(درەو) دەقی پرۆژەكەی لاهور شێخ جەنگی بڵاودەكاتەوە
2023-07-10 09:17:00
درەو:
(هاوپەیمانی گەل) پرۆژەكەی (لاهور شێخ جەنگی)یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، وەك لە پرۆژەكەیدا هاتووە، بە ئامانجی درووستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی و هەوەڵدان بۆ تۆماركردنی وەك هاوپەیمانێتیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی 2023 لە پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچیت.
بەپێی پرۆژەكەی (لاهور شێخ جەنگی) كە (درەو) توانیویەتی كۆپیەكی دەستبخات، ئامانج لە پرۆژەكە بۆ درووستكردنی كۆدەنگی نیشتمانییە لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، بوونی مەترسی لەسەر ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، ناجێگیری رەوشی سیاسی و ئابوری لەسەر ئاستی جیهان و پەرەسەندنی كێشە و ململانێ نێودەوڵەتیەكان، زاڵبوونی ئینتیمای تەسكی حزبایەتی و گواستنەوەی ناكۆكی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەكان لە هەرێمی كوردستان كە رەوشی كەركوی گەیاندە ئەو دۆخەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری لێبكەوێتەوە، بێهیوایی خەڵكی ئەو ناوچانە بە گشتی گەیشتووەتە ئاستێك پێویستی بە مۆدێلێكی تر لە حوكمڕانی هەیە.
لاهور شێخ جەنگی ئامانجی پرۆژەكەی بە چەند خاڵێك دیاریكردووە:
• درووستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان.
• بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەیەك لیستی كوردستانی.
• جەختكردنەوەو هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیە لە رێگای پەنابردن بۆ رێكارە دەستوری و یاساییەكان.
لە كۆتایی پرۆژەكەدا كە ئاراستەی حزبە كوردستانییەكانی كردووە ئاماژە بەوەكراوە: ئەگەر پرۆژەكە لەلای ئێوە پەسەندكرا بەرنامەرێژی و میكانیزمی كاركردن دابڕێژرێت (ناوو ئامانج و درووشم لۆگۆی لیستێك) ئامادەبكرێت بەمەبەستی تۆماركردنی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە شارەكانی (كەركوك، موسڵ، سەڵاحەدین، دیالە).