا كاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و كۆنفرانس كە بڕیارە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو بەرێوەبچێت.
درەو: لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی گۆڕان، گەیشتە تەمەنی خانەنشینی بەڵام پۆستەكەی بۆ درێژكرایەوە. بە پێی نوسراوێك كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە بە واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەو لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی 2022/4/10 راژەی د. سەیوان عەلی فەرەج بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان درێژكرایەوە لە پۆستەكەیدا، ئەوەش دوای ئەوەی د. سەیوان عەلی تەمەنی گەیشتە خانەنشینی و دەبوایە خانەنشین بوایە. لەكاتی دەستبەكاربوونی بریكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان (درەو) لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كرد لەكۆی ئەو (چوار) كاندیدەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزیرەكان پێشكەشی كردووە، (سێ) كەسیان دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوون، تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون تەواو دەكەن، چونكە دوانیان لەدایكبووی ساڵی (1957)و یەكێكیان لەدایكبووی (1956)ەو دەبێت بە موچەی پلە باڵاكان خانەنشین بكرێنو بزوتنەوەی گۆڕان (سێ) كەسی تر كاندید بكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، كە ئەوانیش دواجار بە هەمان موچە خانەنشین دەبن. بریكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان: * كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا * د. سەیوان عەلی- بریكاری وەزیری پەروەردە * مستەفا سەلیم- بریكاری وەزیری ناوخۆ (كۆچی دواییكرد) * چالاك موهەندیس- بریكاری وەزیری شارەوانی هەرچەندە لە یاسای خانەنشینی هەرێم دەرفەتێكی هێشتوەتەوەو رێگە دەدات لە حاڵەتی "ئەوپەڕی زەرورەتدا" لەسەر داوای وەزیری پەیوەندیدار، ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی (3) ساڵ ئەو كەسانە لەسەر كارەكانیان بهێڵێتەوەو خانەنشینیان نەكات. لە هەرێمی كوردستان (148) كەس بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینن. راپۆرتی پەیوەندیدار پۆست لەپێناو خانەنشینيدا
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) حوکمڕانیی بەعس ئەزموونێکی تەواو تازەی ناو سەدەی بیستەمی مێژووی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە. یەکێکە لەو سیستمە سیاسییە تۆقێنەرانەی لە نیوەی دووھەمی سەدەکە لە بەشێکی گەورەی دونیادا دروستدەبن. بە ھیچ شێوەیەک ئەزموونی بەعس نابرێتەوە سەر ھیچ سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانیی سونەتیی ناو ڕابوردوی عەرەب و موسڵمانان، ڕەگوڕیشەکانی لەلای ئەمەویەکان و عەباسییەکان و عوسمانییەکان نییە، ھیچ پەیوەندییەکی بەو تێزە خورافییەشەوە نییە کە ناوی ”ستەمگەریی خۆرھەڵاتیی“ لێنراوە. مۆدێلی حوکمڕانیەکەش تەنھا پابەست بە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو ڕژێمی ھاوشێوەی بەعس، بێگومان بە کۆمەڵێک جیاوازیی ناوچەییەوە، لە ئەمریکای لاتین و ئەوروپای خۆرھەڵات و بەشێکی گەورەی ئاسیادا بەشێوەیەکی بەرفراوان، ئامادەبووە. ئەزموونی بەعس ئەزموونی سیستمێکی سیاسیی تاکحیزبیی و تاکئایدیۆلۆژیایی و تاکسەرکردەیە، کە لە نیوەی دووھەمەی سەدەی بیستەم و لە ناو ڕەوتی جەنگی سارد و لە سایەی بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا توندڕەو و ڕادیکاڵەکان و لەپاڵ دروستبوونی پارتی سیاسیی جەماوەریی گەورە و لە سەردەمی ھاتنەکایەی مۆدێلی دەوڵەتی دوای کۆلۆنیالدا، دروستدەبێت. ھەموو ئەمانە زائیدەن ئەو توانا و تەکنیکی حوکمڕانییە دیسپلینکەرانە، کە ئەزمونە سیاسییە دەسەڵاتگەرەکانی سەدەی بیستەم دەیانخەنە بەردەمی حوکمڕانان. لە دۆخی بەعسدا ئەم گشتە گەورەیە تێکەڵ بە ئابوریی زەبەلاحی نەوت و بەو توانایانە دەبێت کە ئەم ئابوریی نەوتە دەیخاتە بەردەمی حوکمڕانان، بۆ ئەوەی ستمەگەر و تۆقێنەربن. بەعس ھەم زمانەکەی، ھەم چەمکە سەرەکییەکانی، ھەم ئایدیۆلۆژیاکەی، ھەم دەزگاکان و ھەم میکانیزمەکانی باڵادەستبوون و ھەم لۆژیکی دەسەڵاتدارێتییەکەی، ھەر ھەموویان تازە و بێپێشینەن. بنەماکانی دروستکردنی شەرعیەت و لۆژیکی ڕەوایەتیی بەخشینی بە خۆیشی، تازەبوو. بۆ نموونە ئەوەی لەناو زمانی بەعسدا ئامادەیە چەمکەکانی بەیعە و وەلا و ڕەعیەت نین، بەڵکو ئەوانەن کە بەناوی نوێنەرایەتیکردن و دروستکردنی نەتەوە و بەرھەمھێنانی ھاوڵاتیی و خولقاندنی ئینتیمای سیاسیی حیزبیی مۆدێرنەوە، قسەدەکەن. دەوڵەت خۆیشی یەکەی سەرەکیی تازەکردنەوەی کۆمەڵگا و دروستکردنی جۆرێکی تایبەتە لە خود، بەعسییەکان باسی ”شورا“ و ”ئەھلی حەل و عەقد“یان یان نەدەکرد، بەڵکو باسی دەستور و حیزب و ”مەجلیسی قیادەی سەورە“ و پەرلەمانیان، دەکرد. بە کورتییەکەی سیستمەکەیان سیستمێکی تۆتالیتاری مۆدێرن بوو، نەک سیستمی خەلافەتی کۆن، باسی شەریعەتیان نەدەکرد، بەڵکو یاسای نوێ و مۆدێرنیان دەکرد، سەدام خۆیشی ”ئەمیری موئمینین“ نەبوو، بەڵکو سەرۆک کۆماری عێراق و بونیادنەری یەکێتی نەتەوەیی جیھانی عەرەب، بوو. لە ئاستی حوکمڕانیی ڕۆژانەیدا بەعس نوێنەری زاڵبوونی عەقڵیەتی ئەمنی بوو بەسەر عەقڵیەتی دەوڵەتدا. ئەوەی ئیشی دەکرد ئیرادەی مانەوەبوو لە دەسەڵاتدا بەھەر شێوەیەک و بەھەر حیسابێک بووبێت، تا بە کوشتن و لەناوبردنی ھاوڕێ بەعسییەکانی خۆیشیان دەگەیشت. بەرھەمھێنانی دوژمنی ڕاستەقینە و دوژمنی وەھمی بەشێک بوو لەو لۆژیکە ئەمنییەی کە چەندان دەزگای گەورە بۆ ئیدارەدان و ئیشکردنی دروستکرابوو. دروستکردنی ”فایل“ بۆ ھەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا و چاندنی بنکەی حیزبیی و جاسوس لە ھەموو گەڕەکێکدا، داھێنانێکی بەعسیانەی تازەبوو، کە ڕەگوڕیشەکانی لەناو ئەزموونی پارتە کۆمۆنیستە حوکمڕانەکانی ئەوروپای خۆرھەڵاتدابوو. لە ئاستی سایکۆلۆژیشدا پیادەکردنی سیاسەتی ترساندنی ھەموو ئەوانەی دەکەوتنە سنووری دەسەڵاتەکانی بەعسەوە، لە ترساندنی دەوروبەرەکەی سەدام حوسەین خۆیەوە بیگرە بۆ ترساندنی ھەموو کۆمەڵگا. ئەمەش دیسانەوە لە ڕێگای دروستکردنی دەزگای تایبەتەوە بۆ ترساندن و لە ڕێگای وێرانکردنی متمانەی مرۆڤەکان بەیەکتری. ئینجا بەکارھێنانی بەشێکی گەورەی تواناکانی دەوڵەتی عێراقی خاوەن نەوت بۆ سیاسەتێکی سانسۆری خنکێنەرانە، بە سەر ژیانی ھەمووانەوە، چ ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە خۆی و چ ژیانی شەخسیی کەسەکان. لەڕێگای بەرپاکردنی جەنگی بەردەوام و ھەڕەشەکردن بە جەنگی بە بەردەوام، پرۆسەی بەسەربازیکردنێکی ھەمەلایەنی کۆمەڵگای عێراقیی لەئارادابوو. پرسیارەکە ئەوەیە کێ بەرپرسیاربوو لە دروستبوونی ئەم سیستمە تۆقێنەر و خوێناویە؟ چی بەعسی دروستکرد؟ وەڵامە ھەرە نوخبەویی و ھەڵەکە ئەو وەڵامەیە کە دەڵێت کۆمەڵگای عێراقیی لە دروستبوونی ئەم کابوسە بەرپرسیارە. ڕاستییی ئەوەیە ئەوانەی لە دروستکردنی دیکتاتۆریەتی بەعسدا بەشداربوون خەڵک و کۆمەڵگای عێراقی وەک گشتێک، نەبوون. بەڵکو زۆرینەی ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانە بوون کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە شەرعیەتیان بە بەعس و سیستمە حوکمڕانییەکەی، دەبەخشیی. ئەوانەی ئەو ھەزاران لاپەڕانەیان لەسەر سەدام حوسەین دەنووسی و بە دڵسۆز و بلیمەت و پاڵەوانیان دەکرد، جوتیاران و کرێکاران و ئاسنگەران و دارتاشان و زەڕەنگەرانی وڵاتەکە نەبوون، بەڵکو ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنانەنووسەکان بوون. ئەو سەدان و ھەزران وێنە و پەیکەرانەی بۆ سەدام کێشران و دروستکران، ھونەرمەندان و وێنەگران و پەیکەرتاشانی وڵاتەکە بوون. ئەوانەی شیعریان بەسەر سەدامدا دەگوت، ماسیگرەکان و خاوەنی چێشتخانەکان و شۆفێری تەکسییەکان نەبوون، بەڵکو شاعیرە زۆرەکانی وڵاتەکەبوون. ھتد... ئەوەی لە ئەزموونی بەعسدا ڕوویدا، ئەوەبوو زۆرینەی نوخبە ڕۆشنبیر و خوێندەوارەکە، بە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئیعلامی و ھونەرمەندانەوە، ھاوکار لەگەڵ نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکە دا، لە بەرەیەکی دژ بە کۆمەڵگا و دژ بە خەڵکی وڵاتەکەدا بوون. وەکچۆن سەدام حوسەین و نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکەی عێراق، ھەڵگری نارسیزمێکی بیمار و پاسۆلۆژیی بوون، بەھەمان شێوە ئەو نوخبە خوێندەوار و نووسەر و ئیعلامییەی بەدوری بەعسدا دروستبووبوو، نوخبەیەکی تەواو نارسیستی بوو. ھەردوولا ئەو کۆمەڵگایەی لەناویدا دەژیان، وەک گەمژە و گاگەل و ھۆردو وێنادەکرد و خۆیشیان وەک بوونەوەری دەگمەن و جیاواز و کەموێنە. لۆژیکی ھەردوو نوخبەکە لۆژیکێکی نارسیستی ستەمگەرانە بوو. ھەردولا خۆیان بە مامۆستا و پێشڕەوی میلەتێک دەزانی کە بە نەزان و دواکەوتو و گەمژەیان دەزانی. ھەم نوخبە خوێندەوارەکەی سەردەمی بەعس ئەبوو بە تێرکەری خواستە نارسیستیەکانی سەدام حوسەین، ھەم سەدام حوسەین خۆیشی دەبوو بە تێرکەریی خواستەکانی ئەو نوخبە خوێندەوارە. ھێندەی ”یەکێتی نووسەرانی عێراق“ و ”یەکێتی ڕۆژنامەنووسان“ و ”یەکێتی سینەماکاران و ھونەرمەندان“ و ئەوانیتریان بەرپرسن لە دروستبوونی دیاردەی سەدام حوسەین، ھێندە باخەوان و ماسیگر و جوتیار و دارتاشەکانی عێراق بەرپرسیار نین. ئەو ئۆرگانانە تەنھا مەدح و سەنای سەدام و ڕژێمەکەیان نەدەکرد، بەڵکو توانای بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنیان لە وڵاتەکەشدا ئیفلیج دەکرد، ھاوکات ڕۆشنبیر و نووسەر و ھونەرمەندە ناڕازییەکانیان دەترسان و دەستەمۆدەکرد. ئەم دەزگایانە بەشێوەیەک بەعسیان نمایشدەکرد، وەک ئەوەی خەڵک و نەتەوە و نیشتیمان قەرزاری ئەوانبن. وەکچۆن لە فیکری دینیدا ھەموو مرۆڤێک قەرزاری خودایە، بەھەمانشێوە لەناو گوتاری خوێندەوار و ھونەرمەند و نووسەرە بەعسییەکاندا خەڵک قەرزاری بەعس و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی بوو. ئەوەی لە ھەرێمیشدا چاوێکی بۆ بینین ھەبێت، بە ئاشکرا بڕێکی زۆر لەو میکانیزمە بەعساییانە لەناو ئەزموونی حوکمڕانیی ئەمڕۆکەی ھەرێمەکەدا دەبینێت. بەعس ڕۆیشت بەڵام بەشێکی گەورە لە بەعسیزم تا ئێستا ماوەتەوە و کاردەکات.
شیكاری: درەو لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (36 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە (6) وڵاتی جیاواز فرۆشتووە. بەهاکەی دوای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک بە کەمتر لە (11) دۆلار لە نرخی جیهانی، زیاتر بووە لە (3ملیارو 200 ملیۆن) دۆلار، بە ڕێژەی (56%) و بڕی ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دۆلاری چووە بۆ خەرجی، بڕی ( ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم. یەکەم: هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2022) تا کۆتایی مانگی ئازاری هەمان ساڵ بری (36 ملیۆن و 460 هەراز) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەرەی جەیهانی تورکییە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کردووە، واتە تێکڕای ڕۆژانەی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (405 هەزار 177) بەرمیل، (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (1)) بەجۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) ڕۆژانە بڕی (414 هەزار و 839) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بە کۆی مانگەکە (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل بووە. مانگی شوباتی هەمان ساڵ (11 ملیۆن 400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بە تێکڕای ڕۆژانەی (407 هەزار و 143) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا مانگی شوبات (28) ڕۆژ بووە. هاوکات لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) حکومەتی هەرێم بڕی (12 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕای (393 هەزار و 548) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان ساڵ ساڵی بەرزبووەنەوەی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیهان، لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردە کردنی نەوت کردووە، بازاڕی نەوت نرخی لەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، بەجۆرێک، لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە (117) دۆلار تۆمار کراوە. بە تێکڕای سێ مانگەکەش هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە (100) دۆلار بووە. بەڵام بەپێی زانیاری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021) دا بە تێکڕای ساڵەکە حکومەتی هەرێم بەردەوام بە (11 - 12) دۆلار کەمتر نەوتەکەی خۆی ساغ کردووەتەوە. بۆیە؛ لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) کە تێکڕای نرخی نەوت بە (86.51) دۆلار تۆمار کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بە (11) دۆلاری کەمتر هەر بەرمیلە نەوتێکی فرۆشتبێت ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک بڕی (75.51) دۆلاری بۆ ماوەتەوە. بەڵام لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ تێکڕای نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە و گەیشتوو بە (97.13) دۆلار، بۆیە بە هەمان پێوەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی بە (86.13) دۆلار فرۆشتووە. لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار کراوە و نرخی نەوت بە تێکڕا گەیشتووە بە (117.7) دۆلار، بۆ دەکرێت بڵێین حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (106) دۆلار فرۆشتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (36 ملیۆن و 460 هەراز)بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە نزیکەی (90) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە (100) دۆلار بووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە بریتی بووە لە (3 ملیار و 254 ملیۆن و 680 هەزار و 600) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)) بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار. لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار. لە مانگی ئازاردا زۆرترین داهات بە دەستهاتووە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، بەراورد بە مانگ و تەنانەت ساڵەکانی پێشتریش، کە بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. 2. خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا، (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە و کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە (ملیارێک و 822 ملیۆن و 621 هەزار و 136) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3))، بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی شوبات کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بڕی (549 ملیۆن و 853 هەزار و 920) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی ئازاردا کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلار، بڕی (728 ملیۆن و 974 هەزار و 400) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). 3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (ملیارێک و 432 ملیۆن و 59 هەزار و 464) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 76 ملیار و 486 ملیۆن و 222 هەزار و 800) دیناری عێراقی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3 + 4))، بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (619 ملیار و 535 ملیۆن و 386 هەزار و 800) دیناری عێراقی. لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (626 ملیار و 440 ملیۆن و 716 هەزار) دیناری عێراقی. لە مانگی ئازار کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (572 ملیۆن و 765 هەزار و 600) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (830 ملیار و 510 ملیۆن و 120 هەزار) دیناری عێراقی. چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (4) چوارەم: کڕیارانی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە لایەن کەشتی (6) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، بە جۆرێک کەشتییە ئیتاڵییەکان بە ڕێژەی (37%) زۆرترین بڕی نەوتی هەرێمیان لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بارکردووە. بە دوای ئەویشدا کەشتی یۆنانییەکان بە (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە و پاشان کەشتییە ئیسرائیکییەکان (15%) و کرواتییەکان (7%) و ئیسپانییەکان (4%) و ڕۆمانییەکان بە ڕێژەی (2%) نەوتەکەیان بارکردووە، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی مانگی رابردوی هەرێم ( 976) ملیار دینار بووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9598 - ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، کانونی دووەمی 2022؛ http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/02/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D9%83%D9%A2-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf - درەو میدیا؛ داهاتی مانگی شوباتی نەوتی هەرێم؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9851 - ئەنوەر کەریم؛ مانگی رابردوو هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (85) دۆلار فرۆشتووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9791 - ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، شوباتی 2022؛ http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/03/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%B4%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf - ئەنوەر کەریم؛ داهاتی مانگی ئازاری نەوتی هەرێم (ملیارێك و 291 ملیۆن) دۆلاربووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9979
راپۆرت: درەو یەكێتی سەرقاڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنێكی نهێنی خۆیەتی لەگەڵ حكومەتی بەغداد، دەیەوێت غازی ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی رادەستی بەغداد بكاتو لەرێگەی بەغدادەوە غازەكە هەناردەی توركیا بكرێت نەك راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەمە یەكێتی دەیەوێت بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵدا بكات نەك لەڕێگەی هەولێرەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. غازی سلێمانی بۆ بەغداد یەكێتی ئامادەنییە لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە غازی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەناردەی توركیا بكات. ئەم رۆژانە بڕیاربەدەستانی یەكێتی سەرقاڵی گرتنەبەری رێوشوێنن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی غاز. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، یەكێتی دەیەوێت غازی سنوری خۆی رادەستی بەغداد بكاتو بەم هەنگاوە پابەندبوونی ئیدارەی سلێمانی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە نیشان بدات. ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی لەدواین وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بەشداربووەو وەفدەكە داواكارییەكانی حكومەتی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز رەتدەكاتەوەو بەبێ پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز لە عێراق نایەوێت پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ببێت. (درەو) زانیویەتی، بۆ رادەستكردنی غاز، یەكێتی دەیەوێت رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا بكات، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر بردنی غازی سنوری سلێمانی، حكومەتی عێراق پارەی پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ وەكو ناوچەی بەرهەمهێنانی وزە دابین بكاتو بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانیدا بكات نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە كە پارتی هەژمونی كردووە بەسەریدا. حكومەتی مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان رەوانەی توركیا بكات، جێبەجێكردنی ئەم ئەركە دراوەتە دەست كۆمپانیای (كار) كە شێخ باز خاوەندارێتی دەكاتو بەمدواییە ماڵەكەی لە هەولێر بوو بە ئامانجی هێرشی موشەكیی ئێران. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەمدواییە نوسراوی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو ئاسانكاری بۆ كارەكانی كۆمپانیای كار بكەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی یەكێتی كارەكەیان راگرت. "با عێراق غازەكە هەناردەی توركیا بكات" سەرەتای شوباتی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرە، لەوێ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لێكرد غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات. دوای ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر فشار، 15ی شوبات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، سكاڵایەكی حكومەتی عێراقی دژی هەرێم یەكلاكردەوەو داوای رادەستكردنی نەوتو غازی هەرێمی كرد، دواترو لە 13ی ئازاردا ئێران هەولێری موشەكباران كرد. خواستی توركیا بۆ غازی هەرێمی كوردستان دوای سەرهەڵدانی شەڕی روسیا- ئۆكرانیا دێت، توركیاو ئەوروپا زۆرینەی غازی سروشتی خۆیان لە روسیاوە دابین دەكەن، ترسیان لە راوەستانی هەناردەی غازی روسی هەیە، بۆیە بەدوای سەرچاوەی نوێی وزەدا دەگەڕێن. لەكاتێكدا وڵاتانی خۆرئاوا پەیتا پەیتا سزا بەسەر روسیادا دەسەپێننو موڵكو ماڵی بەرپرسانی روسیا بلۆك دەكەن، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ روسیا توندوتۆڵ دەكاتو دووجار دیداری لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە بەغداد كردووە. ئێران كە خۆی هەناردەكارێكی سەرەكیی غازی سروشتییە بۆ توركیا، نیگەرانە لە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، یەكێتی كە لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی ئێراندا سیاسەتی خۆی رێكخستووە، نایەوێت بەهۆی هەناردەی غازەوە بۆ توركیا بكەوێتە ژێر فشاری تاران. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی دور لەچاوی كامێراكان سەردانی توركیایان كردووەو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەیان ئاگادار كردووە" یەكێتی كێشەی نییە لەگەڵ ئەوەدا غاز بدرێت بە توركیا، بەڵام ئەوان دەیانەوێت عێراق غازەكە بە توركیا بدات، نەك بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە". توركیا دەیەوێت بەدوو شێواز لە غازی هەرێمی كوردستان سودمەند بێت، لەلایەك بەشێك لە پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكاتەوە، لەلایەكی تر لەڕێگەی هەناردەی غازەكەوە بۆ ئەوروپا، لەڕووی ئابورییەوە سودمەند ببێت. رێككەوتنێكی كۆن بە بەرگێكی نوێوە ! ئەوەی ئێستا یەكێتی سەرقاڵی ئەنجامدانیەتی، رێككەوتنێكی پێشترە بەڵام بە بەرگێكی نوێوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ناوەڕاستی ساڵی 2020 یەكێتی بەشێوەیەكی نهێنی چوەتە گفتوگۆوە لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غاز، (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری وردەكاری ئەم گفتوگۆیانە بووە. ساڵی 2020 هاوشێوەی ئێستا یەكێتی گلەیی هەبوو لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتی دارایی نییەو حكومەت وەكو پێویست كاروباری ئیدارەی سلێمانی بەڕێوەنابات، ئەوكات كە هێشتا دوو هاوسەرۆكەكە لەیەكتر نەترازابوون، یەكێتی بڕیاریدا لەڕێگەی بەغدادەوە دەرگایەكی نوێ بەڕووی سلێمانیدا بكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە 2020 یەكێتی رێككەوتنێكی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمزا كردووە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە هەردوولا بڕیاریانداوە لەسەر دروستكردنی كۆمپانیایەك بەناوی (كۆمپانیای وزەی سلێمانی)، بڕیاریانداوە هەموو كێڵگەكانی نەوتو غازی سنوری ئیدارەی سلێمانی بدرێتە دەست ئەم كۆمپانیایە، پشكەكانی كۆمپانیاكە بەمشێوەیە دابەشكراوە: • رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیا بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت • رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیاكە بۆ حكومەتی عێراق دەبێت • رێژەی 20% پشكەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئامانجی سەرەكی یەكێتی لەم رێككەوتنە ئەوەبوو، حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی پارێزكای سلێمانی بكات، نەك لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە لە هەولێر، بەتایبەتی لە پرسی موچەدا. لەپاڵ موچەو مامەڵەی دارایی، یەكێتی خوازیاربوو لەرێگەی ئەم كۆمپانیا هاوبەشەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق دروستی دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سنوری دەسەڵاتدارێتی خۆی لە (45 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە بۆ لانی كەم (72 هەزار) بەرمیل نەوت بەرزبكاتەوە. ئەوكات ئەوانەی ئاگاداری ئەم رێككەوتنە بوون باسیان لەوە دەكرد، یەكێتی رەزامەندی ئەمریكییەكان وەرگرتووە، بەڵام پرۆژەیەكی لەمشێوەیە ئەوكاتو ئێستاش بۆ ئێران جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی ئەگەر غازی سنوری سلێمانی پێداویستی عێراق پڕبكاتەوەو وابكات چیتر حكومەتی بەغداد پێویستی بە كڕینی غازی ئێران نەبێت. رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیو حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی نهێنی ئیمزا كرا، بڕیاردرا دەستبەكار بكرێت بۆ دروستكردنی كۆمپانیای هاوبەشی عێراقو سلێمانی، بڕیاربەدەستانی یەكێتی ترسیان لە كاردانەوەی پارتی هەبوو، بڕیاریاندا لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمانو حكومەت بكەنو ئاگاداریان بكەن لەوەی یەكێتی هەنگاوی سەربەخۆ هەڵدەگرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی سنوری ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی، نامەكەش ئاڕاستە كرا، بەڵام یەكێتی بەبێدەنگی لە ئیمزاكەی لەگەڵ بەغداد كشایەوەو رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆی یەكێتی كە دوو هاوسەرۆكەكەی لە یەكتری ترازاند، پرۆژەكەی خستە ژێر گڵەوە. بەپێی ئەوەی شارەزاكانی یەكێتی لە 2020دا خەمڵاندنیان بۆ كردبوو، ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرایە، ئیدارەی سلێمانی جگە لەوەی رێژەی 40%ی پشكی كۆمپانیاكەی دەستدەكەوت، بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە رێژەی 7%ی پشكی هەرێمی كوردستانیشی لە بودجەی گشتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەردەگرت، سەرباری ئەمە رێككەوتنەكە تەنیا لەبواری نەوتو غازدا نەبوو، بەڵكو رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی سلێمانیش كرابوو، بەشێوەی (پەنجا بە پەنجا) لەنێوان ئیدارەی سلێمانیو حكومەتی عێراقدا. غاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێتو بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی کورد و گەلەکەیان پەیوەندییەکە لەسەر بناغەی وەلائەت و ئیتاعەت بنیاتنراوە. شێخە سیاسییەکانی کورد نە گەلێکیان دەوێت خاوەن سەروەریی خۆی بێت و نە تاکێکیشیان دەوێت خاوەن بیرکردنەوە و کردەی ئازادانەی خۆی بێت. ئامانجی شێخە سیاسییەکانی کوردستان بریتییە لە بنیاتنانی مۆدێلێک لە تەکییەی سیاسیی، کە تیایدا پەیوەندی نێوان تاک و سەرکردە لەسەر بناغەی کەسایەتییەکی پیرۆز و دەروێشەکانی بنیاتنراوە. پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر بناغەی کارامەیی و توانا و لێهاتوویی پێکنەهاتووە، بەڵکو لەسەر بناغەی ملکەچیی ڕەهای موریدەکان بۆ شێخە سیاسییەکان بونیادنراوە. پەیوەندی نێوان شێخ و مورید پەیوەندیی نێوان هاونیشتیمانیی و حکومەتی مەدەنیی نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان سەرۆکی ڕوحیی و ڕەعییەتەکەیەتی. نەدانی موچە و بێڕێزییکردن بەرامبەر بە خانەنشیینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پزیشکان و مامۆستایان و گروپە کارمەندەکانی تری هەرێم و مامەڵەکردنیان وەک سواڵکەری دەوڵەت، ئەو پەیوەندییە نامرۆڤانەیە کە دەسەڵاتدارە سوڵتانییەکانی پارتیی و یەکێتیی لەگەڵ هاونیشتیمانیانی کوردستان و موچەخۆرانی هەرێمدا بونیادیانناوە. لەناو حیزبی کورییدا فیکری سیاسیی بوونی نییە و جیهانبینییش هیچ بەهایەکی سیاسیی نییە، چونکە لە حیزبی کوردییدا سیاسەت بە فیکر داناڕێژرێت، بەڵکو بە ئارەزووی موتڵەقی شەخسی سەرۆک و شێخی حیزب بڕیاری لەسەردەدرێت. حیزبی کوردیی ئەوەندی سەرقاڵی ریفۆرمی ناوخۆیی خۆیەتیی، ئەوەندە بیر لە ریفۆرمی دەسەڵاتەکانی ناکاتەوە، چونکە ترسی قووڵی لە وەلائەتی موریدەکانی هەیە. لابردنی کەسەکان و دانانی کەسانی تر پەیوەندی بە شیاویی توانا و مەعریفییانەوە نییە، بەڵکو هەم پەیوەندی بە دوورونزیکیی کەسەکانەوە هەیە لە تەکییە سیاسییەکە و هەم پەیوەندی بە چەشنی وەلائەتەکەیانەوە هەیە بۆ شێخە سیاسییەکە. سیاسەتی سوڵتانیی سەروکاری بە پرۆسەی بڕیارەوە نییە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەڵکو پەیوەندی بەو بازنە تەسکەوە هەیە کە بڕیارەکانی تێدا لەدایکدەبێت. لەناو حیزبی کوردییدا یەک کەس خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە ئەویش شێخی سیاسییە. ئەم کاریزمایە هەچ بڕیارێکی بوێت، دەتوانێت بەتەنها دەریبکات و بیسەپێنێت، گەرچی ئەو بڕیارە بۆ حیزبەکەی، یان بۆ گەلەکەی هەڵە و ناڕاست و کارەساتباریش بێت. ئەم کولتووری خۆبەهەڵە نەزانینە زیاد لە حەفتا ساڵە لەناو حیزبی کوردییدا کاردەکات بەبێئەوەی سەرۆکە کاریزمییەکان بچوکترین باجی سیاسەتە هەڵەکانیان دابێت یان بچووکترین لێپرسینەوەیان لەتەکدا کرابێت. لە دونیای سیاسیی کوردییدا نموونەییترین ئەزموونی سوڵتانیزم کە توانیبێتی پەیوەندی شێخ و مورید لە مێژووی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی لە شاخ و لە شار بنیاتبنێت و بەردەوامیی پێبدات، ئەزموونی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ شێخەکانی بارزان. پارتی وەک حیزبی مورید و بارزانییەکان وەک شێخی سیاسیی، توانیویانە چوار دەسەڵاتی گرنگ لای خۆیان کەڵەکە و پاوانبکەن. دەسەڵاتی یەکەم ئابوورییە، کە لەسەردەمی سوڵتانییەتدا پێیان دەگوت مەخزەن. مەخزەنی هەرێم بەشێوەیەکی ڕەها لەژێر دەستی پارتی و لەناو پارتییشدا لەژێر کۆنترۆڵی بنەماڵەی بارزانییدایە. دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئارەزووی شەخسیی شێخە سیاسییەکان پارەی مەخزەن دابەشدەکات. بۆ دابەشکردنی پارە و سامانی هەرێم، پارتی و بارزانییەکان نە پێویستیان بە حکومەت و نە پێویستیان بە پەرلەمان هەیە. نوخبەی سیاسیی پارتیی نە پێویستی بە بوجەیە کە لە پەرلەمانی هەرێمەوە دەنگی لەسەر درابێت، نە پێویستی بە ئەنجومەنی وەزیرانە بۆئەوی گفتوگۆی لەسەر بکرێت. پارتی لەسەردەمی مەسعود بارزانییدا دەرگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بەتەواوی قفڵدەکرد و لەسەردەمی مەسرور بارزانییشدا بەتەواوی دەمی پەرلەمانتارانی داخستووە، چونکە پەرلەمانی وەک دەزگایەک بەچەشنێک سووک و بێبەهاکردووە، کەس بیری وەزیفە سەرەکییەکانی ناکات، کە یاسادانان و گفتوگۆکردن و چاودێریی کارەکانی حکومەتە. دووهەم دەسەڵات کە شێخە سیاسییەکان پاوانیانکردووە، دەزگای پێشمەرگەیە. پێشمەرگەی هەرێم هێزێکی چەکداری مونەزەمی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو هێزێکی چەکداری مونەزەمی حیزبییە کە بە ئەمر و نەهی شێخە سیاسییەکان دەژیی و دەجوڵێنرێت. هێزی پێشمەرگە لەسەردەمی شاخەوە تا دەگات بە سەردەمی حوکمڕانیی لە شار کۆڵەکەیەکی گرنگی پاراستنی تەکییەی سیاسیی و (دار المُلك)ی پارتیی و یەکێتیی بووە. دەسەڵاتی سێیەم بریتییە لە میدیا. میدیای حیزبیی کە بەشەوەیەکی نایاسایی سەرمایەیەکی گەورەی لە داهاتی گشتیی بۆ تەرخانکراوە، تەنها پروپاگەندە بۆ دار المُلك ناکات، بەڵکو هەم وێنایەکی پیرۆزی بۆ بەرهەمدەهێنێت و هەم چیرۆک و ئەفسانەی بۆ دروستدەکات و پاساوی هەڵە ستراتیژیی و کارەساتە نیشتیمانییەکانی دەکات. دەسەڵاتی چوارەمیش دەسەڵاتی یاسا و دادگایە. نە پێگەی سەرەکیی ئەم دەسەڵاتە لە سەرووی ماڵی شێخە سیاسییەکانەوەیە، نە وەزیفەشی سزادانی ناعەدالەتیی و گەندەڵەکانی نوخبە سوڵتانییەکەیە. وەزیفەی ئەم دەزگا گرنگەی کۆمەڵگای سیاسیی کورتبووەتەوە بۆ بەیعەتدان بە سوڵتان لەکاتی پێویستدا و سزادانی چالاکوان و کەسانی کۆمەڵگای مەدەنیی. لە ئێستادا یەک کاریزمای سیاسیی سەدەی بیستەم لەژیاندا ماوە کە سەرۆکایەتیی حیزبەکەی دەکات، ئەویش مەسعود بارزانییە. تاکە کەسێک کە رێگر بوو لەوەی بارزانی ببێت بە رەمزێکی نیشتیمانیی و تاکە کاریزمای سیاسیی دوای مردنی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، خودی بارزانی خۆی بووە. بارزانی سەرۆکی هەموو کوردان نییە و نەیتوانی ببێت بەو کاریزما سیاسییەی کە وەکو چەتر هەموو هێزە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە، بەپێچەوانەوە، بارزانیی خۆی بەردەوام بووە بە هۆکارێک بۆ دابەشبوونی زیاتری جڤاتی کوردیی و وێرانبوونی پرسی کورد. پارتی و بارزانییەکان لە دوو قۆناغی گرنگیی مێژووییدا دوو شکست و نسکۆی گەورەیان بۆ پرسی کورد و هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنا. لەکاتێکدا مەلا مستەفای بارزان بە شکستی سەربازیی کۆتایی بە شۆڕشەکەی هێنا، ئەوا مەسعود بارزانیی بە شکستی سیاسیی کۆتایی بە سەرۆکایەتیی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا هێنا. کۆتاییهێنان بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مانای دەستبەرداربوون نییە لە هەیمەنە و دەسەڵات. وەکو هەموو سیستەمە سوڵتانییەکانی دونیای ئیسلامیی و عەرەبیی، بارزانییش (دار المُلك)ی خۆی بەناوی بارەگای بارزانییەوە دروستکردووە، کە تیایدا وەک شێخێکی سیاسیی پێگەیەکی پیرۆزی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەخۆی بەخشیوە، چونکە لەسەرووی هەموو دەزگا رەسمییەکانی حکومەت و پەرلەمان و چاودێریکردنێکی یاساییەوە. (دار المُلك)ی بارزانیش وەکو (دار المُلك)ەکانی تر لەسەر دوو بنەما بەندە، یەکەمیان شەرعییەتی ئایینییە، کە پیرۆزێتییەک بە پێکهاتی سەرۆک و حیزبەکەی دەدات و تاک و گروپەکانی کۆمەڵگاش وەک مورید و ڕەعییەت مامەڵەدەکات، دووهەمیان شەرعییەتی مێژووییە، کە حەفتا ساڵە سەرۆکایەتیی گەورەترین حیزبی کوردیی دەکەن کە نوخبەی شاریی کوردیی بۆی دروستکردن.
راپۆرت: درەو كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵو خاشاك لە چەند ناوچەیەكی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان كاركردنیان راوەستاوە، خاوەنی یەكێك لە دیارترین كۆمپانیاكان دەڵێ دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، هەفتەیەكی تر لەناوەندی شاری سلێمانیش كاركردن رادەگرن، نەبوونی نەختینە لە بانكی سلێمانی كێشەی بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیاكان دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مانگرتنێكی نوێ سبەینێ یادی (ئەنفال)ە، قەزای چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدانو مۆنۆمێنتی ئەنفال زبڵو خاشاك دایپۆشیوە، كرێكارانی ژینگەپارێز مانگرتنیان راگەیاندووەو دەڵێن كۆمپانیان موچەیان پێنادەن، ئەم مانگرتنە سنوری قەزای دوكانو ناوچەی گەرمیانیشی گرتوەتەوە. ئەمڕۆ ژینگەپارێزانی ناحیەی (پیرەمەگرون)ی سەربە قەزای دوكان خۆپیشاندانیان كردو رێگای سەرەكی دوكان- سلێمانییان داخست، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە هۆكاری پێنەدانی موچە بە كرێكارانی ژینگەپارێز بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە حكومەت شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات. كرێكارانی ژینگەپارێز هەفتانە (6) رۆژ كاردەكات، رۆژانە لەكاتژمێر (3)ی بەرەبەیانەوە دەست بەكاركردن دەكەن، موچەی مانگانەیان (350 هەزار) دینارە. خالید شینكی خاوەنی كۆمپانیای (شینكی) بە (درەو)ی راگەیاند، لەناوەندی شاری سلێمانیش تەنیا بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر دەتوانن كار بكەنو كارەكانیان رادەگرن. قەیرانی زبڵو خاشاك لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان نوێ نییە، سەرەتای مانگی رابردووش كۆمپانیاكانی پاككردنەوە مانگرتنیان راگەیاندو بۆ ماوەی (5) رۆژ زبڵو خاشاك لە شەقامەكانی ناوەندی شاری سلێمانیدا كۆبووەوە، ئەوكات ئیدارەی سلێمانی ناچاربوو كرێكارەكانی شارەوانی بەكاربهێنێت بۆ خاوێنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكان. مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە هاوكاتە لەگەڵ نەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان كە دوو حزبی هاوبەشن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانداو مەڵبەندی سەرەكییان لە سنوری سلێمانیدایە. وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی سەربە گۆڕانەو ماوەیەكە مانی گرتووەو ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، خەرجی پرۆژەكانی سنوری سلێمانی خستوەتەسەر داهاتەكانی سلێمانی، داهاتەكانی سلێمانیش بەتەنیا بەشی پڕكردنەوەی خەرجی موچەی موچەخۆرانی سنورەكە ناكات، لەم نێوەندەدا باسلەوە دەكرێت داهاتەكانی سلێمانی هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت سەربە یەكێتییە، هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەم دۆخە داراییە پێ نییە. داهاتەكانی سلێمانی دەچێتە ناو بانكی (هەرێم)ەوە، وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ ئەم بانكە كردووەو فەرمانی كردووە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج نەكرێت تا ئەو كاتەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت. سەرەتای مانگی رابردوو كە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی ناوەندی شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاندو زبڵ كۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، بڕی (ملیارێك) دیناری خستەسەر حسابی حكومەت لە بانكی هەرێم بۆ ئەوەی بدرێت بە كۆمپانیاكانو مانگرتن بشكێندرێت، ئەمە وەكو قەرزێكی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو بۆ حكومەت، ئامانج لێی دابینكردنی نەختینە بوو. پارەكەی بافڵ تاڵەبانی تەنیا مانگو نیوێك بڕی كرد، ناڕەزایەتی كۆمپانیاكان دەستیپێكردەوە، كۆمپانیاكان دەڵێن ئەو پارەیەی هاوسەرۆكی یەكێتی پێیداون، تەنیا بۆ خاوێنكردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار بووەو بۆ هەر زۆنێك بڕی (250 ملیۆن) دینار وەرگیراوە. كۆمپانیاكان كێن ؟ ئەو كۆمپانیایانەی كە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕاندا گرێبەستی پاككردنەوەی خۆڵو خاشاكیان پێدراوە بریتین لە: • كۆمپانیای (خالید حەمەڕەوف شینكی) • كۆمپانیای (هەرێم) • كۆمپانیای (گەردین) • كۆمپانیای (ئۆرانۆس) • كۆمپانیای (بیڤان) • كۆمپانیای (شكار) • كۆمپانیای (گارێكس) ئەم كۆمپانیایانە كە كاری (كۆكردنەوە)و (داپۆشین) خۆڵو خاشاك دەكەن، دابەشكراون بەسەر چەند زۆنێكی ناوەندی شاری سلێمانیو دەرەوەی شاردا. ناوەندی شاری سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) زۆنی زبڵو خاشاكدا، سێ كۆمپانیا كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار دەكەن، بەمشێوەیە: • كۆمپانیای (خالید شینكی) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باشورو رۆژهەڵات)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. • كۆمپانیای (هەرێم) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باكورو رۆژئاوا)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. • كۆمپانیای (شكار) كاری پاككردنەوەی (ناوەڕاست)ی شاری سلێمانی دەكات بۆ هەر زۆنێك، كۆمپانیاكانی (250) كرێكارو (50) ئۆتۆمبیلیان تەرخانكردووە، زۆنەكانی تری دەرەوەی شاریش بەهەمان شێوە دابەشكراون بەسەر كۆمپانیاكاندا، ئەو دوو زۆنەی كە ئێستا مانگرتنی كرێكارانی ژینگەپارێزی تێدایە، یەكێكیان لای كۆمپانیای خالید شینكی كە زۆنی قەزای دوكانە، زۆنەكەی تریش كە قەزای چەمچەماڵە لای كۆمپانیای (شكار)ە. كێشەی دارایی كۆمپانیاكان مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نوێ نییەو لەمساڵدا ئەمە جاری سێیەمە، كۆمپانیاكان دەڵێن نزیكەی (10 ملیار) دیناریان لای حكومەتەوەو تا ئەو پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانن دەست بە كاركردن بكەنەوە. لە ساڵی 2020وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، وەزارەتی دارایی بڕیاریدا كۆمپانیاكانی پاككردنەوە، مانگانە رێژەی 60%ی شایستە داراییەكانیان (بە چوار گوژمە) وەربگرنو رێژەی 40%ی شایستەكانیان تا كاتێكی نادیار لە بانكدا بمێنێتەوە، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە دەڵێن لەو تەندەرانەی كە وەریانگرتووە بەهیچ شێوەیەك ئەم مەرجەی تێدا نەبووە. بەمدواییە كە قەیرانی نەمانی نەختیەی دارایی لە سلێمانی سەریهەڵدا، كێشەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی زیاتر بوو، وەكو خۆیان دەڵێن كە پێیان ناوەتە ساڵی 2022ەوە هێشتا شایستەی مانگی 10ی ساڵی 2021ی خۆیان وەرنەگرتووە. مانگرتنی یەكەمی كۆمپانیاكان لە شوباتی ئەمساڵدا بوو، ئەوكات بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بە بەڵێنی دابینكردنی (گاز) بۆ ئۆتۆمبیلەكانیان، وای لە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە كرد دەست بە كاركردن بكەنەوە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن ئەم (گاز)ە كێشەی دارایی ئەوانی چارەسەر نەكردووە، ئەو بڕە (گاز)ەی كە مانگانە هەر كۆمپانیایەك وەریگرتووە بەهاكەی (14 ملیۆن) دینار بووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بەپێی شایستەی دارایی خۆیان دەبوو مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دینار وەربگرن. خاوەن كۆمپانیاكان باسلەوە دەكەن، لە جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی دارایدا بۆ گلدانەوەی 40%ی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لە بانكەكاندا جیاكاری لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كراوە، چونكە كۆمپانیاكانی هەولێر سود لە گلدانەوەی 40%ی پارەكانیان لە بانكەكاندا دەبیننو بەكاریدەهێنن بۆ پڕكردنەوەی خەرجی زەمانەتو خەرجییەكانی تری خۆیان، بەڵام كۆمپانیاكانی سلێمانی 40%ی پارە گلدراوەكانیان لە بانكەكاندا نەماوە. لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیاكانی هەولێر بەنرخێكی زیاتر لە كۆمپانیاكانی سلێمانی تەندەرەكانیان وەرگرتووە، واتە قازانجی زیاتر دەكەن، بۆیە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی كاریگەری زۆری لەسەریان نابێتو بەو 60%ی شایستەكانیان كە وەریدەگرن قایلنو كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی كێبركێی كۆمپانیاكانەوە نرخی تەندەرەكانی پاككردنەوە دابەزیوە. جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانیان هەیە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوە گرفتیان لەسەر ئەو سزا داراییانە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانیو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، داوا دەكەن ئەم سزایانەیان لەسەر بسڕێتەوە. زبڵ لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوەو فڕێ دەدرێت. تێكڕای قەبارەی خۆڵو خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆنو 628 هەزار) تەن، كە زۆربەی لەنزیك شارەكان فڕێدەدرێتو دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگەو تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. (31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش چەندینجارە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەننو شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵو كارەساتی ژینگەییەوە. زبڵ لەناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا قەبارەی رۆژانەی خۆڵو خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بەمشێوەیە: • سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن زبڵ كۆدەكرێتەوە • ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن • ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە، بڕی (2 هەزارو 720) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رێژەی 38%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. زبڵ لەناوەچەی دەسەڵاتی پارتیدا قەبارەی رۆژانەی زبڵو خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەمشێوەیە: • هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە • دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بڕی (4 هەزارو 220) تەن زبڵو خاشاك كۆدەكەنەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی پارتی رێژەی 62%ی كۆی گشتی زبڵو خاشاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
(درەو): ئێران بەڵێنی بە پارتی داوە ئەگەر لە بەرەی سەدر بكشێتەوە، چارەسەری بڕیارەكانی دادگای باڵای فیداڵی عێراق بكات سەبارەت بە رادەستكردنی نەوتی هەرێم، وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی عێراق هاتە هەرێمی كوردستانو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بینی. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەفدەكەی ئێران لەگەڵ خۆیدا دەستپێشخەرییەكی هێناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتیو یەكێتیو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق. (درەو) زانیویەتی، وەفدەكەی ئێران داوای كردووە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون، پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بمێنێتەوە، بەڵام (بەرهەم ساڵح) پۆستەكە وەرنەگرێتەوە، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك ئیمتیازی تر بە پارتی بدرێتو هەموو پۆستە وزارەییەكانی پشكی كورد لە بەغداد پارتی پڕیان بكاتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی رایگەیاند، ئێرانییەكان بەڵێنیان بە پارتی داوە ئەگەر لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بگەنە رێككەوتن، چارەسەر یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكەن بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم. هەوڵەكەی ئێران بۆ ئەوەیە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بەبێ موقتەدا سەدر، لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دروست بكرێتو پارتیو یەكێتی هەردووكیان بەشدار بن لە حكومەتەكەدا، واتا پارتی لە بەرەی سەدر بكشێتەوە. (درەو) زانیویەتی، تائێستا پارتی لەسەر پێشنیازەكانی ئێران رازی نەبووە. وەفدەكەی ئێران، جگە لە پارتیو یەكێتی، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێش كۆبونەتەوە. موقتەدا سەدر وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، تاوەكو دوای مانگی رەمەزان دەرفەتی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوە هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن.
(درەو): پارتی بە بروسكەیەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئاگادار دەكاتەوە بایكۆتی كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بكەن "روداو لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كارناكات" پێشتریش مەسرور بارزانی كەناڵی روداوی لە وەزیرەكانی پارتی قەدەغەكرد. (درەو): پارتی لە حكومەتو لە حزبیش كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بایكۆت كردووە، ئەم بابەتە لەناو پارتی مشتومڕی دروستكردووە. بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و لەسەر داوای مەسرور بارزانی بە بروسكەیەك مەكتەبی سیاسی پارتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی (هەولێر- سلێمانی هەڵەبجە- كەركوك- گەرمیان)و (مەكتەبی سیاسی)و (هەموو لقەكانی) پارتی ئاگاداركراون چاوپێكەوتن لەگەڵ كەناڵی (رووداو) نەكەن. ئەم فەرمانە حزبییەی پارتی رۆژی (7)ی ئەم مانگە دەرچووە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" ماوەیەكە تەلەفزیۆنی رووداو موراعاتی ئەمنی نەتەوەیی ناكات، هەندێك بابەت دەوروژێنێ لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە دەبێت هەڤاڵان خۆیان لە چاوپێكەوتن لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو بپارێزن، تا ئەو كاتەی كەناڵەكە بە رەفتارەكانیدا دەچێتەوە". بەپێی زانیارییەكان (درەو)، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەزیرەكانی پارتی قەدەغەكراوە قسە بۆ كەناڵی (رووداو) بكەن. ئەم بڕیارانەی مەسعود بارزانیو مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە كە خاوەنی كەناڵی (رووداوە). لە دوای دروستكردنی كەناڵی (رووداو)ەوە، چەندجارێكە نێچیرڤان بارزانی دەكەوێتە ژێر فشاری مەسعود بارزانی مامی، بەپێچەوانەی میدیا فەرمییەكانی پارتییەوە، (رووداو) رێگا بە تێپەڕبوونی بۆچوونی بەشێك لە نەیارانی سیاسی پارتیش دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرچاوەی داهاتی كەناڵەكە دەبەسرێتەوە بە پارتییەوەو پارتی داوای دەستوەردان دەكات لە بەڕێوەبردنی كەناڵەكەدا.