Draw Media

پارتی بۆچی گرێی دەستی خستە ددانی..!

پارتی بۆچی گرێی دەستی خستە ددانی..!

2022-01-14 07:24:48


لوقمان حاجی قادر
بوونی دووكاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێش هەرشێك پێچەوانەی ئەوخواستەیە كە ساڵانێكە پارتی دەیەوێت بارزانی وەك مەرجەعی كورد بناسێنێت و لەسەر ئاستی عێراق و جیهان كاری لەسەر كردووە.. بوونی دووكاندید ئەو براگەورەییەی پارتی خستە ژێر پرسیارەوە كە لەهەرێم لەدوای 31 ئابەوە دەستی كەوتووە. دەكرا پارتی بۆ پاراستنی پێگە و نفوزی خۆی، بەدور لەتەعەنودی سیاسی لەخواستی یەكێتی تێبگەیشبتایە بۆ كاندید كردنەوەی دكتۆر بەرهەم، ڕەزامەندبوونی پارتی لەهەیبەتی كەمنەدەكردەوە، بەپێچەوانەوە لەم پرسەدا دەیتوانی ڕۆڵی براگەورە ببێنێت و هیچ نەبێت لەژێر دروشمی یەكڕیزی كورد، ئەو فەزڵەی بۆخۆی بپچڕیبایە و كارێكی بكردایە كە كاندیدەكەی یەكێتی كاندیدی ئەویشە، ئەوكاتە لەسەركەوتنی كاندیدەكەی خۆی، بەدوڵنیاییەوە لەبەغداد و هەرێمیش زۆر لەوە زیاتری دەست دەكەوت، كە بەقه‌ولی خۆیان لەو پۆستە "تەشریفاتییە" دەستیان بكەوێت.
ئێستا پارتی گرێكەی لەدەستیەوە بردوە بۆ دەمی، گەر بدۆرێت بەدڵنیاییەوە خۆی توشی ئیحراجیەكی زۆر دەكات و شكستێكی گەورە دەبێت بۆ بارزانی و پارتی، خۆ ئه‌گەر كاندیدەكەشی سەركەوێت، پارتی توشی گرفتێكی زۆر هه‌م له‌ لەبەغداد و هه‌م له‌ هەرێم دەكات، چونكە هیچ لۆژیكێك ڕێگە بەیەكێتی نادات دوای ئەوە شەریك و هاوبەش و كۆڵەكەی ڕاگری دەسەڵاتەكەی هەرێمی بێت و دەرگای هەموو ئەگەرەكان، تارادەی 31ی ئابی پێچەوانە بەرووی خۆیدا دەكاتەوە. 
پارتی بۆ ئەوەی قەناعەت بە یەكێتی بكات بۆ گۆرینی كاندیدەكەی، دەبوو بەچەند خاڵیك كەموكورتییەكانی خستبایە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام كە ئەوەی نەكرد، خواستی پارتی بۆ گۆرینی دكتۆر بەرهەم، وەك هەوڵی شكاندنی ئیرادەی حزبی لێكدرایەوە، بۆیە یەكیه‌تی بەری بەوەگرت و بەمەش هەموو پەیوەندییەكانی ئەو دوو حزبە ڕووی لەدواوە كرد پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر پارتی نەخشەی بۆ كیشابوو.
مالیكی لەیەكێك لەچاوپێكەوتنەكانیدا باسی لەوە كردبوو، كە لەكاتی حوكمرانی ئەو، لەسەر خواست و پێداگری پارتی هیچ پۆستێكی وەزاری نەدا بە بزووتنەوەی گۆران، دواتر مالیكی بووە نەیاری سەرسەختی پارتی و بزووتنەوەی گۆرانیش بووە دۆستی نزیكی پارتی، بەڵام ئەوەی كەمایەوە تەنها ئیحراجی بوو بۆ پارتی، بۆیە دەبوو لەسەر ئەم پۆستی سەرۆك كۆمارییە، پارتی قوڵتر دیمەنەكەی ببینیایە و پێویستی بەوە نەبوایە بۆ ئەو پۆستە "كەپێشتر بەتەشریفاتی و كەم داویانەتە قەڵەم" لەگەڵ سەدری و سوننەكان، لەدەرەوەی ئیجماعی كوردی ڕێككەوتن بكات، چونكە (سەدریەكان كە پێشمەرگە بە ملیشیا دەدەنە قەڵەم و سونه‌كانیش كە كێشەیان لەگەڵ بوونی قەوارەی هەرێم هەیە)، ڕەنگە وابكات لەكۆتایدا یەكێتی و پارتی هەر بەیەك بگەنەوە و ئەوەشی بۆ پارتی و ئەم سیاسەتەی بمێنێتەوە تەنها ئیحراجی بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand