توركیا دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی هاوپێچی گورزەیەك داواكاری كردووە
2023-07-12 19:54:12
درەو:
تائێستا, گواستنەوەی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا راگیراوە, دوای تێپەڕبوونی نزیكەی چوار مانگ بەسەر بڕیاڕی دادگای ناوبژیوانی لە فەرەنسا, كە بەگوێرەی ناوەرۆكی بڕیارەكە, پێویستە ئەنقەرە قەرەبووی بەغداد بكاتەوە, لەپای هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەبەغداد.
ریشەی كێشەكە
نزیكەی دەیەیەكە, ناكۆكی لەنێوان ئەنقەرەو بەغداد, لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ سەریهەڵداوە, نەوتی هەناردەكراو لەكوردستانەوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە فرۆشرا, جێی ئاماژەیە زۆرینەی نەوتی خاوی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ, لەڕێی باشورەوە هەناردەی دەرەوەی دەكرێت.
لەوەڵامی هەناردەكرنی نەوتی كوردستاندا بەشێوەیەكی سەربەخۆ, عێراق سكاڵای لە دادگای نابژیوانی نێودەوڵەتی تۆماركرد, بەغداد ئەو هەنگاوەی توركیای بە پێشێلكردنی رێككەوتنی هێڵی بۆرییەكانی ساڵی (1973) دانا, كاتێك نەوتی كوردستانی عێراقی هەناردەكرد, بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەدەوڵەتی عێراق, بڕیارەكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی, كە لەمانگی ئازاری رابردوو دەرچوو, پاڵپشت بوو بەو مەرجەی هاوپێچی رێككەوتنی ساڵی (1973)یە, كە دەقەكەی دەڵێت, دەبێت توركیا تەنها لەڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی حكومەتی عێراق(سۆمۆ)وە, نەوت هەناردەبكات.
لەمانگی ئازاردا, دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا, توركیا نزیكەی (1)ملیارو (470)ملیۆن دۆلار بدات بە بەغداد, وەك قەرەبوو لەپای ئاسانكاریكردن بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان, لەنێوان ساڵانی (2014-2018) بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق.
(لەمانگی ئازاری (2023) دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا توركیا بڕی قەربووی (1)ملیارو (470)ملیۆن دۆلاری ئەمریكی وەك سزا بدات لەسەر ئەو سكاڵایەی بەغداد لەساڵی (2014) لەبارەی هەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە تۆماریكرد.
(هێڵی نەوتی كەركوك-جەیهان)
وەزارەتی نەوتی عێراق, دەستبەجێ پێشوازی لە بڕیاڕی دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی كرد, توركیاش بڕیاڕەكەی قبوڵكرد, بەتایبەت كە سزاكە زۆر لەوە كەمتر بوو چاوەڕواندەكرا, هەندێك لەو بەرپرسە توركانەی كە (ئەمواج میدیا)دوادونی, نیگەران بوون لەوەی, كە رەنگە بڕی قەرەبووكە بگاتە (20)ملیار دۆلاری ئەمریكی, ئیحسان عەبدولجەبار, وەزیری پێشوی نەوت لەمانگی ئەیلولی (2022)دا, وتی: ئەگەر بەغداد سكاڵاكە بەرێتەوە, پێشبینی دەكات بڕی قەرەبووكە بگاتە (30)ملیار دۆلار, توركیا لە رۆژی (25)ئازاردا, هاوردەكردنی زیاتر لە (450)هەزار بەرمیل نەوتی راگرت, كە رۆژانە لە باكوری عێراقەوە رەوانە دەكرا, لەوكاتەوە پرۆسەی رادەستكردنی نەوتی خاو راگیراوە.
لەكاتی راگەیاندنی فەرمانەكەی دادگاوە, توركیا بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبارەی دانی قەرەبووەكە, هەروەك داواكە لەخشتەی كاری حكومەتی توركیادا كۆتایهات, ئەوەش لەگەرمەی كۆمەڵێك ئاستەنگی ناوخۆیی بە تایبەت دوای زەمینەلەرزە وێرانكەرەكەی مانگی شوبات كە بەوهۆیەوە زیاتر لە (50.000)هەزار كەس گیانیان لەدەستدا.
گەڕانەوە بۆ خشتەی كارەكان؟
دور لە ئاستەنگە باسكراوەكانی ناوخۆ, توركیا لەساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی, بە ئەنقەست فەرمانەكەی دادگای فەرامۆشكرد, دەكرێت بەشێكی ئەم فەرامۆشكردنە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی, ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەو بابەتە وەك كەرەستەیەكی بانگەشە بەكارنەهێنن, سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی سەرۆك ئەردۆغانیش, مانای ئەوەیە دۆسیەكە سەرلەنوێ بایەخ پەیدادەكاتەوە.
مانگی رابردوو, وەفدێكی وەزارەتی وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی توركیا چاویكەوت بە تیمێكی عێراقی لەبەغداد, بە سەرۆكایەتی باسم خزەیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق, نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تیایدا بەشداربوو, باسوخواسەكان تایبەت بوون بە پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لەباكوری عێراقەوە.
لەسەر وێنەكە ئەمە نوسراوە:
هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بەگوێرەی ئەو ئاڕاستەیەی بۆی هەناردەكراوە لە نێوان ساڵانی (2012-2020)
هیند-رێكخراوی هاوكاری و گەشەپێدانی ئابوری لەئاسیاو ناوچەی ئۆقیانوس-رێكخراوی هاوكاری و گەشەپێدانی ئابوری لە ئەوروپا- رێكخراوی هاوكاری و گەشەپێدانی ئابوری لە هەردوو ئەمریكا-خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لەو چوارچێوەیەدا, ئەنقەرە دەستیكردووە بە دانوستان كردن لەبارەی ئەو قەرەبووەی بڕیاڕە بیدات بە عێراق, هاوكات توركیا داوای رونكردنەوەشی كردووە لەبارەی سكاڵایەكی تر لەدادگا كە هێشتا یەكلانەكراوەتەوە.
سەرچاوەیەكی توركی ئاگادار ئاشكرایكردووە, ئەنقەرە داوایكردووە قەرەبووەكە بە قیست بدات, بەوتەی سەرچاوەكە, ئەنقەرە بە لایەنی عێراقی راگەیاندووە, چاوەڕوانی رۆڵێكی چالاكتر دەكات لە ئایندەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا, توركیا داواكاریەكی تریشی هەیە, كە بەپێویستی دەزانێت لەئایندەدا داشكاندنی بۆ بكرێت لەنرخی نەوت, جێی ئاماژەیە, ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەكرد, توركیا بەنرخێكی كەمتر لە نرخی بازاڕ لێی دەكڕی, پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە: مەرجێكی تری توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەوەیە, عێراق داوای دووەمی بكێشێتەوە كە لەدادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بەرزیكردووەتەوە, سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەساڵی (2018)وە تا مانگی نیسانی (2023), كە بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان, ئەو قەرەبووەی چاوەڕواندەكرێت لە داوای دووەمدا بسەپێنرێت بەسەر ئەنقەرەدا, لەبڕی قەرەبووی داوای یەكەم زیاتربێت و پێویستە ئەنقەرە بیدات بە عێراق.
داواكارییەكی تری توركیا لە عێراق, خەرجكردنی تێچووی چاككردنەوەی هێڵی بۆرییەكانە, كە درێژەكەی دەگاتە نزیكەی (350)كیلۆمەتر, بەڵام عێراق ئەمە رەتكردووەتەوە, بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە هەناردەی نەوتی راگرتووە, بەغداد دەیەوێت هەناردەكردنەوەی نەوتی پێش دەستپێكردنی دانوستانی تەواوەتی لەبارەی قەرەبووەكە بكەوێت, وەك پیشاندانی جۆرێك لە نیازپاكی.
ئاستەنگی هونەری یان سیاسی؟
سەرەڕای هەوڵی چەند مانگە, ئاماژەیەكی روون نیە لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لەباكوری عێراقەوە, پێش هەڵپەساردنەكە, هێڵی بۆرییەكە نزیكەی (400)هەزار بەرمیلی رۆژانەی لەنەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نزیكەی (75)هەزار بەرمیلی رۆژانەی لەو كێڵگانە دەگواستەوە, كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵیدان, خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوەدەكەن, راگرتنی هەناردەی نەوت زیاتر لە(2)ملیار دۆلار زیانی بەهەولێر گەیاندووە, رەنگە زیانە داراییەكانی حكومەتی بەغدادیش زۆربێت, بەڵام كاریگەری زۆر كەمترە لەسەری.
لەسەر وێنەكە نوسراوە:
لەگەڵ ئەوەشدا, هەندێك ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی رەنگە پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوت خرابێتە سەرمێزی گفتوگۆ, حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (4)نیساندا, رێككەوتنێكی كاتیان واژووكرد, بەهیوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لەڕێی توركیاوە, بەپێی رێككەوتنە, سۆمۆ دەسەڵاتی فرۆشتن و هەناردەكردنی ئەو نەوتەی دەبێت كە لەكوردستانەوە دەنێردرێتە دەرەوە, داهاتەكەشی لە ئەژمارێكی بانكی ناوەندی لەژێر سەرپەرشتی هەولێردا دادەنرێت.
بەڵام سەرەڕای ئەو بەرەوپێشچونەی لەلایەنی عێراقی هەیە, پێدەچێت ئاستەنگەكانی توركیا بەردەوامبن, لەمانگی ئایاردا, هەریەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی داوایانكرد هێڵی كەركوك جەیهان بكرێتەوە, كە دواتر حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق وتی هیچ وەڵامێكیان لەلایەن كۆمپانیای وزەی حكومەتی توركیا(بۆتاش)وە, پێنەگەیشتووە, ئەوەش لەكاتێكدایە, بەرپرسانی توركیا دواخستنەكەیان گەڕاندەوە بۆ هۆكاری هونەری بەبێ ئەوەی دیاریبكەن, بەغداد نائومێدی بە روونی پێوە دیارە, ئاژانسەكانی توركیا لەزاری بەرپرسێكی عێراقیەوە بڵاویانكردەوە, "مەسەلەكە سیاسیە نەك هونەری".
دەكرێت ئەوەی رودەدات, وا لێكبدرێتەوە كە توركیا دۆخەكە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی فشار لەعێراق بكات تا سازش لە قەرەبووەكە بكات كە لەسەریەتی, دوای ماوەیەكی كورت لە رێكەوتنی نیسانی (2023)نێوان هەولێرو بەغداد, دەنگۆی ئەوە بڵاوبویەوە, توركیا ویستیوتی دانوستان بكات پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, لەگەڵ ئەوەشدا, دەشێت ئەنقەرە فشاربكات لەپێناو كەمكردنەوەی بڕی قەرەبووەكە.
لەكۆبونەوەكەی (19)ی حوزەیرانی بەغدادا, وەفدەكان ئاماژەیان بە رەهەندە سیاسیەكانی پرسەكە كردووەو داوای گفتوگۆی زیاتریان كردووە, رۆژی دوای ئەوە, مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاویكەوت بە سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرەو باسیان لە بڕیاڕەكەی داگای نێودەوڵەتی و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردوە, بەڵام پێدەچێت هیچ بەرەوپێشچونێك نەبێت شیاوی باس بێت.
هەڵوێستە جیاوازەكان رێگرن لەهەناردەكردنەوەی نەوت
توركیا هەڵوێستێكی توند پیادە دەكات, لەكاتێكدا بەهۆی راگرتنی نەوتەوە, بەدەست كێشەی ئابوریەوە دەنالێنێت, لەلایەكی تریشەوە, عێراق بەوپێیەی بڕیاری دادگای بردووەتەوە, نایەوێت بڕیارەكەی ژووی بازرگانی نێودەوڵەتی لەدەستبدات.
لەنێو ئەو گێژاوەدا, سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێكە, رێككەوتنەكی لێبێتە بەرهەم شیاوی جێبەجێكردن بێت, بەڵام وەك هەندێك لە راپۆرتەكان ئاماژەی پێدەكەن, گروپە چەكدارەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن, كێشە بۆ بەرەوپێشچوون لەم دۆسیەیە دروستدەكەن, قسەی ئەوەش هەیە ئەو گروپانە, رێگە بە حكومەتی سودانی نادەن سازش بۆ داواكانی توركیا بكات, لەبارەی دەستبەرداربوون لە سكاڵای دووەم كە عێراق لەدادگای ناوبژیوانی تۆماریكردووە, جێی ئاماژەیە, هەمان ئەو گروپانە, رێگریان لە عادل عەبدولمەهدی, سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق كرد, ساڵی (2018-2019) هەوڵی سڕكردنی ئەو دۆسیەیە بدات.
ئەم دۆخە, رەنگدانەوەی دیوێكی ململانێی ئیقلیمی نێوان ئەنقەرەو تارانە, بەجۆرێك گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران لە عێراق, بەشێوەیەكی رێكخراو لێدوانی دژ بە توركیا دەدەن و هێرش دەكەن سەر بنەكە سەربازیەكانی لە باكوری وڵات.
لەلایەكی ترەوە, قسە لەوە دەكرێت واشنتۆن لەپشتی پەردەوە, فشار لە ئەنقەرەو بەغداد بكات, بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێی باكورەوە, بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەو دوولایەنە بگەیەنێتە سازان.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوەدەكەن, بازرگانی دووقۆڵی نێوان عێراق و توركیا ساڵی رابردوو (24) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە, بەرژوەندی بەهێزی هاوبەش هەردوو وڵات كۆدەكاتەوە, ئەنقەرەو بەغداد وەك یەك هەوڵی پاراستنی پەیوەندیە ئابوریەكانیان دەدەن لە پشێوی, ئەگەر شتێك هەبێت شیاوی باسكردن بێت, دەكرێت بوترێت ناكۆكیەكان لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی هێڵی بۆری كەركوك جەیهان, تیشك دەخاتە سەر پێویستی ئەنجامدانی دانوستانی سیاسی لە ئاستێكی باڵادا, لەكۆتایدا, بەبێ سازشكردنی هاوبەش, پێدەچێت قەیرانەكە درێژە بكێشێت.