عەبدولرەزاق شەریف دوای کودەتاکەی ساڵی شەست وهەشت و هاتنەسەر حوکمی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە عێراقدا، ئیتر ناوی سەدام حوسەین وەک سەرکردە و کارەکتەری سیاسی و حیزبی دەرکەوت . لە کوردستانیشدا بەتایبەت دوای سەردانی مەلامستەفای بارزانی و بڵاوبونەوەی وێنەکانی زیاتر ناسرا . کورد ئەگەر لەهەوڵی نوسینەوە و ئاشکراکردنی هەقیقەتە مێژوییەکاندا بێت ، ناکرێ و نابێ بە یاسا رێگری لە هەڵوێست و وێستگە باشەکانی کاری سیاسی و حوکمداری هیچ یەکێ لە سەرکردە و حوکمدارەکانی مێژوی خوێناوی سەد ساڵەی عێراق بگرێت . - "کەس نەزانێ ! من ئەزانم کەرکوک شارێکی کوردستانە و لە بیرەوەری خۆمدابوە کە تیرە و هۆزە عەرەبەکانی تکریت و ئەودیوی حەمرین چۆن بۆ لەوەڕی ئاژەڵەکانیان ئەچونە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و روخسەتیان لە هۆزە کوردەکان وەرئەگرت ! بەڵام چارەنوسی کەرکوک تەنیا لەدەست منا نیە و دڵنیاشبە تۆش بێیتە سەر ئەم کورسیەی من ناتوانی بە بڕیارێک کەرکوک بخەیتەوە سەر کوردستان ، بۆیە پێشنیاز ئەکەم کەرکوک ناوی شاری برایەتی هەمو عێراقیەکان بێت " . سەدام حوسەین ئەم قسەیەی لە گفتوگۆکانی ساڵی هەشتاوچواردا، بە مام جەلال وتبو ، چەرخی عێراق سوڕا و مام جەلالیش چوە شوێنەکەی سەدام و نەیتوانی ئەو داوایەی خۆی بەجێ بهێنێت . سەدام حوسەین جگە لەکەرکوک هیچ کێشەی لەگەڵ کوردستانیبونی ناوچەکانیتری کێشە لەسەری دابڕاو لە هەرێمی کوردستان نەبو ، تەنانەت بۆ کەرکوکیش جارێک وتبوی لەگەڵ ناوەندی پارێزگاکە کێشمان نیە و جارێکیتریش وتبوی گەر رازیش ئەبن بە درێژایی سنوری روباری خاسە با ئەمبەر و ئەوبەر لە نێوانمانا بەشی بکەین . من ئەمانەم لە مام جەلال وکاک نەوشیروان و فەرەیدون عەبدولقادر بیستوە و دڵنیام زۆرکەسیتریش ئەمانە و زیاتریشیان لە تەرحەکانی سەدام و بەعس، بۆ چارەسەری کێشەی سنوری هەرێم و سنوری ئۆتۆنۆمی کوردستان لەوان و لە کەسانیتر بیستوە ! کە کێشە گەورە موزمینەکەی ئێمەیە لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا و ساڵ بەساڵ پڕ گرێوگۆڵتر ئەبێت . دوای هەڤدە ساڵ و کۆتایی حوکمدارێتی بەعس لەعێراقدا، کام لەو سەرکردە عەرەبانەی شیعە و سونەی عێراقی ( کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە فەرشی سوریان بۆ رائەخرێت ، ستایش ئەکرێن ، داوەت و ئیمتیازی مادی و مەعنەویان پێ ئەدرێ )٫ وەک سەدام حوسەین بڕوایان بە کوردستانی بونی سنوری هەرێمی کورستان هەیە ؟ ئەوە گشت بەرنامە و پرۆگرامی حیزبە عێراقیەکان و گشت بەرنامەی کاری حکومەتەکانیان لەدوای روخان و فەوتی سەدام حوسێنەوە ! کێ لەوان پرۆژەیەکی بۆ دیاریکردنی سنوری کوردستان لە عێراقدا نوسیوە ؟ یانەخۆ بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەی کورد لە عێراقدا، خستۆتە رو ؟
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا * تەصەورکردنی دوو مەوزوع زۆر زەحمەتە؛ نالی بە مناڵی پێیان وتووە خلە، عێراقیش بەو هەموو حەزارەتەوە دەنگی داوە بە موقتەدا * فەرهەنگی نێرسالاری ئەڵێ ئەو پیاوەی کە لە باتی تەماشاکردنی یاریی ڕیاڵ لەگەڵ ژنەکەیدا بچێ بۆ ماجدی مۆڵ ئومێدت پێی نەبێ . * گەڵ و گیپاڵ سترێچ جوانی ئەکات و حیزبیش دروشمەکانی . * لە دەوروزەمانێکدا ئەژین زۆر قسە ئەدرێتە پاڵ ئەنیشتاین و زۆر ڕەحمەتبووییش ئەنێردرێ بۆ صەدام *چاوت بۆ من وەک زانکۆ وایە بۆ پۆلیسی چالاکی یە مەدەنییەکان . *وەسفێکی جوانم گوێ لێ بوو ، ئەڵێ دوژمنی ناوخۆ لەو ددانە ئەچێ کە لە پڕ گاز لە زمانت ئەگرێ. * میلەتی وەکو ئێمە لە کورەی عەرزا نی یە ، پەڕلەمان هەڵ ئەبژێرین بۆ ئەوەی دوایی جنێوی پێ بدەین . * یەعنی چی سیاسیی نیم ؟… ئەی ئەم چەند ساڵە بە کێت ڕابواردووە! * باشترین ڕەفیقم برادەرێکە ، کاتی خۆی لە فەیسبوکدا بە غەڵەت دەستی بەر ناوەکەم کەوت. * ژنی کورد سەیارەکەی بە ئیسفەنج ئەشوات، مناڵەکەی بە لفکەی زبر. * هەواڵی عێراق یان خۆپیشاندانە یان هجومی داعش یان هەرسێکیان. * موستەقبەلمان ئەوەندە پرشنگدارە ئەبێ بە عەینەکی لەحیمەوە تەماشای بکەین . * لە حەمدییم پرسی دەنگوباس چییە فەرمووی: تاقمێکی تازە کوورەی ڕووتەڵە جا دەرپەڕی عالەمێ زانی ئەمانە ئەوەڵی ئاخرشەڕیین
نەوزاد شوانی بەربژێری بەرەی چەپ گابریاڵ بۆریکی تەمەن ٣٥ ساڵە کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری شیلی زیاترین دەنگی ھێنا لەسەر بەڵێنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هەژاران و باجێکی زیاتر لەسەر چینە داراکان و کۆتاییھێنان بە سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ. لە یەکەم لێدوانیدا دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن گوتی (شیلی شوێنی لەدایکبوونی نیولیبرالیزم بوو و شوێنی ناشتنیشی ئەبێت). نیولیبرالیزم یا لیبرالیزمی نوێ، ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ئایدیاکانی لیبرالیزمی سەدەی١٩ لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ کە بنەما ئابورییەکەی سەرمایەداری بازاڕە. ئەم تەوژمە ھامڕای سەرھەڵدانی بەرچاوی چەندھا پارت و رێکخراوی سیاسی و قوتابخانەی ھزری بوو لە رۆژئاوا کە ھەڵگرو بەرگریکاری ئەوئایدیۆلۆژیایە بوون. گەوھەری نیولیبرالیزم بریتیە لە نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم جوڵەی سەرمایەو کاڵاو لابردنی قانون و ریساکانی سنوردارکردنی میکانیزمی بازاڕو دەستکۆتاکردنی دەوڵەت لە بواری ئابوری و کەمکردنەوەی بودجەی حکومی و خەرجی گشتی و بچوککردنەوەی کەرتی گشتی و خزمەتگوزاییە گشتییەکان و واڵاکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بۆ سەرمایەی تایبەت و کەمکردنەوەی باج لەسەر سەرمایەگوزاری. بە کورتی سەرمایەداری بێ دەستکێش کە تەنھا رێشاندەرو پێوەری چالاکی مرۆڤ قازانجەو ھیچی تر. بە پاساوی ئەوەی میکانیزمەکانی بازاڕ گەرنتی گەشەی ئابوری و کارامەیی لە دەستنیشانکردنی پێشینەکانی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچون ئەکات و ئابوری کۆنترۆڵکراو ئەگەر هەمان ئامانجیشی هەبێت دەرهاویشتەی پێچەوانەی هەیە. نیولیبرالیزم هەر لە پەیدابونیەوە بابەتی مشتومڕێکی گەرم و درێژخایەنە لەهەردوو ئاستی هزرو پیادەکردنداو تاوەکو ئێستاش بەردەوام دەرهاویشتە کارەساتاوییەکانی پیادەکردنی نیولیبرالیزم لە شیلی لەلەلایەن دەیەها نوسەرەوە دۆکۆمێنت کراوەو لەناویاندا نایومی کامبڵ لە کتێبی (Shock Doctrine) بە وردی باسی ئەو سەردەمەی حوکمی پینۆشیەو رۆڵی فریدمان و کوڕانی شیکاگۆی کردووە لەو تاوانانەی بە درێژایی ١٧ ساڵ دژ بە چینە نەدارەکانی شیلی کرا. ھزرەوانی بواری سیاسەت وێندی براون دەڵێ ئامانجی سەرەکی نیولێبرالێزم بە ئابوری کردنی ھەموو کایەکانی ژیان. ژمارەیەکی زۆر ھزرەوان و ئابوریناس و کۆمەڵناس و سیاسی و رۆشنبیر لە ڕاست و چەپ رەخنەی توندیان ئاراستەی نیولیبرالیزم کردووە، وەک سڵاڤۆی ژیژک و ناعوم چۆمسکی و پاپا فرانسیس و جۆرجمونبیۆت و پۆڵ کۆرگمان و مارک فیلمینگ و دەیانی تر بەڵگەیان ھێناوەتەوە کە نیولیبرالیزم ئەبێتە ھۆی باڵادەستی بەرژەوەندی تایبەت لە بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی و بڕەوی تاکگەرایی و فەرامۆشکردنی چاکەی گشتی کە بە پێوەرە ئابورییەکان ناپێورێت و خورانەوەو لاوازبوونی دیموکراسی وەک رەنگدانەوەی نابەرابەری ئابوری و ناکارامەیی و خراپ بەکارهێنانی هێزەکانی بەرهەمهێنان وفەرامۆشکردنی گرفتە یونیڤێرساڵەکان وەک گەرمبوونی گۆی زەوی و پیسبوونی ژینگە. ژمارەیەک ئابوریناس ئەرگومێنتی ئەو ئەکەن کە نیولیبرالیزم تیچون ئەخاتە ئەستۆی کۆی کۆمەڵگاو قازانج بۆ سەرمایەداران. هەتا قەیرانە مەزنەکەی سییەکانی سەدەی رابردووی سیستەمی سەرمایەداری، لیبرالیزم و جمکە ئابورییەکەی (ئابوری کلاسیکی ئینگلیزی) هەژمونی تەواویان هەبوو بەسەر سیاسەت و ئابوری سەرمایەداریدا. بەڵام ئەو قەیرانە قوڵ و درێژخایەنە کۆتایی بەو دۆخە هێنا و تیئۆری جۆن مایناردکێنز «خستەنەگەڕی گشتی» بۆ رێگاگرتن لە ناسەقامگیری میکانیزمی بازار لە رێگەی دەخالەتکردنی دەوڵەتەوە جێگای گرتەوە. هەرچەند بەر لە حەفتاکان بیریارو سیاسییە لیبراڵەکان بەردەوام هەوڵی بوژاندنەوەیان ئەدا، بەڵام ئەوەی جارێکی تر بڕەوی دایەوە بە لیبرالیزم، قەیرانەکانی حەفتاکان بوو کە تیئۆری کێنز نەیتوانی بەریان پێ بگرێت و چارەسەریان بکات. شایانی باسە، تێرمی نیولیبرالیزم لەلایەن لایەنگیرانیەوە بەکارنایەت. سەرتای دەرکەوتنی وەک دەستەواژەیەکی نەگەتیف، ئەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ٢٠ لەسەر پاشخانی کودەتاکەی ١٩٧٣ی جەنەڕاڵ ئۆگەستۆ پینۆشێ بەسەر سەرۆکی هەڵبژێراوی چیللی سلفادۆر ئەیێندی و ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی کرد. لایەنگیرانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و رەخنەگرانی سەرمایەداری بازاڕ بەستایانەوە بە بیرۆکەکانی فریدرش هایک و میڵتۆن فریدمان و جەیمس بۆکانان و سیاسەتمەدارانی وەک مارگریت تاتشەر و پاشتر رۆناڵد ریگان. دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکی رۆڵێکی باڵایان هەبوو لە رێکخستن و سەرکەوتنی کودەتاکەی پینۆشێ وهەتا کۆتایی پشتگیری سیاسی و سەربازی و هەواڵگری تەواویان لێ کرد. لە رووی ئابورییەوە میڵتۆنفریدمان و قوتابیەکانی، شیلیان وەک مشکی تاقیگا مامەڵە کرد بۆ تیئۆرە ئابورییەکەیان. فریدمان لە پاش سەردانی چیللی لە ١٩٧٥ لە نامەیەکدا بۆ پینۆشێ روانگەی خۆی بۆ چارەسەری گرفتە ئابورییەکانی چیللی بە پێویستی «شۆک» وەسف کرد. ئەو رۆشیتەیەی فریدمان پێشنیاری کرد بۆ چارەسەری گرفتە ئابورییەکانی شیلی بریتی بوو لە کەمکردنەوەی بودجەی گشتی بە رێژەیەکی زۆر و بەیەک هەنگاو (پێچەوانەی قۆناغ) و دەستکێشانەوەی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و کردنەوەی ئابوری وڵات بۆ سەرمایەی تایبەت. ئەمانە هەمووی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن رژێمی پینۆشێوە سەپێنران و دەرئەنجامەکەی زیادبوونێکی بێ پێشینەی بێکاری و هەژاری و نەھێشتنی مافی کرێکاران و چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا لە رێگەی دکتاتۆریەتێکی خۆێنرێژی بێپەردەوە. لەپەنای ئەمەدا، ئابوری شیلی بۆ بە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ سەرمایەی ئەمریکی بۆ جەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزان و دەستگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانی. قانونەکانی پاریزگاری لە مافی کرێکاران هەڵوەشانەوەو مافی مانگرتن و نارەزایی زەوتکراو چەپەکان و سەرکردە سەندیکاییەکان زۆربەیان سەرنگوم کران و ئەوانی تریش ناچار رویان کردە تاراوگەکان. کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەک دۆ کیمیکاڵ و فایەرستۆن و ئینتەرناشناڵ تەلەفون& تەلگراف گەڕانەوە بۆ شیللی کە پێشتر سلفادۆر ئەیێندیدەریکردبوون. مارگریت تاتشەری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی شانشینی یەکگرتو و سەرکوتکەرو تێکشکێنەری مانگرتنە مەزنەکەی کرێکارانی کانەکانی بهریتانیا، یەکێک لە بەهێزترین پشتگیریکەرانی پینۆشێ و رژێمە سیاسی و ئابورییەکەی بوو و ئاشکرا راپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی رەت ئەکردەوە دەربارەی حوکمڕانی خوێناوی پینۆشێ و ئاستی بێکاری و هەژاری چیللی لەسایەی سیاسەتی نیولیبرالیزم. رۆناڵد ریگان یەکێکی تر بوو لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی پینۆشێ. لەسەرتای هاتنە سەرکاری لە ١٩٨١ رایگەیاند رژێمی پینۆشێ هاوپەیمانێکی ئایدۆلۆجی ئەمریکاو دژە کۆمۆنیستێکی سەرسەختەو رابەرایەتی ئابورییەکی نمونەیی سەرمایەداری ئازاد ئەکات و هەموو راپۆرتەکانی سەرکوت و پێشێلی ماهی مرۆڤی رژێمەکەی پێنۆشیەی نادیدە گرت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنج و تێڕامانە، لە کاتێکدا لە لانکەی نیولیبرالیزم ئاهەنگی مەرگی ئەگێڕن. لە ھەرێمی کوردستان خێڵە دەستەڵاتدارەکان سیاسەتێکی دڕندانەی نیولیبرالیزم پیادە ئەکەن کە وەک زەمینلەرزە کۆی پایە ئابورییەکانی کۆمەڵگا ئەروخێنێت و لەسەر وێنای نیولیبرال بەرهەمی ئەھێنێتەوە. سەرباری ئەوەی کوردستان ئابورییەکی کشتوکاڵی بووە بە هۆی خاک و ئاوی گونجاو، دەستەڵاتدارانی ھەرێم بە تەواوی ئەو کەرتەیان ئیفلیج کردووەو بازاڕی هەرێمیان بە تەواوی واڵا کردووە بۆ هاوردەکردنی خۆراک لە وڵاتانی دەوروبەرو هەر خۆشیان خاوەنی ئەو بازرگانیەن و بە قاجاغیش بەرھەمی کشتوکاڵی ئەھێننە ھەرێمەوە بۆ پێشبڕکێی بەرھەمی خۆماڵی. لە کەرتی پیشەسازی هەر لەپاش راپەڕین خێڵە دەستەڵاتدارەکان سەردەمی حوکمڕانی خۆیان دەست پێکرد بە وێرانکردنی ئەو کارگانەی لەسەردەمی بەعسەوە مابونەوەو مەکینەکانیان وەک ئاسن و مسیخوردە ئاودیوی وڵاتانی دەوروبەر کرد، وەک کارگەکانی جگەرەو شەکرو ئەلبیسەو چیمەنتۆ مەڕمەڕ …هتد. هەر بۆیە ئێستا مانشێتە گەورەکانی ئابوری کوردستان مۆڵە بازرگانییەکانن کە تەنها چالاکیان ساغکردنەوەی کاڵا سەپستانداردەکانی وڵاتانی دەوروبەرو بردنەدەرەوهی دراوی سەختە (وەبەرهێنانی بازرگانی لەجیاتی وەبەرهێنانی بەرهەمهێنان). چونکە هەر خۆیان خاوەنی سەرمایەی بازرگانی کوردستانن و کایەی بازرگانی قازانجێکی خێراو کەم کێشەی لە کەرتی تەندروستی، کەمدەرامەتکردنی خەستەخانەو نۆرینگە گشتییەکان و بێ ئیعتبارکردنیان و لەبەرامبەردا دروستکردنی سەدەهاو بگرە هەزارەها خەستەخانەو نۆرینگەی کەرتی تایبەت و رێگاخۆشکردن بۆ سەرمایەی بیانی بۆ کردنەوەی دەیەها خەستەخانەی تورکی و ئێرانی و لوبنانی و ئوردنی…هتد، کە کەرتی تەندروستی لە خزمەتگوزارییەوە گۆڕیوە بۆ کایەک کە پێوەرەکانی بازاری سەرمایەداری و قازانج رێشاندەرێتی و لە سەرووی توانای زۆرینەی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستانە. لە کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، هەمان پرۆسەی کەمدەرامەتکردن و بێ ئیعتبارکردنی قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆ گشتییەکان و لەبەرامبەردا قوتکردنەوەی سەدەها قوتابخانەو دەیەها زانکۆو پۆلیتەکنیکی کەرتی تایبەت، گەواهی پیادەکردنێکی بێپەردەو بێسنوری سیاسەتی نیولیبرالیزمن. هەندێک لەو قوتابخانەو زانکۆیانەش کوردی بەکارنایەن و زمانەکانی تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی تیایانا ئەخوێنرێن. سەیر ئەوەیە لە وڵاتانی تر سیاسییەکان خۆیان لە هەر چالاکیەکی ئابوری دورئەخەنەوە لەکاتێکدا لە دەسەڵاتن و زیاتر لەرێگەی پرۆکسییەوە ئەنجامی ئەدەن یا پاش خانەنشین بوون. بەڵام لە کوردستان سیاسییەکان هەر لەوکاتەی لە لوتکەی دەسەڵاتن زانکۆی کەرتی تایبەت دائەمەزرێنن. زانکۆی ئەمریکی سلێمانی، زانکۆی کوردستانی هەولێرو زانکۆی ئەمریکی دهۆک وەک نمونە. لە کەرتی وزە، دواکەوتنی چارەسەری گرفتی کارەبا شتێک نیە بێجگە ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شێوازێک کە سەرمایەی تایبەت بهکارێت غەزوی تەواوی ئەو بوارەش بکات و لە خزمەتگوزاریەکی گشتییەوە بیکات بە بوارێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەو قازانج. بەڵام لەبەرئەوەی ژێرخانی کەرتی کارەبا لە ھەرێم کۆنەو پێویستی بە وەبەرھێنانی زۆرە بۆ نۆژەنکردنەوەی. سەرمایەی مشەخۆری ناوخۆش لەبەر چنینەوەی قازانجی خێرا لە کەرتەکانی تر ئامادەی وەبەرھێنانی درێژخایەن نیە لە کەرتی کارەبا. سەرمایەی بیانیش بە مەرجەکانی ھاوبەشی لە قازانج لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ھەرێم رازی نین. کەرتی ئاوەدانکردنەوە ئەو بوارەیە کە سەرمایەی مشەخۆرێ وابەستەی حیزب و دەستەڵات سەری ژەنیوەتە موڵکی گشتی بە دەسبەسەراگرتنی باشترین زەوییەکانی شارەکانی ھەرێم بۆ بنیاتنانی باڵاخانەو یەکەی نیشتەجێونی گرانبەھا کە لە دەرەوەی توانای دارایی زۆربەی خەڵکی کوردستانە. لە کەرتی خزمەتگوزاری شارەوانییەکان، دەمێکە کار لەسەر تایبەتکردنی ئەکرێت و ھەندێک خزمەتگوزاری وەک کۆکردنەوەی خاشاک دراوە بە کەرتی تایبەت و ھەوڵئەدەن ئەوانی تریش بە ھەمان دەرد ببەن. لە بواری ئاسایشدا سەرباری بوونی یەکەی تایبەت بە پاراستنی کەرتی نەوت و غاز کە موچە و دەرامەتیان لەسەر حکومەتە، ھەر ئێستا دەیان کۆمپانیای پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز ھەن، کە زۆربەیان ھی کوڕو کەسوکاری سەرکردە سەربازییەکانی حیزبە دەستەڵاتدارەکانن. لەبواری کەرتی نەوت و غازیش کە بۆتە نەفرەتی ئابوری باشوری کوردستان وەک عەرەب ئەڵێن (فحدپ ولا حرج) . بە بەراورد لە گەڵ ئەودوای عێراق کە تا ئێستا زۆربەی چالاکی بەرھەمھێنان و تەسویق دەزگا گشتییەکانی دەوڵەت ئەنجامی ئەدەن بە ھاوکاری کەرتی تایبەت بە شێوازی گرێبەستی خزمەتگوزاری. کۆی پیشەسازی نەوتی ھەرێم رادەستی کۆمپانیا بیانییەکان کراوە لەگەڵ شەریکی خۆماڵی کە زۆربەی کات کۆمپانیاکانی حیزبن بە گرێبەستی ھاوبەشی لە بەرھەمھێنان و یەدەک. بەمانای بەشدارن لە ھەموو نەوت و غازی دۆزراوەی ژێر زەوی. ھەتا بۆڕی ھەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جیھان کە بڕیار بوو موڵکی حکومەت بێت! ئێستا موڵکی کۆمپانیای گاز پرۆمی روسیە بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناسراوی ھەرێم. لەرووی سیاسییەوە دەستەڵاتدارانی ھەرێم سیاسەتی سەرکوتی بێپەردەی ھەر چالاکی و نارەزاییەکیان پیادەکردوە. کوشتنی رۆژنامەوانان و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردن و سزادانی کەسانی چالاک لە دادگایی رووکەشی .... ھتد. بە تایبەتیش لە کابینەی ئێستای حکومەت سیاسەتێکی پۆلیسی بێپەردە پیادە ئەکرێت و یاساکانی تیرۆر بو دادگایی کردن و زیندانیکردنی نەیاری سیاسی بەکاردێت و ھەڕەشە لە بەرھەڵستکاراران ئەکرێت. پارادۆکس و کارەساتەکە لەوەدایە کە لە وڵاتێکی وهک چیللی دوای نزیکەی پەنچا ساڵ ئاھەنگی مەرگی نیولیبرالیزم ئەگێڕن، ھاوکات لە کوردستان بە چنگ و دان و نینۆک سیاسەتێکی بێپەردەو دڕندانە و دژە مرۆڤی نێولیبراڵ پیادە ئەکرێت، ھەرئێستاش دەرئەنجامە کارەساتاوییەکانی بۆ چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا بۆ خاس و عام عەیانە.
د. یاسین محمود چۆمانی له پهراوێزی دهنگۆی خواستی چهند لایهنێك بۆ ههمواری یاسای ههڵبژاردنی پهلهمانی كوردستان، ههوڵمانداوه دیراسهیهكی متهوازعی ئهو تهوهرانه بكهین كه كهوتونهته بهر سـتێرهی ههموارهوه و وهڵامی ئهو پرسیارانه بدهینهوه: ئایا بهراست یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان پێویستی به ههمواره؟ كام برگهن ئهوانهی بهشێك له لایهنه سیاسیهكان لێرهو لهوێ باسی ههمواركردنیان دهكهن؟ ئایا ئێستا كاتی ههمواری ئهم یاسایهیه؟ ههموومان دهزانین یاسای ههڵبژاردن یهكهم پرۆژه یاسایه له دوای راپهرینهوه له لایهن سهركردایهتی سیاسی بهرهی كوردستانی دهركرابێت، كه له دواییدا بوو به یاسای ژماره (1) ساڵی 1992. ئهم یاسایه تاكو ئێستا بۆ گونجاندنی لهگهڵ قۆناغه جیاوازهكانی پرۆسهی سیاسی له ههرێمی كوردستان حهوت جار ههموار كراوهتهوهو لهگهڵ واقعی پێكهاتهی سیاسی و حیزبی و نهتهوهیی و كۆمهڵایهتی ههرێم گونجێندراوه. كهواته له كوێی یاساكه كهم و كورتی ههیه تا ههمواری ههشتهمی بۆ بكرێت؟ له خوارهوه ههوڵدهدهین گرنگترین ئهو تهوهرانه بوروژێنین كه لێرهو لهوێ گوێبیستی پێویستی ههمواركردنهوهیان دهبین: تهوهری یهكهم: سیستهمی بازنهی ههڵبژاردن له ئێستادا له یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان سیستهمی یهك بازنه پهیرهو دهكرێت، له كاتێكدا چهند لایهنێكی سیاسی خوازیاری گۆرینی ئهم سیستهمهن بۆ سیستهمی فره بازنه. بۆ پێوانی رادهی دێموكراسی بوونی ههر ههڵبژاردنێك كۆمهڵێك پێوهر ههیه كه پێویسته لهبهرچاو بگیرێن، یهكێك لهو پێوهرانه گونجانی یاسای ههڵبژاردنه لهگهڵ واقعی سیاسی و كۆمهڵایهتی و پێكهاتهی نهتهوهیی و ئاینی و حزبی كۆمهڵگاكه، كهواته با ههوڵ بدهین به لۆژیك وهڵامی ئهو پرسیاره بدهینهوه ئایا بۆ واقعی ههرێمی كوردستان سیستهمی یهك بازنه گونجاوترو دێموكراسیتره یان سیستهمی فره بازنه؟ ئهزمون سهلماندویهتی ههمیشه بۆ ئهو كۆمهڵگایانهی كه فره پێكهاتهن و سیستهمی فره حزبی پهیرهو دهكهن، یهك بازنه گونجاوترو شیاوتره، به تایبهتی كاتێك پارته سیاسیهكان له روی بنكهی جهماوهریهوه جیاوازیان ههبێت، واته دابهش بووبن به سهر پارتی بچوك و مامناوهند و گهوره. بهجۆرێك سیستهمی یهك بازنه زیاتر له بهرژهوهندی حزبی بچوك و مامناوهندهكانه، چونكه حزبی بچوك به تایبهتی ئهوانهی توانای كورسیهك یان دوو كورسیان ههیه له بهرژهوهندیان نیه دهنگهكانیان بڵاو بن. بۆ نمونه ئهگهر لیستی سهردهم یان ئازادی له پهرلهمانی كوردستان به نمونه وهربگرین كه ههر یهكێكیان خاوهنی یهك كورسین، ئهوه رهنگه له سیستهمی فره بازنه نهتوانن ئهو كورسیه بهدهست بێننهوه چونكه ئهوان دهنگی ههموو ههرێمی كوردستانیان بۆ كۆكراوهتهوه ئهوجا گهیشتونهته یهك كورسی، ئهگهر بێت و دهنگهكانیان بۆ نمونه بهسهر چوار بازنهدا دابهشبكرێت ئهوا له هیچ بازنهیهك ناگهنه كورسی و دهنگهكانیان دهفهوتێت و كورسی له دهست دهدهن. ئهوه رهنگه بۆ حزبێكی مام ناوهندیش دروست بێت به تایبهت ئهوانهی له ههندێك بازنه به قهبارهی كورسیهك دهنگیان نیه، بۆ نمونه كۆمهڵی دادگهری، ئهگهر سهیری ژمارهی دهنگهكانی ئهو حزبه بكهین له پارێزگای دهۆك و ههڵبجه دهبینین رێژهكهی ناگاته كورسیهك بۆیه به دڵنیاییهوه دهنگهكانیئهو دوو پارێزگایهی دهفهوتێت. له لایهكی تر ئهگهر سهیرێكی ئهزمونی ههڵبژاردنهكانی پهرلهمانی عێراق بكهین دهبینین له ههڵبژاردنی ساڵی 2005 كورد له (275) كورسی (75) كورسی بهدهست هێنا كه ئهو كات عێراق یهك بازنهی ههڵبژاردن بوو، بهڵام دواتر لهگهڵ گۆرانكاری له یاسای ههڵبژاردن و گۆرینی سیستهمی یهك بازنه بۆ فره بازنه ژمارهی كورسیهكانی كورد كهم بوویهوه سهرهرای زیاد بوونی ژمارهی كورسیهكانی پهرلهمانی عێراق كه له ئێستادا (329) كورسیه، تاكو ئێستاش كورد رهخنه لهو ههموارهی یاسای ههڵبژاردنهكانی عێراق دهگرێ و خوازیاری گهرانهوهی یاساكهیه بۆ سیستهمی یهك بازنه، كهواته لۆژیك نیه له لایهك به بیانوی زیاتر دێموكراسی بوونی سیستهمی یهك بازنهو نهفهوتانی دهنگ داوای گهرانهوهی سیستهمی ههڵبژاردنی عێراق بكهین بۆ یهك بازنهو لهو لاشهوه ههوڵ بدهین یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بكهین به فره بازنه. ئهوه سهرهرای ئهوهی له سیستهمی یهك بازنهدا ئهندامی ههڵبژێردراوی پهرلهمان دهبێته نوێنهری تهواوی هاوڵاتیانی ههرێم نهك نوێنهری ناوچهیهكی دیاری كراو. تهوهری دووهم: سیستهمی لیست له ههڵبژاردندا تا بژارده له بهردهم دهنگدهر زیاتر بێت باشترو دێموكراسی تره، واته تا لیستهكه كراوهتر بێت بژارده له بهردهم دهنگدهر زیاتر دهبێت، بۆیه سیستهمی لیستی كراوه له نیمچه كراوهو نیمچه كراوهش له داخراو دێموكراسی تره. ههرچهنده ئهمه پهیوهندی ههیه بهراددهی هۆشیاری دهنگدهر له كۆمهڵگادا كه بتوانێت له نێو كاندیدهكاندا باشترین و گونجاوترینیان ههڵبژێرێت. بۆیه دهپرسین ئایا سیستهمی لیستی نیمچه كراوه له ههرێمی كوردستان كه له ههردووك ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و ئهنجومهنی پارێزگاكان پهیرهو دهكرێت گونجاوه؟ یان پێویستی به ههمواره؟ ئایا ئهو بیانوانه چین كه دههێنرێنهوه بۆ گهرانهوه بۆ لیستی داخراو؟ پێمان وایه دوو بیانو ههیه بۆ گهرانهوه بۆ لیستی داخراو، بیانویهكیان ئاشكرایهو ئهویتریان شاراوهیه، بیانوه ئاشكراكه ئهوهیه گوایه لیستی نیمچه كراوه بۆته هۆكارێك بۆ دابهزینی كواڵیتی پهرلهمان و دروست بونی نا هاوسهنگی له پسپۆریهتیه پێویستهكانی ناو پهرلهمان، بیانوه شاراوهكهش ئهوهیه كه لیستی نیمچه كراوه ئهندام پهرلهمانێك بهرههم دێنێت زیاتر نهزعهی سهربهخۆیی تێدا زاڵه و كهمتر پابهند دهبێت به حزب و بریارهكانی، به تایبهتی ئهو حزبانهی كه مهركهزیهتیان تێدا لاوازهو ترسیان له گۆرینی ئاراستهی سیاسی پهرلهمانتارهكانیان ههیه. سهرهرای ئهوهی ههردوو بیانوهكه بهرهوا دهزانین و تاراددهیهك لۆژیكی تێدایه، بهڵام به بروای ئێمه بێ گهرانهوه بۆ دواوهو عهیبدار كردنی پرۆسهی دێموكراسی له ههرێم، چارهسهری گونجاو ههیه بۆ ئهو بیانوانه، چونكه به دڵنیاییهوه گهرانهوه بۆ سیستهمی لیستی داخراو پاشهكشهیهكی گهورهیه له دێموكراسیدا، به تایبهتی له كاتێكدا عێراق بهو ههموو عهیب و عارو ناسهقامگیریهی كه ههیهتی له پرۆسهی سیاسیدا، لهم بابهته نهك نهگهراوهتهوه دواوه بهڵكو ههنگاوێكی تریش چۆته پێشهوهو سیستهمهكهی كردۆته سیستهمی زۆرینهی براوهی یهك دهنگی نهگوازراوه، واته لیستی ههر نههێشتوه دهنگدهر دهبێت تهنها دهنگ به پاڵێوراو بدات. بۆیه له بارهی بیانوی یهكهمهوه دهكرێت ههر حزبێك ئهو بژاردانهی دهیانخاته بهردهم دهنگدهرانی، خهڵكی شایستهو گونجاو بن بۆ ئهو دامهزراوهیهی ههڵبژاردنی بۆ دهكرێت، لهو حالهتهدا دهنگدهر ههر كهسێكیان ههڵبژێرێت له دواییدا كاریگهری نابێت له سهر دابهزینی كواڵیتی دامهزراوهكه، بۆیه ههڵهیه لۆمهی دهنگدهر بكرێت لهوهی كهسی نهگونجاوی بۆ ئهو دامهزراوهیه ههڵبژاردوه، له كاتێكدا لایهنه سیاسیهكان ئهو بژاردانهیان خستۆته بهردهم، كهواته دهنگدهر گوناحی چیه كاتێك حزب ئهو جۆره خهڵكانهی دهخاته بهردهم. وه له لایهكی تر تاراددهیهكی زۆر ئهندام و لایهنگری حزبێكی دیاری كراو دهنگ به كاندیدهكانی حزبهكهی دهدات به تایبهتی له كاتێكدا بژارده له بهردهمیدا زۆر بێت، رێژهی ئهوانهی له حزبێكن و دهنگ به كاندیدانی حزبێكی تر دهدهن كهمن، بۆیه كاندیدی بههێز كه زۆرجار باس دهكرێت و دهتوانێت دهنگی زۆر كۆبكاتهوه، ئهوا له راستیدا دهنگی دهنگدهرانی ناو حزبهكهی خۆیهتی نهك به پێچهوانهوه، له ههڵبژاردنی 2021ی پهرلهمانی عێراق بینیمان خهڵكانێك لهناو حزبێكی سیاسی به دهنگی زۆر له رابردوو له ههڵبژاردندا سهركهوتو بوون، بهڵام لهم ههڵبژاردنهی دوایی وهك سهربهخۆ خۆیان كاندید كرد نهك نهیانتوانی سهركهوتن بهدهست بێنن بهڵكو دهنگهكانیان شایانی ئهوه نهبوون باسیش بكرێن، له ههمان كاتیش حزب ههبوه هیچ پروپاگهندهی بۆ كاندیدهكهی نهكردوه بهڵكو بۆ لیستهكهی كردوهو كاندیدهكهشی دهرچوه، بهجۆرێك دهنگدهرهكانی دوای دهرچونی كاندیدهكهش ههر نهیانناسیوه. كهواته باشترین چارهسهر ئهوهیه سیستهمی لیست وهك خۆی بمێنێتهوه و لایهنه سیاسیهكان كاندیدی باش و پر كهفائهت پێشنیار بكهن. دواتر كێ گهرهنتی ئهوه دهكات له لیستی داخراودا لایهنه سیاسیهكان خهڵكی شایستهو به كهفائهت دهخهنه ریزبهندی پێشهوهی لیستهكانیان، ئهمه جگه لهوهی له ئێستادا ئێمه دوو ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و ههڵبژاردنێكی ئهنجومهنی پارێزگاكانمان بهم سیستهمهی لیست ئهنجامداوهو هاوڵاتی كوردستانی تاراددهیهكی باش ئاشناو شارهزای ئهم جۆره سیستهمه بووه. وه به نسبهت بیانوی دووهم، به بروای ئێمه بوونی نهزعهیهكی تاراددهیهك سهربهخۆیی له ئهندامی پهرلهمان شتێكی خراپ نیه، بۆ ئهوهی بتوانێت له ههندێ بابهت و كێشهی ناسیاسی ئازادانه بدوێ و مهوقیف بنوێنێ، بهڵام بۆ مانهوهی پابهندی ئهندام پهرلهمان به سیاسهتی گشتی حزبهكهی، ئهوه دهگهرێتهوه بۆ پهروهردهی حزب بۆ ئهندامهكانی و به هێزی و تۆكمهیی پرهنسیبی پهیوهندی نێوانیان، بۆیه دهكرێت حزب ئهو كهسانه دیاری بكات كه جێگهی باوهری تهواو بن و ترسی ئهوهیان نهبێت له ههر ههڵومهرجێكدا له هێڵه گشتیهكان و پرهنسیپه باڵاكانی حزب لابدهن. چونكه لیستی داخراویش نابێته گهرهنتیهك بۆ نهگۆرینی ئاراستهی سیاسی ئهندامی پهرلهمان، نمونهمان ههیه له خولی سێی پهرلهمانی كوردستان له كاتێكدا لیستیش داخراو بوو حالهتی گۆرینی ئاراستهی سیاسی ئهندامی پهرلهمانمان ههبوو. توهری سێیهم: دروست كردنی لیستی دهنگدهرانی تایبهت به پێكهاتهكان ئهوهیان به بروای ئێمه بابهتێكی زۆر نا دێموكراسیه، بۆیه به ههڵهی دهزانین ههر هێزێكی سیاسی داواكاری وا پێشكهش بكات، چونكه یهك له بنهما سهرهكیهكانی ههڵبژاردنی دێموكراسی ئازادی دهنگدهره، دهنگدهر دهبێت ئازاد بێت دهنگ به كێ دهدات به كێی نادات، نابێت ئازادی دهنگدهر سنوردار بكرێت، زۆر ئاساییه كوردێك دهنگ به توركمانێك و مهسیحیهك به موسڵمانێك و ئێزیدیهك به كاكهییهك بدات، چونكه پهرلهمان پهرلهمانی كوردستانه، نهك پهرلهمانی نهتهوهیهك یان دین و مهزههبێكی دیاری كراو، بۆیه ئهمه به تهواوی دژی پرهنسیپهكانی دێموكراسی و بنهماكانی مافه مرۆڤه و ههر ههوڵێكی لهم جۆره پرۆسهی دێموكراسی له ههرێم عهیبدار دهكات. بۆیه له كۆتاییدا دهڵێن، پێداگری له ههمواری یاسای ههڵبژاردن، ناراستهوخۆ داواكردنی ئهنجام نهدانی ههڵبژاردنه له كاتی خۆیدا، چونكه نه یاساكه عهیبهیهكی وای ههیه پێویستی به ههموار بێت، بهڵكو ئهو ههوڵانهی بۆ ههمواری یاساكه دهدرێن یاساكه رهنگه عهیبدار بكات، وه نه كاتهكهش كاتی ههمواری یاساكهیه له كاتێكدا چهند مانگێك ماوه بۆ وادهی ئهنجامدانی ههڵبژاردن. * دكتۆرا له زانسته سیاسیهكان و راوێژكاری سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان
پهیكار عوسمان - هەنێ جەژن و موناسەبە، با ڕەگەکەشی دینی بێت، بەڵام قەدو لق و گەڵاکەی، تازە بووە بە شتێکی کۆمەڵایەتی و هەنێجار جیهانییش.. کاری ئێمەش ئەوەنیە شتەکان بەرینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ڕق و پەرتبوون و جیاکاریی تێدایە، کاری ئێمە ئەوەیە کە دارەکە لەوێدا بگرین، کە خۆشی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانە. - جەژن بۆ ئێمە، هەم دینییەو هەم کۆمەڵایەتی، گرنگیش نیە لەکام ڕەهەندەوە بۆ تۆ مەوزوعە، گرنگ ئەوەیە پێکەوە لەناو کەشی خۆشی و خۆشەویستیدا بین. تەنانەت ئەگەر هیچکام لەو دوو ڕەهەندەشت بۆ گرنگ نیەو هەر لە ئەساسەوە کەیفت بە جەوی جەژنەکان نایەت، ئەوەش ئاساییە، گرنگ ئەوەیە هەرسێ دیدەکە لەناو پێکەوەژیاندا بن و هیچکام لەم ئاڕاستانە، دەرگای ڕق نەبێ و بکرێتەوە بەسەر ئەوانیتردا. - یەعنی ئەوەی کە لە بابی دینییەوە جەژنی بۆ گرنگە، پێویست ناکا بکەوێتە شەڕکردن لەگەڵ شێوازە کۆمەڵایەتییەکەداو حەڵاڵ و حەرام بێنێتە گۆرێ و ئەبێ تێبگا لەوەی، کە جەژنی ڕەمەزان چەنێك دینییە، ئەونەش کۆمەڵایەتییە. ئەوەشی کە جەژن بە شێوازە کۆمەڵایەتییەکەی ئەکات، پێویست ناکا بکەوێتە شەڕ لەگەڵ شێوازە دینییەکەی.. ئەوەشی کە هیچیانی بۆ گرنگ نیە، پێویست ناکا بکەوێتە شەڕ لەگەڵ هەردوکیان و کۆی فیکرەکە.. بەڵکو ئەکرێ هەر یەکەو لەناو شێواز و ڕای خۆیدابێ و هەمووش لەناو ئاشتی و خۆشیدا بین. - ئەوەی کە لای ئێمە ئەگوزەرێ، کێشەکەی لەوێدا نیە کە ڕاجیایی هەیە لەسەر کۆی موناسەبە دینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و جیهانییەکان، بەڵکو لەوێدایە، کە هەر شتێك ئەکرێتە سەنگەری شەڕێك لەگەڵ ئەویتردا. مەسەلەن کێشەکە نە خودی ئاڵایە، نە دیدە جیاوازەکان بۆ پرسی ئاڵا، کێشەکە دروستبوونی دوو معەسکەرە، کە ساڵانە لەڕێگەی ئاڵاوە، دەستڕێژی ڕق لە یەکتر ئەکەن! - ئەوەی کە کۆمەڵایەتی و جیهانییەو لەوە دەرچووە کە دینیی بێت، بۆ بیگەڕێنینەوە بۆ دین و ڕقەبەرایەتی پێ دروستکەین؟ بۆ وەکو خۆی، لە دۆخە نادینییەکەیدا وەرینەگرین و بیکەینە دەرفەتی خۆشی و خۆشەویستی؟ من تێناگەم مەلا حەقی کریسمسی چیەو بۆ هەموو ساڵێ ئەم جەدەلە بێمانایە دووبارە ئەبێتەوە؟ یان شەڕی مارکس و سەرمایەداری بۆ بهێنینە ناو چەژنەکان؟ خۆ ڕاستە بازاڕ و مەسرەف، بەشێکی گرنگی جەژنەکانە، بەڵام هەموو شتێ کاتی خۆی هەیەو کاتەکانی کۆبوونەوەو خۆشی، کەی کاتی شەڕی ئایدۆلۆژیی و دابەشبوونی فیکرییە؟ - ئەسڵەن کەی قەرارە "جەژن" شتێکی عەقڵانیی بێت؟ خۆ کۆمەڵگا تەنیا بە زانست بەڕێوە نابرێ، تاکو لەوە بکۆڵێنەوە کە جەژن زانستییە یان نا. خۆ کۆمەڵگا تەنیا بە دین بەڕێوە نابرێ، تاکو لەوە بکۆڵینەوە کە جەژن دینییە یان نا.. ئەسڵەن شتانێکی کولتوریی هەیە، ئەسڵ و ئەساسی نیەو تەنیا خورافەیەکی بێ بنەمایە، بەڵام ئەو خورافەیە بیانوویەکە بۆ کۆبوونەوەو شادی، دەی ئا لەوێشدا ئەو خورافەیە، زۆر لە زانست و دین و فەلسەفەیەك گرنگترە، کە پەرتمان بکا! - خورافە لەوێدا کیشەنیە کە وەزیفەی مرۆیی خۆی ئەدا ئەکاو شادی بەرهەمئەهێنێ، خورافە لەوێدا کێشەیە کە بچێتە شوێنی زانست یان ئایین یان فەلسەفەو جەهل بەرهەمبهێنێ. بەپێچەوانەشەوە، کاری زانست و فەلسەفەو دین ئەوەنیە کە بێنە ناوچەی خورافەو ئەوەی کە "بە سادەیی و شەعبییانە" خۆشەویستی دروستئەکا، ئەوان ئاڵۆزو وردیکەنەوەو بیبەنەوە لای ڕقی ئایدۆلۆژیی! - زانست لە شوێنی خۆیدا گرنگە نەك لەوێدا کە شوێنی دینە. دین لە شوێنی خۆیدا گرنگە، نەك لەوێدا کە شوێنی فەلسەفەیە. فەلسەفە لە شوێنی خۆیدا گرنگە نەك لەوێدا کە شوێنی حیکایەت و خورافەیە.. شتەکان لە کات و شوێنی خۆیاندا بەجێن، لە غەیری ئەوێدا ئەبنە شتی بێتام و نابەجێ! - مرۆڤەکان ئەبێ لەسەر حەق کۆببنەوە نەك لەسەر باتڵ. خورافەیەكیش کە خۆشی و خۆشەویستی دروستبکا، حەقە، مادام لە ناوچەی خۆیدابێ. باتڵ ئەوەیە کە شتەكە لەناوچەی خۆی بترازێ و لەوێشەوە ئاشتی و پێکەوەژیان تێکبدا. باوکێك دیارییەك بۆ مناڵەکەی ئەکڕێ و مناڵەکە وائەزانێ بابەنوئێل بۆی هێناوە،، لێرەدا چیرۆکەکە درۆیە، بەڵام دڵخۆشیی مناڵەکە ڕاستییەو ئەمەش جوانەو چ پێویست ئەکا شەڕی زانستی و ئایدۆلۆژیی لەگەڵدا بکەین؟ - جەژنی قوربان، کریسمس، ٣١ی ئاب، ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئاڵا.. ساڵانە ئەمانە ئەکەینە وێستگەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵێ جوملەی دووبارەی ڕقاوی، کە نازانم سودیان چیەو بۆ بێزار نابین لە دووبارەکردنەوەیان؟ ئاخر کاوەو زوحاك کامیان کوردەو کامیان فارس، ئەوە کەی مەوزوعەو چی لەوە ئەگۆڕێ کە تازە نەورۆز جەژنی هەمووانەو ڕۆڵی جەژن ئەگێڕێ؟ - یان بەزمی (جەژن ئەکەم و جەژن ناکەم)! کاکە ئەیکەی بیکە، ناشیکەی مەیکە، هەردوکی هەر بۆ خۆت،، چ پێویست ئەکا ئەمە ئیعلانکەی بۆ جەماوەرو لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی بکەیت بە یەکێ لە دوو جەبهەکەوە؟ بۆ هەموو شتێك جەماعی و بۆ شەڕبێ، ئایا ناکرێ بۆ خۆت و بە ئاشتیانەبێ؟ بۆچی ئێمە ناتوانین خۆمانبین و هەمیشە لەڕێگەی بەرەو معەسکەرێکەوە تەعبیر لە خۆمان ئەکەین؟ ئەمە متمانە بەخۆنەبوون و لاوازی کەسایەتیمانە؟ یان عەقڵێکی نادیموکراتە کە ئەیەوێ ڕای خۆی بگشتێنێ و شتەکە جەماعیی بکاتەوە؟ - هەرچی گەندەڵیی و بندیوار هەیە نەهێڵرێ، هێشتا سێ گەندەڵی و بندیوار ماوە، کە هەمیشە لەسەر ڕەنج و ئارەقی ئەوانیتر ئەژین، (کاهین سیاسی ڕۆشنبیر) جەوهەری ئەم سێ ئیشە ئەوەیە، کە لە دۆخی ناکاڵایی و بێ بەرامبەرییدابێ و تەنیا بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی خۆتبێ. - سیاسەت ئەوەیە کە تۆ دەلاکیت، دەلاکیی پیشەو بژێویتە، بەڵام لەپێناو باشکردنی ژیانی گشتی، ئیهتمامی سیاسییشت هەیەو ئەمەی دووەمیان هیچ بەرامبەرێکی نیەو تەنیا بۆ ویژدانی خۆتی ئەکەیت، نەك ئەوەی نانی ئەوە بخۆیت، کە ئەکاتە خواردنی نانی ئەوانیتر! پیاوی ئایینی ئەوەیە کە خۆی بەقاڵەو بەقاڵیی پیشەو بژێوییەتی، بەڵام لەپێناو چاکەی کۆمەڵگا، ویژدانی هانی ئەدا قسەیەکی خێر لەگەڵ ئەوانیتردا بەش بکات. ئەمە نە بۆ دەسکەوتی مادییە، نە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی، کە ئەو دووانەی تێکەوت، ئیتر ئەوە پیشەسازی ئیگۆ و دوکانی دینفرۆشییە نەك قسەی خێرو ویژدانیی. - ڕۆشنبیر ئەوەیە کە دارتاشە، دارتاشیی پیشەو بژێوییەتی، بەڵام لە دەرەوەی ژیانی تایبەت و ژیانی پیشەیی، عەقڵی بە ژیانێکی تری گشتی و ئەدەبی و فیکریش ئەشکێ و ئەمانەش بەرامبەرەکەی هەر خودی بەیانکردنەکەیەتی، نەكئەوەی بەیانکردنەکەی بۆ پێگەو دەسکەوت و بەرامبەر بێت. - خۆ ڕاستە دنیای مۆدێرن هەموو شتێکی بە بازاڕکردوەو ئەشێ هەر یەك لەو سێ کردە ئەخلاقییە، دەسکەوتی مادی و مەعنەوی و ناوبانگیشت بداتێ،، بەڵام تۆ بۆ ئەوەت نەکردوەو ئەوە ئامانجەکە نەبووە. کە ئەوە بوو بە ئامانج و مەسدەری ڕزق، ئیتر فەسادێکی سێ قۆڵیی دەستپێئەکا، کە چەکی هەرسێکیشیان وتاربێژییەو ئیتر سیاسی و رۆشنبیرو کاهین هەرسێکیان هیچ ناکەن، تەنیا قسە ئەکەن، کەچی لەوانیتر خۆشتر ئەژین! - "قسە" کە ئەبێ بە مەسدەری ڕزق، ئیتر ئەو کاتەشی کە پێویست نیە بیکەیت، هەر ئەیکەیت، ئیتر ئەوەشی کە نابێ بیڵێیت، هەر ئەیڵێیت،، چونکە تازە شتەکە، لە حاڵەتێکی ویژدانییەوە بووە بە پیشە، پیشەش یەعنی دووبارەبوونەوە! دارتاشێك فیتەرێك وەستایەك، هەموو ڕۆژێ هەمان شت ئەکاتەوەو بە دووبارەبوونەوە خیبرەی زیاتر پەیدا ئەکاو ئیشەکەی جوانتر ئەبێت. بەڵام ئەوەی کە ناپیشەیی و ویژدانی و ئەخلاقییە، بە دووبارەبوونەوە فاسد ئەبێ و ئەبێتە کاسپی. - ئەوەی کە ویژدانییە، هەمیشە تازەو ئیبداعییە، ئا لێرەدا نوسەرێك لەوانەیە هەموو تەمەنی خەریکی یەك کتێب بێت، بەڵام کە شتەکە بوو بە کاسپی، ئیتر نوسەر، ساڵانە چوار کتێبت بۆ دەرئەکا بۆ ئامانجی مەعریفی و ویژدانیی نا، بەڵکو بۆ ئامانجی بژێوی و گیرفانیی! ئیتر لافاوی وتاربێژی و ڕەوانبێژی و پاڵەوانی سیاسەت و دین و ڕۆشنبیری هەڵئەستێ و کەچی وەزعەکەش هەر خراپتر ئەبێت، چونکە ئیتر ئێمە لەناو ساختەی ئەو سیانەداین، نەك لەناو ئەسڵەکەیدا! - ئەفلاتون کە وتی دەسەڵاتدار ئەبێ فەیلەسوف بێت، مەبەستی ئەوەنەبوو کە فەیلەسوف لەسەر ڕەنجی ئەوانیتر بژی و عەنتەری ساحەکەبێ، مەبەستی ئەوەبوو کە سیاسی مەفروزە گەیشتبێ بەو حیکمەت و ئاگاییەی کە بار نەبێت بەسەر شانی ئەوانیترەوە!! کێشەی کۆمەڵگای ئێمەش ئەوەیە کە مەعنەوییەت کەوتووەو ئەوەی کە دوکانیی نیە، بووە بە دوکان. هەرسێ کایەی دین و سیاسەت و ڕۆشنبیری، نادوکانین و لای ئێمە بوون بە کاسپی. - نزار قەبانی دێڕیکی جوانی هەیە ئەڵێ (بێدەنگیی لە حزوری جوانییدا جوانییە) دەی جەژنەکان و ساتەکانی (خۆشی و خۆشەویستی) جوانییەو گرنگە لەوێدا جیاوازی و دەنگەدەنگە فیکری و ئایدۆلۆژییەکانمان بوەستێنین و بە ئەدەبی ڕێزگرتن لە جوانییەوە بچینە ناو کەشەکە و تێکی نەدەین. * ئینجا ساڵی نوێ پیرۆزبێ و پڕ خۆشی و خۆشەویستی بێت بۆ هەمووان.
ئاری محەمەد هەرسین کات یەکێکە لەو شتانەی کە ئینسان دەسەڵاتی بەسەردا نیە. نە ئەتوانی بیگەڕێنیتە دواوە و، نە ئەشتوانی خێرایی بدەیتێ. بابەتی (کات) دابەشکاریەکی ژمارەییە بۆ ڕێکخستن و تێگەیشتن لەو گۆڕانکاریانەی لە ئەنجامی سیستەمێکی خواکردی گەردونی کە کە لەدەورو بەری ئینسان (بە زەوی و بۆشایی ئاسمانەوە) پەیوەندی بە جوڵەوە هەیە و، جوڵەکەش لەسەر هێڵی چەماوە، بازنەیی و هێلکەییە. لەدەرەووەی کات هیچ شتێک مانای نیە. ئینسان لە زیندانی کات دا ژیان بەسەر دە بات. بەجۆرێک کە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت لە هیچ چرکە ساتێکی ژیانیدا کات نادیدە بگرێت و لە بیر و ئیش و کارەکانیدا حسابی بۆ نەکات. هەر بۆیەش بە بەقەناعەتی بەندە نابێت زاتی دە ستکاریکردن و کۆنترۆڵ کردنی (کات) بکات، چونکە هیچ سودێکی نیە و لە خەیاڵێکی خۆش زیاتر هیچی لێ شین نابێتەوە. بەداخەوە وەک زۆربەی دانیشتوانی وڵاتانی جیهانی سێهەم ئێمەی کوردیش وەک پێویست قەدری کات نازانین، بۆیە زۆربەی جار (کات) بەفیڕۆ دەچێت. هیواخوازم ساڵی تازە پڕ خێر و بەرەکەت بێت بۆ خەڵکی کوردستان و، هەموان بە عەقڵێکی تەندروست تەعامول لەگەڵ (کات) دا بکەین. هیواخوازم هەموان لە بەڵا بەدوور بن. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت و هەمیشە لەخۆشیدابن… کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان بێت.
ئارام سەعید رۆژان دەڕواو هەفتە کۆتایی دێت، مانگ بەسەردەبەین و ئەوا ساڵیش کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی کۆتایی نایەت ستەم و دزی و گەندەڵیی و نادادپەروەریە...مۆدێلی خراپ بەریوەبردن... لەساڵی ٢٠٢١ دا مامۆستایەکمان هەبوو بەناوی بەدەل بەرواری لەسەر داوای رەوای مامۆستایان و موچەخۆران ساڵێک زیندانی کرا و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی وتی بەقۆپیە دەرچووم کرایە کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ، ئەمە ئەو گەمە ناشرینەیە کە دەسەڵات لەرێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە دەیکات، دەیان سەیرو سەمەرەی لەوجۆرە هەیە لە میدیاكاندا، رۆژانە باس لە دەیان و سەدان گەندەڵی و دزی دەکرێت و هەزاران مەلەفی راستەقینەی دزینی سەروماڵی هاوڵاتیان باس دەکرێت و هێشتا میدیاکان لایکی زۆریان بۆ نایەت ئەگەر مۆدێلێک یان گاڵتەجاڕێک نەهێنن و باس و خواسێکی بێتام نەکات... ساڵ دەڕوات و قەرزەكانی سەرهەرێم زیاد دەكات و ئاوڕنادەنەوە لەم كارەساتە! خودایە لە چ دۆزەخێكدا دەژین! ئەم هەموو نەهامەتیە هەیە و خەڵک سەرقاڵ دەکەن بە هەواڵیی پوچ و بێ مانا، سوپایەكی ئەلیكترۆنی داواو مافەكان ئەشێوێنێت، ئەڵێن خدر بێگەڵاسی بێتاقەتەو فڵانە مۆدێڵ لەسەر هاوسەرگیری قسە دەكات، ساڵ رۆیشت و نادادپەروەری بەردەوامە، چ ئومێدێک باس بکەین بۆ ساڵی ئایندە کە هیچ ئاسۆیەک نەبێت بۆ داهاتوو، مەترسیە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەرۆکیان گرتوین و تادێت ژیان ئاڵۆزتر و ناشرین و ناخۆش دەبێت و خەڵک لەسەر سنوری بێلا روسیا رەق دەبێتەوەو لە دەریای ئیجەدا دەخنکێت و لە خۆپیشانداندا گازی ژەهراوی پێدا دەکریت ولەبەر سەرما بە گازی خەڵوز دەخنکێت، ناچن بۆ دەنگدان، و متمانە نابەخشن بەڵام ئەوان هەر حوکمڕانن و هەمان دەموچاو دێنەوە سەر تیڤیەكان و بێ شەرمانە باس لەخەبات دەكەن و كوردایەتی ئەفرۆشنەوە، یاری بەعەقڵی هاوڵاتی ئەکەن و خستویانەتە ناو چاڵێکەوە و پێی ئەڵێن ئازوقەی خۆت بخە و ئایندەت نیە هەر لەو چاڵەدا بە جارێ، وای حاڵی دەكەن دەرەوەی چاڵەكە دۆزەخە، بێ ئاگان لەوەی کە لە چاڵەکە هاتە دەرێ ئەو رێگای خۆی ئەبڕێت و ئەو دونیا جوانە دەبینێت كە شایستەیەتی، دەڕوات ئاوڕ ناداتەوە و ئەوکات ئەوانە دەکەونە چاڵەکەوە كە خۆیان هەڵیان کەندوە بۆ هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە. چ هیوایەک بخوازین بۆ ٢٠٢٢ لەم دۆخەدا؟ کامیان هەڵبژێرین مردن لە چاڵەکەدا یان هاتنە دەرەوەو ڕێکردن بەرەو ئاوات و هیوای نوێ؟ تۆبڵێی ٢٠٢٢ ئەو ساڵە بێت لەو خەوە ناخۆشە بێینە دەرێ یان ئەو خەڵكە لەو چاڵە دێنە دەرێ و ڕێگایان ڕۆشن بێتەوە؟ گۆڕانیی ڕیشەیی بێت؟ یان ژیان لەدۆزەخی چاڵەكەدا بەردەوامە؟
چیا عەباس بەپێی دوا هەواڵەکان بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم مانگی ساڵی نوێدا کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستێت، پێش بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەکە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کشانەوەی بزوتنەوەکەی لە حکومەتی هەرێم دەکات. دو هەواڵی وروژێندراو روکەشانە جوان و بەپێز بۆ ئەوانەی هیوا و ئومێدێکیان بەم بونیادەی ئێستای گۆڕان ماوە. پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت لە دۆخی شکستدا گەورەترین موزایەدەی سیاسیە بەرامبەر بە جەماوەری پێشو و ئێستای بزوتنەوەکە، جۆرێکە لە ختوکەدان و چاوبازی لابەلا، وەک ئەوەی دانەوێڵە بۆ راوکردنی متمانە برێژن، ئەو دەسەڵاتەی چەند ساڵێکە بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەچەوری لە بەروبومەکەی دەخۆن بکەنە " پاساوێک بۆ هەستانەوە " ، باشترە دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەو راستیە تێبگەن کە پێش شکستە گەورەکەیان گۆڕانەکەیان لەسەر پێێ خۆی نەوەستابو تا ئێستا هەڵبسێتەوە. زیاتر لە سێ ساڵ لەمەو پێش بەتەنیشت چەندین کەسایەتی و گروپی ترەوە، گروپێکی هەڵسوراوە دێرینە خەمخۆرەکانی گۆڕان پرۆژەیەکی چاکسازیان پێشنیاز کرد بۆ گۆڕان و یەکێک لە خاڵە بنەرەتیەکانی هۆشداری دان بو لە بەشداریکردن لە حکومەتی هەرێم، ئەوسات ئەو دەسەڵاتەی گۆڕان زۆر لە خۆی باییی بوبو، گوێان نەگرت و وەڵامیشیان بۆ پرۆژەی پرۆگۆڕان ئەوە بو: دەچن دەبن بە پارتی، بە یەكێتی برۆن، چی دەکەن بۆ خۆتان بیکەن، بە واتایەکی تر بۆ چرکەیەکیش گوێیان نەگرت. خێرە ئێستا ئەم هەڵوێستەیان بەخەڵک دەفرۆشنەوە! کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەم جار بەشداری هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستانی کرد، نە دەستورەکەی بە تەواوی دارێژرابو، نە یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی بەستبو، نە چارەکە و نیو موچە هەبو، نە شەری داعش رویدابو، نە هەرێم لە قەیران و کێشەی ئاڵۆزدا گیری خواردبو و نە ... تاد، لە گەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنێکی ئێجگار مەزنی بەدەست هێنا. عیبرەت لەم راستیانە ئەوەیە و تایبەت لە دۆخی ئێستای کوردستان کە بەهاکانی کۆنفرانس و دروشم و هەرا و هەڵڵای حزبی لای هاوڵاتی زۆر کەمبونەتەوە، ئەزمونی دوا کۆنگرەی یەکێتی و ئاکامەکانی لە هەڵبژاردن و دۆخی ئێستای ئەو حزبە سەلماندیان کە کەرەستەکانی پێگەی جارانی حزبەکانی کوردستان بە نەرێنی گۆراون و و خودی حزب خۆی کردۆتە ئامانجی سەرەکی کار و کرداریان، لەم سەردەمەشدا حزبەکان، تایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، لە سایەی خەیمەی کوردایەتی، حوکمرانی، گۆرانکاری و چاکسازیدا خۆیان پەردەپۆشتر دەکەن. ئەم راستیانە زۆر خەستتر و بەرچاوتر لە گۆڕانی ئیستادا بەدی دەکرێن، لە مەقامی یەکەمدا هەڵگری مۆمیك بون کە تادێت تیشکەکەی رو لە کوژانەوە دەکات و دوەمیش کێشەی بنەرەتی گۆڕان نە بەشداریبونە لە حکومەت و نە دۆخی رێکخراوەیی، بەڵکو ئەم هێزە خاوەنی هیچ تێرامان و ستراتیژێکی جێگیر و رون نیە کە شایستەی متمانەی بەشێکی هاوڵاتیان بن بۆ گەشاندنەوەی مۆمەکە. سەبارەت بە بەستنی کۆنفرانسی گۆڕان مافێکی رەوای ئەوانەیە کە لە بزوتنەوەکە ماون یاخود دەستیان پێوەگرتوە. وەک راستیەکی مێژویی زۆربەی وردەکاریەکانی هەنگاوەکانی ئێستای گۆڕان بۆ دارشتنەوەی رێكخراوەیی بزوتنەوەکە لە هەمان پرۆژەی پرۆگۆڕان بە تێروتەسەلی پێشنیاز کرابو و لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٩ بەچەند نامە و راگەیانراو جەختی لێ کرابوەوە، ئەمەشیان بە هەمان شێوازی خاڵەکانی تر رەتکرایەوە. هەرچۆنێک بێت باسکردنی ئەو مێژوە بەمەبەستی گەرانەوە نیە بۆ ئەو ساتانە، بەڵکو راماڵینی پەردەیە لە چەند روداوێکی هەستیار کە لە مێژوی گۆڕاندا دەسەڵاتدارەکانی زۆر بێباک و بێخەمانە مامەڵەیان لە گەڵیان کردوە، ئێستاش دوای شکست پەنایان بۆ دەبەن. لە کۆتاییدا گەر گۆڕان بتوانێت ئاورێکی جدی و لە ناخی دڵ و قەناعەتیەوە لە رابوردوی چوارساڵی رابوردوی بداتەوە و دەست لە سەر زامە قوڵەکانی دابنێ، وەک: دۆخی خانەی راپەراندن و جفاتی نیشتمانی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان، دەرکردن و دەرپەراندنی هەڵسوراوە دڵسۆزەکان، بێخەمی و بێباکی دەسەڵاتی گۆڕان، بەشداری لە حکومەت و چیان کردوە، پرسەکانی گەندەڵی و سودوەرگرتنی نارەوای بەشێک لە بەرپرسانی گۆڕان و موڵکداریەتی کورەکانی کاک نەوشیروان و گۆڕان و دواتریش نەک دواترینیان هۆکارەکانی شکستی گۆڕان بە فاکت و ژمارە نەک بەقسەی سواو و بەتاڵ.... گەر ئەمانە بکرێن و هەوڵی جدی بۆ راستکردنەوە و چارەی هەڵەکان بدرێت ئەوا گۆڕان هەنگاوێکی گرنگ بۆ پێشەوە بۆ خۆی تۆمار دەکات، پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە ئایا ئەم گۆڕانە توانای ئەو هەنگاونانەی ماوە ؟
عهبدولڕهزاق شهریف " نیو سەدەیە ! بەدفەڕساڵی وەک ئەو دوبیستە نەدیدەم مەڕۆ ئەی ساڵی دون پەروەر نامەوێ لەو، خەرابەتر بدیدەم" ئەم تێکستە گوزارشتی ساڵی پارو کۆتا رۆژەکانی بو، بۆ پێوقەیەمی بیستویەک نوسیم ! ئەمڕۆش لەکۆتایی ساڵەکەدا، بەقەولی (شێخانی)، هەندێ خرتکەو پرتکە بۆ ئاوابونی بیستویەک ئەنوسم. هەمو ئەوانەی ئومێدیان بە چاکسازی و پاکسازی، بەدامەزراوەو رێکوپێککردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حوکمدارێتی یەکێتی و پارتی هەیە، پشتیوانیان ئەکەن، یانەخۆ لە وەهمدا ئەژین نەم بە گێل و گەمژەیی لێئەخوڕن یانەخۆ غوڵامی ئەو ئەجندایەی بێگانەو داگیرکەرانی کورستانن کە (بۆ وێرانکردنی هەموشتێک و تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتی و فەوتی کورد) جڵەوی جێبەجێکردنی بە ئەجهیزەو مەسولەکانی ئەو دو حیزبە سپێردراوە. هێزە ئیسلامییەکان لە سەرەتای پێکهاتەی کابینەی دەسەڵاتەکانی مەسرور بارزانیدا، بە راسپاردەو نەسیحەتی بێگانە، ئاوت کران. خۆیان زۆر هەوڵیاندا داخڵ بن، تەنانەت (بزوتنەوەی گۆڕان و رێکخەرەکەی)، کە هەر بەو ئەجندایە داخڵی بازنەی دەسەڵاتەکە ببون، تەشەبوسیان بۆ کردن سودی نەبو. کە لە کۆبونەوەی چڤاتەکەشیاندا، کە بۆ تەدارەکی چونە حکومەت رێکخرابو، پێمان وتن (ئەم دەسەڵاتەی ئایندە لەڕوی گەندەڵی و ستەم و نادادییەوە خراپتر ئەبێت لەوانەی پێش خۆی). ئەوکات خۆ دەستگرتنەوە یانەخۆ قاوەمان بۆ نەگرتبۆوە ! هەمویان لە ئێمەومانان باشتر ئەیانزانی پارتی و یەکێتی گەر بتوانن و بیانەوێ چاکسازی و حوکمڕانی تەندروست بکەن ئەو دەستکەوتە بە دیاری بە هیچ کەس و حیزبێکیتر نادەن، زۆری ئەو باڵفشانەی ئێستاش کە دوای کەوتنی بزوتنەوەکەیان، پۆزی ئۆپزسیۆن بون لێئەدەن، لەو سەروەختەیا لەپێناوی وەرگرتنی پلەو پوڵ و پۆستێکیتردا، پشتیوانی رێکخەرو جڤاتەکەیان بون ! بۆیە لە بیستویەکدا، هەمویان پێکەوە تەواو بون. (ینک) لەدوای کۆنگرەی چوارەوە، لەلایەن هەندێ گروپی سیاسی و ئەمنی و تەنانەت رۆشنبیریی ناو خۆیەوە، هەوڵی بەگژاچونەوەی ئەو ئەجندایەی بازنەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی ئەدا، هەندێ جار بەناوی گەڕانەوەی تەوازون و تەوافوقی حیزبی و سیاسی و ئیداری، یانەخۆ بەناوی یەکێتیەکەی جارانەوە، بەڵام ئەو پرۆگرامەی بۆ فەوتی کوردو هەڵتەکاندنی کۆمەڵگەی کوردستانی بەرمەجە کرابو، زۆر بەهێزتر بو لەوەی دەستە و گروپ لە ناوخۆی دەسەڵاتەکەوە بتوانن خشتێکی خواری دیوارێکی راستبکەنەوە ! بۆیە بە حەرەکەیەکی ئیستخباراتی و ئەفسونی شوشە ژەهرێک، هەموی بەسەر ساحیرەکانیا، قڵپ بۆوە. پارتی هەمیشە مەترسیەکان و ئەنجامەکانی پرۆسەی سیاسی و حوکمداری هەرێمی کوردستان، لەهەمو ئەوانیتر باشتر ئەزانێ و باشتر ئەخوێنێتەوە، سەری گەورەی ئەو حیزبە کە ئێستا سەری گەورەی هەرێمەکەشە بە خۆشی یانەخۆ بە ترشی بێت تا بینەقاقای لەو قوڕەدایە، سەدەیەکە و بۆ سەری ئەم کوردو کوردستانە گیراوەتەوە، رۆچوە. کەس پێی وانەبێت تێکدان و شێواندن و هەڵتەکاندنی تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواری، ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ، ئابوری و تاڵانی نەوت و گاز، تێکدانی خێزان و باری دەرونی تاکی کورد، ریسواکردنی مێژوی خەبات و تێکۆشان و سەدەیەک قوربانی... هتد، لەدەرەوەی ئیرادەی بێگانەو دوژمنەکانی کوردەوە بێت، ئیتر کاتی ئەوەیە هەموان لامان ببێ بە یەقین، ئەوە ئەجندای بێگانەیەو دەسەڵاتدارانی کورد جێبەجێی ئەکەن. پێشتر و منیش پێم وابو، ئەم سەرکردانەی کورد نازانن ئیدارەی حکومەت و حیزب بکەن ! پرۆژەمان بۆ ئەنوسین ! دوای ماوەیەکی زۆر هەر لەگەڵیان ماینەوە، دواجار گەیشتینە ئەو بڕوایەی، نەخێر ئەوان ئەیزانن، بەڵام بۆ بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەو مانەوە، نایانەوێ وڵات شامی شەریف و دادگا و دامەزراوەکانی کاری پیشەیی خۆیان بکەن، لەو پێناوەشدا گوێ بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی میلەتەکە نادەن. دوای دەیان ساڵ ژیان و کاری سیاسی لەگەڵ وان، زۆر درەنگ تێگەیشتم کە لەمەشیانا هەڵەم و راستییەکی ترهەیە ! ساڵانێکی زۆرە، ئەم سەرکردانەی کورد شەڕی گەیشتن بە (غوڵام و سەرباز)ی جێبەجێکردنی ئەجندای داگیرکەرانی کوردستان و دەوڵەتە زلهێزەکان ئەکەن. پارتی و بارزانی پێشی هەمویان کەوتن ! ئێستاش کە بەهۆی تەسلیمبونی ئەوانیترەوە بە پارتی، هەمو بریارەکان گەڕاوەتەوە بارەگای بارزانی، ئیتر چاوەڕوانی ئەوە مەبن لە ساڵی ئایندە ئەمریکاو ئینگلیز، چین و فەرەنسا لەبەر خاتری گەلانی عێراق و کوردستان پۆلیسەکانی خۆیان لە چواردەوری ماڵی کوردستان برەنجێنن. بۆیە ئەمساڵیش وەک ساڵی پار ئەیڵێمەوە: مەڕۆ ئەی بەدفەڕترین ساڵی کورد ! نامەوێ لەتۆ خراپتر، ببینم بۆ کورد.
د. كامەران مەنتك هەندێك رووداو هەیە، سەرباری كارەستباری وئێش وئازاریان، دنیایەك جوانی دەردەخەن ونیشانی دەدەن، كە رەنگ بێت بۆ ماوەیەكی زۆر كار لەسەر ناشیرینكردنی ئەو جوانیانە كرابێت، یاخود بەهۆی ماندوون وشەڕی راگەیاندنەوە، كۆمەڵگا وەكو پێویست بایەخی پێنەدابێت، یاخود چاوی نەیبینیبێت، كە دیارە ئەم چاوبەستن وفریودانە، لەكۆمەڵگای كوردی كراوەتە دیاردەو خەڵك تەنیا شتە ناشیرینەكانی دەسەڵات دەبینێت وبەرامبەر ئەمەش هەموو ئەو جوانیانانە فەرامۆش دەكات، كە لەناو خودی خۆیدا رەگی داكوتاوە. لافاوەكەی هەولێر، سەرباری ئەو لایەنە نەرێنیانەی قسەی زۆری لەسەر كرا، وەكو هەموو بابەتێكی تر، بووە هۆی هێنانە ئارای گەڕەلاوژەیەكی سیاسی لەنێوان هێرش بردن وبەرگریكردن، پێگەیەكی گرنگی لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان گرتەوە، جارێكی تر ئەو جوانیانە فەرامۆش كران، كە دوژمنانی كورد، بەخۆماڵی ودەرەكیەوە كار لەسەر تیكشكاندن وناشیرینكردنی دەكەن، ئەویش بەرزی گیانی بەتەنگەوە هاتن ویارمەتدانی یەكترە لەناو كۆمەڵگای كوردی! كەس ئەو سەرمایەدار وهەژارو مامۆستا وپیاوی ئاینی و كاسب وخوێندەوارو نەخویندەوارەی سلێمانی وهەڵەبجە ودوزخۆرماتوو وگەرمیان ودهۆك وزاخۆی نەبینی وسەرنجی راكێشا، كە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی وگیانی مرۆیی ونەتەوەییەوە، كۆمەكیان بۆ لێقەوماوان وزیانلێكەتووانی لافاوەكەی هەولێر كۆدەكردەوە، هیچ دیمەنێك وەك دیمەنی ئەو ئاژەڵدارانە جوان نەبوو، كەلەچاوی لێقەوماوی خۆیانەوە سەیری شوانەكەی هەولێریان دەكرد وبەدەست ودیاری رانێك لەسەر مەڕ وئاژەڵی تر، هاتنە تازیەباری ئەو شوانە كۆست كەوتووە! دیمەنی ئەو گەنجە خۆبەخشانەی كۆمەك ویارمەتیان كۆدەكردەوە، سەرنجی كەسی رانەكێشا! نازانم بۆ نووسەرانی كورد، كار لەسەر نیشاندان وبەرز نرخاندنی ئەو دیمەنە جوانانە ناكەن!؟ كە گیانێكی كەم وێنەیەو موچڕك بەجەستەی مرۆڤ دادەهینێت وئەوە دەسەلمێنێت، كە كورد لەباشوور، سەرباری هەموو شتێك، تاوەكو ئێستا ئەو جوانیانەی پاراستووە، كە شایەنی مانەوە وپێشكەوتن بێت. لافاوەكەی هەولێر ئەوەی سەلماند، كە تا ئێستا گیانی نەتەوەیی بوون ومرۆڤ بوون لەناو ناخی تاكی كورددا رەگی داكوتاوە وهیچ هێزێك نەیتوانیوە وناتوانێت هەڵیتەكێنێت، لەپاڵ ئەوەدا ئەوەی جێگای داخە جگە لە خەڵكی شارو گوندەكانی باشووری كوردستان، هیچ شارێكی تری ئێراق، سەرباری ئەوەی هەولێر باوەشی بۆ هەموویان كردەوە ولە تاریكترین چركە ساتەكانیاندا، سەرباری ئەوەی ئەوان بەشداریان لە جینۆساید كردن ورەشە كوژكردنی كورد كردبوو، باوەشی بۆ كردنەوە وتاوەكو ئێستا لەهەولێر ژیانێكی پڕ ئارامیان بۆ دابینكراوە، كەچی هێندەی من زانیاریم هەبێت، كەسێكم نەبینی، نە رۆشنبیر ونەرێكخراوەكان و نە ...نە...نە بیر لەوە بكاتەوە، وەك شارەكانی تری كوردستان بیر لە بەهاناوەچوونی هەولێر بكاتەوە! هیوادارم تاكی كورد، بەرۆشنبیرو خویندەوار ونەخوێندەوارەوە، كار لەسەر بەرزرنرخاندن وبەهێزكردنی گیانی هاریكاری وبەتەنگەوەهاتنی یەكار بكەن وبیپارێزن، لەبەرئەوەی ئەو گیانە كۆڵەگەیەكی سەرەكی مانەوە وبەردەوام بوونەو هەوێنێكی رەسەنە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوە ورێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی.
سالاری بازیان ئەگێڕنەوە لەسەروبەندی سەرکەوتنى شۆڕشی سۆڤییەتدا کەسێک لە مەیدانى سورى مۆسکۆدا ڕۆژنامەی پەخش ئەکردو ئاسایش دەستگیریان کرد، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە تێگەیشتن هەموو ڕۆژنامەکان سپین و هچیان لەسەر نەنووسراوە، وتیان بۆچی ڕۆژنامەی سپی دابەش ئەکەیت؟. وتی: ئیتر شتێک بۆ نووسین نەماوەتەوە، ئاشى حزبایەتی لەژێر دروشمی کوردایەتیدا زۆری هاڕی، داخی زۆر نا بەجەرگ و دڵی دایک و باوکە بێچارەکانی نیشتیمان، هەزاران لاو بە جلوبەرگی خوێنینەوە زیندەبەچاڵ كران، هەزاران خەون و خۆزگە لەدار دران، بۆ کێ؟ بۆ دروستبوونی قەوارەیەک کە سەرکردوەو بنکردە خەیاڵی نەدەکردەوە کە ڕۆژێک حکومڕانی کوردی وا شپرزهو پهرتهوازه بێت، لە كەشتییەكی نێو گەرداوێك دەچێت کە نازانرێت لەکوێ لەنگەر و ئارام ئەگرێ. عەزیزان! ئەوەی هەرێم لەناوئەبات (30) ساڵ حکومڕانی ناتەندروستە، نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی خاوەن هزرو باوەڕە، به تاڵانبردنی ژێرخانی ئابوریە، نادادی و گەندەڵی و گەندەخۆرییە، شهلكردنى بنەماکانی دیموکراسی و گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی خانەوادەگەرای سوڵتانی پڕ لەکێشمەکێشمی بنەماڵەیی لەناو کۆشکە سوڵتانییەکاندا، دروستکردنی ئاشوبی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، دابەشبوونی کۆمەڵگایە بۆ دووبەرەی لێک دابڕاو کە زۆرینەی کۆمەڵگا باوەڕيان بەم شێوازه له حكومرانى نەماوهو خاوەندارێتی لە سیستەمی هەرێم ناکەن، وەک (تاڵەبانی) وتەنی بەرێژەی (65%)ی کۆمەڵگا بێزی نەهاتووە دەنگمان پێبدات، ئهوهى هەرێم لەناودەبات کۆچی گەنجان و خنکاندنیان لەدەریاو كه نارو سه رسنورى وڵاتانه، بێ ئەرزشكردنی زانکۆکان وياريكردنه به شعورى موچه خوران. چاوەروانى بهزهيى و نازو نوزی ٢٠٠ مليارهکەی پايتەخته لەناوبردنی دیمۆگرافی و بەشارکردن و لەناوبردنی گوندەکان و سوتماككردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆییە، نەبوونی دونیابینیەکی واقعییە بۆ داهاتوو مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزو وڵاتی دراوسێ و قوتبە سیاسییەکانی عێراق شكستى پرۆژەی نەتەوەییە لەبەردەم هەمینگەرای حزب حزبێنەدا. هیچ تاکێ تەمەنای ڕوخانی هەرێم و قەوارەکەی ناکات، چونكه نه قاچى ههيه ڕابكات و نه گيرفانى پڕه بفڕێ كەواتە ئەبێ وەستاو سەرکارەکانی وڵات بە نەخشە و دیواری چه ند سالهى حوكمڕانيدا بچنەوە، واز لە تۆمەت بەخشینەوەو پلارگرتنه فيسارو فلان بێنن وهك ڕوژى ڕون دياره كێ باجى كێشه كانى هه رێم ده دات و كيش ههرێمى گهيانده كوچهى بن بهست.
ئاری محەمەد هەرسین هۆکاری دەرەکی: قسەیەک هەیە کە دەگوترێت: کورد هەرگیز خاوەنی ئەجێندای نیشتیمانی و بەرنامەی سیاسی خۆی نەبوە و، هەمیشە بۆتە بەشێک لە ئەجێندای خەڵکیتر و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە. پەنجا ساڵ یان نیوسەدە، قۆناغێکی زۆر کورتە لەچاو تەمەنی مێژوو. یەک قۆناغی نیو سەدەییم پێ بڵێن کە میللەتی کورد لەلایەن هێز، وڵات یان وڵاتانی بێگانەوە بەکار نەهێنرابێت و لە ئەنجامدا باجی قورسی نەدابێت. کورد لەسەرێکەوە لەلایەن دراوسێکانیەوە بەکار هێنراوە، لەلایەکیترەوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکاوە. خەون و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی ئێمە هەرگیز لەسەر مەداری بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتانەدا نەبوە. هەربۆیەش بەرژەوەندیەکی هاوبەشیش نەبوە تا بمانکاتە شەریکی یەکتر. لەئێستادا هەندێک ڕۆشنبیری هاوڵاتی جیهانی سێهەم پێیان وایە کە سەردەمی ئیستیعمار (کۆلۆنیالیزم) بەسەر چوە. ئەمە لەکاتێکا کە خودی خوێندەوارەکانی خۆرئاوا باس لە سەردەمی ئیستیعماری نوێ (نیو کۆلۆنیالیزم) دەکەن. سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا ڕوون و ئاشکرایە. مەسەلەی مافی ئینسان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەکەی ئەوان هەتا سنوری وڵاتەکەی خۆیان بڕ دەکات. ئیتر لەودیو سنورەکانیانەوە ئینسان لەبرسا دەمرێت، ئەشکەنجە دەدرێت، ماڵی وێران دەبێت و یان هەڵدەواسرێت، نە بایی تۆزقاڵە زەڕڕەیەک خەمی پێ دەخۆن و نە دەیبیستن ونە دەیبینن. ئەوان نیشتیمانی میللەتان پارچە پارچە دەکەن… وەک لاستیک تەعامول لەگەڵ سنوری وڵاتاندا دەکەن ولە کوێدا پێیان خۆش بوو بچوک و گەورەی دەکەنەوە. بۆ ئەوان مافی ئینسان و نیشتیمانی میللەتان بایەخی لە بەرمیلێک نەوت، کیلۆیەک زێڕ یان مسقاڵێک ئەڵماسی ئەفەریقا کەمترە. لەسەروبەندی ڕێفراندۆمدا فڕۆکەخانەی هەولێر نەیدەزانی چۆن فریای فڕک و هوڕی فڕۆکەی وەفدە خۆرئاواییەکان بکەوێت. هەموو دەهاتن تا قەناعەت بە سەرۆک مەسعود بارزانی بکەن دەست لە مافی ڕەوای میللەتەکەی هەڵگرێت. هەندێک هێز و کەسایەتی خۆش باوەڕو خەیاڵبافی ناوخۆش رێفراندۆمیان لەناو خۆماندا کردە دێوجامەیەک و بەتاوان وەسفیان کردو، ئەو تاوانەشیان خستە ئەستۆی سەرۆک بارزانی. بەبەرچاوی خۆرئاوای دیموکرات و ئینسان دۆست، فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر داخران و، کار گەیشتە ئەوەی هێز جوڵەی پێکراو لە ١٦ ئۆکتۆبەردا بەهاوکاری هەندێک بەکرێگیراوی ناوخۆ ٥١% خاکی پیرۆزی کوردستان کەوتە ژێر دەستی عەرەب. ئەو خۆرئاوایەی کە لە ڕێگای کۆمپانیاکانیانەوە (بە پێچەوانەی ئەو بۆچونەی کە پێی وابوو، هەرشوێنێک کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆرئاوای لێبوو سەقامگیری مسۆگەر دەکات) نەوتی هەرزانی ئێمەیان بەتاڵان دەبرد نەک هەر هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە موعجیزە چاوەڕوان نەکراوەکە ڕویداو حەشدی شەعبی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تانکی ئابرامزی دەستکردی (شەیتانی بزورگ) بەرەوڕوی هێزی پێشمەرگە بوونەوەو زنجیری تانکەکانیان بە خوێنی پێشمەرگەی کوردستان سور کرد. ئەمەریکای دوژمنە سەرسەختەکەی ئێرانیش نوزەی لێوە نەهات. بە درێژایی چەند سەد ساڵ ئەم نەریتە سیاسیەی خۆرئاوا کارێکی کرد کە بە سەدان نێلسۆن ماندێلا بۆ دەیان ساڵ بخرێنە زیندانی ئینفیرادیەوەو، بە سەدان ڕابەری نیشتیمانپەروەر لە جیهانی سێهەم تیرۆرو بێ سەرو شوێن بکرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی داکۆکیان لە مافی میللەتانی خۆیان دەکرد. ئێستا خۆرئاوا لە خۆمان باشتر دەزانن حاڵی ئێمە لەناوخۆدا چۆنە. ئەوان سەوداو معامەلەی گرنگ و ستراتیژیان لەگەڵ دراوسێکانی ئێمە هەیە. با واقیعبین بین، ڕێکكەوتنی خۆرئاواو ئێران یەکێکە لە مومکینەکان، چونکە لە دونیای سیاسەتا موستەحیلات نیە. هەرچی تورکیاشە مۆرەیەکی گرنگی ناتۆیە. ئێمە دووجار خراوینەتە ئەجێندای دەرەکیەوە. جارێک لە ئەجندای خۆرئاواییەکاندا ڕۆڵێکی لاوەکی و کاتیمان بۆ دیاری کراوە، جارێکیش لە ئەجندای دراوسێکانمان. زیاد لە دە ساڵە سوریا لە شەڕێکی وێرانکاریدایە… زیاد لە بیست ساڵە ئەفغانستان سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری بەخۆیەوە نەبینیوە، کەچی خۆرئاواییەکان نەک هەر بە دودەست وڵاتەکەیان پێشکەشی ئەو گروپە کرد کە خۆیان بە تێرۆریست ناویان دەبرد، بەڵکو بوونە پشتیوانیشیان. هەردوو ڕژێمی سوریاو ئەفغانستانیش لە دەسەڵاتدا ماون، چونکە دەوڵەتن و سەودایان لەگەڵ خۆرئاوادا هەیە، نەک لەبەر ئەوەی دیموکراتن و عەدالەتی کۆمەڵایەتیان لە وڵاتەکەیاندا چەسپاندوە. ئیتر چارەنوسی خەڵکی ئەفغانستان و سوریا کوژران و ماڵوێرانی و کۆچی ملیۆنەها کەس کێشەی خۆر ئاوا نیە. گرنگە ئێمە ئەوە بزانین کە خۆرئاواییەکان معامەلەی میللەتێکی بێ دەوڵەت لەگەڵ ئێمەدەکەن، واتە بەرنامەی هاوکاری و هاوڕێیەتی درێژخایەنیان لەگەڵ ئێمە نیە. هەر ئەم سیاسەتەی خۆرئاواییەکانیشە کە وەک فاکتەرێکی کاریگەر کە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆمان بوە، هۆکار بوە بۆ ئەو نەهامەتیانەی کە بەسەرمان هاتوە. ئێمە دەوڵەت نین، خۆرئاواییەکانیش هیچ حەزیان بەوە نیە ئێمە ببینە دەوڵەت و، بگرە ڕێگرێکی سەرەکیشن لەبەردەم ئەو مافە ڕەوایەی نەتەوەی کورد. لای ئەوان ئێمە و میللەتانی جیهانی سێهەم وەک کەروێشکی تاقیگاکان واین، هەم دەرمان و هەم چەک و هەم زبڵدانی خۆیانمان لەسەر تاقی دەکەنەوە. دڵنیام هەندێک لە کەوادری بە (حساب) پێشکەوتووی حیزبەکان بەم نوسینەی بەندە مشەوەش دەبن و دەڵێن پێویستە دڵی دەرودراوسێ و خۆرئاواییەکان ڕاگرین بۆ ئەوەی لێمان توڕەنەبن. منیش بەو کەسە سادانە دەڵێم دڵنیابن نە ئێران و تورکیا لەبەر ئەم گوتارەی بەندە هێرشێکی سەربازی دەکەنە سەر کوردستان، نە ئەوروپا و ئەمەریکاش بۆمبای ئەتۆمی بەسەرماندا دەبارێنن. ئەگەر سیاسەت بەو سادەییە بوایە ئەو کەسە سادانە بیری لێ دەکەنەوە، ئەوا لەمێژ بوو میللەتی جولەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست دا خنکابوون، ئێران وڵاتی ئیسرائیلی لەگەڵ زەوی تەخت کردبوو، ئەمەریکاش بە بۆمبای ئەتۆمی هێرشی دەکردە سەر کۆریای باکور. ئەم جۆرە بۆچونانە وە ک بیر کردنەوەی هەندێک کەس وایە کە جاران بە ئێمەیان دەگوت باسی دەوڵەتی کوردی مەکەن و ئاڵای کوردستانیش هەڵ مەکەن، با برا عەرەبەکانمان لێ عاجز نەبن و توڕەیان نەکەین…! وەک ئەوەی براعەرەبەکان بەبێ باس و خواستی دەوڵەتی سەربەخۆش بەرنامەی تەعریب و ئەنفال و ڕاگوێزانی بەکۆمەڵیان بەسەرماندا جێبەجێ نەکردبێت و یەک دانە بۆبمای کیمیایشیان تێنەگرتبین. کورت و کوردی: ئەوەی کە دەبێت مشورێکی ئەم هەرێمە بخوات تەنیا خۆمانین. زەنگی خەتەری مان و نەمان نەک ئەمڕۆ، بەڵکو دوێنێ و پێرێ لێدراوە… گەر مشورێک نەخۆین ڕوخان و داڕمان مسۆگەرە. ئیتر نە بۆریە نەوتەکە بە تورکیادا دەڕوات و نەقەبارە بازرگانیە چەند ملیار دۆلارەکەی لەگەڵ ئێران هەمانە، مانەوەی قەوارەکەمان مسۆگەر دەکات. ئێمە نابێت ڕێگە بدەین بمانکەنە کارمەندی دراوسێ وخۆرئاواییەکان، بەڵکو دەبێت خۆمان چارەنوسی خۆمان دیاری بکەین.
لەتیف فاتیح فەرەج سەرەڕای هەموو ڕەخنەو سەرنجێکمان لەسەر حکومەت و کەموکوڕی و کێماسی و گەندەڵیەکان ئەمساڵی ڕابردوو تاڕادەیەک، وێڕای گرفتی دواکەوتن، بەڵام باش بوو، بڕوام وایە ئەگەر حکومەت و وەزارەتی دارای پلان و پڕۆژەیان هەبێت دەتوانن لەساڵی ئایندەدا بەتەواوەتی چارەسەری کێشەی موچە بکەن، بۆ ئەمەش جگە لە چاکسازیەکی ڕیشەیی، دەکرێت هەندێ هەنگاوی تریش بنەن لەوانە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەو چارەسەرکردنی ڕەهەندی جیاوازی نێوان موچەخۆران، پاکەوان هەیە هەموو ڕۆژی مانگ کار دەکات، کاتی کارەکەشی لە هەشت سەعات زیاترە موچەکەی پێنجسەت هەزارە، فەرمانبەریش هەیە هەفتەی دوو ڕۆژو ڕۆژی چوار سەعات کاردەکات کە بەهەمووی مانگ سی و دوو سەعات دەکات موچەکەی ملیۆن زیاترە، دەرماڵەی مەترسی و شتی دیکەشی هەیە ئەوەش جۆرێک ڕەهەندی نادادیە، هەروەها موچە و دەرماڵەی پۆستەکانی سەرەوەش لەنێو حکومەت و پێشمەرگە زۆر بەرزەو پێویستی بەهاوسەنگیە، ئەمەش جگە لەگێڕانەوەی دادگەری، جۆرێک ئومێدیش بۆ هاوڵاتی دەستەبەر دەکات، بایەخدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی هەمەجۆرو پشت نەبەستنی تەواو بە نەوت، ئەوەش ڕێگەیەکی تری ڕێکخستنەوەی ئابوری و داهاتی نیشتمانیە. ڕێکخستنی باج وگومرگ و ڕێکخستنەوەی شارو ڕاگرتنی شارە نوێیە سەرمایەدار ئەفرێنەکان ڕێگەیەکی تری دەسکەوت و داهاتە. متمانەی بانک و گێڕانەوەی پارەی دەرەوەو پیاچونەوە بەکارو باری کۆمپانیا نەوتی و پیشەسازیەکان ڕێگەیەکی ترە بۆ ئەوەی قەیرانەکان کەمبکرێنەوە، گرفتی گەورەی گەندەڵی لە گرێ و گوڵی نێوان حزبەگەورەکان و حکومەتدایە ئایە حکومەت دەتوانێ بەگژ بەرژەوەندی و گەندەڵی حزبیدا بچێتەوە بەو جۆرەی کەچی تر حزب مشەخۆری سەر جەستەی حکومەت نەبێت، ئەگەر حکومەت بتوانێ ئەمە بکات ئەوە ساڵی ۲۰۲۲ زۆر ئاسان دەتوانێ کێشەی موچە چارەسەر بکات، هەڵبەت بۆ هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان مانگانە موچە کەمتر لە ملیارێک دۆلاری پێویستە ئەو پارەیە ئەگەر پلان و بەرنامە هەبێت بەبێ گرفت کۆدەکرێتەوە تەنها بوێری و بڕیاری دەوێت، من باوەڕم وایە ئەگەر حکومەت وەزارەتی دارای بڕیاری چارەسەر بدەن و کاری بۆ بکەن ئایندەی موچەی موەخۆران باشترو ڕێک تر دەبێتە و دەکرێت هەموو کۆتای مانگێ لە ۲٥ تا ۳۰ مانگ موچەی تەوای موچەخۆران بە پێنج ڕۆژ بدرێت تا ئەو کاتەی سیستمی ئەلەکترۆنی پێدانی موچە دەکەوێتە گەڕ، هەڵبەت گەر ئەمە بکەن دەبێتە دەسکەوتێکی گەورە بۆخۆیان گەر ناساڵی داهاتوو گیرو گرفتی زیاتریان دێتە پێش و ئەو ساڵەش دەبێتە ساڵێکی سەخت. حکومەتی هەرێم تائێستا لەبەردەم چاکسازی ڕیشەیدادەستە پاچەیەو کارەکتەرەکانی حزب لەمپەرو ڕێگرن بێ ئەوەی حکومەت بتوانێ ئەو لەمپەرانە قاوبدات، قاونەدانی ئەو ڕێگریانەش بەشێکی سەرەکی ئەو نادادی و ستەمەن کە هەن.
خالید رەزا ئەم وتارە بۆچی؟ هەواڵەکان دوو روداوی دڵتەزێن یان بڵاوکردەوە. یەکەمیان لە شەوی ٢٢-١٢-٢٠٢١ ، لە گوندی (قوبکێی ) قەزای ئاکرێ دایکێک و چوار مناڵ بەغازی خەڵوز خنکاون. دوەمیان لە شەوی ٢٥-١٢ دا بوە لە دەربەندیخان دوو برا یەکێکیان بەغازی خەڵوزەکە مردوە و ئەوی تریان زەهراوی بوە. دیارە بەداخەوە ڕوداوی خنکاندن بە هۆی غازی خەڵوزەوە پەرەی سەندوە، کە ئەمەش پەیوەندی بە ساردوسەرما ونەبوونی زانیاریەوە هەیە لەسەر ترسناکی غازەکە. بۆیە بە پێویستم زانی ئەم زانیاریە گشتیانە لەسەر مەترسی غازەکە لە هۆلەندیەوە، بکەم بە کوردی و سەرنجەکانی خۆمی تیکەڵاو بکەم و بڵاوی بکەمەوە. بەو هیوایەی بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی کارەساتەکان. ئەم غازە چیە؟ غازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO )، زۆر خەتەرە. غازێکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە و بەچاو نابینرێ. بە ڕیژەیەکی زۆر کەم لە بەرگی هەوادا هەیە کە کەمترە لە (<0.001%)، غازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە سوتاندنی ئەو سەرچاوە وزانەدا پەیدا دەبێ کە (کاربۆن) یان تیایە، وەکو خەڵوز، تەختە، نەوت و غاز. کاتێک کە ئۆکسجین (O2)هەبێ، ئەوا یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنCO ئەگۆرێ بۆ دوەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2 کە زەهر نیە. ئەگەر ئۆکسجینی پێویست لە شوێنەکەدا نەبێ ، رێژەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ئاستێکی ترسناکو پڕ مەترسی بەرز دەبێتەوە. # کاربۆکسی هیمۆگڵۆبین Carboxyhemoglobine هیمۆگلۆبین ئەوپرۆتینەیە کە لە خوێن دا ئۆکسجینی هەڵگرتوە و بەهەموو لەشدا ئەیگوازێتەوە و ئەیبات بۆ هەموو ئۆرگانەکانی لەش. یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆر خێراتر و توندتر بە هیمۆگلۆبینەوە دەنوسێ وەک لە ئۆکسجین، بۆیە کاربۆکسی هیمۆگڵۆبین دروست دەبێ و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن شوێنی ئۆکسجین دەگرێتەوە. لەبەر ئەمە هیمۆگلۆبین ناتوانێ ئۆکسجین وەربگرێ و بەناو خوێندا بیگوازێتەوە. بۆیە ریژەی ئۆکسجین لە خوێن دا کەم دەبێتەوەو بەستەرەشانەکان دەمرن، ئۆرگانەکانی دڵ و مێشک لە کار دەکەون. # سەرچاوەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ئەشێ سەرچاوەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO) لە ماڵ دا بێ بەهۆی: + خراپی سیستمی خۆگەرمکردنەوە و گەرمکەر؛ + هەروەها خراپی سیستمی هەواگۆڕین (کەم بونەوەی ئۆکسجین لە ژوردا). پەیامی من لە م نوسینە پێدانی زانیاریە بە هاونیشتمانیەکانم تا لە مەترسی گازی زەهراوی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کە لەرێێ سوتانی خەلوز، دار، نەوت و غاز ە وە ئاگادار بکەمەوە وداوایان لێ بکەم ئەگەر هەر ناچارن خەڵوز و دار لەناو ماڵ دا بۆ خۆ گەرم کردنەوە بەکار بهێنن، پێویستە بەردەوام پەنجەرە، ناوبەناویش دەرگا بکەنەوە بۆ ئەوەی ئۆکسجینی پێویست بێتە ژورەوە ، ئەگینا کارەساتەکان دووبارە و چەند بارە دەبنەوە. وەکو وتمان غازی خەڵوز و دار لە ناوماڵدا زەهرە و خنکێنەرە، بەهۆی ئەوەی نە بۆنی هەیە، نە ڕەنگ و نە بەچاو دەبینرێ بۆیە هەستی پیناکەیت هەتا کار لەکار ئەترازێ. ئەبێ پێش نوستن خەلوزەکە ببەنە دەرەوەی ژورەکە و بیکوژێننەوە. تکایە خۆتان بپارێزن. رەنگە بپرسن بلێن ئەی بۆچی زۆپای دار مەترسی نیە خۆ دار ئەسوتینێ، لەبەر ئەوەی ئەو یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەی کە لەئەنجامی سوتانی دارەکەدا دروست دەبێ، بە لولەی زۆپاکەدا ئەڕواتە دەرەوە. ئەم غازە کە لە ئەنجامی خەڵوز و دار و غازی ماڵاندا دروست دەبێ، ئەگەر ژورەکە داخراو بێ، جا ئەم ژورە لەکوردستان بێ یان لە ڕاقی ترین ولاتی دونیادا جیاوازی نیە و مرۆڤەکان ئەخنکێنێ. بۆیە دەبێ خۆمانی لێ بپارێزین. لە نێوان مردنی حەتمی و سەرمابوونی کاتی دا دووەمیان هەڵبژێرە.
چیا عەباس ئەو هێز و گروپ و کەسایەتیانەی ماوەی ساڵانێکە خۆیان بە ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی و دەرەوەشی دەزانن، تا رادەیەک زەمینەیەکی لێکتێگەیشتن و هاوهەڵوێستیان سازکردوە. سەرەرای لاوازیەکانی ئەم بەرەی گۆرانخوازە بەڵام توانیویانە بەشدار بن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، لە پیشاندانی عەیب و عاری دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات، فراوانکردنی بەرەی نارازی، ئاگادارکردنەوەی دنیای دەرەوە لە گەندەڵی دەسەڵات و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و رادەربرین و.. تاد. ئەگەرچی ئەم هەوڵ و تەقەڵلایانە ئاکامی گرێبەستێکی سیاسی و رێکخراویی نێوانیان نیە و نەش توانراوە دیدێکی ستراتیژی گشتگیری هاوبەشی بەرهەم بهێنن، بەڵام هاوکات ئاوێنەیەکی رونە بۆ خەم و مەبەستیان بۆ گۆرینی دۆخی ئێستا. بەتەنیشت ئەم بەرە بەرفراوانە نارازیە لە دوا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق دەرکەوت کە زیاتر لە ٦٠% هاوڵاتیانی هەرێم هەمان خواستی گۆرینی شێوازی حوکمرانی و سیستەمی سیاسی ئەوانیان هەیە. چەندین هۆکار پابەند بە بەرەی گۆرانخواز کاریگەری هەستیاری نەرێنیان لەسەر دیدگا و کار و چالاکی و گەشەکردنی کردوە ، لەوانە: غیابی سەرکردەی کاریزما و خاوەن بریار، کەم دەرامەتی بەرەی گۆرانخواز لە روی داراییەوە، نەبونی هێزی رادع بەرامبەر دەسەڵات وغیابی پەیامی هاوبەشی و پەیوەندی جێگیری پتەو لە سەر ئاستی ناوچەکە و دنیا وایان کردوە کە بە جدی گوێگری داواکاری و خواستەکانیان نەبن. بەدەر لەم هۆکارانەی پەیوەست بە بەرەی گۆرانخواز، چەندین فاکتەری تر بونەتە ئەستەنگ و کێشە بۆ پرۆسەی گۆرانکاری دروست و جدی. یەکەم: هێزە ئیسلامیە سیاسیەکانی باشور لەمپەرێکی ژێربەژێرن لە بەردەم گەشەکردن و چەسپاندنی هزری ئۆپزسیۆنیکی کاریگەر دور لە دۆگمای سیاسی و سوراندنەوە لە بازنەیەکی داخراودا. نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە باشور لە گەڵ چەندین تەوەر گەمە دەکەن کەچی هەر لە شوێی خۆیان تەراوح دەکەن و ئەوەی بەدەستیان هێناوە وەک حزب و بزوتنەوە، مەبەست لە هەوڵ و نیەتی پاکی چەند کەسایەتیەک لە نێوانیاندا نیە، لە یەک دو خاڵ دەرناچن: لە دەسەڵاتدا دەبن گوێرایەڵ و لە دەرەوەی دەبن بێمزەرەت بۆ دەسەڵات و بێ هەڵوێستی کاریگەر ئۆپزسیۆنێکی روکەشی ناجێگیرن. ناشێ نەشڵێین بەشێکی بەرچاوی ئەم هێزانە بەشێکن لە ئاراستە جیاوازەکانی ئومەمیەتی ئیسلامی سیاسی و جەمسەرە مەزهەبیەکانی ناوچەکە، ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیە و لەو سەرچاوەیەشەوە لە پرسە نەتەوەییەکاندا کاردەکەن، بۆیە سەربەخۆیی سیاسی و رۆڵیان هەمیشە لە ژێر پرسیاری گەورەدان. دەوم: پروکانەوەی هزری گۆرانکاری لەلایەن دەسەڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتێک لە پرۆسەی گۆرانکاریدا لە شکست زیاتر تا ئاستی گەرانەوە بۆ خاڵی سفر هیچی تری بۆ هزرەکە بەدەست نەهێناوە. تاقمێکن لە بۆشایی سیاسیدا دەخولێنەوە، نە مەرجەع و نە باوەریكی تایبەت و نە هزرێکی دیاریکراویان هەیە، بۆیە بە هەمو ئاراستەیەکدا چون و دەچن، وای لێهاتوە بونەتە سیمبۆڵێکی ناشرینی تری کۆمەڵگا. سێیەم: پارتی، ناسینی و تێگەیشتن لە سیاسەت و مەرامەکانی پارتی بەبەراوردکردن لە گەڵ هێزەکانی باشوری کوردستان مەتەڵێکی قورس نیە، چونکە راشکاوانە و راستەوخۆ دەڵێت چی دەوێت و کار بۆچی دەکات. کە زۆربەیان بۆ بەرەی گۆرانخواز ئەستەنگ و لەمپەری بەهێزی بەرچاون. بۆ بەرەی گۆرانخواز هەڵەیەکی گەورەیە هەڵسەنگاندن بۆ پارتی تەنها وەک گەورەترین حزب بکات، چونکە پارتی بۆتە دەسەڵاتێکی رەها و خاوەنی زەمینەیەکی گەورەی ئەو دەسەڵاتەیە. چوارەم: یەکێتی، هەڵسەنگاندنی رۆڵی زۆربەی هێزەکانی تر لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا شایستەی بەرزنرخاندن و رێزگرتنن، لێرەدا بە وردی باسی مێژوی یەکێتی دەکەم چونکە مەبەستی یەکەمی ئەم نوسینەیە. پێشەکی پێویستە بڵێم یەکێتی هێزێکی رەسەنی بنەرەتی بزافی کوردایەتی بو نەک تەنها لە باشور بەڵکو لە سەر ئاستی کوردستانی گەورەش. یەكێتی هێزی سەرەکی پلان دارێژی بەرەی کوردستانی و راپەرین بو و رۆڵی سەرەکیشی تێیاندا هەبو، یەكێتی مێژویەکی ئێجگار مەزنی لە خەبات و فیداکاری و بەرخودان هەیە. ئەمانە راستیە چەسپاوەکانی مێژون و هێچ هێزێک لە گەردوندا ناتوانێت دەسکاریان بکات، بەڵام ناشێت و لە مێژوی هیچ میللەتێکێشدا روی نەداوە ئەم جۆرە مێژوە ئۆتۆماتیک و بێ خۆگونجاندن و نۆژەنکردنەوە بکرێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئایندەیەک کە لە خزمەتی ئەو مێژوەدا و درێژەپێدەریشی بێت بە شێوازی گونجاو لە گەڵ قۆناغەکاندا، بەپێچەوانەوە بێگومان مێژو و ئایندە زۆر نامۆ بەیەکتر دەبن، لێرەوەش هەڵوەشاندنەوە و هەڵوەرینی یەک بە یەکی جومگەکانی گرێبەستی مێژو و ئایندە سەر هەڵدەدەن. لەم روانگایەوە هەوڵ دەدەم هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی یەکێتی لە پرۆسەی گۆرانکاریدا بکەم. بۆچی یەکێتی ئێستا ئەستەنگ و لەمپەرێکی بەهێزە لە بەردەم گۆرانکاریدا؟ یەکێتی، تایبەت دوای وەفاتی مام جلال، لە هێزێکی بزوێنەر و خاوەن دیدیگایەکی واقیعی کلاسیکی بۆ ئایندە و گۆرانکاری هێدی هێدی بۆتە هێزێکی موحافزکاری لەتبو کە خاوەنی دیدگا و هەڵوێستی جێگیر نیە، رەفتار و کاریان ناگونجێن لە گەڵ ئەوەی ئیدیعا و بانگەشەی بۆ دەکەن. یەکێتی ئەم سەردەمە لە ئەرزی واقیعدا ئاوێنەیەکی تەم و مژاوی مێژو و کارنامە نوسراوەکەیەتی. بێگومان فرەجەمسەری بێسەروبەری ناو یەکێتی ( هەڵوەرینی چەپکە گوڵەکەی مام جلال) سەنتەرەکانی فرە بریار و بەرژەوەندی لێکەوتۆتەوە، لێرەوەش بوژاندنەوەی ناکۆکی و ململانێ موزمنەکانی نێوان ئەو جەمسەرانە لە ئارادایە. لە سایەی سودوەرگرتن لە گەندەڵی و قۆرخکاری و موناوەرەی سیاسی لە گەڵ بەغدا و هێزە ئیقلیمیەکان جەمسەرەکان بونەتە خاوەنی دەسەڵات و پارە و کۆمپانیا و نەوت و بازرگانی بەرفراوان و تۆرێکی گەورەی سپیکردنەوە پارەی رەش، هاوکاتیش هەر جەمسەرە ناوچەی خۆی، میلیشیای خۆی، راگەیاندنی خۆی و دەزگا تایبەتیەکانی خۆی هەیە. ئەم لۆکاڵی و بەرژەوەندی لۆکاڵیانەی جەمسەرەکانی یەکێتی کۆسپێکی ئێجگار گەورەن لە بەردەم پرۆسەکانی گۆرانکاری، چونکە گۆرانکاریەکی ئەرێنی هەرچەندە بچوکیش بێت لە گەڵ بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ئەو جەمسەرانە یەک ناگرنەوە، ئەزمونەکانیش سەلماندویانە ئەو جەمسەرە چاوچنۆکانە ئامادەن هەمو سنورێکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ خاتری بەرژەوەندیەکانیان ببەزێنن، روداو و ئەزمونەکانی ساڵانی رابوردو ئەم واقیعە تاڵە دەسەلمێنن. لەسەر ئاستی لوتکەی دەسەڵاتی یەكێتیش، بە دێرین و تازەوە، نمونە و چیرۆکەکان گەلێک زۆرن، ئەوان خۆیان بەدەستی خۆیان وایان لە یەکێتی کردوە، نارازی و رەخنەگران، تەنانەت ئەوانەی ناو یەکێتیش، هەوڵێکی زۆریان لە گەڵیان داوە جوانیەکانی مێژو بپارێزن و بە سیاسەتی جوان و رون بەرەو ئایندە هەنگاو بنێن، کە خۆیان بێ باك بون مافی هەموە رەفتار و روخساری ئێستایان لە ئاوێنەی میللەتەوە ببینین نەک تەنها لە ئاوێنەی مێژ و حزبەوە. لەم نوسینەدا کاتی ئەوە نیە تەنها باسی بەشێکیش لەوە بکەین کە دەسەڵاتدارانی یەکێتی چیان لە ناوچەکانی دەسەڵاتیان کردوە، ژمارە و روداو و فاکتەکان بۆ خۆیان دەدوێن، باشترە ئەوە بۆ پسپۆرەکان جێبهێڵرێت تا زامەکان خەستتر نەبن. یەکێتی ئێستا لەبەرەم دو ریانێکدایە، دو ریانی هات و نەهات، ئەو دەستەواژەی مام جلال زۆر جار جەختی لێ دەکردەوە، لە حزوری خۆیدا، سەرەرای کۆسپ و کێشەکان، بەردەوام رێگای هاتی دەگرتە بەر، زۆرجار سەرکەوتو بو کە ماهیەت و پێگەی حزبەکەی بپارێزێت گەرچی چەقیشی بەستبو. مەخابن یەکێتی لە چەند ساڵی رابوردو ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێ و ناکۆکیەکانی بو لە گەڵ پارتی و گۆڕان و بەهێزکردنی پێگەی لە ناوچەکە و عێراق و قۆرخکردنی ئیدارە و ئابوری ناوچەکانی دەسەڵاتی پشکێکی کەمی ئەوە کاری لەسەر گۆرانکاری لە سیستەمی حزبی خۆیدا و بواری بەرێوەبردنی هەرێم و حوکمرانیە لۆکاڵیەکان نەکردوە، جاریش رەفتاری توندرەوی و گرژی بەرابەر گۆڕان و هاوڵاتی نارازی پێرەو کردوە، ئەو هۆکارانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەندین پرسیاری جدی لە سەر ئەم هێزە دروستبون. ململانێ و ناکۆکیە خەستەکانی نێوان ئامۆزاکانی یەکێتی زیاتر لە حەملەکانی ئەنفال و کیمیابارانی بنکە و هێزەکانی یەکێتی و هێڕشە درندەکانی دوژمن و جاش و نەیارانی یەکێتی زەرەریان پێ گەیاندوە، چونکە ئەو سەردەمانە یەكێتی بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و یەکگرتو بەرەنگاریان دەبونەوە، ئێستا ئەم لێکترازان و شەر ومەرافە ناوخۆییە بێجگە لەوەی بەخشینی دەرفەتێکی زێرینە بە رکابەر و دوژمنانی یەکێتی بۆ قۆستنەوەی هاوکات مەترسیدراتر لەوە بونیادی و پێگەی یەکێتی بەشێوەیەک زامدار کردوە مەگەر فشاری دەرەکی و موعجزە نەهێڵن برینەکە بەرەو هەوکردنێکی کوشندە ببات. هێزێک لەم دۆخەدا و بەو خەسڵەت و رەفتارانەی ئەستەمە بتوانێت تەنها گۆرانکاری جدیش لە ناو خۆیدا بکات جا چ بگرە لە کوردستان. باڤڵ تالەبانی، هاوسەرۆکێکی یەکێتی، پێدەچیت دەرکی بە مەترسیەکان کردبێت، بۆیە بەم دواییە چەند بریاری داوە و ئیجرائاتی کردوە کە بە کۆمەڵێک پرسیارەوە شایستەی ئەوەن چاوەروانی بەردەوامبونی سیستەماتیک و ئاکامەکانی بکرێت! ئایا بە جدی گۆرانکاری دەوێت؟ گەر وایە یەکەم هەنگاو پتەوکردنی ریزەکانی حزبەکەیەتی، ئەمەش بە ئاشتبونەوە لە گەڵ هاوسەرۆکەکەی تری یەکێتی دەست پێدەکات و بەیەکەوە بۆ کارنامەی هاوبەشیان شانی بدەنە بەر. چ مەنتقێکە سەرکردایەتی هێزێک لە گەڵ رکابەرە سەرسەختەکانی خۆی دابنیشێت و کوبونەوە بۆ لێکتێگەیشتن و رێکەوتن بکات کەچی لە گەڵ بەشێکی هاورێکانی خۆیان شیر و تیر بسوێنن! چەندین پرسیاری تریش لە مێشکی هاوڵاتیاندا دەگوزەرێن، با ئێستا تەنها چاوەرانی کردار بین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بنەرەتیە. چیرۆکێک وەک پەندێك دەگێرنەوە پیاوێکی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و ژیر وەسیەت بۆئەو دو کورەی هەیەتی دەکات، دەڵێت: پاش مردنم پێی ئەسپی کامتان درەنگتر گەیشتە فڵان شار ئەو دەبێتە وارسی من. دوای مردن هەر دو کور سواری ئەسپەکانیان دەبن، هەر یەک لێیان هەنگاوێك دەنێت دە هەنگاو دەچێتە دواوە بەم شێوەیە چەندین رۆژ خەریک دەبن، تا پێاوێکی زۆر ژیر و بە ئەزمون پێیان دەڵێت ئەسپەکانتان بگۆرنەوە و مەسەلەکە یەکلا دەبێتەوە، ئیتر دو کورەکە دەکەونە غارکردن. چاوەروانین!