Draw Media

پرۆسەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2023

پرۆسەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2023

2023-07-14 14:30:49



شیكاری: درەو

🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2023)دا؛
🔹 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی (2023)، بە هەردوو شێوەی هەناردەکردن و فرۆشتنی ناوخۆ بڕی (36 ملیۆن و 723 هەزار و 475) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە (88%)ی لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان و (12%)ی لەناوخۆدا ساغکراوەتەوە. بە تێکرای رۆژانەی (408 هەزار و 39) بەرمیل.
🔹 بە تێکڕا بە شێوەی فرۆشتنی (ناوخۆ و بۆری) بەرمیلێک نەوت بە (63.14) دۆلار فرۆشراوە، لە کاتێکدا لە بازاڕەکانی جیهان (81.18) دۆلار و کۆمپانیای سۆمۆ بە (75.55) دۆلار فرۆشتووەیەتی، واتە هەرێم بەراورد بە جیهان زیاتر لە (18) دۆلار و بەراورد بە عێراق، هەرێم بە زۆرتر لە (12) دۆلار هەرزانتر نەوتەکەی خۆی فرۆشتووە.
🔹 ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێم فرۆشتوویەتی کۆمپانیای "سۆمۆ" بەو نرخەی خۆی نەوتی عێراقی پێ فرۆشتووە ساغیبکردایەتەوە بڕی (574 ملیۆن 590 هەزار و 523) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو نرخەی ئێستای هەرێم خۆی هەناردەی کردووە.
🔹 کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی نەوتی هەرێمەوە بەدەستهاتووە، بڕی (ملیارێک و 253 ملیۆن و 187 هەزار و 254) دۆلاری بە ڕێژەی (57%) چووە بۆ خەرجی و تەنها بڕی (946 ملیۆن و 497 هەزار و 142) دۆلار و بە ڕێژەی (43%) گەراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.


پرۆسەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2023
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی (13ی تەموزی 2023) بڵاوی کردەوە، كۆمپانیای دیلۆیت، ئاماری بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەکی یەكەمی ئەمساڵ (2023) بڵاو کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت، کۆی بەرهەمی نەوت (36 ملیۆن و 723 هەزار و 475) بەرمیل نەوت بووە، بڕی هەناردەكردن (32 ملیۆن و 307 هەزار و 382) بەرمیل و بڕی تەرخانکراویش بۆ پاڵاوگە (4 ملیۆن و 39 هەزار و 232) بەرمیل بووە، هەروەها بڕی فرۆشی ناوخۆ  (376 هەزار و 861) بەرمیلە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە داهاتی گشتیی نەوت لە هەرێمی كوردستان (2 ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار و 396) دۆلار بووە، لە كاتێكدا تێکڕای نرخی بەرمیلێك نەوت (67.639) دۆلار بووە، لەم ڕێژەیەش داهاتی نەوتی ناوخۆ  (22 ملیۆن و 98 هەزار و 456) دۆلار و تێکڕای نرخی بەرمیلێكیش (58.638) دۆلار بووە.
ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت ئەوەشی خستووەتە ڕوو، خەرجیی پڕۆسەی نەوت لە چارەکی یەكەمی ئەمساڵدا، (ملیارێك و 253 ملیۆن و 187 هەزار و 254) دۆلار بووە و لەم ڕێژەیەش داهاتی ماوە بۆ حکومەت كە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان كراوە، بریتی بووە لە (946 ملیۆن و 497 هەزار و 142) دۆلار. وەک ئەوەی لە گرافیکی خوارەوە رونکراوەتەوە.
 


لەم راپۆرتەدا ئەوە ڕووندەکەینەوە، کە نەوتی هەرێمی کوردستان تا چ ئاستێک هەزانتر فرۆشکراوە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، تەنانەت نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"ەوە، هاوکات تیشک خستنە سەر ئەوەی ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی گشتی نەوت لە چی ئاستێکدایە؟ ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی لە ڕێگەی بۆری هەرێمەوە هەناردە کراوە، کۆمپانیای سۆمۆ بیفرۆشتبایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟ بەتایبەت لە ڕووی داهاتەوە؟

هەڵسەنگاندنی فرۆشی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی (2023)، بە هەردوو شێوەی هەناردەکردن و فرۆشتنی ناوخۆ بڕی (36 ملیۆن و 723 هەزار و 475) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە (88%)ی لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان و (12%)ی لەناوخۆدا ساغکراوەتەوە. کۆی ئەو نەوتەی فرۆشراوە بە تێکرای رۆژانە بریتی بووە لە (408 هەزار و 39) بەرمیل.
وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕا لە ڕێگەی (ناوخۆ و بۆری)یەوە بەرمیلێک نەوتی بە (63.14) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، لە ماوەی ناوبراودا بە تێکڕای بریتی بووە لە (81.18) دۆلار، بەم پێیەش حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (18.04) دۆلار کەمتر فرۆشتووە. هاوکات بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق هەر بەرمیلێک نەوت لە رێگەی "سۆمۆ"وە لە چارەکی یەکەمی (2023)دا بە تێکڕا دراوە بە (75.55) دۆلارو بەراورد بەم نرخەش هێشتا نەوتی هەرێم بە (12.41) دۆلار کەمتر فرۆشراوە.
پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت، کۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە دەستکەوتووە، بریتی بووە لە (2 ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار و 396) دۆلار. لە کاتێکدا ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێم فرۆشتوویەتی کۆمپانیای "سۆمۆ" بەو نرخەی خۆی نەوتی عێراقی پێ فرۆشتووە ساغیبکردایەتەوە کۆی داهاتەکەی بریتی دەبوو لە (2 ملیار و 774 ملیۆن و 274 هەزار و 919) دۆلار، واتە نەوتی هەرێم بڕی (574 ملیۆن 590 هەزار و 523) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو نرخەی ئێستای، ئەمە سەرباری ئەوەی تێچووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق زۆر کەمترە لە تێچووی نەوتی هەرێم وەک لە ڕاپۆرتەکەی "دیلۆیت"دا هاتووە.
چونکە ئاماژە بەوە دراوە، کە لە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی نەوتی هەرێمەوە بەدەستهاتووە، بڕی (ملیارێک و 253 ملیۆن و 187 هەزار و 254) دۆلاری بە ڕێژەی (57%) چووە بۆ خەرجییەکانی وەک؛ (گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی کڕیاران، سودو رسوماتی پەیوەست بە کڕیاران، شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان، خەرجی و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی تورکیا بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC)، خەرج و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی هەرێم بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان (KPC)...)، لە بەرامبەردا تەنها بڕی (946 ملیۆن و 497 هەزار و 142) دۆلار و بە ڕێژەی (43%) گەراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم و بۆ موچەی موچەخۆران تەرخان کراوە. (بڕوانە خشتەکەی خوارەوە)

 

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand