لافاوی ئوتێلەکە
2022-01-17 18:52:56
پەیكار عوسمان
(١)
کاتێ (لافاوێکی گەورەو فەزیحەیەکی گەورە) پێکەوە ڕووئەدەن، عەقڵی سادە، خێرا ئەو دووانە گرێئەداتەوەو وا لێکی ئەداتەوە، کە لافاوەکە غەزەبی خودایەو باجی مەلهاکەیە.. کە ئەمە خورافەیەو هیچ ڕەبتێکی ماقوڵی تێدانیە،، بەڵام لەسەرێکیشەوە ڕەبتی تیایە، ئەزانی چۆن؟
یەعنی شتەکە ئەکەوێتە سەر تێگەیشتنی تۆ بۆ خودا، کە بێگومان خودا حەرەسی گەڵوگونی خەڵك نیەو کائینێکی شبرو شێتیش نیە، کە بۆ گانێك شارێك کاولکا، وەکئەوەی کە وا تێگەیشتووین و وا وێنا کراوە بۆمان. بەڵکو (لن تجد لسنە اللە تبدیلا) کە ئەمە هەم یاسا گەردونییەکان و هەم یاسا مرۆییەکانیش ئەگرێتەوەو وەکچۆن گەردوون بە یاسا فیزیاییەکان ئیش ئەکا، مرۆڤایەتیش بە یاسا ئاکارییەکان ئیش ئەکاو ئەوە خودا نیە کە تەداخول ئەکاو لە توڕەییدا یاسا سروشتییەکان ئەگۆڕێت، بەڵکو ئەوە یاسا ئاکارییەکەیە، کە ئیشی خۆی ئەکاو (چاکە هەر چاکەی لێئەکەوێتەوەو خراپەش هەر خراپە)!
یەعنی کاتێ پارەی گشتی، ناخرێتە خزمەتی گشتی و ئەخرێتە خزمەتی گەڵوگونی چەن مەسول و سۆزانییەك، ئیتر ئۆتۆماتیکی شار خەلەلی تێئەکەوێ و ئەگەریش ئەو پارەیە بچوایەتە خزمەتی شارەوە، ئاسایی ئەو خەلەلە دروست نەئەبوو،، ئەمەش نەك خورافە نیە، بەڵکو یاسای ژیانە!
جا ئەگەر تۆ، خودا وەکو چاکەی ڕەها بناسیت، ئیتر هەرچی بچێتە چاکەوە، ئەشچێتە خوداوە. یەعنی ئەگەر پارەی ئەو وڵاتە، بچوایەتە خزمەتەوە، ئەوکات نەتیجەکەشی چاك و خودایی ئەبوو،، بەڵام کە ناچێتە ئەوێ و ئەچێتە ئەنواعی فەسادەوە، ئیتر نەتیجەکەشی جیکڵاس و لافاوەو ڕەبتەکەش تەحسیڵ حاسڵێکی زەمینییانەی یاسای ئاکارە، نەك شتێکی ئاسمانی و شێواندنی یاساکانی سروشت! یەعنی میتافیزیکاو بنەمای نادیاری شتەکان، هەر لێرەیەو عەقڵیی و ویژدانیی و یاساییە، نەك شتێکی دەرە عەقڵیی و بان یاسایی و ئەفسانەیی!
یەعنی گەردونی مادی و مەعنەوی، یان عالەمی خەلق و ئەمر، بە یاسای خۆی ئەڕواو تەنانەت دوعای پێغەمبەرێکیش هیچ لەمە ناگۆڕیت. ئەو دوعایەی کە گیرائەبێ، ئەوەیە کە تۆ، شوێنی مادی و مەعنەوی خۆتت، لە یاساکەدا گۆڕیوە، نەك ئەوەی کە خودا یاساکەی بۆ تۆ گۆڕیبێت. ئەو دوعایەشی کە گیرا نابێ، ئەوەیە کە تۆ شوێنی خۆت ناگۆڕیت و داوا ئەکەیت، خودا نەوامیس و یاساکانی کەونت بۆ بگۆڕێ!
جا یەکێ لە کەرێتییە لەمێژینەکانی مرۆڤ، ئەوەیە کە گەورەیی خودا لە یاساکانی گەردووندا نابینێ، بەڵکو لە موعجیزەو پێشێلی یاساکاندا ئەیبینێ! هەر پێغەمبەرێکیش هاتبێ، یەکسەر داوای ئەم ئیشە قۆڕەیان لێکردوە،، تەبعەن ئیشی خوایەکی گەورەش، ئەوەنیە کە وەڵامی ئەم حەزە بچوکە بداتەوەو یاساکانی گەردوون ببن بە یاریی مناڵان، بەڵکو ئیشی مرۆڤ ئەوەیە کە زانستەکان دابهێنێ و یاساکان بدۆزێتەوە. یەعنی ئیشی خودا ئەوەنیە کە بچوك ببێتەوە، ئیشی مرۆڤ ئەوەیە کە گەورەببێت!
ئەوەشی کە پێیئەوترێ موعجیزە، پێشێلی یاساکان نەبووە، بەڵکو ئاستێکی تری زانست و زانین و بەکارهێنانی یاساکانبووە بۆ کەسێك، کە بۆ ئەوانیتر شۆكبووەو عەقڵیان نەیبڕیوە. یەعنی هەموو وجودو هەموو ئەوەی کە ڕووئەدا، هەر لەناو یاسای (کن فیکون)دایە، بەڵام ئاستێکی نزمی زانین، ئاستێکی بەرزتری زانینی لێبووە بە شتێکی غەریب و عەجیب!
بزنێك دوو سەری هەیە، قورئانێکی ئەخرێتە سەر و خەڵك لەژێریا بەلیشاو ئەنوسێ سوبحانەڵا، لە کاتێکا ئەوە خەلەلێکە ڕوویداوە، نەك موعجیزەیەكی خودایی. دوکتۆرێكی کافر، بە یاساکە، خەلەلەکە ئەدۆزێتەوەو بە عەمەلیاتێك، بزنەکە ئەکاتەوە بە ئاژەڵێکی ئاسایی، کەچی کەس بەمەی دووەمیان ناڵێ سوبحانەڵا،، لەکاتێکا گەورەیی خودا، لە ئینسانێکی ژیرو بەکارهێنانی یاساکەدایە، نەك لە بزنێکی سەقەت و مرۆڤێکی جاهیل!
مرۆڤی سەرەتایی، لە قۆناغی چاو و شتی بەرجەستەدایە، بەڵام مرۆڤی پێگەیشتوو، لە قۆناغی عەقڵ و تێگەیشتن لە بنەماو یاسای پشتەوەی شتەکاندایە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی لەکاتی تێکەڵبوونی یاسا سروشتی و ئاکارییەکەدا، کاهینەکان، یەکسەر تەرکیز ئەخەنە سەر دیوە ئەفسانەییەکە نەك دیوە ماقوڵەکە؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە، چونکە یاسا ئاکارییەکە، قسەی ئاگاییەو لێرەدا تۆ خۆت هۆشیاریت و پێویستت بە کوێخاو دەمڕاست نیە،، دەی ئیشەکەی ئەوانیش لەسەر ئەوەیە کە تۆ هۆشیارو سەربەخۆ نەبیت و هەر لە دۆخی پاشکۆیەتیدابیت!
یەعنی ئەوە کاری خوداو هەورێکی توڕە نیە، کە تۆڵەی گەندەڵییمان لێبکاتەوە، بەڵکو کاری خۆمان و خودی گەندەڵییە، کە ئاوەڕۆیەکی باشمان دروستنەکردوە. یەعنی شتەکە هەر لێرەو لەسەر زەوییە، بەڵام ئەگەر لێرەبێ، عەقڵ بەسەریا ئەشکێ و مەجالی فریودانی تێدانیە،، بۆیە ڕەگەزی ئەفسانەیی بۆ دروست ئەکەن و لەویدا یارییەکەی خۆیان ئەکەن، هەر وەکو ئەوەی کە لەگەڵ کۆرۆنادا کردیان!
جا ئەم بە ئەفسانەکردنەی شتەکە، ئیشی کاهینی هەموو دینەکانەو هەر لە سودی کاهینەکانیش نیە، بەڵکو بۆ خەڵکە ئاساییەکەش، لابردنی بارگرانیی بەرپرسیارێتییەو ئیتر خودایەك و بارانێك، ئیشەکە ئەکاو تۆش تەنیا تەماشاکەرێکی حیکایەتە ئەفسانەییەکەیت و ڕۆڵەکەت لە سوبحانەڵایەکا کۆتایی دێت و لە کارایی ئەکەویت و نابیتە ئەو ئینسانە هۆشیارو بەرپرسیارەی، کە ئیتر خۆی بێتە مەیدان و چارەسەری دەردی خۆی بکات!
هەنێجار یاسا ئاکاری و سروشتییەکە تێکەڵ ئەبن، وەك ئەوەی کە مرۆڤ، ژینگەی هەسارەکە ئەشێوێنێ و ئەمەش ئەبێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەواو زیادبوونی باران لە شوێنێك و کەمبوونی لە شوێنێکی تر.. بەڵام یاساکە ناگۆڕێ و بارانی ئێرەو ئەوێ، هەر بە هەمان یاسا ئەبارێ. واتە کاری ئێمە، یاسای سروشت ناگۆرێ، بەڵکو هەر لەناو یاساکەدا، ئەمانبا بۆ ئەگەرێکی ترو نەتیجەیەکی خراپ. ڕەنگیشە دەستێوەردانەکە، بە دیوە باشەکەدابێ، وەکو ئەوەی کە بە زانست، ئاڕاستەی نەیزەکێك بگۆڕین و نەیەڵین بەر شارێك بکەوێ و وێرانیکا،، خۆ لێرەدا فیزیامان نەگۆڕیوە، هەر بە فیزیا، ئاڕاستەی تەنەکەمان گۆڕیوە!
هەڵبەتە کە ئەڵیم یاسای ئاکاری، مەبەستم ئەخلاقە بە مانا نەگوڕو وجودیی و ویژدانییەکەی، کە لە ناخی هەمووماندا هەیەو یەکە، نەك بە مانا گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکەی، کە زۆرجار بێمانایە. بۆ نمونە لای ئێمە، ئەخلاق پێچراوە لە گەڵوگونەوە، نەك لە ویژدانەوە، بۆیە بەرپرسێك بەوە ناشکێ کە لایەکی وڵاتەکەی دزیوە، بەوە ئەشکێ کە وێنەیەکی ڕووتی بڵاوببێتەوە!
ماویەتی