هەوڵی بڕینی موچەی موچەخۆران شكستیهێنا
2019-07-08 14:32:07
درەو میدیا:
ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگدان لەسەر بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا شكستیهێنا.
د. رێبوا كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند: بڕگەیەكی كاری ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق تایبەت بوو بە هەمواری مادەی 58ی یاسای بودجەی گشتی عێراق، كە مادەیەكی تر دابنرێت و تایبەتە بە پڕكردنەوەی پۆستە بەوەكالەتەكانی پلە تایبەتەكانی عێراق.
لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواری ئەو مادەیەیەدا، یوسف كلابی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح پرۆژە یاسایەكی خستەروو كە ئیمزای زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری لەسەر بوو، داوای كردبوو هەمواری مادەی 10 بڕگەی ج یاسای بودجە بكرێت و ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت بەوەی( هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی سۆمۆبكات، ئینجا موچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێردرێت) بۆیە ئەو پێشنیازە خرایە دەنگدانەوەو تەنها دەنگی 49 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا، هەربۆیە ئەو پەرلەمانتارە گرژی و پشێوی دروستكرد"
د. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەشكرد" وەك پەرلەمانتارانی كورد هەموومان كۆدەنگ بووین لەسەرئەوەی كە نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت و دڵنیایی دەدەینە موچەخۆرانی هەرێم كە موچەكەیان لە بەغداوە بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت"
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد كە" سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو وەزیرانی دارایی و نەوت و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران میوانداری بكرێن "