دەستپاكی عێراق: ترلیۆنێك و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕێندراوەتەوە
2019-08-05 21:39:58
درەو میدیا:
" زیاتر لە 1 ترلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت گەڕێندراوەتەوەو 5 وەزیرو زیاتر لە 100 بەرێوەبەری گشتیان راپێچی دادگاكانی عێراق كردووە، " ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی دەستەی دەستپاكی عێراق.
لە راپۆرتی شەش مانگی یەكەمی خۆیدا دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاندوە" دەستەكەیان رێگری كردووە لە بەهەدەردان و گەڕاندوەی یەك تریلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی تەنها لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا"
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە " هەزار و 939 كەس لەنێویاندا پێنج وەزیر هەیە كە بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە. ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەش كە پلەی تایبەتیان هەیە، یان بەڕێوەبەری گشتین 100 تۆمەتبار بووە و 137یان بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە"
بەشێوەیەكی گشتی راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە:
- یەك تریلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی
- 857 فەرمانی دەستگیركردن بۆ بەرپرسانی حكومەت دەرچووە، 407 فەرمانیان جێبەجێكراون.
- هەزار و 939 كەس لەنێویاندا پێنج وەزیر و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن راپێچی دادگاكراون
- بەڕێوەبەری گشتی و پلە تایبەتەكان زیاتر لە 100 تۆمەتبار بووە و 137یان بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە
- 18 هەزار و 552 فۆرمی ئاشكراكردنی موڵك و ماڵی بەدەستگەیشتووە، -
- سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق 100% پابەند بوون بە ئاشكراكردنی موڵك و ماڵیان
- وەزیرەكان بەڕێژەی 77 % پابەند بوون بە ئاشكراكردنی موڵك و ماڵیان
- پەرلەمانتاران 20%یان موڵك و ماڵیان ئاشكرا كردووە لەكۆی 328 پەرلەمانتار تەنها 67 پەرلەمانتار فۆرمی ئەستۆپاكیان پڕكردۆتەوە