عەتا قەرەداخی (٢-٥) دەشێت ئایین ببێتە پایەیەکی ناسیونالیزم، بەڵام ئایا سروشتی ئەو ناسیونالیزمە چۆن دەبێت کە ئایین وەکو بیرێکی داخراو ببێتە پایەیەکی سەرەکی و چالاک و کارا تێیدا؟ ئایا ئەو دەوڵەتانەی کە بەرهەمی ناسیونالیزمی ئایینین، یان ئایین پایەیەکی بەهێزی ناسیونالیزمەکەیانە لە رووی دیموکراسی و ماف و ئازادیەکانەوە چ جۆرە دەوڵەتێکن؟ ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی ناسیونالیزمی ئایینیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ شوێنی تر دەبینرێت، ئەوە دەوڵەتی نەتەوەیی رووپۆشکراون بە ئایدیۆلۆجیای ئایینی و هەردوو رگەزی ئیتنیک و ئایین بە داخراوی مامەڵەیان لەتەکدا کراوەو فاشیزمی نەتەوەیی ئایینیان بەرهەمهێناوە. بەگشتی دەوڵەتانی عەرەبی ئەگەرچی پێشتر هەندێکیان ئیدیعای عیلمانیەتیان دەکرد، بەڵام لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکەوەو لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەی کە ناوی بەهاری عەرەبییان لەخۆیان نابوو، هەندێ لە دەسەڵاتەکانیان گۆڕی، بەڵام لە خراپترەوە بۆ خراپترین و ئەو رووکەشە بەناو عیلمانیەش نەماو بەتەواوی بوون بە دەوڵەتی ناسیونالیزمی ئیتنیکی ئایینی، کە ئاشکرایە کۆکردنەوەی دوو رەگەز یان دوو پایەی وەکو ئیتنیک و ئایین پێکەوە خراپترین جۆری داخستن پێکدەهێنێت بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەدا کە بە پیشەسازیکردن و بەشاریبوون بە سرووشتی دروستنەبوون. لە راستیدا ناسیونالیزم لە دوو سەرچاوەوە درووستبووە، یەکەمیان سەرچاوەی خێڵ، واتە خوێن و دەمار کە گەوهەری داخراوی ئیتنیکن، لەگەڵ پایەی دووەم کە گەیشتنی هەست و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمە بەم کۆمەڵگایانە لە رێگای داگیرکردن و کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاواوە. هەروەک گەیشتنی کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاواو هەژموونکردنی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مێژوویەکی درەنگتردا لەچاو گەیشتنیدا بە ئەمەریکاو ئەفریقا و تەنانەت رۆژهەڵاتی ئاسیادا، دەوری هەبووە لەسەر سروشتی دەرکەوتنی ناسیونالیزم لەم رووبەرە جوگرافیەدا بە کوردستانیشەوە. لەبەرئەوە کۆڵۆنیالیستی ئەوروپی زووتر گەیشتە ئەمەریکا، هەم شۆڕشی پیشەسازی لە ئەمەریکا زووتر روویداو، هەم ناسیونالیزمی ئەمەریکی پێش ناسیونالیزمی ئاسیایی و ئەفەریقایی دروستبوو، دەرکەوت. کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لە ئاسیادا زووتر گەیشتە هیند، ناسیونالیزمی هیندی زووتر لە چاو وڵاتانی تری ئاسیادا گەشەی کرد. واتە هۆکارێکی تری سەرەکی دەرکەوتنی ناسیونالیزمێکی نەبەکام لە ئاسیاو ئەفریقادا رۆڵی کۆڵۆنیالیکردنی ئەم وڵاتانە بوو لە لایەن ئەوروپاوە. وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، ناسیونالیزمی ئایینی دوژمنی سەرسەختی دەوڵەتی نەتەوەیە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی چینی ناوەند بێت، چونکە یەکێک لە بەرهەم و هەم هۆکارە سەرەکیەکانی شۆڕشی پیشەسازی دەرکەوتنی چینی ناوەند و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییە. لە راستیدا دەرکەوتنی کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیست پەیوەندیەکی رەتنەکراوەی بە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەوە هەیە لە رۆژئاوا. واتە کۆڵۆنیالیزم دەرئەنجامی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیە. واتە پرۆسێسی کۆڵۆنیالیزم لە دوای دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەوە دەست پێدەکات لە پێناوی فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵات و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئابووریدا. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوە یان وەکو دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو دانانی ئەو بەرژەوەندییانە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە پێناسەکرا. لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە سەرهەڵدانی ناسیونالیزمەوە، رەهەندو مەودای پەرەسەندن و پتەوبوونی ناسیونالیزم وەکو چەمکێک زیاتر فراوان بووەو مانای دیارو ئاشکرای وەرگرتووە. لەم بارەیەوە ئەنتۆنی دی سمیس دەڵێت: ناسیونالیزم پرۆسێسی پێکهاتن یان گەشەکردنی نەتەوەیە، بەها، یان هوشیاری سەربە نەتەوە بوونە، زمان و سیمبۆلیزمی نەتەوەو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەناوی نەتەوەوەو بیروباوەڕ، یان ئایدیۆلۆجیای نەتەوە، لە هەردوو ئاستی گشتی و تایبەتیدا دەگرێتەوە(٩). ئەگەر سەرنجی ئەم مانایانە بدەین کە ئەنتۆنی دی سمیس باسیان دەکات، ئەوا بەلایەنی کەمەوە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەیەمەوە ئەم مانایانەی وەرگرتووە، کە بە ئاشکرا دەبینرێت کۆی ماناکانی ناسیونالیزم پەیوەستن بە نەتەوەوە. لە ئاستی یەکەمدا وەکو گرنگترین مانایەک کە ناسیونالیزم وەریبگرێت کە وەکو ئەرکی سەرەکی ناسیونالیزمیش لە روانگەی مۆدێرنیتەوە دیاریکراوە، پێکهاتنی نەتەوەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت یەکێک لە خاسێتە سەرکی و یەکەمەکانی ناسیونالیزم بنیادنان و پێکهێنانی نەتەوەیەو بەدوای ئەوەشدا گەشەپێدان و پەرەپێدانی نەتەوە دێت. هەروەک مانایەکی تری گرنگ کە ناسیونالیزم وەری دەگرێت ئامادەکردن و پەرەپێدانی ئاستی هوشیاری ئەندامانی کۆمەڵ، یان نەتەوەیە بۆ ئاستی گەیشتن بە دروستبوونی پەیوەستبوونی بەهێز بە نەتەوەوە کە ئەوەش بە سەربەنەتەوەبوون یان ئینتیمای نەتەوەیی ناودەبرێت. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەک کە سەرئەنجام ئایدیۆلۆجیایەکی جەماوەریە، بەتەواوی بارگاوی دەبێت بە مانای سەربە نەتەوە بوون، کە ئەوەش لە ئاستی قوڵدا مانای بوونی هێزێکی پتەوە بۆ بەکردارکردنی پرۆسێسی سەربە نەتەوە بوون و گواستنەوەی لە تەنیا رایەڵەیەکی مەعنەویەوە بۆ پەیوەستبوونێکی پیادەکراوی واقیعی بینراو. ناسیونالیزم هەرچۆن جەخت دەکاتە سەر زمانی دایک و سیمبوڵ یان هێمای نەتەوە، لە هەمان کاتدا مانای ئەم رەگەزانە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. هەروەها ناسیونالیزم وەکو چەمک و وەکو زاراوە مانای بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەردەگرێت. هەروەها لە خۆیشیدا، لە روویەکی ترەوە وەکو ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی جەماوەریی سەیر دەکرێت و هەر لەو رووەشەوە ناسیونالیزم چۆن وەکو ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوە سەیردەکرێت، بە هەمان شێوە مانای ئایدیۆلۆجیای نەتەوەش لەخۆیدا کۆدەکاتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ..ناسیونالیزم بە مانا نەتەوەییەکان و بە بیرو بە مەعریفەی نەتەوەیی بارگاویی کراوە(١٠). سەرباری مەترسی ئەوەی کە ناسیونالیزم بگۆڕێت بۆ رەگەزپەرستی و فاشیزم، بەڵام روانینی تریش هەیە کە بە ئاراستەیەکی تەواو پێچەوانە سەیری ناسیونالیزم دەکات و پێێوایە کە رۆڵی گرنگ دەبینێت لە بنیادنانی کۆمەڵگەی باش و تەنانەت کاریگەری لەسەر رەفتاری تاکەکان دەبێت بە ئاراستەی باش. بێندینکت ئەندرسۆن لە گفتوگۆیەکیدا باسی ئەوە دەکات کە.. ئەو ناسیونالیزمی بەلاوە پەسەندە چونکە ئەم چەمکە وەکو دیدو وەکو ئایدۆلۆجیا بەشداری دەکات لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشداو وا لەخەڵک دەکات باشتر رەفتار بکەن چونکە ئەوان دەبنە ئەندام لە کۆمەڵگەیەکدا (١١). لێرەدا ناڕاستەوخۆ و لە پشتی ئەم بۆچوونەوە ئەو تێروانینە ئامادەیە کە ناسیونالیزم رۆڵ دەبینێت لە پێکهێنانی کۆمەڵگەدا، کۆمەڵگەیەک کە سەربەبوون یان پەیوەستبوونی تاکەکانی بە سیستێمی ئەو کۆمەڵگەیەوە پتەوو بەهێزبێت و هەڵسوکەوتی ئەندامانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی رێکخراودا بێت و بە پێی رێساو نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایە بێت. دیارە ئەو کۆمەڵگایەی ناسیونالیزم وای لێ بکات ببێتە کۆمەڵگایەکی باش، کۆمەڵگای دوای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیە، کە ئەویش دەبێ بەلایەنی کەمەوە بووبێتە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی و لەگەڵ ئەوەشدا کەلتوری ئەو کۆمەڵگایە دروست بووبێت. هاوشانی بەپیشەسازیبوون دەبێ بەشاریبوون گەیشتبێتە ئەنجام، کە ئەویش لەگەڵ خۆیدا کەلتوری کۆمەڵگەی شار دروست دەکات، کە کەلتوری دروستبوونی تاکەکەسی خاوەن شوناسە. ئەو کۆمەڵگایەی لە دوای دەرکەوتنی ناسیونالیزم و بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوەو دروستکردنی نەتەوە دەبینرێت، ئەگەر بەم شێوە سروشتیە درووست بووبێت، ئەوا کۆمەڵگایەکی خاوەن شوناسی مەدەنیە بە کۆی خاسێتەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە. بۆیە بە پێویست دەبێت کۆمەڵگایەکی باش بێت و تاکەکانی دەگەنە ئاستێکی هوشیاری ئەوتۆ لە رووی کۆنەستەوە، وابەستە دەبن بە نەریت و رێساکانی کۆمەڵگاکەیانەوە، کە یاساو رێسای کۆمەڵگایەکی خاوەن شوناسە لەو رووەوە کە خاوەنی سەروەری خۆیەتی و پارێزراوە. لە پێناسەی ناسیونالیزمدا دوو ئاراستە دەردەکەوێت، کە دیارە ناسیونالیزم زیاتر لە پێناسەیەکی بۆ کراوە، بەڵام کۆی ئەو پێناسانە دابەش دەبن لە نێوان دوو ئاراستەدا، ئاراستەی بابەتی و ئاراستەی نابابەتی، کە یەکەمیان بێلایەنی پێوەدیارەو وەکو دیاردەیەک سەیری ناسیونالیزم دەکات، کە ئەوەش لەو پێناسانەی سەرەوەدا دەبینرێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا پێناسەی نابابەتیش هەیە کە زۆر بە خراپی دەڕوانێتە ناسیونالیزم و لەباشترین باریدا وەکو فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزمی نەتەوەیی سەیری دەکات و بە دوژمنی مۆرڤایەتی دەزانێت. واتە لە روانگەی نابابەتیەوە، دەشێت ناسیونالیزم وەها سەیر بکرێت کە هاوبەشە لە ئایدیۆلۆجیای فاشیزم و نازیزم و لە ئایدیۆلۆجیاو دیدی شێوەکانی کۆمۆنیزمدا کە بەگشتی ئەمانە، واتە ئەم سیانە فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزم دەسەڵاتیان بەسەر مێژووی سەدەی بیستدا کردووەو بێجگە لەوەی کە لە دوو جەنگی جیهانی گەورەدا بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیان لەناوبردووە، دیسان لە سنووری دەوڵەتەکانی خۆیشیاندا وەکو خراپترین شێوەی سیستێمی ستەمکار بێ پەروا مرۆڤیان کوشتووەو مرۆڤایەتیان لەناو بردووە. بەشێک لە توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی و مێژوو، ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی فاشی و رەگەزپەرست دەزانن و لەو روانگەیەوە پێیانوایە فاشیزم و نازیزم و دەوڵەتی کۆمۆنیزمی نەتەوەیی لە نموونەی باڵای ناسیونالیزمن. بێگومان بەگشتی روانینی ئەنارکیزم بۆ نەتەوەو ناسیونالیزم و دەوڵەت ئەوەیە کە نەتەوەو ناسیونالیزم بەڵاو بەدبەختین بۆمرۆڤایەتی، چونکە ئاشکرایە ئەنارکیزم لە روانگەی ململانێی چینە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەیری دنیا دەکات و بڕوای بە ململانێ و جیاوازی ئیتنیکی نیەو وەکو دروستکراوی دەستەو چینی دەسەڵات و دەوڵەت سەیری دەکات، بۆ درێژەدان بە ستەمکاری. واتە ئەنارکیزم وایدەبینێت کە نەتەوە بوونێکی راستەقینە یان واقیعی نیەو دروستکراوی خەیاڵە و ئەوەی بوونی راستەقینەو واقیعی هەیە چینە کۆمەڵایەتیەکانن و هەر لەبەر ئەوەش ململانێی راستەقینەو خەباتی راستەقینەش بە روانینی ئەو ململانێ و خەباتی چینایەتیە دەزانێت نەک نەتەوایەتی. ئەوەش لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە کە پێیانوایە لەناو پێکهاتە کۆمەڵایەتیە فرە چینایەتیەکاندا شتێک نیە پێی بگوترێت بەژەوەندی هاوبەش، چونکە ناشێت بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان کرێکارو بۆرژوادا، لە نێوان هێزی کارو خاوەنی کاردا هەبێت، بەڵكو بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی چینێکی کۆمەڵایەتیدا هەیەو هەر ئەو بەرژەوەندییانەش یەکێتی چینایەتی دروست دەکەن. بەڵام پێکهاتەی نەتەوە کە لە چینی جیاواز پێکهاتووە نەک بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانیاندا نیە، بەڵکو بەرژەوەندییەکانیشیان دژی یەکترە. هەربۆیە هەرگیز یەکێتی نەتەوەیی دروست نابێت، چونکە لەناو ئەو پێکهاتەیەدا هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە. هەر لێرەوە بە بۆچوونی ئەنارکیزم ئەو دروشم، یان ئەرکە سەرەکیەی کە ناسیونالیزم دەبێ بیگرێتە ئەستۆ و دروستی بکات کە یەکێتی نەتەوەییە، بێجگە لە خەیاڵ هیچی تر نیە. بۆیە ئەنارکیزم وایدەبینێت کە ناسیونالیزم بێجگە لە وێرانکاری هیچی تری بۆ مرۆڤایەتی نەهێناوە. بۆ دەرخستنی روانینی دژە ناسیونالیزم، ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێت: ناسیونالیزم نەخۆشی ئیفلیجیە، سورێژەیە بۆ مرۆڤایەتی. هەروەها بێرتراند رەسڵ دەڵێت: نیشتیمانیبوون( ناسیونالیزم) ئامادەبوونە بۆ کوشتن یان بۆ کوژران لە پێناوی ئامانج یان هۆکاری پڕوپووچدا. دان فرێد دەڵیت: ناسیونالیزم وەکو ئەلکحول- خواردنەوە- وایە، سەرەتا مەستت دەکات، پاشان کوێرت دەکات، لە کۆتایدا دەتکوژێت(١٢). ئەمەی سەرەوە تێڕوانینی دژە بۆ ناسیونالیزم، کە ئێمە بە تیڕوانین یان ئاراستەی نابابەتی ناومان برد. راستە ناسیونالیزم وەکو دیاردەیەکی بەهێز لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەرکەوتووە، بەڵام هەم رێگری هەبووەو هەم خۆیشی ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و سیستێمی فاشیزم و تۆتالیتار بەرهەم دەهێنێت. جۆناسان هێرن باس لەو شێوازانە دەکات کە ناسیونالیزم لەخۆیی دەگرێت و ناسیونالیزمیان پێ دەناسرێتەوەو کۆی ئەو شێوازانەش لەناو پرۆسێسی گەشەکردنی ناسیونالیزم و کارکردنی ناسیونالیزمدا بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی پێکدێن و پەرەدەسەنن. ئەوانیش بریتین لە: هەستکردن، شوناس، ئایدیۆلۆجیا، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و پرۆسێسی مێژوویی، کە ئەمانە هاوکات روودەدەن(١٣). بێگومان ئەو شێوازانەی هێرن باسیان دەکات دابڕاونین لە کۆمەڵگاو لە راستیدا پەیوەستن بە شێوەی گەشەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، یان لە چوارچێوەی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەییدا. هێرن "هەستکردن"ی لە یەکەمدا داناوە، ئەوەش دەستپێکی پرۆسێسی دەرکەوتن یان بەرەو دەرکەوتنی ناسیونالیزمە. هەستکردنی هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی بەخۆی و بە دەوروبەری، کە ئەوەش بەرەو شێوازی دووەم دەڕوات کە پرسی شوناسە. پرسی شوناس لە سادەترین شێوەیدا، پرسیارکردنە دەرباری خۆ، کە ئەویش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە " من کێم، ئێمە کێین، تۆ کێیی، ئێوە کێن، ئەویتر کێیە، ئەوانی تر کێن؟ تۆ و ئیوە و ئەو و ئەوانی تر پەیوەندیتان بە من یان بە ئیمەوە چیە؟" کە ئاشکرایە بنەمای سەرەکی بۆ دیاریکردنی شوناس جیاوازیە. ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە تیایدا هەر گروپ و پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لە پرۆسێسی بەرەو پێکهاتندا ئەم پرسیارانە لە خۆیی دەکات. ناسیونالیزم کاتێ دەگاتە شێوازی گەڕان بە داوی شوناسدا، مانای وایە لە قۆناغی تەنیا هەستکردن تێپەڕیووەو بەرەو قۆناغی هوشیاری دەچێت، کە لەوێشەوە ئایدیۆلۆجیا پێکدێت. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی جەماوەریی کە لەسەر بنەمای هەستکردن و هوشیاری و بەئاگابوون لەوەی کە ویستەکانی نەتەوە چین و چۆن بە ئاراستەی گەیشتن بەو ویستانە دەجوڵێت، پێکدێت. گەیشتنی ناسیونالیزم بەم ئاستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا یان نەتەوە بنەماکانی یەکبوون نەخش دەکات و شێوەی لەیەکتر نزیکبوونەوەی تاکەکان و هەستکردن بە بوونی یەک بەرژەوەندی دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی هەموویانە، واتە بەرژەوەندی نەتەوە. لەم دۆخەدا بەرژەوەندی نەتەوە لە دایک دەبێت و هەموو لە دەوری ئەو بەرژەوەندیە کۆدەبنەوەو ئامانجی پاراستنی ئەو بەژەوەندیە هاوبەشە جۆرێک لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، کە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا دەبێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئامانجی سەرکی دەردەکەوێت، کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە. دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەش بە مانای قۆناغێک دێت کە تیایدا پرۆسێسی بنیادنابی نەتەوە دەستپێدەکات کە پرۆسێسێکی مێژووییە و بە گوێرەی هەر نەتەوەیەکیش گرنگترین قۆناغە چونکە قۆناغی دروستبوون و بنیادنانە. راستە لە رووکەشدا جۆرێک لە ریزبەندی لەم چۆنێتی گەشەکردن و شێوازوەرگرتنەی ناسیونالیزمدا هەیە، بەڵام لە راستیدا کۆی شێوەکان بەناو یەکتردا چوون و لە رووی روودانیشیانەوە وادەردەکەوێت هاوکات رووبدەن. پاڵنەرو جوڵێنەری هەموو ئەم شێوانەی گەشەکردن بۆ دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزم لەناو خودی کۆمەڵگاوە بەرهەمدێن و هێزو وزەی جوڵاندن لە پایەو بنەماکانی بەرهەمهینانی ناسیونالیزمەوە وەردەگرن.
د.یهحیا عومهر رێشاوی ههمیشه حكومهت و دهسهڵاته سیاسیهكان به پێوهری جۆراوجۆر ههڵسهنگاندنی ئهدائی باش و ئهدائی خراپیان بۆ دهكرێت، دیاره پرۆسهی ههڵسهنگادن و فیدباك لهسهر ئهدائی حوكمرانیی دهسهڵاتێكی سیاسی (یان ههر دهسهڵاتێكی تر) لهم سهردهمهدا تهنها پهرلهمان و دهزگا فهرمییهكان و رێكخراوهكان و ناوهنده زانستییهكان ئهنجامی نادهن (ئهگهرچی ئهوه كاری لهپێشینهی ئهوانه)، بهڵكو هاوڵاتییهكی ئاسایی زۆر به سادهیی دهتوانێت نمره بداته حكومهتهكهی و ئهگهر دهمارگیریی حزبیی بهری چاوی نهگرێت، ئهو هاوڵاتییه (ئهگهر بیهوێت) به ئاشكرا دهتوانێت راستییهكان وهك خۆی ببینێت و دواجاریش پرۆسهی (ههڵسهنگاندن) ئهنجام بدات و ویژدانی خۆی ئاسووده بكات، به تایبهت لهگهڵ گهشهكردنی تهكنهلۆجیای سهردهم و زیادبوونی سهرچاوهكانی مهعریفه و زانیارییهكان، كه رۆژانه داتا و راستییهكان دهخاته بهر دیدو هزری هاوڵاتیان و وهك پیازی پاككراو (باش - خراپ)یان دهخاته بهردهست. پێوهرهكان روون و ئاشكران و رهنگه بۆ بهكارهێنان و درك پێكردنیان توێژینهوهی زانستیی و بیركردنهوهی زۆر قووڵیان نهوێت، بۆ نموونه: پێوهری سهروهریی یاسا، ئاستی خزمهتگوزارییهكان، چۆنیهتی رووبهرووبونهوهی قهیرانهكان، ئاڵوگۆری ئاشتیانهی دهسهڵات و ئهنجامدانی ههڵبژاردنی بێگهرد، شهفافیهت له داهات و خهرجییهكان، میدیای ئازاد و بوونی فهزای رهخنهگرتن و نارهزایهتی و خۆپیشاندان، پشت بهستن به داهاتی ناوخۆو گهشهدان به كهرتی ئابووری و كشوكاڵ و سهرچاوه خۆماڵییهكان، جیاكردنهوهی دهسهڵاتهكان، بهرزكردنهوهی ئاستی داهاتی تاك و ههستكردن به خۆشگوزهرانیی، ئهمانه و چهندین سێكتهر و بواری تر پێوهرن بۆ ئهوهی به حكومهت و دهسهڵاتێك بڵێی باش یا خراپ، سهركهووتوو یا شكستخواردوو، جێگهی دڵخۆشیی و شانازیی یا مایهی خهشم و تورهیی ؟! لهو پێوهرانهی ئاماژهیان پێدرا، تهنها چهند پێوهرێك بهسن بۆ ئهوهی نمرهی كهوتن و شكست بدهینه ئهم حكومهته و دهسهڵاته سیاسییهی ههرێمی كوردستان، تهنها ههردوو پێوهری (ئاستی خزمهتگوزاریی و چۆنیهتی رووبهروونهوهی قهیرانهكان) دهمانگهیهنێته ههڵسهنگاندێكی دروست و تا رادهیهك زانستیانه بۆ ئهو ئهدائه، به راستی مایهی پێكهنینێكی پر له تورهییه پاش سی ساڵ له حوكمرانی هاوڵاتی له چلهی زستاندا و له نێو زوقم و سهرمادا (حكومهتهكهی) نهتوانێت دهبهیهك نهوتی بۆ دابین بكات! له وڵاتێك ههر بستێكی بهرمیلیلێك نهوتی لهژێڕ خۆیدا حهشار داوه! زۆر جێگهی پرسیار و سهرسورمانی پر له نیگهرانیه ههموان شهوو رۆژ به باسی بوتڵه غاز و كارهبای نیشتیمانیی و جۆزهی موهلیده بكهینهوه! له كاتێكدا ئهو غاز و كارهبایه وهك میرات بهملاولادا دهفرۆشرێت و دهبهخشرێتهوه ؟! خهمێكی گهورهیه بۆ ماوهی چوار ساڵ و زیاتر ههواڵی بهپهلهی سهر شاشهی تهلهفزیۆن و سایته ئهلیكترۆنیهكانمان باس و خواسی وادهی دابهشكردنی مووچه بێت و له ههزارهی سێههمدا هاوڵاتیان به دهستیی موچهكانیان وهرگرن و بانكهكان به فهردهو عهلاگه پاره تهسلیم به فهرمانگهكان بكهن ! ههربۆیه ستهمێكی گهورهیه و مردنی ههست و ویژدانه كاتێك كهسێك، رۆشنبیرێك، ئهكادیمییهك له نێو جهرگهی ئهم كێشه و ناسۆری وقهیرانه قووڵانهدا، كه رۆژانه بهرۆكی هاوڵاتیانی گرتووه و به ههزارهها گهنجی ناچار به بهجێهێشتنی وڵات كردووه، دهیهوێت له روانگهی چهند باڵهخانه و شهقامێكهوه وێنای حوكمرانیی بگرین و گهرهكی بێت تێمان بگهیهنێت، كه ئهو نیگهرانیی و توورهییهی خهڵك به هاندانی كهسان و لایهنێكه و تابووری پێنجهم و شهشهمه و مهبهست لێی تێكدانی (ئهزموونهكهیه)!!، دهنا حكومهت پرۆسهی چاكسازیی دهست پێكردووه و ههمیشه له خهمی هاوڵاتیاندایه!!، بهراستی بهههموو پێوهرێك ئهم كابینهیه نهیتوانی له ئاست داخوازیهكانی خهڵكدا بێت و هیچكام له بهڵێنهكانی ههڵمهتی ههڵبژاردنی جێبهجێ نهكرد. ههربۆیه كه نیگهرانیی و تورهیی خهڵك له نێو فهزای تۆره كۆمهڵایهتییهكان و بهرنامه راستهوخۆكانی كهناڵه میدیاییهكان و كۆر و كۆبوونهوه كۆمهڵایهتییهكاندا دهبینیت، دهبێت پرسیار له حكومهت و دهسهڵاتی سیاسیی بكهیت لهو نیگهرانیی و مانگرتن و خۆپیشاندانانه، نهك تۆمهتباركردن و دادگاییكردنی خوێندكار و هاوڵاتیهكی ئاسایی، كه نازانێت داخۆ سبهی دهژی یان مردنێكی هێواش چاوهروان و بهشیهتی؟!
پشکۆ ناکام _ گەر چی زۆر دەربارەی سەردانەکەی والی تورکیا لە هەولێر بۆ ئیمارات نووسرا و باسی لێکرا ، بەڵام ڕاستی سەردانەکە. تا ئێستا شاراوەیە و ئەوەیە کە دڵخۆشی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی کڕینی" بەلەم" چوە بۆ ئیمارات بەو پێ یەی ئیمارات و خودی ئەبو زەبی لە دروست کردنی بەلەمی بچووکی ڕاوە ماسی توانایەکی باشیان هەیە ، کڕینی ئەو بەلەمانەش بۆ دابەش کردنێتی بەسەر هاووڵاتیانی هەولێرە تا ێێسلە کاتی لافاو ( یان ئ کۆبۆنەوەی ئاو کە ناوێکی تازەی داهێنراوی حکومەتە بۆ لافاو ) بەکار بهێنن بۆ هات و چۆ و گواستنەوە ، ئەو بەلەمانەش گەرەنتی دە ساڵیان لەگەڵە چونکە حکومەتی هەرێم پێ ی وانیە لە بێ پارەیی و بەتاڵی قسەکانی بتوانێ کێشەی " ئاو کۆبونەوە " چارەسەر بکا ، لەبەرامبەر ئەم سەفقەدەریا- بازرگانییە سەرۆکە خەم خۆرەکەی حکومەتی بێ خەمی هەرێم!! "ۆرک شۆپ" یان دەورەیەک بۆ حکومەتی هەرێم ئەکاتەوە بە ناو و نیشانی" چۆن مووچە بە چل یان پەنجا ڕۆژ دابەش ئەکرێت " بەمەش لە جیاتی ئەوەی هەرێم ببێ بە دوبەی ، دوبەی ئەبێ بە هەرێم.......... _. سەرچاوەیەک لەبەر نەبوونی هەویە نەزانرا ناوی چیە ، وای ڕاگەیانوە کە دوای خۆ گیف کردنەوەی یەکێتی و پەیڕەو کردنی سیاسەتی خێسە بە خێسە و پاشقول بە پاشقول بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی و پارتی پاشکۆی ، ئێستا گوایا لەناو پارتی و خودی بنەماڵە بۆچوونێک هاتۆتە پێشەوە کە باس کردن لە بەرنامەی یەک ڕیزیی کورد بکەن بە دوو ڕیزیی کورد ئەویش بە پێشنیازکردنی بوونی دوو کەس بە سەرۆک کۆمار ، یەکێکیان لە پارتی و دووەمیان لە یەکێتیی ، واتا سیستەمی " هاوسەرۆکی کۆماری عێڕاق " بێتە کایەوە بەشێوەیەک هەر یەکێکیان هەفتەیەک دەوام بکا و هەفتەکەی تر هاوسەرۆکەکەی ئەولا ، بەمەش هەر یەکەیان لە ساڵێکا بیست و شەش هەفتە سەرۆک کۆمارن ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیەکە هەنێک لە ئەهلی سنگ "سەدرییەکان" ڕازی نین بە بوونی هاوسەرۆکەکەی سەر بە بنەماڵە ، چونکە ئەو چەن ساڵانەی لە بەغا کار بەدەست بوە زۆر دەست بڵاو و هەموو قائیمە و حساباتەکانی بە"ناقیس" بوە ئەترسن ئەمجارە" کۆشکی سەلام"ی سەرۆکایەتی کۆمار ئیفلاس بکا.................... _. لە دەوروبەری سێ سەد ساڵێک لەمەو وپێش لە بەریتانیا و دارستانەکانی ناوچەی "نۆتینگهام" داستانی" رۆبین هوود" هاتۆەتە ئاراوە و ئەو کەسە خۆی و گروپەکەی لە دارستانەکانا خۆیان حەشار یاوە و بە دزی و ڕاو و ڕوو ژیاون ،بەڵام بەشێکی زۆری دەستکەوتی چەتەییەکەی کە لە دەوڵەمەنەکای بردوە بەسەر خەڵکی هەژار و بێ دەرامەتا دابەش کردوە و لای ئەوان خۆشەویست و پاڵەوان بوە ، ئەم بەسەر هاتا ئەمڕۆ لە کوردستانا دووبارە بۆتەوە بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە ، ڕۆبین هوودەکەی لای ئێمە هەر ڕۆژەی باج و زەریبەیەک ئەخاتە سەر خەڵک و کۆمپانیا و مەسئولە وورگ زل و گیرفان قورسەکانی پێ دەوڵەمەن گەندەڵ تر ئەکا جگە لەوەی بەشێکی نەزانراوی بۆ خۆی و بنەماڵەکەیەتی ، جێ ی خۆیەتی ئەم حکومەتە بە " حکومەتە پێچەوانەکەی نۆتینگهام" ناو ببرێ...........
ئەنوەر حسێن (بازگر) پاش یەكساڵ كاری چڕوپڕی موخابەراتی و نهێنی، داعش بە ئامادەسازی تەواو، پەلامار و هێرشی بۆ سەر زیندانی سەناعە لە گوێران بەڕێوەبرد، كە بە تەنها و تەنها هەرگیز داعش ناتوانێت پلان و سیناریۆی وەها دابڕێژێت، مەگەر میت و موخابەراتی سوریا و لایەنی تر بەشدار نەبوو بن. سیناریۆكە ئاوا داڕێژراوە: "نەخشەی كارەكە لە سەرێكانیەوە بە هاوكاری توركیا لە مانگی ئازار و نیسانی 2021 دارێژراوە، شانە نوستوەكانی داعش لە غوێران وجودییان هەبوو، وردە وردە، تاك تاك و گروپ گروپ گەڕانەوە غوێران و ڕۆژانە كاریاندەكرد و چاودێری زیندانەكە و جموجوڵی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشییان دەكرد، دواتر لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بە نهێنی چەك، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێل و پێداویستی جۆراوجۆرییان بۆ ڕەوانە كراوە"، واتا لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا، (200) چەكداری داعش لە ناوچەكانی سەرێكانێ و گرێ سپی و ڕوومادییە، نێردراونە ناو گەڕەكی غوێران و دەروبەری زیندانەكە، چەك و تەقەمەنییان گواستۆتەوە بۆ ناو ئەو ماڵانە، هاوكات گیراوانی داعش لەناو زیندانەكەوە، پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە هەبوە، كە هەسەدە دەڵێت "زیاتر لە (5000) داعش لەو زیندانەدا، زیندانی كراون و چاوەڕوانی پەیامی دەرەوە بوون، تا دەستبدەنە یاخیبوون و شكاندنی دەرگای زیندانەكە و نانەوەی فەوزا و ئاژاوە"، پاش ئەمانە: قۆناغی یەكەم: لەگەڵ ئامادەكاری تەواوی سیناریۆكە، فەرمانی هێرشدرا و لە چوار ڕیانی غوێران بە ئۆتۆمبێلێكی ئامادەكراوی بۆمبڕێژكراو، بە (50) كیلۆ (TNT) تەقێندرایەوە، كە سێ تانكەری سوتەمەنی لەو ناوچەیە هەبوون و هەموویان گڕیانگرت و بەردەم زیندانەكە بوە یەكپارچە ئاگر و گڕ. قۆناغی دووهەم: ڕێگای سەرەكی زیندانەكە بەوشێوەیە دادەخرێت و لە دەست و كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئاسایشدا نامێنێت. قۆناغی سێیەم: ئۆتۆمبێلی دووهەمی (TNT) ڕێژكراوی ئامادەكراو لە بەردەم دەرگای زیندانەكە دەتەقێندرێتەوە. قۆناغی چوارەم: پاش تەقینەوەكان، شانە نوستوەكانی ناو ماڵ و هاوسێیەكانی زیندانەكە دێنە دەرەوە و دەست دەكەن بە تەقەكردن و شڵەژانی ناوچەكە و بەدیلگرتنی خەڵكی مەدەنی ناو گەڕەكەكان. قۆناغی پێنجەم: دواتر ئۆتۆمبێلی ئامادەكراوی بەهێز خۆ دەكێشێت بە دیواری زیندانەكە و دەیڕوخێنێت و شانە نوستوەكانی دەچنە ناو زیندانەكە و چەك بەسەر زیندانییەكاندا دابەشدەكەن و چەندین ئاسایش و پاسەوان دیل دەكەن. بەوشێوەیە كۆی پلانەكەی داعش، تا ئەو شوێنە وەك خۆی جێبەجێكرا و تاڕادەیەكی زۆریش سەركەوتوو بوو، كە گومان دەكرێت دەزگای میت و موخابەراتی سوریا، ڕۆڵی گرنگیان هەبوو بێت، هاوكات لەگەڵ ئەم هێرشانە توركیا دەیویست پەلاماری چەند ناوچەیەك بدات، بەڵام بەهۆی ئۆپراسیۆنی هەسەدە لە حەسەكە و ڕەققا، دەستگیركردنی چەند شانەیەكی گەورە و گرنگی داعش پلانەكەیان دواكەوت، بەڵام هاوكات لەگەڵ پەلاماری زیندانەكەی غوێران، گروپەكانی سەر بە توركیا پەلاماری زرگان، تل تەمر، عەین عیسایان داوە، وەكو تەواوكراوی سیناریۆكە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بە تایبەت پاش ئەوەی لە دوایین دیداری ئەردۆگان و بایدن، واشنتۆن ڕازی نەبوو بە ئۆپراسیۆنی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، بەڵام سیناریۆكانی ئەوان شكستیان هێنا، لە بەرامبەردا هێزەكانی هەسەدە، جیا لەوەی بەرەنگاری ئۆپراسیۆنەكە بوونەوە، لەهەمانكاتدا پەیوەست بوون بە پەلاماری غوێران، هێزەكانی هەسەدە و ئاسایش گەڕەكەكانی غوێران و زهوریان گەمارۆدا و شەڕ كەوتە بواری پراكتیكییەوە، لە (20ی ژانیوییە)ی ئەمساڵدا، (150) چەكداری شانەی نوستوو، (200) داعشی تر كوژران. سەرچاوەكانی زانیاریش باس لەوەدەكەن، كە پاش ئەوە لە (30 كانونی یەكەم)دا، هەردوو دەزگای میت و هەواڵگری سوریا لە عەقەبەی ئۆردون كۆبوونەتەوە، ئاماژە بەو ئۆپراسیۆن و پەلامارە بۆ سەر غوێران كراوە، بەهەمانشێوە لە كۆبوونەوەی (21 كانونی یەكەمی 2021)یش لە دیداری ئاستانا لە نێوان توركیا، ڕوسیا و ئێران، ئاماژە بەوە كراوە، كە ناوچەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگەی مەترسیین و باس لەوە دەكرێت، گەر هێرشەكانی داعش و سیناریۆكانی بۆ سەر غوێران سەركەوتوو بوایە، بەرنامە هەبوو، توركیا پەلاماری باكوری تل تەمر و سوریاش پەلاماری تەبقا و دێرەزوور بدەن. ئەوەی جێگەی پرسیار و سەرنجە، یەكساڵ كاری چڕوپڕ و نهێنی داعش، چۆن دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا، بەو نەخشە و زانیارییانەی نەزانیوە، گەر زانیوویەتی بۆ قسەیان نەكردوە؟ ڕوونە، كە توركیا ویستوویەتی لە ڕێگای ئەم پەلامارەوە دەست بەسەر حەسەكە و ڕێگای (M4)دا بگرێت، بەمشێوەیەش گەر هێز بكەوتایە دەست چەكدارانی داعش، ئەوا هەرێمی كوبانێ و جەزیرە پەیوەندییان پێكەوە نەدەما و بەوشێوەیەش پەیوەندی نێوان ئەم كانتۆنانە بە ڕەققەوە دەبەسترا و هەسەدە دەكەوتە ناو گەمارۆیەكی بەهێزی توركیا و داعش و چەكدارە بەكرێگیراوەكانی توركیا لە عەفرین و سەرێكانێ و گرێ سپی. باس لەوە دەكرێت، لە كۆبوونەوەی عەقەبەی ئۆردون، سوریاش ئامادەگی دەربڕیوە لەپاڵ ئەو سیناریۆیەی توركیا، هێزەكانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە پشتیوانی ڕوسیا، پەلاماری دێرەزوور و تەبقایان دەدا و دەستیان بەسەر سەرچاوە نەوتییەكانی ئەو كێڵگانەدا دەگرت، كە تا ئێستا لەژێر دەستی هەسەدە دان و ئەمەریكاش چاودێرییان دەكات، داخستنی دەروازەكانی تەل كۆچە و سێملكان ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی پیلانێكی چنراوی جەمسەرە بەهێزەكانی ناوچەكە هەبوە بۆ كۆتاییهاتنی ئەزموونی ڕۆژئاوا و دەرپەڕاندنی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی. بەمشێوەیە توركیا، كە داڕێژەری سەرەكی پیلان و پلانەكەیە دەستی دەگرت، بەسەر عەین عیسا و تل تەمر و لەملاشەوە فشاری زۆرتری دەخستە سەر یەكینەكانی پاراستنی شەنگاڵ (یەبەشە)، وەكو خۆی دەڵێ "سەر بە (PKK)ن، بۆ چۆڵكردنی شەنگاڵ"، واتا پاش داستانی كۆبانێ و داگیركاری عەفرین، هێشتا ئەو وڵاتانە دەیانەوێت كۆتایی بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بێت، ئەگەر چی هەست بەو مەترسییەی پشتی پەردەش دەكەن، كە ڕەنگە ئەو پشتیوانییەی ئەمەریكا، چەپی فەڕەنسی، حكومەتی سوید، پەرلەمانی برۆكسل و پشتیوانییەكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، لە هەر كاتێكی چاوەڕوان نەكراودا، ڕۆژئاوا بكاتە وڵات، یان هەرێمێكی نێودەڵەتی دانپێدانراوی معترف و دیفاكتۆ. هەسەدە، هەموو توانا و سەرمایەی ئینسانی و مرۆییەكانی بەكارهێناوە، بەرامبەر ئەو گەلەكۆمەكێیە دوژمنكارانەیە، بەڵام بەرپرسیارێتی گەورەش لەسەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هەیە، كە داكۆكی لەم ئەزموونە بكەن، كە پڕیەتی لە عەدالەت، یەكسانی و ئازادی وەكو چەپە فەڕەنسییەكان دەڵێن "ئینتەرناسیۆنالی چوارەم، لە ئێرەوە سەرهەڵدەدات"، ئەوانە هەمووی ئەوە نیشاندەدات كە كۆی ئەو پیلان و ئاژاوەگێرییانە، گەر بۆ لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاواش بێت، بەڵام ئامانجە سەرەكییەكە دژی پەكەكەیە.
سالاری بازیان دەوڵەت کە بۆتە شێرپەنجەی گەلانی ڕۆژەهەڵاتی ناوین و ڕەمزی ستەم و چەوساندنەوە و لەناوبردنی نەژاد و ئایین و ئایینزاکانی تر لەپێناو پاراستنی بەناو ئاسایشی دەوڵەتدا ئازادی لەناو دەبەن و قەڵاچۆی دەنگ و ڕەنگە جیاوازییەکان و هاوزمانەکانیان دەکەن و سندوقى ميوه لەگەڵ سندوقی دەنگدان لەپراکتیزیه وەک یەک سەیری دەکەن !! دەوڵەتی عێراق لە ئێستادا کەوتۆنه ته گیانی بەناوی جیاواز ژێر زەوی و سەرزەوی بەتاڵان دەبەن ڕووتێنراوەتەوە بنکۆڵ و کرمۆڵکراوە، پایتەختەکەی جادە و شەقام و باڵاخانە و ماڵی سیاسی و حیزبە جیاوازییەکان و دام ودەزگا دەوڵەتییەکانیشیان هەر میراتی بەجێماوی (سەدام حسێن)ە، لەگەڵ هەر کەسێک گفتوگۆ بکەێت، پێت دەڵێن ئەمانە تاڵانیانکردوە، ئەوەی هەیە و نییە هەر هی زەمانی سەرۆکی لەدار دراوە، بەڵام دواجار دەوڵەت ناڕوووخێت و لەناوناچێت و زایە نابێت، ئەوەی تەواودەبێت و دەڕوات حکومەت و دەسەڵاتە جیاوازکانە. کوردستانی بێ دەوڵەت و خاوەنی کەسایەتی نێودەوڵەتی( کامل ئەهلییە)نییە هەرکاتێ باهۆز یان ڕەشەبایەک لەلابەلاوە هەڵبکات، دەتوانێت بەئاسانی عەرش و کۆشکی ئەم دەسەڵاتە بکاتە کەلاوە.... (هۆبز) وتەنی لیڤاثیانەکەی بەغداد بێتەوە هۆش و سەرپێی خۆی بەیەک قەپاڵ قوتی دەدات، واتا ئێمەی بێ کورسی و بێ ناونیشان لە نەتەوە یەکگرتوەکان دروست وایە بڵێین ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتوەکان، هەر چەندە بەدیوێکی تردا نگاه بکەی زۆرن ئەو ڕێبەرانەی کەڕابەری دەوڵەتی نەتەوەی خۆشیان بوون، غروور و بێباکی سەری بەتاڵانبردوون و کۆتا وێستگەی حکومڕانییان زۆر خەندەدار ون بوون فخفەخەو لاف و گزاف و بروبیا بووە بە میراثی فەرهەنگی جێگەی تێڕمانی گەڕیدە مێژووییەکانە. (عەبدوڵا ئۆچ ئالان) "دەڵێت: زۆربەی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەو ڕاهێنەرە ئیسپانییە دەچن کە پەڕۆسورەکەی گرتووە بۆ گاهارە پەڕۆکە فرێبدە یان بەشاخەکانی دەیکوژێت، یان لەبیمارستان دەمرن، یان دەنێرێنە زیندان" نازانم سەرۆک حیزبەکانی باشوور ئەو هەموو یارییە خۆکوژی و بێباکییە لەچ ئایندەبینێکەوە دێنن؟ دوای (30) ساڵ حکومداری میراتی چەندین سەدە خوێن و خەبات ماڵی کورد لە هەمو سات شێواوتر و درزی نێوان کۆمەڵگا و حیزبی سیاسی ئەمەندە لێکترازاوە نەگرێدەدرێتەوە و نەپینە دەکرێت.... قەیرانەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر سەنگ و قورسایی هەرێم لاوازتر و بێبایەخ تر بەئاشکرا و ئاگاهی وڵاتان لەنێوان ئەو دوو ئەمارەتەدا تەراتێن دەکەن هەژمونگەرا و ڕووپێوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و لەکۆتاجاریشدا قازانج سەری مایە دەخوات و و دەبێت شعری شاعیران کە عەیامێکە دەردی خۆخۆرییان کردۆتە وێردی سەر زمانیان، نەوەکانی داهاتو بەحەسرەتەوە بەئاواز و شێوازی سەردەمییانە بیڵێنەوە. شایەد ئەم خوێندنەوەیە ڕەشبینانە بێت، وەلێ جێگەی داخە چی پێشبنیی دەکەین لەبۆ ئەم حکومدارییە وەک خۆی دەردەچێت، ئەوە دەبینین لە گۆڕەپانی زۆرانبازی کوردەکانی باشوور لەبەغداد بازاڕی گەرمە مەیدانی بۆ ئامادە دەکرێت، ئێستاش نەچووەبچێ دەکرێ خودی( کاک مەسعود) وەک بەتەمەنترین سەرۆک حیزب و خاوەن ئەزمونی دوور ودرێژی سیاسی و مێژوویی لەئێستا درک بەو دۆخە پڕ شێواو و بێ سەربەرەییەی بکات و ڕەسمی سیاسەتی هەرێم دابەڕێژێتەوە و لەگەڵ هاوتا دێرینەکەی بۆ خاتری ئاسودەبوونی ڕووحی (مام جەلال) حەق وایە زۆرینە وکەمینەی حیزبەکەی لەنێوان لایەنە کوردییەکان دابەش بکات گرێی ئەم دەستە لەرزیوە پینەبووە نەخرێته دان وبؤ يه كجارچه رخى کورد بە ویست و دڵی نادۆستەکانمان نەگەرێ، خۆ هەمومان دەبیین برا عەرەبەکانمان لەئێستادا خوێنی حسێن و ستەمی معاویەیان لەژێر عەباکانیان گرێداوە و چاوەڕێی زۆرانبازی كوره ده كانن ئەم فڕکان فرکانی گەمەی زۆرینە و کەمینە مەترسیدارە بۆ قەوارەیەک کە خەتی سوور نێوان دێگەڵەیە لەدوای شەڕێکی خوێناوی دەڕێژراوە، شێوازی حکومداری نەخرێتە ژێر زەڕەبینی دەوڵەتانی هەرێمایەتیدا باڵا و پەین دەکات، ئەگەر نا زۆر ڕۆشنە کە ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا هیچ مانایەکی نەماوە، تێکدانی ئەو ڕیزبەندییە پێش هەر کەس ولایەنێک لوتکەی دەسەڵاتی هەرێم زیانمەندی گەورە دەبێت. ئەم غەمەی کە ئێستا لێرەدا شەن و کەوی دەکەین، بابیرمان نەچێت بۆتە غەمی بەشێکی کەمی کۆمەڵگەی کوردی ، ئەوەی زۆرینەی خەڵکە سیاسەت و تیڤی و ڕۆژنامە و مەڵپەڕەکانی خستۆتە پشت سەر و دەستی ئومێد و هیوای لێبەرداوە، بۆیان گرنگ نەماوە چ ڕەنگ و کێ سەرۆکە و دەخرێنە سەر نەخشەی چ جوگرافیایەک، بەقەولی ئێرانیەکان دەڵێن" تاخڕخڕە تولجن غەرق هستیم"
حەمە ڕەشید ئەحمەد لێکدانەوەی لێدوان و ھەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بە تایبەتیش سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و پۆست و بەرکەوتەکانی کورد لە بەغدا، زیاتر لە خوێندنەوەیەک ھەڵدەگرن و دەمان گەیەننە ئەو بڕوایەی کە ئەو لێدوان و ھەڵوێستانە گوزارشت لە سێ ڕاستیی ڕۆشن دەکەن: یەکەم: بوونی شپرزیی و دژیەکییەکی ڕوون لە سەرەتاوە تا ئێستا، لە گوتاری بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق. دووەم: بوونی ترس و دڵەڕاوکێی گەورە لای پارتی بەرانبەر ئەگەری شکستھێنانی زێباریی لە بەرانبەر بەرھەم ساڵح، ھاوشێوەی شکستەکەی دکتۆر فوئاد حسێن لە ساڵی ٢٠١٨ و بە ھۆی ئەو دۆسیە گەندەڵییانەی لە سەری ساغبوونەتەوە و بوونە ھۆی لێسەندنەوەی متمانە لێی و لەکەداربوونی کەسایەتیی سیاسیی. سێیەم: پارتی ھەر لە سەرەتاوە خاوەنی یەک گوتار و سیاسەتێکی یەکگرتوو نەبووە بۆ دەستخستنی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق و ناکۆکیی گەورەیان ھەبووە، ھەروەکو چۆن لە ھەندێک ھەڵوێست و قۆناغی دیکەی جیادا؛ جیاوازیی قووڵ بە ھەردوو ھێڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانییەوە بینراوە. ئەگەر بە لێدوان و ھەڵوێستەکانی پارتیدا بڕۆینەوە لە ماوەی ڕابردوودا؛ لە سەرەتای قۆناغەکەدا پارتی ڕایگەیاند پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئەگەرچی بەرکەوتەی کوردە، بەڵام دەبێت بە تەنسیق بێت لە نێوان ئێمە و یەکێتییدا، گوتاریان توندی و داکۆکییەکی ئەوتۆی پێوە نەدەبینرا بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە. پاشان لە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا، کە لە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەدا ساز کرا، پارتی دوور لە ھەر سازان و ڕێککەوتنێکی کوردیی کوردیی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی بۆخۆی مسۆگەر کرد، بەڵام دوابەدوای کۆبوونەوەکە ھەریەک لە فازڵ میرانی و ھۆشیار زێباریی و شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایانگەیاند کە بۆیە پۆستی جێگری دووەمیان بردووە، چونکە پۆستی سەرۆککۆماریان بۆ غەیری خۆیان بەجێ ھێشتووە و حیزبەکەیان چاوی لەو پۆستە نییە. بەڵام دواتر و لە ھەڵوێستێکی دیکەدا وتیان ئێمە ئەگەرچی پۆستی سەرۆککۆمار نابەین، بەڵام ئەوە بەو مەرجە دەبێت کە بەرھەم ساڵح لە کاندیدیی دوور بخرێتەوە. ئەمەش عەیبەیەکی گەورەی ھێنایە سەر پارتی و بارزانی، چونکە وڕکگرتنێکی بێپاساو بوو لە کاندیدێکی بەھێزی سەرۆکایەتیی کۆمار. ئەوەبوو دواتر وتیان ئێمە گرفتمان لەگەڵ شەخس نییە و ھیچمان لەگەڵ بەرھەم ساڵح نییە و ناوبراو کادرێکی باڵای یەکێتییە. ھێندەی نەبرد بارزانی بە ناوی بارەگاکەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی توندی لە دژی لێدوانەکانی میرانی و زێباریی و شاخەوان بڵاوکردەوە و مەسەلەکەی لەوێدا ئاڵقان و ڕایگەیاند کەس بۆی نییە بە ناوی پارتییەوە قسە بکات جگە لە وتەبێژ، ھەر لە دوای ئەو ڕوونکردنەوەیەشەوە، فازڵ میرانی یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو پارتی و سەر بە ھێڵی نێچیرڤان بارزانی، بێڕۆڵ و بێدەنگ کرا. ئەوەبوو لە دوای ڕوونکردنەوەکەی بارەگای بارزانییەوە، ھەموو خاوەن لێدوانەکانی دیکەی ناو پارتی دەمی خۆیان داخست و دواتر ھەموو دەستوپێوەندەکانی نزیک لە بارەگای بارزانی وتیان یەکێتی ئەگەر دکتۆر بەرھەم و غەیری ئەویش کاندید بکات، ئێمە ھەر پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆمان دەزانین و کاندیدی تایبەتی خۆمان دەبێت. لەوێشەوە و بۆ جارێکی دیکە بارزانیی بوویەوە بە بەشێکی گەورە لە کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی و لەوێشەوە بۆ نێو ماڵی کوردیی، ھاوشێوەی ڕۆڵە سلبییەکانی لە قۆناغەکانی قەیرانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و ڕیفراندۆم و ھتد. ئێستاش و لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەم خولەی عێراق، پارتی و وتەبێژەکانی زۆر داکۆکی لەوە دەکەن کە ھۆشیار زێباریی یەکلابۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماریی و لە ئێستاوە ئەو پێگەیەی مسۆگەری کردووە! ھەموو ئەوانەی سەرەوەش دەیسەلمێنن کە پارتی جگە لەوەی ترسی گەورەی ھەیە لە شکستێکی تر بەرانبەر دکتۆر بەرھەم و کاندیدی یەکێتی و سنووردانان بۆ غروور و تاکڕەوییە سیاسییەکەی، ھاوکات بە ھۆی عینادیی و تاکڕەویی بارزانییشەوە دووچاری گوتارێکی شپرز و دژیەک ھاتووە، کە ئەمەش جارێکی دیکە ئەوە پیشان دەدات کە پارتی ھەر لە سەرەتاوە خاوەنی یەک گوتار و سیاسەت نەبووە بۆ دەستخستنی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق. ھەموو ئەوەی ئێستا پارتی لە میدیای ڕەسمی و میدیا و سۆشیالمیدیا سێبەرەکانی دەیان خاتە ڕوو لەوەی زێباریی بە جیاوازییەکی گەورە پۆستەکەی مسۆگەر کردووە، ھەقیقتێکی کۆنکرێتییان نییە و دەچنە خانەی پڕوپاگەندەی سیاسییەوە و گوزارشت لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەو حیزبە دەکەن بەرانبەر ئەو شکستەی کە چاوەڕێ دەکرێت کاندیدەکەیان بەرانبەر بەرھەم ساڵح تۆماری بکات!
پهیكار عوسمان - "بت" کێشەیەکی زەینییەو ئەو کاتەشی کە مادی و بەرجەستەیە، هەر دیدی تۆ کردویەتی بە بت، نەكئەوەی خۆی ئەوەبێت. یەعنی بت لەخۆیدا وجودێکی دەرەکیی نیە، بەڵکو لە تۆدا مانایەکی ناوەکیی هەیە، هەر ئەم مانایەشە، کە شتێك ئەکات بە بت، یان لە بتێتیی ئەخات. - یەعنی بت سەر بە جیهانی مادە نیە، سەر بە جیهانی مانایە، ماناش سەر بە جیهانی مرۆڤەو هەر مرۆڤە کە توانای بەرهەمهێنانی مانای هەیە،، بەڵام ئەو مانایەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی بتەوە بەرهەمی ئەهێنێ، خودی بێماناییە! چونکە "مانا" بنەمای هەیە، بەڵام "بت" بێ بنەمایەو لەبری ئەوە، پەردەی تەقدیسی هەیەو نایەڵی بێ بنەماییەکەی ببینیت،، لەم نەبینینەشەوە چیرۆکی بێمانایی دەستپێئەکا. - "جەهل" ئەوەیە، شتێك ژێرخانە ماناییەکەی گۆڕاوە، کەچی تۆ هێشتا لە سەرخانە کۆنەکەیدایت. ئا لێرەدا جەهل و "وەهم" ئەبنەوە بە یەك و تۆ لەو وەهمەدایت، کە سەرخانی مانای یەکەم، حەقیقەتی نەگۆڕی ئەو شتەیە،، لەکاتێکا بە گۆڕانی ژێرخانەکەی، ماناکەی گۆڕاوەو ئێستا ئەو شتێکی ترە! - یەعنی ئەو تاڵیبانەی کە پەیکەری بودا ئەتەقێنێتەوەو ئەو داعشەی کە ئاسەوارەکانی مەتحەفی موسڵ ئەشکێنێ و ئەو سەلەفییەی کە هجومێکی بروسلییانە ئەکاتە سەر شیرەبەفرینەیەك، ئەمانە هەمان کیشەیان هەیەو کێشەکەش هەر ئەوەیە، کە شتەکە لە مانایەکی نوێ ی خۆیدایەو ئەوان لە مانا کۆنەکەیدان! - کاری یەکەمی مرۆڤ، ئەوەیە کە لەناو سەردەمی خۆیدابێ و ئاگابیت بە ژێرخانی مەعریفی قۆناغەکە. کاری دووەمی ئەوەیە کە "کارای ئیجابی" ناو واقعەکەی خۆی بێت و لەسەر ئەساسی ئاگاییەکەی، دەسکاری سەردەمەکە بکات، چاکسازی لە سەرخاندا بکاو ئەگەریش پێویستبوو، هەر لە بنەوە ژێرخانەکە بگۆڕی و سەردەمێکی نوێ بخولقێنێ. کاری مرۆڤی بەجێماویش، ئەوەیە کە بەرکاری داخوازییەکانی دوێنێیە، ئیتر "کارای سلبی" ناو واقعەو هەرچۆنێ بجوڵێتەوە زەرەر ئەدا، چونکە ئەسڵەن ئەو لێرە نیەو لە وەهمی سەردەمێکی تردایە! - ئەم نەوعە مرۆڤە نابێ لەگەڵیدا بیکێڵیت، چونکە هەڵگری "جەهلی موقەدەس" هەمیشە لە سایکۆلۆژیای شەڕدایەو شتەکە بۆ ئەو گفتوگۆ نیە، بەڵکو شەڕی حەق و باتڵە. جا باشترین کار، ئەوەیە کە لەو گەڕێیت و خەریکی خۆت بیت، بۆئەوەی بگەیتە ئاستێك، کە ئیتر ئەو لە تۆدا دنیایەکی تر ببینێ و لەوێوە بیهێنیتەوە بۆ ناو سەردەم. (لە شەڕدا ئەو هەرگیز نایەتە ناو ئێستاو زیاتر ئەچێتەوە بۆ دوێنێ)! - وتمان بت ئەو کاتەشی کە بەرجەستەیە، هەر مادیی نیەو زەینییە، بەڵام ئەگەر ماناکە لە پەیکەرێکدابێت، ئەوە ئیشەکە ئاسانترەو ئەزانی چی بشکێنیت، هەر وەکو ئەوەی کە پێغەمبەر کردی. بەڵام ئەگەر سەردەمی بتی مادیی نەمابێ و مانا زەینییەکە گەڕابێتەوە بۆ ناو زەین و بتەکانیش نادیاربن، بتپەرستی ئا لێرەدا کێشەیەو بتشکاندن ئا لێرەدا قورسە،، چونکە ئیتر تەواوی پرۆسەکە لە نادیارو لەناو خۆتدا ڕووئەداو وەکو جاران عەلامەتێکی مادیت نیە بۆ ناسینەوەی کیشە مەعنەوییەکە! - پەیکەرە مادییەکە، جاران هاوکاربوو بۆ هۆشیاریی و بۆ ناسینەوەی بتی مەعنەوی، بەڵام ئێستا هاوکارە بۆ گەمژەکردن و بۆ دوورخستنەوەت لە کێشە زەینییەکە! یەعنی هەموو سەردەمێك بتی خۆی هەیەو تۆ ئەبێ بتی سەردەمی خۆت بشکێنی، نەك بتی سەردەمێکی تر، کە ئەسڵەن ئەمەیان بۆ تۆ بت نیە. - خودا لەوێدا ئەبێ بە بت، کە تێگەشتنێك بۆ خودا، ببێ بە خودی خودا. دین لەوێدا ئەبێتە بتپەرستی، کە دەسدرێژی و تەعەدای مەعریفەی سەردەمێکە، لە مەعریفەی سەردەمێکی تر. ئا لێرەدا ئەشێ لات و عوزاکەی تۆ، ئەڵڵاو موحەمەدبێ و ئەبوجەهلیش بانگخوازەکەبێ و بەخۆت نەزانیبێ! - "بتپەرستی" ئەم سەردەمەی ئێمەش، هەر تایبەت نیە بە ئایدۆلۆژیا دینییەکان، بەڵکو ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانیش کارگەی گەورەی بەرهەمێنانی بتن و تۆ بە هەر فکرێك دۆگمابیت، بەوە بتپەرستیت و لێرەدا بتپەرستێکی ئیسلامی و مارکسی و قەومی.. فەرقی نیەو ناوەڕۆکی شتەکە، دۆگماکەی ناو زەینی تۆیە، نەك لۆگۆ و ناوی ئایدۆلۆژیاکان. - یەعنی "دۆگماتیزم" ناوە مۆدێرنەکەی بتپەرستییەو لەم ناوەشدا مەعریفەی مرۆڤ گەیشتۆتە لوتکە،، چونکە گەیشتۆتە مانای موجەڕەدی "بت" و چیتر بت جسمێکی تایبەت، یان فکرێکی دیاریکراو نیە، بەڵکو هەر شتێك و هەر فکرێکە کە بتباتە هەمان دۆخ. - جا بۆ ڕزگاربوون لە بتپەرستی، لانیکەم سێ مەعریفەت پێویستە. یەکەم تێگەیشتن لە چەمکی دۆگما. دووەم ناسینی دۆگمای گشتی قۆناغەکە. سێیەم ناسینی دۆگمای تایبەتی خۆت. ئەم ئاگاییە نەبێ، ئیتر تۆ، لە بتێکا ئەچەقیت، یان لە باشترین حاڵدا، لەبتێکەوە ئەچی بۆ بتێکی تر. بەڵام ئەگەر هەبێ، ئیتر تۆ لەناو پرۆسەیەکی بەردەوامی پرسیاردایت و لەسەر هیچ وەهمێك ناخەویت و فلتەرێکی هۆشیارییی ئامادەت هەیە، بۆئەوەی هیچ شتێکت لێ نەبێ بە بت و نەچیتە دۆخی دۆگمایی. - لوتکەی ئاگایی و ئازادی و بەرپرسیارێتی مرۆڤیش، شکاندنی "بتی ئەو" نیە، بەڵکو شکاندنی بتی خۆتە. شکاندنی بتی ئەو، تەنیا شەڕێکی ئایدۆلۆژی و دەمارگیرییەکی بتپەرستانەیە بۆ بتەکەی خۆتی ئەکەیت،، بەڵام شکاندنی بتی خۆت، ناسینی ماهییەتی بت و ڕزگاربوونە لە دۆخی بتپەرستی. کاتێکیش کە بتی تایبەتت تێپەڕاند، هەروا دانانیشی و ئاسایی کێشەت بۆ دروستئەبێ لەگەڵ بتی گشتیشدا، چونکە ئیتر ماهییەتی بت و بتپەرستیت ناسیوەو ئەم ناسینەش بەرپرسیارێتی ئەخاتە سەر شانت،، پێغەمبەرانیش ئا لەم ناسینە ناوەکییەوە بەر دنیای دەرەوەی خۆیان کەوتوون! - ئیبراهیم لەناو بیرکردنەوەی خۆیدا، هەزار خودای گۆڕی و یەك یەك هەموو بتەکانی ناو زەینی خۆی شکاند، تا گەیشتە قۆناغی هۆشیاری و ناسینی خودی بت و ئیتر هیچ بتێك نەمایەوە،، دوای ئەوە ئینجا بتی شارەکەی شکاند. بەڵام ئێمە پێنج ملیۆنین، هەمووی سیاسییەو هەمووی ئەیەوێ چاکیکا.. کەچی هەر خراپ ئەبێ، چونکە کەس لە بتی خۆیەوە دەستپێناکاو هەمووی هەر خەریکی شەڕو چەلەحانێیە لەگەڵ بتەکەی ئەودا، لە ڕێگەی ئەم شەڕەشەوە، هەرکەس دەس ئەگڕێتەوە بە بتی خۆیەوەو بەردەوام دێینەوە خاڵی سفر! - پرسیارە سادەکە ئەوەیە، ئەی چۆن بتی خۆت بناسیتەوە؟ وەڵامەکەی ئاسانە، "داخوازی بت"، هەمیشە ڕق و جیاکاری و شەڕە، بت هەمیشە پێت ئەڵێ تۆ پاکیت و ئەو پیسە، تۆ هەڵبژاردەی خودایت و ئەو جەماعەتی شەیتان.. بەڵام "داخوازی پاکبوونەوە لە بت"، ئاشتی و دۆستییە. عیسا وتی دوژمنەکانیشتان خۆشبوێ، موحەمەدیش وتی هیچم لێتان ناوێ جگە لە دۆستایەتی (الا المودة فی القربی)، ئەو دوو قسەیەش لە بتەوە ناکرێ، لە پاکبوونەوە لە بتەوە ئەکرێ!
د. ئیسماعیل نامیق لەماددەى ( پەنجاو چوارى دەستوور ) و ماددەى ( پێنجى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى نوێنەران )، ئەوە بەدەردەکەوێت، کەسەرۆکایەتیکردنى یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەران، لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامى ئامادەبووەوە، تەنها بۆ ئیدارەدانى ئەو دانیشتنەیە، و هیچ دەسەڵاتێکى دیکەى نیە، هەروەها پەیڕەوى ئەنجوومەنەکە پێویستى نەکردووە، کەئەو دانیشتنە تەنها بەسەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى ئەنجوومەنەکە بێت، بەڵکو دانیشتنەکە بەتەمەنترین ئەندامى ئامادەبوو سەرۆکایەتى ئەکات. کەواتە لەم روەوە من هیچ سەنەدێکى یاسایى نابینم بۆ هەڵوەشاندنەوەى یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنەکە، بۆیە من پێشبینی ئەکەم سبەینێ دادگاى باڵاى فیدراڵى دانیشتنەکە وەکو خۆى بهێڵیتەوە و هەڵى نەوەشێنیتەوە، مەگەر رێکەوتنێکى سیاسیى هەبێت، بۆ هەڵوەشاندنەوەى دانیشتنەکە، دادگاش رەچاوى دۆخى سیاسیی عێراق بکات، ئەگەرنا لەرووى یاسایی و دەستورییەوە، دانیشتنەکە کێشەیەکى ئەوتۆى تێدا نیە. کۆتایى پەرتبوونى سونەکان و سەرەتاى لێکترازانى ناو ماڵى شیعە و کورد لەدواى ساڵى ( 2003 ) ەوە سونەکان، بەردەوام پەرت و لاواز بوون، راستە بەشدارى حکومەت و دەسەڵات بوون، بەڵام بەشداریکردنیان روکەش و بەرژەوەندیخوازانە بووە، تەنها لەپێناو مانەوە و خۆپاراستنیان بووە لەسڕینەوە، ئەگەرنا بەجۆرێک کەوتبوونە ژێر هەژموونى هێزە شیعییەکان، کەبڕیارى سیاسى و تەنانەت کەرامەت و خۆبەگەورە زانینیان، هیچ کات پارێزراو نەبووە لەبەردەم دەستوەردانى ئەملا و لا و ، تۆڵە و لێدانە بەرداوەمەکانى نەیار و دوژمنەکانیاندا. ئێستا رەنگە قۆناغێکى نوێ هاتبێتە پێش، فشارى ئەمەریکا لەسەر ئێران لەلایەک و جوڵەکانى وڵاتانى کەنداو بەیارمەتى میسر و پاکستان دژى ئێران لەلایەکى دیکە، هەلى خۆرێکخستنەوە و بەهێزبوونى بۆ رەخساندوون. عەرەبى سونەى عێراقیش بەوە بەناو بانگن، هیچ کات لەقۆستنەوەى هەل درێغیان نەکردووە، بۆیە پێدەچێت مامەڵەیەکى عاقڵانە لەگەڵ ئەم هەلەدا بکەن. لەبەرامبەردا ماڵى کورد و شیعە کە لە ساڵى ( 2003 ) ەوە، بەفشارى ئەمریکا و ئێران، یەکڕیزییەکى روکەش و کارتۆنییان پیشانى یار و نەیار داوە، پێناچێت ئەم بەناو یەکڕیزییە تا کۆتا بەرگەى فشارە هەرێمى و نێوخۆییەکان بگرێت، پاشان ئەزموونى بیست ساڵى رابردووى حوکمڕانى ئەم دوو پێکهاتە سەرەکیەى عێراق، ئەنجامى باشى نەبووە، بەپێچەوانەوە، باوەڕێکى لاى ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا دروستکردووە، کەکورد و شیعە، کلتورى دەوڵەتدارییان نیە! عەقڵیەتى حوکمڕانیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى وڵاتێکى پڕ جیاوازیی و کێشەى وەکو عێراق بەڕێوەبەرن، بۆیە پێدەچێت ئەمە سەرەتاى پەرتکردنى کورد و شیعە بێت و گێڕانەوەى رۆڵ بێت بۆ سونەکان. ئایا ئێران هەر سەیرکەر ئەبێت؟ تێکچوون و پەرتبوونى ماڵآ شیعە هێڵى سورە بەنیسبەت ئێرانەوە، پێناچێت ئێران لەم بابەتەدا هەر سەیرکەر بێت، ئەمە جگە لەوەى خستنى دۆستەکانى ئێران و دورخستنەوە و پەراوێزخستنیان لەدەسەڵاتدا، کارێکى ئاستەم و قبوڵ نەکراوە لەدیدى ئێرانەوە، هەروەها ئێران خۆشحاڵ نیە بەپەرتبوونى ناوماڵى کورد، چونکە ئەزانێت بەپەرتبوونى ماڵى کورد، زۆنى زەرد بەتەواوى دەچێتە بەرەى سعودیە. تورکیاش دەستکراوە تر ئەبێت بۆ زیاتر کردنى هەژموون و قەلەَمڕەویی خۆیى لەم زۆنە و ناوچە سونە نشینەکان، ئەمە جگە لەوەى لەمپەڕى گەورە دروست ئەبێت لەبەردەم کشانى دەوڵەتى ویلایەتى فەقیهو دروستبوونى هیلالى شیعە. بۆیە باوەڕ ناکەم ئێران لەبەرامبەر ئەم هەموو مەترسییانەدا سەیر کەر بێت، بەڵکو فشارەکان زیاتر و چڕتر ئەکاتەوە لەسەر رەوتى سەدر. بەپەشیمان بوونەوەى سەدر هەموو هاوکێشەکان تێک ئەچن، تەسەور ناکەم راگۆڕینى سەدر و پاشگەزبوونەوەى کارێکى ئاستەم یان تەنانەت قورس بێت، چونکە رابردووى ئەم پیاوە پێمان ئەڵێت: بڕیاردان و پاشگەزبوونەوەى زۆر ئاسانە و وەکو ئاو خواردنەوە وایە. هەرەشەى یەکێتى و بێمنەتیى پارتى واى نابینم یەکێتى لەخۆیەوە و پشت بەست بەهێزى خۆى هەڕەشە بکات، چونکە یەکێـتى و هەموو کەس باش ئەزانێت، کە مانەوەى هاوپەیمانێتیى بارزانى و سەدر و حەلبوسى بەیەکگرتوویى، هەلى یەکێتى بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک کۆمار لەئاستەم نزیک ئەکاتەوە. بەتێڕوانینى من گرەوى یەکێتى لەسەر تێکچوونى ئەو هاوپەیمانێتییەیە، لەبەرامبەریشدا پارتى پشت بەست بەو هاوپەیمانێتییە، تائێستا بەبێمنەتیى هەڵسوکەت ئەکات، بەدڵنیایەوە لەحاڵەتى بەیەکگرتوویی مانەوەى هاوپەیمانێتییەکە، پارتى براوە ئەبێـت و یەکێتیش دەستى بەخاڵێتى لەهەمبانەکەوە دەردەچێت. خۆئەگەر هاوپەیمانێتییەکەش تێک بچێت، بژاردەکانى بەردەم بارزانى و حەلبوسى و زۆر کەم و سنوردار ئەبن، رەنگە حەلبوسى و سونەکان زۆر زیان نەکەن، بەئەندازەى بارزانى و ماڵى کورد. هەرچەندە کورد بریتى نیە لەپارتى و یەکێتى، یان لەبارزانى و تاڵەبانى، وە پۆستى سەرۆک کۆماریش ئەوەندە گرنگ و یەکلا کەرەوە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەم دوو هێزە خاوەنى زۆرینەى کورسیەکانن، کەواتە ئەمان نوێنەرایەتى کورد ئەکەن لەبەغداد، بۆیە حەقى خۆیەتى ئەم دۆخە بەمەترسیدار ببینین بۆ کورد، چونکە ئەگەر بەعەقڵ و حیکمەت مامەڵەى لەگەڵدا نەکرێت، لەهەموو بارێکدا کورد لەقەل و کۆتریش بووە، بێگومان ناو ماڵى کورد پەرت بووە، جا شیعەکان پەرت بن، یان یەکبگرن، بەدڵنیاییەوە ئەم پەرتبوونە کاریگەریى گەورەى ئەبێت لەسەر دۆخى هەرێمى کوردستان. شاراوەش نیە کە پەرتبوونى ساڵى 2018 بۆیە هۆى زیاتر پشتگوێ خستن و پەراوێزخستنى زۆنى سەوز، ئەم پەراویزخستنەش، ئەگەر پەرچەکرداری ئەم زۆنەى زۆر بەهێز کردووە. دەرەنجام: کۆى ئەو سیارێویانەى لەوڵاتانى کاریگەر بەهەژموونى ئێران روو ئەدەن یان دروست ئەکرێن، لەیارى مشک و پشیلەى نێوان ئەمریکا و ئێران ئەچێت، چونکە ئەمریکا ئەوەندەى گرنگە لاى ئێران نەبێت بەخاوەنى چەکى ناوکیی، ئەوەندە لاى گرنگ نیە، کێ لەعێراقدا باڵادەست ئەبێت. بۆیە هیچ دوور نیە کۆى ئەم هاوکێشە و ململانێیانە، پەیوەندیدار بن بە مەلەفى چەکى ناوکیی ئێرانەوە، بۆ زیاتر فشار خستنە سەرى و هێنانە ژێر باری. ئەو یارییانەش کە لەعێراقدا ئەیکەن جگە لەئامرازى فشار بردن بۆ یەکتر هیچى تر نیە، بۆیە رەنگە دواجار دۆخى عێراق وەکو خۆى بهێڵنەوە، بەڵام بەکەمێک ئاڵوزى زیاترەوە، لەگەڵ دروستکردنى دڕدۆنگى و ناکۆکى زیاتر لەنێو هەدوو ماڵى کورد و شیعەدا. کوردیش وەکو عادەتى خۆى بەرەوام یارى پێکراوە، هیچ کات نەیتوانیووە خۆى یاریکەر بێت، لەهەموو ئەو هەلانەش کە بۆى دروستبوون، هەر هەڵەى کردووە لەنەقۆستنەوەیان! سەرکردەکانى هیچ کاتێک نەیانتوانیووە لەبەرگى حیزب و بنەماڵە بێنە دەرەوە! ستەمیان لەخۆیان و میللەتەکەیان کردووە بە وانە وەرنەگرتن لەرابردوو، چونکە بەردەوام رق و بابەتى کەسیى زاڵ بووە بەسەر هەڵویستەکانیاندا، سەرەنجام پەرتبوون و لاوازبوونى زیاتر. ئێستا کە سەدر دروشمى ( لا شرقیة ولا غربیة ) بەرزکردۆتەوە. حەلبوسیشى بەئاماژە پێمان ئەڵێت: ( لا شیعیة ولا کردیة ). کەچى کورد دواى ئەو هەموو ساڵە لەبەڵێندان بە بەدەستهێنانى مافە دەستورییەکانى گەلى کوردستان، تازە بەتازە دەیەوێت لەژێر ناونیشانى ( لا برهم و لا هوشیار ) بەشداریى لەحکومەتى تازەى عێراقدا بکات! ئەبێت پارتى و یەکێتى باش بزانن، نە بارزانى لەگەڵ حەلبوسى و خەنجەردا ئەبێت بەخەنجەر بەدەست، نە تاڵەبانیش لەگەڵ مالکى و حەکیم دا ئەبێت بە مالک و بە حەکیم!
رێبوار کەریم وەلی ئەگەرچی نێوانی پارتی و یەکێتی نەگەیشتۆتە مریشکە ڕەشە، بەڵام گەڕێکی دیکە لە دەستبادانی سیاسیان لە پێشە. دوایین پەرەسەندنەکان ئاماژەی رونیان تێدایە کە ھەر لە رۆژی یەکەمەوە، لای پارتی ھەندێک شت بڕاوەتەوەو یەکێتیش تا ماوەیەک بەدوای کڵاوی بابردووەوە بووە. پارتی و بە دەقیقیش بارزانی بڕیاری یەکلاکەرەوەیان ئەوە بووە کە ئەمجارە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستیحقاقی پارتییەو خۆیان گوتەنی لەسەر یەکێتی و لەسەر شەخسێک تاپۆ نەکراوە. * یەکێتی دوا بڕیاری ئەوەیە کە بەرھەم ساڵح تاکە کاندیدیانە بۆ ئەو پۆستە. ھۆکارەکانیشی روونن کە کشاندنەوەی بەرھەم ساڵح ھیچی لە موعادەلەکە نەدەگۆڕی و، ئەگەر کشاندبایانەوە ھەم بێ ئیرادەیی خۆیان دەردەخست و ھەمیش بەرگێکی مەغدورییەتیان بۆ بەرھەم ساڵح دەدوری کە ئەو بەرگەی دواتر لە سلێمانی دەپۆشی! * لە ئێستاوەڕا گرەوکردن لەسەر ئەوەی کێ دەیباتەوە، رەنگبێ لای ھەندێک کەس ئاشکرا بێت یان قابیلی پێشبینی بێت، بەڵام ئەم شەڕە لە درێژماوەدا یەک دۆڕاوی دەبێ کە ئەویش پارتییە. کاندیدی پارتی بیباتەوەش، پارتی براوە نابێ؛ سەقامگیریی سیاسیی کوردستان کە پارتی خۆی بە خاوەنی دەزانێ، تەفروتوناش نەبێ ھەڵدەتەکێ. * بەرھەم ساڵح سەربکەوێت، چوارساڵی کۆتایی بەڕێدەکات. وەک چوارساڵی یەکەم خەریکی مەرایی نابێ بۆ چوارساڵی دیکەو چی لەدەست بێت لە تۆڵەکردنەوە لە پارتی و حکومەتەکەی دەیکات. * ئینجا دیسان ئەگەر یەکێتی بدۆڕێت رەنگبێ زۆر شتی دیکەش لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆیی (کشانەوە لە حکومەت)و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش کار بۆ روخاندنی حکومەتەکەی بەغدا دەکات. * ئەم حیساب بۆنەکردنەی پارتی ئەگەر جاران یەک کەس لە دژی وەستابێتەوە، ئەمڕۆ (بە قوباد تاڵەبانیشەوە کە نەرمترین کارەکتەری مامەڵە کردن بوو لەگەڵ پارتیدا) لەلایەن تێكڕای یەکێتییەوە بە شەڕی ئیرادە یان شەڕی ئیسپاتی بوون و نەبوون حیسابی بۆ دەکرێت و لەو پێناوەشدا، دەبێ بتوانن بەرامبەر بە پارتی بوەستن. * ئەم شەڕەیان پێدەکرێ یان نا؟ ئەوە باسێکی دیکەیە، بەڵام پارتی توانای ئیدارەدانی ئەم ھەموو ململانێیەی نییە. کردنەوەی بەرەیەکی دیکە لەم قۆناغەدا، توانای پارتی لە حوکمڕانیدا ئیفلیج دەکات. ئەگەر دوو ئیدارەییش دروست نەکاتەوە، ئەوا ھەرکەسەو دەبێتەوە حاکمی زۆنی خۆی.
سەردار قادر ئەم زاراوەیە زۆر دەمێكە بوونی هەیه، زۆرینەیەك لە سەركردەكان هەمیشە بۆ رازاندنەوەی وتەكانیان باسیان لە یەكڕیزی ماڵی كوردی كردووە، ئەوەندەی باس ئەكرێت، ئەوەندە تاكی كوردی نایبینێ، یەكڕیزی ماڵی كوردی بە دەرئەنجام رێككەوتنی بەرژەوەندی بووە جیا لە مانای چەمكەكە؟ یان ئەكرێت بوترێت رێككەوتن بووە بۆ بەشكردنی پەرژەوەندییەكان. یەكڕیزی ماڵی كوردی لەنێوان بەشكردنی پۆستەكان و بەرژەوەندییەكان زیاتر مانایەكی نەبووەو خۆی نەداوە لە پلانی هاوبەش بۆ خەمی گشتی. یەكڕیزی ماڵی كوردی لەنێوان شەری ناوخۆو ئیتیفاقی ستراتیجی خۆی بینیوەتەوە !!! هەموو كات بۆ چوونە بەغداد، باس لە یەكڕیزی ماڵی كوردی ئەكرێت، وەفدی هاوبەش دروست ئەكرێت و دێن و ئەرۆن. دەرئەنجامیش زۆرێك لە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد وەك خۆی ئەمێنێتەوه، نە مەسەلەی بەشە بودجەی هەرێم و سیاسەتی نەوتی و كێشەی پێشمەرگەو ناوچە ناكۆكییە لەسەرەكان، چارەسەر ئەكرێت بەردەوام وەك گرفت ئەمێنێ .. كابینەی بەغداد بە تەوافوق دروست كرێت یان حكومەتی زۆرینە ، ماڵی كوردی وەك خۆی مامەڵە ئەكات و گرفتەكان وەك خۆی بەردەوام ئەبێت. ئەم دێو جامەیەی یەكریزی ماڵی كوردی تائێستا تاكی كوردی نەیبینی گرفتەكان چارەسەر بكات. گەر ئەم جارە ماڵی كوردی بە بەشكراوی لەگەڵ لایەنەكانی بەغداد بكەوێتە دانوسان، ئایا هەمان دەرئەنجام دێتە دی و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد وەك خۆی ئەمێنێت یان دۆخەكەی ئەگۆرێت ؟؟؟ ئێستا بەغداد لەنێوان دوو ئەگەردایە، ئەوانیش پێكهێنانی كابینەیە لەسەر چەمكی زۆرینە كە بزاوتی سەدری و سونەو بارزانی رێككەوتنیان لەسەر كردووه، یان گەڕانەوە بۆ حكومەتی تەوافوق كە رێككەوتنی دەستە جەمعی بۆ بكرێت.لەم كاتەدا كە باس لە بەشبوونی ماڵی شیعی ئەكرێت، ماڵی كوردی وەك وابەستەیەك بەو بارودۆخە بەشبوونێكی پێوە ئەبینرێت. ماڵی كوردی بەشبوونەكەی لە پۆستی سەرۆك كۆماردا دەرئەكەوێت و رۆیشتنە بۆ زۆرینەی پەرلەمانی، ئەوەی پرسیارە ئەم چەمكە سەرەتایە بۆ هەرێمیش ؟؟ ئایا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئیتر زۆرینە ئەبێتە پێوەر یان ئیتیفاقی ستراتیجی ؟ گەر ئێستا هەژموونی شەڕی ناوخۆ بەسەرچوو بێت ئەكرێت بوترێت بەشبوونی ماڵی كوردی سەرەتایە بۆ جیاوازی لەنێوان زۆنی زەردو سەوز ؟ ئەكرێت باس لە دوو ئیدارەیی نەبێتە تۆمەت؟ ئەكرێت لە زۆنێكدا ئەمنیەت و خزمەتگوزاری ببینرێت ؟ ئەكرێت ئازادی فەراهەم بكرێت بۆ قەڵەمە ئازادەكان و زیندانەكان چۆڵ بكرێت و ژیانی ئاسودە بۆ هەموان فەراهەم بكرێت ؟ ئەكرێت لە هەرێمدا باس لە لامەركەزیەتی ئیداری و شۆڕبونەوەی دەسەڵات و بەشكردنی دەسەڵات نەبێتە شارچێتی؟؟ بە لایەكی تردا زۆنەكان نابێتە ئابڵۆقە دانان بەسەر یەكتردا؟ نەترسین دیسانەوە ژمارەی زاڵگەكان زۆر بكرێنەوە لەنێوان زۆنەكاندا، نەترسین لە قەیرانەكان ؟ داهاتووی ماڵی شیعی گەر كرانەوەو رێككەوتن بوو ئایا ماڵی كوردی ئەبێتەوە زاراوەی باو ؟ هەموو ئەمانە و زۆری تر لە پرسیارەكان ئەمێنێ بۆ رەوتی رووداوەكان ئەوەی ئەمێنێت بۆ تاكی كوردی خەمی گشتییە.
چیا عەباس کێشمە و کێش و بێنە و بیبەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە رۆژی قیامەت و حساب دەچێت، ئەو رۆژەی چاکە و خراپە دەخرێنە تای تەرازوەوە و یەزدانی گەورە بەپێوەری چاکە و خراپەی مرۆڤەکان پاداشت و سزایان دەدات. تۆ بلێی کام یەزدان بریار لە چاکە و خراپەی ئەو دو هێزە بدات و بە سەر " صراة المستقیم" دا بیان بات تا یەکێکان پر بە پشکی خۆی بخرێتە لای هاوجۆرەکانی لە دۆزەخ، ئەوی تریشیان بە هەمان شێوە سوچێکی بەهەشتی گوڵزار و دڵگیری لە گەڵ جوانی و میهرەبانی فریشتەکان و تام و چێژی شەراب و حۆریەکانی بەرکەوێت. تۆ بڵیی پەرلەمانی عێراق بەم پێکهاتە و دۆخی ئێستای بریاردەر بێت لە چەسپاندنی عەدالەتی یەزدان و مرۆڤایەتی و یاساکانی سەر وەرەق؟ ئەوەی گومانی تێدا نیە یەکلاکەرەوە دەبێت بە پێوەرە قێزەوەن و سواو و نیەتە شەیتانیەکانی بۆ ناردنی نوێنەری حزبی سەرکەوتو بۆ دۆزەخ و هەروەهاش بۆ بەهەشت بەو پشک و شێوازەی بۆی دیار دەکرێت. نەگبەتی کوردە ئەم دو هێزە لە سەر پۆستێک قیرچسمەیی دەکەن کە بێجگە پارە و ناو بۆ تەرەفی براوە هیچ بەها و کاریگەری ئەوتۆی بۆ کورد نیە، ئەوەی هەیەتی ناوداریەکی بێ ناوەرۆکە کە زۆربەی دنیای دەرەوە بایەخی پێنەداوە و ناشیدات، بێجگە مام جلال کە ناو و ناوبانگی لە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە پەیدا نەکردبو، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی مێژویی کورد بۆ خۆی هەر ناودار بو. ئەزمونەکانی دوا دو سەرۆكیکی کورد بۆ کۆماری عێراق و ئەوانەی ئایندەش لە رۆڵی تەتەرێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و واژۆکردنی بریار و فەرمانە ئامادەکراوەکان زیاتر نابێت. سەرۆک کۆماری کاریگەر و شایستە خۆی دەبێتە سەرۆک کۆمار جا بە هەڵبژاردنی دروست و دادپەروەرانە یاخود بە زەبری مێژو و بە ئیرادەی میللەت، کاندیدەکانی ئەو دو هێزە بە هەر دوکیان نوێنەرایەتی نزیکەی ٣٠ لە سەدی کورد دەکەن و یەکێکیان بە ناوی کوردەوە پۆستێکی بەناو زۆر باڵا پر دەکاتەوە، ئەم پرکردنەوەیە بۆ خۆی و حزبەکەی و ئیرادەی بەهێزی دەرەوەی خۆشی نیعمەت و بەرەکەت دەبەخشێت و لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەکە بەدەستی حزبەکەشیەوە وەک " الدمی المتحرکة" ی لێدێت. تۆ بلێی زۆربەی ئەزمونی کورد لە نزیکەی دوا بیست ساڵی دواییدا لە گەڵ ئەو پۆستەدا شتێکی جەوهەری لە پرسی کوردایەتی بە ئاراستە خوازیار و جوانەکاندا بردبێت، بۆ وەبیرهێنانەوە تا هات و هاواری حزبی زیاتر گێژمان نەکەن، بیرێکی جدی بکەینەوە لە ئەزمەکانی موچە و بودجە، ناوچە زەوتکراوەکانی باشوری کوردستان، دۆخی کەرکوک، شکست پێهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم، رۆڵی دەسەڵاتی بەغدا لە کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر، دروست نەکردنی ئەنجومەنی فیدرالی، ئایندەی هێزەکانی پێشمەرگە و .....تاد، ئەوسات تێدەگەین سەرۆکێکی کورد بۆ کۆماری نەهامات بۆی نیە چی بکات. ئەوەی هیوای پلاسیپۆی پێ هەیە دەمێکە روبەروی گومان و گەلێک پرسیار بۆتەوە. لەم پرسەدا پارتی و یەکێتی پاش پاشەکشە گەورەکەیان لە دوا هەڵبژاردنەکاندا هەڵێکی زێرینیان لە دەستدا، باشتر بو لە گەڵ هێزەکانی تری کوردستان لەسەر یەک کاندیدی بێلایەن رێکبکەون و پشگیری بکەن لە بری ئەم رۆژی قیامەتەی بەرپایان کردوە. تێبینی: لە نەریتی سیستەمی سیاسی و حوکمرانی چەند وڵاتێکی دیموکراسی ئەوروپای رۆژئاوا کە کابینە پێکدەهێنن جیاوازی زۆر هەیە نێوان، بۆ نمونە: وەزیری پەوەردە و وەزیر بۆ پەروەردە، جیاوازیەکانیش لە دەسەڵات و ئەرکەکاندان. تۆ بلێی ئایندە وەڵام بداتەوە؟
ئاسۆ حاجی ئەگەر بافێل تالەبانی بە جدی حەزی کردبا بەرهەم سالح ببێتەوە سەرۆک کۆمار، ئەوە کارەکەی بەو رۆژە نەدەگەیاند، دەیتوانی بە رێگایەکی کورتتر و بەر لەوەی بابەتەکە دەنگی لێوە بێت، پرسەکە لە بەرژەوەندی بەرهەم سالح یەکلایی بکاتەوە، بە گەڕانەوە بۆ حیکمەتی مام جەلالی باوکی کە درێژکردنی دەستی دۆستایەتی ق برایەتی بووە بۆ سەرۆک بارزانی، هەروەها سوودمەندبوون لە سۆز و رێزی مامایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، کە ئەگەر بافێل تالەبانی بە پیر داواکەی پارتیەوە چووبا لە وێکڕا ئامادەکردنی کارنامەیەکی کوردستانیانە کە سەرۆک کۆماری بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی پێگیر کرابا، نە سەرۆک بارزانی و نە پارتیش لاریان نەدەبوو لە دانانەوەی بەرهەم سالح بۆ گەڕێکی دیکەی سەرۆکایەتی کۆمار. بافێل تالەبانی بە زاناییەوە بێت یان نەزانی، بەرهەم سالحی بە رۆژێک گەیاند کە دەرچوونی لە کێبڕکێکە وەک دۆڕاو مسۆگەرە، چونکە وێنە و شێوەی قۆناغی داهاتووی سیاسی عێڕاق روونە و هەڤالبەندیەکان یەکلایی بوونەتەوە و بڕیارەکەی بافێل تالەبانی بە هێشتنەوەی بەرهەم سالح وەک یەکانە کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری گرەوە لەسەر ئەسپێکی لاق شکای. کێ دەزانێ رەنگە بافێل بە ئەوپەڕی زیرەکی و زرنگی ئەو بڕیارەی دابێ و لەوانەشە داوای ئەو لە پارتی ئەوە بووبێ کە بەربژێریان نەکشێنەوە و ئەویش هیچ کاندیدێکی دیکەی نابێ جگە لە بەرهەم سالح! بافێل رەنگە بەرهەمێکی بوێ بە تێکشکاوی و پەڕ وباڵ کراوی بگەڕێتەوە سلێمانی، تۆڵەی ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانێتیەکەی لێ بکاتەوە و خێری ئەوەی پێوە نەهێلێت بچێتە پاڵ لاهور جەنگی یان بیر لەوە بکاتەوە بۆ پۆستی سکرتێری گشتی ببێتە رکابەری بافێل تالەبانی، بەڵام بۆ هەموو ئەوانە ئۆباڵەکە بە ملی پارتی بێت نەک بەرهەم پەنجەی بێ وەفایی و قۆلبادان بۆ کوڕی ئەو پیاوە درێژ بکات، کە لە ژێر سێبەری ئەوەوە بەرهەم سالح بووە ئەو ناوەی ئێستا هەیە( بە چاک و بە خراپ). لە گەڵ ئاڵۆزکردنی پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، لە نێوان یەکێتی و پارتی، بۆچوونەکان بۆ ئەو نیەتە شاراوەی بافێل تالەبانی دەچوون، رۆژ بە رۆژیش روونتر دەبوو کە بافێل و یەکێتی جدی نین لە یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە لە بەرژەوەندی بەرهەم سالح، بۆیە سەیرە و پرسیار ئەوەیە کە بەرهەم سالح هەڵوێستێکی نەبووە و لایەنی کەم خۆی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات و خۆی بکڕێتەوە نەک بچێتەوە ناو یاریەک کە لە سەرەتاوە ئەنجامەکەی دیارە ئەو تێیدا دۆڕاوە.
ھانا قاسم ئهمرۆ عێراق به زنجیرهیهك ململانێ و بهریهككهوتنی سیاسیدا تێدهپهرێت، ناكۆكی پێكهاته و گروپه سیاسی و چهكدارییهكان له ئاستێكی مهترسیداردایه، بۆیە دۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکان پێویستی بە کەسایەتییەکی سیاسی دوور بین و واقع بینە تاوەکو سەرکردایەتی ئەم قۆناغەی عێراق بکات، لە نێو ئەو ھەموو تەنگژەیە سیاسییەدا، سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی کورد سەرۆکایەتی عێراق دەکات، ئەو دەیەوێت ھەر نەبێت بۆ دەیەی داھاتوو عێراق لە ئافاتی جەنگ و ماڵویرانی دوور بخاتەوە و بەرەو ئارامی ببات، بەرھەم ساڵح ماوەی سێ ساڵە لە سەرۆکایەتی عێراق بەو ئاڕاستەیە ھەنگاوی ناوە و کاری کردووە. له ماوهی ئهم سێ ساڵهدا عێراق به چهندین رووداوی مهترسیداردا تێپهریووه، ئهو رووداوانه ئهگهری ئهوهی تێدابوو عێراق بهرهو جهنگێكی ناوخۆیی كارهساتبار بهرێت، بهڵام حیكمهت و سهركردایهتی باشی بهرههم ساڵح عێراقی پاراست، لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی عێراق و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی و دواتر راسپاردنی مستەفا کازمی، بەرھەم ساڵح جگە لەوەی چووە بەرەی خەڵک بۆ بهدیهێنانی داوا رەواکانی ھاووڵاتیان، توانی بەر بە جەنگێکی خوێناوی حەتمی بگرێت، و حەکیمانە جەمسەر و ئاڕاستەکان جیاوازەکانی بەیەک گەیاند و عێراقی لە ئافاتی شەڕی ناوخۆ دوور خستەوە. لهسهر ئاستی كوردستانیدا، سەرۆک کۆمار رۆڵێکی یەکجار گەورەی بینی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و گەیشتن بە رێککەوتن، بەتایبەتی ناردنی بەشە بودجە و خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران و ھاتنە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک، لهسهر ئاستی ههرێمی و نێودهوڵهتیشدا له سهردهمی سەرۆکایەتی بەرھەم ساڵح، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان چووە قۆناغێکی گرنگەوە، بەغدا بووە ترافێکی سەردانی پادشا و سەرۆکی وڵاتانی زلھێز، ئەمەش بۆ عێراق ھەنگاوێکی گرنگ بوو لە دوای رۆخانی رژێمی پێشوو. وێستگەیەکی دیکەی سەرۆکایەتیکردنی بەرھەم ساڵح گەڵاڵەکردن و دەرکردنی چەند یاسایەکی گرنگ بوو، گرنگترینیان قەرەبووکردنەوەی کچان و ژنانی ئێزیدی و گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق و یاسای نوێ ھەڵبژاردنەکان. ئێستا عێراق چووەتە قۆناغێکی تازەوە چ لە سەر ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بۆیە ھەڵبژاردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ خوولی دووەمی سەرۆکایەتی جگە لەوەی پێویستییەکی گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە دیدگا و کار و پرۆژەکانی بۆ شێوازی حوکمڕانی، لە ھەمانکاتدا بۆ عێراق گرنگە سەرکردەیەکی واقع بین چوار ساڵی دیکەش سەرۆکایەتی عێراق بکات تاوەکو عێراق بگەیەنێتە کەناری ئارام، بۆ کوردستانیش لە سەر ئاستی نەتەوە و لەسەر ئاستی حزبی پێویستە کەسایەتییەکی سیاسی وەک بەرھەم ساڵح نوێنەرایەتی کورد و یەکێتی بکات بۆ راگرتنی پارسەنگی ھێز و پاراستنی ماف و داواکانی خەڵکی کوردستان.
دانا حەمەعەزیز ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی ڕوسیا هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات. زیاتر لە سەد هەزار سەربازی لە سەر سنورەكانی ئۆكرانیا لە خۆرهەڵاتو باكورەوە كۆكردۆتەوە، هەزاران تانكو زرێپۆشو تۆپو موشەكهاوێژو تەنانەت (چەكی ستراتیجیی)شی هێناوەتە ئەم ناوچانەو بەئاشكرا هەڕەشەی داگیركردنی ئۆكرانیا دەكات. دەستدرێژیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، هەشت ساڵە درێژەی هەیەو تیایدا نیمچە دورگەی كرایمیاو چەندین ناوچەی لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا داگیركردووە. ئۆكرانیا هیچ مەترسییەكی بۆسەر ڕوسیا دروست نەكردووە، بەپێچەوانەوە پەیوەندی مێژویی هاوبەش، كەلتورو تەنانەت ڕەگەزو زمانی هاوبەش، ڕوسو ئۆكرانییەكان بەتوندی بەیەكەوە دەبەستێتەوە. بۆیە لەباشترین بەراوردا، دەستدرێژیی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئەم وڵاتە (كە تازە ئەكەوێتە سەرپێی خۆی)، لە دەستدرێژیەكەی سەدام ئەچێت بۆسەر كوەیت. ئۆكرانیا بەدەسەڵاتترین كۆماری یەكێتی سۆڤێتی جاران بوو، زیاتر لە ١٩٠٠ كڵاوەی ئەتۆمی سۆڤێت لە ئۆكرانیا جێگیر كرابوو، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی بوداپست-ی ١٩٩٤، ئۆكرانیا سەرجەم بۆمبەكانی ڕادەستی ڕوسیا كرد لەبەرامبەر مەرجی زامنكردنی سنورو سەروەری وڵاتەكەی لەلایەن ئەمریكاو روسیاوە. ئۆكرانیا وڵاتێكی گەورەو ستراتیجیی ئەوروپایە، هێرشكردنە سەر ئەم وڵاتە، دەستدرێژی یە بۆسەر ئاسایشی ئەوروپاو جیهان. بەڵام لە جەنگێكی وادا، خودی ڕوسیا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت. جگە لە دەرئەنجامە سەربازییە كاولكارییەكانی ئەم شەڕە، ئابوریو خەڵكی هەژاری ڕوسیا بەرگەی ئابڵوقەی ئابوری گشتگیری ئەمریكاو ئەوروپا ناگرن. هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا لەبەرامبەر بچوكترین هەنگاوی سەربازی پوتین دژی ئۆكرانیا، جدیو مەترسیدارە بۆسەر ڕوسیا. نازانرێت كاردانەوەی سەربازیی ناتۆ چی دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپیكراوەكانی لەندەن، ناتۆ بێدەنگ نابێت، لە ڕوی ئابوریشەوە وەك جۆ بایدن بە ڤلادیمیر پوتینی وت "ڕوسیا باجێكی هێندە قورس ئەدات كە هەرگیز پێشبینی نەكردبێت". بەپێی ئەو پلانەی ئەمریكا دایڕشتووە، ڕوسیا لە بازنەی دامەزراوەی بانكییو دارایی نێودەوڵەتی بەتەواوی دەكرێتە دەرەوە، توانای گۆڕینەوەی رۆبڵ-ی نابێت بە دۆلارو دراوی قورسی تر. لە ڕوی تەكنۆلۆجییو زانستییەوە بە چەشنی سۆڤێتی جاران توشی گەورەترین پاشەكشە دەبێت، بێبەش دەكرێت لە دەستگەیشتن بە تەكنۆلۆجیای ئەلكترۆنییو تەندروستیو هەموو جۆرە پیشكەوتنو ئەپدەیتێكی زانستیی. ڕوسیا خاوەنی گەورەترین ڕوبەری زەوییە لەسەر گۆی زەوی، كە زیاترە لە حەڤدە ملیۆن كیلۆمەتر دووجا، واتە نزیكەی دوو ئەوەندەی وڵاتی چین، هەروەها خاوەنی گەورەترین هەناردەی سوتەمەنیو دانەوێڵەیە لە جیهاندا، لەكاتێكدا دانیشتوانەكەی تەنها ١٤٥ ملیۆنە. بەڵام دەسەڵاتی دیكتاتۆریی مۆسكۆ، شكستی هێناوە لە فەراهەمكردنی ژیانێكی شكۆمەندانەو دابینكردن خزمەتگوزاری بۆ خەڵكەكەی، كۆمەڵگەی روسیی بەتایبەتی لەدەرەوەی شارە گەورەكان، بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، زاوزێ لە زۆر ناوچە وەستاوەو ساڵانە ژمارەی دانیشتوان لە كەمبوندایە. دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ساردو كرانەوەی جیهان بە رویدا، روسیا دەرفەتیكی گەورەی بۆ هەڵكەوت بۆ ئەوەی ببێت بەبەشێك لەو هەنگاوە گەورەیەی مرۆڤایەتی نای لەڕوی پێشكەوتنی زانستییو پیشەسازیی مرۆیی دا. بەڵام سیستەمی سیاسی مۆسكۆ، بەرەو دیكتاتۆریی ڕەها ملی نا، لەجیاتی چاكسازیی ئابورییو هاوبەشیكردن لە پرۆسەی پێشكەوتنی جیهان بەتایبەتی خۆرئاواو چین، سەرقاڵی نمایشی چەكو هێزی سەربازیو پشتیوانیكردنی ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی دراوسێی بوو. پوتین، توانا مرۆییو سروشتییەكانی ئەم وڵاتە مەزنەی لە خۆ پڕچەككردنو هەڕەشەی سەربازیدا كورت كردۆتەوە. ئێستا پوتین، بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت كە باكی بە ئاسایشی ئەوروپاو خودی روسیاش نییەو ڕێز لە سنوری نێودەوڵەتییەكانو لە یادشتنامەی بوداپست ناگرێ. مەترسییەكی گەورەیە دەسەڵاتی روسیا كە خاوەن گەورەترین عەمباری چەكی كۆمەڵكوژە، بكەوێتە دەست یەك كەس كە شانازیی بەخۆییو بە جەنگەوە بكات، ئاخر لە سەردەمی یەكێتی سۆڤێتیشدا (دوای ستالین)، هێشتا بڕیارەكانی كرملن بە جۆرێك لە ڕاوێژكردن بوو لەنێوان ئەندامانی سۆڤێتی باڵادا. ئێستا بڕیاری شەڕو ئاشتی تەنها لە دەستی پوتین دایە، هەرچەندە ئەو دەڵێت بەتەمای هێرشكردن نیە بۆسەر ئۆكرانیا، بەڵام هیچ ئومێدێك نیە ئەم هێزە گەورەیە بەبێ دەسكەوتی سەربازییو دیپلۆماسی، لەسەر سنوری ئۆكرانیا بكشێنێتەوە. مەرجی پوتین بۆ ئەمریكاو ئەوروپا ئەوەیە كە نە لەئێستاو نە لەئایندەدا نابێت ئۆكرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ! ئەمریكا، ئەم مەرجەی پوتین كە دژی یاساكانی نەتەوە یەكگرتوەكانە، بەتوندی ڕەتدەكاتەوە. بۆیە هێشتا ئەوروپا لەبەردەم مەترسی شەڕێكی گەورەدایە، كە ئەگەر ڕوبدات، ئاسایشی تەواوی جیهان دەكەوێتە مەترسییەوە!
عەتا قەرەداخی ( ١-٥) سەرەتا: مەبەست لە نەسیونالیزم چیە؟ (ناسیونالیزمی ئیتنیکی چیە؟ ناسیونالیزمی مەدەنی چیە؟ ) ئایا ناسیونالیزم چ پەیەوەندییەکی بە نەتەوەوە هەیە؟ پەیوەندی ناسیونالیزم و بە پیشەسازیکردن چیە؟ پەیوەندی ناسیونالیزم و مۆدێرنێتە چیە و کامیان بەرهەمهێن یان دروستکەری کامیانە؟ سەرەتای دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ناسیونالیزم کەیەو لە کوێوە سەری هەڵداوە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە ئەم باسە هەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی وەڵامی گونجاو بۆ ئەم پرسیارانەو لە دوای ئەوەش هەوڵدەدات رووناکی بخاتە سەر پێناسەی ناسیونالیزمی کوردی ودەرکەوتن و شێوازی کارکردنی. دەشێ چەندین پێناسەی ناسیونالیزم لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەو بوارەوە کرابێت کە بە گشتی بریتین لە مێژوونووسان و کۆمەڵناسان، بەتایبەتی کە ئەوە ئاشکرایە ناسیونالیزم بیرمەندی نیە، رەنگە راستیەکەش ئەوە بێت کە ناسیونالیزم وەکو بیر ناناسرێت یان بە بیر دانانرێت و هەر لەو روانگەیەشەوە بیرمەندی نیە. هەر لێرەوە باسکردن لە ناسیونالیزم یان چەمکی ناسیونالیزم وەکو "بیر- Thought" دەکەوێتە بەردەم گومانەوە. لە راستیدا ناسیونالیزم زیاتر وەکو ئایدیۆلۆجیا باس دەکرێت. ئەنتۆنی دی سمیس دەڵێت: بیرو ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکە کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەکی دیاریکراو وەکو دەستەیەک لە خەڵک پتەوو بەهێز دەکات(١). لێرەدا دەردەکەویت کە ناسیونالیزم راستەوخۆ پەیوەندی بە نەتەوەوە هەیە، یان بە واتایەکی تر ئەو مادەیەی کە ناسیونالیزمی لەسەر بەرهەم دێت نەتەوەیە، ئەگەرچی بە بارێکی تردا ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات. بەهەرحاڵ هەر لەم پیناسەیەدا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم وەکو جوڵانەوە یان بزووتنەوەیەک سەیر دەکرێت کە ئامانجێکی دیارو ئاشکرای هەیە کە ئەویش بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیە. بێگومان رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەک یان هەر نەتەوەیەک چیە؟ زۆر بە سادەیی بەرژەوەندی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە خۆی دەسەڵاتداری سەر خاکی خۆی بێت. بە مانایەکی تر ناسیونالیزم ئامانجی ئەوەیە کە نەتەوە خاوەنی سەروەی خۆی بێت لەسەر خاکی خۆی، کە ئەوەش پێش هەموو شتیک دەبێ حکومەتی خۆماڵی خۆیی هەبێت لەسەر خاکی خۆی، چونکە بە بێ بوونی حکومەت ناتوانریت باسی سەروەری بکرێت کە سەروەریش تەنیا لە بوونی دەوڵەتی نەتەوەدا بوونی دەبێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین ناسیونالیزم پشتگیری ئەوە دەکات و داکۆکیکەری ئەوەیە کە هەر نەتەوەیەک خۆی خۆی بەڕێوەببات و خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی و هەموو بڕیارێکی پەیوەست بەخۆی بێت و پارێزراو بێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی و نەکەوێتە ژێر هەژموونی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی دەرەوەی خۆی. هەر نەتەوەیەک لە رووی سروشتیەوە هەمان مافی نەتەوەکانی تری هەیەو بەو پێیەش هیچ نەتەوەیەک بە هیچ بیانوو پاساوێک مافی ئەوەی نیە کە دەسەڵات بەسەر نەتەوەکانی تردا بکات و داگیریان بکات و بەویستی خۆی سەرکوتیان بکات و بەکاریان بهێنێت چونکە هەر نەتەوەیەک خۆی بنەماو بنچینەی سروشتی و نموونەییە بۆ فەرمانڕەوایی خۆی وهیچ نەتەوەیەکی تر نابێتە ئەو بنچینە سروشتیە بۆ فەرمانڕەاویی ئەم. بامانایەکی تر هەر نەتەوەیەک خۆی تاکە سەرچاوەی دروست و رەوایە بۆ بەرهەمهێنان و بنیادنانی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرێتی خۆی و لەسەر ئەو بنەمایەش وەک هەموو نەتەوەکانی تر مافی بەدەستهێنانی سەروەرێتی خۆیی هەیە. هانس کۆهن لە پێناسەی ناسیونالیزمدا دەڵێت: ناسیونالیزم حاڵەتێکی زیهنیە بۆ زیادکردنی چوونەناوەوەی زۆرینەیەکی گەورەی دانیشتوان لەسەر بنچینەی هەڵوێستی دڵسۆزی و پەیوەستبوون لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا(٢). لێرەدا سێ بنەمای سەرەکی بۆ دروستبوونی هەر جوڵانەوە یان بزووتنەوەیەک باس دەکرێت، کە یەکەمیان بارێکی زیهنیە واتە پەیوەستە بە عەقل یان مێشکەوەو ئەویش یان لەسەر بنەمای سۆزو هەڵچوون کاردەکات یان لاسەربنەمای عەقڵ و بەئاگایی کە ئەم دوو رەگەزەش هەردووکیان هەم پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی جوڵانەوە یان بزووتنەوە، هەم لە خاسێتە دیارەکانی مرۆڤن و لە لایەک پەیوەستتن بە بنەمای بایۆلۆجی و لە لایەکی تریشەوە پەیوەستن بە بنەمای عەقڵی و دەرونی و مەعنەوی. بنەمای دووەم دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەیە لە کۆمەڵگەدا کە دەچنە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی وەهاوە کە زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگایە. ئەمەش ئاسایی ئەوە دەردەخات کە ناسیونالیزم پەیوەستە بە کۆمەڵگاوەو لەچوارچێوەی کۆمەڵگادا بوونی هەیەو قسەی لەبارەوە دەکرێت و دەشخوازێت زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگای تێدا بێت. بنەمای سێیەم ئەو فاکتەرەیە کە زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگا دەبڕێت یان دەخاتە ناوەوە کە ئەویش دڵسۆزی و پەیوەستبوونە کە دەشێت بە سەربەبوون یان ئینتیما ناوببرێت. لێرەوە شتێک لەبارەی سروشتی ناسیونالیزمەوە ئاشکرا دەبێت کە دەشێت وەکو بزوتنەوەیەکی جەماوەریی ئامانجدار سەیر بکرێت لە چوارچێوەی کۆمەڵگاو لە زەمینیەیەکدا کە گەوهەر یان رەگەزی سەرەکی بۆ پێکهێنانی ناسیونالیزم بوونی هەبێت کە ئەوێش نەتەوەیە. بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە لە پێش دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا نەتەوە بوونی هەبووە یان بوونی هەیە. هەروەک هانس کۆهن لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە دەوەستێتە سەر ئەو بنچینەیەی کە تیایدا دڵسۆزی و خۆتەرخانکردنی تاکەکەس بۆ دەوڵەتی نەتەوە باڵادەست دەبێت بەسەر بەرژەوەندییەکانی تری تاکەکەس و گروپدا(٣). لێرەدا زیاتر چەمکی ناسیونالیزم ئاشکردەبێت و تەنیا وەها باس ناکرێت کە بیرۆکە یان جوڵانەوەو بزووتنەوەیەک بێت، بەڵکو خاسێتی ئایدیۆلۆجیای دەدرێتە پاڵ کە ئەویش لە گەوهەردا باسی ئەو هێزو پاڵنەرە دەکات کە وا لە تاکەکەس و گروپیش دەکات دەستبەرداری بەرژەوەندییە تاکەکەسی یان گروپیەکانی خۆی ببێت و خۆی تەرخان بکات بۆ بەرژەوەندییەکی فراوانتر کە بەرژەوەندی دەوڵەتی نەتەوەیە، واتە دامەزراوەیەک کە نەتەوە خاوەندارێتی دەکات و گەیشتووە ئاستیکیش کە بووەتە خاوەنی سەروەری چونکە وەکو دامەزراوەی دەوڵەتی نەتەوە ناودەهێنرێت، کەواتە لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کاتێ خاسێتی ئایدیۆلۆجیا دەدرێتە پاڵ ناسیونالیزم مانای وایە ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە لەگەوهەردا خۆتەرخانکردن و پەیوەستبوون و ئینتیمای زیاترین تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ کارکردن لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی نەتەوە لەخۆیدا کۆدەکاتەوەو لەخۆدەگرێت. ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکی نوێ یان مۆدێرنەو پەیوەندی بەو گۆڕانکارییە گرنگانەوەیە هەیە کە لە سەدەی حەڤدەیەم و هەژدەیەمدا لە کۆمەڵگای ئەوروپی و پاشان ئەمەریکی و دواتریش لە شوێنانی تر لە بنیادی گشتی کۆمەڵگەکاندا روویانداوە، بە تایبەتی شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی مۆدێرنێتە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم گۆڕانکارییانەدا خەڵک پەیوەستبوون بە زێدی خۆیان و بە خاکی نەتەوەکانیان و بە داب و نەریتی باوباپیرانیانەوەو بەو دەسەڵاتانەی کە لەسەر خاکی خۆیان هەیانبووە بە تایبەتی نەتەوە خاوەن دەوڵەتە فیودیالی و ئیمپراتۆرێتە ئایینیەکان، کە دیارە لەگەڵ دەرکەوتنی سادەترین سەرەتای ناسیونالیزمدا ئامانجی گۆڕینی ئەو جۆرە دەسەڵاتە رەهایەی خۆیانیان نەبووە لە گەڵ دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵاتی خۆیانیان لەسەر خاکی خۆیان هەبووە، کە ئەوەش درووستبوونی دەوڵەتەکانی نەتەوەی لێکەوتووەتەوە. هەر لێرەوە ناسیونالیزم زیاتر بەرەو فۆرمەلەبوون دەچێت و هەستێکی ئەوتۆ دروست دەکات کە ببێتە مایەی جۆرێک لە دانپێدانانی گشتی و شێوەیەک بە ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبەخشێت و رۆڵی گرنگ و دیاری دەردەکەوێت و خۆی وەکو هێز یان جوڵانەوە یان ئایدیۆلۆجیایەکی کاراو بزوێنەریکی چالاک لە مێژووی نوێدا نمایش دەکات کە ئامانجی دیارو ئاشکرای دروستکردنی دەسەڵاتی خاوەن سەروەری نەتەوەکانە، کە مەبەست لە سەروەری نەتەوەیی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەکانە چونکە بەبێ بوونی دەوڵەتی نەتەوە شتێک نیە بە ناوی سەروەری نەتەوەیی. بێندیکت ئەندرسۆن رای وایە: ناسیونالیزم هێزیکی سیاسی پتەوە، بەڵام لە رووی فەلسەفیەوە هەژارە. سەرباری ئەوەی " ism"ی پێوەیە، بەڵام هەرگیز بیرمەندی بەرهەمنەهێناوە(٤). بێگومان ئەوە ئاشکرایە لە رووی زمانەوە وشەی ناسیونالیزم Nationalism لە ئاوەڵناوی National درووستکراوە ئەویش بە زیادکردنی پاشگری “-ism” کە ئەم پاشگرە بە مانای بڕوایەکی دیار یان پیادەکردن یان سیستێمێکی دیار یان فەلسەفەیەک، یان سیستێمیکی فیکری دێت. بنچینەی ئەم ناوە داڕێژراوە ناوێکی ترە لە زمانی ئینگلیزیدا کە ئەویش ناوی " Nation "ە. واتە بنچینەی داڕشتنی وشەی ناسیونالیزم کە دەشێت بە کوردی پێی بگوترێت "نەتەوایەتی" وشەی نەتەوەیە. ئێستا دەردەکەوێت کە پێش دەرکەوتنی یان بوونی وشەی ناسیونالیزم لە زماندا وشەی نەتەوە بوونی هەبووە. ئەگەر لەم روانگە زمانیەوە سەیر بکرێت، ئەوا لە پێش بوون یان دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا نەتەوە هەبووە، ئەمە روانینێکی دروستە لە رووی مێژوویی و کۆمەڵناسیشەوە، بەڵام نەتەوە وەکو مادە، وەکو بوویەکی بایۆلۆجی کۆمەڵایەتی نەک وەکو بوویەک یان دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی. ئەوە ناسیونالیزمە نەتەوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و بارگاویی دەکات بە خواست و ویستی سیاسی کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە لوتکەی ئەو خواست و ویستانەیە. لە فەرهەنگی مێریەم وێبستەردا بەمجۆرە پێناسەی ناسیونالیزم دەکرێت: ناسیونالیزم بریتیە لە دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بۆ نەتەوەیەک، بەتایبەتی دیمەنی هوشیاری نەتەوەیی و ئاستی پێشکەوتن و باڵابوونی نەتەوەیەک بەسەر هەموو نەتەوەکانی تردا نیشان دەدات و دانانی جەختکردنی سەرەتاییە لەسەر پتەوکردنی کەلتوورو بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوەیە بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکانی تر یان گروپە نەتەوە باڵاکان(٥). دیسان لەم پێناسەیەدا خاڵی سەرەکی خۆ تەرخانکردنە بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوە، واتە لێرەدا ناسیونالیزم وەکو بابەتێکی گرنگ و تەنانەت بە گوێرەی ئەندامانی هەر نەتەوەیەک وەکو شتێکی پیرۆز سەیر دەکرێت تا ئەو ئاستەی ئەندامانی نەتەوە یان کۆمەڵگا خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، کە ئەو خۆ تەرخانکردنە جۆرە سروشتێکی تەسەوفی تێدا بەدیدەکرێت کە چۆن سۆفی خۆی تەرخان دەکات بۆ پرینسیپی رێبازەکەی و هەموو کارێک دەکات و واز لە هەموو خواست و ویستە دنیاییەکان دەهێنێت بە ئومێدی ئەوەی بگات بە رۆحی باڵای خوداو تیایدا بتوێتەوە. بەهەمان شێوە خۆ تەرخانکردنی ئەندامانی نەتەوە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە مانای دەستبەرداربوونیانە لە بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەدا. بێگومان یەکێک لەو هۆکارانەی کە ناسیونالیزم توانای یەکخستن و یەکپێگرتنی نەتەوەی هەیە ئەو گیانی خودنەویستیەی تاکە کەسە لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەدا. بێگومان لەم پێناسەیەدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەندامانی هەر نەتەوەیەک هەوڵی باڵابوونی یان بەرزتردانانی نەتەوەکەی خۆیان دەدەن لەبەرامبەر بەرژەوەندی یان لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا. ئەگەر لە رووکەشدا سەیری ئەم رستەیە بکەین ئەوا ئاماژەی جۆرێک لە رەگەزپەرستی تێدا دەبینرێت. بەڵام لە رووی راستیەوە بابەتەکە بەو شێوەیە نیە کە ئەندامانی هەر نەتەوەیەک بیانەوێت نەتەوەکەی خۆیان لەوانی تر بە باشترو تەنانەت بە پیرۆزتر لەوانی تر سەیر بکەن، نەخێر مەبەستەکە ئەوەیە کە بنەمای بەراوردی هەر نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەکانی تردا ببێت بە پاڵنەر بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن و پێشکەوتنی زیاتر بە ئامانجی بەرهەمهێنانی زیاتری ئەو بنەمایانەی کە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن بە گشتی. جۆن کانی پێناسەیەکی نزیک لەم پێناسانەی سەرەوە بۆ ناسیونالیزم دەکات و دەڵێت: ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە جەخت دەکاتە سەر دڵسۆزی بۆ نەتەوەو پەیوەستبوون بە نەتەوەوە(٦). تۆماس هایلاند ئیرێکسین دەڵێت: ناسیونالیزم جۆرێکی لێڵی ئایدیۆلۆجیایە دەشێت لە ناوەوەو دەرەوەی سنووری دەوڵەتدا دوژمنکارانەو فراونخواز بێت، هەروەک دەشێت ناسیونالیزم وەکو پارێزەری راستی و ئاشتی وەکو هێزی یەکگرتنی کەلتووری لە دەوڵەتی نەتەوەدا یان لە هەرێمێکدا خزمەت بکات(٧). هەروەک زۆربەی کات ناسیونالیزم لە لایەن خاوەن تیۆرییانی لیبراڵەوە بە ئایدیۆلۆجیایەکی جیهانی دادەنرێت کە جەخت دەکاتە سەر یەکسانی و مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی فەرمانڕەواییەکەیدا(٨). لەم پێناسانەی سەرەوەو چەندین پێناسەی تریشدا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم دڵسۆزی و خۆتەرخانکردنە لە پێناوی نەتەوەو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەدا، لەگەڵ هەوڵی بەدەستهێنانی سەروەریدا کە ئەویش لە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەو بنیادنانی نەتەوەدا دەستەبەر دەبێت. هەروەها دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم ئەو ئایدیۆلۆجیایە کە ئامانجی یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، واتە ئایدیۆلۆجیای دروستکردنی هەستی پێکەوەبوون و دەستەجەمیە لەگەڵ پتەوکردن و بەهێزکردنی ئەو رەگەزو بنەمایانەی کە نەتەوە پێکدەهێنن. یان بە دەربڕینێکی تر ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوەیە کە دەوەستێتە سەر هەستی پێکەوەبوونی خەڵک لە رووی ئیتنیکی و زمان و خاک و نەریت و میژوو ئایین و بنەماکانی تری نەتەوەوە. لە راستیدا سەرباری باسکردنی ئایین یان تێزی مارکسیزم یان ئەنارکیزم و رۆڵبینینیان لە بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم یان بوونیان بە پایەی ناسیونالیزم، ئەوە بۆچونێکە هەریەکەیان بە جۆرێک رەتدەکرێتەوە. بە گوێرەی ئایین کە چەمکێکی تەواو ئومەمی یان گەردوونیە پەیوەستبوونی بەهەر رەگوڕیشەیەکی ئیتنیکیەوە ناجۆرو نەگونجاو دەردەکەوێت و ناشێت ببێتە بنەمای کاراو زیندووی ناسیونالیزم. هەروەک لە لایەکی ترەوە ناسیونالیزم بەگشتی چەمکێکی عیلمانیە، واتە لەگەوهەردا نەک هەر لەگەڵ چەمکی ئایینی ناکۆکە بەڵکو دژیشە. دەشێت لە روویەکی ترەوە باسی ناسیونالیزمی ئایینی بکرێت، بەڵام ئەو ناسیونالیزمی ئایینیە پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەی نیەو دژی دەوڵەتی نەتەوەیە. ئەوەی ئێستا بە تایبەتی لە جەنگی دووەمی جیهانی بۆ دواوە بە ناوی دەوڵەتی ئایینی بە تایبەتی دەوڵەتی ئیسلامی دروستبوون و وەکو دەوڵەتی نەتەوە دەردەکەون، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیران و تورکیا تەنیا لە رووکەشداو بۆ پەردەپۆشکردن روخسارێکی ئایینی بەسەر دەوڵەتەکانیاندا دراوە، ئەگینا دەوڵەتی نەتەوەیی یان ناسیونالیزمن و تەنانەت ناسیونالیزمەکانیان کە دەشیا بە پشتبەستن بە بنەمای نائیتنیکی ئایین بگوازرانایەتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی و نەتەوەی فرە ئیتنیک و فرە کەلتوریان بەرهەمبهێنایە، گەیشتوونەتە ئاستی رەیسیزم و فاشیزم. ئاشکرایە یەکێک لە خاسێتە خراپەکانی ناسیونالیزم ئەگەر بە عەقلی داخراوی نوخبەی ناسیونالیست و بەپێی هەندێ تێڕوانینی تەسک و پەیوەستبوونی لە رادەبەدەر بە ئیتنیک و بنەماکانی بوونی نەتەوەو خۆ بە پیرۆزسەیرکردن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دەگۆڕێت بۆ شۆڤینیزم و بەرهەمهێنانی فاشیزمی ئیتالی و نازیزمی ئەڵمانی بەرهەمی پێداگری زۆرە لەسەر چڕکردنەوەی بنەماکانی ناسیونالیزم. تێبینی/ ئەمە وتارە دەروازەی بابەتێکی درێژە کە کردوومانە بە پێنج بەش و ئەمە بەشی یەکەمێتی. سەرچاوەمان دەکەونە دوابەشەوە.