Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی گۆڕان،  گەیشتە تەمەنی خانەنشینی بەڵام پۆستەكەی بۆ درێژكرایەوە. بە پێی نوسراوێك كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە بە واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەو لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی 2022/4/10 راژەی د. سەیوان عەلی فەرەج بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان درێژكرایەوە لە پۆستەكەیدا، ئەوەش دوای ئەوەی د. سەیوان عەلی تەمەنی گەیشتە خانەنشینی و دەبوایە خانەنشین بوایە. لەكاتی دەستبەكاربوونی بریكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان (درەو) لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كرد لەكۆی ئەو (چوار) كاندیدەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزیرەكان پێشكەشی كردووە، (سێ) كەسیان دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوون، تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون تەواو دەكەن، چونكە دوانیان لەدایكبووی ساڵی (1957)‌و یەكێكیان لەدایكبووی (1956)ە‌و دەبێت بە موچەی پلە باڵاكان خانەنشین بكرێن‌و بزوتنەوەی گۆڕان (سێ) كەسی تر كاندید بكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، كە ئەوانیش دواجار بە هەمان موچە خانەنشین دەبن. بریكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان: * كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا * د. سەیوان عەلی- بریكاری وەزیری پەروەردە * مستەفا سەلیم- بریكاری وەزیری ناوخۆ (كۆچی دواییكرد) * چالاك موهەندیس- بریكاری وەزیری شارەوانی  هەرچەندە لە  یاسای خانەنشینی هەرێم دەرفەتێكی هێشتوەتەوە‌و رێگە دەدات لە حاڵەتی "ئەوپەڕی زەرورەتدا" لەسەر داوای وەزیری پەیوەندیدار، ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی (3) ساڵ ئەو كەسانە لەسەر كارەكانیان بهێڵێتەوە‌و خانەنشینیان نەكات. لە هەرێمی كوردستان (148) كەس بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینن.   راپۆرتی پەیوەندیدار پۆست لەپێناو خانەنشینيدا


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)    حوکمڕانیی بەعس ئەزموونێکی تەواو تازەی ناو سەدەی بیستەمی مێژووی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە. یەکێکە لەو سیستمە سیاسییە تۆقێنەرانەی لە نیوەی دووھەمی سەدەکە لە بەشێکی گەورەی دونیادا دروستدەبن. بە ھیچ شێوەیەک ئەزموونی بەعس نابرێتەوە سەر ھیچ سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانیی سونەتیی ناو ڕابوردوی عەرەب و موسڵمانان، ڕەگوڕیشەکانی لەلای ئەمەویەکان و عەباسییەکان و عوسمانییەکان نییە، ھیچ پەیوەندییەکی بەو تێزە خورافییەشەوە نییە کە ناوی ”ستەمگەریی خۆرھەڵاتیی“ لێنراوە. مۆدێلی حوکمڕانیەکەش تەنھا پابەست بە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو ڕژێمی ھاوشێوەی بەعس، بێگومان بە کۆمەڵێک جیاوازیی ناوچەییەوە، لە ئەمریکای لاتین و ئەوروپای خۆرھەڵات و بەشێکی گەورەی ئاسیادا بەشێوەیەکی بەرفراوان، ئامادەبووە. ئەزموونی بەعس ئەزموونی سیستمێکی سیاسیی تاکحیزبیی و تاکئایدیۆلۆژیایی و تاکسەرکردەیە، کە لە نیوەی دووھەمەی سەدەی بیستەم و لە ناو ڕەوتی جەنگی سارد و لە سایەی بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا توندڕەو و ڕادیکاڵەکان و لەپاڵ دروستبوونی پارتی سیاسیی جەماوەریی گەورە و لە سەردەمی ھاتنەکایەی مۆدێلی دەوڵەتی دوای کۆلۆنیالدا، دروستدەبێت. ھەموو ئەمانە زائیدەن ئەو توانا و تەکنیکی حوکمڕانییە دیسپلینکەرانە، کە ئەزمونە سیاسییە دەسەڵاتگەرەکانی سەدەی بیستەم دەیانخەنە بەردەمی حوکمڕانان. لە دۆخی بەعسدا ئەم گشتە گەورەیە تێکەڵ بە ئابوریی زەبەلاحی نەوت و بەو توانایانە دەبێت کە ئەم ئابوریی نەوتە دەیخاتە بەردەمی حوکمڕانان، بۆ ئەوەی ستمەگەر و تۆقێنەربن.  بەعس ھەم زمانەکەی، ھەم چەمکە سەرەکییەکانی، ھەم ئایدیۆلۆژیاکەی،  ھەم دەزگاکان و ھەم میکانیزمەکانی باڵادەستبوون و ھەم لۆژیکی دەسەڵاتدارێتییەکەی، ھەر ھەموویان تازە و بێپێشینەن. بنەماکانی دروستکردنی شەرعیەت و لۆژیکی ڕەوایەتیی بەخشینی بە خۆیشی، تازەبوو. بۆ نموونە ئەوەی لەناو زمانی بەعسدا ئامادەیە چەمکەکانی بەیعە و وەلا و ڕەعیەت نین، بەڵکو ئەوانەن کە بەناوی نوێنەرایەتیکردن و دروستکردنی نەتەوە و بەرھەمھێنانی ھاوڵاتیی و خولقاندنی ئینتیمای سیاسیی حیزبیی مۆدێرنەوە، قسەدەکەن. دەوڵەت خۆیشی یەکەی سەرەکیی تازەکردنەوەی کۆمەڵگا و دروستکردنی جۆرێکی تایبەتە لە خود، بەعسییەکان باسی ”شورا“ و ”ئەھلی حەل و عەقد“یان یان نەدەکرد، بەڵکو باسی دەستور و حیزب و ”مەجلیسی قیادەی سەورە“ و پەرلەمانیان، دەکرد. بە کورتییەکەی  سیستمەکەیان سیستمێکی تۆتالیتاری مۆدێرن بوو، نەک سیستمی خەلافەتی کۆن، باسی شەریعەتیان نەدەکرد، بەڵکو یاسای نوێ و مۆدێرنیان دەکرد، سەدام خۆیشی ”ئەمیری موئمینین“ نەبوو، بەڵکو سەرۆک کۆماری عێراق و بونیادنەری یەکێتی نەتەوەیی جیھانی عەرەب، بوو.  لە ئاستی حوکمڕانیی ڕۆژانەیدا بەعس نوێنەری زاڵبوونی عەقڵیەتی ئەمنی بوو بەسەر عەقڵیەتی دەوڵەتدا. ئەوەی ئیشی دەکرد ئیرادەی مانەوەبوو لە دەسەڵاتدا بەھەر شێوەیەک و بەھەر حیسابێک بووبێت، تا بە کوشتن و لەناوبردنی ھاوڕێ بەعسییەکانی خۆیشیان دەگەیشت. بەرھەمھێنانی دوژمنی ڕاستەقینە و دوژمنی وەھمی بەشێک بوو لەو لۆژیکە ئەمنییەی کە چەندان دەزگای گەورە بۆ ئیدارەدان و ئیشکردنی دروستکرابوو.  دروستکردنی ”فایل“ بۆ ھەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا و چاندنی بنکەی حیزبیی و جاسوس لە ھەموو گەڕەکێکدا، داھێنانێکی بەعسیانەی تازەبوو، کە ڕەگوڕیشەکانی لەناو ئەزموونی پارتە کۆمۆنیستە حوکمڕانەکانی ئەوروپای خۆرھەڵاتدابوو. لە ئاستی سایکۆلۆژیشدا پیادەکردنی سیاسەتی ترساندنی ھەموو ئەوانەی دەکەوتنە سنووری دەسەڵاتەکانی بەعسەوە، لە ترساندنی دەوروبەرەکەی سەدام حوسەین خۆیەوە بیگرە بۆ ترساندنی ھەموو کۆمەڵگا. ئەمەش دیسانەوە لە ڕێگای دروستکردنی دەزگای تایبەتەوە بۆ ترساندن و لە ڕێگای وێرانکردنی متمانەی مرۆڤەکان بەیەکتری. ئینجا بەکارھێنانی بەشێکی گەورەی تواناکانی دەوڵەتی عێراقی خاوەن نەوت بۆ سیاسەتێکی سانسۆری خنکێنەرانە، بە سەر ژیانی ھەمووانەوە، چ ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە خۆی و چ ژیانی شەخسیی کەسەکان. لەڕێگای بەرپاکردنی جەنگی بەردەوام و ھەڕەشەکردن بە جەنگی بە بەردەوام، پرۆسەی بەسەربازیکردنێکی ھەمەلایەنی کۆمەڵگای عێراقیی لەئارادابوو.  پرسیارەکە ئەوەیە کێ بەرپرسیاربوو لە دروستبوونی ئەم سیستمە تۆقێنەر و خوێناویە؟ چی بەعسی دروستکرد؟  وەڵامە ھەرە نوخبەویی و ھەڵەکە ئەو وەڵامەیە کە دەڵێت کۆمەڵگای عێراقیی لە دروستبوونی ئەم کابوسە بەرپرسیارە. ڕاستییی ئەوەیە ئەوانەی لە دروستکردنی دیکتاتۆریەتی بەعسدا بەشداربوون خەڵک و کۆمەڵگای عێراقی وەک گشتێک، نەبوون. بەڵکو زۆرینەی ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانە بوون کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە شەرعیەتیان بە بەعس و سیستمە حوکمڕانییەکەی، دەبەخشیی. ئەوانەی ئەو ھەزاران لاپەڕانەیان لەسەر سەدام حوسەین دەنووسی و بە دڵسۆز و بلیمەت و پاڵەوانیان دەکرد، جوتیاران و کرێکاران و ئاسنگەران و دارتاشان و زەڕەنگەرانی وڵاتەکە نەبوون، بەڵکو ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنانەنووسەکان بوون. ئەو سەدان و ھەزران وێنە و پەیکەرانەی بۆ سەدام کێشران و دروستکران،  ھونەرمەندان و وێنەگران و پەیکەرتاشانی وڵاتەکە بوون. ئەوانەی شیعریان بەسەر سەدامدا دەگوت، ماسیگرەکان و خاوەنی چێشتخانەکان و شۆفێری تەکسییەکان نەبوون، بەڵکو شاعیرە زۆرەکانی وڵاتەکەبوون. ھتد... ئەوەی لە ئەزموونی بەعسدا ڕوویدا، ئەوەبوو زۆرینەی نوخبە ڕۆشنبیر و خوێندەوارەکە، بە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئیعلامی و ھونەرمەندانەوە، ھاوکار لەگەڵ نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکە دا، لە بەرەیەکی دژ بە کۆمەڵگا و دژ بە خەڵکی وڵاتەکەدا بوون.  وەکچۆن سەدام حوسەین و نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکەی عێراق، ھەڵگری نارسیزمێکی بیمار و پاسۆلۆژیی بوون، بەھەمان شێوە ئەو نوخبە خوێندەوار و نووسەر و ئیعلامییەی بەدوری بەعسدا دروستبووبوو، نوخبەیەکی تەواو نارسیستی بوو.  ھەردوولا ئەو کۆمەڵگایەی لەناویدا دەژیان، وەک گەمژە و گاگەل و ھۆردو وێنادەکرد و خۆیشیان وەک بوونەوەری دەگمەن و جیاواز و کەموێنە. لۆژیکی ھەردوو نوخبەکە لۆژیکێکی نارسیستی ستەمگەرانە بوو. ھەردولا خۆیان بە مامۆستا و پێشڕەوی میلەتێک دەزانی کە بە نەزان و دواکەوتو و گەمژەیان دەزانی.  ھەم نوخبە خوێندەوارەکەی سەردەمی بەعس ئەبوو بە تێرکەری خواستە نارسیستیەکانی سەدام حوسەین، ھەم سەدام حوسەین خۆیشی دەبوو بە تێرکەریی خواستەکانی ئەو نوخبە خوێندەوارە. ھێندەی ”یەکێتی نووسەرانی عێراق“ و ”یەکێتی ڕۆژنامەنووسان“ و ”یەکێتی سینەماکاران و ھونەرمەندان“ و ئەوانیتریان بەرپرسن لە دروستبوونی دیاردەی سەدام حوسەین، ھێندە باخەوان و ماسیگر و جوتیار و دارتاشەکانی عێراق بەرپرسیار نین. ئەو ئۆرگانانە تەنھا مەدح و سەنای سەدام و ڕژێمەکەیان نەدەکرد، بەڵکو  توانای بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنیان لە وڵاتەکەشدا ئیفلیج دەکرد، ھاوکات ڕۆشنبیر و نووسەر و ھونەرمەندە ناڕازییەکانیان دەترسان و دەستەمۆدەکرد. ئەم دەزگایانە بەشێوەیەک بەعسیان نمایشدەکرد، وەک ئەوەی خەڵک و نەتەوە و نیشتیمان قەرزاری ئەوانبن. وەکچۆن لە فیکری دینیدا ھەموو مرۆڤێک قەرزاری خودایە، بەھەمانشێوە لەناو گوتاری خوێندەوار و ھونەرمەند و نووسەرە بەعسییەکاندا خەڵک قەرزاری بەعس و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی بوو. ئەوەی لە ھەرێمیشدا چاوێکی بۆ بینین ھەبێت، بە ئاشکرا بڕێکی زۆر لەو میکانیزمە بەعساییانە لەناو ئەزموونی حوکمڕانیی ئەمڕۆکەی ھەرێمەکەدا دەبینێت. بەعس ڕۆیشت بەڵام بەشێکی گەورە لە بەعسیزم تا ئێستا ماوەتەوە و کاردەکات.


شیكاری: درەو  لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (36 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە  (6) وڵاتی جیاواز فرۆشتووە. بەهاکەی دوای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک بە کەمتر لە (11) دۆلار لە نرخی جیهانی، زیاتر بووە لە (3ملیارو 200 ملیۆن) دۆلار، بە ڕێژەی (56%) و بڕی  ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دۆلاری چووە بۆ خەرجی، بڕی ( ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم. یەکەم: هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2022) تا کۆتایی مانگی ئازاری هەمان ساڵ بری (36 ملیۆن و 460 هەراز) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەرەی جەیهانی تورکییە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کردووە، واتە تێکڕای ڕۆژانەی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (405 هەزار 177) بەرمیل، (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (1)) بەجۆرێک؛  لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) ڕۆژانە بڕی (414 هەزار و 839) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بە کۆی مانگەکە (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل بووە. مانگی شوباتی هەمان ساڵ (11 ملیۆن 400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بە تێکڕای ڕۆژانەی (407 هەزار و 143) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا مانگی شوبات (28) ڕۆژ بووە.  هاوکات لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) حکومەتی هەرێم بڕی (12 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕای (393 هەزار و 548) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.  خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1)      دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان ساڵ ساڵی بەرزبووەنەوەی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیهان، لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردە کردنی نەوت کردووە، بازاڕی نەوت نرخی لەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، بەجۆرێک، لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە (117) دۆلار تۆمار کراوە. بە تێکڕای سێ مانگەکەش هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە (100) دۆلار بووە.  بەڵام بەپێی زانیاری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021) دا بە تێکڕای ساڵەکە حکومەتی هەرێم بەردەوام بە (11 - 12) دۆلار کەمتر نەوتەکەی خۆی ساغ کردووەتەوە. بۆیە؛ لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) کە تێکڕای نرخی نەوت بە (86.51) دۆلار تۆمار کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بە (11) دۆلاری کەمتر هەر بەرمیلە نەوتێکی فرۆشتبێت ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک بڕی (75.51) دۆلاری بۆ ماوەتەوە. بەڵام لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ تێکڕای نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە و گەیشتوو بە (97.13) دۆلار، بۆیە بە هەمان پێوەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی بە (86.13) دۆلار فرۆشتووە. لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار کراوە و نرخی نەوت بە تێکڕا گەیشتووە بە (117.7) دۆلار، بۆ دەکرێت بڵێین حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (106) دۆلار فرۆشتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 1.    کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (36 ملیۆن و 460 هەراز)بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە نزیکەی (90) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە (100) دۆلار بووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە بریتی بووە لە (3 ملیار و 254 ملیۆن و 680 هەزار و 600) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)) بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار. لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار. لە مانگی ئازاردا زۆرترین داهات بە دەستهاتووە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، بەراورد بە مانگ و تەنانەت ساڵەکانی پێشتریش، کە بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. 2.    خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا، (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە و کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە (ملیارێک و 822 ملیۆن و 621 هەزار و 136) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3))، بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی شوبات کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بڕی (549 ملیۆن و 853 هەزار و 920) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی ئازاردا کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلار، بڕی (728 ملیۆن و 974 هەزار و 400) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). 3.    داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (ملیارێک و 432 ملیۆن و 59 هەزار و 464) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 76 ملیار  و 486 ملیۆن و 222 هەزار و 800) دیناری عێراقی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3 + 4))، بە جۆرێک؛ لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (619 ملیار و 535 ملیۆن و 386 هەزار و 800) دیناری عێراقی.  لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (626 ملیار و 440 ملیۆن و 716 هەزار) دیناری عێراقی.  لە مانگی ئازار کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (572 ملیۆن و 765 هەزار و 600) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (830 ملیار و 510 ملیۆن و 120 هەزار) دیناری عێراقی. چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (4) چوارەم: کڕیارانی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە لایەن کەشتی (6) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، بە جۆرێک کەشتییە ئیتاڵییەکان بە ڕێژەی (37%) زۆرترین بڕی نەوتی هەرێمیان لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بارکردووە. بە دوای ئەویشدا کەشتی یۆنانییەکان بە (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە و پاشان کەشتییە ئیسرائیکییەکان (15%) و کرواتییەکان (7%) و ئیسپانییەکان (4%) و ڕۆمانییەکان بە ڕێژەی (2%) نەوتەکەیان بارکردووە، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان. -    ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی مانگی رابردوی هەرێم ( 976) ملیار دینار بووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9598 -    ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، کانونی دووەمی 2022؛  http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/02/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D9%83%D9%A2-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf -    درەو میدیا؛ داهاتی مانگی شوباتی نەوتی هەرێم؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9851 -    ئەنوەر کەریم؛ مانگی رابردوو هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (85) دۆلار فرۆشتووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9791 -    ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، شوباتی 2022؛  http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/03/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%B4%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf -    ئەنوەر کەریم؛ داهاتی مانگی ئازاری نەوتی هەرێم (ملیارێك و 291 ملیۆن) دۆلاربووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9979  


 راپۆرت: درەو یەكێتی سەرقاڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنێكی نهێنی خۆیەتی لەگەڵ حكومەتی بەغداد، دەیەوێت غازی ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی رادەستی بەغداد بكات‌و لەرێگەی بەغدادەوە غازەكە هەناردەی توركیا بكرێت نەك  راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەمە یەكێتی دەیەوێت بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵدا بكات نەك لەڕێگەی هەولێرەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  غازی سلێمانی بۆ بەغداد  یەكێتی ئامادەنییە لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە غازی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەناردەی توركیا بكات. ئەم رۆژانە بڕیاربەدەستانی یەكێتی سەرقاڵی گرتنەبەری رێوشوێنن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی غاز.  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، یەكێتی دەیەوێت غازی سنوری خۆی رادەستی بەغداد بكات‌و بەم هەنگاوە پابەندبوونی ئیدارەی سلێمانی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە نیشان بدات. ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی لەدواین وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بەشداربووە‌و وەفدەكە داواكارییەكانی حكومەتی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوت‌و غاز رەتدەكاتەوە‌و بەبێ پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غاز لە عێراق نایەوێت پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ببێت. (درەو) زانیویەتی، بۆ رادەستكردنی غاز، یەكێتی دەیەوێت رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا بكات، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر بردنی غازی سنوری سلێمانی، حكومەتی عێراق پارەی پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ وەكو ناوچەی بەرهەمهێنانی وزە دابین بكات‌و بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانیدا بكات نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە كە پارتی هەژمونی كردووە بەسەریدا.   حكومەتی مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان رەوانەی توركیا بكات، جێبەجێكردنی ئەم ئەركە دراوەتە دەست كۆمپانیای (كار) كە شێخ باز خاوەندارێتی دەكات‌و بەمدواییە ماڵەكەی لە هەولێر بوو بە ئامانجی هێرشی موشەكیی ئێران. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەمدواییە نوسراوی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو ئاسانكاری بۆ كارەكانی كۆمپانیای كار بكەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی یەكێتی كارەكەیان راگرت.   "با عێراق غازەكە هەناردەی توركیا بكات" سەرەتای شوباتی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرە، لەوێ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لێكرد غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات.  دوای ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر فشار، 15ی شوبات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، سكاڵایەكی حكومەتی عێراقی دژی هەرێم یەكلاكردەوە‌و داوای رادەستكردنی نەوت‌و غازی هەرێمی كرد، دواترو لە 13ی ئازاردا ئێران هەولێری موشەكباران كرد.  خواستی توركیا بۆ غازی هەرێمی كوردستان دوای سەرهەڵدانی شەڕی روسیا- ئۆكرانیا دێت، توركیا‌و ئەوروپا زۆرینەی غازی سروشتی خۆیان لە روسیاوە دابین دەكەن، ترسیان لە راوەستانی هەناردەی غازی روسی هەیە، بۆیە بەدوای سەرچاوەی نوێی وزەدا دەگەڕێن.  لەكاتێكدا وڵاتانی خۆرئاوا پەیتا پەیتا سزا بەسەر روسیادا دەسەپێنن‌و موڵك‌و ماڵی بەرپرسانی روسیا بلۆك دەكەن، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ روسیا توندوتۆڵ دەكات‌و دووجار دیداری لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە بەغداد كردووە.  ئێران كە خۆی هەناردەكارێكی سەرەكیی غازی سروشتییە بۆ توركیا، نیگەرانە لە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، یەكێتی كە لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی ئێراندا سیاسەتی خۆی رێكخستووە، نایەوێت بەهۆی هەناردەی غازەوە بۆ توركیا بكەوێتە ژێر فشاری تاران.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی دور لەچاوی كامێراكان سەردانی توركیایان كردووە‌و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەیان ئاگادار كردووە" یەكێتی كێشەی نییە لەگەڵ ئەوەدا غاز بدرێت بە توركیا، بەڵام ئەوان دەیانەوێت عێراق غازەكە بە توركیا بدات، نەك بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە". توركیا دەیەوێت بەدوو شێواز لە غازی هەرێمی كوردستان سودمەند بێت، لەلایەك بەشێك لە پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكاتەوە، لەلایەكی تر لەڕێگەی هەناردەی غازەكەوە بۆ ئەوروپا، لەڕووی ئابورییەوە سودمەند ببێت.       رێككەوتنێكی كۆن بە بەرگێكی نوێوە ! ئەوەی ئێستا یەكێتی سەرقاڵی ئەنجامدانیەتی، رێككەوتنێكی پێشترە  بەڵام  بە بەرگێكی نوێوە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ناوەڕاستی ساڵی 2020 یەكێتی بەشێوەیەكی نهێنی چوەتە گفتوگۆوە لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت‌و غاز، (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری وردەكاری ئەم گفتوگۆیانە بووە.  ساڵی 2020 هاوشێوەی ئێستا یەكێتی گلەیی هەبوو لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتی دارایی نییە‌و حكومەت وەكو پێویست كاروباری ئیدارەی سلێمانی بەڕێوەنابات، ئەوكات كە هێشتا دوو هاوسەرۆكەكە لەیەكتر نەترازابوون، یەكێتی بڕیاریدا لەڕێگەی بەغدادەوە دەرگایەكی نوێ بەڕووی سلێمانیدا بكاتەوە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە 2020 یەكێتی رێككەوتنێكی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمزا كردووە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە هەردوولا بڕیاریانداوە لەسەر دروستكردنی كۆمپانیایەك بەناوی (كۆمپانیای وزەی سلێمانی)، بڕیاریانداوە هەموو كێڵگەكانی نەوت‌و غازی سنوری ئیدارەی سلێمانی بدرێتە دەست ئەم كۆمپانیایە، پشكەكانی كۆمپانیاكە بەمشێوەیە دابەشكراوە:  •    رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیا بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت •    رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیاكە بۆ حكومەتی عێراق دەبێت •    رێژەی 20% پشكەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئامانجی سەرەكی یەكێتی لەم رێككەوتنە ئەوەبوو، حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی پارێزكای سلێمانی بكات، نەك لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە لە هەولێر،  بەتایبەتی لە پرسی موچەدا.  لەپاڵ موچە‌و مامەڵەی دارایی،  یەكێتی خوازیاربوو لەرێگەی ئەم كۆمپانیا هاوبەشەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق دروستی دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سنوری دەسەڵاتدارێتی خۆی لە (45 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە بۆ لانی كەم (72 هەزار) بەرمیل نەوت بەرزبكاتەوە.  ئەوكات ئەوانەی ئاگاداری ئەم رێككەوتنە بوون باسیان لەوە دەكرد، یەكێتی رەزامەندی ئەمریكییەكان وەرگرتووە، بەڵام پرۆژەیەكی لەمشێوەیە ئەوكات‌و ئێستاش بۆ ئێران جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی ئەگەر غازی سنوری سلێمانی پێداویستی عێراق پڕبكاتەوە‌و وابكات چیتر حكومەتی بەغداد پێویستی بە كڕینی غازی ئێران نەبێت.  رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی‌و حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی نهێنی ئیمزا كرا، بڕیاردرا دەستبەكار بكرێت بۆ دروستكردنی كۆمپانیای هاوبەشی عێراق‌و سلێمانی، بڕیاربەدەستانی یەكێتی ترسیان لە كاردانەوەی پارتی هەبوو، بڕیاریاندا لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت بكەن‌و ئاگاداریان بكەن لەوەی یەكێتی هەنگاوی سەربەخۆ هەڵدەگرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی سنوری ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی، نامەكەش ئاڕاستە كرا، بەڵام یەكێتی بەبێدەنگی لە ئیمزاكەی لەگەڵ بەغداد كشایەوە‌و رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆی یەكێتی كە دوو هاوسەرۆكەكەی لە یەكتری ترازاند، پرۆژەكەی خستە ژێر گڵەوە.  بەپێی ئەوەی شارەزاكانی یەكێتی لە 2020دا خەمڵاندنیان بۆ كردبوو، ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرایە، ئیدارەی سلێمانی جگە لەوەی رێژەی 40%ی پشكی كۆمپانیاكەی دەستدەكەوت، بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە رێژەی 7%ی پشكی هەرێمی كوردستانیشی لە بودجەی گشتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەردەگرت، سەرباری ئەمە رێككەوتنەكە تەنیا لەبواری نەوت‌و غازدا نەبوو، بەڵكو رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی سلێمانیش كرابوو، بەشێوەی (پەنجا بە پەنجا) لەنێوان ئیدارەی سلێمانی‌و حكومەتی عێراقدا.    غاز لە هەرێمی كوردستان  بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێت‌و بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات.  یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌، دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی •  كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا •  كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا •  كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا •    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی •  كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا •  كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا •  كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا   


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی کورد و گەلەکەیان پەیوەندییەکە لەسەر بناغەی وەلائەت و ئیتاعەت بنیاتنراوە. شێخە سیاسییەکانی کورد نە گەلێکیان دەوێت خاوەن سەروەریی خۆی بێت و نە تاکێکیشیان دەوێت خاوەن بیرکردنەوە و کردەی ئازادانەی خۆی بێت. ئامانجی شێخە سیاسییەکانی کوردستان بریتییە لە بنیاتنانی مۆدێلێک لە تەکییەی سیاسیی، کە تیایدا پەیوەندی نێوان تاک و سەرکردە لەسەر بناغەی کەسایەتییەکی پیرۆز و دەروێشەکانی بنیاتنراوە. پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر بناغەی کارامەیی و توانا و لێهاتوویی پێکنەهاتووە، بەڵکو لەسەر بناغەی ملکەچیی ڕەهای موریدەکان بۆ شێخە سیاسییەکان بونیادنراوە. پەیوەندی نێوان شێخ و مورید پەیوەندیی نێوان هاونیشتیمانیی و حکومەتی مەدەنیی نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان سەرۆکی ڕوحیی و ڕەعییەتەکەیەتی. نەدانی موچە و بێڕێزییکردن بەرامبەر بە خانەنشیینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پزیشکان و مامۆستایان و گروپە کارمەندەکانی تری هەرێم و مامەڵەکردنیان وەک سواڵکەری دەوڵەت، ئەو پەیوەندییە نامرۆڤانەیە کە دەسەڵاتدارە سوڵتانییەکانی پارتیی و یەکێتیی لەگەڵ هاونیشتیمانیانی کوردستان و موچەخۆرانی هەرێمدا بونیادیانناوە.  لەناو حیزبی کورییدا فیکری سیاسیی بوونی نییە و جیهانبینییش هیچ بەهایەکی سیاسیی نییە، چونکە لە حیزبی کوردییدا سیاسەت بە فیکر داناڕێژرێت، بەڵکو بە ئارەزووی موتڵەقی شەخسی سەرۆک و شێخی حیزب بڕیاری لەسەردەدرێت. حیزبی کوردیی ئەوەندی سەرقاڵی ریفۆرمی ناوخۆیی خۆیەتیی، ئەوەندە بیر لە ریفۆرمی دەسەڵاتەکانی ناکاتەوە، چونکە ترسی قووڵی لە وەلائەتی موریدەکانی هەیە. لابردنی کەسەکان و دانانی کەسانی تر پەیوەندی بە شیاویی توانا و مەعریفییانەوە نییە، بەڵکو هەم پەیوەندی بە دوورونزیکیی کەسەکانەوە هەیە لە تەکییە سیاسییەکە و هەم پەیوەندی بە چەشنی وەلائەتەکەیانەوە هەیە بۆ شێخە سیاسییەکە.  سیاسەتی سوڵتانیی سەروکاری بە پرۆسەی بڕیارەوە نییە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەڵکو پەیوەندی بەو بازنە تەسکەوە هەیە کە بڕیارەکانی تێدا لەدایکدەبێت. لەناو حیزبی کوردییدا یەک کەس خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە ئەویش شێخی سیاسییە. ئەم کاریزمایە هەچ بڕیارێکی بوێت، دەتوانێت بەتەنها دەریبکات و بیسەپێنێت، گەرچی ئەو بڕیارە بۆ حیزبەکەی، یان بۆ گەلەکەی هەڵە و ناڕاست و کارەساتباریش بێت. ئەم کولتووری خۆبەهەڵە نەزانینە زیاد لە حەفتا ساڵە لەناو حیزبی کوردییدا کاردەکات بەبێئەوەی سەرۆکە کاریزمییەکان بچوکترین باجی سیاسەتە هەڵەکانیان دابێت یان بچووکترین لێپرسینەوەیان لەتەکدا کرابێت. لە دونیای سیاسیی کوردییدا نموونەییترین ئەزموونی سوڵتانیزم کە توانیبێتی پەیوەندی شێخ و مورید لە مێژووی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی لە شاخ و لە شار بنیاتبنێت و بەردەوامیی پێبدات، ئەزموونی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ شێخەکانی بارزان. پارتی وەک حیزبی مورید و بارزانییەکان وەک شێخی سیاسیی، توانیویانە چوار دەسەڵاتی گرنگ لای خۆیان کەڵەکە و پاوانبکەن. دەسەڵاتی یەکەم ئابوورییە، کە لەسەردەمی سوڵتانییەتدا پێیان دەگوت مەخزەن. مەخزەنی هەرێم بەشێوەیەکی ڕەها لەژێر دەستی پارتی و لەناو پارتییشدا لەژێر کۆنترۆڵی بنەماڵەی بارزانییدایە. دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بە ئارەزووی شەخسیی شێخە سیاسییەکان پارەی مەخزەن دابەشدەکات. بۆ دابەشکردنی پارە و سامانی هەرێم، پارتی و بارزانییەکان نە پێویستیان بە حکومەت و نە پێویستیان بە پەرلەمان هەیە. نوخبەی سیاسیی پارتیی نە پێویستی بە بوجەیە کە لە پەرلەمانی هەرێمەوە دەنگی لەسەر درابێت، نە پێویستی بە ئەنجومەنی وەزیرانە بۆئەوی گفتوگۆی لەسەر بکرێت. پارتی لەسەردەمی مەسعود بارزانییدا دەرگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بەتەواوی قفڵدەکرد و لەسەردەمی مەسرور بارزانییشدا بەتەواوی دەمی پەرلەمانتارانی داخستووە، چونکە پەرلەمانی وەک دەزگایەک بەچەشنێک سووک و بێبەهاکردووە، کەس بیری وەزیفە سەرەکییەکانی ناکات، کە یاسادانان و گفتوگۆکردن و چاودێریی کارەکانی حکومەتە. دووهەم دەسەڵات کە شێخە سیاسییەکان پاوانیانکردووە، دەزگای پێشمەرگەیە. پێشمەرگەی هەرێم هێزێکی چەکداری مونەزەمی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو هێزێکی چەکداری مونەزەمی حیزبییە کە بە ئەمر و نەهی شێخە سیاسییەکان دەژیی و دەجوڵێنرێت. هێزی پێشمەرگە لەسەردەمی شاخەوە تا دەگات بە سەردەمی حوکمڕانیی لە شار کۆڵەکەیەکی گرنگی پاراستنی تەکییەی سیاسیی و (دار المُلك)ی پارتیی و یەکێتیی بووە.  دەسەڵاتی سێیەم بریتییە لە میدیا. میدیای حیزبیی کە بەشەوەیەکی نایاسایی سەرمایەیەکی گەورەی لە داهاتی گشتیی بۆ تەرخانکراوە، تەنها پروپاگەندە بۆ دار المُلك ناکات، بەڵکو هەم وێنایەکی پیرۆزی بۆ بەرهەمدەهێنێت و هەم چیرۆک و ئەفسانەی بۆ دروستدەکات و پاساوی هەڵە ستراتیژیی و کارەساتە نیشتیمانییەکانی دەکات.  دەسەڵاتی چوارەمیش دەسەڵاتی یاسا و دادگایە. نە پێگەی سەرەکیی ئەم دەسەڵاتە لە سەرووی ماڵی شێخە سیاسییەکانەوەیە، نە وەزیفەشی سزادانی ناعەدالەتیی و گەندەڵەکانی نوخبە سوڵتانییەکەیە. وەزیفەی ئەم دەزگا گرنگەی کۆمەڵگای سیاسیی کورتبووەتەوە بۆ بەیعەتدان بە سوڵتان لەکاتی پێویستدا و سزادانی چالاکوان و کەسانی کۆمەڵگای مەدەنیی.  لە ئێستادا یەک کاریزمای سیاسیی سەدەی بیستەم لەژیاندا ماوە کە سەرۆکایەتیی حیزبەکەی دەکات، ئەویش مەسعود بارزانییە. تاکە کەسێک کە رێگر بوو لەوەی بارزانی ببێت بە رەمزێکی نیشتیمانیی و تاکە کاریزمای سیاسیی دوای مردنی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، خودی بارزانی خۆی بووە. بارزانی سەرۆکی هەموو کوردان نییە و نەیتوانی ببێت بەو کاریزما سیاسییەی کە وەکو چەتر هەموو هێزە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە، بەپێچەوانەوە، بارزانیی خۆی بەردەوام بووە بە هۆکارێک بۆ دابەشبوونی زیاتری جڤاتی کوردیی و وێرانبوونی پرسی کورد. پارتی و بارزانییەکان لە دوو قۆناغی گرنگیی مێژووییدا دوو شکست و نسکۆی گەورەیان بۆ پرسی کورد و هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنا. لەکاتێکدا مەلا مستەفای بارزان بە شکستی سەربازیی کۆتایی بە شۆڕشەکەی هێنا، ئەوا مەسعود بارزانیی بە شکستی سیاسیی کۆتایی بە سەرۆکایەتیی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا هێنا. کۆتاییهێنان بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مانای دەستبەرداربوون نییە لە هەیمەنە و دەسەڵات. وەکو هەموو سیستەمە سوڵتانییەکانی دونیای ئیسلامیی و عەرەبیی، بارزانییش (دار المُلك)ی خۆی بەناوی بارەگای بارزانییەوە دروستکردووە، کە تیایدا وەک شێخێکی سیاسیی پێگەیەکی پیرۆزی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەخۆی بەخشیوە، چونکە لەسەرووی هەموو دەزگا رەسمییەکانی حکومەت و پەرلەمان و چاودێریکردنێکی یاساییەوە. (دار المُلك)ی بارزانیش وەکو (دار المُلك)ەکانی تر لەسەر دوو بنەما بەندە، یەکەمیان شەرعییەتی ئایینییە، کە پیرۆزێتییەک بە پێکهاتی سەرۆک و حیزبەکەی دەدات و تاک و گروپەکانی کۆمەڵگاش وەک مورید و ڕەعییەت مامەڵەدەکات، دووهەمیان شەرعییەتی مێژووییە، کە حەفتا ساڵە سەرۆکایەتیی گەورەترین حیزبی کوردیی دەکەن کە نوخبەی شاریی کوردیی بۆی دروستکردن.    


راپۆرت: درەو كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لە چەند ناوچەیەكی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕان كاركردنیان راوەستاوە، خاوەنی یەكێك لە دیارترین كۆمپانیاكان دەڵێ دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، هەفتەیەكی تر لەناوەندی شاری سلێمانیش كاركردن رادەگرن، نەبوونی نەختینە لە بانكی سلێمانی كێشەی بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیاكان دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مانگرتنێكی نوێ  سبەینێ یادی (ئەنفال)ە، قەزای چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدان‌و مۆنۆمێنتی ئەنفال زبڵ‌و خاشاك دایپۆشیوە، كرێكارانی ژینگەپارێز مانگرتنیان راگەیاندووە‌و دەڵێن كۆمپانیان موچەیان پێنادەن، ئەم مانگرتنە سنوری قەزای دوكان‌و ناوچەی گەرمیانیشی گرتوەتەوە.  ئەمڕۆ ژینگەپارێزانی ناحیەی (پیرەمەگرون)ی سەربە قەزای دوكان خۆپیشاندانیان كرد‌و رێگای سەرەكی دوكان- سلێمانییان داخست، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە هۆكاری پێنەدانی موچە بە كرێكارانی ژینگەپارێز بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە حكومەت شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات.  كرێكارانی ژینگەپارێز هەفتانە (6) رۆژ كاردەكات، رۆژانە لەكاتژمێر (3)ی بەرەبەیانەوە دەست بەكاركردن دەكەن، موچەی مانگانەیان (350 هەزار) دینارە. خالید شینكی خاوەنی كۆمپانیای (شینكی) بە (درەو)ی راگەیاند، لەناوەندی شاری سلێمانیش تەنیا بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر دەتوانن كار بكەن‌و كارەكانیان رادەگرن.  قەیرانی زبڵ‌و خاشاك لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕان نوێ نییە، سەرەتای مانگی رابردووش كۆمپانیاكانی پاككردنەوە مانگرتنیان راگەیاند‌و بۆ ماوەی (5) رۆژ زبڵ‌و خاشاك لە شەقامەكانی ناوەندی شاری سلێمانیدا كۆبووەوە، ئەوكات ئیدارەی سلێمانی ناچاربوو كرێكارەكانی شارەوانی بەكاربهێنێت بۆ خاوێنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكان. مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە هاوكاتە لەگەڵ نەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕان كە دوو حزبی هاوبەشن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا‌و مەڵبەندی سەرەكییان لە سنوری سلێمانیدایە. وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی سەربە گۆڕانە‌و ماوەیەكە مانی گرتووە‌و ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، خەرجی پرۆژەكانی سنوری سلێمانی خستوەتەسەر داهاتەكانی سلێمانی، داهاتەكانی سلێمانیش بەتەنیا بەشی پڕكردنەوەی خەرجی موچەی موچەخۆرانی سنورەكە ناكات، لەم نێوەندەدا باسلەوە دەكرێت داهاتەكانی سلێمانی هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت سەربە یەكێتییە، هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەم دۆخە داراییە پێ نییە. داهاتەكانی سلێمانی دەچێتە ناو بانكی (هەرێم)ەوە، وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ ئەم بانكە كردووە‌و فەرمانی كردووە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج نەكرێت تا ئەو كاتەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت. سەرەتای مانگی رابردوو كە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی ناوەندی شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند‌و زبڵ كۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، بڕی (ملیارێك) دیناری خستەسەر حسابی حكومەت لە بانكی هەرێم بۆ ئەوەی بدرێت بە كۆمپانیاكان‌و مانگرتن بشكێندرێت، ئەمە وەكو قەرزێكی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو بۆ حكومەت، ئامانج لێی دابینكردنی نەختینە بوو.  پارەكەی بافڵ تاڵەبانی تەنیا مانگ‌و نیوێك بڕی كرد، ناڕەزایەتی كۆمپانیاكان دەستیپێكردەوە، كۆمپانیاكان دەڵێن ئەو پارەیەی هاوسەرۆكی یەكێتی پێیداون، تەنیا بۆ خاوێنكردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار بووە‌و بۆ هەر زۆنێك بڕی (250 ملیۆن) دینار وەرگیراوە. كۆمپانیاكان كێن ؟   ئەو كۆمپانیایانەی كە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕاندا گرێبەستی پاككردنەوەی خۆڵ‌و خاشاكیان پێدراوە بریتین لە: •     كۆمپانیای (خالید حەمەڕەوف شینكی) •     كۆمپانیای (هەرێم) •     كۆمپانیای (گەردین) •     كۆمپانیای (ئۆرانۆس) •     كۆمپانیای (بیڤان) •     كۆمپانیای (شكار) •    كۆمپانیای (گارێكس) ئەم كۆمپانیایانە كە كاری (كۆكردنەوە)‌و (داپۆشین) خۆڵ‌و خاشاك دەكەن، دابەشكراون بەسەر چەند زۆنێكی ناوەندی شاری سلێمانی‌و دەرەوەی شاردا.  ناوەندی شاری سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) زۆنی زبڵ‌و خاشاكدا، سێ كۆمپانیا كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار دەكەن، بەمشێوەیە:  •    كۆمپانیای (خالید شینكی) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باشورو رۆژهەڵات)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات.  •    كۆمپانیای (هەرێم) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باكورو رۆژئاوا)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات.  •    كۆمپانیای (شكار) كاری پاككردنەوەی (ناوەڕاست)ی شاری سلێمانی دەكات بۆ هەر زۆنێك، كۆمپانیاكانی (250) كرێكارو (50) ئۆتۆمبیلیان تەرخانكردووە، زۆنەكانی تری دەرەوەی شاریش بەهەمان شێوە دابەشكراون بەسەر كۆمپانیاكاندا، ئەو دوو زۆنەی كە ئێستا مانگرتنی كرێكارانی ژینگەپارێزی تێدایە، یەكێكیان لای كۆمپانیای خالید شینكی كە زۆنی قەزای دوكانە، زۆنەكەی تریش كە قەزای چەمچەماڵە لای كۆمپانیای (شكار)ە.  كێشەی دارایی كۆمپانیاكان مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نوێ نییە‌و لەمساڵدا ئەمە جاری سێیەمە، كۆمپانیاكان دەڵێن نزیكەی (10 ملیار) دیناریان لای حكومەتەوە‌و تا ئەو پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانن دەست بە كاركردن بكەنەوە. لە ساڵی 2020وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، وەزارەتی دارایی بڕیاریدا كۆمپانیاكانی پاككردنەوە، مانگانە رێژەی 60%ی شایستە داراییەكانیان (بە چوار گوژمە) وەربگرن‌و رێژەی 40%ی شایستەكانیان تا كاتێكی نادیار لە بانكدا بمێنێتەوە، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە دەڵێن لەو تەندەرانەی كە وەریانگرتووە بەهیچ شێوەیەك ئەم مەرجەی تێدا نەبووە.   بەمدواییە كە قەیرانی نەمانی نەختیەی دارایی لە سلێمانی سەریهەڵدا، كێشەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی زیاتر بوو، وەكو خۆیان دەڵێن كە پێیان ناوەتە ساڵی 2022ەوە هێشتا شایستەی مانگی 10ی ساڵی 2021ی خۆیان وەرنەگرتووە. مانگرتنی یەكەمی كۆمپانیاكان لە شوباتی ئەمساڵدا بوو، ئەوكات بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بە بەڵێنی دابینكردنی (گاز) بۆ ئۆتۆمبیلەكانیان، وای لە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە كرد دەست بە كاركردن بكەنەوە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن ئەم (گاز)ە كێشەی دارایی ئەوانی چارەسەر نەكردووە، ئەو بڕە (گاز)ەی كە مانگانە هەر كۆمپانیایەك وەریگرتووە بەهاكەی (14 ملیۆن) دینار بووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بەپێی شایستەی دارایی خۆیان دەبوو مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دینار وەربگرن. خاوەن كۆمپانیاكان باسلەوە دەكەن، لە جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی دارایدا بۆ گلدانەوەی 40%ی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لە بانكەكاندا جیاكاری لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كراوە، چونكە كۆمپانیاكانی هەولێر سود لە گلدانەوەی 40%ی پارەكانیان لە بانكەكاندا دەبینن‌و بەكاریدەهێنن بۆ پڕكردنەوەی خەرجی زەمانەت‌و خەرجییەكانی تری خۆیان، بەڵام كۆمپانیاكانی سلێمانی 40%ی پارە گلدراوەكانیان لە بانكەكاندا نەماوە.  لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیاكانی هەولێر بەنرخێكی زیاتر لە كۆمپانیاكانی سلێمانی تەندەرەكانیان وەرگرتووە، واتە قازانجی زیاتر دەكەن، بۆیە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی كاریگەری زۆری لەسەریان نابێت‌و بەو 60%ی شایستەكانیان كە وەریدەگرن قایلن‌و كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی كێبركێی كۆمپانیاكانەوە نرخی تەندەرەكانی پاككردنەوە دابەزیوە.   جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانیان هەیە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوە گرفتیان لەسەر ئەو سزا داراییانە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی‌و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، داوا دەكەن ئەم سزایانەیان لەسەر بسڕێتەوە.  زبڵ لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە‌و فڕێ دەدرێت. تێكڕای قەبارەی خۆڵ‌و خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆن‌و 628 هەزار) تەن، كە زۆربەی لەنزیك شارەكان فڕێدەدرێت‌و دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگە‌و تەندروستی گشتی دەگەیەنێت.  (31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش چەندینجارە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەنن‌و شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵ‌و كارەساتی ژینگەییەوە. زبڵ لەناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا   قەبارەی رۆژانەی خۆڵ‌و خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بەمشێوەیە: •    سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن زبڵ كۆدەكرێتەوە   •    ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن •    ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە، بڕی (2 هەزارو 720) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رێژەی 38%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.  زبڵ لەناوەچەی دەسەڵاتی پارتیدا قەبارەی رۆژانەی زبڵ‌و خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەمشێوەیە:  •    هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە •    دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بڕی (4 هەزارو 220) تەن زبڵ‌و خاشاك كۆدەكەنەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی پارتی رێژەی 62%ی كۆی گشتی زبڵ‌و خاشاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. 


(درەو):  ئێران بەڵێنی بە پارتی داوە ئەگەر لە بەرەی سەدر بكشێتەوە، چارەسەری بڕیارەكانی دادگای باڵای فیداڵی عێراق بكات سەبارەت بە رادەستكردنی نەوتی هەرێم، وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی عێراق هاتە هەرێمی كوردستان‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بینی.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەفدەكەی ئێران لەگەڵ خۆیدا دەستپێشخەرییەكی هێناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق.  (درەو) زانیویەتی، وەفدەكەی ئێران داوای كردووە پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون، پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بمێنێتەوە، بەڵام (بەرهەم ساڵح) پۆستەكە وەرنەگرێتەوە، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك ئیمتیازی تر بە پارتی بدرێت‌و هەموو پۆستە وزارەییەكانی پشكی كورد لە بەغداد پارتی پڕیان بكاتەوە.  سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی رایگەیاند، ئێرانییەكان بەڵێنیان بە پارتی داوە ئەگەر لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بگەنە رێككەوتن، چارەسەر یان هەڵوەشاندنەوەی  بڕیاری رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكەن  بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم. هەوڵەكەی ئێران بۆ ئەوەیە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بەبێ موقتەدا سەدر، لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دروست بكرێت‌و پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان بەشدار بن لە حكومەتەكەدا، واتا پارتی لە بەرەی سەدر بكشێتەوە. (درەو) زانیویەتی، تائێستا پارتی لەسەر پێشنیازەكانی ئێران رازی نەبووە.  وەفدەكەی ئێران، جگە لە پارتی‌و یەكێتی، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێش كۆبونەتەوە.  موقتەدا سەدر وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، تاوەكو دوای مانگی رەمەزان دەرفەتی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوە هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن. 


  (درەو):  پارتی بە بروسكەیەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئاگادار دەكاتەوە بایكۆتی كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بكەن "روداو لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كارناكات" پێشتریش مەسرور بارزانی كەناڵی روداوی لە وەزیرەكانی پارتی قەدەغەكرد.    (درەو):  پارتی لە حكومەت‌و لە حزبیش كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بایكۆت كردووە، ئەم بابەتە لەناو پارتی مشتومڕی دروستكردووە.  بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و لەسەر داوای مەسرور بارزانی بە بروسكەیەك مەكتەبی سیاسی پارتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی (هەولێر- سلێمانی هەڵەبجە- كەركوك- گەرمیان)‌و (مەكتەبی سیاسی)‌و (هەموو لقەكانی) پارتی ئاگاداركراون چاوپێكەوتن لەگەڵ كەناڵی (رووداو) نەكەن.  ئەم فەرمانە حزبییەی پارتی رۆژی (7)ی ئەم مانگە دەرچووە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" ماوەیەكە تەلەفزیۆنی رووداو موراعاتی ئەمنی نەتەوەیی ناكات، هەندێك بابەت دەوروژێنێ لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە دەبێت هەڤاڵان خۆیان لە چاوپێكەوتن لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو بپارێزن، تا ئەو كاتەی كەناڵەكە بە رەفتارەكانیدا دەچێتەوە". بەپێی زانیارییەكان (درەو)، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەزیرەكانی پارتی قەدەغەكراوە قسە بۆ كەناڵی (رووداو) بكەن.  ئەم بڕیارانەی مەسعود بارزانی‌و مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە كە خاوەنی كەناڵی (رووداوە).  لە دوای دروستكردنی كەناڵی (رووداو)ەوە، چەندجارێكە نێچیرڤان بارزانی دەكەوێتە ژێر فشاری مەسعود بارزانی مامی، بەپێچەوانەی میدیا فەرمییەكانی پارتییەوە، (رووداو) رێگا بە تێپەڕبوونی بۆچوونی بەشێك لە نەیارانی سیاسی پارتیش دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرچاوەی داهاتی كەناڵەكە دەبەسرێتەوە بە پارتییەوە‌و پارتی داوای دەستوەردان دەكات لە بەڕێوەبردنی كەناڵەكەدا.   


(درەو):  وەفدێكی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیدا كۆبونەتەوە، بەڵام میدیای پارتی ئەم دیدارەی لە رایگشتی شاردوەتەوە. وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد)  باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە. ئەم وەفدە كە رۆژی 10ی ئەم مانگە لە بەغداوە گەیشتونەتە هەولێر، دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان ماوەتەوە بۆ ئەوەی هەرسێ (بارزانی)یەكە ببینێت. میدیای پارتی هەواڵی سەردانی ئەم وەفدەی ئێرانی بۆ هەولێر ئاشكرا نەكرد، بەڵام كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر، هەواڵەكەی بڵاوكردەوە.  شەوی 13ی ئازاری رابردوو، ئێران ماڵی (شێخ باز)ی بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، لەوكاتەوە ئەمە یەكەمین دیداری فەرمی بەرپرسانی پارتی‌و ئێرانە.  كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ ئەو ماڵەی كە لە هەولێر موشەكباران كراوە، شوێنی كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" بووە، بەرپرسانی هەرێم ئەمە رەتدەكەنەوە.  بەمدواییە ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لە ماڵەكەی شێخ بازدا كە ئێرانییەكان بۆردومانیان كرد، چەند كۆبونەوەیەك كراوە سەبارەت بە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، لەم كۆبونەوانەدا شارەزایانی ئیسرائیلی‌و ئەمریكی بەشداربوون.  ماوەیەكە پەیوەندییەكانی پارتی‌و ئێران گرژی تێكەوتووە، سەرەتای ئەم گرژییە بۆ هاوپەیمانێتییەكەی بارزانی دێت لەگەڵ سەدر، ئێرانییەكان وا لێكیدەدەنەوە، پارتی‌و سوننەكان بەشێك بن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراق‌و دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران.  سەرباری ئەمە، ئێرانییەكان نیگەرانن لە هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسانی پارتی بڕیاری خۆیان لەوبارەیەوە یەكلاكردوەتەوەو یەكێتیش دژە.   دوای موشەكبارانەكە، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بچێتە تاران‌و پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە، بەڵام ئەمە سەری نەگرت، ئێرانییەكان نێچیرڤان بارزانی بە دۆستی خۆیان دەزانن‌و پێیانوابووە سەردانی ئەو كاریگەریی سەر ناڕەزایەتییەكانیان لە مەسعود بارزانی مامی نابێت.  سەرەتای شوبانی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرە‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، سەردانەكەی هێندە خێرا بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانیبوو، هەواڵەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی توركیاوە بینی. لەم سەردانەدا، ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان لە نچیرڤان بارزانی كرد، سەرۆكی هەرێم پێی وتبوو" هەرچیم لە توانادا بێ دەیكەم، بابەتی ناردنی غاز لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق تاوتوێ دەكەم". رۆژی 15ی شوبات، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیداڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ، حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی حكومەتی عێراق لەسەر حكومەتی هەرێم یەكلاكردەوە، یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی بە نادەستوری ناوبرد‌و داوایكرد هەرێم نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات. ئێستا هەرێمی كوردستان لەناو لێكەوتەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقدا دەژی، سەرباری ئەمە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و پارتی هێشتا ئاڕاستەیان بەرەو ئیماراتی عەرەبی‌و توركیا‌و پشتیان لە ئێران كردووە، ئەمە لەكاتێكدا دەزانن ئەو شەپۆلە فشارانەی بەمدواییە كەوتوەتە سەر هەرێمی كوردستان، سەرچاوەكەی لە ئێرانەوەیە.   


(درەو): وەفدەكەی حكومەتی هەرێم گەڕایەوە هەولێر، جیاواز لە جارانی پێشوو، گوێیان لە تۆنی دەنگی بەرپرسانی بەغداد بوو، بەرپرسانی نەوتی عێراق بەروونی بە وەفدی حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە: شتێك نەماوە بەناوی دانوستان و رێككەوتن لەسەر پرسی نەوتی هەرێم، ئێستا كاتی دانوستان و گفتوگۆیە لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت. ئەوان بەروونی بە وەفدی حكومەتی هەرێمیان وتووه‌" بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیەو تەفسیرو لێكدانەوە هەڵناگرێت، بۆیە ئێمە ناتوانین گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم بكەین، تەنیا دەتوانین گفتوگۆتان لەگەڵ بكەین لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت.. ئێستادا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی بانكیی بكاتەوە تایبەت بە داهاتی نەوت و بەغداد ئاگاداری تەواوی داهاتی نەوت بێت لەو ژمارە بانكییە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو داهاتە چۆن خەرج دەكرێت و بۆ كوێ و چی دەچێت".  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك ئەدات بۆ ئەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكات، ناردنی ئەو وەفدەش بۆ بەغداد ( پرسەكە تایبەتە بە نەوت و هیچ بەرپرسێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی تێدا نییە) تەنیا بۆ وەرگرتنی سەرنجی بەرپرسانی بەغدادیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتی هەرێم. سەرچاوەیەك لە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق زۆر جیاوازتر و بێمنەتانەتر قسەیان دەكرد، ئامادەنەبوون گفتوگۆ لەسەر شێوازی رێككەوتن بكرێت، ئەوان تەنیا دەیانویست ئەوە بڵێن كە هەرێم دەبێت ئامادەكاری بكات بۆ رادەستكردنی كۆی پرۆسەی نەوت، رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت شیاوی گفتوگۆكردن نیە و ئەو پرسە دادگای فیدراڵی كۆتایی پێهێناوە.   لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا بەروونی باس لە گفتوگۆكان كراو تیایدا هاتووه‌: 🔹 پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا ده‌كرێت. 🔹 كردنەوەی هەژمارێكی بانكی لە بانكێكی نێودەوڵەتی بۆ داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دوور لە گه‌نده‌ڵی داهاتەكە بزانرێت و خەرج بكرێت. 🔹 گواستنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان لە وەزارەتی سامانە سروستییەكانی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیایەی كە بەنیازین دروستی بكەین. 🔹 گواستنەوەی لایەنی دووەمی گرێبەستەكان لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق. 


سلێمان مستەفا لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات، بۆیە تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو، بەڵام گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت.  بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ‌، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. تۆماری دەنگدەران  تۆماركردنی ناوی دەنگدەران پرسێكە بەپێی رێوشوێنە بڕیار لێدراوەكان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك ناكرێت نادیدە بگیرێت، لەهەمانكاتدا خاڵێكی بنچینەییە بۆ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئازادو دیموكراسیانە، كە پێویستە هاووڵاتیان بەیەكسانی بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن و ناویان تۆمار بكرێت، بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن وەك لەماددەی (21)ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، ماددەی (25) لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدنی و سیاسییەكان، بڕگەی یەكەم و دووەم لە جارنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئازادو پاك دوور لە هەر جۆرە جیاكاریەك، وە لە هەمانكاتدا مافی تانەلێدانیشان بۆ فەراهەمكرابێت لەكاتێكدا ئەگەر رێگایان لێبگیرێت لە تۆماركردنی ناوەكانیان، ئەگەر ئەو بێبەشكردنە بە هۆكاری یاسایی یان كارگێریی بێت. تۆماری دەنگدەران بریتییە لەو بەڵگەنامەی كە ئاماری دەنگدەران لە خۆ دەگرێت و ناوەكانی بە زنجیرە تیادا تۆمار دەكرێت،  تۆماری دەنگدەران لیستی ناوی ئەو هاوڵاتیانەیە كە بە پێیی رێوشوێنی یاسایی بڕیار لێدراو تۆمار دەكرێن، كە لە یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن دیاریدەكات كە تۆماری دەنگدەران چۆن ئامادەدەكرێت، كەئەمەش لەوڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، ئەم پرسەش لە رێگەی یاساوە یەكلای كراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆدەنگییەك هەیە لەسەر تۆماری دەنگدەران كە چۆن ئامادەبكرێت، چ جۆرە زانیاریەك لە تۆماری دەنگدەران تۆمار بكرێت، بۆ ئەمەش كۆمەڵێ‌ بنەمای نێودەوڵەتی هەیە كە وڵاتان خۆیانیان پێوە پابەنددەكەن، لە ئامادەكردنی لیستی دەنگدەراندا ، وە چەند جورو شێوازێك لە تۆماری دەنگدەران بونیان هەیە :   1- سیستەمی خۆبەخشانە: واتە ئەو هاوڵاتیانەی مەرجە بابەتیەكانیان تێدایە، بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان، هەڵدەستێ‌ بە پێشكەش كردنی داواكاریەك بۆ تۆماركردنی ناوی لە تۆماری دەنگدەران، لە یاسای هەڵبژاردنیش دوو جۆر لە تۆماری دەنگدەرانی خۆبەخشی تیاییە، ئەمانیش، یەكەم تۆماری بەردەوامە كە تیادا پرۆسەی تۆماركردن بۆ یەكجارەو ناشتوانرێت هەموار بكرێت تەنها لە حالەتی گۆرینی شوێنی نیشتەجێبوون، یالە دەستدانی لێهاتوویی هەڵبژاردن، ئەمەش لەزۆربەی وڵاتان پەیرەوی لێدەكرێت، دووەمیان  سیستەمی تۆماری دەورییە كە پێویستە لەسەر دەنگدەر دووبارە بە شێوەیەكی دەوری ناوی خۆی تۆمار بكاتەوە ئەوەش ئێستا لە هەندێ‌ لە ویلایەتەكانی ئەمریكا وەك ویلایەتی لویزیانا كە مەرجە دەنگدەر هەر چوار ساڵ جارێك ناوی تۆمار بكات. 2- سیستەمی بەزۆر: لەو سیستەمەدا لایەنی ئیداری تایبەتمەند لە ڕووی یاساییەوە هەڵسێ بە ئامادەكردنی تۆماركردنی، و تۆماركردنی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی كە مەرجە بابەتیەكانیان بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان تێدایە، بێ‌ ئەوەی ئەو كارە لەسەر داوای هاوڵاتیان وەستا بێت. 3- سیستەمی تۆماری دەوری: بە گوێرەی ئەو سیستەمە لایەنی تایبەتمەند هەڵدەستێ‌ بەئامادەكردنی تۆماری دەنگدەرانی نوێ‌ لە ماوەیەكدا ئەو ماوەیەش لە وانەیە ساڵێك بێت یا دوو ساڵ یا زیاتر لەوەبێت،لە ڕبردوشدا كار بەم سیستەمە كراوە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان كاری پێ ناكەن. 4- سیستەمی تۆماری بەردەوام: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی تۆماركردن یەكجار دەبێت، ناشتوانرێت بە درێژایی ژیانی دەنگدەر گۆرانكاری بەسەر ئەو تۆمارەدابێت، مەگەر لە هەندێك حالەتدا نەبێت، وەكو گۆرینی شوێنی نیشتەجێبون یا لە دەستدانی شایەستی، ئەو جۆرە سیستەمە لە زۆربەی وڵاتان پەیرەو دەكرێت. 5- سیتەمی تۆماركردنی ئیلزامی: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئەو كەسانە كورتكراوەتەوە كە ناویان لە تۆماری دەنگدەران تۆماركراوە، ئەو كەسانەشی ناویان لەو تۆمارە تۆمار نەكراوە دوور دەخرێنەوە، هەتا ئەگەر مەرجە بابەتەكانیشیان تێدابوو كە ڕیگەیان بۆ خۆش دەكات مومارەسەی مافی دەنگدان بكەن. 6-سیستەمی تۆماری نا ئیلزامی: بەگوێرەی ئەوسیستەمە مافی دەنگدان بە هەموو كەسێك دەدرێت، ئەگەر مەرجە بابەتیەكانی مومارەسەكردنی مافی دەنگدانی تێدابێت،بێ‌ ئەوەی بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدان پێویست بەوە بكات ناوی لە یەكێك لە تۆمارەكانی دەنگداندا تۆماركرابێت ، شان بە شانی ئەم جۆرو شێوازانە لە تۆماری دەنگدەران , ئێستا لە وڵاتانی پێشكەوتوو پشت بە داتای دەزگای گشتی كاروباری رەگەزنامە دەبەسترێت كە هەموو هاوڵاتیان خاوەنی كۆد نەمبەری خۆیانن ، وە هەر لەم داتایە تۆماری بایۆمەتری دروست دەكەن . تۆماری دەنگدەران لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان-عێراق. بە پێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، ئەركی كۆمسیۆنە بە پێیی سیستمی راستەوخۆ هەستێت بە ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی كوردستاندا. بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێریەكی پشتراستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسییەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیاریەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن. هەر لەهەمان یاسادا ئەنجوومەنی كۆمسیاران سەر پشككراوە لە گرتنەبەری رێگەو شێوازی تازە بۆ ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران، چۆنیەتی ئامادەكردن و نوێكردنەوەشی سپاردوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی. بۆ ئەم كارەش كۆمسیۆن دەبێت سیستم و رێكاری تایبەت دەربكات بۆ رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەو چۆنیەتی تانەلێدان لە تۆماری دەنگدەران. بەڵام نازانرێت ئایا كۆمسیۆن پشت بە كام داتاو زانیاری ببەستێت , پرسیاری ئەوە نەكراوە كە كۆمسیۆن چۆن چۆنی تۆمار دروست بكات ، ئەگەر ئاماژە بە داتا فەرمیەكە نەكرێت ، چونكە كۆمسیۆن هێزی ناچاركردنی نیە داوا لە دەنگدەران بكات لە ماوەیەكی دیاریكراو بێن خۆیان تۆمار بكەن ، هەروەها داتای بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕگەزنامەش تا ئەمڕۆ ڕیگولەرە ، بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لەو بارەیەوە هەوڵدەدەین شرۆڤەی دەقە یاساكانی پەیوەندیدار بكەین: یەكەم/ لەبرگەی یەكەمی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەگوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەك دادەمەزرێت لە ژێر ناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاكە دەسەڵات كە ڕێكاری هەموو هەڵبژاردن و ڕاپرسییە گشتییەكان ئەنجام دەدات لەسەر ئاستی سەرتاسەری كوردستان - عێراق. بە پێی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.  لە ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (كۆمسیۆن ئەمانەی خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ) وە لە زنجیرەی پێنجەمی ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەڕێوەبردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان بۆ مسۆگەركردنی مافی هەڵبژاردنیان) ناوەڕۆكی ئەم ماددەیەش دووپاتیدەكاتەوە، لەسەر ئەوەی كە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران. دووەم/ لە بڕگەی یەكەمی ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (ئەنجوومەن ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادەدەكات)، لە بڕگەی یەكەمی زنجیرەی یەكەم لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دامەزراندن و نوێكردنەوە و بژاردكردنی تۆماری دەنگدەران لە ڕێی هەموو جۆرە شێوازێكی تازەی بەردەست، لەسەر لایەنە پەیوەندارەكانیش پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەندا بكەن بۆ گەیشتن بەم مەبەستە )  سێیەم/ لەبرگەی چوارەم لە ماددەی شازدەیەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دەركردنی پەیڕەوی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە) لێرەدا ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرابوو كە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ئەركێكی گران خراوەتە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. بێگومان ئامادەكردن و رێكخستنی تۆماری دەنگدەران لەحاڵەتێكی وەك ئێستادا كە هیچ داتاو زانیاری باوەڕپێكراو بەردەست نییە، كارێكی سەخت و گرانە و لە ئایندەش كەموو كوڕیەكان بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن. تۆماری دەنگدەران لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان  یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو. یاسای هەڵبژاردن یەكێكە لە یاسا گرنگ و هەستیارەكانی هەر وڵاتێك، تەنانەت لە هەندێ‌ كاتدا بە دەستوور ناودەبرێت، چونكە لەیاسای هەڵبژاردندا بڕیار دەدرێت لەسەر سیستم و شێوازی گۆڕینی ژمارەی دەنگەكان بۆ ژمارەی كورسی ، چۆنیەتی دابەشكردنی وڵات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەروەها لە كاتی ڕودانی تاوانەكانی هەڵبژاردن و دەقنوس كردنی، بەپێی یاسای هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانە دەكرێت. هەمان یاساش بڕیار لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران و وردەكاریەكانی دەدات. لەخوارەوە بڕگە و خاڵ و ماددەكانی یاسای هەڵبژاردن پەیوەست بە تۆماری دەنگدەران شرۆڤە دەكەین. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو: لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراودا هاتووە (بە یاسایەك دەستەیەكی باڵای سەربەخۆ پێكدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان و بەرێوەبردنی كارەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، مەركەزەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمدا دەستنیشاندەكات، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكردنی ڕەوشی هەڵبژاردنەكان دەردەكات، سەرۆك و ئەندامەكانی لیژنەگەلی ناوەندەكانی ناوزەددەكات) . بە گوێرەی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن (دەستە) تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، رێنمایی دەردەكات بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای هەڵبژاردن. لەماددەی پانزەهەمی یاسای ژمارە (1) ساڵی (1992)دا هاتووە (لیستەكانی ناوی دەنگدەران بۆ هەرێمی كوردستان بە پێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادەدەكرێن و بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ‌ و پیشە و ناونیشان و بەروار و شوێنی لە دایكبوونیان تێدا دەنووسرێ‌، ئەگەر ئەوەش نەكرا، ئەوا لەو بارەدا هەیئەی باڵا بۆی هەیە، ڕێگایەكی دیكەی لەبار بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزێتەوە) لە دەقی ماددەی سەرەوەدا هاتوو كە دەبێت تۆماری دەنگدەران ناو، ناونیشان، پیشە، بەروار و شوێنی لە دایكبوونی تێدا بنوسرێت و لیستەكەش بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ‌، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە كە دەبێت كۆمسیۆن كام تۆمارو سەرژمێری بكاتە بنەمای رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە دەقی ماددەكەدا هاتووە ئەگەر ئەو رێگە نەكرا، ڕێگایەكی دیكەی لە بار، بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزرێتەوە، ئەم بڕگەیە بەمشێوازە گونجاو نییە لە رێكخستنی تۆماری دەنگدەراندا، چونكە ئەركی دەوڵەت (هەرێم) لێرەدا دیار و ڕوون نییە، كە تۆماری هاوڵاتیانی نەبێت كەبتوانێت كۆمسیۆن پابەندبكات پێیەوە. هەروەها لە ماددەی شانزەهەمی یاساكەدا هاتووە (دەستەی باڵا، بەلانی كەم (15) رۆژ پێش ماوەی دیاریكراوی دەنگدان، تۆمارەكان بەسەر مەركەزەكانی دەنگداندا، لە هەرێمدا دابەشدەكات بۆ ئەوەی لە تابلۆی تایبەت بەم مەبەستە بە هاوڵاتیانی ڕابگەیەنێ‌ بە مەرجێ‌ بە مۆری دەستەی باڵا مۆربكرێن، بەرواری ڕاگەیاندنەكەشی لەسەر بنوسرێت لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی لە ماددەی پانزەیەمدا هاتووە). بە سەرنجدان لە ناوەڕۆكی ئەم ماددەییە رووبەڕووی پرسیارێك دەبینەوە، ئایا چۆن دەكرێت (15) رۆژ پێش دەنگدان تۆمارەكان بەسەر ناوەندەكان دابەشبكرێن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان و شوێنی دەنگدان، جاگواستنەوەی ناو بێت، یان سڕینەوەی، یاخود زیادكردن لە ماددەی هەژدەیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دا هاتووە (بۆ هەر كەسێك مەرجەكانی دەنگدەری تێدا بێت ‌و تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكرابێت لەخشتەی دەنگدەراندا، دەتوانێت داوای تۆماركردنی ناوی بكات، بۆ هەر دەنگدەرێك هەیە داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكراوە یان داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق لەخشتەی دەنگدەراندا سڕدراوەتەوە، لەماوەی دە رۆژدا لەبەرواری بڵاوكردنەوەی خشتەی دەنگدەرانەوە. داواكە، لەگەڵ ڕای لیژنەی مەركەزی پەیوەندیداری هەڵبژاردن، پێشكەش بە هەیئەی باڵا دەكرێ‌، هەیئەی باڵاش، لە ماوەیەكدا لە سێ‌ رۆژ نەترازێ‌ كە لە رۆژی پێشكەشكردنی داواكەوە دەستپێدەكا سەیر دەكات و یەكلایی دەكاتەوە). ناوەرۆكی دەقی ماددەی هەژدەیەم ئەو راستیە دووپاتدەكاتەوە كە دژ یەكییەك بەدیدەكرێت لە نێوان ماددەی شانزەهەم و هەژدەهەمدا، چونكە لانیكەم دەبێت تۆماری دەنگدەران بە شێوە كلاسیكیەكەی مانگێك بەر لە وادەی دەنگدان سەرجەم قۆناغەكانی تێپەڕاندبێت و ئامادەكرابێت بۆ چاپكردن، دەكرێت ئاماژە بە تۆماری سەرەتایی و تۆماری كۆتایی بدرێت. لە ماددەی نۆزدەهەمی هەمان یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (هەر هاوڵاتیەكی كوردستانی- عێراق چ نێر، چ مێ‌، بۆی هەیە ببێتە دەنگدەر یان پاڵێوراو، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدابێت كە لەم یاسایەدا باسیان لێوەكراوە) . واتە لایەنی پەیوەندیدار پابەندە بە تۆماركردنی ناوی دەنگدەران بە بێ‌ بوونی ویستی دەنگدەر، لە ماددەی بیستەمیشدا هاتووە (مەرجە دەنگدەر هاوڵاتی كوردستانی عێراق بێت و هەژدە ساڵی تەواوكردبێت). لە بەرامبەر ساختەكاری لە تۆماری دەنگدەران لەماددەی (57) هاتووە: هەر كەسێك ئەمانەی خوارەوەی كرد بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ‌ كە لە (6) شەش مانگ كەمتر نەبێ‌ و غەرامەیەكیشی لێوەردەگیرێ‌ كە لە (100،000) سەد هەزار دینار كەمتر نەبێ‌ و لە (500،000) هەزار دیناریش زیاتر نەبێ: 1- بەئەنقەست ناوێك یا ناوەكان یان سیفاتی قەڵبی لەخشتەی دەنگدەران تۆماركرد یان بە پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە ناوێكی تێدا نەنووسێ‌. 2- ناوی خۆی یان ناوی كەسێكی تری بەبێ‌ بوونی مەرجی یاسایی پێویست تۆماركرد و دەركەوت كە بەمە دەزانێ‌ و هەر كەسێكی دیكەش كەناوێكی تۆمار نەكرد یان سڕییەوە.  لەماددەی پەنجاو نۆدا هاتووە (هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان- عێراق، كە لە دەرەوە دادەنیشن (المقیمین) مافی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان-عێراق هەیە. بێگومان یاسا مافی دەنگدانی داوە بە هاوڵاتیان بەڵام مەرجی دەنگدەریان تیا فەراهەم بێت، بەڵام بەشداریپێكردنی هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات، بە چ شێوەیەك بەشداریبكەن، چۆن تۆماری دەنگدەرانیان بۆ رێكبخرێت، ئەو لایەنە كێیە كە ئەركی رێكخستنی وەردەگرێت، پشت بەكام داتا و زانیاری ببەسترێت، ئایا كام بەڵگەنامە بكرێتە بنەما، لە چەند وڵات و شار ناوەندی دەنگدان بكرێتەوە ئەمانە ئەو پرسانەن كە لە دەقی ماددەكەدا بوونیان نییە. لەماددەی شەستی یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (پرۆسەی دەنگدانی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا، كارمەندانی نەخوشخانەكان و بەندینخانەكان و حەپس و سجنەكان، لە چەند مەركەزێكی تایبەت بە خۆیان ئەنجامدەدرێت كە دەستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هاودەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا دەستنیشانیاندەكات، بە مەرجێ‌ پێش چل و هەشت سەعات لە وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت).  دەنگدانی هێزە چەكدارەكان پێش وادەی دەنگدانی گشتی كارێكی باشە بۆ ئەوەی دەستكراوە بن لە رۆژی دەنگدانی گشتیداو ئاسایش و ئارامی وڵات بپارێزن و دەنگدەران بتوانن بەبێ‌ ترس سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن، بەڵام جیانەكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان لە كات و ساتی خۆیدا كارێكی خوازراو نییە، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت بە لیستی مووچە تەواوی زانیارییەكان بدات بە كۆمسیۆن بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان بە تەواوی و یەكجاری لە تۆماری گشتی جیابكرێتەوە.  تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان. بنەمەیەكی یاسایی هەیە دەڵێت ((ڕادان) نابێت لەكاتی بونی دەقێكدا). گومانی تیا نییە لە هەرێمی كوردستان-عێراقدا، پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیا جیا بونیان هەیە، خۆشبەختانە بنەمای پێكەوە ژیان لە كوردستاندا خاڵێكی پرشنگدارە كە هەموو لایەك شانازی پێوەدەكەن. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە كەموكوڕی نییە لە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە ناو لیستی حزبە كوردستانییەكاندا. بۆ چارەسەری ئەم گرفتە وەك چۆن زۆربەی وڵاتان پەنایان بۆ كورسی كۆتا برد، لە هەرێمی كوردستانیش ئەم پرسە بەكۆتا چارەسەری بۆ دۆزرایەوە، بە پێی دەقی ماددەی (36)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، كورسی پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون: بۆ پێكهاتەی توركمان پێنج كورسی، پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری پێنج كورسی، بۆ پێكهاتەی ئەرمەن یەك كورسی. بەپێی دەقی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2009) یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەی هەموار كراو، كورسی بۆ پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون لە پارێزگای هەولێر (2) كورسی بۆ سریان كلدان ئاشوری، (3) كورسی بۆ توركمان) لە پارێزگای سلێمان (1) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، لە پارێزگای دهۆك (2) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن  دەكرێت لێرەدا بپرسین ئایا مەبەست لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان چییە؟ بێگومان وەڵامەكەی روونە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان ئەو كورسیەیە كە بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەستنیشاندەكرێت بۆ ئەوەی دەنگدەرانی هەر پێكهاتەیەك دەنگ بۆ كاندیدانی خۆیان بدەن و كاندیدی راستەقینەی خۆیان دەستنیشانبكەن. واتە نوێنەری هەر پێكهاتەیەك تەنها بەدەنگی پێكهاتەكەی خۆی بگاتە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پرسە بەكراوەیی هیڵدرایەوە تا ڕادەیەك ڕاوبۆچوونی جیاجیای لەسەر دروستبوو، گومان لە حیكمەتی بوونی كورسی كۆتاكان هاتە ئارا، بەوەی چۆن دەبێت دەنگدەری ئەو پێكهاتانەی دەنگدەریان زۆرە بتوانن دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەكانی تریش بدەن. ئەمەش وایكرد كە ئەم پرسە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی نەپێكێ‌. ئەوەی جێگای نیگەرانییە زۆرجار لە لایەن قەوارە گەورەكان تا رادەیەك ئەم پرسە قۆستراوەتەوە و ناكۆكی و دەنگی جیای دروستكردوە بۆیە گەر جیاكردنەوەی كورسی بۆ پێكهاتەكان جیاكاریەكی ئەرینی بێت ، ئەوا گومانی تێدا نییە جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیشیان جیاكاریەكی ئەرێنیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان خۆیان.  بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ‌، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. هەر چەندە لە خاڵی پێنجەمی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا ئاماژە دراوە بەوەی كە دەنگدەرانی هەر پێكهاتەك دەنگ بە پاڵێوراوانی پێكهاتەی خۆیان بدەن، بەڵام بە پێی دەقی ماددەی (1)ی یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2013) یاسای دووەمین هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، ژمارە (4)ی ساڵی (2009) كاركردن بەم بڕگەیە راگیرا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا.  لێرەدا بەكورتی وبە پوختی ئەم سەرنج و پێشنیاران  دەخەینەڕوو بۆ ڕای گشتی و حزبە سیاسیەكان وپەرلەمانی كوردستان:. یەكەم: بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەبَبژاردنی پەرلەمانی كوردستان  دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێرییەكی پشتڕاستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسیەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیارییەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن ، بۆیە لە ئێستا تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو دووەم: لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا تەنها ئەو دەنگدەرانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە خاوەنی كارتی بایۆمەترین ، واتە لەناو پرۆژە یاساكەدا بڕیار بدەن كار بە كارتی كورت مەودا نەكرێت ، ئێستا كۆمسیۆنی ئتتحادی دەرگای ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كردۆتەوە ، كەواتە ئەو هاوڵاتیانە كارتی بایۆمەتریان دەرنەهێناوە ، ئێستا فرسەتە بڕۆن بۆ دەرهێنانی كارتەكەی خۆیان ، وە ئەو دەنگدەرانەی كارتی بایۆمەتریان كردوە كارتەكەیان وەر نەگرتوتەوە ئێستا دەتوانن سەردانی ناوەندەكانیان بكەنەوە  سێیەم: لە یاساكە دا مەرجی كارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەی كارتی نیشتمانی ، یان كارتی بایۆمەتری دەنگدان و ڕگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بكرێتە مەرج . چوارەم: ئامێری ناسینەوەی دەنگدر گرنگی پێبدرێت و ڕێگە بە كەس نەدرێت بەشداری دەنگدان بكات گەر ئامیری ناسینەوەی دەنگدان ئۆكەی بۆ نەكات ، بۆ ئەمەش دەكرێت ئامێرەكانی كۆمسیۆنی ئتتحادی بەكاربهێنرێن ، یان ئامێری تازە دابین بكرێت و هەڵەو كەموكوریەكانی هەڵبژاردنی پێشووش رەچاو بكرێن . پێنجەم:پێویستە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەزگاكانی حزبیان هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی رێكارەكان دەنگدانی بایۆمەتری ، بۆ ئەوە كۆمسیۆن ببێتە لایەنی جێبەجێكار، هەموو ووردەكاریەكان لە ناو یاسادا جێگا بكەنەوە . شەشەم: بۆیە گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت ، چونكە تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە ، لەوانە 1-ڕێگە لە دووبارە دەنگدان دەگرێت 2-رێگا لە ساختەكاری بەڵگەنامەكان دەگرێت 3- تۆمارەكە كۆتایی بە بەیتی ناوی مردوو و دووبارەو بیانی دێنێت ، بەمەش متمانە بۆ دەنگدەر و حزبەكان و پرۆسەی سیاسی دەگێڕێتەوە ، بە پێچەوانەوە ئەوا دەبێت چاوەڕێی كارەساتێكی نەخوازراو بكەین ، بۆیە بانگەواز دەكەم بۆ حزبەكان ، تكایان لیدەكەم ، مەرجی بەكار هێنانی  تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوە بكەن بە مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردن  حەوتەم: پرسی تۆماری پێكهاتەكان دەبێت چارە بكرێت ، هەر وەك چۆن تەرخانكردنی (11) كورسی بەپێی بنەمای كۆتا بۆ پێكاتەكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراون ، كە بە جیا كاری ئەرێنی بۆ هەرێم و ئەزمونەكەی هەژمار دەكرێت ، كەواتە دەبێت بە جیاكارێی ئەرێنی تۆمارەكەشیان جیا بكرێتەوە ، بە یەكێ‌ لەم ڕێگایانە 1-لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگدان و خۆ تۆماركردنیان لە یەك كاتد بێت 2-لەسەرتای پرۆسەی هەڵبژاردن لەماوەیەكی دیاریكراو تۆماری پێكهاتەكان ئامادە بكرێت 3-لەكاتی بەرێوەچونی پرۆسەكانی هەڵبژاردنیش سندوقی دەنگدان و كارتی دەنگدانیان جیا بكرێتەوە ، ئەم جیاكاریە لە ڕوانگەی شۆڤێنیەت و نەتەوە پەرستی ولێكدانەوەی هەڵە نیە بەڵكو بۆ بەجێهێنانی حیكمەتی كۆتاكە خۆیەتی ، ئەم پرسەش لە قازنجی پێكهاتەكان و ئەزمونی هەرێمی كوردستاندایە . هەشتەم :  بەرای تایبەتی خۆم وە بەرپرسم لە ڕای پیشەیی خۆم بەپێی ئەو ئەزمونەی كە هەمانە ، لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە : 1-كۆمسیۆنی هەرێم دەسەڵاتی ناچاركردنی نیە بەسەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی دیاریكراو سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن 2-داتای كارتی نیشتمانی باشترین و پاكترین داتایە كە بكرێتە بنەمای تۆماری دەنگدەران بەڵام بە داخەوە تەواو نەبوە تا بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری 3-ئاماری تازەی سەرژمێری دانیشتوان لە لایەن حكومەتی ئتتحادی ئەنجامنەدراوە كۆمسیۆن بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری و ریگولەر 4-داتای بایۆمەتری فەرمانبەرانیش بەكەلك داتای بایۆمەتری نایێت 5-كۆمسیۆن ناتوانێت كۆتایی بە گومانەكانی هاوڵاتیان و حزبە سیاسیەكان بێنێت لە غیابی نەبونی داتایەكی باوەڕپێكراو پەسەند كراو لە لایەن پەرلەمانەوە ، بۆ رێگا گرتن لە گومان و دووبارە دەنگدان  و دەنگدان لەجیاتی كەسانی ترو و ئەوانەی كوچی دواییان كردوە ، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنە كار بە تۆماری بایۆمەتری عێراق بكرێت ، بۆ ئایندەش داتای كارتی نیشتمانی بكرێتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری ، بێ‌ گومان دەبێت ئەم پرسەش لەناو یاسای هەڵبژاردن شوێنی بۆ بكرێتەوە ، بۆ ئەمەش پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە . سلێمان مستەفا حەسەن  


 (درەو):  سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، فەرمانێکی وەزیری خوێندنی باڵای لەبارەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی دارایی پێشێلکردووە. وەزیری خوێندنی باڵا بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٤٥٤) لە ٢ی ئازاری ئەمساڵ، بەشێک لە دەسەڵاتەکانێ شۆڕکردوەتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆکان. وەزیر لە نوسراوەکەیدا، سەرۆکی زانکۆکان ناچار دەکات دەسەڵاتی خەرجی لەسەر داهات، بۆ ڕاگری کۆلێژەکان بە ڕێژەی ٢٠٪‏و بۆ راگری پەیمانگاکان بە ڕێژەی ٢٥٪‏ دابەزێنن. سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ٢٦ رۆژ دوای نوسراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانێکی دەرکردووە، وەکو نەریتێکی ساڵانە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بۆ راگری کۆلێژو پەیمانگاکان شۆڕکردوەتەوە، بەڵام گرنگترین  خاڵی فەرمانەکەی وەزیر کە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی خەرجی لە سەر داهات، تەرک کردوەو ئامادە نیە بچێتە ژێرباری جێبەجێکردنی. ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی زانکۆ لە نوسراوەکەیدا وەکو پاڵپشتی ئاماژەی بە نوسراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا کردووە. ئەم نوسراوەی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ناڕەزایەتی لەناو راگری کۆلیژەکاندا دروستکردووە. کۆلێژو پەیمانگاکان خوێندنکاری پارالێڵ و ئێوارانیان هەیە، لەم رێگایەوە ساڵانە داهاتێکی زۆریان دەستدەکەوێت،ئێستا زۆربەی ئەم داهاتانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆکان، لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی ئەم داھاتانە لەلایەن سەرۆکی زانکۆکانەوە گومانی گەندەڵی و بەھەدەردان ھەیە، بەتایبەتیش کە ئەم داھاتانە ناچنە چوارچێوەی نەسریەی مانگانەی کۆلێژو پەیمانگاکانەوە.  


(درەو):  یەكەمین كۆبونەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم، كۆتایی هات، بەغداد جەخت لەسەر رادەستكردنی نەوت دەكات، وەفدی هەرێم جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد.   دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ خالید شوانی سەرۆكی وەفدی هەرێم، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بنەمای سەرەكی ناردنی سەرجەم  ئەو گرێبەست‌و رێككەوتنانە لەخۆدەگرێت كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان‌و كۆمپانیا نەوتییەكاندا كردوویەتی، ئەمە بۆ مەبەستی (پێداچوونەوە، هەمواركردن‌و باشكردن)ی گرێبەستەكان.  وەزیری نەوتی عێراق وتی:" دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا كردوون، حەواڵەی لای كۆمپانیایەكی نەوتیی بكرێن كە بۆ ئەم مەبەستە‌و لەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دروستدەكرێت‌و بارەگای كۆمپانیاكە لە هەولێر دەبێت‌و لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە خاوەندارێتی كۆمپانیاكە دەكرێت‌و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتییەكانی پێدەسپێردرێت، دەسەڵات‌و پێوەرەكانی كاركردنی كۆمپانیاكە لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی نەوت‌و وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەكرێت.  وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە ئاماژەی بەوەكرد، حساب بانكییەك لە یەكێك لە بانكە جیهانییەكان دروست دەكرێت‌و سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتن‌و هەناردەی نەوت خاوی هەرێم دەخرێتە ئەو بانكەوە، وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی حساب بانكییەكە دەكات‌و داهاتەكانی نەوتی هەرێم بەكاردەهێنرێت بۆ زامنكردنی بودجەی هەرێم لە حاڵێكدا ئەگەر ناردنی پارەكە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دواكەوت.  وەزیری نەوتی عێراق ستایشی تێگەیشتنی ئەندامانی وەفدی هەرێمی كرد بۆ ئەو بابەتانەی كە لە كۆبونەوەكەدا باسكراون، وتی: وەفدی هەرێم جارێكی تر دەگەڕێنەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی گەڕێكی تری گفتوگۆ.  خالید شوانی سەرۆكی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆبونەوەكە راشكاوانە بووە، رێككەوتن كراوە لەبارەی دانانی میكانیزم، بەجۆرێك ببێت بە پلانی كاری داهاتوو بۆ چاەسەكردنی كێشەی نەوت بەشێوەیەكی ریشەیی بە هەموو جومگەكانییەوە.  شوانی باسی لەوەكرد، یاسای نەوت‌و غاز باشترین چارەسەرە بۆ سڕینەوە هەموو كێشەكان‌و ئەم كۆبونەوەیە سەرەتایەكی باش بووە بۆ هاریكاری نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم.   


  شیكاری: درەو  بەشی دووەم لەگەڵ ئەوەی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، دۆخی دارایی و بودجەی عێراقی بەڕادەیەکی زۆر بوژاندووەتەوە، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی هیچی کەمتر نییە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی و ئابوری عێراقی توشی هەڵاوسانی بازاڕو داکشانی کەرتەکانی وەبەرهێنان و بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان کردووە. ئەمە جگە لەوەی هەر سزایەکی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕوسی کارکردنی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق گرفتار دەکات و عێراق توشی زیانی گەورەتر دەبێت، چونکە کۆمپانیا ڕوسییەکان بە قەبارەی (13) ملیار دۆلار لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن. کایگەرییەکانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق بەشێک لە چاودێران پێیان وایە عێراق پارێزراوو سەلامەترە لە کاریگەرییەکانی جەنگ بەراورد بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش بەشێکی پەیوەندیدارە بە ڕەهەندی جوگرافییەوە، لەوانەیە بەشێکی ئەو بۆچونەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ڕەنگە پێیان وابێت عێراق ڕاستەخۆ لە ژێر کاریگەرییەکانی جەنگدا نیە، بە تایبەت ئەگەر پشت بەو شیکردنەوەیە ببەسترێت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێویشیاندا ڕوسیا (2%) تێپەڕ ناکات.  بەڵام ئەم بۆچونە ڕاست نییە کاتێک سەیری عێراق بکرێت وەک بەشێک لەنێو سیستمی جیهاندا، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستادا کە سیستمی ئابوری جیهان گوزارشتە لە کۆمەڵێک لینکی ئاڵۆزو پێکەوە گرێدراو، هەموان پێکەوە تەواوی دەکەن، هەر بۆیە عێراق بە نۆرەی خۆی و بە قەبارەی بەشدارییەکانی لەنێو سیستمی ئابوری جیهان هاوشێوەی هەموان پشکی دەبێت بەرکەوتەی ئاسەوارەکانی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا، بەڵام دەکرێت بوترێت سەرجەم ئاسەوارەکان کاریگەری خراپیان نابێت بەڵکو بەشێک لە کاریگەرییەکان بۆ عێراق خێر دەداتەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئابورییەوە، بۆیە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو کاریگەری ئەرێنی و نەرێنییانەی جەنگ لەسەر دۆخی ئابوری عێراق؛ یەکەم: ئاسەوارە ئەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابوری عێراق 1.    زیادکردن و کەڵەکەبوونی داهات: عێراق وەک یەکێک لەو دەوڵەتانەی هەناردەکارێکی گەورەی نەوتە، بەپێی داتاکان لە دوای وڵاتی سعودییەوە پلەی دووەمی هەیە لە نێو وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک، هەر وەک چۆن پلەی دووەمی گرتووە لە نێو وڵاتانی عەرەبی لە ناردنەدەرەوەی نەوتی خاو، سەرباری ئەوەی پلەی پێنجەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی نەوتی سەلمێندراو بۆ ساڵی (2021) کە بە (149) ملیار بەرمیل نەوت خەمڵیندراوە، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەدوای هەر یەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت لە بوونی یەدەگی نەوت، سەرباری ئەوانەش عێراق داهاتی دارایی خۆی بە زیاتر لە ڕێژەی (90%) لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست دەخات. لای هەموانیش ڕوونە کە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا بووە هۆکاری بەزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، کە بووە هۆی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر داهات و دۆخی دارایی عێراق، بەڕای بەشێک لە شارەزایانی بیانی ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕاون دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بگاتە سەرو (150) دۆلای ئەمریکی، بەم گریمانەیش بێت داهاتی نەوتی عێراق بۆ زیاتر (200%) گەشەدەکات، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە تێکڕای نرخی نەوت گەیشتە (74) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵی (2020) گەشەکردنەکە زۆر لەوە زیاتر دەبێت و دەگاتە نزیکەی (375%) کە تێیدا تێکڕای نرخی نەوت (40) دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ هەر بەرملێک نەوت. 2.    بەرزبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP): لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزەو ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بە هۆکاری جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا، فشار و سزا ئابورییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕوسیا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق (45% – 60) بەهای بەرهەمی ناوخۆی عێراقی پێکدەهێنت، ئەگەر ئەو گریمانەیەی کە لە خاڵی ڕابردوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە داهاتوودا خرابووە ڕوو بەدی بێت، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە بەهای گەشەی دارایی و بەرهەمی ناوخۆی لە عێراقدا، بۆ نمونە ئەگەر پشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراقی ببەستین بۆ ساڵی (2020 و 2021)، ئەو پێشبینەیە بۆ نرخی نەوت کراوە کە (150) دۆلار بێت بە تێکڕا بۆ ساڵی (2022 - 2023) و عێراق (3.5 ملیۆن) بەرمیل نەوت ڕۆژانە هەناردە بکات، ئەوا گەشەکردنەکە بەم جۆرە دەبێت کە لە (چارتی ژمارە (1)) ڕونکراوەتەوە؛ چارتی ژمارە (1) دووەم: ئاسەوارە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابوری عێراق 1.    هەڵاوسانی گشتی؛ لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی (2021) بە بریاری حکومەتی عێراق، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزێندرا، ئەم بڕیارەش هەڵاوسانی بازاڕی بە ڕێژەی (6.8%) بەرزکردوەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی (2020) بە (3%) تۆمار کرابوو، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ڕێژەی هەڵاوسان بەرزتر ببێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر، چونکە جگە لەو هەڵاوسانە ناوخۆییە هەڵاوسانێکی جیهانیش لەسەر ماددە خۆراکییەکان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری گەورە لەسەر ئابوری عێراق جێبهێڵێت، چونکە بەپێی لێدوانی (مەزهەر محمەد ساڵح- ڕاوێژکاری دارایی حکومەت) عێراق (80%) پێداویستییە خۆراکییەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات. 2.    داکشان لە کەرتەکانی وەبەرهێنان؛ کەرتەکانی وەبەرهێنان کە دەکرێت بە کەرتی ڕاستەقینە (حەقیقی)یش ناوی ببەین بریتین لە کەرتەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی، بنیادنان وخانوبەرە، گواستنەوە، گەیاندن و گەشتوگواز) کە هاوپشکن لە دەستبەرکردنی بەرهەمی ناوخۆ و(31%) کۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق پێکدەهێنن، بەم ئەنجامەش هەر هەڵئاوسانێک لەو شمەکانەی عێراق لە دەرەوە هاوردەی دەکات، کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەو داهاتەی عێراق لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت. بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەی لە نرخی نەوتیشدا ڕووی داوە، بڕیاربەدەستانی عێراق چاویان لەوەیە لە ڕێگەی هەناردەکردنی زیاتری نەوتەوەە داهاتی گەورەتر بەدەست بخەن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ پشتگوێخستنی کەرتی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لە عێراق، بۆیە چاوبڕینە زیادکردنی داهات لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە دەبێتە هۆی؛ -    داکشانی ئابوری و هەڵاوسانی زیاتر لەبازاڕەکانی ناوخۆ. -    بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بە هۆی داکشان و هەڵاوسانی ئابورییەوە، کە لە ئێستادا بێکاری (13.8%) و بەم شێوەیە بڕوات لە ساڵانی داهاتوو بەرزدەبێتەوە بۆ (30%). -    قوڵبوونەوەی کێشەکان لە کەرتە پێکهێنەرەکانی کۆی بەرهەمی ناوخۆ (GDP) 3.    بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان؛ لە ئێستادا داهاتی گشتی خەزێنەی عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوەو زیاد بوونە، لە ئەنجامی ئەو بەرزبوونەوەیەیەی لە نرخی نەوت و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت و وزە لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیاوە ڕویداوە، لە بەرامبەردا بردنەدەرەوەی دراوی قورسیش ڕووی لە زیادبوونە، لەبەرئەوەی شمەکی هاوردەکراو پێویستی بە هێزێکی گەورەتری داهات هەیە بۆ کڕین بەراورد بە ڕابردوو، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا عێراق بەڕادەیەکی گەورە شمەک و خزمەتگوزاری و بەرهەمە نەوتییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەی تەرازووی بازگانی زیادەیەکی زۆری هاتووەتە سەر بەراورد بە ساڵانی پێشتر لە سایەی داهاتی نەوتەوە کە (99.7%) هەناردەکردنی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام (70% - 80)ی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی نەتەوە بەدەستهاتووە دەڕوات بۆ پێداویستییە هاوردەکراوەکانی دەرەوە، وەکو ئەوەی لە (چارتی ژمارە (2))دا ڕونکراوەتەوە. چارتی ژمارە (2) سێیەم: کشانەوەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە عێراق کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی ڕوسی لە کەرتی نەوت و غازی عێراق کاردەکەن، کە دیارترینیان بریتین لە (رۆسنەفت) کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات، کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ) لە کێڵگەی قوڕنە وەبەرهێنان دەکات و (گاز پرۆم)یش لە کێڵگەی بەدرە لە پارێزگای واست و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات. بەپێی لێدوانی باڵیۆزی ڕوسیا لە بەغداد (ماکسیموف)؛ ڕوسیا بە قەبارەی (13) ملیار دۆلار لە کەرتی وزەی عێراقی وەبەرهێنان دەکات. بۆیە بە زیادکردنی سزاکانی سەر ڕوسیا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر تەواوی کەرتی وزەی ڕوسی ئەگەری کشانەوەی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق گریمانەکراو دەبێت، ئەمەش زیان بە کەرتی وزەو نەوتی عێراق دەگەیەنێت.  سەرچاوە: علي عبدالرحيم العبوديّ، الآثار العالمية للحرب الروسية-الأوكرانية وانعكاساتها على الاقتصاد العراقي، مرکز البیان للدراسات والتخطیط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf ڕاپۆرتی پەیوەندیدار https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10035


(درەو): ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبێتەوە.  وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق‌و رێككەوتنە لەسەر میكانیزم‌و پێوەری نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی كوردستان.  وەزارەتی نەوتی عێراق لای خۆیەوە چەند لیژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی نەخشەرێگای چۆنیەتی وەرگرتنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دروستكردووە‌و چەند وۆرك شۆپێكی ئەنجامداوە لەبارەی چۆنیەتی پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا.  وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆی ئەمڕۆ پێكهاتووە لە هەریەكە لە:  •    خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغداد •    ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران •    عەبدولحەلیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە. كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە:  • یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان‌ نادەستورییە‌و هەڵدەوەشێندرێتەوە.  • حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)‌و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی.  •    سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم‌و نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكی‌و دەوڵەت‌و كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوت‌و دەرهێنانی‌و هەناردەكردن‌و فرۆشتنی ئیمزای كردووە.  •    پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراق‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوت‌و غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیان‌و دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها  پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات. وەزارەتی نەوتی عێراق لای خۆیەوە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێن كردووە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی نەوت‌و غاز لە حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای دروستكردنی كۆمپانیایەك دەكات بۆ ئەوەی ئەم كۆمپانیایە دۆسیەی نەوتی‌و غازی هەرێم بگرێتە دەست.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand