مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ساڵانێکی درێژ کورد بوونەوەرێکی نەبینراوی ناو جیهان بوو، کەسانێکی زۆر کەم دەیانبینی کە زۆربەیان رۆژنامەنوس و نووسەرو ئەم یان ئەو ئۆرگانی بەرگریکردن بوو لە مافەکانی مرۆڤ. لەم قۆناغەدا وێنەی کورد لای ئەو بەشە کەمەی کە دەیانبینی وێنەی میلەتێکی شاخاوی ئازابوو کە بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرتاییەکانی لە خەباتێکی خوێناویدا بوو، وێنەی گەلێک بوو قوربانی دەستی چەند دەوڵەتێکی سته‌مگەر لەناوچەکەداو قوربانتی سیاسەتی ناپاک و مەسڵەحەتخوازیی جیهانیی ئەم وێنەیە دوای فەشەلی شۆڕشەکان و دوای پەلاماردانی ژەهراوی خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی بڕێکی گەورەی نیشتیمانەکەیان، دەبێت بە وێنەی یەکێک لە قوربانییە گەورەکانی ناو مێژووی سەدەی بیستەم. لەدوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمیشەوە، دوای هەڵبەزو دابەزێکی زۆر، وێنەکە لە بەرچاوی جیهاندا دەگۆرێت بۆ وێنەی میلەتێک کە خەریکی بیناکردنی دیموکراسیەت و چەسپانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسایشە، لە ناوچەیەکدا پڕ لە جەنگ و کوشتن و نائارامی. بوو بە وێنەی خاڵێکی رووناک لەناو تاریکییەکی گەورە لە دەوروبەریدا. ئەم وێنەیە گەرچی پروپاگەندەی دوای جەنگی روخاندنی سەدام، بە تایبەتی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکرابوو، بەڵام وێنەیەکی جیهانیی بەربڵاوبوو. سەرجەمی ئەم وێنانە لە دەیەی رابووردودا گۆڕانی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەردا هات. حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی سەرەتا لە لایەن رۆژنامەنووسان و ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و حکومەتی یاسا دەکەن، کەوتنە نووسینی راپۆرتی رەخنەیی و نێگەتیڤ لەسەردەسەڵاتدارانی هەرێم و وردەکاریی گەندەلیی و تالانیی و بێریزیەکانیان بە جیهان نیشانئەدا. ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتیی و ڕێکخراوی هیموان رایت ۆچ و ڕێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ‌سنوور و چەندانی تر رۆلی سەرەکییان بینیی. ئەمانە بێسڵکردنەوە و دوور لە پروپاگەندەی ئەمریکییەکانەوە وێنە راستەقینەکەی هەرێمیان نیشانئەدا کە دورگەیەکە بۆ جەردەیی و بێدادیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دواتر ئەم وێنە نێگەتیڤە، سەرەڕای نکوڵیکردنی دەسەلاتدارانی هەرێم لە راستیی و دروستیی وێنەکە، تا دەهات زیاتر و زیاتر بە جیهانی دەبوو. لەئێستادا هەم ژمارەیەکی گەورە لە رۆژنامەنوسان، ئەوانەی لەسەر هەرێم دەنوسن، نوسینی هێجگار نێگەتیڤ لەسەر دەسەڵاتدارن دەنوسین و ئەو کوشک و کەشتی و بازاڕانەی لەدەرەوەی وڵات بە پارەی دزراوی نەوت کڕدراون و ئەو پارەو سەرمایانەی دزەیانپێکراوەو بەناوی خۆیان و بنەماڵەو کەسانی نزیک لەخۆیانەوە لە بانکەکاندا دانراون، نیشانئەدەن. ھەم هاوکات سەرجەمی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و لە مافی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ژنان دەکەن، دیسانەوە وێنەیەکی هێجگار خراپی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی نیشانئەدەن. ئەوەی تازەیە هاتنە سەرخەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و خودی ئەمریکا خۆشیەتی بۆ نیشاندنی ئەو وێنە ناشیرینەی حوکمڕانانی هەرێم. ئەوەی راپۆرتەکانی جنین پلاسخارت ی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراو و راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و دواهەمین وتاری وینسرۆپ رۆدگەرس لە گۆڤاری فۆرن پۆلسی بخوێنێتەوە، چەسپاندنی ئەو وێنە نێگەتیڤەی لە ئاستێکی تەواو بەرفراوان و جیهانیدا بۆ دەردەکەوێت. لە ڕاستیدا ئەو وێنەیەی لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دروستکراوە، وێنەی کۆمەڵێک دەسەڵاتداری جەردە و بێباک و نابەرپرسیارە کە رۆڵێکی هێجگار خراپ لە ورد و دروشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا دەبینن کە حوکمڕانیی دەکەن. ئەو وێنەیەی کە ئەو راپۆرتە دروستیدەکات وێنەی دوو پارتی سیاسیی خۆسەپێن و ستەمگەر و وێنەی کۆەمڵێک بنەمالەی سیاسیی گەندەڵە لەسەر مۆدێلی شێخەکانی خەلیج، کە کۆمەڵەک شێخی نەوتفرۆش و گەندەڵ و بێبەزەیین. لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمیرکادا وێنەیەک ئامادەیە کە وردەکارییەکانی بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بێ سێ و دوو، ئەیناسێتەوە و رۆژانە لەگەل تەفاسیلەکانیدا دەژیی. راپۆرتەکە باس لەوەدەکات هەردوو پارتە سیاسییەکەی کوردستان هێزی ئەمنی و سەربازیی سەربەخۆی خۆیان هەیە کە بە پێی قازانج و مەسڵەحەتی دەسەلاتدارانی ئەو پارتانە بەکاردەهێنرێن. راپۆرتەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەستوری عێراقی مافی ئەوەی بە حکومتەی هەرێم بەخشیوە کە هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام پارتی و یەکێتی لەباتی ئاسیش و هێزی هاوبەش و نیشتیمانی هەر یەکەیان ئاسایشی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی، هەیە. هەردوو پارتەکە خاوەنی هێزی پێشمەرگەی سەربەخۆی خۆشیانن، هەردووکیان هێزی پۆلیسی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بەناو لە ژێر کۆنترۆلی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدان. هەروەها هەردوو حیزبەکە دەزگای زانیاریی و موخابەراتی سەربەخۆیان هەیە کە بەناو لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدایە. بەشێکیش لەم هێزانە بەبێ هیچ لێپرسینەوە و سزادانێک کاردەکەن و کەس ناتوانێت لە کاروکردەوەکانیان بپرسێتەوە. راپۆرتەکە باس لە دۆخی بێیاسایی و گرتنی لە گۆترە و هەڕەمەکیش دەکات، باس لەوەدەکات زۆرجار هێزەکانی ئاسایش یاسایان پشتگوێخستوە تۆمەتبارانیان بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن، دەستگیرکردووە. لە ژێر سایەی یاسای دژە تیرۆریشدا، و زۆرجار دەستگیرکراوەکان بۆ ماوەی درێژخایەن بەبێ تۆمەت لە زیندانەکاندا دەستبەسەرکراون. ڕاپۆرتەکە هاوکات باس لە پێشێلکردنی سەربەخۆیی دادگاکان دەکات و نیشانیئەدەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ئارەزووی خۆیان ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانیان گرتوە و لە زینداندا گلیانداونەتەوە. باس لەوەش دەکات چۆن سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە هەستیارەکان هەیە و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی سیستمی دادوەریی هەبووە و هەیە. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکەن چۆن کۆی ئەو ماشێنە بیرۆکراسییەی دروستکراوە، لەگەڵ ئەو زانکۆ و ناوەندانەی خوێندی باڵادا کە هەیە، بە حیزبیکراون و حیزب و بەپرسە گەورەکان دەستنیشانی ئەوەدەکەن کێ لەو شوێناندا کاربکات و بەرپرس بێت. بە کورتییەکەی ئەو وێنەیەی بۆ حکومەت و حیزب و حوکمڕانەکانی هەرێم دروستبووە، تەنانەت لای خودی ئەمریکییه‌كان خۆیشیان، وێنەی نوخبەیەکی گەندەڵ و دزە، کە دەسەڵات بۆ قازانج و مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن، سڵ لەوە ناکەنەوە سنووری ئازادییەکانی مرۆڤ تەواو بەرتەسکبکەنەوە، پارەکانیان بە شێوازی جیاواز بنێرنە دەرەوەی وڵات و بەشێوازی جیاواز سپی بکەنەوە، ئینجا هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان ھەبێت کە بۆ بەرگیکردن لە خۆیان و پاراستنی قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتیی خۆیان، دروستکراون. بە کردەوەش هەرێمەکەیان بۆ زۆنی سیاسیی جیاواز لە غیابی لانی هەرەکەمی هەرجۆرە ئیجماعێکی سیاسیی‌دا، دابەشکردبێت. ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە ئەوەیە حکومەتی ئەمریکا هەمان ئەو وێنەی بۆ حوکمڕانەکانی هەرێم هەیە کە ساڵانێکی درێژە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دروستیانکردوە و باسیدەکەن. ئەمریکییەکان وێنەی ئەو دورگە دیموکراس و ئارامەی بۆ هەرێم و دەسەڵاتدارەکانیان دروستکردبوو، گۆڕیوە بە وێنەی هەرێمێک کە کۆمەڵێک خێزان و حیزبی دەسەڵاتداری نابەرپرسیار و گەندەڵ بەڕێوەیدەبەن، بەجۆرێک دۆخێکیشیان دروستکردوە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لێیان هەڵدێن. بێگومان ئەم وێنەیە ساڵانێکی درێژە لەلایەن میدیا و رۆشنبیر و خوێندەوارە بەرپرسەکانی ناو هەرێم خۆیەوە بۆ حوکمڕانانی هەرێمەکە دروستکراوە. لەناوخۆی هەرێم خۆیدا وێنەی نێگەتیڤ و ڕاستەقینەی هەرێم لەلایەن خوێندەواران و رۆشنبیرانی کوردەوە زووتر و بەر لە هەمووان بینراوە و باسکراوە، بەڵام چونکە زمانی نوسین و قسەکردنی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ حوکمڕانانی هەرێمەکەدا زمانی کوردیی بووە، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەش دەستیان بە ژمارەیەکی گەورەی ئەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانە گەیشتوە و سڵیان لە گرتن و راونان و تەنانەت کوشتنیان نەکردۆتەوە، بۆیە توانیویانە بەزۆر خۆیان وەک خاوەنی «خوێنی شەهیدان» و «پیاوی دیموکراسخواز» و کەسانی «سۆشیال دیموکرات» نیشانبدەن. وێنەیەکی درۆزنانە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئێستا ئیتر دونیای دەرەوە بەهەمان ئەو زمانە ئەدوێت کە ڕۆشنبیرانی کورد دوو دەیەیە پێی ئەدوێن و ئەونوسن. ئێستا ئیتر وێنە ڕاستەقینەکە لەبەرچاوی دەرەوە و ناوەوە روون و ئاشکرایە. هەردوولا سەیری هەمان شت دەکەن و هەردوولا هەمانشت دەبینن وەک هەمیشە کاردانەوەی دەسەلاتدارانی ھەرێم بەڕووی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە گەورەیەدا بریتییە لە ئینکارکردن و ئینشانوسین و موزایەدەکردنی سیاسیی و دینیی. یەکێکیان، بەنەفەسی هێزە ئیسلامیی و سەلەفییەکانی کوردستان، ئەمریکییەکان بە بەرگیکردن لە هاورەگەزبازیی تۆمەتباردەکات و کۆی وردەکارییەکانی دروستبوونی ئەو وێنە نێگەتیڤە بە هاورەگەزخوازییەوە گڕێئەدات. ئەویتریان بە زمانێکی ئینشایی باس لە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکان دەکات. سێهەمیش بەشە رەخنەییەکەی کۆمەڵگای کوردیی تۆمەتباردەکات بە دروستکردنی ئەو وێنە نێگەتیڤە. هەموویان ئەو خاڵە دەشارنەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو وێنەیە خودی ئەو عەقڵیەت و ئەخلاقەیە کە وڵاتەکە و خەڵکەکەی وەک موڵکی شەخسی خۆیان سەیردەکەن.
راپۆرتی: هێمن خۆشناو بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له توركیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له وڵاته‌كه‌یان دیموكراسی نیه، ئازادی رواڵه‌تیه و گوشار په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆ سه‌ركوتكردنی ئازادی. پێیوایه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان ئه‌م وڵاته‌یان به سیسته‌م و شێوازی دیموكراتیانه به‌ڕێوه نه‌بردووه و مافی مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا بوونی نیه. باس له هه‌بوونی كۆنته‌رگه‌ریلا و ده‌وڵه‌تی شاراوه له‌ناو ده‌وڵه‌تدا ده‌كه‌ن. چه‌پی تورك له توركیادا دژ به كوده‌تا سه‌ربازیه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه قوربانی داوه. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له ده‌گاته سه‌ر كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه (چه‌پی تورك) ده‌بێته بزوتنه‌وه‌یه‌كی پارادۆكسی و دژ به دونیابینیه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێته‌وه. كاتێك مه‌سه‌له دێته سه‌ر مافه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كلتووری و مێژوویی كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی دیموكراتیانه‌ی هه‌بێت دژ به دیموكراسی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. به شێوه‌یه‌كی گشتی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك بانگه‌شه دژ به داگیركاری ده‌كات، خۆی دژ به ئیمپریالیست و فاشیزم ده‌ناسێنێت. بۆ نموونه هه‌بوونی سوپای ئه‌مریكا له سوریادا به توندی ره‌خنه ده‌كات و ئه‌مریكا به‌هێزێكی داگیركه‌ر له قه‌ڵه‌م ده‌دات. بێ سنوور پشتگیری له ململانێی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ده‌كات دژ به ئسڕائیل، پێیوایه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو مافه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریان هه‌یه. پشتگیری له بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌مریكای لاتینی ده‌كات. بۆ نموونه، پشتگیری ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ده‌كات كه له كۆڵۆمبیا بزوتنه‌وه‌ی (FARC) به‌ڕێوه‌ی بردووه. به توندی پشتگیری له‌و بزوتنه‌وه‌یه كرد كه (نیلسۆن ماندێلا) له ئه‌فریقیای باشوور رێبه‌رایه‌تی بۆ كرد له‌دژی سیسته‌می ره‌گه‌زپه‌رستی. بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێستانه له‌جێی خۆیدایه و مێژووش ده‌ینووسێته‌وه. چه‌پی تورك له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد بزوتنه‌وه‌یه‌ك سۆسیال شوڤێنه! به‌شێكی گرنگ له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك كه مه‌سه‌له په‌یوه‌ست نیه به كورد دیموكراتخواز و سۆسیالیستخوازه، به‌ڵام كه مه‌سه‌له گه‌یشته سه‌ر كورد سۆسیال شۆڤێنیسته. له‌دژی ئه‌و فۆڕمیله چاره‌سه‌ریانه ده‌وه‌ستێته‌وه كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانی كورد به درێژایی مێژوو دهخرێــتهڕوو. كاتێك كێشه‌ی كورد دێته به‌ر باس ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ردوو وشه‌ی (به‌ڵام – نه‌وه‌كو) ده‌كاته رۆژه‌ڤ. بۆ نموونه‌ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك له‌دژی خۆسه‌ری كورد، خوێندن به زمانی دایك و قه‌بوڵكردنی مافی كلتووری كورد به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وه‌ستێته‌وه. بیانووی دژ وه‌ستانه‌وه‌شی به‌م شێوه‌یه فۆڕمیله ده‌كات: ئه‌گه‌ر مافه‌كانی كورد له به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشاندا نه‌بێت له دژی ده‌وه‌ستینه‌وه، ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیشیاندا بێت پشتگیری ده‌كه‌ین. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م ره‌وته سۆسیال شوڤێنه كه بێ ئاگایه له زه‌حمه‌تكێش و كرێكار، به‌ناو ئه‌وانیش قسه ده‌كات، له رووی ستراتیژیه‌وه پاراستنی هه‌ڵوێستی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته كه له بنه‌مدا دژ به كورد فۆڕمیله كراوه. له ئه‌مڕۆشدا ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌مان هه‌ڵوێستی پارتی كرێكارانی توركیایه (TİP). ئه‌م پارته كه هاوپه‌یمانی پارتی دیموكراتی گه‌لانه (HDP)، هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ چه‌ند پارت و رێكخراوێكی دیكه‌ی چه‌پی له‌ناو بلۆكی ره‌نج و ئازادیه‌كان هاوچاره‌نووسن، چاره‌نووسیان بۆ كێشه‌ی كورد لێڵ و ناڕوونه. له رووی سۆسیۆلۆژی، كلتووری و مێژوویی بۆ مافی كورد دیارنیه بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه؟ دیارنیه له رووی ستراتیژیه‌وه بۆ كورد چیان پێباشه و له‌دژی چی ده‌وه‌ستنه‌وه؟ بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له په‌یامه‌كه‌م ده‌رباره‌ی پارته چه‌په هاوپه‌یمانه‌كانی (HDP) ئه‌م چه‌ند پرسیاره ده‌خه‌مه‌ڕوو: یه‌كه‌م: ئایا كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بینن؟ ئایا بۆ كورد پشتگیری له بنه‌مای دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كات؟ دووه‌م: بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی كوردی چی ده‌ڵێن؟ سێیه‌م: بۆ په‌روه‌رده به زمانی دایك بیر له چی ده‌كه‌نه‌وه؟ پێیانوایه كه ده‌بێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زمانی توركی زمانی كوردیش به‌لانی كه‌م له‌ناوچه كوردیه‌كاندا بخوێندرێت؟ چواره‌م: بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد چۆن پێناسه ده‌كه‌ن؟ وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه په‌نای بۆ خه‌باتی چه‌كداری بردووه یان وه‌كو زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت به بزوتنه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ده‌یناسێنن؟ به‌رنامه‌ی (TİP) و پارته چه‌په‌كانی دیكه، تا ئاستێكی دیار دیموكراتی و پێشكه‌وتخوازه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی پڕ كراوه‌ته‌وه. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له دێته سه‌ر كێشه‌ی كورد ئه‌م پارته هاوپه‌یمانانه‌ی كورد، تا ئاستێكی دیار ده‌بنه سۆسیال شوڤێنست. زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر (TİP) و پارته‌كانی دیكه دژ به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به رێگای زه‌بر و زه‌نگ بوه‌ستنه‌وه. چونكه بۆ پارتێكی ناو سیسته‌می سیاسی نابێت پشتگیری له زه‌بر و زه‌نگ بكات، به‌ڵكو پێویسته ململانێی سیاسی دیموكراتیانه و خه‌باتی په‌رله‌مانی به بنه‌ما بگرێت. به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌م پارتانه له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد ناڕوونه، ئه‌م ناڕوونیه‌ش گومانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و نیگه‌رانی دروست ده‌كات. چه‌پی تورك هه‌وڵده‌دات (HDP) وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵی قه‌تیس! بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه روونتر بكرێته‌وه زیاتر باسی هه‌ڵوێستی (TİP) كه هاوپه‌یمانی (HDP) یه، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، له په‌یوه‌ندیه‌كانیدا له‌گه‌ڵ (HDP) هیچ ره‌هه‌ندێكی سیاسی – ستراتیژی نیه. به پێچه‌وانه‌وه (HDP) وه‌كو ركابه‌رێكی سیاسی بۆ خۆی ده‌بینێت. هه‌روه‌ها (TİP) ده‌خوازێت (HDP)په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ی توركیا بپچڕێنێت و خۆی له‌ناوچه كوردیه‌كانی باكووری كوردستان قه‌تیس بكات، له‌م رووه‌وه هه‌وڵ ده‌دات (HDP) بكاته پارتێكی لۆكاڵی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیری (HDP) یش بۆ (TİP) وه‌كو ئه‌ركێك پێناسه ده‌كات. له ماوه‌ی رۆژانی رابردووش‌دا ئه‌م پارته سۆسیال شۆڤێنه به‌چه‌ند رێگا و شێوازێك گوشاری له (HDP) ده‌كرد تا له چه‌ند هه‌رێمێكی توركیادا كاندید بۆ په‌رله‌مانی توركیا دیاری نه‌كات و له جێگای ئه‌مه‌ش داوا له ده‌نگده‌رانی بكات ده‌نگ بۆ كاندیدی (TİP) بده‌ن. له رێگای میدیا گوشار له (HDP) ده‌كه‌ن! میدیای سیسته‌می ده‌وڵه‌ت به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن میدیای ئۆپۆزسیۆنی ناو سیسته‌م، گرنگیه‌كی تایبه‌ت به (TİP) ده‌دات. به‌ڵام هه‌مان ئه‌م میدیایه گه‌ماڕۆ ده‌خاته سه‌ر (HDP) كه سێیه‌مین پارتی گه‌وره‌ی توركیایه و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی كارا ده‌بینێـت. پێناچێت قه‌ڵه‌و كردنی (TİP) له میدیادا به تایبه‌تی له‌م قۆناخه‌دا شتێكی بێ به‌رنامه بێت، به‌ڵكو به‌شێكه له‌م ستراتیژیه‌ی دژ به (HDP) په‌یڕه‌و ده‌كرێت. دوای مكوڕیبوون و جۆرێك له هه‌ڕه‌شه كردن ئیتر (TİP) به ناسنامه‌ی خۆی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌ناو هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كاندا. ئه‌و پارته جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌توانێ له ئیستانبۆڵ به‌ناوی خۆی نه‌وه‌كو ناوی هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كان به‌بێ هاوكاری (HDP)ده‌نگ بێنێت. ئه‌مڕۆ ئه‌م پارته به پشتگیری هه‌ندێك لایه‌نی نادیار له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر داوا ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ده‌خوازێ سه‌ودا بكات، ملكه‌چبوونیش بۆ داواكاری ئه‌م پارته له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌نجامی مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه. بۆ (HDP) تا دوێنێ ناچاری بوو ئه‌مڕۆ ناچاری نیه! له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا چه‌ندین هۆكار هه‌بوو پاڵی به (HDP) نا بچێته به‌ره‌ی چه‌پی تورك. له‌وانه نزیكی دونیابینی و فكری له رابردوودا تا ئه‌و ساتانه، هه‌روه‌ها ئاماده‌نه‌بوونی پارته‌كانی سیسته‌م به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه تا له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته هاوپه‌یمانی ببه‌ستن. به‌ڵام له هه‌موویان گرنگتر بۆ (HDP) ده‌رچوون بوو له قاڵبی پارتێكی لۆكاڵی و خۆ ناساندن به هه‌موو توركیا. (HDP) ویستی له رێگای بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك به توركیا بڵێت، ئێمه پارتێكی جوداخوازنین، وه‌كو ده‌سه‌ڵات پێناسه‌مان بۆ ده‌كات، به‌ڵكو سیاسه‌تی ئێمه هه‌موو هه‌رێمه‌كانی توركیا به هه‌موو ره‌نگه‌كانیه‌وه له باوه‌ش ده‌گرێت. ده‌كرێت بڵێین (HDP) سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕیه‌كان و له‌ده‌ستدانی چه‌ندین ده‌رفه‌ت له خۆناساندن و جێگرتن له‌ناو چه‌ندین هه‌رێمی توركیادا ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێناوه. به‌ڵام هه‌ڵوێست و گوشاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ بۆ له قاڵبدانی (HDP) ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێت ئه‌وه سبه‌ی ئاسته‌نگ و كێشه‌ی گه‌وره بۆ ئه‌م پارته دروست ده‌كات. له هه‌مان كاتدا به‌شێكی زۆری جه‌ماوه‌ری (HDP) داوا له پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، تا له به‌ره‌ی چه‌پی تورك بێته ده‌ره‌وه، به‌م پێیه‌ی ئه‌م پارته‌ش وه‌كو پارتێكی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌ناسێنـێت ناچاره گوێ به‌م داواكاریه شل بكات. راسته بۆ ئه‌وه‌ی به‌رفراوانترین به‌ره‌ی دیموكراسی دروست بكرێت، پێویسته (HDP) له سیاسه‌تدا نه‌رمی بنوێنێت، به‌ڵام هیچ كاتێك ناتوانێ چاو له داواكاری جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌رانی بگرێت. ئه‌لته‌رناتیفی چه‌پی تورك بۆ (HDP) كێیه؟ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد، ناتوانێ تا سه‌ر چاو له‌و مه‌ترسیانه بگرێت كه له چه‌پی توركه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، ده‌بێت رێگای خۆی له‌م بزوتنه‌وه ده‌وڵه‌ت په‌رست و بێ ناوه‌ڕۆكه قه‌تیسكراوه جیا بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ش تا پێش چه‌ند ساڵێك ئاسته‌م بوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆ ئاسته‌م نیه. چونكه خه‌ریكه له ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ده‌وڵه‌ت بزوتنه‌وه‌ی سیاسی نوێ به به‌رگی دیموكراتیانه له‌ناو سیسته‌می سیاسی توركیادا دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی گوتاریشدا بێت، تێڕوانینیان بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد ئه‌رێنیه. بۆ نموونه (Deva) كه له‌لایه‌ن عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت. له ئه‌مڕۆدا هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن: هه‌رچه‌ند (HDP) خۆی له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك دووربخاته‌وه، ئه‌وه‌نده قازانج ده‌كات. ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتووش له‌مباره‌یه‌وه ده‌بنه رێنوێیكار بۆ گۆڕینی ستراتیژی هاوپه‌یمانیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان و توركیادا.
ئامادەکردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی/ تایبەت بە روونبین کێڵگەی شێخان • گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری پێکەوە وەبەرهێنان دەکەن. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا تا ئێستا کۆمپانیاکە دوو گوژمە شایستەی دارایی وەرگرتووە. گوژمەی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم دابوو بریتی بوو‌و لە ٤٩.٥ ملیۆن دۆلار لەم بڕە ٣٨.٨ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی بووە و بڕی ١٠.٧ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵی هەنگاری بوو. ئەم بڕە پارەیە بریتی بوو لەشایستەی مانگی ئابی ٢٠٢٢، کە لە پاش ٥ مانگ وەرگیراوە لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا لە پاش ٣ مانگ شایستەکانیان وەربگرن واتە لەمانگی تشرینی دووەم دا. لەمانگی شوباتدا ئەم دوو کۆمپانیا یەهیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە . گوژمەی دووەم لەمانگی ئازاردا وەرگیراوە، کۆمپانیاکان بەیەکەوە بڕی ٣٤.٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە کە پشکی گۆڵف کیستۆن ٢٦.٩ ملیۆن دۆلار بووە و ئێم ئۆ ئێڵیش ٧.٤ ملیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە شایستەی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بوو واتە دوای ٦ مانگ شایستەکانیان وەرگرتووە. داهاتی وەرنەگیراوی ئەم کێڵگەیە بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ی کۆمپانیاکان بە پێی میکانیزمە نوێکە بریتییە ٩٦.٦ ملیۆن دۆلار کە ٧٦ ملیۆن دۆلاری پشکی گۆڵف کیستۆنەو ٢٠.٩ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵە MOL. داهاتی کۆمپانیان لە کێڵگەی شێخان ( وەرنەگیراوە) داهاتی کۆمپانیاکان لە کێڵگەکە گۆلف کیستۆن ئێم ئۆ ئێڵ تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەم ٩٦.٩ ٧٦ ٢٠.٩ بەڕای ئێمە دواکەوتنی شایستەی کۆمپانیاکان بۆ کەمبوونەوەی داهاتی هەرێم بە هۆی ئەو داشکانە زۆرەی بۆ نرخی نەوتەکەی دەکرێت دەگەڕیتەوە، تاوەکو لە ڕێی ئەو دواخستنەوە بتوانێت بۆشایی کورتهێنانی داهاتی پێ پڕ بکاتەوە کە دەتوانین بڵێین هەموو داهاتی نەوت بۆ مووچە بەکار دەهێنرێت. ئەمە یەکەم جار نییە هەرێم پەنا بۆ ئەم رێکارە دەبات، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دا بەهەمانشیوە شایستەی ٤ مانگی کۆمپانیاکانی دواخست و لە ئەنخامدا لە ماوەی نزیکەی ٢ساڵ دا و بە هۆی بەرزی نرخی نەوتەوە توانی هەموو شایستە دواخراوەکان بداتەوە کە قەرز بوو لای حکومەتی هەرێم. هۆکاری ئەم داشکاندنە بۆ فشارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هەرێم و کۆمپانیاکان لەلایەک وە داشکاندنی زۆر بۆ نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لە بازاڕی نەوتدا بەهۆی گەمارۆکانی رۆژائاوا لەسەر روسیا لەلایەکی تر دەگەڕێتەوە. تێبینی دەکرێت داهاتی کۆمپانیاکان لە مانگی ئەیلولەوە زۆر کەمی کردووە بەراورد بە مانگی ئاب، ئەمەش بۆ پەیڕەوکردنی ئەو میکانیزمە نوێیە دەگەڕێتەوە کە لە ١ی ئەیلولەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشنیازی کردووە و پەیڕەوی دەکات بۆ دیاری کردنی نرخی نەوتی هەرێم. هۆکارەکەش ئەوەیە لەو بەروارەوە نرخی نەوتی هەرێم لە سەر بنەمای تێکەڵەی نەوتی کوردستان (KBT) دیاری دەکرێت لە بەندەری جەیهانی تورکیا دوای داشکاندنی کوالێتی نەوتەکە لە گەڵ تێچوی گواستنەوەی بۆری هەناردەکردن، لە بری میکانیزمە کۆنەکە کە بنەمای دیاری کردنی نرخ بریتی بوو لە بێنچمارکی برێنت. بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان لە ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە میکانیزمە نوێکەی نرخاندن دەبێتە هۆی داشکاندی نزیکەی ١١ دۆلاری تر بەراورد بە میکانیزمەکەی پێشوو کە داشکاندن بوو بۆ نزی برێنت. بە پێی میکانیزمەکەی پێشوو بە هۆی ئەوەی نەوتی شیخان نەوتێکی قورس و کوالێتی نزمە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە بۆ هەربەرمیلێک نەوت دیاری کراوە. بەپێی میکانیزمە نوێ کە، تێكەڵەی نەوتی کوردستانە (KBT) بڕی ١١ دۆلار داشکاندنی تری بۆدەکرێت کە دەکاتە ٣٤ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە نەوتی شێخان دەفرۆشرێت. ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕدا ٨٠ دۆلار بێت ئەوا نەوتی شێخان بە ٤٦ دۆلار دیاری دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە کاتێکدا کۆمپانیاکە گۆڕانکاری پێشنیارکراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی MNR لە میکانیزمی نرخاندنی بۆ فرۆشتنی نەوتی شێخان قبوڵ نەکردووە، گۆڕینی نرخ لە بنەمای برێنت بۆ تێکەڵەی کوردستان ("KBT") کە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ەوە کاری پێدەکرێت، داهات لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لەسەر ئەم بنەمایە دانپێدانراوە، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەدیهاتوو بەراورد بە میکانیزمی نرخدانانی پێشوو لەو ماوەیەدا نزیکەی 12 دۆلار/بۆ بەرمیلێک یان 23.4 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە. داشکاندنی KBT بۆ Dated Brent لە تشرینی دووەمی 2022ەوە توندتر بووەتەوە، کاریگەرییەکانی لەسەر نرخە وەدیهاتووەکانی شێخان لە بەرامبەر میکانیزمی پێشووی نرخدانان لە شوباتی ٢٠٢٣ بۆ ٦ دۆلار دابەزیوە. بەم پێیە لەمانگی شوباتدا داشکانی شێخان بەرانبەر نرخی برێنت بریتی بووە لە ٢٩ دۆلار بۆ بەرمیلێک. لەسەرەتای پەیڕەوکردنی میکانیزمە نوێکەوە نرخی نەوتی شێخان مانگانە بەو بڕەی لەخشتەکەدایە داشکاندنی بۆکراوە بە نرخی برێنت: ئەم خشتەیەی خوارەوە کورتەیەک لە زانیارییەکانی نرخادن بۆ نەوتی هەرێم KBT کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا ١ی ٢٠٢٣، لەوانەش کاریگەری لەسەر نرخە بەدەست هێنراوەکانی شێخان لە بەرامبەر میکانیزمی پێشووی نرخاندن: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە ٤٦،٨٠٠بەرملی رۆژانەبووە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی ئاستی بەرهەمی شێخان بریتی بووە لە ٤٠٠ ,٤٤ بەرمیل نەوت ئەویش بۆ هەندێ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێتەوە بەدیاریکراوی شۆرتی کارەبا لە یەکێك لە بیرەکاندا. کۆمپانیاکە پێشتر لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند بڕیارە لە لە چارەکی چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەڵام کۆمانیاکە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ بەم ئاستەی بەرهەم گەشت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە نزیکەی ٤٩,٩٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ تێکڕای بەرهەمهی گشتی لە مانگی ئازار تا ئێستا نزیکەی ٥٣,٥٠٠ بەرمیل بووە لەرۆژێکدا و لە چەند رۆژی ڕابردووش‌دا ئاستی بەرهەم گەشتە نزیکەی ٥٥,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. واتە بەراورد بە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ئێستا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ٢٠٪ زیادی کردووە. زیادکردنی بەرهەم بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی بیری SH-16 لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە و دەستپێکردنی بیری SH-17 لە لە شوباتی ٢٠٢٣دا دەگەڕێتەوە. بەرنامەی بەردەوامی کونکردن کە پێشکەوتن لە ئەدای کونکردندا پێشکەش دەکات کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت بیری SH-17 لە شوباتی ٢٠٢٣دا تەواو بوو کەوتە بەرهەم، لە ژێر ئەوبەجەی بۆی دیاری کرابوو وە پێش وادەی دیاری کراو. هەڵکەندنی بیری SH-18 بە باشی بەرەوپێش دەچێت چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٣ دەست بپێ بکات بەگوێرەی ڕینمای و بەرنامەی کار. • کاریگەرییەکی کەم لە ئەنجامی ڕاگرتنی کاتی هەناردەکردنی بۆریەکانی هەناردەکردن لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ دوای بوومەلەرزە تورکیا و سوریا . تێچووی بەرهەم هێنانی بەرمیلێک نەوت (OPEX) لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە. کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا. کێڵگەی شێخان ١٧ بیری تێدا هەڵکەنراوەو چاوەڕێ دەکرێت لە چەند مانگی ئایندەدا بیری ژمارە ١٨ ش تەواو ببێت و بکەوێتە بەرهەم. هەروەها ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 . کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوە بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە. یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە: • یەدەگی سەلمێنراو 1P reserves: 199 MMstb • یەدەگی ئەگەری 2P( Probable): 2P reserves: 509 MMstb کۆمپانیای GKP دەڵێت "بەپێی ڕاپۆرتی ("2022 CPR") کە هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆی لایەنی سێیەمی نوێکراوە بۆ یەدەگ و سەرچاوەکانی کێڵگەی شێخان کە لەلایەن ERC Equipoise ("ERCE") ئامادەکراوە. توانای گەشەکردنی بەرچاوی کێڵگەکە نیشان دەدات و بەپێی ڕاپۆرتەکە رێژەی یەدەگی کێڵگەکە P2 دتوانرێت بۆ ماوەی ٣١ ساڵی تر نەوت بەرهەم بهێنرێت لە کێڵگەکە لە سەر بنەمای تێکڕای بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٢". تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە زیاتر لە ١١٧ ملیۆن بەرمیل دەبێت. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ٨مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە و لە چوار مانگی کۆتایی هەمانساڵدا بە ٣٤ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت نرخی نەوتی کێڵگەکە دیاری کراوە. لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا داشکاندنەکە ٢١.٢ دۆلار بووە.
درەو: سایتی بلۆمبێرگی بەریتانی: - بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن بلومبێرگ نیوزەوە بینراوە و لەلایەن فەرمانگەی كەشتیوانی عێراقییەوە لە بەندەری جەیهانی توركیا دەرچووە، تیایدا هاتووە كە توركیا چیتر ڕێگە بە باركردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان ناداتبەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی فیدراڵی عێراق. بەڵگەنامەكە ئاماژەی بە بەرپرسێكی كۆمپانیای بۆتاشی دەوڵەتی توركیا كردووە و فەرمانگەی كەشتیوانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە. - ئەو كەسەی كە ئاشنایە بەو بڕیارە، هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی دوایین تانكەر باركرا، لەوكاتەوە هیچ كەشتییەكی دیكە ڕاپۆرتی ئەوەی نەداوە نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانی باركردێت. ئەو كەسە ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا وەرگرتنی نەوتی لە ڕێگەی بۆری كوردستانەوە ڕاگرتووە. - بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن بلومبێرگەوە كۆكراونەتەوە، لە مانگی یەكدا رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل لە تێرمیناڵی جەیهاندا تێپەڕیوە، كە دەكاتە 1%ی پێداویستی جیهان. بەغدا ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل بۆ جەیهان دەنێرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل دەنێرێت.
راپۆرت: درەو بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا، دەستی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دەكاتەوە بۆ ئەوەی پێشنیازەكانی خۆی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌دا بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، بەبێ ئەمە عێراق دەتوانێت هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت كە رێژەی 77% داهاتی گشتی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت، وردەكاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی نەوتی هەرێم لەدوای بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە، لەم راپۆرتەدا. توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت ؟ كۆتاییەكانی كانونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە یەكلاكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر توركیا تۆماركردبوو. دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس، هەروەك هاوكاتیش بوو لەگەڵ سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە. ئەوكات وردەكاری حوكمەكەی دادگای پاریس ئاشكرا نەكرا، بەڵام بەپێی هەواڵێك كە سایتی (ئارگۆس)ی تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكردووە" دوێنێ شەو عێراق بەفەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە". سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان". ئەم بڕیارەی توركیا، حكومەتی سودانی دەستكراوەتر دەكات بۆ ئەوەی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌دا بۆچونەكانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، بەپێچەوانەوە لەسەر داوای عێراق دەكرێت توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت. ئەم بڕیارەی توركیا دژی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، بەمدواییە ناوچەكە جموجوڵێكی چڕی دیپلۆماسی بەخۆوە دەبینێت، ئێران‌و سعودیە دوای چەندین ساڵ ناكۆكی‌و دابڕان، بەنێوەندگیری چین رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ئیمزا كرد، ئێستا سعودییەكان سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا‌و توركیاش لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان. نەوت بەرامبەر بە ئاو ! ئەم پەرەسەندنە دوای سێ رۆژدێت لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، سەردانێك كە تێیدا رێككەوتن كرا سەبارەت بە دەستپێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی (بەسرە) بە توركیاوە لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە، پرۆژەیەك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، زیانی گەورە بە داهاتەكانی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل) دەگەیەنێت. سەرباری ئەوەی خۆیان هیچ ئاماژەیەكیان بۆ نەكردووە، بەڵام پێشبینی كراوە بابەتی بڕیارەكەی دادگای پاریس سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆی محەمەد شیاع سودانی بوبێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا. هەر لەم سەردانەدا بوو، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانیدا بەوەی بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە زیاد بكرێت. پێشتر‌و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، بەرپرسانی توركیا هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ‌دا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا یەكلابكاتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەن‌و بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن. لەبارەی دۆسیەكەی پاریسەوە لە پرۆژە بودجەكانی ساڵانی 2013و 2013دا، عێراق لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، داوای رادەستكردنی داهاتی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە هەرێمی كوردستانی دەكرد، ساڵی 2014 حكومەتی عێراق رەشنوسێكی نوێی بودجەی هێنایە پێشەوە، ئەمجارە لەبری داهاتی (200 هەزار) بەرمیل، داوای داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە هەرێم دەكرد. ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەی عێراق‌و رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی بە حكومەتی فیدراڵ رەتكردەوە، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی رەشنوسەكە لە پەرلەمان پەكی بكەوێت‌و پەسەند نەكرێت، دواتریش شەڕی "داعش"ی بەسەردا هات‌و ئیتر یاسای بودجە لە 2014دا دەرنەچوو. نوری مالیكی لە كۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا‌و لەسەرەتاكانی 2014دا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئیتر لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" جێبەجێ بكات. هەرێم كە لەساڵی 2003وە بە تانكەر نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"دا بەردەوامیدا بە هەناردەكردنی نەوت بە تانكەر بۆ توركیا‌و ئێران، هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە تاوەكو 2013 بەردەوام بوو، حكومەتی هەرێم كە لە ساڵی 2010وە پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردبوو، لە كۆتاییەكانی 2013دا پرۆژەكەی تەواوكرد، لەو كاتەوە بۆ یەكەمینجار نەوتی هەرێم بە بۆری گەیەندرایە ناو خاكی توركیا‌و لەوێوە لەرێگەی بۆری هاوبەشی عێراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری "جەیهان"و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، لێرەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عێراق‌و توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا. خشتەی بڕی ئەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم بە تانكەر فرۆشتویەتی حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015دا، لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد‌و بەكارهێنانی بۆری عێراق لەم بابەتەدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا دەكرد. كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عێراق لە سكاڵاكەیدا ئەمەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بەو بۆریە هاوبەشە ناوبردووە، كە لەنێوان توركیا‌و عێراقدا هەیە. عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلایەكدا بخەن. سەرباری ئەوەی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا، بڕیاری دادگای پاریس دژ بە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەردەمی كابینەی سودانیدا دەرچوو. نەوتی هەرێم لەژێر گەمارۆدا رۆژی 4ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە ئەنكەرە. ئەردۆغان لەم سەردانەدا داوای لەنێچیرڤان بارزانی كرد، هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتی هەرێم رەوانەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی وزە لەگەڵ توركیا ناودەبرێت، بەڵێنی پێدا دوای گەڕانەوەی، لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا بكات. 11 رۆژ دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنكەرە، رۆژی 15ی شوباتی 2022 دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو. دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەند كرد بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە بەغداد، ئەمە قورسترین بڕیار بوو كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە بەغدادەوە دژی هەرێم دەبچێت، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرباری ئەوەی چەندجارێك وەفدی ناردە بەغداد بۆ مامەڵەكردن سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا، بەڵام بەشێوەی ئاشكرا بڕیارەكەی رەتكردەوە‌و بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی هێنا. رۆژی 24ی نیسانی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كردبووی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كرد‌و تێیدا داوای رادەستكردنی گرێبەستەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقیان بیانگونجێنێت، هەروەها وەزارەتی نەوت داوای پێكهێنانی كۆمپانیایەكی كرد بەناوی "KORC" بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك كۆمپانیایە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵ‌دا بێت، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت. حكومەتی هەرێم داواكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد حكومەتی مستەفا كازمی دواتر چەند هەنگاوێك دژی هەرێم‌و لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵبگرێت، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی نەوتی عێراق نوسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت‌و غاز لە هەرێم كرد، داوای لێ‌كردن گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ بەغداد نوێ بكەنەوە، ئەگەرنا عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكان بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە لە هەرێمی كوردستان كشانەوە. ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان، حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە. تشرینی یەكەمی 2022 كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق دەستبەكاربوو، كابینەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، سودانی بەڵێنی دا بە كورد، لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربكات‌و لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە نەوت‌و غاز بدۆزێتەوە. پێنج مانگی وادەكە تەواو بووە‌و هێشتا یاساكە دەرنەچووە. لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە هەولێرو بەغداد دەستیان بە دانوستانێكی نوێ كردووە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دانوستانەكاندا رەتیكردوەتەوە هەرێم یاسای نەوت‌و غاز‌و ئەنجومەنی نەوت‌و غاز‌و بۆری تایبەت بە هەناردەی نەوتی خۆی هەبێت، بەڵام دانوستانەكان هێشتا بەردەوامن‌و هیچ لایەك بە فەرمی شكستی دانوستانەكانی رانەگەیاندووە. یاسای نەوت‌و غاز فیدراڵ یەكێك لەو یاسایانە بوو كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، لەماوەی (18) ساڵی رابردوودا دووجارو لە ساڵانی 2007و 2011دا رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادەكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغداد، یاساكە لە پەرلەمان پەسەند نەكرا. بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی لە كەرتی نەوت‌و غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ‌دا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵ‌دا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمیش ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ‌و ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن. ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێت‌و گرفت بۆ بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، ئەمە پاڵ دەرچوونی حوكمی كۆتایی دادگای پاریس‌و دەستبەردابوونی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم. دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە. گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات‌و لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوت‌و غازدا. ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێم ناچار بكات هەندێك نەرمی بۆ یەكێتی بنوێنێت، رەنگە بەپێچەوانەشەوە لێكترازانی تەواوەتی لەنێوان هەردوو زۆنەكە دروستبكات. نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەرێژەی 77% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتەكانی، رۆژانە نزیكەی (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات. لەكاتێكدا مانگی ئازار لە دواین رۆژەكانی خۆیدایە، حكومەتی هەرێم هێشتا بەتەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی شوبات دابەش نەكردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ مانگی شوبات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە لە كۆی (680 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بڕی (340 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی. بەپێی هەواڵەكەی سایتی (ئارگۆس)، لە كۆتاییەكانی مانگی یەكدا، كۆمپانیای گەورەی (ترافیگۆر) پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پچڕاندووە، ئەم كۆمپانیایە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە بۆ بازاڕەكان.
(درەو): توركیا دۆسیەی سكاڵاكەی عێراقی لە دادگای پاریس دۆڕاند، دوێنێ شەو بەڵێنی بە حكومەتی عێراقداوە چیتر بەبێ رەزامەندی بەغداد رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەدات. سایتی (ئارگۆس) تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكرد، دوێنێ شەو عێراق بە فەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە. سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" ئەم بڕیارە گورزێكی دیكەیە بەر هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەكەوێت". هەمان سەرچاوە بە سایتەكەی وتووە: توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان. دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس ماوەی نزیكەی نۆ ساڵە بەردەوامە، عێراق لەم دادگایە سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباریكردووە بەوەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، رێككەوتنی ساڵی 1973 تایبەتی بە بۆری نەوتی پێشێلكردووە.
درەو: لەكۆی (954) ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی مانگی شوبات كە دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆنێك و 480 ملیار) دینار تەنیا (340 ملیار) دیناری داهاتی نەوت خراوەتە سەر حساب بانكی وەزارەتی دارایی. بە پێی نوسراوێكی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی كردووە سەبارەت بە داهات و فرۆشی مانگی شوباتی نەوتی هەرێمی كوردستان. - لە مانگی شوباتدا هەرێمی كوردستان (12 ملیۆن و 419 هەزارو 713 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەن بە تێكڕا نرخی (76.83) دۆلار، كۆی داهاتی مانگی شوبات كردوویەتیە (954 ملیۆن و 274 هەزارو 988 ) دۆلار، كە بە نرخی ئەمڕۆ دەكاتە (ترلیۆنێك و 480 ملیار) دینار - ئەگەر بە رێژەی (46%) بۆ خەزێنەی حكومەت و (54%) بۆ خەرجی بێت ئەوا دەبێت: - بۆ خەرجی كۆمپانیاكان: (515 ملیۆن و 308 هەزار) دۆلار كە دەكاتە (799) ملیار دینار - بۆ خەزێنەی حكومەت: (438 ملیۆن و 966 هەزار) دۆلار كە دەكاتە (680) ملیار دینار. بەڵام بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (340) ملیار دینار لە پارەی نەوت دراوە بە وەزارەتی دارایی واتا لە كۆی (680) ملیار دینار، تەنیا (340) ملیار دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی واتا (50%)ی كۆی داهاتی نەوتی گەڕاوە بۆ حكومەت
- ئەو ناوچەیەی ڕۆژێك لەڕۆژان وادەردەكەوت خالێكی ڕووناكی بێت ئەمرۆِ لەتاریكیەكی قوڵدایە - هۆكاری شكستی دیموكراسی و ئابوری لەكوردستان ئەو سەركردانەن كە لەخەمی خۆیاندان - پێویستە خۆرئاوا لێپرسینەوە لەبەرپرسانی كورد بكات لەسەر گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ درەو: پێگەی فۆرن پۆڵەسی ئەمریكی: 🔹چەمچەماڵ شارێكی هەژارنشین و بە سروشت توندن, دەكەوێتە نێوان ڕێگای كەركوك و سلێمانی, ئەم شارە هەندێك جار بە (تەكساس)یش ناودەبرێت, لەتەنیشت یەدەگێكی گەورەی غازی سروشتیە, بەڵاَم دانیشتوانەكەی بەزەحمەت سود لەو سامانە دەبینین كە لەژێر زەوییەكەیدایە, بێكاری بەربڵاوە بەتایبەت لەنێو گەنجەكانیدا. 🔹كوردستان وەك نیمچە دورگەیەكی دیموكراسی و گەشەسەندنی ئابوری لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبرا, بەڵام وادەدردەكەوێت ئەمڕۆ لە تاریكایەكی قوڵدابێت. 🔹دامەزراوە سیاسییەكان دابەشبون, بەهۆی ململانێی ئەو سەركردانەی هاوڵاتیانیان بێبەشكردووە لەئازادی رادەربڕین. 🔹 جیاوازی چینایەتی و نەبونی دەرفەتی كاركردن, بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دروستبونی شەپۆلی كۆچكردن و گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتردا. 🔹ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی كوردەكانی عێراق بەتایبەت لەشارێكی بچوكی وەك چەمچەماڵ, زۆر جیاوازە لەژیانی ئەو دەستەبژێرە سیاسیەی كە لەپرۆژە نیشتەجێبونە ناوازەكانی هەولێرو سلێمانیدا دەژین. 🔹زۆربەی كات ئەم جیاكارییە لەلایەن دیپلۆماتكارەكانی خۆرئاواوە گوێی پێ‌نادرێت, كە بەشێوەیەكی ڕێكخراو لەگەڵ بەرپرسە حزبیەكان و خاوەنكارو گەنجە خوێندەوارەكان كۆدەبنەوە. 🔹ئەگەر جەنگی عێراق و لێكەوتەكانی شتێكی فێركردبێتین, دەبوو پەیوەندییەكانی خۆرئاوا لەگەڵ ناوچەكە لەسەربنەمای بەرژوەندی گەلەكەی بوایە, نەك بەرژەوەندی سەركردە سیاسیەكانی. 🔹لەكاتێكدا كوردستانی عێراق ڕوبەڕوی قەیرانی شەرعیەت بووەتەوە, پێویستە لەسەر خۆرئاوا هەژمون و دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ لێپرسینەوە لەسەركردەكانی كوردی عێراق, لەسەر گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ, لەبری پشتیوانیكردنیان لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە. 🔹پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئازادی ڕادەبڕینیان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان كۆتوبەندكردووە, لەڕێی هێزەوە ڕێگری لەسەرهەڵدانی ناڕەزایی دەگرن, ڕۆژنامەنوسان بەشێوەیەكی ڕێكخراو ڕوبەڕوی دەستگیركردن دەبنەوە. 🔹شكستی دیموكراسی و كێشەی ئابوری لەكوردستان, هۆكارەكەی ئەو سەركردایەتیە سیاسیەیە كە لە خەمی بەرژوەندی خۆیدایەو و لەلایەن سەركردەكانی خۆرئاواوە پشتیوانی دەكرێت, كە بەدەگمەن لەسەر پێشێلكاری و خراپی ئیدارەدانیان بەئاشكرا سەرزەنشیان دەكەن. دەقی راپۆرتەكەی فۆرن پۆڵەسی https://foreignpolicy.com/2023/03/22/iraq-kurdistan-region-democracy-war-invasion-united-states/?tpcc=recirc_latest062921
(درەو): ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هاوپەیمانان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوی كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكەی سنوری پارێزگای دهۆكەوە هەبێت. پاتریك رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریكا هیچ بەشدارییەكی نەبووە لە گەشتی هێلیكۆپتەری هێزەكانی سوریای دیموكراتدا‌و "هەسەدە" هێزێكی سەربەخۆیە‌و ئۆپراسیۆنی تایبەتی خۆی دەكات. لەرووداوی كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكەی سنوری پارێزگای دهۆك، وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وتی:" هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوی هێلیكۆپتەرەكەوە نەبووە‌و بەر لە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە هیچ زانیارییەكیان نەبووە". "هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوبەشێكی گرنگی ئێمە بوون لە روبەڕووبونەوەی داعشدا‌و بەردەوامی دەدەین بەم شەراكەتە، ئێمە لەسەرتاسەری جیهان راهێنان بە زۆر هێز دەكەین، زۆرێك لەوانە ئۆپراسیۆنی تایبەت ئەنجام دەدەن" وتەبێژەكە بەم كۆتایی بە وەڵامی پرسیارەكان سەبارەت بە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سنوری پارێزگای دهۆك هێنا. رۆژی 15ی ئەم مانگە لەنزیك ناحیەی (چەمانكێ) لە سنوری پارێزگای دهۆك، هێلیكۆپتەرێك كەوتەخوارەوەو تێكشكا، رۆژی 17ی مانگ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دوو هێلیكۆپتەریان لە سنوری دهۆك بەهۆی خراپی كەشوهەواوە تێكشكاوە‌و (9) شەڕڤانیان شەهید بووە. هەسەدە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو دوو هێلیكۆپتەرە یەكەیەكی هێزی دژەتیرۆریان تێدا بووە‌و بۆ ئەرك بەرێگاوە بوون بۆ پارێزگای سلێمانی. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تائێستا كەوتنەخوارەوە یەك هێلیكۆپتەر پشتڕاستدەكاتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت ئەو هێلیكۆپتەرانە لەلایەن "گروپێكی ناو یەكێتییەوە" دراون بە هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوە لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات. ئەمە كەیسێكی تری ئەمنییە كە چوەتە پاڵ كەیسەكانی تر لە پەیوەندی نێوان پارتی‌و یەكێتییدا وەكو دوو هاوبەشی سەرەكی‌و پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. توركیاش لەرێگەی میدیاكانییەوە یەكێتیی تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات.
به‌دواداچوونی: هێمن خۆشناو له ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ی رابردوو (20 ئاداری 2023) له‌و كاته‌ی خه‌ڵكی كوردستان خه‌ریكی ئاهه‌نگ گێران و پیرۆزكردنی نه‌ورۆز و هاتنی سه‌ر ساڵی نوێی كوردی بوو، له‌ناكاو هه‌واڵێك سۆسیال میدیای كوردی ته‌نیه‌وه، تا ده‌هات ده‌نگدانه‌وه‌ی رووداوه‌كه زیاتر ده‌بوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی زۆرترین رووبه‌ری میدیا و سۆسیال میدیا له كوردستان و ئه‌وروپا داگیر بكات. به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه:" به بیانووی هه‌ڵكردنی ئاگری نه‌ورۆز عه‌ره‌بێكی هاورده چوار هاوڵاتی كوردی له جه‌ندرێس خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات." (جه‌ندرێس) یه‌كێكه له‌و هه‌شت شاره‌دێیه‌ی سه‌ر شارۆچكه‌ی (عه‌فرین)ﻩ، به‌دووری 22 كم ده‌كه‌وێته رۆژئاوای ئه‌م شارۆچكه‌یه. به گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی 2015 ژماره‌ی دانیشتووانی 50 هه‌زار كه‌س بووه كه زیاتر له 95٪ كورد بوو. به‌ڵام دوای داگیركردنی له‌لایه‌ن توركیا له به‌هاری 2018 دا له رووی دیمۆگرافیه‌وه گۆڕانكاری گه‌وره به‌سه‌ر جه‌ندرێس داهات، 65٪ دانیشتووانه‌كه‌ی له ناوه‌ندی جه‌ندرێس له ترسی ملیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا زێدی باب و باپیرانیان به‌جێهێشت. رووداوه‌كه له زمانی خه‌ڵكی جه‌ندرێس: به‌گوێره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناوه‌ندی شارەدێی جه‌ندرێس قسه‌یان بۆ كردین، له‌و كاته‌ی جه‌ندرێسیه‌كان خۆیان ئاماده ده‌كرد تا مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز ئه‌نجام بده‌ن، ده‌نگی چه‌ند ده‌ستڕێژی ته‌قه ناوچه‌كه ده‌ته‌نێته‌وه. دواتر هه‌واڵی كوشتی چوار كه‌س له خانه‌واده‌ی (پێشمه‌رگه) كه خانه‌واده‌یه‌كی دیاری جه‌ندرێسن به شاره‌دێیه‌كه بڵاوده‌بێته‌وه. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونەكانمان، خانه‌واده‌ی "پێشمه‌رگه "له ئه‌نجامی بۆمه‌له‌رزه‌ی 66ی شوباتی رابردوو خانووه‌كه‌یان رووخاوه. له شوێنی خانووه رووخاوه‌كه‌یان خێوه‌تێكیان هه‌ڵداوه تیایدا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر. له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر شه‌شی ئێواره، له به‌رده‌م خێوه‌ته‌كه‌یان له‌ناو ته‌نه‌كه‌یه‌ك ئاگری نه‌ورۆز ده‌كه‌نه‌وه و له ده‌وری ئاگره‌كه كۆده‌بنه‌وه. له‌م ساته‌نه‌دا (عەلی حەبیب خەلەف) كه عه‌ره‌بێكی هاورده‌ی دێره‌زوره و سه‌ر به ملیشیای (سوپای ئه‌لشه‌رقیه) یه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی (حه‌بیب) به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به به‌ر ئاگره‌كه‌دا ده‌ڕۆن، كه ده‌بینێ ئاگر كراوه‌ته‌وه و چه‌ند كه‌سێك ده‌وری ئاگره‌كه‌یان داوه، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راده‌گرێت و داوایان لێده‌كات ئاگره‌كه بكوژێنه‌وه. كاتێك ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ئاگره‌كه ناكوژێنه‌وه، عه‌لی حه‌بیب كه به (ئه‌بو حه‌بیب) ناسراوه چه‌كه‌كه‌ی راده‌كێشێت و چه‌ند ده‌ستڕێژێك له‌و كه‌سانه ده‌كات. له ئه‌نجامدا ده‌موده‌ست چوار كه‌س له خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه به‌ناوه‌كانی (فه‌رحه‌دین عوسمان پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی محه‌مه‌د فه‌رحه‌دین پێشمه‌رگه و هه‌ردوو براكانی به‌ناوه‌كانی نه‌زمه‌دین عوسمان پێشمه‌رگه و محه‌مه‌د عوسمان پێشمه‌رگه) گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌بو حه‌بیب كێیه؟ چه‌كدارێكی سه‌ر به كه‌تیبه‌ی (خشامه) له‌ناو سوپای (ئه‌لشه‌رقیه) كه ملیشایێكی جیهادی سوننه‌ی سه‌ر به توركیایه. خه‌شام ناوی گوندێكی دێره‌زوره، ئه‌م گونده به دڵره‌قی به‌رامبه‌ر به كورد ناسراون، رۆڵیان هه‌بووه له سه‌ركوتكردنی كوردانی رۆژئاوا له رووداوه‌كانی 12 ئاداری 2004 له قامیشلۆدا. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانمان عه‌لی حه‌بیب چه‌ندین پێشینه‌ی تاوانكاری هه‌یه. له ساڵی 2018 دوای داگیركردنی عه‌فرین به چه‌ند رۆژێك له گوندی (چه‌قه‌لا جومێ) له‌ناو گۆڕه‌پانی یه‌كێك له قوتابخانه‌كان دوو هاوڵاتی به‌ناوه‌كانی (حوسێن عه‌بدولڕه‌حمان حوسێن 24 ساڵی و وه‌لید جمیل ئه‌لسۆرانی 18 ساڵی) ده‌كوژێت. هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و) عه‌لی حه‌بیب چه‌ندین جار ده‌ستی به‌سه‌ر به‌روبوومی دێهاتیه‌كانی جه‌ندرێس گرتووه. دواجار له گوندی (حه‌مام) كه له‌سه‌ر سنووری توركیایه، چه‌ندین ته‌نه‌كه زه‌یتی دزیووه. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، بێمنه‌تی ئه‌م كه‌سه له پشت ئه‌ستووری به فه‌رمانده باڵاكانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌ریه‌ك له (حوسێن حه‌ماده) فه‌رمانده‌ی سوپای ئه‌لشه‌رقیه و (مه‌حمود خه‌له‌ف) فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌ی (خشام) ده‌ست له پشتی ئه‌بو حه‌بیب ده‌ده‌ن، ئامانجیش له‌م كاره‌دا ناچاركردنی كورده‌كانه تا جه‌ندرێس و ده‌وروبه‌ری به‌جێبێڵن. كاردانه‌وه‌ی دوای رووداوه‌كه! شه‌هیدكردنی ئه‌م چوار هاووڵاتیه كورده كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه. به‌هێزترینیشان كاردانه‌وه‌ی كوردانی عه‌فرین به گشتی و جه‌ندرێس به تایبه‌تی بوو به پێشه‌نگی ژنان، كه دوای رووداوه‌كه یه‌كسه‌ر هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و هوتافیان دژ به توركیا و ملیشاكان گووته‌وه. له رێگای كامیرای مۆبایله‌كانیان داوایان له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌یان بگرێته‌به‌ر. له رۆژی سێشه‌ممه‌شدا كه ده‌كاته رۆژی نه‌ورۆز، تا ناشتنی ته‌رمه‌كان خه‌ڵكی جه‌ندرێس له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌دیار ته‌رمه‌كانه‌وه دروشمی دژی داگیركاریان ده‌گووته‌وه، خه‌ڵكی كوردیش له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عه‌فرین به‌ره‌و جه‌ندرێس ده‌هاتن. هه‌روه‌ها گووته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی كرد و بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت داوای له به‌رپرسانی ناوچه‌كه كرد تاوانكاران بدۆزنه‌وه به سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن و ڕێگه له دووباره‌بوونه‌ی تاوانكاریی به‌م شێوه‌یه بگیرێت. چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له رۆژانی داهاتوودا كاردانه‌وه به‌رفراوانتربێت، بڕیاریشه رۆژی چوارشه‌ممه كوردانی ئه‌وروپا له‌دژی ئه‌م تاوانه له‌چه‌ند وڵاتێك گردبوونه‌وه و رێپێوان ئه‌نجام بده‌ن. داوا ده‌كرێت عه‌لی حه‌بیب ده‌ستگیر بكرێت! پۆلیسی سه‌ربازی، كه ناوه‌ندێكی ئیجرائیه دوای داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیا دامه‌رزاوه، له ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌دا له ڤیدیۆیه‌كدا رایگه‌یاند كه ئه‌وان سێ كه‌سیان به‌هۆی تاوانی كوشتنی چوار هاووڵاتی ده‌ستگیركردووه. به‌بێ ئه‌وه‌ی عه‌لی حه‌بیب كه تاوانباری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه‌یه ده‌ستگیركرابێت. به گوێره‌ی زانیاریه‌كان، عه‌لی حه‌بیب له‌لایه‌ن فه‌رمانداره‌كانیه‌وه داڵده‌دراوه، تا كاردانه‌وه‌كان خاو ده‌بنه‌وه. له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی جه‌ندرێسیه‌كان له كاتی ناشتنی ته‌رمی قوربانیه‌كاندا هوتافی ده‌ستگیركردنی عه‌لی حه‌بیب و له سێداره‌دانی ده‌گووترایه‌وه. له هه‌مان كاتدا تا ده‌چێت كاردانه‌وه‌كان به فراوانتر ده‌بن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین سه‌كۆ و كه‌مپین دروستكراوه، كه گرنگترینیان سه‌كۆی جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریه له جه‌ندرێس، كه چه‌ندین رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تی سیاسی و یاسایی له‌خۆ ده‌گرێت. ئایا كاردانه‌وه‌كان ده‌بنه زه‌مینه‌ی سنوورداركردنی پێشڵكاریه‌كان؟ ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پارتی (وه‌حده) كه پارتێكی كوردی سوریه به‌ر له چه‌ند رۆژێك له پێنجه‌مین ساڵیادی داگیركردنی عه‌فرین راپۆرتێكیان له‌باره‌ی پێشێلكاری ملیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا له‌دوای داگیركردنی عه‌فرین بڵاوكرده‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌م راپۆرته، ئه‌م حزبه توانیوویه‌تی له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا، شه‌هیدكردنی 280 هاووڵاتی عه‌فرین له‌سه‌ر ده‌ستی ملیشیا چه‌كداره‌كان به به‌ڵگه پشتڕاست بكاته‌وه. هه‌روه‌ها ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌م حزبه پێشبینی ده‌كات ژماره‌ی قوربانیان به چه‌ند قات له‌م ژماره‌یه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو زیاتر بێت. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه، پێشێلكاری گرووپه چه‌كداریه‌كانی سه‌ر به توركیا له عه‌فرین له رۆژه‌ڤی چه‌ندین ده‌زگای میدیایی و مافی مرۆڤ دایه. به‌ڵام ئه‌م به رۆژه‌ڤبوونه سنوورداره و نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێته سه‌رخه‌ت و داوای سزادانی ملیشیاكان و تاوانباران بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی شه‌وی نه‌ورۆز جیاوازتر دیاره له‌وانه‌ی پێشوو، چونكه دوای داگیركردنی عه‌فرین یه‌كه‌م جاره خه‌ڵكی ناوچه‌كه دێته سه‌ر شه‌قام و به ئاشكرا داوای كۆتایی پێهێنان و ده‌سه‌ڵاتی ملیشاكان و ده‌ركردنیان ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵكوژی جه‌ندرێس ده‌كرێت ببێته وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵكه‌كه به ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و زه‌مینه‌ی به نێوده‌وڵه‌تیبوونی ئه‌م دۆسیه‌یه بێنێته ئاراوه.
درەو: كۆمپانیای ئەجیلیتی كوەیتی لەبەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویكردووەتەوە: 🔹دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا كە سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیە, لەدۆسیەی ناوبژیوانیكردن لەنێوان كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای "ئەجیلیتی"یەو داواكەی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەك پشكداری سەرەكی كۆمپانیاكە تۆماركردووە, بڕیاریداوە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار وەك قەرەبوو بدەن بەكۆمپانیاكە. 🔹 بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆمپانیای ئجیلیتی, دادگای ناوبژیوانی ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر داواكەی "تیلیكۆم عێراق و "ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ" و, داوا لەسەر تۆماركراوەكانی تۆمەتباركردووە بە ئەنجامدانی كاری ڕێكخراو بە ئامانجی بەرتیلدان و فێڵكردن لەبەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق, بەمەبەستی دەركردنی بڕیاری هەڵەو دەستبەسەراگرتنی پشكی هەردوو كۆمپانیاكە لە كۆڕەك تیلیكۆم. 🔹 دادگا بەریتانیەكە فەرمانیكردووە كە داوا لەسەر تۆماركراوەكان, ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو بدەن بەو دوو كۆمپانیایە لەبری زیان و خەرجی یاسایی لەگەڵ سودەكانی, كە (1)ملیار‌و (329)ملیۆن دۆلاری دەدرێت بە كۆمپانیای "ئینتەر ناشناڵ هۆڵدینگ"و (318.7) ملیۆن دۆلاریشی بۆ كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" دەبێت. 🔹 كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای ئجیلیتی كوەیتیە, لەگەڵ كۆمپانیای "ئینەرناشناڵ هۆڵدینگ"كە هاوپیشەی كۆمپانیای ئجیلیتیە, داوایەكیان بەتۆمەتی فێڵ و تەڵەكەكردن دژی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و هەردوو پشكدارە سەرەكییەكەی سیروان بارزانی تۆماركرد, بەوهۆیەوە وەبەرهێنانەكانی هەردوو كۆمپانیاكە, كە بەهاكەی (810)ملیۆن دۆلارە, لەلایەن كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمەوە دەستیان بەسەردا گیرا. لەمانگی نیسانی (2022)دا, میدیای (درەو) زانیاری وردی لەبارەی ئەم دۆسیەیە بڵاوكردەوە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2007), لەوكاتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە كەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی لە كۆمپانیایەكی كوەیتی قەرز بكات بۆ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)، سیروان قەرزەكەی نەداوەتەوە، ئێستا دەبێت حكومەتی هەرێم وەكو كەفیل قەرزەكەی بۆ بداتەوە. دادگای تێهەڵچونەوەی كوەیت لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمێكی دەركرد، بەپێی ئەم حوكمە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (490 ملیۆن‌و 80 هەزار) دۆلار بدات بە كۆمپانیای (ئەجیلیتی). كۆمپانیای (ئەجیلیتی) كۆمپانیایەكی كوەیتییە كە لە بۆرسەی كوەیت‌و دوبەی تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوە لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (كازار كاپیتاڵ بارتنرز) حوكمی داوە، كە سەربە كۆمپانیای (ئەجیلیتی)یە. دۆسیەكە پەیوەندی بە قەرزێكەوە هەیە كە رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2007 كۆمپانیای (كازار) بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە‌و حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە بووە بە كەفیلی كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم). بڕی ئەو قەرزەی كە كۆمپانیا كوەیتییەكە بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە (250 ملیۆن) دۆلار بووە، سودی قەرزەكە لەسەر كۆڕەك تیلیكۆم ساڵانە بە بڕی (7%) دانراوە. كۆمپانیای (كازار) دوای دەرچوونی حوكمی دادگا لەسەر كەیسی ئەم قەرزە، لەدژی حكومەتی هەرێم‌و بانكی نیشتمانی كوەیت، داوای تێهەڵچوونەوەی كردووە، دادگا لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكە حوكمی داوە بە قەرەبوكردنەوەی بڕی قەرزو سودی قەرزەكەی لەو رۆژەوە كە قەرزەكە كراوە. دادگاكە حكومەتی هەرێم پابەند كردووە بەوەی %7ی سودی قەرزەكە بە كۆمپانیاكە بداتەوە تا ئەوكاتەی هەموو پارەكە تەواو دەبێت، ئەمە لەگەڵ دابینكردنی خەرخی ماندووبونی پارێزەرە یاساییەكاندا.
درەو: چێنەر عەوڵا- ئەندازیاری چاككردنەوەی فڕۆكەوانی - كالیفۆرنیا 1 بەدواداچونەکان کۆمەڵێک زانیاری دوپات دەکەوە وە کۆمەڵیک پرسیاری لۆجيکیش بە خەیاڵدا دێن کە ڕەنگە رووی ڕاستی ئەم گەمە ئیستخباریەتیە زیاتر دەرخات! هەروەکو لە پۆستێکی پێشوتردا و لە سەرەتای ئەم ڕوداوە وردەکاریمان خستە ڕوو لە بارەی تەکنیکی فرۆکەکە وە دوو ئەگەرمان دوپاتکردەوە کە یان ئەوەتا هی کۆمپانیا سکوریەتیە تورکیەکان کە ئەوجۆرەیان هەیە و لە ناوچەکانی نزیک بیرەنەوتەکان کاریان هەیە. یان ئەوەتا لەو جۆرانەیە کە خاوەنداریەتی لای کۆمپانیای ئیرباس لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و یەکێتی تۆمار کرابوون واتە هی یەکێتیە و چۆن کەوتۆتە دەست لایەنی تر جێگای پرسیار بوو؟! لینکی بابەتەکەی پێشوترە کە زانیاری زیاتری تێدایە لەو بارەیەوە https://www.facebook.com/100000813880566/posts/5932441616792909/?mibextid=5zvaxg ئێستا کەمێک لێڵیەکان ڕونتر بونەوە و بەڵام گەمە هەواڵگریەکانی لەگەل ئەم ڕوداور قوڵتر بوون. - ئەوە ڕوونبوەتەوە کە ئەم کۆپتەرانە لە ڕێی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی کە لەدەست یەکێتیدایە چەند ساڵێک بەر لەئێستا کڕدراون وە لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەشکراون چەند دانەیەک بۆ هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و چەند دانەیەک بۆ هەولێر گواستراونەوە بەڵام خاوەنداری سەرەکیان ownership certificate یان لای کۆمپانیای ئیرباس هەر بەناوی دەوڵەتی عێراقەوەن بۆیە پێویستە لەگەل هەر ئاڵایەکی تر ئاڵای عێراقیشیان پێوە بێ . چونکە هەرێم و هێزی ئەمنی و ئەوانە ناتوانن راستەوخۆ خاوەنی فرۆکە و کۆپتەر بن. - ئەو زانیاریانەی کە گەشتون و پشت راستکراونەوە لە دوای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و بێ پارە بونی ئیدارەی سلێمانی (یەکێتی حکومەتی مەسرور بارزانی تۆمەتبار دەکات بەوەی بودجەی سلێمانی بڕیوە) بۆیە ئەم دوو کۆپتەرانە کە لەدەست دژە تیرۆردا بوون لەلایەن پاڤێڵ تاڵەبانیەوە فرۆشراون بە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا بە پارەیەکی زۆر زیاتر لە نرخی خۆیان ئەم جۆرە فرۆشتنانە نایاساین بۆیە زیاتر وەکو بەکرێدان وایە چونکە تۆماری خاوەنداریەتیان ناگوازرێتەوە وە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا مافی بونی فرۆکە و کۆپتەریان نیە بەپێی یاسا دەولیەکانی فرۆکەوانی. کەواتە ئەم کۆپتەرانە هەر لە زممەتی عێراقی و هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیدا بوون کاتێک کوردانی سوریا بەکاریان هێناون. - زانیاریەکی تر کە لە داتا نارەسمیەکانی فلایت رادار و چەند دانەیەکی تر تەئکیدی لێ کراوەتەوە ئەم کۆپتەران لە ئاسمانی ناوچەی چیاکانی گارە بوون، کاتێک دانەیەکیان دەکەوێتە خوارەوە. - راگەیاندنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات باسکردن لە گیان لە دەستدانی ٩ ئەندامیان لەگەل ئەوەی ناڕونە گومانەکانیش زیاتر دەکای چونکە زانراوە تەنها یەک کۆپتەر بەر بوەتەوە وە یەک کۆپتەریش ٩ کەسی تێدا جێگا نابێتەوە خۆی ٥ کورسی هەیە، ئەوەی لەسەرەتاوە ئاشکرا کرا کە ٧ تەرم دۆزراونەوە زیاتر ئەگەری راستی هەیە. بەدواداچونەکان لە ناسنامەی ٩ شەهیدەکە ئەگەری ئەوە هەیە دووانیان پێشتر لە شەری مینبەج شەهید بوبن. - بەربونەوەی دوو کۆپتەر بەهۆی کێشەی ئاو هەواوە زۆر دەگمەنە چونکە کۆپتەر خۆی بۆ حالەتی ئاوهەوای سەخت دروستکراوە شوێنێک کە فرۆکە بۆی نەچێ ئەوا کۆپتەر دەنێردرێن بە بەڵگەی ئەوەی هەمان چۆر کۆپتەر لە لایەن پارکە نیشتیمانیەکان و گاردی دەریاوانی ولایەتەکان لە ئەمریکا و تیمەکانی فریاگوزاری بۆ حالەتەکانی سەختی ئاو هەوا بۆ ڕزگارکردن بەکار دەهێنرێن بۆیە ناچێتە عەقلەوە دوو دانە بەهەمان هۆکار بەربنەوە. - گومان دەکرێ کە بەم بیانوە هێزەکانی سوریای دیموکرات دانەکەی تریان گێرابێتەوە بۆ یەکێتی دوای ئاشکرا بوونی ئەم ڕوداوە هەر بۆیە دەڵێن هەردوکیان کەوتونەتە خوارەوە. - پارتی کە پارچەکان و تەرمەکانی لەبەردەستە لە ئێستادا ئەمە وەکو کارتێکی فشار بۆ سەر پاڤێڵ تالەبانی بەکار دەهێنێ تا تەنازولی زیاتری پێ بکات بەرامبەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی وازی پێ لەو بەربەرەکانیە بهێنیە کە ماوەیەکە دەستیان پێکردوە ئەمەش لە داهاتوو ڕونتر دەبێتەوە کە ئایە کاریگەرە یان نا؟ - پارتی تورکیای لەم ڕوداور ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هێشتا پارچەکان و تەرمەکانی تەسلیمی تورک نەکردوە، بە حوکمی ئەوەی تورکیا بە ملیاران دۆلار و لە ئێستادا بایی ١٥٠ ملیار دۆلار ئۆردەری فرۆکەی لەگەل کۆمپانیای ئیرباس هەیە کە دروستکەری ئەم کۆپتەرانەشە لە بیانویەک دەگەرێ کە ئیرباس تۆمەتبار بکات بەوەی کە ئاسایشی تورکی خستۆتە خەتەرەوە بۆیە باس لەوە دەکرێ کە تورکیا داوا لەسەر ئیرباس و فەرەنسا تۆمار بکات یاخود داوای داشکاندن بکات لەو قەرزەی کە هەیەتی. بۆ ئەمەشیان پارچەکانی وەکو بەڵگە زۆر پێویستن و بەدور نازاندرێ پارتی ناچار بکات شتەکانی تەسلیم بکات. - هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایەنی کە خاوەنی ئەم جۆرە لە فرۆکەن بەدوای وەڵامی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەم دوو کۆپتەرەن چونکە ئەگەری ئەوە هەیە هەڵەیەک لە دیزاین یان فەتیگ لە ئیرفرەیمی fatigue in airframe کۆپتەرەکان هۆکاری بەربونەوە بوبن ئەمەش وادەکات هەموو ئەوانە مافی قەرەبویان هەبێ لە کۆمپانیای ئیرباس و وە دەبێ بەپەلە کێشە تەکنیکیە چارەسەر بکرێ. - ئەوەی من زانیومە دەزگای سەلامەتی ئاسمانی نیشتمانی ئەمریکیش بەدوای ئەم وەڵامەدا خەریکی بەدواداچونن. - لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین جێگای سەر سوڕمانە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات چۆن کەوتونەتە ئەم هەڵە ستراتیجیەوە کە کۆپتەری کۆن بە پارەیەکی زۆر و بە بێ رەزامەندی هاوپەیمانان لە پاڤێڵ و یەکێتی بکڕن لەکاتێدا هاوپەیمانان و ئەمریکا بەتایبەت ساڵانە بە ئاشکرا بای دەیان ملیۆن دۆلار یارمەتی چەک و کەرەسەی سەربازیان دەدات بەڵام هۆکاری خۆی هەیە کە موشەکی دور هاوێژ و درۆن‌و و فرۆکەو کۆپتەریان پێ نادات، چونکە پاراستن و سیانە کردنی ئەم جۆرە چەکانە گرینگترە لە بونی چەکەکان کە ژێرخانی پێویست ئامادە نەبێ تا فرۆکەو کۆپتەر سیانە بکەی و pri flight check بکەی کەواتە بونیان کارەسات لێکەوتنەوەی حەتمیە. - ئەم روداوە گومان بێ متمانەی بەرامبەر پاڤێڵ و یەکێتی زیاتر دەکات لای هاوپەیمانانیش کاتێک بەو شێوەیە سەفەقاتی ژێر بەژێر لەگەل ئەم و ئەو بکات ئەی دەبێ لەگەل ئێران کە هاوسنوریەتی و گروپە شیعەکانی دژ بە ئەمریکا چ جۆرە بازرگانی و پەیوەندیەکی ژێر بەژێری گرێ دابێ وەڵامی ئەمەش لە هەڵوێستی ئەمریکا لە داهاتوو زیاتر دەردەکەوێ. —————— وێنەکانیش هەمان جۆر کۆپتەرن لای هێزەکانی یەکێتی و سکێتچی ژمارەی کورسیەکان کە توانای ژمارەی سەرنیشینان ئاشکرا دەکات 2 کۆپتەری دروستکرووی کۆمپانیای ئیرباس هی کێ بوو لە دهۆک کەوتە خوارەوە؟ یەکسەر دوای ئەم ڕوداوە سەرەتا کەناڵی کوردستان ٢٤ ی نزیک لە سەرۆکی حکومەت راپۆرتێکی سەرڤیسی ناوەندە جیهانیەکان کرد کە فرۆکەکە تورکیە و ٧ سەربازی تێدا کوژراون بۆیە کەناڵی عەرەبیە و سەرەچاوە ئینگلیزیەکانی حکومەتی عێراقیش وایان بڵاو کردەوە کە هی تورکیە. چەند ناوەندێکی کەنەدیش هەمان شتیان بڵاو کردەوە. چەند سەعاتێک دواتر وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ کۆپتەرێکیان لە باکوری عێراق نەکەوتۆتە خوارەوە. هەر دوای راگەیاندنەکەی وەزارەتی شەڕی تورکی کەناڵێ ڕووداوی پارتی و باڵی نزیک لە تورکیا لەناو پارتی هەواڵەکەیان گۆڕی وایان بڵاو کردەوە کە دژە تیرۆرەکەیان لێکۆلینەوەی کردوە دەرکەوتوە کۆپتەرەکە هی پەکەکەیە و کوژراوانیش ٧ ئەندامی پەکەکەن ئەم هەواڵەشیان سەرڤیسی ئاژانسە جیهانیەکان کرد. لە ناوەندەکانی ئەلمۆنیتۆر و دەیان ناوەندی تر هەوالەکەیان گۆری کە سەرەتا پشتی بە کوردستان ٢٤ بەستبوو دواتر پشتیان بە روداو بەست بۆ گۆرینی هەواڵەکە. دواتر بەپێی راپۆرتی واشنتۆن پۆست و ناوەندی ئەی بی سی و ئەلمۆنیتۆر و هەمو وئەوانە باسیان کرد قسەکەری پەکەکە ئەم هەواڵەی رەتکردۆتەوە گوتویەتی ئێمە هیچ کۆپتەرێکمان نیە تا بەر بێتەوە. ئێستا: بەپێی ئەو وێنەی لە پاشماوەی تێکشکانی کۆپتەرەکە بڵاو بوتەوە کە رەقەم سریاڵی کۆپتەرەکە دیارە ئەمەش هەرچەند جێگای گومانە کە چۆن رەقەم سریالەکە دوای سوتان و تێکشکان وا ماوەتەوە! بەڵام با وا دابنێین وێنەی رەقەم سریالی کۆپتەرەکە راستیە، لەسەر ئەم ئەساسە بەدواداچونمان کردوە بە پشتبەستن بە aircraft blue book ی ئەوروپی و تۆماری دەزگای چاودێری ئاسمانی ئەمریکی FAA وە certificate data sheet ی خودی شەریکەی دروستکردنی کۆپتەرەکە بەم ئەنجامانە گوشتوین:- - ئەم کۆپتەرە دروستکراوی بەشی کۆپتەرسازی کۆمپانیای ئیرباسی ئەوروپیە و لە ساڵی ٢٠٠٨ لە فەرەنسا لاشەکەی بەستراوە پەروانەو مەکینە رۆتەریەکەی لە ئەڵمانیا بەستراوە. - تەنها وڵاتانی تورکیا، ئیسپانیا سوید، پورتوگال، بەریتانیا، ئیتالیا خاوەنی ئەم فرۆکەیەن بەم sequence serial number ریزبەندی ژمارەی سیریال، ئەمەش لەلایەن ئاژانسی سەلامەتی فرۆکەوانی ئەوروپی بۆیان دیاریدەکرێ. - ئەم فرۆکەیە سەربازی نیە بۆ بوارەکانی مەدەنی و فریاگوزاری لەلایەن کۆمپانیا ئەوروپی تورکیەکان بەکار دەهێنرێت و جێگای ٧ کەسی تێدا نابێتەوە کۆی گشتی هەستانی لە ٢٢٥٠ کیلۆ زیاتر بێ سەنتەری گراڤیتی بە پێشەوەدا دەچێ و هەڵناستێ. - وردەکاریەکانی ئەم فرۆکەیە: کێشی فرۆکەکە ١١٧٠ کیلۆیە و کۆی گشتی هەستانی نابێ لە ٢٢٥٠ کیلۆ زیاتر بێ. تەنها ٥ کورسی لە خۆ دەگرێ واتە ٥ کەس دەتوانێ سوار بێ. فیوسلاژەکەی درێژی ١٠ مەتر و بەرزی ٣ مەتر شتێک زیاترە. توانای ئەسپی پەروانەکە ٨٤٨ ە تا خێرای ٢٤٠ کلم لە سەعاتێکدا دەروا و تەنها دەتوانێ ٤ سەعات بفڕێ بۆ دەووری ٦٦٠ کلم. تەنها ٤٠٠٠ مەتر بەرز دەبێتەوە. پەپێی ئەو وردەکاریە بێ کە روداو باسی کرد ئەگەر هی کوردانی ڕۆژئاوا بێ واتە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێیانداوە! وە ئەمریکا وەها فرۆکەیەکی نیە وە ئەم فرۆکەیە سەربازیش نیە تا سوپای ئەمریکا بەکاری بهێنێ! خۆ ئەگەر ئەندامانی لە سوریاوە گواستبێتەوە بۆ قەندیل ئەوا دوری ئەو دوو ناوچەیە لە ٦٦٠ کلم زیاترە واتە خاریجی توانای گەشتنی ئەم فرۆکەیە بۆیە ڕێی تێ ناچی و لۆجیکی نیە چونکە ٪١٠٠ دەزانی کە ناگاتە ناوچەکە و بەردەبێتەوە. کۆتا ئەنجام:- بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێستا لەبەردەستە ! ئەوەی ئەم فرۆکەیە لە ناوچەیەکی نزیک کۆمپانیای نەوت کەوتۆتە خوارەوە وە فرۆکەکە دروستکراوی ئەوروپیە و کۆمپانیا ئەوروپی و تورکیەکان بەکاری دەهێنن، وە مانگی ١٠ی ساڵی پاریش فرۆکەیەکی هەمان جۆر کەوتە خوارەوە ( وێنەکەی لە خوارەوەیە) لەشاری ئیزمیری تورکیا کە هی کۆمپانیای تایبەتی سەربازی و سکیوریتی تورکی بوو بە ناوی (سادات) کە جەنەراڵی خانەنشینی سوپای تورکیا عەدنان تانریڤەردی لە ٢٠١٢ دامەزراوە بە نزیکیان لە ئەردۆغان ناسراون و کاری سەرەکیان پاراستنی کۆمپانیا تورکیەکان و بیرە نەوتیەکان و سەفارەتی تورکیە لە عێراق و کوردستان و ئیش و کاری گواستنەوە و کەلوپەلی لۆجستییان پێ سپێردراوە هەر لە سوریا‌و بنکەی سەربازی تورکی لە سودانەوە تا لیبیا. وە ئەم کۆمپانیا سکورتیانە هیچ چەکێکی راستەوخۆی تورکی یان سەربازی بەکار ناهێنن بەڵکو کەرەسە مەدەنیەکان دەکڕن و دەیانگونجێنن لەگەل ئەرکە سەربازیە نهێنیەکان. بۆیە لەوانەیە و پێدەچێ هەمان فرۆکە هی ئەوان بێ بۆ کارێکی نایاسایی بەپێی یاسا دەولیەکان نەدەبوایە لە خاکی عێراقیدابێ ئیتر کە کەوتۆتە خوارەوە وەزارەتی بەرگری تورکی ناچارە حاشایی بکات چونکە ئەمە ئابروچونێکی گەورەیە بەر لەئینتخابات بۆ دەسەڵاتی تورکی. پێویستە ئەم ئەگەرەش بخەمە ڕوو ئەگەر ئەم کۆپتەرە هی کۆمپانیای ساداتی پارا میلیتەری تورکی نەبێ ئەوە تەنها وڵاتێکی تر لە ناوچەکە کە کۆپتەری لەو شێوەیەی هەبێ هێزەکانی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیە کە لەبەردەستی یەکێتیە لەسەردەمی جەلال تالەبانی و وە وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانیش چەند کۆپتەرێکی لەو شێوەیان کڕی لە ٢٠١٠ بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و وە وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە ٢٠١٧ هەمان جۆر لە فەرەنسا کڕیوە بەپێی هەواڵی خودی ئیرباس. بۆیە لێرەدا ئەگەر ئەمانە کەوتبنە دەست هەر لایەنێکی تر ئەوا گومان لەوە دەکرێ لەم رێگایەوە بن، ئەمریکیەکانیش لێکۆلینەوە لەم روداوە دەکەن ئەگەر هەیە زانیاری زیاتر ئاشکرا ببێ بەو نزیکانە. لینکی ئەمەش لە کۆمێنتە ————————- لینک و وێنەکان وردەری باسەکە پشت‌راست دەکەنەوە بۆ زیاتر لە سەر ئەم کۆمپانیا تورکیە سەربازیە لینک لە خواروویە https://aircraftbluebook.com/Navigation.do?product=ABB... https://apnews.com/.../iraq-helicopter-crash-pkk-kurdish... https://beta.ctvnews.ca/.../2023/3/16/1_6315578.amp.html https://nationalinterest.org/.../turkish-private-military...
راپۆرت: درەو ساڵی 1999 بولەمەرزەیەك 18 هەزار كەسی كوشت‌و ئەمە ئەردۆغانی گەیاند بە دەسەڵات، بومەلەرزەكەی ئەمدواییە نزیكەی 48 هەزار كەسی كوشتووە، ئایا ئەمە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەخات، كورد هاوپەیمانێتییەكی لەناو خۆیدا دروستكردووە، بەڵام هێشتا لەنێوان دوو ركابەرە سەرەكییەكە (هاوپەیمانێتی گەل‌و هاوپەیمانێتی میللەت)دا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، ئەردۆغان لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدا، لەم راپۆرتەدا. بانگەشە هەیە‌و كاندید یەكلانەبوەتەوە ! لە رۆژی شەممەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە توركیا دەستیپێكردووە، ئەم هەڵمەتە تاوەكو رۆژی 13ی ئایاری داهاتوو بەردەوام دەبێت، رۆژی 14ی ئایار لە یەككاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌و سەرۆكایەتیی لە توركیا بەڕێوەدەچێت. ئەگەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هیچ یەكێك لە كاندیدەكان رێژەی زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان بەدەستنەهێنا، گەڕی دووەم هەڵبژاردن لە 28ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت. بەڵام دەنگدەران هێشتا لیستی كۆتایی كاندیدەكان نازانن، دەبێت تاوەكو رۆژی 31ی ئەم مانگە چاوەڕێ بكەن، چونكە سیاسییەكان دەبێت لە رۆژانی 18 بۆ 23ی ئەم مانگەدا ناوی كاندیدەكانیان پێشكەشی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان (دەستەی سەرپەرەشتیاری هەڵبژاردنەكان) بكەن. ركابەرێتی ئەمجارە ! ركابەرێتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی توركیا لەنێوان چەند هاوپەیمانێتییەكدایە كە ئەمانەن: هاوپەیمانی كۆمار ئەم هاوپەیمانێتییە لە 20ی شوباتی 2018 دامەزراوە، هاوپەیمانێتی نێوان پارتی (داد‌و گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدارە لەگەڵ پارتی (بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست). ئەم هاوپەیمانێتییە سیستەمی حوكمڕانی توركیای لە سیستەمی پەرلەمانییەوە (كە چەندین دەیە بوو بەركاربوو) گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەمەش لەرێگەی هەمواركردنی دەستورەوە لە ساڵی 2017دا. پارتی "یەكێتیی گەورە" سەرباری ئەوەی بەفەرمی نەبووە بەبەشێك لەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام لەزۆرینەی وێستگەكاندا پشتیوانی خۆی بۆ هاوپەیمانێتییەكە راگەیاندووە‌و ئەم چەند هەفتەی دوایی هەوڵی بۆ ئەوە داوە بچێتە پاڵ پارتەكانی ترەوە. هاوپەیمانێتی گەل لەسەر رەوتی (راستڕەوی میانڕەو) ئەژماردەكرێت، پێكدێت لە رەوتی پارێزگاری میانڕەو كە پارتی داد‌و گەشەپێدان نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ رەوتی نەتەوەپەرەستەكان كە دێرینترین رەوتن لەسەر گۆڕەپانی هاوچەرخی توركیا‌و تێڕوانینیان زۆر دور نییە لە تێڕوانینی كۆنەپارێزەكانەوە بەتایبەتیش لەبواری ناسنامەی كەلتوری توركیا‌و رێزگرتن لە میراتی ئیسلامی عوسمانییەكان. لایەنەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە هاوڕان لەسەر دژایەتیكردنی (پارتی كرێكارانی كوردستان)و بزوتنەوەكەی (فەتحوڵا گولەن)و وازیان لە هەندێك لە تێزەكانی لیبرالیزم هێناوە. ئەم هاوپەیمانێتییە یەكەمین هەڵبژاردنی لە 24ی حوزەیرانی 2018دا بردەوە كاتێك كاندیدەكەی (ئەردۆغان) لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە‌و هاوپەیمانێتییەكەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا بە رێژەی 53,7%ی كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان. ئەمجارەش ئەردۆغان دەبێتەوە بە كاندیدی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە مانگی ئایاری داهاتوودا. هاوپەیمانێتی میللەت.. مێزە شەشقۆڵییەكە ئەم هاوپەیمانێتییە لە شوباتی 2022دا لەدایكبوو، لەپێناو هەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵ دروستكرا. ئەم هاوپەیمانێتییە (6) پارتی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت، لە میدیاكانی توركیادا بە "مێزە شەشقۆڵییەكە" ناودەبرێت، پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە ئایدۆلۆژیایان جیاوازە‌و تێكەڵەیەكن لە "عەلمانی ئەتاتوركی"و "نەتەوەپەرەست"و "رەوتی راستڕەوی نەریتەوان". پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە: • پارتی (گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتی (كەمال كلیچدارئۆغلۆ) • پارتی (چاكە) بە سەرۆكایەتی خانم (میراڵ ئەكشنەر) • پارتی (سەعادەت) بە سەرۆكایەتی (تەمەل كەرەمولائۆغلۆ) • پارتی (دیموكرات) بە سەرۆكایەتی (گوڵتەكین ئویساڵ) • پارتی (دیموكرات‌و پێشكەوتن) بە سەرۆكایەتی (عەلی باباجان) كە لە پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە • پارتی (ئایندە) بە سەرۆكایەتی (ئەحمەد داودئۆغلۆ) كە ئەمەش بە هەمان شێوەی باباجان لە پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە لە 13ی شوباتی رابردوودا، ئەم لایەنانە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە لەبارەی رێككەوتنیان سەبارەت بە دووبارە گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانی بۆ حوكمڕانی توركیا. ئەم هاوپەیمانێتییە شەشقۆڵییە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (كەمال كلیچدارئۆغلۆ)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی ئایاری داهاتوو كاندید كردووە. هاوپەیمانێتی ره‌نج و ئازادی كورد پارت‌و رێكخراوە مەدەنییەكانی كورد لە توركیا، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو یەكێتییەكیان لەژێر ناوی هاوپەیمانێتییەكی گشتگیردا دروستكردووە كە نوێنەرایەتی كورد بكات لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا. هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت لە: • پارتی گەلی دیموكرات (HDP) • پارتی كار توركیا (TÎP) • پارتی بزوتنەوەی كرێكاری (EHP) • پارتی ره‌نج (EMEP) • پارتی ئازادی كۆمەڵایەتی (TOP) • یەكێتی ئەنجومەنە سۆسیالیستییەكان (SMF) تائێستا ئەم هاوپەیمانێتییە ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئاشكرا نەكردووە. هاوپەیمانی "ئەتا" پارتی "سەركەوتن" بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكات‌و چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. ئەم هاوپەیمانێتییە بەوە ناسراوە زۆر دژایەتی بوونی پەنابەرانی سوری دەكات لەسەر خاكی توركیا‌و بە دژە عەرەب ناسراوە. وشەی "ئەتا" دەبەسترێتەوە بە ناوی (كەمال ئەتاتورك)ەوە‌و ئەتاتوركیش بەواتای "باوكی تورك" دێت. ئەم هاوپەیمانێتییە (سەنان ئۆغان)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید كردووە. ئەردۆغان بومەلەرزە هێنای؛ بومەلەرزە دەیخات ؟ زۆرینەی چاودێرانی دۆخی سیاسی توركیا، ئەم هەڵبژاردنە بە سەختترین هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان ناودەبەن لەدوای گەیشتنی بە دەسەڵات لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی رابردوودا. دواین راپرسییەكان لە توركیا ئاماژە بەوە دەكەن، كەمال كلیچدارئۆغلۆ كاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بە زیاتر لە 10 پۆینت لە پێش ئەردۆغانەوەیە. راپرسییەكان دەڵێن هاوپەیمانێتی "میللەت" زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان دەباتەوە. هاوپەیمانێتی میللەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانیی توركیا روبەڕووی پارتی "داد‌و گەشەپێدان"ی ئەردۆغان‌و هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەكەی دەبێتەوە كە پارتی "بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست"ە‌و ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە، روخساری سیاسی توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت. راپرسییەكان باسلەوە دەكەن، پێناچێت ئەردۆغان بتوانێت بەسەر هاوپەیمانێتی "میللەت"دا سەربكەوێت، بەتایبەتیش دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی لە ناوچەكانی باشوری وڵات (باكوری كوردستان) دروستبوون سەبارەت بە لاوازی حكومەت لە بەدەمەوەچوونەی خەڵك دوای بومەلەرزە وێرانكەرەكەی ئەمدواییە. بومەلەرزەكە تائێستا نزیكەی 48 هەزار كوژراوی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، ئەمە ناڕەزایەتی لە توركیا دروستكردووە سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت لە دروستكردنی بیناكانی نیشتەجێبووندا. بومەلەرزە گەورەكەی پێشووی توركیا (بوڵنت ئەجەوید)ی سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیای خست‌و ئەردۆغان شوێنەكەی گرتەوە، رەنگە بومەلەرزەكەی ئەمدواییەش ئەردۆغان بخات‌و (كلیچدارئۆغلۆ) بخاتە شوێنەكەی. ساڵی 1999 كاتێك بومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەی (ئیزمیت)ی لە نزیك ئیستانبوڵ هەژاند، رەخنەی توند لە (ئەجەوید) گیرا بەوەی شكستی هێناوە لە دابینكردنی فریاگوزاری بەشێوەیەكی خێرا بۆ خەڵكی ناوچەكە، بومەلەرزەكە نزیكەی (18 هەزار) كەسی كوشت، ناڵەو ئازاری كەسوكاری قوربانییەكان، پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاند بە دەسەڵات، ئێستا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەیانەوێت بەسەر شانی بومەلەرزەكەی ئەمدواییەوە هەمان سیناریۆی ئەردۆغان دووبارە بكەنەوە. سەرباری بومەلەرزەكە، هاوڵاتیانی توركیا توڕەن لە شكستی سیاسی‌و ئابوری سیاسەتەكانی ئەردۆغان، بەتایبەتیش دابەزاندنی نرخی سود كە بوەتەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی هەڵاوسان لە وڵات‌دا. پایزی رابردوو هەڵاوسانی ئابوری توركیا گەیشتە پلەیەكی پێوانەیی لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا، كاتێك ئاستی هەڵاوسانەكە گەیشتە 85%و ئێستا بۆ 55% دابەزیوە. لە سەرەتای 2021وە بەهۆی رەشەبای پێچەوانەی ئابوری‌و سیاسەتەكانی ئەردۆغانەوە، دراوی توركی رێژەی 60%ی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستداوە. لەپاڵ ئەمەدا، لەڕووی بازرگانییەوە توركیا توشی كورتهێنانێك بوەتەوە كە رێژەكەی دەگاتە 38%و فشاری خەرجی بژێویش چینی ناوەندی خستووە‌و لەناو هەژاریدا توشی نائومێدییەكی قوڵ بوەتەوە. لەماوەی دوو دەیەی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان توركیایەكی نوێی دروستكردووە كە تێیدا سیستەمی "پەرلەمانیی" لاوازكراوە‌و گۆڕی بۆ سیستەمێكی "سەرۆكایەتیی" هاوشێوەی ئەو سیستەمانەی كە تێیاندا تاكە كەسێك حوكمڕانی دەكات، ئەمە وایكردووە ئەردۆغان بە "سوڵتانی نوێی توركیا" ناوببرێت، بەتایبەتیش كە دادگاكان‌و دامەزراوەكانی جێبەجێكردنی یاسا‌و خزمەتی شارستانی‌و دامەزراوەكانی هەواڵگری‌و هێزە چەكدارەكان‌و میدیاكانی لە نەیارانی خۆی پاككردوەتەوە‌و خەڵكانی لایەنگری خۆی تێدا داناون، بۆ ئەمەش زیاتر لە هەوڵی كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی 2016 سودی وەرگرت‌و سیستەمێكی سیاسی لە توركیا بەرپا كرد كە بەتەواوەتی دڵخوازی خۆیەتی. میدیا.. چەكی بەهێزی ئەردۆغان سەرباری پاشەكشێكردنی لە راپرسییەكاندا، ئەو سیستەمە سیاسییەی كە لە توركیا دروستیكردووە، وایكردووە هێشتا هەندێك لە چاودێران پێیانوابێت ئەردۆغان هەڵبژاردنی داهاتووش دەباتەوە، بەتایبەتیش خستنەگەڕی میدیاكانی لەبەرژەوەندی خۆی. بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە ئاژانسی (رۆیتەرز) كردویەتی" گەورەترین دامەزراوە میدیاییەكان لە توركیا لەژیێر كۆنترۆڵی ئەو كۆمپانیا‌و كەسایەتیانەدان كە نزیكن لە ئەردۆغان‌و پارتەكەیەوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەك دەستبەسەراگرتنی میدیاكان كە لە ساڵی 2008وە لە توركیا دەستیپێكرد". لە توركیا میدیاكان چاودێرییەكی هەرەمی توندیان هەیە لەسەرەوە، (فەخرەدین ئاڵتون) كە ئەكادیمییەكی نزیك لە ئەردۆغانە، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی حكومەتە‌و ئەو سەرپەرەشتی هەموو ئەو رێنماییانە دەكات كە رەوانەی ژورەكانی هەواڵ دەكرێن لە میدیاكانی توركیا، بۆ نمونە كاتێك بیرات بەیرەق زاوای ئەردۆغان ساڵی 2020 دوای دروستبوونی ناكۆكییەكی بێ پێشینە لەناو بازنەی نزیك لە ئەردۆغاندا، دەستی لە پۆستی وەزیری دارایی كێشایەوە، فەخرەدین ئاڵتون داوای لە ژوری هەواڵی میدیاكان كرد هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەكە بڵاونەكەنەوە تا ئەوكاتەی حكومەت خۆی گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵدەكات. لەدوای ئەو كۆنترۆڵەی ئەردۆغان بەسەر میدیاكانیدا سەپاندووە، بەپێی توێژینەوەی ناوەندێكی ئەمریكی كە ساڵی 2020 ئەنجامیداوە، هاوڵاتیانی توركیا زیاتر روویان لە سەرچاوەكانی تری هەواڵ كردووە لەرێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە، چونكە حكومەت كەمتر كۆنترۆڵی بەسەر ئەمجۆرە میدیایانەدا هەیە. توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون بە بەدیلی میدیا لایەنگرەكانی حكومەت بەتایبەتیش تەلەفزیۆن‌و چاپكراوەكان، بەڵام ئەم تۆڕانەش خاكێكی بەپیتن بۆ هەواڵی ناڕاست‌و چەواشەكارانە. حكومەتی ئەردۆغان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لێنەگەڕاوە، بەشێكی زۆری كۆنترۆڵ كردووە‌و چاودێری لەسەر داناون، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو پەرلەمانی توركیا پڕ كۆتوبەندترین یاسای تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پەسەند كرد، یاسایەك كە كێشمەكێشی زۆری لەسەر دروستبووە‌و دەسەڵاتی ئەوەی بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا بەخشیوە دەست بەسەر ئەو تۆڕانەدا بگرن، ئەمەش وەكو كۆتوبەندكردنی ئازادی رادەربڕین دادەنرێت لە هەر وڵاتێكی دیموكراتیدا. ئیتر لەدوای دەرچوونی ئەو یاسایەوە، دەسەڵاتدارانی توركیا دەتوانن بە تۆمەتی قسەوتن یاخود سوكایەتی بە سەرۆكی وڵات یاخود هەر بەرپرسێكی تر، خەڵكانێك لە زیندان بكەن‌و لەوكاتەوە لەسەر ئەم تۆمەتانە 43 رۆژنامەنوس زیندانی كراون، ئەمە جگە لە زیندانیكردنی نەیارە سیاسییەكان. ئەردۆغان دەسەڵات رادەست دەكات ؟ بەم بارودۆخەوە ئێستا ئیتر كاتی ئەوەیە پرسیار بكرێت لەبارەی ئەوەی ئایا ئەگەر ئەرۆدغان هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی بردەوە، جارێكی تر هەڵمەتی لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی دەستپێدەكات‌و تۆمەتی گەندەڵییان بۆ دەپێچێتەوە ؟ جارێكی تر پێگەی خۆی لە حوكمڕانیدا قایم دەكات‌و ئەندامانی خێزانەكەی لەناو دامەزراوەی حوكمڕانیدا زیاتر دەكات ؟ ئەمە پێشبینی سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە بۆ دۆخی توركیا دوای سەركەوتنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا. ئەی ئەگەر هەڵبژاردنی دۆڕاند، ئایا بەشێوەیەكی ئارام ئاڵای سپی هەڵدەكات‌و دەسەڵات رادەستدەكات ؟ ئەمەش بابەتێكە كە جێگەی نیگەرانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و تەنانەت هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی توركیاشە. خاڵی هێزو لاوازی دوو ركاره‌به‌ر سه‌ره‌كییه‌كه جگە لە ئەنجامی راپرسییەكان، خاڵی هێزو لاوازی تری هەردوو بەرە ركابەرەكەی توركیا بۆ هەڵبژاردن كاریگەری خۆیان لەسەر ئەنجامەكان دەبێت. پەیمانگای واشنتۆن لە شیكارییەكدا دەڵێ" تاكە رێگەی بەردەم لایەنە ئۆپزسیۆنەكان ئەوەیە بچنە گەڕی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، چونكە لە گەڕی یەكەمدا كاندیدەكان زۆرن، لە گەڕی دووەمیشدا دەبێت كار بۆ ئەوە بكەن لەیادی 100 ساڵەی دامەزراندی كۆماری توركیادا، سەرەنجی ئەو دەنگدەرانە بەلای خۆیاندا رابكێشن كە ئەتاتوركیان خۆشدەوێت، لەگەڵ راكێشانی دەنگی ئەوانەی كە لایەنگری پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستن، بەڵام توڕەن لە سیاسەتی ناوخۆیی پارتەكانیان". بەڵام شیكارییەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی بەهێزی گوتاری میدیایی پارتی داد‌و گەشەپێدانەوە بەتایبەتیش "گوتاری دەرەوە"، زۆرێك لەو لایەنگرانەی پارتەكە كە توڕە بوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ ئامێزی پارتەكەیان بۆ ئەوەی جارێكی تر چانسی سەركەوتنی پێببەخشنەوە. لەپاڵ ئەمەدا، شیكارییەكەی پەیمانگای واشنتۆن وای دەبینێت، هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغان‌و بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كێشەی ناوخۆیی نییە، ئەمە بابەتێكە كە بەسەر هاوپەیمانێتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا "هاوپەیمانێتی میللەت" جێبەجێ نابێت، چونكە پێناچێت هاوپەیمانێتییەكەی پارتی گەلی كۆماری‌و پارتی (چاكە- İyi)و پارتە بچوكەكانی تر زۆر بەرگەی مانەوە بگرێت، بەتایبەتیش كە قسە دێتە سەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان‌و پۆستە وزارییەكان". ئەمە جگە لەوەی هێشتا هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان كە نوێنەرایەتی كورد دەكات، هێشتا ئاڵنگارییەكی گەورەیە لەبەردەم هاوپەیمانێتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەوپێیەی پارتی دیموكراتی گەلان ئەجێندای كاركردنی لەگەڵ ئەو پارتانەی تر جیاوازە.
ئامادەكردنی: جیهانگیر سدیق گوڵپی (ده‌رزیه‌ك هه‌م جلی بوكێنی ده‌دورێ و هه‌م كفنیش) ڕه‌سوڵ حه‌مزاتۆڤ ماده و بڕگه‌كانی تایبه‌ت به ماف و پابه‌ندیه‌كان هه‌ریه‌ك له هه‌رێم و به‌غدا به‌رامبه‌ر یه‌كتری له ڕه‌شنوسی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023ی عێراق به‌جۆرێكی ناڕون و لاستیكی داڕیژراون كه ئه‌گه‌ر وه‌كو خۆیان له په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند بكرێن و پاشتریش به‌ربه‌ستیان بۆ دروست نه‌كرێت ئه‌وا هێشتا له‌كاتی جێبه‌جێكردندا ده‌رفه‌ت هه‌یه كه به‌دو شێوازی پێچه‌وانه به ئه‌رینی یانیش به نه‌رێنی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌یش ده‌وه‌ستێته سه‌ر ویستی لایه‌نه‌كان و دۆخی په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌گشتی. هه‌روه‌ك ئه‌و ده‌رزیه‌ی كه هه‌م ده‌توانرێت جلی بوكێنیی پی بدوردرێت و هه‌م كفنیش. له ماده‌كانی 1و 12و13و14دا باس له ئه‌رك و شایسته‌كانی هه‌رێم كراوه: ماده‌ی 1/ یه‌كه‌م/ ب هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاوی عێراق به 3500000 به‌رمیل ڕۆژانه خه‌مڵێنراوه، له‌ناویدا 400 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ی هه‌رێم، وه تێكڕای نرخی نه‌وت به 70 دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل خه‌مڵێنراوه. ئاشكرایه كه هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی به‌كه‌متر له تێكڕای نرخی فرۆشتنی نه‌وتی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ده‌فرۆشی، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا پاشتر چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه ده‌كرێت؟ ئایا نرخی فیعلی فرۆشتنی نه‌وت له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌ژمار ده‌كرێت؟(هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه عێراق به فیعلی نه‌وته‌كه‌ی به چه‌ند نرخێكی جیاواز ئه‌فرۆشێت) ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بێت ئه‌وه ڕێگه ئاسان ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌و ماده‌كانی تر، یان تێكڕای نرخی نه‌وتی خاوی فرۆشراوی عێراق له‌سه‌ر هەرێم هه‌ژمار ده‌كرێن؟ ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بێت ئه‌وه له‌كاتی مه‌قاسه‌دا پشكی هه‌رێم زۆر كه‌م ده‌كات وده‌بێته هۆكارێك بۆ جێبەجێ نه‌بونی ئه‌و ماده‌و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌هه‌رێمه‌وه هه‌یه. بۆیه پێویسته ئه‌م خاڵه به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. زۆریش گرنگه كاربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه عێراق كۆتوبه‌ند و هه‌ڕه‌شەکان له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم هه‌ڵبگرێت تاكو بتوانرێت به‌نرخی به‌رزتر بفرۆشرێت، نه‌وه‌ك عێراق خۆی ببێته هۆی دابەزاندنی نرخی نەوتی هەرێم وەک ئێستا، ئایا عێراق ئه‌وه ده‌كات؟! ئه‌بێ چاوه‌ڕێی ڕۆژو مانگه‌كانی داهاتو بین، به‌ڵام پێویسته لایه‌نی هه‌رێم ئه‌و داواكاریه‌ی هه‌بێت. ماده‌ی12/ یه‌كه‌م تێیدا هاتوه كه پشكی هه‌رێم له كۆی گشتی خه‌رجیه فیعله‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی(النفقات الحاكمة) دیاریده‌کرێت. ماده‌ی12/ دوه‌م تێیدا هاتوه كه پشكی هه‌رێم له‌كۆی گشتی خه‌رجكردنی فیعلی له خه‌رجیه‌كانی ڕه‌وه‌ن و وه‌به‌رهێنان ( النفقات الجاریة و ونفقات المشاریع الاستثمارية) دیاریده‌كرێت، به‌جۆرێك كه زیاتر نه‌بێت له هه‌مان ڕێژه‌ی داهاتە نه‌وتیه‌كان و پشكی گه‌نجینه‌ی عێراق له داهاتی ده‌روازه سنوریه‌كان، ئه‌وه‌یش پاش لی ده‌ركردنی خه‌رجیه سیادیه‌كان. لێره‌دا چه‌ند خاڵیك جێگه‌ی سه‌رنجن و پێویسته گرنگیان پێ بدرێت: 1- له تێكسته‌كانی ئه‌م ماده یاسییانه‌دا پشكی هه‌رێم نه به‌ڕێژه دیاریكراوه وه‌ك ساڵانی پێشتر نه وه‌ك ساڵانی 2018-2021 نوسراوه به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتوان، كه پێویسته ئه‌وه ڕون بێت. 2- له هه‌ردو بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دوه‌مدا ئه‌وه هاتوه كه پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجی فیــعــلـی دیاریده‌كرێت (ئێمه پێشتر له زیاتر له‌وتارێكدا باسمان له نالۆژیكی بونی هه‌ژماركردنی ته‌رخان كراوه‌كانی ناو یاسای بودجه له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلیی هه‌مان ساڵ كردوه و لێره‌دا ناچینه‌وه سه‌ری)، مه‌ترسیی به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی فیعلی لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌ركات به‌غدا بیه‌وێت ئه‌توانێت جگه له خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه، ته‌نها به‌م بڕگه یاسایه نزیكه‌ی 25% ی تری ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه لابدات و پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بڕه‌كه‌ی تر خەرج بكات، چونكه به‌درێژایی ساڵانی ڕابوردو هیچ كات ڕێژه‌ی خه‌رجیی فیعلی عێراق 75%ی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی زیاتر نه‌بوه، بێگومان بۆ ئه‌مساڵیش هه‌روا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌غدا ویستی هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانێت له‌رێگه‌ی سود وه‌رگرتن له‌و بڕگه‌یه‌وه نزیكه‌ی 4 ترلیۆن دینار له بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێم كه‌مبكاته‌وه. 3- ئه‌و دێره‌ی كه له بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌و ماده‌یه‌دا هاتوه كه ده‌ڵێ (نابێت پشكی هه‌رێم زیاتر بێت له ڕێژه‌ی داهاته نه‌وتیه‌كان و پشكی گه‌نجینه له داهاتی ده‌روازه سنوریه‌كان)، شتێكی تازه‌یه له‌ناو یاسای بودجه‌ی عێراق و جۆرێكه له‌مامه‌ڵه‌ی بازرگانیانه، به‌پێی ئه‌و ده‌قه نابێت پشكی هه‌رێم زیاتر بێت له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی داهاته نه‌وتیه‌كان و داهاتی ده‌روازه سنوریه‌كانه‌وه به‌شداری له پێكهێنانی داهاتی گشتی عێراق ده‌كات، واته هه‌میشه ئه‌بێت هه‌رێم زیاتر بداته عێراق یان یه‌كسان بن و هیچ كات عێراق زیاتر له‌وه ناداته هه‌رێم كه لێی وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌یش چه‌كێكه‌و هه‌ركات به‌غدا ویستی هه‌بێت به‌كاری ده‌هێنێت. 4- خه‌رجیه‌كانی سه‌روه‌ر‌ی كه له بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌م ماده‌یه‌دا هاتون 99 بڕگه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ی ساڵانی پێش‌و به‌ده‌رده‌كرێن له هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم، ئه‌و خه‌رجیانه زیاتر له 35-40%ی كۆی خه‌رجیه گشتیه‌كانی بودجه‌ی عێراق پێك ده‌هێنن، خه‌رجیه‌كانی فه‌رمانڕه‌واییش نزیكه‌ی 10%ی بودجه‌ی عێراق پێك ده‌هێنن، به‌مجۆره له‌كۆی (199) ترلیۆنی بودجه‌كه نزیكه‌ی 100 ترلیۆنی ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی پشكی هه‌رێمی له‌سه‌ر هه‌ژمار بكرێت، له‌گه‌ڵ به‌شی پێشمه‌رگه له‌خه‌رجیه‌كانی هێزه وشكانیه‌كانی سوپای عێراقی كه له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوان دیاریده‌كرێت و تا ئێستا بڕه‌كه‌ی دیار نیه چه‌نده، له‌گه‌ڵ تێچوی به‌گه‌ڕخستنی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم كه ئه‌ویش هێشتا دیار نیه چه‌نده. تەرخانکردنی شایسته‌كانی پێشمه‌رگه و تێچوی نه‌وت له‌ناو خه‌رجیه سیادیه‌كان ئه‌وانه دو بابه‌تی ئه‌رێنین و ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست جێبه‌جێ بكرێن واده‌كه‌ن هه‌رێمیش له خه‌رجیه سیادیه‌كان سودمه‌ند بێت كه مافی خۆیه‌تی. به‌ڵام ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت كه سه‌باره‌ت به‌شایسته‌ی پێشمه‌رگه هه‌ر ئه‌و ده‌قه له‌یاسای بودجه‌ی 2018 یش هه‌بو و جێبه‌جی نه‌كرا، له‌یاسای 2019یش به‌جۆرێك هه‌بو و جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌یاساكانی 2007-2015 هه‌بو و جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌كاتێكدا خه‌رجیی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له دامه‌زراوه‌ی ئاسایشی عێراقی له‌ناو خه‌رجیه سیادیه‌كان پێویسته په‌یوه‌ست نه‌كرێت به بابه‌تی ڕاده‌ستكردنی داهات و كێشه‌كانی تری پشكی بودجه‌ی هه‌رێم هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو بڕگه‌كانی خه‌رجی سیادی به‌ده‌رن له‌و هاوكێشانه، گرنگه له یاسای بودجه‌دا بڕێكی دیاریكراو بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان بكرێت وه‌ك به‌شێك له خه‌رجیه سیادیه‌كان و به‌ده‌ر له هاوكێشه و گرفته‌كانی پشكی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. خه‌رجیه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم ته‌نها خه‌رجیی به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو نین، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆ عێراق تێچوی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌گشتی هاتوه پێویسته بۆ هه‌رێمیش به‌و جۆره بێت، ئه‌بی میكانیزمی ڕونتر بۆ دیاریكردن و خه‌رجكردنی تێچوی نه‌وتی هه‌رێم دابنرێت، چونكه له‌ساڵی 2010ه‌وه تاكو ئێستا چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تێچوی نه‌وتی هه‌رێم له‌هه‌مو رێككه‌وتنه‌كان و هه‌وڵه‌كانی رێككه‌وتن و له یاساكانی بودجه‌دا یه‌كێك بوه له گرفته هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كان. له‌كاتێكدا كۆی نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك به‌شێك له‌نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق بۆیه پێویستیشه بچێته ژێرباری ته‌واوی تێچوه‌كه‌یه‌وه، سه‌باره‌ت به‌زۆری تێچوی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌وه عێراق ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی هه‌مئاهه‌نگیكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی به‌شدار له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕۆڵ بگێڕێت له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ی تێچوی نه‌وتی هه‌رێم. له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێویسته به‌شی هه‌رێم له به‌كاربردنی ناوخۆیی نه‌وتی عێراق ڕه‌چاو بكرێت، چونكه عێراق ڕۆژانه زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له به‌رهه‌مه‌كه‌ی ته‌نها بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی ته‌رخان ده‌كات. ماده‌ی 13/یه‌كه‌م له بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی 13 دا هاتوه كه پاكتاوی شایسته‌ی دارایی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكرێت له 2004-2022، ئه‌م ده‌قه له‌هه‌مو یاسكانی بودجه‌ی عێراق له 2006ه‌وه تاكو ئێستا هاتوه، له‌هیچ یه‌ك له‌و یاسایانه‌یشدا جێبه‌جێكردنی نه‌كراوه‌ته مه‌رجی پیشوه‌خته بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم، به‌م ڕه‌شنوسه‌ی ئێستا و به‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021یشه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه كه بریاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ به‌نایاسایی ناساندنی ناردنی 200 ملیار مانگانه بۆ هه‌رێم یه‌كێك له پاساوه‌كانی ئه‌و خاڵه بوو، بۆیه زۆر پێویسته ئه‌و خاڵه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. ماده‌ی 13/ دوه‌م /أ تێدا هاتوه حكومه‌تی هه‌ریم پابه‌ند ده‌بێت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو به‌بڕێك كه نابێت ڕۆژانه له 400 هه‌زار به‌رمیل كه‌متر بێت. وا باشتره ئه‌و ده‌قه به‌جۆرێكی تر دابرێژرێت كه له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی بودجه‌دا بگونجێت، چونكه یه‌كێك له‌ئه‌ركه سه‌ره‌كیه‌كانی بودجه خه‌مڵاندنه نه‌وه‌ك حكومدان و پابه‌ندكردنی لایه‌نێك به هه‌نارده‌كردنی برێكی دیاركراو چونكه بڕی هه‌نارده په‌یوه‌سته به بڕی به‌رهه‌مهێنان وهه‌لومه‌رجی گواستنه‌وه‌و بازاڕه‌وه، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌یش هۆكاری كارتێكه‌ری خۆیان هه‌یه‌و زۆرجاریش له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌كان و كۆمپانیاكانیش نابێت به‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌دا زاڵ بن و به‌ته‌واوه‌تی پابه‌ندبن به بڕی به‌رهه‌م یان بڕی هه‌نارده‌وه، ئه‌مه بۆ عێراقیش وایه به‌ڵام عێراق له‌یاساكه‌دا ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌و نه‌نوسراوه نابێت كه‌متر له 3100000 سێ ملیۆن سه‌د هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه هه‌نارده بكات، ئه‌م خاڵه جگه له‌وه‌ی له‌ڕوی لۆژیكی ئابوری و هونه‌ریه‌وه ناكۆكه له‌گه‌ڵ سروشتی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی بودجه‌ی خه‌مڵێنراویش ناگونجێت، له‌هه‌مان كاتدا ئێمه ئه‌زمونمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و جۆره مامه‌ڵه كردنانه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م و هه‌نارده و بودجه له‌ڕبوردودا بونه‌ته گرفت و هۆكاری تێكچونی ڕێككه‌وتنه‌كان له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وه‌ك ئه‌و گرفته‌ی كه له چوار مانگی سه‌ره‌تای 2015 بۆ ڕیككه‌وتنی نێوان هه‌رێم به‌غدا دروست بوو. ماده‌ی 13/ دوه‌م/ب تێیدا هاتوه كه هه‌رێم پابه‌نده به ڕاده‌ستكردنی داهاته نانه‌وتیه‌كانی به به‌غدا به‌پێی یاسای كارگێڕیی دارایی ئیتیحادی، بۆ ئه‌وه‌یش دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی به هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم هه‌ڵده‌ستێ به وردبینیكردنی ئه‌و داهاتانه. لێره‌دا دو خاڵ شیاوی له‌سه‌ر وه‌ستانن: 1- ئایا داهاته ئیتیحادیه نانه‌وتیه‌كان كامانه‌ن؟ ئه‌مه له‌هه‌یچ ده‌قێكی یاساییدا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆچونی به‌غدا وایه كه هه‌مو داهاته‌كانی تری جگه له‌داهاته نه‌وتیه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌یش دروست نیه. ده‌یان و ده‌یان ساڵه له‌هیچ ده‌وڵه‌تێكدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فیدراڵیش نه‌بێت ئه‌و چڕبونه‌وه‌ییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داهات باوی نه‌ماوه‌و كاری پێناكرێت نه‌ك له ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌هه‌رێمه‌كان له‌عێراق نه‌گونجاوه كه به‌پێی ئه‌و یاسایه پارێزگاكان جگه له پشكی بودجه‌ی ئیتیحادی چه‌ندین داهاتی تری خۆیان هه‌یه، شیاوه كه داهاتی گومرگه‌كان و به‌شێك له باجه‌كان به‌تایبه‌تیش باجی ده‌رامه‌ت به داهاتی ئیتیحادی هه‌ژمار بكرێن نه‌وه‌ك هه‌مو باج و ڕوسمات و پێبژاردن و كرێیه‌ك له‌هه‌مو شار‌و شارۆچكه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ك به داهاتی ئیتیحادی هه‌ژمار بكرێت، یانیش ته‌نها ئه‌و داهاتانه به‌داهاتی ئیتیحادی هه‌ژمار بكرێن كه به‌پێی یاسا ئیتیحادیه‌كان ده‌سه‌پێنرێن یان وه‌رده‌گیرێن. 2- به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی ده‌بێ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێریی ئیتیحادی وردبینی ئه‌و داهاتانه بكات، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م ڕه‌شنوسه‌دا هاتوه‌و ڕۆڵی سه‌ره‌كی به‌دیوانی چاودێری ئیتیحادی دراوه. له هه‌ر بڕگه‌و ماده‌یه‌كی تردا ئه‌و بابه‌ته به‌و جۆره هاتبێت ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادیه. ماده‌ی 13/ دوه‌م/ ج تێیدا هاتوه كه وه‌زاره‌تی دارایی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه پابه‌ند ده‌بێت به پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌ی مانگانه به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، وه‌پێویسته وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی مانگانه بنرێت بۆ فه‌رمانگه‌ی ژمێركاری له‌به‌غدا، هه‌ر‌وه‌هاو بۆ هه‌ر سێ مانگ جارێك پاكتاوی ئه‌رك و پابه‌ندیه‌كانی هه‌ردولا بكرێت پاش وردبینكردنیان له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری داراییه‌وه. ماده‌ی 13/ دوه‌م/د تایبه‌ته به‌پاكتاوكردنی ئه‌و قه‌رزانه‌ی بانكی بازرگانیی عێراق كه له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمن له‌ڕیگه داشكاندنی پشكی مانگانه له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 7 ساڵدا له مانگی كانونی دوه‌می 2023وه. ماده‌ی 14 ئه‌م ماده‌یه له حه‌وت بڕگه پێكهاتوه، كه تایبه‌تن به دانان و جوڵه‌پێكردنی داهاتی نه‌وتی خاوی فرۆشراوی هه‌رێم و چاودێری و وردبینیكردنی، هه‌روه‌ها پێكهێنانی لیژنه‌ی پێداچونه‌وه‌ی گشتی بۆ ماوه‌كانی پێش‌و بۆ پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌نه‌وت و گاز. وه ئاماژه كردن به‌وه‌ی كه بڕگه‌كانی ئه‌م ماده‌یه كاریان پێده‌كرێت تاكو ئه‌وكاته‌ی یاسای نه‌وت و گاز ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. وه پێك هێنانی لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ هه‌ركێشه‌یه‌ك كه له‌نێوان هه‌ردولایه‌ندا سه‌رهه‌لده‌دات پێشكه‌شكردنی ڕاسپارده له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ بڕیار له‌سه‌ر دانی. به‌گشتی ڕه‌شنوسی ئه‌م یاسایه سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم و پابه‌ندیه‌كانی جیاوازیی به‌رچاوی تێدایه له‌گه‌ڵ یاساكانی بودجه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابوردوو، له‌ڕواڵه‌تدا مامه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌رێنیتره له‌گه‌ڵ هه‌رێم، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به هه‌ڵوێسته توند‌و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌كانی به‌غدا له سێ ساڵی ڕبوردودا به‌تایبه‌تتریش پاش بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ به‌نایاسایی ناساندنی پرۆسه‌كانی نه‌وت له‌هه‌رێم. به‌ڵام گرفتی ئه‌م ڕه‌شنوسی یاسایه‌یش ئه‌وه‌یه كه ئه‌رك و مافی هه‌ردوو لایه‌نی به‌وردی و به‌ژماره دیارینه‌كردوه و، ده‌رفه‌تی زۆر تێدا به‌جێهێڵراوه بۆ هه‌ردو لایه‌ن به‌تایبه‌تیش بۆ به‌غدا، تاكو به‌پێی ویست و هه‌ڵوێست و ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كان لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، هه‌ربۆیه چه‌ند ده‌توانرێت به‌ئه‌رێنیه‌وه سه‌یری ئه‌م ڕه‌شنوسه بكرێت به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌یش ده‌كرێ به هه‌ستیاری و ته‌نانه‌ت به نه‌رێنیش لێی بڕوانرێت.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئەم ساڵ، بیست ساڵ بەسەر روخاندنی رژێمەکەی سەدام حوسیندا تێدەپەڕێت. جەنگی ئەمریکا دژ بەم رژێمە لە بەرە بەیانی رۆژی ٢٠ مارتی ساڵی ٢٠٠٣دا دەستپێکرد و سێ هەفتە دواتر، لە رۆژی ٩ نیساندا، بەغدای پایتەختی ولاتەکە گیرا و ئەو حوکمڕانییەی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ ەوە بە تێکەڵەیەک لە ترس و پاداشت، کوشتن و گرتن و ڕاونان، بە هێزی ماشێنەکانی سوپا و ئاسایش و موخەبارات، بە پارەی زۆری ئابوریی رەیعی نەوت و بە کۆمەکی دەیەها وڵاتی ناوچەکە و جیهان، بە کۆمەکی ئایدۆلۆژیای پان عەرەبیزم و دواتریش جۆرێک لە ئیسلامیزم، دروستیکردبوو، کۆتاییپێهات. داگرتن و روخانی پەیکەرە گەورەکەی سەدام حوسەین لە ناوەڕستی شاری بەغدادا رەمزی کەوتنی حومکرانییەکەی ئەم دیکتاتۆرە و پارتە سیاسییەکەی بوو. لەگەڵ کەوتنی بەعس لە عێراقدا کۆتاییش بە شێوازێک لە دەوڵەتی مەرکەزیی هات کە دیکتاتۆرێکی ئایدیۆلۆژیی، لە پایتەختی وڵاتەکەوە و لە ڕێگای ئەو دەزگایانەی لەسەرەوە باسمکردن، حوکمی سەرجەمی ولاتەکەی دەکرد. دیکتاتۆرێک بەناوی عێراق و ئومەی عەرەبییەوە قسەیدەکرد و خۆی بە هەڵگری پەیامێکی مێژوویی دەزانیی و باسی لە ئازادیی وڵەتەکەیی و جیهانی عەرەبیی، دەکرد. خستنی ئەم سیستمە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هاوشان بوو بە لەدایکبوونی خەونی بە دیموکراسیکردنی وڵاتەکە، دروستبوونی دەوڵەتی یاسا و گەشەدان بە سیستمێک ڕێزی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بگرێت، کەمینەکانی ولاتەکە لە پەژارەی کەمینەبوون رزگاریان بێت و ژنان و گروپە پەراوێزییەکان هەلی پێشکەوتنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی یەکسان بەدەستبهێنن و هەمووان ببن بە هاوڵاتیی یەکسان و خاوەن ماف. هەر لەیەکەمین رۆژی کەوتنی بەغداوە دەرکەوت وەدیهێنانی ئەم خەونە پێویستی بە موعجیزەیەکی گەورە هەیە، لە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەعس بەسەر پایتەختەکەدا، یەکەمین شت کە روویدا تاڵانیی و دزیی و ڕاو و ڕوتێکی هەلایەن و کەم وێنەبوو. ئەوەی قابیکی دزین و تاڵانیکردن بوو دزرا و تاڵانی کرا. تۆڵەی سیاسیی دەستیپێکرد و گروپی چەکداری بچووک لە هەموولایەکەوە دروستبوون. لە ئێستادا هێلە سەرەکییەکانی مێژووی ساڵانی دوای کەوتنی بەعس لای زۆرینەی عێراقییەکان ئاشکرایە. کابوسی بەعس کۆتایی پێهات، بەڵام خەونی بە دیموکراسییکردن و دادپەروەریی و هاوڵاتی خاوەن ماف و ڕێز هەرزوو پوچ و بەتاڵکرایەوە. ئەوانەی دوای بەعس هاتنە سەر حوکم، نەک تەنها هێزگەلێکی تەواو نادیموکراس و نامۆ بە لانی هەرەکەمی مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتنی ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتەبوون. بەڵکو کەوتنە تالانکردنی وڵاتەکە بەهەمان ئەو شێوەیەی بەغدا لەیەکەم رۆژی دوای ئازادبوونیدا، تاڵانکرا. دەرکەوت ئەو نوخبە سیاسییە تازەیەی هاوتنەسەرحوکم نوخبەیەکی تاڵانچیی عەیار بیست و چوارن، یەکێک لەو شتانەی کەوتنە تاڵان‌کردنی کەرەستەخاوە سەرەکییەکەی ولاتەکە، نەوت، بوو. زۆربەی ئەوانەی هاتنە سەرحوکم کەسانێک بوون لە ململانێ و جەنگیاندا لەگەڵ بەعسدا، وەک بەعس و خراپتریان لێهاتبووە، بەڵام بەعسێک ئەمجارەیان بە بەرگ و پۆشاکێکی دینییەوە، بە بەرگێکی سەلەفیی و بە بەرگێکی شیعیی و بەبەرگێکی ئیخوانییەوە، هتد... بەڵام بە حوکمی ئەوەی ئەمانە لەناوخۆیاندا نوخبەیەکی دابەش و فرە ئینتیما و فرە مەزهەبی جیاوازبوون، نەیانتوانی ئەو کۆگیریەی بەعس بە هۆی هێز و پارەی نەوت و توندوتیژیی و پاڵپستی دەرەکییەوە دروستیکردبوو، دروستبکەنەوە. وڵاتەکە بە کردەوە دابەشبوو بەسەر کۆی ئەو لایەنانەدا کە هەریەکەیان لەناوچەی نفوزی خۆیدا حوکمران و دەوڵەتێکی سەربەخۆبوون. شتێک لەو سیستمە مەرکەزییە توندڕەوە نەمایەوە کە لە پایتەختەوە هەموو وڵاتەکەی حوکمدەکرد. بە کردەوە ناوچەی نفوزی هەر هەزێکی سیاسیی بوو بە پایتەختێکی بچووک و دەسەڵاتدارانی ناو ئەو هێزە حوکمی ناوچەکە و حوکمی هێزەکانی تری لە خۆیان لاوازتریان، دەکرد. ئەو سیستمی دوو ئییدارەیی و دوو زۆنییەی ساڵانێکبوو لە ژێر دەسەڵاتی دوو حیزب و دوو بنەماڵەی سیاسی‌دا لە کوردستاندا دروستبووبوو لە سەرتاپای عێراقدا دروستکرایەوە و بە کردەوە وڵاتەکە بوو بە کۆمەڵێک زۆنی جیاواز کە هێزی جیاواز حوکمرانبون لەناویدا. بە شێوەیەکی گشتی مێژووی ئەم هێزانە لە بیست ساڵی رابردوودا مێژووی بەگژاچوونەوەی یەکتریی و بەگژاچوونەوەی دەوڵەت بەمانا مەرکەزیی و هاوبەشەکەی، مێژووی دروستکردنی میلیشیا و سێنتەری تایبەتی دەسەڵاتە، مێژووی کاری پێکەوەیی نایاسایی و نانیشیتیمانییەی جەندان هێزە لەگەل ولاتانی دراوسێدا. ئێستا، بیست ساڵ دواتر، ئەوەی دەیبینین جۆرێکە لە حومکڕانی لە غیابی بوون و ئامادەگیی هەر سیستمێکی حوکمرانیی کۆگیردا. لە ڕاستیدا شتێک لە عێرقدا بە ناوی سیستمی حوکمڕانییەوە بوونی نییە، ئەوەی هەیە، دوای تێپەڕین بەناو ئەزموونی زەرقاوی و بەغدادی و خەلافەتەکەی داعش و دروستبوونی حەشدی شەعبیی و نموونە کوردییەکەی حوکمرانی لە هەرێمدا، بریتییە لە دروستبوونی کۆمەڵێک تۆڕی پەیوەندیی کە لە راستیدا تۆڕی قازانجی نایاسایی و تۆڕی گەندەڵیی و تۆڕیی میدییایی ئاراستەکراو و تۆڕی ئەمنیی و تۆڕی میلیشیایی و تۆڕی ئیقلیمی هەمەجۆرە. ئەم تۆڕانە کۆمەڵێک حیزب و کەسایەتی سیاسیی و دینیی و سەربازیی و خێڵەکیی خاوەن نفوز و خاوەن گروپی جەکدارن کە هەندێکیان هاریکاریی ئەوانیتریان دەکەن و هەندێکیشیان دوژمنی سەرسەختی ئەوانیتریان، بەلام هەموویان یان زۆربەیان ولاتانی ئیقلیمی ئاراستەیان دەکەن و دەیانپارێزن و بەرگریان لێدەکەن. ئەم تۆرانە لەنێوان خۆیاندا هەم دوژمنی یەکترین هەم دۆست، هەم دژ بەیەکتری کاردەکەن هەم لە کاتی پێویستدا هاریکاری یەکترن. بەپێی قازانج و مەسڵەحەت و فشاری ئیقلیمیش هەم شێوازی پەیوەندیی و هەم جۆری کارەپێکەوەییەکانیان و هەم شێوازی دوژمنایەتیکردنیان گۆرانی بەسەردا دێت. ئەم دۆخە وایکردوە عێراق نە دەولەت بێت بەمانای دەوڵەت و نە کۆمەڵگاش بە مانای کۆمەڵگا، بەڵکو چەندان تۆڕی پەیوەندیی جیاواز و ناکۆک بەیەکتریی و سەرزەمینی تەڕاتێنی هێزە ئیقلمیەکان و درێژکراوە ناوەکییەکانیان بن لە وڵاتەکەدا. ئێران و تورکیا و سعودەیە و ولاتانی خەلیج بە شێوازی جیاواز لەناو سیاسەت و کۆمەڵگای عێراقیدا ئامادەن، هەرە بەهێزەکەیان و ئامادەترینیان ئێرانە، دوای ئێرانیش تورکیایە. لە راستیدا ئەم دوو ولاتە تەنها دوو دراوسێی فەرمی عێراق نین، بەڵکو دوو وڵاتن خۆیان بە خاوەنی عێراق بە گشتیی یان بەشێکی دەزانن. ئێران تەنها خۆی وەک پارێزەری هێز و دەسەلاتدارێتی شیعەکانی عێراق نابینێت، بەڵکو خۆی بە خاوەنی عێراق دەزانێت و وەک خاوەنی عێراقیش هەڵسوکەوت و مامەڵەدەکات. تورکیاش بە هەمانشێوە لانیکەم خۆی بە خاوەنی ویلایەتی موسڵ دەزانێت و وەک خاوەنی ویلایەتی موسڵیس مامەڵەدەکات. تا ئەم ساتەش جەندانجار هەم خودی ئەردۆغان خۆی و هەم کەسانیتری ناو دەسەڵاتدارێتیەکەی، جەختیان لەم خاوەندارێتییە کردۆتەوە. بە کورتییەکەی، بیست ساڵ دوای رزگاربوون لە بەعس ئەوەی هەیە و دروستبووە نە وڵاتە بە مانای وڵات و نە دەوڵەتە بە مانای دەوڵەت، بەڵکو کۆی ئەو تۆڕانەیە کە لەسەرەوە باسمکردن، کۆمەڵێک تۆڕ لە ململانێیەکی سەختدان لەگەڵ یەکتریدا، ململانێ لەسەر پارە و دەسەڵات و نفوز و دەسکەوت. ئەم دۆخە زۆرینەیەکی تورە و نائومێدیشی دروستکردوە کە بە خێراییەکی گەورە ژمارەیان زیاددەکات و لەگەڵ زیادبوونیشیاندا کێشەکانی ولاتەکە گەورەتر و قووڵتر دەبێتەوە.
