پرۆسەی نەوتی هەرێم لە کابینەی نۆیەم (ئامارو داتا)
2023-07-10 18:43:53
شیكاری: درەو
پاڵپشت بە داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمی حکومەت؛
🔻 پرۆسەی نەوتی هەرێم؛
🔹 حکومەتی هەرێمی کورستان بڕی (567 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری و بڕی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی ناوخۆ فرۆشتووە.
🔹 بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (54.89) دۆلار و لە ناوخۆ بە (55.95) دۆلار فرۆشراوە.
🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراو (31 ملیار) دۆلار و لە ناوخۆش (217 ملیۆن و 235 هەزار) دۆلار بووە.
🔹 تێچوو و خەرجی نەوتی هەرێم (17 ملیار) دۆلار بووە. بڕی (14 ملیار) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
🔻 ڕێڕەوە داراییەکان و خەرجی نەوتی هەرێم؛
🔹 لە کابینەی نۆیەمدا گەورەترین خەرجی پرۆسەی نەوت شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووەو بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ملیار) دۆلار.
🔹 بڕی (2 ملیار) دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوت بووە لە نێو خاکی هەرێم و دراوە بە کۆمپانیای بۆری کوردستان (KPC)، بڕی (ملیارێک و 586 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) وەک کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
یەکەم؛ پرۆسەی نەوت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
1. بڕی نەوتی فرۆشراو لە ڕێگەی بۆرییەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا (لە ناوەڕاستی ساڵی 2019ەوە بۆ کۆتایی چارەکی یەکەمی 2023) بڕی (567 ملیۆن و 932 هەزار و 43) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بەجۆرێک زۆرترین فرۆشتن لە چارەکی یەکەمی (2020)دا تۆمار کراوەو بڕەکەی بریتی بووە لە (42 ملیۆن و 323 هەزار و 769) بەرمیل. کەمترینیشی لە چارەکی یەکەمی (2023)دا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (32 ملیۆن و 965 هەزار و 523) بەرمیل نەوتی خاو. بڕوانەی (خشتە و چارتی ژمارە (1)).
خشتەی ژمارە (1)
چارتی ژمارە (1)
2. بڕی نەوتی خاوی فرۆشراو لە بازاڕی ناوخۆی هەرێم
بەپێی داتاکانی دیلۆیت، لە کابینەی نۆیەمدا، بڕی (3 ملیۆن و 929 هەزار و 899) بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆی هەرێم فرۆشراوە بە پاڵاوگە نەوتییەکان. بەرزترین فرۆشتنیش لە چارەکی سێیەمی (2021) تۆمار کراوە بە بڕی (722 هەزار و 812) بەرمیل، لە چارەکەکانی دووەم و سێیەم و چوارەمی (2020) هیچ بڕێکی نەوت لە ناوخۆ نەفرۆشراوە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)).
3. تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە
لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بە (54 دۆلار و 89 سەنت) فرۆشراوە، بەرزترین نرخێک کە نەوتی هەرێمی تێدا ساغکراوەتەوە لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022) بووەو تێیدا بەرمیلێک نەوت بە سەروو (100) دۆلار فرۆشراوە. کەمترین تێکڕای نرخی تۆمارکراویش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) بووەو بەرمیلێک نەوت بە (15 دۆلار 781 سەنت) فرۆشراوە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)).
4. تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ناوخۆ
هەر بەپێی داتاکان بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی ناوخۆ بە (55 دۆلار و 952 سەنت) ساغکراوەتەوە، بەرزترین نرخێک کە نەوتی هەرێمی لە بازاڕی ناوخۆ پێ فرۆشرابێت، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە بە سەرو (84) دۆلار. کەمترین نرخی تۆمارکراویش لە چارەکی سێیەمی (2019) بووە و بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (44 دۆلار و 338 سەنت). بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (4)).
5. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە
بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، (31 ملیار و 939 ملیۆن و 425 هەزار و 303) دۆلار داهاتی نەوتی هەناردە کراوی هەرێم بووە. زۆرترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بووەو تێدا بڕی (3 ملیار و 776 ملیۆن و 446 هەزار و 251) دۆلار داهاتی نەوت بووە. کەمترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) بووە بە تۆمارکردنی بڕی (590 ملیۆن و 349 هەزار و 504) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (5)).
6. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی ناوخۆ
بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، (217 ملیۆن و 235 هەزار) دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی ناوخۆ بووە. زۆرترین داهاتیش لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2021) بووەو تێدا بڕی (36 ملیۆن و 28 هەزار و 560) دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی ناوخۆ بەدەستهاتووە. جگە لەوەی لە (9) مانگی کۆتایی ساڵی (2020) هیچ بڕە نەوتێک نەخراوەتە بازاڕی ناوخۆوە، بەڵام کەمترین داهاتی نەوتی خاوی ناوخۆ لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2020) بووە بە تۆمارکردنی بڕی (4 ملیۆن و 993 هەزار و 33) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (6)).
7. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم (هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆری + ناوخۆ)
بە کۆکردنەوەی داهاتەکانی نەوت (کە لە دوو خاڵی پێشتر ئاماژەمان پێدا) کۆی بەهای نەوتی هەرێم بە هەردوو شێوەی فرۆشتنی ناوخۆ و هەناردەکردن لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بریتی بووە لە (32 ملیار و 156 ملیۆن و 606 هەزار و 303) دۆلار. زۆرترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بووەو تێیدا بڕی (3 ملیار و 789 ملیۆن و 290 هەزار و 270) دۆلار داهاتی نەوت بووە. کەمترین داهاتیش لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) بووە بە تۆمارکردنی بڕی (590 ملیۆن و 349 هەزار و 504) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (7)).
8. کۆی خەرجی و تێچووی پرۆسەی نەوتی هەرێم
لە بەشی دووەمی ئەم ڕاپۆرتەدا کاتێک تیشک دەخەینە سەر ڕێڕەوە داراییەکانی نەوتی هەرێم وردەکارییەکانی تێچوو و خەرجی نەوت ڕوون دەبێتەوە، بەڵام گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە کۆی خەرجی نەوتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا بریتی بووە لە (17 ملیار و 365 ملیۆن و 125 هەزار و 349) دۆلار بە ڕێژەی (54%)ی کۆی گشتی داهاتی نەوت. زۆرترین خەرجی لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022) بووەو تێدا بڕی (2 ملیارو 217 ملیۆن و 305 هەزار و 4) دۆلار خەرجی نەوت بووە. کەمترین خەرجیش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمی داهاتەوە لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) تۆمارکراوەو بڕەکەی گەیشتووە بە (273 ملیۆن و 45 هەزار و 13) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (8)).
9. سافی نەختینەی وەرگراو لە لایەن حکومەتی هەرێم
دوای لێکدانەوەی داهات و خەرجی و تێچووی نەوت داتاکان ئەوە دەردەخەن، کە لە کابینەی نۆیەمدا بڕی (14 ملیار و 791 ملیۆن و 534 هەزار و 954) دۆلار بە ڕێژەی (46%)ی کۆی داهاتی نەوت، وەک نەختینە گەڕاوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی هەرێم، زۆرترین داهاتیش لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) بووەو تێدا بڕی (ملیارێک و 603 ملیۆن و 88 هەزار و 296) دۆلار لە داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە. کەمترین داهاتی گەڕاوە لە چارەکی دووەمی ساڵی (2020) تۆمارکراوەو بڕەکەی (317 ملیۆن و 304 هەزار و 491) دۆلار بووە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (9)).
دووەم؛ ڕێڕەوە داراییەکان و خەرجی نەوت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
1. گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی کڕیاران
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی کڕیاران چوار جار (لە چارەکی سێیەمی (2019)، چارەکی یەکەمی (2020)، چارەکی چوارەمی (2021) و چارەکی چوارەمی (2022)) بە گوژەمەی جیاواز پارە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و لە سەرجەم ماوەکانی دیکە پارەکان خراوەتە سەر ڕەسیدی کڕیاران و بە تێکرای گشتیش (ملیارێک و 137 ملیۆن و 464 هەزار و 22) دۆلار چووەتە سەر حیساباتی کڕیاران. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (10)).
2. پارەدانی پێشەکی دوورخایەن
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت تەنها چوار حاڵەتی لەم مامەڵەیە ڕوویداوە ئەویش لە (چارەکی سێیەمی (2019)ەوە بۆ کۆتایی چارەکی دووەمی 2020) لەم مامەڵەیەشدا بڕی (820 ملیۆن و 308 هەزار و 607) دۆلار گەڕاوتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (11)).
3. سودو رسوماتی دیکە پەیوەست بە کڕیاران
بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم لە سەرجەم وەرزەکاندا بە بڕی جیاواز سودو رسومات دراوە بە کڕیاریان بە کۆی گشتیش لە چوارچێوەی ڕێڕەوە داراییەکان بڕی (418 ملیۆن و 953 هەزار و 799) دۆلار لە خەرجی نەوتی چووە بۆ ئەم بوارە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (12)).
4. شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان
لە کابینەی نۆیەمدا بە تێکڕا بڕی (10 ملیار و 665 ملیۆن و 484 هەزار و 416) دۆلار چووە بۆ شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە ئەمەش گەورەترین خەرجی پرۆسەی نەوتە لە چوارچێوەی تێچووە داراییەکان. گەورەترین خەرجکردنیش لە چارەکی دووەمی (2022)دا بۆ ئەم بوارە بریتی بووە لە بڕی (ملیارێک و 632 ملیۆن و 695 هەزار و 597) دۆلار، کەمترین خەرجی شاستەی کۆمپانیاکان لە چارەکی چوارەمی (2019) تۆمار کراوە بە بڕی (240 ملیۆن و 975 هەزار و 290) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (13)).
5. خەرج و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی تورکیا بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی
پاڵپشت بە داتاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی لە نێو خاکی تورکیادا لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، بەکۆی گشتی بڕی (ملیارێک و 586 ملیۆن و 787 هەزار و 908) دۆلار بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) چووە. گەورەترین پارەدانیش بۆ ئەم مەبەستە لە چارەکی دووەمی (2022) دا بریتی بووە لە بڕی (214 ملیۆن و 803 هەزار و 23) دۆلار، کەمترین خەرجی گواستنەوە بۆ کۆمپانیا تورکییەکە لە چارەکی سێیەمی (2020) تۆمار کراوە بە بڕی (47 ملیۆن و 715 هەزار و 717) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (14)).
6. خەرج و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی هەرێم بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی لە نێو خاکی هەرێمدا بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم، بەکۆی گشتی بڕی (2 ملیار و 140 ملیۆن و 336 هەزار و 466) دۆلاری دراوە بە کۆمپانیای بۆری کوردستان (KPC). گەورەترین پارەدانیش بۆ ئەم مەبەستە لە چارەکی دووەمی (2021)دا بۆ ئەم بوارە بریتی بووە لە بڕی (238 ملیۆن و 932 هەزار و 863) دۆلار، کەمترین خەرجی گواستنەوە بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان لە چارەکی چوارەمی (2022)دا تۆمار کراوە بە بڕی (100 ملیۆن) دۆلار. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (15)).
7. دانەوەی قەرزی کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی تورکی (TPCI)
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چوار گوژەمە لە (چارەکی سێیەم و چوارەمی (2019)، چارەکی یەکەمی (2020) و چارەکی یەکەمی (2022)) بڕی (435 ملیۆن 162) دۆلار لە بری قەرز دراوەتەوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی تورکی (TPCI). بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (16)).
8. پارەدان بۆ لایەنی سێیەم
پارەدان بە لایەنی سێیەم یەکێکی دیکەیە لە بڕگەکانی خەرجی نەوتی هەرێم و لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەت، بە کۆی گشتی بڕی (759 ملیۆن و 741 هەزار و 359) دۆلار لەم بوارەدا بە خەرج دراوە گەورەترین پارەدانیش بۆ ئەم مەبەستە لە چارەکی دووەمی (2021) دا بۆ ئەم بوارە بریتی بووە لە بڕی (159 ملیۆن و 425 هەزار و 317) دۆلار، لە چارەکەکانی (دووەم، سێیەم و چوارەمی (2020)) هیچ خەرجییەک بۆ لایەنی سێیەم تۆمار نەکراوە. بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (17)).
دوا بڕگەی ڕێڕەوی دارایی نەوتی هەرێم بریتی یە لە "داهاتی سەرباری بەدەستهاتوو" کە حکومەتی هەرێم بۆ یەک جار و لە چارەکی سێیەمی (2019) بڕی (3 ملیۆن و 562 هەزار و 302) دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە، بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەم.
پاڵپشت بەو داتایانە لەم بەشەدا خرانەڕوو، دوای خستنەڕووی سەرجەم ڕێڕەوە داراییەکان خەرجی و تێچووی نەوت، داتاکان ئەوە دەردەخەن، کە لە کابینەی نۆیەمدا بڕی (17 ملیار و 365 ملیۆن و 125 هەزار و 349) دۆلار بە ڕێژەی (54%)ی کۆی داهاتی نەوت بۆ خەرجی بووە، وەک لە خاڵی (8)ی بەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەمان بۆ کردووە.
تێبینی؛
کۆمپانیای دیلۆیت بۆ چارەکی یەکەمی (2023) هیچ داتاو ڕاپۆرتێکی بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە بۆ داتاکانی ئەو ماوەیە لە بارەی بڕی هەناردەو داهات و خەرجی نەوت پشت بە زانیارییە رۆژنامەوانییەکان بەستراوە.
سەرچاوەکان
1. ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە سەردەمی کابینەی نۆیەم (چارەکی سێیەمی (2019) تا چارەکی چوارەمی (2022)) کە ژمارەیان (14) ڕاپۆرتە.
2. نەوتی هەرێمی کوردستان؛ شیکاری، لێکدانەوەی ژمارەو داتاکان، سلێمانی، چاپی یەکەم (2023) (کتێب؛ بەرهەمی دامەزراوەی میدیایی درەو).
3. بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ؛ لە ڕووی (یاسایی، دارایی و ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی)یەوە، سلێمانی، چاپی یەکەم (2023) (کتێب؛ بەرهەمی دامەزراوەی میدیایی درەو).