Draw Media

ئێران رەزامەندی خۆی بە عەبدولمەهدی راگەیاندووە

ئێران رەزامەندی خۆی بە عەبدولمەهدی راگەیاندووە

2019-09-25 11:25:39


(درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت سعودیە‌و ئێران لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە، ئێران رەزامەندی نیشانداوە.
بەیانی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی بەسەردانێكی چەند كاتژمێریی گەیشتە سعودیە، سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ سعودیە لە كاتێكی كتوپڕدابوو، چونكە ئەو تەنیا یەك رۆژبوو لە گەشتەكە بۆ چین گەڕابووەوە كە بڕیاریدا سەردانی سعودیە بكات.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی "روسیا تودەی"ی زمانحاڵی روسیا لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە" عەبدولمەهدی پێشنیازێكی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئەوەی بیدات بە بەرپرسانی سعودیە".
سەرچاوەكە باس لەوەدەكات:" عەبدولمەهدی پێشنیاز بۆ سعودیە دەكات لەسەر مێزێك لەگەڵ ئێران كۆببێتەوە بەمەبەستی هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە".
وەك سەرچاوەكە باسیكردووە، عەبدولمەهدی بۆ خستنەڕووی ئەم پێشنیازە بۆ بەرپرسانی سعودیە، پێشوەختە رەزامەندی لایەنی ئێرانی وەرگرتووە‌و پێشنیازەكە لە چوارچێوەی هەوڵێكی عێراقدایە بۆ دورخستنەوەی مەترسی لە ناوچەكە".
لەم سەردانە كورتخایەنەیدا بۆ سعودیە، عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ شا سەلمان پادشای سعودیە‌و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین كۆدەبێتەوە.
عێراق كە بەمدواییە لە شەڕی "داعش" رزگاری بووە، هێشتا بەتەواوەتی نەكەوتەوە سەرپێی خۆی، جارێكی تر كەوتە بەردەم بەرداشی شەڕی سعودیە‌و ئێران، سیاسەتی دەرەوەی عێراق تائێستا ناجێگیرە‌و ناتوانێت لەنێوان جەمسەرگیرییە نوێیەكەدا خۆی ساغ بكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand