هیوا ناسیح کتێبی (ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه له به‌غداده‌وه، ژیانی رۆژانه له نێوان ترس و هیوادا (Tagebuch aus Bagdad, Alltag zwischen Angst und Hoffnung)م به ئه‌ڵمانی خوێنده‌و‌ه، که هی خانمه رۆژنامه‌نوسی ناوداری نه‌رویجی ئۆسنا سایرشتاد (Åsne Seierstad)ه. ئه‌م ژنه ساڵی ١٩٧٠ له ئۆسلۆ له‌دایکبووه. بۆ چه‌ندان رۆژنامه و گۆڤار و که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی وڵاتانی ئیسکه‌نده‌ناڤی وه‌ک په‌یامنێر کاریکردوه. له وڵاتانی روسیا، چین، کۆسۆڤۆ و ئه‌فغانسان و عێراق هه‌واڵنێر بووه. ئه‌و که هه‌م نوسه‌ری چه‌ندان کتێب و هه‌میش ڕاگه‌یه‌ندکار و رۆژنامه‌نوسێکی دیار و سه‌رکه‌وتووه، به‌وه ناسراوه که له زۆر وڵاتی قه‌یراناوی و کاتی جه‌نگدا کاری هه‌واڵنێریی کردوه، له‌سه‌ر ئه‌مه خه‌ڵاتیشی وه‌رگرتوه. کاتێک ئه‌م کتێبه‌م بینی و له گوگلدا بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ری گه‌ڕام سه‌رسام بووم، جگه له زانیاریی دیوی ناوه‌وه‌ی که‌وتنی به‌غدا که زانینی ورده‌کارییه‌کانی مه‌به‌ستم بوو، لاشم گرنگبوو بزانم چ پاڵنه‌رێک یان هێزێکی نادیار بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ژنه سپییه باڵابه‌رزه‌ی وڵاتی به‌فر و نزیکی جه‌مسه‌ر و به‌سته‌ڵه‌کی باکور، که یه‌کێکه له هێمنترین و ئارامترین وڵاتانی جیهان، ڕه‌نگه له ژیاندا له هیچی که‌م نه‌بێت، کاتێک هه‌موو گێتی ده‌یزانی له چاوه‌ڕوانی جه‌نگێکی خوێناوی و گه‌وره‌دایه و به‌م هۆیه‌وه ته‌نانه‌ت دانیشتوانه‌که‌ی خۆشی له‌وێ هه‌ڵده‌هاتن، که‌چی ئه‌م بێت به‌ره‌و ناو دوکه‌ڵ و ئاگر و بۆمبا بۆ به‌غدا بۆ ڕووماڵکردنی رۆژانه‌ی هه‌واڵه‌کان، ته‌نها بۆ زانیاریدان به بینه‌ر و خوێنه‌رانی وڵاتانی جیهان له ڕووداوه‌کانی نێو جه‌نگه‌که و ژیانی توشی مه‌ترسی بێت و سه‌رکێشی وا بکات، له پاڵیشدا یادداشتی رۆژانه‌ی خۆی له ده‌فته‌رێکدا بنوسێته‌وه! ئاخر گه‌ر بڵێین رۆژنامه‌گه‌ریی جێگه‌ی مه‌ترسی نییه، خۆ دواتر ڕووداوه‌کان سه‌لماندی، که ژیانی ئه‌وانیش له‌کاتی جه‌نگه‌که‌دا سه‌لامه‌ت نه‌بوون قوربانیشیان دا. ئه‌م ژنه چالاک و بوێره یه‌کێکه له‌وانه‌ی رۆژانه به‌یاده‌وه‌رییه‌کانی ورد و درشتی چیرۆکی که‌وتنی به‌غدای نوسیوه‌ته‌وه، کاتێک مرۆڤ ده‌یخوێنێته‌وه، ده‌ڵێی سه‌یری فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی ده‌کات. چیرۆکی تاڵی ئه‌م شاره جوان و دڵڕفێنه‌ی ئه‌و کات پینج میلیۆن دانیشتوانی بووه و له دێرینیشدا به شاری ئاشتی ناسراوه. مێژوو دووجاری تر تۆماری رووداوی وا گرنگی کردوه، ١٩١٥سه‌روه‌ختی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان په‌لاماری درا و که‌وته ده‌ست به‌ریتانییه‌کان، هه‌روه‌ها ساڵی ١٢٥٨ هێرشی مه‌غۆله‌کان کاتێ به‌غدایان سوتان. ئه‌م ژنه له مانگی یه‌کی ساڵی ٢٠٠٣ پاش جاڕدانی جه‌نگ دژ به سوپای عێراق، به گومانی هه‌بوونی چه‌کی ناوه‌کی و کیمیایی، له‌لایه‌ن جۆرج بۆشی سه‌رۆکی ئه‌وسای ئه‌مریکا و کۆکردنه‌وه‌ی هێزی وڵاتانی هاوپه‌یمان بۆ هێرش کردنه سه‌ر عێراق ، واته پێش هێرشی چاوه‌ڕوانکراوی هاوپه‌یمانان ڕۆیشتۆته عێراق و وه‌ک هه‌واڵنێرو په‌یامنێری جه‌نگ له یه‌ککاتدا بۆ نۆ رۆژنامه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپی ڕاپۆرته‌هه‌واڵی ئاماده‌کردوه. له‌وێ کچێک به ناوی مونا وه‌ک وه‌رگێڕ و چاو‌دێر له‌گه‌ڵیدا داده‌نێن. واته وه‌ک ڕازدز (جاسوس) بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ و ڕووماڵه‌کانی که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌ناو رۆشه‌نبیری و راگه‌یاندنه‌وه بۆی دیاریده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌م فرسه‌تی خۆی دێنێت و زۆرجار بێ ئاگاداریی ئه‌و کاری خۆی ده‌کات. ناوبراو له رۆژی یه‌کشه‌ممه ١٩ی کانونی دووه‌می ٢٠٠٣ه‌وه ده‌ست ده‌کات به نوسینه‌وه‌ی یادداشته‌کانی، ئیتر به پێی هه‌واڵه تازه و رووداوه گه‌رمه‌کان، ڕۆژانه یان چه‌ند رۆژ جارێک تۆماریان ده‌کات. تا دواتر به‌شێوه‌ی کتێبێک به نه‌رویجی به‌ناوی (ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه له به‌غداده‌وه) بڵاوی ده‌کاته‌وه، ساڵی ٢٠٠٤ ئه‌م کتێبه له لایه‌ن هۆلگه‌ر ڤۆلاندات ده‌کرێت به ئه‌ڵمانی و بڵاوده‌کرێته‌وه، که ٢٢١ لاپه‌ڕه‌یه. پێش ده‌ستپێکردنی هێڕشه‌کانی هاوپه‌یمانان، که له لایه‌ن بوشی سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه ناوی (گه‌رده‌لولی بیابان)ی لێ نرابوو، جه‌نگی ڕاگه‌یاندن له هه‌ردوولاوه په‌ره‌ی سه‌ندبوو، سه‌رنجڕاکێش لێره‌دا ماکینه‌ی پڕوپاگه‌نده و چه‌واشه‌کارییه‌کانی ده‌زگای راگه‌یاندنی به‌عس و حکومه‌تی عێراقه، که سه‌رکه‌وتنییان به مسۆگه‌ری بۆ خۆیان دانابوو، له‌وه‌ش سه‌یرتر کۆنفرانسه رۆژنامه‌نوسییه‌کانی محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حافی وه‌زیری ڕۆشه‌نبیری و راگه‌یاندن بووه، که بانگه‌شه‌ی جه‌نگێکی خوێناوی و به‌رگرییه‌کی بێوێنه‌ی مێژوویی ده‌کرد دژ به هێزی هاوپه‌یمانان! وته و لێدوانه‌کانی ناوبراو زیاتر له گاڵته‌پێکردن و سوکایه‌تی و به‌که‌مسه‌یرکردنێکی له ڕاده‌به‌ده‌ری توانا و هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکا ده‌چوو، تا له لێدوانی که‌سێکی فه‌رمی به‌رپرس و به‌ئه‌ته‌کێت. له چه‌ند شوێنێکدا باسی ره‌وشی خراپی گوزه‌ران و به‌های زۆرخراپی دیناری عێراقی ده‌کات و ده‌ڵێت: پێش بیست ساڵ دۆلارێک به‌رامبه‌ر سی دینار بوو، ئێستا به‌رامبه‌ر به دوو هه‌زار دیناره ل١٦. له شوێنێکی دی باسی موچه‌ی که‌می موچه‌خۆران ده‌کات و ده‌ڵێت: دینار له بیست ساڵی رابردوه‌وه له‌سه‌دا هه‌شت هه‌زار به‌های خۆی له‌ده‌ست داو‌ه ل٩٥! له چه‌ند شوێنێکدا باسی کورد و به‌شداری له خۆپیشاندانه‌کانی به‌غدا دژ به هاوپه‌یمانان ده‌کات به به‌رگی کوردییه‌وه. لاپه‌ڕه ٤٣ باس له هاتنی وه‌فدێکی ئاشتی، که له نزیکه‌ی ٣٠ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا پێکهاتونه ده‌کات بۆ به‌غدا ده‌کات، کاتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌عدون حومادی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وکاتی عێراق ئه‌ندامێکی وه‌فده‌که، که په‌رله‌مانتاره له‌سه‌ر لیستی سه‌وزه‌کانی سوید و ناوی ئینگه شێۆرلینگه (Inger Shörling)ه باس له ره‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ له عێراق ده‌کات و ره‌خنه له حکومه‌تی عێراق ده‌گرێت، که گازی کیمیایی دژ به کورده‌کان به‌کارهێناوه، سه‌عدون حومادی له وڵامدا ده‌ڵێت: که‌مینه‌ی کورده‌کان له عێراقدا ره‌وشێکی باشتریان هه‌یه وه‌ک له‌وانه‌ی تورکیا و ئێران، ئه‌وان له‌وێ هیچ مافێکیان نییه. سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاییش درۆیه و ئه‌مه بیردۆزی پیلانگێڕییه، ئێوه نابێت باوه‌ڕ به هه‌موو شتێک بکه‌ن، بوش درۆزنترین که‌سه...هتد. سه‌یر ئه‌وه‌یه ده‌نوسێت، له کۆتایی دیداره‌که‌دا په‌رله‌مانتاره ئه‌وروپییه‌کان سواری دوو پاسی کۆن کران و سه‌عدون حه‌مادیش سواری کادیلاکێکی ڕه‌ش بوو (یه‌ک له جۆره ئۆتۆمبیله هه‌ره گران و که‌شخه‌کانه -هیوا). لاپه‌ڕه‌٥٢ باس له هێڕشی بێبه‌زه‌ییانه‌ی سوپای عێراق بۆ سه‌ر شاری که‌ربه‌لا سه‌روه‌ختی ڕاپه‌ڕینه‌کانی ساڵی ١٩٩١ ده‌کات و ده‌ڵێت ته‌نها له شاری که‌ربه‌لادا، که ماڵ به‌ماڵ شه‌ڕیان کردوه، له ماوه‌ی دوو رۆژدا نزیکه‌ی ٣٠ هه‌زار که‌س له لایه‌ن هێزه‌کانی رژێمی سه‌ددامه‌وه کوژراوه! ناوبراو باس له دیمه‌نی تراژیدی کوشتن و برینداربوونی ده‌یان که‌سی سیفیلیش ده‌کات کاتی هێرشی ئه‌مجاره، که له ناو شار و کاتی شتکڕین، یان مناڵ له‌به‌رده‌رگا و نێوحه‌وشه‌ی خۆیاندان ده‌بن به ئامانجی پارچه‌ی تۆپ و ڕاکێت و ده‌کوژرێن، ئه‌وه‌ی سه‌یره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو هاوخه‌می قوربانییه‌کانه، که‌چی چونکه قژزه‌رد و چاوکاڵ بووه، هه‌میشه وه‌ک رۆژئاواییه‌که‌ت به ئیستیفزازه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، بۆ نمونه پێی ده‌ڵێن، کوا مافی مرۆڤتان، کوا دیموکراتییه‌تتان؟ کوا پاراستنی خه‌ڵكی سیڤیل؟ بۆ مناڵان ده‌کوژن... و هتد. له‌کاتێکدا ئه‌م له‌وێیه تا ده‌نگ و ره‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه بگه‌یه‌نێت به جیهان. هه‌روه‌ها باس له هه‌ڵاتنی ماڵ و خێزانه‌کانی به‌غدا به‌ره‌و شاره‌کانی دی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا ده‌کات. دیاره ئه‌م زۆر به هێمنی پرسیاریان لێ ده‌کات و له‌گه‌ڵ وڵامه‌کاندا هه‌ڵناچێت، بگره ستایشیشیان ده‌کات، بۆ نمونه له لاپه‌ڕه‌٨١دا ده‌نوسێت: وه‌ک باوه عێراقییه‌کان زۆر حه‌ز به زانین و زانیاریی ده‌که‌ن زۆرتر له گه‌له‌کانی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌وترێت (میسرییه‌کان ده‌نوسن، لبنان چاپی ده‌کات، عێراقییه‌کان ده‌یخوێننه‌وه)... لاپه‌ڕه‌١٢٧ باس له لێدوانه سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌وسای عێراق ده‌کات، هه‌روه‌ها دێته سه‌ر بێژه‌ره‌کانی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی عێراق و ده‌ڵێت، که به به‌رگی سه‌ربازییه‌وه کۆمه‌ڵێک هه‌واڵی بێبنه‌ما و ناڕاستیان به حه‌ماسه‌وه ده‌خوێنده‌وه، ته‌نانه‌ت عێراقییه‌کان ئاگایان له ڕووداو و ڕاستییه‌کانی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ نه‌بوو! هه‌واڵه‌کان ئاوه‌ژوکراو و دروستکراو بوون، باسی سه‌رکه‌وتنی وه‌همی بوون! ده‌یانگوت، خوا له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه، سه‌رده‌که‌وین و ...هتد.! له ٢٥ی مارتی ٢٠٠٣ نوسراوه، ده‌ڵێت هێزی هاوپه‌یمانان گه‌یشتنه به‌غدا، که چی لێپرسراوانی عێراق هاتوون باس له (شه‌ڕی ڕاستی!) کۆڵان به کؤڵان و ماڵ به ماڵ ده‌که‌ن. رژێمی سه‌ددام ئه‌و سه‌نگه‌ر یان چاڵه قوڵه درێژانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا وه‌ک خه‌تی به‌رگری دروستیکردبوون و پڕیکردبوون له نه‌وتی ڕه‌ش، ئاگری تێبه‌رداون و دوكه‌ڵێکی زۆر ئاسمانی شاری ته‌نیوه، به‌هیوای ئه‌وه‌ی رۆکێت و فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان نه‌توانن ئامانجه‌کانیان به‌ڕوونی بپێکن! هه‌مان ڕۆژ سه‌دام وتارێکی دا، گوتی (ئێمه شه‌ڕی گه‌ڕه‌ک به‌گه‌ڕه‌ک ده‌که‌ین، له‌سه‌ربانه‌کانه‌وه، ماڵ به‌ماڵ به‌رگری ده‌که‌ین)! ل١٣٢ هه‌ندێک له مه‌لاکان، که تا دوێنێ به شمشێره‌و‌ه وتاریان ده‌دا له مینبه‌ره‌کانه‌وه، ئه‌مڕۆ به چه‌که‌وه وتار ده‌ده‌ن! خه‌ڵک بۆ جیهاد دژ به ئه‌مریکا هان ده‌ده‌ن و ئه‌وان به به‌ربه‌ره‌کان ده‌شوبهێنن. که‌سێک به ناوی عه‌لی خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه به هێزه‌کانی ئه‌مریکیدا، ره‌نگه ئه‌مه یه‌که‌م که‌س بوو بێت له‌م جه‌نگه‌دا کاری وای کردبێت، ئیتر ده‌زگای راگه‌یاندنه‌کانی عێراق شه‌و و رۆژ پیای هه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌ک قاره‌مان و که‌سێکی ئه‌فسانه‌یی باسی لێ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن سه‌دان و هه‌زارانی تر ئاماده‌ی خۆته‌قاندنه‌وه‌ن! ل١٥٥ باس له هاتنی سه‌دان موجاهیدین و خۆبه‌ختکه‌ری عه‌ره‌بی و ئیسلامی له وڵاتانی عه‌ره‌بیی وه‌ک سودان و سۆماڵ و مه‌غریب و یه‌مه‌نه‌وه ده‌کات، که بۆ (جیهاد دژ به ئه‌مریکا) و به‌رگری له عێراق هاتون. ئه‌مانه به بیرێکی تێکه‌ڵ به ئاینی و ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی هاندراون. ل ١٥٦ به‌راوردی هه‌ڵوێستی به‌عس و سه‌ددام ده‌کات به‌رامبه‌ر ئیسلامییه‌کان، ده‌ڵێت: له ساڵانی حوکمی به‌عسدا ده‌یان هه‌زاری له ئیسلامییه سیاسییه‌کان له سێداره دا و وه‌ک دوژمنی خۆی سه‌یری کردون و ڕاوه‌دووی ناون، که‌چی ئێستا بانگه‌وازیان بۆ ده‌کات و پێشوازییان لێ ده‌کات بۆ جیهاد دژ به ئه‌مریکا. له لاپه‌ڕه ١٥٦دا باس له (شێخ عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس) ده‌کات له به‌غدا، که ئه‌م به یه‌کێک له ڕابه‌ر و زانا ئاینییه‌کانی عێراق ناوی ده‌بات، دیاره مه‌به‌ست لێی زانای پایه‌به‌رز و ئه‌دیبی ناسراوی کورد مامۆستا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیسی کۆچکردوه، ئه‌وکات له به‌غدا نیشته‌جێ بووه، ده‌لێت فه‌توای داو‌ه بۆ جیهاد دژ به بێباوه‌ڕان واته هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان. (من له به‌دواچوونمدا له رێگه‌ی هاورێیه‌کی نوسه‌ر و ئه‌دیب و بنه‌ماڵه‌ی مامۆستاوه زانیم، که مامۆستا کاتی خۆی ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته داو‌ه، که به‌عسییه‌کان ویستویانه ئه‌م بۆ ئامانجی خۆیان به‌کاربهێنن، مامۆستا له روونکردنه‌وه‌که‌یدا گوتویه‌تی، که ئه‌م له سیاقی گشتی به‌رگریکردن له خاک و وڵات‌دا له چوارچێو‌ه‌ی فیقهی ئیسلامی‌دا ئه‌و لێدوانه‌ی داو‌ه، نه‌ک خۆی تێکه‌ڵ به ملاملانێکه کردبێت - هیوا). سه‌رنجڕاکێشه کاتێک شه‌ڕ گه‌یشتۆته ده‌وروبه‌ری به‌غدا، که‌چی ناجی سه‌بری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاتی به‌غدا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی کردوه و ده‌ڵێت: سه‌رانسه‌ری بیابانه‌کانی عێراق ده‌که‌ین به گۆڕستان بۆ داگیرکه‌ران، سه‌رکه‌وتنمان زۆر نزیکه! ل١٦٢ ٤ی نیسانی ٢٠٠٣ شه‌ر ده‌که‌وێته گه‌ڕه‌که‌کانی که‌ناری به‌غداوه، هه‌مانڕۆژ فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا کۆنترۆڵ ده‌کرێت، که شه‌ڕی سه‌ختی تێدا ده‌کرێت و تا ئه‌وکات ناوی (فرۆکه‌خانه‌ی سه‌ددامی نێوده‌وڵه‌تی)بوو. باس له شێواوی ره‌وشی به‌غدا ده‌کات، که هه‌ر ئۆتۆمبیلی سه‌ربازیی پڕ له چه‌کدار و سه‌رباز بووه ده‌چوون و ده‌هاتن، سه‌ریان لێ شێواوه، هێشتا هه‌ندێکیان به په‌نجه‌کانیان نیشانه‌ی حه‌وت، وه‌ک پیتی ڤی ئینگلیزی و نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌رزده‌که‌نه‌وه! هه‌ندێکیشاین ته‌قوتۆقیان به ئاسماندا ده‌کرد! ل١٧٨ له ٧ی نیساندا کۆشکی کۆماری پاش شه‌ڕێکی سه‌خت کۆنترۆڵکرا و ئاڵای ئه‌مریکای له‌سه‌ر هه‌ڵکرا. هه‌مان ڕۆژ شه‌ڕ ده‌گاته ناوجه‌رگه و سه‌نته‌ری به‌غدا. که‌چی سه‌مه‌ره ئه‌وه‌یه رێک له‌و رۆژه‌دا وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی عێراق محه‌مه‌د سه‌عید سه‌ححاف کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌نوسی له ئوتێلی فه‌له‌ستین، که جێگای مانه‌وه‌ی په‌یامنێرانی جیهان بوو سازده‌کات و ده‌ڵێت: وانه‌یه‌کی باشمان به ئه‌مریکییه‌کان داو‌ه، سه‌ربازه‌کانیان له‌تاودا خۆکوژی ده‌که‌ن! ئێمه ناچارمان کردون پاشه‌کشه‌بکه‌ن له‌و شوێنانه‌ی داگیریان کردبوون. ل١٨٥ باس له شڵه‌ژاوی و که‌سبه‌که‌سی به‌غدا ده‌کات، که ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌ت وه‌ک پۆلیس و هێزی ئه‌منی نامێنێت خه‌ڵک ده‌ست به تاڵان و ڕاووروت ده‌که‌ن. ناوبراو شێکردنه‌وه‌یه‌کی جوانی بۆ ده‌کات کاتێک ده‌ڵێت: ئه‌م خه‌ڵکه ده‌یان ساڵه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌م ڕژێمه‌دان، ژیان و ئازادی و ته‌نانه‌ت هێزی کڕینی شتومه‌کیشیان لێ زه‌وتکراوه، ئێستا ده‌یانه‌وێت به تاڵان‌کردنی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت تۆڵه و قه‌ره‌بووی بکه‌نه‌وه! به‌ڵام نازانن ئه‌مان دزی له گه‌لی خۆیان ده‌که‌ن، نه‌ک له‌و رژێمه‌ی هاکا هه‌ڵهات! ل١٩٣ به قسه‌ی ناوبراو قورسترین شه‌ڕ له سه‌ر پردی به‌ناوبانگی جمهوریییه کراوه. ل١٩٥. بابه‌تێکی له ٨ی نیساندا نوسیوه به‌ناوی (بۆمبارانی کامێرا)، باس له‌وه‌ده‌کات، کاتێک چه‌ند تانکێکی ئه‌برامی ئه‌مریکی ده‌گه‌نه سه‌ر پردی جمهوری، که یه‌کێکه له پرده‌کانی سه‌ر دیجله و ده‌که‌وێته ناوه‌ڕاستی به‌غداوه، کاتژمێر نزیکی دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆیه، کامێرای که‌ناڵی ئاسمانیی فرانس سێی فه‌ره‌نسی، که نوسینگه‌که‌یان له قاتی چوارده‌هه‌می ئوتێل فه‌له‌ستینه، به‌ڕاسته‌و خۆ په‌خش ده‌کات و ده ده‌قه‌یه‌که وێنه‌ی تانکه ئه‌مریکییه‌کان ده‌گوازێته‌وه، که له شه‌ڕێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی قورسدان له‌گه‌ل یه‌که‌کانی پاسه‌وانی کۆمارییدا. لێره‌دا تانکێک لوله‌که‌ی ده‌کاته ئوتێله‌که و تۆپێک ده‌نێ به شوێنی وێنه‌گرتنه‌که‌وه، به‌ڵام به‌ر قاتی پانزه‌هه‌م، واته قاتی سه‌روتره‌وه ده‌که‌وێت، که نوسینگه‌ی ڕۆیته‌رزی لێییه و دوو کامێرامه‌نی کارامه‌یان ده‌کوژرێ و سێ کارمه‌ندی تریان بریندار ده‌بێت! چه‌ن سه‌عاتێکیش له‌وه‌وبه‌ر پارچه‌ی تۆپێک به‌ر تاریق ئه‌یوبی هه‌واڵنێری ئه‌لجه‌زیره ده‌که‌وێت، کاتێک له‌سه‌ربانی هه‌مان ئوتێلدا به پێوه وه‌ستاوه و خه‌ریکی هه‌واڵنێرییه، هه‌ر له‌وێدا گیان له‌ده‌ست ده‌دا! هه‌ر چه‌نده دواتر قسه‌که‌ری سه‌ربازیی ئه‌مریکی رونکردنه‌وه ده‌ده‌ن، که ئه‌و دوو ڕووداوه بێ مه‌به‌ست بوونه، به‌ڵام لای هه‌مووان لێدوانه‌که‌ی به جێگه‌ی گومان وه‌رده‌گیرێت. له ٩ی نیساندا نوسیویه‌تی: هێزه ئه‌مریکییه‌کان زۆربه‌ی ناوچه‌کانی به‌غدایان کۆنترۆڵ کردوه، تاڵان و بڕۆ له هه‌موو لاوه ده‌ستی پێکردوه، هێزه عێراقییه‌کان ده‌ڵێی زه‌وی قوتیدان، به‌کرده‌وه ڕژێمی سه‌ددام ده‌سته‌ڵاتی له‌ده‌ستداوه، دوای سی ساڵ بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵک دێنه ده‌ره‌وه و به ئازادانه چی‌یان ده‌وێ بێ‌ترس ده‌یڵێن. گه‌وره‌ترین په‌یکه‌ری سه‌ددام له پایته‌ختدا له گۆڕه‌پانی فیرده‌وس به دروشمی (بڕوخێ سه‌ددام!) و (زۆر سوپاس سه‌رۆک بوش) ده‌ڕوخێنرێت. کاتێک خه‌ڵکه‌که ناتوانن بیکه‌ن به‌ڵام به‌هاوکاریی تانکێکی ئه‌مریکی، سه‌ربازه ئه‌مریکییه‌کان سیمێکی ئه‌ستور له گه‌ردنی په‌یکه‌ره‌که ده‌ئاڵێنن و تانکه‌که ڕایده‌کێشێت و ده‌یخاته سه‌ر زه‌وی. ئه‌مه وه‌ک سیمبوڵێکی دیار بۆ که‌وتنی ده‌سته‌ڵاتی به‌غدا باس ده‌کات. ل١٩٨ له ١١ی نیساندا نوسیویه‌تی، به‌غدا شارێکه که‌س ده‌سته‌ڵاتی ته‌واوی نییه، سه‌رجاده شێواوه و فه‌وزایه، تاڵانی و دزییه! خه‌ڵکی تاوانبار و چه‌کدار دێن و ده‌چن، له نێو کۆڵان و گه‌ر‌ه‌که‌کاندا ته‌قه ده‌که‌ن. عه‌لی مناڵێکه، بۆمبایه‌ک به‌ر ماڵیان که‌وتوه و خوشک و براو دایک‌وباوکی کوژراون و هه‌ر خۆی ده‌رچووه، له‌شی سوتاو‌ه، ده‌ستێکی په‌ڕیوه، هاوار ده‌کات: ده‌سته‌کانم بۆ بگێڕنه‌وه! ل٢٠٧. به‌غدا ده‌سوتێت، هه‌موو باڵه‌خانه و شوێنه‌کانی که هێمای رژێمی سه‌ددام بوون، تاڵان ده‌کرێت، چه‌ته و مافیا به‌ربڵاوه، دانیشتوان داواکارن ئه‌مریکییه‌کان ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگێڕنه‌وه، سه‌ربازی ئه‌مریکی ده‌ڵێن، کاری ئێمه هێرشی سه‌ربازییه و کردمان و خه‌ڵکیش خۆشحاڵه، دابینکردنی هێمنی و ئارامی شار کاری پۆلیسه نه‌ک ئێمه! ل٢٠٩ زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌غدا سوپاسگوزارن، که ئه‌مریکا ئازادی بۆ هێناون، ئێستا ده‌توانن ره‌خنه بگرن، هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵبمژن، گفتوگۆ بکه‌ن، به‌ڵام ترسیان له‌م شێواوی و کاری مافیاگه‌راییه هه‌یه. زۆربه هێشتا له ماڵه‌وه دانیشتون و به‌ترس و نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕوانن، تا بزانن چی له داهاتوودا ده‌گوزه‌رێت. ل.٢١٢ سه‌رچاوه: Alltag zwischen Angst und Hoffnung, Tagebuch aus Bagdad،Åsne Seierstad، , 2004Germany, ISBN: 3-548-60504-4
سەعد هەمەوەندی لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر ، نەیاری ناوخۆ‌و دەرەکی چەندین رێکارو رێگەی جیاوازییان بەکارهێنا بۆ شکاندنی کەسێتی بارزانی، هەرچی هەوڵ بوو خستیانەگەڕ بۆ قەتیس کردنی ئەم کەسێتییە بە دیاریکراوی لەناو کوردستاندا. ویستیان وابوو لەرێی چەندان لێدوانی سیاسییانەی نەیارەکان و نووسین و راپۆرتی هەندێک لە رۆژنامەکان لەسەر ئاستی هەم ناوەخۆ هەم دەرەکی، بارزانی لەکەسێکی نێودەوڵەتییەوە بە سەرکردەیەکی لۆکا‌ڵی پێناس بکەن و زێدەتر بەکاری لاوەکی خەریکی بکەن و بیکێشنە نێو چەندان کێشەی دروستکراو لە ناوەخۆدا..! لەم سەروبەندەشدا دوژمنانی کورد‌و لایەنە سێبەرەکانییان چەندین هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارییان خستنە نێو ناوەندە میدییایەکان،کەچی هەر بێسوود بوون..! بارزانی لە ساڵی نەوەدو یەکەوەو لەگەڵ دەستپێکی راپەڕین، مەرجەعییانە کاری سیاسی و بڕیاری سیاسی و هەڵوێستی سیاسی لە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتانی دەرەوەش هەبووە. نموونەی زیندوو زۆر هەن، لەوانە بڕیاری یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دەرچوونی پارتی بە پلەی یەکەم، بەڵام لەپێناو دۆزی رەوای گەلی کوردستان و بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوویی(شەڕاکە) نیشتیمانی، قبووڵی حکومەتێکی نیوەبەنیوەی کرد . بارزانی لە پڕۆسەی رێفراندۆم سەلماندی کە ئەم مەرجەعی باڵای سیاسی کوردستانەو دوای ئەم هەموو دژایەتیکردنەشی، جارێکی دی و لە پێش دواهەمین ھەڵبژاردنی عێڕاق و بە ئێستاشەوە ھەولێرو سەری بڵند بووەتە جێگای ئاشت بوونەوەی سیاسیەکان و نەخشەکێشان، بۆ داھاتووی عێڕاق. لێرەدا بەروونی بە دیاردەکەوێت کە بارزانی لە مەرجەعی کوردستانیش تێپەڕیوەو وەک سیاسی و سەرکردەو رابەرێکی کاریگەری رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیش هەژمار دەکرێت، بەتایبەتی، لەپێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا ( تایبەت بە درەو) ناو: کوردایەتی هۆکاری مردن: حیزبی کوردی ** ناو: زەوقی سەلیم هۆکاری مردن : گۆرانیی گەعدە *** ناو: شانۆ هۆکاری مردن : تەلەفزیۆن ** ناو: خزمەتگوزارییەکانی حوکمەت هۆکاری مردن: شەریکی شەیتان *** ناو: چەپی کوردستان هۆکاری مردن: مامانی نەزان ** ناو: پەڕلەمان هۆکاری مردن: خێسەی سەرەوە *** ناو: کشتوکاڵ هۆکاری مردن: عکومەت ** ناو: شۆستەکانی شار هۆکاری مردن: بەلەدێ ** ناو: کرم هۆکاری مردن: خوراندن *** ناو:سەدی حەڤدەکە هۆکاری مردن: ئەقڵی سووکی خۆمان *** ناو: ڕیزەکانی شۆڕش هۆکاری مردن: ڕیزەکانی نەوت و بوتڵەغاز
ئارام سەعید مایکڵ کارسن لەزانکۆی دێنڤەر دەڵێت" بەبۆچونی من ئاساییە خۆت وەک کەسێتی سەرەکی ببینێت لەژیانی تایبەتی خۆتدا، بەڵام زۆرباشە ئەوە بزانین کە ئێمە کەسێتی سەرەکی بەشەریەت نین" فەیسبوک بۆتە ماڵێک کە گەورە وبچوک پێی تێ ئەخات، سەکۆیەکی کۆمەڵایەتیە تیایدا گفتوگۆ و یەکترناسینی زۆر تیدایە، هەربۆیە کۆمپانیاکان وحزبەکانیش ناچارن شوێن پێیان هەبێت لەو سەکۆیە، تیایدا دەزانریت هەرکەس گرنگی بەچی دەدات و ئارەزوی چی هەیە. ئەم جیهانە ئیفترازییەی لە فەیسبوکدا هەیە کۆمەڵیک رواڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆ نمونە دەتوانیت هاوڕێت لەهەموو جیهاندا هەبێت وهەواڵی یەکتر بزانن، سنور تیایدا نیە، کەواتە ئەم نەوە تازەیە کە جیهانیکی نوێیان لەبەردەستدایە وەک نەوەی پێشوو نین. رۆژانە هەرکەس لەریگەی فەیسبوک،ئەنستاگرام، تویتەر، سناپ چات باسی ژیانی خۆی،خواردنەکان،گەشتەکانی، پیاسەکانی و سەردانەکانی نیشانی ئەوانی تر دەدات... ساڵی ٢٠١٣ گۆڤاری تایم ئەو دیاردەیەی ناونا " من من من " کەئەویش ئاماژەیەکە بۆنەوەیەک کە خەونە تایبەتەکانی خۆی دەخاتە پێش چاو، ئەم دیاردەیە لەگەڵ سەرهەلدانی سۆشیاڵ میدیا تەواو زیادیکردوە. فەیسبوک بەشیوەیەک فراوان بوە کە بۆتە بەکارهێنانێکی کۆمەڵایەتی و بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی گەنجان بەتایبەتی، چونکە لەرێگەیەوە گوزارشت لەخۆیان دەکەن و تەکنەلۆژیایەکی گرنگە بۆ پەیوەندی کردن و کاریگەری دروستکردن لەسەر یەکتر، لەم پێگەیەدا وتار بڵاو دەبێتەوە،گفتوگۆی نێوان هاوڕێان هەیە، وێنە بڵاوکردنەوە، گروپی جیاجیا هەیە،کەمپەین وهاشتاگی جۆراوجۆر هەیە، کەرێگە بە فراوانبونی ئەو جیهانە دەدات کە ئێستا کۆمەڵگەکەمان تێیدا دەژی. فەیسبوک سەکۆی نەوەیەکە و تیایدا گفتوگۆ دەکرێت و هاوڕێ زیاد دەکرێت و هاوڕێ لادەبرێت و دەسڕێتەوەو هەندێ جار سەرکوت دەکرێت. لیرەوە ئارەزوو حەزی ئەوتاکانە زیاتر دەردەکەوێت کە نەرجسین و دەیانەویت خۆیان نمایش بکەن، نوسەرێکی فەرەنسی دەڵێت "جیهانێکی یۆتۆپیای کۆمەڵایەتیە فەیسبوک" بەئارەزوی خۆت دەتوانیت کێت بوێت لای بەریت و کێت بوێت زیادی بکەیت یان سەرکوتی بکەیت. بەشێک لەو دەرکەوتنانە پەیوەندی بەکەسانی نەرجسیەوە هەیە کەزۆر پێش سۆشیاڵ میدیا بونی هەبوەو بەگوێرەی ئەفسانە یۆنانیەکە باس لەگەنجێک دەکات کە زۆر خۆشەویستی بۆ وێنەکەی خۆی هەیە ، لەئاوێکدا وەک ئاوێنە سەیری دەکات و تامردن لێی ورد دەبێتەوە... کەدەتوانین ناوی بنێین خۆشەویستی زیاد لەپێویست بۆ وێنەی خود... لەهەموماندا نەرجسیەت هەیە بۆیە ناکرێت وەک نەخۆشی باس بکرێت تا دەگاتە ئەو حاڵەتەی کە کۆنترۆڵ نەکراوە، چونکە لای هەندێک کۆنترۆڵکراوەو نایەڵێت لەدەست دەرچێت. سۆشیاڵ میدیا دەرفەتێکی گەورەی داوە بۆ تێرکردنی ئارەزوی ئەوکەسانە کە نەرجسیەتیان بەرزە، دەتوانن وێنەکانی خۆیان و چالاکی و شانازیەکانیان بەردەوام بڵاوبکەنەوە و تەنانەت لای هەندێک کەس بوە بە ئالودەبوون.. تۆڕە کۆمەڵاتیەکان دەرفەتێکە کە هەرکەس ژیانی تایبەتی خۆی تێدا بڵاودەکاتەوە، ئەمەش ئاساییە، بەڵام لای هەندیک زۆر ناتەندروست بەکاردێت و هەڵسوکەوتی نەرجسیانەی پێوە دیارە، لەمبارەیەوە دۆمینیک گاماش مامۆستای زانکۆ لە کیوبێک لە کەنەدا نوسیویەتی" پەیوەندی هەیە لەنێوان نەرجسیەت و هەندێ هەلسوکەوتی دیاریکراو لە سۆشیاڵ میدیادا" ئەو سیفەتانەش دوو جۆرن یەکێکیان ئەوانەن کەهەڵسوکەوتی وادەنوێنن کە زۆر مەزنن و خۆیان بە گەورە دەزانن، خۆیان بە سەرکەوتوو لەقەڵەم دەدەن، دووهەمیشیان ئەوانەن کە لاوازن زۆر خۆیان بەکەم دەزانن و کێشەی گەورەیان هەیە لەوەی بەکەم سەیر دەکرێن" کەهەردوکیان ناتەندروستن. جۆری یەکەمەکان هەمیشە وێنەکانی خۆیان بە جوانکاری و دەستکاریکردن و گرنگی دان بە دەرکەوتنی جوان دەدەن، تەنانەت ئەگەر فێل و ساختەش لە وێنەکە بکرێ بۆیان گرنگ نیە، بەڵکو ئەوەی گرنگە جوان وەک ئەوە دەربکەون کە خۆیان دەیانەویت ، وێنەی مۆدێلەکان و هەندێک لە سیاسیەکان و هونەرمەندە ساختەکان لەوجۆرەن.. ئەو مامۆستایە دەڵێت" هەموو هەوڵیان لەدانانی ئەو وێنانە ئەوەیە کاردانەوەیان دەستبکەوێت، کات و وزەیەکی زۆر بەخەرج دەدەن بۆ چاودێری کۆمێنت و لایکەکان، زانینی ژمارەی لایکەکان لەسەر پۆستەکانیان،ئەمانەیان زۆربەلاوە گرنگە" بەکارهێنانی بەردەوامی سۆشیاڵ میدیا بۆتە خویەکی کۆمەڵایەتی و لەلای هەندیک بەتایبەتی ئەوانەی زۆر بەناو خۆیاندا رۆچونەتەوەو دابڕاون دەرفەتێکی باشە کە ئیتر پێوتیستیان بە سەردانی کەس نیە و لەرێگەی ئەو تۆڕانەوە هەواڵی ئەوانی تر ئەزانن و پێویستیان بە پەیوەندی روبەروو نیە، سناپ چات ڤیدیۆی هاوڕی و دۆستەکانی دەبینێت لەویوە هەواڵپرسی دەکەن و خواردنەکانی یەکتر دەبینن و ئاگاداری گەشتەکانی یەکترن. ئەتوانین بڵێین فەیسبوک نەرجسیەتی مرۆڤی ئێستا زیاتر دەکات ئەگەر بە وریاییەوە مامەلەی نەکریت. جۆرێکی ترهەن لەنەرجسیەکان کە ئەوانەن تەواو ئالودەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوون و چەندین گەشتی درۆ و چیرۆکی درۆ باس دەکەن لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەر مانگەی کۆمەڵیک خەڵکی زۆر سەرقاڵ دەکەن بەو چیرۆکانەوە، ئەمانە ئەوانەن کەخۆیان بە پاڵەوانی سەرەکی دادەنێن، یان خۆیان وا دەناسێنن. ئەگەرکەسێک گرفتی دەرونیی هەبێت و هەست بەوە بکات دوو کەسێتی هەیە ئەوکات خۆی وەک ئەو کەسە نیشان دەدات کە لە خەیاڵی خۆیدایە نەک ئەو کەسەی کە هەیە...ئەوەی رێگە دەدات بەدروستکردنی کەسێتی وەهمی ئەوەیە دەتوانیت لە سۆشیاڵ میدیا ناسنامەی خۆی ئاشکرا نەکات و ئەو کەسیتیە دروست بکات کە خۆی دەیەوێت... نەرجسیەت نەخۆشی نیە بەڵکو لەهەموماندا هەیە بەڵام گرنگە هاوسەنگی بپارێزین و نەگاتە ئاستی نەخۆشیی، بەشێوەیەک وێنەیەکی ناڕاستی خۆت لە سۆشیاڵ میدیا نیشان بدەیت و وێنە راستیەکە بشاریتەوە... لەبەرئەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەو تۆڕانەدا رووبەروو نیە، لەرێگەی تەکنەلۆژیاوەیە بۆیە بوارێکی زۆر هەیە بۆئەوانەی کێشەی دەرونیان هەیە پێویستیان بە دروستکردنی کەسێتی وەهمی هەیە دەرفەتێکی زێڕینیان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بکەنە پاڵەوانی خەیاڵیی و سۆشیاڵ میدیا خۆراکی باش دەدات بەو کەسانە... لای هەندێک لایکەکان و شەیرکردنی بابەتێک، مێشکی هەمان ئەو مادەیە دەردەدات کە لەکاتی خواردنی مادەیەکی بێهۆشکەردا دەری دەدات و بەومانایەی تەوا مەست دەبێت بەلایکەکان و لەکاتی کەمبون و نەمانی ئەو لایکانە توشی توڕەبوون دەبێت وەک ئەوەی مادەی هۆشبەری لێبڕابێت... ئەگەر لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو تەلەفزیۆن هەندێک تینوێتی ئەو نەرجسیانەی تێر کردبێت ئەوا لەدوای دووهەزارەوە سۆشیاڵ میدیا نەوەیەکی تەواوی دروستکردوە لە سەرکردەو هونەرمەندی دروستکراو بەتاڵ، بێژەر و پێشکەشکاری سەیروسەمەرە، چەندین گاڵتەجاری دروستکردوە بێ ئەوەی هونەریان هەبێت ناو ناوبانگیان هەیە. کارێکیان کردوە هونەرمەندی داهێنەر و راستەقینەکان وون ببن و لەجیاتی ئەوان هەوادارانی ئەم گاڵتەجاڕییە خویان داوەتە رابواردن و زۆرترین لایکیان بۆ دەڕوات. بۆیە بەهاکانی کۆمەڵگە بۆساڵانی ئایندە تەواو گۆڕانکاری بەسەردا دێت لەسایەی ئەم جیهانە نوێیەی کە سۆشیاڵ میدیا دروستیکردوە و کاردەکاتە سەر هەڵسوکەوت ئاکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئابوریش. سیاسیەکانیش ئەم تۆڕە بەکاردەهێنن بۆ ڕواکردنی لایەنگرانیان و پەیامە باق و بریقەدارەکانیان پەخش دەکەن لێوەی. بەکارهێنانی زۆر و ئالودەبوون کاردەکاتە سەر ئایندەو نەوەی داهاتوو، لەناو واقیعدا نامێنن و سەرنج و رەفتاریان سەر بەجیهانێک دەبێت کە لە واقیعی کۆمەڵگا دا نیە بەڵکو رەنگە لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەی خۆی بێت. بەنمونە ئەگەر ئێستا راپرسیەک لەسەر خەونەکانی مناڵانی خوێندنگەیەکی بنەڕەتی بکرێت و پرسیاریان لێ بکریت لەسەر ئێستای هەرێم و خەونەکانیان وەڵامی جیهانێکمان دەست دەکەوێت کەتەواو جیاوازە چونکە ئەوان لە یوتیوب و یاری و گەیمەکانی ئای پادەوە جیهانێکی تر دەناسن. لە کۆتایدا رەنگە بۆ ئایندە بگاتە ئەوەی تواناکانی مرۆڤ لەسەر بنەمای ژمارەی لایکەکانی فەیسبوک بپێورێت. یان ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیا نین ژیانیان سەختتر بێت، ئەم رۆشنبیریە تازەیە ئەگەر بەوردی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەوا چۆن بەشێک لەبەهاکانی کۆمەڵگەی وێرانکردوە ئەو بەشەی تریش بەرەو داڕمان دەبات، چونکە ئیتر بەشێکی گەورەی ژیانی تاکەکان بریتیە لە سۆشیاڵ میدیا کە ئامرازێکی گرنگە بۆ ژیان.
ئاسۆ عەبدوللەتیف ئێران، لە دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانییەوە، هیچ جۆرە تۆڵەیەکی نەکردۆتەوە جگە لە هەندێک موشەکی نەرمە باروت و درۆنی ناسک بۆ فرۆکەخانەکان و ئێستاش دوای هەڕەشەکانی زەینەب سولەیمانیی هیچ ناکات و تەنها نمایشگەرییە بۆ دەستخستنی ئۆفەری زیاتری نەوت و دەسەڵات. دوای کوشتنی فەخریزادەی باوکە ئەتۆمیەکەشی، بینرا هیچی نەکرد، چونکە دۆخەکەی ناسکەو ئاسان عێراقی لە کیس دەچێت و بەدیلی سوننەکان حازرە. ئێران دەیتوانی کێشە بۆ گەرووی هورموز دروست بکات و بەرژەوەندی نەوتی ئەمریكاو ئەوروپا تا رادەیەک بخاتە مەترسی و نەیکرد، دەیتوانی لە ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق بدات و هیچ نەبێ سوننەکان پەراوێز بخەن و نەیکرد. دەیتوانی موشەكی حوسەینیی زیاتر بۆ تەلئەبیب و جۆلان زیاد بکات و نەیکرد. دەركردن و تەنگ پێهەڵچنینی جولەكەو بەرەگەز ئەمریكیەكانی ناو ئێران ئاسانترین کارت و کردەی توڕەکردنی ئەمریکایەو نەیکردو ناشیکات. ئەوە سیاسەتی مەرجەعیەتی قوم و تارانە، بەدیوی ئەمریكاشدا وایەو نەرمتریشە، دەساڵە ئەمریکا هەڕەشە لە تاران و کەنداوی فارس دەکات، بە پێچەوانەوە خەریکی کۆپیکردنەوەی چەند ئێرانێكە دروستی بکات لە ناوچەکە هاوشێوەی لوبنان و سوریا‌و عێراق و دروستیشی کرد . ئیسرائیلیش واوەترەو بیرمانە لە 21/1/2019 بۆ ئەوەی موشەكەكانی تاقی بكاتەوە هەستا هەندێ مۆڵگەی سوپای قودسی ئێرانی لە سوریا كردە ئامانج، گوایە لە ئامانجە ستراتیجیەكانی ئێرانی داوە، ئەمە ئەسڵەن ختوكەدان زیاتر هیچیتر نەبوو، لەكاتێكدا هێزی ئەو موشەكە كیشوەربڕانە بۆ قوم و تارانیش بڕدەكات،لە ژێرەوەش خەریکی گفتوگۆی ئامانجدارن. بەپێی بەڵگە نامەیەك 68 گروپ و كەتیبەو لیوای جۆراوجۆری شیعە هەیە لە عێراق بە ملیارەها دۆلار بودجەی ساڵانەیان بۆ تەرخانە جگە لە بیزنسی رەش و دەرهێنانی نەوت و پاڵاوگەی نایاسایی کەچی ئەمریکا بێدەنگە لێیان و باسی دیموکراسیەت و حوکمڕانی ڕەشید دەکات. موقتەدا، خاوەنی دەیان سەربازگەو سوپا‌و ھێزی میلیشیایی سەربازییە وەک سوپای مەھدی و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام کەچیی ھێزی پێشمەرگە بە میلیشیا ناودەبات و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات. تۆمەتبارە بە کوژرانی دەیان سەربازی ئەمریکی و تیرۆری کەسایەتییە دیبلۆمات و بیانییەکان و تیرۆری زانای ئاینی و مەرجەعی دیار عەبدولمەجید خوئی لە ٢٠٠٣. ئەوەتا ئێستاش وەک دۆستێکی ئەمریکا و سوننەکان نواندن دەکات و بە کەسێکی نزیک لە عەرەبستانی سعودیی و ئیمارات دادەنرێت و دەیەوێت ئەندازەگیریی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریازو واشنتۆن بێت. ئەگەرچی مانۆرەکانی ھەر زمانەوانییەو نەیتوانیوە زیان بەو ستراتیژەی ئەمریکا بگەیەنێت، تەنانەت لە بریاری ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ترامپەوە لە مانگی ١٢/٢٠١٧ کە وتی من یەکەم سەرباز دەبم بۆ ئەو جیھادە دژی ئیسرائیل. چەندین ھەرەشەی کرد بۆ کۆکردنەوەی گروپە چەکدارەکان و سەرایاو لیواکانی، دیسان نەیتوانی ھیچ بکات و وەھم و مانۆر دەرچوو. بۆیە حکومەتی ئایندەی عێراق هێندە دڵخۆشکەر نییە بۆ کورد، هەتا کوردیش کەمێک مانۆڕ‌و نواندن نەکات !؟
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا نالی: ئایامەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە؟ یان بە مامۆستا عەلی قەراخی بڵێم لای ئەردۆغان سەرەگوریسێکم بۆ تەرتیب بکات ؟! سالم: توخوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەغیلی بم بابێتەوە سلێمانی لە چایخانەی شەعب بۆخۆی خەریکی تاوڵە بێ گۆران: کوردستان گەڕام ، دۆڵا و دۆڵ پێوام نەم دی کەس حەز بکات لە چارەی کەس . ئەحمەد بەگی کۆماسی: ئەمجار کێ تاقەت دووری تۆ دارۆ ؟ وتیان بانقەکەی کوردستانیشیان داوە بەیارۆ . مستەفابەگی کوردی: فیرعەونی زەمان ئامان گوێ مەگرە لە هامانت کوڕی باشە ساحەی دووگۆڵییەکانیشی لەسەرخۆی تاپۆ کردووە . مەولەوی : من خۆ شەو وڕۆژ ئارەزووی تۆمەن تەکتیکت زۆرە هەی سەر بە گۆبەن ؟! مەحوی: دەمێکە شاری پڕ شۆڕی موحیبەت مات و خامۆشە خۆزگەم بەزەمانی ئاشی عەلەتریکەکە حاجی قادری کۆیی: لەبەر حیزەبخۆیی و ناتەبایی ئەمجارە نەک کورسی، دۆشەکڵەیەکیش ناهێنن .
مەریوان وریا قانع فەیلەسوفی ئیسرائیلی، ئاڤیشای مارگەلیت، لە کتێبێکی گرنگ و بەنگاوبانگدا بەناوی ”کۆمەڵگای بەحورمەت“ پێ لەسەر خاڵێکی ھێجگار گرنگ دادەگرێت کە دەکرێت بەم شێوەیە کورتیبکەینەوە: ”ڕەنگە کۆمەڵگاکان لەناو دۆخی نایەکسانی کەسەکان لەگەڵ یەکتریدا بتوانینن بژین، ڕەنگە بتوانن لە غیابی دادپەروەریدا تەحەمولی ژیان لەگەڵیەکتریدا بکەن، بەڵام ناتوانن لەناو دۆخی ئیھانەکردن و زەلیکرنی یەکتریدا بژین.“. ئەم دۆخە وادەکات ئەرکی سەرەکیی و ژمارە یەکی سیاسەت بریتیبێت لە کۆتاییھێنان بە سیاسەتی ئیھانەکردن و زەلیلکردنی ئەو دانیشتوانەی حوکمڕانیی دەکرێت. کۆتایھێنان بە سیاسەتی شکاندنی کەرامەتی ئەو دانیشتوانە. ئەمەش تەنھا لە دخۆی دروستکردنی ”کۆمەڵگایەکی بەحورمەت“ یان ”کۆمەڵگایەکی شایستە“دا، The Decent Society، دروستدەبێت. ”کۆمەڵگای بەحورمەت“ ئەو کۆمەڵگایەیە کە دەزگا سیاسییەکانی، وەک پۆلیس و سوپاس و دادگا و پارتە سیاسییەکان، ھتد.. ئیھانەی خەڵک ناکەن. ئەو دەزگایانە خەڵک زەلیل و کەرامەتشکێن ناکەن، وایان لێناکەن شەرم لە بوونی خۆیان لەناو کۆمەڵگایەدا بکەنەوە. لای ئەم فەیلەسوفە ”کۆمەڵگای بە حورمەت“ جیاوازە لە ”کۆمەڵگای دادپەروەر“. ”کۆمەڵگای دادپەروەر“ پلەیەک بەرزتر و گەشەکردوتر و پێشکەوتوترە لە ”کۆمەڵگای بەحورمەت“. لە ”کۆمەڵگای دادپەروەر“دا نەک تەنھا دەزگاکان ئیھانەی کەس ناکەن و سیاسەتی زەلیلکردن غائیبە، بەڵکو خەڵکەکە خۆیشیان لەگەڵ یەکتریدا یەکسانن و ئەوەی حوکمڕانە دادپەروەرییە، بەڵام کۆمەڵگای بەحورمەت کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسان نییە، بەڵام کۆمەڵگایەکە دەزگاکان ئیھانەی خەڵک ناکەن، کەرامەتی کەسەکانی تیادا ناشکێت. ئیھانەکردنیش، وەک وتمان، ئەوکاتە دروستدەبێت کە حوکمڕانان دەزگاکانی حوکمڕانیی بەکاردەھێنن بۆ مامەڵەکردنی خەڵک یان بەشێک لە خەڵک، وەک کەسانێکی کەمتر و بێنرختر، بەمەش زەلیلکردن و شکاندنی کەرامەتیان. ئەوەی لە وێنەی ئەو مێردمنداڵانەی پیرەمەگروندا دەیبینین ئەم سیاسەتی ئیھانەکردن و زەلیلکردنەیە. شکاندنی کەرامەتی ئەو بەشەی دانیشتوانە لە ڕێگای دەزگاکانی حوکمڕانییەوە. ئامادەگی ”سیاسەتێکی بێحورمەت“ە کە خوازیاری دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێحورمەتە. کۆمەڵگایەک تیایدا ھەم دەزگاکانی بێحورمەتی بکەن و ھەم خەڵک خۆیشی فێری بێحورمەتیکردن لەگەل یەکتریدا بکەن. ئەوەی بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات بەرجەستەبوونێکی تەواوی سیاسەتی بێحورمەتیکردن و ئیھانەکردنە، لەناو ئەزموونێکدا کە ئەمڕۆ منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان بەڕێوەیدەبەن. منداڵانی بەرپرسە گەورەکانی دوێنێ.
هونەر تۆفیق تا سەدەی حەڤدەهەمیش هەموو کەس بۆی نەبووە جگە لەڕەنگی خاکی هیچ جۆرە جلێک بپۆشێت . تەنیا ئەغا و میر و دەستوپێوەندەکەی ئازادبوون لە ڕەنگاوڕەنگی پۆشینی جلەکانیان . ئەو سەردەمە کەپێ ی دەگوترێت سەدەتاریکەکان ئازادی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە میزاجی کەسی پادشا و میرەکانی خاوەن دەستەڵات و زەویوزارەکانەوە . تاک و کۆمەڵگە لەو مەزەلەتەدا لەناخەوە دەشکێنران بۆ ئەوەی هەمیشە گوێڕایەڵ و ملکەچ بەو سیستەمە فیوداڵیەبن کە تەنانەت ڕەنگیشی لێ قەدەغەکردبوون . یەکێک لە خەسلەتەکانی زیندان زەلیلکردنی کەسی سزاخواردووە بە لێسەندنەوە ئازادیەکانی تا ئازادی هەڵبژاردنی پۆشاک و ڕەنگەکەی . دەستەڵاتی چۆنیەتی دیاریکردنی ئەو ڕەنگانە لای حاکمی زیندانەکەیە و بەپێ ی ئاستی هۆشیاری دیموکراسی حوکمداری وڵاتێک لەچاو وڵاتێکی دیکەدا دەستەڵاتی حاکمی زیندانەکانیش دەگۆڕدرێت . بۆنمونە تورکیا کە سیستەمێکی سیاسی فاشیستانەی هەیە هێشتا بەئاشکرا زەلیلکردنی زیندانە سیاسیەکانی نیشانی دەرەوە نادات . ئۆجەلان و دەمیرتاش کە دەوڵەت وەک دوو گەورە دوژمنی خۆی وێنایان دەکات . کاتێک بیانەوێت لە وێنەیەکی ناو زیندانەوە دەرکەون بەجلێکی مەدەنی پاک و گونجاوەوە دەردەکەون . بەڵام ئەمریکاییەکان لە زیندانی گوانتنامۆوە دیلەکانی قاعیدەی بە زەلیلی و جلی پرتەقاڵیەوە نیشاندا . جلی پرتەقاڵی لە ئەمریکادا دەکرێتە بەری ئەو زیندانانەی تاوانی گەورەیان کردووە و مەحکومن بە مردن . ئەوانەشی هێشتا لەباری گواستنەوەدان و هێشتا دادگا حوکمەکەیانی یەکلا نەکردۆتەوە جلی سپیان پێ دەپۆشن . ئەوەشی حوکومدراوێکی ماوە کورتن ڕەنگی شینیان لە بەردایە . داعش وەک تۆڵەکردنەوە لە مەزەلەتی دیلەکانی گوانتنامۆ جلی پرتەقاڵی کردەوە بەر ئەو دیلانەی دەیگرتن و وێنەی کوشتنەکەیانی بڵاودەکردەوە . ڕەمزیەتی هەڵبژاردنی ڕەنگی جلی زیندانەکان و نیشاندانیان وەک کەسانی نائازاد و تاوانبار و زەلیلکراو ، جگە لەوەی زیندانیەکەی پێ دەخرێتە بنی کۆمەڵگەوە لەهەمان کاتدا چاوترسێنی کۆمەڵگەشە کە لەئەگەری دووبارەکردنەوەی لەلایەن هەرکەسێکەوەبێت هەمان مەزەلەت چاوەڕێ ی دەکات .
ژوان ئه‌حمه‌د یەكێكتان غیرەت بتانگرێت و بە كاك بافڵ بڵێن ئەمەی دەگوزەرێت عاقیبەتی روخاندنمانە.. هۆكاری بوونی یەكێتی جیاوازیەكانێتی لەگەڵ پارتی، ئەگەر جیاوازیمان نەمێنێ ئەوا خەڵك یەك حزبی بەسە بۆ داپڵۆسین و یەكێتیش لەوەدا دەڕۆستی پارتی نایەت. ئەوەی جێی شانازی بوو، پێشتر هەرچی لە هەولێر ئازار دەدرا، بەرەو سلێمانی هەڵدەهات، بەڵام ئێستا ئەگەر ئێمە ئەم رەفتارانە بكەین، ئەی خۆمان روو لە كوێ بكەین.؟؟؟ ئەم گەنجانە كتێبخانەیان سوتاندووە .. بەڵێ تاوانیان كردووە.. بەپێی یاسا توندترین سزایان بدەن.. بەڵام بۆچی دەیانهێننە سەر تەلەفزیۆن؟؟ تاوانباری گەورەتریش هەیە بۆ نایانهێننە سەر تەلەفزیۆن؟؟ - كوا ئەو ئەفسەرەی شەقی لەسەری خوێندكارەكەی زانكۆدا.. هێناتانە سەر تەلەفزیۆن؟ - ئەوانەی سامانی ئەم وڵاتە دەدزن، هێناتاننە سەر تەلەفزیۆن؟ - ئەوانەی بازرگانی تلیاك دەكەن، هێنرانە سەر تەلەفزیۆن؟ - ئەوانەی قاچاخچێتی دەكەن - مەرزەكان داگیر دەكەن - بیرە نەوتیان دەست بەسەرا گرتوە - ئەوانەی سەدان دۆنمی ئەم خاكەیان زەوت كردووە ئەوانەتان هێنایە سەر تەلەفزیۆن؟ ئەمە پارتی بیكردایە ئێمە لە سەركردە بۆ بنكردە چیمان دەوت؟؟ ئەی ئێستا بۆ زمانتان گۆ ناكات ئەی مەڕەكان؟؟؟!! ئەی ئەوانەی تا 8 ی تەمموز لە حەوشەی لالەزار سەماتان بۆ كاك لاهور دەكردو ئێستاش لە دەباشان دەستی كاك بافڵ ماچ دەكەن!! ئەی ئەو كادرانەی رۆژ تا ئێوارە خەریكی ماستاوی پیرۆزبایی و سەردان كردنن، حزبایەتی لای ئێوە بووە بە رەسمگرتن و ماستاو بۆ مەسولۆچكە تازەكان... غیرەت بتانگرێ و بڵێن ئەمە ئاكارو رەفتاری سۆشیال دیموكرات نیە!! پێیان بڵێن: بۆچی ئەبێ خەڵك ئەوەندە لێمان توڕە بێت.... تێبینی: كە ئەم نوسینەتان كرد بە پێخۆری ڕاپۆرتەكانتان، تەنیا بنوسن مەڕ نەبوو تا لەسەر ئەوە سزا دەربكەن.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج به درێژای مانگی كۆتای ساڵی رابردوو كه‌م رۆژ هه‌بووه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی یان وته‌یه‌كی سه‌دام حوسێنی گه‌وره دیكتاتۆر له رێی مۆبایله‌كه‌مه‌وه نه‌بینم، كه هه‌مووی هه‌وڵی جوانكردنی پیاوێكه له سته‌مكاریدا له هیتله‌رو مۆسۆلۆنی تێپه‌ڕاندبوو، هه‌وڵی جوانكردنی جه‌لاد و سته‌مكاران ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كه‌ی هه‌رشتێك بێت ، لێ له لایه‌ن قوربانیه‌وه جۆرێكه له گه‌وجی ، له‌وه‌ش سه‌یر تر هه‌وڵێكی جوانكردنی خومه‌ینیشم بینی ، ئه‌و پیاوه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له سه‌ر كورسی به‌شداری شه‌ڕێكی خوێناوی كرد‌و هه‌زاران كه‌سی به كلیلی درۆینه‌ی به‌هه‌شته‌وه كرده خۆراكی شه‌ڕێكی نه‌گریس ، ئه‌وه جگه له سه‌ركوتی به‌رده‌وامی ئازادی خوازانی كورد‌و گه‌لانی تری ئێران ، خومه‌ینی و سه‌دام ئه‌گه‌ر به‌رپرسیاری هیچنه‌بن له تاوان و كوشتن ، به‌رپرسیاری شه‌ڕێكی خوێناوی هه‌شت ساڵه‌ن كه هه‌زاران سه‌ربازی تیابووبه سوتمه‌رۆو سه‌دان گوند و شارۆكه‌ی تیا وێرانبوو . ئه‌و هه‌وڵی جوانكردنه‌ی ئێستا كاری له سه‌ر ده‌كرێت ، پێویستی به به گژدا چونه‌وه‌و هۆشیاركردنه‌وه‌یه ، گریمان هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م كاره گه‌نده‌ڵی و نادادی و سته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستایه، پرسیاره سه‌ره‌كیه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایه ، سبه‌ی هه‌مان وێنه بۆ كه‌سانی تر دوو باره نابێته‌وه ، یانی له بنه‌ڕه‌تا ئه‌م كاره خستنی به‌هاو بێئه‌رزش كردنی هه‌وڵه له پێناو به‌یانیه‌كی باشتر ، ئێستا كه ستایشی سته‌مكاری ده‌كرێت ، هێشتا ئێسك و پروسكی هه‌زاران ژن و مناڵ و گه‌نج له بیابانه‌كانی عیراق له ژێر گڵدان ، من خۆم چوومه‌ته سه‌ر ده‌یان گۆڕی به كۆمه‌ڵ ، چومه‌ته سه‌ر ئه‌و گۆڕه‌ی ته‌یموری لێوه ده‌رباز بوو ، هه‌روه‌ها ئه‌و گونده‌ی ئه‌ویان له خۆیان گرت ، نوسینی ئازار به‌خشی سه‌ردیواره‌كانی نوگره سه‌لمانم خوێندوه‌ته‌وه ، دیداری سه‌دام كه‌سم كردوه له‌وانه‌ی سته‌مكاری سه‌دامیان چه‌شتوه ، هه‌روه‌ها له دادگای سه‌دامیشدا بووم ،من ده‌زانم هێشتا دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه نه‌هاتوه‌ته دی ، هێشتا به‌عسیه‌كان سزای خۆیان وه‌رنه‌گرتوه به خائین و خۆفرۆشه كورده‌كانیشه‌وه ، به‌وانه‌شه‌وه كه رۆژێ له رۆژان ماچ و موچی سه‌دامی دیكتاتۆریان كردووه، بوونی نمونه‌ی وه‌ك سه‌دام له مێژوی حوكمڕانی وڵاتاندا جگه له‌وه‌ی ناشرینیه‌كی گه‌وره‌یه دیرۆكێكی ره‌شیشه كه مرۆڤ پێویسته به گژی‌دا بچێته‌وه‌و نه‌ك شانازی پێوه بكات ده‌بێت نه‌هێڵێت دووباره بێته‌وه . شار‌و شوێن و گوند نیه له‌م عیراقه‌دا به گشتی و له كوردستانی باشوردا به تایبه‌تی سه‌دام و به‌عس تاوانیان تێدا نه‌كردبێت ، وێنه‌ی ده‌یان مناڵی كوردم لایه به بڕیاری سه‌دام خراونه‌ته ژێر گڵه‌وه ، دیكتاتۆره‌كانیش مرۆڤن ده‌كرێت له ژیانی رۆژانه‌و سیاسه‌تكردنیاندا دوو قسه‌ی باشیان كردبێت ، هیتله‌ریش قسه‌ی باشی هه‌یه ، به‌ڵام ئه‌وه پێوه‌ره تا ستایش بكرێن ، به بڕوای من نه‌خێر ، سته‌مكاری ئه‌گه‌ر یه‌ك چركه‌ش به ڕێوه چووبێت هه‌ر سته‌مكاریه‌و پێویسته نه‌فره‌ت بكرێت ، ئێستا سه‌رقاڵی وه‌ڵامێكی كورتم به درۆیه‌كی سوڵتان هاشم له‌وێدا به به‌ڵگه‌وه باسی ئه‌و سته‌مكاریه ده‌كه‌ین كه ئێستا كار بۆ ئارایشت و جوانكردنی ده‌كرێت .
عەبدولرەزاق شەریف دوای کودەتاکەی ساڵی شەست وهەشت و هاتنەسەر حوکمی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە عێراقدا، ئیتر ناوی سەدام حوسەین وەک سەرکردە و کارەکتەری سیاسی و حیزبی دەرکەوت . لە کوردستانیشدا بەتایبەت دوای سەردانی مەلامستەفای بارزانی و بڵاوبونەوەی وێنەکانی زیاتر ناسرا . کورد ئەگەر لەهەوڵی نوسینەوە و ئاشکراکردنی هەقیقەتە مێژوییەکاندا بێت ، ناکرێ و نابێ بە یاسا رێگری لە هەڵوێست و وێستگە باشەکانی کاری سیاسی و حوکمداری هیچ یەکێ لە سەرکردە و حوکمدارەکانی مێژوی خوێناوی سەد ساڵەی عێراق بگرێت . - "کەس نەزانێ ! من ئەزانم کەرکوک شارێکی کوردستانە و لە بیرەوەری خۆمدابوە کە تیرە و هۆزە عەرەبەکانی تکریت و ئەودیوی حەمرین چۆن بۆ لەوەڕی ئاژەڵەکانیان ئەچونە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و روخسەتیان لە هۆزە کوردەکان وەرئەگرت ! بەڵام چارەنوسی کەرکوک تەنیا لەدەست منا نیە و دڵنیاشبە تۆش بێیتە سەر ئەم کورسیەی من ناتوانی بە بڕیارێک کەرکوک بخەیتەوە سەر کوردستان ، بۆیە پێشنیاز ئەکەم کەرکوک ناوی شاری برایەتی هەمو عێراقیەکان بێت " . سەدام حوسەین ئەم قسەیەی لە گفتوگۆکانی ساڵی هەشتاوچواردا، بە مام جەلال وتبو ، چەرخی عێراق سوڕا و مام جەلالیش چوە شوێنەکەی سەدام و نەیتوانی ئەو داوایەی خۆی بەجێ بهێنێت . سەدام حوسەین جگە لەکەرکوک هیچ کێشەی لەگەڵ کوردستانیبونی ناوچەکانیتری کێشە لەسەری دابڕاو لە هەرێمی کوردستان نەبو ، تەنانەت بۆ کەرکوکیش جارێک وتبوی لەگەڵ ناوەندی پارێزگاکە کێشمان نیە و جارێکی‌تریش وتبوی گەر رازیش ئەبن بە درێژایی سنوری روباری خاسە با ئەمبەر و ئەوبەر لە نێوانمانا بەشی بکەین . من ئەمانەم لە مام جەلال وکاک نەوشیروان و فەرەیدون عەبدولقادر بیستوە و دڵنیام زۆرکەسیتریش ئەمانە و زیاتریشیان لە تەرحەکانی سەدام و بەعس، بۆ چارەسەری کێشەی سنوری هەرێم و سنوری ئۆتۆنۆمی کوردستان لەوان و لە کەسانیتر بیستوە ! کە کێشە گەورە موزمینەکەی ئێمەیە لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا و ساڵ بەساڵ پڕ گرێوگۆڵتر ئەبێت . دوای هەڤدە ساڵ و کۆتایی حوکمدارێتی بەعس لەعێراقدا، کام لەو سەرکردە عەرەبانەی شیعە و سونەی عێراقی ( کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە فەرشی سوریان بۆ رائەخرێت ، ستایش ئەکرێن ، داوەت و ئیمتیازی مادی و مەعنەویان پێ ئەدرێ )٫ وەک سەدام حوسەین بڕوایان بە کوردستانی بونی سنوری هەرێمی کورستان هەیە ؟ ئەوە گشت بەرنامە و پرۆگرامی حیزبە عێراقیەکان و گشت بەرنامەی کاری حکومەتەکانیان لەدوای روخان و فەوتی سەدام حوسێنەوە ! کێ لەوان پرۆژەیەکی بۆ دیاریکردنی سنوری کوردستان لە عێراقدا نوسیوە ؟ یانەخۆ بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەی کورد لە عێراقدا، خستۆتە رو ؟
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا * تەصەورکردنی دوو مەوزوع زۆر زەحمەتە؛ نالی بە مناڵی پێیان وتووە خلە، عێراقیش بەو هەموو حەزارەتەوە دەنگی داوە بە موقتەدا * فەرهەنگی نێرسالاری ئەڵێ ئەو پیاوەی کە لە باتی تەماشاکردنی یاریی ڕیاڵ لەگەڵ ژنەکەیدا بچێ بۆ ماجدی مۆڵ ئومێدت پێی نەبێ . * گەڵ و گیپاڵ سترێچ جوانی ئەکات و حیزبیش دروشمەکانی . * لە دەوروزەمانێکدا ئەژین زۆر قسە ئەدرێتە پاڵ ئەنیشتاین و زۆر ڕەحمەتبووییش ئەنێردرێ بۆ صەدام *چاوت بۆ من وەک زانکۆ وایە بۆ پۆلیسی چالاکی یە مەدەنییەکان . *وەسفێکی جوانم گوێ لێ بوو ، ئەڵێ دوژمنی ناوخۆ لەو ددانە ئەچێ کە لە پڕ گاز لە زمانت ئەگرێ. * میلەتی وەکو ئێمە لە کورەی عەرزا نی یە ، پەڕلەمان هەڵ ئەبژێرین بۆ ئەوەی دوایی جنێوی پێ بدەین . * یەعنی چی سیاسیی نیم ؟… ئەی ئەم چەند ساڵە بە کێت ڕابواردووە! * باشترین ڕەفیقم برادەرێکە ، کاتی خۆی لە فەیسبوکدا بە غەڵەت دەستی بەر ناوەکەم کەوت. * ژنی کورد سەیارەکەی بە ئیسفەنج ئەشوات، مناڵەکەی بە لفکەی زبر. * هەواڵی عێراق یان خۆپیشاندانە یان هجومی داعش یان هەرسێکیان. * موستەقبەلمان ئەوەندە پرشنگدارە ئەبێ بە عەینەکی لەحیمەوە تەماشای بکەین . * لە حەمدییم پرسی دەنگوباس چییە فەرمووی: تاقمێکی تازە کوورەی ڕووتەڵە جا دەرپەڕی عالەمێ زانی ئەمانە ئەوەڵی ئاخرشەڕیین
نەوزاد شوانی بەربژێری بەرەی چەپ گابریاڵ بۆریکی تەمەن ٣٥ ساڵە کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری شیلی زیاترین دەنگی ھێنا لەسەر بەڵێنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هەژاران و باجێکی زیاتر لەسەر چینە دارا‌کان و کۆتاییھێنان بە سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ. لە یەکەم لێدوانی‌دا دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن گوتی (شیلی شوێنی لەدایکبوونی نیولیبرالیزم بوو و شوێنی ناشتنیشی ئەبێت). نیولیبرالیزم یا لیبرالیزمی نوێ، ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ئایدیاکانی لیبرالیزمی سەدەی١٩ لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ کە بنەما ئابورییەکەی سەرمایەداری بازاڕە. ئەم تەوژمە ھامڕای سەرھەڵدانی بەرچاوی چەندھا پارت و رێکخراوی سیاسی و قوتابخانەی ھزری بوو لە رۆژئاوا کە ھەڵگرو بەرگریکاری ئەوئایدیۆلۆژیایە بوون. گەوھەری نیولیبرالیزم بریتیە لە نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم جوڵەی سەرمایەو کاڵاو لابردنی قانون و ریساکانی سنوردارکردنی میکانیزمی بازاڕ‌و دەستکۆتاکردنی دەوڵەت لە بواری ئابوری و کەمکردنەوەی بودجەی حکومی و خەرجی گشتی و بچوککردنەوەی کەرتی گشتی و خزمەتگوزاییە گشتییەکان و واڵاکردنی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بۆ سەرمایەی تایبەت و کەمکردنەوەی باج لەسەر سەرمایەگوزاری. بە کورتی سەرمایەداری بێ دەستکێش کە تەنھا رێشاندەرو پێوەری چالاکی مرۆڤ قازانجەو ھیچی تر. بە پاساوی ئەوەی میکانیزمەکانی بازاڕ گەرنتی گەشەی ئابوری و کارامەیی لە دەستنیشانکردنی پێشینەکانی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچون ئەکات و ئابوری کۆنترۆڵکراو ئەگەر هەمان ئامانجیشی هەبێت دەرهاویشتەی پێچەوانەی هەیە. نیولیبرالیزم هەر لە پەیدابونیەوە بابەتی مشتومڕێکی گەرم و درێژخایەنە لەهەردوو ئاستی هزرو پیادەکردنداو تاوەکو ئێستاش بەردەوام دەرهاویشتە کارەساتاوییەکانی پیادەکردنی نیولیبرالیزم لە شیلی لەلەلایەن دەیەها نوسەرەوە دۆکۆمێنت کراوەو لەناویاندا نایومی کامبڵ لە کتێبی (Shock Doctrine) بە وردی باسی ئەو سەردەمەی حوکمی پینۆشیەو رۆڵی فریدمان و کوڕانی شیکاگۆی کردووە لەو تاوانانەی بە درێژایی ١٧ ساڵ دژ بە چینە نەدارەکانی شیلی کرا. ھزرەوانی بواری سیاسەت وێندی براون دەڵێ ئامانجی سەرەکی نیولێبرالێزم بە ئابوری کردنی ھەموو کایەکانی ژیان. ژمارەیەکی زۆر ھزرەوان و ئابوریناس و کۆمەڵناس و سیاسی و رۆشنبیر لە ڕاست و چەپ رەخنەی توندیان ئاراستەی نیولیبرالیزم کردووە، وەک سڵاڤۆی ژیژک و ناعوم چۆمسکی و پاپا فرانسیس و جۆرجمونبیۆت و پۆڵ کۆرگمان و مارک فیلمینگ و دەیانی تر بەڵگەیان ھێناوەتەوە کە نیولیبرالیزم ئەبێتە ھۆی باڵادەستی بەرژەوەندی تایبەت لە بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی و بڕەوی تاکگەرایی و فەرامۆشکردنی چاکەی گشتی کە بە پێوەرە ئابورییەکان ناپێورێت و خورانەوەو لاوازبوونی دیموکراسی وەک رەنگدانەوەی نابەرابەری ئابوری و ناکارامەیی و خراپ بەکارهێنانی هێزەکانی بەرهەمهێنان وفەرامۆشکردنی گرفتە یونیڤێرساڵەکان وەک گەرمبوونی گۆی زەوی و پیسبوونی ژینگە. ژمارەیەک ئابوریناس ئەرگومێنتی ئەو ئەکەن کە نیولیبرالیزم تیچون ئەخاتە ئەستۆی کۆی کۆمەڵگاو قازانج بۆ سەرمایەداران. هەتا قەیرانە مەزنەکەی سییەکانی سەدەی رابردووی سیستەمی سەرمایەداری، لیبرالیزم و جمکە ئابورییەکەی (ئابوری کلاسیکی ئینگلیزی) هەژمونی تەواویان هەبوو بەسەر سیاسەت و ئابوری سەرمایەداریدا. بەڵام ئەو قەیرانە قوڵ و درێژخایەنە کۆتایی بەو دۆخە هێنا و تیئۆری جۆن مایناردکێنز «خستەنەگەڕی گشتی» بۆ رێگاگرتن لە ناسەقامگیری میکانیزمی بازار لە رێگەی دەخالەتکردنی دەوڵەتەوە جێگای گرتەوە. هەرچەند بەر لە حەفتاکان بیریار‌و سیاسییە لیبراڵەکان بەردەوام هەوڵی بوژاندنەوەیان ئەدا، بەڵام ئەوەی جارێکی تر بڕەوی دایەوە بە لیبرالیزم، قەیرانەکانی حەفتاکان بوو کە تیئۆری کێنز نەیتوانی بەریان پێ بگرێت و چارەسەریان بکات. شایانی باسە، تێرمی نیولیبرالیزم لەلایەن لایەنگیرانیەوە بەکارنایەت. سەرتای دەرکەوتنی وەک دەستەواژەیەکی نەگەتیف، ئەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ٢٠ لەسەر پاشخانی کودەتاکەی ١٩٧٣ی جەنەڕاڵ ئۆگەستۆ پینۆشێ بەسەر سەرۆکی هەڵبژێراوی چیللی سلفادۆر ئەیێندی و ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی کرد. لایەنگیرانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و رەخنەگرانی سەرمایەداری بازاڕ بەستایانەوە بە بیرۆکەکانی فریدرش هایک و میڵتۆن فریدمان و جەیمس بۆکانان و سیاسەتمەدارانی وەک مارگریت تاتشەر و پاشتر رۆناڵد ریگان. دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکی رۆڵێکی باڵایان هەبوو لە رێکخستن و سەرکەوتنی کودەتاکەی پینۆشێ وهەتا کۆتایی پشتگیری سیاسی و سەربازی و هەواڵگری تەواویان لێ کرد. لە رووی ئابورییەوە میڵتۆنفریدمان و قوتابیەکانی، شیلیان وەک مشکی تاقیگا مامەڵە کرد بۆ تیئۆرە ئابورییەکەیان. فریدمان لە پاش سەردانی چیللی لە ١٩٧٥ لە نامەیەکدا بۆ پینۆشێ روانگەی خۆی بۆ چارەسەری گرفتە ئابورییەکانی چیللی بە پێویستی «شۆک» وەسف کرد. ئەو رۆشیتەیەی فریدمان پێشنیاری کرد بۆ چارەسەری گرفتە ئابورییەکانی شیلی بریتی بوو لە کەمکردنەوەی بودجەی گشتی بە رێژەیەکی زۆر و بەیەک هەنگاو (پێچەوانەی قۆناغ) و دەستکێشانەوەی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و کردنەوەی ئابوری وڵات بۆ سەرمایەی تایبەت. ئەمانە هەمووی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن رژێمی پینۆشێوە سەپێنران و دەرئەنجامەکەی زیادبوونێکی بێ پێشینەی بێ‌کاری و هەژاری و نەھێشتنی مافی کرێکاران و چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا لە رێگەی دکتاتۆریەتێکی خۆێنرێژی بێپەردەوە. لەپەنای ئەمەدا، ئابوری شیلی بۆ بە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ سەرمایەی ئەمریکی بۆ جەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزان و دەستگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانی. قانونەکانی پاریزگاری لە مافی کرێکاران هەڵوەشانەوەو مافی مانگرتن و نارەزایی زەوتکراو چەپەکان و سەرکردە سەندیکاییەکان زۆربەیان سەرنگوم کران و ئەوانی تریش ناچار رویان کردە تاراوگەکان. کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەک دۆ کیمیکاڵ و فایەرستۆن و ئینتەرناشناڵ تەلەفون& تەلگراف گەڕانەوە بۆ شیللی کە پێشتر سلفادۆر ئەیێندیدەریکردبوون. مارگریت تاتشەری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی شانشینی یەکگرتو و سەرکوتکەرو تێکشکێنەری مانگرتنە مەزنەکەی کرێکارانی کانەکانی به‌ریتانیا، یەکێک لە بەهێزترین پشتگیریکەرانی پینۆشێ و رژێمە سیاسی و ئابورییەکەی بوو و ئاشکرا راپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی رەت ئەکردەوە دەربارەی حوکمڕانی خوێناوی پینۆشێ و ئاستی بێ‌کاری و هەژاری چیللی لەسایەی سیاسەتی نیولیبرالیزم. رۆناڵد ریگان یەکێکی تر بوو لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی پینۆشێ. لەسەرتای هاتنە سەرکاری لە ١٩٨١ رایگەیاند رژێمی پینۆشێ هاوپەیمانێکی ئایدۆلۆجی ئەمریکاو دژە کۆمۆنیستێکی سەرسەختەو رابەرایەتی ئابورییەکی نمونەیی سەرمایەداری ئازاد ئەکات و هەموو راپۆرتەکانی سەرکوت و پێشێلی ماهی مرۆڤی رژێمەکەی پێنۆشیەی نادیدە گرت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنج و تێڕامانە، لە کاتێکدا لە لانکەی نیولیبرالیزم ئاهەنگی مەرگی ئەگێڕن. لە ھەرێمی کوردستان خێڵە دەستەڵاتدارەکان سیاسەتێکی دڕندانەی نیولیبرالیزم پیادە ئەکەن کە وەک زەمینلەرزە کۆی پایە ئابورییەکانی کۆمەڵگا ئەروخێنێت و لەسەر وێنای نیولیبرال بەرهەمی ئەھێنێتەوە. سەرباری ئەوەی کوردستان ئابورییەکی کشتوکاڵی بووە بە هۆی خاک و ئاوی گونجاو، دەستەڵاتدارانی ھەرێم بە تەواوی ئەو کەرتەیان ئیفلیج کردووەو بازاڕی هەرێمیان بە تەواوی واڵا کردووە بۆ هاوردەکردنی خۆراک لە وڵاتانی دەوروبەرو هەر خۆشیان خاوەنی ئەو بازرگانیەن و بە قاجاغیش بەرھەمی کشتوکاڵی ئەھێننە ھەرێمەوە بۆ پێشبڕکێی بەرھەمی خۆماڵی. لە کەرتی پیشەسازی هەر لەپاش راپەڕین خێڵە دەستەڵاتدارەکان سەردەمی حوکمڕانی خۆیان دەست پێ‌کرد بە وێرانکردنی ئەو کارگانەی لەسەردەمی بەعسەوە مابونەوەو مەکینەکانیان وەک ئاسن و مسیخوردە ئاودیوی وڵاتانی دەوروبەر کرد، وەک کارگەکانی جگەرەو شەکرو ئەلبیسەو چیمەنتۆ مەڕمەڕ …هتد. هەر بۆیە ئێستا مانشێتە گەورەکانی ئابوری کوردستان مۆڵە بازرگانییەکانن کە تەنها چالاکیان ساغکردنەوەی کاڵا سەپستانداردەکانی وڵاتانی دەوروبەرو بردنەدەرەوه‌ی دراوی سەختە (وەبەرهێنانی بازرگانی لەجیاتی وەبەرهێنانی بەرهەمهێنان). چونکە هەر خۆیان خاوەنی سەرمایەی بازرگانی کوردستانن و کایەی بازرگانی قازانجێکی خێرا‌و کەم کێشەی لە کەرتی تەندروستی، کەمدەرامەتکردنی خەستەخانەو نۆرینگە گشتییەکان و بێ ئیعتبارکردنیان و لەبەرامبەردا دروستکردنی سەدەهاو بگرە هەزارەها خەستەخانەو نۆرینگەی کەرتی تایبەت و رێگاخۆشکردن بۆ سەرمایەی بیانی بۆ کردنەوەی دەیەها خەستەخانەی تورکی و ئێرانی و لوبنانی و ئوردنی…هتد، کە کەرتی تەندروستی لە خزمەتگوزارییەوە گۆڕیوە بۆ کایەک کە پێوەرەکانی بازاری سەرمایەداری و قازانج رێشاندەرێتی و لە سەرووی توانای زۆرینەی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستانە. لە کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، هەمان پرۆسەی کەمدەرامەتکردن و بێ ئیعتبارکردنی قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆ گشتییەکان و لەبەرامبەردا قوتکردنەوەی سەدەها قوتابخانەو دەیەها زانکۆ‌و پۆلیتەکنیکی کەرتی تایبەت، گەواهی پیادەکردنێکی بێپەردەو بێسنوری سیاسەتی نیولیبرالیزمن. هەندێک لەو قوتابخانەو زانکۆیانەش کوردی بەکارنایەن و زمانەکانی تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی تیایانا ئەخوێنرێن. سەیر ئەوەیە لە وڵاتانی تر سیاسییەکان خۆیان لە هەر چالاکیەکی ئابوری دورئەخەنەوە لەکاتێکدا لە دەسەڵاتن و زیاتر لەرێگەی پرۆکسییەوە ئەنجامی ئەدەن یا پاش خانەنشین بوون. بەڵام لە کوردستان سیاسییەکان هەر لەوکاتەی لە لوتکەی دەسەڵاتن زانکۆی کەرتی تایبەت دائەمەزرێنن. زانکۆی ئەمریکی سلێمانی، زانکۆی کوردستانی هەولێرو زانکۆی ئەمریکی دهۆک وەک نمونە. لە کەرتی وزە، دواکەوتنی چارەسەری گرفتی کارەبا شتێک نیە بێجگە ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شێوازێک کە سەرمایەی تایبەت به‌کارێت غەزوی تەواوی ئەو بوارەش بکات و لە خزمەتگوزاریەکی گشتییەوە بیکات بە بوارێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەو قازانج. بەڵام لەبەرئەوەی ژێرخانی کەرتی کارەبا لە ھەرێم کۆنەو پێویستی بە وەبەرھێنانی زۆرە بۆ نۆژەنکردنەوەی. سەرمایەی مشەخۆری ناوخۆش لەبەر چنینەوەی قازانجی خێرا لە کەرتەکانی تر ئامادەی وەبەرھێنانی درێژخایەن نیە لە کەرتی کارەبا. سەرمایەی بیانیش بە مەرجەکانی ھاوبەشی لە قازانج لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ھەرێم رازی نین. کەرتی ئاوەدانکردنەوە ئەو بوارەیە کە سەرمایەی مشەخۆرێ وابەستەی حیزب و دەستەڵات سەری ژەنیوەتە موڵکی گشتی بە دەسبەسەراگرتنی باشترین زەوییەکانی شارەکانی ھەرێم بۆ بنیاتنانی باڵاخانەو یەکەی نیشتەجێونی گرانبەھا کە لە دەرەوەی توانای دارایی زۆربەی خەڵکی کوردستانە. لە کەرتی خزمەتگوزاری شارەوانییەکان، دەمێکە کار لەسەر تایبەتکردنی ئەکرێت و ھەندێک خزمەتگوزاری وەک کۆکردنەوەی خاشاک دراوە بە کەرتی تایبەت و ھەوڵئەدەن ئەوانی تریش بە ھەمان دەرد ببەن. لە بواری ئاسایش‌دا سەرباری بوونی یەکەی تایبەت بە پاراستنی کەرتی نەوت و غاز کە موچە و دەرامەتیان لەسەر حکومەتە، ھەر ئێستا دەیان کۆمپانیای پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز ھەن، کە زۆربەیان ھی کوڕ‌و کەسوکاری سەرکردە سەربازییەکانی حیزبە دەستەڵاتدارەکانن. لەبواری کەرتی نەوت و غازیش کە بۆتە نەفرەتی ئابوری باشوری کوردستان وەک عەرەب ئەڵێن (فحدپ ولا حرج) . بە بەراورد لە گەڵ ئەودوای عێراق کە تا ئێستا زۆربەی چالاکی بەرھەمھێنان و تەسویق دەزگا گشتییەکانی دەوڵەت ئەنجامی ئەدەن بە ھاوکاری کەرتی تایبەت بە شێوازی گرێبەستی خزمەتگوزاری. کۆی پیشەسازی نەوتی ھەرێم رادەستی کۆمپانیا بیانییەکان کراوە لەگەڵ شەریکی خۆماڵی کە زۆربەی کات کۆمپانیاکانی حیزبن بە گرێبەستی ھاوبەشی لە بەرھەمھێنان و یەدەک. بەمانای بەشدارن لە ھەموو نەوت و غازی دۆزراوەی ژێر زەوی. ھەتا بۆڕی ھەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جیھان کە بڕیار بوو موڵکی حکومەت بێت! ئێستا موڵکی کۆمپانیای گاز پرۆمی روسیە بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناسراوی ھەرێم. لەرووی سیاسییەوە دەستەڵاتدارانی ھەرێم سیاسەتی سەرکوتی بێپەردەی ھەر چالاکی و نارەزاییەکیان پیادەکردوە. کوشتنی رۆژنامەوانان و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردن و سزادانی کەسانی چالاک لە دادگایی رووکەشی .... ھتد. بە تایبەتیش لە کابینەی ئێستای حکومەت سیاسەتێکی پۆلیسی بێپەردە پیادە ئەکرێت و یاساکانی تیرۆر بو دادگایی کردن و زیندانیکردنی نەیاری سیاسی بەکاردێت و ھەڕەشە لە بەرھەڵستکاراران ئەکرێت. پارادۆکس و کارەساتەکە لەوەدایە کە لە وڵاتێکی وه‌ک چیللی دوای نزیکەی پەنچا ساڵ ئاھەنگی مەرگی نیولیبرالیزم ئەگێڕن، ھاوکات لە کوردستان بە چنگ و دان و نینۆک سیاسەتێکی بێپەردەو دڕندانە و دژە مرۆڤی نێولیبراڵ پیادە ئەکرێت، ھەرئێستاش دەرئەنجامە کارەساتاوییەکانی بۆ چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا بۆ خاس و عام عەیانە.
د. یاسین محمود چۆمانی له په‌راوێزی ده‌نگۆی خواستی چه‌ند لایه‌نێك بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌له‌مانی كوردستان، هه‌وڵمانداوه دیراسه‌یه‌كی مته‌وازعی ئه‌و ته‌وه‌رانه بكه‌ین كه كه‌وتونه‌ته به‌ر سـتێره‌ی هه‌مواره‌وه و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌ینه‌وه: ئایا به‌راست یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پێویستی به هه‌مواره؟ كام برگه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌شێك له لایه‌نه سیاسیه‌كان لێره‌و له‌وێ باسی هه‌مواركردنیان ده‌كه‌ن؟ ئایا ئێستا كاتی هه‌مواری ئه‌م یاسایه‌یه؟ هه‌موومان ده‌زانین یاسای هه‌ڵبژاردن یه‌كه‌م پرۆژه یاسایه له دوای راپه‌رینه‌وه له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌ركرابێت، كه له دواییدا بوو به یاسای ژماره (1) ساڵی 1992. ئه‌م یاسایه تاكو ئێستا بۆ گونجاندنی له‌گه‌ڵ قۆناغه جیاوازه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان حه‌وت جار هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ واقعی پێكهاته‌ی سیاسی و حیزبی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم گونجێندراوه. كه‌واته له كوێی یاساكه كه‌م و كورتی هه‌یه تا هه‌مواری هه‌شته‌می بۆ بكرێت؟ له خواره‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه بوروژێنین كه لێره‌و له‌وێ گوێبیستی پێویستی هه‌مواركردنه‌وه‌یان ده‌بین: ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: سیسته‌می بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له ئێستادا له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان سیسته‌می یه‌ك بازنه په‌یره‌و ده‌كرێت، له كاتێكدا چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی خوازیاری گۆرینی ئه‌م سیسته‌مه‌ن بۆ سیسته‌می فره بازنه. بۆ پێوانی راده‌ی دێموكراسی بوونی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر هه‌یه كه پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێن، یه‌كێك له‌و پێوه‌رانه گونجانی یاسای هه‌ڵبژاردنه له‌گه‌ڵ واقعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و حزبی كۆمه‌ڵگاكه، كه‌واته با هه‌وڵ بده‌ین به لۆژیك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه ئایا بۆ واقعی هه‌رێمی كوردستان سیسته‌می یه‌ك بازنه گونجاوترو دێموكراسیتره یان سیسته‌می فره بازنه؟ ئه‌زمون سه‌لماندویه‌تی هه‌میشه بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه فره پێكهاته‌ن و سیسته‌می فره حزبی په‌یره‌و ده‌كه‌ن، یه‌ك بازنه گونجاوترو شیاوتره، به تایبه‌تی كاتێك پارته سیاسیه‌كان له روی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌وه جیاوازیان هه‌بێت، واته دابه‌ش بووبن به سه‌ر پارتی بچوك و مامناوه‌ند و گه‌وره. به‌جۆرێك سیسته‌می یه‌ك بازنه زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی حزبی بچوك و مامناوه‌نده‌كانه، چونكه حزبی بچوك به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی توانای كورسیه‌ك یان دوو كورسیان هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیان نیه ده‌نگه‌كانیان بڵاو بن. بۆ نمونه ئه‌گه‌ر لیستی سه‌رده‌م یان ئازادی له په‌رله‌مانی كوردستان به نمونه وه‌ربگرین كه هه‌ر یه‌كێكیان خاوه‌نی یه‌ك كورسین، ئه‌وه ره‌نگه له سیسته‌می فره بازنه نه‌توانن ئه‌و كورسیه به‌ده‌ست بێننه‌وه چونكه ئه‌وان ده‌نگی هه‌موو هه‌رێمی كوردستانیان بۆ كۆكراوه‌ته‌وه ئه‌وجا گه‌یشتونه‌ته یه‌ك كورسی، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌نگه‌كانیان بۆ نمونه به‌سه‌ر چوار بازنه‌دا دابه‌شبكرێت ئه‌وا له هیچ بازنه‌یه‌ك ناگه‌نه كورسی و ده‌نگه‌كانیان ده‌فه‌وتێت و كورسی له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌وه ره‌نگه بۆ حزبێكی مام ناوه‌ندیش دروست بێت به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له هه‌ندێك بازنه به قه‌باره‌ی كورسیه‌ك ده‌نگیان نیه، بۆ نمونه كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، ئه‌گه‌ر سه‌یری ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌و حزبه بكه‌ین له پارێزگای دهۆك و هه‌ڵبجه ده‌بینین رێژه‌كه‌ی ناگاته كورسیه‌ك بۆیه به دڵنیاییه‌وه ده‌نگه‌كانیئه‌و دوو پارێزگایه‌ی ده‌فه‌وتێت. له لایه‌كی تر ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ین ده‌بینین له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 كورد له (275) كورسی (75) كورسی به‌ده‌ست هێنا كه ئه‌و كات عێراق یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ گۆرانكاری له یاسای هه‌ڵبژاردن و گۆرینی سیسته‌می یه‌ك بازنه بۆ فره بازنه ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد كه‌م بوویه‌وه سه‌ره‌رای زیاد بوونی ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كه له ئێستادا (329) كورسیه، تاكو ئێستاش كورد ره‌خنه له‌و هه‌مواره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌گرێ و خوازیاری گه‌رانه‌وه‌ی یاساكه‌یه بۆ سیسته‌می یه‌ك بازنه، كه‌واته لۆژیك نیه له لایه‌ك به بیانوی زیاتر دێموكراسی بوونی سیسته‌می یه‌ك بازنه‌و نه‌فه‌وتانی ده‌نگ داوای گه‌رانه‌وه‌ی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌ین بۆ یه‌ك بازنه‌و له‌و لاشه‌وه هه‌وڵ بده‌ین یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین به فره بازنه. ئه‌وه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له سیسته‌می یه‌ك بازنه‌دا ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مان ده‌بێته نوێنه‌ری ته‌واوی هاوڵاتیانی هه‌رێم نه‌ك نوێنه‌ری ناوچه‌یه‌كی دیاری كرا‌و. ته‌وه‌ری دووه‌م: سیسته‌می لیست له هه‌ڵبژاردندا تا بژارده له به‌رده‌م ده‌نگده‌ر زیاتر بێت باشتر‌و دێموكراسی تره، واته تا لیسته‌كه كراوه‌تر بێت بژارده له به‌رده‌م ده‌نگده‌ر زیاتر ده‌بێت، بۆیه سیسته‌می لیستی كراوه له نیمچه كراوه‌و نیمچه كراوه‌ش له داخراو دێموكراسی تره. هه‌رچه‌نده ئه‌مه په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌رادده‌ی هۆشیاری ده‌نگده‌ر له كۆمه‌ڵگادا كه بتوانێت له نێو كاندیده‌كاندا باشترین و گونجاوترینیان هه‌ڵبژێرێت. بۆیه ده‌پرسین ئایا سیسته‌می لیستی نیمچه كراوه له هه‌رێمی كوردستان كه له هه‌ردووك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان په‌یره‌و ده‌كرێت گونجاوه؟ یان پێویستی به هه‌مواره؟ ئایا ئه‌و بیانوانه چین كه ده‌هێنرێنه‌وه بۆ گه‌رانه‌وه بۆ لیستی داخراو؟ پێمان وایه دوو بیانو هه‌یه بۆ گه‌رانه‌وه بۆ لیستی داخراو، بیانویه‌كیان ئاشكرایه‌و ئه‌ویتریان شاراوه‌یه، بیانوه ئاشكراكه ئه‌وه‌یه گوایه لیستی نیمچه كراوه بۆته هۆكارێك بۆ دابه‌زینی كواڵیتی په‌رله‌مان و دروست بونی نا هاوسه‌نگی له پسپۆریه‌تیه پێویسته‌كانی ناو په‌رله‌مان، بیانوه شاراوه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه لیستی نیمچه كراوه ئه‌ندام په‌رله‌مانێك به‌رهه‌م دێنێت زیاتر نه‌زعه‌ی سه‌ربه‌خۆیی تێدا زاڵه و كه‌متر پابه‌ند ده‌بێت به حزب و بریاره‌كانی، به تایبه‌تی ئه‌و حزبانه‌ی كه مه‌ركه‌زیه‌تیان تێدا لاوازه‌و ترسیان له گۆرینی ئاراسته‌ی سیاسی په‌رله‌مانتاره‌كانیان هه‌یه. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو بیانوه‌كه به‌ره‌وا ده‌زانین و تارادده‌یه‌ك لۆژیكی تێدایه، به‌ڵام به بروای ئێمه بێ گه‌رانه‌وه بۆ دواوه‌و عه‌یبدار كردنی پرۆسه‌ی دێموكراسی له هه‌رێم، چاره‌سه‌ری گونجاو هه‌یه بۆ ئه‌و بیانوانه، چونكه به دڵنیاییه‌وه گه‌رانه‌وه بۆ سیسته‌می لیستی داخراو پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له دێموكراسی‌دا، به تایبه‌تی له كاتێكدا عێراق به‌و هه‌موو عه‌یب و عارو ناسه‌قامگیریه‌ی كه هه‌یه‌تی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، له‌م بابه‌ته نه‌ك نه‌گه‌راوه‌ته‌وه دواوه به‌ڵكو هه‌نگاوێكی تریش چۆته پێشه‌وه‌و سیسته‌مه‌كه‌ی كردۆته سیسته‌می زۆرینه‌ی براوه‌ی یه‌ك ده‌نگی نه‌گوازراوه، واته لیستی هه‌ر نه‌هێشتوه ده‌نگده‌ر ده‌بێت ته‌نها ده‌نگ به پاڵێوراو بدات. بۆیه له باره‌ی بیانوی یه‌كه‌مه‌وه ده‌كرێت هه‌ر حزبێك ئه‌و بژاردانه‌ی ده‌یانخاته به‌رده‌م ده‌نگده‌رانی، خه‌ڵكی شایسته‌و گونجاو بن بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌كرێت، له‌و حاله‌ته‌دا ده‌نگده‌ر هه‌ر كه‌سێكیان هه‌ڵبژێرێت له دواییدا كاریگه‌ری نابێت له سه‌ر دابه‌زینی كواڵیتی دامه‌زراوه‌كه، بۆیه هه‌ڵه‌یه لۆمه‌ی ده‌نگده‌ر بكرێت له‌وه‌ی كه‌سی نه‌گونجاوی بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه هه‌ڵبژاردوه، له كاتێكدا لایه‌نه سیاسیه‌كان ئه‌و بژاردانه‌یان خستۆته به‌رده‌م، كه‌واته ده‌نگده‌ر گوناحی چیه كاتێك حزب ئه‌و جۆره خه‌ڵكانه‌ی ده‌خاته به‌رده‌م. وه له لایه‌كی تر تارادده‌یه‌كی زۆر ئه‌ندام و لایه‌نگری حزبێكی دیاری كرا‌و ده‌نگ به كاندیده‌كانی حزبه‌كه‌ی ده‌دات به تایبه‌تی له كاتێكدا بژارده له به‌رده‌میدا زۆر بێت، رێژه‌ی ئه‌وانه‌ی له حزبێكن و ده‌نگ به كاندیدانی حزبێكی تر ده‌ده‌ن كه‌من، بۆیه كاندیدی به‌هێز كه زۆرجار باس ده‌كرێت و ده‌توانێت ده‌نگی زۆر كۆبكاته‌وه، ئه‌وا له راستیدا ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ناو حزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، له هه‌ڵبژاردنی 2021ی په‌رله‌مانی عێراق بینیمان خه‌ڵكانێك له‌ناو حزبێكی سیاسی به ده‌نگی زۆر له رابردوو له هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتو بوون، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایی وه‌ك سه‌ربه‌خۆ خۆیان كاندید كرد نه‌ك نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن به‌ڵكو ده‌نگه‌كانیان شایانی ئه‌وه نه‌بوون باسیش بكرێن، له هه‌مان كاتیش حزب هه‌بوه هیچ پروپاگه‌نده‌ی بۆ كاندیده‌كه‌ی نه‌كردوه به‌ڵكو بۆ لیسته‌كه‌ی كردوه‌و كاندیده‌كه‌شی ده‌رچوه، به‌جۆرێك ده‌نگده‌ره‌كانی دوای ده‌رچونی كاندیده‌كهش هه‌ر نه‌یانناسیوه. كه‌واته باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه سیسته‌می لیست وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه و لایه‌نه سیاسیه‌كان كاندیدی باش و پر كه‌فائه‌ت پێشنیار بكه‌ن. دواتر كێ گه‌ره‌نتی ئه‌وه ده‌كات له لیستی داخراودا لایه‌نه سیاسیه‌كان خه‌ڵكی شایسته‌و به كه‌فائه‌ت ده‌خه‌نه ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی لیسته‌كانیان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ئێستادا ئێمه دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانمان به‌م سیسته‌مه‌ی لیست ئه‌نجامداوه‌و هاوڵاتی كوردستانی تارادده‌یه‌كی باش ئاشنا‌و شاره‌زای ئه‌م جۆره سیسته‌مه بووه. وه به نسبه‌ت بیانوی دووه‌م، به بروای ئێمه بوونی نه‌زعه‌یه‌كی تارادده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی له ئه‌ندامی په‌رله‌مان شتێكی خراپ نیه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له هه‌ندێ بابه‌ت و كێشه‌ی ناسیاسی ئازادانه بدوێ و مه‌وقیف بنوێنێ، به‌ڵام بۆ مانه‌وه‌ی پابه‌ندی ئه‌ندام په‌رله‌مان به سیاسه‌تی گشتی حزبه‌كه‌ی، ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ په‌روه‌رده‌ی حزب بۆ ئه‌ندامه‌كانی و به هێزی و تۆكمه‌یی پره‌نسیبی په‌یوه‌ندی نێوانیان، بۆیه ده‌كرێت حزب ئه‌و كه‌سانه دیاری بكات كه جێگه‌ی باوه‌ری ته‌واو بن و ترسی ئه‌وه‌یان نه‌بێت له هه‌ر هه‌ڵومه‌رجێكدا له هێڵه گشتیه‌كان و پره‌نسیپه باڵاكانی حزب لابده‌ن. چونكه لیستی داخراویش نابێته گه‌ره‌نتیه‌ك بۆ نه‌گۆرینی ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌ندامی په‌رله‌مان، نمونه‌مان هه‌یه له خولی سێی په‌رله‌مانی كوردستان له كاتێكدا لیستیش داخراو بوو حاله‌تی گۆرینی ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌ندامی په‌رله‌مانمان هه‌بوو. توه‌ری سێیه‌م: دروست كردنی لیستی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت به پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یان به بروای ئێمه بابه‌تێكی زۆر نا دێموكراسیه، بۆیه به هه‌ڵه‌ی ده‌زانین هه‌ر هێزێكی سیاسی داواكاری وا پێشكه‌ش بكات، چونكه یه‌ك له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌ڵبژاردنی دێموكراسی ئازادی ده‌نگده‌ره، ده‌نگده‌ر ده‌بێت ئازاد بێت ده‌نگ به كێ ده‌دات به كێی نادات، نابێت ئازادی ده‌نگده‌ر سنوردار بكرێت، زۆر ئاساییه كوردێك ده‌نگ به توركمانێك و مه‌سیحیه‌ك به موسڵمانێك و ئێزیدیه‌ك به كاكه‌ییه‌ك بدات، چونكه په‌رله‌مان په‌رله‌مانی كوردستانه، نه‌ك په‌رله‌مانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان دین و مه‌زهه‌بێكی دیاری كرا‌و، بۆیه ئه‌مه به ته‌واوی دژی پره‌نسیپه‌كانی دێموكراسی و بنه‌ماكانی مافه مرۆڤه و هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م جۆره پرۆسه‌ی دێموكراسی له هه‌رێم عه‌یبدار ده‌كات. بۆیه له كۆتاییدا ده‌ڵێن، پێداگری له هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، ناراسته‌وخۆ داواكردنی ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردنه له كاتی خۆیدا، چونكه نه یاساكه عه‌یبه‌یه‌كی وای هه‌یه پێویستی به هه‌موار بێت، به‌ڵكو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ هه‌مواری یاساكه ده‌درێن یاساكه ره‌نگه عه‌یبدار بكات، وه نه كاته‌كه‌ش كاتی هه‌مواری یاساكه‌یه له كاتێكدا چه‌ند مانگێك ماوه بۆ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن. * دكتۆرا له زانسته سیاسیه‌كان و راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان
په‌یكار عوسمان - هەنێ جەژن و موناسەبە، با ڕەگەکەشی دینی بێت، بەڵام قەدو لق و گەڵاکەی، تازە بووە بە شتێکی کۆمەڵایەتی و هەنێجار جیهانییش.. کاری ئێمەش ئەوەنیە شتەکان بەرینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ڕق و پەرتبوون و جیاکاریی تێدایە، کاری ئێمە ئەوەیە کە دارەکە لەوێدا بگرین، کە خۆشی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانە. - جەژن بۆ ئێمە، هەم دینییەو هەم کۆمەڵایەتی، گرنگیش نیە لەکام ڕەهەندەوە بۆ تۆ مەوزوعە، گرنگ ئەوەیە پێکەوە لەناو کەشی خۆشی و خۆشەویستیدا بین. تەنانەت ئەگەر هیچکام لەو دوو ڕەهەندەشت بۆ گرنگ نیەو هەر لە ئەساسەوە کەیفت بە جەوی جەژنەکان نایەت، ئەوەش ئاساییە، گرنگ ئەوەیە هەرسێ دیدەکە لەناو پێکەوەژیاندا بن و هیچکام لەم ئاڕاستانە، دەرگای ڕق نەبێ و بکرێتەوە بەسەر ئەوانیتردا. - یەعنی ئەوەی کە لە بابی دینییەوە جەژنی بۆ گرنگە، پێویست ناکا بکەوێتە شەڕکردن لەگەڵ شێوازە کۆمەڵایەتییەکەداو حەڵاڵ و حەرام بێنێتە گۆرێ و ئەبێ تێ‌بگا لەوەی، کە جەژنی ڕەمەزان چەنێك دینییە، ئەونەش کۆمەڵایەتییە. ئەوەشی کە جەژن بە شێوازە کۆمەڵایەتییەکەی ئەکات، پێویست ناکا بکەوێتە شەڕ لەگەڵ شێوازە دینییەکەی.. ئەوەشی کە هیچیانی بۆ گرنگ نیە، پێویست ناکا بکەوێتە شەڕ لەگەڵ هەردوکیان و کۆی فیکرەکە.. بەڵکو ئەکرێ هەر یەکەو لەناو شێواز و ڕای خۆیدابێ و هەمووش لەناو ئاشتی و خۆشی‌دا بین. - ئەوەی کە لای ئێمە ئەگوزەرێ، کێشەکەی لەوێدا نیە کە ڕاجیایی هەیە لەسەر کۆی موناسەبە دینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و جیهانییەکان، بەڵکو لەوێدایە، کە هەر شتێك ئەکرێتە سەنگەری شەڕێك لەگەڵ ئەویتردا. مەسەلەن کێشەکە نە خودی ئاڵایە، نە دیدە جیاوازەکان بۆ پرسی ئاڵا، کێشەکە دروستبوونی دوو معەسکەرە، کە ساڵانە لەڕێگەی ئاڵاوە، دەستڕێژی ڕق لە یەکتر ئەکەن! - ئەوەی کە کۆمەڵایەتی و جیهانییەو لەوە دەرچووە کە دینیی بێت، بۆ بیگەڕێنینەوە بۆ دین و ڕقەبەرایەتی پێ دروستکەین؟ بۆ وەکو خۆی، لە دۆخە نادینییەکەیدا وەرینەگرین و بیکەینە دەرفەتی خۆشی و خۆشەویستی؟ من تێناگەم مەلا حەقی کریسمسی چیەو بۆ هەموو ساڵێ ئەم جەدەلە بێمانایە دووبارە ئەبێتەوە؟ یان شەڕی مارکس و سەرمایەداری بۆ بهێنینە ناو چەژنەکان؟ خۆ ڕاستە بازاڕ و مەسرەف، بەشێکی گرنگی جەژنەکانە، بەڵام هەموو شتێ کاتی خۆی هەیەو کاتەکانی کۆبوونەوەو خۆشی، کەی کاتی شەڕی ئایدۆلۆژیی و دابەشبوونی فیکرییە؟ - ئەسڵەن کەی قەرارە "جەژن" شتێکی عەقڵانیی بێت؟ خۆ کۆمەڵگا تەنیا بە زانست بەڕێوە نابرێ، تاکو لەوە بکۆڵێنەوە کە جەژن زانستییە یان نا. خۆ کۆمەڵگا تەنیا بە دین بەڕێوە نابرێ، تاکو لەوە بکۆڵینەوە کە جەژن دینییە یان نا.. ئەسڵەن شتانێکی کولتوریی هەیە، ئەسڵ و ئەساسی نیەو تەنیا خورافەیەکی بێ بنەمایە، بەڵام ئەو خورافەیە بیانوویەکە بۆ کۆبوونەوەو شادی، دەی ئا لەوێشدا ئەو خورافەیە، زۆر لە زانست و دین و فەلسەفەیەك گرنگترە، کە پەرتمان بکا! - خورافە لەوێدا کیشەنیە کە وەزیفەی مرۆیی خۆی ئەدا ئەکاو شادی بەرهەمئەهێنێ، خورافە لەوێدا کێشەیە کە بچێتە شوێنی زانست یان ئایین یان فەلسەفەو جەهل بەرهەمبهێنێ. بەپێچەوانەشەوە، کاری زانست و فەلسەفەو دین ئەوەنیە کە بێنە ناوچەی خورافەو ئەوەی کە "بە سادەیی و شەعبییانە" خۆشەویستی دروستئەکا، ئەوان ئاڵۆز‌و وردیکەنەوەو بیبەنەوە لای ڕقی ئایدۆلۆژیی! - زانست لە شوێنی خۆیدا گرنگە نەك لەوێدا کە شوێنی دینە. دین لە شوێنی خۆیدا گرنگە، نەك لەوێدا کە شوێنی فەلسەفەیە. فەلسەفە لە شوێنی خۆیدا گرنگە نەك لەوێدا کە شوێنی حیکایەت و خورافەیە.. شتەکان لە کات و شوێنی خۆیاندا بەجێن، لە غەیری ئەوێدا ئەبنە شتی بێتام و نابەجێ! - مرۆڤەکان ئەبێ لەسەر حەق کۆببنەوە نەك لەسەر باتڵ. خورافەیەكیش کە خۆشی و خۆشەویستی دروستبکا، حەقە، مادام لە ناوچەی خۆیدابێ. باتڵ ئەوەیە کە شتەكە لەناوچەی خۆی بترازێ و لەوێشەوە ئاشتی و پێکەوەژیان تێکبدا. باوکێك دیارییەك بۆ مناڵەکەی ئەکڕێ و مناڵەکە وائەزانێ بابەنوئێل بۆی هێناوە،، لێرەدا چیرۆکەکە درۆیە، بەڵام دڵخۆشیی مناڵەکە ڕاستییەو ئەمەش جوانەو چ پێویست ئەکا شەڕی زانستی و ئایدۆلۆژیی لەگەڵدا بکەین؟ - جەژنی قوربان، کریسمس، ٣١ی ئاب، ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئاڵا.. ساڵانە ئەمانە ئەکەینە وێستگەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵێ جوملەی دووبارەی ڕقاوی، کە نازانم سودیان چیەو بۆ بێزار نابین لە دووبارەکردنەوەیان؟ ئاخر کاوەو زوحاك کامیان کوردەو کامیان فارس، ئەوە کەی مەوزوعەو چی لەوە ئەگۆڕێ کە تازە نەورۆز جەژنی هەمووانەو ڕۆڵی جەژن ئەگێڕێ؟ - یان بەزمی (جەژن ئەکەم و جەژن ناکەم)! کاکە ئەیکەی بیکە، ناشیکەی مەیکە، هەردوکی هەر بۆ خۆت،، چ پێویست ئەکا ئەمە ئیعلانکەی بۆ جەماوەرو لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی بکەیت بە یەکێ لە دوو جەبهەکەوە؟ بۆ هەموو شتێك جەماعی و بۆ شەڕبێ، ئایا ناکرێ بۆ خۆت و بە ئاشتیانەبێ؟ بۆچی ئێمە ناتوانین خۆمانبین و هەمیشە لەڕێگەی بەرەو معەسکەرێکەوە تەعبیر لە خۆمان ئەکەین؟ ئەمە متمانە بەخۆنەبوون و لاوازی کەسایەتیمانە؟ یان عەقڵێکی نادیموکراتە کە ئەیەوێ ڕای خۆی بگشتێنێ و شتەکە جەماعیی بکاتەوە؟ - هەرچی گەندەڵیی و بندیوار هەیە نەهێڵرێ، هێشتا سێ گەندەڵی و بندیوار ماوە، کە هەمیشە لەسەر ڕەنج و ئارەقی ئەوانیتر ئەژین، (کاهین سیاسی ڕۆشنبیر) جەوهەری ئەم سێ ئیشە ئەوەیە، کە لە دۆخی ناکاڵایی و بێ بەرامبەرییدابێ و تەنیا بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی خۆتبێ. - سیاسەت ئەوەیە کە تۆ دەلاکیت، دەلاکیی پیشەو بژێویتە، بەڵام لەپێناو باشکردنی ژیانی گشتی، ئیهتمامی سیاسییشت هەیەو ئەمەی دووەمیان هیچ بەرامبەرێکی نیەو تەنیا بۆ ویژدانی خۆتی ئەکەیت، نەك ئەوەی نانی ئەوە بخۆیت، کە ئەکاتە خواردنی نانی ئەوانیتر! پیاوی ئایینی ئەوەیە کە خۆی بەقاڵەو بەقاڵیی پیشەو بژێوییەتی، بەڵام لەپێناو چاکەی کۆمەڵگا، ویژدانی هانی ئەدا قسەیەکی خێر لەگەڵ ئەوانیتردا بەش بکات. ئەمە نە بۆ دەسکەوتی مادییە، نە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی، کە ئەو دووانەی تێکەوت، ئیتر ئەوە پیشەسازی ئیگۆ و دوکانی دینفرۆشییە نەك قسەی خێر‌و ویژدانیی. - ڕۆشنبیر ئەوەیە کە دارتاشە، دارتاشیی پیشەو بژێوییەتی، بەڵام لە دەرەوەی ژیانی تایبەت و ژیانی پیشەیی، عەقڵی بە ژیانێکی تری گشتی و ئەدەبی و فیکریش ئەشکێ و ئەمانەش بەرامبەرەکەی هەر خودی بەیانکردنەکەیەتی، نەكئەوەی بەیانکردنەکەی بۆ پێگەو دەسکەوت و بەرامبەر بێت. - خۆ ڕاستە دنیای مۆدێرن هەموو شتێکی بە بازاڕکردوەو ئەشێ هەر یەك لەو سێ کردە ئەخلاقییە، دەسکەوتی مادی و مەعنەوی و ناوبانگیشت بداتێ،، بەڵام تۆ بۆ ئەوەت نەکردوەو ئەوە ئامانجەکە نەبووە. کە ئەوە بوو بە ئامانج و مەسدەری ڕزق، ئیتر فەسادێکی سێ قۆڵیی دەستپێئەکا، کە چەکی هەرسێکیشیان وتاربێژییەو ئیتر سیاسی و رۆشنبیر‌و کاهین هەرسێکیان هیچ ناکەن، تەنیا قسە ئەکەن، کەچی لەوانیتر خۆشتر ئەژین! - "قسە" کە ئەبێ بە مەسدەری ڕزق، ئیتر ئەو کاتەشی کە پێویست نیە بیکەیت، هەر ئەیکەیت، ئیتر ئەوەشی کە نابێ بیڵێیت، هەر ئەیڵێیت،، چونکە تازە شتەکە، لە حاڵەتێکی ویژدانییەوە بووە بە پیشە، پیشەش یەعنی دووبارەبوونەوە! دارتاشێك فیتەرێك وەستایەك، هەموو ڕۆژێ هەمان شت ئەکاتەوەو بە دووبارەبوونەوە خیبرەی زیاتر پەیدا ئەکاو ئیشەکەی جوانتر ئەبێت. بەڵام ئەوەی کە ناپیشەیی و ویژدانی و ئەخلاقییە، بە دووبارەبوونەوە فاسد ئەبێ و ئەبێتە کاسپی. - ئەوەی کە ویژدانییە، هەمیشە تازەو ئیبداعییە، ئا لێرەدا نوسەرێك لەوانەیە هەموو تەمەنی خەریکی یەك کتێب بێت، بەڵام کە شتەکە بوو بە کاسپی، ئیتر نوسەر، ساڵانە چوار کتێبت بۆ دەرئەکا بۆ ئامانجی مەعریفی و ویژدانیی نا، بەڵکو بۆ ئامانجی بژێوی و گیرفانیی! ئیتر لافاوی وتاربێژی و ڕەوانبێژی و پاڵەوانی سیاسەت و دین و ڕۆشنبیری هەڵئەستێ و کەچی وەزعەکەش هەر خراپتر ئەبێت، چونکە ئیتر ئێمە لەناو ساختەی ئەو سیانەداین، نەك لەناو ئەسڵەکەیدا! - ئەفلاتون کە وتی دەسەڵاتدار ئەبێ فەیلەسوف بێت، مەبەستی ئەوەنەبوو کە فەیلەسوف لەسەر ڕەنجی ئەوانیتر بژی و عەنتەری ساحەکەبێ، مەبەستی ئەوەبوو کە سیاسی مەفروزە گەیشتبێ بەو حیکمەت و ئاگاییەی کە بار نەبێت بەسەر شانی ئەوانیترەوە!! کێشەی کۆمەڵگای ئێمەش ئەوەیە کە مەعنەوییەت کەوتووەو ئەوەی کە دوکانیی نیە، بووە بە دوکان. هەرسێ کایەی دین و سیاسەت و ڕۆشنبیری، نادوکانین و لای ئێمە بوون بە کاسپی. - نزار قەبانی دێڕیکی جوانی هەیە ئەڵێ (بێدەنگیی لە حزوری جوانییدا جوانییە) دەی جەژنەکان و ساتەکانی (خۆشی و خۆشەویستی) جوانییەو گرنگە لەوێدا جیاوازی و دەنگەدەنگە فیکری و ئایدۆلۆژییەکانمان بوەستێنین و بە ئەدەبی ڕێزگرتن لە جوانییەوە بچینە ناو کەشەکە و تێکی نەدەین. * ئینجا ساڵی نوێ پیرۆزبێ و پڕ خۆشی و خۆشەویستی بێت بۆ هەمووان.