سوھەیلا مێھەمی- سنە شیعر وەک ئەسپێكی یاخییە کە دەستەمۆ ناکرێ و ئەگەر دەستەمۆی بە سەردا بسەپێ کە واتە لە ڕیچکە و شێوازی خۆی لایداوە، شیعر نابێ خۆی بە دەسەڵاتەکانەوە ببەستێتەوە و ڕەوتی دەست بە سەرڕاگرتن لە شیعردا؛بێ بایەخ و بێ بەهایە و خۆی لەوە دوور دەکاتەوە شیعر هەروەها کە بۆ زۆربەی شاعیران لە ئازار و ڕەنجەکانیانەوە دەستی پێ کردووە و ڕۆچنەیەک درووست دەکا بۆ دەربازبوون لە بێدەنگی و شیکردنەوەی ڕەنجەکان؛ قامک لە سەر هۆکارەکانی ئەو ئازارانە دادەنێ کە مرۆڤی بە خۆییەوە سەرقاڵ و داماو کردووە. کەواتە شیعر دژی هەر سیستەمێک دەوەستێتەوە کە مرۆڤی یاخی لە خۆییدا دیل دەکا، شیعری نەمر ئەوە دەقەی لەخۆی گرتووە کە بۆ هەتایە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە ؛ چۆن قامکی لە سەر بەربەستەکانی مرۆڤی ئازاد داناوە . شیعر خۆی لە خۆیدا دژی شێوازی قسە کردنە واتە لە ڕەوتێکی ئاسایی بەرەو شێوازێکی ڕەها لە ڕەوتێکی ئاسایی بۆ ڕەوتێکی جوانیناسانە. لە لایەنێکی دیکەوە شێعر تەنانەت بنەماکانی زمان و زمانەوانی و ڕێزمان تێکدەشکێنێت کە لە چوارچێوەیەکدا ئەم چەمکانە بە سەر زماندا زاڵە. دەتوانم بڵێم شێعر وەکوو شەڕڤانێکی سەربەخۆ دژی هەموو ڕێسا و قانوونی داسەپێنراو دەوەستێتەوە و دەستەمۆی هیچ دەسەڵاتێکدا نابێ. و بە سەر هەموو ئەو مانا و واقیعانەدا ڕێ دەکا و هەر دەم لە حاڵی تازەبوونەوە و نوێگەریدایە. زۆر جار دەست دەبا بۆ گۆڕانی ئەو بازنەیەدا کە لە ڕووی عادەت ، بیر و بڕوامان پی بووە و نەمانتوانیوە یا نەمانزانیوە دیلی ئەو چەمکە ماوین. لێرەدا دەبێ بڵێم شێعر دەست بۆ کاولکاری مرۆڤ نابات کاولکاری کە لە شێعرەوە ڕوو دەدا بیر و بڕوای هەڵە و بە دیل کردنی مرۆڤە کە دەست بۆ ڕۆخانی دەبات. ئەمانە ئامانج و ڕێکاری شێعرە. بەڵام وەکوو هەر دیاردەیەکی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسی کە بمانهەوێ بۆ چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت چینی لە پەراوێز نراو وەکوو ژنان لێکدانەوەیەکێ بۆ بکەین کە ژن لە دەقەکاندا چۆن سەیر کراوە کە لە کۆمەڵگای هەر سەردەمێکدا بە پێی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا جیاوازی هەیە ؛ و پیاوسالاری ڕەگی لە هەر شتێکی کۆمەڵگای ئێمەدا داداوە کە باسەکە ئەدەبی کوردەواری بێ شوێن ئەندێشەی پیاوسالارانە زۆر زەقە. لە شێعرە کۆنەکاندا زیاتر بنەمای لە سەر ڕۆمانتیسمدایە و باسی خۆشویستن خاڵی گرینگی ئەم سەردەمەیە ژن وەکوو کاڵایەکی سیکسی دەردەکەوێ لە شێعرەکاندا کە لە لایان پیاوانەوە نووسراوە. واتە وەکوو کەرەستەیەک کە بە هۆی چەندین چەمکی جەستەیەوە پێناسە دەکرێ . ڕەنگە ئەم زمانە بە هۆی ڕەوت و هەل و مەرج و کات و ساتدا بگۆڕدرێت بەڵام ناوەڕووکەکە هەر لە سەر نیگای غەریزە جنسییەکەوە دانراوە. دیارە کە عەشق و خۆشویستن لایەنێکی گرینگی مرۆڤایەتییە بەڵام ئەگەر ئەم لایەنە ببێتە نیگایەک بەس لە غەریزەی سیکسییدا و لایەنی هزری و فیکری کاڵ بکاتەوە دیارە ئەدەبێکی لاوازە. ئەم دیاردەیە لە شێعری فولکلووردا زۆر زەق کراوەتەوە تا ئەو شوێنە کە لە گۆرانییەکانی سەردەمی کۆندا تا کوو ئێستایش هاتووە باس لە سەر کچێکی چواردەساڵە دەکرێ بۆ چێژ بردنی پیاو کە ئێستا لە سەردەمی ئێستادا دەربڕین و کردەوەی ئەو وتەیە تاوانە ، دەبێتە .... یا لە هەندی گۆرانی پیاوانەدا بۆ ئەوەی کارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوە بچێ چەندین ژن دەهێنێ ... شێعری فولکلۆر بە درێژایی مێژووی مرۆڤ لە دایک بووە و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای سەردەمە جیاوازەکانی مرۆڤە . دیارە شێعری فولکلۆر لە سەردەمی کۆنەوە هەتاکوو ئێستا لە سەر زاری خەڵک لە سووڕاندایە و کە زۆربەیان هەستی پیاوان لە خۆی دەگرێ لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت ژن و خۆشویستنی کاڵایەکی جنسی کە مەمکی ژن بە لیمۆ و شەکرەسێو کۆڵمی هەناری و سمت و ڕانی بەفرین و ... کە پڕن لە وشەی سیکسی لە شیکاری و هەڵچوون بە باڵای ژندا. ڕەنگە دەربڕینی کۆمەڵێک لەم وشە سیکسییانە بە لای کۆمەڵگاوە ئاسایی بێ بەڵام کاتێک دەگاتە ژنێکی نووسەر لە لایەن کۆمەڵگا و دەسەڵات و ئایینەوە بێ شەرمییە ژنێک بەو شێوازە بنووسێت. ئەم کاردانەوە ، ڕەنگدانەوەی زۆر لە سەر شێعری ژناندا داناوە هەر لە کۆنەوە ئێمە دەبینین ژنە شاعێری کورد مەستوورە ئەردەڵان کاتێک باسی خۆشویستنی مێردەکەی دەکات زۆربەی ئەو ئاماژانە و دەستەواژانە کە بە کاری هێناوە زۆربەی لە تەشبیهات و هێمای پیاوانە کەڵکی وەرگرتووە ، کە باسی دڵداری دەکا هیچ وشەیەکی جنسییەتی لە دەقەکەیدا نادۆزرێتەوە. لە ئێستادا کە کەسەکان ئەو گۆرانی و شێعرە ئیروتیکانە بە چێژەوە گوێبیست دەبن و ڕەنگە ڕەخنە بێ بۆ فمێنیستەکان بەڵام بە لێکدانەوەی ئەم دەقگەلە و دەرخستنی مێژووی ئەوان من وا بیر دەکەمەوە ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئووستورەکان و سەردەمی زۆر کۆنی دایکسالاری واتە سەردەمێک کە ژن واتە دایک بڕیاردەر بووە و کشت و کاڵ و بوارەکانی ژیان لە ژێر ڕکیفی ئەودا بووە ، کاتێک ئوستوورە و خوداکان ژن بوون ، و مرۆڤ تێکەڵی سروشت بووە و هەموو پێداویستییەکی لە سروشتەوە بە دەست هێناوە و وەکوو جوانیناسانە باسی مەمکی ژن بە پرتەقاڵ و لیمۆ کراوە کاتێک جەستەی بە بەفر شوبهاندووە ؛ کە واتە ئەمانە ڕەنگە سروودە ئایینییەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بێ کە وەکوو سەرچاوەی ژیان و بەردەوام بوونی نەسڵی مرۆڤ بەر ستایشی جەستەیی کەوتووە بەڵام ڕۆڵی جینسی و ئوبژیکتیوی ژن هاتە نێو کتێبەکان و دەقەکان و ئەم چەمکە لە سەردەمی ئێستادا کە ژن و پیاو هەنگاو بۆ یەکسانی کۆمەڵگا هەڵدەگرن و دەبێ چەمکی ئەندێشەیەکی ئازاد زەق بکرێتەوە ؛ ئەم ئەندێشە هەڵگری بچووک کردنەوە مرۆڤی ژندا جەستەی نەماوە واتە باوی نەماوە ، کە لە ئێستادا لە ڕووکەشێکی نوێیدا بەڵام هەر ناوەڕووکێکی کۆن بەردەوام بێ کە لە دەقە ئەدەبییەکاندا ژن وەکوو مەعشووقە و پیاو وەکوو عاشقێکی سووتاو سەیر بکردرێت و هەندێ جاریش ئەو ژنەی کە وەکوو ئوستوورە پیاهەڵوتنەوەیان کردووە دەبێتە کەسێکی بێ ئەمەگ و دەبێ بەردباران بکردرێت و شاربەدەر ، لە ڕاستییدا کە دەبوا قەڵەم قامکی لە سەر ئەندێشەیەکی ژنانە دابنێ ؛ داینەناوە . ئەمەیە کێشەکە... شێعری ئێستا زۆر گۆڕانکاری بە پێی هەڵ و مەرج و ڕەوتی جیهان و کۆمەڵگاکاندا بە سەری هاتووە ، واتە ڕەوتی گۆڕانکاری فیکری و هزری لە هەر ناوچەیەکدا ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەر هەر شتێکی باو لە ئەو ناوچەدا ، و لە کارتێگەری لە سەر ڕەوتی شێعر ؛ بزووتنەوەکانی وشیارییخوازییە لە سەر ڕێگا هەڵەکان کە مرۆڤ دوور دەکاتەوە لە پێشڤەچوون و داهاتووێیکی گەشاوە ؛ وەکوو هەر بزوتنەوەیەک ڕەنگیشە سەرکەوتوو نەبن بەڵام هەر ئەمانە وەکوو دەنگێکە بۆ وشیار کردنەوە چینەکانی کۆمەڵگا ، بەڵام بزووتنەوەکانێک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەکدا بۆ ژیانێکی باشتر هەنگاو هەڵدەگرن لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەیە ، وەکوو شۆڕشی ڕۆژئاوای کورد کە بۆ کەرامەتی مرۆڤ ژن و پیاو شکۆی مرۆڤایەتیان بە جیهان پیشان دا و دیارە ئەمە لە سەر ڕەوتی ژن لە شێعردا گۆڕانکاریەکی مەزنی خوڵقاندووە و ئەو پەیامەی بە ژنان دەدا کە ژن وەکوو مرۆڤێک بە دوای داخوازیە مروویانەی و ڕۆڵی واقعی خویدا هەنگاو هەڵبگرێ ڕەنگە ئەمە هێشتا سەرتای ڕێگا بێ بەڵام ژنی کورد ئاگادار بووتەوە و ژنی نووسەری کورد تێگەیشتووە بە وشە و شێعر و ڕوماندا بەرەنگاری کەرامەتی مروویی خۆیدا بێ و پیاوی نووسەریش بەو ڕاستییە گەیشتووە کە ژن بەشێکی گرینگ و گەورەی کۆمەڵگایە و دەبێ لە نووسیندا بە بیر و هزرێکی قووڵەوە لە ئەندێشە ی ژندا بنووسێ. ژنی شاعیر لە دەقەکانیدا هەوڵ دەدا لە مرۆڤێک بدوێ پێویستی بەم هەموو زەنجیر و کۆت و بەندەوە نییە تا کوو ژنێکی فریشتەیی بێ لە چاوی پیاواندا تا کوو ژنێکی لە چاوی سیستەمی باوکسالاریدا ژنێکی بێدەنگ بێ ژنێکی ڕوماننووس حەول دەدا ژنان لە بنمیچ و چوارچێوەکان بهێنێتە دەرەوە و بەشداری بکات لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا ژنی نووسەر یا پیاوی نووسەر بە دوای کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز و دادپەروەردا دەبێ قەڵەمیان لە سووڕاندا بێت. سنە سوهەیلا مێهەمی
د. كامەران مەنتك ئەوەی لە ئۆكرانیا دەگوزەرێت داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزە لە جیهاندا، روسەكان لەدوای ساڵی (2000) ەوە بەجدی كار بۆ ئەمە دەكەن وسەركەوتنی گەورەشیان بەدەست هێناوە، ئەوان دەیانەوێت حەوشەی جیۆپۆلەتیكی خۆیان بگەڕێننەوە، ئۆكرانیا بۆ روسیا مەسەلەیەكی ژیاریە، چونكە بەبێ ئۆكرانیا دەروازەی ئەوروپا بەرووی روسیا دادەخرێت، هەروەها ئۆكرانیا دەروازەی روسیایە بۆ سەردەریای رەش ولەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست، لەساڵی (2015) بەرامبەر فشارەكانی ناتۆ، روسیا دورگەی كریمی گەڕاندەوە سەر وڵاتەكەی، بەمەش دەرگای بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوە وبەرەی ململانێكانی گواستەوە سوریا، دیارە دەرهاویشتەی ئەمەش لەسەر كوردستان، باشور ورۆژئاوای كوردستان چەند گەورە بووە(پڕۆسەی قەڵغانی فورات وداگیركردنی عەفرین وگرێ سپی وسەرێكانی و16 ئۆكتۆبەر بوو). مەبەستی یەكەمی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمكردنەوە فشارەكانی ناتۆ بوو لەسەر ئۆكرانیا، دوای ئەوەی لە سوریا وتەنانەت لە ئێراقیش سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئێستا گەڕاوەتەوە ودەیەوێت دەروازەی ئەوروپاش بكاتەوە، بەمەش دەتوانێت پڕۆژە ئۆراسیەكەی بكاتە راستەقینە، بۆیە مەسەلەی گەڕاندنەوەی ئۆكرانیا بۆ سەر روسیا تەنیا مەسەلەی كاتە و دوای ئۆكرانیاش گەڕاندنەوەی دەوڵەتانی باڵتیك ووڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات دەست پێدەكات( رەنگ بێت لەسەر ئەم حاڵە لەگەڵ ئەڵمانیا بەپلەی یەكەم وفەرەنسا بەپلەی دووەم بگاتە لەیەكگەیشتن ودۆخەكە بەشێوەیەك دابڕێژنەوە، كە لەگەڵ دۆخی نوێی جیهاندا بگونجێت)، واتە قەیرانەكە بەئۆكرانیاوە ناوەستێت وهەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە دەكەونە چوارچێوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە، ئەمەش رێك واتای شكستهێنانی سیستەمی تاكجەمسەری ئەمریكی وهەڵوەشانەوەی پڕۆسەی جیهانگەراییە. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەگەر روسیا هێرش بكات ئەمریكاو ناتۆ بەرگری لە ئۆكرانیا دەكەن؟ ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە هەیە، وەك سەرۆك ئەركانی پێشووتری ئەمریكا گوتی، لەهەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی نێوان ناتۆو روسیا، ناتۆ ناتوانێت لە 60 كاتژمێر زیاتر بەرگە بگرێت، سەرباری ئەوەی هەندێك لەوڵاتانی ناتۆ، لەوانە ئەڵمانیا، روسیا بەقووڵایی جیۆپۆلەتیكی خۆی دەزانێت وهەرگیز ئامادەیی نیە سەرەڕۆییەكی لەو شێوەیە بكات، بە هەمان شێوە روسیاش نایەوێ هەڵەی جەنگی یەكەمی جیهانی دووبارە بكاتەوە بچێتە ناو بەرەیەكەوە دژی ئەڵمانیا، وەك وەزیری ناوخۆی روسیای تەزاری بەر لەدایسانی جەنگی یەكەمی جیهانی، لە راپۆرتێكیدا بۆ تەزار، كە دوای روخانی سۆڤیەت ئاشكرابوو، هۆشداری دا، كە نابێت روسیا ببێتە هاوپەیمانی بەریتانیەكان دژی ئەڵمانیا، لەبەرئەوەی ئەڵمانیا وروسیا بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیكی گرنگیان بەیەكەوە هەیەو ئەگەر بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانیەوە، ئەوا هەردوو ئیمپراتۆریای ئەڵمانی وتەزاری هەڵدەوەشێنەوە، دیارە ئەو پێشبینیە هاتە دی وهەردوو ئیمپراتۆریا هەڵوەشانەوە، ئەو خوێندنەوە جیۆستراتیژیەی وەزیری ناوەخۆی روسیا بۆ ئێستاش راستە، بۆیە نە ئەڵمانیا، نەروسیا رێی تێناچێت بچنە ناوشەڕێكی لەو شێوەیەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بونیاتی ناتۆ پتەو نیەو ئەگەری هەڵوەشانەوەی بەهێزە، ئەگەر ئەو گریمانە راست دەرنەچێت وگریمانەی چوونە ناوشەڕەوە بێتەدی، ئەوە وەك ئاماژەمان پێكرد، ناتۆ لەچەند كاتژمێرێكی كەم زیاتر ناتوانێت بەرگە بگرێت!. هەرچی ئەمریكایە، ئێستا هێزی ئەو وڵاتە (هێز بە واتا فراوانەكەیەوە) لە پاشەكشەدایەو ناتوانێت خۆی بخاتە ناو جەنگێكی جیهانیەوە، چونكە هەر جەنگێكی لەو شێوەیەیە دەشێت ببێتە هۆی داڕمان وهەڵوەشانەوەی خودی ئەمریكا، بۆیە یەكێك لەئەگەرەكان، مەسەلەی ئۆكرانیا رێك كەوتنێكی ژێر بەژێری نێوان ئەمریكاو روسیا بێت لەسەر داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز بەشێوەیەكی هێمنانەو ئیدارەدانی جیهان بە هاوبەشی، كە ئەوە لە هەموو ئەگەرەكان بەهێزترە، لەبەرئەوەی مرۆڤایەتی بەهۆی ئەو چەكە مەترسیدارانەی لەبەردەستی دایە ئامادە نیە بچێتە ناو جەنگێكی جیهانیەوە، ئەگەر ئەو سەرەڕۆییەش بكرێت، ئەوە ئەو شەڕە زۆر بەخێرایی تەشە دەكات وزۆربەی ناوچە ستراتیژیەكانی جیهان دەگرێتەوە، لەوانەش كوردستان، كە بەداخەوە رەنگ بێت دیسان وەك جەنگی یەكەمی جیهان ببێتە گۆڕەپانێكی خوێناوی ئەو شەڕە وزەرەرمەندی یەكەم دەبێت، بەڵام ئەو گریمانەیە نزیك نیە!
مستەفا شێخ محەمەد. لە دوا نوسینی دا" مەسەلەی کورد و حیکایەتێکی کوژراو" مەریوان وریا قانع، نوسەری ناسیۆنالیستی کوردستانی عێراق، لە پێگەی درەومیدیا، دوبارە وتارێکی مرداری بۆ چیرۆکێکی نەبوو نوسیوە. پێش ئەوەی رەخنەی تێروانینەکەی بەرێزیان بکەین، کە لە "درەو میدیا " نوسیویەتی، دەبێت ئەوە وەبیر نوسەر و خوێنەران بێنیینەوە، کە هەر شتێک بنەمایەکی فکری نەبێت ناتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دابنێت، تا ئەندازەیەکی زۆر، کاریگەری نووسیین و هەوڵ و تەقەڵای نوسیین و رەخنەکردنی سیستەم لە لایەن نوسەرانی کورد، لە دە تا بیست ساڵی رابردوو، لەسەر پرسە سیاسییە گشتییەکان لە کۆمەڵگەی کوردی زۆر لاوازە، ئەم لاوازیە لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی نەبونی بنەمایەکی ( فکری سیاسییە) لێرەدا کە باس لە مەسەلەی کورد ئەکرێت لە عێراق پێوەرەکانی ئەومەسەلەیە لە روانگەی فکری و سیاسیی و دەستوریەوە چین؟ خۆ دەبێت رێرەوێک هەبێت لێیەوە هاوکێشەکان ببینین و تێیان بگەین ئینجا شرۆڤە و رەخنەیان بکەین.. !! ئەوەتا کاک مەریوان لە وتارەکەی بەوشێوەیە وەسفیی مەسەلەی کورد ئەکات " جەوھەری مەسەلەی کورد لە وڵاتێکی وەک عێراقدا مەسەلەی گۆڕانی ”میلەت“ ێکە بۆ ”کەمینە“یەکی ئەتنی. لە ڕووی مێژووییەوە ئەم گۆڕانە بەھۆی کۆمەڵێک ھاوکێشەی ناھاوسەنگ و پەیوەندیی کۆلۆنیالی و نێودەوڵەتیی و ناوچەییەوە، ڕووئەدات، لەناو دەوڵەتێکی تازەدروستکراویشدا کە ڕەگەزێکی تائیفی بەھێز لە دروستکردن و پێکھاتەکەیدا، بەشدارە. ئەم ”بەکەمینەبوون“ە لەناو دەوڵەتێکی نادیموکرات و دەسەڵاتگەردا، ژیێرخانی سیاسیی سەرەکیی و بنەڕەتیی مەسەلەی کورد دەستنیشاندەکات. ئەو مانایانەش کە چەمکی ”مەسەلەی کورد“ لەم ڕەوتەدا لەخۆی دەگرێت، پابەستە بە بەرگریکردنی ئەو کەمینە ئەتنیەوە لە کۆمەڵێک مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی کە دۆخی کەمینەبوونەکە دەیانسەپێنێت. بە کورتییەکەی لەپشتی چەمکی ”مەسەلەی کورد“ەوە شوناسێکی سیاسیی و کولتوریی پەراوێزخراو و چەپێنراو ئامادەیە کە بۆ مانەوەی بەرگریی لە کۆمەڵێک ماف و بەھای ئینسانیی و دیموکراسیی دەکات، خۆی وەکو ھێزێک بۆ دروستردنی ژینگەیەکی سیاسیی و ئینسانیی مافپەروەر و ڕێزگر لە مرۆڤ، نمایشدەکات" ئەمە پێناسەی مەسەلەی کوردە لای کاک مەریوان بەئاشکرا دیاڕە، نەیتوانیوە پێناسەی بکات، هەرشتێک و هەر کێشەیەک نەتوانی پێناسەی بکەیت، چۆن دەتوانی چارەسەری بۆ پێداویستیەکانی دابنێیت؟ بۆی واباشترە جارێ کاک مەریوان پێناسە دروستەکە بکات بۆ کێشەکە بکات. نوسەرانی کورد لە چوارچێوەی کوردایەتییدا رەخنەی دەسەڵات ئەکەن، ئەوەش شتێکە هیچ کات ئەنجامێکی نییە، چونکە "کوردایەتیی" تێزێک نیە، بەشیعر وەزن و قافییەی بۆ دانێیت، فکرێکیش نییە بە یاسا لە قاڵبی بدەیت و بیخەیتەوە بەردەم بەرپرسیاریەتی دەق و بانگەشەکانی خودی فکرەکە ، بەڵکو دەستەواژەیەکی جادوییە، بەدەست دەسەڵاتدارانەوە، هەندێک لە نوسەرەکان وەک ئایینێک تەماشای ئەکەن، هەندێکیشیان وەک ئایدلۆژیایەک،هەندێکیان وەک جادوی رزگاریی و بۆ دەسەڵاتیش ئەو چەمکە سەدان ملیار دۆلار و دەسەڵاتی ڕەها لەسەروی یاسا و تەنانەت گەلی کوردستانیش ئەیبینن.! کاتێک نوسەرانی کورد لەم روانگەیەوە رەخنە دەگرن، بەداخەوە کە زۆربەی ماندوبویانن بەفیرۆ چووە، ئەم باسە هەقە لەسەری بنوسرێت و پرسیاری لەسەر بکرێت، بۆچی نوسەری کورد ناتوانێت کاریگەری دابنێت لەسەر کۆمەڵگە؟ کاتێک تۆ باس لە شتێک ئەکەیت کە بەلای دەسەڵات بوونی نییە، کاتێک باسی شتێک ئەکەیت کە تا ئێستا لە ناو کۆمەڵگاش جێگیر نەبووە، کاتێک باسی شتێک ئەکرێت کە لە قاڵبی شیعارێک رەتی نەداوە، بۆ کردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێ گومان ئەنجامێک ناگریتە دەستەوە، ئەمە رێک ئەو خاڵەی، کە نزیکەی هەموو ماندوبونی نوسەران و خوێنەرانی کوردی بەهەدەرداوە، کە لەسەر پرسە سیاسیەکان بە چاویلکەی قەومیەوە ئەخوێننەوە. لە دوا وتاریدا، کاک مەریوان، باس لە حیکایەتێک کوژراو دەکات، لە لایەن دەسەڵاتداریەتی کوردیەوە، مرۆڤ راستگۆبێت، هیچ حیکایەتەکە نیە، کاتێکیش حیکایەتێک نیە چۆن دەکوژرێت؟ کاک مەریوان بەزۆری زۆرداریی دەیەوێت، دەسەڵاتیی کوردی بەمەسەلەی کوردەوە گرێبدات، کۆمەڵێک گلەیی دەکات و دەڵێت بە مەسەلەی کوردەوە پیوەست نیین.! خەمی ئەوەیەتی میللەتێک چۆن دەبێ بکرێتە کەمیینە.! نوسەر لە سەر دوو راستی خۆی بواردوە( میلەتان لە روی ڕێژەی دانیشتوانەوە، جیاوازن بۆ نمونە چینیەکان لە کۆریەکان ژمارەیان زیاترە، وەک چۆن هۆڵەندیەکانیش لە ئەڵمانەکان کەمترن، بەهەمان شێوە عەربەکان لەو ناوچەیە زۆریین کورد و فارسەکان کەمترن و ئەمە مەسەلەیەکە پەیوەندی بە پەرەسەندنی دانیشتوانەوە هەیە) ئەگەر بۆ بەدێوکردنی ئەوانیدکە نەبێت بۆچی باسکراوە؟ دووەم مەسەلەی کورد لە کوردستانی عێراق دوای 2003 کۆتایی پێهاتووە، خەڵکی کوردستانی عێراق لە 2005 بڕیاری داوە کە لەگەڵ عێراق بژێت و دەنگی داوە، لەسەر بنەمای دەستورێک، ئەمە بڕاوەتەوە، بەڵام ئەوەی بەردەوامە و بەردەوامیش ئەبێت کێشە و ناکۆکیی نێوان سیاسییەکانە، ئەمەش ئاشکرایە کە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی کەسیی و حزبییەوە هەیە، لەسەرتاسەری عێراق و هەرمی کوردستانیش، ئەو دۆخەی کە هەیە دەرهاویشتەی هەنگاوی سیاسییەکانە، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانییان کار بۆ ئەجێندای ناعێراقیی دەکەن و ئەو بەرژەوەندییە دژبەیەکانەش عێراقی کردۆتە مەیدانی پێکدادانی هێز و گروپەکان و هەموو هێزەکان لێرە کاتێک روبەروی یەکتر ئەبنەوە، بەهۆی گرفتی قەومییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی پێکدادنی بەرژەوەندی ئەوانی دیکەیە، پێویستە کاک مەریوان و هەموو نوسەرێکی ناسیۆنالیستی دیکەش کە فوو بەکەرەنای قەومیی دا ئەکەن، هۆکاری راستەقینەی کێشەکان لە بەرچاو رابگرن، ئەو بابەتە ئیسپاتاتی مێژووی زۆری هەیە و باشترە تەرکی بکەین لێرەدا. بۆ هەموو نوسەرێک وەها جوانترە و باشترە، کە رێز لە رای خەڵکە بگیرێت، هاوکێشە سیاسیەکان ببینرێن و بەخەیاڵی دۆنکیشۆتیانە لە بازنەی بەتاڵ نەسورێنەوە، چونکە شرۆڤەکردنی سیاسەت لە پەنجەری فکری قەومیەوە، بەتایبەت کە بیرکردنەوەیەکی سیاسی و ستراتیجێکی روناکی نەبێت، سورانەوەیە لە بەتاڵی ؟ لەو چوارچێوەییەشدا، جێگای خۆیەتی بپرسین ئاشکرایە کە سیاسیەکان چ کەڵکێک لە بەرۆژڤداهێشتنەوەی مەسەلەی قەومی دەبینن، بەڵام بۆ چی کاک مەریوان دەیەوێت ئەو مەسەلەیە بەردەوام لە رۆژڤی میدیا و خەڵک بمێنێتەوە؟ بەگشتیی کۆی وتارەکە زیندوکردنەوەیەکی کۆمەڵێک نووسینی کۆنی نوسەر خۆیەتی، دەتوانین بەوشێوەیە ووتارەکە پوخت بکەینەوە "کورد لە عێراق دەبێت یەکگرتوو بێت، لە کەمیندابێت رێگا نەدات ئەوانی دیکە بێن، قوتی بدەن و لەناوی ببەن، چونکە ئەوانیدیکە هەموویان دژی میللەتی کورد و کێشەی کوردن" لەم روانگەیەوە پێیوایە شەرکردن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار زیان لە مەسەلەی کورد ئەدات..! لە کاتێکدا مەسەلەکە چۆنیەتی ئیدارەدانی دەوڵەتە، نەک مەسەلەی کورد، هەروەها پێیوایە ئەو ئەقڵییەتە سوڵتانییەی هەیە وادەکات خۆی هەراج بکات لەبەردەم ئەوانیدی نا کورددا، ئەمەش بۆ مەسەلەی کورد بە مەترسیی ئەزانێت، پێیوایە شەرمێکی نەتەوەییە، کەواتە کاک مەریوان وریا قانع رەخنەی لە سوڵتانی کورد هەیە، لەبەر یەک هۆکار (کەمتەر خەمیان لە مەسەلەی قەومیی کردوە، نەک هیچ هۆیەکی دیکە). بەرێزیان سنوری بیرکردنەوەی زەمەنی حاجی قادری کۆیی شاعیری تێپەر نەکردوە، کە داوای یەکێتی و یەکگرتنی کوردیان کردوە، سادەترین ئیشکالی ئەم داوایە لەوە دایە، کە نەکورد و نە هیچ میللەتێک یەکگرتوو یەک رەنگ لەسەر ئەو زەوییە بوونی نییە، ئەوەی لەناو میلەتان هەیە چوارچێوەی یاریکردن و دارشتن و پێشخستنێکی رێکخراوە، کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی لە سەر ئاستی گشتی کاری لەسەر دەکرێت، میلەتان لە سەر بنەمایەکی فکری و سیاسی پڕۆژکانیان بەئەنجام ئەگەیێنن، هەریەکێک ئەیەوێت بەهۆی پڕۆژەکانی گەلەکەی سودمەندبێت، بەڵام نوسەری کورد ئەیەوێت و دەخوازێت میلەتەکەی وەک( گیسکی هەیاس بێت) تا ئێستا ئەکادیمیستی کورد لە بازنەی بەتاڵی گوتاری" ئەی کوردینە ئەی مەردینە یەکگرن" دەخولێتەوە، هەتا ئێستا تێنەگەیشتوون کوردایەتی فکرێکی سیاسی نییە، کۆمەڵێک ئاکاری ناسیاسییە، بەسیاسەتەوە گرێدراوە، کەچی کاک مەریوان بەدڵشکاویەوە، دەڵێت لەمێژە درکم پێکردوە ئەم دەسەڵاتدارییە کە مەبەستی پەیرەوانی کوردایەتیە، بۆ بەرژاوەندی خۆیان ئیش دەکەن، لە راستیدا درک کردنەکەی بەرێزیان بێ ئومێدی نەکردون لە سەر ئەو شتەی کە بونی نییە. نووسەر ئەبێت بەراشکاوی پێی بگوترێت، هیچ گرفتێک لە سیاسییەکان و کارەکانیان نیە، بەڵکو گرفتەکە لە میتۆدی بیرکردنەوەی خۆتە، کە تا ئێستاش هەوڵت نەداوە، وەک ئەکادیمییەک بیر لە گۆرینی ئالاتەکانی بیرکردنەوەتان بکەنەوە، یان راست بڵێین ناتانەوێت، لە مێژووی خۆتان هەڵگەرێنەوە، کە لەسەرتاوە، بەبێ بونی چواڕچێوەیەکی فکری هێناوتانە، ناتانەوێت بە سادەیی بەخوێنەرەکانتان بڵێن ئەو دیدەی ئێوە سی چل ساڵە لەگەڵی ئەژین و دەربارەیی ئەنوسن، کە کوردایەتییە، هیچ ئەساسێکی زانستی نەبووە، بەڵکو دوای کۆمەڵێک روداو کۆمەڵێک گوتاری سیاسیەکان کەوتوویین. کێ دەڵێ مەرجە مافەکانی کورد ئیلاو بیلا دەبێت بەهۆی ترس لەناکورد بەدەست بێن؟ کێ دەڵێت مەرجە ئیلاو بیلا ئەگەر کوردایەتی نەبێت کورد یەتییم ئەبێت؟ لەکاتێکدا حەرەکەی ناسیۆنالیستی کوردی ئەوپەری باسەدەیەک بێت هەیە، خێرە باپیرانی کورد گورگ نەیخواردن و لەناون نەچوون؟ کێ دەڵێ مەرجە ئیلاو بیلا ئەبێت، هەموو میللەتی کورد دەبێت بەیەک ئاواز بقیرێنێت ئینجا ئەتوانێت خۆی بپارێزێت؟ هەموو ئەو گریمانانە لە روی زانستی سیاسیەوە، بێ بنەمان، ئایا بەشیعر و سۆزداری کورد رزگار ئەکرێت؟ لە کۆتایدا بەباوری من ئەو گوتارەیی کاک مەریوان یارمەتی گەلی کورد نادات لە خۆی تێبگات، هەنگاو بە ئاراستەیی گۆڕانکاری لەخۆییدا بنێت، ئەم جۆرە گوتارە مرۆڤی کورد وا لێدەکات، لە شوێنی خۆی بوەستێت، نەجوڵێت، بێ هیوا بێت، ئێستا ئەو دەنگانەی لە کوردستان رەخنەیی گوتاری قەومیی ئەکەن، لەخۆڕا و بێ بنەما نییە، گوتاری قەومی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی شکستی خواردوە، لە دوای خۆشییدا بەسەدان کێشە و ئاشوبی ناوەتەوە، ئەگەر زۆر دوریش نەڕۆیین ئەوتا تورکیایی ئەردوگان و عێراقیی دوای سەدام و میسریی فیرعەونەکان لە پێشچاوە، سەنگافورا و پێشکەوتنی ئەوروپیەکانیش دوای جەنگی جیهانی دووەم و بەتایبەتی لەسەردەمی کرانەوە و دروست بوونیی یەکێتی ئەورپا، کە نوسەرەکان و میدیاکانیان لە جیاتی نیشاندانی ترس لەوانیدیکە، خەریکی ئاراستەکردنی کۆمەگاکانیان بوون بۆ بنیات نانەوەی نیشتییمانەکانیان و رێزگرتن لە جیاوازیەکان. بەیەکەوە ژیان لەگەڵ گەلانی ناوچەکە لە پاڵ هەبونی فکرێکی سیاسی کە پشت بە هێزی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان ببەستێت، زۆر زیاتر خزمەتی مرۆڤی ئێمە ئەکات، سیاسەتی بەنەفرەتکردنی عێراق وەک وڵاتێکی فاشیل پاڵنای عێراق و عێراقیەکان بۆ ناو دۆزەخ لە باشترین دۆخدا ئەمانکاتە دراوسێی دۆزەخ. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد ئەبێت دوای سەدەیەک لەتەبەنی کردنی گوتاری قەومی لەژێر تایتڵی کوردایەتییدا، بەرەو لێکدانەوەیەکی زانستی سیاسی ورد بڕوات کە ببێتە، هۆی گەشەکردنی ئینسانی کورد لە هەموو روێکەوە، ئەو گوتارەیی کە هەمیشە مرۆڤی ئێمە ئەخاتەوە، ناو ماڵی خۆی گوتارێکی بێ کەڵکە، نەگوتنی زۆر باشترە لە گوتنی، لە کۆتاییدا ئەپرسیین هێزە سیاسیەکانی کوردستانی عێراق ئەگەر لە جیاتی شیعاری بەتاڵ خاوەنی فکرێکی سیاسی بووناییە، یان لانی کەم کوردایەتی فکرێکی سیاسی بووایە، ئێستا دۆخەکەی بەو شێوەیە ئەبوو؟ بێ گومان نەخێر . کەواتە کاک مەریوان پێمان بڵێ چیرۆکەکە لە کوێ کوژرا و لەکوێدا هەڵەکە رویدا، ئەو فرمێسکانەی لەناو دێری ووشەکان دەرژێنە زهنی خوێنەرەوە دەکرێت چی بۆ گەلەکەمان بئافرێنن؟
یونس جاف جهنگی سارد، یهكێك لهو چهمك و زاراوانهیه كه له فهرههنگی سیاسی نوێدا ڕهنگدانهوهی زۆری ههیه، ئهویش بههۆی ئهو كاریگهرییهی له ههموو ڕوویهكهوه بهسهر ژیانی مرۆڤایهتی و سیاسهتی جیهانیهوه بهجێی هێشتووه. ئهم جهنگه به حاڵەتێکی گرژی جیۆپۆلەتیکی نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دهدرێته قهڵهم، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە (1939-1945) بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت و هێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکاو ئەوانی تر بووه. هەرچەندە مێژوونووسان نەیانتوانیوە بگەنە کۆدەنگییەکی تەواو لەسەر هێڵی کات، بەڵام ئەوە پەسەند دەکرێت کە سەردەمی جەنگی سارد لە ساڵی (1947) دەستی پێکردووهو لە ساڵی)1991( به دابهشبوونی یهكێتی سۆفیهتی گهوره كۆتایی هاتووه. هۆکاری ئەوەی پێی دەوترێت جهنگی سارد ئەوەیە کە هیچ لایەنێک ڕاستەوخۆ جهنگ لەسەر یەکتر ڕاناگەیەنێت، یاخود جهنگهكه له فۆڕمی بهكارهێنانی چهكدا لهنێوان دوو لایهنی ڕكابهردا نهبووه، بەڵکو لە جیاتی ئەوە، پتر له ڕهههندی ئابووریهوهو له ڕێگای جهنگی به وهكالهتهوه ئامانجهكان جێبهجێ كراون. یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا کە شانبەشانی یهكتری جهنگیان بهرامبهر به ئاڵمانیای نازی كرد، بهڵام دوای جهنگ له ڕووی ئابووری و سیاسیهوه جیاوازی و ناكۆكی زۆر له نێوانیان دروستبوو، چونكه یهكێتی سۆڤیهت وڵاتێكی ماركسی-لینینیی بوو كه لهلایهن حزبی شیوعیهوه بهڕێوه دهبرا، بهڵام به پێچهوانهوه ئهمریكا له پرۆسهی حوكمڕانیدا ڕێبازهكهی بریتی بوو له پهیڕهویكردن له سیستهمی سهرمایهداری. له یهكێتی شۆڤیهتدا حزبی شیوعی کۆنترۆڵی میدیا و سێكتهری سهربازی و ئابووری و چەندین دامەزراوەی دیکەی کردبوو، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، چونكه یەکێتی سۆڤییەت لە ڕووی ئابوورییەوە پشتگیری پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهانی دەکرد و پتر لهچوارچێوهی سیستهمێكی ئایدۆلۆجی سهرتاپاگیردا خۆی نمایش دهكرد، ئهمهش یهكێك لهو ڕهخنانهی ئاراستهی ڕهوتی كۆمۆنیستی ئهو كاته دهكرێت، كه له زۆر ڕووهوه له پرانسیپی ڕاستهقینهی (كۆمۆنیستی-ماركسی) لایاندابوو. ململانێی ئهو دوو بلۆكه (رۆژههڵات) و (ڕۆژئاوا) جیاوازه بهردهوامی ههبوو، ههر یهكهی لهڕووی ئابووری و چهكهوه به تایبهتی چهكی ناوهكی له پێشكهوتن و پێشبڕكێدا بوون، ئهمهش مهترسی بهردهوامی لهسهر جیهان دروستكردووه، بهڵام نهگهیشتووه به ئاستی پێكدادانی سهربازی، بهڵكو پتر له جهنگی دهروونی و ههروهها ململانێ لهسهر پێشكهوتن و گهیشتن به بۆشایی ئاسمان بووه. لهههمانكاتدا كۆمهڵێك گروپ و وڵاتی بچوك ههبوون كه ههوڵیانداوه به بێ لایهنی بمێننهوهو ببنه هۆكار بۆ چارهسهركردنی ململانێی نیوان ئهو دوو زلهێزه، بهڵام كاریگهرییهكی ئهوتۆی نهبووهو له كۆتاییدا تا یهكلابوونهوهو بهلایهكدا كهوتنی كێشهكان ململانێكان بهردهوامیان ههبووه. ههڵوهشانهوهی یهكێتی سۆڤیهت یاخود شكان و بهزینی بلۆكی (رۆژههڵات)ی، نهبووه هۆكاری ئهوهی كه ئهو بلۆكه پهنا بباته بهر بهكارهێنانی چهكی ناوهكی، له كاتێكدا دهیتوانی ئهو كاره بكات و زیانێكی زۆر به مرۆڤایهتی بگهیهنێت، یاخود ببێته هۆكاری گێڕانهوهی مرۆڤایهتی بۆ چهندین سهدهی لهمهوپێش. لێرهدا پرسیار ئهوهیه بۆ بهكارنههێنانی چهكی ناوهكی چ شتێك ڕێگر و لهمپهر بووه لهبهردهم سۆڤیهتدا؟ ههستكردن به بهرپرسیارێتی بهرامبهر جیهان و مرۆڤایهتی؟ یاخود نهویستووه مێژوو ناوی بخاته پاڵ ناوی ئهمریكا كاتێك له هێرۆشیما و ناكازاكی بۆمبی ئهتۆمی بهكارهێنا؟ ئایا ئهم ههنگاوه عهقڵانیهی سۆڤیهت نهبووه هۆكار بۆ ئهوهی دوای ئهو شكسته مهزنه، تهنیا دوای یهك دهیه دهست به ههستانهوهو جوڵه بكاتهوه؟! جهنگی حیهانی دووهم لهگهڵ ههموو ئهو وێرانكارییهی بهسهر مرۆڤایهتی و جیهانیدا هێنا، بهڵام دهرگایهك بوو بۆ جیهانێكی نوێ و شێوازێكی نوێی ململانێ لهنێوان زلهێزهكاندا. كۆتا ههنگاوهكانی (ئهدۆڵف هیتلهر 1889-1945)، بۆ داگیركردنی جیهان له له روسیادا وهستێنران و له ئهنجامدا لهسهر دهستی یهكێتی سۆڤیهت كۆتایی به سهركێشیهكانی (هیتلهر) و (نازیهت) هێنرا، له ههمانكاتدا كۆتایی به جهنگی دووهمی جیهان هێنرا، ئهمهش هێزو توانای یهكێتی سۆڤیهتی لهسهر ئاستی جیهان بهرز كردهوه و جۆرێك له غرووریهتی به (ستالین) و یهكێتی سۆڤیهت بهخشی، بۆیه یهكێتی سۆڤیهت مافی ئهوهی بهخۆیدا كه دهست وهربداته كاروباری ههموو ئهو وڵاتانهی كه حزبی شیوعی و فكری (ماركسی-لینینی) تێدا گهشهی كردبوو یان حوكمڕان بوو، له ههمانكاتدا له ههر وڵاتێكهوه جۆرێك له ههڕهشه یان ویستی ململانێ و زیانگهیاندن به یهكێتی سۆفیهت ههستیپێكرابایه، ئهوا یهكیتی سۆفیهت بهشێوازی ئهو كاتهی خۆی وهڵامی ئهدایهوه، ئهم ههنگاوهی یهكێتی سۆڤیهت نیگهرانی ئهمریكا و هاوڕێ هاوپهیمانهكانی لێكهوتهوه و كهوتنه دژایهتیكردنه ههنگاوهكانی یهكێتی سۆڤیهت. لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا یارمەتی سەربازی و ئابووری پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا کرد و پشتگیری بەرەی دژە کۆمۆنیستەکانی شەڕی ناوخۆی یۆنانی کردو ناتۆی دامەزراند. لە ساڵی 1948 و 1949 گەمارۆکانی (بەرلین) بوو بە یەکەم قەیرانی سەختی (جەنگی سارد)، ههروهها سەرکەوتنی بەرەی کۆمۆنیستی لە شەڕی ناوخۆی (چین) و شەڕی (کۆریا) لە ساڵانی 1950 و 1953 بهرهی ململانێكانی نێوان ئهو دوو بلۆكهی فراوانتر كرد. لهلایهكی ترهوه ههردوولا ههوڵیاندهدا بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەمریکای لاتین زیاد بکەن و وڵاتانی ئەفریقی و ئاسیایی بخهنه ژێر ڕكێفی خۆیانهوه. چهند ڕووداوێكی تر هۆكاربوون بۆ پتر درێژهكێشانی ململانێكان، قهیرانی شۆڕشی (ههنگاریا) له 1956. قەیرانی (سویز) لە ساڵی 1956، قەیرانی (بەرلین) لە ساڵی 1961 و قەیرانی مووشەکی (کوبا) لە ساڵی 1962. قهیرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی (بەهاری پراگی) ساڵی 1968ی لە (چیکۆسلۆڤاکیا). قهیرانی جهنگی (ڤێتنام) لهنێوان ساڵانی 1955-1975. له دوای ئهم ڕووداو و ململانێیانه، هێزو توانای یهكێتی سۆڤیهت به ئاستێكی دیاریكراو ڕووی له پاشهكشهكردووهو ئهمریكاو هاوپهیمانهكانی پتر ڕوویان له گهشهو پێشكهوتن كردووه. له ساڵانی 1970 ههوڵی دروستكردنی پهیوهندی و گفتوگۆی كراوه دراوه، لهلایهكی ترهوه ئهمریكا گفتوگۆی لهگهڵ (چین) كردووه، ئهویش به مهبهستی دروستكردنی فشار لهسهر یهكێتی سۆڤیهت بۆ ئهوهی به داواكارییهكانی ئهمریكاو سیستهمی سهرمایهداری ڕازی ببێت، بهڵام لهگهڵ دروستبوونی جهنگ و ئاڵۆزی لهنێوان یهكێتی سۆڤیهت و (ئهفغانسان) 1979-1989ز و دواتر شكستی ڕووسیا بههۆی پشتگیری ئهمریكا بۆ بزووتنهوهی بهرههڵستكاری ئهفغانسان، وایكرد، گفتوگۆكان كۆتاییان پێ بێت. لێرهدا ڕووبهڕووی ئهو فاكته زیندووه ئهبینهوه كه ئهمریكا چۆن گهشهی به بزووتنهوهی توندڕهوی (تالیبان) و (قاعیده) داوهو له كاتی خۆیدا یارمهتی داون و دژ به یهكێتی سۆڤیهت بهكاریهێناون، دواتر ههر خۆی بههۆی ڕووداوی (11) ی سێپتێمبهرهوه ههوڵی لهناو بردن و كۆتاییپێهێنانیدان و پتر له (21) ساڵ له جهنگدابوون، بهڵام جارێكیتر له (2021) ڕێككهوتنی لهگهڵ كردن و هێنانیهوه بۆ سهر تهختی شانۆی سیاسی ئهفغانسان. ئهمه گوزارشت له بنهماو جهوههری سیستهمی سهرمایهداری دهكات، كه هیچ كاتێك لهسهر بههاو بڕوایهكی جێگیر ناوهستێت، بهڵكو بهپێی سیاسهتی ڕۆژ بهپێی ئاستی سوود و قازانج ههڵسوكهوت لهگهڵ ڕووداوهكاندا دهكات، ئهوهی ئهكرێت ئهمرۆ ڕاست بێت و به سوود بێت، ئهكرێ دوای چهند رۆژێكی تر بههاو سوودو قازانجی له دهست بدات، ئهشكرێ له داهاتوو دووباره بههاو سوودو قازانجهكهی وهربگرێتهوه. دوا به دوای توندبوونهوهی ململانێكان، به پشتیوانی ئهمریكا له دژی سۆڤیهت لە وڵاتانی بلۆکی (ڕۆژهەڵات) و بەتایبەتی لە (پۆڵەندا) داواکانی سەربەخۆیی نەتەوەییش دەستیان بە زیادبوون کرد، (گۆرباچێڤ)ی سهرۆكی ئهوكاتهی یهكێتی سۆڤیهت ڕەتیکردەوە کە پشتگیری ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە بکات. حزبی شیوعی کە فەرمانڕەوایی یەکێتی سۆڤیەتی دەکرد، هەروەها کۆنترۆڵی لەدەستداو لە دوای هەوڵێکی کودەتای ناسەرکەوتوو لە مانگی ئابی (1991)دا قەدەغە کرا، بەم شێوەیە یەکێتی سۆڤیەت لە کانوونی یەکەمی (1991) بە فەرمی لە ناوچوو و ڕژێمە کۆمۆنیستەکان لە (مەنگۆلیا و کەمبۆدیاو هتد..) ههرهسیانهێنا. ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک تاکە زلهێزی جیهان مایهوه. بەو شێوەیە شەڕی سارد کۆتایی هات. تا ئێستاش ئهمریكا وهك تاكه زلهێزی جیهانی مامهڵه دهكات، له ڕووی هێزی ئابووری و سهربازیهوه لهپیشهوهیه، بهڵام له ههمانكاتدا بههێزبوونهوهی ڕوسیاو ههروهها نزیكبوونهوهی (ڕوسیا و چین) لهیهكتری كێشهی بۆ ئهمریكا دروستكردووهو نزیكه لهوهی كه هاوسهنگی هێز دروست ببێتهوه و تهنانهت ئهگهری ئهوه نزیكه كه توانای هێزی (ڕوسیا و چین) بهیهكهوه ببێته هۆكاری ئهوهی كه چتر ئهمریكا وهك تاكه زلهێزی جیهان نهمێنێتهوهو مهیدانهكه چۆڵ بكات. قهیرانی ئۆكرانیا له ئێستاداو له دوای گهشهكردنهوهی ڕوسیا جارێكیتر ململانێكان ڕووله زیادبوونن، خاڵی سهرهكیش بریتیه لهو زهویانهی كه یهكێتی سۆڤیهت له دهستیداون و له ئێستادا دهیهوێ وهریانبگرێتهوه، بۆ نموونه كێشهی (ڕوسیا و ئۆكرانیا) یهكێكه لهو كێشانه. ئایا ئهمه بهو واتایه نیه كه جارێكی تر (جهنگی سارد) سهریههڵداوهتهوه له ئێستادا زۆر بههێزترو جیاوازتره له سهرهتاكهی؟ سهرهتا ئاماژهیهكی كورت به مێژووی (ئۆكرانیا) ئهدهین. لە (ئۆکراینا)ی ئەمڕۆدا ئەوە قەبووڵ دەکرێت کە (سێسیەکان) یەکەم کۆمەڵە بوون بنهماكانی دەوڵەتیان لە ئۆكرانیا دامەزراند، دوای فەرمانڕەوایی (هونەکان)، لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەمدا، هۆزە (سلاڤییەکان) لەسەر خاکی (ئۆکرانیا) جێگیر بوون. دواتر ناوچەی ئۆکراین بوو بە ماڵی زۆرێک لە هۆزە (سلاڤییەکان). لە سەدەکانی (12-13) بە هەڵوەشانەوەی ڕووسیای (کیێڤ) و بوون بە بنەما سەربەخۆکان، خاکی ئۆکرانیای ئێستا کەوتە ژێر دەسەڵاتی (مۆسکۆ و بیلاڕووس). لە ئەنجامی شەڕەکانی (عوسمانی و پۆڵەندی 1672-1676) پارێزگای (پۆدۆلیا) لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەی (پۆدۆلیا)ی مێژوویی دامەزرا کە باشووری ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئۆکرانیای گرتەوە. ههروهها لە کۆتایی جەنگی (عوسمانی و ڕووسیای 1676-1681) ڕێکەوتنی (بەهیچسارایی) لە (کریمیا) لە نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و خاناتی کریمیا و ئیمپراتۆریەتی تزاری ڕووسیدا واژۆ کرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە بۆ ماوەی (20) ساڵ پەسەند کرا، ڕووباری (دنیپر) کە بەناو ئۆکرانیادا تێپەڕدەبێت وەک سنووری نێوان ئیمپراتۆریەتی تزاری ڕوسی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دیاری کرا لە ئەنجامدا (زاپوروجی) کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەوە فەرمانڕەوایی عوسمانی لە ناوچەکەدا هەتا ڕێککەوتنی (کارلۆفچە)ی (1699) درێژەی پێدرا. ئەو خاکەی (ئۆکرانیا) کە ساڵانێکی زۆر لە ژێر چاودێری ڕووسیا و پۆڵەندا و پاشان ئوسترالیا - هەنگاریا بوو، دیمەنی ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ئیمپراتۆریەتی ئۆسترۆ-هەنگاریا بوو لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا. دوای شۆڕشی سۆسیالیستی (ئۆکتۆبەری 1917)، کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی (ئۆکرانیا) لە یەکێتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤێت (USSR) جێگەی خۆی گرتەوە. لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا، نزیکەی هەموو خاکی (ئۆکرانیا) لە لایەن (ئەڵمانیای نازیەوە) داگیرکرا. قەتڵوعامی نازییەکان بە توندترین شێوە لە (ئۆکرانیا) بهرجهسته بوو. شەڕی پارتیزانی لە وڵاتدا بە درێژایی جەنگ بەرپا بوو، (ئۆکراینا) لە ساڵی (1944) لە دەستی نازیەکان ڕزگار کرا پێنج ملیۆن ئۆکرانی لە شەڕەکەدا گیانیان لە دەست دا (700) شار و (28) هەزار گوند وێران بوون. یهكێك له كارهساته مهزنهكان كه له سهدهی بیستهمدا ڕووبهڕووی ئهو وڵاته بۆتهوه، ئهوهیه (ئۆکرانیا) لە ساڵی (1986) تووشی کارەساتی (چێرنۆبیل) بوو کە یەکێکە لە خراپترین کارەساتی ناوکی لە مێژوودا. لە پرۆسەی ههڵسانهوهی یەکێتی سۆڤیەتدا لەژێر ناوی (بنیاتنانەوەی) لە ساڵانی 1990کاندا، شەپۆلی ناسیۆنالیستی لە (ئۆکراینا) ڕوویدا، وەک هەموو وڵاتانی تری سۆڤیەتی پێشو ئۆکرانیا لە (24)ی ئابی 1991 یەکێتی سۆڤیەتی بەجێهێشت (لیۆنید کراڤچوک) بوو بە یەکەم سەرۆکی دەوڵەت و ههروهها لە ساڵی 1996 (لیۆنید کوچما) سەرۆکایەتی کرد. ئەو قەیرانە سیاسییەی کە لە ساڵی 2001دا بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆن (جۆرجی گۆنگادزێ) دەستی پێکرد، قوڵتر بوویەوە کاتێک پارتی سۆسیالیست تۆمارە دەنگییەکانی ئاشکرا کرد بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سەرۆک (کوچما) لە چەندین تاواندا تێوهگلاوه، بۆیه خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بە دروشمی (ئۆکرانیا بێ کوچما) دهستیپێكرد و لە چهندین شوێنەوە بوو بە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا. لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2002دا حیزبی کۆمۆنیستی (ئۆکرانیا) بۆ یەکەم جار بە 20 لەسەدی دەنگەکان نازناوەکەی لەدەستدا کوتلەی (ڤیکتۆر یوشچنکۆی) به دروشمی (ئۆکرانیای ئێمە) لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوت. له ئێستادا سهرهرای ئهوهی كه (ئۆكرانیا) خاوهنی دهوڵهت و نهتهوهیهكی سهربهخۆیه، بهڵام ڕوسیا مافی ئهوه به خۆی ئهدات كه داگیری بكات و بیگێڕێتهوه بۆ ژێر باڵی خۆی، ئهگهر بێت و ئهمه سهربگرێت، بێگومان ئهمه سهرهتایهكه بۆ ئهوهی له داهاتوودا ههمان ههنگاو بهرهو ئهو دهوڵهتانهی دیكهش بگرێتهبهر كه له خاكی یهكێتی سۆڤیهتی گهوره جیابوونهتهوه. له ههنگاوێكی لهم جۆرهدا، ئهمریكا به ههموو شێوهیهك-بهو شێوهیهی له ڕاگهیاندن دهردهكهوێ- ئامادهیی خۆی بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی روسیا دهربڕیووه، بهتایبهتی ههڕهشهی لێدانی گورزی ئابووری دهكات، ئهمهش جارێكی تر بهو واتایه كه ئهمریكا لهگهڵ ڕوسیا ئهچێتهوه قوڵایی (جهنگی سارد)، جهنگێك بهبێ چهك و تهقهمهنی، بهڵكو له ڕێگای (چهكی ئابووری) و شهڕی به وهكالهت. له ههر ڕوویهكهوه سهیری ڕووداوهكان و ململانێكانی نێوان (ڕوسیا) و (ئهمریكا-ناتۆ) بكهین، ئهو خاڵه ڕوونه كه (ئابووری) خاڵی جهوههری و سهرهكیه. ههوڵهكانی (ڕوسیا) بۆ داگیركردنی (ئۆكرانیا)، لهگهڵ ئهوهی ههوڵێكه بۆ به دهستهێنانهوهی بهشێك له خاكی یهكێتی سۆڤیهتی جاران، له ههمانكاتدا زیادكردنی سهرچاوهیهكی ئابووری دهوڵهمهنده بۆ ڕوسیای ئێستا. له پێناو به دهستهێنانی ئهم ئامانجه، وهك دهردهكهوێ، ڕوسیا بێباكه له ههڕهشهكانی ئهمریكاو ئهوروپا، بۆیه بهشێوهیهكی زاڵ و بێترس ههوڵدهدات درێژه به ململانێكانی بدات، ئهویش بههۆی ئهوهی (ڕوسیا) چهكێكی بههێزی به دهستهوهیه كه بهردهوام بههۆیهوه ههڕهشه له وڵاتانی ئهوروپا دهكات، ئهویش ڕاگرتنی غازه بۆ ئهوروپا، كه ئهگهر بێت و ئهمه له وهرزێكی زستاندا ڕووبدات ئهوروپا دهكهوێته بهردهم مهترسی ڕهقبوونهوه و تێداچوون. ئهوروپا شانازی به هێزی (ناتۆ) و ههروهها یهكێتیهكهیهوه دهكات، بهڵام بههۆی ههڕهشهكانی ڕوسیا، ئهم یهكێتیه كهوتۆته بهردهم ههڵوهشان و ههروهها خهریكه هێزی (ناتۆ) بێ رۆڵ و دهستهوهساتانه بهرامبهر به سهركێشی بهردهوامی ڕوسیا. لێرهدا دهپرسین: ئایا (بهریتانیا) ههستی بهو مهترسی و ههڕهشانه كردبوو كه بههۆی ههڕهشهی داگیركردنی (ئۆكرانیا) لهسهر ئهوروپا دروست دهبن، بۆیه له ڕێگهی ڕاپرسیهكهوه لهو یهكێتیه دهرچوو؟ به واتایهكی تر ئهكرێ ئهمه وهك ههوڵێكی (بهریتانیا) له زیانهكانی ئهو جهنگه ههژمار بكرێت. ناوهرۆكی ڕووداوهكان ئهوهمان بۆ دهسهلمێنن، (جهنگی سارد) به فۆڕمی نوێ دهستی پێكردۆتهوه و كاریگهری و ئاكامه خراپهكانی خێراتر و زیانبهخشتر دهبن له سهدهی ڕابردوو. له كۆتاییدا به دانانی گریمانهی ئهوهی كه ههڕهشهكانی (ڕوسیا) بۆ داگیركردنی (ئۆكرانیا) جدین و ئیتر ڕێگایهك نهماوهتهوه بۆ پاشگهزبوونهوهی ڕوسیا، ئهكرێ ئهو پرسیارانه بخهینهڕوو: * ئایا ههڵوێست و كاردانهوهی وڵاتانی یهكێتی ئهوروپا، كه خۆی له چوارچێوهی (ناتۆ)دا ڕێكخستووه چی دهبێت؟ توركیا وهك ئهندامێكی (ناتۆ) و دۆستێكی ڕوسیا لهو نێوهندهدا ههڵوێستی چی دهبێت؟ * له حاڵهتی كاردانهوهی ئهمریكا بهرامبهر هێرشی ڕوسیا بۆ سهر (ئۆكرانیا)، كاردانهوهو ههڵوێستی (چین) بهرامبهر ئهمریكا چی دهبێت، ئایا بێدهنگ و بێلایهن دهمێنێتهوه یاخود پشتگیری تهواوهتی ڕوسیا دهكات و دژ به ئهمریكا دهوهستێتهوه؟ * له حاڵهتی ههڵگیرسانی ئهم جهنگه، كاریگهری چی دهبێت لهسهر سێكتهرهكانی ئابووری جیهانی و ژیانی خهڵك، به تایبهتی له وڵاتانی ههژارو كهمدهرامهت؟ * تا چهند ئهكرێ ئهم ههوڵهی ڕوسیا لهبهرامبهریشیدا ههڕهشه و كاردانهوهكانی ئهمریكا وهك دهستپێكێك بۆ جهنگی جیهانی سێیهمی لێكبدرێتهوه؟ ههموو ئهم پرسیارانه رووداوهكانی داهاتوو وهڵامان دهداتهوه. * ماستهر له فهلسهفهی سیاسی
سهردار عهزیز ئەمە چەندەمین جارە بارزانی توانای خوێندنەوەی تواناو ڕۆڵ و نیەتی ئەکتەرەکانی نیە کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات یان ڕوبەڕویان دەبێتەوە. ئەم پرسە بیرکردنەوەو لێکۆڵینەوەی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیستەمی بیرکردنەوەی سیاسی و باجەکەی خەڵکی دەیدەن. ئێمە لە ڕیفراندۆمدا ئەوەمان لا رون بوو، زۆر هەوڵماندا لە ڕێگای نوسینەوە کە ئەو کارە نەکرێت، بەڵام سودی نەبوو. ئەمجارە پرسەکە جیاواز بوو، بۆیە هێندە جێگای بایەخ نەبوو لامان. بەڵام سەرباری ئەوە تێگەیشتن لێی گرنگە بەتایبەتی کاتێک جەمسەرگیری دونیای کوردی ڕێگرە لەوەی تێگەیشتنێکی هاوسەنگ بێتە ئاراوە. لێرەدا چەند سەرنجێکی سادە بە خێرایی دەخەمە ڕوو: یەکەم، مەسعود بارزانی ناسیاسیانە لە سیاسەت دەڕوانێت. زیاتر نزیکە لە دیدێکی ئاینی یان، مەسیانییەوە، بەوەی کە گوایە پەیامێک یان ئامانجێکی گەورەی هەیە. ئەمجۆرە لە تێڕوانین لە سیاسەت زەمینەی هەڵە لێکدانەوەی زۆر دەسازێنێت. لە هەمانکاتدا خراپ تێگەیشتنە لە سیاسەت وەک چالاکبون لە پانتایی گشتیدا لە پێناوی گشتدا. دووەم، مەسعود بارزانی لە بڵقدا دەژی، تەنها گوێبیستی ئەو دیدانە دەبێت کە جەخت لە سەر دونیابینییەکەی دەکاتەوە. ئەم دابڕانە لە واقیع لە هەمانکاتدا هەوڵدان بۆ گۆڕینی واقیع هەڵە تێگەیشتنی گەورە دروست دەکات. سیاسی خاوەن دیدی ڕاستەقینە هەمیشە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە چ ڕەهەندێک، ئەگەرێک، بوارێک هەیە ڕەنگە ئەو چاوپۆشی لێکردبێت یان نەیبینبێت، بۆیە گوێگرتن لە جیاواز بنەمای تێگەیشتنە لە خود و لە واقیع. سێیەم، لە عێراقدا کۆمەڵێک ناوەندی سیاسی هەیە، کە هەریەکەیان نەزم و ڕێسای خۆی هەیە. هەولێر جیاوازە لە بەغدا، بەغدا جیاوازە لە نەجەف. سلێمانی جیاوازە لە ئەنبار. بەسرە جیاوازە لە هەموان. تێگەیشتن لەم ناوەندە سیاسیانە پێویستی بە ئاگابونە بە ووردی و بە قوڵی، بەڵام بارزانی دابڕاوە لەم ناوەندە جیاوازانە. ئەمجارە ئەوانەی کە بەغدایان لای بارزانی ڕاڤەکردەوە کەسانی وەک مستەفا کازمی و هوشیار زێباری و چەند کەسێکی تر بوون، کە هەمویان ئەجیندای تایبەتی خۆیان هەبووە. بۆ نمونە بینینی دەزگاکانی حکومەتی ناوەندی بەهەمان شێوازی دەزگا دەستەمۆکراوەکانی هەولێر، دیدێکی فریودەرە. چوارهەم، نادیدەگرتنی فێڵ و تواناکانی ئێران. کادیرانی پارتی ئێرانیان لە سەر بنەمای ئەو قسانە دەخوێندەوە کە لە هەولێر کردبونی. بەڵام یەکەم خەسڵەتی کەلتوری ئێرانی درۆیە. پێنجەم، گرەوکردن لە پشتی (سەماحەتی) موقتەدا. موقتەدا کەسێکی ترە کە مەسیانیانە سیاسەت دەکات، بەڵام هەتا ئێستا بە سەر ڕکەبەرەکانیدا زاڵە. موقتەدا خەونی ئەوەیە نەجەف و بەغدا کۆنترۆڵ بکات. ئەمە ترسی گەورەی لای ئێرانییەکان دروستکردوە. شەڕی گەورەی داهاتووی عێراق لە سەر نەجەفە. بۆیە بوون بە بەشێک لە ئەجیندای موقتەدا، یانی دروستکردنی عێراقێک کە سیاسەت و ئاین و تیادا تێکەڵەو ناوەندگیرییەکی چر لە ئارادایەو کورد بەردەوام وەک لیمۆ دەگوشرێت. شەشەم، نەبونی توانای داننان بە کورتهێنان. هەرکە پارتی هەڵەیەکی گەورە دەکات، کادیرە مامناوەندیەکانی هاندەدات پاساوی بۆ بهێننەوە، دیارە ئەمە لە پێناوی وورەی جەماوەرەکەیاندایە، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆکاری ئەوەی کە دان بە هەڵەدا نەنرێت بنەمای شکستی تر دادەڕێژێت. حەوتەم، زاڵبونی باری دەرونی و خواستی کەسایەتی بە سەر پرۆسەی سیاسیدا. هەشتەم، ئامادەنەبونی کورد وەک خەڵکێک لە دانانی پۆستە سیاسییەکان لە بەغدا.
عرفان عزیز عزیز ئهوهی ئهمرۆ روویداوه دهكرێـت بهم شێوهیه شیمانهی بۆ بكرێت, ئهوهی بهسهر كاك هۆشیار زێباری هات بابهتێكی تهواو سیاسییه و لهدهرهوهی عێراقهوه وهبهرهێنهری پێكراوه، بۆیه یاری پارتی له مهیدانهكه لهگهڵ نهیارانی ناو عێراق نییه بهڵكو گهورهتره لهوانه ئهمڕۆ كاك هۆشیار خۆشی تهواوی ئهو راستیهی دڕكاند بۆیه هیچ لایهنێكی كوردی سیاسی عێراق پێی وانەبێ ئهو براوه بووه بهرانبهر به پارتی، چونكه بهپێوهری ههموو پرهنسیبهكانی دیموكراتی بهرهی پارتی و هاوپهیمانهكانی زۆرینهن لهپهرلهمانی عێراق، و خودی كاك هۆشیاریش تۆمەتبار كراوه به بابهتی گهندهڵی وهك خۆیان دهڵێن پرسیار لێره دروست دهبێت، 370 ملیار دۆلار له 18ی ساڵی رابردوو له عێراق بهههدهردراوه ئێستا دهیانهوێت شكستی ئیدارهدانی رابردووی خۆیان بهسهر كاندیدی پارتی بشكێننهوه؟ پارتی ههمیشه پشتی به جهماوهر و كادیر و خهڵكی كوردستان بهستووه وابهسته نهبووه بهسیاسهتی هیچ ئهجێندایهكی ههرێمایهتییهوه، بۆیه زۆر ئاساییه له ههندێك ههنگاوی سیاسی (ئهم كهیسانه رووبدهن، تا ئهو كاتهی دهرگای خۆكاندید كردن دادهخرێت چاوهرانی ههڵوێستی نوێی پارتی دهكرێت، بهتایبهت روونكردنهوه لهسهر دوای ئهو ئاستهنگانهی كه بۆ كاندیدهكهی دروستكرا دهرگای نوێ بۆ پارتی دهبێتهوه، كه چۆن لهگهڵ بارودرخهكه مامهڵهبكات، چونكه دهركهوت بهشێك له دامهزراوهكانی عێراق بهتایبهت دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆن و ناوهندی یاسایی بهغدا لهژێر ههژومنی بڕیاری سیاسین، ئهمه زۆر مەترسیدارە، ئهوهتا له دهستهی نهزاههی عێراقهوه ناوی هۆشیار زێباری چوهته پهرلهمان و بهقسهی ئهمینداری گشتی ئهنجومهنی نوێنهران هیچ تانهیهك و نیشانهیهكی پرسیار لهسهر كهیسی كاك هۆشیار نهبووه كه لهدهستهی نهزاههوه رهوانهی پهرلهمان كراوه، ئایا ئێستا خێره دادگای فیدراڵی تانه له دۆسیهی كاك هۆشیار دهدات؟ ئهگهر ئهمه بڕیارێكی سیاسی نهبێت چۆن له دهستهی نهزاهه تێپهڕی بهڵام له دادگای فیدراڵی رهتكرایهوه، کەوایە جۆرێك له دابهشكردنی میحوهری سیاسی لهناو دامهزاروه بێ لایهنهكانی عێراقیش ههیه، ئهمه لهرووی ناوخۆیی و نێودهوڵەتیهوه گهوهترین پرسیار لهسهر عێراق دروست دهكات، تا ئهم عهقڵیهته له دامهزاروهكانی عێراق ههبێت ئۆقرهیی سیاسی نابێت، مادام به شهكوای 3 پهرلهمانتار كاندیدێك رهتكرایهوه كهوایه دهبێت زۆر به ئاسانی له عێراقدا تانه و ئاستهنگ بۆ ههرشتێك دروست بكرێت كه ئهگهر یاساییش نهبێت. ئێستا كاتی ئهوهیه پارتی دهفتهری حهق و حساب دهربهێنێت و وشه به وشه سیاسهت به سیاسهت ههنگاو بهههنگاو به ههموو ئهو شتانهدا بچێتهوه كه له رابردوو كردوویهتی و بۆ داهاتووش چی دهكات دیاره ویستێك له عێراقدا ههیه كه هێشتا نایهوێت كهسی به ئهزمون و بههێز دهوڵهتداری بكات ؟ دهنا بۆچی ئهو ماوه زۆرهی كاك هۆشیار له پۆست نهبووه ئهو ههموو گهندهڵیه له عێراق كراوه دادگای فیدراڵی له كوێ بووه ؟ ئهو ههموو سهروهتهی عێراق دزراوه دادگای فیدراڵی بۆچی بهیاننامهیهك و یاخود بۆچی ئیدانهیهك و دووسێ بهرپرسی گهورهی عێراقی بانگێشت نهكرد؟ كهوایه ئهم جارهش له جیاتی دهرگای یاسایی و ململانییهكی سیاسی لهگهڵ پارتی بكرێت، هاتن له پاشقوڵ لێدان له پارتی و شهری دهروونی لهگهڵ كاندیدی پارتی دهیهوێت ئهزمونێكی دیكهی خراپی سیاسی تاقی بكهنهوه دواجار ئهوهی له مهیدانهكه قسهی خۆی دهكات خهڵكی كوردستانه له ماوهی رابردوو عێراقییهكان وانهیهكی بههێزیان دایه ئهو هێزه سیاسیانهی كه ئهجێندای ههرێمایهتیان له عێراق جێبهجێ دهكرد، بینیمان ئهو هێزانهی 18 ساڵه حوكمی عێراق دهكهن لهم ههڵبژاردنهی دوایی چۆن خهڵكی عێراق سزای دان. دهپرسین بۆچی عێراقییهكان سزای ئهو گروپانهیان دا؟ لهوهڵامدا ههموویان بهیهک دهنگ دهڵێن سیاسهت دهبێت بۆ عێراقییهكان بێت نهك دهستێوهردانی دهرهكی، ئهگهر ئهم قسهیه بۆ خودی عێراق دروست بێت بۆ ههرێمی كوردستان 10 جار دروسته كه به بهرچاوی ههموو خهڵكی كوردستانهوه دیاره كه كێ پهیڕهوی ئهجێندای دهرهكی له كوردستان دهكات. هێزێكی ناوخۆیی و پشت ئهستور به جهماوهر وهك پارتی ههر دهبوو خۆی ئاماده بكات بۆ سیناریۆیهكی لهم شێوهیه، له داهاتووش ههمان شت دووباره دهبێتهوه، ههموو سیناریۆكان له دژی پارتی ئامادهن و ئهوه خودی پارتییه كه بۆ داهاتوو چۆن بتوانێت له بارنبهریان خۆی ئاماده بكات, كاتی خۆی سهرۆك بارزانی به ئاشكرا باسی ئهو لوغمانهی كرد كه له بهردهم پارتی دایه، ئێستا پارتی زیاتر له جاران دهبێت ههنگاوهكانی به وریایی و به حهكیمانه بنێت، چونكه نهیارانی پرۆسهكه لهئان و سات دهگهرێت بۆ لاوازكردن. پارتی ئهوهی لهسهری بوو ئهنجامی دا له رێككهوتن لهگهڵ هێزه سیاسییهكان به كردهیی چووه پێشهوه و كاندیدی خۆی پێشكهش كرد، لهگهڵ یهكێتی تا دواسات گفتووگۆی كرد و دهستپێشخهری بۆ رێكخستنهوهی ناو ماڵی شیعه كرد و سوننهكانی یهكخستهوه، پارتی ئهوهی له توانای بوو بۆ راست كردنهوهی پروسهی سیاسی عێراق ئهنجامیدا و ئهوهی دهمێنێتهوه ئهوهیه كه ههوڵێك ههیه لهلایهن دهوڵەته ههرێمایهتییهكانهوه كه پرۆسهی سیاسی عێراق پهك بخهن و دهوڵهتانی جیهانیش بهتایبهت ئهمهریكا بهرپرسیاره لەوەی له 2017 روویدا جارێكی دیكه له عێراق دووباره نهبێتهوه و بهرپرسیاریهتی كۆمهڵگای نێودهوڵهتییه لهرووی ئهخلاقییهوه پشتیوانی ئهو ههنگاوانهی پارتی بكهن بۆ داهاتووی عێراق، هێشتا یاریهكه زۆری ماوه بهبێ پارتی و هاوپهیمانهكانی دڵنیابن كاندیدی هیچ حزبێك سهركهوتوو نابێت.
چیا عەباس دوای شکستە کوشندەکەی گۆڕان لەو باوەرەدا بوم گۆڕان بەرەو دارمان دەروات، تروسکایەکی کز بەدی دەکرا کە ژمارەیەک لە هەڵسوراوانی گۆران کە لە ناو بزوتنەوەکەدا ماونەتەوە و هەوڵی جدی بۆ بوژاندنەوەی بدەن. دوای شکست دەستە دەسەڵاتدارەکانی گۆڕان دەستیان لە کار کێشایەوە، کاتی خۆی بە کارێکی کورت تەمەن و موزایەدە وەسفم کرد، چونکە هەنگاوی لەو جۆرە لەو سیستەمە دامەزراوانەی کە پێرەوی دیموکراسیەت و لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە دەکەن کاریگەری هەیە نەک لە حوجرەی ئیرسی ئەقڵیەتی پاوانخوازی و خۆپەرستیدا. هەر زۆر بەپەلە ئەو تاقمانە لە پشت پەردەوە و دژ بە نەریت و رەوشتی رێکخراوەیی دەستیان کردەوە بە کۆنترۆڵکردنەوەی بونیادی لەرزۆکی گۆڕان، وەک ئەوەی نا بایان بینیوە و نە باران. تاقمی دەسەڵاتداری بەرچاو بە پێوەرەکانی ئەقڵیەتێکی کلاسیکی بەسەرچو دەستەو لیژنە و شتومەکی لەو جۆرەیان سازکرد، گوایە رۆح بەبەری جەستەیەکی ئیفلیجدا دەکەنەوە، چەند هەڵمەتێکی ژێربەژێری نەزۆکیان لە سایەی هزری گۆرانکاری و ناوی مەزنی کاک نەوشیرواندا دەست پێکرد، وەک دانانی دەستەیەک بۆ دیاریکردنی تاقمێکی بەرێوەبەری کاتی بۆ گۆڕان و ئامادەسازی بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی لە مانگی جانەوەریدا، ئەم بەڵین و بریارانەیان مایە پوچ دەرچون. بەتەنیشت ئەم سەرگەردانیەوە گۆڕان لە سایەی ئەم تاقمەدا نەک هیچی لە سەر ئاستی سیاسی و حوکمرانیدا پێ نەکراوە و دوای شکستیش رۆڵی بەشداربونیشی لە دەسەڵاتدا زۆر کەمترە لە ئەرکی ئارایشتەکردنێکی وەهمی بچوکی روخساری ئەو دەسەڵاتە چونکە وەک پاشکۆیەکی بێ ئیرادە و هێزێکی زەمینە سفری لێهاتوە. لە مێژە وتراوە: ' بەرگریکردن لە پرسیکی دۆراو ژیانی بەبەردا ناکاتەوە بەلکو مردنی هاژەهاژەتر دەکات'. تۆ بڵێی وا بێ؟ ئەم تاقمە خەتاباری سەرەکی ئەم دۆخەی ئیستان و هاوکاتیش هەر ئەوان نین، چونکە رەگ و ریشەی کێشەکانی ناو گۆڕان هەر لە سەردەمی یەکێتی بونیان بە کاک نەوشیروان یشەوە سەریان هەڵداوە و لە هزری رێکخراوەیی و فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیاندا بە خەستی داکوتراون، دەبوا کاک نەوشیروان خوێندنەوەیەکی زۆر وردتری بۆ بکردایە، تایبەت کاتێک توانای بەرێوەبردنی گۆڕانی رو لە داکشان بو. بۆ خۆم زۆر هەوڵم لە گەڵیدا دا سەرکردایەتیەکی لێهاتوی سێبەر دروست بکات و لە کاتی ماڵئاواییدا گۆڕان بگرنە دەست، مەخابن ئەوەی نەکرد و شێکردنەوەکەشی واقیعی تێدا بەدی دەکرا، کاتێک گوتی: " ئەم برادەرانە کەسانی تێکۆشەرن، زۆربەیان لە کۆمەڵە ( مەبەستی کۆمەڵەی مارکسی لینینی) و یەکێتیدا کاریان کردوە، هەر لە سەرەتاوە روبەروی چەندین کێشە و ململانێی ناوخۆیی بونەتەوە، لەو پرۆسەیەدا عەیارە بیست و چوار فێربون چۆن بمێننەوە کە مەبەستی سەرەکیانە و ئێستاش تا بەردەشۆر دەبێت هەر مەسئول بن، واز لە گەنجانی ئەم سەردەمە بێنە با بە مروری زەمان خۆیان ئامادە بکەن چونکە لە ئێستادا دەرەقەتی ئەم موخەزەرمانە نایەن، ئەو کاتەی گەنجەکان لە گۆڕاندا کەوتنە ململانێ لە گەڵ ئەم برادەرانە بەشێکیان وازیان لە گۆڕان هێناو و بەشێکی تریش رویان لە شوێنی تر و جامبازی و گەندەڵی و تەکەتول کرد"، بە ناویش باسی هەندێکیانی کرد. بەشێکی زۆری قسەکانی کاک نەوشیروان راست دەرچون. کەمتەرخەمی سەرەکی ئەو پێش وەفاتی ئەوەبو پرسە هەستیارەکانی گۆڕانی بە رونی یەکلایی نەکردەوە، وەک دامو دەزگاکانی گۆڕان دوای خۆی، پەیوەندیەکان لە گەڵ هێزەکانی تر و لە لوتکەشدا پرسی موڵکداریەتی گۆڕان و رۆڵی منداڵەکانی لەو پرسانەدا. تەنها یەکجار پێێ گوتم: " تا من لە ژیاندا بم ناهێڵم کورەکانم هیچ بەرپرسیاریەک لە ناو گۆڕاندا وەرگرن". راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەم کاراکتەرانەی ناو بونیادی شکستی گۆڕان کە بەم کارانە هەڵدەسن زۆر زیاتر لە هاو رەفتارەکانیان لە دەرەوەی گۆڕان زیانیان بە پرۆسەی گۆرانکاری و زیندو راگرتنی ئومێدی خەڵک گەیاندوە. ئەم تاقمە زۆر زیادرەویی دەکەن کاتێک دێن بەناوی گۆڕانکاریەوە سەرقاڵی دارشتنی ئەختەبوتی بەرژەوەندی و خواستە تایبەتیەکانی خۆیانن، دەسکەوت و ئیمتیازە نارەواکانیان لە سایەی بەشداریان لە حکومەتەدا ئەمە دەسەلمێنن. ئەم تاقمە دەستیان لە کار کێشایەوە، ئێستا زۆر زیاتر لە جارانی پێش شکست خۆیان بە بەرپرسیار و باوکی " رۆحی" بزوتنەوەکە دەزانن، وا پیشانی دەدەن هەر خۆیان دەتوانن موعجزەی بوژاندنەوەی گۆڕان بهێننەدی، لە نێو تەکەتول و تاقمە جیاکانی ناو ئەو تاقمانەی لە گۆڕاندا ماون گەمەی قێزەوەن دەکەن، ئەم دەکەن بە دژی ئەوی تر و ختوکەی ئەم و ئەو دەدەن و لە بیریشیان نەچوە چاوبازی لە گەڵ هەندێکیان بکەن. دەنگۆی زۆریش هەیە جەمسەرە جیاکانی هێزەکانی تریش " هەڤاڵە دێرینەکانیان" ناو بەناو قورمیشیان دەکەن، چونکە زۆربەی ئەم تاقمە دەمێکە " صك الغفران" یان بە یەکێتی داوە کە خەتایەکی گەورەیان کردوە کاتێک لە یەکێتی وازیان هێناوە، هیچ درویش نیە، چەند روداوێک ئاماژە دەدەن بەوەی، کە لە گەڵ نەغمەی پارتیشدا سەما دەکەن. لە ئێستادا تاکە بەرهەڵستی سەرسەخت لە ناو بزوتنەوەکە لە بەردەمی ئەم تاقمە دێرینەی ئیرسی شۆرش و هزری بەسەرچوی سیاسی و رێکخراوەییدا کورەکانی کاک نەوشیروانن، تایبەت چیا، با بزانین ئەمە لە چیەوە سەرچاوەی کردوە؟ کاتێک باسی زەمینەی چیا دەکەم کەس بەهەڵە لێم تێنەگات بە مانای ئەوەش نیە کە چیا خەمخۆرێکی رەسەنی هزری گۆڕان و پرەنسیپەکانی کاک نەوشیروان بێت. چیا نەوشیروان مستەفا لە یەکێک لە گەورە زانکۆکانی دنیا کە زانکۆی هارڤەردە خوێندویەتی و ماستەری لە زانستیە رامیارەکان بەدەست هێناوە، ئەوەندەی من لێی بە ئاگا بوم چیا بەردەوام خوێنەری بژاردەی کتێب و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە سیاسی و ئابوریەکانی ئەم سەردەمە بوە. وەک ئاشکرایە زانکۆی هارڤەرد فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ پێگەیاندنی خوێندکارەکانی، زۆربەی ناودار و دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا گۆشەکراوی ئەو دامەزراوە زەبەلاحەی دنیان. بەشێک لە سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا کە لە هارڤەرد خوێندویانە لە کاتی دەسەڵاتبونیاندا چەند خاڵێکی سەرەکیان لە سیاسەت و حوکمرانیدا پێرەو کردوە، لەوانە: لوتکەی دەسەڵات بە کەسانی سەرلەقێنەر دەور بدرێت، راگەیاندن پێگەیەکی بنەرەتیە بۆ دەسەڵات، پارە شادەماری بەرێوەبردنە و ...تاد. چیای کوری کاک نەوشیروان دوای وەفاتی باوکی زۆر بەوردی کاری لەسەر ئەم خالانە کردوە، لە سەرەتادا راگەیاندنی گۆڕانی کۆنترۆڵکرد، بەخەستی سەرقاڵی پەیداکردنی داهات بو، دەوروبەری خۆشی بە زۆربەی سەر لەقێنەرەکان تەنی، ئەوەشی بە دڵی نەبوبێت پەراوێزی کردون و دەشکات، نمونەشیان زۆرن. کێشەی سەرەکی ئەو لە ئیرسەکەی تری مێژو و سروشتی کاراکتەرەکانی خانەی راپەراندن و بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیدا بو کە رێگر بون و ماون لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان ماوەیەک بێدەنگی و هێمنی لە پەیوەندیەکانی ئەم دو لایەنەدا بەدی دەکرا، چیا دەستیکرد بە کارکردن بۆ بەجێهێنانی کارنامەکەی بۆ دروستکردنی دەزگایەکەی گەورەی راگەیاندن، ئەو کەسانەی لە راگەیاندن بەدڵی نەبون بە شێوازی زیگزاگ و نارەوا دوری خستنەوە و کەسانی سەر بە خۆی لە شوێنیان دانا، پەیوەندیەکانی لە گەڵ پارتی و چەند تەرەفێکی یەکێتی بەرەو ئاساییکردنەوە برد، جڤاتی نیشتمانی بە کەسانی دەوروبەری پر دەکردەوە، بەرامبەر نارازیەکانی ناو گۆڕانیش زۆر بێباک بو و بەڵێنەکانیشی پێیان پشتگوێ دەخستن، بە کورتی کاتی دەکوشت. لەو ساتانەدا خودی چیا خۆی و چەند کەسێکی دەوروبەری هەڵەیەکی کوشندەیان کرد کاتێک بەشێک لە موڵکەکانی بزوتنەوەی گۆڕان یان لەسەر وارسەکانی کاک نەوشیروان تاپۆ کرد، کارێک کە مێژوی بەهاداری کاک نەوشیروانی بە دەستی کورەکانی خستە ژێر پرسیارەوە، بێگومان دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەم روداوەیان قۆستەوە، کەوتنە بن هەنگڵی وارسەکانی کاک نەوشیروان تا لەمە زیاتر برۆن و کاک نەوشیروان و گۆڕان لە بوارەکانی تەوریس و موڵکداریەتی یەکسان بە خۆیان بکەن، چیا لەم پرۆسەیەدا نەرم بو. تاقمی بەرامبەری هەڵەکەی قۆستەوە و رێکخەری گشتی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتمانیدا بە دەنگێکی بەرزی مەبەستدار گوتی ئەو شتانە هەموی خواست و مافی کاک نەوشیروان بون بۆ وارسەکانی، ئەم زاتە بەرێزە لە بری ئەوەی گەر کاک نەوشیروان کارێکی واشی کردبێت و هەوڵ بدات راستی کاتەوە قورەکەی خەستتر کرد، لێرەوە گومانێکی زۆر جدی لە نیەتەکانی رێكخەری گشتی و تەکەتولەکەی سەریهەڵدا. ئێستا ململانێی تاقمی بەناو ئیرسی ریفۆرمخوازی جارانی ناو یەکێتی لە گەڵ وارسی دەسەڵاتداری کاک نەوشیروان، تایبەت چیای کوری، خەستر و توندتر بون و تەنانەتیش گەیشتۆتە ئاستی سەودا و مامەڵەکردن بۆ قەرەبوکردنەوەی " زەرەرمەندانی ناو تاقمی دەسەڵات". لە راستیدا ئەم ململانێیە بە یەک کردار یەکلا دەبێتەوە، تاقمە ریفۆرمخوازە دێرینەکە لە قسەی سواو و بەتاڵ هیچی تریان پێ نیە، چیا ئیرسێکی گەورەی کاک نەوشیروانی لایە، ئیرسێکی مەعنەوی و مێژویی و سیاسی و مادی، گەر چیا و نمای برای خەمخۆری زیندوراگرتنی ئەو ئیرسانە بن پێویست ناکات پەلەقاژە بکەن و پەنا بۆ ئەم و ئەو ببەن، گەر بەئەمەکن بۆ ناو و ناوبانگ و مێژوی باوکیان یەک کار بکەن، کارێک لەم رستەیەدا کۆی دەکەمەوە کە راشکاوانە رایبگەیەنن: ئێمە وارسی کاک نەوشیروان هەڵەمان کرد کاتێک ئیرسی باوکمان بۆ خۆمان قۆرخ کرد، هەرچی کاک نەوشیروان هەیبوە موڵکی گشتیە و ئامادەین بە رێکارە یاساییەکان ئەو پرسە راست بکەینەوە. نزیکەی سێ ساڵ لەمەو پێش ئەم پێشنیازەم بە نوسین بۆ نما و چیا کرد و پێی رازیبون، دواتر گوتیان کە رێكخەری گشتی و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی ئەو سەردەمە بە توندی دژ بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە بون. کامیان راستە، وەڵام لای ئەو دو تەرەفەیە! کورد وتەنی ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە. ئیتر پێویست بە هیچ شتێکی تر ناکات، ئەوانی تر وەک بەفری بەر هەتاو زو دەتوێنەوە. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ١٢ فێبرواری ٢٠٢٢
دانا حهمهعهزیز ئۆکرانیا بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست واتە (ساڵی ٥٠٠ تا ١٥٠٠ی زاین)، مەڵبەندی سەرەکی کەلتوری سلاڤی نەژادەکانی خۆرهەڵات بووە، بەڵام هەمیشە پەرتەوازەو بەربڵاو بووە. لەسەدەی سیانزەی زایندا ئەوکاتەی ئۆکرانییەکان خەریكی خۆڕێکخستنەوە بوون، لەشکری مەغۆل بە پشتیوانی تاتارە تورکەکان وێرانیان کرد، لەوکاتەشەوە تا سەدەی هەژدە، ئۆکرانیا لەهەر چوارلاوە کەوتە بن دەستی (روسیای قەیسەریی، هاوپەیمانیی پۆڵۆنیا- لیتوەینیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا- هەنگاریاو عوسمانییەکان). بەڵام لەسەدەی نۆزدەوە تەنها بە ژێردەستەی (روسیای قەیسەری لە خۆرهەڵاتەوە، پۆڵۆنیا لە خۆرئاواوە) مایەوە. کەلتورو زمان و دیالێکتی ڕوس و پۆڵۆنیی، تا ئەمڕۆش زاڵە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵاتدا. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی و کۆتایهاتنی دەسەڵاتی قەیسەریی لە ڕوسیا، ئۆکرانییەکان دەرفەتیان هێناو کۆماری میللی ئۆکرانیا- یان دامەزارند، بەڵام تەمەنی ئەم کۆمارە تەنها سێ ساڵی بڕکردو، لەژێر گوشاری روسەکاندا کۆمارەکە خرایە سەر یەکێتی سۆڤیەت. لەگەڵ کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دا، خۆرئاوای ئۆکرانیا لەگەڵ خۆرهەڵاتدا یەکیانگرتەوەو تا ساڵی ١٩٩١ وەك دووەم گەورەترین کۆماری یەکێتی سۆڤیەت مایەوە. لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەدریژایی ٧١ ساڵ مانەوە لە ناو یەکێتی سۆڤیەتدا، ئۆکرانیا بەدەست برسێتی و قەیرانی یەك لە دوای یەكەوە دەیناڵاند. بەهۆی سیاسەتی توندوتیژی ستالینەوە لە (ڕێگرتن لە هاتوچۆ، دەستبەسەراگرتنی هەموو پێداویستیەکی ناوماڵ و ڕێگرتن لە گەیشتنی کۆمەکی نێودەوڵەتیی)، لەماوەی یەك ساڵدا (١٩٣٢-١٩٣٣) سێ ملیۆن و نیو ئۆکرانی لە برسا مردن. ئەم کارەساتە، بە گرانی دەستکرد یان جینۆساید ناسراوە کە ئۆکرانی و ڕوسەکان پێی دەڵێن Holodomor. بەدرێژایی شەڕی ساردیش، بەهۆی پێگەی جوگرافیی، ئۆکرانیا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاریدا بوو. ئۆدێسا وەك گەورەترین بەندەری سەر دەریای ڕەش، گەورەترین خاڵی ئاڵوگۆڕو بازرگانیی جەنگی بوو، ژێردەریاییەکانی سۆڤێت زۆریان ماڵی سەرەکییان ئاوەکانی ئۆکرانیا بوو. ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤێت لەناو خاکی ئۆکرانیا چێنرابوون، چەندین کارلیکی ئەتۆمیی لە ئۆکرنیا ئەنجام درا. ساڵی ١٩٨٦ تەقینەوەی ویستگەی کارۆ- ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکوری ئۆکرانیا، گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە. ٣١ ساڵی ڕابردوو بۆ ئۆکرانییەکان سەردەمێکی سەخت بوو، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا، پرۆسێسی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بۆ دیمۆکراسی و ئابوری ئازاد بە گۆجیی هێشتەوە. ئۆکرانییەکان، لە رۆژی سەربەخۆبونەوە، نامەیەکی سپیان بۆ ڕوسیاو بۆ خۆرئاوا ئیمزا کرد کە ئەوان تەنها ئاشتی و ئازادیی و پێشکەوتن ئامانجیانە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چەکە ئەتۆمییەکانیان ڕادەستی ڕوسیا کرد، هاوپەیمانیی بازرگانیی و هاریکاری ئابورییان لەگەڵ ڕوسیاو ئەوروپاو ئەمریکا ئیمزا کرد. ئۆکرانییەکان زنجیرەیەك شۆڕشی ئاشتیخوازانەیان لەپێناو دیمۆکراسیی و دادپەروەریدا بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینی ئازاری ٢٠١٤ دژی سەرۆك ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، هەموو ڕیسەکەی لە ئۆکرانییەکان کردەوە بە خوریی. یانۆکۆڤیچ سەر بە ڕوسیا بوو، بڕیارو ڕاسپاردەکانی ڤلادیمیر پوتینی جێبەجێ ئەکرد، کۆسپ بوو لەبەردەم هەنگاوەکانی ئۆکرانیا بۆ نزیكبونەوە لە بازاڕی ئازادو سەرەنجام ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا. یانۆکۆڤیچ ڕایکرد بۆ مۆسکۆو، ئۆکرانییەکان کۆشکە شاهانەکەیان کرد بە مۆزەخانە. بەڵام ئەم ڕاپەڕینە، روسیای توڕەکرد. بەبیانوی بوونی کەمینەی ڕوس، ڤلادیمیر پۆتین دورگەی کرایمیاو بەشێك لە هەرێمەکانی لۆهانسك و دینیسك-ی داگیرکردو تائێستاش شەڕ لەو هەرێمانە بەردەوامە کە زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی تیا کوژراوە. لەوکاتەوە ئۆکرنیا بەشێکی گەورەی لە بودجە لاوازەکەی بۆ جەنگ و کڕینی پیداویستیی سەربازیی تەرخان کرد. بەڵام کرانەوەی یەکێتی ئەوروپا بەڕووی ئۆکرانیادا، ئەم وڵاتەی خستە سەر هێڵی گەشەکردن، ژمارەی بێکاریی بەردەوام بەرەو دابەزینە دەڕوات، کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە بەرزبوبەوەدایە، پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ڕێگاوبان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. گەندەڵیی لەکەم بونەوەدایە، سیستەمی حوکمڕانی کە نیمچە سەرۆکایەتییە، هەنگاوی زۆرباشی ناوە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لە سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا. دوای ڕوسیا، ئۆکرانیا (بە ڕوبەر) گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە واتە لە فرەنساش فراوانترە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢ ملیۆنە. بەهۆی تەختیی و بەپیتی خاکەکەیەوە، بەدرێژایی ٣٢ هەزار ساڵی ڕابردوو، یەکێك لە سەر زەمینە ئاوەدانەکان بووە، ئێستاش لە وڵاتە هەرە گەورەکانی جیهانە لە هەناردەکردنی بەرهەمی دانەوێڵەدا. هەڕەشەکانی ڕوسیا لەم وڵاتە تازە پێگەیشتووەدا، ڕاستین. ڕوسیا زیاتر لە سەد هەزار سەربازو هەزاران تانك و تۆپ و موشەكهاوێژی لەسەر سنورەکانی ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە، لە دەریای ڕەشیشەوە ئۆکرانیای بەتەواوی داخستووە. بەپێی لێکدانەوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاو بریتانیا، داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لە سەعات و ڕۆژ دایە. بەڵام وەك بۆ هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە دیارە، هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە کارەسات کۆتایی دێت و ڕوسیا ناتوانێت بەزەبری چەك دەسەڵاتێکی سەر بە مۆسکۆ بەسەر ئۆکرانییەکاندا بسەپێنێت!
عەتا قەرەداخی ( بەشی چوارەم) باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێڕانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن کە بریتین لە: یەکەم: کەلتورو نەریتی هاوبەش، مەبەست لە کەلتور کۆی خاسێتەکانی گروپێک لە خەڵک، یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکیە کە لە درێژەی مێژوودا بەدەستیانهێناوەو رووبەری مادی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەوانەش زمان، ئایین، بیروباوەر، فەلسەفە، ئەدەب، گۆرانی، مۆسیقا، فۆلکلۆر، نەریت، شێوازی ژیان، میرات و کەلەپور، ئەفسانە و چیرۆک، بەیت و بالۆرەو سرووتی کۆمەڵایەتی بۆ هەردوو باری ئاسودەیی و خەمباری و شارستانی و کۆی بەرهەمەکانی تری هەر پێکهاتەیەک. ئەم رەگەزانە رووبەرێکی فراون لە بوونی هەر پێکهاتەو کۆمەڵگایەک داگیردەکەن و هەم بەرهەمی کۆمەڵگان هەم دەبنە پایەی بەهێز بۆ بوون و خۆنمایشکردن و ناساندن و پێناسەکردنی هەر پێکهاتەو گروپێک. کاتێ دەگوترێت کەلتوری هاوبەش، مەبەست لە کۆی ئەو رەگەزانەیە کە لەسەرەوە ناویانهێنراو تایبەتن بە ئیتنیکێکی تایبەت یان پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت. رەگەزەکانی کەلتور ئەو خاسێتانەیان هەیە کە ئەو پێکهاتەیە بەرهەمیان دەهێنێت و بە کۆی خاسێتە ئەنتۆلۆجیەکانی خۆی بارگاویان دەکات. هەر لەبەرئەوەشە کە کەلتور وەکو بنەمایەکی سەرەکی دیاریکردنی شوناس سەیردەکرێت و پشتی پێدەبەسترێت. کەلتور ئاسایی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بڕوای هاوبەش و شێوازو رێگای هاوبەشی ژیان دروست دەکات و رێککەوتن و رێکخستنێکی گشتی ژیان لە نێوان کۆی ئەندامانی ئەو پێکهاتە یان کۆمەڵگەیەدا دروست دەکات. کەلتور بەرهەمی مەعنەوی و مادی ژیانی کۆمەڵگایە و لەگەڵ رۆیشتنی کات و کارلێکی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانی هەر پێکهاتەیەکدا بەرهەم دێت. ئێمە باسکردن لە ئایین و زمان و هەندێ لەو رەگەزانەی تری کەلتور جیادەکەینەوەو سەربەخۆ لێیان دەدوێین، چونکە سەرباری ئەوەی کە کۆی ئەو رەگەزانە رۆڵی دیار دەبینن لە گەشەپێدان و پەرەسەندنی ناسیونالیزمدا، بەڵام زمان و ئایین وەکو دوو بنەما، یان دوو پایەی سەرەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیردەکرێن. کەلتورو نەریتی هاوبەشی کۆمەڵگا وەکو ئاماژەی بۆ کرا زۆر رەگەز لەخۆدەگرن، بە تایبەتی بواری ئەفسانەو حیکایەت و خەیاڵی مێژوویی، کە لەم بوارانەدا زۆربەی کات رابردوویەکی گەش و پڕ لە بەها لە رێگای دروستکردنی ئەفسانەی هاوبەشەوە بۆ ئەو پێکهاتەیە دروست دەکرێت. کە پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەفسانەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. ئایا ئەو جۆرە پاڵەوانە ئەفسانەییانە لە رابردووی کوردیدا تۆمارکراون و خاسیتی خەیاڵیان وەرگرتبێت؟ ئایا کاریگەری هێمای ئەفسانەیی و پاڵەوانی نموونەیی لەسەر کورد وەکو نەتەوەو وەکو ناسیونالیزم هەبووە هەیە؟ ئایا پاڵەوان یان هێمای ئەفسانەیی کوردی توانیوێتی لەسەر زەمینەی واقیع پاڵەوان و هێما بێت، یان تەنیا لە خەیاڵدا دروستکراون؟ ئایا ئەگەر هێمای ئەفسانەیی لەوجۆرە لە رابردووی کورددا هەن بۆچی خاسێتی کاریزمییان وەرنەگرتووەو نەیانتوانیووە ببنە هێمای نەتەوەیی و لە رووی مەعنەویەوە کورد پشتیان پێببەستێت؟ بۆ نموونە با سەرنجی چەند هێمایەکی ئەفسانەیی کوردی بدەین. با سەیری کەسێتی کاوەی ئاسنگەرو سەلاحەدینی ئەیوبی بکەین، کە بە ئاستی جیاواز وەکو هێمای ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێن. یەکەمیان کە گوایە لاوێکی کورد بووەو دژی پاشایەکی خوێنڕێژ راپەڕیووە، لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کوردیدا رووبەرێکی فراوانی داگیرکردووەو وەکو هێمای ئازایەتی و بەرخوردان و قوربانیدان سەیردەکرێت و نەورۆزو هێمای ئاگریش پەیوەست دەکرێن بەوەوە. بەڵام بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە ئەو مێژووە ئاوەژوو کراوەتەوەو ئەو پاشایەی کە بە خوێنڕێژ ناودەبرێت، دەشێت کورد بێت و کاوەی ئاسنگەر فارس یان رەگەزێکی تری ئێرانی بێت. رێگای تێدەچێت ئەم بۆچوونەیان لە چوارچێوەی ئەفسانەدا راست بێت، چونکە فارسەکان لە هەموو روویەکەوە ئەوەی باش و بەرهەمهێنە بۆ خۆیانیان تۆمارکردووەو ئەوەیشی خراپ و روخێنەرو دزێوە داویانەتە پاڵ ئەوانی تر بە تایبەتی کورد. ئەگەر کاوە کوردیش بووبێت ئاوا پێدەچێت دژی دەسەڵاتێکی کوردی راپەڕیبێت و مەرجیش نیە ئەو ئەفسانەیەی دەگێڕدرێتەوە سەبارەت بە ئەژدیهاک راست بێت، بەڵكو پێدەچێت بەرهەمی عەقڵ و مێژوونووسی فارسی بێت و زیاتر بۆ سووککردنی کوردو شێواندنی راستیەکانی مێژوو لە بەرژەوەندی خۆیان بەوجۆرە نووسیبێتیانەوە. بەهەرحاڵ سەرباری تەمومژاویبوونی ئەو رابردووە، بەڵام کاوەی ئاسنگەر وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی لە رابردووی کورددا سەیر دەکرێت و رۆڵی بنیادنەری لە هەست و پەیوەستبوونی تاکی کورددا دروستکردووەو دەشێت بگوترێت وەکو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی رۆڵی هەیە لە پتەوکردن یان بەهێزکردنی گیانی ناسیونالیزمی کوردیداو وەکو وێنەی ئازایەتی و خۆڕاگری و ئیرادە سەیر دەکرێت. ئەویتریان کە سەلاحەدینە پاڵەوانێکی مێژوویی ئەفسانەییە کە بەڕەگەز کوردە، بەڵام لە روانگەی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردیەوە هیچ ئامادەبون و پێگەیەکی نیە، چونکە پەیوەست بە رابردووی کوردو کەسێتی کوردی هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆڵی ئەو لە رووی نەتەوەییەوە نەرێنیەو وەکو هێمای خزمەتکردنی ئەوانی تر سەیردەکرێت و لە دوای خۆیشیەوە زەمینەی بۆ ئاراستەیەک لە کۆمەڵگای کوردیدا خۆش کردووە بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر بە ناوی ئایین و ئایدیۆلۆجیا ئومەمیەکانەوە. تاکو ئیستاش ئاراستەیەک کە وەکو ناسیونالیزمی ئایینی خۆیان دەنوێنن، خۆیان لە شێوەی پارتی سیاسی ئایینیدا رێکخستووەو لە راستیدا نەتەوەیان لە پێناوی ئایینەکەیاندا دەوێت، بە جۆرێک سرۆش لە کەسێتی سەلاحەدین وەردەگرن، کە خزمەتی ئیسلام و عەرەبی کردووە. کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین کەلتوری کوردی نەیتوانیووە پاڵەوانی ئەفسانەیی ئەوتۆ بەرهەمبهێنێت کە ببێتە هێمای بەهێز بۆ پتەوکردنی ناسیونالیزمی کوردی یان وەکو پایەیەکی ئەو ناسیونالیزمە دەربکەوێت و رۆڵی نموونەی باڵا ببینێت. دووەم: ئایین وەکو بنەمایەکی ناسیونالیزم سەیر دەکرێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە ناسیونالیزمێک هەیە بە ناوی ناسیونالیزمی ئایینی. ئاشکرایە ئایین ئەو بڕوایەیە کە زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگەکان پەیڕەوی دەکەن و بڕوایان پێیەتی، کە دەشێت ئایینێکی ئاسمانی یان زەمینی بێت. ئاشکرایە ئایین پانتایی رۆحیی کۆمەڵگا داگیر دەکات. ئەستەمە کۆمەڵگایەک ببینرێت لە دەرەوەی ئایین یان بەبێ ئایین. لەبەرئەوەی ئایین پەیوەندی رۆحیی تاکەکەس و کۆمەڵگەیە بە خودایەکەوە کە بە دروستکەرو جوڵێنەرو پارێزەری ژیان دەزانرێت و بە پیرۆز سەیر دەکرێت و دەپەرسترێت. مرۆڤ لە زۆربەی بنەماو رەگوڕیشەکانی تر زیاتر بە ئایینەوە پەیوەست دەبێت. سرووتە ئایینیەکان و یاساو رێساکانی ئایین لە هەر کۆمەڵگایەکدا رۆڵی کاریگەر دەبینن لە رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. هەروەک ئایین لە رووی رۆحیەوە بڕوادارانی پێکەوە دەبەستێت. لە رووی رەفتارو کەشە کۆمەڵایەتیەکانەوە جۆرێک لە هاوبەشی لە نێوانیاندا دروست دەکات و تەنانەت ئایین بڕوادارانی ناچاری یەکگرتن دەکات یان بێ هیچ سەپاندن و زۆرلێکردنێک لە رووی رۆحیەوە یەکیان دەخات و کاری هاوبەشیان پێدەکات و وایان لێدەکات کە هاوکاری یەکتری بن و خۆیان بۆ یەکتری تەرخان بکەن. بێگومان ئایین کە تێکەڵاوی رووبەری رۆحی و کۆمەڵایەتی دەبێت وەکو جۆرێک لە ئایدیۆلۆجیا کاردەکات و لە گەوهەریشیدا بەرنامەی یەکبوون و یەکگرتن هەڵدەگرێت. رەگەزی یەکگرتن کە ئایین لە رووبەرێکی فراواندا بەرهەمی دەهێنێت، دەبێتە خاسێتێکی دیاری ناسیونالیزم و لەم رووەوە ئایین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێت یان دەتوانین بڵێین دەبێتە یەکێک لە رەگوڕیشەکانی ناسیونالیزم، بەلام ناسیونالیزمی ئایینی. رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە دەڵێت: ئایا لە مێژووی کورددا ئایین توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایەی ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی چۆن؟ ئەگەر نەیتوانیووە بۆچی؟ ئایا رۆڵی گۆڕینی ئایین لە مێژووی کورددا لەم رووەوە چ کاریگەرییەکی هەبووەو تاکو ئێستا چی کاریگەرییەکی هەیە؟ رەنگە قسەکردن لە مەسەلەی ئایینیش لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئەندازەیەک تەمومژاوی بێت. ئاشکرایە لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامەوە کورد بەهەر شێوەیەک بێت بووەتە پەیڕەوکەری ئەم ئایینەو تەنانەت بەسەر مەزهەبەکانی ئەو ئایینەشدا دابەشبووە. هەروەک پێش ئایینی ئیسلامیش ئەوەی باوەو باس دەکرێت گوایە کورد پەیڕەوکەری ئایینی زەردەشتی بووە. کەمایەتی کوردی پەیڕەوکەری ئایینی جوو، فەلە بوون. ئەمە بێجگە لە پەیڕەوکەرانی ئایینی ئێزیدی و یارسان یان کاکەیی. لەناو ئیسلامیشدا کورد پەیڕەوکەری مەزهەبی سونەی شافیعی و شیعەن. هەروەها کورد لە بواری تەسەوفیشدا شوێنکەوتووی زیاتر لە رێبازێکی تەسەوفن. ئەگەر سەیری ئەم نەخشەی دابەشبوونەی ئایین و مەزهەب و رێبازی تەسەوف بکەین لە کوردستاندا، ئەوە راستەوخۆ ئەو نەخشەیە ئەم پرسیارەمان لەلا دروست دەکات: ئایا ئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا هۆکاری یەکگرتنە یان بە پێچەوانەوە هۆکاری دابەشبوونە؟ بێگومان ئەو نەخشەی دابەشبوونەو رەوشی ئایینی لە کوردستاندا زیاتر لە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون، هۆکاری دابەشبوون و پەرتکردنی زیاترە. ئەمەش دەریدەخات کە ئایین نەک نەیتوانیووە ئەرکی یەکخستن و یەکگرتن لە نێوان شوێنکەوتووانیدا دروست بکات، بەڵکو زەمینەی پەرتکردن و دابەشبوونی زیاتری ئامادەکردووە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئایین لە کوردستاندا نەیتوانیووە زەمینەی تەنانەت یەکبوونی رۆحی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات و لەو روانگەیەشەوە نەیتوانیووە ببێتە پایەیەکی دیارو فاکتەرێکی چالاک و رەگوڕیشەیەکی پەل هاوێشتوو بەناخی کۆمەڵگادا و دەرکەوتنی وەکو ئایینی ئیتنیکێکی دیاریکراو کە ئیتنیکی کوردیە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئیتنیکی کوردی چەندین ئایین دەپەرستێت و پیادەی سرووتەکانی ئایینی جیاوازو مەزهەبی جیاوازو رێبازی جیاوازی تەسەوف دەکەن، کە ئەوانەش نەک هەر جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵکو زۆرجار لەگەڵ یەکتر دژ و ناکۆکیشن. هەر بەوپێیەش کۆمەڵگا رێکدەخەن و ئاراستەی دەکەن و رووبەری رۆحی ئامادە دەکەن. بێگومان بە پێی سرووستی ئایینی و جۆراوجۆری و دابەشبوون لە رووبەری ئاییندا رۆحی کۆمەڵگاش دابەش دەبێت کە ئەو دەبەشبوونەش نەک لەگەڵ رۆح و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمدا کۆک نیە، بەڵکو دژو ناکۆکیشە. هەر لێرەوەیە کە ئایین لە مێژووی کورددا لە هیچ سەردەمێکدا نەیتوانیووە رۆڵی بوون بە رەگوڕیشەی یان پایەی بەهێزی ناسیونالیزم ببینێت. لەبەشەکانی دواتری ئەم بەرگەدا باسی ناسیونالیزمی ئایینی دەکەین. سێیەم: ئیتنیک- Ethnic، یەکێکی تر لە رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی ناسیونالیزم ئیتنیکە. کەواتە مەبەست لە ئیتنیک چیە؟ ئیتنیک گروپێکە لە خەڵک کە وا دادەنرێت بە رێگایەک یان بە رێگای جۆراوجۆر هاوشێوە بن. هەمان رەچەڵەک و باوباپیرانیان هەبێت، بەهەمان زمان قسەبکەن و هەمان ئایینیان هەبێت و لەسەر هەمان خاک، یان نزیک لەیەکترو لەسەر خاکێکی دیاریکراو بژین و بنەما هاوبەشەکانی تری وەکو کەلتورو مێژوو دابونەریتی هاوبەشیان هەبێت. بنەمای سەرەکی بۆ ئیتنیک بریتیە لە رەگەز یان رەچەڵەکی هاوبەش، واتە کۆی ئەندامانی گروپێکی کۆمەڵایەتی نەوەی هەمان باپیرانن و رایەڵەی بەهێزی پێکەوەبەستنیان پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارە. لێرەوە چەمکی هاوخوێنی دەبێتە پایەیەکی بەهێزی ئیتنیک. ئەگەرچی ئیتنیک لە رووی پەرەسەندنەوە وەکو شوێنگرەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی پێش خۆی دێت لە بنەماڵەو تیرەو خێڵ یان عەشیرەت، بەڵام ئاستی فراوانبوونی دامەزراوەکەو خاسێتەکانی زیاتر گەشەیان کردووەو وەکو دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پێش نەتەوە دەردەکەوێت و لە بنەڕەتیشدا پایەیەکی گرنگی نەتەوە یان ناسیونالیزمە. بەتایبەتی بەو خاسێتانەوە هەیەتی لە زمان و خاک و مێژوو نەریت و ئایین لە رووکەشدا وەکو نەتەوە دەردەکەوێت، بەڵام بە بێ ئەوەی سەروەریی هەبێت. ئاشکرایە رەچەڵەک لەخۆیدا وەکو جۆرێک لە خەیاڵ یان ئەفسانە دەردەکەوێت. هەروەک لێرەدا، لە چوارچێوەی خەیاڵ و خەیاڵی دروستکردندا تەنانەت هەندێجار بە پیرۆز سەیرکردنی رەچەڵەکیش سەرهەڵدەدات، کە ئەوەش رێگای بەرەو رەیسزم دەگرێتەبەر، ئەگەر نەوەستێندرێت. ئەفسانەی رەچەڵەک و تەنانەت دروستکردنی هێماو پاڵەوان لە چوارچێوەی ئەو ئەفسانەیەدا هەندێجار وەکو رەگەزی بەهێزو ئەرێنی بۆ پتەوکردنی پایەکانی نەتەوەو ناسیونالیزمیش سەیر دەکرێت. بە مانایەکی تر ئەفسانەی رەچەڵەک دەرکەوتن یان وانواندنی نەتەوەیی بەهێزدەکات و لەوێشەوە دیسان دەبێتە بنەمایەکی ناسیونالیزم، چونکە رەچەڵەک یەکێک لە بەهێزترین رایەڵەکانی پێکەوەبەستن و دروستکردنی یەکێتی و یەکبوون، کە وەکو ئەرکێکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت و سەیردەکرێت. بەڵام سەرباری ئەوەی کە ئیتنیک وەکو پایە یان ریشەیەکی سەرەکی ناسیونالیزم دادەنرێت، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە، گومان دەکرێت رەگەز یان رەچەڵەکی خاوێن هەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە خودی رەگەزو رەچەڵەک وەکو جۆرێک لە بوویەکی لە خەیاڵدا دروستکراو یان شێوەیەک لە ئەفسانە سەیر دەکرێن. چوارەم: خاک یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی نەتەوەو ناسیونالیزم. خاک ئەو شوێنە جوگرافیە دیاریکراوەیە کە کۆمەڵە خەڵکێک یان گروپێکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لەسەری دەژین و بەخاکی ئەوان ناودەبرێت. پەیەوەندی خاک و رەچەڵەک پەیوەندییەکی پتەو و لەیەکتر جیانەکراوەیە. زاراوەکانی خاکی باوک، خاکی دایک و پاشان خاکی نیشتیمان، ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ هەر لە سەرەتای نیشتەجێبوونیەوە بە تووندی بە خاکەوە پەیوەستبووە. پەیوەندی مرۆڤ و خاک پەیوەندییەکە خاسێتێکی ئەنتۆلۆجیانەی هەیەو تا ئەو ئاستەی کە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە خاکەکەی لەو شوێنەی تیایدا لەدایکبووەو پەروەردە بووە کارێکی ئەستەمە. هەربۆیە دەتوانرێت بگوترێت پەیوەندی مرۆڤ و خاک دەکەوێتە سەرووی تەنانەت رایەڵەی بەهێزی پەیوەندی نەتەوە بە خاک یان بە نیشتیمانیشەوەو دەگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەی بوون کە خاک رۆڵی پایەیەکی ئەو بوونە دەبینێت. بەهەرحاڵ سەرباری پەیوەستبوونی مرۆڤ بەگشتی بە خاکەوە، هەر پێکهاتەو گروپێکی کۆمەڵایەتی هەر لە سەرەتای بوونیانەوە پێداویستی ژیان پەیوەستیکردون بە رووبەرێک لە خاکەوەو سنوورەکانی ئەو گروپە کۆمەڵایەتیە، کە پێشتر بنەماڵەو تیرەو خێڵ و عەشیرەت بوون و پاشان ئیتنیک و نەتەوە، سنوورەکانی ئەو خاکە، یان ئەو رووبەرە جوگرایەیان دیاریکردووە. بەهەرحاڵ تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی مەسەلەی نەتەوەو نەتەوایەتی و ناسیونالیزمیش سەیری خاک بکەین، ئەوا ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە بەگشتی مرۆڤ تەنانەت وەکو تاکەکەسیش بەخاکەوە پەیوەستە و ئەستەمە بە ئاسانی بەو گروپە مەعنەویەوە پەیوەست نەبێت کە لەگەڵیاندا نەوەی یەک خاکە. واتە هەموو تاکێک لە رووی نەستەوە بە زێدی خۆی و بە خاکی باوک یان دایک یان نیشتیمانەوە پەیوەستەو پەیوەندی تاکەکەس و خاک لە زۆر ئاستدا دەبێتە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی. هەر لێرەوە شوێنی لە دایکبوون و پەروەردەبوون کە دەلالەتی نیشتیمان یان خاکی هەیە، لەخۆیدا بنەمای یەکگرتن و یەکخستنی ئەندامانی کۆمەڵگا یان نەتەوە هەڵدەگرێت. پێنجەم: زمان، زمان یەکێکە لە رەگوڕیشە یان پایە سەرەکیەکانی بوونی نەتەوەو هەروەها ناسیونالیزمیش. زمان ئامرازی پەیوەندیکردن و دەربڕینە. کاتێک باسی زمان دەکەین وەکو پایەیەکی ناسیونالیزم و نەتەوەش، سەرنجمان بۆ لای بوونی زمانێکی دیاریکراو دەچێت، واتە زمانێک ئەگەر کۆی دانیشتوانیش پێی نەدوێن و ئاخاوتنی پێ ناکەن، ئەوا دەبێت زۆرینەی دانیشتوان پێی بدوێن، بەجۆرێک کە بەتەواوی خاسێتی هاوبەش یان گشتێتی تێدا بێت و هەمووان قسەی پێبکەن و پێیبنووسن و پێی بخوێننەوە. زمان و ئەدەب کە ئەدەبیش لە رێگای زمانەوە دەردەبڕرێت و بەرجەستە دەکرێت و دەگات بەوی خوێنەر، هاندەری گرنگن بۆ ناسیونالیزم. لە ڕێگای زمانەوە خەڵک پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەن و لەیەکتر تێدەگەن و ئاگاداری یەکتر دەبن و هەست بەیەکتر دەکەن. هەر لە ڕێگای زمانەوەو بەهۆی زمانەوە بیرو بۆچوون و تێڕوانین و بەها نەریتیەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لە قۆناغ و سەردەمێکەوە بۆ قۆناغ و سەردەمێکی تر دەچن و دەگوازرێنەوە. زمانی گشتی یان زمانی هاوبەش هۆکاری سەرەکی یەکگرتن و یەکبوونی کۆمەڵایەتیە، چونکە دروستبوونی هەست و بیرو ئەندێشە ئاسان دەکات و برەو بە پەرەسەندنی ئەدەبی نەتەوە دەدات و داب و نەریت بەهێز دەکات و هەموو ئەمانەش بێجگە لەوەی وەکو بنەمای شوناسی نەتەوەیی کاردەکەن، دیسان رۆڵی گرنگ دەبینن لە نەشونوماکردنی ناسیونالیزمداو وەکو بنەمایەکی سەرەکی ناسیونالیزم سەیردەکرێن و فاکتەرێکی بەهێزی پێکهێنەری ناسیونالیزمن و لەراستیشدا بە بیرو ئایدیۆلۆجیاو خەیاڵ و مەعریفەی نەتەوەیی بارگاوی دەکرێن و بەوپێیەش دەبنە رەگەزی بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم و گوتاری ناسیونالیزم. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری زمانی کوردی بکەین، ئەوا دەشێت ئەو پرسیارەمان لە لا دروست ببێت کە دەپرسێت: ئایا زمانی کوردی توانیوێتی ببێتە بنەما یان پایە یان بەشێک لە رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزمی کوردی؟ ئەگەر توانیوێتی ئەوە بکات، چۆن و کەی و بەرهەمەکانی چین؟ ئەگەر نەیتوانیووە ئەو ئەرکە جێبجێ بکات، هۆکار چیە؟ ئایا هۆکارەکان ناوخۆیین یان دەرەکی، بە دەربڕینێکی تر هۆکارەکان زاتین یان بابەتین؟ گومانی تێدا نیە کە سەرباری نەبوونی دەسەڵاتێک کە بوونی کوردو هەموو پایەکانی بوونی بپارێزێت، بە لایەنی کەمەوە لە دوای روخاندنی دەوڵەتی مید، بەڵام هێشتا هەم کورد خۆی وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی، هەم زمان و پایەکانی تری بوونی لە سەرووی هەمووشیانەوە زمان، پارێزگارییان لە بوونی خۆیان کردووەو سەرباری هەوڵ و کۆششی بەردەوامی ئەوانی تر- فارس و عەرەب و تورک- بۆ تواندنەوەو لەناوبردنی تەواوەتی، بەڵام هێشتا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی ماوەو زمانەکەشی سەرباری ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرەیەی لەبەردەمیدا بووە، یان بۆی دروستکراوە، هێشتا وەکو زمان ماوەو توانیوێتی ئەرکی زمان کە پەیوەندیکردن و تێگەیشتن و گواستنەوەی بیرو بۆچوون و روانینەکانە، جێبەجی بکات. بەڵام دیارە نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی و پەرت و بڵاوی کۆمەڵگەی کوردی و بوون و ژیان و دواتریش نیشتەجێبوونی کورد لە جوگرافیایەکی فراون و لە تۆپۆگرافیایەکی ئاڵۆزدا بنەمای کۆمەڵایەتیبوونی گشتی و تێکەڵاوبوونی دواخستووەو ئەوەش سەرئەنجام کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی زمانی ستاندەر یان یەکگرتوو کە وا پێدەچێت بەگوێرەی نەتەوەیەکی وەکو کورد هەتا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکی خۆی دروست نەکات، زەمینەی دروستبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی پێکنایەت. ئەم دەوڵەتە لە رابردووداو تاکو ئێستاش پێکنەهاتووە. لە روویەکی ترەوە زمانی کوردی لە چەند دایەلێکت و زاری جیاوازی ئاخاوتن پێکهاتووە، کە هەندێ جارو لە هەندێ ئاستدا پەیوەندیکردن و تێگەیشتنی قسەکەرانی دوو زاری جیاواز لەگەڵ یەکتری و لەیەکتری زۆر گرانە. زۆرینەی قسەکەرانی کرمانجی بە ئاسانی لە سۆرانی تێناگەن و بە پێچەوانەشەوە. ئەم دوانەش هەردووکیان مەگەر بە دەگمەن یان تەنیا لە ئاستی وشەدا لە نیمچە زارەکانی گۆرانی و لوڕی تێبگەن، سۆرانی و زارەکانی لوڕی زۆر دوورن لە زازاوە. کەواتە ئاستی پەیوەندیکردن لە نێوان قسەکەرانی زارە جیاوازەکاندا زۆر لاوازە. ئەوەش بە بارێکی تردا ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی تیکەڵاوبوون و پەیوەندیکردن لە نێوان پێکهێنەرەکانی یەک پێکهاتەی ئیتنیکیدا کە کوردە زۆر لاوازەو لە رووکەشدا یان لە ئاستی بینراودا هەست دەکرێت کە ئاستی یەکێتی و یەکبوون لە نێوان پێکهێنەرانی هەمان پێکهاتەدا زۆر لاوازە، تا ئەو ئەندازەی لە هەندێ بارودۆخ و لە هەندێ ئاستدا لە رووی زمان و لە یەکتر تێگەیشتنەوە وەکو یەک نەتەوە دەرناکەوێت. فرە زاری زمان و لاوازی ئاستی تیگەیشتن لە یەکتری، لەبری هەستی لە یەکتر نزیکبوونەوەو تێکەڵاوبوون، جۆرێک لە هەستی بەیەکتر نامۆبوون و دوورکەوتنەوەی لە یەکتری دروست کردووە. لە راستیدا لە ئێستادا بێجگە لە دەستەبژێرێکی ناسیونالیست کە وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیری کورد دەکەن، لەسەر ئاستی گشتی ئەو هەستکردنە زۆر لاوازەو کوردی ژێرسایەی هەریەکە لە داگیرکەرەکانی کوردستان پەیوەندییان بە زمانی نەتەوە سەردەستەکەی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی وڵاتەکەی خۆیانەوە لە رووی تیگەیشتن و پەیوەندیکردن و بەکارهێنانەوە، بەهێزترە لەگەڵ زاری ئاخاوتنی ئەو بەشانەی تری کوردستان کە زاری ئاخاوتنیان لەوان جیاوازە. بۆ نموونە کوردی سۆرانی لە باشوری کوردستان و لە رۆژهەڵات ئاستی تێگەیشتن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زمانەکانی عەرەبی لە عێراق و فارسی لە ئێران بەهێزترە لە ئاستی بەکارهێنان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ زاری کورمانجی و بەهەمان شێوە کوردی باکورو رۆژئاوا ئەوەندەی پەیوەندییان بە تورکی و عەرەبیەوە بەهێزەو بەکاری دەهێنن و لێی تێدەگەن، ئەوەندە پەیوەندییان بە زاری سۆرانیەوە نیەو لێی تیناگەن و مامەمەڵەی پێناکەن. ئەم واقیعە ئەگەرچی زۆر تاڵە بەڵام تا ئاستێکی زۆر راستی تێدایەو ئەوە نیشان دەدات کە زمانی کوردی نەیتوانیووە سادەترین بنەمای زمانی هاوبەش یان گشتی دروست بکات. هەروەک نەیتوانیووە ببێتە هۆکاری یەکگرتن و یەکبوون و تەنانەت بەشێوەیەکی گشتی نەبووتە هەڵگری بیرو بۆچوون و دیدی هاوبەش لەسەر ئاستی کۆمەڵگا. راستە زمان پایەیەکی زیندووی نەتەوەو ناسیونالیزمە، بەڵام دیسان زمانی کوردی نەبووەتە بنەما یان پایەو ریشەیەکی بەهێزو پتەو بۆ ناسیونالیزمی کوردی چونکە زمانەکە خۆی دابەشبووەو بەوپێیەش زیاتر لەوەی لەخۆیدا پەیامی یەکگرتنی هەڵگرتبێت، هۆکاری دابەشبوون و لە یەکتر دوورکەوتنەوەی زیاتر بووەو تاکو ئێستاش بەو ئەندازەی یارمەتیدەری زیاتری دابەشبوونە ئەوەندە یارمەتیدەری یەکگرتن نیە. شەشەم: مێژوو، مەبەست لە مێژوو چیە؟ مێژوو بریتیە لە تۆماری زنجیرەی رووداوەکانی رابردوو کە پەیوەستن بە مرۆڤ و سەردەمەکەیەوە، کە لەخۆیدا تۆماری کرۆنۆلۆجیانەی ئەو رووداوانەیە کە پەیوەست بە مرۆڤ روویانداوە. بێگومان سەرباری ئەوەی مێژوویەکی گشتی هەیە کە مێژووی مرۆڤایەتیە، هەر گرۆپ و دەستەو پێکهاتەو چینێکی کۆمەڵایەتیش مێژووی تایبەتی خۆیانیان هەیە، کە مێژووی هەر پێکهاتەیەک دەشێت هێڵێکی کاتی درێژکراوە بێت و ئەو هێڵەش لە روانگەی تۆماری رووداوەکانەوە دەناسرێت و دەشێت لە مێژووی هەندێک لە میللەتاندا دابڕانی گەورە لەو مێژووەدا هەبێت بە تایبەتی کە تۆماری رووداوی گەورەو دیار سنووری نێوان قۆناغێک و قۆناغێکی تری دیاری کردبێت. مێژووی هاوبەش وەکو تۆماری رووداوەکانی رابردووی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە لایەک بوون و ئامادەبوونی ئەو پێکهاتە لە رابردوودا نیشان دەدات، لەلایەکی ترەوە تێگەیشتن لە رووداوەکانی رابردوو، شیکردنەوەی ئەو رووداوانە دەشێت وەکو ئەزموون ببێتە مایەی سوود لێوەرگرتن بۆ ئێستاو یارمەتی بدات بۆ پێشبینیکردنی داهاتووش. بێگومان لە رووی سروشتیەوە پێویستە هەر پێکهاتەیەک یان دانیشتوانی وڵاتێک، مێژوو یان رابردوویەکی هاوبەشیان هەبێت. ئەو مێژووە دەبێت ئامادەبوونی ئەوان لە رابردوودا بنوێنێت. ئەگەر لەم رووەوە سەیر بکەین، ئەوا زۆربەی رابردووی میللەتان یان پێکهاتەو گروپەکان نابێتە مێژوو، چونکە شتێکی ئەوتۆیان تێدا تۆمار نەکردووە، بە تایبەتی ئەوانەیان کە بەشداری بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتییان نەکرووە، یان بە لایەنی کەمەوە لە رابردوودا نەبوونەتە خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەت و سەروەرییان نەبووە. بە گوێرەی کورد ئەوەی وەکو مێژوو سەیر دەکرێت، مێژووی سەردەمی میدە ئەگەر پێداگری ئەوە بکرێت کە مید دەوڵەتێکی کوردی بووە. بێگومان ئاشکرایە کە مید بەرهەمهێنی کەلتورو بەشێک لەو شارستانێتیەیە کە ئێستا پێی دەگوترێت شارستانێتی ئێرانی. لەراستیشدا ئێرانیەکان، واتە فارس هەوڵیانداوە ئەوەی مید بەرهەمیهێناوەو ئەوەی مێژووی میدە ناو و شوناسی میدی لێ بسڕنەوەو بەناوی ئەخمینی یان ساسانیەوە تۆمار بکرێت. ئەگەر ئەوەش بۆ هەموو شتێک سەری نەگرت کە بە شارستانێتی و مێژووی ئێرانی ناوببرێت، ئەوا گرنگ ئەوەیە ناوی میدی لێبکریتەوەو ئەو ناوە لەیاد بکرێت. ئامانج لە فەرامۆش کردن و پشتگوێخستنی ناوی مید هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی رابردوویەک کە تیایدا کورد ئامادەبوونی هەبووە. ئەو تۆمارکردنەش بەناوی فارس یان ئێرانەوە، بۆ سڕینەوەی رووبەی یادەوەری کورد و تۆمارو ئامادەبوونی کوردە لە ڕابردوودا. ئەویش بۆ وادەرخستنی ئەوەی کە کورد لە رابردوودا بوون و ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبووە تا ببێتە پاشخان و زەمینەو ئێستای خۆیی لەسەر بنیاد بنێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایەش سەیری ئایندە بکات.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەیەکە تەواوی میدیاکانی جیهان باس لە بەرپابوونی جەنگێکی گەورە دەکەن لە ئۆکرانیا، بەپێی دوایین هەواڵیش بێت، وا پێشبینی دەکرێت کە لەم مانگەدا ، فلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا دوا بڕیاری خۆی بدات و ئۆکرانیا داگیر بکات. لێرەدا پێخۆشە پێش ئەوەی بێمە ناو باسەکەوە، چەند زانیارییەکی مێژووی بە خوێنەران لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بددەم. هەردوو گەل سەر بە یەک خێزانن کە ئەویش سلاڤییە. لەرووی زمانیشەوە راستە دوو زمانی جیاوازن، بەڵام لەیەکترییەوە نزیکن. لەرووی مێژوویشەوە یەکەمین دەوڵەتی روسیا بەناونیشانی « کیفا روس» لەنزیک کیفی پایتەختی ئۆکرانیا دروست بووە. لە رووی ئاینیشەوە هەردووکیان سەر بە کڵێسەی ئەرتۆدۆکسی مەسیحین،راستە لە ئۆکرانیا بەتایبەتی لەبەشی خۆرئاوادا، کەمێک مەسیحی کاتۆلیکی هەن، لێ زۆرینە مەسیحی ئەرتۆدۆکسین. ماوەی چەندین سەدەیە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بەڕێوەبراوەو بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی روسیا. دواتریش کە یەکێتی سۆڤێت دروست دەبێت، دەبێتە یەکێک لە کۆمارەکانی ناو یەکێتی سۆڤێت. تەنها لەرووی سیاسیی و ئاینییەوە تێکەڵ نین، بەڵکو لە رووی ئەدەبیی و فەرهەنگیشەوە زۆر تێکەڵن، بۆ نموونە روسەکان گۆگۆل بە باوکی ئەدەبی روسی دادەنێن، گۆگۆلیش چ باوکیی و چ دایکی ئۆکرانی بوون و خەڵكی روسیا نەبوون. بەڵام هەمیشە ئۆکرانییەکان هەستیان کردووە کە روسیای براگەورە دەیانچەوسێنێتەوە یان مافیان دەخوات. لەپاش نەمانی یەکێتی سۆڤێتیش ئۆکرانیا بۆتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەم جیابوونەوەو سەربەخۆبوونەی ئۆکرانیا، بۆ زۆرینەی روسەکان زەحمەتە قبوڵ بکرێت. هەر ئەم قبووڵ نەکردنەش ئەم کێشە گەورەیەی دروست کردووە. دیارە ئەم جەنگە تەنها جەنگی نێوان دوو وڵاتی ئاسایی نییە، بەڵکو کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەیە، چونکە لەلایەکەوە روسیا زلهێزێکی جیهانییە و لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ زلهێزێکی تری جیهانی کە ئەویش ئەمریکایە. کێشەی ئۆکرانیاش، یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان. لەپەنا ئەمریکاشدا، تەواوی ئەوروپا شڵەژاوە، چونکە ئەم وڵاتە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی و بەشێوەیەکی راستەوخۆش کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر ئەوروپاوە. لەلایەکی تریشەوە ئۆکرانیا پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ جیهان بەتایبەتی بۆ روسیا و ئەمریکا و ئەوروپا. ئەمە یەکەمجاریش نییە کە روسیا پەلاماری ئەم وڵاتە بدات، پێش هەشت ساڵ دورگەی قرمی داگیرکرد و لە بەشی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشەوە، مۆسکۆ پشتگیریی رووسەکانی ئۆکرانیای کرد، کە دژی حکومەتی ناوەندی بوەستنەوەو بەشێکی ئەو وڵاتە داگیر بکەن. واتە روسیا پێشتر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەلاماری ئۆکرانیای داوە، بەڵام ئێستا دەیەوێت بە راستەوخۆ پەلاماری بدات و هەموو وڵاتەکە داگیر بکات. هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگەش دەگەڕێتەوە بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی رێکخراو ناتۆ، کە هەمیشە بۆتە مایەی ترسێکی گەورە بۆ روسیا،چونکە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی و سەربازیی روسیا لەو باوەڕەدان، نابێت بهێڵن چیتر مەترسی دوژمن بگاتە سەر سنوورەکانیان، هەمیشە ناتۆش وەکو مەترسییەکی گەورە بۆسەر روسیا سەیر دەکرێت. پێدەچێت هەندێک لەو بیانوانەی کە روسیا بۆ ئەم جەنگە دەیهێنێتەوە راست بێت، بەڵام زۆرێک لە چاودێریی سیاسیش پێیان وایە کە ئەم بیانووە راست نییە، چونکە پێشتریش وڵاتانی بەلتیک و ئەسکەندەناڤیا بوونەتە ئەندامی ناتۆ و ئەمانەش هەموویان لەسەر سنووری روسیان. بەڵکو بە پێچەوانە ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، روسیا بە مەترسی دادەنێن و رێکخراوی ناتۆ و ئەمریکاش، وەکو پارێزەر بۆ وڵاتەکانیان دادەنێن. لەلایەکی ترەوە ئەگەر بۆ روسیا بچێتە سەر کە ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەوا ئاشتی جیهانی تێکدەچێت، چونکە لە جیهاندا کۆمەڵێک دەوڵەتی بچووک و لاواز هەن، کە دەکرێت بەهەمانشێوە لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانەوە پەلامار بدرێن و بەمەش ئاشتی جیهانی تێکدەچێت. هەرچەندە لە ئێستادا دەنگی دەهۆڵی جەنگ زاڵترە، بەڵام کۆمەڵێک هەوڵی ئاشتیش هەیە، بەتایبەتی لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، چونکە ئەوان نایانەوێت ئەم جەنگە دروست بێت و ئۆکرانیاش داگیر بکرێت. بەگشتی ئێمەی کورد حەزمان بە جەنگ نییە، چونکە مەینەتیی و ئازاری جەنگمان دیوە، هیوادارین هەوڵە جیهانییەکان بۆ ئاشتیی و هێورکردنەوەی رەوشەکە بەردەوام بێت و دواجاریش دەنگی ئاشتی لە دەنگی دەهۆڵی جەنگ بەهێزتر بێت.
عەلی کەریمی چەند جوان و ڕاستی گوتووە سەعدی شاعیری مەزنی فارسی زبانی ئێرانی: تا مرد سخن نگفتە باشد عیب و هنرش نهفتە باشد واتا: تا پیاو قسەی نەکردبێت عەیب و هونەری شاراوە دەمێنێتەوە مەبەستێتی بڵێ؛ ئەوە قسەکردن و دەربڕینە دەمانناسێنێت و بە وانی دیکە دەڵێ من بایی چەندم و لە کام دیار و چەندەم پێیە بۆ هەڵڕشتن، لەکام فەرهەنگ و پایەی عیلم و زانستم و تەبەقەی شعور و هزر و تێگەیشتوویم لە کام پایە و ڕیزڕەوی سەردەمدا جێی بۆ دەکرێتەوە؛ شارستانی، ئاکادەمی، بورژوا، گوندیی یان بێسەواد وێنا دەکەم؟! ئەم ڕۆژانە چونكێ لە مێژە وازم لە دەزگای زەبلاحی کۆکەرەوەی هەموو شتوومت و وردەواڵەی ناو سندووقی عەتار، فەیسبووک هێناوە و ئاگام لە خۆ گیفکردن و خۆبادانی مرۆڤە لاواز و هیچ لەباراندا نەبووی بەشێک لە "ڕوشنبیر و نوخبەی" مەیدانی کوردایەتی و موزایدەچییەکان نەماوە و لە ڕێی سایتەکان و دۆستان تێگەیشتم دیسان جەنابی کاک مەسعودی سەرۆکی پێشوی کوردستان و دەسەڵاتی بەڕ و بەحری ئەمڕۆ و موهەندیسی ڕێفراندۆم و خۆ بە باوکی نەتەوەیی کوردزانین، کەتنی ناوەتەوە و دیسان بەربۆتە گیانی کوردی بەستەزمان و ئاوارە و بێدەسەڵات و مجێورەکانی بەر قاپی مزگەوتەکەی خۆی، کوردی ڕۆژهەڵات. دەڵێن شاخ ژان گرتی و مشکێکی بوو! کتێبی نووسیوە، ئەویش چ کتێبێک؛ مێژوو، چ مێژوویەک؟ مێژوویەکی چەواشەی ٤٥ ساڵ پێش، لەسەر چێ؟ لەسەر کوردە داماوەکەی پەنابەری خۆی و چاو لەدەستی خۆی لە ئوردوگاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، کوردی ئێران! هیچ پادشایەک و هێچ سەرکردەیەکی لای خۆمان ئەوەندە کاتی نییە دانیشێت و بە هەزاران لاپەڕە ڕەش کاتەوە بۆ پەروەردە و زانست و مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو، لەمەڕ وڵاتانی لای خۆمان هەر لە دێرزەمانەوە باو بووە لە بارەگای سوڵتانەکان مەداحی جۆرواجۆری لێبووە و وەک ئەسپ و توتی و باڵندەکان بە خێویان کردوون و تەنانەت ئاخوڕیان ئەوەندە پۆشتە کردوون تەنیا ئیش و کاریان پێداهەڵگوتن بووە بە سوڵتان و پاشا! ئەم کاک مەسعودەی ئێمەش بە حەق کەمی نەهێناوە لە سوڵتان و پادشاکانی سەردەمی ئێستا نا، چونكێ زۆربەیان ئەوەی ئەو دەیکا، پێیان ناکرێ و بۆیان نالوێت، بەڵکو دەبێ بگوترێت و هەڵیانسەنگێنیت لە گەڵ ئەوانەی سەفەوی و عوسمانی؛ لە ئاست دەسەڵات، ڕێژەی ڕاگرتنی مەداح، سەروەت و سامان و بە گشتی لە گەندەڵی و خۆ بە زلزانینیش! ئەم کتیبە دەنگەی کە گوێم بۆ گرت و خێرومەندێک بە تێلگرامدا لە بۆی ناردم زۆر هونەری تێدا نییە کە بڵێم پاشاکەمان بۆ خۆی نەینووسیوە و بۆیان نووسیوە! پێمدەڵێن ئاگات لێ نییە لە فەیسبوکدا چ حەشرێکە، ڕۆژهەڵاتییەکانی سەردەمی ڕێفراندۆم کە هێنایانییە سەر دم و زاران و بە هەزاران درۆ و بوختانی وەک پیاوی سەدام و وێنەی فۆتۆشۆپ لەگەڵ سەدام و پیاوی ئیتلاعاتی ئێران و بەدەستی هێزی سواتی ئەمریکا لە ناو بازاری سلێمانی گیرا و ڕفاندیان و چی و چی، ئێستا لەسەر ڕەقەم باسی چەواشەکاری و خیانەتەکانی پاشا و قیادەموقەتە دەکەن و چەند هەنگاو لە پێشمەوە دەڕۆن! جەنابی سەرۆک کاک مەسعود! لە منی ببیسە و ئەم چەند ڕۆژەی ماوتە بە بێدەنگی بەسەری بەری بۆ خۆشت و نەوە و دنیا و ئاخیرەتیشت مەسڵەحەترە! ئاخر پیم ناڵێی ئەوە چ کەتنێکە پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی لەسەر کوردی داماوی ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵات ناوتەتەوە، بۆ نازانی خۆری ڕاستی و حەقیقەتگۆیی هەتا سەر لە ژێر هەوری چڵکنی عاسمانەکەی سەری ڕەشی تۆدا نامێنێتەوە؟! دەزانم و لە فیکەی خۆمان تێدەگەین و بۆمان ڕوونە دەنگ و وشە و ئینشا و ڕێنوسەکەت لە کامە مەداحەکانی "مێژوونووسی" دەربارەکەت هەڵقوڵاوە و خەریکی توکی سەگە هارەکە دەرخواردی خۆمان دەدەی. وریا بە ئەوانە ڕەنگە بە تەما بن تا ئاخرنەوەیان هەر بە ئێوە بەخێو بکەن، چونكێ دڵنیان لە باوەشی رۆژهەڵاتدا تازە جێیان نابێتەوە، ئاخر دەبوو هیچ نەبێ ئەوەندەیان نەسیحەت کردبای، کە مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملو و کاک فواد زۆرت بۆ زەحمەت دەبێ بە سەر کاریزما و ڕابوردوویاندا باز بدەی. خراپت کرد لەم ئاخری عومرە بۆ جاری چەندووم دیسان خۆت تووش کرد لە گەڵ کوردی ئێران! قەت لەبیرت نەچێتەوە بۆیە بە سابڵاخدا نەتان دەوێرا هاتوچۆ بکەن جادە و دار و دیواری هەر بۆنی خوێنی سولەیمان و لاجانێکانی لێ دەهات، هاواری " قیادە گورگە لەناو میللەتا گوێی ئاسمانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کەڕ دەکرد، بۆیە زاتی هاتوچۆی شارەکەی پێشەواتان نەدەکرد! ئێمە هەموو باش دەزانین ئەوانەی تۆ لە ناو کتیبەکەت ددانی خێریان پێدا دێنی و بە ڕۆژهەڵاتیی باش ناویان دێنی و ئەوانەی ئەمڕۆ لە دیوەخانەکەتدا کەیفت پێیان دەبزوێ و مەداحانە بۆت دەنووسن، دڵنیا بە لەهەرە قێزەون و ڕیسواکانی ٤٣ ساڵی رابردووی مێژووی ڕۆژهەڵاتن. بریا سوخنەت نەگوفتە دەبوو ئەزبەنی!
سەردار عەزیز لە گەڕانەوەی لە ئۆکرانیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕستەیەکی ئاڵۆزی فڕێدا. ڕستەکەی لە کاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژێکی کەمی پێشتر لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبونەوەی هەبوو. ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنوسانی گوت گوایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی ووتوە: بۆ چارهسهركردنی گرفتی گازی سروشتی، لهگهڵ حكومهتی ناوهند و سهرجهم لایهنه پهیوهندیدارهكان گفتوگۆ دهكات. ئەم ڕستەیە لە چەند لایەکەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە. یەکەم ئاست ئەوەیە کە ئێستا کە زستانێکی سەختە لە ناوچەکە، ئێران وەک یەکێک لە وڵاتانی دابینکەری غازی سروشتی بۆ تورکیا بۆ ماوەی دە ڕۆژ غازی لە تورکیا بڕی. بڕینی غازەکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا، هەر لە سەرمای ئێران و زیادبونی پێداویستی ناوخۆیی، هەتا بەکارهێنانی غاز وەک کارتی فشار لە لایەن ئێرانەوە لە سەر تورکیا، بە تایبەتی پاش نزیکبونەوەی زیاتری تورکیا لە کەنداو و دەستوەردانی زیاتری لە سیاسەتی عێراق. دیارە بەکارهێنانی غاز وەک کارتی جیوپۆلەتیکی و سیاسی کارێکی نەکردە و نوێ نیە. ڕوسیا کە دۆستێکی ئێرانە، بەردەوام ئەو کارە دەکات. لێرەدا ئێمە گومانمان هەیە لەوەی کە ئێران ئامانجی ئەوە بوبێت کە فشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە لە هاوسەنگی هاوکێشەکاندا ئێران زیاتر پێویستی بە فرۆشتنی غاز هەیە، لە بەر ئابلۆقە و پێداویستی بە دراوی سەخت و پەیوەندی دەرەکی، هەتا تورکیا. ڕەنگە بڕینی غاز کاریگەری کورتخایەنی هەبێت بەڵام لە مامناوەندا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە. گرێبەستی ئێران و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان بە تایبەتی سەردەمی هاتنی نەجمەدین ئەربەکان، کە بە لای ئێرانەوە وەک وەرچەرخانێکی پۆزەتیڤ لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا دەبینرا. تەمەنی کورتی سیاسی ئەربەکان هەر ئەوەندەی پێکرا کە رێککەوتنەکە واژۆ بکات. بە هاتنی ئاکەپە لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە زەمینەی ئەوە سازا کە ڕێککەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. تورکیا وەک کۆمەڵگایەک هەتا بێت زیاتر و زیاتر غازی شل بەکار دەبات، به هۆکاری زۆربونی دانیشتوان و بە شاربون و گەشەی ئابوری لە چەند دەیەی ڕابوردودا. رێککەوتنەکەی ئێران و تورکیا هەرگیز بێ کێشە نەبوە، هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پێی ناڕازی بوو، بەردەوام کێشەی بەردەوامیی هەبوە. ڕێککەوتنی ئێران و تورکیا لە چەند ساڵی ڕابوردودا بەرەو کۆتایی دەچێت. بە پێی زانیارییەکان ئەمریکاییەکان پێیان باشە کە غازی هەرێم بکەوێتە کێ بڕکێوە لە کاتی تەواوبونی ئەو گرێبەستە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی هەڵسەنگاندێکیان بۆ غازی هەرێم کردوە لەمبارەوە. مەبەستمان لە پێدانی ئەم پاشخانە ئەوەیە هەتا زەمینە بسازێنین بۆ تێگەیشتن لە لێدوانەکەی ئەردۆگان. ئایا ئەردۆگان لە بەر کام لەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم لێدوانەی لەم کاتەدا دا: یەکەم، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە لە ناوخۆدا لە سەریەتی، چونکە لە ئەنجامی بڕینی غازی ئێرانی نرخی غاز دوو قات بەرزبوەتەوە لە وڵاتدا و تورکیاش لە ساتێکدایە کە بە هۆی هەڵاوسانەوە، نرخی دراوەکەی هێندە دابەزیوە کە خەڵکێکی زۆر ناتوانن نانی وشکیان بە ئاسانی دەست بکەوێت. سرەگرتن بۆ نان یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی ئەم سەردەمەی ئەو وڵاتە. ئەردۆگانە ئاشنایە بەو جۆرە یاریە میدیاییە کە چۆن سەرنج لە سەر پرسە سەرکیەکان بگوێزێتەوە بۆ پرسی تر. ساڵانێکی زۆرە بە پرسی لاوەکی جەماوەرە باوەڕدارەکەی فریو دەدات. دووەم، ئایا ئەردۆگان مەبەستی ئەوەیە کە پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت کە، ئەگەر خۆشی پێویستی بە غازبێت، غازی تورکیا نەبڕێت چونکە ئەلتەرناتیڤ هەیە، کە غازی کوردستانە. سێیەم، ئایا ئەردۆگان بەڕاستی مەبەستی ئەوەیە کە غازی هەرێم و لە داهاتودا عێراقیش، بکاتە سەرچاوەی وزەی خۆی. دیارە غازی هەرێم بە بڕێکی کەم دەتوانرێت لە ماوەی کەمدا بگاتە سنوری تورکیا، بەڵام غازی عێراق، ئەگەر هەبێت پێویستی بە کات و سەرمایەی زۆرە. چوارهەم، ڕەنگە ئەردۆگان مەبەستی هەموو ئەمانە بێت، لە هەمانکاتدا. پرسیارێکی تر لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئایا غازی هەرێم دەتوانرێت بگەیەنرێتە تورکیا؟ لە ڕۆژانی رابوردودا سایتی ناسراوی ڕاپۆرتی نەوتی عێراقیIraq oil report ، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە بۆڕی غاز بەرەو سنوری تورکیا دەکێشرێت. ئامانجی یەکەمی ئەم بۆڕیە دابینکردنی غازە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک و پاشان گەیاندنی بە تورکیا. پرۆژەی غازی هەرێم بڕێکی زۆر لە کێشەی هەیە، لەوانە سەرمایە، پاککردنەوە و چۆنتی مامەڵکردن لە گەڵ ئەو مادە کیمیاویانەی کە لە ئەنجامی پاککردنەوە دەردەهاوێژرێت. لە هەمانکاتدا پرسی بازاڕ پرسێکی سەرەکی بوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایە. هەتا ماوەی ڕابوردوو عێراق وەک بازاڕێک دەبینرا بە تایبەتی لە بواری پێداویستی کارەبادا و بەکارهێنانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ئەمریکاییەکان فرۆشتنی غازی هەرێمیان بە تورکیا پێباشە، چونکە دوو ئامانجیان بۆ دەپێکێت، یەکەم، سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هەرێم دابین دەکات، کە فشاری دارایی لە سەر ئەمریکا کەم دەکاتەوە، وەک هاوپەیمانێک لە شەڕی تیرۆردا. ئەگەر هەرێم توانای خۆ بژێوی هەبێت ئەوا پێگەی باشتر دەبێت لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەخوازێت لە ڕوی دارایی و سەربازییەوە ئاستی تێوەگلانی لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە. لە لایەکی ترەوە فشار لە سەر ئێران زیاتر دەکات، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو نەگەشتنە ڕێککەوتن لە بواری چەکی ئەتۆمیدا. چونکە بەرنامەی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بە هیچ جۆرێک. ڕەنگە هۆکارێکی ئاسانکاری تر لەم بوارەدا ئەوەبێت کە تورکیا لە گەڵ ئیماراتدا پەیوەندی باش بوە. وەک دەزانرێت کە کۆمپانیای گەورە بواری غاز لە هەرێم دانا غازە کە بنکەکەی لە وڵاتی ئیماراتە. وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان میانگیربوە لە نێوان ئیمارات و تورکیادا، ڕەنگە پاڵنەری ئەم کارە غاز بوبێت. کەواتە ئەگەری ئەوە هەیە کە بتوانرێت غازی هەرێم بگەیەنرێتە تورکیا. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە غازی هەرێم ناتوانرێت ببێت بە بەدیل بۆ هیچ کام لە سەرچاوەکان غازی تورکیا. تورکیا لە ڕوسیا و ئازەربایجان و ئێران و جەزایر و نەیجیریاوە غاز هاوەردە دەکات. بەم پێیە هەرێم ئەگەر ئەڵتەرناتیڤ نەبێت ئەوا سەرچاوەیەکە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکان، دایڤێرسفای. لە ماوەی ڕابوردودا نوێنەری پێشوی یەکێتی ئەوروپا لە کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەبوو یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی گەشەی غازی کوردستانی بکردایە لە بڕی هاوکاری دارایی لە هەندێک بواردا کە هیچ سودێکیان نەبوە. بە قسەی ئەو ئەو کاتە هەرێم دەبوە خاوەن داهاتی خۆی و سەرچاوەیەکی تری غازیش لە سنوری ئەوروپا زیادی دەکرد. دیارە ساڵانێک لەمەوپێش ئەورپا لە ڕێگای نابۆکۆوە پلانی ئەوەی هەبوو کە سود لە غازی هەرێم ببینێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە مرد. لە لایەکی ترەوە کاتێک لە سەروبەری شەڕی داعشدا هەرێم پێویستی بە پارەبوو، ڕوسەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و هاتنە ناو پرۆسەی غازی هەرێمەوە. هاتنی ڕوسەکان بە ئامانجی ئەوەبوو، هەتا ئەگەر بونی هەرێم بە سەرچاوەیەکی غاز، لە دەرەوەی ڕوسیا بۆ ئەوروپا بکوژن. هەتا ئاستێک لەو بوارەدا سەرکەوتوبون. ئایا پاش نەوت، گەیاندنی غاز بۆ تورکیا مانای چیە؟ غاز وەک نەوت نیە بە ئاسانی بگوێزرێتەوە، بە گشتی پێویستی بە بۆڕی و تێچون و ئینشورانسی زۆرە. لەبەرئەوانە گرێبەستی غازی هەمیشە گرێبەستی درێژخایەنن. بەم پێیە ئەگەر هەرێم و تورکیا گرێبەست بکەن ئەوا نابێت لە بیست ساڵ کەمتر بێت. ئەم پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتێکدا کە ناتوانێت ناوی کوردستان گۆ بکات بێ کێشە نیە. لە هەمانکاتدا ئایا ئەمە بەشێکە لە ئەو گرێبەستەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە نێوان هەرێم و تورکیادا واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە دەناسرێت، کە هەتا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بۆ زۆرینە بە نهێنی ماوەتەوە.
ئارام سەعید فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەهەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانماندا هەن، ئایا پەیوەندیکردن و دۆزینەوەی هاوڕێ لەسەر فەیسبوک و تویتەرو ئەنستاگرام هەمان پەیوەندییە کە لە واقیعدا هەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بەرە هەیە، یەکێکیان دژو ئەوی تر لەگەڵ ئەو هاوڕێەتییە، چونکە لەپشتی شاشەکانەوە هەندێک کەس خۆیان مەڵاس داوە بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە، هەر بۆیە گرنگە بزانین ئەو هاوڕێانەی لەسەر فەیسبوک لە واقیعدا هەمانە تاچەند دەچنە خانەی سێکوچکەی تاریکییەوە، چۆن بیانناسینەوە؟ لە زۆر ناوەندی پزیشکیی و زانکۆ لە جیهاندا کار لەسەر ئەوەکراوە کە کاردانەوەی مێشکی سایکۆپاتەکان چۆنە لەکاتی روداوەکاندا یان ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بەسۆزدارییەوە هەیە لەکاتی بینینی تەنگژەکاندا کاردانەوەیان چۆنە. بۆ ئەوەی ئەو هۆکارە بدۆزنەوە کە بۆچی سۆزداریان نیە زۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر نەخۆشەکان ئەنجامداوە، کە ئەنجامەکانی زۆر سەرنجڕاکێش بوون، لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆی شیکاگۆ وێنەیەک نیشانی کەسی سایکۆپات دەدەن کە وێنەی کەسێکە بۆ نمونە دەستی بووە بەدەرگایەکەوە، دوو پرسیاری لێدەکەن یەکێکیان ئەگەر تۆ وات لێ بێت، دووەم ئەگەر کەسێکی تر وای بەسەر بێت، لەکاتی پرسیاری یەکەم کە پەیوەندی راستەخۆی بەخۆیانەوە هەیە ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بە سۆزدارییەوە هەیە چالاکی تیا دروست دەبێت و هەستی پێدەکەن، بەڵام کاتێک دەپرسن ئەگەر کەسێکی تر ئەوەی بەسەر بێت ئەوکات مێشکیان و ئەوبەشەی کاردانەوەی سۆزداری تێدایە هیچ ناجوڵێت و کاریان تێناکات... سایکۆپاتەکان هەمویان پیاوکوژ نین و لە زیندانەکاندا بن، جۆریان زۆرە، هەندێکیان ئاستی بیرکردنەوەو مێشکیان نزمە بۆیە دەبنە پیاوکوژو لە زیندانەکاندان، بەڵام هەندێکی تر ئاستی بیرکردنەوەیان بەرزەو ئەوانە دەبنە بەڕێوەبەری گەورە یان سیاسی یان بزنزمانی گەورە. سایکۆپات رەنگە کەسێکی نزیکت بێت و رۆژانە بیبینیت، رەنگە بەڕێوەبەر یان بەرپرست بێت، یان خۆشەویستت بیت، چونکە ئەوان لە روخساردا هیچ جیاوازیان نیە لە کەسی ئاسایی بەڵام لەدەرونیاندا هیچ ویژدانێکیان نیە، هەربۆیە دەکرێت لەتەنیشتمانەوە سایکۆپات هەبێت و نەزانین. ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکەن، هەلسوکەوتیان وایە کە سەرنجت رابکێشن، ئەو گۆرانییە دائەنێن لە سۆشیاڵ میدیا کە تۆ حەزی پێ دەکەیت، ئەو قسانە دەکەن کە تۆ بڕوات پێیەتی. هەمیشە هەوڵ دەدەن پێت بڵێن کە زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانتاندا، تا ئەوکاتەی بەو هەلسوکەوتانەی دەتکاتە هاوڕێ و ئیتر ئارامیی لەژیانتا ناهێڵێت. لەکۆتایی فیلمەکەی کەباسی تێد باندی سیاکۆپات دەکات نوسراوە "تاوانبارەکان شەو بە ددانی درێژەوەو لیکی زۆرەوە دەرناکەون، خەڵک نازانێت کە پیاوکوژێک لەناویاندایە، ئەو کەسانەی خۆشیان ویستووەو لەگەڵی ژیاون و کاریان لەگەڵ کردوون، تا ئەوکاتەی رۆژی دواتر کە ئاشکرا ئەبن ئەوکات ئەزانن لەگەڵ چ شەیتانێک بوون". ئەو کاتەی هاوڕێی سایکۆپاتیت ئیتر دوودڵی تۆ و دەسەڵاتی ئەو دەست پێدەکات.. سایکۆپات هەمیشە یاریت پێدەکات هەرکاتیش بەبەڵگەوە بۆت سەلماند کە یاری دەکات، ئەو بەتوندی رەخنە دەگرێت و رەتیدەکاتەوە کە ئەوکارەی کردبێت. کارێک دەکەن تۆ پێویستت پێیان بێت و بەئەنقەست فەرامۆشت دەکەن بۆ ئەوەی رابکەیت بەدوایانا... ئیتر هێمنی و ئاسایش لەناختدا ناهێڵن. ئەو هاوڕێیانەی بەردەوام درۆ دەکەن ئەوە بەلگەیەکی گرنگە بۆئەوەی بزانیت کە سایکۆپاتن، چونکە داهێنەرن لە دروستکردنی درۆدا، دەیان و سەدان چیرۆکی گەورەی درۆ هەیە کە دروستکراوی سایکۆپاتەکانە وەک ئەوانەی تێد باندی دەیکات و تەنها خۆی بەر لەسزای کورسی کارەبایی دانی نا بە کوشتنی ٣٠ کچدا کە رەنگە هەندێکیانی باس نەکردبێت کە دادگایی و تاوانبارکردنەکەی چەندین ساڵی خایاندو تۆمەتەکانی رەتدەکردەوە تا کورسی کارەبایی بووە هەڕەشەیەک ویستی تەمەنی دریژتر کات بەو دانپیانانە کە ئەویش فریای نەکەوت. ئەو جۆرە لە هاوڕێ لە فەیسبوک پاش ئەوەی بوون بەهاوڕێت ئیتر هەوڵ ئەدەن ئیرەییت تیادا بچێنن، دوای تۆ گرنگی بە کەسانی تر ئەدەن، ئەگەر پێشتر هەندێک گۆرانی لەبەر تۆ دانابێت ئیتر بیر لەوە دەکاتەوە ئەوگۆرانیانە دابنێت کە تۆحەزی پێ ناکەیت، ئەچنە ئەو لاپەرانەی ترەوە کۆمێنت دەنوسن و بۆ تۆی نانوسن، فەرامۆشت دەکەن، چونکە سایکۆپاتەکان زوو هەست بە بێزاری دەکەن و دوور دەکەونەوە لەوەی هاورێیەتی نزیک ودرێژخایەن و سۆزداری دروست بکەن کەسیش ناتوانێت ئەو بۆشاییەی رۆحی ئەوان پڕبکاتەوە، ئەوان خۆشەویستی دەگۆڕن بۆ ترس و دڵەڕاوکێ، هەموو بەیانیەک کە لەخەو هەڵدەسیت هەست بە نیگەرانی و دوودڵی دەکەیت... پارە و تواناکات نامێنێت هەموو ئەمانە ئەو سیفەتانەن کە کەسی سایکۆپات هەیەتی لە خۆشەویستی و هاوڕیەتیدا.... لەو نمونانەی کە تەواو بیرکردنەوەو هەلسوکەوتی سایکۆپاتمان نیشان دەدات زنجیرە درامای "تۆ- You"ی جۆ گۆڵدبێرگە کە ئێستا لە نێتفلێکس هەیەو چیرۆکی ئەو زنجیرەیە باسی کوڕێکی گەنج دەکات کە بەرێوەبەری کتێبخانەیەکەو چەند هەست و خولیایەکی سەیری هەیە و بەبینینی هەموو زنجیرەکە تێدەگەین بۆچی کەسێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستی سایکۆپاتێکەوەو چی بەسەردێت لەو پەیوەندیەدا؟ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو پاڵەوانە وادەکات لەسەرەتاوە بینەر پشتگیری لە هەلسوکەوتەکانی بکات سەرەڕای فێل و کارە خراپەکانی چونکە هەمیشە پاساوی هەیە بۆ تاوانەکانی و دەبینیت چۆن لەهەموو ئەو تاوانانە خۆی قوتار دەکات...رەنگە زۆر لەو بینەرانەی زنجیرەکە حەزبکەن پەشیمان بێتەوە لەو کارانەی، بەبینینی زنجیرەی "تۆ" تەواو تێدەگەین لە تواناو ئاستی بیرکردنەوەی خۆشەویستی و هاوڕێی سایکۆپات... هاوڕێەتی سایکۆپات زیانێکی درێژخایەنی دەبێت کە هەندێک گومان و هەستی جیاوازت لا دروست دەکەن کە هەمیشە هەست بکەیت هەڵەیت، باشترین رێگاش بۆ دورکەوتنەوە لێیان ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەکی نامەو سۆشیاڵ میدیاو تەلەفونیت لەگەڵیان نەمێنێت تا رێگە بگریت لەو نائارامیەی لەدەرونتدا دروستی دەکەن.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا یەكێک لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە مایەی سەرنج و بایەخ بوو بە لامەوە هۆڵەندا یان وەکو خۆیان دەڵێن نێدەرلاندە. ئەو کاتەی لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا دەژیام، کە شارێکی سەر سنوور بوو، زوو زوو سەردانی هۆڵەندام دەکرد، لەو سەردانانەمدا، جیاوازیی زۆرم لە مامەڵە و پەیوەندیی خەڵکەکەیدا بەدی دەکرد، کە زۆر جیاواز بوون لە خەڵکی ئەڵمانیا. گەلێكی زۆر رووخۆش و مرۆڤدۆست، راستە لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەوێش بزووتنەوەی فاشیستی دروستبووە، بەڵام خۆشبەختانە، هێشتا ئەم بزووتنەوانە نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆمەڵگەی هۆڵەندی، بە فکری خراپیان ژەهراوی بکەن. ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک خاڵی جوانی هەیە کە بۆتە مایەی گرنگیپێدانی جیهان. ئەمڕۆ هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە جوان و گەشەسەندوەکانی ئەوروپا و جیهان، وڵاتێکی بچوک کە خاوەنی سیستمێکی تۆکمەی دیموکراسی و لیبڕاڵ و مۆدێرنە، لە هەمانکاتیشدا خاوەنی ئابوورییەکی خورت و بەهێزیشە. وڵاتێک کە رۆژانە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا لە جەنگێکی دەستویەخەدایە، ئەم جەنگەش وایلێکردووە، کە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە بواری دروستکردنی بەنداو و ئاودێریدا، هەر ئەمەش وایکردووە کە لە رووی کشتوکاڵییەوە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کە پەیڕەوی میتۆدی نوێی کشتوکاڵی دەکات. جگەلەوەش، ئەم وڵاتە ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، رۆڵێکی چالاکی هەیە، بە تایبەتی ئەو کێشانەی رووبەروی جیهان دەبنەوە لەوانە: پیسبوونی ژینگە، جەنگ لە دژی تیرۆر، هەژاریی لە جیهاندا. جگە لەوەش، ماوەی چەندین ساڵە باوەشی بۆ زۆر ئاوارەی جیهان کردۆتەوە و مافی پەنابەری بە زۆر کۆچەری جیهان داوە کە لە دەستی جەنگ و دەسەڵاتە ستەمکارەکانیان وڵاتی خۆیان جێهێشتووە. نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت کە هۆڵەندا یەکەمین وڵات بووە لە جیهاندا کە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشووەوە، مافی پەنابەری بە گەلی کورد داوە، ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی کوردی لەوێ هەبێت کە ئەمەش گوازرشت لە هاوسۆزی گەلی هۆڵەندی دەکات بۆ كێشەی رەوای کورد. لەم چەند ساڵەی دوایشدا هۆڵەندا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا بووە، کە هاوکاریی گەلی کوردی کردووە، چ لە باشوور یان رۆژئاوا. لە ماوەی پێشوودا لە کەناڵی گەلی کوردستان، بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاریمان لە بارەی ئەم وڵاتە جوانەوە کرد. لە رێگەی ئەو بەرنامەیەشەوە، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا کە لە نزیکەوە بەڕێز هانس ئاکەربۆم کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بناسم و لە رێگەی ئەم دیدارەشەوە، کۆمەڵێک زانیاری زۆرم لە بارەی هۆڵەنداوە دەستکەوت. دەبێت ئەوەش بڵێم کە هانس ئاکەربۆم، وەک بەشێکی زۆری هۆڵەندییەکان، کەسێکی رۆح سوک و میوان دۆست بوو، ئەو ماوەیەی لەگەڵیدا بووم، سوودی زۆرم لێوەرگرت. لێرەدا هەوڵدەدەم لە رێگەی ئەم وتارەوە، تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم وڵاتەی جیهان، بەو هیوایەی کەمێك بە خوێنەرانی بناسێنم. جوگرافیا و مێژوو هۆڵەندا دەکەوێتە خۆرئاوای کێشوەری ئەوروپاوە و رووبەرێکی جوگرافی بچوکی هەیە، کۆی گشتیی رووبەرەکەی دەگاتە 41.583 کم چوارگۆشە. بەشێکی زۆری وڵاتەکە لە ئاستی دەریاوە زۆر نزمە، هەر بۆیە ناوی وڵاتەکەش لەمەوە هاتووە «واتە وڵاتی نزم». لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 50 ی پێش زاییندا رۆمەکان دەستیان بەسەر هۆڵەندا گرتووە و هەتا کۆتایی ئیمپراتۆیەتی رۆما، لە ژێر دەستی ئەواندا بووە. ماوەیەکی زۆریش لە ژێر دەستی فرانکییەکاندا بووە، پاشان لە ساڵی 1477 دا یەکەمین شانشینی هۆڵەندی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی نەتەوەی هۆڵەندی. لە سەدەکانی 16 و حەڤدەدا، ئەم شانشینە، رۆڵێکی زۆرباشی لە بازرگانی جیهانیدا هەبووە و ئەو ساڵانەش بە سەردەمی زێڕینی دەناسرێت. هۆڵەندییەکان داهێنانی باشیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانێتی ئەوروپیدا هەبووە، ئەم مێژووە دێرینەش، رۆڵی بەرچاوی هەیە بەسەر ئەمڕۆی ئەم وڵاتەدا. کۆمەڵگە ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا دەگاتە سەرو 17 ملیۆن کەس، جگە لە هۆڵەندییەکان، کۆمەڵێک نەتەوەی تر دەژین، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی تری جیهانەوە هاتوون. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی هۆڵەندی، کۆمەڵگەیەکی ڤرە کەلتوورە. تاڕادەیەکی باشیش ئەم وڵاتە سەرکەوتوو بووە، لە سەپاندنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی دروستبوونی کێشەی کۆچەران و بزووتنەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، لە هۆڵەنداش، بزووتنەوەی راسیزم و دژە پەنابەر دروستبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو بزووتنەوە پۆپۆلیست و راستڕەوانە، نەیانتوانیوە، ببنە مەترسی بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هۆڵەندا. ئەمەش بە هۆی بوونی سیستمێکی باشی حکومڕانییەوە بووە، جگە لەوەش رۆحی لێبوردەیی و تۆڵێرانس، لە ناو هۆڵەندییەکاندا زۆر بەهێزە. زمانی هۆڵەندی زمانی هۆڵەندی یەکێکە لە زمانە ئەوروپییەکان، زمانێکە کە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و زمانێکی دەوڵەمەندە. جگە لە هۆڵەنداش، لە بەشێکی بەلجیکا و ئەڵمانیاشدا، زمانی هۆڵەندی بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی لە بەلجیکادا، نیوەی هاووڵاتیانی بەلجیکا، هۆڵەندین. سیستمی سیاسی هۆڵەندا خاوەنی سیستمێکی سیاسی زۆر بەهێزە، پێڕەوی سیستمی پادشایەتیی دەستووری دەکات و هەروەها پشت بە پڕەنسیبە دیموکراسییەکان دەبەستێت، پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی سیاسی هۆڵەندا لە چاو وڵاتانی تردا جۆرە تایبەتمەندییەکی هەیە. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە هۆڵەندا سیستمێکی پادشایی دەستووریی هەیە. بەپێی ئەم سیستمەش پادشا لە هۆڵەندا، تەنها پۆستێکی سیمبۆڵیی و تەشریفاتییە، دەنا دەسەڵاتی سیاسی لە لای سەرۆک وەزیرانە. ئابووری گەلی هۆڵەندی بەوە ناسراون کە گەلێکن حەزیان بە بازرگانییە و هەمیشە بازرگانیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبووە، کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی هۆڵەندی لە سەدەی 16 ەوە دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی جیهان. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمپانیایەش، بازرگانییکردن بووە لەگەڵ هیندستان و کیشوەری ئاسیا. لەو کاتەشدا گەورەترین رکابەری کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی ئینگلیزی بووە لە ناوچەکە و جیهاندا. هەر بۆیە رۆحی بازرگانی لە ناو هۆڵەندییەکاندا، مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە. بەندەری رۆتەردام یەکێکە لە گەورەترین بەندەری کیشوەری ئەوروپا. لە ماوەی چل ساڵی پێشووشدا ئابووری هۆڵەندا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لە ئێستاشدا کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی بۆ ساڵی 2021 دەگاتە 1070 ملیارد دۆلار. لە رووی داهاتی تاکەکەسیشەوە لە ساڵێکدا دەگاتە سەرو 52 هەزار دۆلار، بەمەش دەبێتە 11 هەمین وڵاتی جیهان لە رووی بەرزیی داهاتی تاکە کەسەوە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئابووریی هۆڵەندا هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە دەنێت و بۆتە یەکێک لە ئابوورییە زۆرباشەکانی ئەوروپا و جیهان. دیارە لەپشت ئەم ئابووریە بەهێزەشەوە بوونی سیستمێکی دیموکراسیی و شەفاف و ژێرخانێکی ئابووریی باش هەیە. نابێت رۆحێکی گەورەی بازرگانیی و کارکردنیش لای هۆڵەندییەکان لە بیر بکەین، کە بۆتە سیمایەکی گرنگی کەسایەتی هۆڵەندییەکان. وڵاتی بەنداو و گوڵە جوانەکان وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا لە رووی ئاستی دەریاوە زۆر نزمە بۆیە بە وڵاتی زەوییە نزمەکان دەناسرێت، بەڵام لە ماوەی 50 ساڵی پێشوودا حکومەتی هۆڵەندا لە رێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداوی گەورەوە، رووبەروی ئەم کێشەیە بۆتەوە و تاڕادەیەکی باش توانیویەتی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵبێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەمە وایکردووە کە لە رووی سیستمی ئاودێرییەوە زۆر بەهێزبێت و بتوانێت ببێتە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان لە رووی کەرتی کشتوکاڵییەوە، بەتایبەتی لە هەندێک کەرتدا، بۆ نموونە لە چاندنی گوڵدا یەکەمی جیهانە و هەر ئەمەش وایکردووە کە بە وڵاتی گوڵ بناسرێت. ساڵی 2021 هۆڵەندا 1.7 ملیارد چەپکە گوڵی بەرهەم هێناوە، کە دەکاتە 60% بەرهەمی جیهان، بە بڕی 6.2 ملیارد یۆرۆش هەناردەی جیهانی کردووە. بەمەش بۆتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی گوڵ لە جیهاندا. لە رووی بەرهەمی کشتوکاڵیشەوە، بە حوکمی بوونی سیستمێکی باشی ئاودێری و پەیڕەوکردنی میتۆدی مۆدێرنی کشتوکاڵی، وایکردووە کە ئەم وڵاتە ببێتە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بواری بەرهەمی کشتوکاڵی لە جیهاندا، هەروەها داهاتێکی باشیشیان لە کەرتی کشتوکاڵی دەستبکەوێت. ساڵی 2021 هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی ریکۆردی شکاند و گەیشتە بڕی 104.7 ملیارد یۆرۆ، بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە. هۆڵەندا و جیهان هۆڵەنەدا ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپایە، هەروەها ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی ناتۆشە، جگە لەوەش ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە ماوەی پێشووشدا لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا رۆڵێکی زۆر چالاک دەگێڕێت، بە تایبەتی لە مەسەلەی پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا، هەورەها لە جەنگی دژ بە داعش و تیرۆریشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە. هۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا. ئەندامێکی سەرەکی رێکەوتنامەی رۆمای ساڵی 1957 ە، کە بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپیی و دواتریش یەکێتی ئەوروپا. بۆیە هۆڵەندا هەر لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپادا. لە هەمانکاتیشدا، لە سیاسەتی دەرەکی هۆڵەنداشدا، یەکێتی ئەوروپا، دەبێتە سەنتەری ستراتیژی ئەم وڵاتە. دیارە کیشوەری ئەوروپا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و ئەمنیشەوە، گرنگییەکی ئێجگار گەورەی بۆ ئەم وڵاتە هەیە. هۆڵەندا و ناتۆ هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ساڵی 1949 دا، هەر لەگەڵ دامەزراندنییەوە رۆڵێکی بەرچاو و کارای هەبووە لەم رێکخراوە سەربازییەدا. هۆڵەندا لە رێگەی بەشدارییکردنی لە ناتۆدا، توانیەتی توانا سەربازییەکانی خۆی بەهێز بکات، لە هەمانکاتیشدا پارێزگاری لە ئەمنیەت و سەلامەتی خۆیی و ئەوروپاش بکات. لە ئێستادا لە پاش یەکێتی ئەوروپا، دووەمین مەیدانی سەرەکی کارکردنی هۆڵەندا ناتۆیە. هۆڵەندا و کێشەکانی جیهان ئەوەی مایەی خۆشحاڵی و لایەنی جوانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندایە، بەشداریکردنیەتی لە دۆزینەوەی رێگا چارەدا بۆ کێشەکانی جیهان بە تایبەتی مەسەلەی ژینگەپارێزی و هاوکاریکردنی دەوڵە هەژارەکانی جیهان. هەمیشە هۆڵەندا سیاسەتێکی پەیڕەوکردووە، کە داکۆکی لە ژینگەپارێزی بکات لە جیهاندا. لە تەواوی رێکەوتنامە جیهانییەکاندا بۆ پارێزگارییکردنی ژینگە، هۆڵەندا رۆڵێکی باشی گێڕاوە. ئەمەش خاڵێکی جوانی تری سیاسەتی دەرەکی ئەم وڵاتەیە. هۆڵەندا و جەنگ دژی تیرۆر یەکێک لە خاڵە گەشەکانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندا، بەشداریکردنیەتی لە جەنگ دژی داعش. هۆڵەندا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە هەر لەسەرەتای ئەم جەنگەوە، رۆڵێکی جوامێرانەی بینییوە و سوپاکەی لەگەڵ هاوپەیماناندا بەشدار بووە لە جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عیراقدا. دەتوانم بڵێم لە جەنگی رزگارکردنی شاری کۆبانیشدا، فرۆکە جەنگییەکانی هۆڵەندا، لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسادا، گورزی باشیان لە چەتەکانی داعش وەشاندوە. جگە لەوەش هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی کردووە، بە تایبەتی لە رووی مەشق و راهێنان و پێدانی چەک و تەقەمنییەوە. کورد و هۆڵەندا وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ گەلی کورد دا هەیە و یەکەم وڵات بووە کە مافی پەنابەری بەو کوردانە داوە کە پەنایان بۆ بردووە. هەر ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی باشی کورد لەم وڵاتەدا هەبێت. جگە لەوەش، لە ماوەی پێشوودا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و کونسوڵگەری لە هەرێمی کوردستان کردۆتەوە. لە ئێستاشدا هۆڵەندا هاوکاری زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە، کە لە رووی پێدانی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنانەوە، هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگە دەکات. جگە لەوەش هەروەک کونسوڵی گشتی هۆڵەندا پێی راگەیاندم، لە رووی کشتوکاڵیشەوە، هاوکاریی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە. کۆتایی هۆڵەندا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆدا، ئەم دوو رێکخراوەش رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتی جیهاندا هەیە. جگە لەوەش رەوەندێکی باشی کوردیش لەم وڵاتە دەژین، کە لە زۆر رووەوە دەتوانن خزمەتی هەرێمی کردستان بکەن. هەروەها ئەزموونی هۆڵەندا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و کەلتوورییەوە زۆر گرنگە، هەر بۆیە پێویستە لە هەموو لایەکەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بەهێزتر بکرێت، بە تایبەتی لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و فەرهەنگییەوە. سەرچاوەکان: 1-www.holland.com/de 2-www.planet-wissen.de 3-www.Statista.de 4-www.fruchtportal.de
عەتا قەرەداخی بێگومان گفتوگۆی ئەوەی کە ئایا نەتەوە ناسیونالیزم بەرهەم دەهێنێت و دروستی دەکات، یان ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات بابەتێکە هەتاکو ئێستا توێژەرانی مێژوویی و کۆمەڵناسی ئەو بوارەی کردووەتە دوو سەنگەرو هەریەکەش بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە. دیارە کاتێک باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم دەکەین، رووبەڕووی جیاوازی ئاشکرایی نێوان روانینی ئەو دوو ئاراستەیە دەبینەوە. هەر ئاراستەیەک لەسەر بنەمای روانینی خۆیی و ئەو کەرەستانەی کە کاری لەسەر دەکات بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی، ناڕاستەوخۆ باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بە پێی ئەو ئاراستەی بڕوای پێیەتی دەکات. بەڵام دەبێ بزانین بنەماکانی نەتەوەو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بۆ هەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە بنەمای مادی و بەرجەستەن. ئەوەش وا دەکات هەر ئاراستەیەک بتوانێت بەڵگەی بابەتی بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی بهێنێتەوە. ئەمە سەرباری جیاوازی بۆچوونی هەر ئاراستەیەک لە باسکردنی رەگوڕیشەی ناسیونالیزمدا، یەکتربڕین و تیکەڵاویش لە بۆجوونیاندا سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی دروست دەبێت. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە جیاوازی لە نێوان ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی، یان شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەو نەتەوەییبوون و ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیدا نیە. راستە سنووری نێوان ئەم چەمکانە زۆر پتەو و بەهێزنین، بەڵام سنوورگەلێکن کە دەتوانن ئەرکی جیاکردنەوەی پێناسەو گەوهەرو رەهەندی نێوانیان ببینن. ئێرنیست گیلنەر گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە: نەتەوەکان و شوناسی نەتەوەیی و ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن(١٤). هەروەک مۆدێرنیستەکان وای دادەنین کە نەتەوە لە گەوهەردا دیاردەیەکی سیاسیە(١٥). هانس کۆهن و ئیلیا خەدوری ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی پێناسە دەکەن کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە(١٦). مەبەستمان لە هێنانەوەی ئەم وتانە کە پێداگری لەسەر رۆڵی مۆدێرنێتە لەسەر دەرکەوتنی ناسیونالیزم و پێکهاتنی نەتەوە دەکەن، بەو مەبەستەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین لە روانگەی ئەم ئاراستەیەوە نەتەوەو ناسیونالیزم رەگوڕیشەیەکی دێرینی نیەوە بەرهەمی دوای شۆڕشی پیشەسازین. ئەم بۆچوونەش تەواو ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونی نەریتخوازەکاندا، کە ئەوان مێژووی نەتەوە زۆر بە کۆن دەزانن و هاوکات نەتەوە بە یەکەم و ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی بە دووەم دادەنێن.. نەریتیەکان بڕوایان وایە ناسیونالیزم زۆر پێش دەرکەوتن و هاتنی مۆدێرنێتە دەرکەوتووەو شێوەی خۆیی وەرگرتووە(١٧). ئەم بۆچوونەی نەریتیەکانیش پەیوەندی بە گەوهەری تێڕوانینی ئەوانەوە هەیە بۆ بوونی نەتەوە، کە پێیان وایە نەتەوە مێژوویەکی دێرینتری هەیە لەچاو شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەودا.. لای زۆربەی ناسیونالیستەکان، نەتەوەکان ئەو رێکخراوە سروشتیانەن، کە بە سروشتی و زۆر لە پێش دروستبوونی دەوڵەتەوە هەن(١٨). لێرەوە تەواو ئاشکرا دەبێت کە رووبەرێکی فراون لە نێوان تێڕوانینی نەریتیەکان و مۆدێرنیستەکاندا هەیە بۆ دەرکەوتنی نەتەوەو ناسیونالیزم. بەوپێیەش وەکو لەسەرەوەش ئاماژەمان بۆ کرد دەشێ لە روانگەی هەر ئاراستەیەکیانەوە باس لە سەرچاوە، یان رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بکرێت. دایڤد هیوم گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە کەسێتی نەتەوەیەک- بەو پێیە ناسیونالیزمەکەیشی- تەنیا وەستاوەتە سەر فاکتەرە رەفتاری و کۆمەڵایەتیە- سیاسیەکان و هەروەها هەندێ بنەمای تری کردووە بە پاشخان بۆ خاسێتی نەتەوەیی- ناسیونالیزم- وەکو زمانی هاوبەش و ئایینی هاوبەش و نەریتی کەلتوری و ژێردەستەیی و بوونی یەک حکومەت(١٩). دایڤد هیوم باس لەو بنەما هاوبەشانە دەکات کە لە روانگەی نەریتیەکانەوە وەکو بنەما یان رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزم دادەنرێن. ئەو بایەخ بە فاکتەرە رەفتارییەکان دەدات و تا ئەندازەیەک شۆڕدەبێتەوە بۆ قوڵایی بنیادی کەسێتی و ئەوەش دەبەستێت بە ئەو زەمینە جوگرافیەوە کە هەر پێکهاتەیەکی تێدا دەژی و رۆڵی جوگرافیاو کەش و هەواش لەسەر تاکەکەس و گروپەکانیش بەهێند وەردەگرێت. ئەو باس لەوە دەکات کە خەڵکی باشوری ئەوروپا بە تایبەتی ئیسپانیا و ئیتالیا ژیرترن لەچاو خەڵکی باکوری ئەو کیشوەرەدا، کە ئاو وهەوایەکی ساردی هەیەو هەتاوی لێهەڵنایەت و تەمومژاوی و خەماویە. ئەو پێیوایە خەڵکی باشور چالاکترن و ئارەزووی زیاتریان بۆ شەروشۆڕ هەیەو سەرئەنجام ئەو چالاکی و جوڵەیە رۆڵیان دەبێت لە زەمینەسازیدا بۆ نزیکبوونەوەو یەکگرتنی زیاتر، کە ئەوەش وەکو بنەمایەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیر دەکرێت. ئاراستەی نەریتیەکان زیاتر پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەو بەو پێیەش سەرهەڵدانی ناسیونالیزم دەکەنەوە لە پێش شۆڕشی پیشەسازیداو لەوێشەوە دەیانەوێت بیسەلمێنن ئەو بۆچوونەی مۆدێرنیستەکان راست نیە کە پێیوایە نەتەوەو ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن. نەریتیەکان پێیان وایە کە نەتەوە لە قۆناغێکی زووتردا پێکهاتووەو شێوازی تایبەتی خۆیی وەرگرتووەو بووەتە دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەکی سیاسی کەلتوری. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش ئاماژە بۆ کۆمەڵگای ئینگلیزی و سویدی و فەڕەنسی و هۆڵەندی دەکەن. لەبارەی کۆمەڵگای ئینگلیزیەوە ئەندریان هاستینگ دەڵێت: ئینگلیز نموونەیەکی بنچینەیی لە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە دەنوێنێت کە هەستی یەکێتی نەتەوەیی تیایدا لە کۆتایی سەدەی دەیەمەوە دەرکەوتووە(٢٠). ئاشکرایە کە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا دەستیپێکرد و هەر بەوپێێەش لە روانگەی مۆدێرنیستەکانەوە دەوڵەتی نەتەوە لەو وڵاتە لە پێش شوێنانی ترەوە دروستبووەو نەتەوەو ناسیونالیزمیش ئەگەر وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی سەیربکرێن، ئەوا دیسان سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا. لەپاڵ ئەم بۆچوونەدا لێکدانەوەی لەوجۆرەش دەکرێت گوایە لە سیستێمی فیودیالی و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرێتە خێڵایەتی و ئایینەکانیشدا کە خاسێتی دەوڵەتیان هەبووە، بە جۆرێک نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوەش دەشێت ببینرێن، واتە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە بەو پێیە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازی. هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونەی سەرەوە، رستەیەکی دیار لەسەر زمانی ناسیونالیستانەوە بەردەوام دەبیسترێت کە دەڵێت: هەستی نەتەوایەتی- ناسیونالیزم- رەگوڕیشەی بەقوڵی رۆدەچێتە ناو مێژووی مرۆڤایەتیەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە گوایە نەتەوەو ناسیونالیزم مێژوویەکی کۆنیان هەیە.. گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و هەژمووندا ئارەزووی مرۆڤە، کە زیاتر بەشێک لە پێکهاتنی بۆماوەیی-جێنەتیکی- مرۆڤ و بناغەی ناسیونالیزم پێکدەهێنێت کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتیدا پێکهاتووەو دەرکەوتووە(٢١). لێرەدا بابەتی نەتەوەو ناسیونالیزم پەیوەست دەکرێت بە بنەمای بۆماوەوە، یان وەکو خاسێتی خۆڕسکی مرۆڤ سەیردەکرێت و بەلای ئەو بۆچوونەدا دەچێت کە مەسەلەی نەتەوەو هەستی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم پەیوەندی بە هیچ قۆناغێکی مێژووییەوە نیە، بەڵکو دیاردەیەکە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیەو وەکو خاسێتی دیاری مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێرانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن.
