راپۆرتی: درەو میدیا هۆشدارییەكان لە ئەگەری تێوەگلاندنی عێراق و بون بە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، نەك نەیتوانیوە تارمایی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە لەسەری دوربخاتەوە، بەڵكو خەریكە لە عێراقەوە فو ئەكرێت بە ئاگردانەكەدا و پشكۆی ململانێكان ئەگەشێنرێتەوە. دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە هۆشدارییەكەی واشنتۆن بۆ هاوڵاتییانی نیشتەجێی لە عێراق و كشانەوەی دەستەجێی كارمەندە نا ئەساسییەكانی بەهۆی بونی "هەڕەشەی ڕاستەقینە"، شەوی ڕابردوو لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا، زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە بە بونی مەترسی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداد لێیاندا، دوای چەند خولەكێك میدیاكانی عێراق هەواڵی كەوتنەخوارەوەی موشەكێكیان لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڵاوكردەوە، كە وەك بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق دەڵێن، هێرشێكی لەوشێوەیە بەنزینكردنی ڕاستەوخۆیە بە ئاگری ململانێكانی ئێران و ئەمریكا و گەر تاو بسێنێت، تەڕو و وشك پێكەوە دەسوتنێت. ئەمریكا فشارەكانی چڕدەكاتەوە بەگوێرەی زانیارییەكان دوای كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە، بەرپرسانی ئەمریكا بە چڕی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هاتونەتە سەرخەت و، داوایانكردووە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی توند و بەپەلە بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لە لێكەوتە خراپەكانی ئەو ڕوداوە. هاوكات بەرپرسانی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەپەیوەندیدابوون بۆ هێوركردنەوەودڵنیاكردنەوەی تیمی دبلۆماتكارانی ئەمریكا بەوەی پارێزراون لەهەر هەڕەشەودەستدرێژییەك، زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئیدارەی ئەمریكا لەپەیامێكدا كە بۆ باڵیۆزخانەی عێراقی ناردووە لەواشنتۆن، داوای گەرەنتی پاراستنی پاڵیۆزخانەو هاوڵاتییەكانی كردووە لە عێراق. لەبارەی هێرشەكەشەوە، (بیل ئوربان) وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، هێرشە موشەكیەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە. میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كردووە، موشەكەكە دەستكردی ناوخۆییەو لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەختەوە هەڵدراوە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییە ئەمنیەكانیش، سەكۆی موشەكەكە لە نزیك زانكۆی تەكنۆلۆجی لەخۆرهەڵاتی بەغداد دۆزراوەتەوە، كە ئەوناچەیە بە یەكێك لەناوچە سەرەكییەكانی گروپە چەكدارەكان دادەنرێت. كاردانەوەكان (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوایكرد دێوەزمەی جەنگ سەرەتا لەعێراق و دواتریش لە ناوچەكە دوربخرێتەوە، وتیشی: ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت هەموان دەسوتنێت. عامری ئاماژەی بەوەشدا، هیچام لە لایەنەكان جەنگیان ناوێت، ئێران و ئەمریكا جەنگیان ناوێت، ئیسرائیلیشی تۆمەتباركرد بە كێشكردنی ناوچەكە بەرەو جەنگ. هاوكات (موقتەدا سەدر) خۆشكردنی ئاگری شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێرانی ڕەتكردەوەو، لە توتێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە دەڵێت، كێشكردنی عێراق بۆ ئەو جەنگە و كردنی بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران ڕەتدەكەنەوە. سەدر داوای هەڵوێستێكی جدی لە گەورە پیاوانی عێراق دەكات بۆ وەستان بەڕووی ئەم جەنگەدا كە وەك خۆی دەڵێت، تەڕو وشك پێكەوە دەسوتتێنێت. سەدر هۆشداری ئەوەشی داوە، ئەگەر هەڵوێستێكی جدی نەگرنەبەر ئەوا ئەو جەنگە كۆتایی عێراق دەبێت، ڕاشیگەیاندووە، عێراق و گەلەكەی بەرگەی جەنگێكی تر ناگرن.
ڕاپۆرت: درەومیدیا موقتەدا سەدر، ئەو جادوگەرە سیاسیەی یار و نەیاری سەرسام كردووە بە سیناریۆ چاوەڕاننەكراوەكانی، جارێكی تر خۆی و هەوادارەكانی كردەوە مانشێتی یەكەمی ڕۆژنامە ومیدیا بینراو و بیستراوەكانی عێراق و ئەو پەیامەی دایەوە بە گوێی هەموو لایەكدا، گەرچی پێكهێنەرێكی سەرەكی دەسەڵاتیش بێت لە عێراق، بەڵام هیچ هێزێك نییە بتوانێت زۆرانبازی سەر شەقامەكانی لەگەڵ بكات. لەگەڵ ئەوەی هیچ وەزیرێكی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەبێ پرس و ڕەزامەندی سەدر پێی نەناوەتەوە وەزارەتەكەیەوە، وێڕایی هەموو فشارە ئیقلیمی و ناوخۆییەكان، تائێستاش نەیهێشتوە كەس لەسەر كورسی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری عێراق دانیشێت، هێشتا واش پێوەرەكانی خۆی لەسەرو دادگاكان و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی دەوڵەتەوە دەبینێت و بەڕێگای خۆی نەیارەكانی سزا دەدات و ململانێكانیان لەگەڵ پاكتاودەكات، جا ئەوانە دۆستە دێرینەكانی دوێنێی خۆی بن، یان نەیارە تەقلیدییەكانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق. خەڵكی ڕوبەڕوكردنەوە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی ڕەوتەكەی كە لە پرۆژە بازرگانییە حكومییەكاندا كاردەكەن، پێشیوتن" چیتر ناتوانم بەرگەی ناشرینكردنی ناوبانگی باوكم و دەرچونتان لە ڕێیازەكەی بگرم". ئەم پەیامە كورتەی سەدر بەس بوو بۆ گڕدانە هەستو و سۆزی هەوادارەكانی و هاندانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو ئەوانەی سەدر بە گەندەڵ و گەندەڵكاری تۆمەتباری كردون، بەو هۆیەشەوە شەوی ڕابردوو لایەنگرانی سەدر لەچەند پارێزگایەكی عێراق خۆپیشاندانیانكردو لەشاری نەجەف هێرشیانكردە سەر مۆڵێكی بازرگانی بە ناوی (بەشیر) كە لەلایەن یەكێك لەسەركردەكانی پێشوی ڕەوتی سەدرەوە خاوەندراێتی دەكرێت و سوتێنرا و، ژەماریەك خۆپیشاندەریش لە توندوتیژییەكاندا كوژران و برینداربوون. (جەواد گەرعاوی) خاوەنی مۆڵەكە لە تۆمارێكی دەنگیدا كە ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردۆتەوە، بەرپرسیارێتی پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیانی لە شاری نەجەف خستۆتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و، سەدری تۆمەتباركردووە بە هاندانی هاوڵاتیان. چالاكان ڕەخنە دەگرن هاوكات ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنیش لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ڕێوشوێنەكانی سەدر بۆ سزادانی بەرپرسانی ڕەوتەكەی، بۆتە مایەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، وێڕای ئەوەی ناكرێت لەدەوڵەتێكی مەدەنیدا رێوشوێنێكی لەوشێوەیە پیادەبكرێت، بەوپێیەی تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوكاتەی تاوانەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، ئەوەی بەو كارەش هەڵدەسێت دادگاكانە، چالاكانی مەدەنی داوایان لە سەدر كردووە ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی لایە ڕادەستی دەستەی نەزاهەی بكات بۆ ئەوەی یاسا ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت و لێپێچینەوەیان لێبكات، نەك وایانلێبكات بەزەلیلی بچنە بەردەمی خۆی و داوای لێبوردنی لێبكەن، وەك ئەوەی لەڕابردودا ڕویداوە و دواتر بەردەوامبون لەگەندەڵكاری. سەدر ژیرانە ئامانجەكەی دەپێكێت بەڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق، سەدر ژیرانە شەقام بەكاردەهێنێت بۆ یەكلایكردنەوەو پاكتاوكردنی ململانێ سیاسیەكان لەگەڵ نەیارەكانی، جا ئەم نەیارانە لەناوخۆی حزبەكەی بن یان لەدەرەوەی حزبەكەی، یاریكردنیش لەسەر وەتەری گەندەڵی یەكێكە لەو پرسانەی كە لەشەقامی عێراقیدا هەستیارییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی ئەو قەناعەتە بە تۆخی لای خەڵك چەسپیوە، كە ئەو نادادییە كۆمەڵاتییەی تیادا دەژی و هەموو ئەو نەبونیانەی ڕۆژانە بەرۆكی دەگرێت، هۆكارەكەی نوخبەی سیاسی لێی بەرپرسە كە هەر یەكێكیان گیرفانی تۆنێلێكی بێكۆتاییە. وەك ئەو چاودێرانە دەڵێن، دیسان لەمەشدا سەدر ژیرانە دۆسیەكەی هەلبژاردووە بۆ لێدان و خستنی نەیارەكانی، چونكە ئەگەر مەسەلەكە شەڕێكی ڕووت و پەتی بوایە لەسەر گەندەڵی، ئەوا دەبوو سەدر دەیان بەرپرسی خۆی سزابدایە، بەو پێودانگەی ڕەوتەكەی لەبەشێكی بەرچاو لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بەشداریكردووە و دەیان بەرپرسی سەدریش بەگەندەڵی و بردنی ماڵی گشتی تۆمەتباركراون، بەڵام نە لەئاستی ناوخۆی حزبەكە و نە لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەوڵەتیش لێپێچینەوەیان لێنەكراوە.
( درەو میدیا): لایەنگرانی رەوتی سەدر لە شاری نەجەف هەڵیانكوتایە سەر چەند مۆڵو ماركێتو سەنتەری بازرگانی كە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ چەند کەسێک کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دوورخراونەتەوە، بە گوێرەی میدیاكانی عێراق تائێستا كەسێك كوژراوەو 23 كەسی تریش برینداربوون. سەدر لە رەوتەكەیەوە دەستیپێكرد موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرو هاوپەیمانی سائیرون، لە بەیاننامەیەكدا لیژنەیەكی سێ كەسی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی كە سەربە رەوتی سەدرن و سەرقاڵی كاری بازرگانین لە پرۆژەی تایبەتو حكومییدا. هاوكات سەدر چەند كەسێكی نزیكی رەوتەكەیو سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتی سەدری دوورخستەوە، لە كاردانەوەی ئەو هەنگاوەی سەدردا لایەنگرانی ئەمڕۆ لە نەجەف هەڵیانكوتایە سەر چەند مۆڵو ماركێتێكی سەربە ئەندامانی رەوتی سەدرو لەسەریان نوسی "داواكراوە لەلایەن سەیدەوە". ئەمشەوی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر توندوتیژی لێكەوتەوەو بەوتەی میدیاكانی عێراق لەمیانی هەڵكوتانە سەر ( مۆڵی بەشیر) كە خاوەنەكەی بەشیر كەرعاوییە كەسێك كوژراوەو زیاتر لە 20 كەسی تریش برینداربوون، هەندێك سەرچاوەش باس لە كوژراوی دوو كەس دەكەن. سەدر داوای خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكات دوابەدوای كوژرانو برینداربوونی لایەنگرانی، سەدر لە بەیاننامەیەكدا داوای لە لایەنگرانی كرد لە بەردەم مۆڵی سەركردە گەندەڵەكانی رەوتی سەدردا مانبگرنو كۆببنەوە و داواشی لێكردن گەمارۆیان بخەنەسەرو بۆ ماوەی سێ رۆژی هیچیان لێ نەكڕن. هەروەها سەدر داواشی لە لایەن سیاسییەكان كرد دەستوەردان بكەن بۆ هەڵگرتنی ستەمو لێپرسینەوە لەو چەكدارانەی كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە. سەدر داواشی لە لایەنگرانی كرد ریگاو شەقامە گشتییەكان دانەخن و زیان لە ماڵی خەڵكی نەگەیننو بە ئاشتیانە خۆپیشاندان بكەن.
( درەو میدیا): ئەنجومەنی پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆبوونەوەیەكدا مەنسور مەرعیدی بە زۆرینەی دەنگ وەك پارێزگاری نوێی نەینەوا هەڵبژارد. لە كۆبوونەوەكەدا مەنسور مەرعید كاندیدی كوتلەی " عەتا" بە 28 دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا، هاوكات سیروان محەمەد رۆژبەیانی، کاندیدی پارتی بە 26 دەنگ بە جێگری یەكەمی پارێزگار هەڵبژێردراو هەڵبژاردنی جێگری دووەمی پارێزگا دواخرا. مەنسور مەرعید كاندیدی كوتلەی " عەتا" یە كە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی سەرۆكایەتی دەكاتو لەلایەن مەسعود بارزانیو پارتیشەوە پشتیوانی لێدەكرا.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی بۆ نەینەوا راگرت، كە بڕیاربوو سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامیبداتو دۆسیەكەشی رادەستی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی كرد بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی بەرتیلدان بۆ سەرخستنی ( مەنسور مەرعید) بۆ پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن مەسعود بارزانیو فالح فەیازەوە پشتیوانی لێدەكرێت. ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ئاگادارییەكدا داوای لە ئەندامانی كرد سبەی دووشەممە ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەن بن، بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ نەینەوا بۆئەوەی جێگەی ( نەوفەل عاكوب ) پارێزگاری پێشوو بگرێتەوە، كە دوای رووداوی نقومبوونی كەڵەكێك لە پاركێكی شارەكە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە. بەرتیل بۆ سەرخستنی كاندیدێك دراوە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند 50 كەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا كاندیدكردووەو هەوڵ و دانوستان هەیە بۆئەوەی رێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدێك، ئاشكراشیكرد دیارترین ئەو كاندیدانەی كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكەن بریتین لە: * موزاحم ئەلخەیات * حسامەدین عەبار * مەنسور مەرعید دوابەدوای ئاگاداریەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، چەند پەرلەمانتارێك بە نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداركردەوە بە بەخشینەوەی پارە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بۆئەوەی دەنگ بە كاندیدێكی دیاریكراو بدەن. بە گوێرەی میدیاكانی عێراق بەرتیل دراوە بە زیاتر لە 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا دەنگ بدەن بە ( مەنسور مەرعید). میدیاكانی عێراق نوسراوێكیشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پشتیوانی خۆیان بۆ (مەنسور مەرعید) راگەیاندووەو ئاشکرایانکردووە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی پێدەدەن بۆئەوەی ببێتە پارێزگاری نەینەوا. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەوە، محەمەد حەلبوسیک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوسراوی رەسمیو بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە بوونی گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا، دۆسیەكەی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی كرد بۆئەوەی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر. ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو هەفتانە بۆ لێكۆڵینەوەو تاوتوێكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی كۆدەبێتەوە. پرۆسەكە راگیرا هاوكات پەرلەمانی عێراق بە نوسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ رابگرێت، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوێكی كە سیفەتی "زۆر بەپەلە"ی داوەتێ داوا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكات پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارو دوو جێگرەكەی رابگرێت، تا ئەو كاتەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاگاداردەكرێنەوە. نەوفەل عاكوب لە كوێیە؟ 24ی ئازاری رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ دوورخستنەوەی نەوفەا عاكوب ، پارێزگاری نەینەواو دوو جێگرەكەی ئەوەش دوای روودانی نقومبونی كەڵەكێك لە ناوچەی غابات و گیان لەدەستدانی دەیان كەس. دوای لەسەركارلابردنی، دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەوفەل عاكوب دەركرد و بەو هۆیەی كە شوێنی دانیشتنی پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، لایەنە پەیوەندیدارەكان داوایان لە هەرێمی كوردستان كرد عاكوب دەستگیربكات، بەڵام ناوبراو تائێستا دەستگیرنەكراوە. ئەو لایەنانەی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار دەدەن بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار چەند سەركردەیەكی سیاسی عێراق كێبركێ دەكەن بۆئەوەی كاندیدەكەیان پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەدەستبهێنێت، ئەوانیش بریتین لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، خەمیس خەنجەرن پەرلەمانتار ئەحمەد جبوری( ئەبومازن)، فالح فەیاز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانێتی قەرار. ئەو سەرچاوانە كە قسەیان بۆ میدیاكانی عێراق كردووە ئاشكرایانكردووە كە حەلبوسی خەنجەر پشتیوانی ئەوە دەكەن كە ئەحمەد عەبدوڵا جبوری، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمرود ببێتە پارێزگاری نەینەوا، فالح فەیازو مەسعود بارزانیش پشتیوانی لە مەنسور مەرعید دەكەن، ئوسامە نوجێفیش پشتیوانی لە موزاحم خەیات دەكات كە سەرۆكی زانكۆی موسڵەو دوای دوورخستنەوەی پارێزگای نەینەوا كراوەتە سەرۆكی ئەو لیژنەیەی كە كاروبارەكانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەبات.
درەو میدیا: دەستەی سیاسی هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم لە بەغداد كۆبوەوەو سروە عەبدولواحید نوێنەرایەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێی كرد لەو كۆبونەوەیەدا، نەوەی نوێ تاكە لایەنی كوردیە كە بەشدارە لەم هاوپەیمانێتییەدا كە لایەنێكی سەرەكی حكومەتی عێراقە، درەو میدیا بەمدواییە لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری دەستكەوت لەبارەی ئەوەی موقتەدا سەدر بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێیەوە ئەندامێتی ئەو جوڵانەوەیەی لە ناو هاوپەیمانێتییەكەدا هەڵپەساردووە، بەڵام ئامادەبوونی سروە عەبدولواحید، خوشكی شاسوار عەبدولواحید، پێچەوانەی ئەو زانیارییانە نیشاندەدات.
درەو میدیا: بەهۆی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، كوتلەی " نەسر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات سكاڵا لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانو فوئاد حسێن وەزیری دارایی تۆماردەكات. هودا سەجاد، پەرلەمانتاری نەسر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حكومەتی فیدراڵی هەموو بەشە بودجەی رەوانەی هەرێم كردووە بەبێ ئەوەی یەك بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرگرتبێت". سەجاد جەختیشیكردەوە سەرقاڵی ئەوەن لە دادگا سكاڵا لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانو فوئاد حسێن وەزیری دارایی تۆماربكەن، چونكە بە وتەی وەزیری نەوت حكومەت بودجەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵی بۆ هەرێم ناردووە بەبێ ئەوەی یەك بەرمیل نەوتی وەرگرتبێت.
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ جارێكی تر سەرلەنوێ بیرۆكەی پۆلێنكردنیرێكخراوی ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لە لایەن ئەمریكاوە سەریهەڵدایەوە، ئەوەش دوای لێدوانەكانی سارە ساندەرز, وتەبێژی كۆشكی سپی كە رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئەو پرسە تاوتوێدەكات. ساندەرز ئاشكراشیكرد، ترەمپ ئەو پرسە لە نێو تیمەكەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تاوتوێدەكات، هەروەك چۆن لەگەڵ سەركردەی ئەو وڵاتانەشدا گفتوگۆی لە بارەیەوە كردووە كە هەمان نیگەرانی ئەویان بەرامبەر ئیخوان موسلمین هەیە. رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" یەكەمین میدیابوو كە ئەو هەواڵەی گواستەوە, رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەداوە ئیدارەی ترەمپ, جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییو ژمارەیەك دیپلۆماتكارێكی تری راسپاردووە چەند رێگایەك پێشنیازبكەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو رێكخراوەدا. ئەم پەرەسەندنە لە دوای كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپو عەبدولفەتاح سیسی هات كە نۆی ئەم مانگە ئەنجامدرا، بەڵام گفتوگۆ دەربارەی پۆلێنكردنی ئیخوان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، بابەتێكی نوێ نیە، ترەمپ ساڵی 2016 لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا خستیەڕوو، هەروەها جارێكی تر لە دوای هەڵبژاردنەكانو لە ساڵی 2017 گفتوگۆی لێكرایەوە, لەلایەن چەند ئەندامێكی حكومەتەكەی ترەمپەوە، ئەوەش بەوتەی وەلید فارس راوێژكاری پێشووی كەمپەینی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ كە قسەی بۆ كەناڵی " ئەلحوڕە " كردووە. ئیدارەی ترەمپ ئیخوان دەخاتە لیستی رێكخراوی تیرۆریستییەكانەوە؟ وەلید فارس, راوێژكاری پێشووی كەمپەینی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆن بۆڵتۆن، هەروەها مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئیخوان بخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە. بەڵام بە باوەڕی وەلید فارس، ناساندنی ئیخوان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی رووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە لەلایەن " بەشێك لە بیرۆكراتی" نێو ئیدارەكەی ترەمپەوە لەبەر چەند هۆكارێكی جیاواز، لەوانە زەحمەتی پۆلێنكردنی ئەو رێكخراوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی, چونكە رێكخراوێكی بەرفراوانو نێودەوڵەتییەو" بەشێك لەو رێكخراوە تێوەگلاوە لە كارو رێكخراوی جیهادییە, دەكرێت بسەلمێندرێت، بەڵام بەشێكی تریش لە كەسایەتییەكانی ئەندامن لە حزبە سیاسییەكاندا". ئەو راوێژكارەی پێشووی كەمپەینی ترەمپ ئاماژە بۆئەوەشدەكات كە " پاشماوەی ئۆباما" ش لە ئیدارەی ئەمریكیدا دژایەتی دەكەنو ئەوان بیروبۆچونیان بەجۆرێكە كە دەتوانرێت ئیخوان لەدژی ئیسلامییە زیاتر توندڕەوەكاندا بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەو دیدو بۆچوونەوە لەگەڵ كاتدا نەماوەو وەلید فارس جەختدەكاتەوە بڕیارەكە ئەگەر بدرێت لەناو چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا دەدرێت. بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان چی دەگەیەنێت؟ لە كاتێكدا ئەگەر واشنتۆن ئیخوانی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە, ئەوا دەستبەجێ دەبێتە ئامانجی سزاو كۆتو بەندەكانی ئەمریكا لە ناویشیاندا قەدەغەكردنی گەشتو كۆتو بەندەكانی سەر چالاكی ئابوریی. هەروەها ئەو بڕیارە هاوكاریكردنی مادی رێكخراوەكە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بە تاوان دادەنێتو هەموو مامەڵكردنێكی بانكیو دارایی لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا قەدەغەدەكات، جگە لەوەی رێگە بەو كەسانە نادرێت بێنە ئەمریكاوە كە پەیوەندیان لەگەڵ ئیخواندا هەیەو ئاسانكاریش دەكات بۆ دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە كار بۆ ئیخوانو بەرژەوەندی ئەو رێكخراوە دەكەن. رێكخراوی ئیخوان موسلمین كە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەنناوە لە میسر دامەزرێندراوە، دەوڵەتانی وەك روسیاو میسر و ئیمارات بە رێكخراوێكی تیرۆیستیان داناوەو مامەڵەكردنیان لەگەڵیدا بە تاوان داناوە. تۆم حەرب، ئەندامی گروپی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی كەناڵی " ئەلحوڕە" دەڵێت ئەگەر بڕیارەكە بدرێت، ئەوا گورزێكی كوشندە دەبێت نەك بۆ ئیخوان بە تەنها بەڵكو بۆ هەموو جوڵانەوەو دامەزراوەكانی سەر بەو رێكخراوە. حەرب باوەڕیشی وایە كە بڕیاری پۆلێنكردنی ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی چالاكیو رۆڵی ئابوریی ئەو رێكخراوە ناهێڵێت. بڕیارەكە چی لێدەكەوێتەوە؟ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووەپێشنیازێك لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا كراوە بۆئەوەی تەنها لقی میسری ئیخوان موسلمین بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، بۆئەوەی ئەمریكا خۆی بەدووربگرێت لە روودانی كێشەی دیپلۆماتی لەگەڵ وڵاتی تردا كە ئەو رێكخراوە بە تیرۆریست دانانێن. بەڵام كیلیان كونوای راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئیدارەی ئەمریكا هیچ مەترسییەكی دەربارەی كێشەی دیپلۆماتیو سیاسی نیە كە لە ئەنجامی بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوانەوە سەرهەڵبدات. هەروەها تۆنی بەدران، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە واشنتۆن دەڵێت:" ئەگەر بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتگیر بەسەر ئیخوان موسلمین یان لقێكی دیاریكراویدا پیادەبكرێت، ئەوا كێشەو ئاستەنگی لێدەكەوێتەوە". بەدران دەشڵێت:" جیاوازی هەیە لە نێوان لقەكانی رێكخراوی ئیخوان موسلمین لە جیهاندا، لە غەززە گروپگەلێكی تیرۆریستی هەن پەیوەندییان بە پارەداركردنی تیرۆرەوە هەیە وەك بزوتنەوەی حەماس، بەڵام لە شوێنی تر قورسە پێناسەی یاسایی تیرۆر بەسەر لقەكانی ئیخواندا بسەپێنرێت". عەبدولڕەحمان یوسف، رۆژنامەنوسی شارەزا لە بزوتنەوەو جوڵانەوە ئیسلامییەكانیش دەڵێت: دەرەنجامەكانی ئەو جۆرە بڕیارە لەوانەیە چەند ئەندامێكی رێكخراوەكەش بگرێتەوە كە لێی دووركەوتونەتەوە، چونكە هەندێك دەوڵەتی عەرەبی هێشتا ئەو كەسانە وەك ئەندامی سەر بە ئیخوان هەژماردەكەن". ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژە بەوەشدەكات كە ژمارەیەكی زۆر كەس هەن لەسەر ئیخوان ئەژماردەكرێنو لە هەندێك وڵاتی عەرەبیدا لە پۆستی گشتیدان.
درەو میديا: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئازار 2019 (104)ملیۆن و (696)هەزارو (872) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (٦) ملیارو (709) ملیۆن و (140) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (64.082)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئازار لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (100)ملیۆن و (909)هەزارو (946) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 63 ) هەزارو ( 972 ) بەرمیل هەناردەكراوە، بەبڕی ( 193 ) ملیۆن و ( 977 ) هەزارو ( 338) دۆلاربووە.
( درەو میدیا): عادل عەبدلولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشتێكی بۆ ئەوروپا دەستپێكردو لە یەكەم وێستگەیدا گەیشتە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاو لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەو وڵاتە كۆبوەوە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مێركڵ، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە كە بۆ ئیمزاكردنی چەند رێككەوتنێكی گرنگ لە چەند بوارێكدا لە نێویشیاندا وزە سەردانی ئەڵمانیای كردووە. عەبدولمەهدی وتی:" یەكێك لەو رێككەوتنامەی كە ئیمزامان كردووە لەگەڵ كۆمپانیای سیمەنز بەبەهای 14 ملیار دۆلار بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی گەورە لە بواری كارەبادا". سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا دۆخی ناوچەكەو ئاڵۆزییەكان و رۆڵی گرنگی عێراقیان تاوتوێكردووەو عێراق پەرلەمانی 6 وڵاتی دراوسێی كۆكردەوە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر سەنگی عێراق كە دەیەوێت كاریگەرە نەرێنییەكان نەهێڵێتو ئاشتی بەرقەراربكات". سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای ئەڵمانیا لە وێستگەی دووەمی گەشتەكەیدا سەردانی فەرەنساش دەكاتو وەزیرانی دەرەوە، بازرگانی كارەبا، ئاوەدانكرانەوە نیشتەجێكردن و شارەوانی ئەمینداری بەغدا، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیو چەند بەرپرسو راوێژكارێك یاوەری دەكەن.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ پۆستێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەرباری ئێران كاردانەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی لێدەكەوێتەوەو زیاتر لە 60 پەرلەمانتار داوادەكەن بۆ تاوتوێكردنی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران بكرێت. پۆستەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا رۆژی 25ی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە هەردوو زمانی عەرەبیو ئینگلیزی نوسیویەتی:" گەندەڵی هەموو جومگەكانی رژێمی ئێرانی تەنیوەتەوەو لە لوتكەوە دەستیپێكردووە، موڵكو دارایی رابەری رژێمەكە عەلی خامنەیی بە تەنها بە 200 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە كاتێكدا رۆڵەكانی گەلی ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە لە ژێر هەژاریدا دەناڵێنن". فەتح داوای سڕینەوەی دەكات یەكەمین كاردانەوە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی باڵیۆزخانەی ئێران، هاوپەیمانی فەتح دەربڕی، ئەو هاوپەیمانێتییەی كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكاتو نوێنەرایەتی گروپەكانی حەشدی شەعبی دەكاتو لە ئێرانەوە زۆر نزیكن. هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نابێت تیمە دیپلۆماتییەكان لە عێراق سوكایەتی بەرامبەر بە هیچ دەوڵەتێك بكەنو گەلی عێراق رێگە نادات كاری نەشیاو لەرامبەر بە مەرجەعیەتە ئاینییەكان بكرێت ئەو كارەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستدرێژییەكی قبوڵنەكراوەو داوادەكەین ئەو پۆستە لاببرێتو داواش لە وەزارەتی دەرەوە دەكەین هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا بانگهێشت بكرێتو یاداشتێكی ناڕەزایەتی رادەستبكرێت. پەرلەمان میواندارێتی عەبدولمەهدی دەكات هەروەها لە پەرلەمانی عێراقیش كاردانەوە بەرامبەر بەو هەڵوێستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستیپێكردو زیاتر لە 60 ئیمزا كۆكراوەتەوە بۆئەوەی بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە میوانداری سەرۆك وەزیران بكرێت. نەعیم عەبودی، پەرلەمانتاری كوتلەی سادقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" داواكارییەكمان بە ئیمزای زیاتر لە 65 پەرلەمانتار پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی پرسی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق بخرێتە بەرنامەی كارەوە". عەبودی ئاماژیبەوەشدا رێككەوتن كراوە كە ئەو پرسە تاوتوێ بكرێتو میواندارێتی سەرۆك وەزیران بكرێت، ئەوەش لەسەر بەڵێنی بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان. ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق فالح خەزعەلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پرسیارێكەی پەرلەمانی دەربارەی ژمارەی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراف ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كردووەو لە وەڵامدا عەبدولمەهدی ئاشكرایكردووە كە 10 هەزار سەربازو راوێژكاری ئەمریكی لە عێراقدان. خەزعەلی بێ متمانەیی خۆشی دەربارەی ئەو ژمارەیە دەربڕیو رایگەیاند لە راستیدا ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زۆر لەوە زیاترە.
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرو هاوپەیمانی سائرونن لە بەیاننامەیەكدا باس لە مەترسییەكانی ململانێی ئەمریكاو ئَێرانو هەژموونی هەردووكیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەكاتو لە بەیاننامەیەكدا چەند خاڵێك بۆ چارەسەركردنی پێشنیاردەكات كە ئەمانەن: 1- رەوانەكردنی وەفدێكی رەسمیو میللی بۆ رێكخراوی هاوكاری ئیسلامیو نەتەوە یەكگرتووەكان بۆئەوەی گوێ لە بیرو بۆچونو ئەو چارەسەرانە بگرن كە پێشەكەشی دەكەن. 2- رەوانەكردنی وەفدێك بۆ سعودیە كە لەم كاتەدا دەیەوێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراقو گەلەكەی نزیك ببێتەوە، بۆئەوەی چارەسەرێك بدۆزرێتەوە لە نێوان سعودیەو ئێرانی دراوسێی خۆشەویستماندا. 3- ناردنی وەفدێك بۆ یەكێتی ئەوروپا بۆئەوەی فشاربخاتە سەر هاوپەیمانی دوو قۆڵی ئەمریكاو ئیسرائیل بۆئەوەی عێراق لەو كێشەیە ببێنە دەرەوە، چونكە عێراق پێویستی بە پشتیوانی هەیەو گەورەترین زەرەرمەند بووە لە تیرۆرو گەورەترین بەرگریكاربوو لە جیهاندا لە رووبەڕووبوونەوەی ستەمكارترینو قێزەونترین تیرۆریستاندا. 4- پێكهێنانی فەوجێكی عێراقیی نیشتمانی لە سوپاو پۆلیس بەدیاریكراوی و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران بۆ پاراستنی سنورەكان بە شێوەیەكە ورد لە هەر دەستێوەردانێكی هەر لایەنێك بێت. 5- داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە حاڵەتێكیدا ئەگەر عێراق گلێندرایە ئەو ململانێیەوە بۆئەوەی ئیستیعاماری جیهانیی لغاوبكرێت، ئەگەرنا ئەوا باڵیۆزخانەكە دەبێتە ئامانجی بەرگریكاران جارێكی تر. 6- راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە یەمەنو بەحرەینو سوریاو دەستلەكاركێشانەوەی دەستبەجێی فەرمانڕەواكانیان و كاركردن بۆئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە ناوەوە لە پێناوی خێرا گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆیان و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێی پاكوخاوێنو دوور لە دەستێوەردانی هەموو دەوڵەتانو پاراستنیان لە تیرۆی داعشو ئەوانی تر. 7- كشانەوەی گروپەكانی حەشدی شەعبی لە سوریاو گەڕاندنەوەی دەستبەجێیان بۆ عێراق بەبێ دواكەوتن، چونكە بونیان بەواتی تێوەگلانی عێراق دێت لەو ململانێكە. 8- لە حاڵەتێكدا ئەگەر هاوپەیمانی دوو قۆڵی ( ترەمپ – نەتەنیاهۆ) بەردەوامبوو لەزیان گەیاندن بە عێراقو گەلەكەیو ئاسایشەكەی، ئەوا لەسەر حكومەتی عێراق پێویستە بە پێی توانا هەمان مامەڵە بكات وبەرگری لە خۆی بكات دژی داگیركاری ئەمریكیو سەهیۆنی لە خاكی عێراقو اكی تردا بۆ پاراستنی شكۆی عێراقو گەلەكەی. 9- ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی دوو قۆڵی لەنێوان عێراقو ئێران لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی هەردوو لایەنن یان رێككەوتنێكی سێ قۆڵی لەگەڵ سعودیە بۆ رەخساندنی كەشی ئاشتی ئەگەر كەمیش بێت. 10- رەوانكردنی وەفدێك بۆ لای مەرجەعیەتە گرنگەكان لە عێراقو دەرەوە لەسەر هەمووشیانەوە شێخی ئەزهەرو پاپای ڤاتیكان.
( درەو میدیا): سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات پابەندی بەندەكانی یاسای بودجەی گشتی 2019 بێت، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هەناردەكردنی نەوتەوە هەیە. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كەعبی لە نوسینگەكەی لە بەغدا خۆی پێشوازی كردووە لە مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانو وەفدی یاوەری كە بەشداری كارەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی پەرلەمانەكانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بوون. بە گوێرەی بەیاننامەكە كەعبی لەو كۆبوونەوەیەدا جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی بە رێككەوتنی لەگەڵ ناوەند دەربارەی هەناردەكردنی نەوت، هەروەها پابەندبوون بە بەندەكانی یاسای بودجەی گشتی". لایخۆشیەوە مونا قەهوەچی، سوپاسی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی كرد كە بەشداریان بە پەرلەمانی هەرێم كردووە لە چالاكییەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمانەكانی وڵاتانی دراوسێی عێراق.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن دوو كوتلەی فراوانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێكهێنراوەو پشتیوانی لێدەكرێت، كە بریتین لە " هاوپەیمانی بونیاتنان" بە سەرۆكایەتی هادی عامریو "هاوپەیمانی چاكسازی" كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات. ئێستا ئەو دوو كوتلە گەورەیە لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە، پێدەچێت لە ئایندەیەكی نزیكدا كوتلەی نوێو هاوپەیمانێتی نوێی لێبكەوێتەوە، كە رەنگە كاریگەری لەسەر مانەوە یان لابردنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران هەبێت، بەتایبەتی تائێستا كابینەكەی (4) وەزارەتی (بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە، داد" بەهۆی ململانێو ناكۆكی كوتلەكانەوە پڕنەكراوەتەوەو بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن. عەبادیو مالیكیو حەكیم یەكدەگرن چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایانكرد، پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ زۆر نزیكبوەتەوە، هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت بەشێك لە لایەنەكانی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، كە بۆ میدیا عێراقییەكان قسەیانكردووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاساو عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كاردەكەن بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێكبهێننو گفتوگۆكانیان لەوبارەیەوە قۆناغی باشی بڕیوە. خەونی گەڕانەوە بۆ سەر كورسی ئاژانسی ئاژانسی (فارس)ی سەربە كۆماری ئیسلامی ئێران، لە زاری رۆژنامەی (الاخبار)ی لوبنانییەوە نوسیویەتی:" ئامانجی ئەو كەسانەی كە ئەم بەرە نوێیە دروستدەكەن، دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدیو گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق". بەپێی قسەی كەسانی نزیك لە عەبادی، پاڵنەری سەرەكی پشت ئەم جموجوڵە سیاسییە نوێیە" میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"ە، كابینەیەك كە بە رێككەوتنی دوولایەنەی نێوان هاوپەیمانی (سائیرون)و (فەتح) پێكهاتووەو هاوپەیمانی یەكەم (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكاتو هاوپەیمانی دووەمیش (هادی عامری) سەرۆكی رێكخراوی بەدر سەرۆكایەتی دەكات. سەدر پشتیوانی دەكات ؟ وەكو رۆژنامە لوبنانییەكە باسی دەكات، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەن، واتە سەدرو عامری لەناو دوو هاوپەیمانی گەورەتردان بەناوی هاوپەیمانی (چاكسازی)و هاوپەیمانی (بونیادنان)، بەڵام زۆرینەی ئەو لایەنانەی تر كە لەناو ئەو دوو هاوپەیمانێتییەدان، لەسەر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت قایل نەبوون. سەرچاوەكانی نزیك لە عەبادیو عەممار حەكیم، هەردوو هاوپەیمانی سائیرونو فەتح تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئەو دوو لایەنە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانەكانی تریان پێكەوە كێكی دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردووە. لەبەرامبەردا سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات دەربارەی ئەو جموجوڵە سیاسییانەی كە بەمدواییە دەستیانپێكردووە، دەڵێن" ئەو جموجوڵانە ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن دروستبكاتو بە ئامانجەكەی خۆشی لە گەڕاندنەوەی عابادی بۆسەر كورسی دەسەڵات سەركەوتوو نابێت"، بەڵام بەوتەی رۆژنامە لوبنانییەك، عەبادی رایگەیاندووە كە لەم هەنگاوەیدا موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەكات. كەسانێك كە عەبادییان بینیوە، لەزاری ئەوەوە دەڵێن" موقتەدا سەدر قایلە بەوەی عەبادی ببێتە سەرۆك وەزیران"، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری باسلەوەدەكەن" عەبادی لەناو خەیاڵەكانی خۆیدا نقوم بووە، چونكە سەدر لەم كاتەدا عامری ناكاتە قوربانی بۆ عەبادی، لەگەڵ عەبادیدا هاوبەشی ناكات كە دواجار نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش ببێتە شەریكی رێككەوتنەكەیان". لایەنە كوردییەكان لە هاوكێشەدا ! سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی چاكسازی دەڵێن، تاڕادەیەكی زۆر یەكلابوەتەوە عەبادیو حەكیم دەبن بە ئۆپۆزسیۆن لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا، پایەكانی ئەم ئۆپۆزسیۆنەش بریتییە لە هاوپەیمانێتی نێوان عەبادیو حەكیمو مالیكیو جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەلو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەگەریش هەیە لە كۆتاییدا یەكێتی نیشتمانی پەیوەندی بە كاروانەكەوە بكات. ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە لەلایەن خودی عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو ناوبراو لە سەردانی ئەمدواییەدا بۆ نەجەف پێشنیازی خۆی بۆ سەرجەم مەرجەعەكانی شیعە خستەڕوو (جگە لە عەلی سیستانیی كە ئامادەنەبوو پێشوازی لێبكات). هەڵوێستی رەوتەكەی عەممار حەكیم كەمێك دەربارەی ئەم هەوڵە جیاوازەو ئەوان دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا چاودێری حكومەتی ئێستا بكەن، نەك هەوڵ بدەن بۆ رووخاندنی. سەرچاوەكانی نزیك لە عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە رایانگەیاند" ئەوان پشتیوانی كابینەی حكومەت دەكەن، بەڵام لەوباوەڕەدان كە حكومەتەكە سائیرونو فەتحو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.. حكومەت دەبێت كاروباری خۆی چاكبكاتەوە، چونكە ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵەی ئەوان لە ئەستۆناگرین". هەڵوێستی نێودەوڵەتیو سەرۆك كۆمار بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی ئێران، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دژی هەموو هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانو هاوكات دژی ئەوەشە نوری مالیكی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرێت. كەسە نزیكەكان لە عەبادی دەڵێن" بەرپرسانی ئەمریكا لە عادل عەبدولمەهدی نیگەراننو ئاگاداریان كردەوەتەوە كە بە سیاسەتەكانی رازی نین، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدولمەهدی خۆی لەسەر میحوەری ئێران یەكلاكردەوە".
(درەو میدیا): حكومەتی عێراق پاڵاوگەیەكی نەوت لە كەركوك دروستدەكات كە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە. سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەی لە كەركوك پاڵاوگەیەك دروستدەكات كە توانای (150 هەزار) بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا. وەزیری نەوتی عێراق لەسەردانێكدا بۆ كەركوك، دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" وەزارەت گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی بنیادنانی پاڵاوگەكە كە پاڵاوگەیەكی سەرمایەگوزارییەو بە نوێترین تایبەتمەندی جیهانی دروستدەكرێت".
