مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسیدا باس لە بوونی پێنج نەوە لە شیکردنەوەی ئەکادیمییانە بۆ دیاردەی شۆڕش دەکرێت کە ھەر یەکێکیان دیدێکی تایبەتی بۆ چییەتی و مانا و شێوازەکانی شۆڕش، ھەیە. لە وتارێکی تەواو ناسراو لەم بوارەدا، کۆمەڵناسی بە ڕەگەز ئێرانی، ئاسف بەیات، بە وردیی دیدی ھەر یەکێک لەم پێنج نەوەیە شیدەکاتەوە و دیدى خۆیشی وەک بەشێک لە دیدی نەوەی پێنجەم، دەخاتە ڕوو. نووسەرانی نەوەی یەکەم، کەسانی وەک پیتیریم سۆرۆکین و کرین برینتۆن، Pitirim Sorokin and Crane Brinton، نوێنەرایەتی دەکەن. ئەم نەوەیە بەر لە جەنگی جیھانی دووھەم تیوریزەی دیاردەی شۆڕشیان کردەوە و دیدێکی تەواو نێگەتیڤیان دەربارەی شۆڕش ھەبووە. ئەم نووسەرانە شۆڕش وەک دیاردەیەکی خراپ و زیانبەخش. دەنرخێنن. برینتۆن، بۆ نموونە، شۆڕش بە نەخۆشیی یان بەدۆخی تالێھاتنێکی گەورە دەچوێنێت، کە تووشی لەشی کۆمەڵگا دەبێت و ئەو لەشە پەکدەخات، وایلێدەکات نەتوانێت بەشێوە ئاساییەکەی خۆی کاربکات و بەردەوامبێت. بەڵام ئەم لەشە کۆمەڵایەتییە، دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتن و هێڵنجدان و ڕشانەوە و تا و سەریەشە، چاکدەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر سەمتی ئاسایی جارانی. ئەو کۆمەڵناسانەی ئەم ڕوانینەیان بۆ شۆڕش ھەیە، سەر بە قوتابخانە ”وەزیفەگەرایین“, functionalism, کە پێ لەسەر ھارمۆنیەتی کۆمەڵایەتیی دادەگرێت و کۆمەڵگا وەک لەشێکی گەورە دەبینێت کە ھەر بەش و پارچەیەکی ئەو لەشە ئەرک و وەزیفەی تایبەت بەخۆی ھەیە و. نەخۆشکەوتنی ھەربەشێکی کاریگەری لەسەر کۆی کۆمەڵگاکە بەجێدەھێڵێت. ھەرچی نەوەی دووھەمە لە قۆناغی دوای جەنگی جیهانیی دووھەمدا دروستدەبن. ئەم نەوەیە ”تیورەی مۆدێرنیزەکردن“، modernization theory، دەکەنە بنەمای لێکدانەوە و ڕاڤەکردنیان بۆ دیاردەی شۆڕش، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیھانی سێھەمدا. کەسانی وەک جەیمس دەیڤز و تێد گور نوێنەرایەتی ئەم قوتابخانەیە دەکەن. ئەم تیوریستانە پێیانوایە پرۆسەکانی تازەبوونەوەی کۆمەڵگا و تازەبوونەوەی ئابوریی و کولتور و دەزگاکان، وادەکەن ھەموو ئەوانەی سودمەندنابن لەو پرۆسانە، یاخود ھەستدەکەن ئەو دەسکەوتانەیان دەستنەکەوتەوە کە تازەبوونەوەی کۆمەڵگا بە بەشەکانی تری کۆمەڵگای بەخشیوە، یان دەسکەوتەکانیان لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیاندا ناگونجێت، ناڕازیدەبن و بەڕووی ئەو دۆخەدا ڕادەپەڕن. ئەمانە ھێزێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو نین، بەڵکو ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسی جیاوازن کە ھەست بە غەدر و بێبەشکردن دەکەن. شۆڕش ئەو کردە سیاسییەیە کە ئەم کەسانە پێیھەڵدەستن بە مەبەستی باشتکردن و بەرەوپێشبردنی دۆخ و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان. لەم ڕوانگەیەدا شۆڕش دەرئەنجامی کۆی ڕەفتارە تاکەکەسییەکانە، نەک دەرئەنجامی پێکهاتەی چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی. نەوەی سێھەمی تیوریستانی بواری شۆڕش - لەناویاندا بەتایبەتی بارینگتۆن مۆر، تێدا سکۆکپۆل و ئێریک ۆڵف - بە پێچەوانەی نەوەی دووھەمەوە و لە ڕاستیدا وەک کاردانەوە بەرامبەر بە نەوەی دووھەم، پێ لەسەر ھۆکارە گشتیی و بونیادییەکانی دروستبوونی شۆڕش دادەگرن. لەوانەش نەخۆشییەکانی سەرمایەداریی و پەیوەندییە چینایەتییەکان و پشێویی ناوەکیی و جەنگە نێودەوڵەتییەکان، کە بەسەریەکەوە ھەلومەرجی سەرھەڵدانی ناڕازیبوونی گشتگیر دروستدەکەن و هەستی شۆڕشگێڕانە لای چەندان چین و توێژی ناو کۆمەڵگا دروستدەکەن. تیۆریستەکانی نەوەی چوارھەم، لەوانەش بۆ نموونە جۆن فۆران و میساغ پارسا، لە ساڵانی نەوەد و ساڵانی دوو ھەزاردا، لەسەر دیاردەی شۆڕش دەوەستن و خەریکی ڕاڤەکردنی دەبن. ئەمانە بەو دەرەنجامە دەگەن کە بۆ تێگەیشتن لە شۆڕش پێویستمان بە تیورەیەکی ئاڵۆز ھەیە، چونکە شۆڕشەکان ھەمیشە فرەھۆکار و ئاڵۆزن. ئەم نەوەیە پێ لەسەر کاریگەریی ڕەگەزەکانی وەک شوناس، ئایدۆلۆژیا، ڕەگەز، تۆڕەکانی پەیوەندییکردن، مەسەلەی سەرکردایەتیی، دادەگرن. ئەمانەش وەک ئەو ھۆکار و ئامرازانە دەبینن کە توانا و ئەگەری شۆڕش دروستدەکەن. ئەمانە لە دروستبوونی شۆڕشدا ھۆکارە بونیادیی و پێکهاتەیی ناوەکییەکان، لەوانەش دۆخی سیاسیی و ئابوریی ناوەکیی، بە ھۆکارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە گرێئەدەن. لای ئەم نەوەیە شۆڕش ئەم گشتە ئاڵۆزە دروستیدەکات و ئەم گشتە ئاڵۆزەش، ئاراستەی دەکات. لەگەل ڕووداوەکانی ”بەھاری عەرەبیی“دا نەوەی پێنجەمی تیوریستانی بواری شۆڕش لەدایکدەبن. یەکێک لەو شتانەی بەھاری عەرەبیی نیشانیدا کۆتاییھاتنی تیورەی ”پێشڕەوایەتیی“ە لە شۆڕشدا. سەرجەمی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیی بەبێ سەرکردیەکی کاریزمی، بەبێ ئایدیۆلۆژیا، بەبێ ھیرارکیەت، بەبێ ئەو پەیوەندییە ئامرازییەی لەنێوان حیزب و تاکەکەسەکاندا ھەیە، دروستبوو. ئەوەی بینرا لەدایکبوونی بزوتنەوەیەکی گەورەبوو بەبێ پارتی سیاسیی و سەرکردە، جۆشوخرۆشێکی جەماوەریی زۆر گەورەبوو، بەبێ ئایدیۆلۆژیا. وەک ئاسف بەیات ئەڵێت ئەوەی ڕوویدا”شۆڕش“ نەبوو، بەڵکو شتێکبوو ناسکتر لە شۆڕش کە تیایدا ستراتیژیەتی سەرەکیی بکەرەکان بریتیبوو لە ریفۆرمکردنی ئەوەی ھەیە و دروستکراوە، بەبێ ئەوەی خۆیان ئەو کەسانەبن کە ڕیفۆرمەکە ئەنجامبدەن. یاخیبوەکان ئەو کارەیان بۆ ئەو ڕیفۆرمیستانە بەجێھێشت کە ھەبوون و زۆرجار بەشێکبوون لەو نوخبەیەی کە حوکمڕان بوون، یان بەشێکبوون لەو کایە سیاسییەی کە ئامادەبوو. واتە داواکردنی ڕیفۆرم لەڕێگای ئەو دەزگایانەوە کە دەوڵەت لەو ساتەدا ھەیبوو. بەم مانایە بەھاری عەرەبیی لەڕووی ڕێکخستن و خرۆشانی جەماوەرییە دیاردەیەکی دەوڵەمەندە، بەڵام لە ڕووی پیادەکردنی گۆڕانکارییەوە لاواز و ھەژارە. ئەمە وادەکات یاخیبونەکانی بەھاری عەرەبیی، لە شۆڕشە ھاوشێوەکانی لە سەدەی بیستەمدا دووربکەوێتەوە، وەک ئەو شۆڕشانەی لە کوبا، نیکاراگوا، ئێراندا ڕوویاندا، یان تەنانەت شۆڕشەکانی دژ بە کۆمۆنیزم لە ساڵی ١٩٨٩ دا. ئەوەی لە تونس، میسر، یەمەن ڕوویدا، شۆڕش نەبوو، بەڵکو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەبوون بۆ ناچارکردنی ڕژێمەکان بەئنجامدانی چاکسازیی، بۆ نموونە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی بێ تەزویر، نووسینی دەستوورێکی تازە و ھێنانەکایەی شێوازێکی نوێی حوکمڕانیی، چاکسازیی لە دەزگاکانی پۆلیس و دادگاکاندا، ھتد... بەشداربووانی بەھاری عەرەبیی نە ئامانجیان بوو دەسەڵات بگرنە دەست، نە ئەم شتەیان دەویست، نە ئامرازی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتیشیان هەبوو. ئەوان تەنھا ئارەزووی ئەوەیان ھەبوو ئەو دەسەڵاتەی ھەیە بگۆڕێت و یەکێکی باشتر بچێتە شوێنی. بە کورتییەکەی بکەرەکانی بەھاری عەرەبیی دەیانویست لەڕێگای ڕاپەڕین و یاخیبوونەوە حکومەت و ڕژێمەکان ناچاربکەن خۆیان چاکسازیی لە خۆیاندا بکەن. ئەوەی لە مۆدێلی یاخیبوونەکانی بەھاری عەرەبییدا بەھێز و خاوەن قورساییە، توانای ڕێکخستن و کۆکردنەوە و داگیرکردنی گۆڕەپان و شەقام و شوێنە گشتییەکانە، بەڵام ئەوەی لاوازە توانای بەرپاکردنی گۆڕانکاریی گەورە و ڕاستەقینەیە. مۆدێلی بەھاری عەرەبیی دەشێت ئەو مۆدێلە تازەیەبێت کە ماوەیەکی درێژ لەگەڵماندا بمێنێتەوە. ئەو توێژ و چینە کۆمەڵایەتییانە، گەنجان و ژنان، کە دۆخی باڵادەستی دەوڵەتسازیی و حوکمڕانیی، کە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داھاتی نیشتیمانیی، کە خراپی دۆخی خزمەتگوزاریی و دروستبوونی جیاوازیی کۆمەڵایەتیی گەورە، کە دۆخی خراپی ئازادییە تاکەکەسییەکان، ژیانی تاڵکردون و زیانی گەورەی پێگەیاندون، دەڵێم ئەم توێژە گەورانەی کۆمەڵگا دەشێت بچنە سەر شەقام و ناڕەزایی دەرببڕن، گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان کۆنترۆڵبکەن، تەنانەت بتوانن کۆتایی بە حکومەتەکانیش بھێنن، بەڵام ھاوکات لەوەدا سەرنەکەون گۆڕانکاریی گەورە پیادەبکەن. مۆدێلی بەھاری عەرەبیی دەشێت ھەندێک گۆڕانکاریی بسەپێنێت، دۆخێکی کراوەتر و ئینسانیتر دروستبکات، نەوەیەک لە دەسەڵاتداران بە نەوەیەکی تر بگۆڕێتەوە، بەڵام مەرج نییە بتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە بسەپێنێت کە ناڕەزاییی و نیگەرانییەکانی دروستکردوە.
درەو: بڕیارە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی بەرەیەكی سیاسی نوێ درووست بكات و بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بكات. بەرەیەكی سیاسی درووست دەكات. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لاهور شێخ جەنگی كە لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیایە، دوای گەڕانەوەی دەستبە كۆمەڵێك دیدارو سەردانی لایەنە سیاسیەكان و كەسایەتی و هاوڵاتیان بكات، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچون و خستنە رووی دیدی خۆی بۆ درووست كردنی بەرەیەكی سیاسی نوێ. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لاهور شێخ جەنگی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ناتوانێت مامەڵە بكات لەگەڵ (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی)، بۆیە ئەو دەرگایە دادەخات و ئەگەر هەلیشی بۆ بڕەخسێت ناچێتەوە ناو یەكێتی و چیتر ناتوانێت لەگەڵیان كاری سیاسی بكات. زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكات درووستكردنی بەرە سیاسیەكەی لاهور شێخ جەنگی نە بارەگای دەبێت و نە رێكخستنێكی دیاریكراو، نە مەكتەبی سیاسی و نە سەركردایەتی، دوای وەرگرتنی بۆچونی لایەنەكان لە هەرێم و لە عێراق، بەشێوەیەكی یاسایی دەستدەكات بە درووستكردنی بەرە سیاسیەكەی، مۆڵەتی ئەو بەرە سیاسیە لە بەغداد دەردەكات، خۆی ئامادە دەكات بۆ هەڵبژاردنی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەكات. لە رۆژی 8ی تەمووزی 2021 بافڵ تاڵەبانی دەستیگرت بەسەر دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی، كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانی ناو یەكێتی كرد، لە رۆژی 25/10/2021 بە بڕیارێك بە (لاهور شێخ جەنگی) و سێ ئەندامی سەركردایەتی لە ریزەكانی یەكێتی دەركرد.
گفتوگۆی درەو: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە كە جەماوەری خەڵك بۆ خۆی راپەڕین بكات، پێشمەرگەو گەریلا رۆڵی لاوەكی هەبێت" ئەمە قسەی ئیبراهیم عەلیزاده، سكرتێری كۆمەڵە (ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)ە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (درەو) سەبارەت بە دواین پەرەسەندنەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانو ئێران، ئەو پێیوایە " ئەمریكا و رۆژئاوا لەگەڵ ئەوەی زاهیرەن خۆیان بە دۆستی بزوتنەوەكە نیشان دەدەن، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان خوازیاری ئەوە نین ئەو رژێمە بگۆڕدرێت، تا بەرچاویان روون نەبێت" لەبارەی ئەگەری دروستكردنی فشار لەسەریان بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانیان لەناو هەرێمی كوردستان دەڵێ" "تا ئێستا هیچ پەیامێكمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێنەگەیشتووە بۆ چوڵكردنی بارەگاكانمان، ئێمە ئەو كارەی كە دەبێت بیكەین كردوومانە""، عەلیزادە دوو سیناریۆ بۆ ناڕەزاییەتییەكان دەخاتەروو كە ئەگەری یەكەمیان زۆرترەو پێی وایە" ناڕەزاییەكان دەگاتە ئاستێك كە خەڵكی دامو دەزگاكانی رژێم كۆنترۆڵ دەكەن، وەكو ئەوەی لە ساڵی 1979 روویدا" دەقی گفتوگۆكە: درەو: روانینتان بۆ ناڕەزایەتییەكانی ئێران چیە؟ جیاوازییان لەگەڵ ناڕەزاییەتیەكانی پێشوو لە چیدایە؟ ئیبراهیم عەلیزاد: چەند جیاوازییەكی بەرچاو هەیە، یەكهم، لەرووی درووشم و ئامانجەوە ، دروشمی پێشكەوتنخوازانە، ئینسانی، عەدالەتخوازانەی (ژن، ژیان، ئازادی) بوهته پێناسهی ئهو سهرههڵدانه و ئامانجییشی رووخانی رژیم، دوههم له رووی بهریناییهوه كه زۆربهی شوینهكانی گڕتۆتهوه، سێههم له رووی بەردەوام بوونهوهە، ئەوە (40) رۆژە ئهم سهرههڵدانه بەردەوامە، ناڕەزایەتییەكانی دیكە بە گشتی دوای هەفتەیەك یان دوو هەفتە سەركوتدەكران، دادەمركانەوە، چوارهم ئهم جاڕه لە كوردستانەوە سەری هەڵداوە، چەخماخەی ئەو شۆڕشە لە كوردستانەوە لێدراوە ئەوە به نیسبهت خهباتی دواڕۆژی خهڵكی كورڕدستان زۆر گرنگە، پێنجهم ئاستی پشتیوانی نێونهتهوییه ، ئەو خۆپشاندانانەی لە دەرەوەی وڵات دەكرێت بۆ پاڵپشتی لە شۆڕش ئەوە نیشان دەدات كە ئێمە لەگەڵ دیاردەیەكی تازە بەرەوڕووین، لە (43) ساڵی رابردوودا نمونەی وامان نەدیوە. درەو: بەردەوامی خۆپیشاندانەكەو مەسەلەی ژن وەك رەگەزی سەرەكی لە خۆپیشاندانەكان، گرنتی سەركەوتنی ناڕەزاییەتیەكانن؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بە بڕوای من هێشتا زووه باسی گهرهنتی بكهین. هەردوولا لایەنی دوژمن و جەماوەریش هێشتا ههموو ئیستیعدادهكانی خۆیان بەكار نەهێناوە، لایەنی جەماوەر هێشتا بە رادهی پێویست خەڵكی هەژاری گەڕەكە هەژارنشینەكان، چینی كرێكار، بەشێكی زۆری كۆمەڵگە لەگەڵ ئەوەشدا دڵیان، لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە لێ دەداو لایەنگرین، بەڵام هێشتا بەشێوەیەكی چالاك تیایدا بەشدار نین، هێشتا دەتوانرێت زۆر لەوە جەماوەریتر بێت لەوەی ئێستا هەیە. ئەوەی تایبەتیشە بە دوژمن، ئەو زەبروزەنگی خۆی نواندووە، بەڵام ئەمانە هەزار فێڵی دیكەیان لەدەستدایە بۆ ئەوەی كە بتوانن ئەو بزوتنەوەیە لە ناوەڕاستدا بقرتێنن، ئەمریكا و دهوڵهتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەوەی زاهیرەن خۆیان بە دۆستی بزوتنەوەكە نیشان دەدەن، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان خوازیاری ئەوە نین ئەو رژێمە بگۆڕدرێت به جۆڕیك كه بۆیان قابیلی پێشبینی نەبێت، ئێرانی دوای رژیمی ئیسلامی چی به سهر دێت پێویستە لایەنی جەماوەر و خەباتی جەماوەری ئەوەندە بەهێز بێت، بتوانێت ئەو پلانانەش كە لەرێدایە لەلایەن كۆماری ئیسلامی كە رەنگە دەموچاو بگۆڕێ بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە . دەبێت بەرچاو رونیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوام ئەو بزوتنەوەیە زهمانهت بكهین. درەو: پێتان وایە ئەو ناڕەزاییە كاریگەری لەسەر دەسەڵاتی ئێران درووستكردووە، یان ئەوەی دەوترێت تا ئێستا ئێران هێزی سەربازی گەورەی بۆ روبەرووبونەوەی بەكار نەهێناوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئەو ترسەی پێشتر لە دڵی خەڵك دابوو ئێستا چووەتە دڵی خودی رژێمەوە، ئێستا ئهوه رژیمە لە خەڵكی دەترسێت، لەگەڵ ئەو هەموو هێزو تواناو قودرەتەش كە هەیەتی. درەو: پێتان وایە ئەمە پلانی ئێران خۆیەتی یان لاواز بووە.؟ ئیبراهیم عەلیزادە: دهسهڵات به ئاشكرا لاواز بونی پێوه دیاره، تەنانەت كۆنترۆڵیان بەسەر سایتەكانی خۆشیاندا نەماوە، سایتی وەزارەتی ئیتڵاعات هاك دەكرێت، دەچنە ناوی تەواوی ناوەڕۆكەكەی دەردێنن، دەچنە ناو سایتەكانی ئەتۆمی ئێران ناوەڕۆكەكەی دەردێنن، ئەمنیەتی خۆشیان بەباشی پێناپارێزرێت، تەواو شپرزەییان پێوە دیارە، هەرچی زەرفیەتیان هەبوو بۆ مانەوە ووردە ووردە هەموویان سوتاند بۆ نمونە، هەموو ریفۆرمخوازەكانیان لە دەسەڵات دوورخستەوە، لەبری ئەوانە كۆمەڵێك مرۆڤی بێتواناو گەندەڵیان لە شوینیان دانا، هەموو ئەو كارتانەیان سوتاند كە دەیان توانی سیمایانی پێ جوان بكەن، راستە رژێم ئەرتەش و پۆلیس و هێزی هەیەو ئەتوانێت زۆرتر كوشتار بكات، بهڵام خەڵك گەیشتونەتە ئاستێك بەوە پاشەكشە ناكات و تورهتریان دهكات. درەو: سیناریۆكان چۆن دەبن، ئەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە لە كوێدا و چۆن كۆتایی دێت؟ ئەنجامەكە چۆن دەبێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: لە راستیدا دوو حاڵهت ههیه ، یەكێكیان ئەوەیە كە ئەم سەرهەڵدانە بەردەوام بێت، ئەوەندە بەردەوام بێت كە ریزەكانی كۆماری ئیسلامی دەستبكەن بە هەڵوەرین، توانای حكومەتكردنیان نەمێنێت، سهرههڵدان بگاتە ئاستێك كە جهماوهڕی راپهریو دامو دەزگاكانی رژێم كۆنترۆڵ بكهن و ڕژیم ههرهس بێنێت. من پێم وایە دڕهنگ یا زوو ئهوه روو دەدات و دەبێت بۆ ئەوە هەوڵ بدەین. حالهتی دووەم ئەوەیە ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە به پیلان یان به زۆر پێش ئهوهی به ئامانجی نیهایی خۆی بگات دای بمێركێننهوه.، بەڵام هەرچی بكەن ، به دڵنیایهوه تا ئێرە ئەم بزووتنەوەیە كۆمەڵێك دەستكەوتی بەدەستهێناوە، قابیلی هەڵگەڕانەوە نیە. بۆ نمونه لهمهدوا ههڕگیزناتوانن باڵاپۆشی زۆڕهملی بەسەر ژناندا بسەپێنن. ئێستا زۆڕ ڕازین بەوەی جەماوەر بهم دهسكهوته له كۆڵیان بێتەوە. درەو: بەڵام لەرووی بڕیار و یاساوە هیچ سازشێكیان كردووە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بەرەسمی هیچ سازشێكیان نەكردووە، بەڵام بیرمەندانیان، رۆژنامەكانیان، سایتەكان، هەموو ئەوانە پێمان نیشان دەدەن كە بەجۆرێك پاشەكشە رازین بەڵام جەماوەر بەوە رازی نیە، جەماوەرە درووشمی روخاندیان خهڵگڕتۆه لەوە كەمتریان ناوێت، هاوسەنگی گۆڕاوە، ئەو ترس و وەحشیەتەی رژێم نەماوە، ئێستا منداڵی مەدرەسە دروشمی دژی رژێم و خامنەیی دەڵێنەوە، گۆڕینی ئەو هاوسەنگیە وەك خۆی لێنایاتەوە، پاشەكشەی رژێم مومكینە بەڵام خەڵكی ئێستا لە ئاستێكدایە بە پاشەكشەی ووردە ووردە رازی نابێت. بۆخۆی رژێمیش ئەوە دەزانێت، ئەگەر پاشەكشەیەك بكات، ئیمتیازێك بدات خەڵكی لەوە زۆرتری دەوێت، بۆیە لەم قۆناغەدا چەند شتێك بە عەمەلی قبوڵ دهكهن بەڵام بەرەسمی قبوڵی نەكەن، درەو: بەڕێزت باس لە رووخان دەكەیت، پێت وایە بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیی رێگە بەرووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەدەن؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بارودۆخەكە تا ئەو شوێنە ی پەیوەندی بە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاواوە هەبێت، ئەوان پێیان خۆش نیە ئەو رژیمە بڕوخێت، چونكە نازانن كێ دێتە جێگای. ئێران له ڕوانگهی ئهوانهوه وڵاتێكی گرنگە نایانەوێن ئینسجامی تێكبچێت، بەڵام زۆر ئهمری واقیع هەیە بەسەر ئەوانیشدا دادەسەپێت، چارەنووسی سیاسەتی هەموو دنیا دهوڵهتان ئەوان دیاری ناكەن، كە جەماوەر راپەڕی ئەوانیش بەرامبەر به ئەمری واقیع به پێی بهرژهوهندی خۆیان بڕیار دەدەن. درەو: روخانی كۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا پەیوەندی نیە بە روخانی تارانەوە، كۆمەڵێك وڵاتی تر لەگەڵیان دەڕوخێت، ئەمە پەیەوەندی بە وڵاتانی هەرێمیەوە هەیە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: كاتێك رژێمی ئیسلامی له ئێران هاته سهركار سیمای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی توندڕەو دوای هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی سەریان هەڵدا، ئێستاش پێچەوانەكەیەتی بەڵێ ئەگەر ئەو رژێمە بڕوخێ، كاردانەوەیەكی گەورەی ناوچەیی دەبێت، بەڵام ئەوكاتیش لەسەرەتاوە پێیان خۆش بوو رژێمی شا بمێنێت، بەڵام كاتێك روخانی رژێمی شا بووبە ئەمری واقیع، هەوڵیاندا خۆیان لەگەڵ ئەو بارودۆخە تازەیەدا بگونجێنن، بۆ ئەوەی پێشی نفوزی یەكێتی سۆڤیەت بگرن، رەزامەندیاندا بە هاتنە سەركاری خومەینی، مەسەلە ئەوەنیە هەموو پلانەكانی زلهێزەكان دەتوانێت جێبەجێ ببێت، پلانەكانی زلهێزەكان دەتوانرێت هەڵبوەشێتەوەو جێبەجێنەبێت، هێشتا ئەو جۆرە هێزە گەورە جەماوەریە نەهاتووەتە مەیدان، كە بتوانێت ئەو پلانانە هەڵبوەشێنێتەوە. درەو: خواستی گۆڕینی كۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا لەناو پێكهاتەی كوردیدایە یاخود پێكهاتەكانی تریش ئەو خواستەیان هەیە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: گرنگیەكە ئەوەیە ئەو بزوتنەوەیە زۆر یەكگرتوو و سەرتاسەرییە، لە تەورێزەوە تا كوردستان یەك درووشم پهرز دهكهنهوه.، ئەوەی ئێستا دەیبیینین شتێكی زۆر نایابە، ئەوەی لە بەلوجستان دەگوزەرێ و ئەو دروشمەی دەگوترێتەوە هەر ئەوەیە كە لە كوردستان دەگوزەرێ و ئەو درووشمەیە دەوترێتەوە، ئەوە تایبەتمەندییەكی گرنگی ئەو قۆناغەیە. درەو: رۆڵی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران رۆڵێكی تەماشاكەرە یان بە پراكتیكی لەناو دۆخەكەدان؟ ئیبراهیم عەلیزادە: جیاوازی هەیە لە نێوان هێزە كوردیەكان و ئێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، هێزە كوردیەكان لە مێژساڵە پێگەیەكی جەماوەرییان هەیە، هەروەها ڕێكخستنێان له كوڕدستان ههیه. به گشتی هێزهكان لهكوردستان بارودۆخێكی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە ئێراندا ، ئۆپۆزسیۆنێ ناسراو ئەو رۆڵەی نیە، له نهبونی ئهوهدا جۆرێك لە رێكخستنی ناوخۆیی هەیە كە لەناخی ئەو خەڵكە ناڕازیه وه سهریان ههڵداوه. بۆ نمونە رێكخستنی گەنجانی گەڕەكەكان، رێكخستنی، رێكخستنی مامۆستایان،.ئەوە ووردە ووردە خەریكە سەر هەڵدەدات، دروشمەكانیان دووپات دەكرێتەوە، میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیان بەدەستە، ناكرێت بڵێن كاریگەرییان نیە، بەڵام كاریگەری رێكخستن و رێكخراوەیی نیە، رێبەرایەتیەكی ناسراویان نیە، بەیاننامە دەربكەن خەڵكی بەقسەیان بكات، ئەوە نیە، لەرووی میدیا و تەلەفزیۆین و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاریگەرییان ههیه. درەو: یەك دەنگی و یەكهەڵویستی نێوان هێزە كوردیەكانیش نیە، هەرچەندە هەوڵ و لێكتێگەیشتنێك هەیە لە نێوان كۆمەڵەو پژاك؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمه له سهر ئهوه پێدادهگرین كه پێویسته لایەنە كوردییەكان ئەو یەكدەنگیە پێكبهێنن. ئێمه داوامان ئهوهیه ههموو هێزه سیاسیهكانی چالاك له كوردستان به پژاكیشهوه له كونفڕانسێكێ هاوبهشدا ئهگهرهكانی بهردهم ئهو باڕودۆخه لێك بدهنەوه و خۆیانی بۆ ئاماده بكهن. بۆ ئهو مهبهسته و تا گهیشتن به رێكهوتن لهوهها كونفرانسێكدا دوو ئهركی ههنوهكهی پێویستن: یهكهم به هیچ شیوهیهك هێزی پێشمهرگهو گریلا تهداخولی بارودخی ناوهوهی وڵات نهكات. ڕژیم بۆ ئهوه ههوڵ دهدات و نابێ ڕێگابدهین ئهو پیلانه سهربگرێ. دووههم دیالوگی نیوان ههموو لایهنهكان دهست پێبكات. ئێمە له ماوهی ئهو چل رۆژه پردی پێوهندی بووین له نێوان پژاك و ئهوانی دیكهوه. مهسهلهی تهداخول نهكردنی هێزی پێشمهڕگه و گڕیلا، هاوئاههنگی له بانگهوازی مانگرتنی گشتی و بهڕههمی دهوڕی ئێمهیه له نیوان هیزه سیاسیهكانی چالاك له كوڕدستان. درەو: ئێوە هیچ ئامادەكارییەكتان بۆ دوای روخانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە كە جەماوەری خەڵك بۆ خۆی راپەڕین بكات و ئەو دەستكەوتانە بەدەستبهێنێت، ، ئێمە دەبێت كارێكی وا بكەین، ئەزموونی هەرێمی كوردستان دوپات نەبێتەوە، بەو مانایەی خەڵكی راپەڕیو خۆیان دامەزراوەكانی خۆیان جێگیر بكەن، هێزی چەكدار بهێننە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان، ئێمە لە ساڵی 1979 كاتێك شارەكانی كوردستان له رێگهی راپهرینی جهماوهریهوه ئازادكران، پێش ئەوەی هێزی پێشمەرگە تەداخول بكات، شورای گەڕەك و شارەكان پێكهێندراو دەسەڵاتی جەماوەری دامەزرا، ئەو كات هێزی چەكدار رۆڵێكی زۆر كاریگەری نەبوو، ئێمە ئێستا دەمانەوێت هەر ئەوە رووبدات، بۆ ئەوە هەوڵ ئەدەین شارەكان بە هێزی جەماوەر رزگار بن، هێزی چەكدار دەورێكی لاوەكی ببینێت، هێزی چەكدار دواجار دەتوانێت لەژێر چاودێری دامەزراوە رەسمیەكاندا هەوڵ بدات دەستكەوتەكانی ئەو راپەڕینە بپارێزێت. درەو: واتا ناتانەوێت ئەزمونی هەرێم دووبارە بكەنەوە لە رۆژهەلات، لە براكوژی و دوو ئیدارەیی؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی هەرێم له دوو ئێدارهیی و شهری ناوخۆ ئەزمونێكە نابێت دووبارە ببێتەوە، ، دەبێت لە ئێستاوە هەوڵبدەین لهم بابهتهوه بە رێككەوتنێك بگەین. راستە جیاوازی و ناكۆكی هەیە لە نێوان لایەنەكان، بەڵام دەبێت ئێمە كارێك بكەین هیچ لایەك پەراوێز نەخرێت. درەو: لەماوەی رابردوودا بارەگاكانی هێزەكانی رۆژهەڵات موشەك باران كران، توانی ئەو پەیامە بگەیەنێت كە سەركوتی خۆپیشاندەرانی پێبكات؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوە یەكەمجار نیە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومان دەكات، بەڵام ئەمجارە ئامانجەكەی ئەوەبوو كە سەرنجی خەڵكی بەرەو دەرەوە سنورەكان رابكێشێت، هاوكات لەگەڵ ئەوەی بارەگاكانی ئێمەی موشەك باران كرد هێزێكی گەورەی بردووەتە سنوری ئازربایجان و ئەرمەنستان لەوێ مانۆری سەربازی دەكات، كۆماری ئیسلامی كەوتووەتە ئەزمەیەكەوە كە پێویستی بەوە هەیە ماجەرایەك بخوڵقێنێت، ئاژاوەگێڕیەك بكات بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵكی لەناوخۆوە بۆ دەرەوە رابكێشێت، ئێمە لە هەرێمی كوردستان هیچ كارێكمان نەكردووە كە له گهڵ بهرژهوهندی ههرێم نەگونجاو بێت، حكومەتی هەرێمیش هیچ بڕیارێكی نەداوە كە به نیسبهت ئێمهوه نەگونجاو بێت. رێككەوتنێكی كرداری هەیە لەو بارەوە كە نە ئێمە سهرئێشهێك بۆ حكومەتی هەرێم بخوڵقێنین، نە حكومەتی هەرێمیش ئەو ئەركانەی كە هەیەتی بەرامبەر بە ئێمە ئەوانە فەرامۆش بكات. درەو: بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا ئەوە باسكرا كە كۆماری ئیسلامی ئێران پەیامی بە حكومەتی هەرێم داوە، هێزەكانی رۆژهەڵات بارەگاكانیان دابخەن؟ هیچ پەیامێك بە ئێوە گەیشتووە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: پەیامێك بە ئێمە نەگەیشتووە، هەر ئەوەیە كە لە میدیاكاندا باسكراوە، هیچ پەیامێكی فهڕمیمان پێنەگەیشتووە، ئێمە ئەو كارەی كە دەبێت بیكەین كردوومانە، ئێمە هێزی چەكدارمان لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەكار نەهێناوە، بەڵام ئێمە چەكدارین لەو ناوچەیە، بەڵام كێ هەیە چەكدار نەبێت ئێوە تەماشا بكەن، هەموو عەشایەر چەكدارن، حەشدی چهندین گڕوپن چەكدارن، داعش چەكدارە، ئەحزابی سیاسی چەكدارن، لەم ناوچەیە چەكداربوون بۆ بەرگری لە خۆ دیاڕدهیهكی سەرەتاییە، چهكداربونی ئێمهش لهو چوارچێوه دایه. درەو: لەدوای ئەو هێرشانەوە حكومەتی هەرێم هیچ جۆرە هەنگاوێكی بەرامبەر بە ئێوە ناوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: تا ئەو كاتەی بەیەكەوە قسە دەكەین نەخێر، هیچ هەنگاوێك بەرامبەرمان نەنراوە، ئەوەی ئەوەی ئەوان دەیانەوێت تەحسیلی حاسڵە، ئەوەی ئێران دەیكات بەهانەیە، هەم بۆ شكاندنی سەروەری هەرێم هەم بۆ لادانی چاوی خەڵكی لەسەر ناڕەزاییەكانی ئێران، بۆ نەزەری خۆی كێشەكان لەناوەوەی وڵات دووربخەنەوە. درەو: ئێوە گەشبینن بەوەی ناڕەزاییەكان بە ئەنجامێكی باش بگات، یاخود بە دۆخێكی نائومێد كەر كۆتایی دێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: پێم وایە دۆخەكە زۆر باشتر دەبێت، كۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە سەر دۆخی جاران، ئەگەر دەست بداتە كوشتار و سەركوتی زیاتر، كە ئێستا كەمی نەكردووە، زۆر تر زیانی تێدا دەكات، ئەو دەستكەوتانەی ئەو بزوتنەوە جەماوەرییە بەدەستیهێناوە قابیلی هەڵگەڕانەوە نیە، هاوسەنگی هێزەكە چووەتە جێگەیەكی دیكە، جا تا سەركەوتن چ قۆناغ گەلێكی دیكەمان پێوێسته ئهوه باسێكی دێكهیه، خهتا دێت لەرووی رێكخستنەوە جهماوهری راپهریو رێكخراوتر دەبێت ، ئەو دەستكەوتانەی تا ئێستا بەدەستهاتوون چارەنووسساز بوون، تەوەقوعی ئەوە نەدەكرا لەو ئاستەدا، هەم پشتیوانی نێونەتەوەیی خەڵكی دونیا و ئێرانیانی دەرەوەی لە پشت بێت، هەم لەناوخۆدا ئاوا بە جورئەت و جەسارەتەوە، پەلبكێشێت بۆ قوڵایی كۆمەڵگە بۆ ناو كرێكاران و زهحمهتكێشان.
(درهو): یهكێتی تا كاتێكی نادیار كۆبونهوهكانی حكومهتی بایكۆتكرد، میدیای فهرمی یهكێتی دهڵێ: نیگهرانین، بهڵام دوو وهزیری یهكێتی له كۆبونهوهی ئهمڕۆی حكومهتدا بهشداربوون. ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ كۆبونهوهی ئاسایی خۆی ههیه، قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆك وهزیران و تیمی یهكێتی بهشداری كۆبونهوهكه ناكهن و بایكۆتیان كردووه. بهڵام بهپێی زانیارییهكانی (درهو)، دوو وهزیری یهكێتی بهشداربوون له كۆبونهوهی ئهمڕۆی حكومهت كه بریتی بوون له ههریهكه له حهمهی حهمهسهعید وهزیری رۆشنبیری و دارا رهشید وهزیری پلاندانان. میدیای فهرمی یهكێتی دهڵێ: یهكێتی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نیگهرانهو نیگەرانیەكانی خۆی پێداون هەتا نیگەرانیەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداری دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین. میدیای یهكێتی هیچ زانیارییهكی لهبارهی ناوهڕۆكی نیگهرانییهكانی یهكێتی له حكومهت ئاشكرانهكردووه، بهڵام ئهم پهرهسهندنه دوای چهند كاتژمیرێك دێت لهو جموجوڵه سهربازییهی كه دوێنێ له نزیك ماڵهكهی قوباد تاڵهبانی له ههولێر روویدا. له دوو رۆژی رابردوودا ههندێك پهرهسهندن له ههولێرو سلێمانی رویانداوه، له سلێمانی دهست بهسهر موڵك و ماڵی ئهژی ئهمین یاریدهدهری سهرۆكی ئهنجومهنی ئاسایشدا گیراوه، له ههولێریش جموجوڵی سهربازی له دهوروبهری ماڵهكهی قوباد تاڵهبانی بهدی كراوه. لهدوای راگهیاندنی ئهنجامی لێكۆڵینهوهكان له كهیسی كوژرانی (هاوكار جاف) ئهفسهر له ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان له تهقینهوهیهكدا له ههولێر پهیوهندییهكانی پارتی و یهكێتی گرژی زیاتر بهخۆوه دهبینێت، ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێم فهرمانی فهسڵكردنی بۆ وههاب ههڵهبجهیی فهرماندهی هێزی دژهتیرۆری یهكێتی دهركردووهو یهكێتی ئهم فهرمانه رهتدهكاتهوه، لهپاڵ ئهمهدا یهكێتی له جموجوڵهكانی ئهژی ئهمین له ههولێر نیگهرانه.
(درەو): كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەند دەزگایەكی راگەیاندن كۆبووەوە، یەكێك لەو دەزگایانە (درەو) بوو. لەو كۆبونەوەیەدا، ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا رایگەیاند: برەودان بە دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن لە كارە هەرە لە پێشەكانی كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا. كونسوڵ وتی: ئەو كارە لە پێشانە بە شیوەیەكی كاریگەر بە دیدێن لە ڕێی كاردكردنەوە لە گەڵ هاوبەشەكانمان لە حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنیو ئەو پێكهاتانەی بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەكراونو ڕێكخراوە دینیەكانو هەروەها دەزگاكانی ڕاگەیاندن بۆ هاندانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دڵنیابوون لەوەی كە بنەماو بەها دیموكراسیەكان بناغەن بۆ میدیای ئازادو ئازادی كۆبونەوەی ئاشتیانەو ڕێگرتن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری و دەرفەتی یەكسان بۆ ئەو كۆمەڵگایانەی كە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەكراونو لێپرسینەوە لەوانەی لە توندوتیژی دژی ژنان تێوەگلاون. "كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا نیگەرانە لە دەستگیركردنو راگرتنی رۆژنامەنوسان بەتۆمەتێك كە پەیوەستە بەكاری رۆژنامەنوسیانەوە. نیگەرانیەكانمان سەبارەت بەو هەواڵانەشە كە باس لە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان بەبێ هۆو بەبێ دادگاییكردنی دادپەروەرانەو هەروەها پەلاماردانو هەڕەشەو یانیش پشكنینی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانیان بەبێ هەبوونی فەرمان دەكەن". كونسوڵ ئاماژەی بەوەكرد" بەهەمان ڕادە نیگەرانی ئەوەین كە هەندێك رۆژنامەنوسو كەناڵی راگەیاندنی دیاریكراو، بەتایبەتیش ژنانو ئەوانەی سەر بەو كۆمەڵگایانەن كە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەكراون، رێگەیان پێنادریت بەشداری كۆنگرەی رۆژنامەنوسی رەسمی بكەن و یانیش زانیاری یاسایی دژیەكیان پێدەدرێت كە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم پرۆسەی خۆتۆماركردنیان. چاوەڕوانیمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی یاسای بەدەستهێانی زانیاریە بۆ هاندانی بەرپرسیارێتیو بەهێزكردنی توانای رۆژنامەنوسان بۆ بەدەستهێانی زانیاری لە وەزارەتەكانەوە".
درەو: لە شاری سلێمانی هێزی ئەمنی بۆ سەر ماڵی ئەژی ئەمین جوڵێندراو تەوقی ماڵەكانی درا، لە هەولێریش ئەژی ئەمین هەڕەشەی جوڵاندنی هێزی كردووە بۆسەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی تەداخول دەكات. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێوارەی دوێنێوە هێزێكی ئەمنی لە شاری سلێمانی چونەتەسەر ماڵەكانی ئەژی ئەمین چواردەوی ماڵەكانیان گرتوون و ماڵەكانیان پشكنیون، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن لە پرۆژەی نیشتەجێبونی قەیوان سیتی لە گەڕەكی راپەڕین هێزەكە چونەتە سەر ماڵەكەی ئەژی ئەمین، ماڵی دایكی بەرامبەر ماڵی خۆیەتی، لە هەمانكاتدا لە بەرزاییەكانی سلێمانی چونەتە سەر سێ ماڵی تری ئەژی ئەمین (ئەژی ئەمین چوار ژنی هەیە)، لە بەرزاییەكانی قەیوانیش چونەتە سەر شوقەی كچەكەی، لە سیتەك چونەتە سەر باخەكەی. سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكان بە (درەو)یان راگەیاند ئەو هێزە بە فەرمانی دادوەر بووەو بەرامبەر بە موڵك و مومتەلەكاتی ئەژی ئەمین كراوە. ئەم پرۆسەیە لەدوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی دێت كە لە رۆژی 25/10/2022 كە بڕیاری دەركردنی ئەژی ئەمینی لە ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەركرد. ئەم هەنگاوەی یەكێتی ئەژی ئەمینی توڕەو نیگەران كردووە، سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەژی ئەمین بە (درەو)ی راگەیاند، لە بەرامبەر چونە سەر ماڵەكانی ئەژی ئەمین لە شاری سلێمانی، ئەژی ئەمین هەڕەشەی جوڵاندنی هێزی كردووە بۆسەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ماڵی چەند بەرپرسێكی یەكێتی لە هەولێر، ئەو پێی وایە ئەمە تۆڵەكردنەوەیەو هێزی دژەتیرۆرو دەزگای زانیاریەو پەیوەندی بە دادگاوە نیە، (درەو) زانیویەتی گرژیەكان گەیشتووەتە ئاستێك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەداخولی كردووەو دۆخەكەی هێوركردووەتەوە. لەدوای كوژرانی هاوكار جاف لە شاری هەولێر گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی پێی نایە قۆناغێكی ئەمنی نوێوە، میدیاكانی پارتی بڵاویان كردەوە كە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی و چەند فەرماندەیەكی دژە تیرۆر فەسڵ كراون، ئەم بڕیارە بە تەواوی یەكێتی نیگەرانكرد، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتی لەرێگەی تیمی وزاریەكەیەوە بەڕەسمی پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی حكومی پارتیان ئاگاداركردووەتەوە ئەگەر پارتی تاكلایەنە بڕیار لەسەر فەرماندەو دەزگاكانی سەر بە یەكێتی بدات، یەكێتی هەڵوێستی توندی دەبێت، بەڵام زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن مەسرور بارزانی سوورە لەسەر دەركردنی ئەو بڕیارە.
ریكلامی بازرگانی • کۆمپانیای iQ، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە عێراق، خستنەگەڕی تۆڕێکی ئینتەرنێت بە ژێرخانێکی دەوڵەمەندی فایبەر ئۆپتیکەوە ڕادەگەیەنێت. • ئهم پڕۆژهیه عێراق دهكاته ناوهندێكی گرنگ بۆ ترانزێتی ئینتهرنێت و ئینتەرنێتێکی خێرا و بێوێنە دابین دەکات، كه لە نێوان ئەورووپا و ئاسیادا دەبێتە باشترین. • پڕۆژەکە ئەو ڕێسایانە دەگۆڕێت کە ئێستا هەن و دەتوانێت کۆتایی بە قۆرخکاریی میسڕ لە ڕێگەکانی ترانزێتی ئینتەرنێت بهێنێت، ئەویش بە دابینکردنی ڕێگەیەکی جێگرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. ئەمڕۆ، 24/10/22، بە شانازییەوە iQ ستراتیژیترین پڕۆژەی فایبەر ئۆپتیک لە ناوچەکەدا ڕادەگەیەنێت: ترانزێتی ڕێگای ئاوریشم. ئەمە دەبێتە هەوڵێکی پێشەنگانە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەستنەوەی ناوچەکە بە تەواوی جیهانەوە، هەروەها ئامانجی دابینکردنی بڕینی زیاتری تۆڕەکان و خێرایی زۆرتری دابەزاندنە، تا ئەزموونێکی بێوێنە لە ستریمین و یاریکردندا بکرێت. ترانزێتی ڕێگەی ئاوریشم متمانەپێکراوترین و کاریگەرترین جێگرەوەیە بۆ بەستنەوەی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی جیهانەوە، بەدەر لەوەی خاڵی ئاڵۆز و جەنجاڵی دەریای سوور و نرخە دانراوە قۆرخکارییەکان ناهێڵێت. نەخشەی ترانزێتی ڕێگەی ئاوریشم کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی جیهانەوە دەبەستێتەوە پڕۆژەکە لە شوێنێکی ستراتیژیی ناوچەکەدایە، تا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا بۆ دامەزراوە و گوێزەرەوەکان هاوتا بێت. وەک ناوەندێکی ترانزێت، عێراق دەتوانێت وڵاتانی دراوسێ بە تۆڕی فایبەر ئۆپتیکی جیهانییەوە ببەستێتەوە، هەروەها ڕێڕەوێکە کە کەمترین گرفت دروست دەکات لە نێوان ئەورووپا و ئاسیادا. نەخشەی تێپەڕینی کێبڵی فایبەر ئۆپتیکی میسڕ وەسیم ئەمجەد، CTO لە iQ دەڵێت: پێمان وایە پڕۆژەکە ڕێساکان دەگۆڕێت و دەتوانێت کۆتایی بە قۆرخکاریی میسڕ لە ترانزێتی ئینتەرنێت بهێنێت، ئەویش بە دابینکردنی ڕێگەیەکی جێگرەوە لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا. تێبینی بۆ ڕۆژنامەنووسان: ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستی پێ کردووە و لە زیاتر لە ٣٥٠٠ کیلۆمەتر کێبڵی فایبەر ئۆپتیک پێک دێت لە تەواوی عێراقدا، کە هاوتای مەودای نێوان فەڕەنسا و ئەرمینیایە. تۆڕی ترانزێت کورتتین ڕێگەی جێگرەوەی بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاسیا و ئەورووپاوە دابین دەکات. نەبوونی بژاردەی دیکە، وای لە ئۆپەرەیتەرەکان کردبوو لە بوارەکەدا تەنها پشت بە ژێرخانی میسڕی ببەستن. گووگڵ هەوڵی بەکارخستنی دەدات Blue-Raman کە فەڕەنسا و هیندستان لە ڕێگەی کەنداوی سوێس بە ئەردەندا دەبەستێتەوە، بەڵام ئەم ڕێگەچارەیە دەبێتە هۆی زۆربوونی جەنجاڵی لە ناوچەکەدا. ڕێگەی ئاوریشم تاکە ڕێگەیە کە دەتوانێت دوو کیشوەر بەبێ گیروگرفت پێکەوە ببەستێتەوە. هەروەها لە ڕێگەی گۆڕینی هاتوچۆوە، عێراق دەتوانێت جەنجاڵییەکە کەم بکاتەوە. ئەو كاریگهرییانە چین کە لهسهر ئابووریی عێراق دروستیان دەکات و چۆن ژیانی خهڵك و كۆمپانیاكان له وڵات و ناوچهكهدا دهگۆڕێت؟ · بەوپێیەی پڕۆژەکە وەک ڕێڕەوی ترانزێت بۆ ئینتەرنێت بەکار دێت، عێراق بە جیهانی دیجیتاڵەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق هاوتای وڵاتە پێشکەوتووەکان پێشەنگ بێت. · پڕۆژەی ترانزێتی ڕێگەی ئاوریشم لە پەرەپێدانی کەرتەکانی پیشەسازی، بازرگانیی بچووک و خزمەتگوزارییەکانی عێراق بەشداری دەکات و دەبێتە بڕبڕەی پشتی پڕۆژەکانی پەیوەست بە دەستڕاگەیشتن بە فایبەر ئۆپتیک، حوکمڕانی ئەلیکترۆنی و ناوەندەکانی داتا. · وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، ڕێژەیەکی بەرچاوی داهاتی دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئابووریی عێراق. · پڕۆژەی ترانزێتی ڕێگەی ئاوریشم پێشتر لە ڕەخساندنی چەندین هەلی کار بۆ گەنجانی عێراق یارمەتیدەر بووە، کە کارەکان یان ڕاستەوخۆ لە پڕۆژەکەدا بوون، یاخود ناڕاستەوخۆ لە زەمینەسازیی پڕۆژە بازرگانییە نوێیەکاندا بوون، ئەمەش وا دەکات عێراق بتوانێت لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەکاندا هاوتەریب بێت. https://www.youtube.com/watch?v=RGgvvwHazJ0&t=6s
(درەو): رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، پارتی كۆنگرەی (14)ی خۆی لە دهۆك دەبەستێت، دیار نییە لەم كۆنگرەیەدا بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی بەردەوام دەبێت یاخود دادەنیشێت، بارزانی لە ساڵی 1979وە سەرۆكایەتی پارتی دەكات، واتە ماوەی (43) ساڵە سەرۆكی حزبە. مەسعود بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا (بارزانیو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)، بەمشێوەیە باسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی دەكات وەكو سەرۆكی پارتی لەدوای مردنی مستەفا بارزانی باوكییەوە: هەرچەندە وەفاتی بارزانی بۆ هەموومان كۆستو كارەساتێكی گەورە بوو، بەڵام خوای گەورە یارمەتی داین، خۆمان راگرتو دوای بەخۆداچونەوەو رێكخستنەوەی كاروبارەكانمان، كەوتینە سەرپێی خۆمانو لەسەر رێبازەكەی بارزانی درێژەمان بەخەبات دا. سەركردایەتی كاتی چەندین كۆبونەوەی گرتو لەگەڵ زۆربەی كادیرو كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكان راوێژو راگۆڕینەوەمان كردو، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە كۆنگرەی نۆیەم ببەسترێت. هەرچەندە سەرەتا رای جیاواز هەبوو لەسەر بەستنیو رەئێكی وا هەبوو تا بەهاری 1980 دوابخرێت. بەڵام دوای گفتوگۆیەكی چڕو ورد تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكەو كوردستانو پارتی، بڕیار درا، لە تشرینی دووەمی 1979دا كۆنگرە ببەسترێت. دوای ئەم بڕیارە، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە درا كە لەم هەڤاڵانە پێك هاتبوو: عەلی عەبدوڵڵا، ئیدریس بارزانی، محەمەد مەلا قادر، رەشید سندی، عارف تەیفور، كەریم سنجاریو وریا ساعاتی. لەسەرو بەندی كۆنگرەدا هەست بە بارودۆخێكی نائاسایی كرا. زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی كاتی پێیان راگەیاندم كە لە كۆنگرەدا خۆیان هەڵنابژێرنەوە بۆ سەركردایەتی. وەك بڵێی تەكەتولو باڵباڵێن دروست كرابێت، جگە لە ئیدریس بارزانیو عەلی عەبدوڵڵاو ئازاد بەرواری، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كاتی یەكهەڵوێست بوون، ژمارەیەكیان دوچاری رووگیری (ئیحراج)و پابەندییەكی هەڤاڵانە ببوون، بەڵام كاك سامی عەبدولڕەحمان هەستی كرد كۆنگرە بەو ئاقارەدا ناچێت كە دەیویست، ئیتر هەڤاڵانی تری هان دا بكشێنەوە. كاك جەوهەریش لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڤاڵان تووشی دەمەقاڵەیەك ببوو و ئەوەی لە دڵدا مابوو كە بۆچی سزا نەدراون، هەرچەندە كێشەكە هێندەی نەدەهێناو زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە كرابووەوە. ئەوانی تریش زیاتر لەبەر برادەرایەتی كەوتنە ژێر كاریگەریی سامی عەبدولڕەحمانو جەوهەر نامیق سالم، هەوڵێكی زۆرم دا بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە، چونكە لە كاتێكی زۆر ناسكو هەستیارو چارەنووسسازو تەنانەت مەترسیداردا شانیان دابووە بەر بارودۆخەكەو ئەركی بەرپرسیارێتییان گرتبووە ئەستۆو ئازارێكی گەورەشیان بینیبوو و، ژیانو گیانیشیان خستبووە سەردەستیان. خزمەتو ماندووبوونیان جێی رێزو پێزانین بوو، بۆیە حەزم نەدەكردو پێم خۆش نەبوو واز بێنن، بەڵام دواتر زانیم هیچ رێگاچارەیەك نییە، چونكە سامی عەبدولڕەحمان مەرجی دانابوو كە پێویستە ئێمە پازدە كەس لە لیستی خۆمان هەڵبژێرینو شەش كەسی تریش بە رێككەوتنی هەردوولامان بێت. هەروەها هەندێ ئاماژەم بۆ هاتبوو كە ئامادەن بەشداری كۆنگرەكە بنو خۆیان بپاڵێون، بەمەرجێك كاك ئیدریسو چەند هەڤاڵێكی تر خۆیان كاندید نەكەن. ئەمەیان بۆ من شۆكێكی گەورە بوو. كاتی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوولیش زۆر كەس هەوڵیان دا نێوانی منو كاك ئیدریس تێكبدەن. بەڵام كەس ئاگاداری ئەوە نەبوو كە كاك ئیدریس بۆ من لە جێگەی باوكم بوو. جگە لەوەی برا گەورەم بوو، برای بیروباوەڕیش بوو و، ئەوم لەخۆم خۆشتر دەویست. بۆیە كاتێك گوێم لەو ئاماژانە بوو، بڕیارم دا چیی تر هەوڵ لەگەڵ ئەو كەسانە نەدەم كە بەنیاز بوون خۆیان نەپاڵێون. هەرچەندە رۆشتنی ئەو هەڤاڵانەم زۆر پێ ناخۆش بوو، چونكە وەك برا پێكەوە بووینو هەوڵێكی زۆریشم لەگەڵ دان بۆ ئەوەی بمێننەوە، بەڵام پێویستە ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت كە كاروانی خەباتو تێكۆشان لەپێناو ئازادیو مافی گەلێكدا كاروانێكی دوورو درێژو پڕ هەورازو نشێوو كۆسپو تەگەرەیە. لەو كاروانە دوورودرێژەدا بەدڵنیاییەوە سەركەوتنو شكستو خۆشیو ناخۆشیو هیواو بێئومێدی دێنە بەردەم رێبوارانو درێژەپێدەرانی كاروانەكە. هەڵەو كاری راستو درووستیش دەكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە كاروانی تێكۆشانی حزبێك، یان گەلێك لەپێناو ئازادیدا وازنەهێنانن یان وننەكردنی رێبازو ئامانجو سازشنەكردنە لە پرەنسیپو بنەما ستراتیژییە نەتەوەییو نیشتمانییە راستەقینەكان. گرنگە مرۆڤ بزانێت چۆنو بەرەو كوێو بۆچیو لەپێناو چیدا هەنگاو دەنێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دوای ماوەیەك زۆربەیان گەڕانەوەو لەناو پارتیدا درێژەیان بە خەباتەكەیان دا. پێویستە باس لە خۆڕاگریو بەرخودانی ئەو هەڤاڵو كادیرە دڵسۆزانەش بكرێت كە هاتنە ناو سەركردایەتیو بەلێهاتووییەوە شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتیو لەكاتە هەستیارو ئەستەمەكاندا لە راپەڕاندنی ئەركەكانیانو بەرەوپێشەوەبردنی شۆڕشو گەشەپێدانی خەباتی گەلەكەمان لەو قۆناغە هەستیارەدا درێخییان نەكرد. پەیوەندییەكانمانن لەگەڵ هەڤاڵانی سەركردایەتی لە هەموو قۆناغو بارودۆخەكاندا پەیوەندییەكی برایانە بوو و لەسەر بنەمای پڕەنسیپو ئامانجە نەتەوەییو نیشتمانییەكان بنیات نرابوون، بۆیە هەمیشە پەیوەندییەكی پتەو و بەهێز لە نێوانماندا هەبوو. دوای تەواوبوونی ئامادەكارییەكان، رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 1979 لە گوندی (دەربەند)ی ناوچەی مەرگەوەڕی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەئامادەبوونی سێ سەدو بیستو پێنج ئەندام، كۆنگرەی نۆیەم دەستی بە كارەكانی كرد. هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كاتیو ژمارەیەك لە هەڤاڵانو بەرپرسانی سەربازیو سیاسی لەناو ئاوارەكانو ناوەوەو دەرەوەی وڵات بەشدارییان لە كۆنگرەكەدا كردو هەتا كاتی خۆپاڵاوتنو هەتا كۆتایی كۆنگرەش تێكڕای هەڤاڵان بەشدار بوون. رۆژی 8ی تشرینی 1979 لەناو كۆنگرەدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی كۆنگرە وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرام. هەر بەم پێیەش سەركردایەتیی كاتی نەماو، رۆژی دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی كرایەوەو بەدەنگدانی نهێنیو لە كەشوهەوایەكی دیموكراتیدا، ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران كە بریتی بوون لە هەڤاڵان: (ئیدریس بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا، نووری شاوەیس، رەئیس عەبدوڵڵا سەدیق، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، د. رۆژ نوری شاوەیس، فەلەكەدین كاكەیی، ئازاد بەرواری، محەمەد مەلا قادر، رەشید عارف، محەمەد سەعید دۆسكی، محەمەد ساڵح جومعە، جەرجیس حەسەن، حەمید بەرواری، مولازم یونس رۆژبەیانی، مولازم عەلی، نەجمەدین یوسفی، د. سەعید بارزانی، خورشید شێرەو هەجەر سندی). ئەم هەڤاڵانەش بە ئەندامی یەدەكی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران: (فرەنسۆ هەریری، نادر هەورامی، دكتۆر كەمال كەركوكی، عوسمان سندی، رەمزی شەعبان، ئازاد قەرەداغی، حەمید ئەفەندی، د. عەلی بابا شاوەیس، ساڵح پێداوی). بەم شێوەیە، كۆنگرە سەركردایەتییەكی نوێی هەڵبژاردو، چەندین بڕیارو راسپاردە لەسەر بابەتە جیا جیاكان پەسەندكران. كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 10ی تشرینی دووەمی 1979دا كۆتایی بەكارەكانی هێنا. بەدڵنیاییەوە بۆ من زۆر ناخۆش بوو كە زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی سەركردایەتیی كاتی كە رێزو تەقدیرێكی زۆریان هەبوو لەلای من، لەو بارودۆخە هەستیارو ناسكەدا وازیان هێناو زۆربەیان گەڕانەوە ئەورووپا. لێرەدا ئەو راستییە دەركەوت كە مرۆڤەكان گرنگیو بایەخی زۆریان هەیە، بەڵام هیچ كەسێك لە سەرووی بەرژەوەندەی گەلی كوردستانو پارتییەوە نییە. بۆیە بە هەموو هێزو توانایەكمان هەوڵمان دا هیچ بۆشاییەك پەیدا نەبێتو حزب بكەوێتەوە سەرپێی خۆیو باوەڕێكی تەواو و بەهێز بە كادیرانو هەڤاڵانو رێكخستنەكانمان بدەینەوە. لەمەدا زۆر باش سەركەوتین. چونكە رژێمی شا نەمابوو و دەرفەتێكی باشترو گونجاوترمان بۆ رەخسا بوو بۆ ئەوەی رێكخستنەكانی پارتی گەشە بكەنو بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
شیكاری: درەو چۆن پۆستە وزارییەکانی حکومەتی نوێی عێراق دابەشدەکرێت؟ پشکی کورد چەندە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم چیان بەردەکەوێت؟ بۆچی دەوترێت یەکێتی پشکی خۆی وەرگرتووە؟ پشک و بەرکەوتەی لایەنی شیعەو سوننەکان چەند وەزارەی دەبێت و بەر کام لایەنی سیاسی دەکەوێت؟ لەم ڕپۆرتەدا بە گرافیک پشک و بەشی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراق ڕوونکراوەتەوە. سیستمی خاڵ و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەپێی ئەم میتۆدە گریمانەییە هەر (2) کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەران بە (1) خاڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها بۆ هەر پۆستێکی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان، کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیان (22) وەزارەت بێت، ژمارەیەک خاڵ دیاری دەکرێت، بە جۆرێک؛ - هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی (کۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران)، (15) خاڵ واتە (30 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت. - هەریەک لە جێگری سەرۆک کۆمار و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (5) خاڵ واتە (10 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت. - هەر وەزارەتێکی سیادی (5) خاڵ واتە (10 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (نەوت، ناوخۆ، بەرگری، دارایی، دەرەوە، پلاندانان) - هەر وەزارەتێکی خزمەتگوزاری (4) خاڵ واتە (8 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (خوێندنی باڵا، پەروەردە، بازرگانی، گوستنەوە، پیشەسازی، داد، ئاوەدانکردنەوە، کشتوکاڵ، کارەبا، تەندروستی، سەرچاوە ئاوییەکان، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، ئیتصالات، وەرزش و لاوان و وەزارەتی کار) چارتی ژمارە (1) لە عێراقی نوێدا و لە دوای ساڵی (2005)ەوە ئەوە بووە بە نەریتێکی سیاسی لە عێراقدا کە وەزارەتە سیادییەکان بەسەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەدا بەم شێوەیە دابەش دەکرێت: - سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دراوە بە پێکهاتەی سوننەو سەرۆک کۆمار دراوە بە پێکهاتەی کورد. - سێ وهزارهتی سیادی بۆ پێكهاتهی شیعه و دوو وهزارهتی سیادی بۆ پێكهاتهی سوننه و یهك وهزارهت بۆ پێكهاتهی كورد. بە شێوەیەکی گشتی (12) وەزارەت بۆ پێکهاتەی شیعە، (6) وەزارەت بۆ پێکهاتەی سوننە، (3-4) وەزارەت بۆ پێکهاتەی کوردی، ئەمەش لە ئەگەری ئەوەدایە کە حکومەت لە (22) وەزارەت پێک بێت. زۆرجار یەک یان دوو وەزارەت زیاد دەکرێت و دەدرێت بە پێکهاتەکان یان پشکی یەکێک لە پێکهاتەکان (1) وەزارەت وەرگیراوە. پشکی پێکهاتەی کورد لە حکومەتی ئایندەی عێراق پشکی حیزبە کوردستانییەکان سێ وەزارەتە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کێبڕکێی لەسەر دەکەن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکایەتی کۆماری بەدەستهێناوە، بەو پێوەری سیستمی (خاڵ) بێت تەواوی خاڵەکانی بەکارهێناوە، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر وەرگرتنی یەک بۆ دوو وەزارەت دەکات، بۆیە یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە وەزارەتێک زیاد بکرێت بۆ ڕازیکردنی یەکێتی، یان پارتی دەست لە پۆستێکی وزاری هەڵبگرێت بۆ یەکێتی. پارتی دیموكراتی كوردستان، جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا خاڵەکانی بەشی ئەوە دەکات (وەزارەتێکی سیادی) و یەک بۆ دوو (وەزارەتی خزمەتگوزاری) بە دەست بهێنێت. هەرچی (نەوەی نوێ)یە خاوەنی (9) کورسی واتە (4.5) خاڵە، شایسستەی ئەوەیە بەلانی کەمەوە (وەزارەتێکی خزمەتگوزاری) بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشداری حکومەت ناکات، پارتی یان بەتایبەتتر یەکێتی سود لەو دەرفەتە دەبینن. چارتی (2) چارتی (3) پشکی پێکهاتەی سونە لە حکومەتی ئایندەی عێراق پشكی ئەو لایەنانەی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە دەكەن (6) وەزارەتە، كە دوانیان (سیادی)ین، بە جۆرێک؛ - هاوپەیمانی سیادە (هاوپەیمانی تەقەدوم و پرۆژەی عەرەبی)، شایستەی بەدەستهێنانی پۆستی وزارین، بە جۆرێک؛ هاوپەیمانی تەقەدوم خاوەنی (22.5) خاڵەو بەهۆی دیاریکردنی (محەمەد حەلبوسی) وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (15) خاڵی بردووە، بۆیە تەنها (7.5) خاڵی ماوەتەوە کە دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت. - هاوکات پرۆژەی عەرەبی لە عێراق کە خاوەنی (7) خاڵە و تا ئێستا هیچ پۆستێکی نەبردووە، دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت ئەگەر چاوپۆشی لە (1) لە خاڵەکانی بکرێت. - هاوپەیمانی عەزم خاوەنی (6.5) خاڵە و تا ئێستا هیچ پۆستێکی نەبردووە، دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت ئەگەر چاوپۆشی کە (1.5) لە خاڵەکانی بکرێت. چارتی (4) چارتی (5) چارتی (6) پشکی پێکهاتەی شیعە لە حکومەتی ئایندەی عێراق پشکی پێکهاتەی شیعە بەپێی (12) وەزارەت دەبێت کە زۆربەیان بەشێک دەبن لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە دوای کشانەوەی رەوتی سەدری و هەڵبژاردنی هەندێکیان بووە تاکە نوێنەری پێکهاتەی شیعە لە حکومەتی داهاتوودا، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی (محەمەد شیاع ئەلسودانی) ڕێککەوتن کە لەلایەن هەموو لایەنەکانی چوارچێوەوە کاندید بکرێت و سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت، بۆیە لەلایەن لایەنە سەرەکییەکانی شیعەوە کاندیدکرا، بەم کارەش (5) خاڵ لە هەر یەکێکیان بەکارهێنرا، چوارچێوه بهسهر چهند لایهن و هاوپهیمانییهكدا دابهشكراوه، كه بهم شێوهیهی لای خوارهوهیه؛ 1. هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە (38) كورسی کە بەرامبەرە بە (19) خاڵ، (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، و بە (14) خاڵیان ماوەتەوە كە شایستەی بەدەستهێنانی وەزارەتێكی سیادی و (2) وەزارەتی خزمەتگوزاری، یان نزیکە لە (4) وەزارەتی خزمەتگوزارییەوە. 2. هاوپەیمانی فەتح خاوەنی (30) كورسییە كە بەرامبەرە بە (15) خاڵ و (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهاتووە، هەروەها (10) خاڵی ماوەتەوە كە شایستەی بەدەستهێنانی وەزارەتێكی سیادی و نزیکە لە دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری یان سێ وەزارەتی خزمەتگوزارییە. 3. هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت (11) کورسی هەیە کە بەرامبەرە بە (5.5) خاڵ، كە (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، بەم هۆکارەش بەجۆرێک خاڵەکانی کەم دەبێتەوە كە بەشی بەدەستهێنانی وەزارەتێك ناكات. 4. هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی (8) کورسی هەیە کە بەرامبەرە بە (4 )خاڵ، لەو ژمارەیەش (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، بۆیە خاڵەکانیان بەشی بەدەستهێنانی پۆستی وزاری ناکات. چارتی (7) چارتی (8) چارتی (9) چارتی (10)
راپۆرت: درەو شیعەكان لەسەر وەزارەتی نەوتو پۆستە ئەمنییەكان لەناو خۆیاندا ناكۆكن، سوننە لەسەر وەزارەتی پلاندانانو بەرگری لە مشتومڕدان، لەتیف رەشید بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار (خاڵ)ی بە یەكێتی نەهێشتووە لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان بۆ نەداوە، پارتی دەیەوێت لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا هەموو پشكی كورد لە وەزارەتەكان بۆ خۆی ببات، دەنگوباس گەرمە لەبارەی ئەوەی نرخی هەر وەزارەتێكی سیادی بۆ (75 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە، لەم نێوەندەدا چارەنوسی پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە، وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لەم راپۆرتەدا. چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان بڕیاربوو رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، دواتر دانیشتنەكە بۆ سبەینێ دوو شەممە دواخرا، بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە پێدەچێت وادەی دانیشتنی پەرلەمان لەوە زیاتر دوابكەوێت كە چاوەڕوان دەكرێت، هەرچەند تائێستا بەفەرمی پەرلەمان پێدانی متمانەی بە حكومەت لە بەرنامەی كاری خۆیدا دانەناوە. محەمەد شیاع سودانی كە كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ ئاشكرایكرد، بەردەوامە لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان بۆ پۆستە وزارییەكان. شیاع سودانی لیژنەیەكی تایبەتمەندی بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان دروستكردووە، لیژنەكە خۆی سەرۆكایەتی دەكاتو ژمارەیەك راوێژكار لەخۆدەگرێت. سودانی رایگەیاند، دوای تەوابوونی چاوپێكەوتنەكان، بەشێوەیەكی فەرمی ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنرێت كە بۆ پۆستە وزارییەكان هەڵبژێردراون، ئەمەش بەوتەی ئەو بۆ ئەوەیە دڵنیابن لە سەلامەتی دۆخی كاندیدەكان لەڕووی یاساییو دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە. بەپێی ئەو پێوەرەی دیاریكراوە، دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان لەنێوان لایەنەكاندا، بەگوێرەی ژمارەی كورسییەكانی ئەو لایەنانەیە لەناو پەرلەمان، 2 كورسی پەرلەمان بە یەك پۆینت (خاڵ) ئەژماركراوە، پۆستە وزارییە سیادییەكان بەهای هەریەكەیان بە (5 پۆینت ئەژمار دەكرێت)، بەڵام وەزارەتەكانی تر بە (4 پۆینت) ئەژماردەكرێن، ئەمە نەریتێكە كە پێشتریش لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا پەیڕەو كراوە. زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، محەمەد شیاع سودانی بەمدواییە بێزار بووە لە بەردەوامبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پێشكەشكردنی ناوی ئەو كەسانە بۆ پۆستە وزارییەكان كە پسپۆڕییەكانیان دورن لەكاری ئەو وەزارەتانەوە. لەپاڵ ئەمەدا لەناو كوتلە سیاسییەكانی پێكهێنەری ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)دا بەتایبەتیش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو پێكهاتەی سوننەدا كێشەی لەسەر چەند پۆستێكی وزاری هەیە، سوننەكان (سیادەو عەزم) لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگریو پلاندانان لەناوخۆیاندا ناكۆكن، شیعەكانیش لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوتو چەند پۆستێكی ئەمنیی كێشەیان هەیە، پارتیو یەكێتیش وەكو دوو لایەنی كوردی پێكهێنەری حكومەتەكە پەیوەندییەكانیان گرژی زیاتری تێكەوتووەو یەكێتی چاوی لە وەزارەتێكەو پارتی نایەوێت وەزارەتی پێبدات. بەپێی دەستور لەدوای راسپاردنی، محەمەد شیاع سودانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمانو وەرگرتنی متمانە، سودانی رۆژی 13ی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێدراوە، واتە رۆژی 13ی مانگی داهاتوو دواین مۆڵەتە لەبەردەمیدا. ئەگەر سبەینێ بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت دوابكەوێت، پێشبینی دەكرێت دانیشتنەكە بكەوێتە دوای رۆژی 25ی ئەم مانگە، چونكە 25ی تشرینی یەكەم، تشرینییەكان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان یادی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 2019 دەكەنەوە. ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی گرتوەتە ئەستۆ پێكهاتووە لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی+ پارتیو یەكێتی+ سیادەو عەزم)، هەریەكێك لەم لایەنانە نوێنەرایەتی پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراق دەكەن. پشكی شیعە لە كێكی حكومەت لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوپەیمانێتی نێوان (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ عەبادی)ە، ئەم لایەنانە لە ئێرانەوە نزیكنو دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان ئێستا لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان خاوەنی (138) كورسینو كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانن. (محەمەد شیاع سودانی) كاندیدی ئەم لایەنانەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەم لایەنانە تەنیا كورسییەكانی سەدریان لە پەرلەمان بەسەر خۆیاندا دابەش نەكردووە، بەڵكو دەیانەوێت وەزارەتەكانی سەدریش لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن، بەوپێیەی ئێستا ئەمانە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن. پشكی شیعە لە كێكی حكومەت لەكۆی (22) وەزارەت بریتییە لە (12) وەزارەت. بەگوێرەی زانیارییەكان لەنێوان ئیئتیلافی (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكیو هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامریدا ناكۆكی هەیە لەبارەی پۆستی وەزیری نەوتەوە، عەسائیبی ئەهلی حەقو كەتیبەكانی حزبوڵاش لەسەر پۆستەكانی (ئاسایشی نیشتمانی- هەواڵگری- سەرۆكایەتی حەشدی شەعبی) ركابەرێتی دەكەن. پشكی كورد لە كێكی حكومەت لە پێكهاتەی كورد (پارتیو یەكێتی) بەشدارن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، پارتی (31) كورسیو یەكێتی (18) كورسی پەرلەمانی هەیە، یەكێتی لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە پۆستی سەرۆك كۆماری بردووە، پارتی بەنیازە لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار، هەموو پشكی كورد لە وەزارەتەكان ببات، هەرچی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردە بەشدارن نین لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتو هیچ پۆستێكیان بەرناكەوێت. كورد (3) وەزارەتی لە كابینەی حكومەتی عێراقدا بەردەكەوێت، وەزارەتەكان بریتین لە (دەرەوە+ داد+ ئاوەدانكردنەوە). لە كابینەی ماوەتەواوبووی مستەفا كازمیو پێشتریشدا ئەم سێ پۆستە بەردەوام دوانیان (دەرەوە+ ئاوەدانكردنەوە) لای پارتی بووەو وەزارەتی (داد)یش بۆ یەكێتی بووە بەڵام پارتی دەستوەردانی لە دانانی كاندیدی وەزارەتەكەدا كردووە. واتە تاكە وەزارەتە سیادییەكەی كورد كە وەزارەتی (دەرەوە)یە بۆ پارتی بووە، ئەمە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا بۆ یەكێتی، لەپاڵ ئەمەدا پێشتر پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی بردووە كە پشكی كوردەو ئێستا (شاخەوان عەبدوڵا) لە پۆستەكەدایە. بۆچونێك هەیە ئەمجارە پشكی كورد لە (3) وەزارەتەوە بۆ (4) وەزارەت زیادبكرێت، ئەمەش لەرێگەی دروستكردنی وەزارەتێكی نوێیوە بەناوی وەزارەتی (ژینگە)و ئەم پۆستە بدرێت بە یەكێتی بەمەبەستی قایلكردنی بە حكومەتەكە، بەڵام سەرچاوەكان لەناو شیعەكانەوە دەڵێن كابینەی حكومەت لە (22) وەزارەت پێكدێتو هیچ وەزارەتێكی نوێ بۆ قایلكردنی لایەنەكان دروست ناكرێت. هەڵبژاردنی لەتیف رەشید وەكو سەرۆك كۆمار لەسەر پۆینتو كورسییەكانی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەژماركراوەو ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان پێنەداوەو پارتی خاوەندارێتی لێدەكرد، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار، یەكێتی لەتیف رەشیدی وەكو كاندیدی خۆی ناساندو بەوهۆیەوە هیچ پۆینتێكی بەدەستەوە نەماوە بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان، لەبەرامبەردا پارتی كە دەنگی بە لەتیف رەشید داوە، پارێزگاری لە پۆینتی كورسییەكانی كردووە بۆ بردنی هەرسێ وەزارەتەكەی كورد. پارتی ئەگەر ئەمجارەش قایل ببێتەوە بەوەی پۆستی وەزارەتی (داد) بە یەكێتی بدات، ئەوا هاوشێوەی كابینەی ماوە تەواوبوو دەستوەردان لە دانانی كاندیدی ئەم وەزارەتەدا دەكات. پشكی سوننە لە كێكی حكومەت پێكهاتەی سوننەش هاوشێوەی كورد دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی سەرەكیدا كە بریتین هاوپەیمانی سیادە (حەلبوسیو خەنجەر) كە نزیكەی (60) كورسییان هەیە هەروەها هاوپەیمانی عەزم (بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی) كە خاوەنی (14) كورسی پەرلەمانە، هەردوو بەرە نەیارەكەی سوننە بەشدارن لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا. حەلبوسی پشكی گەورەی سوننەی بردووە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، خەمیس خەنجەری شەریكی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمارە. ئێستا ماوەتەوە لەسەر دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، پشكی سوننە لە حكومەت (6) وەزارەتە كە بریتین لە وەزارەتەكانی (بازرگانی+ پیشەسازی+ پلاندانان+ بەرگری+ رۆشنبیری+ پەروەردە)، لەناو وەزارەتە باڵاكاندا (سیادییەكان) پێكهاتەی سوننە دوو وەزارەتی بەردەكەوێت كە بریتین لە وەزارەتەكانی (بەرگری+ پلاندانان). حەلبوسی بەشی زۆری پۆینتەكانی رۆیشتووە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام هێشتا چاوی لە وەرگرتنی یەكێك لە دوو پۆستە سیادییەكەی سوننەیە، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانی عەزم كە هێشتا كورسییە پەرلەمانییەكانی بۆ وەرگرتنی هیچ پۆستێك بەكارنەهێناوە، دەیەوێت وەزارەتێكی سیادی سوننە وەربگرێت، حەلبوسیو عەزم لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی دوو پۆستە سیادییەكەی سوننە (وەزارەتی بەرگری+ وەزارەتی پلاندانان) ناكۆكن، بەمدواییە محەمەد شیاع سودانی چوەتە نێوانیان بۆئەوەی بگەن بە رێككەوتن، عەزم دەیەوێت پۆستی وەزارەتی بەرگری وەربگرێت، لەناو ئەم هاوپەیمانێتیەشدا ناكۆكی لەسەر كاندیدی پۆستەكە هەیەو چەند لایەنێك داوای دەكەن. بەپێی دواین زانیارییەكان، دوای كشانەوەی ناوی (سابت عەباسی) سەرۆكی بزوتنەوەی حەسم كە بەشێكە لە هاوپەیمانی عەزم، ئێستا سێ ناوی تر بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری لەناو پێكهاتەی سوننە پێشنیازكراون كە ئەمانەن: • خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشوو كە ساڵی 2016 لە پەرلەمان متمانەی لێوەرگیرایەوە. • حەمەد نامس فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین لەكاتی كۆنترۆڵكردنی پارێزگاكە لەلایەن داعشەوە، ئەم پیاوە نزیكە لە جومعە عنادی وەزیری بەرگری ئێستای عێراقەوە. • ناسر غەننام كە ئەمیش كارەكتەرێكی سەربازییەو ئێستا سەرۆكی كۆلیژی سەربازییەو پێشتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار بووە. بەپێی رێككەوتنی پێشتری نێوان لایەنەكانی سوننە، پۆستی وەزارەتی بەرگری دراوە بە هاوپەیمانی (عەزم)، لەناو عەزمیشدا بەدیاریكراوی پۆستەكە دانراوە بۆ ئەحمەد جبوری "ئەبو مازن". پێشتر هاوپەیمانی عەزم هەڕەشەی لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی كرد لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر وەزارەتی بەرگری پێنەدرێت، ئەمە بە "كودەتا بەسەر رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان لایەنەكانی سوننەدا" ناوبرد. نرخی وەزارەت بەرزدەبێتەوە ! هاوشێوەی هەموو پرۆسەكانی تری پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە عێراق، ئەمجارەش دەنگوباسەكان لەبارەی مامەڵەكردن بە كورسییە وەزارییەكانەوە گەرمن. هەندێك كەسی نزیك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی باس لەوە دەكەن، نرخی پۆستی وەزارەتی بەرگری لەناو سوننەكاندا بۆ (75 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوەو سیاسییەكان مامەڵەی پێوە دەكەن، هەمان نرخیش لەسەر پۆستەكانی وەزیری ناوخۆو پۆستە باڵاكانی تر دانراوە. بەم مشتومڕەوە پێدەچێت هاوشێوەی زۆرێك لە حكومەتەكانی تری دوای روخانی رژێمی سەددامەوە، محەمەد شیاع سودانی نەتوانی بە یەكجار متمانە بۆ هەموو وەزارەتەكانی كابینەكەی لە پەرلەمان وەربگرێتو هەندێك پۆستی كێشە لەسەر بە بەتاڵی بمێننەوە تا ئەو كاتەی لایەنەكان رێككەوتنی لەسەر دەكەن. بۆ وەرگرتنی متمانە شیاع سودانی پێویستی بە تێپەڕاندنی كاندیدی 14 وەزارەت هەیە، رەنگە متمانەی (8) وەزارەتی تری حكومەتەكەی جارێ بە بەتاڵی بمێنێتەوە.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) كۆمەڵناسی فەرەنسیی، پیار بۆدریۆ، تێزێكی سەبارەت بە دەوڵەت لە دونیای مۆدێرندا تێزێكی بەناوبانگی ھەیە، كە تەواو جیاوازە لە تێزەكانی بەر لە خۆی، بە تایبەتی لەو تێزە ماركسییەی باس لە چییەتی دەوڵەت دەكات. لە تێزەكەیدا ئەم كۆمەڵناسە باس لە چییەتی دەوڵەتی مۆدێرن و دیموكرات دەكات، نەك لە دەوڵەتی نامۆدێرن و نادیموكرات، ھەروەھا باس لە دەوڵەتی دەسەڵاتگەر و نادیموكراسیش ناكات، كە دەشێت لە چەندان فۆرمی جیاوازدا لەزۆر شوێنی جیھاندا ھەبن و ئامادەبن. ئەم كۆمەڵناسە كە باس لە دەوڵەتی دیموكرات و مۆدێرن دەكات، باس لە بوونەوەرێكی سیاسیی دەكات كە خاوەنی دوو دەستە و ھەریەكێكیش لەو دوو دەستە بە شێوازی جیاواز كاردەكات و لۆژیكێكی جیاوازیش بەڕێوەیدەبات. دەستێكیان ناودەنێت ”دەستی چەپ“ و دەستەكەی تریشیان “دەستی ڕاست“ی دەوڵەت. بە مانایەكی دیكە لای ئەم كۆمەڵناسە دەوڵەتی مۆدێرن و دیموكرات دەوڵەتێكی دوودەستە لەباتی یەك دەست، دوو بەرەی كۆمەڵایەتی جیاوازیش ھەڵگری ھەریەكێك لەو دەستانەی دەوڵەتن و بەو شێوەیەش بەكاریدەھێنن كە بەڕاستیی دەزانن و لەگەڵ خواست و داواكارییەكانی ئەواندا دەگونجێت. دەستی چەپی دەوڵەت دەستی ئەو بەرە و ھێزە كۆمەڵایەتییانەیە، كە زۆرجار ھێزی چەپڕەون و بەرگریی لە فۆرمێكی تایبەتی ئیشكردنی دەزگاكانی دەوڵەت دەكەن. دەستی چەپی دەوڵەت زیاتر لە بواری مسۆگەركردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لەبواری خۆشگوزەرانی گشتیدا كاردەكات، لەوانەش لە بواری تەندروستیی و خوێندن و بیمەی كۆمەڵایەتیی و مەسەلە گشتییەكانی كۆمەڵگادا. ھەرچی دەستی دووھەمیانە، دەستی ڕاستیی دەوڵەت، دەستێكە لە بواری پارە و پول و سەرمایە و كۆمپانیاكاندا كاردەكات. ئەم دەستەیان دەستی ھێزە ڕاستڕەوەكانە و دەوڵەت بە ئاراستەی پاراستن و مسۆگەركردنی قازانجی كۆمپانیا و سەرمایەدارە گەورەكاندا دەبات. ئەم وێناكردنە بۆ دەوڵەت، بەر لە ھەمووشتێك، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە دەوڵەتی دیموكرات و مۆدێرن دەوڵەتێكی كۆگیر و ئامێزان و ھاوشێوە نییە، ھەموو دەزگا و بەشەكانی بە یەكجۆر و بەیەكشێوە و بەپێی یەك لۆژیك كارناكەن، بەڵكو یەكەیەكی ناكۆگیری پڕ لە جیاوازیی و ناكۆكییە، كە وادەكات بەشە جیاوازەكانی بە لۆژیكی جیاواز و لەدیدگای ناھاوبەشەوە كاربكەن. ھەریەكێكیش لەو بەشانە پەیوەندیی بە ھێز و چین و گروپی كۆمەڵایەتیی جیاوازەوە ھەیە كە داواكاریی و خواستیی جیاوازیان ھەیە. ”دەستی چەپی دەوڵەت“ دەستی چینەكانی خوارەوە و چینی ناوەندیی ناو كۆمەڵگایە، لە كاتێكدا ”دەستی ڕاستی دەوڵەت“ دەستی ئەرستۆكرات و نوخبە سەرمایەدارە گەورەكانە. ئاشكرایە ئەم تێزە لەزۆر ڕووەوە ناكۆكە بەو تێزە ماركسییەی پێیوایە دەوڵەت یەك شتی كۆگیری بێجیاوازییە و ئامرازی دەستی چینە باڵادەستەكانە بۆ چەوساندنەوە و سەركوتكردنی چینەكانی خوارەوە. ”دەوڵەتی دوودەست“ وێنەیەكی بۆ دەوڵەت ھەیە ئاڵۆزتر لەو وێنە سادەیەی ماركسیزمیی سەدەی نۆزدەھەم بۆ دەوڵەتی ھەیە. ئەم تێزە تازەیە قسە لە دەوڵەت وەك دیاردەیەكی ئاڵۆز و فرەجەمسەر و فرەلۆژیك دەكات، كە ناكرێت كورتبكرێتەوە بۆ یەك ڕھەند و ئاكار و لۆژیك و شێوازی كاركردن. یەكێك لە جیاكەرەوە سەرەكییەكانی سۆسیۆلۆژیای سیاسیی تازە لە سۆسیۆلۆژیای سیاسیی سەدەی نۆزدەھەم، بوونی ئەم وێنە ئاڵۆزەیە بۆ دەوڵەتی مۆدێرن. ئێستا ئەگەر بێینە سەر سەیركردنی ئاكارەكانی دەوڵەت لەو ناوچەیەی ئێمەدا، لانیكەم لەو شوێنانەدا كە دەوڵەت ئامادەیە و كاردەكات، نەك لەو شوێنانەدا كە دەوڵەت بوونی نییە و نەماوە، یاخود لە فۆرمی دەوڵەتێكی فاشیلدا ئامادەیە و زۆرجاریش شوێنەكەی بە چەندان بكەری نادەوڵەتی پڕكراوەتەوە. دەڵێم لەو بەشەی دونیای ئێمەدا كە دەوڵەت بوونی ھەیە ئەوەی دەیبینین ئامادەگیی دەوڵەتێكە بە دوو دەستی ڕاستەوە، یان بە كۆمەڵێك دەستەوە كە ھەموویان یان زۆربەیان دەستی ڕاستن. لەو ناوچەیەدا بە دەگمەن دەوڵەتێك دەبینین لەپاڵ دەستی ڕاستدا دەستی چەپیشی ھەبێت. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، واتە لە سەرەتای ساڵانی ھەفتاوە، دەوڵەتەكانی ئەم ناوچەیە دەستە چەپەكانیان بڕدراوە و لە شوێنی ئەواندا دەستێكی ڕاستی تازە چێنراوە. لەم ساتەدا دەوڵەتێك نادۆزینەوە خاوەنی دەستێكی ڕاست و دەستێكی چەپ بێت، ھەموویان دەستە چەپەكەیان لەدەستداوە و دوودەستی ڕاستیی قەڵەو و فوتێكراویان بۆدروستكراوە. لە ساڵانی ھەفتاوە ئەوەی لەم ناوچەیەدا ڕووئەدات پرۆسەیەكی بەرفراوان و توندڕە و توندوتیژیی خەسخەسەكردنی دەوڵەتە، بە تایبەتیكردن و بە موڵكایەتیكردنی دەوڵەتە لەلایەن ئەو ھێزانەوە كە حوكمڕانن. لەم پرۆسەیەدا خراپبەكارھێنانی دەسەڵات و فشار و گەندەڵییەكی گەورە و ھەمەلایەن ئاراستەی ئەو پرۆسە بەتایبەتیكردنە دەكات و ھێز و توندوتیژیی پرۆسە سەرەكییەكانی بەڕێوەدەبات. ئەوەی ڕوویداوە و ڕووئەدات بەتایبەتیكردنی موڵك و ماڵی دەوڵەت و بەتایبەتیكردنی كەرتە ئابووریی و خزمەتگوزارییە جۆربەجۆرەكانی دەوڵەتە. ئەوەشی دەبێتە كڕیاریی ئەم موڵكە گشتییانە ئەو نوخبە سیاسیی و ئابورییە حوكمڕانەیە، كە دەسەڵاتی سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیان لەدەستدایە. ئەمانە لە پرۆسەیەكی مێژوویی كورتخایەن و ھەمەلایەندا زۆرینەی سەرمایە و دەزگاكانی دەوڵەت بەتایبەتی دەكەن و خۆیان و بازنەكەی دەوروبەریان دەبن بە خاوەنی ئەو سەرمایە و دەزگا دەوڵەتییانە. بەمەش نوخبەیەك لەدایكدەبێت لە یەككاتدا ھەم خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنییە، ھەم خاوەنی دەسەڵاتی ئابورییشە لە وڵاتەكەدا. خەسخەسەی ئابوریی لەباتی ئەوەی ئابوریی و دەسەڵاتێكی لیبرال دروستبكات، ئابوریی و دەسەڵاتێكی خێزانیی و بنەماڵەیی و خێڵەكیی داخراو دروستدەكات. لە دوادەرنجامدا دۆخێكیش دەخولقێنێت تیایدا زۆرینەی ئەو خزمەتگوزاریانەی دەوڵەت بە دەستی چەپی پێشكەشی كۆمەڵگای دەكات، بكەوێتە ناو دەستی ڕاستی ئەم نوخبە تازەیەوە. بەم كارەش ئەو مۆدێلە لە دەوڵەت لەناوچەكەدا سەروەربێت كە دەستی چەپی نەبێت و لەدەستیدابێت. بێگومان ”دەستی چەپی دەوڵەت“ لەم ناوچەیەدا، لە ساڵانی پەنجا و شەست و ھەفتادا، دەستی دەوڵەتێكی دیموكراس نەبوو، بەڵكو بەپێچەوانەوە، دەستی چەپی دەوڵەتێكی دەسەڵاتگەری تاكحیزبیی و ستمەگەر بوو، دەوڵەتەكەی ناسر و بۆرقێبە و بەعس بەنموونە. بەڵام ئەم دەوڵەتە دەسەڵاتگەرە تەنھا دەسەڵاتەگەر نەبوو، بەڵكو لە ڕێگای پەیمانێكی كۆمەڵایەتیی تایبەتەوە حوكمیدەكرد، كە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی ”سەوداگەریی دەسەڵاتگەرانە“ی لێنراوە. لەم سەوداگەریی و ڕێكەوتنە دەسەڵاتگەرانەدا دەوڵەت دەستێكی چەپ بۆ خۆی دروستدەكات كە بەھۆیەوە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ كۆمەڵگا دەستەبەردەكات، لەوانەش خزمەتگوزاریی لە بواری خوێندن و تەندروستیی و كار و خانوبەرەدا، ھتد... بەڵام لە بەرامبەریدا كۆمەڵگا والێدەكات واز لە مافە سیاسییەكانی بھێنێت و ئەو سیستمە دەسەڵاتگەرە تاكحیزبیی و تاكسەركردەیە، قبووڵبكات، كە بە دەستە ڕاستەكەی دەوڵەت كار بۆ بەھێزكردن و قەڵەوكردنی پێگەی نوخبە حوكمڕانەكە دەكات. كە زۆرجار كورتدەبێتەوە بۆ دەسەڵاتی خێزانێك و دەورەبەرە نزیكەكەی ئەو خێزانە. ئەوەی لە ساڵانی ھەفتا بەدواوە ڕووئەدات، ھاتنەكایەی ئەو پرۆسەیەیە كە تیایدا دەوڵەت ھێدی ھێدی ئەو دەستە چەپەی لاواز و بچوك و بیماردەبێت، تا لە ساڵانی نەوەددا بەتەواوەتی دەپوكێتەوە و دەستەكانی دەوڵەت، ھەردوو دەستەكەی، دەبن بە دوو دەستی ڕاست. ئەوەی ئێستا لە ناوچەكەدا ھەیە و ئامادەیە، بە دەوڵەتەكەی حوكومەتی ھەرێمەوە، دەوڵەتێكە بەبێ دەستی چەپ، دەوڵەتی دەستە ڕاستەكانە بەتەنھا. بەشێكی گەورەی ناڕەزاییەتییەكانی ئەم ناوچەیە پەیوەندیی بە نەمان و بڕینەوەی ئەو دەستە چەپەوە ھەیە، ئەگەرچی ناكرێت ھەموو ناڕەزایەتییەكان بۆ نەمانی ئەو دەستەچەپە كورتبكەینەوە. ناڕەزاییەكانی ئەمڕۆكە كورتانبێتەوە بە تەنھا بۆ داواكاردنی گەڕاندنەوەی ئەو دەستە چەپە بۆ دەوڵەت. كۆمەڵگاكانی ناوچەكە، لەپاڵ داواكردنی گەڕاندنەوەی ئەم دەستە چەپەدا بۆ دەوڵەت، داوای ئازادیی تاكەكەسیی و دەستەجەمعیی زیاتر و زیاتریش دەكەن. دابینكردنی ئەم ئازادییانەش شتێكە بەبێ بەرقەراركردنی دیموكراسیەت و بەبێ ڕێزگرتنی جیاوازیی و پاراستنی پلورالیزم دروستنابێت. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆكە پێویستە گەڕاندنەوەی دەستی چەپی دەوڵەتە بۆ دەوڵەت و دابینكردنی ئازادییەكانە بەیەكەوە.
شیكاری: درەو # کێڵگە نەوتی ئەتروش لە ساڵی (2017)ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، لە سەرەتای ساڵی (2020)ەوە بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ (37 ملیۆن 368 هەزار و 500) بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هێنراوە بە تێکڕای ڕۆژانەی زیاتر لە (41 هەزار) بەرمیل. # سێ مانگی دووەمی ساڵی (2020) بڕی (4 ملیۆن و 267 هەزار و 900) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (46 هەزار و 900) بەرمیل بەرهەمهێنراوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە لە کێڵگەکەدا. # کێڵگە نەوتی ئەتروش لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا (1 ملیار و 824 ملیۆن و 954 هەزار و 876) دۆلار داهاتی هەبووە، بە تێکڕا لەو ماوەیەدا داهاتی بەرمیلێک نەوت بریتی بووە لە (50.76) دۆلاری، تێکڕای تێچوونی بەرهەمهێنانی بەرمیلێکیش بریتی بووە لە (5.18) دۆلار. # سێ مانگی دووەمی ساڵی (2022) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (326 ملیۆن و 821 هەزار و 320) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (97.88) دۆلار بووە، ئەمەش تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی داهاتە لە ماوەی ناوبراوە. کێڵگەی نەوتی ئەتروش کێڵگەی نەوتی ئەتروش، یەکێکە لە کێڵگە گرنگ و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2011 نەوتی تێدا دۆزرایەوە و بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی 2017 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لە کێڵگەکەدا. وەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە "نەوتی کوالیتی بەرزە کە بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیە و توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە". بلۆكی ئەتروش دەكەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، بە نزیكەی (85) كیلۆمەتر لە باكووری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دورە، رووبەرەكەی (269) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پشكەکانی کێڵگە نەوتییەکە بەپێی گرێبەستەکان دابەشبوون بەسەر (47.4%)ی دراوهته بە كۆمپانیای نیشتمانی ئیمارات بۆ وزه، ناسراو به (تاقە)، (27.6%)ی پشکەکانی دراوە بە شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی و (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) دابەشبوونی پشکەکانی کێڵگەی نەوتی ئەتروش بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای شاماران بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی (2022)دا بڕی (116) ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی ئەتروش، بەرنامەی پەرەپێدانەکەش بریتییە لە؛ 1. هەڵکەندن و تەواوکردنی (3) بیری گەشەپێدان، لەنێویاندا یەک بیری ئاو. 2. دەستپێکردنی پڕۆژەی چارەسەری غاز کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی ژەهراوی کەمدەکاتەوە، سەرەڕای بەکارهێنانیبۆ ژێرخانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە غازی بەرهەم هێنراو. بەو پێیەی لە ئێستادا کێڵگەی ئەتروش پشت بە مۆلیدەو سووتەمەنی دیزڵ دەبەستێت بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا، بە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە چاوەڕوان دەکرێت تێچووی کارکردن لە داهاتوودا زۆر کەمدەکاتەوە. بەرهەمی کێڵگەی نەوتی ئەتروش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، کێڵگەی نەوتی ئەتروش یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی هەرێمی کوردستان و لە ساڵی (2017)ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، بەپێ داتاکان لە سەرەتای ساڵی (2020)ەوە (37 ملیۆن 368 هەزار و 500) بەرمیل نەوت تەنها لەم کێڵگەیە بەرهەم هێنراوە بە تێکڕای ڕۆژانەی (41 هەزار و 10) بەرمیل، بەجۆرێک؛ (بڕوانە چارتی ژمارە (2 و 3)) - سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2020) بڕی (4 ملیۆن و 249 هەزار و 700) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (46 هەزار و 700) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی دووەمی ساڵی (2020) بڕی (4 ملیۆن و 267 هەزار و 900) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (46 هەزار و 900) بەرمیل بەرهەمهێنراوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە لە کێڵگەکەدا. - سێ مانگی سێیەمی ساڵی (2020) بڕی (4 ملیۆن و 241 هەزار و 200) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (46 هەزار و 100) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی چوارەمی ساڵی (2020) بڕی (3 ملیۆن و 753 هەزار و 600) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (40 هەزار و 800) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (3 ملیۆن و 843 هەزار) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (38 هەزار و 200) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی دووەمی ساڵی (2021) بڕی (3 ملیۆن و 539 هەزار و 900) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (38 هەزار و 900) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی سێیەمی ساڵی (2021) بڕی (3 ملیۆن و 799 هەزار و 600) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (41 هەزار و 300) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی چوارەمی ساڵی (2021) بڕی (3 ملیۆن و 247 هەزار و 600) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (35 هەزار و 300) بەرمیل بەرهەمهێنراوە، ئەمەش نزمترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە لە کێڵگەکەدا. - سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (3 ملیۆن و 492 هەزار) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (38 هەزار و 800) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. - سێ مانگی دووەمی ساڵی (2022) بڕی (3 ملیۆن و 339 هەزار) بەرمیل بە تێکڕای ڕۆژانەی (37 هەزار و 100) بەرمیل بەرهەمهێنراوە. چارتی ژمارە (2) کۆی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی ئەتروش لە (2020 – نیوەی یەکەمی 2022) چارتی ژمارە (3) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەی نەوتی ئەتروش لە (2020 – نیوەی یەکەمی 2022) داهاتی و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەی ئەتروش کێڵگەی نەوتی ئەتروش بە خاوەن داهاتێکی گەورەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دێتە هەژمارو لە ماوەی نێوان ساڵی (2020) بۆ (نیوەی دووەمی 2022)، (1 ملیار و 824 ملیۆن و 954 هەزار و 876) دۆلار داهاتی هەبووە، بە تێکڕا لەو ماوەیەدا داهاتی بەرمیلێک نەوت بریتی بووە لە (50.76) دۆلاری، تێکڕای تێچوونی بەرهەمهێنانی بەرمیلێکیش بریتی بووە لە (5.18) دۆلار و بەجۆرێک؛ (بڕوانە چارتی ژمارە (4 و 5 و 6))؛ - سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2020) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (149 ملیۆن و 631 هەزار و 937) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (35.21) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (5.9) دۆلار بووە. - سێ مانگی دووەمی ساڵی (2020) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (59 ملیۆن و 195 هەزار و 773) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (13.87) دۆلار بووە، ئەمەش نزمترین ئاستی داهاتە کە لەو ماوەیەدا تۆمار کرابێت کە ئێمە لە بارەیەوە دەدوێین. تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (5.36) دۆلار بووە. - سێ مانگی سێیەمی ساڵی (2020) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (115 ملیۆن و 615 هەزار و 112) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (27.26) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (3.97) دۆلار بووە. - سێ مانگی چوارەمی ساڵی (2020) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (106 ملیۆن و 114 هەزار و 272) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (28.27) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (5.1) دۆلار بووە. - سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2021) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (155 ملیۆن و 191 هەزار و 320) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (45.14) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (5.12) دۆلار بووە. - سێ مانگی دووەمی ساڵی (2021) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (186 ملیۆن و 835 هەزار و 922) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (52.78) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (4.34) دۆلار بووە. - سێ مانگی سێیەمی ساڵی (2021) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (219 ملیۆن و 160 هەزار و 928) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (57.68) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (4.34) دۆلار بووە. - سێ مانگی چوارەمی ساڵی (2021) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (206 ملیۆن و 774 هەزار و 692) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (63.67) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (6.73) دۆلار بووە. - سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (299 ملیۆن و 613 هەزار و 600) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (85.8) دۆلار بووە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (5.53) دۆلار بووە. - سێ مانگی دووەمی ساڵی (2022) کۆی داهاتی نەوتی ئەتروش بریتی بووە لە (326 ملیۆن و 821 هەزار و 320) دۆلار، تێکڕای داهاتی هەر بەرمیلێک (97.88) دۆلار بووە، ئەمەش تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی داهاتە لە ماوەی ناوبراوە، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک (5.29) دۆلار بووە. چارتی ژمارە (4) کۆی داهاتی کێڵگەی نەوتی ئەتروش لە (2020 – نیوەی یەکەمی 2022) چارتی ژمارە (5) تێکڕای داهاتی ڕۆژانەی کێڵگەی نەوتی ئەتروش لە (2020 – نیوەی یەکەمی 2022) چارتی ژمارە (6) تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەی ئەتروش (2020 – نیوەی یەکەمی 2022) خشتەی وردەکاری بەرهەم و داهات و تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش (2020 – نیوەی یەکەمی 2022)
راپۆرت: درەو ئامادەكارییان دەكرد بۆ تاقیكردنەوەی هەندێك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆن) كە توانای هەڵگرتنی بۆمبو تەقەمەنییان هەیە، لەوكاتەدا لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان كە بۆمبە ئامادەكراوەكانی تێدا بوو، تەقینەوەكە رویدا، ئەمە چیرۆكی ئەو رووداوەیە كە (ئاكام عومەر)ی فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی تێدا بە سەختی بریندار بوو، (درەو) لەم راپۆرتە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لە رەوتی لێكۆڵینەوەكان، وردەكاری تەقینەوەكەی 18ی ئەم مانگەی سنوری گەرمیان بڵاودەكاتەوە. تەقینەوەو گومانەكان رۆژی 18ی ئەم مانگە لە سنوری (غەڕڕە)ی ناوچەی گەرمیان تەقینەوەیەك رویدا، لەم تەقینەوەیەدا (ئاكام عومەر) فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی برینداربوو، ئەفسەرێكی هێزەكانی كۆماندۆ بەناوی (زوهێر محەمەد) گیانی لەدەستداو (7) پێشمەرگەی تری هێزەكە برینداربوون. لەو رۆژەوە تائێستا ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لە (نەخۆشخانەی فاروق) لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو بەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن دۆخی باش نییە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئاكام عومەر لەدوای ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆی كراوە، هۆشی نەگەڕاوەتەوە، برینەكانی زۆرنو سەرو پشتو رانو قاچەكانی بەركەوتوون. دوای چوار رۆژ لەم رووداوە، لیژنەی لێكۆڵینەوە هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی چۆنیەتی رووداوەكە بڵاونەكردوەتەوە، وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەی هێزەكانی 70و میدیاكانی یەكێتی دەڵێن بۆمبی چێندراوی داعش لە سنوری گەرمیان بە هێزەكەی كۆماندۆدا تەقیوەتەوە، بەڵام ئەمە هێشتا رایگشتیو چاودێرانی تێر نەكردووە بۆ تێگەیشتن لە وردەكاری رووداوەكە، ئەمە گومانیو لێكدانەوەی جۆراوجۆری دروستكردووە، بەتایبەتیش دوای كوژرانی ئەفسەرێكی ئەنجومەنی ئاسایش لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر. لەبارەی رووداوەكەی ناوچەی خەڕرەو پەڵكانەوە هەندێك دەڵێن ئەوەی رویداوە رووداوێكی پلان بۆ داڕێژراو بووەو هەندێكی تر دەڵێن هەڵەی هێزەكە بووە كە شارەزای ناوچەكەو بۆمبە چێندراوەكان نەبوون، لەنێوان ئەم دوو بۆچونە جیاوازەدا (درەو) هەوڵیدا لەرێگەی ئەوانەی ئاگاداری لێكۆڵینەوەكانن بەدوای هۆكاری سەرەكی رووداوەكەدا بگەڕێت. ئەمە لەكاتێكدایە وێنەی شوێنی رووداوەكە تائێستا نەگەیشتوەتە دەست میدیاكان، بەڵام دیمەنی دوو كەس لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەی فاروقەوە دزەیان كردە دەرەوە. رووداوەكە چۆن روویدا ؟ بەرە بەیانی رۆژی چوارشەممە 18ی ئۆكتۆبەر، هێزی كۆماندۆ لە دۆڵو شیوەكانی (غەڕڕە)و (پەڵكانە)ی سەربە ناحیەی (زینانە)ی گەرمیان جێگیربوون، لەم ناوچەیە بۆشاییەكی ئەمنیی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عێراق هەیە، بووە بە شوێنی جموجوڵی چەكدارانی داعش، بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن چەكداران لەم سنورە ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویان داناوە. بەپێی بەدواداچوونە وردەكانی (درەو) بۆ ئەم رووداوە دوای قسەكردن لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمنی باڵا، لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی رووداوەكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە چێندراوەكانی "داعش"ەوە نەبووە. ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن" هێزەكەی كۆماندۆ بۆ ئەنجامدانی راهێنانێكی تایبەتی چوەنەتە شوێنەكە، هێزەكە لە چەند ئۆتۆمبیلێك پێكهاتووە، كاریان لەسەر تاقیكردنەوەی چەند (درۆن)ێك كردووە كە توانای هەڵگرتنی تەقەمەنیو بۆمبیان هەیە. ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ بە كۆپتەرێك گەیشتە ناوچەكە ناوچەكە بۆ سەرپەرەشتیكردنی راهێنانەكە لەسەر فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان (درۆن)، كاتێك فەرماندە ئاكام عومەر لە هێلیكۆپتەرەكەی دابەزی، تیمەكەی لە نزیكی ئۆتۆمبیلەكانیان گفتوگۆیان كردووە، لەم كاتەدا لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانی هێزەكەدا لە جۆری (نیسان پاترۆڵَ) تەقینەوەیەك روویدا، نەقیب (زوهێر محەمەد) لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا بوو كە تەقینەوەكە تێیدا روویداو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری لێكۆڵینەوەكانن لەبارەی رووداوەكە دەڵێن، كاتێك تەقینەوەكە رویداوە، ئاكام عومەر فەرماندەی هێزەكە بەرەو ئۆتۆمبیلەكە رایكردووە بۆ رزگاركردنی زوهێر محەمەدی ئەفسەری هێزەكەی، كاتێك دەرگای ئۆتۆمبیلەكەی كردووەتەوە، چەند تەقینەوەیەكی تر لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا رویداوە. لیژنەی لێكۆڵینەوە بەو قەناعەتە گەیشتووە، ئەوەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەقیوەتەوە چەند بۆمبو گولـلە هاوەنێك بووە كە ئامادەكراون بۆ ئەوەی لە (درۆن)ەكان ببەسترێتو تاقیكردنەوەیان لەسەر بكرێت. گومان هەیە تەقینەوەی بۆمبەكان بەهۆی ئەوە بێت نەقیب زوهێر محەمەد كە شارەزای بۆمب بووە، دەستكاری بۆمبەكانی كردبێت یاخود بەشێوەیەكی نائاگایانە قاچی بەریان كەوتبێتو بەوهۆیەوە تەقینەوەكە رویدا بێت. شارەزایانی سەربازی دەڵێن" بەستنی بۆمب و گولـلەی هاوەن لە درۆن كارێكی هەستیارو وردە، دەبێت بەشێوەیەكی ئاگایانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەگەری تەقینەوەیان خێرایە". لەبارەی هێزی كۆماندۆ هێزی كۆماندۆ یەكێكە هێزەكانی سەربە یەكەی (70)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمە یەكێكە لە هێزە تایبەتەكانی یەكێتی لەڕووی راهێنانو چەكو تەقەمەنییەوە. ئەم هێزە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەركێكی ئەمنیی فەڕەنسییەكان لە شەڕی دژ بە "داعش"دا لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفای فەرماندەی پێشووی هێزەكانی 70وە دروستكرا، جەعفەر شێخ مستەفا ئێستا جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازیی. هێزی كۆماندۆ لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە راهێنانی پێكراوە، لەسەرەتای دروستبوونییەوە تائێستا فەرماندەی ئەم هێزە (ئاكام عومەر) بووە كە گەنجێكی خەڵكی سنوری پارێزگای كەركوكەو لە شەڕەكانی دژی داعشدا لێهاتوویی خۆی سەلماندووە. رۆژی 8ی تەموزی 2021 كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، بەرەبەیانی ئەو رۆژە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هێزێكدا چووە قەلاچوالانو بارەگای سەرەكی دەزگای (زانیاری) یەكێتی كۆنترۆڵكرد كە لەژێر هەژموونی لاهور شێخ جەنگیدا بوو، ئەمە سەرەتای دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەكێتیو دروستبوونی گۆڕانكاریی لە نەخشەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیدا بوو. پێنج مانگ دوای رووداوەكانی 8ی تەموزو بە دیاریكراوی لە 16ی كانونی یەكەمی 2021دا روبەڕووبونەوەیەكی چەكداریی لەنێوان دوو هێزی تایبەتی سەربە جەعفەر شێخ مستەفا لەناو شاری سلێمانی رویدا، هێزی (كۆماندۆ)و هێزی (ئاڵتونی) روبەڕووی یەكتر بوونەوە، كەسێك كوژرا، ئەم رووداوە بووە هۆی ئەوەی ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لە جەعفەر شێخ مستەفا جیاببێتەوەو بچێتە پاڵ بافڵ تاڵەبانی. لەوكاتەوە ئیتر ئاكام عومەر وەكو فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لەناو خەڵكدا زیاتر ناسرا، بافڵ تاڵەبانی ناوبەناو لەگەڵ خۆیدا دەیبردە ناو كۆبونەوە ئەمنییەكانو هەندێكجاریش كۆبونەوەی لەگەڵ دیپلۆماتكاران. لەدوای (8)ی تەمووزەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی لەرووی داراییو چەكو جبەخانەی قورسەوە پشتیوانی بۆ هێزی كۆماندۆ دابینكردووە. ئەم هێزە وەكو چەكوشی بەهێزی دەستی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییە، نەك بۆ روبەڕووبونەوەی نەیارە سیاسییەكانی، تەنانەت بۆ دەستگیركردنی هەندێك لەو كەسانەی كە مامەڵەیان بە زەویو زارەوە كردووە لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی پشتی بەم هێزە بەستووە.
شیكاری: درەو # کورد لە (19) ساڵی ڕابردوودا بە (40) وەزیر بەشداری لە (8) کابیەی حکومەتی عێراقیدا کردووە. # (17) ساڵە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لای کوردە. # لە ساڵی (2004 - 2014) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جێگرێکی هەبووەو کورد ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە. # لەدوای ساڵی (2003)ەوە کورد (372) ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەکە لای پێکهاتەی کورد بووە. # سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر له سهد بریكاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به کورد. زیاتر لهوانهش زۆرتر له 30 پۆستی سوپا سالار و فهرماندهی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق له پشکی کورد بوون. یەكەم؛ کورد لە ئەنجومەنی حوکمدا لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003 سەركردایەتی كورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوكم دروستكرا له (12ی تەمووزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004) كە لە (25) ئەندام پێكهاتبوو، لەناویاندا (5) ئەندامی كورد بوون ئەوانیش: (مەسعود بارزانی - سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەلال تاڵەبانی - سكرتێری گشتی یهكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەلاحەدین بەهادین - ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامی، د مەحمود عوسمان - سەربەخۆ و دارا نورەدین - سەربەخۆ). لە ئەنجومەنی حوكمدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەكێكیان دەبووە سەرۆك كە (12)یان بۆ سەرۆكایەتی دیاریكران، لەناویاندا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) كوردی تێدابوو. هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كوردا بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ (هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانییەكان، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، محەمەد تۆفیق رەحیم - وەزیری پیشەسازی و عەبدوڕەحمان سدیق كەریم - وەزیری ژینگە). لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە: • كورد زمانی كوردی كرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەكی ریككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە. • لە مادەی 2ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە". • لە مادەی 6ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا. • لە مادەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە ماددهی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت. واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێكکەوتننامەی 11ی ئازارهوه وەرگیراوە. دووەم؛ حكومەتی كاتی عێراق بهسهرۆکایهتی (ئەیاد عەلاوی) 2004 حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری لهم حکومهته کردو تێیدا؛ (د.فوئاد مەعسوم، بووە سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)و لەگەڵ 75 ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە لەكۆی 275 ئەندامی كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق، د. رۆژ نوری شاوەیس کرا به جێگری سەركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سهرۆک وهزیران و 5 وەزیری كورد لهم کابینهیهدا بهشداربوون ئهوانیش؛ (د. بەرهەم ئهحمهد ساڵح - جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانی، نهرمین عوسمان – وهزیری دهوڵهت بۆ کاروباری ژنان و بەختیار ئەمین کرا به وەزیری مافی مرۆڤ). سێیەم: حكومەتی كاتی عێراق بهسهرۆکایهتی (ئیبراهیم جهعفهری) 2005 لەسەردەمی كابینەی ئیبراهیم جەعفەریدا كە لە نیسانی ساڵی 2005 پێكهات، كورد سەڕەرای پۆستە وزارییەكان، بۆیەكەمجار پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەست هێنا، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هاوكات عارف تەیفور، بووە جێگری سەرۆكی پارلەمانی عێراق، لەگەل 58 پارلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، د لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، د بەرهەم ساڵح، وەزیری پلاندانان، عەبدولباست كەریم مەولود - وەزیری بازرگانی، د.جوان فوئاد مەعسوم - وەزیری اتصالات، د.ئیدرس هادی - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و نەرمین عوسمان - وەزیری كاروباری ژنان) دانران. چوارەم؛ كابینەی یەكەمی نوری مالیكی 2006 - 2010 دوای ناڕازیبوونی كورد لەسەر ئەدای ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیكی لە مایسی 2006 كابینەیەكی نوێی راگەیاند، كورد بە چەند پۆستێك لەو حكومەتەدا بەشداربوو، سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن تاڵەبانییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن عارف تەیفور و د.رۆژ نوری شاوەیس، نوێنەری كورد لە ئەنجومەنی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عیراقداو 57 پارلەمانتار، هەریەك لە (د.بەرهەم ساڵح به جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، فەوزی حەریری - وەزیری پیشەسازی، بەیان دزەیی - وەزیری شارەوانی، دارا نورهدین – وهزیری داد، عهلی بابان – وهزیری پلاندانان و نەرمین عوسمان به وەزیری ژینگە) دیاریکران. لەسەردەمی كابینەی یەكەمی نوری مالیكیدا مادەی 140 كە 30ی كانونی یەكەمی 2007 دوا وادەی بوو، كۆتایی هات و جێبەجێش نەبوو، نوێنەرانی كوردیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو. پێنجەم؛ كابینەی دووەمی نوری مالیكی 2010 - 2014 كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حکومهتهکه لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەڕای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكارییەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پارلەمانتاری كوردو د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك له (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی و عەبدولمەجید حەمە ئەمین به وەزیری تەندروستی) دیاری کران. شەشەم؛ كابینەی حەیدەر عەبادی 2014 - 2018 كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران (هۆشیار زێباری - وەزیری دارایی، د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری، بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان و سامان عەبدوڵا به وەزیری دەوڵەت) دانران. بەڵام بەبیانووی چاكسازی و بچوکردنهوهی حکومهتهوه، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزنداو هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە. حەوتەم؛ كابینەی عادل عەبدول مەهدی 2018 - 2020 دوای ئهوهی له 12/5/2018 کورد توانی له ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی (58) کورسی بهدهستبهێنێت، پۆستی سهرۆک کۆماری عێراقی جارێکی تر مسۆگهر کرد (د. بهرههم ئهحمهد ساڵح) بۆ ئهو پۆسته ههڵبژێردرا، جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانیش درا به (بەشیر حەداد)، له کابینهکهی عادل عهبدولمههدی کورد به سێ وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ (فواد حسێن – وهزیری دارایی، بهنگین ڕێکانی – وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن و حاکم فاروق ئهمین شوانی به وهزیری داد) دامهزرێندران، بهڵام کابینهکه تهمهنی خۆی تهواو نهکرد له ساڵی (2020) سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران دهستی لهکار کێشایهوه. هەشتەم؛ كابینەی مستەفا کازمی 2020-2022 دوای ئهوهی له عادل عهبدولمههدی له ساڵی (2020) دهستی له پۆستهکهی کێشایهوه (مستهفا کازمی) وهک سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران له ئهنجومهنی نوێنهران متمانهی پێدرا که کورد تێیدا (58) کورسی و جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانی تێدا ههبوو جگه لهوهی پۆستی سهرۆک کۆماری عێراقی لای (د. بهرههم ئهحمهد ساڵح) بهردهوام بوو، جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانیش درا به (شاخەوان عەبدوڵا)، هاوکات له کابینهکهی مستهفا کازمی کورد به سێ وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ (فواد حسێن – وهزیری دارایی، نازهنین محهمهد وسو – وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن و حاکم سالار حهبدولستار به وهزیری داد) دامهزرێندران، تائێستا وهک حکومهتی کاربهڕێکهر له کارهکانیان بهردهوامن چاوهڕوانی پێکهێنانی حکومهتی نوێی عێراقن. نۆیهم؛ پۆستەكانی دیكەی كورد لەبەغداد سەرەڕای ئەو پۆستانەی كورد كە تائێستا بەسەرجەم خولەكانی پەرلەمانەوە (372) پەرلەمانتارو (5) ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی و سەرۆك كۆمارو (40) وەزیرو لەگەڵ زیاتر له سهد بریكاری وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به کورد. زیاتر لهوانهش زۆرتر له 30 پۆستی سوپا سالارو فهرماندهی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگری عێراق له پشکی کورد بوون. نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (كێ بەرپرسە لە جێبەجێ نەبونی مادەی 140؟ ئەمریكا، عەرەب، یان كورد؟) كە لە 27/8/2007 دا بڵاویكردوهتەوە ئاماژە بەوە دەكات (با لە نوێنەرەكانی كورد كە لە بەغداد بون و ئیستا لە بەغدادن پرسیار بكرێ: چییان بۆ خۆیان كردوەو چییان بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان كردوە؟ بۆ خۆیان، چەندیان پارەی موچەی وەزیری و ئەندام پارلەمانی وەرگرتووەو دوای گۆڕانییشیان، چەندیان موچەی خانەنشینی وەرگرتوە، چەندیان خانو و زەوی وەرگرتوە، چەند سەیارەیان وەرگرتوە، چەند حیمایەیان دامەزراندوە، چەندیان لە خزم و دۆست و ناسیاوی خۆیان دامەزراندوە، چەند جار سەفەری دەرەوەیان كردوە، چەند عەقدیان ئیمزا كردوە... بەڵام بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان چی یان كردوە؟) لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكەو لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەكی زۆری نوێنەری كورد چۆنەتە بەغدادو بەشداربوون لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتداریدا، بەڵام لەگەڵ زۆری و زەوەندی نوێنەرانی كورد لە بەغداد، نەك هەر پرسە سیاسی و ئابورییەكانی كورد یەكلانەكراونەتەوە بەڵكو ئاڵۆزترو پڕ كێشە تر بوون، لە بودجە، مادەی 140، پرسی پێشمەرگەو نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێم!!!. سهرچاوهکان - محهمهد رهوف، خاکی دابڕێندراو، چاپی یهکهم 2017، لاپهره، 350-365. - وهرزنامهی فۆکهس پرۆسهی حوکمڕانی و ههڵبژاردن له عێراق (2003 - 2021)، ژماره 12ی ئۆکتۆبهری 2021.
(درەو): بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب، دادگای فیدراڵی عێراق کۆبووەوە بە تەماشاکردنی سکاڵای خانەنشینان و دادگا دانیشتنەکەی بۆ رۆژی ٨ی مانگی داھاتوو دواخست. لەسەر سکاڵای ژمارەیەک لە خانەنشینانی ھەرێم ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی بەڕێوەچوو. ئهمه دانیشتنی دادبینی بوو سەبارەت بە یاسای خانەنشینیی گشتی، مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب وەک سەرۆکی حکومەت و وەزیریی دارایی ھەرێم سکاڵاکەیان لەسەر تۆمار کراوە. لە دانیشتنەکەدا، دادگا وتەی سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیانی وەرگرت. مەسرور بارزانی و ئاواتی شێخ جەناب و نوێنەریان ئامادە نەبوو. دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەک لایەنی سێھەم داخڵی پرۆسەی دادبینی کرد و، دادبینییەکەی دواخست بۆ رۆژی ٨ی مانگی داھاتوو. لەم سکاڵایەدا خانەنشینان داوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی ھەموارکراو دەکەن لەبری یاسای خانەنشینیی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە عێراق ھەڵوەشاوەتەوە.