هەولێرو بەغداد بەرەو گەڕێكی نوێ لە ململانێ
2019-08-28 12:44:18
(درەو میدیا):
پێشبینی سەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێ لە نێوان هەولێرو بەغداد دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان، بەهۆی دەروازە سنورییەكانەوە.
بەرپرسێكی حكومەتی عێراق پێشبینی سەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێی كردووە لەنێوان هەوڵێر بەغداد بەهۆی "ئەنجامدانی سەرپێچی گەورە لە دەروازە سنورییەكان".
بەوتەی ئەو بەرپرسە" بەغداد هیچ وەڵامێكی لە هەولێرەوە پێنەگەیشتووە لەبارەی خستنە ژێر ڕكێف و چاودێریكردنی خاڵە سنورییەكان لەگەڵ توركیاو ئێران و ڕادەستكردنی داهاتەكانیان بە حكومەتی فیدراڵی، هاوشێوەی دەروازە سنورییەكانی وڵات لە بەسرەو ئەنبار.
ڕاشیگەیاندووە، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەستی دەستی بە بەغداد دەكەن لەو دۆسیەدا هەروەك چۆن خۆیان لە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت دەدزنەوە، پێشبینیشیكردووە قەیرانێكی نوێ لە پەیوەندییەكان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان سەرهەڵبدات، بە جۆرێك ئەندامانی پەرلەمان بەنیازی ئیمزا كۆكردنەوەن بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی و بەرپرسانی تر بۆ لێپرسینەوەیان سەبارەت بە نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكان و میكانیزمی كاركردنیان.
ئەو بەپرسەی حكومەتی عێراق كە بۆ " سۆمەرییە نیوز" قسەی كردوە دەڵێت، سەرپێچی گەورە لە خاڵە سنورییەكانی هەرێم تۆمار كراوە بەجۆرێك كاڵای بەسەرچوو بێكواڵتی داخڵكراوە، لە نمونەی نوقمكردنی بازاڕ بە هێلكەی هاوردەكراو كە زیانێكی زۆری بە بازرگانان و خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی عێراق گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، موجامەلاتی سیاسی بوەتە هۆی ئەوەی بەغداد زیانی گەورە بكات و حكومەتی هەولێریش سودی دارایی بە دەستبهێنێت.
هەرێمی كوردستان خاوەنی ٦ دەروازەی سەرەكییە لەگەڵ توركیاو ئێران، دیارترین خاڵە سنورییەكانی لەگەڵ ئێران ( حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، سەیرانبەن) وێڕای چەند خاڵێكی سنوری بچوك كە ئەوانیش ( كێلێ، شوشمێ، تەوێڵە، شێخ ساڵح و پشتە)ن.
لەگەڵ توركیاش دەروازەی سنوریی (ئیبراهیم خەلیل) كە ساڵی پار ئاستی ئالۆگۆڕی بازرگانی تیایدا گەیشتوەتە نزیكەی ٥ ملیار دۆلار، خاڵی سنوریی دووەمیش (سەرزیری)یە، (سێمێڵكا) سێیەم خاڵی سنورییە لەگەڵ سوریا كە بەهۆی ڕوداوەكانی ئەو وڵاتەوە داخراوە.