لە وێستگە ئەتۆمییەكەوە بۆ ئەمبارەكانی چەك
2019-08-24 15:46:00
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
"ئەمریكا زانیاری دڵنیاكەرەوەی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئیسرائیل بەرپرسە لە هەموو ئەو هێرشانە كە ئەمبارەكانی چەكی لە عێراق بەئامانجگرتووە" ئەمە قسەی چەند بەرپرسێكی ئەمریكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ ئاژانسی "بلۆمبێرگ".
ئەم هاوینە وەرزی تەقینەوەی ئەمبارەكانی چەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی بوو، لە مانگی تەموزەوە تائێستا (4) ئەمبار تەقیوەتەوە، هەندێك دەڵێن بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوەیە، هەندێكی تر باس لە هێرشی ئیسرائیل دەكەن.
گومانەكانی زیاتر كرد
رۆژی 19ی ئەم مانگە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئۆكرانیای كرد، لەوێ رۆژنامەنوسان پرسیاریان لێكرد لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەو راپۆرتانەی راستن كە باسلەوە دەكەن ئیسرائیل لە پشت هێرشەكانی ئەمدواییەی عێراقەوەیە.
نەتانیاهۆ حەشدی شەعبی عێراقی بەستەوە بە ئێرانەوەو بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند" ئێران لە هیچ شوێنێك پارێزبەندی نییەو لە هەر كاتو شوێنێك پێویست بكات ئیسرائیل هەنگاوی سەربازی هەڵدەگرێت"، واتە ناتانیاهۆ بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتڕاستیكردەوە ئیسرائیل دەستی هەبووە لە هێرشەكانی ئەمدواییەی عێراق.
نەتانیاهۆ باسی لەوەكرد، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەكەن، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی سەربازی زیاتر دروستدەكات"، وتی:" رێككەوتنی ئەتۆمی كە ساڵی 2015 لەنێوان ئێرانو وڵاتانی زلهێز ئیمزاكرا، هۆكار بوو بۆ بەهێزبووونی سیاسەتی هێرشبەرانەی ئێران لە ناوچەكە، بۆیە لە هەر شوێنێك پێویست بكات ئێمە لەدژی ئێران دەجوڵێینو پێشتریش جوڵاوین".
چەند قسەیەكی تر
ئەوەی وایكرد هەر لەسەرەتاوە ئاڕاستەی پەنجەكان روو لە ئیسرائیل بكات، پێشینەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بوو لە سوریا.
رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا دۆخی ئێستای عێراق بەراورد دەكات بە سوریاو نوسیویەتی:" ئامانج لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئەمبارەكانی چەك لە عێراق بۆ رێگرتنە لە دروستبوونی بنكەی موشەكی، كە لە داهاتوودا زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت".
راپۆرتەكە دەڵێ:" ئێران كە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلەوە لە سوریا زیانی زۆری بەركەوت، بۆیە بڕیاریداوە چەقی قورسایی خۆی لە ناوچەكە بگوازێتەوە بۆ عێراق، بەڵام دەركەوت ئیسرائیلیش هەمان كاردەكات" واتە چۆن لە خاكی سوریا، ئێرانی كردە ئامانج، لە عێراقیش هەمان كار دەكاتەوە.
ئیدی كۆهین توێژەرو راوێژكاری پێشووی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "الحرە" پشتڕاستیكردەوە ئیسرائیل لە پشت هێرشەكانەوەیە.
كۆهین وتی:" بۆردومانەكانی ئیسرائیل لە عێراق بەردەوام دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە".
ئیسرائیلو وڵاتانی خۆرئاوا هێزەكانی حەشدی شەعبی وەكو هێزێكی سەربازی شاراوەی ئێران لە عێراق ئەژماردەكەن، بەوپێیەی ئەم هێزە بە فەرمانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵا شیعەكان دروستكراوەو زۆرینەی پێكهاتەكەی خەڵكانی سەربە شیعەمەزهەبنو هەندێك لە سەركردەكانی پەیوەندی مێژوییان لەگەڵ سەركردەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە.
بەڵام محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ:" ئەوانەی لە عێراق هێرشكراوەتەسەریان بەشێكن لە سوپای عێراقو هیچ پەیوەندییەكیان بە ئێرانەوە نییە".
ئەمریكا چی دەڵێ ؟
ولایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا ساڵی 2014و دوای دەركەوتنی "داعش" جارێكی تر بەشێوەی سەربازی گەڕایەوە بۆ عێراق، ئێستا (6 هەزار) سەربازی ئەمریكی لەناو خاكی عێراقدان، بۆیە ئەمریكییەكان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی تەقینەوەی ئەمبارەكانی چەك لە عێراق دەكەن.
چەند بەرپرسێكی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بە ئاژانسی"بلۆمبێرگ"یان وتووە:"ئەمریكا زانیاری دڵنیاكەرەوەی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئیسرائیل بەرپرسە لە هەموو ئەو هێرشانە كە ئەمبارەكانی چەكی لە عێراق بەئامانجگرتووە".
ئەو سەرچاوانە، ئێران بەبەرپرسی یەكەم دەزانن لە تەقاندنەوەی ئەمبارەكانی چەك لە عێراق، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان "ئێران چەك بۆ گروپە چەكدارەكان دەنێرێتو بەمەش ئاسایشی گشتی دەخاتە مەترسییەوە".
لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی دەڵێ:" ئیسرائیل تەنیا یەك ئەمباری چەكی لە عێراق كردوەتەئامانج"، واتە لە كۆی (4) ئەمبار كە تەقیوەتەوە، تەنیا یەكێكیان بەر هێرشی ئیسرائیل كەوتووە.
باسی لەوەكردووە، ئەو ئەمبارەی كە بووەتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل، سودی لێوەرگیراوە بۆ هەڵگرتنی ئەو موشەكانەی كە ئێران ویستویەتی رەوانەی سوریایان بكات.
رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی باڵای بواری هەواڵگری لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نوسیویەتی:" ئیسرائیل لە مانگی تەموزی رابردوودا بنكەیەكی بۆردومان كردووە كە دەكەوێتە باكوری بەغداد"، بەڵام چەند بەرپرسێكی ئەمریكی باسیان لەوەكردووە" لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل ژمارەیەك هێرشی لە عێراق ئەنجامداوە".
رۆژی سێ شەممەی رابردوو بنكەی ئاسمانی "بەلەد" لە تكریت تەقیەوە، ئەمە دواین ئەمباری چەك بوو كە لە عێراق لەناوچوو.
بەپێی ئەوەی ئاژانسی سپۆتنیكی روسی بڵاویكردوەتەوە، هەندێك لە بەرپرسانی تری ئەمریكی رەتیدەكەنەوە ئیسرائیل هیچ هێرشێكی ئاسمانی لە عێراق جێبەجێ كردبێت، ئەوان هۆكاری تەقینەوەی ئەمبارەكانی چەك "بۆ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لە عێراق دەگێڕنەوە".
بەرپرسێكی تری ئەمریكی بەمەرجی ئەوەی ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی وتووە:" ئیسرائیل بەو هێرشانەی كە لە عێراق، هێڵی سوری بەزاندووەو رەنگە ببێتە هۆكاری كردنەدەرەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق".
لە چەند مانگی رابردوودا هەڵمەتێكی بەرفراوان لەناو كوتلە پەرلەمانییەكانی سەربە پێكهاتەی شیعە لە پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد، ئەو لایەنانە داوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراق دەكرد، بەڵام پاش ماوەیەك هەڵمەتەكە راوەستا.
پەیوەندییەكانی عێراقو ئیسرائیل
عێراقو ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەكی دیپلۆماسی فەرمی لەنێوانیاندا نییە، عێراق لەسەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1948 یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە دانی بە ئیسرائیلدا نەناوە، لەوكاتەوە تائێستا پەیوەندی نێوانیان باش نەبووە.
لە هەردوو جەنگی 1967و 1973 عێراق بەشداری شەڕی عەرەبی كرد لەدژی ئیسرائیل.
جاری یەكەم نییە ئیسرائیل هێرشدەكاتەسەر عێراق، ساڵی 1981 ئیسرائیل وێستگەیەكی ئەتۆمی عێراقی لە باشوری خۆرهەڵاتی شاری بەغداد بۆردومان كرد، بەبەهانەی ئەو وێستگەیە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، عێراق بەهیچ جۆرێك وەڵامی هێرشەكەی نەدایەوە.
لەسەردەمی جەنگی كەنداودا كە لە ساڵی 1990 بۆ 1991 بەردەوام بوو، ئەمجارەیان سوپای عێراق دەستپێشخەری شەڕی كردو (39) موشەكی بالستی جۆری سكۆدی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد، ئیسرائیل لەژێر فشاری ئەمریكادا هیچ وەڵامێكی هێرشەكەی نەدایەوە.
بەریتانییەكان لە چلەكانی سەدەی رابردوودا هێڵێكی نەوتیان دروستكردبوو كە لە خۆرئاوای عێراقەوە بەناو ئیمارەتی خۆرهەڵاتی ئوردندا تێدەپەڕی بۆ فەلەستین، بەڵام كاتێك ساڵی 1948 دەوڵەتی ئیسرائیل لەدایكبوو، شەڕی دەستیپێكردو پرۆژەكە راگیرا، ناچار بۆرییەكەی نەوتی عێراق ئاڕاستەی خۆی بەرەو سوریا گۆڕی.
بەپێی گێڕانەوەی نایجل ئاشتۆن نوسەری بەریتانی، ساڵی 1995 ئیسحاق رابین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەڕێگەی شا حسێنی پادشای ئوردنەوە نامەیەكی بۆ سەددام سەرۆكی ئەوكاتی عێراق نوسیوەو هیوای خواستووە ئاشتی لەنێوان هەردولا بێتەكایەوە، بۆ ئەمەش باسی لەوەكردووە لەگەڵ ئێرانو سوریا هەمان هەوڵ هەیە.
لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا ئیسحاق رابین تیرۆركرا، بەمەش پەیوەندییە نهێنییەكەی نێوان عێراقو ئیسرائیل كۆتایی هات، رابین كە دەستی ئاشتی درێژكردبوو، پێشترو لە ساڵی 1992 سەرپەرەشتی پلانێكی كردبوو بۆ كوشتنی سەددام حسێن، ئەو پلانە ناوی لێنرابوو "درەختی عەوسەج"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
سەددام حسێن تاوەكو كەوتنی رژێمەكەی بەردەوام بە دروشم پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین دەكرد، یارمەتیو كۆمەكی بۆ گروپو رێكخراوە فەلەستینییەكان دەنارد، ئەمە ئاستی جەماوەریی لەناو شەقامی عەرەبیدا بەهێزكردبوو.
ساڵی 2003 ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی رژێمەكەی سەددامی روخاند، ئیسرائیل بەشداری هاوپەیمانێتییەكە نەبوو، بەڵام هەندێك زانیاری هەن كە باسلەوە دەكەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل رۆڵی هەبووە لە هاندانی ئەمریكا بۆ روخاندنی رژێمی سەددامو راپۆرتی هەواڵگری لەبارەی چەكە كۆكوژەكانی عێراقەوە بە ئەمریكا داوە.
لەدوای روخانی رژێمی عێراقەوە، میسال ئالوسی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دووجار سەردانی ئیسرائیلی كرد، یەكەمیان لە ساڵی 2004، دووەمیان لە ساڵی 2008، ئەو پەرلەمانتارە بە ئاشكرا داوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەكرد، بەڵام ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو گروپە چەكدارەكان دوو كوڕیان كوشت.
بەمدواییە دەنگۆی سەردانی سێ وەفدی عێراقی بۆ ئیسرائیل لە میدیاكانەوە بڵاوبووەوە، بەڵام پشتڕاست نەكرایەوە.