كارزان سهباح ههورامی رهنگبێت زۆرێك له خهڵك بپرسن بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان لهبارهی دوو كورسییهوه كۆبوونهوهی مهكتهبی سیاسی ئهنجام و دواجار تانهی له دهرئهنجامی ههڵبژاردنهكان دا، پێش ئهوهی بابهتی دوو كورسی بێته ئاراوه پشتهوهی هاوكێشهسیاسییهكان بۆ پارتی گرنگه، خوێندنهوهی پارتی بۆ ئهم دوو كورسییهوه ئهوهیهكه لهكۆی 63 كورسی پهرلهمانی عێراق بهسهرجهم فراكسیۆنه كوردستانییهكانهوه پارتی به 33 كورسی له %50ی ههموو حزبهكان بوو به 50+1 دهیتوانی زۆر پرسی گرنگ وهك پۆستی سهرۆك كۆمار یهكلا بكاتهوه، بهڵام به كهم كردنهوهی ئهم 2 كورسییه پارتی رێژهكهی كهم دهبێتهوه بۆ %49 ئهمهش بهبهراوردی حزبهكانی دیكه پارتی دهبێته دووهم، بۆ پارتی ئهمه گرنگه بۆچی؟ چونكه ئهزمونی له پهرلهمانی كوردستان ههیه، بۆ زۆرێك له پرسهكان بهتایبهت لێسهندنهوهی متمانه لهپهرلهمانتار پرسی پێشمهرگه و پرسی نهوت و پرسی مووچه و بابهتی ههمواری یاساكان و دهستوور زۆر پرسی دیكه حزبهكانی دیكه بهره لهدژی پارتی دهگرن هێشتاش ناگاته ئهوهی كه بتوانن ببنه زۆرینهی پهرلهمان، ئهم سیناریۆیه بۆ ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراقیش دروسته، سهرجهم حزبهكان له ترسی ئهوهی پێیان نهلێن له پارتی نزیكن ناچارن پشتیوانی ههر پرۆژه و پیشنیار و پرسێكی سیاسی بكهن كه لهدژی پارتییه ئهمهش روونه له قازانجی بهرهی یهكێتییه، وهك ئهوهی لهپهرلهمانی كوردستان بهبێ ئهوهی خۆشیان پلانیان بۆ دانابێت یهكێتی زۆرینهیهكی حزبی لهدژی پارتی دروستكردووه، ئهم پرسهش ههمان شته لهویش دووباره دهبێتهوه دووبۆچون لهسهر ئهم پرسه ههیه كه بۆ چی سهرۆك كۆماری ئهم دوو كورسیهی پارتی برد. یان ئهوهتا سهرۆك كۆماری ئێستای عێراق بێ هیوابووه لهوهی پارتی پشتیوانی بكات بۆ دووباره دانانهوهی ئهو پۆسته یان ئهوهتا بهلێنی پێدراوه كه ئهگهر كاربكات بۆ وهرگرتنهوهی ئهو دوو كورسییه دووباره لهلایهن حزبهكهیهوه متمانهی پێدهدرێتهوه. پارتی بهفهرمی له دادگای فیدرالی عێراق سكاڵای كردووه له ئهگهری واژۆكردنی ئهو دهرئهنجامانه له دادگای فیدرالی دوورنییه ئهندامانی ئهنجومهنی دادگا لهسهر پشكی كوردستان نهكشێنهوه و ئهمهش گومان زیاتر لهسهر ئهنجومهنهكه دروست دهكات، ئهگهر ههمووشی نهكشێنهوه ئهندامانی ههولێرو دهۆك له دادگای فیدرالی قبوڵی ناكهن، ئهم پرسه كهمێك ئاڵۆزه، ئهگهر بێت و بهم گۆراكاریانهوه دهرئهنجامهكان تیپهرێت، كۆمسیۆنیش دهكهوێته بهردهم بهرداشی تانهی پارتییهوه، كه خۆیان باش دهزانن قورسایی پارتی چۆنه؟ لهرابردووشدا كۆمسیۆنی له ههڵبژاردنی 2018ی پهرلهمانی عێراق گورزی گهورهی له دهرئهنجامهكانی پارتی دا، ههربۆیه كۆمسیۆن بهخێرایی ئهمرۆ روونكردنهوهیهكی بڵاو كردهوه و باسی لهوه كرد كه ئهوان بههیچ شێوهیهك كاریان لهسهر كهم كردنهوهی كورسیهكانی پارتی نهكردووه، بهشێكی دیكهی ئهم پرسه رهنگه پارتی بخاته بهردهم ههڵوێستی نوێوه یان ئهوهتا ئهویش بهربژێری بۆ ئهو پۆسته دهبێت یان به سانایی رێگه نادات بهبێ ئۆكهی ئهو كهسێك بۆ ئهو پۆسته دابنرێت، ههركهسێكیش دابنرێت، بهدڵنیاییهوه پارتی بهمهرج و رێككهوتنی پێشوهخته قبوڵی دهكات، چونكه دڵنیایه كه 2021ی پارتی وهك 2018ی نابێت، ئهم جاره پارتی بهزۆرینه و رێككهوتنی هاوپهیمانی بهغداوه رێگانادات وهك تهحهدایهك (كهسێكی دیكهی لهبهرانبهر دابنێنن وهك ساڵی 2018). پارتی ئهم جاره مكورانهتر دهیهوێت بێته ناو هاوكێشهكهوه، ئهگهر ئیستا نهتوانێت ئهو دوو كورسییه وهربگرێتهوه، دهبێت دڵنیابێت لهوهی جهماوهری خۆی لێی زوویر دهبن و لهم بارهشهوه توورهبونێكی زۆر بهجهماوهری پارتییهوه دیاره كه ناكرێت سهركردایهتی پارتی لهژێر هیچ ناوێكدا سازش لهسهر ئهو كورسیانه بكات واته لهدهست دانی ئهم دوو كورسییه چهنده بابهتێكی دهرهوهی پارتییه دوو ئهوهنده پرسێكی ناوخۆییه، چونكه پهیوهندی به خواستی جهماوهری پارتییهوه ههیه، هێشتاش مورهكهبی ههڵبژاردنهكانی عێراق بهپهنجهی خهڵكهوه ماوهتهوه كهچی پرسی زۆر گرنگیش ههیه له كوردستان وهك ئهوهی كه حزبهكان داوای ههمواری یاسای ههڵبژاردن دهكهن كه پارتی پێی وایه كات نهماوه و ئهگهر ئهوه بكرێت ههڵبژاردن دواكهوێت، بابهتی دهستوور ماوه كه پارتی بهپلهی یهكهم دهیهوێت تێی پهرێنێت، بهڵام حزبهكانی دیكه گرنگ نییه بهلایانهوه، بهشێكیان ههر رهتی دهكهنهوه، ئهمانه كارتی بههێزن لهدهست یهكێتی كه بهپارتی نیشان بدات ئهگهر بیهوێت ئهم بابهتانه له كوردستان تێپهرێنێت دهبێت واز لهو دوو كورسییه بهینێت، پرسیاری گرنگ ئهوهیه كه ئهگهر یهكێتی لهگهڵ ئهو بابهتانه نهبێت لهگهل پارتی. پۆستی پارێزگاری كهركووك و ههڵهبجهش به سانایی تیدهپهرێت؟، بێ گومان نهخێر كه ئۆكهوی پارتی نهبێت ئهبهد چاویان بهو پۆستانه ناكهوێت، بهتایبهت پارێزگاری ههڵهبجه كه بهبێ واژۆی سهرۆك وهزیران و وهزیری ناوخۆ شهرعیهتی نابێت؟ پارێزگاری كهركووكیش پارتی داخوازی سهرهكی لهسهر ههیه جیالهوهش كه مقۆمقۆی كشانهوهی گۆڕان له ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی ههیه و پۆستی پارێزگاری سلێمانیشیان لهدهست نامێنێت كه ئهویش تهحهدای نوێی یهكێتی دهبێت بهرانبهر به پارتی. كاران سهباح ههورامی
ئەنوەر حسێن (بازگر) - کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى لە دواى (8) تەمموز. - ژەهرخواردکردنى سێ لە سەرکردەکانى یەکێتى. - پرۆسەى هەڵبژاردنى عێراق. - خۆنیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان. چوار ڕووداوى نیوەى دووهەمى ساڵى (2021)ە، کە کاریگەرى لەسەر هەرێم، زۆنى سەوز و یەکێتى بە گشتى جێهێشتوە و پێويستى بە ڕامان و پێداچوونەوە هەيە: یەکەم: ئەو فاكتەرانەى کە حیزبەکەى زەعیف کردوە، تووشى قەیرانى سیاسی و ناوخۆیى بۆتەوە، کە ڕەنگە گەر هەوڵى جددى هەبێت، بتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، ئەوەش بە ڕێگەى کۆنگرە یان پلینیۆمێک، کە نابێت لەژێر ناوى نوێبوونەوە و دروشمى ناواقیعییانەدا بێت، نابێت بەم فۆڕمەى کۆنگرەى چوار و بەم سەرکردایەتییەى ئێستا (زۆرینەى) دەست بۆ چاکسازى، یان ڕیفۆرم و تەنانەت خۆڕێکخستنەوە بەرێت، بەڵکو کۆنگرەى پێنج، یان پلینیۆمى کۆنگرەى چوار، پێکهاتەکەى کۆن و نوێ، بە قابیلییەت و بە فەراهەمکردنى ئازادى سیاسى و حیزبى، واتا یەکێتى پێویستى بە فۆڕم و ڕیفۆرمێکە، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، کە بتوانێت وەڵامى خواستەکانى ئەندامان و هاوڵاتیانى کوردستان بداتەوە، لە ئاستى پێداويستى مێژوويى حيزبەكە و تەوەقعى خەڵكدا بێت. دووهەم: ژەهرخواردکردنى سەرکردەکانى یەکێتى، بە جۆرێک متمانەى لەناو ڕیزەکانى حیزبدا و لە دەرەوەش لەق کردەوە، کە خراپترین فۆڕمى سیاسەتکردنە لە دروستبوونى يەكێتييەوە. ئەم کەیسە دەبێت بە هەموو دەلیل، فاکت و دۆکیۆمێنتەکانییەوە یەکلا بکرێتەوە، چ بۆ گەڕانەوەى متمانە، چ بۆ دڵنیایى و نەترسانى ئەو میوانانەى دێنە ناو بارەگاکانى یەکێتى بۆ چا، یان قاوە خواردنەوەیەک لە دیدار و سەردانێکدا، كە ناهەقييان نييە، گەر گومان بكەن، ئەم بابەتە دەتوانێت متمانە بداتەوە بەو ڕووداوانە. سێیەم: پرۆسەى هەڵبژاردن کە سێهەم قۆناغى سەختى هەرێم و یەکێتى بوە، ئامار و داتاکان دەڵێن "خەڵک و هاوڵاتیان، یان ڕێژەى بەشدارى خەڵک، پاشەکشەیەکى غەریبى کردوە". ئەوە ڕاست و دروستە، بەڵام بۆچى دەبێت یەکێتى و زۆنى سەوز، هێزى سەرەکى ئەم پاشەکشەیە بن، کە نابێت یەکێتى نە لەگەڵ هێزە دۆڕاوەکان، نە لەگەڵ هێزە براوەکان خۆى بەراورد بکات، بەڵکو دەبێت تەنها خۆى لەگەڵ خۆییدا بەراود بکات، یان یەکێتى بۆچى ناتوانێت هێزى یەکەم بێت؟ کە ئەگەرێکى قورس نییە، بەڵام دەبێت خۆى لە کێشەى یەکەم، دووهەم، سێیەم و چوارەمى ناو حیزبەکەى و هاوشێوەى دەرباز بکات و مەجالى دووبارەبوونەوە نەدات، هەم خواست و داواکارییەکانى جەماوەر لەبەرچاو بگرێت. کە لەم خاڵەدا دەبێت داخوازى خەڵک پێش کادرە حیزییەکانى بخات، یان ڕیفۆرم و چاکسازییەکانى قوڵتر کۆمەڵگا بگرێتەوە بە حیزبیشەوە. چوارەم: خۆنیشاندانى خوێندکاران، ئەگەرچى سادەترین خواست و داواکارى ئەم توێژەیە بۆ ژیانێکى باشتر، بەڵام بێ کاریگەرى سیاسی نییە، بەڵام چۆن هەموو لایەک کێشە و داخوازییەکانى خوێندکاران بە بەر هەق دەزانین، ئەوە بۆ کرێکاران، کەم ئەندامان، مامۆستایان، ژنان و گوندنشینان و تەنانەت سەرمایەدارانیش ڕاستە، بە واتایەکى تر هەر کام لەم چین و توێژانە گرفتى خۆیان هەیە و داواکانیشیان هەقیقەتى تێدایە. واتا دەبێت یەکێتى، هەر ڕۆژە، هەم هەفتەیە، هەر مانگ، سەعات و ساڵێک، گوێ لەو دەنگانە بگرێت و کارێکى ئاسایى و نۆرماڵیشە، بە شەفافى رایبگەیەنێت، ئەوەم پێدەکرێت و ئەوەم پێناکرێت، خۆ مەرج نييە بۆ هەموو ڕووداوێك موعجيزە بخوڵقێنێت، بەڵكو دەبێت بۆ هەموو ڕووداوێك، ئامادەگى هەبێت بە تۆلێرانس و كلتور و بيركردنەوەى مام جەلال، دەبێ بڵێم هەنگاوى دروست لەم کەیسەدا بینى هەڤاڵ باڤڵ تاڵەبانى بوو، لەگەڵ نوێنەرى خوێندکاران و بەڵێنى جێبەجێکردنى داخوازییەکانیان بوو، كە ئەوانە كوڕ و كچى ئێمەن. چ داواى لێبوردنى هەڤاڵ قوباد تاڵەبانى بوو، لەوەى کە هەڵەیان بەرامبەر خوێندکاران کردوە و کەیسى سوتاندنى ئاڵا واقیعى نەبوە، بە مەبەست ئاڕاستە کراوە. ئەم بینین و داواى لێبوردنە، کلتورى تۆلێرانسە، سیاسییە باشەکانى ئەوانەن بە عەقڵ گرفتەکان چارەسەر دەکەن، نەک بە هێز، بەڵام دەبێت هەنگاوەکان بکرێتە کردار و شان بدرێتە بەر ئەرکە قورسەکان، کە ئەرکى قورستر لە ڕێگادایە لەناو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەى لە ناوچەکە بە ڕێگاوەیە.
ئازاد جۆڵا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج کورسی لە پێنج پارێزگای عێراق گۆڕانی بەسەرداهات ، لەم چوارچێوەیەش دوو کورسی لە هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا لەنێوان پارتی و یەکێتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات ، ئەمەش دوای ئەو سکاڵاو بەڵگانە دێت کەوا پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرابوو ، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکە پارتی ئەم دوو کورسییە بەهی خۆی دەزانێ و لێسەندنەوەی بەتاڵان ناو دەبات و یەکێتیش بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێ ، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا لایەنی تەزویر چی دەبێ تەنها لەم دوو بازنەیە تەزویرو فرت و فێڵی کردبێ ؟؟؟ ئایا بەڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوای 50 ڕۆژ هەموو ناپاکییەکان پاک بوونەەو هەموو دەنگە دزراوەکان گەڕانەوەو هەموو دەنگە دووبارەکان دەرهێندران و ئەوەی ڕاگەیندرا ئەنجامێکی ڕاست و دروست و ڕەوانە ؟؟؟ باشە ئەگەر لە بازنەی 3 ی هەولێر و لە بازنەی 1 ی نەینەوا تەزویر و دەنگی دووبارە هەبووبێ گرەنتی چییە لە بازنەکانی تریش بەهەمان شێوەو زیاتریش بوونی نەبێ ؟؟؟ ئەی ئەگەر تەواوی سندوقەکانی بازنەکانی تریش بەدەست هەژمار بکرێتەوەو دەنگە تەزویرو دووبارەکان دەربهێندرێن دەبێ ئەنجامەکان چەند بەرامبەر گۆڕانی بەسەردا بێت ؟؟؟ ئەگەر ئەمە ئەنجامی تەنها چەند وێستگەیەک بێت لەیەک بازنەدا بۆ دەبێ هەمان ئەم تەزویرو دەنگە دووبارانە بۆ بازنەکانی تریش ڕاست نەبێ ؟؟؟ گرەنتی چییە لەبازنەکانی ( 1 و 2 و 4 ) یش لە هەولێر و بازنەکانی تریش لە هەندێک پارێزگای تر هەمان تاس و حەمام و هەمان ساختەکاری و تەزویر بوونی نەبێ ؟؟ ئێ خۆ ئەو لایەنەی ئەوەی کردووە هەمان دەسەڵات و هەمان خواست و ویستی هەبووە لە بازنەکانی تریش بۆ بەدەست هێنانی کورسی زیاتر ئیتر بۆ دەبێ نەی کردبێ ؟؟؟ ئەمە لە کاتێکیش دایە کەوا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند تەنها دەنگە دووبارەبوەکانی هەولێر هێندەی تەواوی هەموو عێراق دەبێت !! من ئەم ئەنجامەی هەولێر بە دوور لەڕاستی دەبینم و دڵنیام هەرچوار کاندیدەکەی یەکێتی بەئەنجامێکی زۆر لەوە زیاتر سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە بەڵام سەیرو سەمەرەکە لەوەدایە یەکێتی بەگەڕانەوەی تەنها دوو کورسی لەلایەک شاگەشگە بووەو لەلایەکی تریش لەبەر دۆخە خراپ و نەخوازراوەکەی ناوخۆی کات و سەلیقەی ئەوەی نییە دووقسە لەسەر ئەم کارە قێزوەن و غەدرو ناحەقیە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و بەرگری لەدەنگی پاک و بێ گەردی تەواوی خەڵک و پرۆسەی دیموکراسی و تەنانەت دەنگی ئەندام و بنەماڵەی شەهیدەکانی خۆیشی بکات ، بەڵکو بەدەستهێنانەوەی دوو کورسی بە دەستکەوت و سەرکەوتنێکی زۆر مەزن دەزانێ و گەلێکیش مەمنوونە !!!! هەولێر
ئارام كۆكۆیى بە دریژایی 3 ساڵی رابردوو سەرۆککۆماری تورکیا وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکی ڕەفتار دەکات و چەند جارێکیش پارێزگاری ئەم بانکەی گۆڕیوە بە کەسانی نزیک و هاوبیری خۆی. لە کاتیکدا ئەم دەزگایە دەبێت سەربەخۆ و دوور لە هەر دەستێوەردانێکی سیاسی دەرەوە بێت. ئەو کەوتووەتە جەنگێک دژ بە بەرزبوونەوەی رێژەی سوود(سعری فائده). کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە سیاسەتە لە سەر ئابووری تورکیا نەرێییە و قەیران خولقێنەریە، بە ئەندازەیەک رۆژ بە رۆژ و سات بە سات بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار کەمتر دەبێتەوە(100$ =1350 لیرە بە کاتژمیر 11 هەولێر). ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان و پێداگری کردن لە سەر هێشتنەوەی رێژەی سوود لە 15% و کەمتر لە کاتێکدا یە رێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا لە سەروو 20% و بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە، پێچەوانەی هەموو رێسا و یاسایەکی ئابوورییە، بەڵام خوودی خۆی وای پێناسەی دەکات کە دژ بەو جەنگە ئابوورییەیە کە نەیارەکانی تورکیا بەرامبەر تورکیا بەرپایان کردووە!!! هەنووکە ئابووری تورکیا بووەتە تاقیگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی پێچەوانەی ئەو یاسا ئابوورییەی کە کە هەموو بانکە ناوەندیەکان پەیڕەوی دەکەن، ئەویش بەرزکردنەوەی رێژەی سوودە لە کاتێکدا کە ئابووری ووڵات تووشی هەڵئاوسان دەبیتەوە بۆ ڕاگرتنی بازاڕ. هەندی لەوانەی چاودیری ئابووری تورکیا دەکەن پێیانوایە ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان لە پێناو پاراستی بەرژەوەندی کەسە نزیکەکانیەتی کە قەرزێکی وەبەرهێنانی زۆریان لە بانکەکانی تورکیا بە لیرە ڕاکێشاوە. بەڵام خەڵکی ئاسایی تورکیا باجەکەی دەدات چونکە رۆژ بە رۆژ رێژەی هەڵئاوسان زیاد دەکات بە جۆریک نرخی نان لە 1.5 لیرەوە بۆ 4 لیرە بەرزبووەتەوە، و داو و دەرمان و پێداویستی پزیشکی بە هۆی ئەوەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن یان کەمبووەتەوە یان گرانترە و لە ئاست توانای کڕینی هاوڵاتیاندا نیە. ئەگەری ئەوەش هەیە بە هەمان شێوەی ڤەنزوێلا خواردەمەنیە سەرەتاییەکانی وەک شەکر و ڕۆن... هتد کەمبێتەوە و بکرێت بە سەڕە. بەردەوامبوون لەم سیاسەتە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەکی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی تورکیا و ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە بانکی ناوەندی بکەویتە داوی سیولە liquidity trap و نەتوانێت بەهایی لیرە لە بازاڕدا ڕاگرێت. هەر ئەم ترسەشە وای لە هاوڵاتیانی تورکیا کردووە هەڵپە بکەن بۆ گۆڕینی لیرەکانیان بە دۆلار کە یارمەتی دۆخەکە نادات بەڵکو بەهای لیرە زیاتر دادەبەزێنێت، چونکە خواست لە سەر دۆلار لەوی ڕوو لە هەڵکشانە. کەمبوونەوەی یەدەکی دراوی بیانی و بێبەها بوونی لیرە، ئابووری تورکیا زیاتر لاواز دەکات چونکە زۆربەی قەرزە دەرەکیەکانی بە دۆلارە کە خۆی لە نزیکەی 900 ملیار دۆلار دەدات بە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتییەوە. ئەم لاواز بوونە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ئەو بانکە نێودەولەتیانەش کردووە کە قەرزیان داوەتە تورکیا لەوانە بانکی BBV ئیسپانی کە لە هەفتەی رابردووەوە پشکەکانی لە بازاردا دابەزیووە. پیشەسازی لە تورکیا پشت بە مادەی خاوی دەرەکی دەبەستیت کە بە دۆلارە لە کاتێدا فرۆشی ئەم پیشەسازییانە بە لیرەیە. بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە یان ئەو پیشەسازییانە هەڵدەشکێنێت یان تووشی قەیرانی قەرزیان دەکات. 40% کەرتی وزەی تورکی پشت بە هاوردە دەبەستیت و بەرزی نرخی نەوتیش بارگرانیەکی کەیە بۆ ئابووریەکەی. جێگەی ئاماژە پێدانە ئەوە تەنها تورکیا نییە کە کەوتووەتە قەیرانەوە بە هۆی ئەم سیاسەتە هەڵە ئابوورییەوە بەلکو ئەو ئابووریانەش کە پەیوەستن بە لیرەی تورکیەوە بە تایبەت ئەو ناوچانەی ئەدلیب کە لە ژێر دەستەڵاتی گروپی تەحریری شامدان مامەڵە بە لیری تورکی دەکەن. لە ئیستادا تەنها دەرەچەی تورکیا یان برەودانە بە کەرتی گەشتیاری کە کۆڤید و زستان رێگرە لە گەشەسەندنی، یان گۆڕینی سیاسەتی رێژەی سوودەکەیەتی و گۆڕانکاریش لەم سیاسەتەدا پەیوەستە بەوەی ئەردۆغان تا چەند قوربانی دەدات بە ئابووری تورکیا لە پێناو ئامانجە سیاسیەکانی خۆی.
سەرتیپ عەلی رەهەندی دەستوری ؛بە پێی دەستوری عیراق خوێندن بەخۆڕاییە لەكەرتی حكومەت كەواتە ئەمە جێبەجێكردنی دەستورە و هیچ منەتێكی تێدا نیە. *رەهەندی سیاسی*؛ خوێندنی خۆڕایی لەكەرتی حكومەت وابەستەیی نیشتمانی و هاووڵاتیبون لای تاك بەهێزتر دەكات،،، دەوڵەتی نەوت و سامانە سروشتیەكان، ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی بەرهەمی نەوتی و سامانی سروشتییان هەیە دەبێت بە شێوازی جۆراو جۆر و بە پێی یاسا هەستن بەدابەشكردنەوەی داهات بەسەر هاوڵاتیان و زیاتركردنی خزمەتگوزاری كەرتی گشتی، ئەو وڵاتانەی نەوت و سامانە سروشتیەكانیان نیە یان كەمتر خاوەنی سامانی سروشتین و پشبەستون بە پیشەسازی و دانانی باجی زۆر لەسەر داهاتەكان تەنانەت لە باج وەرگرتنیش جیاوازی هەیە بە پێی زۆری داهات و ئاستی سەرمایە و لەسەر بنەمای باجی زۆرتر لەسەر خاوەن داهاتی زیاتر و دواتر داهاتی باجەكان لەلایەن حكومەت لەخزمەتگوزاری جۆراوجۆر خەرجدەكرێت و بەشێكی داهاتیش وەك هاوكاری دەستەبەری كۆمەڵایەتی social insurance ئەدرێت بەو كەسانەی پێویستیان پێەتی وەك خەڵكی بێكار تا ئەو كاتەی كار ئەدۆزێتەوە ، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوانەی كەپێوستیان بەهاوكاری هەیە یان خەڵكانی بێلانە و نەخۆش،،،،، باكگراوندی دەرماڵە لەهەرێم ؛لەدوای ڕاپەڕین سەرەڕای كەمدەرامەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرماڵە دراوە بەخوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان راستە ئەو كات تەنها سێ زانكۆ و سێ پەیمانگا هەبوە بەڵام ئێستا ژمارەی خوێندكار و زانكۆو پەمانگاكان زیادی كردوە لەهەمان كات داهاتی حكومەتیش زیادی كردوە . بەراورد بەو ساڵانەی دەرماڵە ئەدرا دەرماڵە بۆ هەموان یان بۆ بەشێك؟ جار بەجار ئەو پرسیارە دەكەین و دەكرێت ئایا هەموو خوێندكارێك شایستەی دەرماڵەی هەیە لەكاتێكدا خوێندكار هەیە دەوڵەمەندە و مناڵی خواپێداو و كاربەدەست و كێ وكێن، یان ئایا دەرماڵەی ناوشار, بۆ ئەمە ئەگەر نمونەی بەشە خۆراك وەرگرین لە عیراق یان ئەو بەرمیلە نەوتەی بە حساب ساڵی جارێك بدرێت بەهەموو خیزانێك (نەشدراوە و جاری واهەیە دوو ساڵ و زیاتریش ئەیدەن) كەواتە ئەبێت هەموو خوێندكارێك مافی وەرگرتنی دەرماڵەی هەیە خۆ بڵێین پێویستی نیە ئەوە بۆ بەشە خۆراكیش راستە كە زۆر خەڵك پێویستی نیە و وەری ناگرێت،، بەڵام ئەزانن لە سەرۆكی كۆمار و سەرۆك وەزیر و سەرۆك هەرێم و سەرۆكی پارلەمان و وەزیر و هەموو پلە باڵاو هەموو دەوڵەمەند و هەژار هەر هەمووی ناوی لە لیستی بایعیدا هەیە و وەری ئەگرێت یان ئەیدا بەخەڵكی ئەوە بژاردەی خۆیەتی، لێرەدا بنەمای یەكسانی پەیڕەوكراوە نەك دادپەروەری، وەك وتمان هەموو كەس مافی دارایی بەسەر دەوڵەتەوە هەیە. دەرەنجام دەرماڵە بە مانای وەرگرتنی پشكێك لە داهاتی خۆت لە دەوڵەت مافە بۆ توێژێكی وەك خوێندكار كە لە قۆناغێكدایە كاری نیە و خاوەن پیشە نیە ( بۆ ئەوانەی كە خوێندنیان تەواوكردوە كاریان هەیە ئێستا؟!) وەك بەستنەوە و بەهێزكردنی رایەڵەی ئینتیما بۆ وڵاتیش كە هەست بكەیت تۆش پشكێكی راستەوخۆت لە داهات بەردەكەوێت ئەمەش بایەخی درێژخایەنی خۆی هەیە بۆ نەتەوە و . دەوڵەت..،. ئەی خوێندكارانی ئەهلی چی بكەن؟ كێن ئەوانەی لە خوێندنی ئەهلی دەخوێنن؟ چەند گروپێكن ::_ ئەوانەی تەمەنێكیان هەیە و دەرفەتی خوێندنیان نەبوە ئێستا دەخوێنن (و تاقیكردنەوە دەكەن ئەوانەی بۆ كۆلێژ و بەشێكی باشتر دەخوێنن فەرمانبەرن یان پەرە بەبوارەكەی خۆیان ئەدەن.._ ئەوانەی لە خوێندنی حكومی ناویان نایەتەوە یان لە بەشی دڵخوازی خۆیان ناویان نەگەڕاوەتەوە دێن لە ئەهلی دەخوێنن،،، بۆ ئەمە باشترین ڕێگا پرۆژەی قەرزی درێژخایەنە چونكە ئەم خوێندكارانە سەرەڕای كرێی خوێندن خۆیان خەرجی بەشەناوخۆیی وهاتوچۆ ئەدەن و پێویستیان بە دەست گیرۆیی هەیە ئەكرێت قەرزی درێژ خایەن وەرگرن و بەو ڕێوشوینەی حكومەت كەهەیە بۆ وەرگرتنەوە قەرز لێیان وەربگرێتەوە(وەك پێشینەی خانوبەرە و ...هتد). چۆن ئەم دەرماڵەو قەرزی خوێندنە پەیدا بكرێت و بدرێت بە خوێندكاران؟ دروستكردنی سندوقی دارایی پشتیوانی خوێندكاران بۆ ئەم مەبەستە، سەرچاوەی پارەی سندوق بریتی دەبێت لەداهاتی زانكۆ و پەیمانگاكان، ئەو پارانەی لەزانكۆ و پەیمانگا ئەهلیەكان و وەردەگیرێت لەلایەن وەزارەتەوە، داهاتی بەكرێدانی كافتریا و هۆڵەكان و تاقیگەكانی سەربەخوێندنی باڵا، رسوماتی وەرگرتنی بڕوانامە، هاوكاری و بەخشینی كۆمپانیا و كەسایەتی و ڕێكخراوە خێرخوازییەكان، بەشێك لەداهاتی نەوت و غاز... *پەیامەکە نێردرا*، دوای چارەسەر بڵێن پەیامەکە گەشت؛ دوو ڕۆژ خۆپیشاندان بۆ ناڕەزایەتی سەرشەقام بەڵام ئەو کاتانەشی لەماڵبن یان لە بەشە ناوخۆیی لەخەت بن بە مۆبایلەوە یان لە وەرزش و کتێبخانە هەر ناڕازین و داوای مافی خۆیان دەکەن، جا ئەگەر بێدەنگ بن یان دەنگ هەڵبڕن، زۆر جار بێدەنگی خۆی شێوازێکی ئاخاوتنە، بە هیوای چارەسەری کرداریی. سەرتیپ عەلی ،دەرچووی ئاداب ئینگلیزی (حکومی)کۆلێژی یاسا(ئەهلی)
لهتیف فاتیح فهرهج دوای راپهڕینی ساڵی 1991 ئهوانهی كهپێویست بوو سزا بدرێن و بدرێنه دادگا و لهوێ تاوانبار یان بێتاوان دهربچن ، موستهشارو ئامر مهفرهزهو خائین و خفرۆشهكان بوون ، ئهوانهی دهستیان ههبوو له كوشت و بڕو تاڵانی گوندهكان و هاوكاری بهعس له ئهنفال و جینۆسایدی گهله كهیاندا ، هاوڵاتیهكی جهله مۆرد پێی وتم ئهگهر جاش نهبوایه عهرهب و سوپا له كوێ "بابه ڕوشهیان" دهدۆزیهوه، بابه روشه پهناگهو شوێنێك بوو خهڵكی جهلهمۆرد پهنایان بۆ بردبوو. موستهشارو جاشهكان نهك سزا نهدران بگره زۆرێكیان كرانه خاوهن دیوه خان و ریش سپی حزب و خاوهن پێگهو جێگه له بهرانبهریشدا له بادینان و ههولێرو سلێمانی زۆرێك له ئازادیخوازان شههید كران ، نهوهدهكان جگه له شهڕی ناوخۆ ، گهواهیدهری كوشتن و تیرۆری زۆرێك بوون لهوانهی جیاواز له حزبهكانی دهسهڵات بیریان له ئایندهو دوا رۆژی میلهت دهكردهوه ، بكوژی ههمووئهوانیش كهسانی بهرپرس و باڵادهستی حزبهكان بوون ،له شهڕی ناوخۆیشدا سهدان پێشمهرگهی قارهمان و خهڵكی نیشتمانپهروهر كه گیرۆدهی شهڕهكه كرابوون به دهستی بهشێك لهو جاش و موستهشارانه كوژران . حزبهكان كێبڕكێ دهكهن له سهر ئهوهی كامیان زۆرترین خهڵكیان به كوشتداوه بۆ ئهوهی بڵێن زۆرترین شههیدمان ههیه ، ههڵبهت شانازیش به زۆری شههیدهكانیانهوه دهكهن ، ئهمه له كاتێكا پڕۆژهی حزب ، پڕۆژهی بونیاد نانی ژیانی باشتره بۆ خهڵك نهك به كوشتدان ، ئهم كارهی حزب دهكرێت وهك پڕۆژهی خوێن ناوی لێبنرێت ، یانی حزب بهردهوام دهبێت دهستی له خوێندا بێت جا خوێنی خۆی یان خوێنی ئهوانی تر به خوێنی خۆیهوه شانازی به ژمارهی شههیدهكانهوه دهكات و به خوێنی ئهوانی تریشهوه شانازی به كوشتنی ئهوان و ئازایهتی خۆیهوه . بێگومان له سهرهتای شهستهكانهوه ئهم پڕۆژهیه له كاردایهو له ناویدا جگه له شههیدهكانی حزب دهیان ئازادیخواز به دهستی خودی حزب و كارهكتهرانی حزب تیرۆر كراون ، رهنگه كوشتنه جیاجیاكانی وهك كوشتنی عوسمان عوزێری ، ماڵباتی فاخیر مێرگه سوری ، ئازادیخوازانی باكورو رۆژههڵات ، كارهساتی ههكاری و ههتادوای نمونهی ئهو كوشت و بڕهبن ، كه تا ئێستا درێژهیان ههیه ، پڕۆژهی خوێن كه حزبی كوردی كاری له سهر كردووه، له گهڵ یارو نهیار پڕۆژهیهكی مهترسیدارو جێی ههڵوهستهیه ، چونكه ئهم پڕۆژهیه زۆر ترین خهڵكی له دهستداوین ، تهنانهت دیلكوشتن و ئهتككردن و دێوی و قێزهونی زۆریشی تیا بووه كه مرۆڤ له گێڕانهوهشیان دڵی به یهكدا دێت . له نێو ئهم پڕۆژه قێزهونهدا مرۆڤگهلی جوانی وهك سهردهشت عوسمان ، بهكر عهلی ، سۆرانی مامه حهمه، كهریم عوسمان، رهوف ئاكرهیی و زۆری تر بوونهته قوربانی ، كه له ماوهی كهمی ئهو تهمهنی كردویانه نمونهی مرۆڤی خاوهن بیرو خاوهن قهڵهم و نیشتمانپهروهر بوونه، بهڵام حزب چ پێویستی به بوونی ئهمانهیه، به باوهڕی من وهك چۆن شهڕی ناوخۆ ، شهڕی براكوژی ، خراونهتهبهر نهشتهری رهخنهو توێژینهوه ، پێویسته له سهر ئهم پڕۆژهی خوێنهش قسهی ئهرێنی و بایهخدار بكرێت . مێژوی شهست ساڵی رابردوی ئێمه له سهر دهستی خۆمان هێنده ناشرینه تهنانهت كاتێك كارهكتهرهكانیش بیرهوهریهكانی خۆیان دهگێڕنهوه ناتوانن ئهو ناشیرینیه بشارنهوه ، ئهو ناشیرینیه وای كردووه ، ههموو جوانی و پاكیهكهش تۆزیان له سهر بنیشێت ، دهنا له نێو شهست ساڵ له قوربانی دان و شهڕی بوندا سهدان تروسكهو روناكی گهشاوه ههن ، كوشتنهكان ، به كوشتدانهكان ، تیرۆرو دیلكوژیهكان ئهو روناكیانهیان شاردوهتهوه .
ئەنوەر کەریم هەفتەی رابردوو بازاڕی نەوت زۆر دابەزی ، تەنها لە دوو ڕۆژدا زیاتر لە 10 دۆلار لە نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزی . ئەمەش بەهۆی سەر هەڵدانی ڤایرۆسیكی تازە بە ناوی ( Omicron) ئۆمیکڕۆن کە گۆڕاوێکە لە ڤایرۆسی Covid -19 سەرچاوەی گرتوە، بەمەش بازاڕی خستە دڵە ڕاوكێیەکی گەورەوەو بازاڕەکانی جیهان نەوتیان فرۆشت بەو واتایەی کە خواست لەسەر نەوت نامێنێت ، کە گرنگترین فاکتەری ئابوریی ( خواست و خستنە ڕوو )لەسەر کاڵا و خزمەتگەزاریەکان بۆ باڵانسکردنی نرخەکان ، وە ک مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو بازاڕ ئەو ترسەی لێ پەیدا بوو کە جارێکی تر ئابوری جیهان دابخرێتەوە خواست لەسەر نەوت نەمێنێت بۆ سێکتەرەکانی ئابوری . هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت . 1- بۆ چی نەوت لە ڕۆژی هەینی رابردوودا بە رێژەیەکی زۆر دابەزی . هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڤایرۆسی (ئۆمیکڕۆن ) لە باشووری ئەفریقاوە سەری هەڵداوە کە لەم ووڵاتەدا (8.2) ملیۆن کەس هەڵگری ڤایرۆسی (HIV) واتە ڤایرۆسی( ئایدز) ئەگەر بێتوو ئەم ڤایرۆسە تازەیەی کۆڕۆنا لە و هەڵگرانە وەبن کە نەخۆشی( ئایدز) یان هەیە وە ڤایرۆسەکە بە خێرایەکی زۆر بڵاوببێتەوە ئەوە کێشەی گەورە بۆ جیهان دروست دەبێت، ئەم ترس و دڵە راوکێیە بازاڕەکانی جیهانیان بەتەواتی شێواند ، بۆرسەکان بە ژمارەگەورە دابەزین، لە ڕۆژی هەینی رابردوودا بەتایبەتی بازاڕی ئەمریکا. وە هەروەها هۆکارەکەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەڵئاوسان زۆر بەرزە لە ئەمریکادا کە ڕێژەکەی گەیشتوتە (6.2%) ، ئەو کاتە گەشەيی ئابوری خاو دەبێتەوە لە ئەنجامی ڤایرۆسە نوێیەکادا کەواتە ووڵات توووشی (Stagflation) دەبێت، واتە نرخی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان بەرزن و ئابوریش گەشەی پێویست ناکات کە ئەمەش نەخۆشیەکی گەورەی ئابوریە . ئەم ترس و دڵە راوكێیە بازاڕی نەوتی دابەزاند . بازرگانەکانی نەوت نەوتیان فرۆشت 2- ئەمریکاو چین و هیندستان و یابان و بەریتانیا و کۆریای باشوور بڕیاریان داوە کە هەندێ نەوت لە خەزانەکانی (SPR) کە خەزانە ستراتیجیەکانیی یەدەکی نەوتی ئەو ووڵاتانەی تیدا هەڵدەگیرێت بفرۆشن بەڕادەیەک، کە ئەمریکا لە هەموویان زیاتر دەفرۆشێت کە بڕەکەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوتە. ئەم بڕە نەوتەی ئەم ووڵاتانە دەیفرۆشن کاریگەری زۆر گەورە ناخاتە سەر نرخی نەوت وە بەڕێژەیەکی کەم نرخی نەوت دابەزی هەرچەندە دوای هەردەبێت ئەو خەزانانە پڕبکرێنەوە . 3- هەندێ ووڵاتی وەک بەریتانیاو ئەمریکاو سنگاپور هەرزوو بڕیاریان دا بۆ ماوەیەکی کاتی(Air travel) هێڵی فڕۆکەوانی لە ئەفریقای با شورو هەندێ ووڵاتی چوار دەوریان ڕابگیرێت بۆ ئەو ووڵاتانە ، وە لەوە دەچێت یەکێتی ئەوروپاش هەمان ڕەفتار بکات ، هێڵی فڕۆکەوانی پێش کۆڤید -19 ڕۆژانە ( 5 ) ملێۆن بەرمیل نەوتیان بەکاردەبرد . دەرئەنجام . نرخی نەوت هەر لەسەروو ( 70) دۆلارەوە دە مێنێت ئەگەر ڤایرۆسی ( ئۆمیکرۆن) ئەوەندە ترسناک نەبێت و ببێتە هۆی داخستنی سیکتەرەکانی ئابوری جیهان و جارێکی تر بازارەکانی جیهان دانەخرێتەوە. چونکە زۆر زووە بۆ ئەوەی بازاڕ ئاوا بشڵەژێت بە بێ زانیاری پێویست . ئەمەش هۆکارەکانی پاراستنی نرخی نەوتن 1- لە ئەنجامی نەبوونی وە بەرهینانێكی زۆر لە چەند ساڵی رابردوودا لە سیکتەری نەوت (Fossil Fuel ) و غازی سروشتیدا ، بە هۆی گواستنەوەی وەبەرهینان بۆ ووزەی پاک ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بازاڕی نەوت خواستی لەسەر بێت . 2- بوونی ووشکەساڵی لە جییهاندا لە ئەنجامی گۆڕینی کەش و هەوادا ئەمەش وایکردوە کە جیهان بەرەو ووشکەساڵی بڕوات ووزەی کارۆ ئاوی ( Hydro Power) کەمبیتەوە کە لە بەنداوەکان و تاڤگەکەکانەوە پەیدا دەبیت بۆ بەدەستهینانی ووزە ، حکومەتەکان ناچاربن پلانتەکان بگۆڕن بۆنەوت و غاز . 3- هەندێ جار لە ئەنجامی نەبوونی ( wind blowing ) وە تە نەبوونی (با) دا ئەو کاتە ووزەی ( wind power) کەمە ، کە ئەو دیاردەیە لە ئەوروپا ڕووویدا ساڵی پار ، ناچار حکومەتەکان بۆ بەدەستهینانی ووزە پەنا ببەنە بەر سەرچاوەی نەوت و غاز ی سروشتی . 4- ئەگەر بێت و نرخی نەوت دابەزێت ئەوا ڕێکخراوی OPEC+ ئۆپێک پڵاس دەتوانن بۆ ڕاگرتنی نرخی نەوت، ئەو بڕە نەوتەی کە 400 هەزار بەرمیلە ڕۆژانە، کە مانگانە بڕیارە زیادیبکەن دەتوانن ئەو بڕە بوەستێنن. بەمەش هاوسەنگی بۆ نرخ دەگەڕێتەوە .
د. شێركۆ عەبدوڵا بەر لەوەی خوێ بگەنێ بڕۆن لە قسەی ئاگردا هەڵ بدەنێ مەزبەتە بکەنەوە لە تاعونی ڕق شار دروست بکەنەوە لای وەبەرهێنێکی کەمانچەژەن بە بەردی هەڵماقۆ بە سپیداری ئەوین بە عەتری نەستەرەن پەنجەرەکانی بە قۆنتەرات بدەن بە خۆر هەموو سەربانێک پەڵەهەورێکی لێ دانێن دەرگا لە پەڕەسێلکەکان بکەنەوە با بێن شەربەکان لێوان لێو کەن لە دڵنیایی ئاسایشەکان بکەن بە باخەوان خەیاڵ پڕ کەن لە بینایی بایکۆت بکەن بایکۆتی چاوەشەکانی شارەوانی و عەریزەنووسەکانی دائیرەی تاپۆ بە مریشکەکەتان بڵێ هێلکەی خۆی بکات نەک هی قاز بژی ئاگردان بڕوخێ دانەغاز قووقەی کەڵەشێرێک بەشی گەڕەکێک ئەکات ئەلارمی مۆبایلتان بۆچییە؟ سەیتەرە دانێن بۆ خەنجەری بەرپشتێن بۆ مەسئولی زیادە بۆ درعی بەگزادەی ئەم شارە کە پڕە لە هەڵوێستی بێ بار لە حەسحەسی ئەغیار دوعا بکەن پلەیستەیشنەکان بشکێن ئاسمان پڕ بێتەوە لە کۆلارە تانجییەک ڕابگرن سروودی کەروێشک لانەو لانەی لەبەر بێ ڤیزا بدەن بە ئاژاوە با هەمیشە لە سەفەر بێ پارێزگار فێر بکەن نائومێدی ببڕێ نەک قردێلە پێکەنین هاوردەکات نەک ترێلە دەرماڵە لە تریفە وەربگرن ڕەچەتەی سەبر لە شیرین بۆ تواناسازی بچنەوە بۆ فەرمانگەی عیشق ئەگینا قەت پەڵە نادات باران هەڵدێت لە تشرین باڵندە ئەتۆرێت لەفڕین ئەگینا لەم شەڕە قۆچەش خراپتر ئەبینین ئەوکاتە تۆ ئەڵێی ماڵئاوا پێکەنین ئەوکاتە دەمێکە قەڵەمم وەستاوە لە نووسین
دانا نەقی نەوت بنەمای خۆشگوزەرانی بۆهەندێك وڵات وهۆكارو ئامرازی وێرانكاری ڕوخانی ژێرخانی ئابوری و دواخستنی بەرەوپێچشونی سیستەمی سیاسی وكۆمەڵایەتی وئابوری هەندێ وڵاتی دیكە، هەرلەم سۆنگەیەوە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم كانزایە پرسیارێك هەمیشە لە هزرو زهنی تاكی شەرقیدا خۆی نمایش دەكات؟ ئایە نەوت سەرچاوەی خێروخۆشیە یان نەگبەتی وكارەسات ؟ هەڵبەتە نەوت وەك سەرچاوەیەك چی لەلایەن ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنی نەوتن،یان ئەووڵاتانەی كڕیاری نەوتن ،جیاوازن لەمامەڵەكردن لەگەڵ بنیات نانی گەشەی ژێرخان وپەروەردەو ئابوریەكەیان ، بەنموونەگەر تەماشای وڵاتەیەكگرتوەكانی ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاواو وبەشێك لەوڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەوا بەراوردێكی گەورە دەبینیت لەسەقامگیری سیاسی و ناسنامەی كەلتوری وگەشەی ژێرخانی ئابوری و هەڵتۆقینی زانست وتەكنۆلۆژیاو داهێنانی بەردەوام وبەدیسپلینكردنی پرۆسەی دیموكراسی لەكایەی سیاسی و كلتوری كۆمەڵگەدا، بەهای نەوت لەزۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوین جگە لەچەند وڵاتێكی بچوكی كەنداو یەكسانە بە جەنگ وماڵ وێرانی ومردنێكی لەسەر خۆ ، كەدەتوانین بەمردنی سپی ناوزەندی بكەین، بەو پێیەی نەوت لەعێراق وكوردستان تاكە سەرچاوەی داهاتە دەتوانین نابوت كردنی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ وبەرهەمهێنانی مرۆڤی بەكاربەر بخەینەئەستۆی نەوت و بازرگانەكانی نەوت ،چونكە هاوشێوەی ئەم فۆرمە لەمامەڵەكردندن لەگەڵ ئەم جۆرە كەیسەدا زۆرن وەك كەیسی مادە هۆشبەرەكان لەئەفغانستان ونەوت لەتەیموری ڕۆژهەڵات كە خودی دەسەڵات بەچاوپۆشینی كۆڵۆنیاڵیزمی نێودەوڵەتی گەلەكانیان قوربانی دەستی نوخبەیەكی سیاسی دەستەمۆ و دروست كروای ڕۆژ ئاوان ، لەدوای بەدەست هێنانی سەربەخۆی تەیموری خۆرهەڵات لەساڵی ٢٠٠٢ فرۆشی نەوت زیاتر لە ٨٨٠ ملیارد بوە بەڵام بەپێی ئاماری ئابوری جیهانی ساڵی ٢٠١٥ گەندەڵترین دورگەی جیهان بوەو گەلەكەی لەوپەری نەهامەتی وشەڕو شۆڕدا ودەژین ، پەێیی ستانداری نێودەوڵەتی لەوڵاتانەی كەبەرهەمهێنی نەوتن لە پرۆسەی نەوتدا شەفاف نین و نەوت وەك ئامرازی مانەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوی بەكاردەهێنن كۆمەڵێك دیاردەی دزێو نامۆ پەیدادەبێت ، وەك ; گەندەڵی و جەنگی ناوخۆو پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و هەڵتۆقینی سیاسی ناكارامەو بازرگانی ناشەرعی و ملیاردێری نابازرگان ، ئەمەش هەمووی لەسەر حسابی خەڵكو شێواندنی كلتورو وێران كردنی ژێرخان وسەرخانی چەندین چەندین نەوەی دواتریش ، هەڵبەتە ئەم داتاو فۆرمە بۆكوردستانیش جێگەی تێڕامان وهەڵوێستە لەسەر كردنە بەوەی دەبینین تارمایی مردنی سپی لەبەرگی كۆچ وجێهێشتنی نیشتمانئ ونەمانی ئینتیماو خۆكوشتن ونەمانی هیوا بۆژیان و شكانی شكۆی تاك لەبۆتەی حزبایەتی كەهەرجارەو بەشێوەو ئامانجێك تاكی كورد ئاراستەدەكرێت كەكۆی ئەم پرسانە گەواهی ئەو ڕاستیەن كە نەوت وسیاسەتی نەوتی بەشێكن لەپرۆسەیەكی مردنێكی لەسەرخۆو خۆڵەمێشی ،كەئەستەمە بەچەند دەیەیەك چارەسەری بنچینەی بۆ ئەم تێكچونەی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی بكرێت.
پهیكار عوسمان یەکێ لە کێشەکانی گەلی بندەست، داگیرکاریی دووانەیی دوژمن و شۆڕشە. ئەم دووانە، تەنیا هاوداگیرکەری فیزیکیی خاك و خەڵكەکە نین، بەڵکو هاوداگیرکەری زیهنیەت و کەسایەتی ئینسانەکانیشن. ئیتر بە هەردوکیان، هەمان وڵات و هەمان دەماغ کاول ئەکەن! دوژمن و شۆڕش، دنیا دابەشی ڕەش و سپی ئەکەن و ئەمەش تەنیا ئەچێتەوە سەر توندوتیژی و بۆ هیچ لایەکی تر ناچێت. دنیا لەو دوو ئەگەرەدا قەتیس ئەکەن و تەنیا شوێنی ئەگەرەکانیان جیایە. ڕەشەکەی ئەم، سپییەکەی ئەوەو، سپییەکەی ئەو، ڕەشەکەی ئەمە. بەڵام لەوەدا هیچ فەرقیان نیە، کە هەمان وێنەی ڕەش و سپی لە عەقڵ و سلوکی ئێمەدا ئەنەخشێنن و بوارێك بۆ لێکتێگەیشتن و یەکترقبوڵکردن ناهێڵنەوە. ئەم عەقڵە رەش و سپییەش، هەر لە قۆناغی خەباتی ڕزگارییدا نا، بەڵکو دواترو لە قۆناغی گواستنەوەشدا، بەردەوامەو لێرەدا ئیتر شۆڕشگێڕەکان، ئەبنە داگیرکەرەکەو ناڕازییەکان، ئەبنە شۆڕشگێڕەکەو هەردوکیشیان بە هەمان عەقڵیەتی تەسکی شۆڕشگێڕانەوە، کە تەنیا جێی منی تیائەبێتەوەو تۆ هەڵئەداتە دەرەوە. ئیتر فەرخیزم، ئەبێتە ئایدۆلۆژیای قۆناغەکەو هەم پۆلیسەکان ئەیانەوێ خۆپیشاندەران مەحفکەنەوەو هەم خۆپیشاندەران ئەیانەوێ پۆلیسەکان مەحفکەنەوەو هەر یەکێکی ئەمیان، بکەوێتە دەس جەماعەتێکی ئەویان، هەمان شەقکاریی ڕووئەدا! یەعنی ئێمە، تەنیا لەبەردەم شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی و نەوەی یەکەم و دووەمی شۆڕشدا نین، بەڵکو لەبەردەم شێرپەنجەی عەقڵیەتی شۆڕشگێریداین، کە گشتییەو هی هەموومانەو ئەبێ دانی پێدابنێین و لێ ی تێبگەین! جوانترین شتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ساڵەی مامۆستایان و ئەم چەن ڕۆژەی تەلەبەکانیش، ئەوەیە کە سەرەتاکەی، شتێکی تەواو مەدەنییەو هەنگاوێکی تەواو جدییە بۆ تێپەڕاندنی عەقڵیەتی شۆڕش و توندوتیژیی. بەڵام دواتر، لە هەموو لایەکەوە، گەنوگووی عەقڵە کۆنەکەی تێئەڕژێ و ئەبێتەوە بە شۆڕش! سادەترین سیفەتی عەقڵە نوێکەش، ئەوەیە کە ڕۆژانی یەکەم، ڕەنگاوڕەنگ و تێکەڵاوەو کچ و کوڕو ئەهلی شانۆ و کتێب و مەعریفە، پێشەنگن و شتەکە تەواو هاوڵاتییانەیەو بۆ ماف و عەدالەت و بەهاکانە.. لەوبەریشەوە پۆلیسی چالاکی مەدەنی هەیەو تا ئێرا وێنەکە جوانە. بەڵام دوای کەمێك، لەمبەرەوە، پۆلیسی چالاکی مەدەنی، ئەبن بە یاریزانی یەدەگ و بەڵتەجی و پیاوکوژ، ئەبنە تیمی سەرەکیی. لەوبەریشەوە کچان و ئەهلی هونەرو مەعریفە، ئەکشێنەوەو ئەهلی جڕت و جوێن و شەڕەبەرد، وێنەکە داگیرئەکەن و لە شۆڕشی فەرەنسییەوە دێینەوە بۆ شۆڕشی شەڕواڵیی! جا بۆئەوەی، گەنوگووەکەی ڕۆژانی کۆتایی، کە عەقڵیەتی شۆڕشە، سەرنەکەوێ و جوڵانەوە مەدەنییەکەی ڕۆژانی یەکەم قووتنەدا،، وەکو لە نوسینی پێشووشدا وتم، گرنگە کوڕو کچە هۆشیارەکان، بڕۆنەوە ماڵەوە. کە ئەوە خۆپیشاندانی دووەمە، دژی عەقڵە کۆنەکەو هیچی لە خۆپیشاندانی یەکەم کەمتر نیە! کە ئەوە هەنگاوی پاراستنی ئینسانە. ئاخر یەکێ لە سیفەتەکانی عەقڵە کۆنەکە، ئەوەیە کە مەرگدۆستەو پەمپت ئەدا بۆ خۆبەکوشتدان و ئینسان تیایدا، هیچ و تڕی بنگۆمە. بەڵام لە عەقڵە نوێکەدا، ئینسان خۆی بەهایە. کە ئەمەش سەرەتای ژیاندۆستییەو پێچەوانەی عەقڵیەتی خوێن و مەرگ و کاولکارییە. لە نێوان دوو معەسکەری عەقڵیەتی شۆڕشدا، خۆپیشاندانێکی مەدەنیی، چەنێك بوون و دەستپێکردنەکەی پێویستە، ئەونەش کۆتایی و چونە ژوورەوەکەی. ئەمەش بە مانای وازهێنان و تەسلیمبوون نا، بەمانای پاراستنی وزەی ژیان و دەنگی عەقڵ، لە شەپۆلەکانی مەرگسازیی. با لە گەنوگووی عەقڵیەتی شۆڕشگێڕییەوە، بچینە سەر گەنوگووی عەقڵیەتی وەعزیی. بەکورتی "عەقڵی وەعزیی" ئەوەیە کە ئینسانی دووڕوو دروست ئەکات. چونکە ئینسان پەرت ئەکات لە نێوان دۆخێکی نمونەیی و دۆخێکی واقعیی. مەسەلەن هەر ئەوەی کە کەس بەقەت ئێمە باسی ڕاستگۆیی ناکاو کەسیش بەقەت ئێمە درۆ ناکات، ئەوە خۆی نمونەیەکی وازحە! بەها باڵاکان، بۆ ئەوە نیە کە ئینسانی پێ بچێتە دۆخێکی نمونەیی و فریشتەیی، کە ئەمە خەیاڵیی و کاری نەکردەیەو تەنیا چەپاندن و نیفاقی لێ ئەکەوێتەوە. بەڵکو بۆ ئەوەن کە لەناو ئینسان و لەناو واقعدابن. عەقڵی وەعزیی، بەهاکان تەقدیس ئەکاو هێندە بەرزیان ئەکاتەوە،، کە ئیتر لە زەوی ئەپچڕێن و مرۆڤ خۆی لە دۆڵێکەو بەهاکان لە دۆڵێك. بەڵام عەقڵی ڕەخنەیی، بەهاکان لە خەیاڵی فریشتەییەوە، دائەگرێتە ناو واقعی ئینسان و ئیتر شتەکە، لە بری ئەوەی قسەیی بێت، کردەییە. وەکو یابان، کە لەوێ کەمترین باسی دەسپاکیی هەیەو دەسپاکترین مرۆڤی دنیاشن! ئەو خەیاڵات و نیفاقەی عەقڵی وەعزیی، ڕەبت بکەمەوە بە خۆپیشاندانەوە. بێگومان دۆخی قەرەباڵغی و بەتایبەت ساتی گرژییەکان، ساتێکی عەقڵانیی نیەو خواروخێچیی هەر ڕووئەدا. وەلێ ئێمە چاوەڕێ ی دۆخێکی فریشتەیی لە خۆپیشاندەران ئەکەین و هەر جوڵەیەکی بە نەوعێك، ئەکەین بە نوقتە لەسەریان. وەكئەوەی خۆمان فریشتەبین و قەراربێ ئەوانیش فریشتەبن! بە مەسیحیان وت، فڵان ژن زیناکارە، با بە شەرعی تەورات ڕەجمیکەین. وتی باشە، بەڵام کامتان فریشتەو بێ گوناهە، با ئەو بەردەکەی تێگرێت. هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، ئێمەش کاممان فریشتەین و ڕۆژێك لە ڕۆژان شتێکمان فڕێنەداوەتە سەر ئەو جادەیە، با ئەوەمان گلەیی پیسکردنی شەقامەکان، لە خۆپیشاندەران بکات! ئەوەش هاندانی سوتاندن و تێکدان نیە، بەڵکو باسی واقعێکە، کە لە خۆپیشاندانی پاریس و لەندەنیشدا ئەبینرێ و لە یاریگاو ڤیستیڤاڵیشدا ڕووئەداو ئەوە تەبیعەتی قەرەباڵغییە.. ئەوەشی کە خۆپیشاندانی نمونەیی و بێ مووی ئەوێ، ئەوە لە واقعدا بوونی نیەو تەنیا وەهمێکی ناو عەقڵی وەعزییە. ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە، خۆپیشاندانە مەدەنییە تێکەڵاوەکەی ساتی یەکەمە، نەك خۆپیشاندانێکی فریشتەیی و خەیاڵیی، یان خۆپیشاندانێکی شۆڕشگێڕانەو نێرانەی توندوتیژ. بەڵتەجییەکانی دەباشان و لالەزارو زانیاری و پاراستن، پۆپۆلیستەکانی موعارەزەی کۆن و موعارەزەی ئێستاو موعارەزەی داهاتوو، برایانی نوێژی جەماعەت و هاوڕێیانی شورای کرێکاریی، هەڤاڵانی کانتۆن، جەماعەتی شەڕەبەردو سوتاندن.. هەموویان لەو سەرجادەیە بەجێبهێڵن و خۆپیشاندانی پێچەوانە دەستپێبکەن بەرەو ماڵەوە. چونکە شتەکە بوو بە یاریی مناڵان نا، یاریی گرگنەکان. تەسفییە حساباتی بەڵتەجییەکان، خەیاڵپڵاویی ئایدۆلۆژیی، هەڵپەی پۆپۆلیستیی، نەفەسی توندوتیژیی.. ئەمانە پەیوەندی بە خواستە گشتییەکانەوە نیەو مرۆڤی هۆشیار، یارییەکەی خۆی لە هی ئەوان جیائەکاتەوە. وەکچۆن ئەوان یارییەکەی خۆیان لە خواستە گشتییەکانیەوە ئەپێچن! دەنگی عەقڵ، لەوپەڕی تووڕەیی و ناڕەزایەتیشدا، هەر وزەی ئاشتی و ژیانە. شەڕو توندوتیژی و مەحفکردنەوەی یەکتریش، عەقڵانی نیەو هێزانەیە، مرۆڤانە نیەو نێرانەیە. شەقامیش تا مرۆڤانەبێ، شوێنی کوڕو کچە جوانەکانەو ئەبێ لەوێبین. وەلێ کە نێرانەبووەوە، ئیتر شوێنی مەرگە و لەوێنەبوونمان ژیانە. (داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ بەرناگرێ) عەقڵێکی نوێ، لە فڕێدانی ئەو جوملەیەو هاوشێوەکانیەوە دروست ئەبێ. کە ئەمانە ئاشەکانی خوێن ئەگێڕن و مرۆڤی ئێمە ئەکەنە گای قوربانیی. نەخێر داری خوێن و مەرگ، هەرگیز داری ئازادیی نیە. داری ئازادیی و داری ژیان، یەکێکەو ئەوەیە کە ئینسان تیایدا "خەتی سورە"، نەك ئەوەی کە مێژوویەكی سوورە بە خوێنی ئینسان. ئەمەوێ بڵێم، ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە، ئەدەبیاتی مەرگە. بۆیە دوژمنیش نەبێ، هەر خۆمان ئەکەوینەوە گیانی یەك و بەرهەمهێنانەوەی مەرگ. ئێمە پێویستمان بە ئەدەبیاتی ژیانەو بەرگرییش ئەبێ ژیانیی بێت. "ستایشی مەرگ" ئەو شتەیە کە ئەبێ لە قاموسی بەرگریماندا بیسڕینەوە، بۆئەوەی ئاشەخوین بوەستێت. ئەوەش بە مانای نابەرگریی و قبوڵکردنی ستەم نا، بەڵکو بەو مانایەی کە مرۆڤ ئەبێ هەمیشە لە تێکۆشاندابێ بۆ ماف و عەدالەت و بەها گشتییەکان. بەڵام خودی مرۆڤ و خودی ژیان، لەناو چەقی بەهاکاندان و ئەگەر وا نەبێت، ئیتر ئەوە مەکینەی مەرگ و کاولکارییە، نەك داری ژیان و ئازادی. کێشەی عەقڵیەتی شۆڕشیش، هەر ئەوەیە کە مەرگسەنتەرەو خودی "مرۆڤ و ژیان"ی لە دەرەوەی بەهاکاندا داناوە. بۆیە هەرگیز خێری لێ نابینین و وەکچۆن قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە، قوڕ بەسەر ئەو گەلەشی کە هیوای بە شۆڕشەو شۆڕشگێڕانە بیرئەکاتەوە! لە بواری نەزەرییدا پێناسەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی هەرچی بێت، لە نەتیجەو پراکتێکدا، شۆڕش هەر ئەوەیە کە توندوتیژەو دژەئینسان و دژەژیانە. ئەگەریش بەڕاستی شۆڕشێك هەبێ، ڕێك پێچەوانەی ئەوەیە، کە ئێمە بە شۆڕشی تێگەیشتووین و لە عەیامی کۆڵۆنیالیزم و شەڕی ساردەوە، عەقڵی دەسەڵات و موعارەزەو خەڵکی ئەم ناوچەیەی داگیرکردوە. خاڵی هاوبەشی چەكوەشێن و بەردوەشێن، ئەوەیە کە هەردوکیان "شۆڕشگێرن" بە مانا نامەدەنییەکە. ئێمەش پێویستمان بە شۆڕشێکی مەدەنییە دژی ئەو عەقڵیەتە نامەدەنییە. ئەوەش پێش شەقام، لەناو عەقڵدا ڕووئەدات. عەقڵیش ئەڵێ، ئێستا کاتی چوونەماڵەوەیە نەك هاتنەدەرەوە. ئەوەش لەبەرئەوە نا، کە چەك ئەوبەری شەقامی تەنیوە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بەرد ئەمبەری تەنیی. ئاخر قەرارە ئەمبەر جیاواز و مەدەنیی و ناتوندوتیژبێت،، کە هەردوکی هەمان تاس و حەمامبوو، ئیتر ئێمە پێویستە، لە شەقامەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو عەقڵ.
د. شێركۆ حەمە ئەمین سەرۆکی حکومەت مسروربارزانی دەڵێت: لەدنیا شتی وانەبوەکەخوێندن بەبەلاش بێت ودەرماڵەبەخوێندکاران بدرێت. سەرەتا ئەم قسەیە دەربڕی ئەوڕاستییەکەسەرۆکی حکومەت ئاگاداری مێژووی عێراق نییە؟ئەم وڵاتە نەوتییە سیستم ئیشتراکییانە کە تا ۲٠٠۳ عێراق بەمجۆرەبوە و وڵاتانی هاوشێوەشی خوێندن بەخۆڕاییە و دەرماڵەی خوێندکارانیش هەبوە،من خۆم ساڵی ۱۹۹٠ یەک ساڵ پێش ڕاپەڕین مانگی ٥٠ پەنجادیناری ئەو کاتەمان وەردەگرت،تەنانەت دەرماڵە بۆ بەشێک لەخوێندکارانی قۆناغی پێش زانکۆش هەبوو،پاشان لە دوای ڕوخانی بەعسەوە هەر ئەم وڵاتەیە و لەهەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق حوکمی بنەماڵەیی_تائیفی چەکداری هەیە،خۆداهات و نەوت هەرماوە ئەی بۆکوێ دەچێت؟ پاشان ئەی لەکویی دنیا هەیە: ۱_لە ۹٠٠ ملێۆن دۆلار پارەی نەوت تەنیا ۳٥٠ ملێۆن دۆلاری بدرێتە حکومەت _وەزارەتی دارایی؟ ۲_لەکوێی دنیا پاشەکەوتی موچە هەیە و نەشدرێتەوە؟ ۳_لەکوێی دنیا حکومەت بوجەی نییە و داهات و خەرجی لەتاریکی تاریکیدایە و پەرلەمانیش نازانێت چەندە و چۆن خەرجدەکرێت؟ ۳_لەکوێی دنیا هەیە بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان کۆمپانیا،هێزی چەکدار،میدیا،نەخۆشخانە،زانکۆی تایبەتی خۆیان هەبێت و سەرچاوەی داراییەکەشیان دیارنەبێت؟ مەگەر تەنیا لەمەشێخەنەوتییەکانی کەنداوکە میدیاو یانەی وەرزشی و ....، هەیە و دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەرێمیش زۆر سەرسامەپێیان و دەیەوێت هەمان حوکم پیادەبکاتەوە! ٤_لەکوێی دنیا هەیە،حکومەت ۳۱ ملیار دۆلار قەرزاربێت و دیارنەبێت چۆن و بۆچی قەرزکراوە و خۆشی بەسەرکەوتوو بزانێت؟ ٥_ لەکوێی دنیا هەیە،خوێندکار لەسەر داواکردنی دەرماڵە بەگولە و گاز وەڵامی بدرێتەوە؟ ٦_ لەکوێی دنیا هەیە،زانکۆی ئەهلی لەداهاتی گشتی سودمەندبێت،وەک ئەوەی بۆزانکۆی ئەمریکی سلێمانی و دهۆک کراوە؟ ۷_ئێوە لەدەرەوە خوێندنتان تەواوکردوە،لەسەربنەمای شەفافییەت دەکرێت بەخەڵکی بڵێیت لەکام زانکۆبوە؟ کرێی خوێندنەکەت چەندبوە؟ کێ و لەکام پارە دراوە؟ ۸_لەکوێی دنیا حیزب و بنەماڵە و حاشییەکانیان کۆمپانیایان هەیە و لەئەرزەوە بۆ ئاسمان قۆرخیانکردوە؟ ۹_ لەکوێی دنیا حیزب لەسەرۆکی بەشەوە تا سەرۆکی زانکۆ و تا نوێنەری خوێندکاران و قوتابیان بەتەزکیە و وەلائی کەسی و حیزبی دایدەنێت؟ ۱٠_دەیان لەکوێی دنیای تریش... ئەگەر بڕیارە بەراوردبکەن دەبێت لە هەموو ئاست و کایەکاندابێت. ئێوە بەم قسانەخەڵک زیاتر توڕەدەکەن و هانیاندەدەن،لەلایەکی تریشەوە ململانێی ئامۆزاکانە،دەتەوێت بڵێیت ئەوەی لە چەندساڵی ڕابوردوکراوە خراپ بوە و حکومەتداری نەبوە،وەک چۆن ململانێی ئامۆزاکان لەسلێمانی بێبازاڕی و نائارامی و دڵەڕاوکێی دروستکردوەئەوەی ئێوەش هێندەی تر بارگرانی بۆخەڵک هێناوە. ئێمەباش دەزانیین ئێوە دیوەهەر خراپ و جەردەییەکەی سیستمی نیولیبراڵیزم لە هەرێم پەیڕەودەکەن وڕۆبەڕۆژ خەڵک ژیان سەختتر دەبێت وکەرتی حیزبی و بنەماڵە و خێزانەسیاسییەکانیش خوشگوزەران و دەوڵەمندتردەبن. دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین
محەمەد خۆشناو هەر لەسەردەمی ئەفسانەی«قابیل و هابیل»وە ترس هەبووە و قۆناخ بە قۆناخ بەپێی سەردەمەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە ، ترس لە تووڕەیی سروشت و بومەلەرزە و لافاو تا دەگاتە ترسی مرۆڤ لە برای خۆی مرۆڤ و ، لەکن خوای ترس و برسێتی وەکو یەکن و ، لەقوئاندا دەلێت «الذي اطعمهم من جوع و امنهم من خوف». کاتێک ترس دەبێتە قەدەری مرۆڤ و دڵەڕاوکێش دەبێتە سێبەری ، ئەوە هەستکردن بەدڵنیایی چارەنووس نامێنێت و ژیان دەبێتە دۆزەخ و توانای ئەوە لەدەستدەدات کە خەون و خۆزگە بەدواڕۆژێکی باش ببینێت ، کاتێک نشووستی و نائومێدی و خەفەت و هەستکردن بە ترس لەنادیاری ئایندە و پەستانەکانی ژیان کەڵەکە دەبن ژیان دەگاتە بنبەست و هەستەکان دەگاتە ترۆپی ئاهوبێزاری ، پەنا بۆ داروبەرد دەبات بۆ خۆڕزگارکردن لەو دۆخە بەئازارە ، کە یەکیان پەنابردنە بۆ کۆچ و هەڵاتنە لەو هەڕەشەیەی کە لەبوونی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پاروەنانێک و شوێنێکی ئارام و ، ڕێگای مردنێکی غەریب دەگریتەبەر ، خۆی بە سارای چۆلەوانی بێڕێگای سووتێنەر و شاخ وداخی بەستەڵەک و گەرداو و شەپۆڵی دەریای ترسناکدا دادەدات ، کە ڕۆژ نیە ئێمە ئەو شەپۆلە نەبینین کە چۆن جەستەی ئەو گەنجە هەڵاتوان هەڵدەلوشێت ، نازانم ئەو گەنجانە چۆن قبوڵی ئەوە دەکەن سوواری ئەو کەشتیە شڕوشەقانە ببن؟ تۆ لەسەر ئەو بەلەمانە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و زمانێک دەبینیت ، کورد ، عەرەب ، ئەفریقی….هتد ، هەریەک لەمانە تەسەوری ئەوە دەکات کە ئەو گەشت بۆ خەونی بەدەوڵەمەندبوون و زانست و شارستانیەت دەکات و ، کاتێک بەلەمەکەش نقووم دەبێت ڕوخساری دایکی بیر دیتەوە کە دەیبینێت و باوکیشی کە لەپشت شەپۆلەکانەوە بزر دەبێت. ئێمە لەبەردەم کێشەی پرسیارێکی گرنگداین: بۆچی گەنجان لە وڵاتانی خۆیانەوە هەڵدێن؟ ئەوان هەڵدێن لە هەژاری و نەخۆشی و دواکەوتوویی و جەنگی ناوخۆ و ناڕوونی پاشەڕۆژی خۆی و خیزانەکەی و نیشتیمانەکەی…قورسترین شت ئەوەیە کە لەترسان بێدەنگ بیت ، چونکە ئێمە دەتوانین مامڵە لەگەڵ هەموو شتەکان بکەین تەنها ترس نەبێت ، چونکە ترس دەبێتە هێزێکی ملهوڕو و دادپەروەریەکی لەخاچدراو. لەدێرزەمانەوە هاوڵاتی کورد لەناو قەڵایەکی ترس دایە ، بەجۆرەها ترس دەورەدراوە و ، کەس نەیتوانیووە ئەم قەڵایە ببڕێت و ڕزگاری بکات ، بۆیە لەهەموو شتێک دەترسیت ، ترس لەکوشتن ، لە نەبوونی ، نانبڕین ، ترس لە ترس ، لە زوڵم ، ترس لە ڕۆژانەی منداڵەکانی تا دەگاتە ترسی لە هەڕەشەی دوژمنان لە نیشتیمانەکەی و سەدان ترسی دیکە ، ئەمە ترس لە ترسە وڵات دەلەرزێنێت ، «فرانکلین رزفلت»ی سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا قسەیەکی هەیە کە دەڵێت ، هیچ شتێک ترسناکتر نیە لە ترس تەنها خودی ترسەکە نەبێت. کاتێک ئەڵمانیا جەنگی جیهانی هەڵگیرساند و هەر دوای کۆتایی هاتنی جەنگ پەیمانی« ڤیرسا»یان پێئیمزا کرد ، لەو پەیمانە غەدر و زەرەرێکی زۆریان خستەسەر ئەو وڵاتە ، ئەو ستەمەی لێیکرا بریتیببوو لە: دابڕانی پارچەیەک لە خاکی ئەو وڵاتە کە هەندێکیان خستەسەر پۆڵەندا و بەشەکەی تریش خستراسەر تشیکۆسلۆڤاکیا و فەرەنساش هەردوو هەرێمی ئیلیزاس و لۆرین کە لەسەدەی هەژدەمەوە لەسەری ناکۆکن خستەسەر وڵاتەکەی و غەرامەیەکی 860 ملیار دۆلاریشیان خستەسەر ئەڵمانیا و ، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ برسێتی و قاتوقری و قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵی 1928 ، ئەم هەموو شتە ترسێکی گەورەی دا ئەڵمانیا و لەدۆخێکی سایکۆلۆجی و ئابووری خراپ دابوو ، ئەو ترس و ستەمە بوو وای لەو گەلە کرد لەپشت« هیتلەر»وە بوەستن ، جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسێنن و ، ئەم جەنگە ئەڵمانیان دابەشکرد و ، لەترسی یەکبوونەوەی ئەڵمانیا بەدەیان رێککەوتنامە و بڕیار و پەیماننامە ئابڵوقە و گەمارۆیاندا تا توانیان لەچواچیوەی وڵاتانی ئەوروپی بەخۆیەوە بگرن. خەڵک خۆشەویستی یەکیان دەخات ، هەندێک جار بێزاری یەکیان دەخات ، هەندێک جار ترس یەکیان دەخات ، هەندێک جار تووڕەیی یەکیان دەخات ، ترس و تووڕەیی و خۆشەویستی بیانۆی خۆیان هەبێت یان نا ، لەهەموو حاڵەتەکاندا خەڵک لەدەوری ئەو هەستانە لەناوخۆیاندا کۆدەکرینەوە و وایانلێدەکات وەک یەک کوتلە وابن ، ستەم بوو ئەڵمانیای یەکخست کە لەپشت هیتلەرەوە بن ، ترس بوو هەموو گەلی ڕۆمانیای والێکرد ڕقیان لە تشاوسیشکۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە ببیتەوە و لەناوی ببەن ، دەڵێن ڕۆژێکیان پێیانگوتبوو ، خەڵک رقی لەتۆیە ، وەڵامی دابووەوە کە ئەمە لەکنەمن شتێک نیە تا ترسی من بە بەردەوامی دڵ و دەروونیان پڕ دەکات ، ئەمە بۆ شای ئیران و عێڕاق و لیبیاش هەمان شت بوو. لەسەرەتای نەوەدەکان لە رواندا جەنگێکی ناوخۆ لەنێوان دوو هۆز بەرپا بوو نزیکەی ملیۆنێک کەس زیاتر کۆژران و بەهەزارا کۆچیانکرد ، بەڵام سەرۆک« کاگامی» هات بەدوانزە ساڵ ڕواندای دواکەوتوو و جەنگ و کاولکاری کردە وڵاتێک کە پێی بڵێن سەنگاپورای ئەفریقیا. کەمبۆدیا جەنگێکی ناوخۆی بەسەرۆکایەتی پۆلپۆت کە نازناوی «برا ژمارە یەک» بوو بەخۆوەدیت ، لەسەردەمی حوکمرانی پۆلپۆتی کۆمۆنیستی توندرۆ کە سەرۆکایەتی خەمیرە سوورەکانی دەکرد سێ ملیۆن کەس زیاتر کوژران و نۆردەم سیهانۆکی پادشای ئەم وڵاتەی ناچار بەهەڵاتن کرد ، بەلام لەشەڕیکی لەگەڵ ڤیەتنامیەکاندا خەمیرەسوورەکان شکان پۆلپۆت لەسەر جیگا مرد ، لەسەرۆک حکومەتی کەمبۆدیایان پرسی بۆ نەتانکوشت؟ گووتی لەترسی کەمبۆدیا ، ئیستا ئەم ولاتە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ناوچەکەیە. بەداخەوە لە کوردستان خەڵک ترسی لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و نەبوونی یەکگووتاری و یەکنەگرتنەوەی دامەزراوەکان و باڵادەستی دەستی حزب و دابەشبوون هەیە ، لەلایەکی دیکە نوخبەی دەسەڵات خۆی بەدوور گرتووە لە هاوڵاتی و دابڕانیکی تەواو لەنێوان هەردوولادا هەیە ، کۆمەلگا لەزۆر ئاستدا ئەمانە بە نامۆ لەخۆی دادەنێت ، ئەمەش بەکردەیی وای لە تاکی ئەم نیشتیمانە کردووە بترسێت و سەرهەڵگریت یا نارەزایی مەدەنیانە بە بەشدارنەکردن لە هەڵبژاردنەکان دەرببڕێت ، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە حزبەکان لەگەل گەلەکەمان ئاشتببنەوە و ، بەخۆیاندا بچنەوە و ئامرازی نوێ لەجیاتی کۆنەکان کە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا دێتەوە بەکاربهێنن و هەڵەکان ڕاستکەنەوە ، ئەمە موڕاجەعەبوو چین و رواندا و کەمبۆدیا ژاپۆن و ئەڵمانیا و دەیان گەل و وڵاتی دەرباز کرد.
جەبار ئەمین لە وڵاتانی دیموکراسی حکومەت دەرماڵەی مانگانە و ژیانێکی پڕ شکۆ بۆ خوێندکارەکانی دابین دەکات. با نمونەیەکی وەڵاتێكی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتدارانمان باس بکەین. لە وڵاتێكی سکەندەناڤی وەك سوید حکومەت مانگانە نزیکەی (١٢٠٠) هەزار و دوو سەد دۆلار دەداتە هەموو خوێندکارەکانی، بەشێکی وەك یارمەتی و دوو بەشی وەك قەرز تا کاتی دەرچوونیان لە زانکۆ و دامەزراندنیان. ئەگەر هات و خوێندکارەکان بیانەوێت لە وەڵاتێکی تر بخوێنن ئەوا حکومەت جگە لە دەرماڵەکەیان، کرێی ساڵانی خوێندنیان لە زانکۆی وڵاتەکەی تریشیان بۆ دەدات. ساڵ لە دوای ساڵ تاکوو خوێندنەکەیان تەواو دەکەن. ئەگەر خوێندکار منداڵی هەبوو ئەوا حکومەت دەرماڵەی زیاتر دەداتە خوێندکار. جگە لەوە حکومەت داشکاندنی کرێی خانو بۆ خوێندکارانی گەنج دەکات. خوێندکار داشکاندنی لە بلیتی پاس و قیتار و فرۆکە بۆ دەکرێت. زۆر لە ڕێستۆرانتەکان داشکاندن بۆ خوێندکاران دەکەن. زۆرێك لە سەرتاشەکان داشکاندن بۆ خوێندکاران دەکەن، کۆمپانیاکانی موبایل داشکاندنیان بۆ دەکەن، زۆرێك لە ناوەندەکانی وەرزش داشکاندنیان بۆ دەکەن، هەندێك لە فرۆشگاکانی پێڵاو و جل داشکاندنیان بۆ دەکەن. و هتد. هاوکاری گشت ئەم لایەنانە لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی و بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و خۆشگوزەرانە بۆ خوێندکارەکانیان، چونکە خوێندکار ئایندەی وڵاتە. گەنجانی هەژاری نیشتیمانی ئیمەش چاویان لە سەد دۆلارێكە حکومەت مانگانە بیانداتێ بۆ ئەوەی بتوانن لە خوێندنی زانکۆ بەردەوام بن و بەکولەمەرگی نەژین و بتوانن سەر لە خێزانەکانیان بدەن. بەڵام لە جیاتی پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران و دابینکردنی ژیانێکی ئاسودە بۆیان، حکومەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرشەقیان دەدات و هێزی ئەمنی داپلۆسێنەریان تێ بەردەدات. ئەمە لە کاتێکدا هاوڵاتیان بێخەبەرن لەوەی ملیاردەها دۆلاری نەوەتفرۆشتن و داهاتەکانی تر چییان لێ دەێت و دەچێتە گیرفانی کام حوکمڕانی گەندەڵ. هۆ خوێندکارە گەنجەکانی نیشتیمان! ئێوە ئایندەی ئێمەن، مایەی شانازیمانن، پرۆتەستی ئێوە دەربڕینی مافێكی ڕەوای خۆتانە. پشتیوانتانین.
سارا قادر چاوەڕوانیەکان لە دنیای مۆدێرنەدا گەورە و درەوشاوە و پڕ ئۆمێد بوون، بەتایبەتی ئەو مەسەلانەی پەیوەندیان هەبوو بە مەسەلەی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان .لانیکەم کەمبونەوەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، مۆدێرنە لەگەڵ خۆیدا هوشیاریی و خوێندەواریی زانیاری زیاتری هێنا هەموانیش پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەگەل ئەم فراوانبوونەی هوشیاری و زانینەدا ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ژناندا بکرێتەوە ، لانیکەم ئەو توندوتیژیانەی بە درێژای مێژوو بەرامبەریان کراوە کەم بێتەوە. بڕیار بوو هوشیاری زیاتر توندوتیژی کەمتر بکاتەوە. زۆرێک لە شاعیرە ڕۆشنگەرەکانی کورد کە خەباتیان بۆ خوێندنی کچان لە قوتابخانەکاندا دەکرد و ئاسۆیەکی روونیان پێشبینی دەکرد، لەو بروایەدا بوون بە خوێدەواربوونی ژنان کۆمەڵگا کامڵ دەبێت و ژنان و پیاوان پێکەوە چەپڵە لێدەدەن. سەرەتاکان دڵخۆشکەر بوون، مۆدێرنە ژنانی بەشێوەیەکی بەربڵاو هێنایە ناو بواری گشتیەوە و زۆرێک لەو مافە سیاسیانەشیان بەدەستهێنا کە پێشتر لێیان قەدەغە بوو. مۆدێرنە ژنانی لە ماڵ هێنایە دەرێ و کردنی بە کرێکار، کارمەند، بەڕێوبەر، مامۆستا و بگرە سیاسیش. ژنان کە سەردەمێک مافی دەنگدانیان نەبوو، لەسەردەمی مۆدێرنەدا مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ کایەیی سیاسی وەرگرت و زۆرێکیشیان بە پلەی بەرز و نزم گەیشتن. سەرەرایی ئەم گۆرانکاریە گەورانەش چیدی مەینەتیەکانی ژنان لە تاریکیدا نەمایەوە و بەردەوام چیرۆکی هەموو ئەو پێشێلکاری و توندوتیژیانە دەبیسترا و دەبینرا کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی مۆدێرن زانیاری لەبارەی ئەو پێشێلکاریانەوە ئاشکرا نەکردووە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ئەوە نەبوو زانیاریەکان زۆر و بەردەست بن ، بەڵکو مەسەلەی سەرەکیەكە وا بڕیار بوو ئەم زانیاریانە هوشیاری مرۆڤەکان دەستکاری بکات و لانیکەم دەوری هەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئاشنابوون بە مافەکانیان. بەڵام پرسیاری سەرەكی و گەورەی ئەمرۆ ئەوەیە ئایا دنیای مۆدێرن ئەو مرۆڤەی بەرهەم هێناوە هەستیار بێت بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و لانیکەم دژ بە توندوتیژی ژنان هەڵوێست وەربگرێت؟ ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، وێنەیەکی خۆشبینانەمان پێ دەبەخشن؟ بە دڵنییایەوە نەخێر چونکە ژنان تا هەنوکەش گەوەرەترین قوربانیەکانی توندوتیژین. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر سێ ژن یەکێکیان ڕووبەرووی توندوتیژی جیاواز دەبێتەوە، واتە نزیکەی ٧٣٦ ملێۆن ژن لەسەرتاسەری دنیادا بەشێوەی جیاواز ڕوبەرووی توندوتیژی جەستەی یان جنسی دەبنەوە. بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندورستی جیهانی دکتورە تیدۆرۆس ئەدحانۆم غیبریسۆس دەڵێت (توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو ولات و کلتورێکدا ڕوو دەدات، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ملیۆنها ژن و خێزانەکانیان. ئەم توندوتیژیە لەگەڵ پەتای کۆڤید ١٩ دا زیادی کرد، بەڵام بە پێچەوانەی کۆڤید ١٩وە تا ئیستا بە هیچ پێکوتەیەک ناتوانریت توندوتیژی دژ بە ژنان ڕابكیریت . دیاردەکە بەردەوامی هەیە و لەناو ناچێت بەهەوڵی حکومەتەکان و کۆمەڵگاکان و تاکەکان نەبێت بۆ گۆرانکاری و چاکسازی لە رەخساندنی هەلی كار و خزمەتگوزاری بۆ ژنان و کچان و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیە تەندروستانەی لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی دولایەنە دابمەزریت . دنیای مۆدێرن زۆر فەزای ژیانی ژنانی گۆڕی، بەڵام تونوتیژی بەرامبەر بە ژنانی نەک کەمنەکردۆتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی ترسناک ڕووی لە پەرەسەندنی ترسناک کردووە. چیرۆکی ژیانی ژنان لەناو دنیای مۆدێرنەدا، هەمان چیرۆکی ژیانە لە پاش دروستبوونی توڕە کۆمەڵایەتیەکان و فەزای مەجازی. لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەوە بووین دروستبوونی ئەم پێگانە دەرفەتێکی زیاتر بخاتە بەردەم ژنان بۆ ئەوەی هاوکاریان بکات تا مافەکانیان باشتر لە جاران بەدەست بێنن، ئەوا خودی ئەم توڕە کۆمەڵایەتیانە لە زۆر شوێندا بوونەتە ئامرازێک بۆ توندوتیژی دەروونی بەرامبەر بە ژنان. ئەم پێگانە چەند دەرگای لە ژنان کردۆتەوە بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی خۆیان بگەیەنن، هێندەش بۆتە ئامرازێک بۆ سوکایەتی پێکردن و ناوزڕاندن و بێ بایەخکردنی ناو و ناوبانگ و کارەکانیان. هەموو ئاماژەکان دەڵێن هێشتا لەو سەردەمەوە دوورین کە توندوتیژی بەرامبەر بەژنان یەکێک لە چیرۆکەکانی رابردوو بێت کە بۆ نەوەکانمانی دەگێڕینەوە. وەک بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت؛ ڕێگەیەکی زۆرمان لەبەرە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دیاردە قێزەونە بێنین. هەوڵی بەردەوامی هەموو تاکێکی هوشیار و دەزگا حکومیەکانمان پێویستە، بۆ ئەوەی ژیانێک بڕەخسێنین لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەک دوور لە توندوتیژی. *ئەندامی سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی
صلاح رەشید راپەرینی خوێندکاران و لاوان لە قۆناغ و کات و شوێنی جیاوازدا لەم ساڵانەدا، چەندەها جار دوپات بونەتەوە، راپەرینی ساڵی شەستەکان لە پێناوی یەکسانی مافی هاوڵاتیبون و دژ بە چەوسانەوەی رەشپێستەکان و دژ بە سیاسەتی رەگەزپەرستی لە ئەمەریکا و ئەوجا دژ بە شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنام. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە زۆر وڵاتانی تری گرتەوە، لەوانە لە سەرەتای ١٩٦٠ وە لە ئەڵمانیای رۆژئاوا، لە مایسی ١٩٦٨ لە فەرەنسا و ئینجا بۆ هۆڵەندا، ئینگلتەرا، یابان، ئیتالیا و مەکسیک و پراگی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیای جاران و پۆڵۆنیا. ئەم راپەرینانە تەنها خۆی لە داخوازی خوێندکاریدا نەدەبینیەوە، بەڵکو ناوەرۆکێکی سیاسیشی هەبو کە دژ بە شەری ڤێنام و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو بو. دینەمۆی ئەم راپەرینانە خوێندکاران و لاوان بون، زوربەیان لە زانکۆکانەوە سەری هەڵدا کە جگە لە داخوازیە سیاسیەکان، داوای گۆرینی ریشەیی لە سیستەمی زانکۆ و خوێندن و شێوەی خوێندن و دابینکردنی زەمینەی لەباری خوێندن بو بۆ هەموان. ئەم خۆپیشاندانانە، هاندەرێک بون بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کرێکاران لە فەرەنسا، هوڵندا و ئیتالیاش، هەروەها روداوە سیاسی و ئابوریە گرنگەکانی ئەو کاتانە لە جیهاندا، کاریگەری زۆریان هەبو لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێش چونی بزوتنەوەی خوێندکاران و هێنانی خوێنی تازە و گەرم بە لەشی بزوتنەوەکەدا، لەوانە شۆرشی کوبای کانونی دوهەمی ١٩٥٩ و شەڕی دژواری ڤێتنام (١٩٥٥-١٩٧٥) و دروستکردنی دیواری بەرلین لە ١٩٦١ و کوشتنی بینۆ ئۆنەزۆر کە لە ٢حوزەیرانی ١٩٦٧ لە ئەنجامی خۆپیشاندان لە بەرلینی رۆژئاوا دژ بە هاتنی شای ئێران بۆ ئەو شارە، ئەم روداوانە و روداوی هاوشێوەی تر، هەموی وەک بەنزین وابون بەسەر ئاگردا بکرێ و ئەو خۆپیشاندانانە لە زوربەی زانکۆکانی ئەوروپا و بە تایبەتی لە فەرەنسا (پاریس) و ئەڵمانیا (بەرلین) هەنگاو بە هەنگاو گەرورە و گەشە دەکرد و دەسەڵاتداران ناچاربون کە مل بۆ زۆر لە داخوازیەکانیان شل بکەن.. ئەو راپەرینانەی کە لە ئەوروپا لە دوای خۆپیشاندانەکان رویاندا، کە بە شۆرشی ئیکۆلۆگی ناوبرا، داوای پەکخستنی وزەی ئەتۆمیان دەکرد و ئەم بزوتنەوەیە کاریگەری کردە سەر دامەزراندنی کۆمەڵێک هێزی سیاسی چەپ، لەوانە ( بزوتنەوەی سەوز) لە زۆر وڵاتی ئەروپا، تا گەیشتە ئەوەی کە لە هەندێ وڵات بۆ نمونە(ئەڵمانیا) ئەو هێزە نوێیە کە لە ئەنجامی خەباتی مەدەنی و خوێندکاری هاتبوە کایەوە، لە هەڵبژاردنەکاند بیباتەوە و لە هەندێ حکومەتی ناوچەکان یان مەرکەز بەشدار بن و پۆستی زۆر باڵایان بەر کەوێت و یەکێک لە رابەرە خوێندکارەکانی ساڵی شەستەکان ( یۆشکا فیشەر) لە ١٩٩٨-٢٠٠٥ ببێت بە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فیدراڵ. ئەو ریفۆرمەی ئێستا لە زانکۆکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەوروپا هەیە، بەرهەمی ئەو ساڵانەیە کە بێ وچان خەباتی مەدەنیان کردوە.. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا، تا ئیستا خوێندن لە زانکۆ بەخۆراییە، هەمو خوێندکارێک کە باری ئابوری گونجاو نەبێت، مافی هەیە داوای یارمەتی خوێندن بکات لە حکومەت، ئەم یارمەتیە لە شێوەی قەرزدایە و کاتێ خوێندکارەکە دوای چەند ساڵێک کاری دەست دەکەوێت و داهاتەکەی باش و گونجاو دەبێت، ئەتونێت مانگانە بەشێ بداتەوە بە حکومەت، ئەگەر موچەکەی کەم بێت، ئەو هیچ ناداتەوە، وە ئەگەر پارەی هەبێت و بتوانێت هەمو بەیەکەوە بدات، ئەوا لە نیوەی قەرزەکەی خۆش دەبن. خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان لە گۆرەپانی تیامین لە پەکینی پایتەختی چین لە ٤ حوزەیرانی ١٩٨٩، راپەرینێکی ئازایانەی کەم وێنە بو لەو وڵاتەدا، کە بوە هۆی کوشتن و لەناوبردنی زیاتر لە ٢٦٠٠ هاوڵاتی لە چەند ناوچەیەکی چین، ئامانجی ئەم راپەرینە ئەوە بو، کە ئەو گۆڕانە سیاسیانە لە وڵاتانی کۆمۆنیستی جارانی وەک یەکێتی سۆڤێت، پۆلۆنیا و هەنگاریا رویانداو، روو بکاتە چین و ئەمانیش دەست بکەن بە ریفۆرم، بەڵام دەسەڵاتداران بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دانەوە. مێژوی خۆپیشاندانی خوێندکاران و لاوان زۆر و بەرفراوانە، کەم وڵات هەیە کە جوڵانەوە و پرۆتێستی گەنجان و خوێندکارانی تێدا رونەدابێت.. بێگومان کوردستان بەدەر نیە لەم یاسایە، کە لاوان و خوێندکاران خەباتیان کردوە و ئەیکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی خوێندن و ژیان و دابینکردنی فەزایەکی گونجاوی یەکسان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان و دوایش دابینکردنی فرسەتی کار.. خۆپێشاندانی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لە ساڵەکانی ١٩٧٦، ١٩٨٢، ١٩٨٤ دژ بە رژێم و بە بەعسی کردنی سیستەمی خوێندن و ئەوجا دژ بەو چەوسانەوە نەتەوایەتیەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد پەیرەوی دەکرد، واتا داخوازی پیشەیی بە ناوەرۆکێکی سیاسی.. ئەمە لە کاتێکدا کە نەک خۆپیشاندان بە فیشەک و گرتن وەڵام ئەدرایەوە، بەڵکو هیچ فەزایەکی ئازادی لە ئاسمانی کوردستاندا بەدی نەئەکرا. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە کە خوێندکاران لەو کات و ساتەدا، ئازایانە و جوامێرانە بەگژ دام و دەزگای بەعسدا چونەتەوە و داوای سادەترین مافی خۆیانیان کردوە، چۆن دەبێت خوێندکاری ئیمرۆ سڵ بکاتەوە لە خۆپێشاندان وەک ساڵەکانی حەفتا و هەشتاکان ترسیان لە پولیس و دەزگای دژە تێرۆر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردیەکان هەبێت؟؟ چەند خۆپیشاندانی خوێندکارانی سەردەمی بەعس رەوا بوە، بە هەمان شێوە ئەم خوپیشاندانی ئەم سەردەمەش رەوایە.. ئەم خۆپیشاندانانە، سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵدانێکە بۆ ریفۆرم لە زانکۆکان و چاککردنی بژێوی ژیانیان و برینەوەی دەرماڵەیەک و چاککردنی بەشە ناوخۆیەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان تێیدا و ئەوجا داوایەکە بۆ چاوخشانەوەیەک بە پارەکردنی خوێندن لە زانکۆکان دروستکردنی ئەم هەمو زانکۆ تایبەتە کە ژمارەیان لە زانکۆی حکومی زۆر زیاترە کە بۆتە بەهۆی دروستکردنی دو توێژ لە خوێندکار و ئەوجا دوجۆر لە دەرچو لە زانکۆ و دو جۆر لە دامەزراندن دوای خوێندن. هەروەها خوێنکاران داوای دورخستنەوەی دەستی حیزب لە کاروباری زانکۆ و گەڕانەوەی هەیبەتی زانست دەکەن بۆ زانکۆ و ئەوجا چاودێری مامۆستایە لە وەرگرتنی پلە و پاییەی زانستی تێدا.. ئەم داخوازیانە هەموی لە پێناوی دوارۆژێکی روناکە بۆ زانکۆ و پێگەیاندنی خوێنکارێکی پڕ لە زانست و مەعریفە.. مێژوی خۆپیشاندانەکانی هەمو وڵاتان نیشانی دا، کە خواست و داوای رەوا، هیچ کاتێ و لە هیچ شوێنێک بە شەق و گازی فرمێسک رێژ و ریزە گولە چارەسەر ناکرێت و کۆتایی نایەت، کەمێ ئەوستێت، پشو ئەدا، جارێکی تر بە تەوژم و تینێکی ترەوە دەست پێ دەکاتەوە و سەرهەڵئەداتەوە تا ئامانجە رەواکانیان نەهێنە دی. داخوازی خۆپیشاندەران، سەرەڕای رەوایی، لە ناوەرۆکدا داخوزای هەمو میللەتە لە پێناوی ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان، دوارۆژی روناک تەنها بە خوێندن دێتە دی و سەرکەوتنی خوێنکار بەستراوە بە دابینکردنی پێویستیەکانی خوێندنەوە. خوێندکاری سەرکەوتو، هیچ کاتێ لە جەوەی بێ دەرامەتی و نەگونجاو و دڵەراوکێدا سەرکەوتو نابێت، هەر کاتێ دوارۆژی خوێندکار تاریک بێت، ئەوا بە دڵنییایەوە دورۆژی گەل و نیشتیمانیش روناک نابێت. گرنگ و پێویستە هەر هەمومان پشتگیری داخوازیەکانی خوێنکاران بین، لەو روانگەیەوە کە ئایندەی گەشی گەلەکەمان لە بەشێکی زۆری لە داخوازیەکانی ئەواندا خۆی ئەبینێنەوە.. بە دەسەڵاتداران کوردستان هەوڵ نەدەن کە ئەم خۆپیشاندانە بەهێز و ترس دابمرکێنەوە و بە زۆر کپی بکەنەوە، چونکە بە دڵنییاوە سبەینێ نا دوسبەی بە شێوەی تر و لە کات و ساتی تردا سەرهەڵئەداتەوە.