موقته‌دا سه‌درو كورد
2022-01-14 10:40:17
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
كه‌م رۆژ هه‌یه له تویته‌ره‌وه موقته‌دا سه‌در نه‌چریكێنێ ، چریكه‌كانی له ده‌نگی بولبول و كه‌ناری ناچن ، زۆربه‌یان هه‌ڕه‌شه‌ن ، هه‌ڕه‌شه له میلیشیا " تا ئێستا خۆی میلیشیای هه‌یه " سه‌رایه سه‌لام " پێشتریش سوپای مه‌هدی هه‌بوو ، هه‌ڕه‌شه له گه‌نده‌ڵی له كاتێكا خۆی فڕۆكه تایبه‌ته‌كه‌ی بای 20 ملیۆن دۆلاره ، وه‌ك بیستومه ، موقته‌دا له زاخۆوه تا فاو به یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كات ، بڕوای به ماده‌ی 140 و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك نیه ، له ساڵی 2003 له پڕدا ده‌ركه‌وت و سه‌نگه‌ری له سیاسیه‌كۆنه‌كان گرت ، له كۆتای 2003 سوپای مه‌هدی بۆ لێدانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكیه‌كان دامه‌زراند و شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌ی كردن ، ده‌یان ده‌سته‌ی مردنی دروستكرد ، له به‌رانبه‌ر حه‌وزه كۆنه‌كاندا حه‌وزه‌ی نوێی دامه‌زراند ، من له ساڵی 2003 له گه‌ڵ یه‌كێ له هه‌وادارو نزیكه‌كانی له سه‌ماوه كه‌وتمه گفت و گۆ ، ئه‌و هه‌ر بڕوای به ناوی كوردستانیش نه‌بوو وتی كوردستان " بیدعه‌یه " من وه‌ڵامی خۆم داوه و ته‌نانه‌ت داوه‌تیشی كردم بۆ حه‌وزه‌كه‌یان نه‌چووم .
له 2011 سوپای مه‌هدی سڕكرد‌و سێ ساڵدواتر سه‌رایا سه‌لامی دژی داعش دروستكرد‌و هه‌موو هێزه‌كه‌ی هێنایه ناوچه سونیه‌كان پارێزگاكانی " موسڵ ، كه‌ركوك ، تكریت ، دیاله ، ئه‌نبار " ئه‌و هێزه‌ی تا ئێستاش ماوه ،كه‌چی ده‌ڵێت ده‌بێت چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌تا بێت و جگه له سوپا‌و پۆلیس و هێزه ئه‌منیه‌كان نابێت هیچ میلیشیایه‌ك هه‌بێت ، بانگه‌شه‌ی نه‌رۆژهه‌ڵاتی نه‌رۆژئاوای ده‌كات ، له قوم داده‌نیشێت و له گه‌ڵ به‌ریتانیه‌كانیش كۆده‌بێته‌وه ، كه‌سێكه جه‌نجاڵ و هه‌میشه گۆڕاو ، هه‌ر به راستی ۆر ئه‌سته‌مه متمانه‌ی پێبكرێت ، چونكه ئه‌و ته‌نها ئه‌وانه‌ی ده‌وێت كه له بن باڵه‌كانیدان . ئه‌مه بۆ ناوخۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ش تا ئێستا نه‌ئێران نه ئه‌مه‌ریكا نه‌كه‌سی تر له‌و پیاوه ناگه‌ن ، ئه‌م ئاڵۆزیه بۆ كه‌سێك كه پێش 2003 هه‌ر نه‌یزانیوه سیاسه‌ت چیه ، مایه‌ی سه‌رسامیه .
كورد به تایبه‌ت پارتی و بارزانی كه ئێستا جۆرێك له هاوپه‌یمانه‌تیان له گه‌ڵ موقته‌دا سه‌درو ڕه‌وتی سه‌درهه‌یه، ده‌كرێت ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندیه وه‌ك دابه‌شكردنی رۆڵ لێی بڕوانرێ و له كۆتایدا به به‌رژه‌وه‌ندی كورد كۆتای بێت ، ئه‌گه‌ر له بنه‌ڕه‌تا هه‌نگاوه‌كه له‌تكردنی ماڵی كورد نه‌بێت ، رۆڵی بارزانی له‌و یاریه سیاسیه‌دا ده‌كرێت له‌و شوێنه‌دا به قازانجی گه‌لی كوردستان كۆتای بێت كه دواجار نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی كه ده‌بێته سه‌ر كۆمار كۆده‌نگی پارتی و یه‌كێتی دروستبكات ، ئه‌مه پێی ده‌ڵێن سود بینبن له هاوپه‌یمانه‌تی كه‌سێك كه هێشتا نازانین رای له سه‌ر كورد چۆنه‌و ده‌یه‌وێت چۆن مامه‌ڵه له گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات ، ئه‌گه‌ر هونه‌ری سیایه‌ت دابه‌شكردنی سێوه‌كان بێت به‌سه‌ر سه‌به‌ته‌كاندا یان به جۆرێكی تر هونه‌ری به ده‌ستهێنان بێت ، ئه‌وه پێویسته كوردیش سود له‌و ده‌رفه‌تانه ببینێت .
هه‌رچه‌ند ئێمه‌و مانان هه‌میشه هه‌ست ده‌كه‌ین كورد ناتوانێ پێكه‌وه بێت ، بۆیه له‌م هه‌نگاوه‌شدا چه‌ند ئه‌گه‌ری گه‌شبینانه بژمێرین هێشتا ۆه‌شبینی زاڵه به سه‌ربیركردنه‌وه‌ماندا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانین ئامانجی كۆتای چیه .