Draw Media

سودانی له‌ پشوودا دانوستان ده‌كات

سودانی له‌ پشوودا دانوستان ده‌كات

2023-07-13 15:16:10


(درەو): 
سودانی بەنهێنی لە هەرێمی كوردستانە، بەناوی گەشتیاریی‌و بەسەربردنی پشووەوە هاتووە، بەڵام لەبارەی یاسای نەوت‌و غازو بودجەوە لەگەڵ بارزانی گفتوگۆ دەكات. 
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)یان راگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێكی نهێنی گەیشتوەتە هەولێر. بەپێی قسەی سەرچاوەكان، سەردانەكەی سودانی بۆ كوردستان لە بنەڕەتەوە بۆ بەمەبەستی گەشتیاریی‌و بەسەربردنی پشووە، بۆیە  ئەمڕۆ بە هاوڕێیەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەردانی هاوینەهەواری (بێخاڵ)ی كردووە‌و پێكەوە نانیان خواردووە. 
(درەو) زانیویەتی، سودانی بەنیازە سبەینێ سەردانی دەڤەری بارزان بكات. 
سەردانەكەی سودانی بۆ كوردستان هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، وەرزێك كە بڕیارە تێیدا یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ پەسەند بكرێت‌و ئەم یاسایە ماوەی 18 ساڵە لەنێوان هەولێرو بەغداد ناكۆكی لەسەرەو پێشبینی دەكرێت ئەمجارەش یاساكە بەبێ ناكۆكی‌و كێشمەكێش تێنەپەڕێت، بەتایبەتیش كە لەدوای بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی 2022ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە نەوتی هەرێمی كوردستان هیچ كەڤەرێكی یاسایی نەماوە‌و حكومەتی هەرێم تاكە ئومێدی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵە.   
سەرچاوەكە وتی:" تەوەرێكی تری سەردانەكەی سودانی، پەیوەندی بە پرسی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2023ی عێراق‌و پشكی هەرێمەوە هەیە، ئەمە لەپاڵ گفتوگۆكردن سەبارەت بە دۆسیەی نەوت‌و هەرێم‌و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە".
زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، رەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەجۆرێك داڕێژراوە كە بەدڵی حكومەتی هەرێم نییە، سودانی دەسەڵاتی نەبووە بەسەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لە نوسینەی ئەم یاسایەدا، بۆیە بەم سەردانە دەیەوێت بەرپرسیارێتی تێكچوونه‌وه‌ی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد بۆ داهاتوو، لەئەستۆی خۆی لابدات.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand